سەرۆکی زانکۆیەک فەرمانی وەزیری پێشێلکردووە
2022-04-11 15:44:21
(درەو):
سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، فەرمانێکی وەزیری خوێندنی باڵای لەبارەی شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتی دارایی پێشێلکردووە.
وەزیری خوێندنی باڵا بە فەرمانی وەزاری ژمارە (٤٤٥٤) لە ٢ی ئازاری ئەمساڵ، بەشێک لە دەسەڵاتەکانێ شۆڕکردوەتەوە بۆ سەرۆکی زانکۆکان.
وەزیر لە نوسراوەکەیدا، سەرۆکی زانکۆکان ناچار دەکات دەسەڵاتی خەرجی لەسەر داهات، بۆ ڕاگری کۆلێژەکان بە ڕێژەی ٢٠٪و بۆ راگری پەیمانگاکان بە ڕێژەی ٢٥٪ دابەزێنن.
سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ٢٦ رۆژ دوای نوسراوەکەی وەزیری خوێندنی باڵا فەرمانێکی دەرکردووە، وەکو نەریتێکی ساڵانە بەشێک لە دەسەڵاتەکانی بۆ راگری کۆلێژو پەیمانگاکان شۆڕکردوەتەوە، بەڵام گرنگترین خاڵی فەرمانەکەی وەزیر کە پەیوەندیدارە بە دەسەڵاتی خەرجی لە سەر داهات، تەرک کردوەو ئامادە نیە بچێتە ژێرباری جێبەجێکردنی.
ئەمە لەکاتێکدایە سەرۆکی زانکۆ لە نوسراوەکەیدا وەکو پاڵپشتی ئاماژەی بە نوسراوەکەی وەزیری خوێندنی باڵا کردووە.
ئەم نوسراوەی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ناڕەزایەتی لەناو راگری کۆلیژەکاندا دروستکردووە.
کۆلێژو پەیمانگاکان خوێندنکاری پارالێڵ و ئێوارانیان هەیە، لەم رێگایەوە ساڵانە داهاتێکی زۆریان دەستدەکەوێت،ئێستا زۆربەی ئەم داهاتانە دەگەڕێتەوە بۆ سەرۆکی زانکۆکان، لەسەر چۆنیەتی خەرجکردنی ئەم داھاتانە لەلایەن سەرۆکی زانکۆکانەوە گومانی گەندەڵی و بەھەدەردان ھەیە، بەتایبەتیش کە ئەم داھاتانە ناچنە چوارچێوەی نەسریەی مانگانەی کۆلێژو پەیمانگاکانەوە.