ئێران دەستپێشخەرییەك دەخاتە بەردەم پارتیو یەكێتی
2022-04-12 11:37:12
(درەو):
ئێران بەڵێنی بە پارتی داوە ئەگەر لە بەرەی سەدر بكشێتەوە، چارەسەری بڕیارەكانی دادگای باڵای فیداڵی عێراق بكات سەبارەت بە رادەستكردنی نەوتی هەرێم،
وەفدێكی ئێران بە سەرۆكایەتی (حەسەن دانایی فەرد) باڵیۆزی پێشووی عێراق هاتە هەرێمی كوردستانو مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتیو بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێی بینی.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، وەفدەكەی ئێران لەگەڵ خۆیدا دەستپێشخەرییەكی هێناوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی نێوان پارتیو یەكێتیو پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت لە عێراق.
(درەو) زانیویەتی، وەفدەكەی ئێران داوای كردووە پارتیو یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار رێكبكەون، پۆستی سەرۆك كۆمار لای یەكێتی بمێنێتەوە، بەڵام (بەرهەم ساڵح) پۆستەكە وەرنەگرێتەوە، لەبەرامبەردا كۆمەڵێك ئیمتیازی تر بە پارتی بدرێتو هەموو پۆستە وزارەییەكانی پشكی كورد لە بەغداد پارتی پڕیان بكاتەوە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو)ی رایگەیاند، ئێرانییەكان بەڵێنیان بە پارتی داوە ئەگەر لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمارو پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق بگەنە رێككەوتن، چارەسەر یان هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری رۆژی 15ی شوباتی ئەمساڵی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بكەن بۆ رادەستكردنی نەوتی هەرێم.
هەوڵەكەی ئێران بۆ ئەوەیە، كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق بەبێ موقتەدا سەدر، لەلایەن لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە دروست بكرێتو پارتیو یەكێتی هەردووكیان بەشدار بن لە حكومەتەكەدا، واتا پارتی لە بەرەی سەدر بكشێتەوە.
(درەو) زانیویەتی، تائێستا پارتی لەسەر پێشنیازەكانی ئێران رازی نەبووە.
وەفدەكەی ئێران، جگە لە پارتیو یەكێتی، لەگەڵ جوڵانەوەی نەوەی نوێش كۆبونەتەوە.
موقتەدا سەدر وەكو لایەنی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن، تاوەكو دوای مانگی رەمەزان دەرفەتی بە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی داوە هەوڵی پێكهێنانی حكومەت بدەن.