Draw Media

درەو: نوسینی: خالد سلێمان لە مێژووی زەویدا پێنج لەناوچوونی گشتی گەورە ڕوویداوەو جۆرەکان (ڕووەک و ئاژەڵ) لەناوچوون، هەمووشیان دەرەنجامی دیاردەی سروشتیی بوون، لە کاتێکدا هۆکارەکانی ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات و زۆربەی زاناکان ناوی لێدەنێن لەناوچوونی گشتی شەشەم، بەتەواوەتی دەگەڕێنەوە بۆ مرۆڤ. ژمارەیەک زانای سروشتی و زیندەوەرزانی، پێیان وایە ئێمە نەک تەنها لەسەر ڕێگەی لەناوچوونی گشتی شەشەمین، بەڵکو کاتی ئەوەش بەسەرچووە لەو زیانە گەورانە پاشگەزبینەوە کە لە ماوەی 500 ساڵی ڕابوردوودا بەزەویمان گەیاندووە. بەپێچەوانەی پێنج لەناوچوونەکانی ترەوە، کە مەزەندە دەکرێت بەرواری ئەوەی پێنجەم بگەرێتەوە بۆ 66 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا، کە دەرەنجامی دیاردەی سروشتین بوون، هۆکارەکانی لەناوچوونی ئەمڕۆ  دەگەڕێنەوە بۆ چالاکیی مرۆیی و زیادەڕۆیی لەبەکارهێنانی سروشتدا. ئەمە ناوەڕۆکی لێکۆڵینەوەیەکی نوێیە کە زانکۆی هاوای (ئەمریکا) و مۆزەخانەی نیشتمانیی بۆ مێژووی سروشتی لەپاریس (فەرەنسا) پێی گەیشتوون.  توێژەرانی بەشدار لەم توێژینەوە نوێیەدا بەناونیشانی : لەناوچوونی گشتی شەشەم: ڕاستی، خەیاڵ یان خەمڵاندن؟ پێیان وایە ڕێژەی (7.5٪ تا 13٪)ی دوو ملیۆن جۆری ناسراو لەسەر زەوی، لە ساڵی (1500 ز)ەوە تا ئەمڕۆ لەناوچووە. ئەمەش وا دەگەیەنێت کە ڕیتمی لەناوچوونی جۆرەکان لەماوەی 500 ساڵدا لەو ڕێژەیە زۆر زیاترە کە لە سەر لیستی یەکێتی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سروشت (IUCN) بۆ جۆرە لەناوچووەکان دانراوە. ئەم رێژەیەش بەگوێرەی لیستی ڕێکخراوەکە خۆی لە 869 جۆردا دەبینێتەوە، واتە 0.04%ی جۆرەکان.  بەگوێرەی توێژینەوە نوێکەی زانکۆی هاوای و مۆزەخانەی نیشتمانیی بۆ مێژووی سروشتی لەپاریس کە گۆڤاری زانستییBiological Reviews  لەسەرەتای مانگی یەک (جەنیوەری) 2022دا بڵاویکردووەتەوە، ژمارەی ئەو جۆرانەی کە لەماوەی دیاریکراودا بەهۆی مرۆڤەوە لەناوچوون خۆی لە نێوان 150000 تا 260000دا جۆردا دەبینێتەوە، لەناویاندا ڕووەک. ڕۆبێرت کوای، سەرۆکی تیمی توێژینەوەکە لە وەڵامی پرسیارێکدا کە بەئێمێل بۆم ناردبوو دەڵێت: هەڵبەتە جۆری زیاتر هەن کە نەماندۆزینەتەوەو کەس هیچیان لەبارەوە نازانێت.  نووسەرانی توێژینەوەکە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن کە هەندێ ناوەند نایانەوێت باوەڕ بەو ئارگۆمێنتە بەرچاوانە بکەن کە خەسڵەتەکانی قەیرانی گەورەی هەمە-چەشنی لەگەڵ ڕوودانی لەناوچوون و کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتوانی جۆرەکان، دیاری دەکەن. باوەڕیشیان بەوە نیە کە لەناوچوونێکی شەشەمی جۆرەکان لە ئارادا بێت. بۆ بەهێزکردنی هەڵوێستەکانیان، ئەو کەسانەی کە شکیان لە حاڵەتی لەناوچوونی شەشەم جۆرەکان هەیە، بەزۆریی دەگەرێنەوە بۆ سەر ئەو لیستە سورەی کە (IUCN) بۆ جۆرەکان دایناوە. بە پشت بەستنیش بەو رێژە کەمەی لیستەکە دایناوە، پێیان وایە کە ڕێژەی گشتی لەناوچوون جیاواز نیە لە ڕێژەی سروشتیی لەناوچوون.  لیستە سورەکەی (IUCN) بۆ جۆرە لەناوچووەکان، لەڕوانگەی نووسەرانی توێژینەوە نوێکەدا، زۆر لایەنگرانەیەو ئاسان نیە پشتی پێ ببەستین، چونکە بەشێوەیەکی بنەڕەتی حاڵەتی لەناوچوونی گروپەکانی باڵندەو شیردەرەکان، وشکاوی و خشۆکەکان و هەروەها ماسیش وەردەگرێت. بەم شێوەیەش لیستەکە ڕێژەیەکی زۆر کەم لە لەناوچوونی مێرووەکان وەردەگرێت، لەکاتێکدا مێرووەکان زۆرینەی زۆری جۆرەکانی ئاژەڵان لەسەر زەوی پێکدەهێنن؛ واتە 95٪ تا 97٪ جۆرەکانی کۆمەڵگەی زەوی مێروون. پشتگوێ خستنی ئەم لایەنەش، بە دڵنیاییەوە دەبێتە هۆی پیشان نەدانی رێژەی تەواوی حاڵەتی لەناوچوون. لەهەمان کاتدا، ژمارەیەک لە زاناکان قەیرانی لەناوچوون ڕەتناکەنەوە، بەڵام وەک ڕەوتێکی نوێی سروشتی لێی دەڕوانن، چونکە مرۆڤیش بەلای ئەوانەوە بەشێکە لە جیهانی سروشتی، بگرە هەندێک بە ئارەزووی یاریکردن بەم تیۆرە لە بەرژەوەندی مرۆڤدا شتەکان ساغ دەکەنەوە. نووسەرانی توێژینەوە زانستییە نوێکە دەڵێن: ئێمە لەگەڵ ئەم هەڵوێستانەدا هاوڕا نین، چونکە مرۆڤ تاکە جۆرە کە لە ئاستێکی فراواندا توانای یاریکردنی بەزەوی هەیە، ئەوە مرۆڤە مۆڵەتیداوە بەڕوودانی ئەم قەیرانەی ئێستای هەمە-چەشنی.  چارڵز داروین لەکوێی ئەم قەیرانەدایە؟ ئەوانەی بڕوایان بەو تیۆرە هەیە کە دەڵێت لەناوچوونی جۆرەکان، ڕەوتێکی نوێی گەشەسەندنە، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆش بێت، پشت بەتیۆری نشونماو گەشەسەندن دەبەستن، کە زانای زیندەوەرزانی بەریتانی چارڵز داروین (1809-1882)، تیایدا جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە: پێکهاتنی جۆرەکان، وەک پێکهاتنی جیۆلۆجی چیاو و دۆڵ و دەریاکان، کارێکی سروشتییە، مانەوە و لەناوچوونیان پەیوەستە بەوەی کە سروشت چی بژاردە دەکات. ئەمە بەو مانایە دێت کە جۆرە نوێکان، ئەگەر لەسەر وشکانی بن یان لەناو ئاودا، بەشێوەیەکی زۆر هێواش و لەسەرخۆ دەردەکەوتن، لەسایەی ئەو خەسڵەتانەی هەیانەو باشتر بوونیان لە جۆری ترو چوونە ململانێوە لەگەڵیاندا، دەمێننەوە. بەگوێرەی ئەم تیۆرەش کە داروین لەژێر ناونیشانی بژاردەی سروشتیدا کاتیگۆری دەکات، لەناوچوونی ئەو جۆرانەی پێگەو گرنگییان کەمترە لە جۆری تر، تا ڕادەیەک گومانی لەسەر نیە. تیۆری نشونماو گەشەسەندنیش کە لە کتێبی (بنەڕەتی جۆرەکان)دا بەدوور و درێژی خراوەتەڕوو لەسەر سێ کۆڵەکە ڕادەوەستێت: بژاردەی سروشتیی، توخم لەگەڵ گۆڕانی بۆماوەیی و ململانێ لەپێناو مانەوەدا.  بژاردەی سروشتیش وەک داروین باسی دەکات بریتییە لە وردبوونەوە لە بچووکترین جیاوازی لە کە هەموو ڕۆژێکدا، لە هەموو کاتژمێرێکدا و لەهەموو جیهاندا. بنەمای ئەم پرۆسەیەش ڕەتکردنەوەی هەموو شتێکی خراپە لە جۆرێکدا، هەروەها پاراستن و زیادکردنی هەموو شتێک باش و بەسوود لە جۆرێکەی تردا؛ ئەوەی یەکەم لەناودەچێت و ئەوەی دووەم دەمێنتەوە. پرۆسەکەش لە بێدەنگی و بەبێ هۆشیاری کاردەکات، یانی لەهەر کات و دەرفەتێکدا کە بوونەوەرێکی زیندوو دەتوانێت دۆخی ئۆرگانی و نائۆرگانی خۆی چاک بکات.  بەکورتییەکەی و پشت بەستن بەو بۆچوونەی کە پێی وایە دروستبوونی هەر توخمێک و هەر جۆرێک، لە کۆتاییدا بەیارمەتی خەسڵەتە وەرگیراوەکان دەبێت، لەناوچوون دەرەنجامێکی بێگومانە. یانی جۆر هەیە لەرێگەی ململانێوە لەپێناو مانەوەدا، لەسەر لاشەی جۆری تر دروست دەبێت. ئەوەی لەناودەچێت  سوودو گرنگیی کەمترە لەوانی تر. بەگوێرەی تیۆرەکەی داروین، لەگەڵ ئەوەی گۆڕانی هەر جۆرێکیش سەربەخۆیە لەوەی لە جۆرێکی تردا هەیە، هێزی بژاردەی سروشتیی کارایەو دەسەڵاتی باڵای هەیە کە کۆکردنەوەی سەرجەم گۆڕانەکاندا، ئیتر ئەگەر کاریگەرییەکان ڕێکخراوو خێرا بن یان هێواش و بێ مەبەست. داروین لەهەموو ئەمانەدا پشتی بەستبوو بە توێژینەوەی زاناکانی پێش و سەردەمی خۆی لە زانستەکانی زیندەوەرزانی و زەویدا، وەک زانای جیۆلۆجی بەریتانی چارڵز لایێل، زانای زیندەوەرزانی بەریتانی هێبرت سبنسەر و زانای زیندەوەرزانی فەرەنسی ژان باتیست لامارک.  لەو ساڵانەی کە چارڵز داروین خەریکی گەشەپێدانی تیۆری بزاوتی لەناوچوون و بژاردەی سروشتیی بوو، کۆتایی دوو باڵندەی پەنگوینی گەورە بوو، کە بەتەنها لەسەر گۆی زەوی مابوونەوە. ئەو دوو پەنگوینە (Great Auk بەئینگلیزی) ساڵی 1844 لەسەر دەستی ڕاوچییەکانی ئایسلەندا لە دوورگەیەکدا کوژران و بە یەکجاریی ناوی پەنگوینی گەورە لەمێژوودا سڕایەوە. لەگەڵ ئەوەی سڕینەوەی ئاسەواری باڵندەکە، هەر لەسەر دەستی زانایەکی بواری باڵندەناسیی بەریتانی بەشێوەیەکی ورد تۆمارکرا، سەرنجی داورینی ڕانەکێشاو لە ئۆفیسەکەی خۆیدا لە Dawn House خەریکی نووسین و گەشەپێدانی بیرۆکەکانی بوو لەسەر بژرادەی سروشتی و گەشەسەندن. بەپێی نووسەری کتێبی (لەناوچوونی شەشەم)، ئێلیزابێت کۆلبێرت، ژمارەی باڵندەی پەنگوینی گەورە کە فڕین خیانەتی لێکرد، پێش ئەوەی بکەوێتە بەردەم کۆمەڵکوژیی ڕاوچییە ئەوروپییەکان، بەتایبەتی دووای دۆزینەوەی ئەمریکا (1495)، لەسەر هەردوو ڕۆخی باکووری زەریای ئەتڵەسی بە ملیۆنان دەژمێردرا. پەنگوینی گەورە، لاشەیەکی پڕو قەڵەوی هەبوو، بەڵام باڵەکانی کورت بوون و نەیدەتوانی بفڕێت، لەناو دەریادا مەلەوانێکی خێراو لێهاتوو بوو، تەنانەت لە قوڵای 40 مەتریشدا. ساڵی یەک هێلکەی دادەناو بۆ ئەم مەبەستەش لەناو دڵی زەریاوە لە کۆتای بەهارو سەرەتای هاویندا خۆی دەگەیاند رۆخەکان یان دوورگەکان و بەدیار هێلەکەکەوە دەبوو تا لە دایکبوونی بێچووەکەی. مێینەو نێرەکە هەردووکیان ئەم بەرپرسیارێتییەیان دەگرتە ئەستۆ. ئەگەر پشت بە تیۆری بژرادەی سروشتیی داروین ببەستین، ئەوا لەناوچوونی ئەم باڵندە وشکاوییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە توانای بەرگری و ململانێی لەگەڵ جۆرەکانی تر نەبوو، هەروەها بێفەڕیش بوو، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە ڕاوچی و گەریدەکانی ئەوروپا بوون لەناویان برد، چونکە گۆشتێکی زۆر خۆشی هەبوو. جگە لە گۆشتەکەیشی، پەڕە نەرم و دەگمەنەکەی پەنگوینی گەورە، سەرچاوەی دروستکردنی سەرینی نوێی ئەوروپیانە بوو، هەورەها لەشی بەچینێکی ئەستووری ڕۆن داپۆشرابوو کە بۆ هەموو جۆرە سوتەمەنییەک بەکاردەهێنرا. ئەوەش لە باکووری ئەتڵەنتی سارددا، وای لە ڕاوچی و کۆڵۆنیالیستەکان دەکرد هەندێجار بیسوتێن و خۆیانی پێ گەرم بکەنەوە. کۆڵۆنیالیست و دەریاوانی بەریتانی ڕیچارد وێتبۆرن (1561-1635) لە ڕۆژانەکانیدا دەنووسێت، <وەک ئەوەی خوا ئەم بوونەوەرە داماوەی کردبێتە کەرەستەیەکی نایاب بۆ ژیانی مرۆڤ>. گەریدەو دۆزەرەوەی فەرەنسی، ژاک کارتیێ (1491-1557) کە یەکەم ئەوروپی بوو نەخشەی ڕووباری سانت-لۆرانت لە کەنەدا بکێشێت، لەسەر چۆنێتی کوشتنی ئەو ئاژەڵە باسی ئەوە دەکات چۆن هەندێکیان دەخواردو خوێیان بەهەندێکی تریشیانەوە دەکردو دەیانخستنە ناو بەلەمەکانەوە، لە شوێنێکدا دەنووسێت: <لەماوەی نیو کاتژمێردا دوو بەلەممان پڕکرد>.  لەناوبردنی پەنگوینی گەورە کە سەدان هەزار ساڵ بوو لە باکووری زەریای ئەتڵەسی دەژیا، هاوکات بوو لەگەڵ دەرکەوتنی نووسینەکانی چارڵز داروین لەسەر تیۆری نشونماو گەشەسەندن. داروین دووای ئەوەی لەگەڵ کەشتیەوانی بەریتانی ڕۆبێرت فیتزۆری، لە ساڵی 1831 تا 1836 بەکەشتی HMS Beagle کە سەر بە هێزی دەریاوانیی شاهانەی بەریتانی بوو، گەشتێکی ڕۆخەکانی ئەمریکای باشوور دەکات و ژیانی هەمە-چەشنی و جۆرەکانی ئاوی و وشکاویەکانی دوورگەکانی گالاپاگۆش دەبینێت، بیرۆکەی نووسینی لەسەر بژرادەی سروشتی لا دروست دەبێت. بەتایبەتی لەماوەی گەشتەکەدا کتێبی (پرانسیپەکانی جیۆلۆجیا) دەخوێنێتەوە لە نووسینی زەویناسیی ئەو کاتە، چارڵز لاێل، بیرۆکەی بەراوردکردن و لێکچوونی پێکهاتن لە نێوان و جیۆلۆجیا و بایۆلۆژیدا (واتە زەویناسی و هەمە-چەشنی) دەگەڕێتەوە بۆ چارڵز لاێل و داروین لەزۆر شوێندا باسی ئەوە دەکات. ساڵانێک پێش ئەو گەشتەو گەڕانەوەی داروین بۆ بەریتانیا کە ئیتر دەستی کرد بەنووسین، کەشتییەکی تری هاوشێوەی سەر بە هێزی دەریاوانی شاهانەی بەریتانی بەناوی HMS Boston و بەسەرکردایەتی کەشتییەوان ئارۆن تۆماس لە بەریتانیاوە بەرەو نیوفاوندلاند دەڕوات لە باکووری ڕۆژهەڵانی کەنەدا.  بەشێک لەو شایەتحاڵی و نووسینانەی لەسەر تراژیدیای لەناوبردنی پەنگوینی گەورە لەبەردەستدان، لەو گەشتەی کەشتی HMS Boston دا نووسراون کە سەفەری بۆ نیوفاوندلاند کرد، بازرگان و دۆزەرەوەی بەریتانی George Cartwright لەو کەسانە بوو. لەگەڵ ئەوەی بەریتانیای ئەو کاتە هەندێ ڕێسای لەپێناو پاراستنی پەنگوینی گەورە دەکرد، بەڵام هیچ شتێک ڕێگەی لە کۆڵۆنیالیست و ڕاوچی و گەریدەکان نەدەگرت و بەردەوام بوون لە کۆمەڵکوژیی. ساڵی 1785، بازرگان و دۆزەرەوە بەریتانییەکە باسی ئەوە دەکات کە ئەگەر سنوورێک بۆ کوشتنی ئەو باڵندەیە دانەنرێت ئەوا ژمارەی زۆر کەمدەبێتەوەو دەچێتە ڕیزی نەبوونەوەو دەنووسێت: "ئەم وێرانکارییەی ئەو خەڵکە کردیان، لەدەرەوەی خەیاڵە". ئەم ڕستەیە قەبارەی کۆمەڵکوژییەکە دژی ئەو باڵندەیە دەردەخات.   ئەم گێڕانەوە مێژووییانە پێمان دەڵێن کە چارڵز داروین بێئاگا نەبووە لەو کۆمەڵکوژییەی لەلایەن کۆڵۆنیالست و گەریدەو ڕاوچییە ئەوروپییەکانەوە دژی باڵندەکە ئەنجامدرا، بەتایبەتی مامۆستایەکی زانستی ئاژەڵان لە زانکۆی کامبریدج لەو کاتەدا کە ناوی (ئالفرێد نیوتن) بوو، زانیاری وردی لەسەر کوشتنی دواهەمین جووتە پەنگوین هەبوو. لەهەمان کاتدا کەسێکی نزیک بوو لەداروین-ەوەو هەر ئەم هۆکارەشە وا لەنووسەری کتێبی (لەناوچوونی شەشەم)، ئێلیزابێت کۆلبرێت، دەکات بنووسێت: "لەناوچوونی جۆرەکان کە هۆکارەکەی مرۆڤە لەبەر چەند هۆکارێک جێگەی دڵەڕاوکێیە، هەندێکیشیان پەیوەندییان بە خودی تیۆرەکەی داروین-ەوە هەیە، جێگەی سەرسوڕمانە کە زانایەکی لێهاتووی وەک داروین کە توانای ڕەخنە لەخۆگرتنی هەبوو، تێبینی ئەوەی نەکرد". ئێلیزابێت کۆلبرێت دەیەوێت ئەوە بەبیری خوێنەران بهێنێیەوە، کە داروین بەشێوەیەک لە شێوەکان دانی بە ڕۆڵی مرۆڤدا نابوو لە لەهەندێ حاڵەتی لەناوچوون، بەڵام ئەوە تەنها لە ڕستەیەکی کورتدا بوو لە کتێبی (بنەڕەتی جۆرەکان) کە دەڵێت، "هەندێ ئاژەڵ بەهۆی مرۆڤەوە پێش لەناوچوونیان دەگمەن دەبن".  ڕووەکەکانیش لەناوبران نووسەرانی ئەو توێژینەوە زانستییەی کە ئەم وتارەی لەسەر بنیادنراوە، مافی خۆیانە شکیان لەو لیستانە بێت کە بۆ لەناوچوونی جۆرەکان دانراون، هەروەها ئەو بۆچوونانەش ڕەتبکەنەوە کە لەناوچوونەکە وەک ڕەوتێکی سروشتی دەبینن و دەیکەنە بەهانەیەک بۆ بێدەنگی بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژییەی دژی زۆرینەی کۆمەڵگەی زەوی دەکرێت. نووسەرانی توێژینەوەک بەبێ پەردەپۆشی باسی ئەوەیان کردووە کە مرۆڤ تاکە جۆرە توانای هەیە لە ئاستێکی فراواندا یاری بەزەوی بکات.  دەتوانرێت لەوەش زیاتر بووترێت و کۆی بێدەنگی و هێنانەوەی بەهانە بۆ کۆمەڵکوژی دژی جۆرەکان و تەماشاکردنی وەک جوڵەیەکەی سروشتیی، گرێبدرێت بە بۆچوونێکەوە کە مێژوو لەت و پەت دەکات، بەتایبەتی مێژووی مرۆڤ و پەنجەمۆرەکانی لەسەر زەوی. لێرەدا دەمەوێ بگەڕێمەوە لای مەسەلەی دابڕان لەگەڵ ڕابووردودا و پەیوەندی بە کۆمەڵکوژی دژی جۆرەکانەوە، هەروەها فەرامۆشکردنی جۆرێک لەبەرژەوەندی جۆرێکی تردا. مەسەلەکە لێرەدا زیاتر ڕوون دەبێتەوە کاتێک کۆی قەیرانی لەناوچوون یان لەناوبردن، گرێ دەدەین بە مێژووی کۆڵۆنیالیزمەوە، کە کۆمەڵکوژییکە تیایدا بەشێکە لە ڕەوتە مێژووییەکە و تراژیدیای پەنگوینی گەورەش باشترین نموونە بوو. ئەوە کۆمەڵکوژییەی کۆڵۆنیالیزم پیادەی کرد، بەشێکی دانەبڕاوەیە لە کارەساتی لەناوچوونی ئێستا، لەم سۆنگەیەشەوە مێژووی کۆمەڵگەی زەوی لەت لەت ناکرێت؛ دەبێ هەمووی پێکەوە بخوێنینەوە.  مێژووناس و بیریاری بەریتانی کریستۆفەر ئالن بێلی لە کتێبی (لەدایکبوونی جیهانی نوێ)دا دەنووسێت: ئەگەر پێش 50 ساڵ پرسیارمان لە مێژوونووسان و خوێندکارە لێهاتووەکان دەربارەی ئەو گۆڕانکارییە ئابوورییە گەورانە بکردایە کە لە بەشی دووەمی سەدەی هەژدە، لەسەر زەوی ڕوویاندا، لەوانەیە هەموویان ئاماژەیان بۆ شۆڕشی پیشەسازی و سەرەتای ماشێنسازی لە بەرهەمهێناندا بکردایە لە بەریتانیای گەورە. کەسیش شکی لە گرنگێتی و ڕۆڵی پرۆسەی پیشەسازی درێژخایەندا نیە لەو شێوازەی کە هەموو جیهان پێی دەژیت، بەڵام بەپێچەوانەی پرۆسەی پیشەسازاندن و بەڕوانگەیەکی گلۆباڵ، دوو گۆڕانی تری کۆمەڵایەتی و ئابووری هەبوون کە پێگەیەکی گرنگتریان لە هەموو ئەو گۆڕانکاریانە هەبوو کە لە مێژووی پەرەسەندی هەسارەی زەویدا ڕوویاندا، بەلایەنی کەمەوە هەتا ساڵی 1830. گۆڕانی یەکەم، ماڵیکردنی سروشت بوو. مرۆڤ بە هەزاران ساڵی گەشەسەندندا تێپەڕبوو، لە گەریدەیی و گەڕان بەدووای خۆراک و جێگۆڕکێ بەبێ ئامانجی نیشتەجێبوون و داگیرکردنی زەوی، تا دەگاتە چالاکی جوتکاریی داریکراو، دووای ئەوەش شێوازی ڕێکخراوی زایتر لە بەکارهێنانی زەوی و کشتوکاڵی چڕوپڕ. ئەم وەرزەی مێژووی مرۆڤایەتی، واتە قۆناغی کشتوکاڵی چڕوپڕ، خێراییەکی فراوانی بەخۆوە بینی لە بەکارهێنانی زەوی و لەناوبردنی جۆرەکانی ڕووەک و ئاژەڵ لەپێناو بازرگانیکردن بە دارو پێست و گۆشت و قاوە...هتد. ئەمە فاکتەری سەرەکی لەنابردنی شێوازی کشتوکاڵی لۆکاڵی و کلاسیکی بوو کە کۆمەڵگە ڕەسەنەکان لە ئەمریکا، ئاسیا و ئەفریقیا لەسایەیدا دەژیان. تا ئەمڕۆ، هەندێ وڵات لە دنیادا باجی ژینگەیی قۆناغی پێش پیشەسازی ئەدەن، کە دەکرێ وەک قۆناغی ملکەچکردنی سروشت یان ماڵیکردنی سروشت بناسرێنێت، چونکە گۆڕانکارییەکی زۆری بەسەر کولتورو شێوازەکانی خواردندندا هێنایە کایەوە، لەزۆر شوێنی جیهاندا بووە هۆی ڕووتاندنەوەی خاک و کۆتایهێنانی جۆرەکان. لەم میانەدا دەتوانین ئەزموونی هاییتی لە دوورگەکانی دەریای کاریبی وەک نموونە بهێنینەوە. ساڵی 1804 دەرکەوتنی هاییتی وەک یەکەم کۆماری ڕەش پێستەکان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، بوە هۆی ڕووتاندنەوەی وڵاتەکە کە دەوڵەمەند بوو دارستانی چڕوپڕ. کاتێل کرێۆلیەکان، واتە خەڵکی هاییتی، سەربەخۆییان بەدەستهێنا و بوونە خاوەن وڵاتی خۆیان، کۆڵۆنیالیزمی فەرەنسی مەرجی ئەوەی بەسەردا سەپاندن، کە دەبێ 150 هەزار فرەنکی ئەو کاتە لەبەرامبەر سەربەخۆییدا بدەنە فەرەنسا (15 ملیار یۆرۆ بە حیسابی ئەمڕۆ). کۆمارە تازە لەدایکبووەکەش، هیچ پارەیەکی نەختییی نەبوو، بەڵام خاوەن خاکێکی دەوڵەمەند بوو، داری گوێزی هیندی، ماهۆنگۆ، مانگۆ و هەروەها خۆرمای هیندی لە 80% ڕووبەری وڵاتەکەیان داپۆشیبوو. کۆڵۆنیالیزمی فەرەنسی لەبەرامبەر ئەو پارەیەدا کە بەسەر کۆمارە نوێکەدا سەپاندی، بەڕێککەوتن لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتەکەدا، دەستی کرد بەبڕینەوەی دارەکانی هاییتی و دەیان ساڵ بەردەوام بوو هەتا قەرزی کۆڵۆنیاڵیی لە رێگەی دارەوە وەربگرێتەوە. هەڵبەتە پێش ئەم ڕوداوە بە نزیکەی هەشتا ساڵ، واتە لە نیوەی یەکەمی سەدەی هەژدەدا، فەرەنسا لە ڕێگەی ڕووتاندنەوەی هاییتی-یەوە نیوەی قاوەی جیهانی بەرهەم دەهێنا. لە ڕێگەی سیستمێکی کۆیلایەتییەوە، بازاڕەکانی ئەوروپای پڕکردبوو لە قاوە. لەنێوان ساڵانی (1755-1789) دا ئیمپراتۆریەتی فەرەنسا گەورەترین وەبەرهێنانی قاوەی لەو کۆڵۆنییەدا کردو لەماوەی 34 ساڵدا بەرهەمی قاوەی لە سێ ملیۆن کیلۆگرامەوە گەیاندە 34 ملیۆن کیلۆگرام، یانی نیوەی پێداویستی جیهان لە قاوە.  هاییتی، کە ئەمڕۆ یەکێکە لە هەژارترین وڵاتەکانی دنیاو تەنها 2%ی ڕووبەری خاکەکەی بە دارستان و سەوزایی داپۆشراوە، دووای 200 ساڵ لەسەربەخۆیی، باجی تێکدانی سیستمە سروشتییەکەی و لەناوبردنی جۆرەکان دەدات. ئەم کۆمەڵکوژییە سیستێماتیکییەی جۆرەکانی ڕووەک بەرێژەی 98% لە دوورگەکانی کاراییب هاوکات بوو لەگەڵ لەناوبردنی باڵندەی پەنگوینی گەورە لە باکووری زەریای ئەتڵەسیی.  گۆڕانکاری دووەم، بەدیاریکراوی لەم خاڵەدا دەردەکەوێت، واتە ماڵیکردنی سروشت لەژێر ڕکێفی سیستمی کۆڵۆنیاڵدا کە بەش بەحاڵی خۆی شێوازی نوێی لە کولتورو خۆراک و بەکاربردندا سەپاند بەسەر بیرکردنەوەی کۆمەڵگە ئەوروپییەکاندا؛ بەتایبەتیش کولتوری بەکاربردنی قاوەدا کە پێش کۆڵۆنیالیزم دەگمەن بوو لە ئەوروپادا. دەستگرتن بەسەر شەکرو قاوەدا، سەرەتای ڕێکخستنەوەو چڕکردنی کشتوکاڵ و بەرهەمهێنان بوو، نەک تەنها لە شێوازی بەکاربردندا، بەڵکو لە توانای گەیشتنیش بە سەرچاوەو خۆراکی باش لە کوالێتیدا لە ڕووی بەهاو چێژەوە. دەستگرتن بەسەر سەرچاوەکانی خۆراکدا بەبێ سیستمێکی کۆڵۆنیاڵ لەسەر زەوی مەحاڵ بوو، لەناوبردنی جۆرەکانی ڕووەکیش لە هاییتی نموونەیەکی ڕوون بوو ڕەفتاری کۆڵۆنیالیزم لە ملکەچکردنی سروشت، کە تێکدانی سیستمێکی تەواوی ژینگەیی بەدووادا هات.  بەم شێوەیەش، گۆڕانکارییە کولتوورییەکان لە کشتوکاڵ و خۆراکدا کە دەرەنجامی ماڵیکردنی سروشت بوون لە ژێر ڕکێفی سیستمێکی کۆڵۆنیاڵدا، بوونە سەکۆی سەردەمی پیشەسازی کە وەک گڕی یەکەمی گەرمبوونی زەوی دەناسرێت. ئەویش لەپای پیشەسازییەکی فراوان کە ڕێژەیەکی زۆری گازە گەرمکەرەوەکانی دەخستە کەشەوە. ئیتر بەم شێوەیە، دووای پڕوکاندنی زەوی لەکاتی ماڵیکردنیدا بەدرێژایی هەردوو سەدەی شانزەو هەڤدە، سەردەمی پیشەسازی کە کۆتایی سەدەی هەژدەو سەرەتای سەدەی نۆزدەی پێ ناسرایەوە، بووە ئاگرێکی نەرم و لەسەرخۆ زەوی گەرم دەکرد، ئەویش لەڕێگەی دەردانی گازەوە بۆ کەش. بەو شێوەیە هەردوو سەدەی (16 و 17) بە ملکەچکردنی زەوی ناسرانەوە لەلایەن کۆڵۆنیالیزمەوە کە خۆراک و دارو پێستی لە کۆڵۆنیەکانیەوە لە هەردوو بەشی ئەمریکا و ئاسیا دەگواستەوە بۆ شارەکانی خۆی، لەهەمان هەمان کاتیشدا کۆیلەی لە دوورگەی (گۆرێ)ەوە لە ڕۆژئاوای ئەفریقیا دەگواستەوە بۆ ئەمریکا.  ئەگەر لە ئامارەکانی حاڵی زەوی وردبینەوە، (وێنەی خوارەوەدا)، تێبینی ئەو دەرەنجامە کارەساتبارانە دەکەین کە سیاسەتی ملکەچکردنی زەوی و بەکارهێنانی زۆرەملێی جۆرەکان، بەرهەمی فەلسەفەیەکی ئابووریی ئەوروپی بوون، کە سروشتی وەک سەرچاوەیەکی لەبن نەهاتوو دەبینی. ئەمڕۆ، کە دەبینین زەوی لە 85% ی شوێنە شێدارەکانی لەدەست ئەدات،  سێ چارەکی بەزۆرملێ دەگۆڕدرێت و لە 3%ی دەریاکان لە ڕووی هەمە-چەشنییەوە فۆرمی کێویانە وەردەگرێت، ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە هەموو جیهان لەبەردەم ئەوەدایە ببێتە کۆپییەکی تر لە هاییتی، چونکە پرۆسەی لەناوبردنی کۆمەڵگەی زەوی زۆر خێراترە لەوە لەسەر دەستی کۆڵۆنیالیزم لە سەدەی (16 و 17) دا ڕوویدا. تەنها لەنێوان ساڵانی (1980-2012) زیاتر لە یەک ملیۆن کیلۆمەتر لە دارستانی کەمەری و نیمچە کەمەریی لەسەر ئاستی جیهان لەناوبراون، کشتوکاڵیش فاکتەری یەکەمی ئەم وێرانکارییەیە.    لە داگیرکردنی ئەمریکاو خاکی ماورییەکانەوە لە ئوسترالیاو نیوزلەندا تا دەگایە نیمچە دوورگەی هیندی و ئەفریقیا، بۆ یەک چرکەش ملەکەچکردنی زەوی نەوەستاوە. وەک چۆن جوگرافیاناس و دۆزەرەوەو گەریدەکانی سەدەی شانزە، بەشدارییان لە دەست بەسەراگرتنی سەرچاوەکانی زەوی و تێکدانی شێوازە خۆڕسکەکانی بەرهەمهێنانی خۆراکدا کرد، ئەمڕۆش ناوەندێکی زۆری زانستی و دامەزراوەی ئەکادیمی و سیستمی سیاسی ڕاستڕەو، لەپشتەوەی تێکدانی ئەو بەشەی زەوین لە کۆڵۆنیالیزم ماوەتەوە. جیهانی ئەمڕۆ لەپاڵ بێدەنگییەکی هاوشێوەی بێدەنگییەکەی چارڵز داروین، هیچ شوورەییەک لەوەدا نابینێت، چارەنووسی زەوی وەک ئەوەی هاییتی لێبکات.   


راپۆرتی: فەرمانگەی توێژینەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەپێی ئامارەکان ژمارەی سەرجەم کاندیدەکان (پیاو و ئافرەت) بریتی بووە لە (3 هەزار و 225) کاندید و بە سەرجەمیان (8 ملیۆن و 854 هەزار و 25) دەنگیان بەدەستهێناوە، بەڵام (329) کاندیدە سەرکەوتووەکە (4 ملیۆن و 66 هەزار و 927) دەنگەکانیان بەدەستهێناوە بە ڕێژەی (46%).  (946) کاندیدی پارتی هەبوو کە دەکاتە (29%)ی کاندیدەکان، و کۆی گشتی دەنگەکانیان (1 ملیۆن و 829 هەزار و 416) دەنگ بووە بە ڕێژەی (21%). کۆی کاندیدە سەرکەوتووەکانی ئافرەتان (95) ئافرەت بوونەو (59)یان کە دەکاتە (62%) کاندیدە سەرکەوتووەکانی نێو ئافرەتان بە دەنگی خۆیان سەرکەوتوون و (36) ئافرەتیش بە سیستمی کۆتا سەرکەوتوون. نوێنەرایەتی لیست وهێزە سیاسییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە پێی بڵاوکراوەیەکی فەرمانگەی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، کۆی بەشداربووانی دەنگدان لە هەڵبژاردنی 10-10-2021 گەیشتە (8 ملیۆن و 858 هەزار و25) دەنگدەر لە (83) بازنەی هەڵبژاردن دەنگیان بە (3 هەزار و 225) کاندید داوە. کۆی ئەو دەنگانەی کوتلە سیاسییەکان بەدەستیان هێناوەو نوێنەرایەتییەکان گەیشتووە بە ئەنجومەنی نوێنەران (7 ملیۆن و 975هەزار و 498) دەنگ بووە، ژمارەی کاندیدەکانیان (2 هەزار و 30)کاندیدبووە. کۆی ئەو دەنگانەی (329) کاندیدە سەرکەوتووەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەستیان هێناوە بریتییە لە (4 ملیۆن و 66 هەزار و 838) دەنگ. خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێکهاتووە لە (16) کوتلەو لایەنی سیاسی و (17) لیست و قەوارە کە تەنها (1) کورسییان هەیە، جگە لە سەربەخۆکان کە خاوەنی (43) کورسیین، ئەو هێزانەش بریتین لە؛ (بڕوانە گرافیکی ژمارە (1)) -    کوتلەی سەدر (موقتەدا سەدر): کە خاوەنی (73) کورسین و بەکۆی گشتی (885 هەزار و 310) دەنگیان بەدەستهێنا لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا. -    سەربەخۆکان: کە خاوەنی (43) کورسین و بەکۆی گشتی (1 ملیۆن و 686 هەزار و 792) دەنگیان بەدەستهێنا لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا. -    تەقەدوم (حەلبوسی): کە خاوەنی (37) کورسین و بەکۆی گشتی (637 هەزار و 198) دەنگیان بەدەستهێناوە. -    دەوڵەتی یاسا (نوری مالیکی): کە خاوەنی (33) کورسین و بەکۆی گشتی (502 هەزار و 188) دەنگیان بەدەستهێناوە. -    پارتی دیموکراتی کوردستان (مەسعود بارزانی): کە خاوەنی (31) کورسین و بەکۆی گشتی (781 هەزار و 670) دەنگیان بەدەستهێناوە. -    فەتح (هادی عامری): کە خاوەنی (17) کورسین و بەکۆی گشتی (462 هەزار و 800) دەنگیان بەدەستهێناوە. -     یەکێتی نیشتمانی کوردستان (باڤڵ تاڵەبانی): کە خاوەنی (17) کورسین و بەکۆی گشتی (368 هەزار و 226) دەنگیان بەدەستهێناوە. -    عەزم (خەمیس خەنجەر): کە خاوەنی (14) کورسین و بەکۆی گشتی (421 هەزار و 579) دەنگیان بەدەستهێناوە. -    ئیمتیداد (رەکابی): کە خاوەنی (9) کورسین و بەکۆی گشتی (299 هەزار و 303) دەنگیان بەدەستهێناوە. -    نەوەی نوێ (شاسوار عەبدولواحید): کە خاوەنی (9) کورسین و بەکۆی گشتی (233 هەزار و 834) دەنگیان بەدەستهێناوە. -    ئەشراق ئەلکانون: کە خاوەنی (6) کورسین و بەکۆی گشتی (100 هەزار و 374) دەنگیان بەدەستهێناوە. -    هاوپەیمانی تەسمیم: کە خاوەنی (5) کورسین و بەکۆی گشتی (153 هەزار و 614) دەنگیان بەدەستهێناوە. -    هاوپەیمانی هێزی دەوڵەت: کە خاوەنی (4) کورسین و بەکۆی گشتی (359 هەزار و 876) دەنگیان بەدەستهێناوە. -    بابلیون: کە خاوەنی (4) کورسین و بەکۆی گشتی (50 هەزار و 378) دەنگیان بەدەستهێناوە. -    گەل ناسنامەمانە: کە خاوەنی (3) کورسین و بەکۆی گشتی (58 هەزار و 89) دەنگیان بەدەستهێناوە. -    حەسمی چاکسازی: کە خاوەنی (3) کورسین و بەکۆی گشتی (26 هەزار و 973) دەنگیان بەدەستهێناوە. -    ئەو لیستانەی تەنها (1) کورسییان بەدەستهێناوە ژمارەیان (17) لیست و هێزی سیاسییە. گرافیکی ژمارە (1) نوێنەرایەتی ئافرەتانی هێزو کوتلە سیاسییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەپێی ئامارەکانی فەرمانگەی توێژینەوەو لێکۆڵینەوەی ئەنجومەنی نوێنەران کۆی ژمارەی ئەو ئافرەتانەی سەرکەوتوون بۆ ئەنجومەنی نوێنەرا ژمارەیان (95) ئافرەتەوە (59) یان بە دەنگی خۆیان و (36) یان بە سیستمی کۆتا سەرکەوتوون. ژمارەی ئەو هێز و کوتلە سیاسییانەی کاندیدی ئافرەتیان سەرکەوتووە (18) لایەنن و (5) ئافرەتیش بە لیستی فەردی و سەرکەوتوون، (5) لەیەلانیش ئافرەتەکانیان بەبێ سیستمی کۆتا سەرکەوتوون. بۆ وردەکاری زیاتر (بڕوانە گرافیکی ژمارە (2)). گرافیکی ژمارە (2) ئافرەتان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران (خولی پێنجەم) بەپێی ئامارەکان ژمارەی سەرجەم کاندیدەکان (پیاو و ئافرەت) بریتی بووە لە (3 هەزار و 225) کاندید و بە سەرجەمیان (8 ملیۆن و 854 هەزار و 25) دەنگیان بەدەستهێناوە، بەڵام (329) کاندیدە سەرکەوتووەکە (4 ملیۆن و 66 هەزار و 927) دەنگەکانیان بەدەستهێناوە بە ڕێژەی (46%). سەبارەت بە ئافرەتان ژمارەیان (946) کاندید بووە، کە دەکاتە (29%)ی کاندیدەکان، و کۆی گشتی دەنگەکانیان (1 ملیۆن و 829 هەزار و 416) دەنگ بووە بە ڕێژەی (21%). کۆی کاندیدە سەرکەوتووەکانی ئافرەتان (95) ئافرەت بوونەو (59)یان کە دەکاتە (62%) کاندیدە سەرکەوتووەکانی نێو ئافرەتان بە دەنگی خۆیان سەرکەوتوون و (36) ئافرەتیش بە سیستمی کۆتا سەرکەوتوون. (5) لە ئافرەتە سەرکەوتووەکان بە لیستی سەربەخۆ خۆیان کاندید کردبوو. (27) کاندیدیان زیاتر لە جارێک ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بوونە. سەرجەم ئەو (95) کاندیدە سەرکەتووەی ئافرەتان بە هەموویان تانیویانە (917 هەزار و 601) دەنگیان بەدەستهێناوە (بڕوانە گرافیکی ژمارە (3)). گرافیکی ژمارە (3) کورسی و ڕێژەی دەنگی کوتلە براوەکان بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دیارترین هێزو لایەنە سیاسییە براوەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەم شێوەیەیە؛(بڕوانە گرافیکی ژمارە (4)). -    کوتلەی سەدر (موقتەدا سەدر): (94) کاندیدی هەبووەو (73) کاندیدیان سەرکەوتوون بە ڕێژەی (78%) و بەکۆی گشتی (885 هەزار و 310) دەنگیان بەدەستهێنا لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا. -    پارتی دیموکراتی کوردستان (مەسعود بارزانی): (51) کاندیدی هەبووەو (31) کاندیدیان سەرکەوتوون بە ڕێژەی (61%) و بەکۆی گشتی (781 هەزار و 670) دەنگیان بەدەستهێناوە. -    دەوڵەتی یاسا (نوری مالیکی): (71) کاندیدی هەبووەو (33) کاندیدیان سەرکەوتوون بە ڕێژەی (46%) و بەکۆی گشتی (502 هەزار و 188) دەنگیان بەدەستهێناوە. -    یەکێتی نیشتمانی کوردستان (باڤڵ تاڵەبانی): (44) کاندیدی هەبووەو (17) کاندیدیان سەرکەوتوون بە ڕێژەی (39%) و بەکۆی گشتی (368 هەزار و 226) دەنگیان بەدەستهێناوە. -    نەوەی نوێ (شاسوار عەبدولواحید): (23) کاندیدی هەبووەو (9) کاندیدیان سەرکەوتوون بە ڕێژەی (39%) و بەکۆی گشتی (233 هەزار و 834) دەنگیان بەدەستهێناوە. -    تەقەدوم (حەلبوسی): (122) کاندیدی هەبووەو (37) کاندیدیان سەرکەوتوون بە ڕێژەی (30%) و بەکۆی گشتی (637 هەزار و 198) دەنگیان بەدەستهێناوە. -    ئەشراق ئەلکانون: (24) کاندیدی هەبووەو (6) کاندیدیان سەرکەوتوون بە ڕێژەی (25%) و بەکۆی گشتی (100 هەزار و 374) دەنگیان بەدەستهێناوە.  گرافیکی ژمارە (4)


راپۆرت: درەو حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی (2021)دا، زیاتر لە (151 ملیۆن) بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوە كردووە، بەپێی داتاكان تێكڕای نرخی نەوت لە بازارەكانی جیهان زیاتر لە (70) دۆلار بووە، بەم پێیەش حكومەتی هەرێمی كوردستان "پێش لێدەركردنی خەرجییەكان‌و فرۆشتنی نەوت بە پێی نرخی بازاڕەكانی جیهان" بەبەهای زیاتر لە (10 ملیار 670 ملیۆن) دۆلار نەوتی هەناردە كردووە، كە بەرامبەرە بە زیاتر لە (15ترلیۆن و 553 ملیار) دینارە. بەڵام دوای لێدەركردنی خەرجییەكانی‌و هەرزانتر فرۆشتنی هەر بەرمیلێك بە (10) دۆلار كەمتر لە بازاڕەكانی جیهان، تەنها بڕی (3 ملیارو 870 ملیۆن) دۆلار داهاتی بۆ ماوەتەوە كە بەرامبەرە بە (5 ترلیۆن‌و 611 ملیار) دینارە لەماوەی ساڵی (2021)دا. یەكەم: تێكڕای نرخی نەوتی برێنت لە ساڵی 2021 بەپێی زانیارییەكانی ماڵپەڕی Economy) Country)  تێكڕای نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەكانی جیهان بۆ ساڵی (2021) بریتی بووە لە (70.68) دۆلاری ئەمریكی، بە جۆرێك مانگی (تشرینی یەكەمی ساڵی 2021) بەرزترین ئاستی تۆمار كردووەو تێكڕای نرخی نەوت لەم مانگەدا بریتی بووە كە (83.54) دۆلار، لە مانگی (كانونی دووەمی ساڵی 2021) نزمترین نرخی نەوت لە ساڵەكەدا تومار كراوە كە بریتی بووە لە (54.77) دۆلار. (بڕوانە چارتی ژمارە (1)     دووەم: فرۆشی نەوتی هەرێم لە ساڵی 2021 حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تەواوی ساڵی (2021)دا بڕی (151 ملیۆن‌و 211 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركییەوە هەناردەی بازاڕەكانی جیهان كردووە، بەجۆرێك لە مانگی (نیسانی 2021)دا بەرزترین ڕێژەی نەوتی هەناردە كردووە بە قەبارەی (14) ملیۆن بەرمیل لە مانگەكەدا، لە مانگی (ئابی 2021) دا كەمترین بڕی هەناردە كردووە بەراورد بە مانگەكانی دیكەی هەمان ساڵ كە (11 ملیۆن و 50 هەزار) بەرمیل بووە. بۆ وردەكاری زیاتر (بڕوانە چارتی ژمارە (2)).      سێیەم: داهاتی نەوتی هەرێم لە ساڵی 2021 1.    داهاتی نەوت هەرێم، پێش لێدەركردنی خەرجییەكان‌و فرۆشتنی بە نرخی بازاڕە جیهانییەكان: بەپێی داتاكان حكومەتی هەرێمی كوردستان لە مانگی (ئەیلولی 2021)دا زۆرترین داهاتی نەوتی هەبووە، بەو پێیەی (13 ملیۆن‌و 90 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە، لەم مانگەدا نرخی نەوت بە تێكڕا (74.49) دۆلار بووە، ئەگەر حكومەتی هەرێم نەوتەكەی بە هەرزانتر نەفرۆشتبێت‌و بەبێ لێدەركردنی خەرجییەكانی نەوت بەها گشتییەكەی بریتی بووە لە (1 ملیارو 35 ملیۆن‌و 411 هەزار) دۆلار، كە بەهاكەی بەرامبەر بە دینار بریتی بووە لە (1 ترلیۆن‌و 501 ملیارو 345 ملیۆن‌و 95 هەزار) دینار. كەمترین داهاتیش لە مانگی (كانونی دووەمی 2021)دا تۆمار كراوە كە (12 ملیۆن‌و 800 هەزار) بەرمیل هەناردە كراوەو تێكڕای نرخی نەوت لەو مانگەدا بریتی بووە لە (54.77) دۆلار، بەم پێیەش داهاتی نەوت لەو مانگەدا بریتی بووە لە (701 ملیۆن‌و 56 هەزار) دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر بە (ترلیۆنێك‌و 16 ملیارو 531 ملیۆن‌و 200 هەزار) دیناری عێراقی. بۆ زانیاری زیاتر تایبەت بە سەرجەم مانگەكانی ساڵی (2021) (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)).  سەبارەت بە كۆی گشتی فرۆش‌و داهاتی نەوتی هەرێم لە ساڵی (2021)دا، حكومەتی هەرێمی كوردستان (151 ملیۆن‌و 211 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە، تێكڕای نرخی نەوت لە ساڵەكەدا بریتی بووە لە (70.68) دۆلاری ئەمریكی (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)).  كۆی ئەو نەوتەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵەكەدا هەناردەی كردووە بەبێ هیچ خەرجی‌و هەرزان فرۆشییەك، دەكاتە (10 ملیارو 670 ملیۆن و 453 هەزار و 860) دۆلاری ئەمریكی، بۆ وردەكاری مانگەكانی ساڵەكە بروانە (چارتی ژمارە (3))، ئەو برە داهاتەی لە فرۆشی نەوت دەستدەكەوێت بە دینار بریتی دەبێت لە (15 ترلیۆن‌و 553 ملیارو 358 ملیۆن‌و 97 هەزار) دینار، بۆ وردەكاری مانگەكانی ساڵەكە بروانە (چارتی ژمارە (4)). 2.    داهاتی نەوت هەرێم، دوای لێدەركردنی خەرجییەكان‌و فرۆشتنی بە نرخی كەمتر بازاڕە جیهانییەكان: رۆژی (28ی حوزەیرانی 2021) كۆبونەوەی هاوبەشی پەرلەمانی كوردستان حكومەتی هەرێمی كوردستان (كەمال ئەتروشی، وەزیری سامانە سرووشتییەكان)، ڕایگەیاند، (58%)ی داهاتی نەوت دەدرێت بە كۆمپانیا نەوتییەكان‌و خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت، بە جۆرێك (20%)ی داهات، تێچووی دەرهێنانی نەوتە، (14%) شایستەی كۆمپانیاكانەو (6%)ی كرێی گواستنەوەیە. ئەوەی دەمێنێتەوە قەرەبووی قەرزەكانە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی بەردەوام نەوتی هەرێم بە (10) دۆلار كەمتر لە بازاڕەكانی جیهان دەفرۆشرێتەوە، بۆیە دوای لیدەركردنی خەرجییەكانی پرۆسەی نەوت‌و هەرزانتر فرۆشتنی. ئەو داهاتەی بۆ حكومەتی هەرێم دەمێنێتەوە لە فرۆشتنی (151 ملیۆن‌و 211 هەزار) بەرمیل نەوت دەكاتە (3 ملیار و 870 ملیۆن 24 هەزار و 521) دۆلار، ئەگەری بەهای (1) دۆلار بەرامبەربێت بە (1450) دیناری عێراقی. ئەوا ئەو بڕە بەرامبەرە بە (5 ترلیۆن و 611 ملیار و 535 ملیۆن و 410 هەزار و 740) دینار لەماوەی ساڵی (2021)دا.  هاوكات بڕی (5 ملیاو 344 ملیۆن و 319 هەزار و 439) دۆلار دەڕوات بۆ خەرجی پرۆسەكەو قەرزی كۆمپانیاكان كە بەرامبەرە بە (7 ترلیۆن و 749 ملیار و 263 ملیۆن و 186 هەزار و 260) دیناری عێراقی، بۆ وردەكارت زیاتر بڕوانە (بڕوانە خشتەی ژمارە (2))  چوارەم: كڕیارانی نەوتی هەرێم لە ساڵی 2021 لە ساڵی (2021)دا نەوتی هەرێم لە بەندەری جەیهانی توركی لەلایەن كەشتی (12) وڵاتەوە باركراون‌و زۆرترین باركردن كەشتییە ئیتالییەكان كردووەیانە كە (56 ملیۆن‌و 81 هەزار) بەرمیل نەوت بووە، بە ڕێژەی (37.1%)، كەمترین بڕی باركراویش كەشتی پۆڵندی‌و بولگارییەكان بووە كە بڕەكەی (600 هەزار) بەرمیل بووە بە ڕێژەی (0.4%) بووە. (خشتەی ژمارە (3) و چارتی ژمارە (5)). چارتی ژمارە (5) سەرچاوەكان: -    كەمال ئەتروشی، وەزیری سامانە سروشتییەكان، بەشی سێیەمی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (16)ی ئاساییی خولی بەهارە ڕۆژی 2021/6/28، دەقی وتەكانی لە چەناڵی یوتیوب؛ https://www.youtube.com/watch?v=6fpM-92PuRc -    ڕێكخراوی ڕوونبیین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەكانی نەوت، نەوتی باركراوی هەرێم، ماڵپەڕی ڕێكخراوی ڕوونبیین؛  https://www.roonbeen.org/%d9%86%db%95%d9%88%d8%aa%db%8c-%d8%a8%d8%a7%d8%b1%da%a9%d8%b1%d8%a7%d9%88%db%8c-%d9%87%db%95%d8%b1%db%8e%d9%85/ -    Crude Oil Brent US Dollars per Barrel, at the saite; https://countryeconomy.com/raw-materials/brent?year=2021 -    ئەنوەر كەریم، داتای ورد لەسەر داهاتی هەرێمی كوردستان، داهاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی كانونی یەكەمی ساڵی 2021، ماڵپەڕی زەمەن؛ https://www.zamenpress.com/Details.aspx?jimare=54202 راپۆرتەكانی دیلۆیت: -    Deloitte, Review of the Kurdistan Regional Government of Iraqs oil production, export, consumption and revenue for the period 1 January 2021 to 31 March 2021, at the saite; https://govkrd.b-cdn.net/Government%20Open%20Data/Deloitte%20Reports/Deloitte%20Reports%202021/KRG%20Q1%202021%20Report%20on%20OIl%20and%20Gas%20review.pdf -    Deloitte, Review of the Kurdistan Regional Government of Iraqs oil production, export, consumption and revenue for the period 1 April 2021 to 30 June 2021, at the saite; https://govkrd.b-cdn.net/Government%20Open%20Data/Deloitte%20Reports/Deloitte%20Reports%202021/KRG%20Q2%202021%20Report%20on%20OIl%20and%20Gas%20review.pdf    


(درەو): بەیاننامەی وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی بڕی ھەناردەو داھاتی نەوت لە مانگی رابردوودا: 🔹 بڕی ھەناردەی نەوتی خاو (٩٩ ملیۆن و ٢٨٦ ھەزارو ٧٨) بەرمیل بووە، بەمشێوەیە: 🔸 (٩٦ ملیۆن و ٤٣٠ ھەزارو ٥٩٦) بەرمیل لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشورەوە بووە. 🔸 ھەناردەی نەوت لە کێڵگکانی کەرکوکەوە بۆ بەندەری جیھان بڕەکەی (٢ ملیۆن و ٥٤٥ ھەزارو ٦٥٦) بەرمیل بووە. 🔹 داھاتی نەوت گەیشتوەتە (٨ ملیارو ٢٧ ملیۆن) دۆلار. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت گەیشتوەتە (٣ ملیۆن و ٢٠٣ ھەزار) بەرمیل. 🔹 تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوت لە مانگی رابردوودا بڕی (٨٣.٢٤٦) دۆلار بووە. داهاتی مانگی تشرینی یدووەم نەوتی عێراق نزیكەی (7 ملیارو 590ملیۆن) دۆلارە وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی مانگی تشرینی دووەمی نەوتی عێراقی بڵاوكردەوە: * بڕی (98) ملیۆن (192) هەزار و( 317) بەرمیل نەوتی خاو هەناردەکراوە. * داهاتی نەوت گەیشتوەتە (7) ملیار و(590) ملیۆن  دۆلار، دەكاتە زیاتر لە (ترلیۆن) دینار  * ڕۆژانە تێکڕا (3) ملیۆن و (273)هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە. * تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوت گەیشتوەتە ( 77.33) دۆلار. داهاتی مانگی تشرینی یەكەم نەوتی عێراق نزیكەی (7 ملیارو 680 ملیۆن) دۆلارە   وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی مانگی تشرینی یەكەمی نەوتی عێراقی بڵاوكردەوە: * بڕی (96) ملیۆن (708) هەزار و( 660) بەرمیل نەوتی خاو هەناردەکراوە. * داهاتی نەوت گەیشتوەتە (7) ملیار و(680) ملیۆن  دۆلار. * ڕۆژانە تێکڕا (3) ملیۆن و (120)هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە. * تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوت گەیشتوەتە ( 79.37) دۆلار.   وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی مانگی ئەیلولی نەوتی عێراقی بڵاوكردەوە: * بڕی (92) ملیۆن (422) هەزار و( 485) بەرمیل نەوتی خاو هەناردەکراوە. * داهاتی نەوت گەیشتوەتە (6) ملیار و(711) ملیۆن (7) هەزار دۆلار. * ڕۆژانە تێکڕا (3) ملیۆن و (81)هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە. * تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوت گەیشتوەتە ( 72.6) دۆلار.   وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی مانگی ئابی نەوتی عێراقی بڵاوكردەوە: * بڕی (94) ملیۆن (660) هەزار و( 239) بەرمیل نەوتی خاو هەناردەکراوە. * داهاتی نەوت گەیشتوەتە (6) ملیار و(533) ملیۆن (142) هەزار دۆلار. * ڕۆژانە تێکڕا (3) ملیۆن و (054)هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە. * بەرهەمی نەوتی كەركوك : ( 3 ملیۆن و 124هەزارو 309) بەرمیل نەوت بووە  * تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوت گەیشتوەتە ( 69) دۆلار.   وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی مانگی تەموزی نەوتی عێراقی بڵاوكردەوە: * بڕی (90) ملیۆن (467) هەزار و( 794) بەرمیل نەوتی خاو هەناردەکراوە. * داهاتی نەوت گەیشتوەتە (6) ملیار و(513) ملیۆن (792) هەزار دۆلار. * ڕۆژانە تێکڕا (2) ملیۆن و (918)هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە. * بەرهەمی نەوتی كەركوك : ( 3 ملیۆن و 12هەزارو 435) بەرمیل نەوت بووە  * تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوت گەیشتوەتە ( 72) دۆلار.    داهات و فرۆشی مانگی حوزەیرانی نەوتی عێراقی بڵاوكردەوە: * بڕی (86) ملیۆن (765) هەزار و( 589) بەرمیل نەوتی خاو هەناردەکراوە. * داهاتی نەوت گەیشتوەتە (6) ملیار و(141) ملیۆن (77) هەزار دۆلار. * ڕۆژانە تێکڕا (2) ملیۆن و (892)هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە. * بەرهەمی نەوتی كەركوك : ( 3 ملیۆن و 75هەزارو 237) بەرمیل نەوت بووە  * تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوت گەیشتوەتە ( 70.778) دۆلار.


درەو: راپۆرتی: پەرەگراف- غەمگین محەمەد ڕێگەی تانجەرۆ لە خۆرهەڵاتی سلێمانی بەرەو گوندەكان وەك تازە قیرتاو ڕەش دەردەكەون، بەڵام هەر ئەو ڕەشییە دەبێتە بەڵا و خەریكە وردە وردە ژینگەی پاكی لادێ لەناودەبات. پەیامنێری پەرەگراف بۆ بەدواداچونی زیاتر لە تانجەرۆوە بەرەو گوندەكان دەڕوات؛ ئاڕاستەی شەقامە سەرەكییەكە ڕووەو گوندەكانی ئاڵیاوای سەروو و خواروو، گۆپیتە، شێخ وەساڵان و گوندەكانی دیكەی ئەو سنورەیە، هەموو ڕێگاكەش ڕەش دەكاتەوە. بە وردبونەوەی زیاتر لە شەقامەكە و دواتر زانیاری خەڵكی ناوچەكە، دەركەوت ئەو ڕەشییە قیر نییە، بەڵكو پاشماوەی ڕۆنی سووتاوی كارگەكانی ڕۆنی ئۆتۆمبێلە لە تانجەرۆ و لەوێ دەیڕێژن. تەها عەبدوڵا، گوندنیشنێكی ناوچەكەیە و لەو ڕێگایەوە بۆ كاركردن دەچێتە شار، شایەتحاڵی ڕەشكردنی ئەو شەقامەیە و بۆ پەرەگراف وتی "دوو ساڵە ئەم ڕۆنە سوتاوە لەسەر جادەكان ڕۆدەكرێت، نازانم كێ دەیكات، بەڵام هەر زەوی تەڕببێت لەو شوێنانەی زۆریان داكردووە ئۆتۆمبێلەكانمان لەسەری دەخلیسكێت و دەبێت زۆر بە وریاییەوە بڕۆین، ئەگەرنا بە ئاسانی خۆت بۆ ناگیرێتەوە و تووشی ڕووداو دەبیت". بەدواداچونەكەی پەرەگراف بەردەوامە و زیاتر دەڕوات، لەڕێگادا بەرەو گوندی گۆپیتە چەندین خانوی پلاستیكی بۆ بەرهەمهێنانی كشتوكاڵیی هەن وەك سەوزەوات، كە هەندێكیان كەمتر لە پێنج مەتر دورن لەو شەقامەی پاشماوەی ڕۆنی كارگەكانی تیادا ڕۆ دەكرێت و تێكەڵ بە خاكەكەش دەبن. باجی فاتم، خەڵكی گوندەكەیە و دەڵێت، یەكەمجار خەڵكی گوند خۆی ئەو پاشماوە ڕەشەی كارگەكانی هێناوە، گەڵابەیەكیان لە پاشماوەی كارگەكانیان بە 40 هەزار دینار دەكڕی، تا لە شەقامەكاندا ڕۆبكرێن و دواتر بڵاوبكرێنەوە، ئەوەش بۆ ڕێگری لە تەپوتۆزی هاوین و قوڕاوی زستان. "تۆ نازانیت، ئەگەر ئەوە نەبێت تۆز و خۆڵی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل دەمانخوات، ئێستا ئیسراحەتمان كردووە" باجی كاتێك ئەو قسانە بۆ پەرەگراف دەكات، هیچ زانیارییەكی لەبارەی مەترسییەكانی ئەو پاشماوەیە بۆ ژینگە و كەشوهەوای گوندەكەی نەبوو. كڕینی پاشماوە و پیسیی كارگەكان هەر ماوەیەك درێژە دەكێشێت؛ دواتر خودی كارگەكان بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان و بێبەرانبەر ئەو پاشماوە گوند بە گوند دەگەیەنن، لە هەر شوێنێك شەقامەكە ڕەش نەبوو، هەر لەوێ پاشماوەكە ڕۆ دەكەن و دواتر گوندنشینان خۆیان بەسەر شەقامەكەدا وەك قیرتاو بڵاویدەكەنەوە. ئەو پڕۆسەیە بەردەوامە و هەر گوندێك شەقامەكەی ڕەش بكاتەوە ئەوا پاشماوەی كارگە بەرەو گوندی دواتر دەڕوات. "چەندین ساڵە لە گوند دەژیم و ڕێگەوبانەكانمان گڵە، حكومەتیش قیری ناكات، بۆیە پاشماوەی كارگە خۆڵ و تۆزی ڕێگاكەی لە كۆڵ كردوینەتەوە" مام عەلی، دانیشتوی گوندی گۆپیتە بۆ پەرەگراف وای وت. ئەو دەڵێت، هەندێك شوێنی شەقامەكە لە كاتی بارانباریندا دەبێتە كێشە بۆ شۆفێران، چونكە زیاد لە جارێك پاشماوەی تێدا ڕۆكراوە و ئۆتۆمبێل لەسەری دەخلیسكێت. ڕۆكردنی پاشماوەی كارگە لە ڕێگای گوند هۆكارێكی سەرەكییە بۆ پیسبونی ژینگە و نەك هەر ڕێگەپێدراو نییە، بەڵكو بەپێی یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2008ی پاراستن و چاككردنی ژینگە سزای قورسیشی بۆ دانراوە، كە زیندانی و غەرامەی تا 200 ملیۆن دیناری تێدایە، ئەوەش بەپێی جۆر و شێوازی سەرپێچیی دەگۆڕێت. كاتێك پەیامنێری پەرەگراف گوندی گۆپیتە بەرەو ناوچەكانی دیكە تێدەپەڕێنێت، ئۆتۆمبێلێكی كارگەكان دەبینێت ئەوكاتەی سەرقاڵی ڕۆكردنی پاشماوەی كارگەكەیەتی لە قەراغی ڕێگاكەدا، ئەوەش بە دەرفەت دەزانێت لێی بپرسێت پاشماوەكە لە كوێ دەهێنێت و لەسەر ڕاسپاردەی كێ و بۆچی لەو ڕێگایەدا ڕۆی دەكات؟ بەڵام ئەو دەڵێت، تەنیا كارمەندێكە و پێیدەڵێن پاشماوەكە لە ڕێگای گوند هەڵڕێژە. بەوتەی ئەو شۆفێرە، كە نەیویست ناوی بهێنرێت و هیچ زانیارییەكی دیكە ئاشكرا بكات، لەبەرانبەر ڕۆكردنی پاشماوەی كارگەكانیاندا "زۆرجار گوندنشینان دەستخۆشیمان لێدەكەن و دەڵێن لە تەپوتۆز ڕزگاریان بووە". هەر لەو ڕێگایەدا منداڵانیش بەپێ هاتوچۆ دەكەن و هەر لە ناوچەكەشدا ئاژەڵ لەو ژینگەیەدا بەخێو دەكرێت. پسپۆڕانی بواری ژینگە ئەو كارە بە "كارەسات" ناودەبەن، لەبەرئەوەی دەبێتە هۆی پیسبوون و ڕاستەوخۆ كاریگەریی نەرێنی لەسەر كۆی ڕەگەزەكان هەیە و تێكیدەدات، لە وەرزە گەرمەكاندا بەهۆی بەتینیی تیشكی خۆر بەشێكی ئەو پاشماوەیە دەبێتە غاز و هەوا پیس دەكات، پاشماوەكەی تریشی تێكەڵ بە خاك دەبێت و لەكاتی باران بارینیشدا ڕۆدەچێتە ژێر زەوییەوە، تا تێكەڵ بە ئاوی ژێرزەوی دەبێت و پیسی دەكات. هەر ئەوەش كاریگەری لەسەر ڕوەك هەیە، ڕەگەكەی ئەو پاشماوەیە وەردەگرێت، لە ڕوەكەكانیشەوە راستەوخۆ دەگوازرێنەوە بۆ جەستەی مرۆڤ و ڕەنگە ببێتە هۆی ژەهراوی بوون. ساڵح مەجید، پسپۆڕی بواری ژینگە بۆ پەرەگراف وتی "پاشماوەی پاڵاوگەكان و كارگەی ڕۆنەكان مەوادی هایدرۆكاربۆنی و توخمە قورسەكانیان تێدایە، بۆ هەر پێكهاتەیەك سنوور دیاریكراوە كە چەند ڕێگەپێدراوە بوونی هەبێت لە ئاو و هەوا و خاكدا، بەڵام لە هەرێمی كوردستان ئەو بابەتانە بە تەواوی پەراوێزخراون و هیچ حسابێكیان بۆ ناكرێت". لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی زۆر لە پاڵاوگەی نەوتیی نایاسایی هەن، ئەو پاڵاوگانە جگە لە مەترسیداریی بەرهەمەكانیان، خۆشیان بوونەتەهۆی پیسبونی ژینگە، بەوتەی خودی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوونەتە سەرچاوەی "نەخۆشیی مەترسیدار"، سەرباری چەندین بڕیار بۆ داخستنیان هێشتا بەشێكیان هەر لەكاردان. "لە وڵاتان نابێت یەك دڵۆپ لە پاشماوەی كارگەكانی ڕۆن بكەوێتە سەر زەوی، بەڵكو دەبێت بە شێوازێكی دروست و بەپێی تایبەتمەندییان ڕیسایكلین بكرێن و لەناوببرێن" بەوتەی پسپۆڕەكەی بواری ژینگە. چەندین جار ڕێكخراوەكانی ژینگە داوای داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان و پابەندبوونی كارگەكانیان كردووە بە ڕێنماییە ژینگەییەكانەوە، بەڵام دۆخەكە هەر وەك خۆیەتی. ساڵح مەجید دەڵێت "لەبەرئەوەی هێز و دەسەڵات و خاوەن بەرژەوەندییەكان دەسەڵاتیان لە ڕاو بۆچونە زانستییەكان و كەسە ئەكادیمییەكان زیاترە بۆیە باش نابێت". بەپێی بەدواداچونەكانی پێشتری پەرەگراف، كاركردنی ئەو پاڵاوگە و كارگانە و پاشماوەی كارەكانیان، كاریگەریی ڕو‌ون‌و دیاری هەیە لەسەر ئاو و هەواو خاكی نزیكی ئەو شوێنانەی تێیدا دامەزراون، ئەوەش لای حكومەت‌و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی تایبەت بە ژینگە، شاراوە نییەو چەندینجار باسكراوە. بەڵام بەڕێوەبەرایەتی ڕێگەوبانی سلێمانی پاساوی ئەوەیە توانای قیرتاوكردنی ڕێگەوبانی گوندەكانیان نییە، كە خەڵكەكەی "لەبەر نەبونی قیرتاو و بە ناچاری پاشماوەی كارگەكان بەكاردەهێنن". محەمەد جەلیل بەڕێوەبەری رێگەوبانی سلێمانی، بۆ پەرەگراف باسی لەوە كرد، ئاگادارە كە ئەو ڕۆنە ڕەشە لەسەر شەقامی ئەو گوندانە ڕۆكراوە، وتی "لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە ڕێگری لێ بكەین و ئەوە كاری شارەوانی و ئەو بەرپرسە ئیدارییانەیە كە لەو سنوورە باڵا دەستن". بەڕێوەبەری ناحیەی بەكرەجۆ كە ئەو گوندانە سەر بەو ناحیەیەن و بەرزترین دەسەڵاتی ئیداریی سنورەكەیە، بە پەرەگرافی وت "پاش بەدواداچوون لە ئەنجومەنی گوندەكانەوە بۆمان ڕونبووەتەوە ئەو پاشماوەیەی لە شەقامی گوندەكان ڕۆدەكرێت پاشماوەی ڕۆنی سووتاوی كارگەكانەو گوندنشینان لێی ناڕازیی نین". عوسمان ئەنوەر بەڕێوەبەری ناحیەی بەكرەجۆ، ئاماژەی بەوە كرد، زۆربەی جادە و كۆڵانەكانی ئەو ناوچەیە قیرتا و نەكراون و هاووڵاتیان بێزاربوون لە دەست تەپوتۆزی هاوین و قوڕ و لیتەی زستان، وتیشی "بۆیە ئەگەر بزانم پاشماوەی چ كارگەیەكە خۆم داوایان لێ دەكەم لە جادەو كۆڵانی ناوچەكانی تری سنووری ناحیەی بەكرەجۆ بیڕێژن و بڵاوی بكەنەوە". بوونی ژمارەیەك كارگەو پاڵاوگەی نایاسایی لە تانجەرۆ، بەوتەی بەڕێوەبەری ڕیگاوبانی سلێمانی "زۆر زیانی لە ژینگەو ڕێگەوبانی ناوچەكە داوە بە شێوەیەك لە چەند ساڵی ڕابردوو پڕۆژەی چاككردن و قیركردنی ڕێگەوبان بۆ ئەو ناوچەیە دەرچووە، بەڵام بەهۆی ئەو پاڵاوگەو كارگانەوە نەمانتوانیوە جێبەجێی بكەین". محەمەد جەلیل، ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا حكومەت بودجەی نییە، ئەو پلانەی بۆ چاككردن و قیركردنی ڕێگەوبانی گوندەكان پێشكەشی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی دەكەن جێبەجێ ناكرێن و ژمارەیەكی كەمیان بودجەیان بۆ خەرج دەكرێت. گوندنشینان بۆ ڕزگاربوون لە تۆز و خۆڵی ڕێگەوبانەكان، ڕازیی و دڵخۆشن بە هەڵڕشتنی پاشماوەی ئەو كارگانە؛ بێ ئاگا لەوەی ئەو پاشماوەیە زیان بە ئاو و هەوا و خاكی گوندەكانیان دەگەیەنێت، لەكاتێكدا حكومەت هیچ پلانێكی ڕوونی نییە بۆ تێكەڵەڕێژكردن و قیرتاوی ڕێگەی گوندەكان تا بەر بە پیسبونی ژینگە بگرێت.


شاناز ئیبراهیم رەخنەی لە بەرهەم ساڵح گرت (درەو): سەرباری رەخنەكانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، سەركردایەتی یەكێتی جارێكی تر متمانەی بە بەرهەم ساڵح وەكو كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بەخشییەوە.  ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بە بەشداری بەرهەم ساڵح كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار كۆبووەوە.  بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەكەدا بافڵ تاڵەبانی‌و ئەندامانی سەركردایەتی جەختیان لەسەر ئەوە كردووە ئەو گۆڕانكارییانەی لە چەند رۆژی رابردوودا لە دۆخی سیاسی عێراق رویداوە، لە بەرژەوەندی یەكێتی‌و كاندیدەكەیدایە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.  لەم كۆبونەوەیەدا، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد رەخنەی لە بەرهەم ساڵح گرتووە‌و هەندنێك مشتومڕ دروستبووە‌و باسلەوەكراوە، بەرهەم ساڵح لە ماوەی ویلایەتی یەكەمی سەرۆكایەتییەكەیدا پۆستی سەرۆك كۆماری نەخستوەتە خزمەتی سیاسەتەكانی یەكێتی‌و تا ئەو رادەیەی دوو پەرلەمانتاری هەبووە (ئەو دوو پەرلەمانتارەی لەسەر لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەریی سەركەوتن بۆ پەرلەمان) نەیتوانیوە بیانكات بە یەكێتی. سەرباری رەخنەكان لە بەرهەم ساڵح، سەرلەنوێ سەركردایەتی یەكێتی متمانەی بە بەرهەم ساڵح وەكو كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بەخشییەوە. 


راپۆرت: درەو جێگرەوەكەی قاسم سولەیمانی لە هەولێر بووە، پەیامێكی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێرانی گەیاندووەتە پارتی، ئێرانییەكان دەیانەوێت بارزانی لە سەدر دوربخەنەوە، پێشنیازێك لە ئارادایە پارتی‌و یەكێتی هەردووكیان كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بكشێننەوە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.  قائانی لە هەولێر بووە بەپێی ئەو زانیارییانەی كە (درەو) لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەستیكەوتووە، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران سەردانی هەولێری كردووە‌و چاوی بە بەرپرسانی باڵای پارتی كەوتووە.  بەپێی قسەی سەرچاوەكان، قائانی كە شوێنگرەوەی قاسم سولەیمانییە، پەیامێكی عەلی خامنەیی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێرانی گەیاندوەتەوە پارتی. وردەكاری پەیامەكەی رابەری باڵا نازانرێت، بەڵام ئەوانەی ئاگاداری بارودۆخەكەن دەڵێن، ئێران شكستی هێناوە لە پاشگەزكردنەوەی موقتەدا سەدر لە دروستكردنی حكومەتی زۆرینە‌و پاراستنی یەكڕیزی ناو ماڵی شیعە، بۆیان دەركەوتووە كلیكی شكستهێنان بە سەدر، مەسعود بارزانییە‌و دەیانەوێت بارزانی لە رێككەوتنەكەی لەگەڵ سەدر بكشێتەوە. هەوڵێك بۆ چارەسەر ململانێی پارتی‌و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق توندبوەتەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئێرانییەكان هەوڵێكی نوێبان خستوەتەگەڕ بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتن.  (درەو) زانیویەتی، هەوڵەكەی ئێران بۆ چارەسەری ناكۆكی نێوان پارتی‌و یەكێتی خۆی دەبینێتەوە لە پێشنیازێك بۆ چارەسەر، پێشنیازەكە داوا دەكات پارتی‌و یەكێتی هەردووكیان كاندیدەكانیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بكشێننەوە‌و لەنێوان (حاكم رزگار)‌و (لەتیف رەشید) یەكێكیان ببن لە كاندیدی كورد بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار. ئێرانییەكان لەبەرامبەر كشاندنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار لەلایەن پارتییەوە كە (هۆشیار زێباری)یە، دەیانەوێت یەكێتی قایل بكەن بەوەی پارتی هەموو پۆستە وزارییەكانی پشكی كورد لە حكومەتی داهاتووی عێراق پارتی ببات.  بەهۆی ناكۆكی پارتی‌و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار، مەترسی لەبەریەك هەڵوەشانی قەوارەی دەستوری هەرێمی كوردستان زیادی كردووە، تەنانەت ئێرانییەكانیش دركیان بە مەترسیداری دۆخی پەیوەندییەكانی پارتی‌و یەكێتی كردووە، بەڵام هەردوو حزبەكە كە لە كەمپەینی هەڵبژاردندا بانگەشەی یەكڕیزییان دەكرد، تائێستا سورن لەسەر ئەوەی بە دوو كاندیدەوە دەچنە بەردەم پەرلەمان.  رۆژی دوو شەممەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری نوێی عێراق، ئەگەر هەوڵی ئێرانییەكان شكستی بهێنێت‌و پارتی‌و یەكێتی تا ئەو كاتە لەسەر كاندیدێك نەگەنە رێككەوتن، چانسی سەركەوتنی هۆشیار زێباری یاخود بەرهەم ساڵح لەبەردەم دوو بژاردەدا دەبێت:  •    بژاردەی یەكەم: دۆخی هاوپەیمانێتییەكانی عێراق وەكو ئێستا بمێنێتەوە واتە (هاوپەیمانێتی سەدر+ حەلبوسی+ بارزانی) بەردەوام بێت‌و لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەلایەن سەدرەوە بانگهێشتی ناو حكومەت نەكرێن‌و هەوڵی ئێرانییەكان شكست بهێنێت، چانسی سەركەوتنی هۆشیار زێباری كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لە بەرهەم ساڵح بەهێزتر دەبێت.  •    بژاردەی دووەم: سەدر لە پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی لەگەڵ (بارزانی+ سەدر) بكشێتەوە‌و قایل بێت بە بەشداریكردنی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی (مالیكی+ عامری+ فالح فەیاز+ قەیس خەزعەلی+ عەبادی+ حەكیم) لە كابینەی نوێی حكومەت‌و بیرۆكەی خۆی لە "حكومەتی زۆرینە"وە بگۆڕێت بۆ "حكومەتی تەوافوقی"، یاخود پارتی لەژێر فشاری ئێرانییەكاندا لە هاوپەیمانێتییەكەی لەگەڵ سەدر بكشێتەوە، لەم بژاردەیەدا چانسی سەركەوتنی (بەرهەم ساڵح) لە (هۆشیار زێباری) زیاترە، چونكە ئەم بژاردەیە عێراق دەخاتەوە سەر رەوتە كۆنەكەی خۆی‌و پۆستەكانی بەگوێرەی تەوافوقی سیاسی دابەش دەكرێن‌و پۆستی سەرۆك كۆمار وەكو پشكی یەكێتی دەمێنێتەوە. 


درەو: د. دلاوەر عەلائەدین لە شەتڕەنجی دەسەڵاتخوازیدا، رەوتی سەدڕ گراند ماستەرەكەیە و یاری بۆ بردنەوە دەكات، بە هەر باج و نرخێك بێ. هێزە سوننەكان لە خوولی یەكەمەوە دەرفەتیان قۆستەوە و بە براوە لێی دەرچوون. لایەنی كوردیش هەر لە دەستپێكدا باجێكی گەورەیان دا، بە لاوازی چوونە یاریەكەوە، نەخشە گەورەكەیان لەبیر كرد و كەوتنە سیاسەتی یەكلاكردنەوەی دەسەڵاتی ناوخۆیی. ئەگەر لەوەدا بەردەوامبن، خوولی دووەم كەمەرشكێن دەبێ. خۆشبەختانە، دەرفەت ماوە هەتا بە براوە، یان هیچ نەبێ بە كەمترین زیان، لێی دەرچن. بۆ ئەوەش، تێگەیشتن لە دینامیەتی جیهانی شیعە زۆر گرنگە. ماڵی شیعە و جیهانی شیعە پێشڕەوێتی دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە عێراق، بە میكانیزمێكی ئاڵۆز، لە نێو ماڵی شیعەدا یەكلا دەبێتەوە. براوەی هەڵبژاردن دەبێتە سەردار، بەڵام دوا بڕیار لەسەر پێكهاتەی حكومەت بە تەنیا لە دەست هێزی براوەدا نیە و بگرە لەنێو ماڵی شیعەی عێراقیشدا نیە. بەڵكو كۆمەڵێك دامەزراوەی نەبینراو لە جیهانی شیعەدا (لەناوەوە و دەرەوەی عێراق) خاوەنی دۆزەكە و خاوەنی دواقسەن. ئەوانە بریتین لە: (أ) مەرجەعیەتی نەجەف و دامەزراوە ئاینیەكانی دیكەی شیعەی وەك حەوزە و توێژی نوخبە و کۆمەڵانی خەلک. (ب) لایەنە سیاسیەکانی وەک رەوتی سەدڕ و چوارچێوەی هەماهەنگی (ئیتاریەكان) و توێژی سیاسی و هێزەكانی دیكە. (ج) دامەزراوەكانی دەسەڵات لە دەوڵەتی ئێران و مورشیدی باڵا و حەوزەی قوم و حیزبوڵڵای لوبنان و هی دیكە. دوای سەدان ساڵ لە هەژموونی حوكمی سوننە لە عێراق، یەكەمجارە حوكمی شیعە بەسەر عێراقد دەسەپێندرێ. دامەزراوە و مەرجەعەكانی جیهانی شیعەش، كە خۆیان بە پارێزەری ستراتیژ و بەرژەوەندی باڵای شیعە دەزانن، بەنیاز نین لە ئایندەدا رێگە بە هێزێكی خۆماڵی بدەن كە چەنگی شیعە لە حوكمڕانی عێراقدا شل بكات. بەڵێ، هەر یەكێك لەو دامەزراوە و مەرجەعانە هەمەپێكهاتە و هەمەبۆچوونن و چەندین چەقی بڕیاردانیان تێدایە. پۆڵەسیان بۆ كاری رۆژانە و كورتخایەن جیاوازە و بگرە بەرژەوەندی تایبەتیشیان جیاوازە یان دژبەیەكە، بەڵام لە ئاستی ستراتیژ و هەڕەشەی چارەنووسسازدا كۆكن و بڕیارەكانیان تەواوكەری یەكترە. هەژموونی دەستەجەمیعیشیان، كە لە كاتی پێویستدا دەیخەنە گەڕ، لە ژمارەی كورسیەكانی هەر هێزێكی شیعەی عێراق مەزنترە. بەو مانایەش جیهانی شیعە رێگە بە رەوتی سەدڕ نادات كە هاوپەیمانێتیەكەی لەگەڵ پێكهاتە غەیرە شیعەكان لەسەر حیسابی بەرژەوەندی باڵای ئێران و باقی شیعەكاندا سەر بگرێ. رێگە نادەن كاریگەری هێزە ئیقلیمیە نەیارەكانیان، وەك توركیا و عەره‌بە سوننە مەزهەبەكانی كەنداو، بخرێتە سەر هێزە سوننیەكان یان كوردیەكان بۆ ئەوەی عێراق لە چەنگی ئێران دەربێنن؛ یان عێراق، بە پێی ئەجێندایەكی دەرەكی نەیار، بخەنەوە باوەشی جیهانی عەرەبی سوننە بە قووڵاییە نێودەوڵەتیەكەیەوە. جا ئەگەر دامەزراوەكانی جیهانی شیعە، بە تایبەتی ئێران و نەجەف، لە قۆناخی ئێستادا وەك چاودێر رەفتار بكەن و رێگە بدەن سەدڕیەكان لەگەڵ پارتی و زۆرینەی سوننە حكومەتێك پێك بهێنن، مانای ئەوە نیە كە هەر بە چاودێر دەمێننەوە. بەڵكو ئاماژەكان و هەڕەشەكان وا دەگەیەنن كە هاوتەریب، بە هاوكاری ئیتاریەكانی عێراق، بە سیستماتیكی كار لەسەر شكست پێهێنانی ئەو جۆرە حكومەتە دەكەن. رێگە بە گۆڕانكاری و چاكسازی نادەن و كارێكی وا دەكەن كە لەمەودایەكی كەمدا حكومەت هەڵبوەشتێەوە و سەرلەنوێ حكومەتێكی نوێ یان هەڵبژاردنێكی نوێ بێتە كایەوە. بیركردنەوەی سەدڕیەكان سەدڕیەكان ئەو راستیانەی سەرەوە باش دەزانن. دەشزانن كە بەلای جیهانی شیعەوە، یەكگرتنەوەی ماڵی سوننە مانای هەڵسانەوە و باڵادەستی جیهانی سوننەیە لە عێراق و سەرهەڵدانەوەی هەڕەشەی چارەنوسسازە لەسەر حوكمی شیعە. هاوكات زاڵبوونی دەسەڵاتی كوردی لە حكومەتی بەغدادا بە مەترسی دەزانن. بێجگە لە رەوتە تەسكبینە نەژادپەرستیەكەی هەندێ كەس و لایەن بەرامبەر بە پێكهاتەی كوردی، عێراقیەكان هێشتا بە گومانن لە مەودای جیدیەتی لایەنی كوردی، بەتایبەتی هی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ بەهێزكردنەوەی عێراق و دەستهەڵگرتن لە مافی سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراق. سەدڕیەكان نایشارنەوە كە متمانەیان بە نیەتی كوردی نیە و لەخۆشیان رانابینن بكەونە ژێرباڵی هاوپەیمانێتیەك كە دواتر مافی كوردیان بەسەردا بسەپێندرێت. لەترسی دەنگدەران و هێزە پۆپۆڵیستیەكان ناوێرن ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بكەن، هەژموونی حەشدی شەعبی لە ناوچە جێناكۆكەكان نەهێلن، یان بەشە بودجەی هەرێم بە ئاسانی بەدەستەوە بدەن. واتە چارەنووسی سیاسیان ناكەنە قوربانی هاوپەیمانێتیەكی كاتیی.  بۆیەش، رەوتی سەدڕ  بە جەختەوە بەردەوامە لە هەوڵدان بۆ راكێشانی بەشێك لە سەركردەكانی نێو ئیتاریەكان هەتا شەرعیەتی شیعی و زۆرینەی شیعی مسۆگەر بكات. ئەگینا، پێناچێ بەنیاز بێ كە بەبێ ئەوان حكومەت پێك بهێنێ. پاكێجی سازش لە گفتوگۆیەكانی نێوان ئیتاری و سەدڕیەكان تەنیا سێ بژاردە یان سێ پاكێج رەچاوكراوە، كە دەبوایە چوارەمیشیان رەچاوكردبایە. ١) پاكێجی ئیتاریەكان، كە سەرجەم هێزەكانیان، بە نووری مالیكیەوە، بچنە ناو حكومەت. شەش وەزارەت وەربگرن ومالیكی ببێتە جێگری سەرۆك كۆمار و و مافی ڤیتۆشیان لەسەر كاندیدی سەرۆك وەزیران هەبێ. تا ئێستا ئەو بژاردەیە لەلایەن سەدڕەوە رەت دەكرێتەوە. ٢) پاكێجی سەدڕ: مالیكی جیابكرێتەو و ئیتاڕیەكانی دیكە بچنە ناو حكومەتەوە، چوار وەزارەت وەربگرن و مافی ڤیتۆشیان لەسەر سەرۆكی حكومەت نەبێ. ئەوە جارێ لەلایەن ئیتاڕیەكانەوە رەت كراوەتەوە و جەخت دەکەنەوە کە بەبێی مالیکی نایەنە ناو حکومەتەوە. ٣) پاكێجی سازش: مالیكی بكرێتە جێگری سەرۆك كۆمار، بەڵام لەناو حكومەت پشكی نەبێ. هێزەكانی دیكەی ئیتاریەكان بێنە ناو حكومەت و چوار تا شەش وەزارەت وەربگرن بەڵام هیچیان مافی ڤیتۆی لەسەر سەرۆك وەزیران نەبێ. رەنگە لە دواقۆناخدا هەر ئەو بژاردەیان سەركەوێ. لەونێوەدا بژاردەی چوارەم غائیبە، كە بریتیە لە پێكهێنانی حكومەت لەلایەن سەدڕ و پارتی و سوننەكانەوە. ئەوەش زۆر گرنگە، چونكە تەنیا لەو حاڵەتەدا پارتی دەتوانی بەتەنیا بچێتە ناو حكومەتی بەغداوە و چانسی شەراكەت بۆ یەكێتی لاواز بكات و لە پشكەكانی پێشووی (وەك سەرۆك كۆمار و وەزارەتەكان) بێبەشی بكات. ئەگەر بژاردەی چوارەم لەئارادا نەبێ و پاكێجی سازش سەربگرێ، ئەوا ئیتاڕیەكان مەرجی خۆیان دەبێ، كە مەرج نیە لەگەڵ رێكەوتنی نێوان سەدڕ و پارتی هاوئاهەنگ بێ. خۆ سەدڕی و ئیتاڕی و سوننەكان پێیان گرنگە یەكێتی لە حكومەتەكەدا بێ، بۆیە لە مەسەلەی دانانی سەرۆك كۆمار و وەزیرەكاندا بۆچوونیان جیاواز دەبێ. هاوپەیمانێتی پارتی و رەوتی سەدڕ دیارە پێشتر رەوتی سەدڕ بۆ پارتی لێگەڕابوو كە یەكتێی رازی بكات و بیهێنێتە ژێر باڵی رێكەوتننامەكانەوە. لە سەردانی شاندە كوردیە هاوبەشەكەدا بۆ بەغدا، سەدڕیەكان چاویان لەوە بوو كە یەكتێی هەمان رێكەوتنیان لەگەڵدا واژوو بكات. ئێستاش سەدڕیەكان و بگرە سوننەكانیش تا رادەیەك نیگەرانن كە یەكتێی و پارتی لێكترازاون و كارەكانیان لێ قوڕس بووە. بەڵام بۆ خاتری بەرژەوەنی پێشتریان، سەدڕیەكان لە رێكەوتنەكەیان بەردەوامبوون چونكە لە هاوپەیمانێتی پارتی و سوننەدا تەنیا یەك مەبەستیان لا گرنگ بوو، ئەویش كە كوتلەی گەورە بۆ خۆیان زامین بكەن هەتا بەبێ ركابەر حكومەت پێك بهێنن. لەوەدا پێویستیان بە پارتی و لیستی عەزم نەبوو، تەنیا پێویسیتیان بە لیستی حەلبووسی (تەقەدوم) بوو بۆ ئەوەی ژمارەكانیان دەست بكەوێ. بەو پێیە، ئەگەر لە خوولی دووەمی شەتڕەنجەكەدا بەشێك لە ئیتاڕیەكان لەگەڵ یەكێتی بچنە ناو حكومەتەوە و سوننەكانیشیان لەگەڵدا بمێننەوە، رەوتی سەدڕ بەقەدەر جاران پێویستی بە هاوپەیمانێتی پارتی نامێنێ. بۆ نموونە، لەكاتی دەنگدان بە سەرۆك كۆمار، ئەگەر دەنگیان بە كاندیدی پارتی نەدا و لە دەرەنجامدا پارتی لە هاوپەیمانێتیەكەدا كشایەوە، سەدڕیەكان زەرەرمەند نابن چونكە بۆشایی پارتی بە ئاسانی پڕ دەكەنەوە. نەخشە گەورەكە و تونێلە باریكەكە بێجگە لە سوننەكان، هیچ كام لە پێكهاتەكانی شیعە و كورد لە ئاستی نەخشە سیاسیە گەورەكەدا گەمەكەیان دەستپێنەكرد. بەڵام ململانێیەكانی نێو ماڵی شیعی ناگەنە ئەوەی چارەنووسی حوكمڕانی شیعی لە عێراقدا بنكۆڵ بكەن. بەپێچەوانەوە، رەنگە لە دەرەنجامدا جۆرە رەوتێكی چاكسازی یان حوكمڕانی تۆكمەتر بێتە كایەوە و بەهۆیەوە دامەزراوەكانی دەوڵەت بەهێز بكرێنەوە و ناوبانگی حوكمی شیعە بەرز بكەنەوە. بەڵام ململانێكانی نێو ماڵی كوردی مەترسیدارن چونكە كوردستان بە گشتی دووچاری بارێكی جیۆسیاسی و ئەمنی چارەنووسساز دەبێتەوە كە بۆ هەرێمێكی لاواز مەترسیدار دەبێ. پێش و پاش هەڵبژاردنەكانی ئەو دواییە، گوتاری یەكێتی و پارتی و حیزبەكانی دیكە دڵخۆشكەر بوو. براوەكان دڵنەواییان دەدا كە بە خاكیانە مامەڵە لەگەڵ دۆڕاوەكانی هەڵبژاردن دەكەن و  یەكڕیزی دەپارێزن و بە دەستەجەمعی لە بەغدادا داكۆكی لە مافی هەرێم دەكەن. پارتیش وەك براوەی یەكەم، پێگەی لەوانی دیكە بەهێزتر بوو بۆ ئەوەی سەركردایەتی لۆبی كوردی بكات. كەچی ئەوەی رووی دا، بە پێچەوانە بووە هەتا ئێستا. لەوە دەچێ كە دوو حیزبە براوە سەرەكیەكە، پارتی و یەكێتی، چاویان لەسەر نەخشە گەورە گشتگیرەكە و بەرژەوەندیە باڵاكان لاچووە و لەجیاتیان چوونەتە ناو تونێلێكی تەسكەوە و  ئاراستەی تیرەكانیان و  تەوژمی كێبڕكێكی دەسەڵاتیان روو لەناو ماڵە. لەجیاتی ئەوەی بەغدا شانۆی خەبات بێ بۆ دەستكەوتی زیاتر بۆ هەرێم، كەچی هاوپەیمانێتیە كلاسیكیەكەیان و رێكەوتننامە كۆنەكانیان بەیەكجاری هەڵوەشاندەوە و وا لەسەر لاوازیەكانی یەكتر كار دەكەن. ئەو دوو حیزبە لەگەڵ یەكتر راهاتوون كە هەمیشە بەو جۆرە دینامیەتەی (هاوكاری-ناكۆكی) مامەڵەیان لەگەڵ یەكتردا كردووە. ترسێك هەیە كە ئەگەر پێش هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار ئەو دوو حیزبە رێك نەكەون، رەنگە دواتر لە هەرێمدا زیاتریش لێك بترازێن و ئەزموونی دوو ئیدارەیی هەتا ئاستی ریشەیی دووبارە بكەنەوە. بەڵام مەرج نیە ئەو دەرەنجامە بێتە دی. پارتی و یەكێتی سەلماندوویانە كە دەتوانن بەرەكانی ململانێیان جیابكەنەوە و لە هەندێكیاندا بۆ پاراستنی بەرژەوەندی هاوبەشیان هەماهەنگ بن و هاوكاری یەكتر بكەن و لە بەرەی دیكەشدا هەتا ئاستی یەكتر سڕینەوە ململانێی دەسەڵات بكەن. بەڵام هەڵبژاردنەكانی عێراق دەرفەتێكی مەزنی هێناوەتە كایەوە بۆ فەڕزكردنی مەرجی هەرێم لەسەر بەغدا، گواستنەوەی پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ قۆناخێكی نوێ، بۆ ریشەكێشكردنی قەیرانە سیاسی و ئەمنی و ئابووریەكانی هەرێم كە زۆربەیان لە بەغداوە سەرچاوە دەگرن و هەر لەوێش چارەسەر دەكرێن. لەوەش گرنگتر، كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەلایەوە گرنگە كە هەرێم بەهۆی یەكڕیزیەوە سەقامگیر بێ و لەهەناودا بەهێز بێ و لە بەغدا شەریكێكی كاریگەریان بێ. بەوپێیە، هێشتا درەنگ نیە پارتی و یەكێتی ئەو رەوت و ململانێ كەمەرشكێنە هێور بكەنەوە. هەرچی زووە گفتوگۆیەكی جیددی، بەنیەتی سازش و رێكەوتن و سەرخستنی دۆزی هاوبەش، دەست پێبكەن و سەرلەنوێ لەسەر پارسەنگێكی نوێ رێك بكەونەوە.


مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت) یەکێک لە بابەتە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی ناو مێژووی مرۆڤ بە گشتیی و ناومێژووی فیکر بە تایبەتیی، بابەتی ئازادییە. ئازادیی ئەو چەمکە گرنگەیە کە بەشێکی زۆر لە نووسەران و بیریاران و ئیشکەرانی بواری فیکر و فەرھەنگ و دین و ئەخلاق و ئابوریی و سیاسەت بیریانلێکردۆتەوە و لەسەریان نووسیوە.  لەم ڕووەوە گەنجینەیەکی گەورە لە بەردەستی خوێنەراندایە کە زیاد لە دید و ڕوانین و دەسپێکێک بۆ قسەکردن لەسەر چەمکی ئازادیی، پێشنیاردەکەن. ئەوەی من لێرەدا دەمەوێت لەسەری بوەستم چۆنیەتی باسکردنی ئەم بابەتەیە لەناو دوو بواری جیاوازدا: بواری فەلسەفە و بواری تیورەی سیاسیی.   کاتێک لە فیکری فەلسەفیدا باس لە چەمکی ئازادیی دەکرێت، زۆربەی جار و بە شێوەیەکی گشتیی، باس لە توانای مرۆڤ وەک تاکەکەس لەسەر ئازادبوون دەکرێت. پرسیارگەلی لەم جۆرە دەکرێت: ئایا مرۆڤ دەتوانێت ئازادبێت؟ مرۆڤ خاوەنی ئیرادەیەکی ئازادە، یاخود ئەم ئیرادەیە ڕێلێگیراو و گەمارۆدراوە بە بەربەستیی ناوەکیی جیاواز؟ ئایا ئیرادەی مرۆڤ تا چەند و تا کوێ ئازادە؟ ئەو خاڵەی گرنگە بیزانین ئەوەیە لە پشتی ئەمجۆرە پرسیار و تێڕامانانەی فەلسەفەوە لە چەمکی ئازادیی، ھەمیشە وێنەی مرۆڤ وەک تاکەکەس، وەک بوونەوەرێکی تاک و تەنھا، وەک پێدراوێکی پێشین، ئامادەیە. بەمەش قسەکردن لەسەر ئازادیی دەبێتە قسەکردن لەسەر جیھانی ناوەکیی تاکەکەس خۆی و قسەکردن لەسەر ئەو توانایانەی تاکەکەس ھەیەتی بۆ ئازادبوون یان ئازادنەبوون.  بە پێچەوانەی فەلسەفەوە، ”تیورەی سیاسیی“ پرسیاریی ئازادیی وەک پرسیار  دەربارەی تواناکانی تاکەکەس لەسەر ئازادبوون یان نەبوون نابینێت، پرسیارەکەی ئەوە نییە ئایا ئیرادە  ئازادە یان نائازادە.  ھەر لە بنەڕەتیشەوە  مەسەلەی ئازادیی  بە خودی تاکەکەس خۆیەوە گرێنادات و وەک کێشەیەکی تاکەکەسیی مامەڵەیناکات. بەڵکو بە پێچەوانەوە، ئازادیی وەک مەسەلەی دۆخی بەیەکەوەبوونی تاکەکەسەکان و دۆخی کۆیی و دەستەجەمعی تاکەکەسەکان، (نەک تاکەکەس) وێنادەکات. ئەمە وادەکات ئازادیی لە بابەتێک گرێدراو بە ناوەوەی مرۆڤ و بە توانای بڕیاردانی ناوەکیی تاکەکەسەوە، بگوازێتەوە بۆ بواری پەیوەندییەکانی مرۆڤ بە ئەوانیتر و لەگەڵ کەسانیتردا. ئازادیی لێرەدا نە پێدراوێکی غەریزییە، نە شتێکە لەناوەوەی مرۆڤدا وەک تاکەکەس ھەبێت و چێنرابێت، بەڵکو ئەزموونێکی کۆمەڵایەتیی و مێژووییە کە بنەما سەرەکییەکەی ئەزموونی پێکەوەبوونە لەگەڵ کەسانیتردا. بۆیە پرسیاری سەرەکیی لێرەدا ئەوە نییە ئایا تاکەکەس دەتوانێت ئازادبێت، بەڵکو دەبێت بەوەی ئەوەی ئایا تاکەکەسەکان چۆن دەتوانن بەیەکەوە ئازادبن؟  لە ھەناوی ئەم پرسیارە جیاوازەدا ئازادیی وەک کێشەیەکی دەستەجەمعیی، وەک ئازادیی تاکەکەسەکان بە کۆ، وەک ئازادیی مرۆڤەکان لە کۆبونەوەیاندا بە یەکەوە، لە پێکەوەبوون و کارکردن و ژیانیانیدا لەگەڵیەکدا، وێنادەکرێت. پابەست بەو پەیوەندیی و مامەڵە و کارلێکردنە پێکەوەییانەی لەناو ژیانی گشتیدا و لەگەڵ یەکدا دروستیدەکەن.  لە تیورەی سیاسیدا ئازادیی تەنھا لەناو ئەم بوونە کۆیی و دەستەجەمعیەدا مانای ھەیە. مرۆڤی تەنھا، ئەگەر بکرێت شتێک بەناوی مرۆڤی تەنھاووە بوونی ھەبێت، ناتوانێت ئازادبێت، چونکە ئازادیی ھەمیشە پەیوەندیی بەوانیتر و بە پێکەوەبوونەوە ھەیە. بۆیە مەسەلەیەک بەناوی ئازادییەوە ھەرگیز لای مرۆڤێکی تەنھا دروستنابێت.  لە ڕاستیدا، ئەم گرێدانەی ئازادیی بە بوونی کۆییی و دەستەجەمعی مرۆڤەکان لەگەڵیەکدا، وادەکات پرساری ئازادیی لەوەبکەوێت پرسیارێکی فەلسەفیی بێت و بوارێکبێت فەلسەفە و فەیلەسوفان بتوانن کاری بەسەمەری تێدابکەن، بەڵکو دەگۆڕێت بۆ پرسیارێکی سیاسیی و ئەوەی سەرقاڵی وەڵامدانەوەی دەبێت تیورەی سیاسیی، یان ئەو بەشەیە لە فیکر کە سیاسەت وەک چالاکیی ھەرە بنەڕەتیی و سەرەکیی مرۆڤەکان بەیەکەوە دەبینێت.  ئەگەر فەلسەفە لە پەیوەندیدا بە چەمکی ئازادییەوە، قسە لەسەر تاکەکەس وەک تاکەکەس بکات، قسە لەو پەیوەندییانە بکات کە تاکەکەسێک بەناوەوەی خۆیەوە ھەیەتی، ئەوا سیاسەت، وەک بابەتی سەرەکیی تیورەی سیاسیی، قسە لەسەر مرۆڤەکان و کەسەکان لە فۆرمە پێکەوەیی و دەستەجەمعییەکانیاندا دەکات. ئازادیی تەنھا لەگەڵ کەسەکانی تر و لە پەیوەندیی و لە پێکەوەبوونیاندا بە یەکەوە، مانای ھەیە.  بەڵام کە باس لە سیاسەت دەکەم باس لە پیادەکردنی ئایدیا و بیرۆکەی ئەم یان ئەو نووسەر و فەیلەسوف و لێزان ناکەم، باسی ئەوجۆرە لە دید و بۆچوون ناکەم کە زۆرینەی خەڵک و کۆمەڵگا، بە گەمژە و نەزان و حەشامەت دەزانن.بەڵکو باس لە سیاسەت دەکەم وەک چالاکی دروستکردنی دونیایەکی ھاوبەش و ئازادیش وەک یەکێک لە تێما سەرەکییەکانی ناو ئەو جیھانە ھاوبەشە. ئەم ھاوبەش و پێکەوەبوونە وادەکات سیاسەت ھەرگیز لەسەر بنەمای یەک ھەقیقەت دروستنەبێت، کە گوایە لە بیر و بۆچوونی ئەم یان ئەو فەیلەسوف و ئەم یان ئەو زانا و سەرکردە و پێشەڕودا، ھەیە و ئامادەیە. ئەگەر ڕاستییەک ھەبێت سیاسەت کاری لەسەربکات و وەک ژێرخانێکی فیکریی و تیوریی ئامادەبێت، بریتییە لە دۆخی پڕ لە جیاوازیی و پلورالبوونی مرۆڤەکان. داننان بەم دۆخی پلورالبوونەی مرۆڤدا، ئەو تاقە ھەقیقەتەیە، کە وەک ژێرخانی سیاسەت و وەک یەکێک لە چالاکە ھەرەسەرەکییەکانی مرۆڤ، کاردەکات.  بە کورتیی، ”تیورەی سیاسی“  لەو خاڵەوە دەستپێدەکات کە دۆخی مرۆڤ، لە پەیوەندیدا بە چەمکی ئازادییەوە، دۆخی بوونی تاکەکەسێکی دابڕاو و بێپویەوەندیی و پچڕاو نییە، ئازادیی بابەتێک نییە پەیوەندیی بەم کەسە دابڕاو و پچڕاوەوە ھەبێت، بەڵکو ئەو بوونە پێکەوەیی و ھاوبەشە ئاڵۆزەیە کە مرۆڤەکان بە کۆ بەیەکتریەوە و گرێئەدات، و دۆخی مرۆڤ وەک. دۆخێکی پلورال و پڕ لە جیاوازیی، نیشانئەدات. سیاسەت لێرەدا چالاکی چۆنیەتی ڕێکخستنی ئەو جیاوازییانەیە بە یەکەوە و ئازادییش دەبێتە یەکێک لە چەمکە ھەرەسەرەکییەکانی چۆنیەتی ئەم ڕێکخستنە.  بەڵام ڕێکخستنی جیاوازییەکان ھەمیشە ڕێکخستنێکی مێژوویی کۆنکریت و بەرجەستەیە، واتە ھەمیشە لەناو ”شوێن“ و ”ڕووبەر“ێکی دیاریکراودا ڕوووئەدات. لە دونیای مۆدێرندا ئەو ڕووبەرەش کە لەناویدا ئازادیی ڕێکدەخرێت، دوو ڕووبەری سەرەکییە: یەکەمیان ئەو ڕووبەرەیە کە دەکەوێتە نێوان ”تاکەکەسەکان“ و ”دەوڵەت“ەوە کە تیایدا پەیوەندییەکی شاقوڵیی لەنێوانیاندا دروستدەبێت. دووھەمیان ئەو ڕووبەرەیە کە تیایدا تاکەکەسەکان دەچنە پەیوەندیی ڕۆژانە و ئاسۆییەوە لەگەڵ یەکتریدا. ئازادیی لە دەرەوەی ئەم دوو شوێنە و ئەم دوو فۆرمە لە جیاوازیدا، کە بەردەوام لەڕووی مێژووییەوە گۆڕانیان بەسەردادێت، مانایەکی نابێت.


شیكاری: درەو لەکابینەکانی ڕابردووی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوڵاتیان لەگەڵ قەیرانەکانی ئاو و کارەباو نەوت و غاز و بەنزین و پاشەکەوتی موچە... دەست و پەنجەیان ڕاهاتبوو، بەڵام لە کابینەی نۆیەم و کە ناویان نابوو "حکومەتێکی بەهێز"، قەیرانی لێبڕینی موچە و کۆکردنەوەی داهات و بەرتەسکردنەوەی ئازادییەکان و باج و سەرانەشی هاتە سەر. دوای ٩ مانگ و ١٠ رۆژ لە چاوەروانی و گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان، سەرەنجام کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی (مەسرور مەسعود بارزانی) کاندیدی ڕاسپێدراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم لە رۆژی ١٠/٧/٢٠١٩ لەلایەن پەرلەمانی کوردستان متمانەی پێبەخشرا. پێش پێکهێنانی کابینەکەو سەرەتای دروستبوونی حکومەتەکەی مەسرور بارزانی خوێندنەوەو تێڕوانینی جیاواز هەبوو سەبارەت بە داهاتووی کەبینەکە، تێڕوانینەکان دابەشی سەر دوو ئاراستەبوون ئەوانیش؛ ئاراستەیەکیان پێی وابوو کابینەی نۆیەم جیاوازی نابێت لەگەڵ کابینەکانی پێش خۆی و زیاتر لەوەش کابینەیەکی ئەمنی داخراوتر دەبێت، ئەم گریمانەیەشیان بۆ ئەو باکگراوندە ئەمنییە دەگێڕایەوە کە سەرۆکی ئێستای حکومەتی هەرێم هەیبوو. ئاراستەی دووەمیان، بە پێچەوانەی ئاراستەی یەکەم، چاوەڕوانی حکومەتێکی بەهێز و کاراو بوون و پێیان وابوو ئەزمونێکی نوێی حکومڕانی لە هەرێم کوردستان سەرهەڵدەدات، بەشێکی ئەمەشیان ئاسایی بوونەوەی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، نەمانی شەری داعش، نەمانی كیشه‌ی ئاوارەکان، بدێهنانی خواستی کورد لەبودجە هۆکار گەلێکە بەئاراستەی گەرانەوەی مافە سیاسی و ئابووری و ئیدارییەکان لەبەغدا پاساو دەدا. زیاتر لەوەش هەندێک پێیان وابوو (مەسعود بارزانی) یارمەتیدەرێکی گەورە دەبێت بۆ سەرکەوتنی کوڕەکەی لە کابینەی نۆیەمدا. ئێستا وا نزیک دەبینەوە لە تێپەڕبوونی دوو ساڵ و نیو بەسەر تەمەنی کابینەی نۆیەمدا، بەڵام قەیرانە جۆراو جۆرەکانی کابینەکانی ڕابردوو کە بە میرات مابوونەوە، بەردەوامیان هەیەو لە هەندێک وێستگەو سێکتەردا قوڵبوونەوەی زیاتریان بەخۆوە بینیوە، بارگرانی زیاتر بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دروستبووە، لێرەدا تیشک دەخەینە سەر دیارترین ئەو قەیرانانە. یەکەم: قەیرانی موچە یەکێک لە کاریگەرترین ئەو بابەتانەی ڕاستەخۆ پەیوەندی بە ژیان گوزەرانی هاوڵاتیانەوە هەیە دابینکردنی پژێوی و موچەی موچە خۆرانە، ئەم پرسە ئەگەر بۆ هەر کیان و دامەزراوەیەک جارێک ڕاست بێت، ئەوا بۆ هەرێمی کوردستان و هاوڵاتیەکانی دووجار ڕاستە، چونکە جگە لەوەی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی لاوازدایەو هاوڵاتیان و خێزانەکان ناتوانن وەک پێویست پشتی پێببەستن، لەگەڵ ئەوەشدا  ژمارەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە (1 ملیۆن و 250 هەزار) موچەخۆرە، ئەگەر دانیشتوانی هەرێمی کوردستان (6 ملیۆن) کەس بێت، ئەوا (20%) دانیشتوانی هەرێمی کوردستان موچە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەردەگرن. بە دیوێکی دیکەدا ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین بە تێکڕا هەر خێزانێک لە هەرێمی کوردستان لە (5) کەس پێک بێت ئەوا (1 ملیۆن و 200 هەزار) خێزان لە هەرێمی کوردستان هەیەو واتە بە نزیکەیی هەموو خێزانێک موچەیەکی بەردەکەوێت. ئەم گریمانەیەی سەرەوە گرنگی و بایەخی موچە دەردەخات بۆ هاوڵاتیان و بازاڕ لە هەرێمی کوردستان. بەڵام هێشتا بابەتی هاتن و دابەشکردن و دابەشنەکردنی موچە هاوشێوەی ئەزمونی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەواڵی گەرم و بە پەلەی ئامرازو کەناڵەکانی ڕاگەیاندنە. لە بانگەشەی هەڵبژانی (30/9/2018) لایەنە سیاسییەکان بانگەشەی گێڕانەوەی موچە پاشەکەوت کراوەکان و کردنەوەی ژمارەی حیسابی بۆ موچە خۆران دەکرا، لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم موچەخۆران لە چاوەڕوانی گڕانەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکانیان بوون، بەڵام ئەم کابینەیە بیدعەیەکی نوێی داهێناو ناوی نا، لێبڕین، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی (2020) ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد لە خەرج نەکردنی موچەی موچە خۆران (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) لە ئێستادا کە لە کۆتای مانگی کانونی دووەمی ساڵی (2022)ین، بەڵام ڕوون نییە ئەو بڕە پارەیەی کە حکومەتی ناوەندی وەک سلفە دەینێرێت بۆ حکومەتی هەێمی کوردستان بەردەوام دەبێت یاخود نا، چونکە ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن بەبێ ئەو (200 ملیار) دینارە حکومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێت لە کاتی خۆیدا موچەی موچەخۆران هاوشێوە چەند مانگی ڕابردوو دابەش بکات و ئەگەری ئەوەی هەیە جارێکی تر قەیرانی دابەشکردنی موچە سەرهەڵبدات، ئەگەر ئەو بڕە پارەیەی لە بەغداوە دێت بەردەوام نەبێت.   دووەم: کێشەی کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆ بەشێوەیەکی گشتی سەرچاوەکانی داهات لە هەرێمی کوردستان بریتین لە (داهاتی ناخۆ، داهاتی فرۆشتنی نەوت، بودجەی عێراق و هاوکاری هاوپەیمانان). بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە داهاتی ناوخۆوە هەیە، یەکێکی دیکە لە گرفتەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بێ دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەردەخات بەرامبەر بە حیزبە سیاسییەکان (پارتی و یەکێتی) لە مەسەلەی گەڕانەوەی داهاتی ناوخۆ بۆ وەزارەتی دارایی بەپێی بەڵگەکان، لە مانگی یەكی (2021) كۆی داهاتی ناوخۆ (374 ملیار) دینار بووە، بەڵام لە مانگی حەوتی ساڵی (2021)ەوە لەگەڵ ناردنی (200 ملیار)ەکەی بەغدا،  بەبێ هیچ هۆکارێکی ڕوون داهاتی ناوخۆ كەمیكردووە بۆ(164 ملیار) دینار واتا مانگانە (210 ملیار) دینار كەمیكردووە، کە ئەم بڕە پارەیە هاوتایە بەو بڕەی حکومەتی ناوەند وەک سلفە بۆ حکومەتی هەرێم خەرجی دەکات. لەم بارەیەوە (عەلی حەمەساڵح - سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان) لە سەرەتای مانگی (12)ی ساڵی پار ڕایگەیاند؛ "داهاتی ناوخۆ مانگی شوبات (374 ملیار) دینار بووە بۆ تەمویلی مووچە، مانگی یانزە بووەتە (164 ملیار) دینار، داهاتی سلێمانی لە (161 ملیار) دیناری مانگی یانزە (70 ملیار و 520 ملیۆن) دیناری بۆ تەمویلی مووچە بووە، داهاتی هەولێر لە (186 ملیار) دینارەوە، (93 ملیار 430 ملیۆن)ی بۆ تەمویلی مووچە بووە، واتە نزیکەی (93 ملیار) دینار کەمیکردووە، ئەمەش کەمیکردووە خۆ بۆ پرۆژە نییە، ئەوە پرۆژەکانی سلێمانییە هەموویان وەستاون". هەر لەم بارەیەوە (عومه‌ر گوڵپی - ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌په‌رله‌مانی كوردستان) له ‌پەیجی خۆی نوسیویه‌تی: "بۆ بەرچاوڕونی هاوڵاتیان ئەم ڕاستیانە دەخەمه‌ڕوو، داهاتی‌ حکومەت لەمانگی‌ (12) ی ساڵی ڕابردوودا بەپێی زانیارییەکانی حکومەت خۆی بەمجۆرەیە، لە(نەوت)ەوە: بڕی‌ (512) ملیار دینارو لە(گومرگ)یش (150 ملیار) دینار بوه‌، لە(باج) (50 ملیار) دینارو لە(ڕسومات)یش (١٠٠ ملیار)و لە(هاوکاری‌ هاوپەیمانان) (26 ملیار) بوه‌، کۆی‌ گشتی‌ داهاتی مانگی‌ دوانزەی ساڵی 2021 بەبێ بەغداو بەپێی‌ ژمارەکانی‌ حکومەت خۆی‌ بریتیە لە(832 ملیار) دنیار کە لەکاتی‌ تردا سەلماندومانە ئەمەش هەموو داهاتی ڕاستەقینە نییە". زیاتر لەوەش دەڵێت "پێیوایە، حکومەت دەتوانێت بەداهاتەکانی (نەوت‌ و ناوخۆ) موچەی سەرجەم وەزارەت‌ و چین‌ و توێژەکان دابەشبکات‌ و چاوەڕێی‌ (200) ملیاری‌ بەغدا نەکات و نوسیویەتی: ئەگەر هەموو ئەو پارانە بگەڕێنەوە خەزێنەی گشتی‌ و وەزارەتی دارایی". سێیەم: زیادکردنی باج و ڕسومات لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بابەتی زیادکرنی باج و ڕسومات یەکێکی دیکە لەو پرسانەی هاوڵاتیان هەرێمی کوردستان نیگەران کردووە، حکومەتی هەرێم بەمەبەستی ڕێکخستن و زیادکردنی داهات (6) لیژنەی پێکهێناوە، ئەوانیش؛ 1.    لیژنەی ڕێکخستنی گومرگەکان. 2.    لیژنەی پێداچوونەوەی گرێبەستی گومرگەکان. 3.    لیژنەی لێبوردنی گومرگی. 4.    لیژنەی پێداچوونەوە بە سیستمی باج. 5.    لیژنەی پێداچوونەوە بە سیستمی رسومات. 6.    لیژنەی پێداچوونەوە بە دۆسیەی نەوت بەپێی ڕاپۆرتێکی (ڕێکخراوی ستۆپ) دەربارەی (چاودێری هەڵسەنگاندن: هەنگاوەکانی چاکسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان)، حکومەتی هەرێمی کوردستان زیادکردنی باج و ڕسومات وەک ستراتیج وەرگرتووە، بۆ زیادکردنی داهات. لە هەنگاوەکان بەردەوام ئاماژە بەوە دەکرێت کە باج و رسوماتەکان بۆ سەر فرۆشتنی کۆمپانیا و دامەزراوە بازرگانی و شوێنی خزمەتگوزاری دەبێت، پێویستە ئەو هەنگاوانە نەبێتە بارگرانی بەسەر هاوڵاتیان. بە بەگوێرەی بە دواداچونەکان ئەو باج و رسوماتانەی حکومەت زیادی کردووە ڕاستەوخۆ بارگرانی بۆ سەر هاوڵاتیان دروستکردووە، لە نمونەی ئەم باجەی خراوەتە سەر شوێنە گەشتیارییەکان لە هۆتێل و مۆتێل و چێشخانەو کافتریا و... ئەو پارەیەی بە شێوەی جیا جیا لە خاڵە سنورییەکان لەلایەن کۆمپانیاکانەوە وەردەگیرێت، وەک چۆن پێشتر وەرگرتنی باج لە کۆمپانیاکانی گەیاندن ڕاستەوخۆ بووە هۆی گرانکردنی یەکەکانی موبایل و ئەنتەرنێت، بەهان شێوە ئەو کەل و پەلانەی باج و ڕسومات لەسەریان زیادی کردووە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان باجەکەی دەدەن، ئەمە سەرەڕای کۆکردنەوی پارەی خاشاک و ئاوو کارەباو ... ڕاستەوخۆ لەسەر هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانە. چوارەم: قەیرانی سوتەمەنی لە ئێستادا کە لە وەرزی سەرماو سۆڵەی زستانداین قەیران و گرانی (نەوت و غاز و بەنزین) دیارترین قەیرانە دووبارەوەبووەکانی ساڵانی ڕابردوو و کابینەکانی پێشتر سەریان هەڵداوەتەوە، بە درێژایی ئەم کابینەیەی ئێستای حکومەتی هەرێمی کوردستان کە زیاتر لە (2) ساڵە نەتوانراوە بەشە نەوتی ساڵانەی سەرجەم هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بۆ یەکجار دابین بکرێت و دابەشبکرێت، ئەم لە کاتێکدایە لە مانگی ئابی ساڵی (2021) (کەمال ئەتروشی - وەزیری سامانە سروشتییەکان) لە چاوپێککەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاند: "ئەمساڵ پێداویستییە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی لەلایەن بەغداوە دابیندەکرێت، مانگی 10 نەوت بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشدەکرێت، بۆ ئەم زستانە نەوت سپی بەسەر هەموو ماڵێکدا دابەشدەکرێت".  بەڵام ئێستا لە کۆتایی مانگی (1ی 2022)داین هێشتا نیوەی خێزانەکانی هەرێمی کوردستان بەشە نەوتی ساڵی پاریان وەرنەگرتووە، سەرەڕای ئەوەی پرۆسەی دابەشکردنی نەوت سستی بەردەوامە نرخی بەرمیلێک نەوت لە (55 هەزار) دینارەوە بەرزکراوەتەوە بۆ (90 هەزار) دینار. کەمی غازی شلی ماڵان یەکێکی دیکەیە لەو قەیرانانەی بۆ زیاتر لە مانگێک دەچێت بەرۆکی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی ڕابردوودا بە هەر بتڵێک غازی ماڵان بڕی (1000 دینار) یان زیادکرد و لە (7 هەزار و 500) دینارەوە بەرزیانکردەوە بۆ (8 هەزار و 500) دینار، بەڵام کێشەکە هەر چارەسەر نەبوو، ئەمە لە کاتێکدایە، كۆمپانیای دانە غاز بەرزكردنەوەی بەرهەمهێنانی غازی لە هەرێمی كوردستان بۆ ‏ئاستێكی پێوانەیی ڕاگەیاند، لە ڕاگەیەندراوێكدا كۆمپانیاكە، كە لە هەرێمی كوردستان كاری بەرهەمهێنانی غازی ‏سروشتی دەكات، ڕایگەیاندووە، لە كێڵگەی كۆرمۆری چەمچەماڵ ئاستی بەرهەمهێنانی ‏غازیان بەرزكردووەتەوە و گەیشتووەتە (452 ملیۆن) پێ چوارگۆشەی ڕۆژانە.، بەراورد بە ساڵی 2018، ئاستی بەرهەمهێنانەكە (50%) زیادیكردووە. گرانی نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان سەرەڕای ناردنی زیاتر لە (1 ملیۆن) لیتر بەنزین لە عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان، فرۆشتنی بە (690 دینار) لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام بە کۆمەڵک هۆکار نەتوانراوە نرخی بەنزینی بارزگانی کۆنترۆڵ بکرێت، ئەوانیش؛ هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین  1.    کەمی بەرهەمهێنانی بەنزین لە پاڵاوگەکانی ناوخۆ بەهۆی کەمی پێدانی نەوتی خاو لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە. 2.    حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ پاڵپشتیەک پێشکەشی پاڵاوگەکانی نەوت ناکات، لە پێناو کۆنترۆڵکردنی نرخی بەنزین. 3.    بەپێی قسەی بازرگانان و هاوردەکارانی بەنزین حکومەتی هەرێمی کوردستان باجی زۆری خستووەتە سەر هاوردەکردنی بەنزین. 4.    حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەوەی خۆی هیچ پاڵپشتییەکی کەرتەکە ناکات، ناتوانێت نرخەکەشی دیاری بکات. 5.    بە ڕێژەی %100 بازرگانی بەنزین بەدەست کەرتی تایبەتەوەیە. 6.    قۆرخکاری بەرهەمهێنان و هاوردەکردنی بەنزین بۆ چەند کۆمپانیایەکی حیزبی دیاریکراو. 7.    نەبونی خەزانی گەورەی بەنزین بۆ پاڵپشتی کردنی کەرتەکە لە حاڵەتی دروستبوونی قەیراندا.    8.    زیادبوونی خواستی بەنزین لە نێوخۆی ئێران و کەمبوونەوەی هاوردەکردنی بەنزین لەو وڵاتە. پێنجەم: نەبوونی کارەبای پێویست کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کونترۆڵکردن و زیادکردنی بڕی کاتژێرەکانی کارەبای نیشتمانی بە هاوڵاتیان پەنایان بردە بەر سیستمی "پێوەری زیرەک"، بەپێی زانیارییەکان تا کۆتایی ساڵی (2021) (1 ملیۆن 124 هەزار) پێوەری زیرەک بۆ هاوبەشانی کارەبای نیشتمانی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دانراوە، بەپێی ئەم پێوەرە هەر بەشداربوویەک دەتوانێت بڕی (40) ئەمپێر کارەبا بەکاربهێنێت. بەڵام تا ئێستا سیستمەکە سەرکەوتوو نەبووەو نەیتوانیەوە وەک پێویست بڕی کاتژمێرەکانی کارەبا زیاد بکات، ئەوە سەرەڕای نادادپەروەری لە پێدانی کارەبای نیشتمانی لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و بەپێی زانیارییەکانی (عەلی حەمەساڵح - سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان) ڕایگەیاند، "تێکڕای کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک جیاوازە". ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیکردووەتەوە، لەم مانگەدا تاوەکو 23ی مانگ، تێکڕا پێدانی کارەبای ڕۆژانە بەمشێوەیە بووە:   -    هەولێر؛ 11:17 کاتژمێر    -    دهۆک؛ 10 کاتژمێر    -    سلێمانی؛ 8 کاتژمێر    سەربارەی ئەوە لە ‌(27 ی كانونی دووه‌می 2022) بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی لە ڕوونكردنەوەیەكدا بڵاویكردەوە، لە ئێستا پێوەری زیرەكی كارەبا بە (6200) كیلۆوات دیاریكراوە، كە دەكاتە (30) ئەمپێر و دەكوژێتەوە، واتە بەو دۆخەشەوە ناتوانرێت (40) ئەمپێر کارەبا بدرێت بە هاوڵاتیان.  


(درەو): بافڵ تاڵەبانی گەیشتەوە سلێمانی، بە هەندێك لە بەرپرسانی حزبەكەی وتووە"دەنگی زۆربەی لایەنە شیعەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی‌و بەشێك لە پەرلەمانتارە سەربەخۆكان‌و لایەنە كوردییەكانمان مسۆگەر كردووە، پارتی تەنیا كەوتووە". دوای چەند رۆژێك كۆبونەوە لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان لە بەغداد، دوێنێ رابردوو بافڵ تاڵەبانی گەیشتەوە سلێمانی، بڕیار بوو ئەمڕۆ كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بكرێت‌و بەرهەم ساڵح لە كۆبونەوەكەدا بەشدار بێت، بەڵام شەوی رابردوو بە نامە ئەندامانی سەركردایەتی ئاگاداركرانەوە لەبارەی ئەوەی كۆبونەوەكە دواخراوە. سەرچاوەیەكی باڵای یەكێتی بە (درەو)ی راگەیاند، بافڵ تاڵەبانی دوای سەردانەكەی پێی راگەیاندوین" دەنگی زۆربەی لایەنە شیعەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەدەستهێناوە، بەتایبەت دەنگی دەوڵەتی یاساو هاوپەیمانی فەتح‌و نەسرو بەشێك لەلایەنەكانی حەشدی شەعبی، لەگەڵ بەدەستهێنانی دەنگی بەشێك لە پەرلەمانتارە سەربەخۆكان".  سەبارەت بە دەنگی لایەنە كوردییەكان، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، بافڵ تاڵەبانی وتویەتی" توانیومانە دەنگی فراكسیۆنە كوردیەكان بەدەست بهێنین، ئێستا ئێمە (33) دەنگین‌و پارتی بە تەنیایەو (31) ئەندامە". هەفتەی رابردوو لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا، بافڵ تاڵەبانی باسی لەوەكرد، پشتیوانی (یەكگرتوو، نەوەی نوێ، كۆمەڵ)یان بۆ دەنگدان بە بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك مسۆگەركردووە.  ململانێی پارتی‌و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار توندبوەتەوە، هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێرێت، یەكێتی (بەرهەم ساڵح)ی كاندید كردووە، پارتیش (هۆشیار زێباری).  پارتی رێككەوتنی لەگەڵ سەدرو حەلبوسیدا هەیە‌و پێی وایە ئەگەر ئەم رێككەوتنە تێكنەچێت، بە ئاسانی پۆستی سەرۆك كۆمار لە یەكێتی وەردەگرێتەوە، یەكێتیش چاوی لە دەنگی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی‌و لایەنە كوردییەكانە.   


درەو: (درەو) خوێنەرانی ئاگادار دەكاتەوە، سەركەوتوو بوو لە بەدەستهێنانی پاڵپشتی دارایی (سندوقی نیشتمانی ئەمریكا بۆ دیموكراستی)‌و ئەم پاڵپشتییە داراییە بەكاردەهێنێت بۆ گەشەپێدانی ماڵپەڕەكەی بە هەرسێ زمانی (كوردی، عەرەبی، ئینگلیزی)و راپۆرت و كارە رۆژنامەوانییەكانی. سندوقی نیشتمانی ئەمریكا بۆ دیموكراسی كە بە (NED) ناسراوە‌و بارەگا سەرەكییەكەی لە واشنتۆنە، بۆ ماوەی دووساڵ‌و لە مانگی (1/2/2024) بۆ (31/1/2026).. بڕی (60 هەزار) دۆلاری بۆ پشتیوانی (درەو) تەرخان كردووە. (درەو) خۆشحاڵە، لەرێگەی وەرگرتنی ئەم پاڵپشتییەی (NED)ەوە، بۆ دامەزراوەكانی درەوەو ناوەوەی كوردستانی سەلماندووە، میدیایەكی (ئازاد، سەربەخۆ، بێلایەنە)و لەم تاقیكردنەوەیەشدا لەلای رێكخراوێكی نێودەوڵەتی وەكو (سندوقی نیشتمانی ئەمریكا)وە بەسەركەوتوویی هاتوەتە دەرەوە. پاڵپشتی دارایی (سندوقی نیشتمانی ئەمریكا بۆ دیموكراتی) بەشێوەیەكی شەفاف بەڕێوەدەچێت‌و وەكو هەموو ئەو دامەزراوانەی تری عێراق‌و هەرێمی كوردستان كە پاڵپشتییەكەیان وەرگرتووە، (درەو) دەخاتە ژێر چاودێری شەفافیەتەوە لەسەر ئاستی كۆنگرێسی ئەمریكا، ئەمەش (درەو) زیاتر بەرەو دامەزراوەیبوون دەبات. (درەو) بەهەوڵی چەند رۆژنامەنوسێك دامەزراوە‌و بەڵێنی ئەوەی بەخوێنەرانی داوە بەشێوەیەكی بێلایەنانە كاربكات، لەم پێناوەشدا لەماوەی رابردوودا دوچاری قەیرانی دارایی زۆر بوەتەوە، بەهۆی ئەم قەیرانە داراییەوە، لەسەرەتای دامەزراندیدا، ماڵپەڕەكە هیچ ئۆفیسێكی نەبووە‌و رۆژنامەنوسەكانی بەشێوەی ئۆنلاین لەماڵەكانی خۆیانەوە كاریان كردووە، سەرباری ئەمە نەیتوانیوە وەكو پێویست گەشە بە كارە رۆژنامەوانییەكانی بدات. ئێستا‌و دوای وەرگرتنی پشتیوانی دارایی (سندوقی نیشتمانی ئەمریكا بۆ دیموكراسی)، (درەو) كاركردنی خۆی دەباتە قۆناغێكی نوێ‌و سود لە پشتیوانییە دارایی و مەعنەویەكەی (NED) وەردەگرێت بۆ گەشەپێدانی ماڵپەڕەكە‌و بڵاوكردنەوەی هەواڵ‌و راپۆرتە بنكۆڵكارییەكانی بە هەردوو زمانی (عەرەبی‌و ئینگلیزی). لەچوارچێوەی ئەم پاڵپشتییە داراییە، (درەو)، بەشێكی كارەكانی خۆی تەرخان دەكات بۆ ئامادەكردنی راپۆرتی بنكۆڵكاری لەبارەی چاودێریكردنی كەرتی نەوت لە هەرێمی كوردستان، بە ئاڕاستەی شەفافیەتی زیاتر لەم كەرتەدا. (سندوقی نیشتمانی ئەمریكا بۆ دیموكراسی) دامەزراوەیەكی تایبەتی قازانج نەویستە، پاڵپشتی گەشەكردن‌و بەهێزبوونی دامەزراوە دیموكراتییەكان دەكات لەسەرتاسەری جیهان، ئەم سندوقە ساڵی 1983 دامەزراوە‌و ئێستا لە عێراق‌و هەرێمی كوردستان چەندین دامەزراوە سودمەندن لە پشتیوانییە داراییەكانی ئەم سندوقە.


درەو: خالد سلێمان - گۆڤاری ئاییندە ناسی   بەرایی خەڵکی کوردستان لە ناکاوێکدا بۆیان دەرکەوت ڕووبەڕووی ئالەنگارییەکی گەورەی ئاو بوونەتەوە، لە کاتێکدا ئاماژەکانی بێئاوی زیاتر لە دەیەیەکە دەرکەوتوون و لە هەندێ ناوەندی میدیادا باس کراون. دەزگاکانی حکومەت، ناوەندەکانی زانکۆ و توێژینەوە، کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیا، هەروەها کۆمەڵگەی کوردستان بەگشتی، بەبێ پێشینە و بەبێ ئاماری پێویست دەربارەی گۆڕانکارییەکانی کەش و دەرەنجامەکانی، لەبەردەم واقیعێکی ژینگەیی بێوێنەدا خۆیان بینییەوە. بێئاوییەکی دەگمەن، بەرزبوونەوەیەکی لەڕادەبەدەری پلەکانی گەرما، زەقبوونەوەی سیاسەتاکانی ئێران و تورکیا لە تینووکردندا، نەبوونی پلانێکی دوورمەودا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر دۆخێکی لەم شێوەیە، خەسڵەتی دیمەنی ئێستای هەرێمی کوردستانن. ئەم باسە هەوڵ دەدات لەسەر فاکتەرەکانی پشت وشکەساڵی، کەمبوونەوەی دابارین و دەرەنجامەکانی بوەستێت و لێیان تێبگات، هەروەها سیناریۆ و چارەسەر و پێشنیارەکان بۆ زامنکردنی داهاتووی کوردستان. کوردستان و حەوزە گەرمەکە کەشی([1]) هەرێمی کوردستان بە پێچەوانەی ناوچەکانی تری باشوور و ڕۆژئاوای عێراق، لەژێر کاریگەریی کەشی حەوزی دەریاری سپیی ناوەڕاستدایە کە لە زستاندا سارد و باراناوییە و پلەی گەرما لەنێوان (2-13)دایە، لە هاوینیشدا وشک و گەرمە و پلەی گەرما لەنێوان (35-40)دایە. تێکڕای پلەی گەرما لە بەهاردا لەنێوان (13-32) پلە و لە پاییزیشدا لەنێوان (24-29) پلەی سیلیزیدایە. ئەم دۆخەی کەشوهەوای کوردستان، بەبێ وەرگرتنی گۆڕانکاری و ناجێگیریی ڕێژەکانی دابارین لە وەرزێکەوە بۆ وەرزێکی تر وەک پێوەرێکی جێگیر، مەزەندە دەکرێت لە سێ دەیەی داهاتوودا گۆڕانکاریی ڕادیکاڵ بەخۆیەوە ببینێت و پلەکانی گەرما بەو شێوەیە نەمێنن. ئەویش بەگوێرەی چەند مۆدێلێکی لاساییکردنەوە لە زانستی کەش و بەرگەهەوادا لەسەر گۆڕانەکان، هەروەها لە ڕێگەی وێنەی سەتەلایتەوە لەسەر حەوزی دەریای سپیی ناوەڕاست. ئاژانسی نیشتمانیی بۆشایی و ئاسمانیی ئەمەریکا (ناسا)، لە ڕاپۆرتێکدا کە لە مارسی 2016 بڵاوی کردەوە، باسی لە تەوژمێکی توندڕەویی وشکانی کرد کە لەنێوان ساڵانی (1998-2012) ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتەوە. بەگوێرەی “ناسا”، لە ماوەی 900 ساڵی ڕابردوودا ناوچەکە تەوژمی لەو شێوەیەی بەخۆوە نەبینیوە کە دەبێتە هۆکاری وەرچەرخانێکی قووڵ لە پاشەکشێی ئاوی سازگاردا و هەڵکشانی دیاردەی وشکانی([2]) لە هەرێمەکەدا. جگە لە چاودێری و ڕاپۆرتەکانی ناسا لە کۆتایی سەدەی ڕابردووەوە تا ئەمڕۆ، سەنتەرەکانی تایبەت بە کەشی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ژمارەیەکی زۆر لێکۆڵینەوەیان بڵاو کردووەتەوە، نزیکترینیان لێکۆڵینەوەیەکی ئەنستیتوتی ماساچوستز بۆ تەکنەلۆژیا (MIT) بوو، کە ڕێکەوتی ئەنجامدان و ڕاگەیاندنی دەرەنجامەکانی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2020. لێکۆڵینەوەکەی “MIT”  جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە حەوزی دەریای سپیی ناوەڕاست بە شێوەیەکی خێرا و فراوان بەر گۆڕانکارییەکانی کەش کەوتووە و بووەتە گومەزێکی ڕاگرتنی گەرمەهەوا، واتە تەوژمی گەرما لەبریی دۆزینەوەی ڕاڕەوێک بۆ دەرچوون؛ وەک میلی کاتژمێر دەخولێتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ ئەو خاڵەی لێوەی دەست پێ دەکات. لەبەر ئەم هۆکارەش، وەک توێژینەوەکەی ماساچوستز بۆ تەکنەلۆژیا بۆی دەچێت، مەزەندە دەکرێت هەردوو بەری حەوزەکە لە سێ دەیەی داهاتوودا، 40% یان 60% ڕێژەی دابارین لەدەست بدات([3]). بەپێی ئەو مێتۆدەی توێژینەوەکەی لەسەر نووسراوە، ئەوەی کە ڕوو دەدات قەتیسبوونی تەوژمێکی گەرمە لە ئاسمانی ئەم هەرێمەدا بە بەرزیی 10 كیلۆمەتر. گەرمەهەواکە لەبریی دۆزینەوەی ڕاڕەوێک بۆ دەرچوون، وەک میلی کاتژمێر دەسووڕێتەوە. هۆکاری ئەمەش بەپێی پشکنین و ئانالیزەی پڕۆفیسۆر “الفاتح التاهیر([4])” لە “MIT” کە لە هەمان کاتدا نووسەری هاوبەشی لێکۆڵینەوەی ئاماژەپێکراوە، دەگەڕێتەوە بۆ دەرەنجامی گۆڕانکارییە گڵۆباڵەکانی کەش کە ناوچەکەیان تووشی گۆڕانێکی دەگمەن کردووەتەوە: یەکەم: فاکتەری یەکەم گۆڕانە لە ناوچەیەکدا لە بۆشایی ئاسمان پێی دەوترێت “Tropopause”، بە بەرزیی 10 كیلۆمەتر لە زەوییەوە. ئەمەش ئەو ناوچەیەیە کە گۆڕانی کەشی تیا ڕوو دەدات، هەروەها خولانەوەی با. سروشتی گۆڕانەکەش پاڵەپەستۆیەکی بەرزی با بەسەر هەرێمی دەریای سپیی ناوەڕاستدا دەسەپێنێت. فاکتەری دووەم ئەوەیە کە دەریای سپی گۆماوێکی گەورەی ئاوە بە زەوی چواردەوری گیراوە و ڕاڕەوێکی بچووکی هەیە، لەگەڵ گۆڕانی کەشدا، لە زستاندا خاکەکەی دەوروبەری لە ئاوی دەریاکە گەرمتر دەبێت، لە دۆخی سروشتیدا ئاوەکە لە خاکەکە گەرمترە، ئەمەش وا دەکات کە پلەی گەرمای گۆماوەکە لە چواردەوری ساردتر بێت و لە دەرەنجامدا پاڵەپەستۆیەکی بەرز بەسەر دەریاکەوە دروست بکات. ئەو فاکتەرانەش وایان کردووە ئەم حەوزە ببێتە خاڵێکی گەرم لەسەر نەخشەی کەشی جیهان، گڵۆباڵن و دەرەنجامێکی ڕاستەوخۆی دەردانی گازەکانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن و میتانن لەلایەن دەوڵە پیشەسازییە پەرەسەندووەکانەوە. بەپێی هەندێ ناوەندی ئەکادیمی، ئەگەر جیهان لە ساڵی (2010)ەوە هەنگاوی بنایە بۆ کەمکردنەوەی گازە گەرمکەرەوەکان بە ڕێژەی 3.3% لە هەر ساڵێکدا، دەتوانرا لە کۆتایی سەدەی بیست و یەکدا پلەی گەرما لە سنووری (1.5)دا بهێڵرێتەوە، بەڵام ئێستا باس لەوە دەکرێت کە پلەی گەرمای هەسارەی زەوی لە کۆتایی سەدەدا بگاتە 2.7 پلەی سیلیزی([5]). بۆ ئەوەی ئەمە ڕوو نەدات و قەرەبووی ئەو ساڵانە بکرێتەوە کە لەدەست چوون، ڕزگارکردنی زەوی بەگشتی و هەرێمە بەرکەوتووەکان بەدیاریکراوی، پێویستیان بە کەمکردنەوەیەکی زۆرە لە دەردانی گازە گەرمکەرەوەکان. پڕۆفێسۆری جوگرافیا فرێدریک دووران لە زانکۆی تولوز لە فەڕەنسا، پێی وایە کە ئێستا باری جیهان لەژێر گازەکاندا کە هۆکاری گۆڕانکارین لە کەشدا، گرانتر بووە، بۆیە دەبێت لە ئێستاوە دەست بکرێت بە کەمکردنەوەیان([6]) بە ڕێژەی 7% لە هەر ساڵێکدا. بە پێچەوانەی هەر کەمکردنێکی لەم شێوەیە و گەیشتنی گەرما بە سەرووی 2 پلەی سیلیزی، وەک ڕۆژنامەی “لۆمۆند دیپلۆماتیک”ی فەڕەنسی پێشبینیی دەکات، لە هەر پەنجا ساڵێکدا زەوی ڕووبەڕووی نزیکەی چواردە تەوژمی گەرمای خنکێنەر دەبێتەوە، واتە لە هەر 10 ساڵێکدا ڕووبەڕووی نزیکەی سێ وەرزی گەماری چڕ و خنکێنەر دەبینەوە، ئەوەش بە بەراورد بە دۆخی پلەی گەرمای ئێستای زەوی کە (1.1) سیلیزییە و هەر پەنجا ساڵێک نزیکەی پێنج جار زەوی ڕووبەڕووی تەوژمی گەرمای خنکێنەر دەبێتەوە، لە کاتێکدا زەوی لە ساڵی 1900دا هەر پەنجا ساڵێک یەک جار ڕوبەڕووی تەوژمی گەرمیی خنکێنەر بووەتەوە (گرافیکی ژمارە 1). گرافیکی ژمارە (1) کوردستان لەسەر نەخشەی گۆڕانکارییەکانی کەش بەگوێرەی ئەو بەرایەی سەرەوە لەسەر نەخشەی کەشی باشووری حەوزی دەریای سپیی ناوەڕاست کە وەک خاڵی گەرمی گۆڕانکارییە گڵۆباڵەکانی کەش ئەژمار دەکرێت، دەبێ پێشبینی و ئاکاری گۆڕانەکان لە کوردستاندا لەسەر ڕۆشنایی هەمان نەخشە بخوێنرێنەوە. لەوانەیە لە خاڵێکیشدا مەزەندەی زیاتری کاریگەرییەکان لەسەر دابارین بکرێت، چونکە بەپێی لێکۆڵینەوەکەی “MIT”، ئەو بایەی لە بەرزاییەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاستەوە هەڵدەکات، پێش پەڕینەوە بەسەر چیا و ناوچە بەرزەکاندا، بارگاوییە بە هەور و هەڵم و دابارین دروست دەبێت. بەڵام دوای پەڕینەوەی بەرەو نزماییەکان، ڕێژەیەکی کەم هەڵم لە تەوژمەکاندا دەمێنێت، ئەمە جگە لەوەی کە بای بیابانی گەورە کە لە ڕۆژئاوای حەوزی سپیی ناوەڕاستەوە هەڵدەکات، وشک و گەرمە و کاریگەریی زیاتری لەسەر ئاستی داچۆڕین دەبێت، ئیتر لێرەوە بەشێکی ناوچەکە دەبێتە “Rain Shadow”، واتە سێبەرەباران. کاریگەرییەکانی ئەم گۆڕانکارییە لەسەر کەشوهەوای حەوزی سپی، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە کوردستاندا هەستی پێ دەکرێت، فاکتەری ئەمەش وەک لە سەرەتادا ئاماژەی پێ کرا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هەرێم بە پێچەوانەی ناوچەکانی تری عێراق کە لەژێر کاریگەریی کەشی مەداری یان نیمچەمەداریدان، بەستراوە بە کەشی حەوزی ناوەڕاستەوە. ئەگەر تا سەردەمانێک لەژێر ئەم کارگەرییەدا زستانی کوردستان بە دابارین و بەفرەوە دەناسرا، ئێستا کەشی میدیتێرانێ (ناوەڕاست) گۆڕانێکی زۆری بەسەردا هاتووە، ئەمەش وا دەکات چیتر دابارین و بەفری زستان ئەو بڕە ئاوە لە کوردستاندا دابین نەکەن لە ڕابردوودا هەبوو. هۆکاری ئەمەش بەتەنها ناگەڕێتەوە بۆ کەمبوونەوەی دابارین، بەڵکوو بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ دابارینی پچڕپچڕ و ناجێگیر، یان تارماییەباران وەک ئەوەی لە نزماییەکانی کوردستاندا ڕوو دەدات. بە تەماشاکردنێکی ئەم تابلۆیەی خوارەوە، ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە نزماییەکانی باشووری سلێمانی لە دیوی گەرمیانی زنجیرەچیاکانی قەرەداغەوە، بە بەراورد لەگەڵ بەرزاییەکاندا، کەمترین دابارینیان بەر کەوتووە. هەڵبەتە بە بەراورد لەنێوان هەردوو وەرزی دابارینی (2020-2021)دا، وەک لە تابلۆی خوارەوەدا دەردەکەوێت (ڕەنگی سوور)، نزمترین ئاستی دابارین؛ ساڵی دووەم واتە 2021 بووە. لێرەدا حەوزی دەربەندیخان وەک لە تابلۆکەدا دەستنیشان کراوە، تەنها دەریاچەکە ناگرێتەوە، بەڵکوو هەموو ئەو ئاوڕێژانە دەگرێتەوە کە ئاو دەگەیەننە دەریاچەکە.   گرافیكی ژمارە 2 ([7]) ساڵی 2008 کە وەرزێکی وشکی بەخۆوە بینی و ڕێژەی دابارین کەمتر بووە لەوەی ساڵی 2021، بەڵام لەبەر ئەوەی عەمارەکانی ئاو وەرزی پێشووتری وشکی هاوشێوەیان بەخۆوە نەبینیبوو، کاریگەرییەکەی لەسەر ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵ و سروشتی کوردستان کەمتر بوو. لێرەدا یەکێک لە دەریاچەکانی کوردستان وەک نموونە وەردەگرین کە ئەویش دەریاچەی دەربەندیخان و دەوروبەریەتی. بەگوێرەی بەڕێوەبەری بەنداوەکە، ڕەحمان خانی، ڕێژەی دابارین لە ساڵی 2008دا تەنها 224.8 میلیمەتر بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی ڕێژەی دابارین لە 2021دا زیاتر بووە، کەمترین داهاتی ئاو هەبووە. ئەم بەراوردە بە پلەی یەکەم ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە جیاوازییەکان لە داباریندا پەیوەستن بە گۆڕانی کەشەوە نەک ئاوهەوا، کە لە ماوەی زیاتر لە دەیەیەکدا چۆن دەرەنجامەکانی بەڕوونی دەردەکەون، واتە لەگەڵ ئەوەی لە وەرزی وادا هەبووە کە ڕێژەی دابارین بە بەراورد لە وەرزی ئاسایی زیاتر بووە (وەزری 2018-2019 به نموونە)، بەڵام ئامارەکانی ئاو دابەزینیان بەخۆوە بینیوە. ئەگەر ئەم چوار ساڵەی دوایی لە ڕووی دابارینەوە وەک نموونە لە کوردستاندا وەربگرین، تەماشا دەکەین ڕێژەی دابارین لە ساڵی 2019دا دوو ئەوەندە و نیوی ڕێژەی ئاسایی ساڵانە بووە، چوار جاریش زیاتر بووە لە ڕێژەی دابارین لە ساڵی 2021دا، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی بەرزبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو. خاڵێکی تر کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان هەیە، ئەوەیە کە سێ ڕووباری سەرەکی و چڵوپۆکانیان (سیروان، زێی بچووک و زێی گەورە) لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوەن. ئەم پێگە جوگرافییەی ئاویش وای کردووە کە هەرێمەکە لە پێگەیەکی لاوازدا بێت، بەتایبەتی لە سایەی سیاسەتەکانی ئێران و تورکیادا و دان نەنان بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان لە دابەشکردنی ئاودا و ڕەتکردنەوەی پێناسەی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبارە هاوبەشەکان کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە و لە ساڵی 1997 دانراوە([8]). ئەوانەش لەم سێ خاڵەدا کۆ دەبنەوە: یەکەم: قەدەغەکردنی کاریگەریی ئاوە سنووربڕەکان و کۆنترۆڵکردنیان بە شێوەیەک کە زیانی بۆ سەر لایەنەکانی سەر ڕووبارەکان و  ژینگە و تەندروستی و سەلامەتی و دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری نەبێت. دووەم: لایەنەکان زامنی بەکارهێنانی ڕێکوپێک و یەکسانی ئاوە سنووربڕەکان بکەن، ئەویش بەپێی خەسڵەتەکانی حەوزە ئاوییەکان و بەرژەوەندیی دانیشتووان. سێیەم: هاوکاری لە ڕێگەی ڕێککەوتن، دەستەی هاوبەش، گۆڕینەوەی زانیاری، لێکتێگەیشتنی بەردەوام، ڕوانگەی هاوبەش و هەڵسەنگاندن. هەردوو وڵاتی دراوسێ (ئێران، تورکیا) نەک تەنها کار بە خاڵەکانی ئەم ڕێککەوتنە ناکەن، بەڵکوو دانیشی پێدا نانێن. لە دانیشتنێکدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی کە وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان حەسەن جەنابی ئامادەی بوو (مانگی ئۆکتۆبەری 2017)، سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان بەئاشکرا بە وەفدەکەی عێراقی وت کە ئەوان دان بە هیچ ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتیدا نانێن لە بارەی ئاوەوە. لەسەر هەمان ڕێچکەی تورکیا، ئێرانیش ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان پشتگوێ دەخات و دانیان پێدا نانێت. لە کۆنگرەیەکدا لەسەر ئاو، کە لە مانگی فێبریوەری (شوبات)ی ساڵی 2018 لە تاران بەسترا، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عیراقچی بەئاشکرا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی ڕێگە لە دەرچوونی ڕووبارەکان دەگرێت و لەناو خاکی ئێراندا “حەپسیان” دەکات. کاریگەریی ئەم سیاسەتەی ئێران و تورکیا کەمتر نییە لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەش و کەمبوونەوەی ڕێژەی دابارین، چونکە زۆرترین سەرچاوەکانی ئاوی کوردستان لە دەرەوە هەڵدەقوڵن. لە 70%-ی زیاتری سەرچاوەکانی ڕووباری سیروان لە دەرەوەی کوردستانەوەن، هەر چی سەرچاوەکانی ئاوی ڕووباری زێی بچووکە، تەنها لە 20% لە ناوخۆی وڵاتەوە هەڵدەقوڵن و بڕەکەی تر لە چیاکانی مەهاباد و سەردەشتەوە دەچۆڕێن و بەرەو کوردستان شۆڕ دەبنەوە. موحسین حسێن([9]) بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی قەڵادزە، ترسی ئەوە ناشارێتەوە کە ساڵی 2030 كۆتایی تەمەنی زێی بچووک بێت. هەر چی ڕووباری زێی گەورەیە، لەگەڵ ئەوەی لە 62%-ی ڕووبەرە گشتییەکەی لەناو خاکی کوردستان و عێراقدایە، بەڵام بەشی زۆری هەڵقوڵانی ئاوەکەی لەناو کوردستانی باکووری کوردستانەوەیە و تورکیا کۆنترۆڵی دەکات. ئالەنگاری  و سیناریۆکان لەگەڵ ئەم نەخشە جوگرافییەی سەرچاوە سەرەکییەکانی ئاوی سەر زەوی لە کوردستاندا، هێشتا زمان و گوتاری سیاسی و ئەکادیمیی فەرمی باس لەوە دەکات کە هەرێم لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕووبەڕووی ئالەنگارییەکان دەبێتەوە، لە کاتێکدا مەترسییەکان ڕیاڵن و بەرۆکیان بە دانیشتووانی کوردستان گرتووە. لە ناوچەکانی کشتوکاڵ، چەم و دۆڵ و ناوچە ئاودارەکان و ڕووبەری سەوزایی و چیاکاندا، بێئاوی بووەتە سیمای وەرزەکان. بەگوێرەی سەردانی مەیدانی و پشکنینی ڕۆژنامەوانیم کە لە هاوینی 2021-دا ئەنجامم داون، لە هەندێ چەمی کوێستانەکانی پشدەردا بێئاوییەکی بێوێنە هەیە، ئەمە جگە لەوەی کە زێی بچووک لەو ناوچەیەدا، لە دەرەنجامی گرتنەوەی لەلایەن ئێرانەوە، لە هاوینی 2021-دا وەک جۆگەلەیەک دیار بوو. نیوەی جووتیارانی چەمی گەورە لە دیوی گەرمیانی چیای زەردە لە باشووری ڕۆژئاوای دەربەندیخان، لەبەر بێئاوی دەستیان لە مەرەزە بەر داوە([10]). لەنزیک گوندی سازان، لە مانگی یۆلیۆ (تەممووز)ی 2021-دا، دیسانەوە بە هۆی سیاسەتی “حەپس”کردنی ئاوەوە لەلایەن ئێرانەوە، سیروان وەک جۆگەلەیەک دەردەکەوێت. هەڵبەتە گرفتی سیروان تەنها لەوەدا نییە کە ئێران لە ڕێگەی بەنداوەوە ڕووبارەکە و چڵەکانی دەخنکێنێت، بەڵکوو ڕێڕەوەکانیان دەگۆڕێت بۆ ناوچەکانی تری ئێران، ئەمەش بۆخۆی ئاکتێکی تاوانکارییە نەک تەنها دژی خەڵکی کوردستان، بەڵکوو دژی کۆی سیستمی ژینگەیی ناوچەکە، چونکە هەر ڕووبارێک بۆ خۆی حەوزێکە و لە ڕووی سروشتییەوە سیستمێکی ژینگەیی تەواوی هەیە. واتە حەپسکردن و گۆڕینی ئاراستەی ئاوی ڕووبارەکە دەبێتە هۆی لەناوبردنی ژیانی سروشتی و هەموو ئەو خەسڵەتانەی حەوزەکە پێک دەهێنن. بەگوێرەی ڕەحمان خانی بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان کە سەرچاوەکەی سیروانە، دەریاچەکە لە ساڵی 2021-دا  کەمترین ڕێژەی ئاوی تیا بووە. بەکورتی: هەموو ئەو هۆکارانەی گرێ دراون بە گۆڕانکاریی کەش و دەرەنجامەکانی، کە لە کەمبوونەوەی دابارین و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمادا دەردەکەون، هەروەها سیاسەتی “حەپس”کردنی سەرچاوەکانی ئاو و خنکاندنیان لەلایەن ئێران و تورکیاوە، کوردستان ڕووبەڕووی ئالەنگاریی سەخت دەکەنەوە. جگە لە ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی وزە، سیستمی سروشتیی وڵاتەکەش دەخەنە ژێر مەترسییەوە، بەتایبەتییش سیستمی ژینگەیی و میکرۆئۆرگانیزم([11]). لەپێش ئابووری و سەرچاوەکانی ژیان و خۆراکی خەڵکی کوردستانەوە، ژیانی کێوییانە و کۆی ئیکۆسیستم زیانیان بەر دەکەوێت، ئەمە جگە لەوەی هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر سەقامگیری و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی، چونکە بێئاوی جگە لەوەی دەبێتە هۆکاری لەدەستدانی سەرچاوەی ئابووریی کۆمەڵگە لۆکاڵییەکان، کۆچوڕەویشی لێ دەکەوێتەوە بەرەو سەرچاوەکانی ئاو. دەرەنجامی هەر ڕەوێکی لۆکاڵییش بە هۆی گەرما و نەبوونی ئاوەوە، ململانێی کۆمەڵایەتیی لێ دەکەوێتەوە، بەتایبەتی لە زۆر شوێندا، گەرمیان وەک نموونە، جگە لە وشکانی و بێئاویی سەرزەوی، سەرچاوەکانی ژێرزەمینیش لە کەمبوونەوەیەکی بەردەوامدان و بەشی پێداویستیی ڕۆژانەی لادێنشینەکان ناکەن، ئەمەش هۆکارێک دەبێت بۆ ڕەوکردن بەرەو سەرچاوەکانی ئاو. شارەکانی کوردستان، بەو پێیەی لە گەشەسەندن و فراوانبوونێکی بەردەوامدان، داخوازییان لەسەر وزە و ئاو و خۆراک ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر دەکات، ئەمەش فاکتەرێکی تری پاڵەپەستۆ و دڵەڕاوکێیە لەسەر ئەم دەرامەتە سروشتییە دەگمەنە کە کێشی ژیان و بوونی هەیە، بەڵام بە هەرزانترین بەها لەناو دەبرێت و مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. بە پشتبەستن بەو پێشبینییە زانستییانەی لە سەرەتای ئەم نووسینەدا باس کران، کوردستان بە پلەی یەکەم لەبەردەم سیناریۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی دابارین و بەرزتربوونەوەی پلەی گەرمادایە. بۆ ئەوەی باسکردن لە هەر سیناریۆیەک بەشێک نەبێت لە مەزەندە و خەمڵاندن، لێرەدا پشت بەو سیناریۆیە دەبەستم کە پلاتفۆرمی حکومی-نێودەڵەتی لەسەر هەمەچەشنی و خزمەتگوزارییەکانی ئیکۆسیستم (IPBES([12])) دایناوە و پێی وایە لە حاڵەتی گەیشتنی پلەی گەرمای گشتی بە 1.5 لە ساڵی 2050دا، گۆی زەمین لە 8%-ی ڕووەکەکان لەدەست دەدات، لە 6%-ی مێرووەکان و هەروەها لە 4%-ی ئاژەڵە بڕبڕەدارەکان لەناو دەچن. وەرز و تەوژمی گەرماش وەک لە تابلۆی یەکەمدا خراونەتە ڕوو، دەبنە فاکتێکی دووبارەبووەوە. ئەم سیناریۆیە وا دانراوە کە پلەی گەرما لەسەرووی ئەوەوە نەبێت کە دانراوە. لە هەموو بارێکیشدا گەیشتن بەو پلەیە وەک فاکتێکی لێ هاتووە، چونکە مرۆڤایەتی ئەوەندە گازی گەرمکەرەوەی خستووەتە ئاسمانەوە، دوای سێ دەیە گەرمای زەوی بگەیەنێتە پلە و نیوێک، تەنانەت گەر لەم ساتەوە دەردانی کاربۆن و گازە گەرمکەرەوەکانی تر بگەنە سفر. بەو پێیەی کوردستان لەسەر جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفەریقا و لەژێر کاریگەریی کەشی حەوزی سپیی ناوەڕاستدایە، پلەی گەرما لەوە بەرزتر دەبێت کە لە سیناریۆکەدا هاتووە، کەمبارانییش لە ئێستاوە بووەتە بەشێک لە ناسنامەی کەشی ناوچەکە، کەواتە دەکرێ کەمێک لەو سیناریۆیە دوورتر بڕوانین و بیر لەوە بکەینەوە کە لەبریی هەر وەرزێکی قاتوقڕیی ئاو لە هەر 10 ساڵێکدا، ڕووبەڕووی دوو وەرزی قاتوقڕی دەبینەوە. بەڵام ئەی چی بکەین و چۆن ڕووبەڕووی کەمئاوی ببینەوە؟ ڕاسپاردەکان ئێمە لە کوردستاندا هاوینێکی گەرم و وشکمان بەڕێ کرد، خەڵک هەموو چاوەڕوانی وەرزی دابارینن، توێژینەوەکان لەسەر کەشی ناوچە و کاریگەربوونی بە شێوەیەکی دیار و ڕاستەوخۆ بە دەرەنجامی گۆڕانی کەش، هەروەها ئاماژەکانی کەشوهەواش وا دەردەخەن کە ئەگەری ئەوە هەیە زستانی ئەمساڵیش زۆر جیاواز نەبێت لەوەی پێشوو، ئەی چی بکەین؟ هەموو لایەکمان دەزانین باسی گرفتەکان بکەین، بەڵام ئەوەی گرنگە، پلانی کەمکردنەوەی زیان و لێکەوتەکانە نەک تەنها دووبارەکردنەوەی وێنەکانی وشکەساڵی. زۆربەی پێشنیار و ڕاسپاردەکانی تایبەت بە ژینگە و ئاو لە ناوەندە ئەکادیمی و زانستییەکاندا، ئاراستەی حکومەت و دەزگاکانی دەکرێن، بەڵام لەبەر ئەوەی حکومەتیش، بەبێ پلانێکی دوورمەودا، هەر لە چاوەڕوانیی وەرزی داباریندایە و هیچ ستراتیژێکی دوورمەودای نییە، باشترە ڕاسپاردەکان بۆ خەڵک بن و چۆن یارمەتی بدرێت بگەڕێتەوە بۆ چارەسەری وەها لە وەرزی گەرمی داهاتوودا لە پێناو گەڕان بەدوای سەرچاوەکانی ئاودا، تووشی زیان و ڕەوی بەکۆمەڵ نەبێت. یەکەم: لەبەر ئەوەی وشکەساڵی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، ئاوی بەنداوەکانیش دەگەیەننە ئاستی نەداری و هەژاری، باشترە لە ئاستی لۆکاڵی و سنووری نیشتەجێبوونیاندا دانیشتووان دەست بکەن بە دروستکردنی گۆماوی ژێرزەوی، واتە سەرگیراو، ئەوەش لە پێناو گلدانەوەی بڕێک لەو دابارینەی لە زستاندا هەیە. ئەم میکانیزمە سادەیە دەبێتە هۆی دروستکرنی عەمباری ئاو بۆ ئاودێری و ئاژەڵ و کاروباری ڕۆژانە لە هاویندا. دووەم: سکگوشین و دەستپێوەگرتن لە بەکارهێنانی ئاودا لە ئاستی ماڵانەوە بگرە تا دەگاتە ئاودێری و کاری ڕۆژانە و پیشەسازی. سێیەم: بۆ وەرزێکیش بێت، پێویست دەکات ئەو جۆرە بەروبوومە کشتوکاڵییانە بوەستێنرێن کە پێوستیان بە ڕێژەیەکی زۆری ئاوە و پەنا ببرێتە بەر ئەو بەروبوومانەی کەمترین ئاویان پێویستە. چوارەم: دروستکردنی گۆماوی ئاو لەناو دۆڵ و چیا و دەشتەکاندا بۆ زامنکردنی مانەوەی ئاژەڵە کێوییەکانی کوردستان، بەڵام ئەمەیان پێویستی بە توندوتۆڵکردنی یاسای دارستان و چاککردن و پاراستنی ژینگە هەیە لە “بکوژانی ئاژەڵە کێوییەکان”، چونکە وەرزی تینووێتی لغاوی ڕاوی نایاسایی و تاوان دژی سیستمی سروشتی زیاد دەکات. پێنجەم: دیاریکردنی ڕێژەی ئاوی ڕۆژانە بۆ هەر تاکێک، وەک چۆن ساڵی 2018 شاری کیپ تاون لە باشووری ئەفەریقا پیادەی کرد و توانیی ئیدارەی تینووێتییەکی بێوێنە لە وڵاتەکەدا بکات، چونکە لەو ساڵەدا بە هۆی دانەبارینەوە، بۆ چەند وەرزێک عەمبارەکانی ئاو گەیشتنە ئاستی مەترسیدار لە کەمیدا. شەشەم: پەلەکردن لە جێبەجێکردنی ئەو بەنداوە لۆکاڵییانەی لە قۆناغی کۆتاییدان و دەستیان لێ هەڵگیراوە. بۆ نموونە: بەنداوی خۆرنەوەزان لە سنووری گەرمیان بۆ چەند ساڵێکە لە قۆناغی کۆتاییدا ڕاگیراوە. ئەم بەنداوە و بە گلدانەوەی ئەو بڕە دابارینەی هەیە، بەشێکی زۆری گرفتەکانی دانیشتووانی ناوچەکە چارەسەر دەکات. حەوتەم: لابردن و نەهێشتنی هەموو ئەو کار و بزنسانەی ئاو بۆ مەبەستی “خۆشگوزەرانی” بەکار دەهێنن، وەک شوێنی شتن و پاککردنەوەی ئۆتۆمبێل و مەلوانگە… هتد. هەشتەم: پەیڕەوکردنی یاسایەکی توندوتۆڵ لەبەرامبەر بەفیڕۆدانی ئاودا لە شارەکاندا، وەک دانانی واتەر پەمب بۆ تانکیی سەربانەکان، قەدەغەکردنی بەکارهێنانی ئاوی پاک بۆ پاککردنەوەی جادە و بەر ماڵان، هەروەها لە دوکان و ڕیستۆرانت و قاوەخانە و شوێنە گشتییەکانیشدا. نۆیەم: بەدڵۆپەکردنی ئاودێری بۆ کشتوکاڵ و باخچە و هەموو بوارەکانی ئاودان. دەیەم: سەپاندنی مەرج بەسەر شوێنە گشتییەکانی وەک کۆمپانیا و باخی کەسی و تایبەتدا، هەروەها شوێنەکانی خواپەرستی لە بەکارهێنانی ئاودا و دۆزینەوەی چارەسەری خۆبەخۆیی بۆ ئیدارەکردنی ئەو بڕە ئاوەی وەریدەگرن، هەروەها دانانی مەرجی توندوتۆڵ لە هەڵکردنی بیردا. بەبێ ئەم ڕێکارانە کە بەشێکی زۆریان پەیوەستن بە سیاسەتی حکومەتەوە و بەشێکیان بە سەلیقە و ڕەفتاری ڕۆژانەی هاوڵاتیانەوە لە بەکارهێنانی ئاودا، هیچ شتێکی تر دادمان نادات. دەبێت لەمڕۆوە بکەوینە خۆمان و هاوینی داهاتوو پەشیمانی دەرنەبڕین. لەوانەیە دابارینی چەند ڕۆژێک سەرجەم ئەم قسانە لەبیری خەڵک بباتەوە، بەڵام واقیعی بێئاوی، تەنانەت ئەگەر وەرزێکی تەڕیشمان هەبێت، پێمان دەڵێت پێویستمان بە هەر دڵۆپە ئاوێکە بەفیڕۆ دەدرێت. ئەگەر ئەو خاڵانەی سەرەوە بۆ چارەسەری کاتی بن، ئەوا لە ئاستی دوورمەودادا، بە پلەی یەکەم کوردستان پێویستی بەوەیە ڕۆڵی زانکۆ و سەنتەرەکانی لێکۆڵینەوە لەم بارەیەوە کارا بکات. ئەنجامدانی پلانی دوورمەودا لە ڕووبەڕووبوونەوەی کەمئاویدا، لەگەڵ ئەوەی پەیوەستە بە بڕیاری سیاسییەوە، بە پلەی یەکەم کاری زانایان و پسپۆڕانی بواری زانستە سروشتییەکان و ئاوە، بە شێوەیەکی دیاریکراویش لە بواری گلدانەوەی ئاودا (Water Harvesting). تا ئەمڕۆ سیاسەتی بنیادنانی بەنداو لە کوردستاندا بە شێوازی کۆن و باو جێبەجێ دەکرێت، لە کاتێکدا خێرایی گۆڕانکارییەکانی کەش بەردەوام بۆچوون و ئانالیزەکان دەگۆڕن و میکانیزم و میتۆدی تر دەهێننە کایەوە. بە کورتییەکەی: کوردستان پێویستی بە پلانێکی هەشتا ساڵەیی (تا کۆتایی سەدە) هەیە، کە لە توانایدا هەبێت مانەوەی خەڵک و وڵات بپارێزێت. سەرچاوەكان (1) لەم نووسینەدا کەش لەبەرامبەر “Climate”دا بەکار دەهێنرێت، ئاوهەواش لەبەرامبەر “Weather”دا. گۆڕانکارییەکان لە کەشی هەرێمێکدا یان لە جیهاندا بەگشتی، لە ڕۆژێک، مانگێک، وەرزێک و دوو وەرزدا دەرناکەون، بەڵکوو دەیەیەک یان زیاتریان دەوێت بۆ ئەوەی هەستیان پێ بکرێت. بۆ نموونە؛ ڕێژەی دابارین و بەفر لە کوردستاندا پێش 40 ساڵ، جیاوازییەکی زۆری هەبووە لەگەڵ ئەو ڕێژەیەی ئێستا هەیە. ئەمە دەرەنجامی گۆڕانکارییەکانی کەشە. لەبەرامبەردا گۆڕانکارییەکانی ئاوهەوا (الطقس) کورتخایەنن و لۆکاڵین، بۆ نموونە ئەمڕۆ زنجیرەچیاکانی قەرەداغ دابارین بەخۆوە دەبینێت، بەڵام ڕۆژی دواتر ساماڵ و هەتاوە، ئەمەیان گۆڕانکارییە لە ئاوهەوادا نەک کەش. (2) Journal of Geophysical research: Atmospheres, March 4, 2016, https://agupubs.onlinelibrary.wiley.com/doi/full/10.1002/2015JD023929 (3)  Chandler, David L. (17/6/2020), “Why the Mediterranean is a climate change hotspot”, https://news.mit.edu/2020/why-mediterranean-climate-change-hotspot-0617. (4)  خالد سلیمان (28/7/2020)، ” البحر الأبيض المتوسط يشتعل: انخفاض حاد في الأمطار”، https://daraj.com/50999/.   (5) Rannard, Georgina (9/11/2021), “COP26: World headed for 2.4C warming despite climate summit – report”, https://www.bbc.com/news/science-environment-59220687. (6) Frédéric Durand, Climat, une conférence à la recherche du temps perdu, LE MONDE diplomatique, Novembre 2021. (7) گرافیكی ژمارە (2) لەلایەن بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان؛ “ڕەحمان خانی”یەوە دروست کراوە. (8) لجنة الأمم المتحدة الاقتصادية لأوروبا: اتفاقية حماية واستخدام المجاري المائية العابرة للحدود والبحيرات الدولية. اتفاقية المياه:  الاستجابة للتحديات العالمية للمياه، https://unece.org/sites/default/files/2021-07/ECE_MP_WAT_52_Arabic_WEB.pdf (9) بختیار قادر (5/7/2021)، “مخاوف من اختفاء الزاب الصغير في 2030″، https://www.rudaw.net/arabic/kurdistan/050720216. (10) ژمارەی ئەو خێزانانەی کە دانیشتووی گوندی چرچەقەڵان و لە چەمی گەورە کشتوکاڵ و کاری مەرەزە دەکەن؛ نزیکەی 20 خێزانە، ئەمساڵ لەبەر بێئاوی ژمارەکە کەم بووەوە بۆ کەمتر لە 10 خێزان. (11) سیستمی میکرۆئۆرگانیزم لەو بوونەوەرانە پێک دێت کە بە چاوی ئاسایی نابینرێن، بەڵام ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە بەردەوامبوونی ژیانی سروشتی و بەرهەمهێنانی خۆراک و بەشێکی دانەبڕاوەیە لە کۆی سیستمی ژینگەیی. (12) Intergovernmental Platform on Biodiversity & Ecosystem Services.


راپۆرت: درەو ئیمارات خەریكە شوێنی توركیا دەگرێتەوە، لەدوای دەستبەكاربوونییەوە لە پۆستی سەرۆكی حكومەت، مەسرور بارزانی یەكجار سەردانی توركیای كردووە، بەڵام دووجار چوەتە ئیمارات،  لەم سەردانانەدا مەسرور بارزانی كەسی لە تیمی یەكێتی‌و گۆڕان لەگەڵ خۆی نەبردووە، پارتی‌و یەكێتی دەیانەوێت سەرمایەگوزاری خۆیان بگوازنەوە بۆ (دوبەی)، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. ئارین لەبری یەكێتی‌و گۆڕان مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەسەردانێكی یەك رۆژە چووە ئیماراتی عەرەبی‌و گەڕایەوە، هیچ یەكێك لە وەزیرەكانی یەكێتی‌و گۆڕانی لەگەڵ خۆی نەبرد، لەم گەشتەدا (ئارین)ی كوڕی هاوەڵێتی دەكرد. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، تیمی یەكێتی‌و گۆڕان تەنانەت قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانیش ئاگاداری سەردانەكەی مەسرور بارزانی بۆ ئیماراتی عەرەبی نەبوون، وا دەردەكەوێت سەردانەكەی سەرۆك وەزیران سەردانێكی خێزانی بوبێت، بەتایبەتیش كە ئیماراتی عەرەبی سیستمێكی خێزانییە‌و لەلایەن چەند بنەماڵەكەیەوە بەڕێوەدەبرێت. پەیوەندی نێوان بنەماڵەی بارزانی‌و بنەماڵەی فەرمانڕەوای ئەبوزەبی نوێ نییە، مەسرور بارزانی دوای دەستبەكاربوونی لە پۆستی سەرۆك وەزیران لە رۆژی 10ی تەموزی 2019دا، یەكەم سەردانی دەرەوەی بۆ توركیا بوو، سەردانی دووەمی بۆ ئیماراتی عەرەبی بوو.  1ی كانونی دووەمی 2019 مەسرور بارزانی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمدا سەردانی ئەبوزەبی پایتەختی ئیماراتیان كرد بۆ بینینی پێشبڕكێی ئۆتۆمبیبلی "فۆرمێلا وەن"، لەوێ بەرپرسانی باڵای ئیمارات‌و محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیەیان بینی.  سەردانكردنی ئیمارات بەمەبەستی بینینی پێشبڕكێی "فۆرمێلا وەن"‌و لەپاڵ ئەمەشدا سازدانی دیداری سیاسی، لە مەسعود بارزانییەوە بۆ نەوەكانی ماوەتەوە، بارزانی ئەوكاتەی سەرۆكی هەرێم بوو، ساڵانە سەردانی ئیماراتی دەكرد بۆ بینینی "فۆرمێلا وەن"، دواین سەردانی بارزانی بۆ ئیماراتی عەرەبی لە رۆژی 23/11/2018دا بوو.  حوكمی خێزانیی لە ئیماراتەوە بۆ هەرێم  ئیماراتی عەرەبی سیستمێكی فیدراڵی سەرۆكایەتی خێزانییە، لە حەوت ئیمارەت پێكدێت (ئەبو زەبی، دوبەی، شارقە، عەجمان، ئوم قەیوین، رەئس خەیمە، فوجێرە)، هەر ئیمارەتێك لەلایەن بنەماڵەیەكەوە بەڕێوەدەبرێت، سەرۆكی ئەم ئیمارەتانە هەموویان ئەندامن لە ئەنجومەنێكدا بەناوی (ئەنجومەنی فیدراڵ)، لەم ئەنجومەنەدا سەرۆكی وڵات‌و سەرۆك وەزیران هەڵدەبژێردێت، تائێستا نەریت وابووە حاكمی ئەبوزەبی پایتەخت سەرۆكی وڵات‌و حاكمی شاری (دوبەی) سەرۆك وەزیران بێت، ئەبوزەبی كە لەلایەن بنەماڵەی (ئال نەهەیان)ەوە بەڕێوەدەبرێت، (دوبەی) لەلایەن بنەماڵەی (ئال مەكتوم)، واتە سیستمێكی بنەماڵەیی رێكخراوە. هەرێمی كوردستان هەرێمێكی فیدراڵە لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا، تائێستا دەستوری نییە، سیستمی حوكمڕانییەكەی هێشتا دیار نییە، لەماوەی 12 ساڵی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانیدا، جارێك سەرۆك لەناو پەرلەمان‌و جاری دووەم سەرۆك راستەوخۆ لەناو خەڵكەوە هەڵبژێردرا، واتە روون نەبوو ئایا سیستمی حوكمڕانی هەرێم سەرۆكایەتییە یان پەرلەمانی یاخود تێكەڵ، بارزانی ئۆكتۆبەری 2017 دەستی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم كێشایەوە، نێچیرڤان بارزانی برازای شوێنی گرتەوە، نێچیرڤان بارزانی كە ئێستا سەرۆكی هەرێمە، لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردراوە.  هاوشێوەی ئیمارات، هەرێمی كوردستان لەلایەن بنەماڵە سیاسییەكانەوە بەڕێوەدەبرێت، ئەم سیستمە بنەماڵەییە بەپێچەوانەی ئیماراتەوە رێك نەخراوە، لەروخساردا پەرلەمانی كوردستان دەسەڵاتی باڵایە، بەڵام لە واقیدا دوو بنەماڵە (بارزانی‌و تاڵەبانی) جڵەوی حوكمڕانییان بەدەستەوەیە، سلێمانی‌و هەڵەبجە‌و ئیدارەكانی راپەڕین‌و گەرمیان لەژێر كۆنترۆڵی تاڵەبانییەكاندایە، هەولێری پایتەخت‌و دهۆك‌و ئیدارەكانی سۆران‌و زاخۆ لەژێر كۆنترۆڵی بارزانییەكاندایە.  بەپێچەوانەی بنەماڵە فەرمانڕەواكانی ئیماراتەوە، لەنێوان دوو بنەماڵە فەرمانڕەواكەی هەرێمدا ئێستا هیچ رێككەوتنێك بۆ چۆنیەتی بەڕێوەبردنی هەرێم بوونی نییە، سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی لەساڵی (1994)، هەرێمی كوردستانی دابەشكرد بەسەر دوو حكومەتدا (حكومەتی یەكێتی‌و حكومەتی پارتی)، دوای روخانی رژێمی سەددام‌و دروستبوونی گۆڕانكاری لەناوچەكە، دواجار تاڵەبانی‌و بارزانی بەناچاریی لە ساڵی 2005دا رێككەوتنێكیان كرد بۆ دروستكردنی حكومەتی یەكگرتووی كوردستان، ئەم رێككەوتنە ناوی لێنرابوو "رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی‌و یەكێتی"، بەپێی ئەم رێككەوتن تاڵەبانی‌و بارزانی پۆستە باڵاكانی هەرێمی كوردستان‌و عێراقیان لەنێوان خۆیاندا دابەشكرد، بارزانی پۆستی سەرۆكی هەرێمی بردو تاڵەبانیش پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كە پشكی كورد بوو، لەدوای مردنی جەلال تاڵەبانی لە 2017دا، رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی‌و یەكێتی لاواز بوو، ئێستا ئەو رێككەوتنە بەتەواوەتی هەڵوەشاوەتەوە، پارتی پۆستی سەرۆكی هەرێم‌و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی بەدەستەوەیە‌و كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماریش پێشكەش كردووە‌و دەیەوێت ئەو پۆستەش لە یەكێتی وەربگرێتەوە.  هەرێم‌و ئیمارات لەڕووی ئابورییەوە ئێستا ئیماراتی عەرەبی، لەدوای توركیا‌و ئێران‌و چینەوە، بە چوارەمین هاوبەشی بازرگانی هەرێمی كوردستان ئەژمار دەكرێت، قەبارەی بازرگانی هەرێم لەگەڵ ئیمارات ساڵانە (یەك ملیار) دۆلارە، (120) كۆمپانیای ئیماراتی لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن، قەبارەی سەرمایەگوزاری ئەم كۆمپانیایانە ساڵانە دەگاتە (3 ملیار) دۆلار. یەكێك لە دیارترین كۆمپانیا ئیماراتییەكان كە لە هەرێمی كوردستاندا كاردەكات كۆمپانیای (دانەغاز)ە كە لە كێڵگە نەوتی‌و غازییەكانی هەرێمدا كاردەكات، ئەم كۆمپانیا ئیماراتییە لە ساڵانی رابردوودا دوو سكاڵای یاسایی لە حكومەتی هەرێم بردەوە‌و حكومەتی خستە ژێر قەرزەوە.  بەگوێرەی داتاكانی وەزارەتی ئابوری ئیمارات، لە ساڵی 2019دا قەبارەی بازرگانی ئیمارات لەگەڵ عێراق بەگشتی گەیشتوەتە زیاتر لە 15 ملیار دۆلار لە ساڵێكدا. ساڵی رابردوو ئیماراتییەكانی بەڵێنیان دا بە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بڕی (3 ملیار) دۆلاری تر بۆ وەبەرهێنانی خۆیان لە عێراق زیاد بكەن.  ئەمساڵانەی دوایی ئیماراتی عەرەبی بووە بە روخسارێكی نوێی بزنس بۆ سەرمایەدارو سیاسییە دەستڕۆیشتووەكانی هەرێمی كوردستان، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، بەر لە رووداوەكانی 8ی تەموزی ناوخۆیی یەكێتی، ئیدارەی گشتی یەكێتی لە هەوڵی ئەوەدابووە، فڕۆكەخانەی سلێمانی رادەستی چەند كۆمپانیایەكی ئیماراتی بكات‌و گرێبەستی لەمبارەیەوە واژۆ كردووە، لە پاڵ ئەمەدا، زانیارییە نافەرمییەكان باسلەوە دەكەن، بۆ ماوەیەك، بەشێك لە پارەی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان چوەتە ناو یەكێك لە بانكەكانی شاری (دوبەی) ئیمارات.  بەم دواییە رۆژنامەی (زە ئەمریكان پرۆسپێكت)ی ئەمریكی لە راپۆرتێكیدا باسی لەوە كرد لە تۆماری خانووبەرەدا لە دووبەی دەركەوتووە كە بنەماڵەی بارزانی لە كۆمەڵگەی بورجی (خەلیفە)و دوورگەی (نەخلە)دا موڵكو ماڵی گرانبەهایان هەیە.  ئێستا (دوبەی) بۆ زۆرێك لە بەرپرسانی باڵای حزبی‌و حكومی هەرێمی كوردستان شوێنی پایتەختەكانی ئەمریكا‌و ئەوروپای گرتوەتەوە، سەرباری ئەوەی سەروەت‌و سامانی خۆیان لەوێ دەخەنەگەڕ، ساڵانە‌و لە پشووەكاندا بۆ كاتبەسەربردن روو لە دوبەی دەكەن. سەرسامی بەرپرسانی هەرێم بە گەشەكردنی دوبەی لەڕووی بیناسازی‌و ئابورییەوە، وایكرد هەولێر وەكو (دوبەی) عێراق ناوزەد بكرێت، بەڵام هەرگیز هەولێر نەبوو بە (دوبەی)، ئەمساڵ بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە هەولێر ئاو بردی. هەرێم‌و ئیمارات لەڕووی سیاسییەوە  ئیماراتی عەرەبی بەمدواییە وەكو یەكەمین وڵاتی عەرەبی، بەشێوەیەكی ئاشكرا‌و لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی كردەوە. بەهۆی ئەم رێككەوتنەوە، ئێستا ئیمارات بووە بە یەكێك لە وڵاتە بەهێزەكانی ناوچەكە كە لەلایەك دەیەوێت سنوری بۆ هەژمونی ئێران دابنێت‌و لەلایەكی ترەوە شەڕی توركیا دەكات، لەدوای رووخانی رژێمی سەددامەوە لە 2003دا، ئیماراتییەكان بەردەوام  رۆڵیان لەناو عێراقدا هەبووە، بەمدواییە ئیماراتییەكان رۆڵی یەكلاكەرەوەیان هەبوو لە یەكخستنی ماڵی سوننەكانی عێراق‌و یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، بارزانی ئێستا لەسەر ئەم خەتە گەمەی سیاسی دەكات، بارزانی لەگەڵ سوننەكاندا چوەتە ناو رێككەوتن لەگەڵ سەدرییەكان، ئەم رێككەوتنە ئێرانییەكانی توڕە‌و ماڵی شیعەكانیشی پەرتكردووە.  رۆژی 10ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، لەم هەڵبژاردنەدا لایەنە شیعە دۆستەكانی ئێران دۆڕان، ئەم لایەنانە یەكسەر پەنجەی تۆمەتبار بۆ ئیماراتی عەرەبی راكێشا‌و تۆمەتباریان كرد بەوەی دەستی هەبووە لە ساختەكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنەكەدا لەرێگەی تەكنەلۆژییەوە، ئێستا عێراق لەناو كاردانەوەكانی ئەم هەڵبژاردنەدا دەژی‌و دیارنییە داهاتووی سیاسی عێراق بەرەو كوێ دەڕوات.  


ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت) ترس دۆخێكی زۆر تایبەتی دروستكراوی سروشت و مرۆڤە. مۆدێرنە بە پەیمانێكی گەورەوە هاتە ناو مێژووی مرۆڤایەتییەوە، پەیمانی رزگاركردنی عەقڵی ڕاگەیاند لە مەترسییەكانی دین و خورافەت و زاڵبوون بەسەر سروشت و پاراستنی ئینسان لە كارەسات و مەترسییە سروشتییەكان. پەیمانی مۆدێرنە سەروەركردنی زانست و نەهێشتنی مەترسییەكانی نەخۆشیی و دۆزینەوەی چارەسەر بوو بۆ پەتا كوشندەكان. مۆدێرنە واتە دۆزینەوەی ئەنتیبیۆتیكا بۆ نەخۆشییە مەترسییدارەكان لەبری خواردنەوەی ئاوی نوشتە و زیكر و دوعا. لەدوای ئەزموونی سەدان ساڵەی دەسەڵاتدارێتیی ئایین و کەنیسەوە کە ترس لە سزای ئەم دونیا و ئەو دونیا سەرچاوەی پاراستنی دەسەڵات بوو و شەخسی پاپاش نوێنەری ڕاستەوخۆی خودا بوو لەسەر زەوی، دەوڵەتی مۆدێرن سەرهەڵدەدات. دەوڵەتی مۆدێرنیش کە لەسەر بناغەی پەیمانی کۆمەڵایەتیی دادەمەزرێت، هەم مرۆڤی لە زۆر مەترسیی پاراست و هەم چەندین مەترسیی نوێشی بۆ بەرهەمهێنا. دەوڵەتی تۆتالیتاری لەسەدەی بیستەمدا باڵاترین ئاستی دروستکردنی ترس و جەور بوو بۆ ئینسان. هۆلۆکۆست و کۆمەڵکوژییش ماشێنی گۆڕینی زانست و عەقڵ و بیرۆکراسییەت بوو بۆ خزمەتی ئایدیۆلۆژیا وەحشەتگەرەکان لە نموونەی فاشیزم و نازیزم و بەعسیزم. لە مۆدێلی دەسەڵاتدارێتییە ستەمگەرەکاندا ترس بەناوەکیی دەکرێت و دەبێت بە دۆخێکی ئاسایی کە مرۆڤ تیایدا هێندەی لە ناوەوەی خۆی دەترسێت، ئەوەندە لە دەرەوەی خۆی ناترسێت. لە سەدەی دەسەڵاتدارێتییە تۆتالیتارییەکاندا ترس دەبێت بە دۆخێک کە مرۆڤ سانسۆری ناوەکیی خۆی دەکات و رێگەبەخۆی نادات، تەنانەت بەنهێنیش لەناوەوەی خۆیدا جیاواز لە حیزب و سەرۆک و دەوڵەت، بیربکاتەوە.    دەوڵەتی سۆسیالیستییش نموونەی ئەزموونی دەسەڵاتدارێتییەک بوو کە هەروەکو چۆن لە ئاستی ئابوورییدا نەوتی بەخۆماڵییکرد، ئاوهاش لە ئاستی کۆمەڵایەتییدا ترسی بەخۆماڵییکرد. واتە ترس لە دەوڵەتی سۆسیالیستیی یان کۆمۆنیستییدا بەشێوەیەکی یەکسان بەسەر کۆمەڵگادا دابەشکرا، ئەم یەکسانییە بەهایەکی دادپەروەرانەی نییە، بەڵکو بەهایەکی ماتماتیکیی هەیە، واتە بڕ و هێزی ئەو ترسە بەسەر کۆی تاک و گروپەکانی کۆمەڵگادا دابەشکرابوو. کۆمەڵگا لەم جۆرە سیستەمانەدا بەسەر دوژمن و دۆستدا دابەشدەکرێت. ئەوانەی دۆستن و بەشێکن لە راگرتنی سیستەمەکە ترسی هیچیان نییە، ئەوانەی دوژمنیشن دەبێت بەردەوام لە ترسدا بژین، چونکە شوێنێک نییە خۆیانی تێدا حەشاربدەن و ژیانی خۆیان بپارێزن. چ لە دەوڵەتە سۆسیالیستییەکان و چ لە دەوڵەتی بەعسیشدا ترس بەپلەی یەکەم رەهەندێکی سیاسیی هەبوو، نەک کۆمەڵایەتیی، چونکە لەم سیستەمەدا هەموو خزمەتگوزارییەکانی وەک تەندروستیی و پەروەردە و فێرکردن و خانوو و کار، بەشێوەیەکی گشتیی فەراهەمکرابوون، تاکە مەترسییەک کە مرۆڤ هەیبوو ژیانی بکەوێتە بەر هەڕەشەوە، ترسی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی بوو. جۆری ترسەکان کە دەبوونە مەترسیی بۆ سەر ژیان، بریتیی بوون لە بیرکردنەوەی جیاواز و دونیابینییەکی جیاواز لەو دونیابینییەی کە دەسەڵات دیکتاتۆرییەتی پێ دروستکردووە. ترس لە سیستەمی سەرمایەداریی و بەتایبەت دوای داڕمانی سیستەمی سۆسیالیستیی، ترسێکە بە قسەی سیگمۆند باومان شلدەبێتەوە و دابەشدەبێت. لە ئێستادا ترس وەک کۆمپانیایەک بەپرایڤت و بەتایبەتدەکرێت، سەرمایەیەکە و دەوڵەت و کۆمپانیا ئەهلییەکان سەرمایەگوزاریی تێدا دەکەن. بە بۆچوونی باومان لەم سەردەمەماندا تاک خۆی بەپرس دەبێت لە پاراستنی زیاتر و توندوتوڵکردنی ژیان و ماڵی خۆی. لەپاڵ خزمەتگوزاریی گشتیی دەوڵەتیی کە بۆ پاراستنی مرۆڤ و کۆمەڵگا تەرخانکراوە، چەندین سێکتەر و هەلی تر دروستبوون کە مرۆڤ دەتوانێت لێیان سودمەند بێت بۆئەوەی ژیانی پارێزراوبێت و مەترسییەکانی کەمتر ببنەوە. بۆ نموونە لەبری ڕاگرتنی سەگ کە کولتوورێکی کۆمەڵایەتیی تەقلیدیی خۆپاراستنە لە مەترسیی و هەڕەشەی دەرەکیی، ئێستا خانووی تایبەت و دەرگا و پەنجەرەی تایبەت، دانانی سیستەمی چاودێریی کامێرا و تەنانەت تیشکی سەرووی وەنەوشەیی هەیە، هەموو ئەمانە تادەگات بە کرێگرتنی خزمەتگوزاریی دەزگای سێکیوریتی تایبەتەکان بۆ پارەداران و هەبووان، بەشێکن لە خزمەتگوزاریی پاراستن و ڕەواندنەوەی مەترسیی. باومان باس لە مەترسییەکانی سروشت ناکات کە مەترسییگەلێکن لەدەرەوەی ئیرادە و خواستی ئێمەدان، بەڵکو باس لە شکستی مۆدێرنە دەکات لە نەتوانینی پاراستنی مرۆڤ لە هەڕەشەی سروشت. لەمڕۆشدا دەتوانین باس لە پەتای کۆرۆنا بکەین کە فەشەلی مۆدێرنە لە پاراستنی مرۆڤ، جارێکی تر دەخاتە بەر ئەزموون و تاقیکردنەوەیەکی نوێوە.  باومان باس لە رەهەندێکی مەترسییدار دەکات کە دەسەڵات چ لە فۆرمە تۆتالیتارییەکەی و چ لە فۆرمە سەرمایەدارییەکەی دەتوانێت بەشێوەیەکی وەحشەتگەرا خۆی نماییشبکات. ئەو نموونەی ساڵی ٢٠٠٥ی ئەمریکا دەهێنێتەوە کە چۆن تۆفانی کاترینا، باشووری ئەمریکای وێرانکرد و لەدوتوێیەوە بەهێزترین دەوڵەتی جیهان و گەورەترین دیموکراسییەتی ئەم سەردەمەمان ڕووە تاریکەکەی خۆی نماییشکرد. فەشەلی ئەمریکا لە پاراستنی هاونیشتیمانیان و خراپی ئیدارەدانی ئەو کارەساتەدا بوو. دوای ئەوەی دۆخێکی فەوزا و لەدەستدەرچوو دروستبوو، دەوڵەت جەبەروتی خۆی نارد، بۆئەوەی نیزام بگەڕێنێتەوە دۆخی جارانی خۆی. ئەم نیزامەش بەڕای باومان ناردنی گاردی نیشتیمانی بوو بە فرمانی کوشتنەوە، بەبێ جیاوازیی بۆ هەموو ئەوانەی نیزام تێکدەدەن. ئەمەش مانای جیاوازیینەکردنە لە نێوان کەسێکدا کە کەرەسەی تەلەفیزیۆنێک دەدزێت و کەسێکیش کە لە برسانا خواردن دەدزێت. واتە دەوڵەت پێشئەوەی بڕوات ئەوانە بنێژێت کە لەبرسانا مردوون و جێگەوڕێگاش بۆئەوانە دابینبکات کە ئاوارە و دەربەدەرن، فەرمانی تەقەکردن و کوشتنی دەرکرد. بەم چەشنە بۆ دەوڵەتی سەرمایەدارییش وەک هەر دەوڵەتێکی تر، ترس لە فەوزا و نەمانی دەسەڵات گەورەترە لە ترسی مردنی هاونیشتیمانیان و شکستی دەوڵەتی مۆدێرن لە پاراستنیان. پرسیارەکە بۆ کۆمەڵگای کوردیی ئەوەیە: ترس چ خەسڵەت و ڕۆڵێک لەناو ستراتیژی دەسەڵاتدا دەگێڕێت؟ ئایا دەسەڵاتی کوردیی چۆن سەرمایەگوزاریی لە ترسدا دەکات؟ ماویەتی  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand