درەو: سۆران محەمەد – كەركوك ناو خەسرەو گۆران، لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئامادەیی حزبەكەی بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق لە پارێزگای كەركوك راگەیاند و جەختیكردەوە "لەگەڵ یەكلیستیی و یەكڕیزی لایەنە كوردییەكاندان". ئەو پێشهاتە نوێیەی پارتی بۆ بەشداریكردنی لە هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركوك كە بڕیارە لە 10ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، لەكاتێكدایە لە هەڵبژاردنی رابردودا رەتیكردەوە بەشداریی بكات و پارێزگاكەی "بە داگیركراو و عەسكارتاریەت" وەسفكرد، خەسرەو گۆران، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (كەركوك ناو)، وتی "ئێمە لە تەواوی ئەو ناوچانەی کە کوردی تێدایە لە عیراق بەشداری هەڵبژاردن دەکەین، تەنانەت بە كەركوكیشەوە... بۆ ئەو مەبەستەش دوجار لەگەڵ لایەنە كوردییەكان كۆبوینەتەوە بە مەبەستی ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردن لەو ناوچانە". لەبارەی هەوڵی حزب و لایەنە كوردییەكان بۆ دروستكردنی هاوپەیمانێتییەك، وتی "ئاگاداری ئەوە نین، بەڵام ئێمە لەگەڵ یەکلیستیی و یەکڕیزی لایەنەکانی كەركوداین". پارتی لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 – گەڕانەوەی هێزە عیراقییەكان بۆ ناوچەكانی جێناكۆك-، نەگەڕاوەتەوە بۆ كەركوك و چەندینجار جەختیكردۆتەوە لەوەی تا دۆخی پارێزگاكە ئاسایی نەبێتەوە "بەهیچ شێوەیەك ناگەڕێتەوە و بەشداریی هەڵبژاردنی ئەو پارێزگایەش ناكات". بڕیاری نوێی پارتی بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی پارێزگای كەركوك، هاوكات بوو لەگەڵ بەڕێوەچونی كۆبونەوەی حزب و لایەنە كوردییەكان لە پارێزگای كەركوك كە یەكشەممە 7ی شوبات بەبێ بەشداریی پارتی و نەوەی نوێ بەڕێوەچوو. رەسوڵ رەئوف، لێپرسراوی مەڵبەندی شەشی حزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان لەبارەی كۆبونەوەكەوە، وتی "بە بەشداریی 11 حزب و لایەنی سیاسی بەڕێوەچوو، ئامانج لێی تاوتوێکردنی هەڵبژاردن و بابەتی هاوپەیمانی بوو... هەموو لایەنەکان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە دەبێت کورد لە کەرکوک و تەواوی ناوچەكانی جێناكۆك بە هاوپەیمانی بەشداربێت بەو پێی هەڵبژاردنی ئەمجارە چارەنوسسازە و بابەتەکە پەیوەستە بە نەتەوەی کوردەوە، هەمووان تاوتوێی ئەو بابەتە دەکەین". هەڵبژاردنی ئەمجارە چارەنوسسازە و بابەتەکە پەیوەستە بە نەتەوەی کوردەوە بەپێی بەشێك لە ناوەڕۆكی كۆبونەوەكە، كە دراوە بە (کەرکوک ناو)، لە كۆبونەوەكەدا، تاوتوێی دیارکردنی لۆگۆی هاوپەیمانێتیی و وتەبێژ و یەکلاییکردنەوەی پێگەی لایەنەکان لە ناو هاوپەیمانیەتییەکەدا كراوە. رەسوڵ رەئوف وتی "پێموایە پارتیش بۆچونی وایە کورد یەکڕیز بێت لە پارێزگای كەركوك... ئەمجارە ئەگەر وریا نەبین ئەوە بە زیان بۆ کورد دەشکێتەوە بە تایبەت ئەگەر بێت و ژمارەی کاندیدەکان لە حەوت کەس تێپەڕێت ئەوا زیانمان پێدەگات، بۆیە دەبێت ئەمجارە دوو لایەنی زۆرینە کە لە پارتیی و یەکێتی پێکدێن نەرمی زیاتر بنوێن و لەسەر حەوت کاندید رێکبکەوین". لە 28ی كانونی دووەمی رابردوو، لە بینای پەرلەمانی كوردستان كۆبونەوەیەكی حزبە كوردییەكان لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ هەمان مەبەست بەڕێوەچوو. ئەوكات رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی "كۆبونەوەكە بۆ خۆگونجاندنی حزبە كوردییەكان بوو لەگەڵ واقعی ئەو ناوچانە و تەكنیكە نوێیەكانی یاسای هەڵبژاردن لە چۆنیەتی دابەشكردنی بازنەكان". بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردنی پهرلهمانی عیراق؛ پارێزگاكان بەسەر چەند بازنەیەكی نوێی هەڵبژاردندا دابەشدەكرێن، بۆ ئەوەش كورد دەیەوێت زۆرترین كورسی بەدەستبهێنێت و لەنێو بازنەكاندا دەنگی پەرشوبڵاونەبێت، بۆ ئەوەش پێویستی بە هاوپەیمانێتیی و یەكلیستییە.
مەریوان وریا قانع- ئاراس فەتاح ( تایبەت بە درەو) لە فیکری ھاوچەرخدا سیگمۆند فرۆید یەکەمین کەسە تیۆرییەکی تەواوی دەربارەی نوکتە ھەبێت. دوو ڕەھەندی ئەو تیۆرییە شوێنی سەرنجی شارەزایانن. یەکەمیان پێداگرتنە لەسەر گرنگیی ڕووکارە کۆمەڵایەتییەکانی نوکتە، گرنگیی ئەو پەیوەندییەی کە لەنێوان نوکتەکەر و نوکتەبۆکراودا دروستدەبێت. دووھەمیان گرێدان و بەستنەوەی نوکتەیە بە نەشیاو و حەرامە کۆمەڵایەتییەکانەوە. نوکتە وەک ئامرازێک بۆ خۆلادان و تێپەڕاندنی سانسۆر و سنوورەکانی. لە دوای فرۆیدەوە کەسانێکی زۆر لەسەر شیکردنەوەی دیاردەی نوکتەکردن ڕاوەستاون، دەکرێت زۆر بەخێرایی لەسەر دوو ئاراستەیان ڕاوەستین. یەکەمیان ئەو ئاراستەیە کە بە نوکتە ئەرکی خاوکردنەوەی گرژییەکان و مەوادی تەنفیس و خاڵیبوونەوەی کۆمەڵایەتیی دەبەخشێت دووھەمیان، بە پێچەوانەی یەکەمیانەوە، نوکتە نەک تەنھا وەک تەنفیس و ھەوڵدان بۆ کەمکردنەوە گرژیی و ململانێ و خاوکردنەوەی کێشەکان نابینێت، بەڵکو وەک ئامرازێکی گرنگیی ناو ململانێکان و وەک جۆرێک لە خۆبەیانکردن و تەعبیرکردن لە پێگەیەکی ململانێئامێز دەیبینێت. ئەم دیدەیان نوکتە وەک چەمکێک بۆ ھێرشبردنە سەر ئەوانیتر، یان وەک ئامرازێک بۆ بەرگریکردن لە خود خۆی، مامەڵەدەکات. بە بۆچوونی ئێمە نوکتە لە دونیای ئێمەدا ھەموو ئەو ڕۆڵانە دەبینێت؛ لەسەرێکەوە دەرچوونە لە سنوور و سانسۆر و حەرامەکان، بە دویوی ئەودیودا بەشێکە لە تەنفیسیی سیاسیی و خاڵیبوونەوەی کۆمەڵایەتیی، لەسەرێکی دیکەوە بەشێکە لە ململانێ سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان و ئامرازی ھێرشبردنیشە بۆسەر ئەوانیتر. لە دونیای ئێمەدا نوکتە سەرجەمی ئەو ئەرکانە جێبەجێدەکات، بەتایبەتی لەکاتێکدا ئەم دونیایە بە تۆڕێکی گەورە لە حەرام و حەڵاڵ و سانسۆر، بە گەڕان بەدوای تەنفیس و ھەڵاتن لە گرژێتی و بە ململانێ و جەنگی واقیعیی و ڕەمزی تەنراوە. نوکتە بەشێکە لە ئاستە جیاوازەکانی ئامادەگیی ئەو واقیعە و لە فۆرمە جیاوازەکانی مامەڵەکردنیشی، بەتایبەتی نوکتەی سیاسیی. نوکتەی سیاسیی لە واقیعی ئێمەدا ھەموو ئەو ڕۆڵانە بەسەریەکەوە دەبینێت. واتە دەتوانێت ئامرازێکبێت بۆ دەرچوون لە سانسۆر و بەزاندنی سنوورەکان و تەحەداکردنی حەرامە سیاسیی و دینییەکان. دەشێت ئامرازێک بێت بۆ خاوکردنەوەی ململانێ و ناکۆکییەکان و لە فۆرمی تەنفیس و خاڵیبوونەوەی سیاسیی و کۆمەڵایەتییدا ئامادەبێت، دەشێت چەکێکیش بێت بۆ ھێرشکردنە سەر کەسان و لایەنە جیاوازەکان، یان ئامرازی بەرگریکردن بێت لە خود خۆی بەرامبەر بە نەیارەکانی. لە سیستەمێکی سوڵتانیی کۆنترۆڵکراو و ستەمگەری وەک ئەو سیستەمەی لە ھەرێمدا ئامادەیە، نوکتە یەکێکە لەو کەرەستانەی کە خەڵک لە ڕیگایەوە توڕەیی و نائومێدیی خۆیان بەرامبەر بە گێلێتیی و گەمژەیی سیاسییەکانی، بەرامبەر بە بێباکیی و نابەرپرسیارێتییان، بەتایبەتی ئەوانەی لە پلەی سەرۆکایەتییدان، دەردەبڕن. مرۆڤ دەتوانێت لەڕێگای نوکتەوە و بەشێوەیەکی تەنزئامێز و گاڵتەکارییەوە، باس لە خەم و پەژارە و ناسۆرییەکانی کۆمەڵگاکەی خۆی بکات و هەر لەو ڕێگایەشەوە دەتوانێت ڕەخنە لە دەسەڵاتداران بگرێت و بە عەقڵیان پێبکەنێت. گاڵتەکردن بە دەسەڵاتداران بەشێکی گرنگیی نوکتەی سیاسییە، ئیتر لە گاڵتەکردن بە شێوازی قسە و گوتارەکانیانەوە بیگرە، تا بە لەھجە و ئاخاوتن و جوڵەی جەستە و ھەڵسوکەوتیان دەگات، لەمانەش گرنگتر گاڵتەکردن بە عەقڵیان و وێناکردنیان وەک گەمژە و نەزان و نابەرپرسیار. نوکتەی سیاسیی دەتوانێت تا ئەو شوێنە بڕوات و ببێت بە جۆرێک لە کردەی بەرگرییکردنێکی ڕۆژانە بەرامبەر بە مۆدێلێک لە حوکمڕانیی کە ئازاری کۆمەڵگا و تاکەکەسەکان دەدات. نوکتەچییە سیاسییەکان دەشێت مۆدێلێکی تایبەتی خەباتگێڕی پێکەنین بن، چونکە دەتوانن لەڕێگای بەرهەمهێنانی نوکتە و بڵاوکردنیەوە، وێنە و هەیبەتی دەسەڵاتدارن بە پێکەنین بشکێنن و ھەندێکجاریش بلەرزێنن. بەرهەمهێنەرانی نوکتەی سیاسیی دەتوانن پێکەنین بگۆڕن بۆ ھێزی وردوخاشکردنێکی ڕەمزیی ھەیبەت و خۆنمایشکردنی ئەو دەسەڵاتدارێتییەی نوکتەی لەسەر دروستدەکەن. ئەم توانا تایبەتەیە وادەکات نوکتەی سیاسیی لە ئەزموونە ستەمگەر و دیکتاتۆرەکاندا هاوشێوەی دروستکردنی حیزب و چالاکیی سیاسیی، کردەیەکی یاساغ بێت و سزای لەسەربدرێت، ئەمەش وابکات نوکتەکردن چالاکییەکی نھێنیی و ژێرزەمینیی بێت و ئاکتێکی ڕەمزیی بێخاوەن بێت. بەڵام لەگەڵ هەموو گێڕانەوەیەکیدا زیاتر بڵاوببێتەوە و خاوەنەکانی زۆرتر و زیادتر ببێت. بە مانایەکی دیکە گێڕانەوەی نوکتە سیاسییەکە خودی گێڕەڕەوەکە دەگۆڕێت بۆ خاوەنی نوکتەکە و بۆ بڵاوکەرەوەکەشی. بەمەش نوکتەکە لەوە دەکەوێت کە خاوەنێکی تاکەکەسیی کۆنکریتی ھەبێت و دەگۆڕێت بۆ بەرھەمێکی کۆیی و دەستەجەمعیی. نووسەر و دروستکەرە سەرەکییەکەی دەمرێت و گێڕەڕەوەکانی دەبن بە نووسەر و دروستکەرە نوێیەکەی. لەگەڵ ھەر گێڕانەوەیەکیشدا خاوەن و دروستکەرێکی نوێ بەرهەمبهێنێت. نوکتەی سیاسیی لە ئەزموونە دیکاتۆرەکاندا بەچەشنێک بەربڵاوە مرۆڤ واهەستدەکات لەم جۆرە کۆمەڵگایەدا جگە لە نوکتەگێرانەوە و پێکەنین، مرۆڤەکان هیچ کار و خەمێکی تریان نییە. نەبوونی ئازادیی ڕادەربڕین لە دەوڵەتە ستەمگەرە داخراوەکاندا وادەکات خەڵک ڕێگای تر بدۆزێتەوە بۆئەوەی تەعبیر لە خۆیان و کۆمەڵگاکەیان بکەن. نوکتەی سیاسیی تەنها دیوە کۆمیدییەکەی سیاسەت و سیاسەتمەداران نماییشناکات، بەڵکو دیوە تراژیدییەکەی پێگەی نوخبە و دیکتاتۆرەکانیش لەناو کۆمەڵگادا نیشاندەدات. لە مێژووشدا دیکتاتۆرێک نییە نوکتەی لەسەر نەکرابێت و خۆشی بەشێک لەو نوکتانەی پێنەگەیشتبێت. جەمال عەبدولناسر یەکێک بوو لەو دیکتاتۆرانەی کە بە نوکتە زۆر ئیزعاج دەبوو، و هەندێک جار نوکتەیەک لەسەر دۆخێک وای لێکردوە هەنگاوی سیاسیی و ئیداریی بنێت بۆئەوەی نەبێت بە قەشمەری گەلەکەی. بۆ نموونە عەبدولناسر بە نوکتەی خەڵک لەسەر لەشکرەکەی هێندە قەڵس بوو، ناچار لەیەکێک لە خوتبەکانی داوا لە گەلی میسر دەکات چیتر نوکتە لەسەر سەرباز و لەشکری وڵاتەکەیان دروستنەکەن. دیارە لەشکری میسر فشەی دونیای کرد کە بە چەند سەعاتێک دەگەنە ناو دڵی ئیسرائیل لە تەلئەبیب، کەچی ڕێک لەوکاتەدا فرۆکەکانی ئیسرائیل بەسەر قاهیرەوە بوون. نوکتەی سیاسیی بەچەشنێک جەمال عەبدولناسری هەراسان کردبوو کە بەرێوبەری موخابەراتی ڕاسپاردبوو، بەشێوەیەکی دەوریی هەرچی نوکتە هەیە بۆی بکات بە راپۆرت و بیخاتە بەردەستی، چونکە ترس و فۆبیایەکی گەورەی بەرامبەر بە نوکتەی خەڵک هەبوو. ترسی عەبدولناسر لە نوکتە ئەو ڕاستییەمان نیشاندەدات کە نوکتە دەشێت بگۆڕێت بۆ ئامرازێکی گرنگی ململانێی سیاسیی و گاڵتەکردن بە عەقڵیەتی سیاسیی حوکمڕانان و فشە سیاسیی و ئایدیۆلۆژییەکانیان. هاوشێوەی جەمال عەبدولناسر بارزانیش گەلەکەی خۆی بە سپڵە و چاکەنادیدە دەبینی. لەکاتێکدا هەموو میدیا حیزبیی و حکومیی و خێزانەکەی خەریکی ڕازانەوەی وێنەی ئەون وەک سەرۆکی نەتەوە، کەچی خەڵکێکی زۆر لە سەرۆک هەر ناڕازییە و خۆپیشاندان سازدەکەن و نوکتە لەسەر خۆی و دەسەڵاتدارێتییەکەی دەکەن. ئەم دۆخە بارزانیی بەچەشنێک توڕە کرد، لەیەکێک لە خوتبەکانیدا بڵێت با خەڵکی سلێمانی چی دەکەن با بیکەن، با بۆ خۆیان هەڵپەرن، قسەبکەن و پێبکەنن. نوکتەی خەڵکی کوردستان لەسەر ریفراندۆمەکەی بارزانی و لێدوانی هەندێک لە سەرکردەکانی پارتییش بۆ شەڕکردن لەگەڵ لەشکری عێراقیی گەیشتە ئاستێکی بێتام، کە بە زمانی شەعبی پێیدەڵێن ئاستی فشەکردن. ئەو فشانەی کە لەشکری میسری لە جەنگی ئیسرائیلدا کردیان، هەمان ئەو فشانە لە لایەن زۆرێک لە سەرکردەکانی پارتی و ھێزەکانی ترەوە لەکاتی ریفراندۆمدا کران. دروستکردنی دەوڵەتی کوردییان بەستبووەوە بە وەڵامدانەوەی پرسیارێک لەسەر پارچە کاغەزێک بە بەڵێ. میدیاکارێکی ناسراوی پارتی تەنانەت ھەڕەشەی ئەوەی ئەکرد ئەگەر دەوڵەتە کوردییەکی دوای ڕیفراندۆم قبووڵنەکرێت، ئەوا تورکیا لەبەریەک ھەڵدەوەشێنرێتەوە و پارچەپارچەدەکرێت. فشەی نەتەوەیی گەورە و درۆی سیاسیی بەردەوام وایکرد هەم گەلی میسر و هەم گەلی کوردستان بەزەییان بەرامبەر بە سەرۆک و سیاسییەکانیان نەیەتەوە و بکەونە گاڵتەکردن بە توانا و لێهاتوویی و ئازایەتییان، بە عەقڵ و بیرکرندەوەیان ڕابوێرن. نوکتەی سیاسیی لە هەرێمی کوردستاندا تەنها لەکاتی درۆ و فشە گەورەکانی هەڵبژاردندا بەرهەمنایەت کە سیاسەتمەدارەکان بێ پەردە بۆ خەڵکی دەکەن، بەڵکو لەکاتی خۆپیشاندان و روبەڕووبونەوە توندوتیژەکانیش لەگەڵ دەسەڵاتدا ئامادەیە. گەورەترین فشەی هەڵبژاردن بریتیی بوو لە فشەی سەرۆک وەزیرانی ئەوسای هەرێم، نێچیروان بارزانی، کاتێک پەیمانی ئەوەی بە خەڵکی هەرێم دا، گەر لە هەڵبژاردندا دەنگ بە خۆی و حیزبەکەی بدەن، هەموویان دەکات بە خاوەن پشک لە داهاتی نەوتی هەرێمدا. دیارترین ڕەخنەی تەنزئامێزیش دەستەواژەی “مەعاشەکەو جوانە گەواد“ بوو، کە ئاراستەی گروپە چەکدارەکانی دەسەڵات کرا، چونکە تەقەیان لە خۆپیشاندەرانی مەدەنیی دەکرد و بێبەزییانە ئەشکەنجەیان دەدان. دیوێکی تری نوکتەی سیاسیی گاڵتەکردنی کەسایەتییە سیاسیی و سەرکردەکانە بە خەڵک و بەو کۆمەڵگایەی حوکمڕانیی دەکەن. ئەوان گەر شتێکیشیان دەستنەکەوێت پێی بکەنن، ئەوا یان بە گەلەکەیان پێدەکەنن یان بە خۆیان. ژمارەیەکی زۆری سەرکردەکانی ئێستای ھەرێمەکە ڕۆژگارێک پێشمەرگە بوون. لە ئێستاشدا کە ئەزموون و مۆدێلی دەسەڵاتداریی و حوکمڕانییان هیچ هەیبەت و نرخێکی لای خەڵکی نەماوە و بوون بە مایەی ڕقلێبونەوە و پێپێکەنین، ھەندێک لەو سەرکردانە کەوتوونەتە فشەکردن و باسکردنی ئازایەتیی خۆیان لەکاتی پێشمەرگایەتییدا . باسی روبەڕوبونەوەی ڕامبۆئاسای خۆیان بەرامبەر بە لەشکری بەعس دەکەن. کێشەکە لەوەدایە ئەو حیکایەتانەی ئەم سیاسەتمەدارانە دەیگێڕنەوە هێندە کۆمیدییە، گەر ئازایەتییەکیش لەسەردەمی پێشمەرگایەتییدا هەبووبێت، ئەمان بە فشەکانی ئەمڕۆیان و لە سیاقی فەشەلی سەرتاسەری حوکمڕانییەکەیاندا، تەواو وێرانی دەکەن. بەبۆچوونی ئێمە کێشەی سیاسەت و سیاسییەکانی کورد هەر ئەوە نییە کە زۆرینەیان بوون بە قەشمەرجاڕی خەڵک، بەڵکو خۆشیان قەشمەرییان بە خەڵکی خۆیان و بە ڕکابەرە سیاسییەکانیشیان دێت. لەکاتێکدا مەیدانی ماستەکە لە سلێمانی یەکێک بوو لە شوێنە گرنگەکانی خەباتی سیاسیی نهێنیی دژ بە ڕژێمی بەعس، ڕووبەرێکی گرنگیی بەرگریکردن و تەسلیمنەبوون بوو، لەکاتی پێشمەرگایەتیی ئەم سەرکردانەدا، کەچی ئێستا بۆئەوەی قەشمەریی بە بۆچوونێکی سیاسیی دیاریکراو بکەن، دەڵێن، ئەوەی دەگوترێت ڕای مەیدانی ماستەکەیە. لەکاتێکدا خەڵک داوای کارەبا و ئاو دەکات، ھەمان ئەو تایپە سیاسییە درۆی ئەوە دەکەن و دەڵێن کوردستان وەک سویسرایە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. پێدەچێت لەپاڵ ئەم جۆرە سیاسییانەدا دۆخەکە لە کوردستاندا پێچەوانەبووبێتەوە. لە مێژوودا پادشا و حوکمڕانەکان بەردەوام موھەریج و لێبوک و بەھلولی تایبەتیان ھەبووە بۆ ئەوەی لە کۆشکەکانیاندا بیانخەنە پێکەنین. بەڵام ئەمڕۆ لە کوردستاندا ئەوە خەڵکە پێویستیان بەو جۆرە سیاسییە موھەریجانە ھەیە بۆئەوەی بیانخەنە پێکەنین و تەنفیسێکبن بۆ نائومێدیی و ڕەشبینییە مێژووییە گەورەکەی خۆیان. نوکتەبارانکردنی ئەم جۆرە سیاسیی و ھاوشێوەکانی بەشێکە لەو دۆخە سایکۆلۆژییە دەستەجەمعییەی لە کوردستاندا دروستبووە. ئەرکێکی گرنگی ئەم نوکتەکردنەش خۆبەتاڵکردنەوەی کۆمەڵگایە لە خەم و ڕق و حەسرەتە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانیان. کێشەکە لەوەدایە کاتێک سیاسەت دەبێت بە قەشمەرییات و سیاسەتمەریش بە موهەریج، مانای ئەوەیە کۆمەڵگایەکی تەواو خەمبار دروستبووە کە پێویستی ھەم بە تەنفیس و ھەم بە بەرگریکردنە. سیاسیی موھەریج ھەردوو ئەگەرەکە مەیسەردەکات، بەڵام لەڕێگای گۆڕینی سیاسەت خۆیەوە بۆ گاڵتەجاڕیی و قەشمەریی. بوونی ئەم جۆرە لە سیاسەت و ئەم جۆرە لە سیاسیی وادەکات نوکتە بەشێک بێت لە کردەی سیاسیی ڕۆژانە بە زیاد لە دیو و ئاراستەیەکدا. ئیبن خەلدون، کە یەکێک لە عەقڵە گەورەکانی ناو فیکری مرۆڤایەتیی، کاتێک باس لە ھۆکارەکانی گۆڕینی قەیران و زەحمەتییەکانی ناو کۆمەڵگا بۆ نوکتە دەکات، دەڵێت: ”ئەگەر بینیت خەڵک لە سەردەمی قەیران و نەھامەتییەکاندا قسەی خۆش و نوکتەی زۆر دەکەن، لەوە دەڵنیابە کە ھەژاریی بڕستی لەو خەڵکە بڕیوە، ئەوان خەڵکانێکی لەخشتەبراو و چەوسێنراو و ئیھانەکراون. لەوجۆرە کەسانە دەچن کە بەر لەبردنیان بۆ کوشتن سەرخۆشیان دەکەن.“ نوکتەی زۆر لە ھەرێمەکەی ئێمەدا، ھەم نوکتەی خەڵک بە سیاسییەکان و ھەم نوکتەی سیاسیەکان بە خەڵک، ئەم دیدە ترسناک و تراژیدیەی ئیبن خەلدون دەسەلمێنێت. بابەتی دوانزەیەم: بەرماڵتەکێنەکە و قەیرانی حوکمڕانیی بابەتی یانزەیەم: دوای ترامپ: خۆدروستکردنەوەی ئەمریکا بابەتی دەیەم: سۆشیال میدیا: لەکایەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بۆ دەسەڵاتێکی سیاسیی بابەتی نۆیەم: دیموکراسیی لە قەیراندا بابەتی هەشتەم: شێخ نەھرۆی کەسنەزانی: لە ئابوریی نەوتەوە بۆ ئابوریی گەشتیاریی دینیی. بابەتی حەوتەم: كۆتایی سیاسەتو نابەرپرسیارێتیی رێكخراو بابەتی شەشەم: حەشدی كوردیی وەك داهێنانێكی تائیفیی تر بابەتی پێنجەم: شەپۆلێکی تری توڕەبوون بابەتی چوارەم: حیزبی كوردیی: لە بكەرێكی مۆدێرنەوە بۆ كۆڵەكەیەكی سوڵتانیی بابەتی سێیەم: لەنێوان "هەناسەدان"و "پڕوكان"دا بابەتی دووەم: عێراق لە فەشەلی بنیاتنانی نەتەوەوە بۆ دەوڵەتی فاشیل بابەتی یەكەم: کۆرۆنا و ئابوریی فەرھود و حوکمڕانیی
(درەو): ئەمڕۆ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەی 2021 كۆبووەوەو رایگەیاند بەهۆی هەڵەی حكومەتی هەرێمەوە خەڵكی برسی مەكەن، بۆیە تەبەنی دەقەكەی حكومەت بكەن. لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو)، هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە كۆبونەوەكەدا لەبارەی پشكی هەرێمەوە، مستەفا كازمی داوای لە لیژنەی دارایی كردووە تەبەنی ئەو دەقە بكەن كە لە رەشنوسی پرۆژەی بودجەدا لەلایەن حكومەتەوە نێردراوە. ئەو دەقەی كە حكومەتی مستەفا كازمی لە رەشنوسی پرۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراقدا لەبارەی پشكی هەرێمەوە ناردویەتی بۆ پەرلەمان، داوا دەكات هەرێم مانگانە داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوتو نیوەی داهاتی دامەزراوە فیدراڵییەكان بۆ بەغداد بگێڕێتەوە لەبەرامبەر (14 ترلیۆن) دینار پشكی هەرێم لە بودجەدا بۆ هەموو ساڵەكە، لایەنە شیعەكان بەم دەقە رازی نینو داوا دەكەن هەرێم هەموو نەوتەكەی رادەست بكات، ئەمەش كێشەی دروستكردووە. هۆشیار عەبدوڵا ئاماژەی بەوەكرد، كازمی داوای كردووە بە نەفەسی سیاسی بیر لە چارەسەر لەگەڵ هەرێمی كوردستان نەكەنەوە، بەڵكو وەكو چوارچێوەی دەوڵەت كێشەكە چارەسەر بكەن. كازمی وتویەتی:" ناكرێت بەهۆی سیاسەتە هەڵەكانی حكومەتی هەرێمەوە خەڵك بێ موچەو برسی بكرێت.. خەڵك هەن نایانەوێت هەرێمو بەغداد بگەنە رێككەوتن".
درەو: قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، سلێمانی (11%) ی نەوتی هەرێمی كوردستان بەرهەمدەهێنێت، بەغداد چۆن ئامادەیە مانگانە (400 ملیۆن) دۆلاری بۆ بنێرێت. قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ رۆژنامەی سەباحی زمانحاڵی حكومەتی عێراقی رایگەیاندووە: "هەندێک کەس لە هەندێ پارێزگا ئەم پرسەیان ورووژاندووە. پرسیارەکەی من ئەوەیە ئایا حکومەتی ناوەندیی ئامادەیە پارە بۆ یەک پارێزگای هەرێمی کوردستان بەشێوەی راستەوخۆ بنێرێت؟". "بۆ نموونە پارێزگای سلێمانی بە بودجەی بەکاربردن و مووچەی فەرمانبەرانی پێویستی بە 400 ملیۆن دۆلارە. پرسیارەکە ئەوەیە حکومەتی ناوەندیی ئامادەیە ئەو کارە بکات، لەکاتێکدا سنوورەکە نەوتی پێویستیشی نییە و تەنیا 11%ـی نەوتی هەرێمی کوردستان لەو سنوورەیە. بۆیە دیسان ئەو پرسیارە دەکەمەوە حکومەتی ناوەندیی ئامادەیە بەو شێوەیە راستەوخۆ پارە بۆ سلێمانی بنێرێ؟". قسەکانی قوباد تاڵەبانی لەکاتێکدایە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی فەرمانبەرانی بێ لێبڕین، مانگانە پێویستی بە 613 ملیۆن دۆلارە. "ئەوەی کە دەگوترێت بۆ فرۆشتنی نەوتە راست نییە، ئێمە نەوتمان بۆ ماوەی 50 ساڵ نەفرۆشتەوە. رێککەوتنی 50 ساڵە لەگەڵ تورکیا تەنیا بۆ هەناردەکردنی نەوتە لە رێگەی بۆریی نەوتی تورکیا بۆ بەندەری جەیهان، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەیە کە عێراق لەگەڵ تورکیا کردوویەتی بۆ گواستنەوەی نەوت لەرێگەی تورکیاوە بۆ بازاڕەکانی جیهان". لە ساڵی 2020 رێککەوتنێک لەنێوان هەردوولا ئەنجامدرا و حکومەتی فیدراڵی بڕیاریدا 320 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام رێککەوتنەکە درێژەی نەکێشا و تەنیا دوو مانگ ئەو بڕە پارەیە بۆ هەولێر نێردراوە". جەختدەكەینەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە و هەموو پابەندبوونەکانی خۆی جێبەجێ بکات، وەک ناردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و تەنانەت داهاتی نانەوتی لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە، "بەڵام بەپێی یاسا و لە چوارچێوەی دەستووردا لەبەرامبەریشدا حكومەتی هەرێم شاییستە داراییەكانی خۆی بەدەستبهێنێت
راپۆرتی: عەلی حەمەساڵح تائێستا داھاتی گازی سروشتی سفر بوەو دوو ملیار دۆلاریش لەسەری دۆڕاوین " هەرێمی كوردستان لە گازی سروشتیدا لە پلەی هەشتەمی جیهاندایە، بەڵام حكومەت لەبری ئەو سامانەی كە ئاییندەی هەرێمی كوردستانە، هێشتا چاوی لەسەر نەوت هەڵنەگرتووە، تاكە سودمەندی گازی سورشتی هەرێمی كوردستانە تەنها دانەگازە، سەرەرای ئەوەی ئەو كۆمپانیایە هیچ داهاتێكی نەخستووەتە خەزێنەی حكومەتەوە، بەڵام حكومەت دوو ملیار دۆلاریشی پێ دۆڕاندووە". بۆ ئایندەی هەرێمی كوردستان، بەدیلی بەھێز (گازی سروشتی)ە، كە (٣٪ ) گازی سروشتی ھەموو جیھان لە هەرێمی كوردستانە، پلانێكی تۆكمە بۆ وەبەرھێنان لەو بوارەدا كوردستان دەباتە قۆناغێكی ترەوە.. بەڵام ئەگەر سود لەو ھەڵە كوشندانەی دۆسیەی دانەگاز وەرنەگیرێت ئەم ڕەحمەتە دەبێتە نەفرەتێكی گەورە.. تائێستا داھاتی گازی سروشتی سفرەو زیاتر لە (دوو ملیار) دۆلاریش بە دادگا دراوە بە دانەگاز.. مۆتەكەی دانەگاز.. كۆمپانیای دانەگاز ساڵی ٢٠٠٥ لە ئیمارات دامەزراوە سەرەتا لە ئیمارات كاریان دەكرد، دواتر ھاتنە ھەرێمی كوردستان.. كۆمپانیای دانەگاز لە كێڵگەی كۆرمۆر كاردەكات، كە (٤٥ )كم لە كەركوكەوە دورە، لە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە، درێژی ئەم كێڵگە ٣٥ كم پانیەكەی ٤ كم ە. ئەم كێڵگەیە ساڵی ١٩٢٩ دۆزراوەتەوە، تاوەكو ئابی ١٩٩٠ پێنج بیر لێدرا، واتە: قادر كەرەم كێڵگەیەكی دۆزراوە بوە، دانەگازو ھاوبەشەكانی تەنیا بە فراوانكردن و ئیدارەدان بون بە خاوەنی ئەو كێڵگەیە.. دانەگاز بەبێ گرێبەست دەستبەكاربوو؟ داناگازو ھاوبەشەكانی وەك خاوەنی كێڵگەی (قادر كەرەم) دەردەكەون، ئەوەی ئەم كۆمپانیایە لەگەڵ حكومەتی ھەرێمدا هەیەتی بریتیە لە ڕەشنوسی گرێبەست(Heads of Agreement) ، لە ھیچ شوێنێكی یاسای نەوت و گازدا شتێك نیە بەناوی ڕەشنوسی گرێبەست؟ لە ھەموو جۆرە گرێبەستە نەوتی و گازیەكاندا بە چاك و بەخراپ شتێك نیە بە ناوی ڕەشنوسی گرێبەست! كەواتە لە پێناو چیدا ئەمە كرا؟ كێڵگەی قادر كەرەم سێ جۆر بەرھەمی ھەیە یەك: LPG (غازی ماڵان) ئەم بەرھەمە دانەگاز خۆی دەیفرۆشێت و كۆی پارەكەی بۆ خۆیەتی، بەرھەمی ڕۆژانەی (هەزارو 70) تەنەو ھەر تەنێك بە( 305) دۆلار دەفرۆشێت و داھاتی مانگانەی (٩ ملیۆن و ٧٩٠ ھەزار) دۆلارە! پار ساڵ دانەگاز تەنی گازی بە (٢٨٥ دۆلار) فرۆشتووە و ئەم ساڵ كردویەتی بە (٣٠٥ )دۆلار، ئەم زیادكردنەو بەرزبونەوەی بەھای دۆلار بووە بەھۆكار بۆ گرانكردنی غازی ماڵان لەسەر ھاوڵاتیان لەم دۆخە قەیراناویەدا .. ھەرچەندە ئەمە موڵكی خەڵكی كوردستانە، بەڵام ئێستا بەروارد بەو گازەی لە كەركوك بەرھەمدێت نرخی غازی ماڵانی قادر كەرەم گرانترە، بۆیە ئەركی حكومەتە سنورێك بۆ ئەم گرانكردنە دابنێ و بیگەڕێتەوە بۆ نرخی پێشوی و سیستمی فرۆشتنی دابنێ. دوو: كۆندێن سەیت، بەرھەمی ڕۆژانەی( هەزارو 753) تەنە، حكومەتی ھەرێم ھەمووی دەكڕێتەوە تەنی بە (370) دۆلار و دەیكاتە ناو بۆری نەوتی كوردستان بۆ بەرزكردنەوەی كوالێتی نەوت.. داھاتی مانگانەی (١٩ ملیۆن و ٤٥٨ ھەزار) دۆلارە.. سێ: ئەو گازی سروشتیەی بۆ كارەبا بەكاردێت.. بەرھەمی گازی سروشتی (٤٤٥ ملیۆن) پێ سێجایە، لەم بڕەیە (٣٠٥ ملیۆن) پێ سێ جا بێ بەرامبەر دەدەنە حكومەتی ھەرێم و ئەوی دیكەی بە پارەیە. جگە لەو بڕەی حكومەتی ھەرێم كوردستان بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی بەرھەمھێنانی كارەبا وەریدەگرێت تاوەكو ئێستا داھاتی حكومەت سفرە، دانەگازیش جگە لەوەی مانگانە (٣٠ ملیۆن) دۆلار قازانجیەتی و لە دادگاش (٢ ملیارو ٢٣٩ ملیۆن) دۆلاری لەحكومەتی ھەرێم بردەوەتەوە تاڕادەیەكی زۆریش دەتوانێت ھەڵسوكەوت بە بەرھەمی كێڵگەكەوە بكات، بەشێوەیەك ئەوەندە داناگاز وەك خاوەنی ئەم كێڵگە ھەڵسوكەوت دەكات، حكومەتی ھەرێم نایكات... دادگای واشنتۆن و بەڵایەكی تر لە ٢٠١٧/٥/١ دانەگازو ھاوبەشەكانی لە دادگای واشنتۆن سكاڵایەكی دیكەیان لەسەر حكومەتی ھەرێم تۆماركرد، داوای (٢٦ ملیارو ٥٠٠ ملیۆن) دۆلاریان لە حكومەتی ھەرێم كرد.. دانەگازو ھاوبەشەكانی سكاڵاكەیان كشاندەوە لە بەرامبەر، چەند دەستكەوتێكی دیكە بۆ دانەگاز.. یەك: ماوەی گرێبەستی داناگاز (١٧ )ساڵی دیكە درێژبكرێتەوە تاوكو ٢٠٤٩ . دوو: فراوانكردنی ناوچەی گرێبەستەكە بە زیادكردنی ھەردوو بلۆكی (١٩و ٢٠) بۆ سەر ناوچەی ٢٠٠٧ . سێ: جگە لە LPG و كۆندێن سەیت كە داناگاز بۆ خۆی دەفرۆشێت، حكومەتی ھەرێم ھەڵدەستێت بە كڕینی ٥٠٪ ئەو گازە زیادەی بەرھەم دەھێندرێت بۆ وێستگەكانی كارەبا، ئەو (٥٠٪ )دەمێنێتەوە دانەگازو ھاوبەشەكانی بە بازاڕی دەكەن... لە ڕووی دارایی و ئیداری و حوكمڕانیەوە دانەگاز خراپترین گرێبەستە كە لە خزمەتی كۆمپانیادایە، بە سود وەرگرتن لە ئەزمونی داناگاز، گرنگ و پێویستە وەبەرھێنان لە كێڵگە گەورەكانی گاز دەستپێبكات.. ھێزی گەورەی ئابوری كوردستان گازی سروشتیە نەك نەوت. ئێستا وەبەرھێنان لە خورمەڵە دەستی پێكر�وە، چەندین كێڵگەی گەورەھەن بۆ وەبەرھێنان..لەوانە: (میران و چەمچەماڵ و بنەباوی، عەربەت، تۆپخانە، كوردەمیر، شاكەل ... ) كوردەمیرو تۆپخانە دوو ھێندەی كۆرمۆر غازی پاكیان ھەیەو تۆپخانە ئامادەیە بۆ كاركردن.. یەدەگی گازی سروشتی كوردستان جێگای سەرنجە! بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی سامانەسروشتییەكان، هەرێمی كوردستان خاوەنی یەدەگی ( 200 تریلیۆن) پێ سێجا یان بە واتایەكی تر ( 5 تریلیۆن و 700 ملیار) مەتر سێجا یەدەگی گازی سروشتییە، ئەمەش 3%ی یەدەگی گازی دنیا پێك دەهێنێت. ئەگەر ئەم ئامارە وەك پێوەر وەربگرین، ھەرێمی كوردستان لە دوای رووسیا و ئێران و قەتەڕو و ئەمریكاو سعودیەو توركمانستان و ئیمارات ھەشتەم دەوڵەمندی دونیایە بە سامانی گازی سروشتی، ئەگەر ڕێژەی یەدەك بەراورد بە دانیشتوان دابنێین، ھەرێمی كوردستان لە لوتكەدایە.. دەزگای پشكنینی جیۆلۆجی ئەمریكا (USGS) بۆی دەركەوتوە كە سەرچاوە نەسەلمێنراونەكانی گازی سروشتی تەنھا لە ناوچەی زاگرۆس كە دەكەوێتە ھەرێمی كوردستان بڕەكەی دەگاتە (54) ترلیۆن پێ سێجا، ئەوەش پاڵپشت بەوەی سەرجەمی گێڵگە سەلمێنراوەكان لەو ناوچەیە كەمترە لە (10) ترلیۆن پێ سێجا گازی سروشتی بەبەراورد بە كێڵگە نەسەلمێنراوەكان كە (30) ترلیۆن پێ سێجایە، ئەوەش جگە لە بونی یەدەگێكی زۆر زیاتر لە كێڵگەكانی (بنەباوی ، خورمەڵە، چەمچەماڵ و میرانو تۆپخانەو شاكەل و عەرەبەت.)
(درەو): مەسعود بارزانی بە تەلەفۆن لەگەڵ نوری مالیکی و هادی عامری قسەی کردووەو دەیەوێت لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی کۆببێتەوە. سەرچاوەیەک لە هاوپەیمانی فەتح بە (درەو)ی راگەیاند، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تەلەفۆن لەگەڵ هەریەکە لە نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاساو هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح قسەی کردووە. بەگوێرەی زانیارییەکانی (درەو)، لەم پەیوەندییە تەلەفۆنیانەدا، بارزانی وتویەتی:" ئەگەر وەکو مەرجەعی بڕیاری سیاسی کورد مامەڵە لەگەڵ من بکەن، لە پەرلەمانی نوێی عێراقدا دەنگی کورد لەگەڵ ئێوە دەبێت". لەبەرامبەر ئەم پشتیوانییەدا، بارزانی داوای لە مالیکی و عامری کردووە لە پەرلەمان پاڵپشتی لەوە بکەن هەرێمی کوردستان تەنیا داهاتی (٢٥٠ هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەستی بەغداد بکات، وەکو ئەوەی لە رەشنوسی بودجەی ٢٠٢١دا لەلایەن حکومەتی مستەفا کازمییەوە جێگیرکراوە. سەبارەت بە ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و کاریگەری لەسەر کۆدەنگی کورد، بارزانی بە مالیکی و عامری راگەیاندووە، لەچەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ هاوسەرۆکەکانی یەکێتی کۆدەبێتەوەو کێشەکان لەگەڵ یەکێتی چارەسەر دەکەن و کورد یەکدەنگ دەکەنەوە. بڕیارە بارزانی لەچەند رۆژی داهاتوودا دوای ماوەیەک لە گرژی و ئاڵۆزی، چاوی بە هەریەکە لە لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بکەوێت و لەم دیدارەدا هەریەکە لە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم بکەوێت. ئەگەر ئەم دیدارە روبدات، یەکەمجارە بارزانی بە فەرمی دان بە هاوسەرۆکایەتییەکەی لاهور شێخ جەنگیدا دەنێت و کاریگەری لەسەر پرۆژەکەی یەکێتی دەبێت بۆ مامەڵەکردنی راستەوخۆ لەگەڵ بەغداد، ئەگەر حکومەتی هەرێم و بەغداد لەسەر نەوت و بودجە نەگەیشتنە رێککەوتن.
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت دووشەممەی ئەم هەفتەیە دادگای لەندەن قسەی خۆی دەكات لەبارەی سكاڵایەكی یاسایی لەسەر ئاشتی هەورامی كە بەهاكەی (ملیارێكو 600 ملیۆن) دۆلار لەسەر حكومەتی هەرێم دەكەوێت، مانگی چواری ئەمساڵیش دادگای لەندەن بڕیار لەسەر سكاڵایەكی حكومەتی عێراق دەدات دژی توركیا كە بەهاكەی (26 ملیار) دۆلارەو پەیوەندی بە ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێمەوە هەیە، ئێستا نەوتی هەرێم هەم لە بەغدادو هەم لە دەرەوە لەبەردەم مەترسی لەدەستدانی سەروەریدایە. سكاڵایەك لە دادگای لەندەن رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە، دادگای لەندەن جارێكی تر دانیشتنەكانی لەسەر نەوتی هەرێمی كوردستان دەستپێدەكاتەوە، دانیشتنەكانی ئەمجارە ماوەی (4) رۆژ دەخایەنێت. ئەو كەیسەی كە دادگای لەندەن لەسەری كۆدەبێتەوە پەیوەندی بە سكاڵایەكی یاساییەوە هەیە كە كۆمپانیایەكی ناوخۆیی لە شاری سلێمانی بەناوی (دایناستی پترلیۆم) لەسەر ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەكان تۆماری كردووە. كۆمپانیای (دایناستی) كە خاوەنەكەی گەنجێكی كوردی خەڵكی شاری سلێمانییە بەناوی (هیوا ئاوات عەلی)، رۆژی 14ی ئابی 2019 لە دادگای شاهانەی بەریتانیا لە لەندەن سكاڵایەكی لەسەر ئاشتی هەورامی تۆماركرد. ئەم كۆمپانیایە داوای بڕی (ملیارێكو 600 ملیۆن) دۆلار قەرەبوو لە حكومەتی هەرێم دەكاتو دەڵێ بەهۆی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمەوە زیانی بەركەوتووە. (داینا ستی پترلیۆم) كە كۆمپانیایەكی ناوخۆیی هەرێمی كوردستانەو سنوردارە لە بواری نەوتو غازدا، رۆژی 1ی ئازاری 2019 لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا، پشكەكانی كۆمپانیای (ریسپۆڵ)ی ئیسپانی لە دوو كێڵگەی نەوتی هەرێمدا كڕییەوە كە بریتی بوون لە: • بلۆكی نەوتی (K39) كە دەكەوێتە كێڵگەی نەوتی (تۆپخانە) لە رۆژهەڵاتی ناحیەی قادركەرەمو ناوچەی جەبارە. • بلۆكی نەوتی (K44) لە كێڵگەی نەوتو غازی (كوردەمیر) كە دەكەوێتە خوارو ناحیەی سەنگاو و باكوری قەزای كەلار. كۆمپانیای (ریسپۆڵ)ی ئیسپانیی بەرلەوەی پشكەكانی خۆی بە كۆمپانیای (داینا ستی) بفرۆشێت، لە كێڵگەی (تۆپخانە) خاوەنی 60%ی پشكەكان بوو، لە كێڵگەی (كوردەمیر)یش 40%ی پشكەكانی هەبوو. ئەو دوو بلۆكە نەوتییەكەی كە كۆمپانیا ئیسپانییەكە فرۆشتبووی بە كۆمپانیای (داینا ستی)، پێشتر پشكی كۆمپانیایەكی كەنەدی بوون بەناوی كۆمپانیای (تالیسمان)، واتا كۆمپانیا ئیسپانییەكە پشكی بلۆكە نەوتییانەی لە كۆمپانیایەكی كەنەدی كڕیوەتەوەو دواتر فرۆشتویەتییەوە بە كۆمپانیای (داینا ستی) كە كۆمپانیایەكی ناوخۆیی بووە. بەپێی لێكۆڵینەوەكان، یەدەگی نەوت لە هەردوو كێڵگەی (تۆپخانە)و (كوردەمیر) دەگاتە (2 ملیارو 600 ملیۆن) بەرمیل، قەبارەی غازی سروشتیش لەو دوو كێڵگەیەدا بە (7 ترلیۆنو 200 ملیار) پێ سێجا خەمڵێندراوە، ئاستی وەبەرهێنانی نەوت لە هەردوو كێڵگەكە رۆژانە دەگاتە (25 هەزار) بەرمیل، قەبارەی غازی سروشتی بەرهەمهێنراویش لەم كێلگانەدا رۆژانە دەگاتە (600 ملیۆن) پێ سێجا. كۆمپانیای (داینا ستی) گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیای (ریسپۆڵ)ی ئیسپانیدا كردو پشكەكانی ئەو كۆمپانیایەی لە هەردوو كێڵگەی (تۆپخانە)و (كوردەمیر) كڕیەوە، بەهای گرێبەستەكە بەدیاریكراوی نازانرێت، بەڵام دەوترێت بەهاكەی ملیۆنان دۆلار بووە. كۆمپانیای (داینا ستی) بوو بە خاوەنی پشكەكان لەو دوو كێڵگەیە، بەڵام هەرگیز دەستبەكار نەبوو، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی پێشووی حكومەتی هەرێم كاروباری یاسایی گواستنەوەی خاوەندارێتی پشكەكانی لە كۆمپانیا ئیسپانییەكەوە بۆسەر كۆمپانیای (داینا ستی) جێبەجێ نەكرد. پارێزەرانی كۆمپانیای (دایناستی) سەرباری ئەوەی پێیانوایە ئاشتی هەورامی یاساو مەرجەكانی گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت پێشێلكردووە، تۆمەتباریشی دەكەن بەوەی هەڵمەتێكی بەردەوامو نایاسایی ئەنجامداوە بۆ لێدان لەناوبانگی كۆمپانیاكەیانو هەڕەشەكردن لە خاوەنی هەردوو كۆمپانیای (ریسپۆڵ)و (دایناستی)، كە گرێبەستی كڕینو فرۆشتنیان لەنێوان خۆیاندا كردووە، بەهۆی ئەو هەڕەشانەوە دواجار گرێبەستی كڕینو فرۆشتنی پشكەكانی هەردوو بلۆكی (تۆپخانە)و (كوردەمیر) راوەستاوەو سەرباری ئەمە ئاشتی هەورامی تۆمەتباركراوە بەوەی داوای "بەرتیل"ی لەو دوو كۆمپانیایە كردووە. دوای ئەم گرێبەستەو كێشەكانی، ئاشتی هەورامی هەردوو كێڵگەی (تۆپخانە)و (كوردەمیر)ی لە كۆمپانیا ئیسپانییەكە وەرگرتەوەو دای بە هەردوو كۆمپانیای (روزنەفتی) روسیو (ویسترن زاگرۆس)ی كەنەدی، بڕیارە لەچەند مانگی داهاتوودا ئەم دوو كۆمپانیایە لەو كێلگانە دەستبەكاربن. بەگوێرە زانیاییەك كە لە سەرچاوەیەكەوە لەناو حكومەت دەست (درەو) كەوتووە، لە كابینەی پێشوودا، نێچیرڤان بارزانی دەستپێشخەرییەكی كردووە بۆ ئەوەی كۆمپانیای (دایناستی) سكاڵاكەی لەسەر ئاشتی هەورامی بكێشێتەوە لە دادگای لەندەن، بۆ ئەمەش بەڵێنیداوە خزمەتگوزارییەكانی هەردوو كێڵگەی (تۆپخانە)و (كوردەمیر) بدات بە(دایناستی) كە بەهاكەی بە (نیو ملیار) دۆلار دەخەمڵێندرێت، بەڵام (دایناستی) بەم پێشنیازە قایل نەبووەو سكاڵاكەی نەكشاندوەتەوە. رۆژی 21ی ئابی ساڵی رابردوو، دادگای (ئاربیترەیشن)ی لەندەن لەسەر ئەم كەیسە كۆبووەوە، دانیشتنەكە ماوەی (2 كاتژمێرو 50 خولەك)ی خایاند، ئاشتی هەورامی خۆی بەشداری دانیشتنەكەی نەكرد، لەبری خۆی پارێزەرێكی ناردبوو بەناوی (گراهام دینە). پارێزەرەكەی ئاشتی هەورامی هەوڵیداوە لە بنەڕەتەوە كۆتایی بە سكاڵاكەی كۆمپانیای (داینا ستی) بهێنێتو لە دادگای لەندەنەوە رەوانەی دادگاكانی ناوخۆی عێراقی بكاتەوە، بەپێیەی نەوتی هەرێمی كوردستان خاوەنی سەروەری خۆیەتیو ئاشتی هەورامیش وەكو یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ كاروباری وزە خاوەنی پارێزبەندییە، لەم هەوڵەدا سەركەوتوو نەبوو، بەڵام لەوەدا سەركەوتوو بوون لە یەكەم دانیشتنی دادگادا رێگەیان نەدا تیمی پارێزەرانی كۆمپانیا (داینا ستی) بۆچوونی (یوسف محەمەد) سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان داخڵی ناو دانیشتنی دادگا بكەن تایبەت بە شایەتیدانی ئەو لەبارەی پۆستەكەی ئاشتی هەورامییەوە. لەو شایەتیدانەدا بۆ كۆمپانیای (داینا ستی)، یوسف محەمەد باسی لەوەكردووە لە هەرێمی كوردستان پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت هیچ یاسایەكی نییە، بۆیە پاڵپشتییە یاساییەكان لە نمونەی "پارێزبەندی" نایگرێتەوە. كێشەی گەورەی سەرۆكی دادگا لەگەڵ ناونیشانی ئاشتی هەورامیدا بوو، پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم كە ئاشتی هەورامی ئێستا ئەو پۆستەی هەیە، بۆ سەرۆكی دادگا وەكو پۆستێكی خاوەن پارێزبەندی، قایلەكەر نەبووە، بۆیە سەرۆكی دادگاكە بڕیاریدا لە دانیشتنی داهاتوودا ئەم بابەتە یەكلابكرێتەوە. دوو شەممەی ئەم هەفتەیە، دۆسیەكە لە دادگای لەندەن بەرەوپێشچونی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت، ئەگەر ئاشتی هەورامی لەم كەیسەدا بدۆڕێت، لەدوولاوە زیان بە حكومەتی هەرێم دەگات، لەلایەك دەبێت بڕی (ملیارێكو 600 ملیۆن) دۆلار قەرەبوو بۆ كۆمپانیای (دایناستی) بگەڕێنێتەوە، لەلایەكی ترەوە لەبەردەم دادگای لەندەندا، نەوتی هەرێم سەروەری لەدەستدەداتو ئەمەش كاریگەری لەسەر پرۆسەی هەناردەكردنو فرۆشتنی نەوتەكە دەبێت. نەوتەكە لە دادگای پاریس لەكاتێكدا لایەنە عێراقییەكان فشاریان هێناوە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان تەواوی نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، بەمدواییە ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق لەبەردەم لیژنەی دارایی پەرلەماندا وتویەتی:" رۆژی 15ی نیسانی ئەمساڵ، دادگای پاریس بڕیاری كۆتایی خۆی دەدات لەسەر ئەو سكاڵایەی كە عێراق لەبارەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمەوە لەسەر توركیا تۆماری كردووە". سەرباری دادگاكەی لەندەن، دۆسیەی نەوتی هەرێم لە دادگای پاریس سكاڵایەكی یاسایی زۆر گەورەتری لەسەرە كە بەهاكەی (26 ملیار) دۆلارە. ئەمە سكاڵایەكە كە حكومەتی عێراق لەسەر توركیای تۆماركردووە بەهۆی ئەوەی، بەبێ رەزامەندی بەغداد، نەوتی هەرێمی كوردستان بەناو بۆری عێراقدا دەگوازێتەوە بۆ بەندەری جیهان. عێراق لە سكاڵاكەیدا، حكومەتی توركیای تۆمەتبار كردووە بەوەی پێشێلی رێككەوتنەكانی نێوان هەردوو وڵاتی كردووە، رێككەوتنێك كە سەرەتاكەی دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 1946و دووجار نوێكراوەتەوە كە دواینجاریان لە ساڵی 2010دا بووە كاتێك حسێن شەهرستانی وەزیری نەوتی عێراق بووە. ئەم كەیسە یەكلایبونەوەی لە كۆتایدایە، لەسەردەمی كابینەی پێشووی حكومەتی عێراقدا بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی، وادەی یەكلابونەوەی كەیسەكە لە دادگای پاریس كۆتایی هات، بەڵام عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەسعود بارزانیو فشارەكانی توركیا، بەلاداخستنی دۆسیەكەی دواخست. ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق یەكێك لەو كەسانەیە كە ئاگاداری وردەكاریی ئەم دۆسیەیە، "حاجی ئەحمەد" لە 13ی ئایاردا یاداشتێكی ئاڕاستەی هەریەكە لە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمو نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم كردووە. لەو نوسراوەدا، حاجی ئەحمەد باسی لەوەكردووە، وەفدێكی پەرلەمانتارانی سوننە، لە توركیا چاویان بە ژمارەیەك بەرپرسی باڵای توركیا كەوتووە، یەكێك لەوانە (یاسین ئەقتای) جێگری رەجەب تەیب ئەردۆغان بووە لەناو پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیا. بەگوێرەی یاداشتەكەی حاجی ئەحمەد، وەفدە پەرلەمانییەكەی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی توركیا باسیان لە راگرتنی پرۆسەی هەناردەی نەوتی هەرێم كردووە، یاسین ئەقتای جێگری ئەردۆغان پێی وتوون، توركیا دەیەوێت لەگەڵ عێراق بگاتە رێككەوتن، ئەگەر عێراق سكاڵاكەی لەسەر توركیا لە دادگای پاریس بكێشێتەوە، ئەوا ئەنكەرە هەناردەی نەوتی هەرێم رادەگرێت. یەكلابونەوەی سكاڵاكەی عێراق لەسەر توركیا لە دادگای پاریس، سەرباری سزا داراییەكەی، توركیا لەسەر ئاستی جیهانو لەبەرچاوی كۆمپانیا گەورەكان دەخاتە ژێر گومانەوە، بەوپێیەی رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكانی بواری نەوتی پێشێل كردووە، ئەمە ئەو بابەتەیە كە توركیا لێی دەترسێتو رەنگە دواجارو لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا لەگەڵ عێراق، حكومەتی هەرێمی تێدا بكات بە قوربانیی. سكاڵایەكی دادگای بەغدادو تێكساس حكومەتی عێراق ساڵی 2015 لەدادگای تێكساسی ئەمریكا سكاڵای لەسەر فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەشێوەی سەربەخۆ تۆماركردووەو سكاڵاكەی بردەوە، لە 2012 حكومەتی عێراق سكاڵایەكی تری لەسەر ئاشتی هەورامیو حكومەتی هەرێم تۆماركردووە لەبارەی نایاسایبوونی فرۆشتنی نەوتی هەرێمەوە، راگەیاندنی ئەنجامی ئەم كەیسە لەدادگای عێراق بەهۆكاری سیاسی تائێستا راوەستاوە.
شرۆڤە: هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو دەینوسێت) ئیلهام لە یاداشتەکەی سەعیدەوە نووری سەعید(١٨٨٨-١٩٥٨)، کە ١٤جار سەرۆکوەزیرانێتی سەردەمی پاشایەتیی عێراقی وەرگرتووە، لە یەکێک لە دەستپێلەکارکێشانەوەکانیدا، ساڵی ١٩٤٤، هاوپێچ یاداشتێکی لەبارەی پرسی کوردەوە، پێشکەشی پەرلەمانی عێراق کرد، لەوێدا، سەرەڕای خستنەڕووی پێشینەیەکی مێژوویی پرسی کوردستان و لکاندنی بە عێراقەوە لەبارەی کێشەکانی ئەو دەمەی خۆیەوە و ئاماژەدان بەوەی کە کورد بەشداریی لە دامەزراندنی عێراقدا ڕەتکردووەتەوە، چەند خاڵێکی ڕیشەیی لە ئاڵۆزی پرسی کورد لە عێراق و دەستێوەردانی هەرێمی ڕووندەکاتەوە. یەکێک لە تەگەرەکانی بەردەم سەعید و ئەوانەی پێش و پاشیشی، هەر پرسی مافەکانی کوردستان بووە لە عێراقدا، لەو یاداشتەیدا، گەر بە وردی سەرنج بدرێت هەم تەکنیکی مامەڵەکردنی عێراق لەگەڵ کوردستاندا و هەم هەندێ مۆدێلی باوی پرۆسەی سیاسیی تا هەنووکەش بەسەر بڕیاری سیاسیی عێراقەوە زاڵن. دەتوانرێت سێ فاکتەری سەرەکی لە مامەڵەی عێراق لەگەڵ پرسی کوردستاندا، لەو یاداشتەوە هەڵێنجرێت: ١.خودی سازاندنی دەوڵەتی نوێی عێراق ٢.ڕەتکردنەوەی بەشداریی کوردەکان و کاریگەریی هەرێمایەتیی چ لەسەر شۆڕشەکوردستانییەکان و چ دەوڵەتەکان(تورکیا و ئێران) ٣.هەروەها جۆری بەڕێوەبردنی حکومەتی عێراق و نایەکسانی لە مافی هاووڵاتییبوون بۆ سەرجەم پێکهاتەکان و ناوچەکانی عێراق. سەعید لەگەڵ ئەو دەرکە وردەی کە بۆ پرسی کورد هەیبووە، بەڵام لەمامەڵەدا، هەوڵی داوە بە دوو ڕێگە پرسەکە بخەوێنێت، ئەویش بچووکردنەوە و پۆلێنکردنی دانیشتووانی کوردستانە بۆ سێ دەستە: سەرۆک عەشیرەتەکان، بازرگانان و ڕۆشنبیران. سەعید لەو یاداشتەدا کە زیاتر وەک نەخشەڕێگای چارەسەر خۆی نواندووە، باوەڕی وابووە کە دەستەی یەکەم(سەرۆک عەشرەتەکان) تەنها مانەوەی دەسەڵاتە ناوچەییەکەیان لا گرنگە و ئامانجێکی سیاسیی دوورمەودایان نییە. دەستەی دووەم(بازرگانان) بڵاوبوونەوەی دەسەڵاتێکیان دەوێت کە ئاسایش و شیرازەی سیاسیی جێگیر بکات تا پەرە بە سەرمایەکانیان بدەن. بەڵام بۆ دەستەی سێیەم(ڕۆشنبیران) دەڵێت کە داواکارییان داوای "سەرجەم ڕۆڵەکانی عێراق"ە و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە. ئەم پۆلێنەی سەعید، خاڵی لە هەقیقەت نییە بەڵام بچووککردنەوە و تەکنیکیانە مامەڵەکردن و داپۆشینی ڕیشە ئاڵۆزەکانی پرسەکەیە. چونکە ئەو خۆی لە بەراییدا دەڵێت کوردەکان ڕەتیانکردەوە بەشداریی ڕاپرسیی دامەزراندنی عێراق بکەن، بەڵام لە کۆتاییشدا دەڵێت کوردستانی عێراق ئامانجی سیاسیی سەربەخۆیی نییە، چونکە ٨٠٪ی ناوچە کوردستانییەکان لە وڵاتانی دراوسێی عێراقن. سەعید لە مێژووی نوێی عێراقدا دەیزانی پرسەکە ڕاستەقینەیە، بەڵام لەبری مامەڵە لەگەڵ نوێنەرانی پرسەکەدا، خەڵکی ناڕازی کوردستانی دەکردە بناغە بۆ چارەسەر، لە کاتێکدا ئەمە کێشەیەکی ناوماڵی کورد بووە و ڕیشەییانە چارە نابێت، بۆ نموونە ئەو لە یاداشتەکەیدا، باوەڕی وایە خەڵکی سلێمانی ناڕازیی دژی شێخ مەحموود، داوایان کردووە لە حکومەتی عێراق کردووە ئەو فەوزایەی شێخ مەحموود کۆتایی پێبهێنێت! پێیووایە ئەمە چارەسەر بووە کە بەدەم خەڵکەوە بچن، لە کاتێکدا زۆری نەبرد و دیسان هەمان هەڵگەڕانەوەی کوردەکان بەهێزتر سەری هەڵدایەوە. ئەو سیاسییەکی قەیرانناس بوو، بۆچی ئەوە لەبەرچاو ناگرێت؟ کە هەر بچووک سەیرکردنێکی پرسی کورد لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، لەسەر حسێبی شوناس و ماف و داننان پێیدا، دەبێتەوە ژیلەمۆی قەیرانێکی نوێ تری پەیوەندییەکانی کورد و عەرەب و گەر بێدەنگیش خۆی بنوێنێت لە زەمەنێکی نەزۆردووردا، دیسانەوە دەردیسەر درووستدەکاتەوە و پایەکانی دەوڵەتداری دەلەرزێنێتەوە. زۆرینەی جارەکان پرسی کورد یەکێک لە فاکتەرە سەرەکییەکانی دەستلەکارکێشانەوەی سەد ساڵی ڕابردووی سەرۆکوەزیرانەکانی عێراق بووە، خودی سەعیدیش پاش ئەم وازهێنانەی لە سەرۆکوەزیری، شەش جاری دیکەش هەلی درایەوە و سەرۆکوەزیرانی گرتەوە دەست، بەڵام هیچکات نەیتووانی ڕیشەیی دۆسێی کورد ڕەچاوبکات و هەر ئەوەش بوو کە کورد و بزوتنەوە سیاسییەکەی بەر لە هەر پێکهیاتەیەکی دی پێشوازییان لە کودەتای ١٩٥٨ کرد و شەریکی سەرخواردنی شیرازەی پاشایەتی و خودی نوری سەعیدیش بوون، تەنانەت ماڵەکەشی لە بەغدا درایە مستەفا بارزانی ڕێبەری ئەودەمی جوڵانەوەی کوردستان. مۆدێلەکانی ڕێککنەکەوتن پرسی کوردستان لە ئێستا هەم لە دیوی عێراقییەوە و هەم لە ڕووی تیۆریزەکردنی پرسەکەوە و داننان پێیدا هەنگاوی زۆر گەورەی بڕیووە، دەستووری هەنووکەیی عێراق (بەراورد بە مێژووی بیرکردنەوە لە چارەسەری پرسەکە)، چارەسەرێکی باش و ڕێکخەری پەیوەندییەکان بووە، چونکە لەوێدا، وەک شوناس، خاک و ماف بەندی دەستووری جێهێڵراون بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکان بەڵام فەرامۆشکردن و وەرنەگێڕانییان بۆ واقیع، خودی دەستووریشی کردووەتە بەشێک لە کێشە لەبری بەشێک لە چارەسەر. پرۆسەی سیاسیی بە گشتی و پێکهێنانی کابینە حکومییەکان، لە پاش ٢٠٠٣ەوە، بەدەست چەندین ئاستەنگەوە گیرۆدەیە و تا هەنووکەش بیرکردنەوەیەکی بنەڕەتی و درێژمەودا لە ئاستی هێزە عێراقییەکاندا نابینرێت بۆ چارەسەریی ڕیشەییان، كە بەشێكیان كەلێنی یاسایین و شێواندنی شیكار و حوكمە یاساییەكانن. لەگەڵ ئەوەشدا، حکومەتەکان و لایەنەکانی پشتیوانی، سەرجەمییان درووشمییان چارەسەری ڕیشەیی پرسەکەیە، بەڵام سەرلەبەریان پەیڕەوکاری مۆدێلەکانی ڕێککنەکەوتن بوون نەک ڕێککەوتن و شوێن ڕێگائەزمونکراوە شکستخواردووەکان دەکەونەوە. بە گەڕانەوە بۆ مێژووی دانوستاندنەکانی عێراق، دەتوانرێت چەند تەکنیکیك لە مامەڵەکانی بەغدا بەرامبەر پرسی کورد (بۆ ڕێککنەکەوتن) هەلبهێنجرێن: ١. مۆدێلی موماتەڵەکردن و گرەوکردن لەسەر کات، لەلایەنی عێراقییەوە، ئەمەش لە دانوستاندنی ١٩٦٨،١٩٨٣، ئەوانەی پاش ٢٠٠٣ەوە ببینرێن. ٢. سەرەکیکردنی پرسی لاوەکی، پشتکردنە دەستوور و ڕێککەوتنەکان: ئەمەش بەڕوونی لەدەورەی پاشایەتی و سەردەمی پاش ٢٠٠٣شدا دەبینرێت، بۆ نموونە گەر پرسی دەستووریی ناوچەی دابڕێنراو، دروستکردنی ئەنجومەنی فیدراڵی، دابەشکردنی سامان و دەرکردنی یاسای نەوت و گاز، کە پرسی دەستوورین و حکومەتە عێراقییەکان لە ٢٠٠٧ەوە خۆیانی لێدەبوێرن، لە ئانی خۆیاندا چارە بکرانایە، زۆرێکی ئەو کێشانەی ئەمڕۆی هەولێر و بەغدا نەدەمان و هەردوولا براوە-براوە عێراقییان دامەزراوتر دەکرد. هەم بەرامبەر داعش بۆشایی درووستنەدەبوو هەم ڕیفراندەم و ١٦ی ئۆکتۆبەری٢٠١٧شی بەدوادا نەدەهات. ٣. مۆدێلی پەڕینەوە لە سنوور و هانا بۆ وڵاتە هەرێمیییەکان: حکومەتە عێراقییەکان، لەبری گەڕان بەدوای چارەسەریی ناوخۆییدا، بە ئەنقەست یان بە نائاگایی یان نەتوانین، بۆ چارەسەری پرسی کوردستان، زۆرجار گەڕاونەتەوە بۆ چارەسەری ئەمنی، سیاسیی و هەژموونی دراوسێکانی عێراق بەمەبەستی سەرکوتکاریی و خەواندنی کێشەکە یان فشار بۆ ڕازیکردنی کورد، وەک: پەیمانی١٩٣٧، تەوافوقەکانی فەیسەڵ و ڕەزاشا١٩٣٠، هاوقسەیی تاران-ئەنکەرە، ڕێککەوتنی جەزایر١٩٧٥، پرسەکانی پاش٢٠١٤، هەماهەنگی ئەمنی لە ١٦ی ئۆکتۆبەری بەغا-تاران-ئانکارا. ئەم چارەسەرە ڕەنگە کورتخایەن حکومەتە عێراقییەکانی ڕزگارکردبێت بەڵام هیچکات نەیتووانیوە پرسەکە یەکجاریی بخەوێنێت. تا هەنووکە سەرۆکوەزیرانەکانی عێراق و لایەنە هەڵبژێرەرەکانی، لەبری ئەوەی بنەمادەستوورییەکانی چارەسەرییان قوڵبکردایەتەوە، بەپێچەوانەوە پشتییان بە هەمان مۆدێلی نووری سەعید و هاوڕێکانی لەڕێگەی: - بچووکناساندن و بە خزمەتگوزاریکردنی پرسی کورد لە بری ناساندنی وەک پرسی خاک و شوناس. - لەبری شەریککردن و یاساییکردنی پەیوەندییەکان، بە شەخسەنەکردن و پەراوێزکاریی پرسەکە. - لەبری پشتبەستن بە دەستوور و یاساییکردنی بەندەکانی، پشتتێکردنی دەستوور و بێبەشکردن و سزادانی مرۆیی خەڵک. لەمەی دواییدا حکومەتە نوێکانی عێراق زۆر نالەبارتر کارییان کرد و تەنانەت هەنگاوێک کەوتنە دوای بەعس و نووری سەعیدیش، ئەوان لەناساندنی کێشەکەدا پرسی ئامانجی سیاسیی جوڵانەوەی کوردییان لە خەڵکی کوردستان جیادەکردەوە و سزای گشتییان نەدەدان. نووری سەعید هەر خۆی نەبوو تا بتوانێت پرسەکە یەکلابکاتەوە، ئەوکات نەتەوەییەکان و شیوعییەکان و سوننە و شیعەکانیش هەر ڕێگربوون، دواجار سەعید هەر فریای دەستلەکارکێشانەوەکانی کەوت، مستەفا کازمیش زیاتر لە سەعید تەگەرەی هەیە و باشتریش پرسەکە دەبینێت و دەشزانێت ئاوا چارەسەر ناکرێت گەر کورتبکرێتەوە لە پەیوەندی حزبی و هاوپەیمانێتی و باڵباڵکردنی کورد، ئەوا پێش هەر لایەک سەرهەڵدانەوەی پرسەکە یەخەی خۆی دەگرێتەوە و وەک سەعید یان دەبێت دەستلەکاربکێشێتەوە یان هەڵنابژێردرێتەوە، کە یەک لە سیناریۆ بەهێزەکانیش چاوەڕێی بکات ڕەنگە هەر ئەوە بێت. بابەتی پێشتر: (مەلایانی خودا؛ دووجەمسەرییکردنی دەزگای ئایینی)
درەو: دڵشاد ئەنوەر - دەنگی ئەمریكا ئەو هێزەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاکەییەکان پێکیهێنا، کە ئەرکی ئەم هێزە پاراستنی ناوچە کاکەیی نیشینەکانی کەرکوک و نەینەوا بوو، لە ئێستادا هێزەکە دابەشکراوە و وەکو هێزێکی سەربەخۆ نەماوەتەوە، بەشێکیان گواستراونەتەوە بۆ سەر هێزەکانی 80 ی سەربە پارتی، بەشەکەی تریشیان بۆ سەر هێزەکانی 70 ی سەر بە یەکێتی و لەوێشەوە خراونەتە سەر هێزەکانی بەرگری و فریاکەوتن. لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، موقەدەم مەریوان کاکەیی سەرپەرشتیاری هێزی کاکەییەکان، دەڵێت"هێزی کاکەییەکان دابەشکرا، جێگرەکەم کە پارتی بوو، بەخۆی و 120 کەسەوە، خراوەتە سەر هێزەکانی 80، منیش لەگەڵ 320 کەس، نەقڵی سەر هێزەکانی بەرگری و فریاکەوتن کراوم." جەختیشیکردەوە"گەر پەیوەندی لە نێو هێزی کاکەییەکان مابێت، پەیوەندی خزمایەتی و برادەری یە، نەک پەیوەندی سەربازی." دوای 16 ی ئۆکتۆبەر و کشانەوەی هێزی پێشمەرگەی کاکەیی لەناوچە کاکەیی نیشینەکانی کەرکوک، هەوڵی پێکهێنانی هێزێکی حەشدی شەعبی بۆ کاکەییەکانی ئەو ناوچانە درا، لەو بارەیەوە موقەدەم فەرهاد کاکەیی دەڵێت"خەونێکی نەزۆک بوو، بۆیان نەکرا." سەرپەرشتیاری هێزی پێشمەرگەی کاکەییەکان، ڕوونیشیکردەوە هیچ پەیوەندی و هەماهەنگیەکیان لەگەڵ ئەو هێزە عێراقیانەدا نیە، کە ئەرکی پاراستنی ناوچە کاکەیی نیشینەکانیان پێ سپێردراوە، وتی"وەزعی کاکەییەکان لەو ناوچانە باش نیە، بەڵام لە ساڵێک پێش ئێستا باشترە، پۆلیسی فیدرالی لەو ناوچانە نەماوە و سوپای بۆ نێردراوە، بەڵام ناوچەکە وەکو پێویست ئەمان نیە." ناوبەناو هێرش دەکرێتە سەر ناوچە کاکەیی نیشینەکانی کەرکوک و دیالە، بەشێک لە کاکەییەکان گومان دەکەن، هێرشەکان دەستی هێزی تری لە پشتەوە بێت و لەبەرگی داعش دا ئەنجام بدرێن، لەمبارەیەوە موقەدەم فەرهاد دەڵێت"زۆربەی هێرشەکان داعشە، هێزی تریش بیکات، بەناوی داعشەوە، دەیکات." لە کۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، موقەدەم فەرهاد کاکەیی سەرپەرشتیاری هێزی کاکەییەکان، ئاماژەی بەوەکرد هەرچەندە ڕێکخراو و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبەرامبەر هێرشی سەر کاکەییەکان بەدەنگ هاتوون، بەڵام هەوڵەکانیان، ئەنجامێکی ئەوتۆیان نەبووە.
(درەو): وەزارەتی نەوتی عێراق پێشنیازی رادەستكردنی داهاتی تەواوی نەوت دەخاتە بەردەم بەرپرسانی هەرێمی كوردستان، بەپێی ئەم پێشنیازە كۆنترۆڵی كۆمپانیاكانو دەرهێنانی نەوت لای حكومەتی هەرێم دەمێنێتەوەو گواستنەوەو فرۆشتنی نەوتەكەش لای بەغداد دەبێت، رۆژی دوو شەممە دواین وادەیە بۆ ئەوەی هەرێم وەڵامی ئەم پێشنیازە بداتەوە، ئەگەر هەرێم بەم پێشنیازە رازی بێت، دەتوانێت لە ساڵەكەدا بەبێ لێبڕین موچەی فەرمانبەرانو خەرجییەكانی تری خۆی دابین بكات. دواین چانس لەبەردەم هەرێمدا بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، وەزارەتی نەوتی عێراق دواین پێشنیازی لەبارەی كێشەی نەوت خستوەتە بەردەم حكومەتی هەرێمی كوردستانو رۆژی دوو شەممەی هەفتەی داهاتووی وەكو دواین وادە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم دەستپێشخەرییە خستوەتە بەردەم حكومەتی هەرێم. لەبارەی پێشنیازەكەی وەزارەتی نەوتەوە پێشنیازەكەی وەزارەتی نەوتی عێراق فایلی نەوتی هەرێمی دابەشكردووە بۆ دوو بەش، بەمشێوەیە: یەكەم: پرۆسەی دەرهێنانی نەوتو مامەڵەكردن لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت لای وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بێت. دووەم: دۆسیەی گواستنەوەو فرۆشتنی نەوتی هەرێم لای وەزارەتی نەوتی عێراقو كۆمپانیای سۆمۆ بێت. بەگوێرەی پێشنیازەكەی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەو قەرزانەی كە لە پرۆسەی دەرهێنانو كۆمپانیاكانی نەوت دەكەوێتە سەر حكومەتی هەرێم، دەبێت حكومەتی هەرێم خۆی دابینیان بكات، بەڵام كرێی پرۆسەی (گواستنەوەو فرۆشتن)ی نەوتی هەرێم، حكومەتی عێراق دابینیان دەكات. حكومەتی عێراق پێیوایە لە پرۆسەی گواستنەوەی نەوتدا، كۆمپانیاكان ستەمێكی گەورە لە نەوتی هەرێمدا دەكەن، چونكە بۆ گواستنەوەی بەرمیلێك نەوت بڕی (6 بۆ 9) دۆلار كرێ لە حكومەتی هەرێم وەردەگرن، ئەمە لەكاتێكدایە عێراق هەر بەرمیلێك لە نەوتەكەی بەبڕی (1.3 بۆ 1.9) دۆلار دەگوازێتەوە. جگە لە رادەستكردنی دۆسیەی گواستنەوەو فرۆشتنی نەوت، حكومەتی عێراق داوای رێژەی 50%ی داهاتی دامەزراوە فیدراڵییەكانی هەرێم دەكات لەوانە (فڕۆكەخانەكان، دەروازە سنورییەكان، رەگەزنامەو نشینگە). داهاتی هەرێم لە پێشنیازەكەی وەزارەتی نەوتدا ئەگەر حكومەتی هەرێم بەم دابەشكارییەی وەزارەتی نەوتی عێراق قایل ببێت، لەبەرامبەردا حكومەتی عێراق تەواوی شایستە داراییەكانی هەرێم دەنێرێت كە ئێستا رێژەكەی لەناو بودجەی گشتی عێراقدا 12,67%وە بەرزكراوەتەوە بۆ 13,93%. بودجەی 2021ی عێراق بە (130 ترلیۆن) دینار دیاریكراوە، لەم رێژەیە پشكی هەرێمی كوردستان دەگاتە (18 ترلیۆنو 200 ملیار) دینار، دوای لێدەركردنی خەرجی سیادیو حاكیمە، ئەوەی بۆ هەرێم دەمێنێتەوە بڕەكەی زیاتر لە (14 ترلیۆن) دینار دەبێت. دۆخی موچە لە پێشنیازەكەدا لە حاڵی رێككەوتندا لەسەر پێشنیازەكە، حكومەتی هەرێم لە ساڵێكدا بڕی زیاتر لە (14 ترلیۆن) دینار لە بەغداد وەردەگرێت، واتە بۆ هەر مانگێك حكومەتی عێراق بڕی (ترلیۆنێكو 200 ملیار) دینار بۆ هەرێم دەنێرێت. حكومەتی هەرێم بەبێ لێبڕین، مانگانە پێویستە بە (894 ملیار) دینار هەیە بۆ خەرجی موچە، ساڵێكی خەرجی موچەی فەرمانبەران لە هەرێم (10 ترلیۆنو 728 ملیار) دینارە، ئەگەر هەرێم رازی بێت بە ناوەڕۆكی پێشنیازەكەی وەزارەتی نەوتی عێراق، دەتوانێت لە ساڵەكەدا بەبێ لێبڕین موچەی فەرمانبەران دابین بكاتو سەرباری ئەمەش بڕی زیاتر لە (3 ترلیۆن) دیناری لە پارەكەی عێراق بۆ دەمێنێتەوە كە دەتوانێت لەپاڵ یارمەتییە داراییەكەی ئەمریكاو داهاتەكانی تری ناوخۆدا، بۆ خەرجییەكانی تری سودی لێ ببینێت.
(درەو): وەفدەكەی حكومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدادەوە گەیشتەوە هەولێر، سەدرییەكان پێشنیازێکی نوێیان بۆ وەفدی هەرێم هەیە، وەزیری نەوتی عێراقیش پێشنیازی رادەستكردنی تەواوی نەوتی هەرێم دەكات بەبێ كێلگە نەوتییەكان، پشكی هەرێم لە (12.6%)ە، بەرزدەکرێتەوە بۆ (13.9%). بەبێ رێککەوتن گەڕانەوە ئەمشەو وەفدی هەرێم گەڕایەوە هەولێرو بڕیارە یەكشەمەی داهاتوو جارێکی تر بگەڕێنەوە بەغداد، چونكە دووشەممە بودجەی2021ی عێراق لە پەرلەمان دەخرێتە دەنگدانەوە. تا ئێستا هیچ رێككەوتنێك نەكراوە، وەفدی هەرێمی كوردستان رەتیکردوەتەوە تەواوی دۆسیەی نەوت رادەستی بەغداد بكات، بەڵام ئامادەیی هەرێمی نیشانداوە بۆ رادەستکردنی بڕی (250 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانەو نیوەی داهاتی ناوخۆ. پشکی هەرێم لە شەڕی نێوان لایەنە شیعەکاندا بەگوێرەی زانیارییەکانی (درەو)، لایەنە شیعەکان لەدوای كۆبونەوەیەکی خۆیان لەماڵی هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح، بڕیاریان داوە، دەبێت هەرێمی کوردستان تەواوی نەوتەکەی خۆی لەڕێگەی کۆمپانیای وەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ"وە بفرۆشێت و دۆسیەی نەوت رادەستی بەغدا بکات. بەڵام وەزیری نەوتی عێراق لە لیژنەی دارایی پەرلەمان پێشنیازی جیاوازی كردووەو وتویەتی" با هەموو نەوتی هەرێم لەڕێگەی سۆمۆوە بفرۆشرێت، بەڵام كێڵگە نەوتییەكان و نەوت لای حكومەتی هەرێم بمێنێتەوە". هەردوو پێشنیازی لایەنە شیعەکان و وەزیری نەوت بۆ وەفدی حکومەتی هەرێم نەرێنی بوون، تاكە خاڵی ئەرێنی كە دەستی وەفدەكەی هەرێم كەوتبێت پێشنیازێكی سەدرییەكانە بووە کە وتویانە" ئێمە چەند مەرج و داواكارییەكمان هەیە لە پرۆژە یاسای بودجەدا، ئێوە پشتیوانی ئەو داواکاریانەی ئێمە بکەن، ئێمەش پشتیوانی ئیوە دەكەین". ئەم هاتنەپێشەوەی سەدرییەكان بەپێی زانیارییەكان (درەو)، دوای پەیوەندییەكی تەلەفۆنی دوو رۆژی رابردووی نێوان مەسعود بارزانی و موقتەدا سەدر هاتووە، كە جۆرێك لێكتێگەیشتن دروستبووە لەنێوانیان هەردوولادا. پشکی هەرێم زیاد دەکرێت ! چاوەڕوان دەكرێت لە دواین ساتەكاندا وەفدی هەرێم و لایەنە عێراقییەكان رێكبكەون لەسەر پێشنیازێكی هەیسەم جبوری سەرۆكی لیژنەی دارایی عێراق، كە هاوكات لە پرۆژە یاسای بودجەی ئامادەكراوی حكومەتیشدا هاتووە. پێشنیازەکە ئەوەیە" هەرێمی كوردستان 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەو نیوەی داهاتەكانی رادەستی بەغداد بكات، لەبەرامبەر ئەمەدا شایستە داراییەكانی هەرێم لە بودجەی عێراقدا كە ئێستا (12.6%)ە، بەرزدەکرێتەوە بۆ (13.9%).
(درەو): بۆ یەکەمجار کۆمپانیایەک ئامادەیە بە زیانی خۆی و لەبەرژەوەندی حکومەتی هەرێم کارێک بکات، ئەمە چیرۆکی گرێبەستێکی گواستنەوەی نەوتە لە گەرمیانەوە بۆ هەولێر، کە گومانی دروستکردووە. بۆ کێ دەرچوو ؟ کۆمپانیای (گازپرۆم)ی روسی، براوەی تەندەری گواستنەوەی نەوتی کێڵگەی "حەسیرە"ی ناوچەی گەرمیانی راگەیاند. بەگوێرەی زانیارییەکانی (درەو)، تەندەرەکە بۆ کۆمپانیایەک دەرچووە بەناوی (جهانگیر) کە خاوەنەکەی کەسێکە بەناوی (بابان محەمەد)و چەند ساڵێکە لە بواری نەوتدا کاردەکات. ئەم کۆمپانیایە بۆ گواستنەوەی هەر تەنێک نەوت لە کێڵگەی "حەسیرە"ی گەرمیانەوە بۆ کێڵگەی "خوڕمەڵە" لەنزیکی هەولێر، بڕی (١٦ دۆلار)ی لێداوەو بەم نرخە تەندەرەکەی بۆ دەرچووە. ئەم نرخە نوێیە بەبەراورد بە گرێبەستی پێشووی کە بۆ گواستنەوەی هەر تەنێک بڕی (٢٧ دۆلار) وەرگیراوە، نرخێکی زۆر کەمە، ئەمە گومانی لەسەر پلانی کارکردنی ئەو کۆمپانیایە دروستکردووە کە تەندەرەکەی بۆ دەرچووە. ئەم نرخە بۆ ئەوانەی چاودێری پرۆسەکە دەکەن لە کەمیدا پێشبینی نەکراوە، چونکە دەوترێت شۆفێری تانکەرەکان بۆ گواستنەوەی هەر تەنێک نەوت بڕی زیاتر لە (١٦) دۆلار وەردەگرن (هەر تەنێک نەوت بریتییە لە ٧ بەرمیل)، سەرباری ئەمە ئەو کۆمپانیایەی تەندەرەکەی بۆ دەرچووە دەبێت بۆ هەر تەنێک بڕی لانی کەم (١ دۆلار) بدات بە کۆمپانیای رێکخەری شۆفێرو تانکەرەکان، لەپاڵ ئەم خەرجییەدا دەبێت بڕێک باجیش بدات بە حکومەتی هەرێم لەپای ئەو کارەی کە دەیکات، بەم خەرجییە زۆرانەوە کۆمپانیای (جهانگیر) ئەگەر هەر تەنێک بەبڕی (١٦ دۆلار) بگوازێتەوە، خەرجی کارەکەی لە داهاتەی زۆرتر دەبێت، واتە توشی زیانێکی ئابوری گەورە دەبێت و بەگوێرەی مەزەندەی (درەو) رۆژانە ئەم کۆمپانیایە بۆ هەر تەنێک بە خەرجییەکانی پێشترەوە، بڕی (٣٠ هەزار) دینار زەرەر دەکات. ئەو نرخە کەمەی کە کۆمپانیای جیهانگیر بۆ وەرگرتنی تەندەرەکە لێی داوە، دوترێت تەنانەت لەو نرخەش کەمترە کە بەشی یاسایی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دیاری کردووە کە لەکەمترین ئاستدا (١٨ دۆلار)ە بۆ هەر تەنێک، ئەمە وای کردووە پێشبینی ئەوەبکرێت کۆمپانیاکە بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی لەڕێگەی ترەوە لە نەوتی کێڵگەی "حەسیرە" سودمەند ببێت، بۆیە لەپێناو بردنەوەی تەندەرەکە بە کەمترین نرخ چوەتە ناو کێبڕکێکەوە. لەبارەی تەندەرەکەوە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو (١٥) كۆمپانیا تەندەریان پێشکەش کرد بۆ وەرگرتنی گرێبەستی گواستنەوەی نەوتی بلۆكی گەرمیان. كۆمپانیای (گازپرۆمی)ی روسی کە نەوتی بلۆكی گەرمیان بەرهەم دەهێنێت، تەندەرینەکەی رێکخست. گازپرۆم ئێستا رۆژانە نزیکەی (٣٠ هەزار) بەرمیل نەوت لە بلۆكی گەرمیان بەرهەم دەهێنێت، ئەمە گەورەترین بلۆكی نەوتیی سنوری دەسەڵاتی یەكێتی نیشتمانییە. نەوتی بلۆكی گەرمیان بە تانكەر دەگوازرێتەوە بۆ كێڵگەی نەوتی (خورمەڵە) لە نزیك هەولێر، لەوێشەوە دەخرێتە بۆری نەوتیی هەرێم و رەوانەی توركیا دەكرێت. بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، پێشتر دەسەڵاتی پێدانی تەندرەی گواستنەوەی نەوتی بلۆكی گەرمیان بۆ خورمەڵە، لای حكومەتی هەرێم بووە، بەڵام بەمدواییە لەچوارچێوەی گرێبەستێكدا لەگەڵ كۆمپانیای گازپرۆم، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەسەڵاتی تەندەرینی گواستنەوەی نەوتەكەی داوە بە گازپرۆم. پێشتر كە دەسەڵاتی تەندرەین لای حكومەتی هەرێم بووە، گرێبەستی گواستنەوەی نەوتی بلۆكی گەرمیان لە (حەسیرە)وە بۆ (خورمەڵە) دراوە بە كۆمپانیایەك بە ناوی (بلاك پۆڵ) كە كۆمپانیایەكی ناوخۆییەو خاوەنەكەی پیاوێكە بەناوی (دانای حاجی ساڵح). كۆمپانیای (بلاك پوڵ) پێشتر بۆ گواستنەوەی هەر تەنێك نەوت لە (حەسیرە)وە بۆ (خورمەڵە) بە تانكەر، بڕی (٣٦ دۆلار)ی لە حكومەت وەرگرتووە (هەرتەنێك نەوت حەوت بەرمیلە)، لەم پرۆسەیەدا كۆمپانیا (بلاك پوڵ) بۆ هەر تەنێك بڕی (١٠ دۆلار)ی بردووەو پرۆسەی گواستنەوەی نەوتەكەشی بە كۆمپانیایەكی تر كردووە بە ناوی (كیپ ئۆف ئۆیل) كردووەو بڕی (٢٦ دۆلار)ی بۆ هەر تەنێك بەو كۆمپانیایە داوە (زانیارییەکان باسلەوە دەکەن نزیکایەتی هەیە لەنێوان ئەو کۆمپانیایەی ئێستا کارەکە دەکات لەگەڵ ئەوەی تەندەرەکەی بۆ دەرچووە). ماوەی زیاتر لە ساڵێكە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەسەڵاتی تەندەرینی گواستنەوەی نەوتی بلۆكی گەرمیانی داوە بە كۆمپانیای گازپرۆم، ئەوانەی ئاگاداری دۆسیەی نەوتن دەڵێن پێدانی دەسەڵاتی تەندەرین بە كۆمپانیا روسییەكە بەهۆی ئەوە بووە پێشتر ئەم دەسەڵاتە کە لای وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بووە، وەزارەت نەیتوانیوە بەباشی چاودێری تانكەرەكانی نەوت بكات و زۆرجار نەوت دزراوە، بۆیە وەزارەت كارەكەی داوە بە كۆمپانیا وەبەرهێنی نەوت تاوەكو خۆی گرێبەست بدات بە كۆمپانیاكان و لەڕێگەی دانانی كۆد لەسەر تانكەرەكان، رێگری لە دزینی نەوت بكات و چاودێری توندوتوڵ بكاتەوە. ساڵی رابردوو كۆمپانیایەك بەناوی (EOT) نرخێكی زۆر كەمتری لە نرخی پێشوو لێداو گرێبەستی گواستنەوەی نەوتی بلۆكی گەرمیانی بۆ دەرچوو، ئەم كۆمپانیایە ئامادە بوو هەر تەنێكی نەوت بە (١٩ دۆلار) بگوازێتەوە، ئەمەش بە بەراورد بە گرێبەستی پێشووتر كە (٣٦ دۆلار) بوو، نرخێكی زۆر كەمتر لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەكەوت، بەڵام كۆمپانیای (بلاك پوڵ) بەناوی داخوازی شۆفێری تانكەرەكانەوە كێشەی بۆ كاری كۆمپانیا (EOT) دروستكردو دواجار بەناچاری گرێبەستی كاركردنی (بلاك پوڵ) درێژكرایەوەو ئەمجارە بۆ گواستنەوەی هەر تەنێك نەوت بڕی (٢٨ بۆ ٣٠) دۆلاری پێدرا کە تائەم ساتە بەردەوامە.
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت پارتی رادەستكردنی تەواوەتی دۆسیەی نەوت وەكو لەناوچوونی قەوارەی هەرێم ناودەبات، یەكێتیش بەبێ رێككەوتن لەگەڵ بەغداد هەڕەشەی جیابونەوەو مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ بەغداد دەكات، ئەگەر هەولێرو بەغداد نەگەنە رێككەوتن، جارێكی تر هەرێمی كوردستان دەكەوێتەوە بەردەم هەڕەشەی دابەشبوونو دووئیدارەیی، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. سلێمانی دەچێتە بەغداد ! هەوڵەكانی یەكێتی بۆ مامەڵەكردنی راستەوخۆ لەگەڵ بەغداد، لەپشتی پەردەوە كەوتنە بەر روناكی، ئەمڕۆ رۆژنامەی (سەباح)ی زمانحاڵی حكومەتی عێراق ئاشكرایكرد، ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستانو حكومەتی بەغداد لەسەر دۆسیەی نەوتو بودجە نەگەنە رێككەوتن، پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەكی راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ بەغداد دەكات. بەر لەم هەواڵەی رۆژنامەی (سەباح)، دوێنێ هەیسەم جبوری سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وتی:" پێشنیازێك هەیە ئەگەر هەرێمو بەغداد نەگەیشتنە رێككەوتن، هەر پارێزگایەكی هەرێم داهاتی خۆی بگەڕێنێتەوە بۆ ناوەند، بۆ ئەوەی فەرمانبەرانی ئەو پارێزگایە بەشێوەی راستەوخۆ موچە وەربگرن". ئەمە بەرەنجامی هەوڵو كۆبونەوەی چەند مانگێكی بەرپرسانی یەكێتییە لە بەغداد، كە (درەو) چەند رۆژێك لەمەوبەر وەكو یەكەمین میدیای كوردی لە راپۆرتێكدا وردەكاری ئەو هەوڵانەی یەكێتی لە بەغداد بڵاوكردەوە. هەموو پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن، ئەگەر حكومەتی هەرێمو بەغداد نەگەنە رێككەوتن، یەكێتی لای خۆیەوە بەشێوەیەكی تاكلایەنە بچێتە ناو رێككەوتنی ئابوریو سیاسییەوە لەگەڵ بەغداد، واتە گرەوەكە لەسەر رێككەوتن یاخود رێكنەكەوتنی هەولێرە لەگەڵ بەغداد. هەولێرو بەغداد رێكدەكەون ؟ بڕیارە چەند رۆژی داهاتوو پرۆژەبودجەی ساڵی 2021ی عێراق لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت، هێشتا وەفدی حكومەتی هەرێم لەگەڵ لایەنەكان بەدیاریكراویش شیعەكان لەسەر پشكی هەرێم نەگەیشتوەتە رێككەوتن. لایەنە شیعەكان چەند پێشنیازێكیان هەیە بۆ ئەوەی لە بودجەی 2021دا پشكی هەرێم جێگیر بكەن، لەناو لایەنە شیعەكاندا كۆدەنگییەك هەیە لەبارەی ئەوەی هەرێم تێكڕای مەلەفی نەوتی خۆی رادەستی بەغداد بكاتو لەبەرامبەر ئەوەدا عێراق تەواوی پشكی هەرێم لە بودجەدا دابین بكات، بەڵام بەگوێرەی قسەی هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دوێنێ پەرەسەندنێكی نوێ لە هەڵوێستی هەندێك لە لایەنە شیعەكان رویداوەو دەڵێن:" عێراق لە بەندەری جیهانی توركیا هەموو نەوتی هەناردەكراوی هەرێم وەربگرێتو بۆ كرێی كۆمپانیاو گواستنەوەو مەسرەفەكانی تر، بڕێك لەو نەوتە بدەنەوە بە هەرێم بۆ ئەوەی خۆی بیفرۆشێ". لەبەرامبەردا هەرێم جەخت لەسەر جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی دەكات، كە دەڵێ:" هەرێم رۆژانە داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت بە نرخی سۆمۆ رادەست بكات"، ئەمەش هەمان رێككەوتنی ساڵانی پێشترە. لەنێوان ئەم دوو پێشنیازەدا، پێشنیازێكی تر هەیە كە باسلەوە دەكات، هەرێم بڕی (450 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە یاخود نرخەكەی رادەستی بەغداد بكات، نەك تەواوی دۆسیەی نەوت بە گرێبەستەكانەوە. ئەوەی تائێستا هەرێم پێی رازی بووە، تەنیا رادەستكردنی داهاتی (250 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانەیە بە نرخی سۆمۆ، بەڵام نایەوێت نەوتەكە رادەست بكاتو دەیەوێت هاوشێوەی ساڵانی پێشوو، بەهای ئەم نەوتە لە پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق ببڕدرێت كە ئەم پرۆسەیە ناوی لێنراوە "مەقاسە". پارتی دۆسیەی نەوت رادەستدەكات ؟ حكومەتی هەرێمی كوردستان كە ئێستا پارتی سەرۆكایەتی دەكات، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو) بەهیچ شێوەیەك ئامادە نییە تەواوی دۆسیەی نەوت رادەستی بەغداد بكات، چونكە پێی وایە بە رادەستكردنی نەوت بە بەغداد، حكومەتی هەرێم هیچ كارتێكی بەدەستەوە نامێنێتو قەوارەی هەرێمی كوردستانیش وەكو قەوارەیەكی دەستوریی دەكەوێتە مەترسییەوەو لەسەر ئاستی دەرەوەش حكومەتی هەرێم متمانەی خۆی لای كۆمپانیا جیهانییەكانی بواری نەوت لەدەستدەدات. حكومەتی هەرێم كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، چەند رۆژێكە دەیەوێت خۆی لەگەڵ ئەو دۆخەدا رابهێنێت كە لەگەڵ بەغداد ناگاتە رێككەوتن، بۆیە دەبێت بەبێ پارەی بەغداد بتوانێت خەرجییەكانی خۆی رێكبخاتەوە، ئەمە هۆكارەكەیە كە حكومەتی هەرێم دەیەوێت بودجەی خۆی بۆ 2021 بنێرێتە پەرلەمانی كوردستانەوە، بۆ ئەوەی بەیاسا داهاتەكان لەگەڵ خەرجییەكانیدا بگونجێنێتو ئەو بەهانەیەش نەهێڵێت كە دەوترێت لێبڕینی موچەی فەرمانبەران كارێكی نایاساییە. بەمدواییە بەبێ پارەكەی بەغداد، داهاتەكانی حكومەتی هەرێم هەندێك بەرزبونەوەیان بەخۆوە بینیوە، ئێستا داهاتی مانگانەی حكومەت بەمشێوەیە: • داهاتی ناوخۆ بەرزبوەتەوە بۆ (350 ملیار) دیناری مانگانە • داهاتی نەوت زیاتر لە (350 ملیار) دیناری مانگانەیە • كۆمەكی هاوپەیمانان مانگانە (25 ملیار) دینارە حكومەت بەم داهاتانە مانگانە بەبێ پارەكەی بەغداد بڕی (725 ملیار) دیناری دەستدەكەوێت، خەرجی موچەی فەرمانبەران مانگانە بەلێبڕینی (21%) مانگانە دەكاتە (730 ملیار) دینار، واتە بەهەمان لێبڕینەوە ئەگەر پارەكەی بەغدادیش زامن نەكرێت، حكومەتی هەرێم وەكو بەرپرسەكانی دەڵێن لەمساڵدا دەتوانێت مانگانە موچەی فەرمانبەران دابین بكات، زیادبوونی داهاتەكان بووە بە كارتێكی متمانە بەدەست حكومەتی هەرێمەوە لە دانوستانەكانیدا لەگەڵ بەغداد. مەسرور بارزانی چۆن مامەڵە لەگەڵ یەكێتی دەكات ؟ مەسرور بارزانیو حكومەتەكەی تەنیا لە بەغداد نەكەوتونەتە ژێر فشارەوە، لەناوخۆی هەرێمیشدا لەژێر فشاری یەكێتیدان، چونكە ئەگەر رێككەوتن نەكرێت یەكێتی دەیەوێت لەناو بودجەی 2021ی عێراقدا بڕگەیەك بچەسپێنێت كە هەر پارێزگایەك بەشێوەی سەربەخۆ داهاتەكانی بۆ بەغداد بگەڕێنێتەوەو موچەی فەرمانبەرانی خۆی لە بەغداد بەشێوەیەكی راستەوخۆ وەربگرێت، جێبەجێبوونی هەوڵێكی لەمجۆرە هیچ رۆڵێك بۆ حكومەتی هەرێم وەكو حكومەتێكی یەكگرتووی سەرتاسەری هەرێم كوردستان ناهێڵێتەوە، حكومەتێك كە خۆی لە بنەڕەتەوە مەحكومە بەوەی دوای زیاتر لە 15 ساڵ كۆتایهاتنی دوو ئیدارەیی هێشتا بەتەواوەتی كۆنترۆڵی هەموو ناوچەكانی كوردستانی بەدەستەوە نییە. (درەو) زانیویەتی، بڕیاربەدەستەكانی پارتی باوەڕیانوایە رادەستكردنی تەواوەتی دۆسیەی نەوت بە حكومەتی عێراق بەواتای لەناوچوونی تەواوەتی قەوارەی هەرێمی كوردستان دێت، بۆیە ناچنە ژێر باری فشارەكانی یەكێتیو لەنێوان ئەوەی هەموو قەوارەی هەرێم لەدەستبدەن یاخود بەشێكی قەوارەكە جیاببێتەوە، بژاردەی دووەم هەڵدەبژێرنو یەكێتی ئازاد دەكەن چۆن دەیەوێت لەگەڵ بەغداد مامەڵە بكات. لە حاڵەتی رێكنەكەوتن لەگەڵ بەغداد، پارتی دەیەوێت دوو بژاردە بخاتە بەردەم یەكێتی: • ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆتان بەڕێوەببەنو چۆنتان دەوێت لەگەڵ بەغداد رێككەوتن بكەون، ئێمە بە داهاتەكانی خۆمان ناوچەی ژێردەسەڵاتی خۆمان بەڕێوەدەبەین. • بژاردەی دووەم: شان بدەنە بەر بەرپرسیارێتیو بەو داهاتەی كە بەبێ پارەكەی بەغداد دەست حكومەتی هەرێم دەكەوێت، ئیدارەی هەرێمی كوردستانی پێ دەدەین. واتە ئەوكاتە تۆپەكە دەكەوێتە گۆڕەپانی یەكێتییەوەو دەبێت لەنێوان مامەڵەكردنی راستەوخۆ لەگەڵ حكومەتی عێراق یاخود مانەوە لەناو حكومەتی هەرێمو هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی بارودۆخەكە، یەكێكیان هەڵبژێرێت، كە هیچیان گەرەنتی تەواوەتی بەردەوامبوونیان نییە. یەكێتی ئەگەر بژاردەی یەكەم واتە رێككەوتن لەگەڵ بەغداد هەڵبژێرێت، دەبێت لەبەرامبەر زامنكردنی موچەی فەرمانبەرانی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی، داهاتی نەوتو غازی سروشتیو گومرگەكانی بەشێوەیەكی راستەوخۆ بۆ بەغداد بگەڕێنێتەوە. بەگوێرەی زانیارییە نافەرمییەكان، خەرجی سنوری ئیدارەی یەكێتی مانگانە (350 ملیۆن) دۆلارە، ئەم بڕە پارەیە مانگانە بەتەنیا (315 ملیۆن) دۆلاری بۆ موچەی موچەخۆران سنورەكە دەڕوات. سامانی سروشتی لەنێوان پارتیو یەكێتیدا بەگوێرەی داتاكانی بەردەستی (درەو) ئێستا سامانی نەوتی هەرێمی كوردستان بەمشێوەیە لەنێوان پارتیو یەكێتیدا دابەشبووە: • لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتیدا رۆژانە (32 هەزارو 580) بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنرێت، ئەمە رێژەی 7.3%ی كۆی نەوتی بەرهەمهێنراوی رۆژانەی هەرێم پێكدەهێنێت. • لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا رۆژانە (413 هەزارو 250) بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنرێت، ئەمە رێژەی (92.7%)ی كۆی نەوتی بەرمەهنێراوی هەرێم پێكدەهێنێت. كۆی گشتی ئەو نەوتەی كە ئێستا رۆژانە لە هەرێم بەرهەمدەهێنرێت بڕەكەی (445 هەزارو 830) بەرمیلە. یەدەگی نەوت بەهەمان شێوە دابەشبووە بەسەر ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتیو یەكێتیدا، بەمشێوەیە: • یەدەگی نەوت لە سنوری پارتیدا (6 ملیار) بەرمیلە. • یەدەگی نەوت لە سنوری یەكێتیدا (13 ملیار) بەرمیلە. سەبارەت بە غازی سروشتی، بەگوێرەی سایتی فەرمی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، هەرێمی كوردستان بڕی 200 تریلیۆن پێ سێجا (5.7 ترلیۆن مەتر سێجا) یەدەگی غازی سروشتی هەیە، كە رێژەی 3%ی تێكڕای یەدەگی غازە لەسەر ئاستی جیهان. بەڵام ئەمە ئەو یەدەگەیە كە نەسەلمێندراوە، چونكە رێژەی سەلمێندراوی یەدەگی غازی سروشتی هەرێم بەگوێرەی راپۆرتەكانی وزەی ئەمریكا، بڕەكەی تەنیا (25 ترلیۆن) پێ سێجایە. گۆڤاری (ئۆیڵ پرایز) كە بڵاوكراوەیەكی تایبەتمەندی بواری وزەیە، ساڵی رابردوو لە راپۆرتێكدا باسی لەوەكرد، لەكۆی رێژەی سەلمێندراو و نەسەلمێندراوی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان، تەنیا بڕی (10 ترلیۆن) پێ سێجای دۆزراوەتەوەو كاری تێدا دەكرێت، ئەمەش ئەو بڕەیە كە ئێستا لە سنوری یەكێتیو لە كێڵگەی (كۆرمۆر) بەرهەم دەهێنرێت. غازی سروشتی كیڵگەی (كۆرمۆر) لە چەمچەماڵ كە كۆمپانیای (دانەغاز)ی ئیماراتی بەرهەمی دەهێنێت، ئێستا بەرهەمی رۆژانەی گەیشتوەتە (430 ملیۆن) پێ سێجا كە دەكاتە (هەزارو 50) تەن، ئەم رێژەیە لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا كەمتر بووەو بڕەكەی (850 تەن) بووە، واتە كۆمپانیا ئیماراتییەكە ئاستی وەبەرهێنانی زیادكردووە. یەدەگی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان زۆربەی دەكەوێتە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی، ئەمە ئەو كارتەیە كە یەكێتی دەیەوێت بخاتە سەر مێزی گفتوگۆكانی لەگەڵ بەغداد، ئەگەر پارتیو حكومەتی هەرێم نەگەیشتنە رێككەوتن لەگەڵ عێراق. بەگشتی غاز لەڕووی جوگرافییەوە بەمشێوەیە دابەشبووە: یەدەگی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی: • كێڵگەی كۆرمۆ: 8 ترلیۆنو 200 ملیار پێ سێجا • كیڵگەی چەمچەماڵ: 4 ترلیۆنو 400 ملیار پێ سێجا • كیڵگەی میران: 3 ترلیۆنو 46 ملیار پێ سێجا یەدەگی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی • كیڵگەی بنەباوێ: 7 ترلیۆنو 100 ملیار پێ سێجا • كێڵگەی خۆرمەڵە: 2 ترلیۆنو 260 ملیار مەتر سێجا • كیڵگەی پەڵكانە: ترلیۆنێكو 600 ملیار پێ سێجا • كیڵگەی شێخان: 900 ملیار پێ سێجا • كیڵگەی پیرمام: 880 ملیار پێ سێجا
مەریوان وریا قانع- ئاراس فەتاح ( تایبەت بە درەو) ھەفتەی ڕابردوو وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی داوای لە مامۆستایانی ئایینی هەرێمی کوردستان کرد وتاری ھەینییان، بۆ ڕۆژی 29 کانونی دووهەم، تایبەت بکەن بە ڕەخنەکردنی ئەو کورتە فیلمە ئێرانییەی کە بە ناوی”توکل“ بڵاوکرایەوە. ئەو کورتە فیلمە لە هەموو ڕوویەکەوە فیلمێکی خراپ و پڕوپاگەندەئامێز بوو، بەڵام پەیامەکەی پشتەوەی سەرۆکەکانی پارتی توڕەکرد و وایلێکردن بێنە سەر خەت. فیلمەکە باس لە ساتەوەختی ھێرشی داعش بۆ سەر مەخمور و هەڕەشەی پەلاماردانی ھەولێر و دھۆک دەکات. فیلمی ”توکل“ وێنەیەکی نێگەتیڤی سەرۆکی ئەوسای هەرێم، مەسعود بارزانی نماییشدەکات کە چۆن لەدواچرکەساتەکانی نائومێدبوونی لە ئەمریکا و وڵاتانی تر، بیر لە هەڵهاتن و تەسلیمبوون دەکاتەوە، بەڵام قاسم سلێمانی وەک قارەمانێکی ئەفسانەیی بە هەلیکۆپتەرێکەوە دێتە هەولێر و مەسعود بارزانی ڕزگاردەکات. ئەم فیلمە ناڕەزایەتییەکی گەورەی پارتی دیموکراتی کوردستانی لێکەوتەوە و وەزارەتی ئەوقافیش، کە وەزیرەکەی لە پشکی پارتییە، ئەرکی بەرگریکردنی لە مەسعود بارزانی وەک سەرکردەیەکی سیاسیی و سەربازیی، بە وتاربێژی مزگەوتەکان سپارد. پارتی کە خاوەنی ئیمپراتۆرییەتێکی میدیایی گەورەیە، ھەم کوڕەکەی بارزانی و ھەم برازاکەی کە هەردوو جومگە گەورەکەی سەرۆکایەتی حکومەت و هەرێمیان بەدەستەوەیە، خاوەنی کەناڵی تەلەفیزیۆنی شەخسیی تایبەت بە خۆیانن و پارتیش وەک حیزب خاوەنی چەندان کەناڵی تەلەفیزیۆنیی ساتەلایت و تەلەفیزیۆنی ناوخۆیی و رادیۆیە. جگە لەمانە چ کەسە باڵادەستەکانی ناو خێزانە سیاسییەکەی پارتی و چ پارتی خۆشی وەک حیزب، دەیان ڕۆژنامە و گۆڤاریان ھەیە و تەمویلی ژمارەیەکی زۆریش لە سایت و پەیجی خاوەندار و بێخاوەن دەکەن. واتە لەکاتێکدا پارتی کە خاوەنی ئەم ھەموو دەزگا و کەناڵە میدیایانەیە و بودجەیەکی گەورەی داهاتی گشتییان تیادا سەرفدەکات، کەچی لەڕێگای وەزارەتی ئەوقافەوە فشار لە وتاربێژی مزگەوتەکان دەکات، بەرگریی لە مەسعود بارزانی بکەن و ەک موقەدەسێکی سیاسیی مامەڵەی بکەن . ئەم پەنابردنەی پارتی بۆ مزگەوت، لە کاتێکدا ئەو ئیمپراتۆریەتە میدیاییە گەورەیەی ھەیە، تەنھا یەک ڕاستییمان پێدەڵێت: ڕووتبوونەوەی تەواوی خورافەتی ھەیمەنەی ئەم ھێزە و بەزۆر سەپاندنی بڕیارەکانی لەڕێگای ھێزەوە، لەوانەش بەزۆرسەپاندنی خواستی بەپیرۆزناسین و مامەڵەکردنی سەرۆکەکەی بەسەر خەڵکی ھەرێمەکەدا. ھەروەھا ھێما بە گەیشتنی ئەم ھێزە دەکات بەو ڕاستییەی کە نە میدیاکەی و نە پیاوە گەورەکانی ڕیزی یەکەمی حیزبەکە و نە مەقەڕ و ئۆرگانەکانی و نە ئەو لەشکرە گەورەیە لە نووسەران کە کڕیونی، لانی ھەرەکەمی متمانەیان لەناو کۆمەڵگادا نەماوە، ئەوەی ڕەنگە مەلایەک بتوانێت بۆ ئەوانی بکات، کادر و سەرکردە قاتلەبەر و ئۆرگانە زۆرەکانی حیزبەکە و نووسەرەکانی بۆیان ناکرێت. لەسەرێکی دیکەوە ئەم پەنابردنە بۆ مزگەوت ھێمایە بۆ قەیرانێکی قووڵ و ھەمەلایەنی پرۆژەی سوڵتانیزمی سیاسیی لە ھەرێمدا. بەر لەم پەنابردنە بۆ مزگەوت دەرکەوتێکی گەورەی تری ئەم قەیرانەمان لە ھەڵبژاردنی ڕابردووی پەرلەماندا بینیی. لەو ھەڵبژاردنەدا نزیکەی حەفتا لەسەدی دانیشتوانی ھەرێم بایکۆتی ھەڵبژاردنیان کرد و رەفزیانکرد دەنگ بەو دەسەڵاتدارێتییە سوڵتانییە بدەن کە خێزان و کەسایەتییە بە موقەدەسکراوەکان بەڕێوەیدەبەن. ئەگەر نەچوون بۆ دەنگدان و بایکۆتکردنی ھەڵبژاردن ھێمابێت بۆ ڕەفزی ڕاستەوخۆی زۆرینەی دانیشتوانی ھەرێمەکە بۆ سوڵتانیزمی سیاسیی و مۆدێلی حوکمڕانیی و سیاسییەکانی ناوی، چوونەدەرەوەی نوێژکەرێک دوای تەکاندنی بەرماڵەکەی، لە مزگەوتی ئیسرا و میعراج لە ھەولێر، ھەمان ھێمایە بۆ فەشەلی سەرتاسەریی ئەم سیستەمە سوڵتانییە و ئەم سیاسەتە تازەیەی پەنابردن بۆ مزگەوت. ئەگەرچی ئەم ساتەوەختە لە زیاد لە ئاستێکدا ساتەوەختێکی شۆڕشگێڕانە نییە، قەیران ھەیە بەرامبەر بەوە بکەر و ڕێگای دەرچوون لە قەیران بوونیان نییە، بەڵام بێبەشیش نییە لە کردەی بەرگرییکردنی بەردەوام و ھەمەجۆر. بەرجەستەترین فۆرمی ئەم بەرگرییکردنە بەرامبەر بەم سیاسەتە تازەیەی پارتی بۆ ئاراستەکردنی مزگەوتەکان، لە ھەڵسوکەوتی ئەو پیاوە نوێژکەرەدا دەرکەوت، کە لەناو مزگەوتەکەدا ھەڵسایەوە سەرپێ، بەرماڵەکەی تەکاند و مزگەوتەکە بەجێھێشت. لەوکاتەدا وتاربێژی مزگەوتەکە خەریکی پیادەکردنی داواکەی پارتی و پڕوپاگەندەکردنە بۆ سەرۆکەکەی. ئەم فۆرمە لە بەرگریکردن دەرکەوتێکی پڕدەلالەتی ئەو قەیرانی حوکمڕانییەیە کە سیستەمە سوڵتانییەکەی تێکەوتوە. سوڵتانیزمی سیاسیی وەک سیستەمێک کە تیایدا دەسەڵاتی بنەماڵە و خێزانی سیاسیی، کرۆکی سیستمەکە و ئاراستەکەری کردەی سیاسیی و چەمکی ھەرە سەرەکیی ناو زۆرینەی کایەکانە. مزگەوت و کەنیسە و سیناگۆگ و پەرستگا و شوێنە دینییەکانی تریش، بەشێکی سەرەکیی پێکھاتی ئاینەکانن. ئەم دەزگایانە، ئەگەرچی لە ھەر دینێکدا بەشێوەیەکی جیاواز ڕێکخراون، بەڵام ھەموویان بەرجەستەکەری ڕووکارە مادیی و کۆمەڵایەتییەکەی دینن. مزگەوت وەکچۆن شوێنێکە بۆ کۆبوونەوەی بڕواداران بۆ پیادەکردنی دیندارییان، لەھەمانکاتدا دەزگایەکیشە دەکرێت بۆ مەبەستی ئابوریی و سیاسیی و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتیی بەکاربێت. لە مێژووی سەدەی بیستەمی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا، بە تایبەتی لەدوای بەھێزبوونی دیاردەی ئیسلامی سیاسییەوە، مزگەوتەکان لە دوو دۆخدا ڕۆڵێکی سیاسیی گەورەیان پێبەخشراوە و وەک دەزگایەکی سیاسیی دەستبەکرابوون. یەکەمیان ئەو دۆخەیە کە تیایدا دەوڵەت بە ئەرکە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی خۆی ھەڵناسێت و سیاسەتێکی دیاریکراویشی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەژاریی و نەداریی و گەندەڵیی نەبووبێت و خۆی لەو ئەرکە سەرەکیی و بنەڕەتییە دزیبێتەوە . لەم دۆخەدا و لە زۆر شوێندا مزگەوت بووە بە یەکێک لەو دەزگا سەرەکییانەی بڕێک لەو ئەرکانەی جێبەجێکردوە و ئەو درز و کەلێنانەی پڕکردۆتەوە کە غیابی دەوڵەت دروستیکردون. کێشەکە لەوەدابووە زۆربەی جار ئەو ھێزانەی بەو کارانە ھەستاون ھێزەکانی ئیسلامی سیاسیی بوون و لەپشتی ئەم شێوازە لە بەکارھێنانی مزگەوتەوە تەماحێکی سیاسیی ئامادەبووە. ئەم دۆخەش مزگەوتی گۆڕیوە بۆ بکەرێکی نادەوڵەتیی کە کۆمەڵێک لە ئەرکەکانی دەوڵەت ئەنجامدەدات، ئەوانەشی کە ئەو کارانەیان لە مزگەوتدا ئەنجامداوە، گۆڕیوە بۆ بکەری سیاسیی. بەمەش مزگەوت وەک دەزگایەکی سیاسیی، وەک دەسەڵاتێکی تەریب بە دەسەڵاتی دەوڵەت داڕشتراوەتەوە و خۆشی ڕەھەندێکی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی گەورەی وەرگرتوە. دوومیان دۆخی نەبوونی ئازادیی سیاسیی و باڵادەستی سیستەمی تاکحیزبییە. لە زۆر شوێنی ئەم ناوچەیەدا کاتێک سیستەمی تاکحیزبیی و فشاری سیاسیی گەورە ئامادەبووە، سیاسەت گۆڕاوە بۆ چالاکییەکی نھێنیی یاساغکراو. لەبەرئەوەی ڕێگەنەدراوە بە ئاشکرا پارتی سیاسیی دروستبکرێت، بۆیە پەنا بۆ بەکارھێنانی مزگەوت براوە وەک شوێنێک ئەو ڕۆڵە سیاسییە ببینێت. لەم دۆخەشدا مزگەوت ڕۆڵی ڕووبەرێکی سیاسیی بینیوە لەناو فەزایەکی دژەسیاسەتدا و بووە بە شوێنێک بۆ بەرھەمھێنانی چالاکەوانی دینیی سیاسیی دژەدەوڵەت. لە مێژووی ئەم ناوچەیەدا سەرجەمی ھێزەکانی ئیسلامی سیاسیی، لە ئیخوانەکانەوە بۆ جیھادیست و سەلەفییەکان، مزگەوتیان وەک شوێنێک بۆ کاری سیاسیی بەکارھێناوە. لە ھەرێمەکەی خۆماندا ھەم هێزە ئیسلامییەکان و ھەم پارتی و یەکێتیش مزگەوتیان نەک تەنھا بۆ مەبەستی سیاسیی بەکارھێناوە، بەڵکو وەک درێژکراوەی لەشی خۆیان لەناو دونیای ئیمانداراندا مامەڵەیانکردوە. دەسەڵاتی کوردییش مەلا و بکەری دینیی گوێڕایەڵی سەر بە پارت و بنەماڵە سوڵتانییەکان دروستکردوە. ئەوەی پارتی ھەفتەی ڕابردوو ئەنجامیدا، لەسەرێکەوە ھەم درێژکراوەی ئەم سیاسەتی بەسیاسییکردنەی مزگەوتە، ھەم ھێمای نائومێدبوونە لە دەزگاکانی خۆی لەوەدا بتوانن بە خەڵک بگەن و کاریگەرییان لەسەر بەجێبھێڵن. بەڵام ئەوەی ڕۆژی ھەینی ڕابردوو لە مزگەوتی ئیسرا و میعراج لە ھەولێر ڕوویدا، فەشەلی ئەم سیاسەتی گەڕانەوەیە بۆ مزگەوت و شکستی هەیمەنەی سوڵتانیزمی سیاسیی لە ھەرێمدا نیشانداین. پیاوی بەرماڵەکە ھێما بۆ دروستبوون و ئامادەگیی جۆرێک لە ئیماندار دەکات بەگژ ئەوەدا دەچێتەوە مزگەوت لە دەزگایەکی دینییەوە بگۆڕن بۆ دەزگایەکی حیزبیی، ئیمان و دینداریی خۆیان و سیاسەتی ئەم یان ئەو حیزبی سیاسیی بەیەکتری تێکەڵبکرێت. بەرماڵتەکێنەکە مۆدێلێکە لە بکەری دینیی کە دژی داڕشتنەوەی فیگەری مەلایە لە وتاربێژەوە بۆ کادێرێکی حیزبیی و خوداپەرستییش بگۆڕدرێت بۆ شەخسپەرستیی. ھەروەھا دژی ئەوەیە ئەوەی لەناو مزگەوتێکدا دەگوترێت کۆپی ھەمان ئەو شتە بێت کە لەناو بارەگا حیزبییەکاندا دەگوترێت. دروستبوونی ئەم بکەرە دینییە، کە دینی وەک دین دەوێت و خوداشی وەک خودا دەوێت نەک وەک سەرۆکی پارتێکی سیاسیی، فەشەلێکی بەرچاوی سیاسەتی بەگشتییکردنی گوێڕایەڵیی و ئیتاعەتکردنی ھێزە سوڵتانییەکان و درێژکراوە دینییەکانیان، نیشانئەدات. ستراتیژییەتی سەرەکیی سوڵتانیزمی سیاسیی لە ھەرێمدا، وەک ھەر سیستەمێکی دەسەڵاتگەر، بریتییە لە دروستکردنی تاکەکەسێکی گوێڕایەڵ و بێئیرادەیە، کەسێک دەسەڵات چی ویست و چی چاوەڕێکرد بەوجۆرە بجوڵێتەوە و لەو ئاسۆیەدا بیربکاتەوە. سوڵتانیزم لە ھەرێمدا خەون و بەرنامەی دروستکردنی مۆدێلێک لە مرۆڤی ھەیە، ئەبەدیبوونی ڕژێمە سوڵتانییەکە و خواست و چاوەڕوانییەکانی و مەزن خۆنمایشکردنی بکەرەکانی، بەناوەکیی بکات و لەناو کەسایەتی خۆیدا بیانچێنێت. واتە ئەم سیستەمە دروستکردنی تاکەکەسیی گوێڕایەڵ، خودێکی ناڕەخنەیی، بوونەوەرێکی بێ کردەی بەرگریی، ستراتیژی کارکردنەکانی ئاراستەدەکات و ئەو مۆدێلی خودسازییە سەروەردەکات کە دەسەڵاتدارێتییە سوڵتانییەکە بۆ دروستکردنی ”سیستەمی براگەورە“ و ”بنەماڵەی موقەدەس“ پێویستی پێیەتی. ئەوەی ئەو خاوەن بەرماڵە لە مزگەوتی ئیسرا و میعراج لە ھەولێر بە ھەموومانی نیشانیدا، فەشەلی ئەم سیاسەتی خودسازییەیە کە ئامانجی یەکەم و کۆتایی بریتییە لە دروستکردنی مرۆڤی گوێڕایەڵ. ئەو ھەموو سەرنج و گرنگیپێدانە بەرفراوانەیش کە بەم خاوەن بەرماڵە و ھەڵوێستەکەی درا، بە تایبەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، پابەستە بە بەرجەستەبوونی ڕاستەوخۆی ئەم فەشەلە گەورەیەی دروستکردنی مرۆڤی گوێڕایەڵ لەناو یەکێک لە کۆنترۆڵکراوترین شارەکانی کوردستاندا و لەلایەن یەکێک لە پارتە ھەرە دەسەڵاتگەرەکانی ناو مێژووی سیاسیی ئێمەوە. لەپاڵ ئەم ڕاستییە سادەیەدا دەشێت ئەو گرنگیپێدانە گەورەیە بە کردەی ھەستان و بەرماڵتەکاندن و جێھێشتنی مزگەوتەکە لەلایەن ئەم نوێژکەرە ناڕازییەوە، بۆ ئەم خاڵانە بگەڕێینینەوە. یەکەم: بوونی بڕێکی گەورە لە بەرگریکردن لە ئاکاری ئەو کەسەدا بەرامبەر بە ”مەقەڕکردن“ی مزگەوت و گۆڕینی شوێنێکە لە ”ماڵی خودا“ەوە بۆ ”ماڵی حیزب“. ھەروەھا ناڕازیبوون بەرامبەر بە گۆڕینی شوناسی کەسی ئیماندار بۆ کادێرێکی حیزبیی گوێڕایەڵ. دووھەم: سەندنەوەی پیرۆزیی لە بنەماڵە سوڵتانییەکان و پەکخستنی موقەدەسبوونی سیاسییان لەڕێگای کێشانی ھێڵێکی شاقوڵییەوە لەنێوان موقەدەسی سیاسیی و موقەدەسی دینیدا، جیاکردنەوەی بەموقەدەسکراوی سیاسیی لە موقەدەساتی دینیی. سێھەم: پاکژکردنەوەی ویژدان و تێگەیشتنی دینیی تاکەکەسی ئیماندار لەو تێوەگلانە ناشیرینانەوە کە دین بە گوێڕایەڵییکردن و بە تەسلیمبوون بە دەسەڵاتدارانەوە، گرێئەدات. ئەوەی بینیمان بە پلەی یەکەم ئیتاعەتنەکردنی ئیمام و وتاربێژێکی دینیی بوو، لەڕێگای ئەویشەوە ئیتاعەتنەکردنی ئەو فۆرمانە لە دینداریی کە داوای تەسلیمبوونی تاکەکەس دەکەن. چوارھەم: ناڕەزاییدەربڕین بەرامبەر بە گۆڕینی بکەری دینیی ناو کایەی دین، بۆ بکەرێکی سیاسیی حیزبی کە سنوورێک لە نێوان دین و سیاسەتدا ناھێڵێتەوە. پێنجەم: دەرکەوتنی جۆرێک لە کردەی بەتاکەکەس و بەخودبوون کە تەسلیمی ئەو ڕژێمانەی خودسازیی نابێت کە تەماحی باڵادەستبوونیان ھەیە و داوای تەسلیمبوون لە مرۆڤ دەکەن. ئەوەی بینیمان بکەرێک بوو تەحەدای ئەو گوتاری تەسلیمبوونەی کرد و بوون و ئامادەگیی ئەم گوتاری تەسلیمبوونەشی لەناو مزگەوتدا وەک شتێکی ناسروشتیی و نەگونجاو مامەڵەکرد. ھەموو ئەمانەش بەبێ ئەوەی گوێبداتە دەرەنجامی کارەکەی و ئەو کێشانەی کە دەتوانێت بۆی دروستبکات. شەشەم: بوونی ڕەھەندێکی ڕۆمانسییانەی گەورە لەو کردەی تەحەداکردنە تاکەکەسییەدا. ئەوەی بینیمان تاکەکەسێکی بڕوادار بوو خۆی لەو ژینگە و جەماعەتە دینییە دابڕیی کە لەناویاندایە و ”نا“یەکی تاکەکەسانەی ووت لە ڕەوتێکدا کە بۆ ”بەڵێ“گوتن دروستکرابوو. بە کورتییەکەی، هەڵوێستی بەرماڵتەکێنەکە و کردەکەی بەرگرییکردنێکی بوێرانە بوو، لە ئیرادە و ئیمانێکی ئازادەوە ھاتبوو، وێناکردنێکی تایبەتی دین و سیاسەتی لەپشتەوە بوو، کە بەسەریەکەوە پێماندەڵێت، مزگەوت شوێنی عیبادەتە نەک سیاسەت. ئەگەر موقەدەسێک ھەبێت دەبێت خودابێت نەک سەرکردەیەکی سیاسیی. هەرچی ئەو ڤیدیۆیەشە کە دواتر بڵاوکرایەوە، دەچێتە خانەی ئەو تەکنیک و پیلانانەوە کە سیستمە دەسەڵاتگەرەکان بۆ شکستپێهێنان و بێنرخکردنی کردە و ئەخلاقیاتی بەرگرییکردن بڵاویدەکەنەوە. بابەتی یانزەیەم: دوای ترامپ: خۆدروستکردنەوەی ئەمریکا بابەتی دەیەم: سۆشیال میدیا: لەکایەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بۆ دەسەڵاتێکی سیاسیی بابەتی نۆیەم: دیموکراسیی لە قەیراندا بابەتی هەشتەم: شێخ نەھرۆی کەسنەزانی: لە ئابوریی نەوتەوە بۆ ئابوریی گەشتیاریی دینیی. بابەتی حەوتەم: كۆتایی سیاسەتو نابەرپرسیارێتیی رێكخراو بابەتی شەشەم: حەشدی كوردیی وەك داهێنانێكی تائیفیی تر بابەتی پێنجەم: شەپۆلێکی تری توڕەبوون بابەتی چوارەم: حیزبی كوردیی: لە بكەرێكی مۆدێرنەوە بۆ كۆڵەكەیەكی سوڵتانیی بابەتی سێیەم: لەنێوان "هەناسەدان"و "پڕوكان"دا بابەتی دووەم: عێراق لە فەشەلی بنیاتنانی نەتەوەوە بۆ دەوڵەتی فاشیل بابەتی یەكەم: کۆرۆنا و ئابوریی فەرھود و حوکمڕانیی
درەو : ڕۆژنامەی سەباحی زمانحاڵی حكومەتی عێراق بڵاویكردووەتەوە كە پارێزگای سلێمانی بۆ چارەسەركردنی كێشە داراییەكانی راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ بەغداد دەكات و لە 2020دا تەنیا (5) موچەی بە لێبڕینەوە دابەشكردووە رۆژنامەكە نوسیویەتی: قەیرانی ئابووری هەنوكەیی ودابەشنەكردنی مووچەی فەرمانبەران بۆ ماوەی چەند مانگێك، وای لە حكومەتی خۆجێیی سلێمانی وڕۆشنبیران وچالاكوانان. كرد بیرۆكەی مامەڵەكردنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەغداد دا بخەنەڕوو ئەگەر حكومەتی فیدراڵی عێراق وحكومەتی هەرێمی كوردستان نەگەشتنە ڕێكەوتنێك لەسەر دۆسیەی نەوت وداهاتەكان. لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوو (٢٠٢٠)دا حكومەتی ئیتیحادی ڕاگرتنی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند لەبەر پابەند نەبوونی هەرێمی كوردستان بە ڕادەستكردنی بڕی (250 هەزار) بەرمیل نەوت بە كۆمپانیای (سۆمۆ) لە سەرەتای پارساڵەوە بەپێی ڕێكەوتنێك كە كرابوو لە نێوان هەردوو لا لە كۆتایی پێرارساڵ(٢٠١٩) پاش ئەوەی كە بەغداد مانگانە بڕی ٤٥٣ ملیار دیناری دەدا بە هەرێم بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان. ڕێكەوت زەكی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ڕۆژنامەی (ئەلسەباح)ی ڕاگەیاند : ”لە حاڵەتێكدا هەرێم وبەغداد نەگەشتنە ڕێكەوتنێك لەسەر دۆسیەی نەوت، دەتوانرێت بڕگەیەك لە یاسای بودجەدا جێگیر بكرێت كە ڕێگە بدات حكومەتی خۆجێیی سلێمانی بەشێوەیەكی یاسایی ودەستوری ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ حكومەتی ئیتیحادی بكات”. ڕێكەوت هۆشیاری دا كە ”حكومەتی خۆجێیی سلێمانی دەتوانێت داهاتەكان ڕادەستی حكومەتی ئیتیحادی بكات وبەغداش لەلای خۆیەوە مووچەی فەرمانبەرانی پارێزگاكە دابەش دەكات”، ووتیشی كە ” ئە مە بەندێكی یاسایی دەبێت بۆ یەك ساڵ وهەردوو حكومەتی خۆجێیی لە هەولێر ودهۆك دەتوانن. هەمان. شت بكەن”. شایانی باسە پارساڵ(٢٠٢٠) حەوت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بڕدراوە ولە بەرانبەردا تەنها پێنج مووچە بەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستاندا دابەشكراوە بە لێبڕینی ١٨% و ٢١% جگە لە مانگی یەك كە مووچەی تەواو دابەشكراوە، كە ئەمەش شەپۆلێكی ناڕەزایی وبێزاری جەماوەری دروستكردووە. عومەر كوردە ئەندامی ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە ڕۆژنامەی (ئەلسەباح)ی ڕاگەیاند : ”سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە یەك كاتدا مووچەكانیان وەردەگرن، بەڵام ساڵی ڕابردوو حەوت مووچەیان. بڕدرا وتەنها پێنج مووچەیان وەرگرت ئەویش بە ڕێژەی لێبڕینی ١٨% و٢١%، جگە لە مانگی كانونی دووەم كە مووچەی تەواو وەرگیرا. كوردە ئاماژەی بەوەشدا كە ”پارێزگای سلێمانی بەدابڕاویی لە هەولێر بیرناكاتەوە، وئاماژە هەیە كە هەڵوێستی سلێمانی جیاواز بێت لە هەولێر، هەر چەندە خەڵكی هەمووی نیگەرانن. لە دواكەوتنی دابەشكردنی مووچە وبەرگەگرتنی دۆخی نالەباری ئابووری”.