Draw Media

دیاردەی خۆڵبارین، هۆکار و چۆنیەتی کۆنترۆڵکردنی

دیاردەی خۆڵبارین، هۆکار و چۆنیەتی کۆنترۆڵکردنی

2022-04-10 18:54:54


 عەبدولموتەڵیب رەفعەت  
 
 خۆڵبارین یەکێکە لەو دیاردانەی کە هەندێ جار سروشتییەو وهەندێ جاریش کردەییە کە لە ئەنجامی کارە نا تەندروستیەکانی مرۆڤەوە دروست دەبێت. ئەم دیاردەیە بە هۆی راماڵینی خاکەوە دروست دەبێ بە هێزی با ودواتر دەنکۆڵەکانی خاک بەرز دەبنەوە بۆ بەرگی هەوایی وتا زیاتر لە ٢ کم لە ڕوی زەوییەوە. بۆ رودانی ئەم دیاردەییە بە شێوەیەکی سروشتی پێویستە خێرایی با زیاتر بێت لە ٢٥ کم/کاتژمێر لە شوێنی سەرچاوەوە کە زیاتر لە بیابانەکانەوە سەرچاوە دەگرن وەکو بیابانی عەرەبی وبیابانی خۆرئاوای عیراق وهەندێ جاریش لە بیابانی ئەفریقیاوە.
 
مەرجیش نییە خۆڵبارین تەنها لە بیابانەکانەوە سەرچاوە بگرێت چونکە زۆر جار لە زەوییە کشتوکاڵیەکانیشەوە دروست دەبێت. ئەو زەوییانەی کە دەکەونە ناوچە وشک ونیمچە وشکەکانەوەو کە بە هۆی کەمی ڕوپۆشی ڕوەکی, کەم بارانی وبەرزی پلەکانی گەرمیەوە مادەی ئۆرگانیان زۆر کەممە وخاکەکانیان لاوازوە وبە تەواوەتی شی بوەتەوە, بۆیە ئەم تایبەتمندیانە وادەکەن کە خاکەکە بە ئاسانی لە گەڵ هەڵکردنی ڕەشەبادا بچێتە بەرگی هەواییەوە وبگوازرێتەوە بۆ ناوچەی تر.
 
هەروەها چالاکییە ناتەندروستیەکانی مرۆڤ لەو جۆرە زەوییانە وەکو جووتکردن بە شێوەیەکی نازانستی, بە کارهێنانی ئۆتۆمبێڵ لەو زەوییانە وچالاکییە سەربازییەکان زیاتر بەشی سەرەوەی خاک شیدەکەنەوەو توشی راماڵێن دێت بە با.
 
پێکهاتەی خۆڵبارین بە پێی سەرچاوەکەی دەگوڕێ، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی دەنکۆڵەکانی خۆڵ (خاک) تیرەیان ٥٠٠ مایکرۆن یا کەمترە. وبە پێی کاریگەریان ورۆڵیان لە چڕی خوڵبارین وتوانای مانەوەیان لە بەرگی هەواییدا وکاریگەریان لە سەر ژینگەو تەندروستی مرۆڤ ئەکرێتە چوار بەشەوە:
 
١. زۆر زبر: ئەم دەنکۆڵانە تیرەیان نزیکەی ٥٠٠ مایکرۆنەو لە بەر کێشیانەوە تا چەند سانتێمێک یا چەند مەترێک بەرز دەبنەوە بەڵام لە ماوەیەکی یەجگار کورتتدا دادەبەزنەوە سەر زەوی. وکاریگەریان لە سەر چڕی خۆڵبارین وهەروەها لە سەر تەندروستی مرۆڤ زۆر کەمە یا هەر نییە.
 
٢. زبر: تێرەی ئەم دەنکۆڵانە لە نێوان ١٠-٥٠٠ مایکرۆنن وتا قەبارەیان نزیک بێت لە ١٠ مایکرۆنەوە زیاتر لە بەرگە هەواییدا دەمێننەوە بەڵام مانەوەیان لە بەرگە هەوایی تەنها بۆ چەند کاتژمێرێکە ودواتر دادەبزنە سەر زەوی. وکاریگەریان لە سەر تەندروستی مرۆڤ هەیە بەڵام بە شێویەکی زۆر کەم.
 
٣. ورد: ئەم جۆرە دەنکۆڵانە تیرەیان لە نێوان ٥,٢-١٠ مایکرۆنە وبۆ ماوەیەکی زۆر لە بەرگی هەواییدا دەمێننەوەو کاریگەریان زۆرە لە سەر تەندروستی مرۆڤ وبە تایبەتی لە سەر کۆئەندامی هەناسەدان وتوشبوون بە هەستیاری چاوو کۆئەندامی هەناسەدان.
 
٤. زۆر ورد: ئەو دەنکۆڵانە دەگرێتەوە کە تیرەیان کەمترە لە ٥,٢ مایکرۆن. ئەم جۆرە دەنکۆڵانە بۆ ماوەیەکی زۆر دەمێننەوە بە هەڵواسراوی لە بەرگی هەوا وهەندێ جار بۆ ماوەی زیاتر لە ٣ رۆژ دەمێننەوە. وکاریگەری لە سەر تەندروستی مرۆڤ زۆرە ویەکێکە لە پڕمەترسیدارترین جورەکانی دەنکۆڵە و بە هۆکاری سەرەکی دادەنرێت لە هۆکارەکانی توشبوون بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجەی کۆئەندامی هەناسەدان. وئەم جۆرە دەنکۆڵانە زۆر بە ئاسانی تێکەڵ بە سوری خوێن دەبن وزۆر جار ئەم دەنکۆڵانە بە هۆی کرداری گۆڕینەوەی ئایۆنی (ion exchange) میتاڵە قورسەکانیان پێوەیە بۆیە ئەمەش مەترسیەکانی خۆڵبارین بۆ سەر تەندروستی کۆمەڵگا زیاتر دەکاتەوە.
 
کاریگەرییە ژینگەییەکانی خۆڵبارین
 
جگە لەوەی کە خوڵبارین هۆکارێکە بۆ کەمکردنەوەی ڕادەی بینین, لە گەڵ ئەوەشدا کاریگەری زۆری هەیە لە سەر هاوسەنگی نێوان تیشکی خۆر وتیشکی زەوی. وکواڵیتی هەوا بە تەواوەتی دەگورێت چونکە کاریگەری زۆری لە سەر رێژەی ئۆکسجین دەبێت. لەلایەکی ترەوە, بە هۆی وردی دەنکۆڵەکانی خۆڵبارینەوە کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەنیشنەوە سەر گەڵای دارو ڕوەک وبەروبومە کێڵگەیەکانەوە بۆیە دەبێتە هۆی داخستنی ملولەی سەر گەڵای دارەکان ودەبێتە هۆی پەکخستنی کرداری ڕۆشنەپێکهاتن ودواتر وەرینی گەڵای دارەکان وکەمکردنەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی لە بەروبومە کێڵگەییەکان. لە لایەکی ترەوە دوای نیشتنەوەیان لە سەر زەوی یا خاک دەبێتە هۆی تێکچونی پێکهاتەی خاک لە رووی کیمیاوی وفیزیاوی وبایۆڵۆجیەوە, ورێژەی میتاڵە قورسەکان لە خاک زیاد کات.
 
تایبەت بە سەرچاوەکانی ئاو, دیاردەی خۆڵبارین هۆکارێکە بۆ زیادبوونی لێڵی ئاو وزۆر جار بە پێی خەستی خۆڵبارینەکە رێژەی ترشی وتفتی (pH)ی ئاو دەگورێت, وهەروەها رێژەی میتاڵە قورسەکان لە ئاو زیاد دەکات کە هەموو ئەمانە کاریگەریان لە سەر زیندەوەرانی ناو سەرچاوەکانی ئاو دەبێت وتەنانەت کواڵێتی ئاوەکە دەگوڕن.
 
تایبەت بە کۆنترۆلکردنی یا کەمکردنەوەی دیاردەی خۆڵبارین تەکنیکەکان دەگوڕێت بە پێی شوێنی سەرچاوە یا شوێنی هەڵکردنی خۆڵبارینەکە.
 
لە روبەرە بچوکەکان پێویستە رێژەی مادەی ئۆرگانی لە نێو خاکدا زیادبکرێت ئەویش لە رێگەی بەکارهێنانی پاشماوە کشتوکاڵییەکان بە شێوەی زانستی وتێکەڵکردنی پاشماوەی ڕوەک وداری هاڕاو یا فراوانکردنی روپۆشی ڕوەکی ودروستکردنی پشتوێنەی سەوز لە دەوروپشتی شارەکان. هەندێ مادەی کیمیاویش بەکاردەهێنرێت، بەڵام ئەو مادانە کاریگەریان لە سەر ژینگە زۆر خراپە بۆیە پێویست ناکات ئاماژەیان پێبکرێت.
 
بۆ کۆنترۆڵکردنی دیاردەی خۆڵبارین لە بیابانەکانەوە، بە هۆی فراوانی روبەریان ئەوە پێویستی بە هەماهەنگی نێودەوڵەتی هەیە نێوان ئەو وڵاتانەی کە خۆڵبارین کاریگەری دروستکردووە لە سەریان وەکو وڵاتانی کەنداو، عیراق، سوریا، ئێران وتورکیا و پێویستە بودجەی هاوبەشی بۆ تەرخان بکرێت بە مەبەستی ئیستغلالکردنی ئەو بیابانانە بە شێوەی زانستی. 
 
لە ئێستادا و بە هۆی کەمبارانی و وشکەساڵی کە هۆکارێکن بۆ زیادبونی دیاردەی خۆڵبارین، ئەوە زۆر پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوڵاتیان هۆشیاربکەنەوە لە ڕووی کاریگەری خۆڵبارین لە سەر تەندروستی مرۆڤ وچۆنیەتی خۆپارێزێ لەم دیاردەیە.
 
 
* مامۆستای زانکۆی گەرمیان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand