بەغداد: كاتی رێككەوتن نەماوە .. نەوتەكەتان رادەستكەن
2022-04-11 20:21:03
(درەو):
وەفدەكەی حكومەتی هەرێم گەڕایەوە هەولێر، جیاواز لە جارانی پێشوو، گوێیان لە تۆنی دەنگی بەرپرسانی بەغداد بوو، بەرپرسانی نەوتی عێراق بەروونی بە وەفدی حكومەتی هەرێمیان راگەیاندووە: شتێك نەماوە بەناوی دانوستان و رێككەوتن لەسەر پرسی نەوتی هەرێم، ئێستا كاتی دانوستان و گفتوگۆیە لەسەر چۆنیەتی رادەستكردنی نەوت.
ئەوان بەروونی بە وەفدی حكومەتی هەرێمیان وتووه" بڕیاری دادگای فیدراڵی هەیەو تەفسیرو لێكدانەوە هەڵناگرێت، بۆیە ئێمە ناتوانین گفتوگۆ لەسەر دۆسیەی نەوتی هەرێم بكەین، تەنیا دەتوانین گفتوگۆتان لەگەڵ بكەین لەسەر چۆنیەتی رادەستكردنی نەوت.. ئێستادا دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی بانكیی بكاتەوە تایبەت بە داهاتی نەوت و بەغداد ئاگاداری تەواوی داهاتی نەوت بێت لەو ژمارە بانكییە، بۆ ئەوەی بزانرێت ئەو داهاتە چۆن خەرج دەكرێت و بۆ كوێ و چی دەچێت".
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێك ئەدات بۆ ئەوەی نەوتەكەی رادەستی بەغداد نەكات، ناردنی ئەو وەفدەش بۆ بەغداد ( پرسەكە تایبەتە بە نەوت و هیچ بەرپرسێكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی تێدا نییە) تەنیا بۆ وەرگرتنی سەرنجی بەرپرسانی بەغدادیە لەسەر چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ نەوتی هەرێم.
سەرچاوەیەك لە وەفدەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند، بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق زۆر جیاوازتر و بێمنەتانەتر قسەیان دەكرد، ئامادەنەبوون گفتوگۆ لەسەر شێوازی رێككەوتن بكرێت، ئەوان تەنیا دەیانویست ئەوە بڵێن كە هەرێم دەبێت ئامادەكاری بكات بۆ رادەستكردنی كۆی پرۆسەی نەوت، رێككەوتن لەسەر پرسی نەوت شیاوی گفتوگۆكردن نیە و ئەو پرسە دادگای فیدراڵی كۆتایی پێهێناوە.
لە بەیاننامەكەی وەزارەتی نەوتی عێراقدا بەروونی باس لە گفتوگۆكان كراو تیایدا هاتووه:
🔹 پێداچوونەوە بە سەرجەم گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمدا دهكرێت.
🔹 كردنەوەی هەژمارێكی بانكی لە بانكێكی نێودەوڵەتی بۆ داهاتی نەوتی هەرێم بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی دوور لە گهندهڵی داهاتەكە بزانرێت و خەرج بكرێت.
🔹 گواستنەوەی گرێبەستە نەوتییەكان لە وەزارەتی سامانە سروستییەكانی هەرێمەوە بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق و ئەو كۆمپانیایەی كە بەنیازین دروستی بكەین.
🔹 گواستنەوەی لایەنی دووەمی گرێبەستەكان لە حكومەتی هەرێمەوە بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق.