دیداری دوای موشەكەكان
2022-04-12 08:59:38
(درەو):
وەفدێكی ئێران لەگەڵ مەسعود بارزانیو نێچیرڤان بارزانیو مەسرور بارزانیدا كۆبونەتەوە، بەڵام میدیای پارتی ئەم دیدارەی لە رایگشتی شاردوەتەوە.
وەفدێكی ئێران بە سەرۆكایەتی (حەسەن دانایی فەرد) باڵیۆزی پێشووی ئێران لە عێراق، لە هەولێر لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم كۆبووەوە.
ئەم وەفدە كە رۆژی 10ی ئەم مانگە لە بەغداوە گەیشتونەتە هەولێر، دوو رۆژ لە هەرێمی كوردستان ماوەتەوە بۆ ئەوەی هەرسێ (بارزانی)یەكە ببینێت. میدیای پارتی هەواڵی سەردانی ئەم وەفدەی ئێرانی بۆ هەولێر ئاشكرا نەكرد، بەڵام كونسوڵگەی ئێران لە هەولێر، هەواڵەكەی بڵاوكردەوە.
شەوی 13ی ئازاری رابردوو، ئێران ماڵی (شێخ باز)ی بەڕێوەبەری كۆمپانیای (كار گروپ)ی لە هەولێر موشەكباران كرد، لەوكاتەوە ئەمە یەكەمین دیداری فەرمی بەرپرسانی پارتیو ئێرانە.
كۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێ ئەو ماڵەی كە لە هەولێر موشەكباران كراوە، شوێنی كارمەندانی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل "مۆساد" بووە، بەرپرسانی هەرێم ئەمە رەتدەكەنەوە.
بەمدواییە ئاژانسی رۆیتەرز لە راپۆرتێكدا باسی لەوەكرد، لە ماڵەكەی شێخ بازدا كە ئێرانییەكان بۆردومانیان كرد، چەند كۆبونەوەیەك كراوە سەبارەت بە هەناردەكردنی غازی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا، لەم كۆبونەوانەدا شارەزایانی ئیسرائیلیو ئەمریكی بەشداربوون.
ماوەیەكە پەیوەندییەكانی پارتیو ئێران گرژی تێكەوتووە، سەرەتای ئەم گرژییە بۆ هاوپەیمانێتییەكەی بارزانی دێت لەگەڵ سەدر، ئێرانییەكان وا لێكیدەدەنەوە، پارتیو سوننەكان بەشێك بن لە پرۆژەیەكی هەرێمی بۆ پەرتكردنی ناو ماڵی شیعە لە عێراقو دروستكردنی مەترسی لەسەر ئاسایشی ئێران.
سەرباری ئەمە، ئێرانییەكان نیگەرانن لە هەناردەكردنی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا، ئەمە لەكاتێكدایە بەرپرسانی پارتی بڕیاری خۆیان لەوبارەیەوە یەكلاكردوەتەوەو یەكێتیش دژە.
دوای موشەكبارانەكە، هەوڵێك هەبوو بۆ ئەوەی نێچیرڤان بارزانی بچێتە تارانو پەیوەندییەكان ئاسایی بكاتەوە، بەڵام ئەمە سەری نەگرت، ئێرانییەكان نێچیرڤان بارزانی بە دۆستی خۆیان دەزاننو پێیانوابووە سەردانی ئەو كاریگەریی سەر ناڕەزایەتییەكانیان لە مەسعود بارزانی مامی نابێت.
سەرەتای شوبانی رابردوو، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی كتوپڕ گەیشتە ئەنكەرەو رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیای بینی، سەردانەكەی هێندە خێرا بوو، تەنانەت میدیاكانی خۆشی نەیانزانیبوو، هەواڵەكەیان لە سایتی سەرۆكایەتی توركیاوە بینی. لەم سەردانەدا، ئەردۆغان داوای غازی هەرێمی كوردستان لە نچیرڤان بارزانی كرد، سەرۆكی هەرێم پێی وتبوو" هەرچیم لە توانادا بێ دەیكەم، بابەتی ناردنی غاز لەگەڵ حكومەتی ناوەندی عێراق تاوتوێ دەكەم".
رۆژی 15ی شوبات، دوای 10 ساڵ چاوەڕوانیی، دادگای باڵای فیداڵی عێراق بەشێوەیەكی كتوپڕ، حوكمی خۆی لەبارەی سكاڵایەكی حكومەتی عێراق لەسەر حكومەتی هەرێم یەكلاكردەوە، یاسای نەوتو غازی هەرێمی بە نادەستوری ناوبردو داوایكرد هەرێم نەوتو غازەكەی رادەستی بەغداد بكات.
ئێستا هەرێمی كوردستان لەناو لێكەوتەكانی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراقدا دەژی، سەرباری ئەمە، سەرۆكی حكومەتی هەرێمو پارتی هێشتا ئاڕاستەیان بەرەو ئیماراتی عەرەبیو توركیاو پشتیان لە ئێران كردووە، ئەمە لەكاتێكدا دەزانن ئەو شەپۆلە فشارانەی بەمدواییە كەوتوەتە سەر هەرێمی كوردستان، سەرچاوەكەی لە ئێرانەوەیە.