Draw Media

قەیرانی لەدایکبوونی تاکەکەس

قەیرانی لەدایکبوونی تاکەکەس

2022-09-25 07:32:54



مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

ئێمە لە سەردەمی ”لەدایکبوونی تاکەکەس“دا دەژین، کۆمەڵگای ئێمە و کۆمەڵگاکانی دراوسێمان ساتەوەختە سەخت و پڕ قەیران و گرفتە گەورەکانی لەدایکبوونی تاکەکەس، وەک دروستکراوێکی مێژوویی تازە، دەژین. تاکەکەس وەک بوونەوەرێک نوێی ناو مێژوو، بوونەوەرێک ئەگەری ئەوەی تێدایە بگۆڕێت بۆ بکەرێکی کۆمەڵایەتیی نوێ و دونیا بە شێویەکی تر دروستبکاتەوە. ھەموو کردەیەکی دروستکردنەوەی دونیاش کردەیەکی ئاڵۆز و توندوتیژە. تاکەکەس وەک بکەر لانیکەم ھەڵگریی دوو داخوازیی سەرەکییە: سەربەخۆبوون و ئازادیی. سەربەخۆبوون و ئازادییش وەک دیاریەکی کاتی و تێپەڕ نا، بەڵکو وەک ژێرخانی ئەخلاقیی و مادیی و ڕەمزیی ئامادەگی ئەو، وەک مافێک کە ژیانی خۆی و ژیانی کۆمەڵگاکەی لەسەر بونیادبنرێت. ئەوەی ئەمڕۆکە ئێمە دەیبینین، لە سەردەمی ”بزوتنەوەی سەوز“ و ”بەھاری عەرەبیی“ و ”ناڕەزاییەکانی غازی پارک“، تا بە توڕەبوونەکانی ئەم ساتەی ناو ئێران و کوردستان دەگات، ئامادەگیی تاکەکەسێکی نائایدیۆلۆژییە، کە داخوازییە سەرەکییەکانی بریتین لە خواستی سەربەخۆبوون و ئازادبوون. سەربەخۆبوون لە دەوڵەت و لە دەسەڵاتی دینیی و نادینیی پیاوانی دین و حوکمڕانان و پاتریارکیەت، ئازادبوونیش لە کۆی ئەو پێشمەرجە ئەخلاقییە دینیی و فەرھەنگیانە کە سنووری گەورە و ھەمەلایەن بۆ ئازادیی و جوڵە و شێوەژیان و دەرکەوتنیان لەناو کۆمەڵگادا دادەنێت. ئەم لەدایکبوونە نوێیەی تاکەکەس، ئەگەری ئەوەی لەخۆیدا ھەڵگرتوە ببێت بە بکەرێکی مێژووی نوێی ناو پێکھاتی بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگاکانی ئەم ناوچەیە، بە کۆمەڵگای ئێمەشەوە.  
ئاستی خوێندن و فێربوون، گەورەبوونی تواناکانی پەیوەندیکردن و بینین، ناسین و شارەزابوون بە ژیانی مرۆڤ و میلەتانی تر، فێربوونی زمانی تر، لاوازبوونی سنوورە تەقلیدییەکان، کەمبوونەوە و بێلایەنبوونی نرخی شوێن، کورتبوونەوەی مەسافەکان، ژێرخانی ئەم لەدایکبوونە تازەیەی تاکەکەسن لە کۆمەڵگای ئێمە و کۆمەڵگا دراوسێکانماندا. نەوەیەک بەڕێوەیە ناتوانێت لەناو ئەو جیھانە داخراوەدا بژیی کە باوکە دینیی و ئەخلاقیی و ڕەمزییەکان دروستیانکردوە و دەسەڵاتی خۆیشیان لەسەر ھێشتنەوە و بەردەوامیدان بەو جیھانە داڕشتوە. بەم مانایە ئەو ناکۆکییانەی لە ئێستادا لە فۆرمی ناڕەزاییدەربڕین و چوونە سەرشەقام و سوتاندنی سەرپۆش و داکەناندنی حیجابدا دەردەکەون، ناکۆکیی بونیادین و چارەسەرکردنیان پێویستیان بەدەستکاریکردن کۆی ئەو ڕەگەزە جیاوازانە ھەیە کە ئەو دونیایەیان پێ دروستکراوە. 


ھاتنە دەرەوە لە ”حەریم“ی پیاوە سونەتەییەکان، چوونە دەرەوەی ئەودیوی سنوورەکانی خێزان و خێڵ و بنەماڵەی تەقلیدیی، دروستبوونی پەیوەندیی نوێ لە پاڵ و لە دەرەوەی پەیوەندیی خوێن و پەیوەندیی خزمایەتیی سونەتیدا، بیرکردنەوەی بەشێکی گرنگی نەوە نوێکان لە خۆیان وەک تاکەکەسی سەربەخۆ، وەک کەسانێک شایستەی ماف و شایستەی ژیانێک خۆیان ھەڵیبژێرن و ڕێکیبخەن، خواستی ئازادبوون و سەربەخۆبوون، خواستی دورکەوتنەوە لە میرزا و خواجاکانی ئەخلاق، ھەموویان پێدراوی سۆسیۆلۆژیی تازەی ناو ئەو واقیعە تازەن کە دروستبووە، چ لە کۆمەڵگای ئێمەدا یان لە کۆمەڵگاکانی دەوروبەرماندا. ئەم دۆخە وادەکات سەرجەمی ئەو یەکە کۆمەڵایەتییانەی لەم لەدایکبوونەی تاکەکەس دەترسن، ئەو پنتانەی دەسەڵات کە نایانەوێت بکەری نوێ دروستببێت، لە ھەوڵی دروستکردنی چەندەھا ڕێگردابن بۆ پەکخستن و سنووردارکردن و لەباربردنی ئەم لەدایکبوونە تازەیە. لە خێزانی تەقلیدییەوە بیگرە بۆ پەیوەندییەکانی خزمخواھی تەقلیدیی و لەوانیشەوە بۆ بونیاد و عەقڵیەتی خێڵ و بنەماڵە، بە تێەڕین بەناو تێگەیشتنە تەقلیدییەکان لە دین و دینداریی و لە دەسەڵات و دەسەڵاتدارێتیی و لە کۆی ئەو گوتارانەش کە بەناوی ڕەسەنایەتیی و خۆماڵیبوون و شوناسەوە دژ بە ھاتنەکایەی دونیایەکی نوێ، کاردەکەن. ئەو ھاوار و قیڕەقیڕە زۆرەی ڕۆژانە گوێمان لێدەبێت دەربارەی ”مەترسی ھەڵوەشاندنەوەی خێزان“، ”لەدەستدانی ڕەسەنایەتیی“، ”ھێرش بۆسەر دین و دینداریی“، یاخود ھەزاران جار دووبارەکردنەوەی ئەو ئینشا سادەیەی کە دەڵێت "قەیرانی ئەخلاقی ڕوبەڕوی كۆمەڵگاكەمان بۆتەوە“،  ”هەوڵدانی دەرەکیی گەورە بۆ هەڵوەشاندنەوەی دین لەئارادایە“،  ”شوناسی مسوڵمانیەتیی و موسڵمانبوونمان لەمەترسیدایە“، ھەموویان دەربڕی ئەو ترسە تەقلیدیی و سونەتیەن کە ھێزە سونەتییە باڵادەستەکان ھەڵیانگرتوە. ترسێک کە تەنھا یەک ناوی ڕاستەقینەی ھەیە: ترسی لەدایکبوونی ئەم بوونەوەرە تازەیە، لەدایکبوونی تاکەکەس. تاکەکەسێک کە فۆرمێکی تری ژیان و فۆرمێکی تری کۆمەڵگا و پێکەوەبوونی کۆمەڵایەتیی دەوێت. 
لە دیدی مندا لەدایکبوونی تاکەکەس ئەو ڕووداوە گەورەیەیە کە لەم ساتەدا لەناو نەخشەی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و دینیی و ئەخلاقیی و ڕەمزیی کۆمەڵگای ئێمە و دراوسێکانماندا ڕووئەدات. لەدایکبوونێکی پڕ لە قەیران و ترس و ئەگەری گەورەی پێکدادان، لەدایکبوونێکی زەحمەت بەڵام مێژوویی. ترسیش لەم لەدایکبوونە، بە تایبەتی ترسی ھێز و گروپە دینیی و سیاسییە داخراوەکان، ژێرخانی ئەو ڕووداوانەیە لە ئێستادا بە بەرچاوی ھەمووانەوە، ڕووئەدات. 
بێگومان لەدایکبوون و ھاتنەکایەی تاکەکەس پێویستی بە ژیانێکی نوێ و کۆمەڵگایەکی نوێ و سیستمێکی ڕەمزیی نوێ ھەیە بۆئەوەی بتوانێت وەک مرۆڤێکی سەربەخۆ و ئازاد  بژیی و گەشە بکات. ”ژیانێکی مەدەنیی“ کە سنوور بۆ ئاواتەکان و خەونەکانی دانەنێت، ”دینێکی مەدەنیی“ وەک بوونەوەرێکی گوناھبار و بچووک سەیری نەکات، ”دەسەڵاتێکی مەدەنیی“ وەک ڕەعیەت نەیبینێت و مافەکانی لێ زەوتنەکات، ”ئەخلاقێکی مەدەنیی“ ئازادیی تاکەکەسبوون سێنتەرەکەی بێت نەک موقەدەساتی ھەمەجۆر، ”پەیوەندییەکی مەدەنیی“انەش کە بەھیچ جۆرێک لە تاکەکەسبوون و ئینسانبوونی، نەخات. بە کورتییەکەی دیدگایەکی مەدەنیی، کە تاکەکەس وەک کەسێکی خاوەن ماف و خاوەن ئازادیی و خاوەن کەرامەت و خاوەن سەربەخۆیی ببینێت و مامەڵەبکات. فشاری کولتور و کەلەپور و ئایدیۆلۆژیا و دین، نەیخنکێنێت. توندڕەوەیی مەزهەبیی و سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی سنووری کوشندە و وێرانکەری بۆ دانەنێت. 
وەک ووتم لەدایکبوونی ئەم تاکەکەسە لە دۆخێکی مێژوویی تەواو قەیراناویی و زەحمەتدایە. لە ئێستادا  لە سێ ئاستی سەرەکیدا ڕووبەڕووی کۆسپ و ڕێگری گەورە و ھەمەلایەن دەبێتەوە. یەکەم: لە ئاستی سیاسەت و حوکمڕانیدا ڕووی بەو ھێزە سیاسیی و حوکمڕانە گەندەڵ و دز و جەردە و درۆزن و نابەپرسیارانەدا دەتەقێتەوە کە وڵاتەکەیان بە مرۆڤەکانییەوە لەسەر خۆیان و نەوە و بنەماڵەکانیان تۆمارکردوە، خۆیان بە سەروەر و ئەوانیتر بە ڕەعیەتێکی بێاف دەبینن و مامەڵەدەکەن. نەوەیەک لە حوکمڕانی خوێناویی و توندڕەو کە ھێزی ڕووت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆمەڵگاکانیاندا بەڕێوەدەبات.  
دووھەم: لە ئاستی ئابوریدا ڕوویانە بەو فۆرمە لە ئابورییدا دەتەقێتەوە کە ئابورییەکی بەرخۆریی قۆرخکراوە، بە ھەموو گوناھەکانی ئابوریی بەرخۆرییەوە. ئابوریی دروستکردنی مۆدێل و ئیغرائاتی مەسرەفگەرایی، ئابوریی ئیشنەکردن و دەوڵەمەندبوونی لەپڕ، ئابوریی دروستکردنی فۆرمی نوێی ھەژاریی و پەراوێزکەوتنی، کۆمەڵایەتیی. ئابوری دروستکردنی شار و گەڕەکی فیرعەونی و لەپاڵ شاری تەنەکەیی و ھەڕەمەکی گەورەدا، کە ھەموو بارانێک بتوانێت ببێت بە لافاو و بەشێکی گەورەی ببات. ئەم ئابورییە بەرخۆرییە، ئابوریی توندوتیژیی مۆدێل و توندوتیژیی چێژ و توندوتیژیی نایەکسانییەکی کۆمەڵایەتیی گەورەیە. لە ئاستی پەیوەندیی ئەم ئابورییە بە لەشەوە، لەسەر خواستی دروستکردنی لەشێکی ھەمیشە گەنج، ھەمیشە چێژبەخش، ھەمیشە سەرنجڕاکێش کاردەکات، بەڵام بەبێ ئەوەی ئەگەری دابینکردنی ئەم خواستانە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر کۆمەڵگاکەدا دابەشبکات. ئەم مۆدێلەش لە لەش، ھەوڵئەدات ئیغرائات و خواست و پێداوستییە زۆر و گەورەکانی خۆی، بەسەر کۆی لەشەکانی تری ناو کۆمەڵگادا، بسەپێنێت. لە جۆری جلوبەر و مارکەی تایبەتی گرانبەھاوە بیگرە، بۆ نەشتەرگەریی ڕوخسار و لوت و لێو و قژ و بەشەکانی تری لەش. مەرجەعیەتی ئەم لەشە ”مەرجەعیەتێکی کاڵایی“ و ”بەرخۆر“انەیە، کە لەبەردەستی ژمارەیەکی گەورەی ئەندامانی ئەو کۆمەڵگایەدا نییە.


لە بەرامبەر ئەم مۆدێلەدا کۆسپی سێھەم دێتەکایەوە کە وەک ڕێگرێکی گەورە لەبەردەم گەشەکردنی تاکەکەسدا ئامادەیە، کە کۆسپی ھاتنەکایە و ئاوسانی تێگەیشتنێکی داخراو و سەلەفییانە و سیاسییانە بۆ دین و دینداریی. شێوە باڵادەستەکانی دینداریی لەو کۆمەڵگایانەدا کۆسپی گەورەن لەبەردەم ئازادیی و سەربەخۆیی و ماف و پێکەوەبوونێکی کۆمەڵایەتیی ھێمندا. لەم دۆخەدا نوخبەیەکی دینیی سیاسیی ئامادەیە کە دەسەڵاتی خۆی بەشێوەیەکی بەردەوام گەشەپێئەدات و قەڵەودەکات. ئەم مۆدێەل دینیی سیاسییە لە خەمی سەپاندنی مۆدێلی ”لەشی داپۆشراو“ و ”نەبینراو“دایە، وەک میکانیزمێک بۆ دروستکردنی مرۆڤی کۆپیکراو، مرۆڤێک کە نەتوانێت تاکەکەس بێت.  مەرجعەیەتێکی تایبەتیش بۆ بەگشتیکردنی ئەم لەشە داپۆشراو و نەبیراوە، بۆ فۆرمێکی دینیی مرۆڤی کۆپیکراو، دروستدەکات کە  ”مەرجەعیەتێکی دینیی“ە، وردتر بدوێم ”مەرجەعیەتێکی دینیی سیاسییە“.
ھەرسێ کۆسپەکە کۆسپی گەورەی بەردەمی تاکەکەسی ئازاد و سەربەخۆن. وانەیەک لە فەیلەسوفی فەرەنسی میشێل فوکۆوە فێریبووبین ئەوەیە کە دەسەڵات تەنھا لەناو کایەی سیاسیی و دەزگاکانی دەوڵەت و نوخبەکانی حوکمڕانیدا ئامادە نییە، بەڵکو لە چەندان بواری جیاوازی تریشدا ئامادەیە، لەوانەش لە بواری دروستبوونی بکەری نوێ لە مێژوودا، لە بواری لەدایکبوون و ھاتنەکایەی شێوازی ڕوانین و دیدگا و گوتاری تازەدا، لە بواری چۆنیەتی دەرکەوتن و ئامادەگی لەش لەناو ژیانی گشتیدا.
بە کورتییەکەی ئەوەی ڕووئەدات و بەڕێوەیە ڕووبدات پێکدادانی ئەم بوونەوەرە تازەی ناو مێژووی ئێمەیە لەگەڵ ئەو سێ کۆسپەدا کە باسمکرد. پێکدادانە لەگەڵ ئەو مۆدێلە سیاسیی و حوکمڕانییەدا کە سەروەرکراوە. لەگەڵ ئەو سیستمە ئابورییە قۆرخ و کۆنترۆڵکراوەی بەرخۆریدا کە دروستکراوە، لەگەل ئەو  فۆرمە لە دینداریی سیاسیی، ئیخوانیی و سەلەفیی و ویلایەتی فەقیەدا، کە لەناوچەکەدا باڵادەستکراوە.  
دواھەمین خاڵێک بمەوێت ھێمایەکی زۆر خێرای بۆ بکەم ئەمەیە: ھاتنەکایەی ئەم تاکەکەسە تازەیە، کە ھاوشانە بە مۆدێلێکی حوکمڕانیی داخراو و ئابورییەکی بەرخۆریی قۆرخکراو و توندەڕەویەکیی دینیی سیاسیی و سەلەفییانە، ھاوکات تێکەڵە بە دۆخی ”کەبتێکی جنسیی“ گەورە و بەرفراوان. نەوەیەک دروستبووە و نەوەیەکیش بەڕێوەیە دروستببێت، لەپاڵ زۆر شتی تردا توانای پێکھێنانی خێزان و دامەزراندنی ژیانێکی سێکسی ڕێکخراویان نییە. بەڵام ھاوکات مۆدێلێک لە پیاوانی دین و سیاسەت دەبینن، کە بەناوی نوێنەرانی خودا و کۆمەڵگاوە ئەدوێن، ژیانی سوڵتانە کۆنەکان دەژین و خاوەنی زیاد لە ژن و کەنیزەک و سەرجێیەکن. لەم ئاستەشدا دۆخێک لەئارادایە تەنھا دەسەڵاتی سیاسیی و دەسەڵاتی ئابوریی و دەسەڵاتی دینیی مۆنۆپۆڵ و قۆرخ نەکرابێت، بەڵکو تا ڕادەیەکی زۆریش، چێژی سێکسی و توانای پەیوەندیکردن بە مێینەشەوە، مۆنۆپۆڵ و قۆرخکرابێت. بە کورتیەکەی، ئەم تاکەکەسە تازەیەی ناو مێژووی ئێمە ھاتۆتە ناو دونیایەکی تەواو قۆرخ و مۆنۆپۆڵکراوەوە، بۆیە پێکدادان و توندوتیژیی، وەک جۆرێک لە حەتمیەت و وەک قەدەرێکی مێژووی ناو ئەم دۆخە، دەردەکەوێت. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand