داهاتی نەوتی هەرێم لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ (6.85) ملیار دۆلار بووە
2022-09-25 05:41:16
شیكاری: درەو:
# هەرێمی كوردستان لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ (72 ملیۆن) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆرییەوە فرۆشتووەو بەهاكەی (6 ملیار و 805 ملیۆن ) دۆلار بووە
# لە چارەكی یەكەم داهاتی نەوت ( 3 ملیارو 63 ملیۆن ) دۆلار بووەو لە چارەكی دووەم ( 3 ملیارو 789 ملیۆن ) دۆلار بووە
# لە چارەکی دووەمدا داهاتی فرۆشی نەوت (726 ملیۆن) دۆلار زیادی کردووە.
# داهاتی نەوتی فرۆشراو بە پاڵاوگەکان بە ڕێژەی (168%) و بڕی (21 ملیۆن و 609 هەزار) دۆلار کەمی کردووە.
# خەرجی تێچوونی پرۆسەی نەوت لە بە ڕێژەی (2.5%) زیادی کردووە و لە (56%)ەوە بووە بە (58.5%).
# پارەی گەڕاوە بۆ خەزێنەی حکومەتی هەرێم بڕی (228 ملیۆن و 144 هەزار) دۆلار زیادی کردووە بەراورد بە چارەکی یەکەم.
یەکەم؛ بەراوردی نەوتی هەرێم لە چارەکی (یەکەم و دووەم)ی 2022
1. جیاوازی فرۆشی نەوت لە چارەکی (یەکەم و دووەم)ی 2022
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ (34 ملیۆن و 932 هەزار و 168) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆرییەوە فرۆشتووە، بەڵام لە چارەکی دووەمدا بڕی (37 ملیۆن و 618 هەزار و 577) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆرییەوە فرۆشتووە، بەم پێیەش لە چارەکی دووەمدا بەراورد بە چارەکی یەکەم (2 ملیۆن و 686 هەزار و 409) بەرمیلی نەوتی زیاتر فرۆشتووە.
بەڵام بڕی ئەو نەوتەی کە فرۆشراوە بە پاڵاوگەکانی ناوخۆ لە چارەکی یەکەمدا (409 هەزار و 37) بەرمیل بووەو لە چارەکی دووەمدا بریتی بووە لە (237 هەزار و 475) بەرمیل نەوت، بەم پێیەش بڕی (171 هەزار و 562) بەرمیل بە ڕێژەی (42%) کەمتری فڕۆشتووە بە پاڵاوگەکانی ناوخۆ.
2. جیاوازی بەهای نەوت لە چارەکی (یەکەم و دووەم)ی 2022
پاڵپشت بە زانیارییەکان کۆی بەهای نەوتی فرۆشراو لە چارەکی یەکەمی (2022)دا لە ڕێگەی بۆرییەوە بریتی بووە لە (3 ملیار و 28 ملیۆن و 903 هەزار و 497) دۆلار. بەڵام کۆی بەهای نەوتی فرۆشراو لە چارەکی دووەمی (2022)دا لە ڕێگەی بۆرییەوە بریتی بووە لە (3 ملیار و 776 ملیۆن و 446 هەزار و 251) دۆلار. بەم پێیەش لە چارەکی دووەمدا بەراورد بە چارەکی یەکەم (747 ملیۆن و 542 هەزار و 754) دۆلار لە داهاتی نەوت زیادی کردووە.
هەرچی داهاتیشە لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوت بە پاڵاوگەکانی ناوخۆ لە چارەکی یەکەمی (2022) بەهاکەی بریتی بووە لە (34 ملیۆن و 453 هەزار و 394) دۆلار، بەڵام لە چارەکی دووەمدا بەهاکەی دابەزیوە بۆ (12 ملیۆن و 844 هەزار و 28) دۆلار و بە ڕێژەی (168%) و (21 ملیۆن و 609 هەزار و 366) دۆلار کەمی کردووە.
3. جیاوازی خەرجی نەوت لە چارەکی (یەکەم و دووەم)ی 2022
لە چارەکی یەکەمدا بڕی (1 ملیار و 719 ملیۆن و 515 هەزار و 659) دۆلار بە ڕێژەی (56%) چووە بۆ دانەوەی شایستەی دارایی کۆمپانیا نەوتییەکان و قەرز و خەرجییەکانی دیکەی نەوت، وەک گواستنەوەو کۆگاکردن، بەڵام لە چارەکی دووەمدا بڕی (2 ملیار و 217 ملیۆن و 305 هەزار و 4) دۆلار بە ڕێژەی (58.5%) چووە بۆ قەرز و خەرجییەکان.
واتە لە چارەکی دووەمدا بە ڕێژەی (2.5%) خەرجی و پرۆسەی نەوتی هەرێم زیادی کردووە.
4. داهاتی گەڕاوەی نەوت لە چارەکی (یەکەم و دووەم)ی 2022
لە چارەکی یەکەمدا بڕی (1 ملیار و 343 ملیۆن و 841 هەزار و 232) دۆلار بە ڕێژەی (44%)ی داهاتی گشتی نەوت گەڕاوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام لە چارەکی دووەمی (2022)دا بڕی (1 ملیار و 571 ملیۆن و 985 هەزار و 275) دۆلاری بە ڕێژەی (41.5%) گەڕاوەتەوە بۆ حکومەت و بەم پێیەش، بڕی (228 ملیۆن و 144 هەزار و 43) دۆلار داهاتی نەوت زیادی کردووە.
بەڵام بەشێوەیەکی گشتی و بە تێکڕا داهات گەڕاوە بە ڕێژەی (2.5%) دابەزییوە بە هۆی بەزبوونەوەی بەهای تێچون و خەرجی نەوتەوە.
بڕوانە چارتی ژمارە (1)
دووەم؛ نەوتی هەرێم لە چارەکی یەکەمی 2022
بەپێی ڕاپۆرتی دیلۆیت کە لە (5/7/2022) بڵاوی کردووەتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ واتە لە نێوان (1ی کانونی دووەمی 2022 بۆ 31ی ئازاری 2022) بڕی (34 ملیۆن و 932 هەزار و 168) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆرییەوە فرۆشتووەو کۆی بەهاکەی (3 ملیار و 28 ملیۆن و 903 هەزار و 497) دۆلار بووە، هەر بەرمیلێک نەوتی بە (86.73) دۆلار فرۆشتووە، ئەمە لە کاتێکدایە نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (100.44) دۆلار بووە. واتە لە چارەکی یەکەمی (2022) هەر بەرمیلێک نەوت بە (13.71) دۆلار هەزانتر فرۆشراوە.
هاوکات (409 هەزار و 37) بەرمیل نەوت بە پاڵاوگەکانی ناوخۆی هەرێم فرۆشراوە، کۆی بەهاکەی (34 ملیۆن و 453 هەزار و 394) دۆلار و هەر بەرمیلێک نەوت بە تێکڕای (84.23) دۆلار فرۆشراوە.
بەم پێیە کۆی بەهای نەوتی هەرێم بەشێوەی (بۆری + ناوخۆ) بریتی بووە لە (3 ملیار و 63 ملیۆن و 356 هەزار و 891) دۆلار، لەو بڕەش (1 ملیار و 719 ملیۆن و 515 هەزار و 659) دۆلاری بە ڕێژەی (56%) چووە بۆ دانەوەی شایستەی دارایی کۆمپانیا نەوتییەکان و قەرز و خەرجییەکانی دیکەی نەوت، وەک گواستنەوەو کۆگاکردن. بڕی (1 ملیار و 343 ملیۆن و 841 هەزار و 232) دۆلاری بە ڕێژەی (44%) گەڕاوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان. (بڕوانەی خشتەی ژمارە (2)).
خشتەی ژمارە (2)
سێیەم؛ نەوتی هەرێم لە چارەکی دووەمی 2022
ئەگەر چی هێشتا دواین ڕاپۆرتی دیلۆیت بڵاونەکراوەتەوە دەربارەی وردبینی دۆسیەی نەوتی هەرێم لە چارەکی دووەمی (2022)، بەڵام بە پێی زانیارییەکانی فەرمانگەی میدیاو زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە (23/9/2022)، زانیارییە سەرەکییەکانی پرۆسەی نەوتی هەرێمی بۆ ئەم ماوەیە خستووەتە ڕوو؛
بەپێی زانیارییەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چارەکی دووەمی ئەمساڵ واتە لە نێوان (1ی نیسانی 2022 بۆ 31ی حوزەیرانی 2022) بڕی (37 ملیۆن و 618 هەزار و 577) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆرییەوە فرۆشتووەو کۆی بەهاکەی (3 ملیار و 776 ملیۆن و 446 هەزار و 251) دۆلار بووە، هەر بەرمیلێک نەوتی بە (100.38) دۆلار فرۆشتووە، ئەمە لە کاتێکدایە نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (113.54) دۆلار بووە. واتە لە چارەکی یەکەمی (2022) هەر بەرمیلێک نەوت بە (13.16) دۆلار هەزانتر فرۆشراوە.
هاوکات (237 هەزار و 475) بەرمیل نەوت بە پاڵاوگەکانی ناوخۆی هەرێم فرۆشراوە، کۆی بەهاکەی (12 ملیۆن و 844 هەزار و 28) دۆلار و هەر بەرمیلێک نەوت بە تێکڕای (54.08) دۆلار فرۆشراوە، بەم جۆرەش بێت نەوت بە نزیکەی نیوەی نرخی خۆی بە پاڵاوگە نەوتییەکان دراوە، ئەمەش جۆرێک لە پاڵپشتی حکومەت دەردەخات بۆ پاڵپشتی پاڵاوگەکان و پێداویستی ناوخۆ.
هاوکات کۆی بەهای نەوتی هەرێم بەشێوەی (بۆری + ناوخۆ) بریتی بووە لە (3 ملیار و 789 ملیۆن و 290 هەزار و 279) دۆلار، لەو بڕەش (2 ملیار و 217 ملیۆن و 305 هەزار و 4) دۆلاری بە ڕێژەی (58.5%) چووە بۆ دانەوەی شایستەی دارایی کۆمپانیا نەوتییەکان و قەرز و خەرجییەکانی دیکەی نەوت، وەک گواستنەوەو کۆگاکردن. بڕی (1 ملیار و 571 ملیۆن و 985 هەزار و 275) دۆلاری بە ڕێژەی (41.5%) گەڕاوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان. (بڕوانەی خشتەی ژمارە (3)).
خشتەی ژمارە (3)
چوارەم؛ نەوتی هەرێم لە نیوەی یەکەمی 2022
پاڵپشت بەو داتایانەی هەردوو چارەکی یەکەم و دووەمی (2022)، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ واتە لە نێوان (1ی کانونی دووەمی 2022 بۆ 31ی حوزەیرانی 2022) بڕی (72 ملیۆن و 550 هەزار و 745) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆرییەوە فرۆشتووەو کۆی بەهاکەی (6 ملیار و 805 ملیۆن و 349 هەزار و 748) دۆلار بووە، هەر بەرمیلێک نەوتی بە تێکڕای (93.56) دۆلار فرۆشتووە، ئەمە لە کاتێکدایە نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی بە تێکڕا (106.99) دۆلار بووە. واتە لە نیوەی یەکەمی (2022)دا هەر بەرمیلێک نەوت بە (13.43) دۆلار هەزانتر فرۆشراوە.
هەر بەپێی داتاکان (646 هەزار و 512) بەرمیل نەوت بە پاڵاوگەکانی ناوخۆی هەرێم فرۆشراوە، کۆی بەهاکەی (47 ملیۆن و 297 هەزار و 422) دۆلار و هەر بەرمیلێک نەوت بە تێکڕای (69.13) دۆلار فرۆشراوە.
بەم پێیە کۆی بەهای نەوتی هەرێم بەشێوەی (بۆری + ناوخۆ) بریتی بووە لە (6 ملیار و 852 ملیۆن و 647 هەزار و 170) دۆلار، لەو بڕەش (3 ملیار و 936 ملیۆن و 820 هەزار و 663) دۆلاری بە ڕێژەی (57.4%) چووە بۆ دانەوەی شایستەی دارایی کۆمپانیا نەوتییەکان و قەرز و خەرجییەکانی دیکەی نەوت، وەک گواستنەوەو کۆگاکردن. بڕی (2 ملیار و 915 ملیۆن و 826 هەزار و 507) دۆلاری بە ڕێژەی (42.6%) گەڕاوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان. (بڕوانەی خشتەی ژمارە (4)).
خشتەی ژمارە (4)
سەرچاوە: كۆمپانیای دیلۆیت