شەڕی یەكێتی و گۆڕان لەسەر (بەڕێوەبەرێك) دەوامی دوو قوتابخانە پەك دەخات
2022-09-26 07:41:36
درەو:
شەڕی یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر بەڕێوەبەری قوتابخانەیەك دەوام لە دوو قوتابخانەی بازیان پەك دەخات، دای دوو هەفتە لە كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان، تا ئێستا هیچ وانەیەك لەو قوتابخانەیە نەوتراوەتەوە كە (700) قوتابی تێدایە.
قوتابخانەی (رابەر) كە قوتابخانەیەكی (12) پۆلیەو لەسەر داهاتی كارگەكانی بازیان درووستكراوە لە گەڕەكێكی نزیك گەڕەكی قوتابخانەی (رەوا) كە لە ئێستادا (700) قوتابی هەیەو لە هەر پۆلێكدا نزیكەی (75) قوتابی تێدایە.
مامۆستا سۆران رەسوڵ بەڕێوەبەری قوتابخانەی (رەوا) بە (درەو)ی راگەیاند" لە ئێستا قوتابخانەكەمان (720) قوتابی هەیە، كەمترین پۆلمان (54) قوتابی تێدایەو زۆرترینی (75) قوتابی، لەو گەڕەكەی قوتابخانە نوێیەكەی تێدا درووستكراوە (رابەر)، نزیكەی (320) قوتابیمان وەرگرتووە، بۆیە بارودۆخمان زۆر خراپەو لەدوای دوو هەفتە لە كردنەوەی دەرگای قوتابخانە تا ئێستا نەمانتوانیوە وانە بخوێنین و چاوەڕێین وەزارەت و بەڕێوەبەرێتی پەروەردە كێشەكە چارەسەر بكەن.
مامۆستا سۆران لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی چەندین پۆستی لەسەر ئەو كێشەیە كردووەو لە دوایین پۆستیدا نوسیویەتی:"كاتێك هەموو شتێك بە حەزو ئارەزووی حزب بێت ئەمە دەرئەنجامەكەیەتی، پرۆسەی خوێندن قوربانیە گەورەكەی دەستی حزب، قوتابخانەیەك 13 رۆژە داخراوەو قوتابخانەیەك 13 رۆژە قوربانیە"
(درەو) بەدواداچوونی كرد بۆ كێشەی قوتابخانەكە بۆی دەركەوت كێشەكە پەیوەندی بە دانانی بەڕێوەبەرێكەوە هەیە لە نێوان یەكێتی و گۆڕان.
كێشەكە بەم شێوەیە:
قوتابخانە نوێیەكەی بازیان (رابەر) كە (12) پۆلە بڕیاردراوە بكرێتە دوو دەوام دەوامێكی بنەڕەتی بەڕێوەبەرێكی (گۆڕان)ی هەبێت و دەوامێكی ئامادەیی بەڕێوەبەرێكی (یەكێتی) هەبێت.
سەرەتا دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی فەرمانی دەستبەكاربوونی بۆ بەڕێوەبەرێكی (گۆڕان) بۆ دەوامی بنەڕەتیەكە دەركردووە بەڵام كۆمیتەی یەكێتی رازی نەبووە، دواتر فەرمانێكی تری دەركردووە بۆ بەڕێوەبەرێكی تر هەر سەربە (گۆڕان) و چاوەڕێیە ناوی بەڕێوەبەری ئامادەییەكەش كە بۆ (یەكێتیە) دەربكرێت بەڵام تا ئێستا نەكراوە، بۆیە ئێستا یەكێتی ناڕازیە بە بەڕێوەبەرە (گۆڕان)ەكەو دەیەوێت بەڕێوەبەری بنەڕەتیەكە بۆ یەكێتی بێت، گۆڕان سوورە لەسەر ئەوەی بەڕێوەبەری ئەو قوتابخانەیە سەر بە (گۆڕان) بێت و یەكێتیش سوورە بەڕێوەبەری ئەو قوتابخانەیە سەربە (یەكێتی) بێت، بۆیە تا ئێستا دەرگای قوتابخانە نوێیەكە نەكراوەتەوەو قوتابیانی سنوری ئەو قوتابخانە نوێیە كە ژمارەیان نزیكەی (320) قوتابیە چونەتە قوتابخانەی (رەوا) و ژمارەی قوتابیان لەو قوتابخانەیە لە (400) قوتابیەوە زیادبووە بۆ زیاتر لە (700) قوتابی، بەمەش دەوامی قوتابخانە كۆنەكە (رەوا)شیان پەكخستووەو بەهۆی زۆری قوتابیەوە دوای دوو هەفتە لە كردنەوەی دەرگای قوتابخانە تا ئێستا وانەیان نەخوێندووە.
لە دانانی بەڕێوەبەرو یاریدەدەری قوتابخانەكاندا لە سنوری سلێمانی كۆمیتەی یەكێتی و لە سنوری هەولێر ناوچەی پارتی دەستیان هەیە لە دیاریكردنی بەڕێوەبەرو یاریدەدرەی قوتابخانە.
لە هەرێمی كوردستان:
- (6 هەزارو 758) قوتابخانە هەیە
- ( ملیۆنێك و 800) قوتابی هەیە
- (150 هەزارو 816) مامۆستا هەیە.