Draw Media

درەو: نوسینی: ئەنگێلا ستێنت وەرگێڕان: پەرۆش محەمەد - گۆڤاری ئاییندەناسی ئەم قەیرانەی ئێستا نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، پڕۆسەیەکە ٣٠ ساڵە لە دروستبووندایە. ئەمە تەنها دەربارەی ئۆکرانیا و بەئەندامبوونی نییە لە ناتۆدا، بەڵکوو دەربارەی داهاتووی ئەو ڕێکخستنەوەیەی ئەورووپایە کە دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت دروست بووە. لە ماوەی ساڵانی (١٩٩٠)ەکاندا، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی پێکهاتەیەکی ئەمنیییان لە ئەورووپا و زەریای ئەتڵەسی دامەزراند کە تێیدا ڕووسیا ئەرک و ڕۆڵێکی دیاریکراوی نەبوو. لەو کاتەوەی پوتن هاتووەتە سەر دەسەڵات، ڕووسیا تەحەدای ئەو سیستمە دەکات. پوتن بەبەردەوامی گلەیی ئەوەی کردووە کە ڕێکخستنی ئێستای جیهان نیگەرانییە ئەمنییەکانی ڕووسیای پشتگوێ خستووە و داوای ئەوەی کردووە کە ڕۆژئاوا دان بە مافی ڕووسیادا بنێت لەوەی کە بەرژەوەندیی تایبەتی هەبێت لە جیهانی دوای سۆڤیەتدا. پوتن داگیرکاریی بۆ وڵاتە دراوسێکانی وەکوو جۆرجیا ئەنجام داوە کە لەژێر کاریگەریی ڕووسیا دەرچوون، بۆ ئەوەی ڕێگرییان لێ بکات بەتەواوی ئاڕاستە بگۆڕن. پوتن ئێستا بەم ڕێگایەدا هەنگاوێ زیاتر دەنێت. ئەو لە ئێستادا هەڕەشەی داگیرکارییەکی گشتگیرتری ئۆکرانیا دەکات لەوەی لە داگیرکردنی کریمیا و دەستتێوەردانەکەی دونباس لە ٢٠١٤دا کردی، داگیرکارییەک کە ڕێکخستنی ئێستای جیهان لاواز دەکات و مەزنیی ڕووسیا دووپات دەکاتەوە لەوەی کە پوتن دەڵێت شوێنی “ڕەوا”ی ڕووسیایە لە کیشوەری ئەورووپا و پرسەکانی جیهاندا. ئەو ئێستا بە کاتێکی باش دەزانێت بۆ ئەوەی هەنگاو بنێت. لە ڕوانینی ئەودا، وڵاتە یەگرتووەکانی ئەمەریکا لاواز، دابەش و کەمتوانەیە لەوەی بتوانێ سیاسەتێکی هاوئاهەنگیی دەرەکی بگرێتە بەر. چەندین دەیە لە دەسەڵاتدا وای لە پوتن کردووە گومان لە مانەوەی دەسەڵاتی ئەمەریکا بکات. پوتن لە ئێستادا مامەڵە لەگەڵ پێنجەم سەرۆکی ئەمەریکادا دەکات و بەو دەرئەنجامە گەیشتووە واشنتن لە گفتوگۆدا باوەڕپێکراو نییە. حکومەتە نوێیەکەی ئەڵمانیا تازە خەریکە خۆی بگرێت و ئەورووپاش بەگشتی سەرقاڵی ئاڵنگارییە ناوخۆییەکانی خۆیەتی و بازاڕە دروستەکەی وزەش دەسەڵاتی زیاتر دەدات بە ڕووسیا بەسەر تەواوی کیشوەری ئەورووپادا. کرێملینیش پێی وایە دەتوانێ پشت بە پشتیوانیی چین ببەستێ وەکوو ئەوەی لە داگیرکردنی کریمیادا چین پشتیوانیی ڕووسیای کرد لە ٢٠١٤دا. پوتن ڕەنگە بڕیاریش نەدات ئۆکرانیا داگیر بکات، بەڵام ئایا دەیکات یان نا، ڕەفتارەکانی سەرۆکەکەی ڕووسیا کۆمەڵێ پرەنسیپی بەیەکداچووی سیاسەتی دەرەکی ئاڕاستەی دەکات کە ئاماژە بەوە دەکات مۆسکۆ لە ساڵانی داهاتوودا لاسار دەبێت. با ناوی ئەم سیاسەتەی ڕووسیا بنێین “ڕێبازی پوتن”. ڕەگەزی سەرەکیی ئەم ڕێبازە ئەوەیە ڕۆژئاوا وەها لێ بکات بە جۆرێ مامەڵە لەگەڵ ڕووسیادا بکات وەکوو ئەوەی یەکێتیی سۆڤیەت بێت، هێزێک کە دەبێت ڕێزی بگریت و لێی بترسیت، بە کۆمەڵێ مافی تایبەتییەوە لە دراوسێکانیدا و دەنگیشی هەبێت لە پرسە نێودەوڵەتییە جددییەکاندا. ئەم ڕێبازە پێی وایە تەنها چەند وڵاتێکی کەم دەبێ ئەم دەسەڵاتەیان هەبێت لەگەڵ سەروەریی تەواودا، هەروەها پێویستە ئەوانی تر مل بدەن بۆ خواستی ئەم چەند وڵاتە. ئەوەش سەر بۆ ئەوە دەکێشێت ڕژێمە دەسەڵاتگەرەکانی داهاتوو پشتگیری بکرێن و دیموکراسییەکانیش لاواز بکرێن. ڕێبازەکەش بەستراوە بە ئامانجە گرنگەکەی پوتنەوە: هەڵگەڕاندنەوەی دەرئەنجامەکانی ڕووخانی سۆڤیەت، پارچەکردنی هاوپەیمانیی ئەتلانتیک (ناتۆ) و دووبارە دانوستانکردنەوە لەسەر ئەو ڕێککەوتنە جوگرافیاییانەی جەنگی ساردی کۆتایی پێ هێنا. دەنگێک لە ڕابردووەوە بە بۆچوونی پوتن، ڕووسیا مافێکی ڕەهای هەیە کە شوێنی خۆی هەبێت لە هەموو بڕیارە نیودەوڵەتییەکاندا. ڕۆژئاوا دەبێ دان بەوەدا بنێ کە ڕووسیا یەکێکە لەوانەی کە جیهان بەڕێوە دەبەن. دوای ئەو ڕیسوابوونەی (١٩٩٠)ەکان، وەکوو پوتن ناوی لێ دەنێت، کاتێک ڕووسیایەکی زۆر لاواز ناچار کرا مل بۆ ئەجێندای ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بدات، ئەو بە ڕێژەیەكی زۆر ئەم ئامانجەی بەدەست هێناوە. هەر چەندە دوای داگیرکردنی کریمیا لە ٢٠١٤، ڕووسیا لە “G8” دەرکراوە بەڵام ڤیتۆکەی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ڕۆڵی وەکوو زلهێزێکی جوگرافی، وزە و چەکی ناوکی؛ دەستەبەری ئەوە دەکات کە وڵاتانی تری جیهان بۆچوونەکانی ڕووسیا بەهەند وەربگرن. ڕووسیا بەسەرکەوتوویی هێزی سەربازیی خۆی بنیاد نایەوە دوای شەڕی جۆرجیای ٢٠٠٨ و لە ئێستاشدا هێزی هەرە دیاری سەربازیی ناوچەکەیە و دەتوانێ لە جیهاندا دەسەڵاتەکانی پیادە بکات. توانای مۆسکۆ بۆ هەڕەشەکردن لە دراوسێکانی، ڕۆژئاوا ناچار دەکات کە بێنە سەر مێزی دانوستان لەگەڵیدا وەکوو ئەوەی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بەڕوونی دەرکەوتووە. ئەوەندەی پەیوەندیی بە پوتنەوە هەیە، بەکار‌هێنانی هێز شتێکی زۆر گونجاوە ئەگەر ڕووسیا پێی وا بێ کە ئاسایشی لە مەترسیدایە: بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا هەمان ئەندازەی ئەوانەی ڕۆژئاوا ڕەوان و وەکوو پوتنیش دەڵێت ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی گوێیان بەمە نەداوە. زۆربەی کاتەکان ئەمەریکا و ئەورووپا نیگەرانییەکانی ڕووسیایان ڕەت کردووەتەوە کە بەزۆری لەدەوری هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەت و جیابوونەوەی ئۆکرانیا دەخولێتەوە. کاتێک پوتن ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەتی وەکوو “گەورەترین کارەساتی جیۆپۆلەتیکیی سەدەی بیستەم” ناو برد، ئەو خەمی ئەوەی بوو ٢٥ ملیۆن ڕووسی لە دەرەوەی سنوورەکانی ڕووسیادا خۆیان بینییەوە. زۆر بەتایبەتییش ڕەخنەی لەوە دەگرت کە ١٢ ملیۆنیان لە وڵاتی ئۆکرانیای نوێدا خۆیان بینییەوە. وەکوو ئەوەی لە وتارێکی ٥٠٠٠ وشەییدا بە ناونیشانی “لە بارەی یەکێتیی مێژوویی ڕووسییەکان و ئۆکرانییەکان”ەوە، هاوینی ڕابردوو دەڵێت: “لە ١٩٩١ خەڵکی لە چاوترووکانێکدا خۆیان لە دەرەوەی وڵات بینییەوە، ئەم جارەیان لە خاکی مێژوویی دایکی خۆیان دابڕێنران”. ئەم وتارەی بەم دواییە بەناو سەربازانی ڕووسیادا دابەش کراوە. ئەم حیکایەتی دۆڕانە بەرامبەر ڕۆژئاوا، گرێ دراوە بە هۆگرییەکی تایبەتی پوتنەوە: ئەو باوەڕەی کە ناتۆ هەر بەوە ڕازی نییە وڵاتانی دوای سۆڤیەت وەربگرێت و هاریکارییان بکات، بەڵکوو ڕەنگە هەڕەشە لە ڕووسیا خۆشی بکات. کرێملن پێداگری دەکات لەوەی کە ئەم باوەڕە لە نیگەرانیی ڕاستەقینەوە سەرچاوەی گرتووە. دواجار ڕووسیا بەردەوام لەلایەن ڕۆژئاواوە داگیر کراوە. لە سەدەی بیستەمدا لەلایەن هێزە هاوپەیمانە دژەبەلشەفییەکانەوە داگیر کراوە، کە لە نێویاندا هەندێک هێزی ئەمەریکا هەبوو لە ماوەی ساڵانی شەڕی ناوخۆی ڕووسیادا لە ١٩١٧ بۆ ١٩٢٢. ئەڵمانیا دوو جار ڕووسیای داگیر کردووە کە بووە بە هۆی لەناوچوونی ٢٦ ملیۆن ڕووسی لە جەنگی جیهانیی دووەمدا، پوتن بەئاشکرا ئەم مێژووەی هەم بە نیگەرانییەکانی ئێستای ڕووسیاوە لە بارەی چوارچێوەی ناتۆوە لەنزیک سنوورەکانی ڕووسیا بەستووەتەوە، هەم ئەم مێژووەشی بە داواکارییەکانی ڕووسیاوە لە بارەی گەرەنتیی ئاسایشیەوە گرێ داوە. هەر چەندە لەمڕۆدا ڕووسیا زلهێزێکە کە مووشەکی نوێی خێراتر لە دەنگی هەیە. هیچ وڵاتێک نیازی داگیرکردنی ڕووسیای نییە، ئەوە دراوسێ بچووکە لاوازەکانی بە هیچ شێوەیەک. لە ڕاستیدا وڵاتانی دراوسێی لای ڕۆژئاوای ڕووسیا حیکایەتێ دیکەیان هەیە و پێداگری لەسەر لاوازیی خۆیان دەکەن لە سەدەکانی ڕابردوودا لەهەمبەر داگیرکارییەکانی ڕووسیا. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەرگیز هێرش ناکاتە سەر ڕووسیا، هەر چەندە پوتن تاوانباری دەکات بەوەی کە دەیەوێ “پارچەیەک لە کێکە خۆشەکەمان” ببڕێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ڕوانینە مێژووییە بۆ خودێکی لاوازی ڕووسیا لای دانیشتووانی ڕووسیاش دروست کراوە. میدیای کۆنترۆڵکراوی حکومەت پڕە لەو بانگەشانەی کە ئۆکرانیا دەکرێت ببێت بە سەکۆیەکی مووشەکی بۆ دەستدرێژییەکانی ناتۆ. لە ڕاستیدا لە وتارەکەی ساڵی پاریدا، پوتن نووسیبووی کە ئۆکرانیا خەریکە بکرێت بە “سەکۆیەک دژی ڕووسیا”. پوتن هەروەها باوەڕی وەهایە کە ڕووسیا مافێکی ڕەهای هەیە کە لە شوێنەکانی دوای یەکێتیی سۆڤیەت، ناوچەی بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی هەبێت. ئەمە بەو مانایە دێت کە ئەو وڵاتانەی دراوسێی پێشووی بوون لە سۆڤیەتدا، نابێ پەیوەندی بە هیچ هاوپەیمانییەکەوە بکەن کە دژی مۆسکۆن، بەتایبەتی ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپا. پوتن ئەمەی بەڕوونی ڕاگەیاندووە لەو دوو وتارەدا کە کرێملن لە ١٧-١٢ی ساڵی پێشوو پێشکەشی کردوون، کە تێیدا داوای کردووە ئۆکرانیا و وڵاتانی دیکەی پاش سۆڤیەت -سوید و فینلەنداشی تێدایە- هەمیشە بێلایەن بن و واز بهێنن لە بوون بە ئەندام لە ناتۆدا. ناتۆش دەبێ بگەڕێتەوە بۆ پێگەی پێش ١٩٩٧، بۆ پێش کاتی یەکەم فراوانبوونی خۆی، ئەویش لە ڕێگای کشاندنەوەی هەموو ئەو سەرباز و چەکانەوە لە ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا دایناون (ئەمەش ناتۆ بچووک دەکاتەوە بۆ قەبارەی ئەو کاتەی یەکێتیی سۆڤیەت تازە هەڵوەشابوویەوە)، هەروەها ڕووسیاش مافی ڤیتۆی هەبێ بەسەر سیاسەتی دەرەکیی وڵاتە دراوسێکانیەوە کە ئەندامی ناتۆ نین. ئەمەش دەستەبەری ئەوە دەکات کە ئەو وڵاتانەی سنووریان بە ڕووسیاوەیە، حکومەتەکەیان دۆستی ڕووسیا بێت، لە ناویشیاندا ئۆکرانیا لە هەمووی گرنگترە. پەرت کە و داگیری بکە تاوەکوو ئێستا هیچ وڵاتێکی ڕۆژئاوایی ئامادە نەبووە ئەم داوا نائاساییانەی ڕووسیا قبووڵ بکات. وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا و ئەورووپا بەگشتی ئەوەیان قبووڵ کردووە کە وڵاتەکان ئازادن لە دەستنیشانکردنی سیستمی ناوخۆیی و پەیوەندییەکانیان لە سیاسەتی دەرەکیدا. لەنێوان ساڵانی ١٩٤٥ بۆ ١٩٨٩، یەکێتیی سۆڤیەت ڕێگریی دەکرد لە مافی چارەنووسی وڵاتانی ڕۆژهەڵات و ناوەڕاستی ئەورووپا و کۆنترۆڵی سیاسەتی دەرەکی و ناوخۆیی وڵاتانی پەیمانی وارشۆی کردبوو لە ڕێگای حیزبە کۆمۆنیستییە ناوخۆییەکان، پۆلیسی نهێنی و سوپای سوورەوە. کاتێک وڵاتێک لە مۆدێلە سۆڤیەتییەکە زۆر دوور دەکەوتەوە، وەکوو ئەوەی هەنگاریا لە ١٩٥٦ و چیکوسلۆڤاکیا لە ١٩٦٨، سەرۆکەکانیان بەزۆر لە دەسەڵات دوور دەخرانەوە. پەیمانی وارشۆ هاوپەیمانییەک بوو کە تۆمارێکی سەیری هەبوو: ئەم هاوپەیمانییە تەنها ئەندامانی خۆی داگیر دەکرد. لێکدانەوەی ئەمڕۆی کرێملن بۆ سەروەری، لەگەڵ ئەوەی یەکێتیی سۆڤیەت زۆر لەیەک دەچن. ئەگەر قسەیەکی جۆرج ئۆروێڵ دەستکاری بکەین، دەتوانین بڵێین ئەم لێکدانەوەیە پێی وایە هەندێ وڵات لەوانی تر سەروەرترن. پوتن ئەمەی گوتووە کە تەنها چەند هێزێکی گەورە، وەکوو ڕووسیا، چین، ئەمەریکا و هیندستان، دەتوانن سەروەریی تەواویان هەبێ و ئازاد بن هەر هاوپەیمانییەک هەڵبژێرن پەیوەندیی پێوە بکەن یان ڕەتی بکەنەوە. وڵاتانی بچووکی وەکوو ئۆکرانیا و جۆرجیا بەتەواوی سەروەر نین و پێویستە ڕێز لە داواکاریی ڕووسیا بگرن هەروەکوو وڵاتانی ناوەڕاست و باشووری ئەمەریکا دەبێت گوێڕایەڵێ دراوسێ مەزنەکەیان بن لە باکوورەوە. ڕووسیا هاوپەیمانیی ناوێت بە مانا ڕۆژئاواییەکەی وشەکە، بەڵکوو لە جێی ئەوە بۆ هاوکاری و هاوبەشییەک دەگەڕێت لەگەڵ وڵاتانی نموونەی چین کە تێیدا هەردوو لا سوودی لێ ببینن و سنوور بۆ ئازادیی ڕووسیا دانەنێت لە ناوخۆی خۆیدا چی بکات و حوکم لەسەر چی بدات. ئەم هاوبەشییە دەسەڵاتگەرییە ڕەگەزێکی ڕێبازەکەی پوتنە. سەرۆک پوتن ڕووسیا وەکوو پشتیوانی دۆخی ئێستا و پارێزەری بەها سوننەتییەکان نیشان دەدات و بە یاریکەرێکی نێودەوڵەتیی دەزانێ کە ڕێز لە سەرۆکە جێگیرەکان دەگرێت بەتایبەتی دیکتاتۆرەکان. هەروەکوو ڕووداوەکانی ئەم دواییەی بیلاڕووسیا و کازاخستان نیشانی دەدات ڕووسیا هێزێکە ئامادەیە بڕوات بۆ پشتگیریکردنی ئەو دەسەڵاتدارە دیکتاتۆرانەی تووشی شەڕ هاتوون. ڕووسیا بەرگریی لە دیکتاتۆرەکان کردووە لە دراوسێکانی خۆی و لە وڵاتانی دووریش وەکوو کوبا، لیبیا، سووریا و ڤەنزوێلا. بە پێی کرێملن، ڕۆژئاوا بەپێچەوانەوە پشتگیریی ئاژاوە و گۆڕینی ڕژێمەکان دەکات وەکوو ئەوەی لە شەڕی عێراق لە ٢٠٠٣ و بەهاری عەرەبی لە ٢٠١١ ڕووی دا. بەڵام لە “مەودای بەرژەوەندی”یەکانی خۆیدا، ڕووسیا دەکرێ وەکوو گۆڕانویستێ هەڵسوکەوت بکات کاتێک پێی وایە بەرژەوەندییەکانی کەوتوونەتە مەترسییەوە، یان کاتێک دەیەوێ ئەو بەرژەوەندییانە پەرە پێ بدات هەروەکوو داگیرکردنی کریمیا، جۆرجیا و ئۆکرانیا نیشانی دا. پاڵنەری ڕووسیا بۆ ئەوەی وەکوو ڕابەرێک و پشتیوانێکی ڕژێمی کەسە بەهێزەکان دانی پێدا بنرێت لەم ساڵانەی دواییدا سەرکەوتوو بووە، چونکە ئەو گرووپە شەڕکەرانەی کرێملن پشتیوانییان دەکات، لە زۆر بەشی جیهان لە جێی ڕووسیا شەڕیان کردووە، لە ناویاندا نموونەی ئۆکرانیا. دەستتێوەردانە گۆڕانویستەکانی ڕووسیا تەنها بەو ناوچانەوە ناوەستێ کە وەکوو پێگەی دەسەڵاتی خۆی دەیانبینێ. پوتن پێی وایە بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا ئەو کاتە باش بەدی دێن کە هاوپەیمانیی ئەتلانتیکی (ناتۆ) دابەش بکات. بەو بۆنەیەوە پوتن پشتیوانیی گرووپە دژەئەمەریکایی و دژەئەورووپاییەکانی کردووە، هەروەها پشتیوانیی گرووپە شمولییە چەپ و ڕاستەکانی لە هەردوو لای ئۆقیانووسی ئەتڵەسیدا کردووە، دەستتێوەردانی لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە و بەگشتی کاری کردووە ئاژاوە و لێکترازان لەناو کۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکاندا دروست بکات. یەکێ لە ئامانجە گەورەکانی ئەوەیە وەها بکات ئەمەریکا لە ئەورووپا بکشێتەوە. ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا ڕقی لە هاوپەیمانیی ناتۆ بوو لەگەڵ چەند هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمەریکا لە ئەورووپادا پەیوەندیی باش نەبوو، دیارترینیان ئەنگێلا مێرکڵی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، هەروەها بەئاشکرا قسەی لە بارەی کشانەوەی ئەمەریکا لە ناتۆ دەکرد. ئیدارەی جۆ بایدن بەوردی سەرقاڵی چاککردنەوەی هاوپەیمانێتییەکەیە و لە ڕاستییشدا قەیرانە دروستکراوەکەی پوتنیش لە بارەی ئۆکرانیاوە یەکێتیی هاوپەیمانێتییەکەی توندتر کردووەتەوە، بەڵام بە ئەندازەی پێویست گومان هەیە لە بارەی پابەندبوونی ئەمەریکاوە لەدوای هەڵبژاردنەکانی (٢٠٢٤)ەوە کە ڕووسیا سەرکەوتووانە توانیویەتی بەکاری بێنێت بۆ دروستکردنی گومان، بەتایبەتی لە ڕێگای سۆشیالمیدیاوە. لاوازکردنی هاوپەیمانیی ناتۆ ڕێگا خۆش دەکات بۆ پوتن بۆ گەیشتن بە ئامانجی کۆتایی: فڕێدانی ئەو ڕێکخستنە نێودەوڵەتییە لیبراڵ و پشتئەستوور بە یاسایەی کە دوای جەنگی سارد دروست بووە و ئەورووپا، ئەمەریکا و ژاپۆن پشتگیریی دەکەن و دانانی ڕێکخستنێک گوێڕایەڵی ڕووسیا بێت. بۆ ڕووسیا ئەم سیستمە نوێیە لەو ڕێکخستنەی سەدەی نۆزدەی هێزەکان دەچێت. دەکرێ ئەمە سەر بکێشێ بۆ بەرجەستەبوونی سیستمێکی نوێی یەڵتا کە تێیدا ڕووسیا، چین و ئەمەریکا جیهان دابەش بکەن بۆ سێ ناوچەی جێگای کاریگەری. زیادبوونی نزیکبوونەوەی مۆسکۆ لە چین، لە ڕاستیدا بانگی ڕووسیای بۆ دروستکردنی ڕێکخستنێکی بەهێزتر کردووە لەدوای ڕێکخستنی ئێستای جیهان کە هیی ڕۆژئاوایە. هەردوو ڕووسیا و چین داوای سیستمێکی نوێ دەکەن کە تێیدا هەردوو لا کاریگەریی زیاتریان دەبێت لە جیهانێکی فرەجەمسەردا. سیستمەکانی سەدەی نۆزدە و بیست هەندێ یاسای یارییەکەیان دەزانی. لە کۆتاییدا لە ماوەی جەنگی سارددا هەردوو ئەمەریکا و یەکێتیی سۆڤیەت بەزۆری ڕێزیان لە پێگەی نفووزی یەکتری دەگرت. دوو ڕووداوی زۆر ترسناکی ئەو سەردەمە، داواکەی خرۆشۆف لە بارەی بەرلینەوە لە ١٩٥٨ و قەیرانی مووشەکی کوبای ١٩٦٢، بەر لەوەی بگەن بە پێکدادانی جەنگی هێورکرانەوە. بەڵام ئەگەر دۆخی ئێستا ئاماژەیەکی تێدا بێت ئەوەیە کە وەها دیارە “ڕێکخستن”ی پاش ڕۆژئاوای پوتن جیهانێکی ئاژاوەی هۆبزیانەیە بە کەمێک یاسای یارییەوە. بۆ گەیشتن بەو سیستمە نوێیە، پوتن شێوازی کارکردنەکەی ئەوەیە ڕۆژئاوا تووشی شڵەژان بکات کە خەمڵاندن بۆ نیازی ڕاستەقینەی ئەو بکەن و دواتر تووشی سەرسوڕمانیان بکات کە شتێک ئەنجام دەدات. دانانەوە ڕووسییەکە بە پێی ئامانجە کۆتاییەکەی پوتن و ئەو باوەڕەی کە ئێستا کاتیەتی بۆ ناچارکردنی ڕۆژئاوا بە وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی، ئایا ڕووسیا دەکرێت بوەستێنرێت لەوەی هێرشێ تر بکاتە سەر ئۆکرانیا؟ کەس نازانێ لە کۆتاییدا پوتن چ بڕیارێک دەدات. بەڵام ئەو باوەڕەی کە ڕۆژئاوا بۆ ماوەی سێ دەیەیە بەرژەوەندییە ڕەواکانی ڕووسیای پشتگوێ خستووە، بەردەوام پاڵنەری کارەکانی پوتنە. ئەو سوورە لەسەر ئەوەی کە مافی ڕووسیا بسەپێنێ لە سنووردارکردنی بژاردە سەروەرەکانی وڵاتانی دراوسێ و ئەو وڵاتانەی پێشتر ئەندامی پەیمانی وارشۆ بوون، ئیدی ئایا شتەکە بە دیپلۆماسیەت بێت یان بە هێزی سەربازی.  ئەمەش بەو مانایە نایەت کە ڕۆژئاوا بێهێزە. ئەمەریکا دەبێت بەردەوام بێت لە دیپلۆماسیەت لەگەڵ ڕووسیا و بەدوای ڕێککەوتنێکدا بگەڕێن کە بۆ هەردوو لا قبووڵکراو بێت بەبێ کەمکردنەوەی سەروەریی هاوپەیمان و هاوبەشەکانی. لە هەمان کاتدا، ئەمەریکا دەبێ بەردەوام بێت لە هەماهەنگی لەگەڵ ئەورووپییەکان بۆ وەڵامدانەوە و سزادانی ڕووسیا. بەڵام شتەکە ڕوونە هەتا ئەگەر ئەورووپا لە شەڕیش دوور بێت، چیدی گەڕانەوە نییە بۆ دۆخی پێش ئەو کاتەی ڕووسیا هێزەکانی کۆ کردەوە لە ئازاری ٢٠٢١. ئەنجامی کۆتایی ئەم قەیرانە، سێیەم ڕێکخستنەوەی ئاسایشی ئەتڵەسی-ئەورووپییە لە (١٩٤٠)ەوە. یەکەم جار ئەو کاتە بوو کە سیستمی یەڵتا بوو بە دوو بلۆکی دژبەر لە ئەورووپا لەدوای جەنگی جیهانیی دووەم. دووەم جار لە (١٩٨٩)وە بۆ ١٩٩١ سەری هەڵدا، لەگەڵ ڕووخانی بلۆکی کۆمۆنیستی و دواتریش یەکێتیی سۆڤیەت. دوای ئەوەش ویستی دروستکردنی ئەورووپایەکی “تەواو و ئازاد”ی بەدوادا هات. پوتن ئێستا تەحەدای ئەو ڕێکخستنە دەکات بە جووڵەکانی دژی ئۆکرانیا. لە کاتێکدا وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی چاوەڕوانی جووڵەی داهاتووی ڕووسیان و هەوڵی ڕێگریکردن لە داگیرکردن دەدەن بە دیپلۆماسیەت و هەڕەشەی سزای قورس، پێویستە لە ویستەکانی پوتن تێبگەن و بزانن چ ئاماژەیەکیان پێیە. قەیرانەکەی ئێستا لە کۆتاییدا دەربارەی هەوڵەکانی ڕووسیایە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی دوای جەنگی سارد و سەپاندنی نفووزی خۆی بەسەر نیوەی ئەورووپادا لەسەر ئەو بانگەشەیەی کە گەرەنتیی ئاسایشی خۆی دەکات. ڕەنگە بکرێت ئەم جارە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی ڕوو نەدات، بەڵام هەتا ئەو کاتەی پوتن لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، ڕێبازەکەشی هەر ده‌مێنێته‌وه‌.   نووسەر: ئەنگێلا ستێنت/ پسپۆڕی سیاسەتی دەرەکی تایبەت بە پەیوەندییەکانی ئەوروپا و ئەمریکا لەگەڵ ڕوسیادا و بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوە لە بواری ئۆراسیا، ئەوروپاو ڕوسیا لە زانكۆی جۆرج تاون. سەرچاوە: Foreign affairs/ گۆڤارێکی ئەمریکییە سەبارەت بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سیاسەتی دەرەکی ئەمریکا كە لە لایەن ئەنجومەنی پەیوەندییەكانی دەرەوە دەردەکرێت. وەرگێڕان: پەرۆش محەمەد بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (12)ی ئازاری 2022ی گۆڤاری ئایندەناسی


ئامادەکردنی: ئەنوەر کەریم  كۆی داهاتی مانگی ئازاری حكومەتی هەرێمی كوردستان ( ترلیۆنێك و 220 ملیار) دینارە، بە جۆرێك هەرێمی كوردستان لە مانگی ئازاردا (12 ملیۆن و 219 هەزار) بەرمیل نەوتی لە بەندەری جەیهانی توركیا فرۆشتووە، نرخی بەرمیلێك نەوت بە تێكڕا بە (106) دۆلار فرۆشتووە، كۆی داهاتی نەوتی هەرێم ( ملیارێك و 291 ملیۆن) دۆلار، (723 ملیۆن) دۆلاری بۆ خەرجی و ( 568 ملیۆن) دۆلاری بۆ حكومەت ماوەتەوە.   پوختە داهاتی نانەوتی •    داهاتە نانەوتیەکانی هەرێم  بۆ مانگی ئازار = (164 ملیار) دینارە (کە بۆ موچە خەرج دەکرێت ، بەپێی زانیارییەکان بڕەکەی 370 ملیار ) دینارە •    یارمەتی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە = (31 ملیار 500 ملیۆن) دینار •    پشکی هەرێم لە بەشە بودجەی عێراق = (200 ملیار) دینار داهاتی نەوت (هه‌نارده‌ی ده‌ره‌کی به‌ بۆری) •    هەرێمی کوردستان  لە مانگی ئازاری (2022)دا  بڕی (12  ملیۆن و 219 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردەکردوە لە ڕێگای  بەندەری جیهانی تورکیاوە. •    تێکڕایی نرخی نەوتی برێنت  بۆ مانگی  ئازار (117.7) دۆلارە.  •     لەبەرئەوەی هەرێم نەوتەکەی بە (12) دۆلار کەمتر دەفرۆشیت، واتە تێکڕا نەوتی بە (105.7) دۆلار فرۆشتووە. کەواتە: (12  ملیۆن و 219 هەزار) بەرمیل X (105.7) دۆلار = (1 ملیار و 291 ملیۆن و 548 هەزار  و 300) دۆلار. واتە بە دینار دەکاتە: (1 ملیار و 291 ملیۆن و 548 هەزار  و 300) دۆلار X (1450) دینار = (1 ترلیۆن 872 ملیار و 745 ملیۆن و 35 هەزار) دینار. •    بەپێی دواین ڕاپۆرتی دیلۆیت (56%)ی داهاتی نەوت خەرجی تێچوونەکەتی و (44%) دەمێنتەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان. -    کەواتە: (1 ملیار و 291 ملیۆن و 548 هەزار  و 300) دۆلار  X (56%) = (723 ملیۆن و 267 هەزارو 48) دۆلار دەڕوات بۆ خەرجی پرۆسەی نەوت. واتە بەدینار دەکاتە: (723 ملیۆن و 267 هەزارو 48) دۆلار X ((1450 دینار = (1 ترلیۆن و 48 ملیار و 737 ملیۆن و 219 هەزار و 600) دینار خەرجی نەوتە. -    (1 ملیار و 291 ملیۆن و 548 هەزار  و 300)  دۆلار  X (44%) = (568 ملیۆن و 281 هەزارو 252) دۆلار داهات دەمێنێتەوە. داهاتی نەوت بە دینار دەکاتە: (568 ملیۆن و 281 هەزارو 252) دۆلار X (1450) دینار= (824 ملیار و 7 ملیۆن و 815 هەزار و 400) دینار. کۆی داهات لە مانگی ئازار 2022 (دینار) •    (824 ملیار و 7 ملیۆن و 815 هەزار و 400) داهاتی نەوت + (200 ملیار) پشکی هەرێم لە بەشە بودجەی عێراق + (164 ملیار) داهاتی ناوخۆ + (31 ملیار 500 میلۆن) هاوپەیمانان = (1 ترلیۆن و 219 ملیار و 507 ملیۆن و 815 هەزار و 400) دینار   


  (درەو): بەیاننامەی وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی بڕی ھەناردەو داھاتی نەوت لە مانگی رابردوودا: 🔹 بڕی ھەناردەی نەوتی خاو (100ملیۆن و 563ھەزارو 999) بەرمیل بووە، بەمشێوەیە: 🔹 داھاتی نەوت گەیشتوەتە (11ملیارو 70 ملیۆن) دۆلار. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت گەیشتوەتە (٣ ملیۆن و 243ھەزار) بەرمیل. 🔹 تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوت لە مانگی رابردوودا بڕی (110) دۆلار بووە.   بەیاننامەی وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی بڕی ھەناردەو داھاتی نەوت لە مانگی رابردوودا: 🔹 بڕی ھەناردەی نەوتی خاو (٩٩ ملیۆن و ٢٨٦ ھەزارو ٧٨) بەرمیل بووە، بەمشێوەیە: 🔸 (٩٦ ملیۆن و ٤٣٠ ھەزارو ٥٩٦) بەرمیل لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشورەوە بووە. 🔸 ھەناردەی نەوت لە کێڵگکانی کەرکوکەوە بۆ بەندەری جیھان بڕەکەی (٢ ملیۆن و ٥٤٥ ھەزارو ٦٥٦) بەرمیل بووە. 🔹 داھاتی نەوت گەیشتوەتە (٨ ملیارو ٢٧ ملیۆن) دۆلار. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت گەیشتوەتە (٣ ملیۆن و ٢٠٣ ھەزار) بەرمیل. 🔹 تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوت لە مانگی رابردوودا بڕی (٨٣.٢٤٦) دۆلار بووە. داهاتی مانگی تشرینی یدووەم نەوتی عێراق نزیكەی (7 ملیارو 590ملیۆن) دۆلارە وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی مانگی تشرینی دووەمی نەوتی عێراقی بڵاوكردەوە: * بڕی (98) ملیۆن (192) هەزار و( 317) بەرمیل نەوتی خاو هەناردەکراوە. * داهاتی نەوت گەیشتوەتە (7) ملیار و(590) ملیۆن  دۆلار، دەكاتە زیاتر لە (ترلیۆن) دینار  * ڕۆژانە تێکڕا (3) ملیۆن و (273)هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە. * تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوت گەیشتوەتە ( 77.33) دۆلار. داهاتی مانگی تشرینی یەكەم نەوتی عێراق نزیكەی (7 ملیارو 680 ملیۆن) دۆلارە   وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی مانگی تشرینی یەكەمی نەوتی عێراقی بڵاوكردەوە: * بڕی (96) ملیۆن (708) هەزار و( 660) بەرمیل نەوتی خاو هەناردەکراوە. * داهاتی نەوت گەیشتوەتە (7) ملیار و(680) ملیۆن  دۆلار. * ڕۆژانە تێکڕا (3) ملیۆن و (120)هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە. * تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوت گەیشتوەتە ( 79.37) دۆلار.   وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی مانگی ئەیلولی نەوتی عێراقی بڵاوكردەوە: * بڕی (92) ملیۆن (422) هەزار و( 485) بەرمیل نەوتی خاو هەناردەکراوە. * داهاتی نەوت گەیشتوەتە (6) ملیار و(711) ملیۆن (7) هەزار دۆلار. * ڕۆژانە تێکڕا (3) ملیۆن و (81)هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە. * تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوت گەیشتوەتە ( 72.6) دۆلار.   وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی مانگی ئابی نەوتی عێراقی بڵاوكردەوە: * بڕی (94) ملیۆن (660) هەزار و( 239) بەرمیل نەوتی خاو هەناردەکراوە. * داهاتی نەوت گەیشتوەتە (6) ملیار و(533) ملیۆن (142) هەزار دۆلار. * ڕۆژانە تێکڕا (3) ملیۆن و (054)هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە. * بەرهەمی نەوتی كەركوك : ( 3 ملیۆن و 124هەزارو 309) بەرمیل نەوت بووە  * تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوت گەیشتوەتە ( 69) دۆلار.   وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی مانگی تەموزی نەوتی عێراقی بڵاوكردەوە: * بڕی (90) ملیۆن (467) هەزار و( 794) بەرمیل نەوتی خاو هەناردەکراوە. * داهاتی نەوت گەیشتوەتە (6) ملیار و(513) ملیۆن (792) هەزار دۆلار. * ڕۆژانە تێکڕا (2) ملیۆن و (918)هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە. * بەرهەمی نەوتی كەركوك : ( 3 ملیۆن و 12هەزارو 435) بەرمیل نەوت بووە  * تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوت گەیشتوەتە ( 72) دۆلار.    داهات و فرۆشی مانگی حوزەیرانی نەوتی عێراقی بڵاوكردەوە: * بڕی (86) ملیۆن (765) هەزار و( 589) بەرمیل نەوتی خاو هەناردەکراوە. * داهاتی نەوت گەیشتوەتە (6) ملیار و(141) ملیۆن (77) هەزار دۆلار. * ڕۆژانە تێکڕا (2) ملیۆن و (892)هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە. * بەرهەمی نەوتی كەركوك : ( 3 ملیۆن و 75هەزارو 237) بەرمیل نەوت بووە  * تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوت گەیشتوەتە ( 70.778) دۆلار.


(درەو)- فرانس پرێس لەنێوان حكومەتی زۆرینە‌و حكومەتی تەوافوقی، عێراق روبەڕووی گرێیەكی سیاسی دەبێتەوە كە سێ هەوڵی شكستخواردووی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لێكەوتوەتەوە، دواترینیان دانیشتنی رۆژی چوارشەممەی پەرلەمان بوو، لەگەڵ بەردەوامبوون لەسەر پێشێلكردنی دەستور دوای شەش مانگ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی پێشوەختە، بەبێ بوونی هیچ چارەسەرێك لە ئاسۆدا.  رۆژی چوارشەممە پەرلەمانی عێراق تا "كاتێكی نادیار" دانیشتنەكەی خۆی هەڵگرت، كە بڕیاربوو تێیدا سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت.  بۆچی تائێستا یەرلەمان سەرۆك كۆماری هەڵنەبژاردووە ؟ سەرچاوەی ئەم ناكۆكییانە دەگەڕێتەوە بۆ راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە مانگی ئۆكتۆبەردا، ئەوكاتە رەوتی سەدر بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر كە پیاوێكی ئاینییە، زۆرترین كورسی بەدەستهێنا.  لە عێراق، وەكو نەریتێك دەسەڵات لەسەر بنەمای تەوافوق دابەش دەكرێت، هێزە شیعەكان كۆدەبنەوە‌و پێكەوە كوتلەی گەورەی پەرلەمان پێكدەهێنن، كە پەرلەمانیش لەسەریەتی سەرۆكی حكومەت هەڵبژێرێت، بەڵام سەدر دەیەوێت ئەم نەریتە بشكێنێت.  لەوكاتەوە سەدر سوربوونی خۆی نیشان دەدات لەسەر پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە‌و خاوەنی كوتلەی گەورەیە بە هاوپەیمانێتییەكی سێقۆڵییەوە بەناوی "رزگاركردنی نیشتمان"، لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان‌و گروپێك لە حزبە سونییەكان، كە دیارترینیان حزبێكە بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان، بە نزیكەی (155) كورسییەوە.  بەڵام چوارچێوەی هەماهەنگی، كە هاوپەیمانی بەتوانای شیعەیە، كوتلەكانی "دەوڵەتی یاسا"  بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتر، كوتلەی فەتح كە گروپەكانی سەربە ئێران لەخۆدەگرێت، ئارەزوو لە حكومەتێكی تەوافوقیە لەنێوان سەرجەم هێزە شیعەكاندا، وەكو ئەوەی پێشتر كراوە.  تا ئەوكاتەی داواكەی بەدی دەهێنرێت، پەرلەمانتارەكانی كە ژمارەیان لە (130) پەرلەمانتار زیاترە، دانیشتنەكانی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بایكۆت دەكەن، ئەمەش وایكرد نیسابی دوو لەسەر سێی دانیشتنی چوارشەممە تەواو نەبێت‌و رێڕەوی سیاسی پەكخست.  ئاسۆی چارەسەری ئەم ناكۆكییانە چییە ؟ دانیشتنی سێیەمی چوارشەممەی پەرلەمان‌و لێدوانە سیاسییەكانی دواتری هەروەها جەختكردنەوەی سەدر لەسەر ئەوەی "تەوافوق"ی ناوێت، سەلمانی چارەسەر هێشتا دوورە.  ئیحسان شەممەری مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی بەغداد بە (فرانس پرێس)ی راگەیاند" دیاری نەكردنی وادە بۆ دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی هیچ ئاسۆیەكی چارەسەر‌و نزیكبوونەوە لەنێوان هاوپەیمانی سێقۆڵی (رزگاركردنی نیشتمان)‌و چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەدا نییە".  لە وڵاتێكدا كە سیاسەت لەسەر بنەمای دابەشكردنی پشكەكان‌و هەژموونی چەكە‌و ناكۆكییە سیاسییەكان لە پشتی پەردەوەن نەك لەناو هۆڵی پەرلەمان، ئەمە بەواتای ئەوەدێت دوو لایەنە سەرەكییەكە سوردەبن لەسەر هەڵوێستەكانیان‌و قەیرانەكە بۆ چەندین مانگی تر بەردەوام دەبێت.  جوان عەبدوڵا عومەر پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ دەزگاكانی راگەیاندن وتی" دانوستانەكان بەردەوامن.. بەڵام ناكۆكی جۆراوجۆر لەنێوان هێزە سیاسییەكاندا هەیە لەبارەی تێپەڕاندنی سەرۆك كۆمارەوە".  حەمزە حەداد شیكەرەوەی سیاسی عێراقی دەڵێ" ئەزمونی پێكهێنانی حكومەتەكانی پێشتر ئەوەی بۆ سەلماندوین كە توێژی سیاسی توانای هەیە بۆ ماوەی چەندین مانگ دانوستان بكات، مەگەر لەكاتێكدا هەڕەشەیەكی دەرەكی هەبێت وەكو رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە ساڵی 2014دا، كە وا لە سەركردە سیاسییەكان دەكات بەشێوەیەكی خێرا لەنێوان خۆیاندا بگەنە رێككەوتن".  باسلەوە دەكات" درێژترین كات بەردەوامی پێدەدەن بۆ ئەوەی ئەو شتانە بەدەست بهێنن كە دەیانەوێت، تەنانەت ئەگەر ئەوە بەواتای تێپەڕاندنی وادەی دەستوریش بێت، وەكو ئەوەی لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە روودەدات".  لەبارەی دەستورەوە چی ؟  دەستور جەخت لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دەكات لەماوەی (30) رۆژدا لە یەكەمین دانیشتنی پەرلەمانەوە، واتە لەم حاڵەتەدا لە 9ی كانونی یەكەم.  ئەحمەد سۆفی شارەزای یاسایی بە (فرانس پرێس)ی وت:" تەنیا بەوەی رۆژی 9ی شوباتمان تێپەڕاند، كەوتینە بەردەم سەرپێچی دەستورەوە".  ئەو وای دەبینێت، بەوەی هێشتا پەرلەمان ناتوانێت تەوافوق بكات، واتە سەرپێچی دەستوریی بەردەوامە.. لەم حاڵەتەدا هیچ ئاسۆیەك نییە جگە لە تەوافوقی سیاسی.  بەپێی قسەی سۆفی، لەم حاڵەتەدا دادگای فیدراڵی كە بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە وڵاتدا، جگە لە نیشاندانی یەك بۆچون، نەیتوانیوە هیچ شتێكی تر بكات، ئەویش ئەوەیە " پەرلەمان سەرپێچی دەستوری كردووە بەوەی لەماوەی 30 رۆژدا لە رۆژی یەكەمین كۆبونەوەی پەرلەمانەوە سەرۆك كۆماری هەڵنەبژاردووە، دەبێت پەرلەمان لەماوەیەكی كورتدا سەرۆك كۆمار هەڵبژێرێت".  باسی لەوەكرد" دادگای فیدراڵی هیچ دەسەڵاتێكی تری نییە، جگە لە دیاریكردنی سەرپێچیی دەستوریی".  لەڕووی یاساییەوە، پەرلەمان تاوەكو رۆژی 6ی نیسانی لەبەردەمدایە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، ئەمەش بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، بەرزترین دەسەڵاتی دادوەریی لە وڵاتدا.  ئەگەر ئەم رێكەوتە پێشێل كرا، لە دەستوردا نییە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا بكرێت، بۆیە ئەگەرەكان بە كراوەیی دەمێننەوە لەحاڵەتێكدا ئەگەر لایەنە پەیوەندیدارەكان نەگەیشتنە رێككەوتن. بابەتەكە بەدەست یاساوە نییە، بەڵكو بەدەست چینی سیاسییەوەیە.   ئەگەر بنبەستی سیاسی بەردەوام بوو، رەنگە پەنا ببرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان‌و رۆشتن بەرەو هەڵبژاردنێكی پێشوەختەی نوێ، ئەمەش پێویستی بەوەیە "یەك لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان، هەڵوەشاندنەوە بخاتە بەردەم پەرلەمان، دواتر پەرلەمان خۆی بە 50+1 دەنگی لەسەر بدات‌و خۆی هەڵوەشێنێتەوە". بەڵام حەمزە حەداد كە شیكەرەوەیەكی سیاسی عێراقە، وای دەبینێت" ئارەزووی سیاسی لەناو حزبەكاندا نییە بۆ ئەم كارە، هەروەك بەشداریی لە دوو هەڵبژاردنی رابردوودا دەریخستووە، لەناوەندی عێراقیدا ئارەزوییەكی زۆر نییە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردن‌و دەنگداندا". 


ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت) من لێرەدا قسەم لەسەر ئەوە نییە ئەم جەنگە چ ڕەهەندێکی جیهانیی فراوانی هەیە و  چ کاریگەرییەکی ئابووریی و ئینسانیی گەورەی بەسەر ژیانماندا دروستکردووە و وەک هەموو جەنگەکانی تر نرخی شمەکەکان گران و نرخی ژیان هەرزان دەکات، بەڵکو دەمەوێت هەندێک لە ڕەهەندە مەترسییدارەکانی تری ئەم جەنگە دەستنیشانبکەم، کە پەیوەندی نەک تەنها بە ژیانی ئۆکرانییەکانەوە هەیە، بەڵکو دەشێت پەیوەندی بە ژیانی کۆی مرۆڤایەتییەوە هەبێت لەسەر گۆی زەوی.  لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین لە تێزی یەکەمەوە دەستپێبکەین و بڵێین، لەدوای جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەمەوە، ئەم جەنگەی ڕوسیا و ئۆکرانیا بەشێوەیەکی قووڵتر سەلماندی کە لە دونیای ئێستاماندا جەنگی دوور و جەنگی نزیک بوونی نەماوە. کاریگەریی ململانێی توندوتیژی هێزە ئەتۆمییەکان دەتوانێت بگات بە هەموو کیشوەر و دەوڵەت و ناوچە و شار و گەڕەک و ماڵێک. جەنگی هێزە ئەتۆمییەکان جەنگێکی نائاساییە، جەنگێکە نە دوورە و نە نزیک، بەڵکو هەمیشەئامادەگیی هەیە و لەناو ئێستای ئێمەدا دەژیی و داهاتووی مرۆڤایەتیی و ژیان و ژینگە لەسەر گۆی زەوی دیاریدەکات.  تێزی دووەم، ئەم جەنگە نە بە جیهانبینیی ئایدیۆلۆژییانەی بەرەی ئەنتی ئەمریکانیزم و ئەنتی کەپیتالیزم تەفسیردەکرێت و بیرمان بخاتەوە کە کۆلۆنیالیزمی ئەوروپیی و ئیمپریالیزمی ئەمریکیی چەند جەنگی ناڕەوای دژ بە گەلانی دونیا بەرپاکردووە، وە نە بەبێدەنگبوون لە دیکتاتۆرییەتی پوتین و خواستە تۆتالیتارییەکەی و مەترسییەکانی بۆ سەر ئاشتیی جیهانییش ڕاڤەدەکرێت. ئەم جەنگە تەعبیرە لە قەیرانێکی قووڵتر، ئەویش قەیرانی کۆی سیستەمی جیهانیی دوای جەنگی سارد و ئەو رێکخستنە نێونەتەوەییەیە کە ئەمریکا تاوەکو ئەمڕۆ سەرکرایەتیی دەکات.  تێزی سێیەم، یەکێک لە بناغەکانی سیستەمی نوێی دوای ململانێی سۆسیالیزم و کەپیتالیزم، بریتیی بوو لە ڕێککەوتن لەسەر پاراستنی ئاشتیی لە ئەوروپا و بەکارنەهێنانی توندتوتیژیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پاراستنی سەروەریی دەوڵەتیی و ئازادیی لە دروستکردنی هاوپەیمانێتییدا. کارەساتەکە بۆ گەلی ئۆکرانیا ئەوەیە کە نە سەر بە هاوپەیمانێتیی ناتۆیە و نە سەر بە یەکێتی ئەوروپایە بۆئەوەی ئەمریکا و ئەوروپا بەرگریی لێبکەن، بەڵکو تەنها خواستی ئەوەی هەبوو لە ئاییندەدا ببێت بە ئەندامێک لە یەکێتیی ئەوروپا و هاوپەیمانێتیی ناتۆ. ئەم خواستەی ئۆکرانییەکان بوو بە تەڵەیەک بۆ گەلی ئۆکرانیا و هۆکارێک بۆئەوەی ئەو باجە گەورەیە بدات کە ئێستا لەدووتوێی جەنگە داگیرکاریی و خوێناویییەکەی پوتین و ناردنی چەکی ئەمریکیی و ئەوروپیی بۆ بەرگریی لەخۆیان، بەردەوامیی هەیە. تێزی چوارەم، جەنگی ئۆکرانیا نە بەتەنها بە کاڵفامیی سەرانی ئۆکرانیا ڕاڤەدەکرێت کە نەیانتوانی مۆدێلی فینلاند لە ئۆکرانیا دووبارەبکەنەوە و نەبن بە بەشێک لە هاوپەیمانێتییە سەربازییەکانی هەم خۆرئاوا و هەم خۆڕهەڵات و بەو چەشنەش وڵاتەکەیان لەم جەنگە کارەساتبارە رزگاربکردبایە؛ وە نە بەتەنهاش بە خواستی ئیمپریالییانەی ئەمریکا و ئەوروپا لە گەورەکردنەوەی سنوورەکانی یەکێپی ئەوروپا و ناتۆ بەرەو خۆرهەڵات تەفسیردەکرێت. هاوکات ئەم جەنگە بەشێکی دانەبڕاوی خواستی ئیمپریالییانەی ڕوسیای دوای سەردەمی یەکێتی سۆڤیەت و خەونە نیو قەیسەرەییەکانی شەخسی پوتینە. بۆ ئەم مەبەستەش پوتین پێویستی بە سێ گوتار هەبوو، یەکەمیان گوتاری ناسیۆنالیستییە کە گوایە ئەم جەنگە پاراستنی مافی روسەکانی هەردوو هەرێمی دۆنێسک و لوهانسکە، دووهەمیان ئەو پرۆسەیەی پوتین بە پاککردنەوەی ئۆکرانیا لە نازییە نوێیەکان ناودێریدەکات و سێیەمیش ڕاستکردنەوەی مێژووی ڕووسیای نوێیە کە ئۆکرانیا یەکێکە لە قوربانییەکانی.  تێزی پێنجەم، ئوکرانیا چەندین سەدە بەشێکی دانەبڕاوی جوگرافیای ڕوسیای قەیسەری و ڕوسیای سۆڤێتی بوو، دواجار لە ساڵی1991دا بوو بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ. ئەم مێژووە درێژەی ناو کیانی سیاسیی ڕوسیی و مێژووە کورتەی سەربەخۆیی ئەم دەوڵەتە نوێیە، پێماندەڵێت بۆچی پوتین وەک ناسیۆنالیستێک کە خەون بە ئیمپراتۆرییەتێکی نوێی ڕوسیییەوە دەبینێت، خولیای غەربزەدەییی ئۆکرانییەکانی پێ هەرسناکرێت. پوتین نەک تەنها ئەم خواستەی ئۆکرانییەکانی پێقووت ناچێت، بەڵکو ڕەخنەی توند لە سیاسەتی (ڤلادیمێر لێنین)یش دەگرێت کە چۆن شەخسی ئەو بەرپرسیارە لە دروستکردنی شوناسی ناڕوسییبوون بۆ ئۆکراینییەکان. لەم ڕوانگەیەوە جەنگی ئۆکرانیا بۆ پۆتین ڕاستکردنەوەی مێژوویەکی تەحریفکراوی ڕوسیایە کە بەتەنها بە داگیرکردن و جیاکردنەوەی نیمچەدورگەی قرم و هەردوو هەرێمی دۆنێسک و لوهانسک کۆتایی نایەت، بەڵکو بە ڕوخاندنی حکومەتی ئۆکرانیی و دانانی ڕژێمێکی هاوشێوەی بێلاڕوسا ئامانجێتی.  تێزی شەشەم، سەرکەوتنی ئەم مۆدێلەی جەنگی پوتین لە ئۆکرانیا مانای کردنێتی بە مۆدێلێک کە لە زۆر شوێنی تری جیهان لاساییبکرێتەوە. سەرکەوتنی سیاسەتی جەنگاوەرانەی پوتین لە ئۆکرانیا مانای ئەگەری داگیرکردنی سەربازیی تایوان لەلایەن دەوڵەتی چین و داگیرکردنی تەواوی هەرێمی کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکیا دەگەیەنێت. هەردوکیشیان هەمان ئەو پاساو و گوتارانەیان هەیە کە پوتین جەنگەکەی پێهەڵستاند. چین دەوڵەت و گەلی تایوان بە بەشێک لە مێژوو و خاکی خۆی دەزانێت، با تایوانییەکان بەو مافەش ڕازیی نەبن. بەهەمان شێوە تورکیا چەندین پاساوی هەیە بۆئەوەی مودێلی قرم و ئۆکرانیا لە هەرێمی کوردستاندا دووبارەبکاتەوە، هەم بەناوی لەناوبردنی تیرۆری پەکەکە و هەم بە پاساوی پاراستنی تورکمانەکان لە هەرێم و هەم بە تەفسیری پان تورکیی بۆ ویلایەتی موسڵ کە بە بەشێک لە خاک و نیشتیمانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی دەزانێت. تێزی حەوتەم، لەناو جەنگدا ئامادەگیی بۆ پرۆسەی ئاشتیی دەکرێت، چونکە لە کۆتاییدا هەموو جەنگێک بە ڕێککەوتنامە کۆتایی دێت. بەدەر لەو هەموو کارەساتە مرۆییانەی جەنگەکە بەرهەمی هێناوە، ئەم جەنگەی ڕوسیا و ئۆکرانیاش بە ڕێککەوتننامەیەکی ئاشتیی کۆتایی دێت. ئیملاکردنی ئەم ئاشتییە مەرج نییە لە خزمەتی ئۆکرانییەکاندا بێت. هەموو ئەگەرەکان لەبەردەم دۆزینەوەی لێکتێگەیشتن و دامەزراندنی ئاشتیی یان دوورکەوتنەوە لەیەکتر و گەورەکردنەوەی جەنگەکە کراوەیە. ئاشکرایە کە ئامانجی سەرەکیی پوتین داگیرکردنی ئۆکرانیا و هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتێکی سەربەخۆیە بەزەبری هێز. گەر لەشکری ئۆکرانیی توانی بەرگریی لەم پێکهاتە بکات، ئەوا دانوستاندن لەنێوان دوو هێزدا دەکرێت کە هەریەکەیان داواکاریی خۆی هەیە و لە دوادەرئەنجامدا رێکدەکەون. ئۆکرانیا ئامادەگیی خۆی نیشانداوە کە بیر لەوە بکاتەوە وەک دەوڵەت بێلایەن بێت و نەبێت بە بەشێک لەو هاوپەیمانێتییانەی کە دەبن بە مەترسیی بۆ سەر ئاساییشی نەتەوەیی ڕوسیی. بەدیوی ئەودیویشدا شکستی سەربازیی ئۆکرانیا دەرئەنجامی کارەستباری بۆ دەوڵەتی ئۆکرانیی دەبێت و مانای کۆتایی بە بوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆی نیشتیمانییە. ئەو کاتەش رێککەوتنامەی ئاشتیی مانای ئیملاکردنی بەرەی براوەیە بۆ پرسی داهاتووی ئاشتیی لەو وڵاتەدا. تێزی هەشتەم، بەدەر لەم سیناریۆیانە، چ ئەمریکا و چ خۆرائاوا لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی گەورەی مرۆڤایەتییدان. هەموو هەڵەیەکی ستراتیژیی لەگەڵ پوتین بەتەنها مانای لەناوچوونی سەروەرێتیی ئۆکرانیا نییە وەک دەوڵەت، بەڵکو مانای لەناوچوونی هەموو بەشەرییەتە بە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیی، گەر دۆخەکە بگاتە پێدادانی سەربازیی ناتۆ لەگەڵ ڕوسیا. عەقلانییەت پێماندەڵێت گەر لەسەر پشتی ئازار و کارەساتیی نیشتیمانیی بۆ ئۆکرانییەکانیش بێت، ڕێگاچارەیەک بۆ پاراستنی ئاشتیی جیهانیی دەدۆزرێتەوە. وەکی دی نەک تەنها ئەوروپا لەبەردەم هەڕەشەی جەنگێکی بێئاماندایە، بەڵکو کۆی مرۆڤایەتیی لەبەردەم هەڕەشەی وێرانبوون و لەناوچووندایە.  


نووسینى: د. زولفو داغدەڤیرەن وەرگێڕانی لە تورکییەوە: ڕەنجە عەبدوڵا/  گۆڤاری ئایندەناسی پوختە لەم توێژینەوەیەدا پەیوەندییە مێژووییەکانی وزەى نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق[1] و تورکیا لە ساڵی (٢٠٠٥)ەوە تاوەکوو ئەمڕۆ لە چوارچێوەى تیۆرییەکانی هاووابەستەیی (Interdependence) و هەماهەنگیی ناوچەیی شی کراوەتەوە. جیاواز لە توێژینەوەکانی دیکە، لێرەدا تەنها جەخت لە پەیوەندییەکانی وزە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق و تورکیادا کراوەتەوە. ئەنجامە بەدەستهاتووەکان ئەمانەن: حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥دا و بە گوێرەى دەستوورى عێراقی بووە خاوەنی ستاتۆیەکی فیدراڵی. دەوڵەمەندیی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان سەرنجی دەوڵەتانی دیکەى کەمەندکێش کرد. لە ساڵی (٢٠٠٨)ەوە بە هۆى پەیڕەویکردنی سیاسەتی ئاساییکردنەوە و نەرمکردنەوەی پەیوەندی لەنێوان لایەنی تورکی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا پەیوەندییە ئابوورییەکان چڕبوونەوەى بەخۆوە بینی. بەتایبەتی کاتێک بابەتی وزە وەک پێوەر و نیشانەیەکی نوێ هاتە ناوەندەکەوە و ئەمەش بووە بزوێنەرى پەیوەندییەکانی وزە لەنێوان تورکیاى هاوردەکار و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق. پەیوەندیی وزە لەسەر بنەماى هەماهەنگی و دووبارە بونیادنانەوەى پەیوەندییەکان، وەک خاڵی بەرژەوەندی و سوودی هەردوو لایەنەکە هەڵسەنگێنراوە. دەروازە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆى ڕێژەیی لەنێوان بەکارهێنانی وزە و گەشەى ئابووریی بەردەوامدا هەیە. وڵاتی تورکیا هاوشانی ئەو گەشەکردنە خێرایەى هەیەتی، یەکێکە لەو وڵاتانەى لە دونیادا بە شێوەیەکی خێرا بەکارهێنانی وزە تێیدا بەرز دەبێتەوە. بەڵام تورکیا لە ڕوانگەى سەرچاوەکانی وزەوە لەو وڵاتانە نییە کە پێداویستییەکانی خۆى پڕ بکاتەوە، بە هۆى زیادبوونی خواست لەسەر وزە بە تێپەڕبوونی کات زیاتر وابەستە و شوێنکەوتەى دەرەوە دەبێت. حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق (IKBY[2]) لەم دواییانەدا لەگەڵ دۆزینەوەى یەدەگی نەوت و گازی سروشتی، سەرنجى وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتیی بۆ لاى خۆى ڕاکێشا. سیاسەتی وزەی سەرەکیی تورکیا: بەئامانجی دەستەبەرکردنی وزە، پەنا دەباتە بەر زیادکردنی ژمارەى ئەو وڵاتانەى وزە دابین دەکەن، ئەمە دەبێتە هۆى دەستکەوتنی سەرچاوەى جێگرەوە (ئەلتەرناتیڤ) بە نرخێکی گونجاو، بە شێوەیەکی بەردەوام و بەبێ بچڕان و لە هەمان کاتدا سەقامگیرى و دڵنیایی تێدا دەبێت. ئامانجێکی دیکەى بنەڕەتیی تورکیا ئەوەیە ببێتە ناوەندی وزە. سیاسەتی وزەى حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق: دروستکردنی بونیادێکی ئابووریی بەهێز بەرامبەر حکومەتی ناوەندیی عێراق لە پێناو زیادکردنی داهاتەکەیدا، چونکە بەم هۆیەوە دەستی لە ململانێ سیاسییەکانیشدا بەهێز دەکات. پەیوەندیی نێوان تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لەم چوارچێوەیەدا شکڵی گرتووە. بونیادنان لە ئێستاوە، باشترین ڕێگەى پێشبینیکردنی ئایندەیە. هەر بۆیە ئامانجی ئەم توێژینەوەیە ئەوەیە لە ڕێگەى شیکردنەوەى پەیوەندییەکانی وزەى نێوان تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، چارەسەرێکی خاکەڕایانە بۆ یەکێک لە بنەڕەتیترین بابەتەکانی ڕۆژەڤمان بخاتە ڕوو، ئەمەش سەرەداومان دەربارەى ئێستا و ئایندە پێ دەدات، لە هەمان کاتدا دیدگایەکی ڕەسەن بۆ ئەوانەى کە ئەم بابەتە بەلایانەوە سەرنجڕاکێشە دەخاتە ڕوو، لەگەڵ سەربارکردنێکی تیۆریى گرنگ بۆ ئەو توێژینەوانەى لەم بوارەدا ئەنجام دەدرێن. کێشەکانی توێژینەوەکە ئەمانەن: پڕۆفایلی وزەى تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق چییە؟ ئەو فاکتەرانە کامانەن کە پەیوەندیی هاووابەستەیی نێوان تورکیا و خۆبەڕێوەبەریى کوردی عێراق پێک دەهێنن؟ ئایا ئامانجەکانى تورکیا بۆ بوون بە ناوەندێکی وزە و ئامانجەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ گەیاندنی وزە بە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان، بووەتە هۆى دەستەبەرکردنی هەماهەنگی لەنێوان هەردوو لایەنەکەدا؟ ئایا هیچ بەربەستێکی یاسایی لە ناوخۆى عێراق و یاسا نێودەوڵەتییەکاندا لەمەڕ پەیوەندییەکانی وزەى نێوان تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا هەیە؟ لە کاتی لێکۆڵینەوە لە ئەرشیف و توێژینەوەکاندا لە بارەى پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ڕووى سیاسی، ئابورى و کۆمەڵایەتییەوە کۆمەڵێک توێژینەوەى ئەنجام دراون. بە هۆى ئەوەى وزە لەسەر ئاستی نەتەوەیی و نێودەوڵەتی یەکێکە لەو بابەتە ڕۆژەڤیانەى گەنگەشەى لەسەرە، ئەم توێژینەوەیە جیاواز لە توێژینەوەکانی دیکە، تەنها لە پەیوەندیدا بە وزەوە کنەى بابەتەکە دەکات و لەمەشدا زانیارى و سەرچاوە ڕەسەنەکانی بەکار بردووە. وزە بە هۆى پۆتانشیەڵی زیادکردنی هەماهەنگیی هەرێمی، کۆمەڵێک فاکتەر لەخۆ دەگرێت کە دەبێتە هۆى زیادکردنی هاووابەستەیی لەنێوان کارەکتەرەکاندا. بەم هۆیەوە لێرەدا شیکردنەوە بۆ گریمانە سەرەکییەکانی هەماهەنگی و هاووابەستەیی لە ڕوانگە تیۆرییەکەوە کراوە، لە ئەنجامدا پەیوەندییەکانی وزەى نێوان تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە چوارچێوەیەکی تیۆریدا لە لایەنی هاووابەستەیی و هەماهەنگیی هەرێمییەوە شی کراوەتەوە. گریمانە سەرەکییەکانی تیۆرى هەماهەنگیی هەرێمی: هێزە هەرێمییەکان لە تەواوى ناوچە جوگرافییە جیاوازەکاندا لە پێناو زیادکردنی خێرایی گەشەکردندا، مۆدێلی جۆراوجۆى هەماهەنگی پەیڕەو دەکەن. جیاوازیی نێوان ڕژێمەکانی بەڕێوەبردنی کارەکتەر و وڵاتەکان نەبووەتە بەربەست لەبەردەم ئەم هەماهەنگییەدا. لایەنە جیاوازەکان لە چوارچێوەى هەماهەنگیدا، ستراتیژى هاوبەش لە بوارى ڕێککەوتنی بازرگانی و وزە لە تەواوى کایەکانی دیکەدا پەرە پێ دەدەن (Keohane, 2002: 27-29). ڕێبەرانی سەرەکیی ئەم تیۆرییە کەسانی وەک: (ئێرنست هاس، فلیپ شمێتەر، لیۆن لیۆنبێرگ، جۆسێف س. نای، ڕۆبێرت ئۆ. کیەهن، لۆرێنس شایمێن و ئامێتای ئێتزیۆنی)ن. چەمکی هەماهەنگی لە بنەماکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بریتییە لە پەیوەندیی نێوان کارەکتەرەکان بە شێوەیەک گونجان لە نێوانیاندا هەیە و لەسەر برەودان بە سیاسەتی هاوبەش لە نێوانیاندا کار دەکەن. ئامانجی هەماهەنگی خۆى لە بەرژەوەندی لایەنەکان، بونیادنانی ئاشتییەکی پارێزگاریلێکراو و ئابوورییەکی بەهێزدا دەبینێتەوە. بنەڕەتی هەماهەنگیی هەرێمی ئەمەیە: کاتێک بە هۆى ئەو سوود و قازانجەى کە لایەنەکان لە ئەنجامی هەماهەنگی لە بوارێکدا بەدەستی دەهێنن، دەبێتە پاڵنەرێک و چاوەڕوانیی ئەوەی لێ دەکرێت هەمان ئەزموون لە بوارەکانی دیکەشدا ڕەنگ بداتەوە (Haas, 1964: 30-39). لایەنەکان بە هۆى ئەو سوودەى لە ئەنجامی هەماهەنگیی یەکتردا بەدەستی دەهێنن، کار لەسەر زیاتر ڕەنگدانەوەى ئەو هەماهەنگییە لە بوارەکانی دیکەدا دەکەن. لە کۆتایی پڕۆسەکەدا ئەو دیدگایە خۆى نمایش دەکات لەگەڵ ئەوەى بەرژەوەندییەکان نەتەوەیین، لە هەمان کاتدا بەرژەوەندییەکی هەرێمییە. هەماهەنگیی هەرێمی لەمڕۆدا چالاکیی زیاد بووە، چونکە سیاسەتگەلێک دەرکەوتوون لەسەر بنەماى نۆرمە هاوبەش و لێکچووەکان پەیڕەویی لێ دەکرێت و لە ئەنجامی ئەمەشدا دیاردەى هاووابەستی لەنێوان لایەنەکاندا دروست بووە. گریمانە سەرەکییەکانی تیۆرى هاووابەستەیی “ڕۆبێرت ئۆ. کەیهن و جۆزێف س. ناى” لە کتێبەکەیاندا بە ناونیشانی هێز و هاووابەستەیی (Power and Interdependence) لە ساڵی ١٩٧٧دا، هێڵی چوارچێوە تیۆرییەکانی تیۆرى هاووابەستەییان کێشاوە، لە ساڵانی نەوەکاندا و لەگەڵ پڕۆسەى بەجیهانگیربووندا تیۆرەکە بەهێزیى زیاترى بەخۆیەوە بینی. تیۆرى هاووابەستەیی، بە پێچەوانەى سەپاندنی فکرەى زاڵی یەکێک لە لایەنەکان بەسەر ئەوى دیکەدا و سیاسەتی پەراوێزخستنی ئەوى دی و یەکئاڕاستەیی لە وابەستەیی پەیوەندییەکاندا، لە پێناسەکەیدا جەخت لەسەر کارلێکی بەرامبەرى لە پەیوەندییە ئابوورى، کۆمەڵایەتی، سیاسی و وزەییەکانی نێوان لایەنەکان دەکاتەوە (Dalar, 2015: 50). لەگەڵ کۆتاییهاتنی جەنگی سارد و دەرکەوتنی بەجیهانگیربووندا، ئەو چالاکییانەى سیاسەتی دەرەوەى هەر دەوڵەتێک دیاری دەکات و پێداویستییەکانیان دەستنیشان دەکات؛ زیادی کردووە. ئەم دۆخە بووە هۆی ئەوەى کارەکتەرەکانی سیستمی نێودەوڵەتی جارێکی دیکە لەگەڵ گۆڕانی ئەم بزاوتەدا سیاسەتی دەرەوەى خۆیان دابڕێژنەوە. لەم پڕۆسەیەشدا هەماهەنگی و هاووابەستەیی پاڵپشتیی یەکتریان کردووە (Keohane ve Nye, 2001: 20-21). تیۆرى هاووابەستەیی سەرەڕاى ئەوەى بەزۆرى لە ڕوونکردنەوەى پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتاندا بەکار براوە، بەڵام زۆربەى تیۆریستەکان (بە ناى و کەیهنەوە) جەخت لەسەر بەشداریى هێزە نادەوڵەتییەکان لە سیستمە نێودەڵەتییەکەدا بە هۆى بەجیهانیبوونەوە دەکەنەوە. بەم هۆیەوە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لەم توێژینەوەیەدا وەک کارەکتەرێکی نادەوڵەتی پەسەند کراوە. بە گوێرەى ئەو شیکردنەوانەى لە ڕۆژگارى ئەمڕۆماندا لە بارەى بەرەوپێشچوونی هەلومەرجەکانی هاووابەستەیی لە پەیوەندیدا بە بەجیهانیبوونەوە ئەنجام دراوە، بڵاوبوونەوەى زیاتر و بەردەوامی لێ دەخوێنرێتەوە، چونکە ئەو ئاڕاستانەى کە پێشبینی دەکرێ لە ماوەیەکی کورتدا گۆڕان تێیاندا ڕوو نەدات، پاڵپشتیی ئەم پێشبینییە دەکەن. لەم چوارچێوەیەدا کنەى ڕێژەى بەرهەمهێنان و بەکاربردنی تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق کراوە، هەروەها گرنگیی ئەم بابەتە لە ڕوانگەى جیۆپۆلەتیکی وزە و پەیوەندییەکانی وزە لەسەر سیاسەتی دەرەکی شی کراوەتەوە. بەڵام بەرەوپێشچوونی ئەم هەماهەنگییە لەگەڵ ئەوەى پەیوەندیی بە بڕیارەکانی هەردوو لایەنەکەوە هەیە، لە هەمان کاتدا بەندە لەسەر ئەو بەربەستانەى کە دێنە بەردەم پڕۆسەکە. لەم چوارچێوەیەدا، لە دیارترین ئەو بەربەست و گرفتانەى لەبەردەم ئەم پڕۆسەیەدا خۆی دەبینێتەوە، کێشە یاسایی و سیاسییەکانی نێوان حکومەتی ناوەندیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقە، بۆیە لە ڕوانگەى یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانیشەوە شیکردنەوە بۆ ئەم بابەتە کراوە. ئەو ئەنجامانەى کە توێژینەوەکە پێی گەیشتووە، ئەمانەن: حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥دا بە گوێرەى دەستوور بووە خاوەن ستاتۆیەکی فیدراڵی. دەوڵەمەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بە سەرچاوە سروشتییەکان، سەرنجی دەوڵەتانی ناوچەکەی بەرەو خۆى کەمەندکێش کرد. بەم هۆیەوە بابەتی وزە بووەتە بزوێنەرى سەرەکیی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق. تورکیا سوودی لە هەڵکەوتەى جوگرافیی خۆى وەرگرتووە بۆ گواستنەوەی ئەو نەوت و غازە سروشتییەى حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق هەیەتی بۆ بازاڕە جیهانییەکان، چونکە هەرێم دەستی بە گواستنەوەى دەریایی دیکە ڕاناگات. پەیوەندیی وزە لەسەر بنەماى هەماهەنگی و دووبارە بونیادنانەوەى پەیوەندییەکان، وەک خاڵی بەرژەوەندی و سوودی هەردوو لایەنەکە هەڵسەنگێنراوە. ١. پڕۆفایلی وزەى تورکیا تورکیا بەو ڕێژە گەشەکردنە خێرایەى لەنێوان ساڵانی (٢٠٠٢-٢٠١٧) بەدەستی هێنا، بووە سیازدەیەمین وڵاتی خاوەن ئابووریى گەورە لەسەر ئاستی دونیا. بە گوێرەى داتاى “OECD[3]“، تورکیا لە ڕوانگەى پێویستی بە وزەوە لە ڕیزبەندییەکەدا لە پلەى یەکەمدا دێت (Dış İşleri Bakanlığı, 2018: 1). بۆ ئەوەى ئابوورى لە گەشەکردن بەردەوام بێت، دەبێت بە شێوەیەکی بەردەوام و بەبێ پچڕان وزەى پێویست بۆ ئەو سێکتەرانە دابین بکرێت کە گەشەکردنی ئابوورى دەستەبەر دەکەن. تورکیا بە هۆى ئەو گەشەکردنانەى کە لە ڕووى ئابوورییەوە بەدەستی هێناوە، بەکاربردنی وزەى زیاتر کردووە. بە گوێرەى زانیارییەکان، لە ساڵی ٢٠١٨دا لە تورکیادا (٢٥%)ى نەوت لە بوارى پیشەسازی، (٢٤%)ى لە بوارى بەرهەمهێنانی کارەبا، (٢٠%) لە گواستنەوە و گەیاندن، (١٥%)ى لە خانوو و نشینگەکان، (٨%) لە بوارى بازرگانی و سێکتەرەکانی خزمەتگوزاریدا بووە (TPAO, 2020: 30-31). ١,١. دۆخی نەوت یەدەگی نەوتی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٨دا بە ٣٦٦ ملیۆن بەرمیل خەمڵێنراوە. ئەم یەدەگە، بە بەراورد بە ڕێژەى بەکارهێنانی ساڵانە، پێشبینی دەکرێت لە ماوەى ١٨ ساڵدا بەکۆتا بێت. کۆنیی کەرەستە و تەکنەلۆژیاى بەرهەمهێنانی نەوت لە تورکیادا، کاریگەریى لەسەر خێرایی بەرهەمهێنانی نەوت کردووە. بە هۆى بەتەمەنیی کێڵگە نەوتییەکانەوە لە تورکیا، بە تێپەڕبوونی کات بەرهەمیان ڕووى لە دابەزین دەکات. لە ساڵی ٢٠١٩دا لە تورکیا بەنزیکەیی ٢٢ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو بەر هەمهێنراوە، لە بەرامبەردا نزیکەى ٢٥٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو بەکار براوە. لە ساڵی ٢٠١٩دا، بەرهەمهێنان و بەکاربردنی نەوتی خاوى ناوخۆیی ڕێژەى (٨.٨%)ی پێک هێناوە. بە دەربڕینێکی تر: ڕێژەى هاوردەى نەوت لە ساڵی ٢٠١٩دا بریتی بووە لە (٩١.٢%). تورکیا لە ساڵی ٢٠١٧دا بەم ڕێژانە هاوردەکارى نەوت بووە لەم وڵاتانەوە: ڕووسیا (٣٥.٤%)، عێراق (٢١.٣%)، کازاخستان (٧.١%)، هیندستان (٦.٩%)، ئێران (٤.٧%)، سعودیە (٤.٤%)، نێجیریا (٤.١%)، ئیسرائیل (٣.٤%)، لیبیا (٢.٥%)، بولگاریا (٢.١%)، یۆنان (١.٧%)، تورکمانستان (١.١%). ١.٢. دۆخی غازی سروشتی بە گوێرەى ئەو دیاریکردنەى بۆ ڕێژەى غازى سروشتی لە ساڵی ٢٠١٨ لە تورکیادا ئەنجام دراوە، ڕێژەى یەدەگی غازەکە ٣.٨ ملیار مەتر سێجایە. کاتێک ئەم ڕێژەیە بەراورد بە بەکارهێنانی ڕێژەى ساڵانەی ناوخۆ دەکرێت، پێشبینی دەکرێ لە ماوەى ٩ ساڵدا بەکۆتا بێت. ساڵی ٢٠١٩ لە تورکیا بڕى ٤٨٣ ملیۆن مەتر سێجا غازی سروشتی بەرهەم هێنراوە. لە بەرامبەردا لە ساڵی ٢٠١٩دا بڕى ٤٥.٧ ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی بەکار براوە. تورکیا لە بابەتی دابینکردنی غازی سروشتیدا بە ڕێژەى (٩٨.٩%) پشتی بە هاوردەکردن بەستووە. تورکیا لە ساڵی ٢٠١٧دا بەم ڕێژانە هاوردەکارى غازی سروشتی بووە لەم وڵاتانەوە: ڕووسیا (٣٣.٦%)، ئازەربایجان (٢١.٢%)، ئێران (١٧.١%)، جەزائیر (١٢.٦%)، قەتەر (٥.٤%)، نێجیریا (٥.٤%)، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا (٢.٧%) (TPAO, 2020: 35). تورکیا لە پێشتردا و لە مانگەکانی زستاندا ئەو غازەى کە لە ڕووسیا و ئێرانەوە بۆى دەهات؛ دووچارى پچڕان لە تەوژمی غازەکەدا دەبووەوە، بۆیە ئەمە تورکیاى دووچارى قەیران دەکرد. لەبەر ئەوەى تورکیا بۆ دابینکردنی غازی سروشتی پشت بە دەرەوە دەبەستێت و لە هەمان کاتدا گەنجینەى پێویستی بۆ گلدانەوەى غازەکە نەبوو، بۆیە دووچارى کێشەى جددی بووەوە. هەر بەم هۆیەوە پڕۆژەى زیاترى نوێی گەنجینە و زەخیرەکردن خرایە بوارى جێبەجێکردنەوە (Enerji Bakanlığı, 2018: 2). ٢. پڕۆفایلی وزەى حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق هەرێمی کوردستانی عێراق لە ساڵی (٢٠٠٦)ەوە بە هۆى ئەو گرێبەستانەى لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان ئەنجامی دا، بەشێوەیەکی خێرا دەستی بە چالاکییەکانی گەڕان و پشکنین کرد و لە کۆى ١٠ بیرەنەوت، (٨)یان ئەنجامێکی ئەرێنیی هەبوو. ١,٢. یەدەگی نەوت لە ساڵی ٢٠٠٩دا کۆمپانیایەک بە ناوى گۆڵف کیستۆن، لە کێڵگەکانی شێخان لەنزیک سنوورەکانی تورکیا، لە ئەنجامی گەڕانەکانی لە ناوچەکەدا، ناوچەیەکی بەرفراوانی نەوتی دۆزییەوە کە بە گوێرەى پێشبینییەکان بڕى خەمڵێنراو لەنێوان ١٢ بۆ ١٥ ملیار بەرمیل نەوتدایە (Chazan, 2012: 1-2). پێشبینی دەکرێ بڕى ٤٥ ملیار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستانی عێراق دۆزرابێتەوە (Ticaret Bakanlığı, 2020: 3). بە گوێرەى ئامارەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، لەگەڵ ئەو نەوتەى کە لە ناوچەى شێخان دۆزراوەتەوە، وا پێشبینی دەکرێت بڕى یەدەگی نەوت (٦٠-٦٥) ملیار بەرمیل نەوت ببێت (Balcı, 2014: 12). بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردی بەم شێوەیە دابەش بووە: (٣٦%) لە کێڵگەکانی تەقتەقە، (٣١%) لە کێڵگەکانی خورمەڵەیە، (٢٩%) لە کێڵەگەکانی تاوکیە، (٤%) دەکەوێتە کێڵگە نەوتییەکانی خۆرمۆر و چەمچەماڵەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لەم ماوانەى کۆتاییدا بەئامانجی دۆزینەوەى کێڵگەی نەوتی زیاتر، لە چەند ناوچەیەکی دیکە دەستی بە گەڕان و پشکنین کردووە (Ayhan, Barzani ve Demir, 2013: 13). لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا لە ناوچە جیاوازەکاندا ڕۆژانە بڕى ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرێت، لەبەر ئەوەى حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە پلانیدایە ببێتە خاوەن قسە لە بازاڕى وزەدا، ئامانجی ئەوەیە لە داهاتوودا بڕى بەرهەمهێنانی ڕۆژانەى نەوت بۆ دوو ملیۆن بەرمیل بەرز بکاتەوە (Dalar, 2015: 60). لەمڕۆدا نرخی ئەو بڕە یەدەگەى نەوت لە دەوروبەرى ٣ ترلیۆن دۆلاردایە. ئەم داهاتە کە تاوەکوو ساڵی ٢٠٠٣ بۆ تاکەکەس بڕەکەى لەنێوان (٣٠٠-٤٠٠) دۆلاردا بوو، لە ئێستادا بڕەکە بەرز بووەتەوە بۆ (٥-٦) هەزار دۆلار.   ٢.٢. یەدەگی غازی سروشتی هەرێمی کوردستانی عێراق وەک چۆن لە نەوتدا دەوڵەمەندە، ئاوەهاش یەکێکە لەو ناوچانەى کە بە یەدەگی غازى سروشتی دەوڵەمەندە. غازی سروشتی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا بە بڕى ٥.٦٧ ترلیۆن مەتر سێجا خەمڵێنراوە. لە کێڵگە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی عێراقدا غازی سروشتی دۆزراوەتەوە. لە هەمان کاتدا لە کێڵگە نوێیەکانیشدا گەڕان بۆ یەدەگی غازی سروشتی بەردەوامە (KRG Ministry of Natural Resources, 2021: 1). کۆمپانیاى هێریتیچ ئۆیلی ئینگلیزی کە لە بوارى گەڕانی نەوتدا کار دەکات، لە کێڵگەکانی میرانی خۆرئاوا (٨،٦-١،٩) ترلۆن مەتر چوارگۆشە غازی سروشتیی دۆزیوەتەوە. کۆمپانیاکە ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە نرخی ئەم سامانە سروشتییە بە نزیکەى ١ ترلیۆن دۆلار دەبێت. ئەو بۆرییە غازەى میرانی خۆرئاوا پلانی بۆ دادەنرێت لە تورکیاوە بەرەو ئەورووپا بگوازرێتەوە، هەروەها کۆمپانیاکە ئاماژەى بەوە داوە ئەم بڕە بەنزیکەیی پێداویستیی غازی سروشتیی ١٩٠ ساڵی تورکیا پڕ دەکاتەوە. بەشێکی گەورەى ئەو غازە سروشتییەى کە لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا هەیە، ساڵانە تێکڕا ١١ ملیار مەتر چوارگۆشەی غازە سروشتییەکەى بە هۆى نەبوونی ژێرخانی پێویستەوە بیرەکانیان بەسەردا دەڕووخێت و پڕ دەبنەوە. بڕى (%٦٠)ی ئەو غازە سروشتییەى بەرهەم دەهێنرێت، بە هۆى ئەم حاڵەتەوە لەناو دەچێت و زیانی ئابووریى گەورەى دەبێت. بەم هۆیەوە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق هەوڵی بەگەڕخستنی پڕۆژەى نوێ لەگەڵ تورکیادا دەدات، بەئامانجی بونیادنانی ژێرخان بۆ غازە سروشتییەکەى (Ayhan, Barzani ve Demir, 2013: 14). پسپۆڕانی بوارەکە هەموویان لەوەدا کۆکن بە هۆى ئەوەى لە ساڵانی (١٩٨٠)ەوە بەرهەمهێنان لەم کێڵگانەدا نەبووە، غازی سروشتی و نەوتی خاو زۆر زیاترە لەو بڕە یەدەگەى کە خەمڵێنراوە، بەم هۆیەوە پێگەى هەرێمی کوردستانی عێراق لە داهاتوودا و بە پێی تێپەڕبوونی کات لە تەواوى دونیادا لە ڕووى وزەوە دەکرێت بەرزبوونەوەیەکی گەورە بەخۆیەوە ببینێت (Ayhan, 2009: 2).   ٣,٢. تێچووى بەرهەمهێنانی نەوت تێچووى دەرهێنانی نەوت هێندەى خودی سامانی نەوتەکە لە وڵاتێکدا گرنگە. کاتێک دەڕوانینە سامانی خاکەکانی ئەم ناوچەیە، بە شێوەیەکی چڕ یەدەگی نەوت لە قووڵایی زەویدا نین، ئەمەش دەبێتە هۆى دابەزینی نرخی تێچوونی دەرهێنانی نەوتەکە (İzzeti, 2006: 24). حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، لەچاو زۆربەى وڵاتانی بەرهەمهێنەرى نەوت، بە تێچوویەکی کەمتر نەوت بەرهەم دەهێنێت. یەدەگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق بەشێکی زۆریان دوورییان لەسەر ڕووی زەوییەوە لە قووڵیی ٥٠٠ مەتردایە. هەر لەبەر ئەم هۆیە، تێچوونی دەرهێنانی یەک بەرمیل نەوت لەنێوان (٢،١-٥) دۆلاردا لە گۆڕاندایە. بڕى ئەم تێچوونە لە زۆربەى شوێنەکانی دونیادا لەنێوان (١٥-٢٠) دۆلاردایە. بۆ نموونە: بەرهەمهێنانی یەک بەرمیل نەوت لە وڵاتی کەنەدا تێچووەکەى لە ٢٥ بۆ ٣٠ دۆلار بەرز دەبێتەوە. وەک چۆن دەکرێ تێچووى دەرهێنانی نەوت کەم بێت، ئاوەهاش دەکرێ تێچووی ناردنەدەرەوەکەشی هەر کەم بێت. وەک ئەوەى لە ڕووسیا هەیە کە پێویستی بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و ئامێرى قورس نییە، بە شێوەیەکی زۆر ئاسان نەوتەکە بۆ بەندەرەکان دەگوازێتەوە و لێرەدا تا بڵێی لە ڕێگەیەکی کورتەوە دەیگەیەنێتە بازاڕە جیهانییەکان (International Energy Agency, 2012: 54-55). ئابووریى حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لەسەر هەناردەى نەوت دامەزراوە. بۆ نموونە؛ لەگەڵ بەهارى عەرەبیدا نرخی نەوت دابەزی، ئەمەش کاریگەریى لەسەر بەرتەسکبوونەوەى ئابووریى حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق هەبوو. لەگەڵ کەمبوونەوەى مەترسییەکان لە ناوچەکەدا، ئەم فشارى بەرتەسکبوونەوەیە بەرەو کەمبوونەوە چوو.   ٣. پەیوەندییەکانی وزەى تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ بەدواوە، کۆمەڵێک گۆڕاوى نوێ دەرکەوتن کە کاریگەرییان لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق هەبوو. ئەم گۆڕاوانە لە هەردوو لایەکەوە پەیوەندییەکانی ڕابردووى گۆڕى و دەروازەیەکی نوێی کردەوە.  هۆکارى سەرەکیی ئەم گۆڕانکارییانەش گۆڕانی ستاتۆى کوردەکان و پێشکەوتنی پەیوەندییەکانی وزەیە، بەتایبەتی کاتێک بابەتی وزە وەک پێوەر و نیشانەیەکی نوێ هاتە نێوەندەکەوە و ئەمەش بووە ڕەگەزێکی گرنگی ئاڕاستەکردنی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق (Balcı, 2014: 7). تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، لە ڕووى ماددەی خاو، ئابوورى و سەربازییەوە؛ خاوەنی هێزى جیاواز لە یەکترن. بە ڕاى کەیهن و ناى، ئەو لایەنانەى لە نێوانیاندا پەیوەندیی هاووابەستەیی هەیە، مەرج نییە کە خاوەنی هەمان هێزى سەربازی و ئابووریی لێکچوو بن. کاتێک دوو لایەن لە ڕووى توانا و چۆنێتییەوە لە یەکەوە نزیک بن، ئەوا هاووابەستەیی هاوسەنگ لە پەیوەندییەکانیاندا ڕەنگ دەداتەوە، بەڵام کاتێک دوو لایەن لە ڕووى توانا و چۆنێتییەوە جیاواز بن، ئەوا پەیوەندیی نێوان ئەو دوو کارەکتەرە پەیوەندییەکی هاووابەستەیی ئاڵۆز لە پەیوەندییەکانیاندا ڕەنگ دەداتەوە. ئەو کارەکتەرانەى لە ڕووى ئابوورى و سەربازییەوە زۆر بەهێزن، ڕێی تێدەچێت لە ڕووى سامان و سەرچاوەکانەوە وابەستەى کارەکتەرە لاوازەکان بن. گەر لەم ڕوانگەیەوە بیرى لێ بکرێتەوە، لە دونیادا دەوڵەتێک نییە “خۆى بۆ خۆى بەس بێت[4]“. ئەمەش جەوهەرى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە (Dalar, 2015: 48-66). بەم مانایە، ئەم پەیوەندییە لەلای لایەنێکەوە لەسەر هێزى دانوستان و لەلاى لایەنەکەى دیکەشەوە بە گوێرەى ئاستی هەستیارییەکەى شکڵ دەگرێت. لەبەر ئەوەى تواناى ئابووریى لایەنەکان جیاوازە، ئەوا ڕێی تێدەچێت کە هەستیارییان بەرامبەر گۆڕاوە دەرەکییەکان جیاوازیی هەبێت (Keohane ve Nye, 2001: 10-11). هەندێک جار بە هۆى پەیوەندیی هاووابەستەییەوە لایەنە لاوازەکە دەتوانێت ڕەفتارى سیاسەتی دەرەکیى لایەنە گەورەکە بگۆڕێت. بۆ ئەمەش دەکرێ نموونەى تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق پیشان بدرێت، لەبەر ئەوەى تورکیا پێویستی بە نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق هەیە. لە پەیوەندییەکانی وزەى نێوان تورکیا لەگەڵ هەرێمی خۆبەڕێوەبەرى عێراقدا، هیوا و چاوەڕوانیی سەرەکیی تورکیا ئەوەیە هاوتەریب لەگەڵ گەشەکردنی ئابوورییەکەیدا پێویستییەکانی بە نەوت زیاد دەبێت، بۆیە دەیەوێت بە نرخێکی گونجاو نەوتی دەست بکەوێت و فرەچەشنیی سەرچاوەکانی زیاد بکات، هەروەها لە ڕێگەى تێپەڕینی هێڵی بۆرییەوە بە خاکەکەیدا ببێتە ناوەندی گوێزەرەوەى نەوت. هیوا و چاوەڕوانییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا ئەوەیە لەبەرامبەر حکومەتی ناوەندیی عێراقدا بەهێز بێت، دەیەوێت بونیادە ئابوورییەکەى لە کاتی قەیرانەکاندا کەمترین زیانی بەر بکەوێت و شکستە نەبێت، دووچارى کەمترین زیان ببێتەوە، بۆیە لەم ڕێگەیەوە هەوڵی زیادکردنی داهاتەکەى دەدات و دەیەوێت لە سایەى ئەمەوە دەستی لە هاوکێشە و ململانێ سیاسییەکاندا بەهێز بێت. خواستی زیادکردنی پەیوەندییەکانی وزەى نێوان تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لەم چوارچێوەیەدا شێوەى گرتووە (Balcı, 2014: 8). جگە لەوەش، گەر حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بتوانێت سەرچاوەکانی وزەى خۆی بگەیەنێتە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان، داهاتێکی سەقامگیر و ڕێکوپێکی دەست دەکەوێت، دواتریش دەکرێت ببێتە کارەکتەرێک کە لە ناوچەکە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش نەتوانرێت فەرامۆش بکرێت (Anaid, 2014: 49). کۆمەڵێک ڕەگەزی زۆر هەن کاریگەرییان لەسەر دڵنیایی وزە هەیە. ئەم ڕەگەزانە لە چوارچێوەی دڵنیایی وزەدا، کاریگەریى لەسەر سیاسەتی دەرەکی دەبێت. لە پەیوەندیدا بەمەوە، کاتێک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا فشاری لە وڵاتانی کڕیارى نەوتی ئێران کرد بۆ ئەوەى هاوردەی نەوتەکەى نەکەن، تورکیا بۆ ئەوەى لە دابینکردنی وزەدا فشارى لەسەر دروست نەبێت، هەوڵێکی چڕی دا و وزەیەکی زۆرى سەرف کرد بۆ ئەوەى پێداویستییەکانی لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە دابین بکات. جگە لەوەش، کاتێک لە ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ خستنەخوارەوەى فڕۆکە ڕووسییەکەدا پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ڕووسیا پچڕا، دەرکەوت لە حاڵەتی پچڕانی غازە سروشتییەکەى ڕووسیادا بەدیلێکی ئەوتۆى لەبەردەست نەبوو. ڕووسیا بە هۆى ئەوەى کە خاوەنی سامان و سەرچاوە سروشتییەکانە، کاتێک تووشی کێشە دەبێت وەک چەکێکی کاریگەر لە چەندین قەیراندا بەکارى دێنێت. هەر بەم هۆیەوە لە حاڵەتی پچڕان لە سەرچاوەکانی وزەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا، کاریگەرییەکى گەورە و چارەنووسسازی لەسەر تورکیا دەبێـت (Aydoğan, 2016: 38-41).   ١,٣. کێشەى گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکاندا خاڵی وەرچەرخان لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا لە ڕێکەوتی ١ی حوزەیرانی (٢٠٠٩)ەوە بوو، کاتێک بۆ یەکەم جار بە شێوەیەکی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراقدا ڕێک کەوتن بۆ ناردنەدەرەوەى نەوتەکەى لە ڕێگەى کۆمپانیا سۆمۆى دەوڵەتی عێراقەوە بە ڕێگەى بۆریى کەرکووک-جەیهان، لێرەوە ناردنی نەوتەکەیان بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان دەست پێ کرد. حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بەتایبەتی هەوڵی هاندانی کۆمپانیا نەوتییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و تورکیای دا تاوەکوو گرێبەستی نەوتی لەگەڵدا بکەن. مەسعوود بارزانی لە چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ ئیدارەى ئۆبامادا پێشنیارى دروستکردنی هەماهەنگییەکی تایبەتی کرد و لەم چوارچێوەیەدا داواى پارێزگاریکردنی ستاتۆی هەرێمی کوردستان و پاراستنی لەلایەن ئەمەریکاوە کرد، لە هەمان کاتدا پاڵپشتیی بۆ دروستکردنی هێڵی بۆرى لە تورکیا خواست. بەڵام ئیدارەى ئەمەریکی لەم بابەتەدا پێشنیارى کارکردنی لەگەڵ بەغدادا بۆ کردن و وەڵامێکی نەرێنیی دانەوە. سەرەڕاى ئەمەش حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بەو دیدگایەى کە پێی وایە “کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەمەریکییەکان یەکسانە بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا” کاری کرد، لەم ڕێگەیەوە بە ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە ئەمەریکییەکان هەوڵى بەدەستهێنانی پاڵپشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای دا. بەم هۆیەوە بەئامانجی بەهێزبوون لەبەرامبەر حکومەتی فیدراڵدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ناوچە جێناکۆکەکان دەستی بە کارکردن لە کێڵگە نەوتییەکاندا کرد و لەمەشدا لەپێشینەیى بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان دا (International Crisis Group, 2012: 4). دۆزینەوەى یەدەگە زەبەلاحەکانی وزە لە هەرێمی کوردستانی عێراق، هاندەر و ئاڕاستەکەرى کۆمپانیا گەورەکان بوو بۆ ئەنجامدانی گرێبەست (Balcı, 2014: 11). یەکەمین گرێبەست لە ساڵی ٢٠١١دا کۆمپانیاى ئیکسۆن مۆبێلی ئەمەریکی ئەنجامی دا. لەدواى ئیکسۆن مۆبێلەوە، شیڤۆنی ئەمەریکی، تۆتاڵی فەڕەنسی و گازپڕۆمی ڕووسی گرێبەستیان ئەنجام دا. لەمڕۆدا چوار کۆمپانیاى گەورەى نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدان. هەروەها لە ئێستادا کۆمپانیاکانی وەک بریتیش پێترۆڵمی بەریتانی، لۆک ئۆیلی ڕووسی، کۆمپانیاکانی بوارى وزەى چینی لە چاوپێکەوتندان بە مەبەستی ئەنجامدانی گرێبەست (Wildenburg, 2012: 51). هاتنی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بوارى وزە بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق، وەک خاڵی تێکەڵبوون و چوونەناوەوەى حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ نێو سیستمی ئابووریى نێودەوڵەتی لێک درایەوە. مەسعوود بارزانی بەهاى ئەنجامدانی ئەو گرێبەستەى لەگەڵ کۆمپانیاى ئیکسۆن مۆبێلدا ئەنجامی دابوو، چوواندوویەتی بە ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ دە بەتالیۆنی سەربازی ئەمەریکی، بۆیە ئەم گرێبەستانەى لە دەرەوەى ڕێککەوتننامە ئابوورییەکەى وەک کردەیەکی سیاسیی گرنگ هەڵسەنگاندووە (Danilovich ve Owtram, 2014: 123). هۆکارى سەرەکیی وەبەرهێنانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بوارى وزە لە هەرێمی کوردستانی عێراق ئەوە بوو چالاکیی پشکنین و گەڕان بە ڕێژەیەکی زۆر کەم لە هەرێمەکەدا ئەنجام درابوو، ئەمە لە کاتێکدا زۆربەى شوێنی یەدەگی نەوت و غازی سروشتیی عێراق دیاری کراوە. کۆمپانیاکان سەرەڕاى ناڕوونی و نادیارى لە یاساکاندا، وەکوو هێزە سیاسییەکان چارەسەرى ساتەوەختییان بەرهەم هێناوە. هەر چی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقە، پێی وا بوو ئەو دەوڵەتانەى کە کۆمپانیاکانیان لەوێ کار دەکەن، لە پێناو قازانج و بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا پاڵپشتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لەبەرامبەرى حکومەتی ناوەندیی عێراقدا دەکەن (Ayhan, Barzani ve Demir, 2013: 27). حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بە پشتبەستن بە یاساکانی خۆى لە بوارى نەوت و غازی سروشتیدا، کۆمپانیاى بەبازاڕکردنی نەوتی کوردستان (KOMO)ی دامەزراند، لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکاندا گرێبەستی ئەنجام دا (Ayhan, Barzani ve Demir, 2013: 18). حکومەتی ناوەندی جەختی لەوە کردەوە ئەم یاسایانە تاک لایەنە دەرکراون و هیچ چاوپێکەوتن و ڕاوێژێک بە ناوەند نەکراوە. لە مادەى ١١٠ى دەستووردا هاتووە: “دەسەڵاتی فیدراڵی ئابوورى دەرەکی و سیاسەتی بازرگانی دیاری دەکات، سیاسەتی دارایی و سیستمی گومرگ دیارى دەکات، سیاسەتی بازرگانی لەسەر سنوورى هەرێمەکان ڕێک دەخات”، هەروەها لە بڕگەى دووەمی مادەى ١١٢دا هاتووە: “حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم پێکەوە سیاسەتی وزە دیاری دەکەن”، ئەمەشیان وەک پێشێلی دەستوورى ناساندووە (Bell ve Saunders, 2006: 3). لەبەر ئەوەى ئەو گرێبەستانە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە پەسەند نەکراون، ئەوا لە ڕووى یاساییەوە بە قبووڵکراو هەژمار ناکرێن، لەم دۆخەدا ئەو کۆمپانیایانەى لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا کار دەکەن دووچارى سزایان دەکاتەوە، هەر بە هۆى ئەم ئامانجەوە بوو کە بە نووسراوى فەرمی کۆمپانیاکانیان ئاگادار کردەوە (Khalil, 2009: 7-8). هەر چی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقە، داکۆکیی لە یاساکانی نەوت و غازی سروشتیی خۆى کردەوە و پێیان وایە هیچ بەربەستێکی یاسایی لەبەردەم ئەم یاسایانەدا نییە. بەم شێوەیە ئەوەیان خستە ڕوو ئەگەر یاسایەکی پێچەوانە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە دەربچێت، ئەوا لە ڕووى یاساییەوە کاریگەریى لەسەر هەرێمی کوردستانی عێراق نابێت (Holland, 2012: 29). حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بەم لێکدانەوەى خۆى هەوڵی دا ئەو گرێبەستانەى تا ئەو ڕۆژە ئەنجامی دابوون؛ گەرەنتییان بکات و هەروەها ئەو فاکتەرانەى دەبنە جێگەى مەترسیی کار و چالاکیی کۆمپانیاکان لە ناوچەکەدا، لە ڕووى یاساییەوە نەیهێڵێت. پسپۆڕان پێیان وایە مادەى ١١٠ى دەستوور لە پەیوەندیدایە بە جێبەجێکردنی دەستوورەوە. بۆ نموونەى بڕگەى یەکی مادەى ١١٠، بڕیار و حوکمەکانی تایبەتە بە لایەنی ئابوورى، سیاسەتی بازرگانی، سیاسەتی دەرەکی و نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی لە پەیوەندیدا بە دەوڵەتانی دیکەوە، هەروەها ئەو حوکمانە لەخۆ دەگرێت کە پەیوەندییان بە ئەنجامدانی ڕێککەوتن و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانەوە هەیە. لەبەر ئەمە ئەو مادەیەى کە باس کرا، ناوەرۆکی پەیوەندیی نێودەوڵەتیی دەوڵەتەکە لەگەڵ دەوڵەتانی دیکەدا لەخۆ دەگرێت. لە ناوەرۆکی مادەکەدا کە بە دەسەڵاتی دەرەکی ئاماژەى بۆ کراوە، ئاڕاستەى دەسەڵاتی دەوڵەتان کراوە وەک لەوەى ئاڕاستەى کۆمپانیاکان کرابێت. بەم هۆیەوە داکۆکییان لەوە کردووە ئەم مادەیە لە ناوەرۆکەکەیدا ڕێگە بە ئەنجامدانی گرێبەستە تەکنیکییەکان لەگەڵ کۆمپانیاکاندا دەدات (Zedalis, 2009: 255). جگە لەوە، لە مادەکانی ١١٥ و ١٢١ی دەستووردا هاتووە کە ئیدارەى هەرێم دەسەڵاتی هەیە بۆ پیادەکردن و خستنەبوارى جێبەجێکردنی ئەو یاسا و بڕیارە کارگێڕییانەى کە ناچنە نێو سنوورى دەسەڵاتی کارگێڕیى ناوەندییەوە. ئەگەر بێتوو جیاوازیى لێکتێگەشتن لەم بابەتانەدا دروست ببێت، ئەوا لەپێشینەیی بەو ڕێکخستنانە دەدرێت کە ئیدارەى هەرێم دەریکردووە. بۆیە دەتوانین بڵێین بە گوێرەى ڕێکخستنە یاسایی و کارگێڕییەکانی پشتئەستوور بە دەستوورى فیدراڵیی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لەلایەن دەستوورەوە دەسەڵاتی بۆ بەڕێوەبردن و کاروبارەکانی پەیوەست بە سەرچاوەکانی نەوت و غازی سروشتییەوە پێ دراوە. هەر بۆیە دەتوانرێت ئەو دەرئەنجامە بخرێتە ڕوو کە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق گرێبەستەکانی لەگەڵ کۆمپانیاکانی بوارى نەوت و غازی سروشتیدا خاوەنی چوارچێوەیەکی یاسایی و دەستوورییە (Zedalis, 2009: 53). حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بەتایبەت لەگەڵ کۆمپانیاکانی دەوڵەتەکاندا گرێبەستی ئەنجام دا، ئەمەش لە پێناو بەدەستهێنانی پاڵپشتیی ئەو دەوڵەتانە لەبەرامبەر حکومەتی ناوەندیدا، بۆ ئەوەى نەچێتە ژێر بارى قبووڵکردنی خواستەکانی ناوەندەوە. لەم چوارچێوەیەدا حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بە دروستکردنی پەیوەندییەکى باش لەگەڵ تورکیادا، خواستی بەهێزکردنی خۆى هەبوو لەبەرامبەر دەسەڵاتی فیدراڵیی عێراقدا (Dalar, 2015: 62). بڕیارى کۆمپانیا گەورە و ناسراوەکانی دونیا بۆ سەرمایەگوزارى و ئەنجامدانی گرێبەست و بەبازاڕکردنی نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، فاکتەرێکی گرنگ و کاریگەر بوو لەسەر تورکیا بۆ گۆڕینی سیاسەتی وزەى وڵاتەکەى (Varol, 2013: 12). دواى ئەم بەرەوپێشچوونانە، کۆمپانیا تورکییە حوکمی و تایبەتییەکانی پەیوەست بە بەرهەمهێنانی نەوت گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجام دا. کۆمپانیایەکی وەک تپاو[5] کە لە ناوچەى بەسڕە کارى بەرهەمهێنانی دەکرد، کاتێک حکومەتەکەى مالیکی گرێبەستەکەى لەگەڵ هەڵوەشاندەوە، لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق گرێبەستی ئەنجام دا. کۆمپانیاى گەنەل ئینێرجی وەک یەکێک لە گرووپی کۆمپانیاکانی چوکرۆڤا هۆڵدین، لە شەش کێڵگە دەستی بە بەرهەمهێنانی نەوت کرد. خاڵی وەرچەرخان لە پڕۆسەى دروستکردنی پەیوەندییەکانی وزەى نێوان تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، ئیمزاکردنی یاداشتنامەى لێکگەیشتنی نێوان هەردوو لایەنەکە بوو. لە دەرئەنجامی ئەمەشدا، بازرگانە تورکەکان لەپێش هەمووانەوە بەتایبەت ئەوانەى بوارى وزە لە زۆر بواردا دەستیان بە سەرمایەگوزارى کرد (Çağaptay ve Evans, 2012: 3-8). مەسعوود بارزانی لە ساڵی ٢٠١١دا جەختی لەوە کردەوە گرێبەستەکانی نێوان تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق گرێبەستێکی تەواوکاریى ئابوورییە. دواى ساڵی ٢٠١١، کاتێک حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لەبەرامبەر پێکهاتەکانی دیکەى عێراقدا هەستی بە تەنهایی کرد، زیاتر لە تورکیا نزیک بوویەوە. لەدواى ئەمەوە، هەردوو لایەنەکە بەتایبەت لە ڕووی وزەوە دەستیان بە هەماهەنگی کرد. مشتومڕێکی گەرم لەنێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق هاتە ئاراوە کە ئاخۆ دەسەڵاتی ئیمزاکردنی گرێبەستەکان لەلاى کێیە، هەروەها حاڵەتەکانی وەک نەدانی بڕی ١.٥ ملیار دۆلارى حەقی کارى کۆمپانیاکان دەرکەوت. لەسەر ئەمە، لە ٢ى نیسانی ٢٠١٢دا حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق ناردنەدەرەوەى نەوتی ڕاگرت. لە ساڵی ٢٠١٢ بەدواوە، وزە کۆمەکی هەردوو لایەنەکەى کرد تاوەکوو هەماهەنگیی نێوانیان زیاد بکەن. دەستپێکردنى چاوپێکەوتنەکان لەم بوارانەدا، بووە هۆى ئەوەی کە لە بوارە جیاوازەکانی دیکەشدا هەماهەنگی و کارى پێکەوەیی ئەنجام بدرێت، ئەمەش کۆمەکی زیادبوونی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی نێوان هەردوو لایەنەکەى کرد. لە ٢٠ی مایسی ٢٠١٢، سەرەڕاى ڕازینەبوونی حکومەتی ناوەندی، گرێبەستێکی بەرفراوان لە بوارى وزە لەنێوان وەزیرى وزەى تورکیا و وەزیرى سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا ئیمزا کرا. بە هۆى ئەم ڕێککەوتنەوە، گەشتنە بڕیارى ناردنی نەوت و غازی سروشتیی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ بازاڕە جیهانییەکان لە ڕێگەى تورکیاوە (Çandar, 2012: 1). حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بە هۆى ئەو کێشانەى لەگەڵ حکومەتی ناوەنددا دووچارى بوویەوە، ناردنی نەوتەکە بە هێڵی بۆریى کەرکووک-جەیهان لە ڕێگەى سۆمۆوە ڕاگرت. لە ٢٦ى تەممووزى ٢٠١٢، سەرەڕاى ناڕەزاییەکانی حکومەتی ناوەندی، حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەستی بە گواستنەوەى نەوتەکەى لە ڕێگەى تەنکەرەوە کرد. بە گوێرەى بانگەشەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، دەبووایە حکومەتی ناوەندی (١٧%)ى نەوتی پاڵفتەکراو بداتە هەرێمی کوردستان، بۆیە ئەمانیش نەوتی خاویان بە تورکیا فرۆشت و لە بەرامبەردا نەوتی پاڵفتەکراویان وەردەگرتەوە (Ayhan, Barzani ve Demir, 2013: 25). لە ساڵی (٢٠١٥-٢٠١٦) بە هۆى دابەزینی نەوت بۆ ئاستێکی زۆر نزم و بەرزبوونەوەى تێچووى گواستنەوەى نەوتەکە، کاریگەریى نەرێنیی کردە سەر بەردەوامیی گواستنەوەى نەوتەکە لە ڕێگەى وشکانییەوە. جگە لەوەش، لە مانگی یەکی (٢٠١٤)ەوە لە ڕێگەى هێڵی بۆریى کەرکووک-جەیهانەوە فرۆشتنی نەوت دەستی پێ کرد، لە ساڵی ٢٠١٦دا گواستنەوەی نەوت لە ڕێگەى تورکیاوە بەکۆتا هات (Zhdannikov, 2016: 2). حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ ئەوەى سامانە سروشتییەکانی بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و بە نرخێکی باش بە وڵاتانی کڕیارى نەوتەکەى بفرۆشێت و لە هەمان کاتدا بتوانێت کاری دەرهێنان و بەرهەمهێنانی لێ بکات و خۆی پڕۆسەى پاڵفتەکردنی ئەنجام بدات، پێویستی بە سەرمایەگوزارى لەو پێداویستییانەدا هەیە. حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەبێت لەگەڵ هەموو ئەمانەدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەدا بەرەو پێشەوە ببات کە هێڵى بۆریى نەوتەکەى پێدا تێپەڕ دەبێت، چونکە ئەمانە تۆڕێکی گرنگی لۆجستیی سەرچاوەکانی وزەن. بە دەربڕینێکی تر: کاتێک باسەکە دێتە سەر سامانی وزە، ئیتر پەیوەندیی هاووابەستەیی دێتە کایەوە (Hinnebusch, 2003: 35). حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق پلانی هەبوو لە ڕێگەى بۆتاش (BOTAŞ)[6]ەوە ئەو هێڵە بۆرییەى کە لە کێڵگەکانی تاوکی و تەقتەقەوە دەست پێ دەکات، ببەستێتەوە بە هێڵی بۆریى کەرکووک-جەیهانەوە لە فیشخابوور، کە دەکەوێتە بەرامبەر ناوچەى سلۆپی لە تورکیا. ئەو هێڵی بۆرییە بەتەواوى لەو ناوچانەدایە کە لەژێر قەڵەمڕەوى حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدان. درێژیى هێڵى بۆرییەکە (٢٥٠کم)ە، ڕۆژانە لە توانایدا هەیە بڕى …,..٤ بەرمیل نەوت بگوازێتەوە. مەوداى دووریى نێوان فیشخابور و سلۆپی، تەنها ٣٠ کیلۆمەترە (İşeri, 2014: 10-13). لەبەر ئەوەى هێڵی بۆریى نەوتی کەرکووک-جەیهان بەتەواوى لەژێر کۆنترۆڵی عەرەبەکاندایە، حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق چەندین ساڵ پڕۆژەگەلى نوێی خستە ئاراوە بۆ دامەزراندنی هێڵی بۆریى نەوتی نوێ. لە بابەتی بونیادنانی هێڵێکی بۆریى نوێ کە لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە، ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ سەرهەڵدانی گرژیى زیاتر لەنێوان حکومەتی مەرکەزیی عێراق و تورکیادا. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ڕێگەى ڕوونکردنەوەیەکەوە پەیامێکی ئاگادارکردنەوەى ئاڕاستەى تورکیا کرد، کە نابێت بەبێ ڕەزامەندیی حکومەتی ناوەندیی عێراق لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا ڕێک بکەون. کاتێک کۆمپانیا ئەمەریکییەکانی بوارى نەوتیش گرێبەستەکانیان ئەنجام دا، دەرکەوت ئەو ئاگادارکردنەوەیە ئەنجامێکی جددیى نابێت. زۆربەى تیۆریستەکان (بە ناى و کەیهن)یشەوە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە هاووابەستەیی بەگشتی لەنێوان دەوڵەتەکاندایە، بەڵام پێیان وایە پڕۆسەى بەجیهانگیربوون ڕێگەخۆشکەرە بۆ ئەوەى کارەکتەرە نادەوڵەتییەکانیش بێنە ناو سیستمە جیهانییەکەوە. بەم هۆیەوە، کارەکتەرێکی نادەوڵەتیی وەک حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق کە سەر بە دەوڵەتی فیدراڵیی عێراقە، کەوتە ناوانەوە. لەم چوارچێوەیەدا کاتێک لە پەرلەمانی تورکیا لە ڕێکەوتی ١٨ى شوباتی ٢٠١٣دا لەم بارەیەوە پرسیارێک ئاڕاستەى وەزیرى وزە کرا، بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە: وەک ئەوەى پێشبینی کراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق خاوەن یەدەگێکی زۆرى وزەیە، بۆ کارکردن لەم سەرچاوانەدا کارەکتەرە دیارەکانی بوارى وزە دەستیان بە جووڵە کردووە، لە ٢٠ وڵاتی جیاوازەوە چەندین کۆمپانیاى گەورە دەستیان بە کارکردن لەم ناوچەیە کردووە و چالاکیی خۆیان ئەنجام دەدەن، لە کاتێکدا کۆمپانیا گەورەکانی دونیا گرنگییەکی زۆر بەم بابەتە دەدەن، چیتر پێویست ناکات تورکیا خۆى لەمە بەدوور بگرێت. بەم هۆیەوە بە گوێرەى یاسا نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانی عێراق و پەیوەندییەکانی وزەش، هیچ بەربەستێکی یاسایی لەبەردەم ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا نییە. هەروەها جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە ئەم ڕێککەوتنانەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق و دامەزراوە تایبەتی و گشتییەکان بە سروشتی خۆیان لە چوارچێوەى ڕێککەوتنی بازرگانیدان، ئەم ڕێککەوتننامانە شوێنکەوتەى حوکمەکانی یاسای تایبەتە و لە چوارچێوەى پەیمانبەستن و ڕێککەوتنی هەمیشەییدا پۆلێن ناکرێن. جگە لەوەش حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ڕووى ئیدارییەوە سەر بە عێراقە و بە گوێرەى ئەو سنوور و هێڵانەى کە لە چوارچێوەى دەستووردا کێشراون، خاوەنی کیان و دەسەڵاتێکی فیدراڵییە. هەروەها ئاماژەى بەوە دا ئەم ڕێککەوتنەى وەزارەتەکەى ئەنجامی داوە، وەک تەواوى ئەو پەیوەندییانەیە کە دەوڵەتە باڵادەستەکانی دیکە لە چوارچێوەى یاسا و دەستوورى عێراقدا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا ئەنجامیان داوە (Yıldız, 2013: 1). لە یاساى نێودەوڵەتیدا ڕێگە دراوە کە پەیماننامە لەنێوان دەوڵەتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا لەسەر بنەماى ئیرادەی خۆیان ئەنجام بدەن. ئەو گرێبەستانەى لەنێوان دامەزراوە تایبەتی و گشتییەکانی دەوڵەتێکدا ئەنجام دەدرێت، لە چوارچێوەى پەیماننامەدا پۆلێن ناکرێن. تەنانەت ئەگەر لەنێوان دوو دەوڵەتی خاوەن هەژموون و سەروەریدا ئەنجام بدرێن، دیسانەوە ئەم گرێبەستانە وەک پەیماننامە هەژمار ناکرێن (Dalar, 2015: 65-66). ڕەوانەکردنی نەوتەکەى حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ڕێگەى تەنکەرەوە؛ خاو و تێچوویەکی زۆرى هەبوو، لە بەرامبەریشدا پڕۆسەى بەرهەمهێنانی نەوتەکە خێرا بوو، ئەمەش لە ئەنجامدا بیرۆکەى هەڵکەندنی هێڵی بۆریى لەنێوان تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا بەهێز کرد. لە ڕێکەوتی ٢٥ى ئادارى ٢٠١٣دا، ڕێککەوتنێکی دیکە لە پەیوەندیدا بە وزەوە لەنێوان تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا ئیمزا کرا (Aydoğan, 2016: 38-41). سەرەڕاى دژایەتییەکانی ئەمەریکا و بەغدا، کەچی تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق مکوڕ بوون لەسەر هەڵوێستەکەیان و لە ڕێکەوتی ١٥ى تشرینی دووەمی ٢٠١٣دا ئەو هێڵی بۆریی نەوتەى دروستیان کرد و بڕى تێچوونەکەى ٤٠٠ ملیۆن دۆلار بوو، تەواو کرا. لە پڕۆسەى دروستکردنەکەدا سەرەتا هێڵی بۆریى تەقتەق-خورمەڵە و دواتریش لە قۆناغی دووەمدا هێڵی بۆریى خورمەڵە-فیشخاپور تەواو کرا. لە یەکەم ڕۆژى ساڵی ٢٠١٤دا نەوتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ڕێگەى ئەم هێڵەوە ڕەوانەى تورکیا کرا (Genel Energy, 2016: 1). حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق پێکەوە لەگەڵ تورکیادا یەکەمین هێڵی بۆریى نەوتی خۆی بونیاد نا، ئەمەش بۆ ئەوەى کۆتایی بە وابەستەبوونی بە حکومەتی ناوەندییەوە بهێنێت، چونکە پێشتر لە ڕێگەى هێڵی کەرکووک-جەیهانەوە کە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقیدایە؛ نەوتەکەى ڕەوانە دەکرد. جگە لەوەش، لە کاتێکدا هەریەک لە حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق گەشتنە ئامانجەکەیان کە ناردنەدەرەوەى یەک میلیۆن بەرمیل نەوتە بەجیاجیا لە هێڵی بۆریى کەرکووک-جەیهانەوە، ئیتر پێویستیان بە هێڵی بۆریى نوێ بوو، چونکە تواناى لەخۆگرتن و گواستنەوەى نەوت لە ئێستادا لەم هێڵەوە ١.٦٥ ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانەیە کە ئەمەش بەس نییە. بڕی نەوتە هاتووەکە گەیشتە ٢.٥ ملیۆن و لە گەنجینەکانی جەیهاندا هەڵگیران، چونکە چاوەڕوانی ئەنجامی یاداشت و دانوستانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق و حکومەتی ناوەندی دەکرا و لەم ماوەیەدا ناردنەدەرەوەی بۆ بازاڕە جیهانییەکان وەستێنرا. ئەنجامی دانوستانەکان سەرکەوتوو نەبوو و لە مایسی ٢٠١٤دا گەنجینەکانی جەیهان پڕ بوون. بەڵام سەرەڕاى ئەوەى کە هێشتا مشتومڕەکان هەر بەردەوام بوون، دەست کرایەوە بە ناردنی نەوتەکە بۆ بازاڕە جیهانییەکان. بەم شێوەیە بە هۆى ئەو کێشەیەى لە واقیعدا بوونی هەبوو، قەیرانەکە تا دەهات قووڵتر دەبوویەوە. نەوتەکە بۆ وڵاتەکانی دیکە نێردرا، بەڵام تورکیا ئەم نەوتەى نەکڕى بۆ ئەوەى کاریگەرى لەسەر پڕۆسەى ئیمزاکردنی گرێبەستەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا بە زیان نەشکێتەوە. نێچیرڤان بارزانی ڕوونی کردەوە کە گرێبەستێکی پەنجا ساڵەیان لەگەڵ تورکیادا ئەنجام داوە و دەکرێ ئەم ماوەیە درێژتریش بکرێتەوە، هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە ئامانجیان وەرگرتنی بەشەبودجەى خۆیانە بە ڕێژەى (١٧%) کە وەک مافی یاسایی خۆیان دەیبینن، لە هەمان کاتدا پێی وا بوو کە تەواوى پڕۆسەکە زۆر بە ڕوون و ئاشکرایی بەرەوپێشەوە دەچێت، ئەو کێشەیەى کە لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا تووشی بوون بە هۆى نەبوونی کۆنترۆڵی بابەتەکەیە لە دەستی خودی بەغدادا. ئاماژەى بەوە دا لە چوارچێوەى دەستوورى عێراقدا لە حوزەیرانی ساڵی (٢٠١٤)ەوە بایی ٩ ملیار دۆلاریان نەوت فرۆشتووە (Dalar, 2015: 62). دواى ڕێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لەگەڵ تورکیا لە تشرینی دووەمی ٢٠١٤دا بە مەبەستی بازرگانیی نێودەوڵەتیی نەوت لە ڕێگەى هێڵی بۆریى جەیهانەوە، دیسانەوە چاوپێکەوتنەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق و حکومەتی ناوەندی دەستی پێ کردەوە. ساڵی ٢٠١٤ ساڵێکی گرنگ بوو کە تێیدا لایەنەکان هەنگاوێکی گرنگیان لە پێناو بەرژەوەندی و ئاشتیدا هاویشت. نزیکبوونەوەى نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق و حکومەتی ناوەندی و سەرهەڵدانی ڕێکخراوى تیرۆرستیی داعش و گرتنی هەندێک لە ناوچەکانی ژێردەستیان و کردنەوەى بەرەى جەنگ بەرامبەر هەردوو لایەنەکە، کاریگەرییەکی زۆر گرنگی هەبوو. دواى ئەوەى لە ٦ى حوزەیرانی ٢٠١٤ ڕێکخراوى تیرۆرستیی داعش کە پێشتر چالاکییەکانی خۆى لە سووریا ئەنجام دەدا؛ پەلامارى عێراقی دا، موسڵ و بەشێکی دیار و بەرچاوى ناوچە جێناکۆکەکان کەوتنە ژێر دەستیەوە، دیسانەوە دۆخێکی نوێی خوڵقاند. بە هۆى پێشڕەوییەکانی داعشەوە، سوپاى عێراق لە زۆربەى شارەکان کشانەوە. کەرکووک لەلایەن سوپاى عێراقەوە چۆڵ کرا، لەبریى ئەمان حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ١٢ی حوزەیراندا لە ڕێگەى پێشمەرگە و هێزە سەربازییەکانیانەوە کۆنترۆڵی کەرکووکیان گرتە دەست. حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بەکۆنتڕۆڵکردنی کەرکووک و بەشێکی زۆرى ناوچە جێناکۆکەکان، کێڵگە نەوتییەکانی ئەو ناوچانەشیان کەوتە ژێر دەست. لە ڕوانگەى دەسەڵاتی هەرێمییەوە، لەبەر ئەوەى ئەو ناوچانە کەوتبوونە ژێر دەسەڵات و کۆنترۆڵی ئەوانەوە، دەبێت ئەوانیش سوود لە سەرچاوەکانی نەوت و غازی سروشتیی ناوچەکە لە ڕووى ئابوورییەوە وەربگرن، لە کاتێکدا دەسەڵاتی فیدراڵی دەیویست تەواوى سەرچاوەکانی وزە بەناوەندی بکات و بیانخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە و وەک ئامرازێک بەکاری بهێنێت بۆ سەپاندنی تەواوى هێزى خۆى بەسەر تەواوى وڵاتەکەدا (Zedalis, 2009: 262). لەم ماوەیەدا حکومەتی ناوەندی بابەتی بودجەى هەرێمی وەک کارتێکی فشار بەکار دەهێنا، هەر چی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقیشە بابەتی فرۆشتنى نەوتی بە شێوەى سەربەخۆ وەک کارتی فشار بەکار دەهێنا. لەبەر ئەم هۆیە ململانێ لەنێوان هەردوو لایەنەکەدا هەیە بۆ سەپاندنی هێز و هەژموونی خۆیان بەسەر سەرچاوە سروشتییەکاندا. لە کاتی دانوستان و چاوپێکەوتنەکانی هەردوو لایەنەکەدا، پتر لەوەى هەوڵی لێکنزیکبوونەوە و ڕێککەوتن بە مەبەستی چارەسەرکردن هەبێت، هەر لایەنێک هەوڵی سەپاندنی ئامانج و دیگاکانی خۆى بەسەر ئەوى دیکەدا داوە. بەم هۆیەوە ڕێگرى لەبەردەم بەیاساییبوونی ئەو بابەتانەدا هاتە ئاراوە و جیاوازییەکانیش قووڵتر بوونەوە. لە ماوەى ئەم قۆناغەدا هەندێ کاریگەریى دەرەکی لەسەر بابەتەکە دروست بوون کە فشارى لێکتێگەشتنیان دروست دەکرد، بەڵام ئەم لێکتێگەیشتنانەش کاتی بوو و بۆ ماوەیەکی زۆر بڕی نەدەکرد. تەنانەت لەو بابەتانەشدا کە ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتن لە بارەیەوە هەبوو، دیسانەوە لایەنەکان هەوڵی تۆمەتبارکردنی یەکتریان دەدا (Deek ve Burton, 2007: 55). بە گوێرەى پڕۆتۆکۆلی ئەو یاداشتی لێکتێگەشتنەى لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٤ لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق و دەسەڵاتی ناوەندیدا لە بوارى وزەدا هاتە ئاراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بە ناوى دەسەڵاتی ناوەندییەوە ڕۆژانە بڕى ٢٥٠٠٠٠ بەرمیل نەوت لە ڕێگەى هێڵى بۆریى کەرکووک-جەیهانەوە دەنێرێتە دەرەوە، لە هەمان کاتدا لەسەر ئەوەش ڕێک کەوتن هەرێمی کوردستان لە ڕێگەى تورکیاوە بڕى ٣٠٠٠٠٠ بەرمیل نەوتی دیکە بنێرێتە دەرەوە. تورکیا، لەبریى دەستوەردان لە مشتومڕە یاسایی و سیاسییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق و دەسەڵاتی فیدراڵی ، چاوەڕێی ئەوە بوو کێشەکە لەنێوان خۆیاندا یەکلایی بکەنەوە. بڕیارى دادگاى باڵاى دەسەڵاتی ناوەندی لە بەرژەوەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، هەم دەستی هەرێمی کوردستانی عێراقی لە هاوکێشەکەدا بەهێز کرد، هەم ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ ئەوەى تورکیا بە ئاسوودەییەکی زیاترەوە بازرگانیی لەگەڵدا بکات (Dalar, 2015: 66). ڕێککەوتنی ساڵی ٢٠١٤ى نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە بابەتی ناردنەدەرەوەى نەوتدا، لە ڕەواندنەوەى کێشەکانی نێوانیاندا قۆناغێکی گرنگی بڕى. پێویستیی تورکیا بە نەوت و پێویستیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بە داهاتی نەوتەکە، چونکە سیستمە ئابوورییەکەى پشتی بە نەوت بەستووە، هۆکارى هاتنەئاراى هەماهەنگیی ئابووریى نێوانیان بوو. سەرەڕاى ئەمەش، بە شێوەیەکی گشتی پەیوەندیی سیاسیی نێوان لایەنەکان لە دیدگایەکی ئەمنیی نەریتیدا دەبینرا، بۆیە ئاستی پەیوەندییەکانی نێوانیان ڕووى لە دابەزین کرد (Dalar, 2016: 160). ٢,٣. گەیاندنی وزە بە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بەبێ ئەوەى چاوەڕێی چارەسەرى ئەو ناکۆکییانەى کە لە سەرەوە باس کرا بکات، لە ساڵی ٢٠١٣ لەگەڵ تورکیادا دەستیان بە ڕاکێشانی هێڵی بۆریى نەوت کرد، لە ساڵی ٢٠١٤ ناردنەدەرەوەى نەوت لەم هێڵەوە و لە ڕێگەى تورکیاوە دەستی پێ کرد. بەم شێوەیە دۆخەکە تا دەهات ئاڵۆزتر دەبوو. حکومەتی ناوەندیی عێراق بردنەدەرەوەى ئەم نەوتەى وەک کارێکی قاچاغچییانە لێک دەدایەوە (Zedalis, 2009: 300-303). حکومەتی ناوەندیی عێراق دەیویست ئەو نەوتەى کە لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا دۆزراوەتەوە، تەنها لە ڕێگەى سۆمۆوە بفرۆشرێت. بەو هۆیەوە گرژى و لێکتێنەگەشتن لەنێوان لایەنەکاندا ڕووی دا. پێشتر مشتومڕێکی وەها لەئارادا بوو کە ئاخۆ ئەنجامدانی گرێبەستی نەوت لە دەسەڵاتی کێدایە، بەڵام لە مایسی (٢٠١٤)ەوە مشتومڕێکی توندی دیکە هاتە ئاراوە کە ئاخۆ دەسەڵاتی ناردنەدەرەوەى نەوت لە توانای کێدایە، بەم شێوەیە گرفتەکە هەنگاوێک زیاتر ئاڵۆزیی بەخۆیەوە بینی. حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دیوە یاساییەکانی ئەم بابەتەى لەگەڵ پسپۆڕى بوارى یاسای نێودەوڵەتی جەیمس ر. کرافۆرد پڕۆفیسۆر لە زانکۆى کامبریج کنە کرد و دیدگایەکی یاسایی سەربەخۆى بەدەست هێنا. بە تێڕوانینی کرافۆرد، ئەو گرێبەستانەى حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجامی داوە؛ هەمووی یاساییە و لەگەڵ دەستووردا یەک دەگرێتەوە (Kurdistan Regional Government, 2014: 1-2). حکومەتی ناوەند بە هۆى ئەو بەریەککەوتنانەى لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا لە بارەى دەسەڵاتەکانەوە بۆی دروست بووبوو، بە پاڵپشتیی مادەی ٩٣ى دەستوور بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە لە دادگاى باڵاى عێراق بە تۆمەتی پێشێلی یاسا سکاڵاى تۆمار کرد. دادگاى باڵا لە ٢٣ى حوزەیرانی ٢٠١٤، بە کۆى دەنگ بڕیارى ڕێگریکردن لە ناردنەدەرەوەى نەوت و سەپاندنی سزاى بەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا ڕەت کردەوە. دادگا ئاماژەى بەوە دا مادەى ١١٠ی دەستوورى عێراق کە سنوورى دەسەڵاتەکان دیاری دەکات و پشت بە یاساکانی پێش ساڵی ٢٠٠٣ دەبەستێت، بەهەڵە لێکدانەوەى بۆ کراوە. لە پەیوەندیدا بە دەستوورەوە، دادگا بڕیاری دا کە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەسەڵاتی ناردنەدەرەوەى نەوتی هەیە و ناردنەدەرەوەى نەوتەکەش پێشێلکاریى دەستوورى نییە. بۆیە ئەمە بڕیارى کۆتاییە و لە چوارچێوەى دەستووردایە و دەبێت پەیڕەویى لێ بکرێت. هەموو ئەو گرێکوێرانەى کە بە هۆى ناردنەدەرەوەى سەرچاوەکانی وزە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە دروست بووبوو، کرانەوە. ئەگەرچی دادگاى باڵاى عێراق لە ڕووى یاسای ناوخۆییەوە بڕیارەکانی دا و تانەگرتنیشی ڕەت کردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق شەرعیەتی بۆ خۆى بەدەست هێنا و مەترسیی سزادان لەسەرى هەڵگیرا، بەڵام هێشتا هەر مشتومڕە یاساییەکان کۆتاییان پێ نەهات. بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق داواى پابەندبوونی لە حکومەتی ناوەندی عێراقی بەرامبەر ئەم بڕیارە کرد، داواى لێ کرد ئەو کۆمپانیانەى بە هۆى ئەنجامدانی گرێبەستی نەوتی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا خرابوونە لیستی ڕەشەوە؛ دەریهێنێت و لەو بڕیارە پەشیمان ببێتەوە (Kurdistan Regional Government, 2014: 7). ئەم بڕیارە لە هەمان کاتدا لە ڕوانگەى تورکیاوە دەرئەنجامێکی زۆر گرنگی هەبوو، چونکە نەوتەکە لە ڕێگەى تورکیاوە دەگەیشتە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان. ئەم بڕیارە ڕەوایەتیی ڕێگەپێدانی لە خۆیدا هەڵگرتبوو، لە هەمان کاتدا ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ ئەوەى لەنێوان تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا لە بوارەکانی دیکەشدا ڕێککەوتن ئەنجام بدرێت. وەزیرى ئابووریى عێراق ئەوەى ڕوون کردەوە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا سەبارەت بەو نەوتەى لە ناوچەکە دەردەهێنرێت، ڕێک کەوتوون تاوەکوو لە ڕێگەى هێڵی بۆریى کەرکووک-جەیهانەوە بنێردرێتە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان (Dalar, 2015: 64). نەوتە دۆزراوەکەى هەرێمی کوردستانی عێراق هەر لە سەرەتاى بەرهەمهێنانیەوە تاوەکوو پڕۆسەى ناردنەدەرەوەى، هۆکارى سەرهەڵدانی چەندین گرژى و ناکۆکی بوو لەنێوان دەسەڵاتی ناوەند و هەرێمدا. بنەماى یاسایی ئەم ناکۆکییانە پاڵپشتە بە دەستوورى عێراقی کە لە ساڵی ٢٠٠٥دا پەسەند کراوە. لەبەر ئەوەى دەستووری عێراق حوکمەکانی ڕوون نەکردووەتەوە، هەردوو لایەنەکە بە ئاڕاستەى بەرژەوەندییەکانی خۆیان لێکدانەوەیان بۆ مادە دەستوورییەکان دەکرد و دواتر هەر لەسەر ئەم لێکدانەوانەى خۆشیان پەیڕەویى ڕێوشوێنەکانیان دەکرد، بۆیە لێرەوە وزە و سیاسەت خاڵی دەستپێکی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو لایەنەکە بوون (Moradi ve Saie, 2013: 593). لەم قۆناغەدا و لە چوارچێوە نێودەوڵەتییەکاندا تێڕوانینێکی وەها بەربڵاو بوو کە لە ڕووى یاساییەوە هەق و مافی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقە کە ئیدارەى سەرچاوەکانی وزەى بدات. هۆکارى سەرەکیی جیاوازییەکانی نێوان ئەم دوو لایەنە، ڕێکنەخستنی دەسەڵاتەکانە بەوردی لە بابەتی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی وزە لە دەستوورى حکومەتی فیدراڵیدا، لە لایەکی دیکەوە نەبوونی هەستی دڵنیایی و متمانەیە بە یەکتر بە هۆى ئەو ململانێیانەى لە پڕۆسە مێژووییەکەدا ڕووی داوە (Ayhan, Barzani ve Demir, 2013: 19). بابەتێکی دیکە کە هێندەى بەرهەمهێنانی سەرچاوەکانی وەک نەوت و غازى سروشتی گرنگە، کێشەى گواستنەوەی سەرچاوەکانە لە ئاسایش و دڵنیاییدا. هێڵەکانی بۆرى ڕۆڵێکی گرنگ لە گواستنەوەی نەوتی خاو و غازی سروشتیدا دەگێڕن. لەبەر ئەوەى هێڵەکانی بۆرى بە زیاتر لە وڵاتێکدا تێپەڕ دەبن، نرخی تێچووی دارایی و گواستنەوەى تێپەڕبوونەکە بەرزتر دەکەنەوە. لەبەر ئەوەى حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بەندەرى ئاوى نییە، ئەمەش دەبێتە بابەتێکی گرنگ کە ئاخۆ لە کوێوە نەوتە بەرهەمهێنراوەکەیان بنێرنە سەر دەریا. گەر لە ڕووى جوگرافییەوە هەڵسەنگاندن بۆ ئەم بابەتە بکرێت، ئەوا دەتوانرێت نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ڕێگەى وڵاتانی عێراق، ئێران، سووریا، ئیسرایل و تورکیاوە بنێردرێتە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان. ئەگەر لە ڕوانگەى حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە هەڵسەنگاندن بۆ ئەم هەڵبژاردنانە بکەین: دەسەڵاتی فیدراڵیی عێراق پێی وایە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەسەڵاتی ئەنجامدانی گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکاندا نییە و هەروەها لە سنوورى دەسەڵاتەکانیدا نییە نەوت بنێرێتە دەرەوە، لەبەر ئەوەى کە لە بنەڕەتدا ڕەزامەند نییە لەسەر پڕۆسەکە، کەواتە ڕێگە نادات لە ڕێگەى هێڵەکانی بۆریی خۆیەوە، ئێمە (حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق) نەوتەکە بنێرینە دەرەوە. بەم هۆیەوە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بەندەرى بەسڕە بۆ ناردنەدەرەوەى نەوتەکەى هەڵنابژێرێت. ناردنەدەرەوەى نەوتەکە لە ڕێگەى ئێرانەوە، بەتایبەت لە گەرووى هورمزەوە بەدیلێکی سەرنجڕاکێش نییە، چونکە ئێران بە هۆى کێشە ئەتۆمییەکەیەوە ساڵانێکی دوورودرێژە لەژێر گەمارۆى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیدایە. حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، بۆ ئەوەى دووچارى هەمان تەنهایی ئێران نەبێتەوە، کەواتە ئێران بۆ ناردنەدەرەوەى نەوتەکەى هەڵنابژێرێت. هێڵی بۆریى نەوتی کەرکووک-بانیاس کە لە سووریاوە تاوەکوو دەریاى سپی درێژ دەبێتەوە، ڕۆژانە تواناى گواستنەوەی ٧٠٠٠٠٠ بەرمیل نەوتی هەیە. بەڵام لە ساڵی (٢٠٠٣)ەوە بە هۆى پڕۆسەى ئازادیى عێراقەوە ئەم هێڵە نەوتییە زیانی بەر کەوت و دووچارى پەککەوتن بوویەوە. بە هۆى سەرهەڵدانی شەڕى ناوخۆى سووریا لە ساڵی ٢٠١١دا هەڵبژاردنی ئەم ڕێگەیە بە هۆى ناسەقامگیرییەوە بووە ئەگەرێکی دوور. بەڵام گەر بێتوو پەیەدە لە باکوورى سووریا یاخود لە خاکی نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و سووریادا ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی دابمەزرێنێت، لە هەمان کاتدا گەر ئەمەریکاى پاڵپشتیکارى هێزەکانی سووریاى دیموکرات و پەیەدە فشار لە  حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بکات، لێرەدا هێڵێکی بۆریى نەوتی نوێ لێدەدرێت ئیتر لە ڕێگەى دەریاى سپی یاخود ئیسرائیلەوە بێت دەگەیەنرێتە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان. ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق پاڵپشتیی ئەمەریکاى لە بابەتی ناوچە جێناکۆکەکان و سەربەخۆیدا لێ بدیبایە، دەکرا ئەو داواکارییەى بەم ئاڕاستەدایە قبووڵ بکرێت. ئیسرائیل لە ڕێگەى گەیاندنی سامانی وزەى حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە بە تێپەڕین بەناو خاکەکەیدا و ناردنی بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان، ئامانجیەتی ببێتە ناوەندەوزە. بەم هۆیەوە ئیسرائیل پڕۆژەى چاککردنەوەى هێڵی پەککەوتووى بۆریى نەوتی کەرکووک-هەیفای پێشکەش کردووە، دەیەوێت لە ڕێگەى سووریا یاخود ئەردەنەوە نەوتی کەرکووک بگەیەنرێتە ئیسرائیل و لەوێشەوە بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان. حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ ئەوەى کاردانەوە و سەرنجی دونیاى عەرەبی بۆ خۆى ڕانەکێشێت، ئەم هێڵە بۆرییە نەوتییە هەڵنابژێرێت. درێژیى هێڵی ئەم ڕاڕەوە ١١٠٠کیلۆمەترە. ئەم ڕێڕەوە وەک ئەوەى تورکیا شاخاوى نییە، تەختە و بۆ هێڵی بۆرى زۆر گونجاوە. لەسەر ڕێڕەوەکە دوو پاڵاوگەى تێ دەکەوێت، یەکێکیان لە ئوردن و ئەو دیکەیان دەکەوێتە هەیفاوە. ئەم تایبەتمەندییانە ئەگەرى کارکردن لەسەر هێڵەکە زیاتر دەکات، بەم هۆیەوە هێڵی بۆریى نەوتی کەرکووک-هەیفا لە دۆخێکدا ئاسانتر بەدی دەهێنرێت. گەر ئەمە بهێنرێتە سەر ئەرزى واقع، ئەوا هێڵی بۆریى کەرکووک-جەیهان گرنگییەکەى وەک خۆى نامێنێتەوە. ئەگەر هێڵی کەرکووک-جەیهان لە کارکردنیدا بەردەوام بێت، ئەوا هێڵی کەرکووک-هەیفا وەک جێگرەوەیەک بۆ هەمیشە وەک ئەگەرێکی کراوە دەبینرێت. هەرچی تورکیایە، لەبەر ئەوەى لە ڕووى جوگرافییەوە خاوەن ئەو تایبەتمەندییەیە کە بتوانێت نەوتی هەرێمی کوردستانی عێراق بگەیەنێتە سەر دەریاى سپی، لە هەمان کاتدا ئەوەش خاڵێکی ئەرێنیی مەزنە بۆ تورکیا کە بازاڕى وزەی دراوسێی ئەورووپایە. تورکیا دەتوانێت ئەو نەوتە بە تێچوویەکی کەم بگەیەنێتە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان، ئەمەش بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق ماناى بەرزبوونەوەى ڕێژەى قازانجەکەیەتی. تواناى تەکنەلۆژیی تورکیا بەراورد بە وڵاتە دراوسێکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ئاستێکی بەرزتردایە، ئەمەش وای کردووە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق؛ تورکیا بە گونجاوتر ببینێت (Ayhan, Barzani ve Demir, 2013: 17). لە ڕووى سیاسییشەوە تورکیا کاندیدە بۆ بوونە ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا، ئەندامی ناتۆیە و لە هەمان کاتدا لەگەڵ ئەمەریکادا پەیوەندییەکانی لە ئاستێکی باشدان، هەموو ئەمانەش وای کردووە تورکیا بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق سەرنجڕاکێش بێت. حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، لە ڕووى مێژوویی، ئایینی و کولتوورییەوە، تورکیا لە خۆی و خەڵکەکەیەوە بە نزیکتر دەبینێت. جگە لەوەش، حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە زۆر ڕووەوە ئەو ئامانجەى هەیە کە زیاتر تێکەڵ بە تورکیا و دونیاى ڕۆژئاوا ببێت (Dalar, 2015: 62). لە ساڵی ٢٠١٢دا نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق تەواوکەرى باڵایی یەکترن و لە زۆر لایەنەوە پێویستیان بە پاڵپشتیی تورکیا هەیە، چونکە تورکیا نزیکترین شوێنە بۆ سەر دەریا، پەیوەندیی وزەیان لەگەڵ تورکیادا خۆى لە هەماهەنگییەکی بەرامبەریدا دەبینێتەوە (Çandar, 2012: 1). کەموکورتییەکانی تورکیا لە ڕووى وزەوە و سنوورداریى جوگرافیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، ئەم نزیکبوونەوەیەى بەرەو هەماهەنگیی بەرامبەرى وەرچەرخاند.   ٣,٣. ئامانجی تورکیا بۆ بوون بە ناوەندی وزە یەکێکی دیکە لەو بابەتە گرنگانەى کە هێزە هەرێمی و ناهەرێمییەکانیش هەوڵ دەدەن لە بەرژەوەندیی خۆیان بەکاری بهێنن، ئامانجی بوون بە ناوەندی وزەیە. ئەم ئامانجە یەکێکە لە گرنگترین ڕەگەزە بنەڕەتییەکانی دیاریکردنی سیاسەتی وزە. بە هۆکارى دابەشبوونی سامانی وزە بە شێوەیەکی ناهاوسەنگ لە سەرانسەرى جیهاندا، هەندێک لە وڵاتان بە گوێرەى هەڵکەوتەى جوگرافیی ناوچەکەیان بوونەتە ڕێڕەوەى ڕاکێشانی هێڵی بۆریى نەوت، ئەم وڵاتانە خاڵی کلیلی و بەستەرەوەى نێوان وڵاتانی بەهەمهێنەر و بەکارهێنەرى تەوژمی سەرچاوەکانی وزەن، ئەمانە وەک پردی پەیوەندین و بە هۆى ئەم تایبەتمەندییەیانەوە وەک وڵاتی گوێزەرەوە (ترانزێت) ناو نراون و لە ڕووى گرنگییەوە لە پلەى یەکەمیدان. تورکیا وەک یەکێک لەم وڵاتانە، ئامانجیەتی وەک یاری دروستکەرێکی گرنگ لە ناوچەکەدا ڕۆڵی هەبێت (Kantörün, 2010: 88). لە سایەى جێکەوتەى جیۆستراتیژى و هەڵکەوتە جوگرافییەکەیەوە، تورکیا وەک یەکێک لە کارەکتەرە گرنگەکانی ناوچەکە ڕۆڵ دەگێڕێت. لەمڕۆماندا لەو ڕێڕەوانەى کە بیرى لێ دەکرێتەوە وەک ڕێڕەوى نەوت بەکار بهێنرێت، ئەم لە سەنتەرەکەیدا شوێنپێی خۆى قایم کردووە. تورکیا پێگەیەکی ستراتیژیی گرنگی هەیە، چونکە لە لایەکەوە لە ڕووى جوگرافییەوە نزیکە لە ناوچەیەکی دەوڵەمەند بە سامانی وزە و لە لایەکی دیکەشەوە کەوتووەتە نێوان ئەم ناوچەیە و وڵاتانی بەکارهێنەرى پیشەسازیى خۆرئاوا، لە هەمان کاتدا لەچاو وڵاتەکانی دیکەى ناوچەکەدا لە ڕووى ئاسایش، سەقامگیرى و بەردەوامی لە گواستنەوەى سەرچاوەکانی وزە بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان وەک ناوەندێکی گرنگی بازرگانی خۆى نمایش دەکات. لەمڕۆدا داتا و زانیارییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە لەلایەن دەوڵەتانەوە وەک سەرچاوەیەکی تۆکمەى خەمڵاندن و دووربینی پەسەند دەکرێت. بە گوێرەى ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، تورکیا بە هۆى هەڵکەوتە جوگرافییەکەیەوە لە بابەتی فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وزەدا خاوەن دەرفەتێکی گەورەیە. بۆیە پێویستە وڵاتەکە هەماهەنگی لەسەر ئاستی هەرێمی بەرەوپێش ببات. بەشداریى تورکیا لە ئاسایشی وزەی ئەورووپادا، بابەتێکی گرنگ و ژیانییە (International Energy Agency, 2016: 1-2). یەکێتیی ئەورووپا لە دونیادا دووەم گەورەترین هاوردەکارى وزەیە. ڕێژەى وابەستەبوونی بە دەرەوە لە بوارى وزەدا لە (٥٠%)یە. وا پێشبینی دەکرێت ئەم ڕێژەیە لە ساڵی ٢٠٣٠دا بۆ ئاستی (٧٠%) بەرزتر ببێتەوە. لە ڕوانگەى یەکێتیی ئەورووپاوە، ئەو وڵاتانەى کە وزەیان پێدا تێپەڕ دەبێـت هێندەى وڵاتانی دابینکەرى وزە گرنگن. بە هۆى قەیرانەکانی (٢٠٠٦-٢٠٠٨)ى ئۆکرانیا، گرنگیی وڵاتانی گوێزەرەوەى وزە بەدەر کەوت. ناردنی وزە لە تورکیاوە، وابەستەیی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بە ڕووسیاوە کەم دەکاتەوە و وەهاى لێ دەخوێنرێتەوە خاڵێکی یەکلاکەرەوەى گرنگ بێت لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپادا (Özpek, 2013: 358). هەر ئەم گرنگییە بایەخی تورکیاى لە بوارى وزەدا زیاد کردووە و کۆمەکێکی ئەرێنییش بە پەیوەندییەکانی تورکیا و یەکێتیی ئەوروپا دەکات. ئەو بابەتانەى ئەرکە لەسەر تورکیا لە پڕۆسەى ئەندامێتیی یەکێتیی ئەورووپادا ئەنجامیان بدات، لەژێر ٣٣ ناونیشاندا کۆ کراونەتەوە (Pamir, 2005: 74-81). لەم ٣٣ ناونیشانەدا یەکێکیان “سەردێڕى وزە”ەیە. لە حاڵەتێکدا گەر تورکیا بتوانێت ببێت بە ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا، دەبێت پەیڕەوى لە سیاسەتی وزەى یەکێتیی ئەورووپا و هەموو ئەو یاساوڕێسایانەى دەچێتە ئەو چوارچێوەیەوە بکات (Ergün, 2007: 1-5). بەم هۆیەوە دەکرێ لە داهاتوودا وزە ببێتە دیاریکەرى بنەما سەرەکییەکانی پەیوەندیی نێوان تورکیا و یەکێتیی ئەورووپا. تورکیا دەیەوێت بڕى وزەى هێنراو بۆ بەندەرى جیهان دوو هێندە بەرز بکاتەوە و لێرەدا دامەزراوەیەکی گەورەى وزە و پاڵاوگە لەگەڵ تێرمیناڵێکی گەورەى ناردنەدەرەوەى وزە دروست بکات و بۆرسەى وزەش بکاتەوە (Yıldız, 2013: 65). ئەو سەرچاوە و سامانە سروشتییەى لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا هەیە و لە ڕێگەى تورکیاوە دەنێردرێتە بازاڕە نێودەوڵەتییەکانی دونیا، تورکیا لە ئامانجەکەى بۆ بوونە ناوەندێکی وزە نزیک دەکاتەوە. بە ئاڕاستەى بەدیهێنانی ئەم ئامانجانەدا، هێڵێکی بۆرى کە نەوتی هەرێمی کوردستانی عێراق بەرەو تورکیا دەگوازێتەوە؛ ڕاکێشرا، ئەو نەوتەش کە لەم هێڵی بۆرییەوە دێت، دەگەیەنرێتە بازاڕە نێودەوڵەتییەکانی دونیا. هەرێمی خۆبەڕێوەبەریى کوردی عێراق لە پلانیدایە لە داهاتوودا ڕێژەى هەناردەى نەوتی خاو بۆ ٢ ملیۆن بەرمیل بەرز بکاتەوە. گەیاندنی ئەم نەوتەش لە ڕێگەى تورکیاوە بە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان، کۆمەکبەخش و هاوکار دەبێت لە هێشتنەوەى هەژموون و باڵایی جیۆستراتیژیى تورکیا لە بوارى وزەدا. تێکڕا نرخی گواستنەوە و ترانزێتی یەک بەرمیل نەوت بە دۆلارێک دیاری دەکرێت، ئەمەش ماناى وایە تورکیا تەنها بە هۆى ئەم گواستنەوەیەوە ڕۆژانە بڕى یەک ملیۆن دۆلارى دەست دەکەوێت، ئەمە لە حاڵەتێکدا گەر حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق وەک ئەو ئامانجەى کە دیاریی کردووە ساڵانە بڕى یەک میلۆن بەرمیل نەوتی خاو بنێرێتە دەرەوە (Yıldız, 2013: 65). سیاسەتی تورکیا بۆ بوونە ناوەندێکی وزە لە ناوچەکەدا، تورکیا ئاڕاستە دەکات تاوەکوو هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا بکات. بازرگانیی نەوت تەنها بریتی نییە لە فرۆشتنی نەوتی خاو، بەشێکی گەورەى بازرگانییەکە لەسەر گواستنەوە، پاڵاوتن و گەیاندنی بە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان وەستاوە. داهاتی گەورەتر لە پڕۆسەى بەرهەمهێنانەکە لەم قۆناغانەدا بەدەست دەهێنرێت. هەر بەم هۆیەوەیە بەشێکی زۆرى پارەى نەوت کە لە بازاڕدایە، بە هۆى خزمەتگوزارییەکانەوە زیاتر کەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی کۆمپانیاکانەوە (Ayhan, 2009: 2). ماوەى نێوان ئەو کێڵگەیەى کە نەوتەکەى لێ بەرهەم دەهێنرێت و ئەو بەندەرانەى کە بە کەشتی نەوتەکەى لێ بار دەکرێت، تێچوونەکە بە هەمان ڕێژە زیاتر دەکات. گەر تورکیا بتوانێت هەڵسەنگاندێکی تەندروست بۆ لایەنە ئەرێنییەکانی جێکەوتە جوگرافییەکەی و پەیوەندییەکانی لە ناوچەکەدا بکات و برەویان پێ بدات، ئەوا دەبێتە وڵاتێکی خاوەن ئاڕاستەکەرى گەمە سیاسییەکان لە ناوچەکەدا. ئەنجام و هەڵسەنگاندن ئەو وڵاتانەى دەتوانن سەرچاوەکانی وزە بە تێچوویەکی کەمتر و فرەچەشنی لە دابینکردنی سەرچاوەکاندا بەدی بهێنن، لەچاو وڵاتانی دیکەدا لە حاڵەتی قازانجدان. ئەو وڵاتانەى لە ڕووى وزەوە وابەستەى دەرەوەن، وەک چۆن لە بوارى سیاسەتی دەرەوەدا چالاک نین، بە هەمان شێوە لە کاتی قەیرانە ناوخۆیی و جیهانییەکانی وزەدا زۆر بەخراپی کاریگەریی قەیرانەکە لەسەریان دەردەکەوێت. بۆیە وزە وەک چۆن لە پەیوەندییە ئابوورییەکاندا ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت، بە هەمان شێوە یەکێکە لە دیاردە کاریگەرەکان کە ئاڕاستەى پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکان دەکات. لە ساڵی ٢٠٠٥ بەدواوە، هەندێ گۆڕاوى نوێ دەرکەوتن کاریگەرییان لەسەر چۆنێتیی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق هەبوو. ئەم گۆڕاوانە لە هەردوو لاوە  گۆڕانکاریى بەسەر پەیوەندییەکاندا هێنا و ئاسۆیەکی نوێی لە بەردەمیاندا واڵا کرد. هۆکارى سەرەکیی ئەم گۆڕانکارییەش، گۆڕانی ستاتۆى کوردان و برەوسەندنی پەیوەندییەکانی وزە بوو، بەتایبەتی کاتێک بابەتی وزە وەک پێوەر و نیشانەیەکی نوێ هاتە ناوەندەکەوە و ئەمەش بووە بزوێنەرى پەیوەندیی وزە لەنێوان تورکیاى هاوردەکارى وزە و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق. لەبەر ئەوەى وزە پۆتانشیەڵی زیادکردنی هەماهەنگیی هەیە، هەڵگرى کۆمەڵێک فاکتەرە کە لە توانایدایە لایەنەکان ڕازى بە هەماهەنگیی یەکتر بکات. بە هۆى ئەوەى حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق خاوەنی نەوت و غازی سروشتییە، تورکیاش خاوەنی توانایەکی تەکنەلۆژییە، بۆیە پەیوەندییەکانیان لەسەر بنەماى هەماهەنگی، هاووابەستەیی و “براوە و براوە” بەڕێ دەکرێت. لە پەیوەندییەکانی وزەى نێوان تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراقدا، هیوا و چاوەڕوانیی سەرەکیی تورکیا ئەوەیە هاوتەریب لەگەڵ گەشەکردنی ئابوورییەکەیدا؛ پێویستییەکانی بە نەوت زیاد دەبێت، بۆیە دەیەوێت بە نرخێکی گونجاو نەوتی دەست بکەوێت و فرەچەشنی لە سەرچاوەکانی زیاد بکات، هەروەها لە ڕێگەى تێپەڕینی هێڵی بۆرییەوە بە خاکەکەیدا ببێتە ناوەندی گوێزەرەوەى نەوت. هیوا و چاوەڕوانییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا ئەوەیە لەبەرامبەر حکومەتی ناوەندی عێراقدا بەهێز ببێت، دەیەوێت بونیادە ئابوورییەکەى لە کاتی قەیرانەکاندا کەمترین زیانی بەر بکەوێت و شکستە نەبێت و دووچارى کەمترین زیان ببێتەوە، بۆیە لەم ڕێگەیەوە هەوڵی زیادکردنی داهاتەکەى دەدات و دەیەوێت لە سایەى ئەمەوە دەستی لە هاوکێشە و ململانێ سیاسییەکاندا بەهێز بێت. خواستی زیادکردنی پەیوەندییەکانی وزەى نێوان تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لەم چوارچێوەیەدا شێوەى گرتووە (Balcı, 2014: 8). جگە لەوەش، ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بتوانێت سەرچاوەکانی وزەى خۆی بگەیەنێتە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان؛ داهاتێکی سەقامگیر و ڕێکوپێکی دەست دەکەوێت، دواتریش دەکرێت ببێتە کارەکتەرێک کە لە ناوچەکە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش نەتوانرێت فەرامۆش بکرێت (Anaid, 2014: 49). چالاکیی ھێڵی بۆریى نەوت لە گواستنەوەى وزەدا بۆ بازاڕە جیهانییەکان، لێهاتوویی و کارامەیی لۆجستی، نزیک لە بازاڕ و گواستنەوە لە چوارچێوەى تایبەتمەندییەکانی بازاڕدا، سەقامگیرى و ئاسایشی ناردنەدەرەوەى نەوت؛ لە گرنگترین ئەو تایبەتمەندییانە بوون کە هانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقی دا بەراورد بە وڵاتانی دیکەى دراوسێ ڕوو لە تورکیا بکات. لە ڕووى سیاسییشەوە تورکیا کاندیدە بۆ بوونە ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا، ئەندامی ناتۆیە و لە هەمان کاتدا لەگەڵ ئەمەریکادا پەیوەندییەکانی لە ئاستێکی باشدان، هەموو ئەمانەش وای کردووە تورکیا بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق سەرنجڕاکێش بێت. حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ڕووى مێژوویی، ئایینی و کولتوورییەوە؛ تورکیا لە خۆی و خەڵکەکەیەوە بە نزیکتر دەبینێت، جگە لەوەش حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە زۆر ڕووەوە ئەو ئامانجەى هەیە زیاتر تێکەڵ بە تورکیا و دونیاى ڕۆژئاوا ببێت. تورکیا، لەبریى دەستوەردان لە مشتومڕە یاسایی و سیاسییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق و دەسەڵاتی فیدراڵی، چاوەڕێی ئەوە بوو کێشەکە لەنێوان خۆیاندا یەکلایی بکەنەوە. بڕیارى دادگاى باڵاى دەسەڵاتی ناوەندی لە بەرژەوەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، هەم دەستی هەرێمی کوردستانی عێراقی لە هاوکێشەکەدا بەهێز کرد، هەمیش ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ ئەوەى تورکیا بە ئاسوودەیەکی زیاترەوە بازرگانیی لەگەڵدا بکات. جگە لەوەش گەر حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بتوانێت سەرچاوەکانی وزەى خۆی بگەیەنێتە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان، داهاتێکی سەقامگیر و ڕێکوپێکی دەست دەکەوێت، دواتریش دەکرێت ببێتە کارەکتەرێک کە لە ناوچەکە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش نەتوانرێت فەرامۆش بکرێت. وزەى هێڵەکانی بۆریى نەوت دیاردەى هەماهەنگی و هاووابەستەیی لەنێوان لایەنەکاندا هێنایە کایەوە. هەڵوێستی تورکیا بەرامبەر حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٨ بەدواوە گۆڕانی بەسەردا هات، پەیوەندییەکان لەسەر بنەماى ئەمنی وازی لێ هێنرا و چوونە قۆناغێکەوە ئیتر بایەخ بە پێشخستنی هەماهەنگی دەدرا. هەماهەنگیی نێوان تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە بوارى وزەدا، کۆمەکی زیادبوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لایەنەکەى کرد. کۆبوونەوەى تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لەم چوارچێوەیەدا جۆرێک لە پەیوەندیی لەنێوان خۆیاندا برەو پێ دا کە هەردوو لایەنەکە تێیدا براوە بن. وەها دەردەکەوت لایەنەکان لە بابەتی پارڤەکردنی مەترسییەکاندا مکوڕ بن، ئەمەش لە پێناو تێپەڕاندنی ئەو ئاڵنگارییانەى لە بەردەمیاندا بوو، چونکە سەرەڕاى فشارەکان؛ لەم پەیوەندییە پەشیمان نەبوونەوە و بەرەوپێشتریشیان برد. سەردانکردنی یەکترى هەردوو لا لەسەر ئاستی باڵا زیاتریش بەهێزى دەکات. بەشێکی گەورەى داهاتی بازرگانیی نەوت لە ڕێگەى گواستنەوەى نەوتە خاوەکە، پاڵاوتنی و ناردنی بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان بەدەست دەهێنرێت. بەشێکی زۆرى ئەم داهاتە بە هۆى پێشکەشکردنی ئەم خزمەتگوزارییانە لەلایەن کۆمپانیاکانەوە، کەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی ئەوانەوە. تورکیا هەماهەنگییەکی فرەلایەن لەگەڵ کارەکتەرەکاندا دەکات، بۆیە وزە وەک ئامرازێکی ململانێ بەکار ناهێنێت، بەڵکوو وەکوو ئامرازێک بۆ ئاشتی و نموونەیەکی ئایدیاڵیی داهاتوویەکی خۆشگوزەران بۆ مرۆڤی ناوچەکە بەکاری دەهێنێت. حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەیەوێت لە داهاتوودا لەبەرامبەر ئەو ڕێژە لە سامانی وزە کە دەینێرێتە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان؛ داهاتێکی جێگیر و ڕێکوپێکی دەست بکەوێت، ئەمەش وای لێ دەکات بە هۆى پەیوەندییەکانی وزەوە لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی وەک کارەکتەرێکی ئاماژەبۆکراو هەژمار بکرێت. هێڵەکانی وزەى تێپەڕیو بە تورکیادا دەبێـت وەک ئامرازێک بۆ ئاشتی و سەقامگیرى ببینرێت. تا چەندە هێڵەکانی بۆرى بە تورکیادا تێپەڕ ببن، ئەوەندەش پردى بەهێزى ئاشتی بونیاد دەنرێت. سەرچاوەکان Anaid, A. (2014). Turkish Economic Expansion and its Regional Implications. The Review Kurdistan Region of Iraq Kurdistan, 1(5), 41-53. Arı, T. (2013). Uluslararası İlişkiler Teorileri Çatışma, Hegemonya, İş Birliği. İstanbul: MKM Yayıncılık. Aydoğan, B. (2016). Türkiye-IKBY İlişkilerinde Yeni Dönem mi? Ortadoğu Analiz, 8(72), 38-41. Ayhan, V. (2009). Ortadoğu ve Petrol: İmparatorluk Yolu. Bursa: Dora Yayıncılık. Ayhan, V., Barzani, A. ve Demir, H. (2013). Enerji Siyaseti, Türkiye Irak Kürdistan Bölgesel Yönetimi, Boru Hatları, Petrol Satışı ve Bağdat’ın Pozisyonu. IMPR, Kasım 2013, 1-31. Balcı, A. (2014). Enerji’sine Kavuşan Komşuluk Türkiye-Kürdistan Bölgesel Yönetimi İlişkileri. SETA Analiz, 97(1), 7-26. Bell, J. C. & Saunders, C. (2006, July 7). Iraq Oil Policy-Constitutional Issues Regarding Federal Government and Regional Authority. http://www.iraqoilforum.com/inc/uploads/2011/11/Joseph-Bell-Oil-Policy-Issues-Constitution.pdf (Erişim Tarihi: 15.06.2020). Chazan, G. (2012, December 10). An Ocean of Reserves Waiting to be Tapped. Financial Times. https://www.ft.com/content/d93421e8-3ef7-11e2-9214-00144feabdc0 (Erişim Tarihi: 22.08.2020). Çağaptay, S. & Evans, T. (2012, January 24). Turkey’s Changing Relations with Iraq: Kurdistan Up, Baghdad Down, https://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/turkeys-changing-relations-iraq-kurdistan-baghdad-down (Erişim Tarihi: 18.06.2020). Çandar, C. (2012, 26 Mayıs). İşin İçine Kürdistan Petrolü Girerse. Hürriyet. https://www.hurriyet.com.tr/isin-icine-kurdistan-petrolu-girerse-20630287 (Erişim Tarihi: 17.04.2020). Dalar, M. (2015). Türkiye-Irak Kürdistan Bölgesel Yönetimi İlişkileri: Karşılıklı Bağımlılık Teorisi Bağlamında Petrol İlişkisine Dayalı Bir Analiz. Uludağ Üniversitesi İktisadi ve İdari Bilimler Fakültesi Dergisi, 34(1), 47-70. Dalar, M. (2016). Tarihsel, Siyasal ve Hukuksal Perspektifiyle Irak Kürdistan Bölgesel Yönetimi. Bursa: Aktüel Yayınları. Danilovich, A. & Owtram, F. (2014). The Federalization of Natural Resources. In A. Danilovich (Ed.), Iraqi Federalism and the Kurds (pp. 113-141). New York, ABD: Ashgate Publishing Ltd. Deek, A. & Burton, M. D. (2007). Iraq’s Constitution: A Drafting History. Cornell International Law Journal, 40(1), 2-84. Dış İşleri Bakanlığı (2018, 10 Aralık). Petrol Fiyatlarının Ekonomilere Etkisi. http://www.mfa.gov.tr/petrol-fiyatlarinin-ekonomilere-etkisi.tr.mfa (Erişim Tarihi: 13.08.2020). Enerji Bakanlığı (2018). Türkiye’de Doğalgaz Depoları. https://www.enerji.gov.tr/tr-TR/Sayfalar/Dogal-Gaz (Erişim Tarihi: 19.04.2020). Ergün, Ç. E. (2007). Avrupa Birliği Enerji Hukuku. Ankara: Çakmak Yayınevi. Genel Energy (2016, September 20). Kri Oil Production. Retrieved from: http://www.genelenergy.com/operations/kri-oil-production (Erişim Tarihi: 25.08.2020). Haas, Ernst B. (1964). Beyond The Nation-state: Functionalism And International Organization. 1st edition. California: Stanford Universitiy Press. Hinnebusch, R. A. (2003). The International Politics of The Middle East. New York, ABD: Manchester University Press. International Crisis Group (2012, April 19). Iraq and the Kurds: The High-Stakes Hydrocarbons Gambit, Crisis Group, Middle East Report No120. https://www.crisisgroup.org/middle-east-north-africa/gulf-and-arabian-peninsula/iraq/iraq-and-kurds-high-stakes-hydrocarbons-gambit (Erişim Tarihi: 23.06.2020). International Energy Agency (2016, September 30). Energy Policies of IEA Countries: Turkey 2016 Review. https://www.iea.org/reports/turkey-2012 (Erişim Tarihi: 22.07.2020). International Energy Agency (2012, October 20). Iraq Energy Outlook, Paris. https://www.iea.org/reports/iraq-energy-outlook-2012 (Erişim Tarihi: 18.07.2020). İşeri, E. (2014). Barış Boru Hattı Vizyonu. Ortadoğu Analiz Dergisi, 6(61), 10-13. İzzeti, İ. (2006). Soğuk Savaş Döneminde Irak, (Çev. H. Uygur). İstanbul: Küre Yayınları. Kantörün, U. (2010). Bölgesel Enerji Politikaları ve Türkiye. Bilge Strateji, 2(3), 87-114. Keohane, R. O. & Nye, J. S. (2001). Power and Interdependence. New York, ABD: Addison Wesley Longman. Keohane, Robert O. (2002). Power and Governance in A Partially Globalized World. New York: Routledge. Khalil, L. (2009, June 20). Stability in Iraqi Kurdistan: Reality or Mirage? https://www.brookings.edu/inc/uploads/2016/06/06_kurdistan_khalil.pdf (Erişim Tarihi: 25.01.2021). KRG Ministry of Natural Resources (2021, January 27). Vision, Erbil. http://mnr.krg.org/index.php/en/gas/vision-gas (Erişim Tarihi: 28.01.2021). Kurdistan Regional Government (2014, June 20). KRG statement on oil exports. http://mnr.krg.org/index.php/en/index.%20Php/en/pressreleases/379-krg-statement-on-oil-exports (Erişim Tarihi: 14.09.2020). Moradi, J. & Saie, A. A. (2013). Energy Strategy of A Study of Obstacles on the Way of Federalism in Iraq. Journal of American Science, 8(9), 589-597. Özpek, B. B. (2013). Securing Energy or Energising Security: The Impact of Russia’s Energy Policy on Turkey’s Accession to the European Union. Journal of International Relations and Development, 16(1), 358-379. Pamir, N. (2005). Avrupa Birliği’nin Enerji Sorunsalı ve Türkiye. Stratejik Analiz, 5(11), 74-81. Pazarcı, H. (2007). Uluslararası Hukuk. Ankara: Turhan Kitabevi. Ticaret Bakanlığı (2021). Irak Ülke Profili. https://ticaret.gov.tr/data/5efddfdd13b876a83c6f2fba/Irak%20%C3%9Clke%20Profili.pdf (Erişim Tarihi: 18.01.2021). Türkiye Petrolleri Anonim Ortaklığı (2019, 15 Kasım). 2019 Yılı Ham Petrol ve Doğal Gaz Sektör Raporu. http://www.tpao.gov.tr/file/2005/2019-tpao-sektor-raporu-3185ed3b4af5442c.pdf (Erişim Tarihi: 23.08.2020). Varol, T. S. (2013). Ankara’nın Kuzey Irak Politikasında Genel Enerji ve Siyah Kalem. Yüzyıl Dergisi, 55(1), 5-13. Wildenburg, W. (2012). Breaking From Baghdad: Kurdish Autonomy vs. Maliki’s Manipulation. World Affairs, 175(4), 47-53. Yıldız, T. (2013). Enerji ve Tabii Kaynaklar Bakanlığı TBMM Genel Kurul Konuşması. Ankara: TBMM Yayınları. Zedalis, R. J. (2009). The Legal Dimensions of Oil and Gas in Iraq. Cambridge, UK: Cambridge University Press. Zhdannikov, D. (2016, November 18). Exclusive: Glencore seeks $550 million to raise stakes in Kurdish oil Game. https://www.reuters.com/article/us-glencore-oil-kurdistan-exclusiveidUSKBN13D1O7 (Erişim Tarihi: 21.09.2020). [1]  توێژەر لە تەواوى نووسینەکەیدا وەک لە پەراوێزى دووەمدا ڕوونی کردووەتەوە، بەرامبەر حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، دەستەواژەى هەرێمی خۆبەڕێوەبەریى کوردیی عێراقی بەکار هێناوە، لە هەمان کاتدا بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق، هەرێمی کوردیی عێراقی بەکار بردووە. لەبەر ئەوەى حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراق لە یاسای نێودەوڵەتی و لە دەستوورى عێراقدا وەک هەرێمێکی فیدراڵی ناوى هاتووە، لەم وەرگێڕانەدا ئەوەى دووەمیان هەڵبژێردراوە. (وەرگێڕ) [2]  لەژێر ڕۆشنایی یاسای نێودەوڵەتی، کێشەى ناسنامە لەلایەن دەسەڵاتی عێراقی و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دیاری کراوە. ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٣٠ى حوزەیرانی ٢٠٠٣دا، عێراقی وەک دەوڵەتێکی خاوەن سەروەرى ناساند. لە ڕێکەوتی ١٥ى ئۆکتۆبەرى ٢٠٠٥دا، لە مادەى (١١٧)ەمیندا هەرێمەکە وەک “هەرێمی کوردستان” ناسێنرا. لە وێبسایتی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەى تورکیادا (http://www.mfa.gov.tr/sayin-bakanimizin-erbil-i-ziyareti-10-06-2019.en.mfa)   ناوى هەرێمەکە بە “هەرێمی کوردیی عێراق”  (IKB)   و ئیدارەکەشی بە هەرێمی بەڕێوەبەریى کوردیی عێراق (IKBY)   هێنراوە، لەم توێژینەوەیەدا ناوهێنانەکەى وەزارەتی دەرەوەى تورکیا بۆ ناوچەکە هەڵبژێردراوە. [3] Organization for Economic Co-operation and Development (ڕێکخراوى هاریکارى بۆ ئابورى و گەشەپێدان) [4]  واتە لە دونیادا وڵاتێک نییە لە ڕووى دابینکردنی تەواوى سەرچاوە سروشتی و تەکنەلۆژییەکانەوە بەتەنها پشت بە خۆى ببەستێت، بۆیە پێویستی بە دروستکردنی پەیوەندییە لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا. [5]  (TPAO, Türkiye Petrolleri Anonim Ortaklığı)  کۆمپانیاى هاوبەشی نەوتی تورکی [6] (Boru Hatları ile Petrol Taşıma Anonim Şirketi)، کۆمپانیاى گواستنەوەى نەوت و هێڵی بۆرى   بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (12)ی ئازاری 2022ی گۆڤاری ئایندەناسی


 (درەو): وەزارەتی نەوتی عێراق لەبەر رۆشنایی بڕیاری دادگای فیدڕالیدا، نوسراوێکی دەرکردووەو داوای دروستکردنی کۆمپانیایەک دەکات بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت و غازی ھەرێمی کوردستان، کۆمپانیاکە سەربە حکومەتی ناوەند دەبێت و ناوی لێنراوە (KROC)و بارەگا سەرەکییەکەی لە ھەولێر دەبێت. بەپێی نوسراوێک کە رۆژی ٢٤ی ئەم مانگە، وەزارەتی نەوتی عێراق ئاڕاستەی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی کردووە، داوا کراوە حکومەتی ھەرێم: 🔹 لەماوەی (١٥) رۆژدا کۆپییەک لە ھەموو ئەو گرێبەستانە رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکات کە لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە لە بواری نەوت و غازدا لەگەڵ کۆمپانیاکانی بواری (دۆزینەوە، بەرھەمھێنان، گواستنەوە، فرۆشتن، ھەناردە)ی نەوتدا کردویەتی، لەگەڵ تۆماری داھاتی فرۆش و ھەناردەی نەوتی خاو و غاز، ئەمە بەمەبەستی: 🔸 تەماشاکردنیان لەلایەن تیمێکی پسپۆڕو راوێژکارانی وەزارەی نەوتی عێراقەوە بە ئامادەبوونی نوێنەری رێگەپێدراوی حکومەتی ھەرێم. 🔸 گونجاندنی گرێبەستەکانی ھەرێمی کوردستان و ھەموارکردنیان بەپێی یاسای بەرکاری عێراق و بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق. 🔹 پێشکەشکردنی داواکارییەک بە ئەنجومەنی وەزیران بۆ دروستکردنی کۆمپانیایەکی نەوتی ، دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی سەرجەم چالاکییە نەوتی و غازییەکانی لەو کێڵگانەدا پێبدرێت کە لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە گرێبەستیان بۆ کراوە، ئەرک و ئامانج و سیاسەتی ئەم کۆمپانیایە ئەمانە دەبن: 🔸 سەرجەم ماف و پابەندییەکانی ئەو رێککەوتن و گرێبەستانەی پێشتر حکومەتی ھەرێم کردویەتی، دەگوازێتەوە بۆسەر ناوی خۆی. 🔸 بەدیھێنانی سەرمایەگوزاری زیاتر لە سامانی نەوتدا لەڕێگەی: کەمکردنەوەی خەرجی وەبەرھێنان، بەڕێوەبردنی باشتری کێڵگەکانی نەوت و غازو زیادکردنی داھاتی ھەناردەکردن. 🔹 وەزارەتی نەوتی عێراق پێشنیاز دەکات ئەو کۆمپانیایەی کە دۆسیەی نەوت و غازی ھەرێم بەڕێوە دەبات ناوت لێبنرێت (KROC)و بکەوێتە ژێر چاودێری دیوانی چاودێری دارایی عێراق و کۆمپانیاکە لەلایەن حکومەتی فیدڕالییەوە خاوەندارێتی بکرێت و بارەگا سەرەکییەکەی لە ھەولێر بێت. 🔹 فەرمانبەرێکی پسپۆڕ کە پلەکەی لە بەڕێوەبەری گشتی کەمتر نەبێت دابنرێت بۆ، ھەماھەنگیی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی عێراق بەمەبەستی کردنەوەی حسابێک لە یەکێک لە بانکە نێودەوڵەتییە متمانەپێکراوەکان، ھەموو داھاتی ھەناردەو فرۆشی نەوت و غازی ھەرێمی کوردستان بخرێتە ئەم حساب بانکییە.. لەسەر بنەمای پشکی ھەرێم لە بودجەی گشتی عێراق پارەی لێبدرێت، ھەروەھا بەگوێرەی رێکخستنێک لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بەمەرجێک ئەمە لەماوەی (٤٥) رۆژدا لە رێکەوتی دەرچوونی ئەم نوسراوەوە بکرێت ( بە رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران). 🔹 ھەموو ئەم رێوشوێنانەی لەم نوسراوەدا ھاتووە وەکو سیاسەتێکی نوێیە بۆ ئایندەو ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان پەبەندبونیان دەکەوێتە ئەستۆ.


 راپۆرتی: درەو كۆمپانیای كار كە شێخ باز خاوەنێتی بە فەرمی دەستبەكاربووە بۆ ئەوەی غازی سوری سلێمانی لە رێگەی بۆریەوە بگوازێتەوە بۆ توركیا، یەكێتی رێگریكردووە، هەفتەی پێشووی دوو بەرپرسی باڵای یەكێتی چونە توركیا، یەكێك لە تەوەرەكان باسی غازەكە بووە، مەسرور بارزانی بە پاڵپشتی غازی زۆنی سەوز دەڵێت لە ماوەیەكی نزیكدا هەرێمی كوردستان دەبێتە هەناردەكاری غاز بۆ توركیا و وڵاتانی ئەورورپا، بەڵام عێراق و ئێران و روسیا لەم دۆخە ئاڵۆزەی ناوچەكەو جیهاندا نایانەوێت هەرێم بیچێتە ناو كێشمەكێشمە جیهانی و هەرێمایەتیەكانی بواری وزەوە، ئەمەش یەكێتی خستوەتە دۆخێكی هەستیارەوە، ووردەكاریەكەی لەم راپۆرتەدایە.. یەكێتی و غاز  كۆمپانیای كار هەوڵیدا دەستبەكار بێت، بۆری درووست بكات بۆ هەناردەی غازی ناوچەی سلێمانی بەرەو توركیا، حكومەتی هەرێم لە رێگەی ئەنجومەنی ئاساییشی هەرێمەوە نوسراوی ئاراستەی یەكە ئیداری و ئەمنیەكانی سلێمانی كرد بۆ كارئاسانی، بەڵام بەرپرسانی یەكێتی ئەم كارەی كۆمپانیای كار گروپیان راگرت. بە پێی بەدواچونەكانی (درەو) گرێبەست كراوە بۆ هەناردەكردنی غازی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا ئەركی راكێشانی بۆری غازی هەرێمی كوردستان سپێردراوە بە كۆمپانیای (كار گروپ) كار گروپ لە هەوڵی دەستبەكاركردندا بووەو دەستبە درووستكردنی بۆری غاز بكات لە ناوچەی سلێمانیەوە بۆ توركیا، هەر زوو وا لێكدرایەوە موشەكەكانی ئێران كە ئاراستەی ماڵی شێخ باز خاوەنی كۆمپانیای كار گرووپ كرا بەمەست لێی لێدان بوو لە پرۆژەی غازی هەرێم بۆ توركیا و بازاڕی جیهان، چونكە ئەو پرۆژەیە رەهەندێكی نێودەوڵەتی هەیەو كاریگەری لەسەر بازاڕی وزەی جیهانی دەكات بەتایبەت روسیا و ئێران، هەربۆیە شێخ باز زوو رایگەیاند كە غازی هەرێم تەنیا بەشی ناوخۆیی دەكات و بەشی هەناردەكردن ناكات. رێگریەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ هەناردەكردنی غازی ژێر دەسەڵاتەكەی تەنیا پەیوەست نیە بەوەی كە نایەوێت غازیش هاوشێوەی نەوت رادەستی پارتی و توركیا بكات، بەڵكو رەهەندێكی عێراقی و هەرێمایەتی هەیەو نەك هەر عێراق بگرە ئێران و روسیاش رازی نین غازی هەرێم لەم بارودۆخە ئاڵۆزەدا ببێتە جێگرەوەی غازی ئێران و روسیا. پێنج شەممەی رابردوو وەفدێكی باڵای یەكێتی سەردانی توركیایانكردووەو لەگەڵ پرسی ئەمنی و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و یەكێتی، پرسی غازی هەرێمی كوردستانیش بەشێك بووە لە گفتوگۆكانیان، بەڵام یەكێتی نەچووەتە ژێر باری هەناردەی غازی سنورەكەی بۆ توركیا.    غازەكەی مەسرور بارزانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌ (كۆڕبه‌ندی جیهانیی وزه‌) لە وڵاتی ئیمارات لە 28/3/2022، وتارێکی دورو درێژی پێشکەشکردو لە بەشێکی وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا؛ "بۆ هەرێمێك کە لە رۆژێکدا نیو ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت و هەناردەی دەکات، هەروەها نزیکەی نیو ملیار پێ سێجای گاز بەرهەمدهێنێت لە رۆژێکدا و له‌گەڵ بوونی ویست بۆ بەرەوپێشبردنی هەردووکیان". زیاتر لەوەش وتی؛ "ئێمە دەرفەتێکی گەورەمان هەیە بۆ دابینکردنی وزە بۆ بازاڕی ناوخۆ و جیهانی و سوورین لەسەر ئه‌وه‌ی کوردستان بكه‌ینه‌ سەنتەرێکی وزە لە ناوچەکەدا". لە درێژەی وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەش دا؛ "بەمدواییە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا خواستی خۆی دەربڕی لە کەرتی گازی ئێمە و پشتگیری ماددیان پێشکەش كرد، وه‌ك بەشێک لە هەوڵەکان بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی گاز. دەزانم ئەمڕۆ هەندێك لە هاوبەشەکانی ئێمە، کە لێرەن، پێشتر گفتوگۆیان لەگەڵ حکومەتەکەمان و دەسه‌ڵاتە خۆجێییەکان کردووە بۆ پڕکردنەوەی هەندێك لە کێشە و بۆشاییە کاتییەکان". تیشکی خستە سەر ئەوەش؛ "ئێمە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەبین بە هەناردەکاری گاز بۆ بەشەکانی دیکەی عێراق، تورکیا و ئەوروپا و پێداویستی ئاسایشی وزەی ئەوان دابین دەکەین، ئێستا توانای هەناردەکردنی نەوتمان هەیە، کە رۆڵێکی گرنگی ئابووری لە ئاراستەی ژیانمان دەبینێت و هاوکات رۆڵی گرنگیش لە دابینکردنی وزە بۆ هاوبەشەکانمان هەیە، بڕێکی زۆری یەدەگی نەوت و گازمان لە هەرێمەکەمان هەیە". ئەمە لە کاتێکدایە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گەورەترین بازرگانی نەوتی لە هەرێمی کوردستان (شێخ باز كەریم)، خاوەنی کۆمپانیای (كارگروپ) ڕایگەیاندبوو کە "غازی کوردستان ئەوەندە زۆر نیەو زیاد نیە لە پێداویستی ناوخۆ تا هەناردەی دەرەوە بکرێ" لەم ڕاپۆرتەدا بەدوای ئەوەوە دەبین کە ئایا هەرێمی کوردستان خاوەنی ئەوەندە گازی سروشتی هەیە تا بتوانێت هەناردەی بکات؟ دیارترین ئاستەنگ و لەمپەرەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی چین؟ یەکەم: یەدەگی  غازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان حکومەتی هەرێمی کوردستان بەخێراییەکی زۆر توانی گەشە بە کەرتی نەوتی هەرێم بدات و وەبەرهێنانی گەورەی تێدا بکات و قۆناغە یاساییەکە ببڕێت و سەرنجی کومپانیایەکی زۆری بیانی ڕابکێشێت بۆ کاری گەڕان و پشکنین و هەڵکەندن و دەرهێنان و وەبازاڕخستن و فرۆشتنی. بەڵام سەرباری ئەوەی گرنگی غازی هەرێمی کوردستان هیچی کەمتر نییە لە نەوت کەچی وەک پێویست نەیتوانیوە یاخو نەیویستووە پەرە بەو بوارە بدات، لە کاتێکدا بەشێک لە سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن هەرێمی کوردستان خاوەنی (3%)ی یەدەگی غازی جیهانە، یەدەگی غازەکەی بە 100-200 ترلیۆن پێ سێجا مەزەندە دەکرێت کە دەکاتە نزیکەی (2.8 - 5.7) ترلیۆن مەتر سێجا، کە بەشی زۆری لە ناوەڕاست و باشوری هەرێمی کوردستان چڕ بووەتەوە، گەورەترین و دیارترینیان کێڵگەکانی غازی (خورمەڵە و کۆرمۆر)ە.  ئاماری جیاواز بەردەستن کە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن هەرێمی کوردستان خاوەنی ئەو غازە زۆرەیە، بۆ نمونە بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی پەیمانگای ئۆکسفۆرد بۆ لێکۆڵینەوەی وزە، لە ژێر ناوی (Under the Mountains :Kurdish Oil and Regional Politics) کە (Robin Mills) نوسیویەتی و لە مانگی 1ی ساڵی 2016 بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بە قەبارەو بەشێک کێڵگەکانی غازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان داوە (بڕوانە چارتی ژمارە (1))   چارتی ژمارە (1) تێبینی: 1 مەتر سێجا = 35.3147 پێ سێجا هاوکات بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی دەستەی ڕوپێوی جیۆلۆجی ئەمریکی (United States Geological Survey) هەرێمی کوردستان خاوەنی زیاتر لە (60) ترلیۆن پێ سێجا غازی سروشتییە. هەروەها (تۆنی هیوارد) سەرۆکی کۆمپانیای (Genel energy) تورکی لە ساڵی ٢٠١٥ ڕایگەیاند مەزەندە دەکرێت هەرێمی کوردستان خاوەنی (5) ترلیۆن مەتر سێجا غازی سروشتی بێت کە نزیکەی (١٧٧) ترلیۆن پێ سێجایە.  ئەم ڕێژیە لە یەدەگی غازی سروشتی هەرێمی کوردستان زیاترە لەو ڕێژەیەی بەشێک لە وڵاتانی گەورە وەبەرهێن کە غازی یەکێتی ئەوروپا دابین دەکەن زیاتر بێت، بۆ نمونە (نەرویج ٦١، لیبیا ٥١، ئازەربایجان ٤٧، هۆڵندا ٢٣) ترلیۆن پێ سێجا یەدەگی غازیان هەیە بەپێی داتاکانی ساڵی ٢٠١٧. بەپێی زانیارییەکانی کۆمپانیای دانا غازی ئیماراتی لە ساڵی ٢٠١٥، یەدەگی غازی سروشتی تەنها لە کێڵگەکانی (کۆرمۆر و چەمچەماڵ) بە (٧٥) ترلیۆن پێ سێجا دەخەمڵێنرێت. بە گوێرەی (ڕاپۆرتەکانی وزەی ئەمەریکی) و (Gaffney Cline Associates) یەدەکی سەلمێنراوی غازی هەرێمی کوردستانی عێراق (۲٥ تریلیۆن) پێ سێجایە، هەروەها یەدەکی غازی نەسەلمێنراو دەخەمڵێنن بە (۲۰۰) تریلیۆن پێ سێجا.  هەروەها بە گوێرەی پێشبینییەکانی ڕێکخراوی وزەی جیهانی (IEA)، هەرێمی کوردستان لە توانایدایە تا ساڵی ٢٠٣٥ بە قەبارەی (٢٩)ملیار مەتر سێجا ساڵانە وەبەرهێنانی خۆی لە کەرتی غاز پەرە پێبدات، توانای خۆی (١٤%) بەرزبکاتەوە لە دەکاتە (٤)ملیار مەتر سێجای ساڵانە.  هەموو ئەم ئامارانە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن، کەهەرێمی کوردستان قەبارەیەکی گەورەی غازی سروشتی هەیەو شایەنی ئەوەیە پشتی پێ ببەسترێت. کەواتە پشت بەست بەوەی هەرێمی کوردستان خاوەن سەرچاوەیەکی بێشومارە لە غازی سروشتی لە تەک نەوتدا، ئەو یەدەگەی لە نەوت هەیەتی بە (45 ملیار) بەرمیل نەوت دەخەملێنرێت، هاوکات خاوەن (5.7 ترلیۆن) مەتر سێجا یەدەگە لە گازی سروشتی کە سەرچاوەیەکی گرنگ و سەرنج ڕاکێشە بۆ بازرگانی و وەبەرهێنان و ڕاکێشانی کۆمپانیا بیانییەکان. هاوکات گۆڤاری (ئۆیڵ پرایز)ی بەریتانی تایبەت بە وزەو نەوت و غاز ئاماژەی بەوە داوە کە هەرێمی کوردستان بە تەنها، خاوەن (3%)ی یەدەگی غازی جیهانە. ئەویش بە قەبارەی (5.7 ترلیۆن) مەتر سێجا، بەمەش ڕیزبەندی دەیەم دەگرێت لەسەر ئاستی جیهان بۆ ساڵی 2020 و لە دوای هەریەک لە (روسیا، ئێران، قەتەر، تورکمانستان، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، فەنزویلا، چین، ئیمارات، سعودیە) وە دێت (بڕوانە چارتی ژمارە (2))  ئەو سەرچاوە گرنگانە لە نەوت و غازی هەرێم، وایکرد لە ماوەیەکی کورتدا دەیان کۆمپانیای بیانی لە بواری نەوت و غازدا بەقەبارەی دەیان میلیار دۆلار ڕویان لە هەرێمی کوردستان کرد بۆ وەبەرهێنان لە نێویشیاندا گەورە کۆمپانیاکانی وەک (دانا غاز)ی ئیماراتی و (شیفرۆن و ئکسۆن مۆبێل)ی ئەمریکی و (تۆتاڵ)ی فەرەنسی (ڕۆس نەفت)ی ڕوسی و (گەنەڵ ئینێرجی) تورکی ... چەندین کۆمپانیای دیکە. (بڕوانەی خشتەی ژمارە (1)). چارتی ژمارە (2) خشتەی ژمارە (1) کۆمپانیاو کێڵگەکانی غاز لە هەرێمی کوردستان تێبینی: بەرهەمی غازی کێڵگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ بۆ وێستگەکانی کارەبا بەکاردێت، بەڵام بەرهەمی غازی ماڵان LPG کۆندێنسێت کۆمپانیا بۆخۆی دەیفرۆشێت. سەرچاوە: یادگار سدیق گەڵاڵی، سەربەخۆیی دارایی و دابەشبوونی جوگرافی کێڵگەکانی نەوت وگازی هەرێم، ئەکاونتی نوسەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک. دووەم: بایەخی غازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان درک کردن بەم سەرمایە سروشتییە گەورەیە، هاندەر بوو بۆ دامەزراندنی (پرۆژەی غازی کوردستان) لە ساڵی ۲۰۰۷، کاتێک حوکمەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیاکانی (دانا غاز و کریسنت پتڕۆڵییەم) بەیەکەوە کرد، بۆ  پێدانی مافی  نرخ لەسەر دانان، گەشەپێدان، بەرهەم هێنان، بە بازاڕ کردن و فرۆشتنی هایدرۆکاربۆن لە کێڵگەکانی (کۆرمۆر و چەمچەماڵ) ئەمانیش لە چوارچێوەی کۆمپانیای (پێڕڵ پتڕۆڵییەم) کە پێکهاتووە لەو دوو کۆمپانیای سەرەوە و کۆمپانیاکانی( (OMVی نەمسایی، MOL  هەنگاری و RWE ئەڵمانی) کە هەریەکەیان خاوەنی ۱۰ لەسەدی پشکەکانی هەردوو کێڵگەکەن. دواتر ئەو خاوەندارییەیان پێ بەخشرا. بەپێی ڕاپۆرتەکان یەدەک لە هەردوو کێڵگەکەدا بەم شێوەیە: (٤.٤ تریلیۆن) غازی سروشتی، (۱۳٦ ملیۆن) بەرمیل کۆنسێندەیت، (۱۳.۳ ملیۆن) تەن غازی شل(غازی ماڵان) و (۱٨ ملیۆن) بەرمیل نەوتە. هەروەها دانا غاز و کریسنت پتڕۆڵییەم (۱٨۰) کیلۆمەتر بۆڕییان بنیاد نا لە کۆرمۆرەوە بۆ هەولێر. بەرهەمی غازی ئەو کێڵگانەیان دەفرۆشتەوە بە حوکمەتی هەرێمی کوردستان، حوکمەتی هەرێمیش بۆ بەرهەم هێنانی کارەبا بەکاری هێناوەتەوە و ئێستاش بەو شێوەیە بەردەوامە. واتە بەرهەمهێنانی ئەم غازە تەنها بۆ ناوخۆ بووە.  لە ئێستادا هێڵێكی بۆری (176) كیلۆمەتری، غاز لە كێڵگەی کۆرمۆرەوە دەبات بۆ وێستگەكانی كارەبا لە هەولێر و سلێمانی و بۆ خورمەڵە. هێڵێكی بۆری (50) كیلۆمەتری غازیش لە كێڵگەی سیمێڵەوە بۆ وێستگەی كارەبای دهۆك لە ٢٠١٣ ەوە تەواو بووە و لە سەرەتای 2014 ەوە غاز دەگوازێتەوە بۆ وێستگەی كارەبای دهۆك كە پێشتر بە گازوایل كاری دەكرد. دواتر حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیار بوو ساڵی ٢٠٢٠ لە ڕێگەی بۆری غازی سروشتی هەرێمی کوردستانەوە دەست بە هەناردەکردنی غاز بکات بۆ تورکیا بە قەبارەی (١٠) ملیار مەتر سێجا ساڵانە، بەڵام پرۆسەکە تا ئێستا دەستی پێنەکردووە. ئەو زانیارییانەی سەرەوە پشتڕاستی ئەوە دەکەنەوە کە هەرێمی کوردستان نزیکەی (١٥) ساڵە دەستی بە وەبەرهینان کردووە لە کەرتی غازی سروشتیدا، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیەوە پێداویستی ناوخۆ پڕ بکاتەوە بەتایبەت لە دابینکردنی وزەی کارەبادا، بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێم هەنگاوی گەورەتربنێت لەم بوارەدا بتوانێت؛ 1.    پلانی ئەوەی هەبێت لەماوەیەکی کورتدا پێداویستی ناخۆ پڕ بکاتەوەو ڕێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا بەرز بکاتەوە. 2.    پلان دابنێت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی عێراق لە غاز و کارەبا، چونکە عێراق خۆی کڕیارێکی گەورەی وزەی کارەبایە لە ئێران، ئێران ئێستا لە ژێر سزاکانی ئەمریکادا لە کێشەی گەورەدایە، ئەمەش وەک دەرچەیەک بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ گرفتە دارایی و ئابورییەکانی نێوانیان دەرفەتێکی گەورەیە. 3.    لە وە بازاڕخستنی غازی سروشتی هەوڵەکانی چڕ بکاتەوە چونکە؛ داهاتووی بازاڕی جیهان ڕووی لە پیشەسازی غازەو حکومەتی هەرێمی کوردستان خاوەن ئەزمونێکی نزیک لە (15) ساڵە وەبەرهێنانە لە کەرتی نەوتدا، ئەوەش یارمەتدەرێکی گەورەیە بۆ ئەوەی بتوانێت سەرکەوتوانەتر ئیدارەی غازی سروشتی بدات و هەناردەی بازاڕەکانی جیهانی بکات. ئەگەر هەرێمی کوردستان  بتوانێت ئەم ستراتیجە بەجێ بگەیەنێت، هەرێم لانی کەم دەتوانێت ڕۆژانە (30 ملیۆن) مەتری سێجا غاز ڕەوانەی توركیا و ئەوروپا بكات، ئەگەر نرخی هەر مەترە سێجایەكیش بە (5) دۆلار بفرۆشێت (کە لە ئیستادا لەو نرخە زیاترە) ئەوا داهاتی ڕۆژێكی  (150 ملیۆن) دۆلار دەبێت، داهاتی مانگێكی (4.5)  ملیار دۆلار دەبێت. ئەو بڕەی تا ئێستاش دۆزراوەتەوە بەشی (200) ساڵی داهاتوو دەکات. ماوەتەوە بڵێین هەم هەنگاوانەی کە پێویستە لەبواری کەرتی وزەدا هەبگیرێن لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە بێ گرفت و ئاڵنگاری نابن، بەڵکو لەبەردەم چەندین هەڕەشەی ناوخۆی و هەرێمی و نێودەوڵەتدایە، لە ڕاپۆرتی داهاتودا بەدێژی ئەو ئاڵنگاری و کارلێکانە دەخەینەڕوو.   سێیەم: کارلکێک و ئاڵنگارییەکانی کەرتی غازی سروشتی هەرێمی کوردستان 1.     لەسەر ئاستی ناوخۆ •    ئاڵنگاری ئابوری هەرێمی کوردستان لە ژێر قەرزێکی کەڵەکەبووی گەورەتر لە (31) ملیار دۆلاردایە، بەجۆرێک لە ئێستادا زیاتر لە (9) ملیار دۆلاری قەرزی دەرەكی و ناوخۆیی لەلایە و زیاتر لە (8) ملیاری قەرزی موچەخۆران و (8) ملیار دۆلاری پابەندیە داراییەكان  قەرزدارە. نزیكەی (4) ملیار دۆلاری هەردوو بانكی بازرگانی عێراقی و بانكی نێودەوڵەتی كوردستان قەرزدارە. ئەمە سەرەڕای وەستانی سەدان پرۆژەی گەورەو بچوک لە دوای سەرهەڵدانی قەیرانی داراییەوە لە ساڵی 2014، نەهاتنی بەشە بودجە لە عێراقەوە. ئەو قەرزانەی حکومەتی هەرێم بەهۆی جۆرێک لە شکستی ئابوری سەربەخۆ وای کردووە نەتوانێت وەک پێویست ئاوڕ لە کەرتی غازی سروشتی بداتەوەو وەبەرهێنانی پێویستی تێدا بکات، بۆ ئەمەش پێویستی بە ڕاکێشانی کۆمپانیای وەبەرهێنی گەورەی بواری کەرتی غاز هەیە. •    ململانێی یەکێتی و پارتی بۆ کۆنترۆڵکردنی وزەو غازی سروشتی هەرێمی کوردستان وەک ئاڵنگاری سیاسی ناکۆکی و ململانێی یەکێتی پارتی تەنها ململانێی سیاسی و ئیداری و جوگرافی و کارگێڕی و ئیعلامی نەبووە و نیە لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو کەرتی ئابوری لەناویشدا کەرتی وزە بوارێکی فراوانی نێوانیانی داگیر کردووە، چونکە هەردوو لایەن لەو ڕاستییە تێگەیشتوون "هەر لایەک دەست بەسەر کەرتی وزەی هەرێمدا بگرێت، ڕاستەوخۆ کەرتی ئابوری کۆنترۆڵ دەکات، ئەوەشی کەرتی ئابوری هەرێم کۆنترۆڵ بکات بەشێوەیەکی ڕێژەیش بێت کۆنترۆڵی ناوەوەو دەرەوەی حکومڕانی هەرێم دەکات". لەماوەی ڕابردوودا پارتی دیموکراتی کوردستان تا ڕادەیەکی زۆر کۆنترۆڵی کەرتی نەوتی هەرێمی کردووە، بەمەش توانیویەتی تا ئاستێکی بەرز کۆنترۆڵی ئابوری هەرێم و پەیوەندییە سیاسی و دیبلۆماسییەکانی کوردستان بکات لە دەرەوە، لە ناوەوەش پێگەی خۆی بە بەهێزی بهێڵێتەوە بەراورد بە هێزەکانی تر. هەر بۆیە یەکێتی نایەوێت ئەو هەڵەیەی لە بواری کەرتی نەوتدا بەسەریدا تێپەڕی، لە وەبەرهێنانی کەرتی غازی هەرێمدا دووبارە ببێتەوە، پارتی بە هەمان شێوەی دۆسییەی نەوت کۆنترۆڵی بکات، چونکە بەشی زۆری یەدەگی غازی هەرێم، کێڵگە گەورەکانی دەکەوێتە ئەو سنورەی پێی دەگوترێت ناوچەی سەوز. پارتی لە وەبەرهێنانی نەوتدا کەمترین وەبەرهینانی تێدا کردووە و زۆرترین گرێبەستە نەوتییەکانی لە سنوری ناوچەی زەرد ئەنجامداوە. هەربۆیە خوێندنەوەیەک هەیە بۆ ئەو گرێبەستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دانا غاز هەیەتی لە کێڵگەی غازی کۆرمور، بە مەبەست پارتی لە ڕێگەی وەزیری سامانە سروشتییەکانی پێشووەوە (ئاشتی هەورامی) لە کابینەکانی پێشووی حکومەتی هەرێم پابەندی گرێبەستەکە نەبووە و کێشەی بۆ کۆمپانیای ناوبراو دروستکردووە، لەبەرمبەردا کۆمپانیایەکە سکاڵای یاسایی لە دادگای لەندەن لە سەر حکومەتی هەرێم تۆمار کردووەو دۆسیەکەی بردەوەو حکومەتی هەرێم پابەند کرا بە قەرەبوو کردنەوەی کۆمپانیاکە بە بڕی (2) ملیار دۆلار. ئەمەش ئەو گومانە زیاتر دەکات کە هۆکاری پابەند نەبوونی حکومەتی هەرێم سیاسی بووە زیاتر لەوەی تەکنیکی بووبێت، چونکە وەبەرهێنانەکە لە سنوری ناوچەی سەوزدایە. هەموو ئەو ناکۆکییە جدیانەی نێوان یەکێتی و پارتی هەڕەشەی گەورە دەبن لە ئایندەی کەرتی وزە لە هەرێمی کوردستاندا، ڕەنگە بەشێک لە هۆکاری دواخستنی وەبەرهێنان لەکەرتی غازدا بۆ ئەو ململانێیە بگەڕێتەوە.  لە نوێترین دانپێدانانیشدا (ئاسۆ مامەند ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی) ئەوەی ڕاگەیاندوو کە "ئەجێندایەك هەبوو غازی هەرێمی كوردستانیش وەك نەوت ببەن و گرێبەستیش كرابوو، یەكێتی وتی ستۆپ قبوڵی ئەوە ناكەین" بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) كۆمپانیای كارگرووپ گرێبەستی لەگەڵ توركیا كردووە بۆ راكێشانی بۆری غازی هەرێم، لە چەند هەفتەی پێشودا ئەنجومەنی ئاساییشی هەرێم نوسراوی بۆ ئیدارەی سلێمانی كردووە هاوكاری كۆمپانیای كاربكەن بۆ كاركردن لە بواری غازدا لە سنوری سلێمانی، بەڵام لەلایەن بەرپرسانی یەكێتیەوە ئەو هەنگاوە رەتكراوەتەوە و رێگە نەدراوە كۆمپانیای كار لە سنوری سلێمانی كار لە بواری غازدا بكات،   •    ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لەپاڵ ناکۆکییە دورو درێژەیەکانی نێوان هەرێم و ناوەند لە بوارەکانی (ماددەی ١٤٠ و ناوچە جێناکۆکەکان و پرۆسەی نەوت و بوجە و پێشمەرگە و پرسە یاسایی و دەستورییەکان...) کەرتی غازیش یەکێک دەبێت لە ناکۆکییە گەورەکانی نێوان هەردوولا، ڕەنگە لە هەندێ وێستگەشدا قوڵتر ببێتەوە، چونکە عێراق بۆ پڕکردەنەوەی پێداویستی ناوخۆی، غاز لە دەرەوە هاوردە دەکات بە تایبەت بۆ دابینکردنی کارەبا. بۆ نمونە لە ئێستادا عێراق نزیکەی (6) ملیار دۆلار لە پارەی غازی سروشتی و کارەبا قەرزداری ئێرانە و نەیتوانیوە کارەبای پێویستیش دابین بکات. بۆیە بە وەبەرهێنانی غازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان هەناردکردنی لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی کێشەکان چڕتر و ئاڵوزتر دەبن، بەتایبەت کە ئەوان پێیان وایە هەناردەکردنی نەوت و غازی هەرێم بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی ناوەندی پێچەوانەی ماددەکانی (111) و (١١٢)ی دەستوری عێراقە، کە تێیاندا هاتووە؛ ماددەی (١١١) (نەوت و غاز موڵکی سەرجەم خەڵکی عێراقن لە هەموو هەرێم و پارێزگاکاندا) ماددەی (١١٢) یەکەم: حکومەتی فیدراڵی لە گەڵ هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەکان نەوت و غازی بەرهەمهێنراوی کێڵگەکانی ئێستا بەڕێوە دەبات، بە مەرجێک داهاتەکانیان بەشێوەیەکی دادپەروەری و بە گوێرەی دابەشبوونی دانیشتوان لە سەرجەم پارچەکانی وڵاتدا دابەش بکرێت ... دووەم: حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمەکان و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکان بەیەکەوە هەڵدەستن بە ڕەنگڕێژکردنی سیاسەتی ستراتیجی پێویست بۆ بەرەوپێشبردنی سامانی نەوت و غاز... بۆیە ڕەنگە بە وەبەرهێنان لە کەرتی غازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان بە بێ حکومەتی فیدراڵ، عێراق هەنگاوی توندتر و مەترسیدارتر بهاوێژێت. ئەمە سەرەرای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بە نادەستوری بوونی یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان، كە تا ئێستاش حكومەتی هەرێم نازانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو بڕیارەدا بكات. 2.    لەسەر ئاستی هەرێمی  •    تورکیا ئەگەر نەڵێین هەرێمی کوردستان تەنها یەک سەرچاوەی هەناردکردنی وزەی هەیە بۆ دەرەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە تورکیا تاکە دەروازەی سەرەکی دەبێت بۆ هەناردەکردنی غازە سروشتییەکەی هاوشێوەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆری نەوتی کوردستان – جەیهانی تورکی. چونکە تورکیا بە ٣٥٢ کم هاوسنورە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و زیاتر لەوەش تورکیا پێگەیەکی ستراتیجی هەیە لە ڕووی جوگرافییەوە، وەکو دەوڵەتی ڕێڕەوی گواستنەوەی بەرهەمی غازی وڵاتانی بەرهەمهێنی وەک ئێران و ئازەربایجان و روسیا و هەرێمی کوردستان دەبەستێتەوە بە وڵاتانی بەکاربەری یەکێتی ئەوروپا کە ئەمەش لەڕوی سیاسییەوە بە (دیبلوماسییەتی بۆرییەکان) بۆ تورکیا ناسراوە. بەمەش بژاردەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان تەسکدەبێتەوە بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی غازی سروشتی و هەناردەکردنی. سەرباری ئەوەی تورکیا خۆی کڕیارێکی گەورەی غازی سروشتییەو دوور نابێت هەرێمی کوردستان بخاتە ژێر مەرجی قورسەوەو بیکاتە بارمتەی ئابوری خۆی. باشترین بەڵگەش ئەو هەڵوێستە توندانەی تورکیا بوو کە بەرامبەر هەرێمی کوردستان لە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧دا. هەر ڕۆژێک دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکە لە ٢٦ی ٩ی ٢٠١٧ مانۆڕێکی سەربازی لەسەر سنور ئەنجامدا بە هاوبەشی لە گەڵ سوپای عێراقدا و هاوکات سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە هەر زوو لێدوانی توند و هەڕەشە ئامێزی سیاسی و ئابوری و سەربازی ئاراستەی هەرێمی کوردستان و سەکردە سیاسییەکان کرد.    لەگەڵ ئەوانەشدا تورکیا چاوی بڕیوەتە غازی هەرێمی کوردستان، چونکە (٩٩%)ی غازی ئەو وڵاتە هاوردە دەکرێت لە ڕێگەی وڵاتانی ڕوسیاو ئێران و ئازەربایجانەوە، ساڵانە نزیکەی (٦٠) ملیار دۆلار لەسەر تورکیا دەکەوێت. هەر لەم بارەیەوە لە ساڵی ۲۰۱۳ ڕێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تورکیا کرا بۆ فرۆشتنی غازی کوردستان. دواتر حکومەتی هەرێم گرێبەستەکەی لە ساڵی ۲۰۱٥ی لەگەڵ کۆمپانیای (گەنەڵ ئینێرجی) کە کۆمپانیایەکی هاوبەشی بەڕیتانی-تورکییە لە ساڵی ۲۰۱۷ هەموار کردەوە، ئەو کۆمپانیایەی ڕاسپارد بە شێوەی گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش کێڵگەکانی غازی (بنەباوی و میران) گەشە پێبدات و غازی تێدا بەرهەم بهێنێت و بینێرێت بۆ تورکیا. ئەمەش دەبوو لە هەموو کێڵگە بەرهەمدارەکانی غازی کوردستانەوە، لە ۲۰۲۰دا حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی بۆڕییەوە بە ڕێژەیەکی زۆر غاز هەناردە بکات وەکو نەوتەکەی. بەڵام بەهۆکاری ناڕون ئەم پلانە هێشتا سەری نەگرتووە، هەروەها کۆمپانیای (گەنەڵ ئینێرجی)ش لە هەردوو کێڵگەکە کارەکانی ڕاگیراوە. •    ئێران  بەراورد بە تورکیا ئێران کەمتر ڕۆڵی هەیە لە پیشەسازی نەوت و غازی عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی بە هۆکاری سزا ئابورییەکانی سەر وڵاتەکەی و تێوەگلانی بە قەیرانەکانی سوریا و یەمەن و ناوچەکە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت کە ئەکتەرێکی سەرەکی گۆڕەپانەکە نییە، بەڵکو هەموو هەوڵێکی ئێستای بوونی عێراقێکی یەکگرتووی خاوەن حکومڕانییەکی بەهێزی شیعییە لە وڵاتەکەدا، ڕۆڵێکی گەورەی سیاسیشی هەیە لە هەرێمی کوردستان و هەموو هەوڵێکیشی دروستکردنی هاوسەنگی هێزە بۆ کاریگەری تورکیا لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان، بۆیە پەرەدان بە کەرتی غازی هەرێم و بازرگانی پێوەکردنی لە گەڵ تورکیا بۆ ئێران تەحەدایەکی گەورە دەبێت و زیان بە کەرتی غازی سروشتی ئێران دەگەیەنێن چونکە؛ ‌أ.    ‌هەرێمی کوردستان دەبێتە جێگرەوەی ئێران لە فرۆشتنی غازی سروشتی بە تورکیا، چونکە نرخەکەی بۆ تورکیا کەمتر دەبێت، لە کاتێکدا تورکیا یەکێکە لە کڕیارە گەورەکانی غازی سروشتی لە ئێران تا ساڵی ٢٠٢٦ گرێبەستیان پێکەوە هەیە. ‌ب.    گەشەدان بە پیشەسازی غازی سروشتی هەرێمی نەک هەر بۆ تورکیا بەڵکو بۆ ئەورپاش گرنگتر و هەرزانتر بەردەست دەبێت، بەمەش غازی هەرێمی کوردستان دەبێتە ڕکابەرێکی دیاری کەرتی غازی سروشتی ئێران، ئێران ئەمە بە هەڕەشە دەبینێت بۆ سەر ئابورییەکەی کە لە ئێستادا لەژێر فشارێکی توندی ئابوریدایە. ‌ج.    بەپێچەوانەی کێڵگە غازییەکانی ئێرانەوە کە دەکەونە باشوری ئەو وڵاتەوە لە ڕووی جوگرافییەوە کێڵگە غازییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا و لە داهاتوودا بۆ ئەوروپا نزیکترە، بەمەش تێچونی گواستنەوە کەمدەکاتەوە و خێراییەکەشی زیاد دەکات، ڕەنگە لەڕووی ئەمنیشەوە پاراستنی ئاسانتر بێت بەراورد بەوەی ئێران. ‌د.    غازی هەرێمی کوردستان تەنها نابێتە بەدیلی غازی ئێران بۆ تورکیاو ئەوروپا، بەڵکو لە توانایدایە پێداویستی ناوخۆی عێراقیش پڕ بکاتەوە بۆ پشەسازی و بەرهەمهێنانی کارەبا، کە لە ئێستادا عێراق غاز و کارەبا لەو وڵاتە دەکرێت.     3.    لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی •    ڕوسیا دیبلۆماسییەتی وزە یەکێکە لە گرنگترین و ستراتیجیترین ئامرازەکانی سیاسەتی دەرەوەی روسیا، بەتایبەتی لە ناوچەکەو ڕوژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێویشیاندا سوریا و عێراق، لەو بابەتەدا هەرێمی کوردستانیشی پشتگوێ نەخستووە و گرنگی تایبەتی پێداوە، لە وەبەرهێنانیشدا لە کەرتی وزەی هەرێم دوا نەکەوتووە. لەمانگی ٨ی ساڵی ٢٠١٢ لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی (لوک ئۆیڵ و غاز پرۆم)ەوە هاتە نێو بازاڕی وزەی هەرێمی کوردستانەوە، دوای واژۆ کردنی دوو گرێبەست بۆ هەڵکەندن و بەرهەمهێنانی نەوت، لە کێڵگەکانی گەرمیان و هەڵەبجە لە دوای کۆمپانیا گەورەکانی (ئیکسۆن مۆبێل و شیفرۆن)ی ئەمریکی و تۆتاڵی فەرەنسی وەک چوارەم گەورە کۆمپانیای بواری وزە هاتە نێو گۆڕەپانەکەوە. لە ١ی حوزەیرانی ٢٠١٧ لە (کۆڕبەندی ئابوری جیهانی سان بیترسبۆرگ) حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای رۆزنەفتی ڕوسی گرێبەستێکی (٢٠) ساڵەیان واژۆ کرد بۆ هاریکاری لەبواری گەڕان و پشکنین و وەبەرهێنانی سەرچاوە هایدرۆ کاربۆنییەکان، لە مانگی ١٠ی هەمان ساڵ ڕێککەوتنەکە فراوان کرا بۆ هاریکاری و ڕاکێشانی بۆری غازی سروشتی کە توانای گواستنەوەی (٣٠) ملیار مەتر سێجای ساڵانەی هەبێت و غازی سروشتی هەرێمی کوردستانی لێوە هەناردەی بازاڕەکانی دەرەوە بکرێت. کاتێکیش هەرێمی کوردستان ڕیفراندۆمی ئەنجامدا، ڕوسیا تاڕادەیەک هەڵوێستێکی بێ لایەنانەی نیشاندا، بەپێچەوانەی هێزە نێودەوڵەتییەکانی تر کە دژ بە پرۆسەکە بوون. لە ٨ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ وەزیری وزەی ڕوسیا (ئەلیکساندەر نۆڤاک) ڕەزامەندی نیشاندا هێڵی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان ببەستێت بە دەریای ڕەشەوە، هاوکات لە ١٩ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ و سێ ڕۆژ دوای ڕوداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و (هێرشی حکومەتی عێراق بۆ سەر ناوچە جێناکۆکەکان) ڕوسیا بە بەهای ١.٨ ملیار دۆلار بە پشکی٦٠% خاوەندارێتی بۆری نەوتی کوردستان – جەیهانی کڕییوە، سەرباری ئەوەش کۆمپانیای ڕۆزنەفتی ڕوسی قەرزێکی بە گوژمەی ١.٢ ملیار دۆلار بە هەرێمی کوردستان بەخشی. هەروەها لە ٢٥ی ئایاری ٢٠١٨ لە (کۆڕبەندی ئابوری جیهانی سان بیترسبۆرگ) کۆمپانیای رۆزنەفتی ڕوسی گرێبەستێکی نوێی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بۆ گەشەدان بە ژێرخانی کەرتی غازی سروشتی هەرێمی کوردستان. هەموو ئەو هەوڵ و هاوکاری و گرنگیپێدانەی ڕوسیا بۆ هەرێمی کوردستان چەند تێبینییەکی لێ دەخوێندرێتەوە. ‌أ.    ڕوسیا و کوردستان خاوەن پەیوەندییەکی مێژووین و ئەو پەیوەندییەش بۆ چلەکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە. ‌ب.    بایەخی ڕوسیا بۆ نەوت و غازی هەرێمی کوردستان وەک سەرچاوەیەکی ستراتیجی لە جیهاندا. ‌ج.    زیادکردنی نفوزو هەژمونی ڕوسیا لە ناوچەکەدا بەگشتی و لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەتایبەتی و کێبڕکێ کردن لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکی و ئەوروپییەکانی بوارەکە لەم ناوچەیەدا. ‌د.    خواستی ڕوسیا بۆ کۆنترۆڵکردنی غازی سروشتی هەرێمی کوردستان، یان لانی کەم پشکی هەبێت لەم سەرچاوە گرنگە، بەتایبەت مەترسی هەیە غازی هەرێمی کوردستان ببێتە جێگرەوەی غازی ڕوسیاو ئێران و ئازەربایجان بۆ تورکیا و ئەوروپا، لێرەشەوە فڕۆشی خۆی بپارێزێت. ‌ه.    لە حاڵەتێکدا ئەگەر هەرێمی کوردستان بتوانێت غازی سروشتی خۆی هەناردە بکات، ببێتە کێبڕکێ کاری غازی ڕوسی، روسیا خۆی سودمەندی سەرەکی پرۆسەکە بێت. هەموو ئەمانەش پێمان دەڵێت غازی هەرێمی کوردستان بەبێ ڕوسیا ئاسان نییە هەناردە بکرێت، ئەگەرچی ئەمە دیوێکی ئیجابی هەیە، بەڵام دیوی سلبیشی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی و پاراستنی هاوسەنگیەتی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا. •    ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەرێمی کوردستان یەکێک لە گرنگترین ناوچەکانە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نەک تەنها لە ڕووی ئابوری و بازرگانییەوە، بەڵکو لەڕووی سیاسی و سەربازی و ستراتیجیەوە بایەخی تایبەتی هەیە (لێرەدا تەنها پرسی غاز جێی باسی ئێمەیە بۆیە ناچینە ئەو وردەکارییەوە). کۆمپانیا گەورەکانی ئەو وڵاتە ڕۆلێکی گرنگیان هەیە لە کەرتی وزەی عێراق بە گشتی و لە هەرێمی کوردستان بە تایبەتی، لە دیارترین ئەو کۆمپانیایانەش (ئکسۆن مۆبیل و شیفرۆن) هەر زوو دەستیان کرد بە چالاکی لە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای ناڕەزاییەکانی حکومەتی عێراق لە ڕێککەوتنەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا بیانییەکان، گرژی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ناوەند. لە ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١١، کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبێل یەکەم گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی هەرێم واژو کرد بۆ هەڵکەندن و دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان سەرەڕای هەڕەشەکانی نوری ملیکی، فشاری بۆ سەر ئیدارەکەی ئۆباما بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستە، کە گەڕان و پشکنین بوو لە شەش ناوچەی هەرێمی کوردستان لە (ئەلقوش، بەعشیقە، پیرمام، بێتواتە، ڕۆژهەڵاتی عەربەت و قەرەهەنجیر)، لە کاتێکدا بەشێک لەو ناوچانە دەکەونە سنوری ناوچە جێ ناکۆکەکانەوە. ئەمەش دەرگای لەبەردەم کۆمپانیا گەورەکانی دیکەی وەک شیفرۆن و تۆتاڵ و دواجاریش گازپرۆم کردەوە. سەباری ئەوەش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هاوکاری یەکێتی ئەوروپا چاویان لەوەیە پاڵپشتی کەرتی غازی هەرێم بکەن و هەناردەی ئەوروپای بکەن بۆ فشار دروستکردن لەسەر ڕوسیاو کێبڕکێ کردن لەگەڵ غازی ڕوسیدا، لە ڕێگەی هاوبەشی پێکردنی هەرێمی کوردستان بە پرۆژەی هێڵی (تاناپ) کە پڕۆژه‌ی دانانی هێڵی بۆڕی و هه‌نارده‌كردنی گازی سروشتییه‌ له‌ڕێی ئه‌نادۆڵی توركیاوه‌، له‌ 17ی تشرینی دووەمی ساڵی 2011، ده‌ست به‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ كرا، كه‌ ده‌ریای ڕه‌ش و ده‌ریای ناوه‌ڕاست به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، له‌ ڕێیه‌وه‌ گازی سروشتی هه‌نارده‌ی بازاڕه‌كانی جیهان ده‌كرێت و ئاسانكاری بۆ كڕیارانی ده‌كات. ئەمریکا پشتگیری پرۆسەکە دەکات. ئەمەش ئەو ڕاستییە دەردەخات ولایەتە یەکگرتووەکان خۆشحاڵ نیەو نابێت بە زیادکردنی هەژمونی ڕوسیا بەسەر کەرتی وزەو غازی هەرێمدا. سەرچاوەکان 1.    دەستوری هەمیشەیی عێراق. 2.    چارەنوسی گازی سروشتی هەرێمی کوردستان بەرەوکوێ دەچێت؟ https://kogc.co.uk/kurdi/5504/  3.    قەرزەکانی سەر حکومەتی هەرێم بوونە 32 ملیار دۆلار، ماڵپەڕی شار پرێس؛ https://www.sharpress.net/all-detail.aspx?Jimare=179002  4.    دانا نەقی، غازی سروشتی هەلێکی تر بۆ هەرێمی کوردستانی باشور، ماڵپەڕی درەو میدیا؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=6895 5.    هونەر عەلی، غازی سروشتی كوردستان؛ https://www.kurdiu.org/ku/b/12791 6.    کاوە ڕیشێنی، هەرێمی كوردستان لە سایەی گازی سروشتیدا؛ http://chawykurd.com/detailsWtar.aspx?NusarID=49&Jmare=1035 7.    لغاز فی «كردستان العراق»: وقائع السوق والفرص الجیوسیاسیە؛ https://www.washingtoninstitute.org/ar/policy-analysis/alghaz-fy-krdstan-alraq-wqay-alswq-walfrs-aljywsyasyt  8.    د. وحید انعام الکاکائی، جیوسیاسیە النفگ والغاز فی اقلیم كوردستان العراق والفواعل الاقلیمیە والدولیە؛ https://portal.arid.my/Publications/6e75af02-7f62-4c6d-8778-3c215ea66565.pdf  9.    Robin Mills, Under the Mountains :Kurdish Oil and Regional Politics https://www.oxfordenergy.org/wpcms/wp-content/uploads/2016/01/Kurdish-Oil-and-Regional-Politics-WPM-63.pdf


 (درەو)- رۆیتەرز ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری چەند بەرپرسێكی عێراق، ئەمریكی، توركییەوە باسلەوە دەكات، ڤێلاكەی شێخ باز لە هەولێر كە بوو بە ئامانجی هێرشی موشەكی ئێران، كۆبونەوەی تێدا كراوە لەبارەی ناردنی غازی كوردستان بۆ توركیا‌و ئەوروپا، بەرپرسانی ئیسرائیلی‌و ئەمریكیی بەشداربوون لەو كۆبونەوانەدا.  دوای زیاتر لە دوو هەفتە لەو هێرشەی كە هەولێری لە كوردستانی عێراق كردە ئامانج‌و سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتییەكەی گرتەئەستۆ، بەرپرسانی عێراقی‌و بیانی وردەكاری نوێ‌و گرنگیان لەبارەی كردەوەكە ئاشكرا كرد.  بەرپرسانی عێراقی‌و توركەكان باسلەوە دەكەن، پلانی هەرێمی كوردستان بۆ پێدانی غازی سروشتی بە توركیا‌و ئەروروپا بە یارمەتی ئیسرائیل، بەشێكە لەوەی كە ئێرانی توڕە كردووە‌و وایلێكردووە لەم مانگەدا بە موشەكی بالستی هەولێر بۆردومان بكات.  ئەو بەرپرسانە كە لەم هەفتەیەدا، بەمەرجی ئەوەی ناوەكەیان ئاشكرا نەكرێت قسەیان بۆ ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) كردووە، باسیان لەوە كردووە، باوەڕیانوایە هێرشەكە وەكو پەیامێكی فرەڕەهەند بووە بۆ هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لەناوچەكە، بەڵام پاڵنەری سەرەكی پلانی ناردنی غازی كورد بووە بۆ  توركیا‌و ئەوروپا بەبەشداری ئیسرائیل.  سەرچاوەكان دەڵێن، هەنگاوەكە لە كاتێكی هەستیاری سیاسیدایە بۆ ئێران‌و ناوچەكە، چونكە پلانی هەناردەی غاز رەنگە هەڕەشە لە پێگەی ئێران بكات وەكو هاناردەكارێكی سەرەكی غاز بۆ عێراق‌و توركیا لەكاتێكدا ئابورییەكەی بەدەست سزا نێودەوڵەتییەكانەوە دەناڵێنێت.  دوو كۆبونەوە لە ڤێلاكەی هەولێردا بەرپرسانی ئەمنیی عێراقی دەڵێن" بەمدواییە دوو كۆبونەوە لەنێوان بەرپرسانی وزە‌و پسپۆڕانی ئیسرائیلی‌و ئەمریكی لە ڤێلاكەدا هەبووە (وەكو ئاماژەیەك بۆ ڤێلاكەی شێخ باز لە هەولێر كە ئێران بۆردومانی كرد) بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی ناردنی غازی كوردستان بۆ توركیا لەرێگەی هێڵێكی بۆری نوێوە".  بەرپرسێكی ئەمنی عێراق‌و بەرپرسێكی پێشووی ئەمریكا كە ئاگاداری پلانی ئەو سەرمایەدارە كوردەن ماڵەكەی بوو بە ئامانجی موشەكەكانی ئێران كە (باز كەریم بەرزنجی)یە دەڵێن" كاریكردووە بۆ پەرەپێدانی هێڵی بۆری بۆ هەناردەی غاز".  ئەم سەرچاوانە وتویانە، (كار گروپ) كە كۆمپانیایەكی نەوتییە‌و باز بەرزنجی خاوەنیەتی، كار دەكات بۆ خێراكردنی هێڵی بۆری غاز، بەرپرسە ئەمریكییەكە ئاماژەی بەوەكردووە" هێڵە نوێیەكە دەبەسترێتەوە بە هێڵێكەوە كە بەشێوەیەكی كردەیی لەناو خاكی توركیا لەسەر سنور كارەكانی تەواو بووە".  پێدانی غاز بە توركیا‌و ئەوروپا بەرپرسە ئەمنییەكەی عێراق وتویەتی، بەلای كەمەوە دوو كۆبونەوە بۆ تاوتوێكردنی ئەم بابەتە لەگەڵ پسپۆڕانی بواری وزەی ئەمریكا‌و ئیسرائیلدا لەو ڤێلایەدا كراوە كە بەرزنجی تێدا نیشتەجێیە، بەوتەی ئەو بەرپرسە ئەمە هۆكارەكە بووە كە ئەم ڤێلایە بووە بە ئامانجی گورزی موشەكی ئێران، لەم هێرشەدا كەس بریندار نەبووە، بەڵام ڤێلاكە زیانی زۆری پێگەیشت.  لەم چوارچێوەیەدا، بەرپرسێكی حكومی عێراق‌و دیپلۆماتكارێكی خۆرئاوایی لە عێراق جەخت لەسەر ئەوە دەكەن، بەرزنجی بەوە ناسراوە میوانداری بەرپرسان‌و سەرمایەدارانی بیانی دەكات لە ماڵەكەیدا، لەنێویشیاندا بەرپرسانی ئیسرائیلی.  لەلایەكی ترەوە، دوو بەرپرسی توركیا جەخت لەسەر ئەوە دەكەن بەمدواییە بەبەشداری بەرپرسانی ئەمریكا‌و ئیسرائیل گفتوگۆ كراوە بۆ تاوتوێكردنی ناردنی غازی سروشتی عێراق بۆ توركیا‌و ئەوروپا، بەڵام شوێنی كۆبونەوەكانیان ئاشكرانەكرد.  بەرپرسانی عێراق‌و توركیا وردەكاری زیاتریان لەبارەی پلانی ناردنی غاز لە كوردستانی عێراقەوە بۆ توركیا نەخستەڕوو، هەروەها دەستنیشانیان نەكرد پلانەكە گەیشتووەتە چ قۆناغێك یاخود رۆڵی ئیسرائیل لەم پرۆژەیەدا چییە.  یەكێك لە بەرپرسانی توركیا وتی" ساتی هێرشەكەی هەولێر جێگەی بایەخە.. رەنگە بە پلەی یەكەم ئاڕاستەی هەناردەی وزە لە باكوری عێراق‌و ئەگەری هاوكاریكردنی ئیسرائیل، كرابێت". جەختی لەسەر ئەوە كرد، هەندێك گفتوگۆ كراوە لەبارەی هەناردەی غازی سروشی باكوری عێراق‌و وتی:" ئێمە دەزانین عێراق‌و ئەمریكا‌و ئیسرائیل بەشداری لەم پرۆسەیەدا دەكەن، توركیاش پشتیوانی دەكات".  هەرێمی كوردستان رەتیدەكاتەوە فەوزی هەریری سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی عێراق دەڵێت" كار گروپ هێڵی بۆری خۆجێی لە كوردستان دروستكردووە‌و ئێستا ئەو هێڵەكە بەڕێوەدەبات‌و خاوەنی یەك لەسەر سێی بۆری هەناردەی نەوتی خاوی كوردستانە، بەشەكەی تر رۆسنەفتی روسی خاوەندارێتی دەكات".  نوسینگەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی عێراق رەتیكردەوە هیچ كۆبونەوەیەك لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكی‌و ئیسرائیلی بۆ بابەتی هێڵی بۆری لە ڤێلاكەی بەرزنجیدا كرابێت.  ئاماژە بەوەدەكرێت، ئەم ئاشكرابوونە، هێرشەكەی ئێران بۆسەر هەولێر دەخاتە چوارچێوەی بەرژەوەندی وزەوە بۆ لایەنە هەرێمایەتییەكان‌و وەڵامدانەوەی كوژرانی دوان لە ئەفسەرەكانی ئێران نەبوو لە هێرشێكی ئیسرائیلدا لە نزیك دیمەشق.


راپۆرت: درەو دوای تاقیكردنەوەی پەرلەمانتارانی سەربەخۆ، سەدر دەیەوێت ئەمجارە یەكێتی‌و ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی سوننە بەلای خۆیدا رابكێشێت‌و نیسابی یاسایی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار تەواو بكات، بەبێ رەزامەندی ئێران پێشبینی ناكرێت ئەم هەوڵە نوێیەی سەدر هیچ شتێكی لێ سەوز ببێت، ئەگەر سبەینێ نیسابی یاسایی دانیشتنی پەرلەمان تەواو نەبێت، عێراق دەكەوێتە بەردەم چەند سیناریۆیەكەوە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.  كورد لە كێشمەكێشی شیعەكاندا سبەینێ جارێكی تر پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، بەپێی ئەو عورفەی لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە داكەوتووە، پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی كوردە.  كورد بە دیاریكراوی پارتی‌و یەكێتی، دابەشبوون بەسەر ناكۆكییەكانی ناو ماڵی شیعەدا، پارتی لەگەڵ رەوتی سەدر‌و یەكێتیش لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیدایە، هەردووكیان كاندیدی خۆیان هەیە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، لایەنەكانی تریش سەرباری ئەوەی هەڵوێستیان لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی نەبێت، بەڵام هەڵوێستی سیاسییان كەوتوەتە ناو یەكێك لەم دوو بەرەیەوە، نەوەی نوێ بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمان دەكات‌و هەڵوێستەكەی دەچێتە خزمەتی هاوپەیمانێتییەكەی (سەدرو پارتی) بۆ تەواوكردنی نیسابی دانیشتنی پەرلەمان، یەكگرتووی ئیسلامی‌و كۆمەڵی دادگەریش بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمان دەكەن‌و هەڵوێستەكەیان دەچێتە خزمەتی بەرەكەی (یەكێتی‌و چوارچێوەی هەماهەنگی). سەدر وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن لەسەر پێكهاتەی شیعە بە پاڵپشتی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و هاوپەیمانی سیادە (هاوپەیمانێتی گەورەی سوننەكان) هێشتا سورە لەسەر پێكهێنانی "حكومەتی زۆرینە"، لەبەرامبەردا لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی (نوری مالیكی، هادی عامری، قەیس خەزعەلی، فالح فەیاز، عەممار حەكیم، حەیدەر عەبادی) كە بەهەمان شێوە نوێنەرایەتی پێكهاتەی شیعە دەكەن، داوای پێكهێنانی "حكومەتی تەوافوقی" دەكەن هاوشێوەی ئەو حكومەتانەی كە لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە تاوەكو ئێستا دروستكراون، چوارچێوەی هەماهەنگی كە بە هێزەكانی بەرەی ئێران ناودەبرێن، پشتیوانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و زیاتر لە (10) پەرلەمانتاری سوننەكان، دەیانەوێت هەوڵەكانی سەدر بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت پەكبخەن، ئەگەر پێشوەختە گرەنتی بەشداربوونیان لە حكومەتەكەدا نەكەن.   وادەی بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمان نزیك دەبێتەوە، تائێستا نە دوو بەرە ناكۆكەكەی شیعە لەناو خۆیان رێككەوتوون، نە پارتی‌و یەكێتیش لەسەر كاندیدی سەرۆك كۆمار.  شیعەكان ناكۆكییەكانی خۆیان بەستوەتەوە بە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارەوە، چونكە بە تێپەڕینی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت دەستپێدەكات‌و سەدر بەبێ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەتوانێت هەنگاوەكانی تر تەواو بكات، بۆیە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەیانەوێت پرۆسەكە لە خاڵی یەكەمەوە رابگرن. هەوڵێكی نوێ لەلایەن سەدرەوە بۆ گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، موقتەدا سەدر لەڕێگەی راكێشانی پەرلەمانتارانی سەربەخۆوە هەوڵیدا هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار تێپەڕێنێت، رۆژی شەممەی ئەم هەفتەیە ئەم هەوڵەی سەدر شكستیهێنا، نیسابی یاسایی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار تەواو نەبوو.   ئەمجارە بۆ تەواوكردنی نیسابی دانیشتنی پەرلەمان، سەدر پەنای بۆ هەوڵێكی نوێ بردووە، دەیەوێت پارتی‌و یەكێتی لەسەر كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار بگەیەنێتە رێككەوتن‌و یەكێتی لە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی دوربخاتەوە.  بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، دوێنێ دووجار موقتەدا سەدر پەیوەندی بە بافڵ تاڵەبانییەوە كردووە، سەدر دوو پێشنیازی بۆ چارەسەری كێشەی پارتی‌و یەكێتی لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمارەوە خستوەتە بەردەم بافڵ تاڵەبانی:  •    پێشنیازی یەكەم: یەكێتی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار (بەرهەم ساڵح) لە بەرژەوەندی كاندیدی پارتی (رێبەر ئەحمەد) بكێشێتەوە، لەبەرامبەر ئەمەدا یەكێتی پۆستە وزارییەكانی پشكی كورد لە بەغداد ببات، كە سێ پۆستی وزارییە‌و یەكێكیان پۆستێكی باڵایە (وەزارەتی دەرەوە).  •    پێشنیازی دووەم: پارتی‌و یەكێتی هەردووكیان كاندیدەكانیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بكێشننەوە‌و لەسەر كاندیدێكی هاوبەش رێبكەون كە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی رەزامەندی لەسەر بدات.  مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەبەشداری بافڵ تاڵەبانی، دوێنێ لە كۆبونەوەدا بوون بۆ تاوتوێكردنی پێشنیازەكانی موقتەدا سەدر، بەپێی زانیارییەكان، یەكێتی هەردوو پێشنیازەكەی رەتكردوەتەوە، دوێنێ شەو بافڵ تاڵەبانی جارێكی تر گەڕایەوە بۆ بەغداد، بەڵام تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە هیچ زانیارییەك لەبەردەستی (درەو)دا نییە كە ئاماژە بۆ رێككەوتن لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار بكات.  لەپاڵ هەوڵەكەی سەدر بۆ راكێشانی یەكێتی، لەناو هاوپەیمانتێتییە سێقۆڵییەكەوە (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) هەوڵێكی تریش هەیە بە ئاڕاستەی راكێشانی ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی سوننە بەتایبەتی پەرلەمانتارانی هاوپەیمانی عەزم.  بەپێی ئەوەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری لێداوە، دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، نیسابە یاساییەكەی دوو لەسەر سێیە، واتە بۆ ئەوەی دانیشتنەكە بەڕێوەبچێت، دەبێت لەكۆی (329) پەرلەمانتار، (220) پەرلەمانتار ئامادە بن.  رۆژی شەممە كاتێك بڕیاربوو پەرلەمان دانیشتن بكات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، لەكۆی (329) پەرلەمانتار، (202) پەرلەمانتار ئامادەبوون، واتە هاوپەیمانی سێقۆڵی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) بە پەرلەمانتارانی سەربەخۆ‌و لایەنە هاوپەیمانەكانیانەوە هێشتا (18) كورسی تری پەرلەمانیان پێویستە بۆ ئەوەی نیساب تەواو بكەن، سێقۆڵییەكە ئومێدی هەیە ئەم (18) كورسییە تەواو بكات، بەتایبەتیش پێیانوایە هاوپەیمانی (عەزم)ی سوننەكان كە موسەننا سامەڕایی سەرۆكایەتی دەكات‌و 6 كورسی پەرلەمانی هەیە، زیاتر بۆ گفتوگۆ ئامادەیە، سەرباری ئەمەش هەندێك لەو سەربەخۆیانەی كە رۆژی شەممە بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمانیان كردووە، بایكۆتەكەیان بۆ هاوهەڵوێستی نەبووە لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەمانەش دەكرێت گفتوگۆیان لەگەڵ بكرێت‌و بۆ دانیشتنی سبەینێ ئامادە بكرێن، ئەمە جگە لە نوێنەری پێكهاتەی ئێزیدی‌و چەند پەرلەمانتارێكی تری سەربەخۆ.  رێككەوتن بەبێ رەزامەندی ئێران واقعی باوی عێراق‌و هەرێمی كوردستان لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە ئەوە نیشان دەدات، هەرجۆرە رێككەوتنێكی نێوان لایەنە سیاسییەكان بەبێ ئاگاداری ئێران، ئاكامی خراپی دەبێت.  ئەگەر پارتی بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافیی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتییەوە لەژێر هەژموونی توركیادا بێت‌و هەندێكجار بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەكانی ئێرانەوە هەڵسوكەوت بكات، دۆخەكە بۆ یەكێتی بە تەواوەتی جیاوازە، بۆیە یەكێتی بەبێ رەزامەندی ئێرانییەكان ناچێتە ناو هیچ رێككەوتنێك لەگەڵ موقتەدا سەدر، ئەگەر ناكۆكییەكانی ناو ماڵی شیعە بەلادا نەخرێن‌و سەدرو چوارچێوەی هەماهەنگی نەگەنە رێككەوتن‌و ئێران رێككەوتنەكەیان پەسەند نەكات.  عێراق لەبەردەم چەند سیناریۆیەكدا سبەینێ هەوڵی دووەم بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار تاقیدەكرێتەوە، ئەگەر هاوشێوەی رۆژی شەممەی رابردوو، سبەینێ نیسابی یاسایی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار تەواو نەبێت، عێراق دەكەوێتە بەردەم چەند سیناریۆیەك، چونكە دواین وادە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار رۆژی 6ی نیسانی داهاتوو دەبێت‌و لەو وادەیە بترازێت، ئیتر هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار پەكی دەكەوێت‌و عێراق دەگەڕێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم. ئەگەر سبەینێ نیسابی یاسایی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار تەواو نەبێت، لایەنە سیاسییەكان دەكەونە بەردەم چەند بژاردەیەك، كە رەنگە بە ناچاری یەكێك لە بژاردەكان پەسەند بكرێت:  سیناریۆی یەكەم:  پارتی‌و یەكێتی یەكێكیان كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لە بەرژەوەندی ئەوی تر بكشێنێتەوە، ئەمە لەبەرامبەر چەند پۆستێك لە بەغداد یاخود لە هەرێمی كوردستان، بۆ نمونە بە رەزامەندی ئێران، یەكێتی كاندیدی خۆی بكێشێتەوە‌و لەبەرامبەردا پارتی چەند پۆستێكی خۆی لە بەغداد یان لە هەرێمی كوردستان بدات بە یەكێتی.   سیناریۆی دووەم:  شیعەكان بەنێوەندگیری ئێران لەناو خۆیاندا رێبكەون، سەدر دەست لە بیرۆكەی دروستكردنی حكومەتی زۆرینە هەڵگرێت‌و لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەشداری حكومەت بكات، لەم حاڵەدا دۆخی عێراق دەچێتەوە پێش خۆپیشاندانەكانی تشرینی یەكەمی 2019، كە ئێران پێی وایە لەو كاتەوە دۆخی سیاسی عێراق لە رێڕەوی خۆی دەرچووە‌و دەبێت بخڕێتەوە سەر رێڕەوەكەی خۆی، واتە ئەو رێڕەوەی كە ئێران دەیەوێت، كە ئەویش دروستكردنی حكومەتی تەوافوقی‌و دابەشكردنی كێكی دەسەڵاتە لەنێوان هێزو لایەنە سیاسییەكاندا.  سیناریۆی سێیەم:  هەوڵەكانی سەدر بۆ تەواوكردنی نیسابی یاسایی دانیشتنی پەرلەمان‌و هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، جارێكی تر شكست بخوات، لەم حاڵەتەدا پێشبینی دەكرێت، كوتلەی سەدر لە پەرلەمانی عێراق بكشێنەوە‌و ناڕەزایەتی‌و خۆپیشاندانەكان دەستپێبكاتەوە.  لە دۆخێكی لەمشێوەیەدا پێشبینی هەڵوەشاندنەوەی خولی نوێی پەرلەمان‌و بانگەوازكردن بۆ سازدانی هەڵبژاردنێكی نوێ دەكرێت، لەم دۆخەدا، حكومەتی مستەفا كازمی وەكو حكومەتی كاربەڕێكەر دەمێنێتەوە‌و بەرهەم ساڵحیش وەكو سەرۆك كۆمار بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی لە پۆستەكەی بەردەوام دەبێت، تا ئەو كاتەی هەڵبژاردنێكی نوێ دەكرێت.   


 درەو: موقتەدا سەدر ئەمڕۆ دووجار پەیوەندی بە بافڵ تاڵەبانیەوە كردووەو دوو پێشنیازی بۆ كاندیدی سەرۆك كۆمار خستووەتە بەردەم بافڵ تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی پێشنیازی یەكەم و مەكتەبی سیاسی یەكێتیش پێشنیازی دووەمی رەتكردووەتەوە. میدیای فەرمی یەكێتی بڵاویكردەوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدرەوە، ‎لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا چەند پرسێكی گرنگی سیاسی پەیوەست بە دۆخی عێراق، پێكھێنانی حكومەتی نوێ و زاڵبوون بەسەر كێشە و گرفتەكان و میكانیزمەكانی دەربازبوون لەدۆخی چەقبەستووی سیاسیی عێراق گفتوگۆی لەبارەوەكرا.  ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە (درەو)ی راگەیاند: ئەمڕۆ موقتەدا سەدر دووجار پەیوەندی بە بافڵ تاڵەبانیەوە كردووە: جاری یەكەم موقتەدا سەدر وتویەتی كاندیدی سەرۆك كۆمار (بەرهەم ساڵح) بۆ كاندیدی پارتی (رێبەر ئەحمەد) بكشێننەوە لەبەرامبەردا پۆستە وزارییەكانی پشكی كورد بۆ ئێوە دەبێت، بافڵ تاڵەبانی ئەم پێشنیازەی رەتكردووەتەوە. دواتر سەدر پەیوەندیكردووەتەوەو رایگەیاندووە، هەردوولاتان كاندیدەكانتان بكشێننەوەو كاندیدێكی هاوبەش بۆ هەردوولاتان دابنێن، بەڵام با ئۆكەی مەسعود بارزانی لەسەر بێت و من بۆ ئەم پێشنیازە قسە لەگەڵ بارزانی دەكەم و رازی دەكەم، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاندووە ئەو پێشنیازە دەبمەوە مەكتەبی سیاسی و لەوێ گفتوگۆی لەسەر دەكەین، ئەمڕۆ لە كاتژمێر (2 بۆ5)ی ئێوارە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە كۆبونەوەدابووەو پێشنیازی دووەمیشیان رەتكردوەته‌وه‌. ئێستا هەموو لایەنەكان چاوەڕێی كۆبونەوەكەی چوارشەمەی پەرلەمان دەكەن، پێشبینی دەكرێت بە هەمان شێوە نیساب تەواو نەبێت و سەرۆك كۆمار هەڵنەبژێردرێت.   


درەو: *ڕەنج نەوزاد تۆفیق - گۆڤاری ئاییندەناسی بەرایی پێش ڕێکەوتی ٢٤/٢/٢٠٢٢، پرسيار و لێکدانەوەکان لە بارەی ئەوەوە بوون ئایا ڕووسيا هێرشی سەربازی دەکاتە سەر ئۆکرانیا یاخود نا؟ ئەگەر هێرش بکات، شێواز و سنووری هێرشەکە چۆن دەبێت؟ ئایا هێرشەکە تەنيا بەشێک لە خاکی ئۆکرانیا (بەتايبەت ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا) دەگرێتەوە، یاخود هێرشێکی سەرتاسەری دەبێت؟ هێرشەکە زیاتر پشت بە هێزی وشکانی دەبەستێت، یان ئاسمانی و دەريایی؟ دوای بڕياردانی پوتين بە دەستپێکردنی هێرشی سەربازی لە ٢٤/٢، زۆربەی ئەو پرسيارانە کۆتاییان هات و پرسيار و لێکدانەوەی نوێ درووست بوون. ڕووسيا هێرشێکی سەرتاسەریی سەربازی (وشکانی، ئاسمانی، دەریایی) بۆ کۆی خاکی ئۆکرانیا دەست پێ کردووە. بە هۆی ڕووبەری جوگرافی، ئەم جەنگە کە لە سنووری نێوان ناتۆ و ڕووسيایە، هەروەها لەبەر هەردوو بەرەی جەنگەکە؛ ڕووسيا وەک نەياری سەرەکیی ناتۆ و ئۆکرانیا، سەرەڕای ئەوەی ئەندام نييە لە ناتۆ، بەڵام وەک نوێنەرێکی ناتۆ دژ بە ڕووسيا دەجەنگێت، لێرەوە ئەم ڕووداوە پەيوەندیی بە کۆی سيستمی جيهانيیەوە هەیە و دەکرێت گۆڕانکاری بەسەر کۆی سيستمی جيهانيدا بێنێت. لەبەر ئەوە، دەکرێت کاريگەی و لێکەوتەکانی ئەم جەنگە جيهانی بن نەک تەنيا ناوچەیی. بۆیە لێکۆڵينەوە لەو جەنگە و چاودێريکردنی پێويستە و گرنگیيەکی گەورەی هەیە. لەم وتارەدا هەوڵ دەدرێت، بەکوردتی، وەڵامی سێ پرسيار بدرێتەوە: هۆکارەکانی هێرشی سەربازیی ڕووسيا چين؟ سيناريۆکان و ئامانجەکانی ئەم جەنگە چين؟ ئایا لێکەوتەکانی ئەم جەنگە چۆن دەبن؟   ١. هۆکارەکانی جەنگەکە هۆکاری جيۆپۆلەتيکی و مێژوویی: دەستەواژەی دەرەوەی نزيک (Near Abroad) ئەو دەستەواژەیەیە کە بەکار دەهێنرێت بۆ وەسفی تێڕوانينی ڕووسيا بۆ ئۆکرانیا و بۆ ئەو دەوڵەتانەی تر کە لە یەکێتیی سۆڤيەت جيا بوونەوە و دراوسێی ڕووسيان لە ئێستادا[1]. واتە ئەو دەوڵەتانە لەگەڵ ئەوەی سەربەخۆن و لە دەرەوەی نەخشەی ڕووسيان، بەڵام لە ڕووی ئەمنی و سياسی و بەرژەوەندی و مێژوویی… هەر نزيکن لە ڕووسيا و هەر گۆڕانکارييەک لە “دەرەوە” ڕوو بدات؛ کاريگەرييەکانی نزيک و ڕاستەوخۆ دەبن بۆ سەر ڕووسيا. بۆیە ڕووسيا دەبێت ڕاستەخۆ دەستتێوەردان بکات لەو “دەرەوەیە” و نابێت وەک دەرەوە تەماشای بکات، بەڵکوو لە ڕووی ئەمنی و بەرژەوەندييەوە دەبێت وەک ناوەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکات.  ئەم تێڕوانينەی ڕووسيا سەبارەت بە ئۆکرانیا، بە بەراورد بە دەوڵەتە دراوسێکانی تر، فراوانتر و قووڵترە، چونکە ڕووسەکان وەک نيشتمانی لەدەستچوو [2](The Lost Homeland) تەماشای ئۆکرانیا دەکەن، ئەو نيشتمانەی کە دەبێت بگەڕێتەوە بۆ خاوەنەکەی. ڕووسەکان لە خەياڵ و تێڕوانينياندا وەک بەشێک لە نيشتمانی خۆیان سەيری ئۆکرانيا دەکەن کە لەدەستيان داوە. لە جيۆپۆلەتيکی هاوچەرخدا، دەستەواژەی (Geopolitical Imagination)  بۆ ئەم دۆخە بەکار دەهێنرێت[3]. ئەو نەتەوە و دەوڵەتەی کە بەشێک لە نيشتمانی خۆی لەدەست دەدات، چاوەڕێی هەوڵێک دەکات کە بەهێز بێتەوە و ئەو نيشتمانە لەدەستچووە بگەڕێنێتەوە. زۆرێک لە ڕووسەکان پێيان وایە کە شاری کێيەڤی پايتەختی ئێستای ئۆکرانیا، یەکەم نيشتمانی نەتەوەکەیانە[4]. دەوڵەتی کێيەڤ ڕووس (Kievan Rus) کە لە کێيەڤی پايتەختی ئۆکرانيا لە (٨٦٢-١٢٤٢) دامەزرا، سەرچاوەی هەر یەک لە ڕووسيا و ئۆکرانیای ئێستایە[5]. جگە لەوەی لە مێژووی نوێدا لە سەردەمی سۆڤيەتدا هەریەک لە ڕووسيا و ئۆکرانیا بەشێک بوون لە یەکێتیی سۆڤيەت. کەواتە هەر یەک لە ڕووسەکان و ئۆکرانيیەکان زۆر کات یەک وڵات و یەک نيشتمانيان هەبووە. ئەم یەکبوونە بەردەوام دەبێت تا ڕووخاندنی سۆڤيەت و لە ساڵی ١٩٩١ ئۆکرانیا دەبێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ. هەر بۆیە پوتين دەڵێت: ڕووسيا و ئۆکرانیا بران، لە بەرامبەردا سەرۆکی ئۆکرانيا وەڵامی دایەوە و وتی: برايەتيمان وەک برایەتیی قابيل و هابيلە[6]. بەدەستهێنانەوەی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسياوە، بە دوو ڕێگا ئەنجام دەدرێت؛ یا حکومەتێکی پرۆڕووسيا لە ئۆکرانیا حوکم بکات، ئەگەرنا ڕووسيا ئامادەیە بە هێزی سەربازی ئۆکرانیا بهێنێتەوە ژێر هەژموونی خۆی، بەتايبەت ئەگەر مەترسیی ئەوە هەبێت ئەو نيشتمانە لەدەستچووە ئەمەريکا کۆنترۆڵی بکات و لە دژی ڕووسيا بەکاری بهێنێت. ئەم تێڕوانينەی ڕووسيا بۆ بيلاڕووسياش هەر گونجاوە. ئەمەی ئاماژەی پێ درا، دەتوانرێت بە هۆکارێکی جيۆپۆلەتيکی و مێژوویی دابنرێت، کە هۆکارێکی گشتییە و هەميشە لە فکری سياسیی دەسەڵاتدارانی ڕووسيا ئامادەیە. هۆکارێکی تری ئەم جەنگە، ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٤. کاتێک لە ڕێگەی خۆپیشاندان و پەرلەمانی ئەوکاتی ئۆکرانیاوە سەرۆکی ئەوکات (فيكتور يانوكوفيتچ)ی نزيک لە ڕووسيا لە پۆستەکەی دوور دەخرێتەوە و هەڵدێت بۆ ڕووسيا، ئەو خۆپێشاندانە بووە هۆکاری ئەوەی کە ئۆکرانیا لە هاوپەيمانیی ڕووسياوە بگۆڕدرێت بۆ ئەنتیڕووسيا و نزيک لە ڕۆژئاوا[7]. ڕووسيا ئەو ڕووداوەی وەک کودەتایەک وەسف کرد کە لەلایەن ئەمەريکا و ئەورووپاوە ڕێک خراوە، هەر بۆیە هێرشی سەربازیی کرد و نيمچەدوورگەی کریميای داگير کرد و هاوکاریی جوداخوازەکانی ناوچەی دۆنباسی (دۆنيتسك و لوگانسك) کرد دژ بە سوپای ئۆکرانیا، ئەوەش بووە هۆکاری شەڕی ناوخۆ لە وڵاتەکە و نەمانی دەسەڵاتی حکومەتی ئۆکرانیا لەو دوو هەرێمە. ئەم دۆخە تا ئەمڕۆش بەردەوامە[8]. ئەم ڕووداوە ڕێگەی خۆش کرد بۆ زیادکردنی چالاكی و نزيکبوونەوەی زیاتری ناتۆ لە ڕووسيا لە بەرەی ئۆکرانیاوە. هەر لەدوای ئەو ڕووداوەوە، ئۆکرانیا بەفەرمی داوای کرد ببێتە ئەندام لە ناتۆ، ئەمەش هۆکارێکی ڕاستەوخۆی هەڵگيرساندنی جەنگەکە بوو. کەواتە ئەم جەنگەی ئێستا، هەر درێژکراوە و دەرئەنجامی ڕووداوەکانی (٢٠١٤)یە. هۆکارێکی تری ئەم جەنگە دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی سيستمی جيهانی لەم سەردەمەدا. ساڵانێکە وا دەبينرێت کە سيستمی سياسی لە قۆناغێکی ڕاگوزەردایە. دەکرێت لە تاک جەمسەری ئەمەريکییەوە بەرەو دووجەمسەری یاخود فرەجەمسەری بڕوات. دەوڵەتان بەگشتی هەوڵ دەدەن لە سيستمی نوێی جيهانيدا پێگەی بەهێزتر و گەورەتريان هەبێت. دوو سەرەکيترين کانديد بۆ بوون بە جەمسەر لە سيستمی جيهانی داهاتوودا، بريتين لە چين و ڕووسيا. هەر بۆیە ڕووسيا دەيەوێت پێگەی خۆی بەهێزتر و کاريگەرتر بکات لە سيستمە نوێیەکەدا. هەنگاوی سەرەتا بۆ ئەوە بريتييە لەوەی ڕووسيا هەژموونی خۆی بگەڕێنێتەوە بۆ سەر دەوڵەتانی درواسێ و ناوچەکەی خۆی، چونکە ئەستەمە ڕووسيا بتوانێت ببێتە جەمسەر، ئەگەر ئۆکرانیا لە بەرەی ناتۆ بێت و لە دەرەوەی هەژموونی ڕووسيا بێت. ڕۆڵی ئەمەريکا هۆکارێکی سەرەکیی ترە بۆ ئەو جەنگە. هەروەک چۆن ڕووسيا دەيەوێت لە ڕێگەی داگيرکردن و هێنانەوەی ئۆکرانیا بۆ ژێر هەژموونی خۆی؛ پێگەی خۆی بەهێزتر بکات لە سيستمی جيهانیدا، وا دەردەکەوێت کە ئەمەريکاش بە هەمان شێوە دەيەوێت لە ڕێگەی ئۆکرانیاوە ئەو ئامانج و خەونانەی ڕووسيا لەناو بەرێت بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە سيستمی جيهانيدا. ئاشکرایە ئەمەريکا دەيەوێت بەرگری لە سيستمی جيهانیی تاک جەمسەری بکات، ڕووسيا دەيەوێت گۆڕانکاری لەو سيستمەدا بکات، چونکە ئەمەريکا ڕازييە لە پێگەی خۆی لە جيهاندا، بەڵام ڕووسيا بەپێچەوانەوە. بۆیە دەکرێت لە ڕێگەی هاندانی ئەمەريکا بۆ نزيکبوونەوەی ئۆکرانیا لە ناتۆ و دژایەتيکردنی ڕووسيا، پاڵ بە ڕووسياوە بنێت بۆ بەرپاکردنی شەڕ دژ بە ئۆکرانيا و تێوەگلانی بە جەنگێکی ئاڵۆز و ماوەدرێژ کە لە ڕووی سەربازی و ئابووریيەوە ماندووی بکات، وەک چۆن ئەمەريکا هەمان سيناريۆی بەکار هێنا دژ بە سۆڤيەت لە ئەفغانستان. وا ديارە ڕووسيا دوای ماوەیەکی زۆر لە بيرکردنەوە، گەيشتە ئەو بڕيارەی کە جەنگ باشترين و تاکە بژاردەیە. ڕووسيا دڵنيایە لەوەی ئەگەر بە هەموو توانا و هێزی خۆیەوە ڕێگری دروست نەکات بۆ ئۆکرانیا، ئەوا هەروەک چۆن دەسەڵاتی سياسی لە ئۆکرانیا لە دۆستی ڕووسياوە گۆڕا بۆ دژی ڕووسيا، ئاواش ئەمەريکا؛ ئۆکرانیا دەکاتە ئەندام لە ناتۆ و بنکەی سەبازی و مووشەکەکانی خۆی دەباتە ئۆکرانیا، ئەوکات ڕووسيا زیاتر گەمارۆ دەدرێت بە بنکە سەربازييەکانی ناتۆ. لە ئێستادا ڕووسیا لە ڕۆژئاوای سنوورەكانی تا ڕادەیەکی زۆر گەمارۆ دراوە بە ناتۆ. هەروەها ئەگەر ئۆکرانيا ببێتە ئەندام لە ناتۆ، ئەوا دووبارە پرسی ئەندامبوونی جۆرجيا جددی دەبێتەوە، ئەوکات دەبێت ڕووسيا چاوەڕوانی ئەوەش بکات کە دەسەڵاتی سياسیی بيلاڕووسيا، هاوشێوەی ئۆکرانیا، لە ڕێگەی خۆپێشاندانەوە بگۆڕدرێت بۆ دەسەڵاتێکی نزيک لە ئەمەريکا، بەوەش ڕووسيا بەتەواوی سنوورەکانی بە ئەورووپاوە گەمارۆ دەدرێت بە ناتۆ و هاوپەيمانانی ئەمەريکا.   ٢. سيناريۆکانی جەنگەکە لێرەدا بە چەند خاڵێک هەندێ لە سيناريۆکانی ئەم جەنگە دەخرێتە ڕوو: ١. ڕووسيا مەبەستی نييە کۆی ئۆکرانیا داگير بکات، تەنيا هێز و ژێرخانی سەربازیی ئۆکرانیا بەتەواوی لاواز دەکات و ئۆکرانیا گەمارۆ دەدات تا ناچاری سازشکردن دەبێت. هەردوو کۆمارەکەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بە سەربەخۆیی دەمێننەوە، یاخود ڕووبەری کۆمارەکان فراوانتر دەکات، یاخود هەندێ ناوچەی تر لە ئۆکرانیا جيا دەکاتەوە هاوشێوەی ئەو دوو کۆمارە، بۆ دابەشکردن و لاوازکردنی ئۆکرانیا، پاشان دەکشێتەوە. تا ئێستا حکومەتی ئۆکرانیا سازش ناکات، ئەگەر وا بەردەوام بێت، ئەوا ئەم سيناريۆیە نایەتە دی. ئەم سيناريۆیە وەک بردنەوە بۆ ڕووسيا هەژمار دەکرێت، چونکە زیانە سەربازی و ئابوورييەکانی کەم دەبن، دەگات بە هەندێ ئامانجی سەرەکیی خۆی و دەکرێت دوای ماوەیەک سزاکانی ڕۆژئاوا لەسەری لا ببرێن. لە ساڵی ٢٠٠٨دا ڕووسيا تا ڕادەیەک هەمان پلانی بەکار هێنا دژ بە جۆرجيا کاتێک دەيويست ببێتە ئەندام لە ناتۆ. ٢. ڕووسيا ئامانجی ئەوەیە ئۆکرانیا داگير بکات و بچێتە ناو کێيەڤ و حکومەتی ئێستای ئۆكراينا لا ببات و حکومەتێکی نوێ نزيک لە خۆی دابنێت، ئەمەیان لێکەوتەکانی ئاڵۆز و ناڕوون دەبێت، ئەوکات چاوەڕوان دەکرێت جەنگەکە لە جەنگێکی کلاسيکیيەوە بگۆڕدرێت بۆ شەڕی ناو شار و کۆڵان بە کۆڵان. بە پێی ئەو بەرخودانەی ئۆکرانیا دەيکات لە ئێستادا، وا دەردەکەوێت شەڕی ناو شارەکان توندتر و فراوانتر بێت بەتايبەت ئەگەر هاوکارييەکانی ناتۆ و ئەورووپا بەردەوام بێت بۆ گرووپە چەکدارەکانی ئۆکرانیا، ئەمەش ڕووسيا دەخاتە ناو دۆخێکی ناديار، ماوەی جەنگەکە ناديار دەبێت، هاوکات سزاکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر ڕووسيا زیاتر دەبن، دەشێت لە ئەنجامدا ببێتە هۆکاری زیانی زۆر گەورە بە سەرباز و ئابووری و پێگەی ڕووسيا. هەڵوێستی ئەمەريکا لەپێش جەنگەکە و لە کاتی جەنگەکەش وا دەردەکەوێت کە خوازياری ئەم سيناريۆیە بێت. ٣. داگيرکردنی کێيەڤ و دانانی حکومەتێکی نزيک لە ڕووسيا، پاشان کشانەوەی ڕووسيا لە ماوەیەکی کورت. ئەگەر ئەمە ڕوو بدات، ئەوە ئەگەری دروستبوونی شەڕی ناوخۆ لە ئۆکرانیا زۆر دەبێت. ئەوکات ئۆکرانیا وەک وڵاتێکی نائارام و کراوە بۆ دەستتێوەردانی ناتۆ هەر مەترسی دەبێت بۆ ڕووسيا. بۆیە ڕووسيا دەبێت بەردەوام هاوکاریی ئەو حکومەتە نوێيە بکات کە خۆی دايناوە و ڕێ نەدات ئۆکرانيیەکان بيڕووخێنن هاوشێوەی ٢٠١٤. ئەمەش بەبێ دەستتێوەردانی سەربازی و هەواڵگری و هاوکاریی ئابووری ئەستەمە بکرێت. ئەمەش ديسانەوە زیانەکانی بۆ ڕووسيا زیاتر دەبێت. ٤. ڕووسيا ئۆکرانیا داگير و کۆنترۆڵ بکات و حکومەتێکی نوێ بسەپێنێت، پاشان کۆتاییهاتن بە جەنگەکە. ئەمەیان لە ئێستادا ئەستەمە، چونکە داگيرکردنی ئۆکرانیا جياوازە لە کۆنترۆڵکردنی. ڕووسيا دەتوانێت ئۆکرانیا داگير بکات، بەڵام ئەوەی كە کۆنترۆڵی بکات و ئاڕاستەی بکات بە ويستی خۆی، سيناريۆیەکی قورسە، لانی کەم بە پێی پێدراوەکانی ئێستا. ئەگەر ئەمە ڕوو بدات، ئەوە سەرکەوتنێکی مێژوویی دەبێت بۆ ڕووسيا. ٥. گەيشتنی هەردوو لا (ئۆکرانیا و ڕووسيا) بە ڕێککەوتنێک بەوەی حکومەتی ئۆکرانیا بمێنێتەوە، ڕووسيا بکشێتەوە، ئۆکرانیا بەڵێن بدات کە بێلایەن دەبێت و نابێت بە ئەندام لە ناتۆ. ئەم سيناريۆیە هەر چەند لۆژيکیيە، بەڵام بە هۆی دەستتێوەردانی ئەمەريکا و ئەورووپا لە دۆخەکە، لەبەر کەسایەتیی پوتين، کە ئەگەر ئەم سيناريۆیە ڕوو بدات، تا ڕادەیەک سەرکەوتنە بۆ ئۆکرانیا و شکستە بۆ پوتين، هەروەها لەبەر ئەوەی ئەم جەنگە زیاتر ڕووسيای بێزراو کردووە لای بەشێکی زۆری ئۆکرانيیەکان…؛ هەموو ئەمانە دەبنە بەربەست لەبەردەم ئەم سيناريۆیە. ٦. سەرکەوتنی ئۆکرانیا و شکستهێنانی ڕووسيا و کشانەوەی لە ئۆکرانیا. ئەم سيناريۆیە ئەگەر ڕووش بدات، ئەوا دوای ماوەیەکی زۆر دەبێت، لەوانەیە بگاتە دوای ساڵێک یا زیاتر، چونکە کشانەوەی ڕووسيا بەبێ بەدەستهێنانی هيچ ئامانجێک، شکستێکی گەورە و مێژوویی دەبێت بۆ ڕووسيا و دەکرێت کۆتایی ژیانی سياسیی پوتين بێت. بۆیە ڕووسيا هەموو هێزێکی خۆی بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەی ئەم سيناريۆیە ڕوو نەدات. ٧. بەگشتی لە ئەگەری ڕوودانی هەر یەک لەو سيناريۆیانە -جگە لە شەشەم-، نيمچەدوورگەی کرێميا و هەردوو کۆمارە نوێيەکە وەک بەشێک لە خاک و ناوچەی هەژموونی ڕووسيا دەمێننەوە. لەو سيناريۆیانە ئاماژە بە ترسناکترين سيناريۆ نەکراوە کە ئەگەری پەلاماردانی ڕووسيایە بۆ سەر هەندێ لە دەوڵەتە دراوسێکانی خۆی کە ئەندامن لە ناتۆ، بە هۆی هاوکاريکردنی بەردەواميان بۆ ئۆکرانیا، ئەمە دەبێتە سەرەتای جەنگی سێهەمی جيهانی و بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی کە تا ئێستا نيمچەمەحاڵە ئەوە ڕوو بدات. پێويستە ئاماژە بەوە بکرێت هەموو ئەو سيناريۆیانە تەنيا گريمانە و ئەگەری کاتين و پشت بە پێدراوەکانی ئێستا دەبەستن، دەکرێت ڕاست یا هەڵە دەربچن، یاخود بەڕێژەیی ڕاست و هەڵە بن. بۆ گەڕانەوە بۆ مێژووی جەنگەکان، پێشبينیکردنی ڕووداوەکانی ناو جەنگ و ئەنجامەکانی زۆر ئەستەمە، چونکە کۆمەڵێک فاکتەری زۆر کارلێک دەکەن، فاکتەری نوێ دروست دەبێت، یەک لایەن بڕيار نادات، کۆمەڵێک بڕيار و پلان و تێگەيشتنی جياواز و دژ بە یەکترە کە ڕووداوەکانی ناو جەنگ و ئەنجامەکەی دروست دەکەن. دەکرێت ئەنجامی ئەم جەنگە بە شێوەیەک بێت نە پوتين و زيلينسكی، نە سەرکردەکانی ئەورووپا و ئەمەريکا؛ وێنەیان نەکردبێت پێش جەنگەکە.   ٣. لێکەوتەکانی ئەم جەنگە بە هۆی پێگەی لایەنە بەشەڕهاتووەکان و جوگرافيای جەنگەکە، لێکەوتەکانی ئەم جەنگە فرەلایەن و فراوانە، وەک ئەوەی لە خوارەوە دەخرێتە ڕوو: – لێکەوتەکانی بۆ سەر سيستمی سياسیی جيهانی گۆڕانکاری لە پێگەی ڕووسيا، کار دەکاتە سەر هاوسەنگی و پێکهاتەکانی سيستمی جيهانی. بردنەوەی ڕووسيا لەم جەنگە و گەيشتن بە ئامانجەکانی، گەورەترين پاڵنەر دەبێت بۆ ڕوودانی گۆڕانکاریی ڕيشەیی لە سیستمی جيهانی، چونکە ئيتر ڕووسيا دەستکراوەتر دەبێت بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی لە جيهاندا، بەتايبەت لە ساڵی (٢٠٠٨)ەوە ڕووسيا چەندين ئۆپەراسيۆنی گرنگی ئەنجام داوە لە جۆرجيا و سووريا و تەنانەت لە ئۆکرانیا لە ساڵی ٢٠١٤ و تياياندا سەرکەوتوو بووە. سەرکەوتنی لەم جەنگەدا، واتە لاوازبوونی سيستمی جيهانی بە سەرکردایەتیی ئەمەريکا و هاتنی سيستمێکی نوی کە تيایدا ڕووسيا جەمسەرە هاوشێوەی ئەمەريکا. بە هەمان شێوە شکستی ڕووسيا لەم جەنگە، واتە سەرلەنوێ بەهێزبوونەوەی سيستمی جيهانیی ئەمەريکی. کەواتە لێکەوتەکانی ئەم جەنگە ڕاستەوخۆ کار لە سروشتی سيستمی جيهانی دەکات. – لێکەوتەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا ئۆکرانیا لە هەردوو دۆخەکەدا –چ سەرکەوتوو بێت، چ شکست بێنێت-، ئەوا زیانی گەورەی بەر دەکەوێت لە ڕووی مرۆیی و وێرانبوونی ژێرخان و شارەکانی. بەڵام سەرکەوتنی ئۆکرانیا بۆ دوورمەودا، سوودی گەورەی دەبێت، بەتايبەت لە ڕووی سايکۆلۆژییەوە کەسایەتيیەکی نوێ و بەهێز و باوەڕبەخۆ بۆ مرۆڤی ئۆکرانی دروست دەکات. ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ بوون بە ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا و لەوانەیە لە ناتۆش. ئەمانەش لە ڕووی سەربازی و ئابووری و سياسيیەوە کاريگەریی پۆزەتيفيان دەبێت بۆ ئەو وڵاتە. شکستی ئۆکرانیا یان دەيکاتە وڵاتێکی ناسەقامگير و بۆ ماوەیەکی ناديار لە جەنگدا دەبێت، یاخود دەيکاتە پاشکۆیەکی ڕووسيا هاوشێوەی بيلاڕووسيا.   – لێکەوتەکانی بۆ سەر ڕووسيا  وەک ئاماژەی پێ کرا، بردنەوە و شکستی ڕووسيا ڕاستەخۆ کار لە پێگەکەی دەکات لە سيستمی جيهانی. لە لایەنی ئابووری و بازرگانی، لە هەردوو دۆخەکەدا زیانی گەورەی بەر دەکەوێت. ئەگەر براوەش بێت، ئەوا دەکرێت تا ماوەیەکی درێژ لێکەوتەکانی ئەو سزا ئابووریيانە بەردەوام بن لەسەر ئابووریيەکەی. لە هەردوو دۆخەکەدا، زیانە مرۆییەکانی گەورە دەبن.   – لێکەوتەکانی بۆ سەر یەکێتیی ئەورووپا لەدوای ڕووسيا و ئۆکرانیا، لێکەوتەکانی ئەم جەنگە بۆ سەر یەکێتیی ئەورووپایە. هەر لە ئێستاوە ئەورووپا جارێکی تر ڕووبەڕووی شەپۆلی پەنابەر بووەتەوە، کە دەکرێت لێکەوتەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی خراپی هەبێت. بردنەوەی ڕووسيا، ئەورووپا تا ڕادەیەکی زۆر ملکەچی ڕووسيا دەکات و دەشێت ناچارانە دوور بکەوێتەوه لە ئەمەريکا و هەوڵی بێلایەنی بدات. لە ئەگەری وەستاندنی ناردنی وزەی ڕووسی بۆ ئەورووپا، ئەوا دەکرێت زیانی زۆر گەورەی هەبێت. بۆ نموونە؛ یەکێتیی ئەورووپا کە زۆر پشت بە گازی سروشتی دەبەستێت، ئەوا ٤١٪ی لە ڕووسياوە دابين دەکرێت[9].  هەر چەند ڕاگرتنی ناردنی وزەی ڕووسی بۆ ئەورووپا، زیانێکی گەورەی دەبێت بۆ ئابووریی ڕووسياش، چونکە ڕاگرتنی وزەی ڕووسيا بۆ ئەورووپا، واتە ڕاگرتنی ناردنی پارە لە ئەورووپاوە بۆ ڕووسيا. دەکرێت جياوازييەکی بنەڕەتی هەبێت لە هەڵوێست و تێڕوانينی نێوان ئەمەريکا و یەکێتیی ئەورووپا، ڕاستە هەردوو لا بەفەرمی دژی ڕووسيان و لەگەڵ ئۆکرانیان، بەڵام ئەورووپا خوازيار نەبوو ئەو جەنگە ڕوو بدات و لەگەڵ ئەوەیە بە زووترين کات کۆتایی پێ بێت، بەڵام دەشێت ئەمەريکا تەنيا لەسەر ئاستی گوتار هاوشێوەی ئەورووپا بێت، بەڵام ويستی ئەمەريکا لەگەڵ هەڵگيرساندنی ئەم جەنگە بوو بەو ئامانجەی ڕووسيا تێوە بگلێنێت بە دۆخێکی ئاڵۆز و قورس کە لە ئەنجامدا ڕووسيا ماندوو و لاواز بکات.   – لێکەوتەکانی بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  تورکيا بە هۆی ئەندامبوونی لە ناتۆ و هەبوونی چەندين کێشە لەگەڵ ڕووسيا لە سووريا و ليبيا، دەکرێت بە جۆریک لە جۆرەکان تێوە بگلێت لەم جەنگە، ئەوەش دووبارە تورکيا دەگەڕێنێتەوە بۆ بەرەی ڕۆژئاوا. بەتايبەت ئەگەر ڕووسيا ناردنی نەوت و غاز بۆ تورکيا بوەستێنێت، ئەوکات تورکيا ناچار دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ژێر هەژموونی ئەمەريکا. ئێران وەک هاوپەيمانێکی ڕووسيا، دەکرێت چەند ئامانجێکی هەبێت، خۆی بکات بە یەکێک لە بەديلە سەرەکیيەکانی گازی ڕووسی بۆ ئەورووپا، بەو مەرجەی هەموو سزا ئابووريیەکانی لەسەر لا بدرێت، یاخود بچێتە بەرەی ڕووسيا و لەگەڵ ڕووسيا فشار لە تورکيا بکەن بەوەی هەردووکیان ناردنی وزە بوەستێنن بۆ تورکيا، بەمەش تورکيا وەک ئەندامێکی ناتۆ ڕووبەڕووی قەيرانی گەورە دەبێت.   – دۆزينەوەی جێگرەوە بۆ وزەی ڕووسيا  بەدەر لە دەرئەنجامی جەنگەکە، ئەورووپا و ئەمەريکا جدديتر کار دەکەن بۆ دۆزينەوەی شوێنگرەوە بۆ وزەی ڕووسيا، چونکە دەرکەوت وزەی ڕووسيا کارتێکی بەهێزە و دەتوانێت وڵاتان داگير بکات و بەو کارتەش خۆی بپارێزێت لە سزای زۆر توند. لە لایەکی ترەوە تورکياش هەمان پلانی دەبێت بۆ خۆڕزگارکردن لە فشاری کارتی وزەی ڕووسی و ئێرانی. لێرەوەیە “هەرێمی کوردستان” وەک خاوەنی بڕێکی زۆر لە گازی سروشتی دەکرێت پەيوەندیيەکی گرنگی هەبێت بە لێکەوتەکانی ئەو جەنگە و جيهانی دوای ئەو جەنگە. بە هاوکاریی ئابووری و سياسیی یەکێتیی ئەورووپا و ئەمەريکا، دەکرێت کەرتی گازی کوردستان ببێت بە یەکێک لە شوێنگرەوەکانی گازی ڕووسی بۆ ئەورووپا، هەروەها کەمکردنەوەی پشتبەستنی تورکيا بە گازی ئێران و ڕووسی. بۆ ئەوەش، جگە لە ڕێگریی ژێرخان و ئابووری، ڕێگریی سياسی و یاسایی بۆ دروست دەکرێت لەلایەن ئێران و عێراق و ڕووسياوە، وەک بڕيارەکەی دادگای باڵای عێراق. دەکرێت گازی قەتەر یەکێک بێت لە شوێنگرەوە ديارەکان، کە ئەمەش پێگەی قەتەر بەهێزتر دەکات بەرامبەر بە سعوديە و ئيمارات. هەروەها وزەی ئەمەريکا دەکرێت لە ئايندەدا ببێت بە یەکێک لە شوێنگرەوەکانی وزەی ڕووسی.   – پەيوەندیی چين بە جەنگی ڕووسيا-ئۆکرانیا چين وەک بەهێزترين کاندید بۆ بوون بە جەمسەر بەرامبەر بە ئەمەريکا لە سيستمی جیهانی لە ماوەی داهاتوودا، بە ناڕاستەوخۆ پەيوەندييەکی گرنگی هەیە بەم جەنگەوە. ئەوەی لەم چەند ڕۆژە ڕووی دا، دەرکەوت داگيرکردنی ئۆکرانیا کارێکی ئاسان نەبوو، جگە لە بەرخودانی ئۆکرانيیەکان، ئەمەريکا دووبارە سەرکەوتوو بوو لە دروستکردنی بەرەیەکی نێودەوڵەتیی بەهێز دژ بە ڕووسيا. هاوکات سەپاندنی سزای ئابووری و بازرگانیی قورس بەسەر ڕووسيادا. ئەمە وای کرد ئەگەر چين بيری لەوە کردبێتەوە هێرش بکاتە سەر تايوان، یاخود ئامرازی سەربازی بەکار بهێنێت لەپاڵ ئامرازی ئابووری بۆ فراوانکردنی هەژموونی خۆی لە جيهاندا، ئەوا پێداچوونەوەیەکی ورد دەکاتەوە لەو بارەیەوە، چونکە دەرکەوت ئەمەريکا جارێ ئەو زلهێزەیە کە دەتوانێت بەرەی گەورە دروست بکات و سزای گەورە بسەپێنێت و زۆربەی دەوڵەتە بەهێز و پێشکەوتووەکانی وەک ئەورووپيیەکان و ژاپۆن و کەنەدا…، تا ئەمڕۆش لە کاتی هەستياردا لەگەڵ ئەمەريکا دەبن بە یەک دەنگ دژ بە نەيارانی ئەم سيستمە جيهانييە کە لەلایەن ئەمەريکاوە سەرکردایەتی دەکرێت. بۆیە دەکرێت چين بۆ ماوەیەکی ناديار ئامرازی سەربازی و هێرشبەری دوا بخات، چونکە سەپاندنی ئەم سزا ئابووری و دارایی و بازرگانیيانەی بەسەر ڕووسيادا سەپێنراوە لەم چەند ڕۆژەدا، ئەگەر بەسەر چيندا بسەپێنرێت، ئەوا کاريگەرييەکانی زیاتر دەبن، چونکە زلهێزبوونی ڕووسيا زیاتر پشت بە هێزی سەربازی دەبەستێت، بەڵام هیی چين بە ئابووری، بۆیە لێدان لە هێزی ئابووریی چين؛ کارەساتە بۆ ئەو وڵاتە و تەنانەت بۆ ئابووریی جيهانيش. پوختە ئەم جەنگە و دەرئەنجامەکانی دەکرێت بە گرنگترين ڕووداوی سەدەی ٢١ دابنرێت لە ڕووی جيۆپۆلەتيکی و سياسییەوە، چونکە ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر سيستمی سياسیی جيهانی. لە ڕووی سياسی و هەواڵگری و هاوکاریی سەربازی…، زۆربەی دەوڵەتە بەهێزەکانی جيهان تيایدا بەشدارن، ڕووسيا وەک بەرەی شەڕ، ئەمەريکا و ئەورووپا جگە لە سوپا، لە هەموو ڕوویەکەوە بەشدارن لەم جەنگەدا. گەورەترين ڕێگری کە وا دەکات ئەم جەنگە نەبێتە جەنگی سێهەمی جيهانی، بريتييە لەوەی هەردوو بەرە (ڕووسيا و هاوکارەکانی ئۆکرانیا) خاوەن هێزێکی ئەتۆمی وێرانکەر و بەهێزن.   سەرچاوەكان   [1] Agnieszka Legucka, “New geopolitics: what is actually new?”, The Copernicus Journal of Political Studies 4, No. 2, 2013. P 16. [2] Ibid. [3] Güney, Aylin and Gökcan Fulya, “The Greater Middle East as a Modern Geopolitical Imagination in the American Foreign Policy”, Geopolitics, 15, no 1. 2010. P 23-28. [4] Matthew Mpoke Bigg, “A timeline of the tensions between Russia and Ukraine”, The New York times. Feb. 18, 2022. https://www.nytimes.com/2022/02/18/world/europe/russia-ukraine-timeline.html (last accessed 27/2/2022). [5] Joshua J. Mark, “Kievan Rus”, World history Encyclopedia, 2018. https://www.worldhistory.org/Kievan_Rus/ (last accessed 27/2/2022). [6] اوكرانيا برس، زيلينسكي يرد علی بوتين: أخوتنا اشبە بقصة قابيل وهابيل، ٢٠٢١. https://ukrpress.net/node/16537 [7] Becky Sullivan, “Russia’s at war with Ukraine. Here’s how we got here”, NPR, 2022. https://www.npr.org/2022/02/12/1080205477/history-ukraine-russia?t=1645961309142 (last accessed 27/2/2022). [8] Ibid. [9] Catherine Clifford, ‘’Why Europe is so dependent on Russia for natural gas’’, CNBC, 2022. https://www.cnbc.com/2022/02/24/why-europe-depends-on-russia-for-natural-gas.html   بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (12)ی ئازاری 2022ی گۆڤاری ئایندەناسی *خوێندکاری دکتۆرا لە زانستە سياسیيەکان لە زانکۆی وارسۆ – پۆڵەندا


(درەو):  پرۆژەیەك بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئامادە كراوە، فراكسیۆنەكانی یەكێتی، یەكگرتوو، كۆمەڵی دادگەریی‌و جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌و دوو پەرلەمانتاری گۆڕان ئیمزایان لەسەر پرۆژەكە كردووە. ئەمە هەمواری (هەشتەم)ی یاسای ژمارەی (1)ی ساڵی 1992ی پەرلەمانی كوردستانە، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو) بڕیارە ئەمڕۆ ئەم پرۆژە هەموارە پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەماتی كوردستان بكرێت.  خستنەڕووی ئەم پرۆژەیە لەلایەن یەكێتی‌و یەكگرتوو‌و كۆمەڵی دادگەرییەوە لەكاتێكدایە، پارتی‌و یەكێتی لەبارەی چۆنیەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەدیاریكراویش لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن‌و چارەنوسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی كوردستان ناكۆكن. چارەنوسی كۆمسیۆن لەبارەی چارەنوسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەوە، پرۆژەی چوار لایەنەكە داوا دەكات كۆمسیۆنەكەی كوردستان وەكو خۆی بمێنێتەوە، واتە بیرۆكەی دانانی دادوەرانیان لەشوێنی كۆمسیاران یاخود رادەستكردنی هەڵبژاردن بە كۆمسیۆنەكەی عێراق رەتدەكەنەوە.   بەڵام مانەوەی كۆمسیۆنەكەی هەرێم وەكو خۆی، هێشتا بێ كێشە نییە، نەوەی نوێ داوا دەكات لەم كۆمسیۆنەدا پشكی بۆ دیاری بكرێت، كۆمەڵ‌و یەكگرتووش دژی ئەوەن دەستكاری پشكەكانیان بكرێت لەناو كۆمسیۆنەكەدا.  كۆمسیۆننی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێمی كوردستان بەر لە دروستبوونی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دروستكراوە، ئەم كۆمسیۆنە تائێستا تەنیا یەك ئەركی ئەنجامداوە كە بەڕێوەبردنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی بوو لە ساڵی 2017دا، ئێستا كۆمسیۆنەكە وادەی یاسایی بەسەر چووە، بەهۆی ناكۆكی لایەنەكانەوە پەرلەمان نەیتوانیوە چارەسەری شەرعیەتی كۆمسیۆنەكە بكات.  فرە بازنەیی یەكێك لەو ماددانەی یاسای هەڵبژاردن، كە ئەم سێ لایەنە لە پرۆژەكەیاندا دەستیان بۆ بردووە، ماددەی (نۆیەم)ی یاساكەیە، لە هەموارەكەدا داوا دەكەن بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەم، هەرێمی كوردستان بكرێت بە (4) بازنەی هەڵبژاردن، واتە هەر پارێزگایەك بازنەیەكی هەڵبژاردن بێت (هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە)، ئەمە ئەو خاڵە سەرەكیەیە كە پارتی دیموكراتی كوردستان دژیەتی‌و داوا دەكات هاوشێوەی پێشتر هەرێمی كوردستان یەك بازنەی هەڵبژاردن بێت، ئەمە كێشەی جەوهەری نێوان پارتی‌و یەكێتییە. یەكێتی‌و لایەنەكانی تر پێیانوایە، ئەگەر هاوشێوەی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لە هەرێمی كوردستانیش شێوازی فرە بازنەیی پەیڕەو بكرێت، پارتی جارێكی تر ناتوانێت زۆرینەی پەرلەمانی كوردستان كۆنترۆڵ بكات.  سەربەخۆكانیش خۆیان كاندید بكەن  هەموارەكەی یەكێتی‌و یەكگرتوو و كۆمەڵی دادگەریی داوا دەكات هاوشێوەی بەغداد لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا، دەرفەت بە كەسانی دەرەوەی حزبە سیاسییەكان بدرێت، وەكو (سەربەخۆ) خۆیان كاندید بكەن، بۆ ئەمەش داوا دەكات هەر كەسێك دەیەوێت بەشێوەی سەربەخۆ بەشدار ببێت، لیستێك بە ئیمزای (1000 دەنگدەر)ەوە پێشكەشی كۆمسیۆن بكات وەكو پاڵپشتی بۆ كاندیدبوونی.  چارەنوسی كۆتاكان یەكێك لە خاڵە ناكۆكەكان لەنێوان پارتی‌و یەكێتی (بە لایەنەكانی تریشەوە)، پرسی كورسی كۆتاكان "پێكهاتەكان"ە، پێكهاتەكانی لە پەرلەمانی كوردستان (11) كورسییان بۆ تەرخانكراوە، ئەمانە لە زۆرینەی پرسە سیاسییەكاندا لەناو پەرلەمان پاڵپشتی لە سیاسەتەكانی پارتی دەكەن، ئەمە وایكردووە یەكێتی‌و لایەنەكانی تر داوای دەستكاریكردنی شێوازی هەڵبژاردنی كورسی كۆتاكان بكەن.  لەو پرۆژەیەدا كە یەكێتی‌و یەكگرتوو و كۆمەڵ ‌و نەوەی نوێ ئیمزایان لەسەركردووە، داوا كراوە (11) كورسییەكە دابەش بكرێت بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا، بەمشێوەیە:  •    پێكهاتەی توركمان: 5 كورسی (3 كورسی بۆ بازنەی هەولێر، 2 كورسی بازنەی سلێمانی) •    پێكهاتەی مەسیحی: 5 كورسی (1 كورسی بۆ هەولێر، 2 كورسی بۆ دهۆك، 2 كورسی بۆ سلێمانی)  •    پێكهاتەی ئەرمەن: 1 كورسی بۆ دهۆك ئەم پێشنیازە لەلایەن پارتییەوە رەتدەكرێتەوە.  هەڵبژاردن دەكرێت ؟ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان رۆژی 1ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵی وەكو وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاریكردووە، بەڵام كات تێدەپەڕێت‌و هێشتا لایەنەكان لەسەر هەڵبژاردنەكە نەگەیشتونەتە رێككەوتن، ئەمە لەكاتێكدایە كۆمسیۆن ماوەی (6) مانگ كاتی پێویستە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بەڕێوەببات.  لە هەموو حاڵەتەكاندا پێشبینی ناكرێت هەڵبژاردنەكە لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت، پارتی دەیەوێت بەرپرسیارێتی دواكەوتنی هەڵبژاردن بخاتە ئەستۆی یەكێتی‌و لایەنەكانی تر، ئەمانیش لەرێگەی پێشكەشكردنی ئەم پرۆژەیەوە دەیانەوێت بەرپرسیارێتییەكە بخەنە ئەستۆی پارتی.  پارتی‌و یەكێتی سەرباری ئەوەی لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە 1ی ئۆكتۆبەردا رێكنەكەوتوون، هاوكات لەسەر وادەیەكی تریش رێككەوتنیان نەكردووە ئەگەر هاتوو هەڵبژاردنەكە لە وادەی دیاریكراو دواخرا.   


 (درەو): رێژەی 99%ی كارەكانی پرۆژەی شەقامی (100 مەتریی) سلێمانی راوەستاوە، كۆمپانیای جێبەجێكاری پرۆژەكە ئەمڕۆ دیزاینەری پرۆژەكەی ناردە ماڵەوە.  ئەمڕۆ كۆمپانیای جێبەجێكاری پرۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی دیزاینەری سەرەكی پرۆژەكەی ناردە ماڵەوە، لەئێستاشدا كاركردن لە 99%ی پرۆژەكە وەستاوە. ئەمڕۆ كۆمپانیای قەیوانی جێبەجێكاری پرۆژەی (100) مەتری سلێمانی، دیزاینەری پرۆژەی (100) مەتریەكەی بەناوی (قادر سەعید) ناردە ماڵەوە، ئەمە بە واتای راوەستانی پرۆژەكە دێت.  لە رۆژی 12ی ئەم مانگەوە، كۆمپانیای قەیوان كاركردنی لە پرۆژەی شەقامی (100 مەتریی) سلێمانی راگرتووە، دەڵێ حكومەت شایستە داراییەكانی بۆ خەرج ناكات.  بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، ئێستادا تەنیا لە سێ مەوقیعی بچوكی پرۆژەی شەقامی (100 مەتریی)دا كاردەكرێت، ئەویش بەڵێندەرە سانەوییەكانن‌و دەیانەوێت كارەكانی پێشوویان تەواو بكەن بۆ ئەوە قاڵبەكانیان خراپ نەبێت، ئەگەرنا كاركردن لە رێژەی 99%ی پرۆژەكەدا راوەستاوە.  ئەو سێ ناوچەیەی شەقامی (100 مەتریی) كاری تێدا دەكرێت بریتین لە  (پردی 24، ئینتەچەینجی 16، ئینتەرچەینجی 17). ئەمە لەكاتێكدایە چەند رۆژێك دوای بڕیاری كۆمپانیای قەیوان بۆ راگرتنی كارەكانی شەقامی (100 مەتریی)، لەیلا عەلی سەرۆكی شارەوانی سلێمانی رایگەیاند، كاركردن لە پرۆژەكە دەستی پێكردوەتەوە.   


(درەو): بەپێی نوسراوێك سەرۆكی شارەوانی سلێمانی كە كۆپییەكی دەست (درەو) كەوتووە، شارەوانی بڕیاری راگرتنی دروستكردنی پرۆژەیەكی نیشتەجێبوونی لەشوێنی (گەراجی مەسڵەحەی كۆن) راگرتووە.  هەواڵی دروستكردنی ئەم پرۆژە نیشتەجێبوونە بۆ یەكەمجار رۆژی 9ی شوباتی رابردوو لە (درەو) بڵاوبووەوە، كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا‌و داواكاری گشتی سكاڵای تۆماركرد، بەتایبەتیش كە شوێنی دروستكردنی پرۆژەكە دەكەوێتە ناو جەرگەی سلێمانی‌و بەشێكە لە یادەوەری خەڵك‌و لە كۆندا بە "گەراجی مەسڵەحە" ناسراوە.  سەرۆكی شارەوانی سلێمانی لە نوسراوەكەیدا دەڵێ" رازی نین بە دیاریكردنی ئەو دوو پارچە زەوییە بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی نیشتەجێبوونی ئاسودە، چونكە ئەو دوو پارچە زەوییە رەگەزیان باخچەیە". ئەم پرۆژە نیشتەجێبونە كە ئێستا ئیتر دروستكردنی بە بڕیاری شارەوانی راگیراوە، بڕیاربوو لەلایەن (كۆمپانیای بەڕێز)ەوە جێبەجێ بكرێت‌و تەنانەت دیواری پرۆژەكەش سیاج كرابوو، پرۆژەكە ناوی لێنرابوو "پرۆژەی نیشتەجێبوونی ئاسودە".  روبەری ئەو دوو پارچە زەوییەی كە بڕیاربوو پرۆژەی نیشتەجێبوونی لەسەر دروست بكرێت نزیكەی (10) دۆنمە، بەپێی بەدواداچوونی (درەو)، لەم شوێنەدا هەر مەترێكی زەوی بەهاكەی زیاتر (2500) دۆلارەو تەنیا رووەكەی بەهاكەی دەگاتە (25 ملیۆن) دۆلار.  خاوەنی پرۆژەكە بەنیاز بوو لەم شوێنەدا (4) شوقەی (28) نهۆمی دروست بكات و بەشی پێشەوەی زەوییەكەش بكات بە دوكان و بازاڕ. شوێنی ئەم پرۆژەیە بە دیاریكراوی دەكەوێتە گەڕەكی (رزگاری) لە باشوری شاری سلێمانی و بە (دڵی سلێمانی) دادەنرێت و بەشی پێشەوەی پرۆژەكە دەكەوێتە سەر شەقامی (سالم)و بەرامبەر سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانییە. گەراجی مەسڵەحەی كۆن ساڵی 1988 دراوە بە چەند كەسێك‌و بڕیاردراوە (72) پاسی هەبێت، بەڵام لەدوای راپەڕینەوە تەنیا (12) پاس كاریان تێدا كردووە. ئەوانەی ئاگاداری چیرۆكی ئەم پارچە زەوییەن دەڵێن: لە چەندین قۆناغدا هەوڵدراوە بەكاربهێنرێت، ئیدارەی گشتی یەكێتی پارەی بەو كەسانە داوەو لە ساڵی 2005 دا داویەتی بە كۆمپانیای (بەڕێز) بۆ پرۆژەو دواتر لێی وەرگیراوەتەوەو قەرەبوو كراوەتەوە. لە قۆناغی دواتردا چەند هەوڵێك هەبووە بۆ ئەوەی ئەم زەوییە بكرێت بە پرۆژەی نیشتەجێبوون، بەڵام  لەلایەن (هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد)و (حاكم قادر حەمەجان) ئەندامانی پێشووی مەكتەبی سیاسی ئەوكاتی یەكێتییەوە رێگریان لێكراوە. شوێنەكە سەربە وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنەو لەلایەن ماستەرپلانی سلێمانییەوە پەسەندكراوە، خەڵكی ناوچەكە چەندینجار داویانكردووە بكرێتە پاركێكی سەوزایی لەبەرئەوەی لەوناوچەیە سەوزایی كەمە.   هەواڵی پەیوەندیدار "مەسڵەحەی كۆن"ی سلێمانی دەكرێت بە شوقەو شوێنی بازرگانی  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand