پۆستە باڵاکانی کانی کورد لە بەغداد (2004 - 2022)
2022-10-20 07:33:57
شیكاری: درەو
# کورد لە (19) ساڵی ڕابردوودا بە (40) وەزیر بەشداری لە (8) کابیەی حکومەتی عێراقیدا کردووە.
# (17) ساڵە پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار لای کوردە.
# لە ساڵی (2004 - 2014) سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جێگرێکی هەبووەو کورد ئەو پۆستەی بەڕێوەبردووە.
# لەدوای ساڵی (2003)ەوە کورد (372) ئەندامی گەیاندووە بە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بەردەوام جێگری ئەنجومەکە لای پێکهاتەی کورد بووە.
# سەرەڕای ئەو پۆستانە زیاتر له سهد بریكاری وەزیر و باڵیۆزی وڵاتان و بەرێوەبەری گشتی و ئەندام و سەرۆكی دەستە، دراون به کورد. زیاتر لهوانهش زۆرتر له 30 پۆستی سوپا سالار و فهرماندهی هێزی ئاسمانی و فەرماندەو دەزگای هەواڵگیری عێراق له پشکی کورد بوون.
یەكەم؛ کورد لە ئەنجومەنی حوکمدا
لەدوای رووخانی رژێمی بەعس لە 9ی نیسانی 2003 سەركردایەتی كورد بە دوو ئیدارەیی هەرێمەوە چووە بەغداد، ئەنجومەنی حوكم دروستكرا له (12ی تەمووزی 2003 بۆ 1ی حوزەیرانی 2004) كە لە (25) ئەندام پێكهاتبوو، لەناویاندا (5) ئەندامی كورد بوون ئەوانیش: (مەسعود بارزانی - سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، جەلال تاڵەبانی - سكرتێری گشتی یهكێتی نیشتمانیی كوردستان، سەلاحەدین بەهادین - ئەمینداری یەكگرتوی ئیسلامی، د مەحمود عوسمان - سەربەخۆ و دارا نورەدین - سەربەخۆ).
لە ئەنجومەنی حوكمدا سەرۆكایەتی ئەنجومەنەكە بەشێوەی خول هەر مانگەی یەكێكیان دەبووە سەرۆك كە (12)یان بۆ سەرۆكایەتی دیاریكران، لەناویاندا (مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی) كوردی تێدابوو.
هەر لە سەردەمی ئەنجومەنی حوكمدا كوردا بە (5 وەزیر) بەشداری لە وەزارەتەكانی ئەنجومەنی حوكمدا كرد ئەوانیش؛ (هۆشیار زێباری - وەزیری كاروباری دەرەوە، نەسرین بەرواری - وەزیری شارەوانییەكان، د. لەتیف رەشید - وەزیری سەرچاوەكانی ئاو، محەمەد تۆفیق رەحیم - وەزیری پیشەسازی و عەبدوڕەحمان سدیق كەریم - وەزیری ژینگە).
لە سەردەمی ئەنجومەنی حوكمدا بڕیاری نوسینەوەی دەستورو داڕشتنەوەی سیستمی نوێی عێراق درا، بە وتەی بەرپرسێكی باڵای كورد كاتێك گفتوگۆكرا بۆ داواكاری كورد، بەرپرسانی كورد نەیاندەزانی لەكوێوە دەست پێبكەن، هیچ نوسین و دۆكییۆمێنتێكی رەسمیان بەردەست نەبوو، ناچار گەڕانەوە بۆ رێككەوتننامەی 11ی ئازاری 1970، بەتایبەتیش ئەو مادانەی لە دەستوری كاتی و هەمیشەیی عێراقدا چەسپێنران هەمان مادەی رێكەوتنی 11ی ئازاری 1970 بوو، بۆ نمونە:
• كورد زمانی كوردی كرد بە زمانی رەسمی لە پاڵ زمانی عەرەبی، لە مادەی یەكی ریككەوتنی 11ی ئازاردا هاتووە "زمانی كوردی لە پاڵ زمانی عەرەبی رەسمی دەبێت"، بەهەمان شێوە لە دەستوری عێراقیشدا 2005 هاتووە.
• لە مادەی 2ی رێککەوتنی 11ی ئازاردا نوسراوە "كوردەكان بەشداری تەواوی حوكم دەكەن بە سوپاشەوە".
• لە مادەی 6ی رێککەوتنی 11ی ئازاردا هاتووە بودجەیەكی پێویست بۆ ئاوەدانكردنەوەی كوردستان تەرخان دەكرێت، بە هەمان شێوەی بودجەی هەرێم بەرێژەی 17% دیاریكرا.
• لە مادەی 8ی بەیانی 11ی ئازاردا هاتووە "كوردەكان و عەرەبەكان دەگەرێندرێنەوە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان"، بەهەمان شێوە لە مادەی 58ی دەستوری كاتی و لە ماددهی 140ی دەستوری هەمیشەییدا واهاتووە، لەدوای ئاساییكردنەوەی ئینجا بڕیاری لێدەدرێت.
واتا ئەوەی لە دەستوری كاتی و هەمیشەیی عێراقدا هاتووە، بە دەستكاریەكی كەمەوە لە رێكکەوتننامەی 11ی ئازارهوه وەرگیراوە.
دووەم؛ حكومەتی كاتی عێراق بهسهرۆکایهتی (ئەیاد عەلاوی) 2004
حكومەتی كاتی عێراق بە سەرۆكایەتی (ئەیاد عەلاوی) لە حوزەیرانی 2004 پێكهات، كورد بەشداری لهم حکومهته کردو تێیدا؛ (د.فوئاد مەعسوم، بووە سەرۆكی كۆمەڵەی نیشتمانیی عێراق (پەرلەمان)و لەگەڵ 75 ئەندامی كورد لەو ئەنجومەنە لەكۆی 275 ئەندامی كۆمەڵەی نیشتیمانی عێراق، د. رۆژ نوری شاوەیس کرا به جێگری سەركۆماری عێراق. لەگەڵ جێگری سهرۆک وهزیران و 5 وەزیری كورد لهم کابینهیهدا بهشداربوون ئهوانیش؛ (د. بەرهەم ئهحمهد ساڵح - جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق، وشیار زێباری - وەزیری كاروباری دەرەوە، د. لەتیف رەشید - وەزیری سەرچاوەی ئاو، نەسرین بەرواری - وەزیری شارەوانی، نهرمین عوسمان – وهزیری دهوڵهت بۆ کاروباری ژنان و بەختیار ئەمین کرا به وەزیری مافی مرۆڤ).
سێیەم: حكومەتی كاتی عێراق بهسهرۆکایهتی (ئیبراهیم جهعفهری) 2005
لەسەردەمی كابینەی ئیبراهیم جەعفەریدا كە لە نیسانی ساڵی 2005 پێكهات، كورد سەڕەرای پۆستە وزارییەكان، بۆیەكەمجار پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی بەدەست هێنا، لەلایەن جەلال تاڵەبانییەوە، هاوكات عارف تەیفور، بووە جێگری سەرۆكی پارلەمانی عێراق، لەگەل 58 پارلەمانتاری كورد لە ئەنجومەنی نوێنەران، د.رۆژ شاوەیس، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، هەریەك لە (هۆشیار زێباری - وەزیری دەرەوە، د لەتیف رەشید - وەزیری سەرچاوەی ئاو، د بەرهەم ساڵح، وەزیری پلاندانان، عەبدولباست كەریم مەولود - وەزیری بازرگانی، د.جوان فوئاد مەعسوم - وەزیری اتصالات، د.ئیدرس هادی - وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی و نەرمین عوسمان - وەزیری كاروباری ژنان) دانران.
چوارەم؛ كابینەی یەكەمی نوری مالیكی 2006 - 2010
دوای ناڕازیبوونی كورد لەسەر ئەدای ئیبراهیم جەعفەری، نوری مالیكی لە مایسی 2006 كابینەیەكی نوێی راگەیاند، كورد بە چەند پۆستێك لەو حكومەتەدا بەشداربوو، سەرەڕای پۆستی سەرۆك كۆمار لەلایەن تاڵەبانییەوە، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەلایەن عارف تەیفور و د.رۆژ نوری شاوەیس، نوێنەری كورد لە ئەنجومەنی سیاسی ئاسایشی نیشتمانی عیراقداو 57 پارلەمانتار، هەریەك لە (د.بەرهەم ساڵح به جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، هۆشیار زێباری - وەزیری كاروباری دەرەوە، د. لەتیف رەشید - وەزیری سەرچاوەی ئاو، فەوزی حەریری - وەزیری پیشەسازی، بەیان دزەیی - وەزیری شارەوانی، دارا نورهدین – وهزیری داد، عهلی بابان – وهزیری پلاندانان و نەرمین عوسمان به وەزیری ژینگە) دیاریکران.
لەسەردەمی كابینەی یەكەمی نوری مالیكیدا مادەی 140 كە 30ی كانونی یەكەمی 2007 دوا وادەی بوو، كۆتایی هات و جێبەجێش نەبوو، نوێنەرانی كوردیش هیچ هەڵوێستێكیان نەبوو.
پێنجەم؛ كابینەی دووەمی نوری مالیكی 2010 - 2014
كابینەی دووەمی نوری مالیكی كە لە 25/11/2010 دروستكرا، كورد بەچەند پۆستێك بەشدار بوو، هاوكات جارێكی تر رازی بوو بە دووبارە كاندیدكردنەوەی نوری مالیكی بۆ سەرۆكی حكومەتی عێراق و حکومهتهکه لە شاری هەولێریشەوە پێكهات. سەرەڕای جێبەجێنەكردنی هیچ ماف و داواكارییەكی كورد بە مادەی (140)یشەوە، لەو كابینەیەدا پۆستی سەرۆك كۆمار لەلایەن جەلال تاڵەبانی و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لەلایەن عارف تەیفور لەگەل 57 پارلەمانتاری كوردو د.رۆژ شاوەیس، جێگری سەرۆك وەزیران هەریەك له (هۆشیار زێباری - وەزیری دەرەوە، دیندار دۆسكی - وەزیری كۆچ و كۆچبەران، خەیروڵا عەبدولكەریم - وەزیری بازرگانی و عەبدولمەجید حەمە ئەمین به وەزیری تەندروستی) دیاری کران.
شەشەم؛ كابینەی حەیدەر عەبادی 2014 - 2018
كابینەی حەیدەر عەبادی لە 8/9/2014 لە پەرلەمانی عێراق متمانەی پێدرا كە لە ئەنجامی هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هات، لەو كابینەیەدا سەرەڕای پۆستی سەرۆك كۆمار لەلایەن د. فوئاد مەعسوم و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، ئارام شێخ محەمەد، لەگەل 62 پارلەمانتاری كورد، هەریەك لە د.رۆژ شاوەیس، جێگری سەرۆك وەزیران (هۆشیار زێباری - وەزیری دارایی، د.دەرباز محەمەد - وەزیری كۆچ و كۆچبەران، فریاد رەواندوزی - وەزیری رۆشنبیری، بەیان نوری - وەزیری كاروباری ژنان و سامان عەبدوڵا به وەزیری دەوڵەت) دانران.
بەڵام بەبیانووی چاكسازی و بچوکردنهوهی حکومهتهوه، حەیدەر عەبادی هەریەك لە د.رۆژ شاوەیس، جێگری سەرۆك وەزیران و بەیان نوری وەزیری كاروباری ژنان، سامان عەبدوڵا وەزیری دەوڵەتی ئیزنداو هۆشیار زێباری وەزیری دارایش لە پەرلەمان متمانەی لێسەندراوە.
حەوتەم؛ كابینەی عادل عەبدول مەهدی 2018 - 2020
دوای ئهوهی له 12/5/2018 کورد توانی له ههڵبژاردنی ئهنجومهنی نوێنهرانی (58) کورسی بهدهستبهێنێت، پۆستی سهرۆک کۆماری عێراقی جارێکی تر مسۆگهر کرد (د. بهرههم ئهحمهد ساڵح) بۆ ئهو پۆسته ههڵبژێردرا، جێگری سهرۆکی ئهنجومهنی نوێنهرانیش درا به (بەشیر حەداد)، له کابینهکهی عادل عهبدولمههدی کورد به سێ وهزیر بهشدار بوو ئهوانیش؛ (فواد حسێن – وهزیری دارایی، بهنگین ڕێکانی – وهزیری ئاوهدانکردنهوهو نیشتهجێکرن و حاکم فاروق ئهمین شوانی به وهزیری داد) دامهزرێندران، بهڵام کابینهکه تهمهنی خۆی تهواو نهکرد له ساڵی (2020) سهرۆکی ئهنجومهنی وهزیران دهستی لهکار کێشایهوه.
هەشتەم؛ كابینەی مستەفا کازمی 2020-2022
دوای ئهوهی له عادل عهبدولمههدی له ساڵی (2020) دهستی له پۆستهکهی کێشایهوه (مستهفا کازمی) وهک سهرۆکی ئهنجومهنی وهزیران له ئهنجومهنی نوێنهران متمانهی پێدرا که کورد تێیدا (58) کورسی و جێگری سهرۆکی ئهنجومهنی نوێنهرانی تێدا ههبوو جگه لهوهی پۆستی سهرۆک کۆماری عێراقی لای (د. بهرههم ئهحمهد ساڵح) بهردهوام بوو، جێگری سهرۆکی ئهنجومهنی نوێنهرانیش درا به (شاخەوان عەبدوڵا)، هاوکات له کابینهکهی مستهفا کازمی کورد به سێ وهزیر بهشدار بوو ئهوانیش؛ (فواد حسێن – وهزیری دارایی، نازهنین محهمهد وسو – وهزیری ئاوهدانکردنهوهو نیشتهجێکرن و حاکم سالار حهبدولستار به وهزیری داد) دامهزرێندران، تائێستا وهک حکومهتی کاربهڕێکهر له کارهکانیان بهردهوامن چاوهڕوانی پێکهێنانی حکومهتی نوێی عێراقن.
نۆیهم؛ پۆستەكانی دیكەی كورد لەبەغداد
سەرەڕای ئەو پۆستانەی كورد كە تائێستا بەسەرجەم خولەكانی پەرلەمانەوە (372) پەرلەمانتارو (5) ئەندامی ئەنجومەنی حوكم و سەرۆكی كۆمەڵەی نیشتیمانی و سەرۆك كۆمارو (40) وەزیرو لەگەڵ زیاتر له سهد بریكاری وەزیرو باڵیۆزی وڵاتان و بەرێوەبەری گشتی و ئەندام و سەرۆكی دەستە، دراون به کورد. زیاتر لهوانهش زۆرتر له 30 پۆستی سوپا سالارو فهرماندهی هێزی ئاسمانی و فەرماندەو دەزگای هەواڵگری عێراق له پشکی کورد بوون.
نەوشیروان مستەفا لە وتارێكدا بەناوی (كێ بەرپرسە لە جێبەجێ نەبونی مادەی 140؟ ئەمریكا، عەرەب، یان كورد؟) كە لە 27/8/2007 دا بڵاویكردوهتەوە ئاماژە بەوە دەكات (با لە نوێنەرەكانی كورد كە لە بەغداد بون و ئیستا لە بەغدادن پرسیار بكرێ: چییان بۆ خۆیان كردوەو چییان بۆ كەركوك و ناوچە كوردستانییەكان كردوە؟ بۆ خۆیان، چەندیان پارەی موچەی وەزیری و ئەندام پارلەمانی وەرگرتووەو دوای گۆڕانییشیان، چەندیان موچەی خانەنشینی وەرگرتوە، چەندیان خانو و زەوی وەرگرتوە، چەند سەیارەیان وەرگرتوە، چەند حیمایەیان دامەزراندوە، چەندیان لە خزم و دۆست و ناسیاوی خۆیان دامەزراندوە، چەند جار سەفەری دەرەوەیان كردوە، چەند عەقدیان ئیمزا كردوە... بەڵام بۆ كەركوك و ناوچە كوردستانیەكان چی یان كردوە؟)
لە كابینەیەكەوە بۆ كابینەیەكی دیكەو لە خولێكەوە بۆ خولێكی دیكەی پەرلەمانی عێراق ژمارەیەكی زۆری نوێنەری كورد چۆنەتە بەغدادو بەشداربوون لە جومگە سەرەكییەكانی حكومەت و تەواوی دامودەزگاكانی دەوڵەتداریدا، بەڵام لەگەڵ زۆری و زەوەندی نوێنەرانی كورد لە بەغداد، نەك هەر پرسە سیاسی و ئابورییەكانی كورد یەكلانەكراونەتەوە بەڵكو ئاڵۆزترو پڕ كێشە تر بوون، لە بودجە، مادەی 140، پرسی پێشمەرگەو نەوت و دەسەڵاتەكانی هەرێم!!!.
سهرچاوهکان
- محهمهد رهوف، خاکی دابڕێندراو، چاپی یهکهم 2017، لاپهره، 350-365.
- وهرزنامهی فۆکهس پرۆسهی حوکمڕانی و ههڵبژاردن له عێراق (2003 - 2021)، ژماره 12ی ئۆکتۆبهری 2021.