چیرۆكی برینداربوونی ئاكام عومەر
2022-10-22 10:56:47
راپۆرت: درەو
ئامادەكارییان دەكرد بۆ تاقیكردنەوەی هەندێك فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان (درۆن) كە توانای هەڵگرتنی بۆمبو تەقەمەنییان هەیە، لەوكاتەدا لەناو یەكێك لە ئۆتۆمبیلەكان كە بۆمبە ئامادەكراوەكانی تێدا بوو، تەقینەوەكە رویدا، ئەمە چیرۆكی ئەو رووداوەیە كە (ئاكام عومەر)ی فەرماندەی هێزی كۆماندۆی یەكێتی تێدا بە سەختی بریندار بوو، (درەو) لەم راپۆرتە لەزاری چەند سەرچاوەیەكی ئەمنیی ئاگادار لە رەوتی لێكۆڵینەوەكان، وردەكاری تەقینەوەكەی 18ی ئەم مانگەی سنوری گەرمیان بڵاودەكاتەوە.
تەقینەوەو گومانەكان
رۆژی 18ی ئەم مانگە لە سنوری (غەڕڕە)ی ناوچەی گەرمیان تەقینەوەیەك رویدا، لەم تەقینەوەیەدا (ئاكام عومەر) فەرماندەی هێزی كۆماندۆی یەكێتی برینداربوو، ئەفسەرێكی هێزەكانی كۆماندۆ بەناوی (زوهێر محەمەد) گیانی لەدەستداو (7) پێشمەرگەی تری هێزەكە برینداربوون.
لەو رۆژەوە تائێستا ئاكام عومەر فەرماندەی هێزی كۆماندۆ لە (نەخۆشخانەی فاروق) لەژێر چاودێری تەندروستیدایەو بەرپرسانی یەكێتی باسلەوە دەكەن دۆخی باش نییە. بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، ئاكام عومەر لەدوای ئەو نەشتەرگەرییانەی بۆی كراوە، هۆشی نەگەڕاوەتەوە، برینەكانی زۆرنو سەرو پشتو رانو قاچەكانی بەركەوتوون.
دوای چوار رۆژ لەم رووداوە، لیژنەی لێكۆڵینەوە هیچ راگەیەندراوێكی لەبارەی چۆنیەتی رووداوەكە بڵاونەكردوەتەوە، وەزیری پێشمەرگەو فەرماندەی هێزەكانی 70و میدیاكانی یەكێتی دەڵێن بۆمبی چێندراوی داعش لە سنوری گەرمیان بە هێزەكەی كۆماندۆدا تەقیوەتەوە، بەڵام ئەمە هێشتا رایگشتیو چاودێرانی تێر نەكردووە بۆ تێگەیشتن لە وردەكاری رووداوەكە، ئەمە گومانیو لێكدانەوەی جۆراوجۆری دروستكردووە، بەتایبەتیش دوای كوژرانی ئەفسەرێكی ئەنجومەنی ئاسایش لە تەقینەوەیەكدا لە هەولێر.
لەبارەی رووداوەكەی ناوچەی خەڕرەو پەڵكانەوە هەندێك دەڵێن ئەوەی رویداوە رووداوێكی پلان بۆ داڕێژراو بووەو هەندێكی تر دەڵێن هەڵەی هێزەكە بووە كە شارەزای ناوچەكەو بۆمبە چێندراوەكان نەبوون، لەنێوان ئەم دوو بۆچونە جیاوازەدا (درەو) هەوڵیدا لەرێگەی ئەوانەی ئاگاداری لێكۆڵینەوەكانن بەدوای هۆكاری سەرەكی رووداوەكەدا بگەڕێت.
ئەمە لەكاتێكدایە وێنەی شوێنی رووداوەكە تائێستا نەگەیشتوەتە دەست میدیاكان، بەڵام دیمەنی دوو كەس لە بریندارەكان لە نەخۆشخانەی فاروقەوە دزەیان كردە دەرەوە.
رووداوەكە چۆن روویدا ؟
بەرە بەیانی رۆژی چوارشەممە 18ی ئۆكتۆبەر، هێزی كۆماندۆ لە دۆڵو شیوەكانی (غەڕڕە)و (پەڵكانە)ی سەربە ناحیەی (زینانە)ی گەرمیان جێگیربوون، لەم ناوچەیە بۆشاییەكی ئەمنیی لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگەو هێزەكانی سوپای عێراق هەیە، بووە بە شوێنی جموجوڵی چەكدارانی داعش، بەرپرسانی ئەمنی دەڵێن چەكداران لەم سنورە ژمارەیەكی زۆر بۆمبی چێندراویان داناوە.
بەپێی بەدواداچوونە وردەكانی (درەو) بۆ ئەم رووداوە دوای قسەكردن لەگەڵ چەندین بەرپرسی ئەمنی باڵا، لیژنەكانی لێكۆڵینەوە لەبارەی رووداوەكە گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی رووداوەكە بەهۆی تەقینەوەی بۆمبە چێندراوەكانی "داعش"ەوە نەبووە.
ئەو بەرپرسە ئەمنییانەی (درەو) قسەی لەگەڵ كردوون دەڵێن" هێزەكەی كۆماندۆ بۆ ئەنجامدانی راهێنانێكی تایبەتی چوەنەتە شوێنەكە، هێزەكە لە چەند ئۆتۆمبیلێك پێكهاتووە، كاریان لەسەر تاقیكردنەوەی چەند (درۆن)ێك كردووە كە توانای هەڵگرتنی تەقەمەنیو بۆمبیان هەیە.
ئاكام عومەر فەرماندەی هێزی كۆماندۆ بە كۆپتەرێك گەیشتە ناوچەكە ناوچەكە بۆ سەرپەرەشتیكردنی راهێنانەكە لەسەر فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكان (درۆن)، كاتێك فەرماندە ئاكام عومەر لە هێلیكۆپتەرەكەی دابەزی، تیمەكەی لە نزیكی ئۆتۆمبیلەكانیان گفتوگۆیان كردووە، لەم كاتەدا لەناو یەكێك لە ئۆتۆمبیلەكانی هێزەكەدا لە جۆری (نیسان پاترۆڵَ) تەقینەوەیەك روویدا، نەقیب (زوهێر محەمەد) لەناو ئەو ئۆتۆمبیلەدا بوو كە تەقینەوەكە تێیدا روویداو دەستبەجێ گیانی لەدەستدا.
ئەوانەی ئاگاداری وردەكاری لێكۆڵینەوەكانن لەبارەی رووداوەكە دەڵێن، كاتێك تەقینەوەكە رویداوە، ئاكام عومەر فەرماندەی هێزەكە بەرەو ئۆتۆمبیلەكە رایكردووە بۆ رزگاركردنی زوهێر محەمەدی ئەفسەری هێزەكەی، كاتێك دەرگای ئۆتۆمبیلەكەی كردووەتەوە، چەند تەقینەوەیەكی تر لەناو ئۆتۆمبیلەكەدا رویداوە.
لیژنەی لێكۆڵینەوە بەو قەناعەتە گەیشتووە، ئەوەی لەناو ئۆتۆمبیلەكەدا تەقیوەتەوە چەند بۆمبو گولـلە هاوەنێك بووە كە ئامادەكراون بۆ ئەوەی لە (درۆن)ەكان ببەسترێتو تاقیكردنەوەیان لەسەر بكرێت.
گومان هەیە تەقینەوەی بۆمبەكان بەهۆی ئەوە بێت نەقیب زوهێر محەمەد كە شارەزای بۆمب بووە، دەستكاری بۆمبەكانی كردبێت یاخود بەشێوەیەكی نائاگایانە قاچی بەریان كەوتبێتو بەوهۆیەوە تەقینەوەكە رویدا بێت.
شارەزایانی سەربازی دەڵێن" بەستنی بۆمب و گولـلەی هاوەن لە درۆن كارێكی هەستیارو وردە، دەبێت بەشێوەیەكی ئاگایانە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، چونكە ئەگەری تەقینەوەیان خێرایە".
لەبارەی هێزی كۆماندۆ
هێزی كۆماندۆ یەكێكە هێزەكانی سەربە یەكەی (70)ی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئەمە یەكێكە لە هێزە تایبەتەكانی یەكێتی لەڕووی راهێنانو چەكو تەقەمەنییەوە.
ئەم هێزە لە بنەڕەتەوە بۆ ئەركێكی ئەمنیی فەڕەنسییەكان لە شەڕی دژ بە "داعش"دا لەلایەن جەعفەر شێخ مستەفای فەرماندەی پێشووی هێزەكانی 70وە دروستكرا، جەعفەر شێخ مستەفا ئێستا جێگری سەرۆكی هەرێمە بۆ كاروباری سەربازیی.
هێزی كۆماندۆ لەلایەن فەڕەنسییەكانەوە راهێنانی پێكراوە، لەسەرەتای دروستبوونییەوە تائێستا فەرماندەی ئەم هێزە (ئاكام عومەر) بووە كە گەنجێكی خەڵكی سنوری پارێزگای كەركوكەو لە شەڕەكانی دژی داعشدا لێهاتوویی خۆی سەلماندووە.
رۆژی 8ی تەموزی 2021 كێشەی نێوان هاوسەرۆكەكانی یەكێتی (بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگیی) تەقییەوە، بەرەبەیانی ئەو رۆژە بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ هێزێكدا چووە قەلاچوالانو بارەگای سەرەكی دەزگای (زانیاری) یەكێتی كۆنترۆڵكرد كە لەژێر هەژموونی لاهور شێخ جەنگیدا بوو، ئەمە سەرەتای دورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگیی لە یەكێتیو دروستبوونی گۆڕانكاریی لە نەخشەی هێزە ئەمنییەكانی یەكێتیدا بوو.
پێنج مانگ دوای رووداوەكانی 8ی تەموزو بە دیاریكراوی لە 16ی كانونی یەكەمی 2021دا روبەڕووبونەوەیەكی چەكداریی لەنێوان دوو هێزی تایبەتی سەربە جەعفەر شێخ مستەفا لەناو شاری سلێمانی رویدا، هێزی (كۆماندۆ)و هێزی (ئاڵتونی) روبەڕووی یەكتر بوونەوە، كەسێك كوژرا، ئەم رووداوە بووە هۆی ئەوەی ئاكام عومەر فەرماندەی هێزی كۆماندۆ لە جەعفەر شێخ مستەفا جیاببێتەوەو بچێتە پاڵ بافڵ تاڵەبانی.
لەوكاتەوە ئیتر ئاكام عومەر وەكو فەرماندەی هێزی كۆماندۆ لەناو خەڵكدا زیاتر ناسرا، بافڵ تاڵەبانی ناوبەناو لەگەڵ خۆیدا دەیبردە ناو كۆبونەوە ئەمنییەكانو هەندێكجاریش كۆبونەوەی لەگەڵ دیپلۆماتكاران.
لەدوای (8)ی تەمووزەوە بەپێی زانیارییەكانی (درەو) بافڵ تاڵەبانی لەرووی داراییو چەكو جبەخانەی قورسەوە پشتیوانی بۆ هێزی كۆماندۆ دابینكردووە. ئەم هێزە وەكو چەكوشی بەهێزی دەستی بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتییە، نەك بۆ روبەڕووبونەوەی نەیارە سیاسییەكانی، تەنانەت بۆ دەستگیركردنی هەندێك لەو كەسانەی كە مامەڵەیان بە زەویو زارەوە كردووە لە سلێمانی، بافڵ تاڵەبانی پشتی بەم هێزە بەستووە.