Draw Media

یه‌كێتی له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ردا فڕۆكه‌خانه‌ی كه‌ركوكی وه‌رگرت

یه‌كێتی له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ردا فڕۆكه‌خانه‌ی كه‌ركوكی وه‌رگرت

2022-10-16 12:06:47


(درەو): 
لە رۆژی 16ی ئۆكتۆبەردا فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی كەركوك كرایەوە، كۆمپانیایەكی سەربە ئیدارەی گشتی یەكێتی كاروباری ناو فڕۆكەخانەكەی وەرگرتووە. 
ئەمڕۆ (16ی ئۆكتۆبەر) لە پێنجەمین ساڵیادی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەردا، پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك‌و لەگەڵ نوێنەری سەرۆك وەزیرانی عێراق‌و وەزیری گواستنەوەی عێراقدا فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی كەركوكی كردەوە. 
كردنەوەی ئەم فڕۆكەخانەیە لە رۆژی 16ی ئۆكتۆبەردا، وانیشانی دەدات پارێزگاری كەركوك كە سەربە پێكهاتەی عەرەبە دەیەوێت ئەو پەیامە بە خەڵكی كەركوك‌و رایگشتی عێراق بگەیەنێت، لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە كە هێزی پێشمەرگە لە سنورەكە كشاوەتەوە‌و هێزەكانی عێراق چونەتە شوێنەكان، كەركوك ئاوەدانكردنەوە‌و پێشكەوتن بەخۆوە دەبینێت. 
لە مەراسیمی كردنەوەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی كەركوكدا فەریق روكن عەلی فرێجی فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی سوپای عێراق‌و ژمارەیەك بەرپرسی دەسەڵاتی فڕۆكەوانی عێراق‌و دەروازە سنورییەكان بەشداربوون، راكان جبوری پارێزگار كردنەوەی ئەم فڕۆكەخانەیە بە دەستكەوتی خۆی دەزانێت‌و دەڵێ" بەڵێنمانداو جێبەجێمان كرد". 
كۆمپانیای (ئەزمەڕ ئێر) كە سەر بە ئیدارەی گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە كاروباری (چالاكی زەمینی‌و خزمەتگوزاری) فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی كەركوكی وەرگرتووە‌و لەئەمڕۆوە دەستبەكاربووە،(ئەزمەڕ ئێر) یەكێكە لەو كۆمپانیایانەی كە كار بۆ ئیدارەی گشتی یەكێتی دەكات‌و داهاتەكەی بۆ خەزێنەی یەكێتی دەگەڕێتەوە. 
دوای كشانەوەی سوپای عێراق لەبەردەم هێرشی چەكدارانی داعشدا، ساڵی 2014 هێزی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان روبەڕووی داعش بووە‌و چووە ناو شاری كەركوك. 
دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان كە ناوچە جێناكۆكەكانیشی گرتەوە لەناویاندا (كەركوك)، سوپای عێراق لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017دا‌و دوای شكانی داعش لە سنورەكە، جارێكی تر گەڕایەوە‌و  شاری كەركوك‌و ناوچەكانی تری لە دەستی هێزی پێشمەرگە سەندەوە. 
ئەمانە كۆمەڵێك رووداوی سەربازی‌و سیاسین كە لە رۆژانی پێش‌و پاش 16ی ئۆكتۆبەر رویانداوە‌و بەهۆیەوە كورد دەسەڵاتی لە ناوچە "جێناكۆكەكان" لەدەستداوە، لەم روداوانەدا پارتی‌و یەكێتی وەكو دوو هێزی دەسەڵاتداری هەرێمی كوردستان هەردوولایان یەكتری بە "خیانەت" تۆمەتبار دەكەن.
یەكێتی بەوپێیەی بەر لە ریفراندۆم‌و رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر پۆستی پارێزگاری كەركوكی بەدەستەوە بووە، زیانی گەورەی لە كەركوك بەركەوتووە، لەوكاتەوە تائێستا كەسێك لە پێكهاتەی عەرەبی بووە بە پارێزگاری كەركوك. 
یەكێتی لە گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا كە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، پرسی وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوكی كرد بە مەرج لەسەر پارتی، بەڵام ئەم مەرجە هێشتا جێبەجێ نەكراوە.
بەمدواییەش كە پارتی‌و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دانوستانیان كرد، یەكێتی جارێكی تر پرسی پۆستی پارێزگاری كەركوكی هێنایەوە پێش، بەڵام هیچ گرەنتییەكی لەمبارەیەوە پێنەدرا، بەوپێیەی پۆستی پارێزگاری كەركوك پۆستێك نییە تەنیا لەناو پێكهاتەی كوردا یەكلابكرێتەوە‌و رەهەندی دەرەكی هەیە‌و توركیا قسەی تێدا دەكات. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand