هاوپەیمانێتیەكی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان پێكدەهێندرێت
2022-10-16 18:10:05
درەو:
هاوپەیمانێتیەكی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان پێكدەهێندرێت، كە پلان بۆ ماوەی یەك ساڵی كاركردنی پەرلەمان دادەنێن و ژمارەیان 15 ئەندام دەبێت"
(درەو) زانیویەتی كە لە ئێستادا گفتوگۆو راگۆڕینەوە هەیە لە نێوان ئەندامانی (فراكسیۆنی كۆمەڵ، چوار پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی گۆڕان، سێ پەرلەمانتاری سەربەخۆ، پەرلەمانتارەكەی حزبی شیوعی) لە پێناو درووستكردنی بەرە یان هاوپەیمانێتیەك كە بەرنامەو پلانی یەك ساڵە دابنێن تا هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان.
پەرلەمانتارێكی ئەو هاوپەیمانێتیە بە (درەو)ی راگەیاند: چاوەڕوان دەكرێت لەماوەی ئەو ساڵەدا كۆمەڵێك پرسی گرنگ یەكلابكرێتەوە لە ( هەمواری یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنی كۆمسیۆن و نوسینەوەی دەستوور و ..) چەندین یاسای تر، ناكرێت پەرلەمان چۆڵبكرێت تەنیا بۆ فراكسیۆنەكانی (پارتی، یەكێتی ، گۆڕان) و هیچ هێزێكی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمان نەمێنێت.
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی وت، لەسەرجەم خولەكانی پێشوی پەرلەمان تەمەنی پەرلەمان درێژكراونەتەوەو بەشێك لە فراكسیۆنەكان ناڕەزاییان دەربڕیوە دواتر لە پەرلەمانیش بەردەوام بوونە لەسەر كاركردن و هیچ پەرلەمانتارێك لە پەرلەمان نەكشاوەتەوە.
ئەو هاوپەیمانێتی و بەرە نوێیەی كە بڕیارە پێكبهێندرێت پێكدێت لە:
• حەوت ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵ
• چوار ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان
• سێ ئەندامی سەربەخۆ
• ئەندامێكی حزبی شیوعی
رۆژی 9ی ئۆكتۆبەری رابردوو بە دەنگی فراكسیۆنەكانی ( پارتی، یەكێتی، گۆڕان، پێكهاتەكان) پەرلەمانی كوردستان تەمەنی خۆی و حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێمی تا رێژكردەوە، دواتر كاردانەوەی لەناو فراكسیۆنەكانی ئۆپۆزسیۆن درووستكرد بمێننەوە یاخود پەرلەمان چۆڵ بكەن.
- لە ئێستادا (شایان عەسكەری) پەرلەمانتاری فراكسیۆنی نامەی دەستلەكاركێشانەوی ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە، لە حاڵەتی كشانەوەی لە لیستی گۆڕان كاندیدێكی تری ژن كە زۆرترین دەنگی هێناوە دەچێتە شوێنی كە بەپێی ریزبەندی (سۆز عەبدولقادر) دەچێتە شوێنی شایان عەسكەری.
- پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی نەوەی نوێ كە سێ ئەندامن بڕیاریانداوە بەشداری كۆبونەوەكانی پەرلەمان نەكەن و موچە وەرنەگرن و ژمارە بانكیەكانیان دابخەن، لەم حاڵەتەدا بە بیانوی ئامادەنەبوون لە دانیشتنەكانی پەرلەمان بە بێ مۆڵەت، پەرلەمان دورخستنەوەیان بخاتە دەنگدانەوەو لە هەمان لیست كاندیدەكانی تر شوێنیان دەگرنەوە.
- پێنج پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكگرتوو بە بڕیاری ئەنجومەنی سەركردایەتی حزبەكەیان بڕیاریانداوە بكشێنەوە، ئەگەر چی ئەو پەرلەمانتارانە نوسراوێكی (14) خاڵیان ئاراستەی سەركردایەتی حزبەكەیان كردووەو باسیان لە گرنگی مانەوەیان كردووە لە پەرلەمانی كوردستان، لە یەكێك لە خاڵەكانیان باسیان لەوە كردووە لە ساڵی 2017 تەمەنی پەرلەمان درێژكرایەوەو فراكسیۆنی یەكگرتوو نەكشایەوە.
یەكگرتوو لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامی بەیەك لیست بەناوی (بەرەو ئیسڵاح)بەشداریان كردو بە كشانەوەی پەرلەمانتارانی یەكگرتوو كاندیدەكانی بزوتنەوەی ئیسلامی دەچنە شوێنیان كە بریتین لە ( كامیل مەحمود، محەمەد بازیان، عەبدوڵا وەرتی، لەیلا عەلی عەبدولعەزیز، عومەر یوسف)، هەرچەندە هێشتا بزوتنەوەی ئیسلامی بڕیاری كۆتایی نەداوە لەو بارەیەوە.
ئەگەر حزبەكە بڕیاری كشانەوەی داو هیچ كانیدیدَكی لیستەكە ئامادە نەبوو بچێتە پەرلەمان ئەوا دەنگ و كورسیەكانیان دابەش دەكرێن بەسەر لیستە براوەكاندا، واتا ئەگەر كاندیدەكانی بزوتنەوە ئامادە نەبن بچنە پەرلەمان ئەوا كورسیەكانی فراكسیۆنی یەكگرتوو دابەش دەكرێن بەسەر لیستە براوەكاندا و ئەو پێنج كورسیەی یەكگرتوو سێ كورسی بۆ فراكسیۆنی پارتی و دوو كورسی بۆ فراكسیۆنی یەكێتی دەچێت.
شیروان زرار وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی لەوبارەیەوە نوسیویەتی:
لەكاتیك ئەگەر ئەو لیستە پاڵێوراوەكانی بەڕیزبەندی ئامادەنەبوون كورسی ئەندام پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكان پڕبكەنەوە،یاخود یەدەگی پاڵێوراویان نەبوو بۆ پڕكردنەوە،ئەوكات سەرجەم دەنگی ئەو قەوارەیە كەلەهەڵبژاردن بەدەستی هێناوە بووە بە كورسی پەرلەمانی دابەشی قەوارە براوە بەشداربووەكانی تری ناوپەرلەمان دەكرێت بەپێی ریزبەندی كورسی ودەنگەكانیان.