پێشبینێکانی ئایندەی نەوت؟

Draw Media

2022-10-19 06:46:00



درەو:
ڕیکخراوی ڕوونبیین بۆ شەفافیت لە پرۆسەکانی نەوت

ئامادەکردن و نووسینی فریا کاڵێ  ماستەر لە بواری بەڕێوەبەردنی كار، یادگار سدیق ماستەر لە بواری بەڕیوبردنی نەوت و گاز

دەستپێك
شۆڕشی پیشەسازی دەرفەتێکی فراوانی نوێی بۆ بەکارهێنانی نەوت ڕەخساند. لەگەڵ پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکانی سەدەی بیستەمدا، نەوت وەک سەرچاوەی وزەی پەسەندکراو سەریهەڵدا. بزوێنەری سەرەکی ئەو گۆڕانکارییە گڵۆپی کارەبایی و ئۆتۆمبێل بوو.
خاوەندارێتی ئۆتۆمبێل و خواست لەسەر کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو گەشەی کرد ، لەگەڵ ئەوانیشدا خواست لەسەر نەوت زیادیکرد.
دەرهێنانی سووتەمەنی بەردین زیانی گەورەی هەیە و دەرهێنانی نەوت پیشەسازییەکی مشتومڕاوییە.
دەتوانین بڵێین سەرەتاکانی هۆشیاریی ژینگەیی رێکخراو لەدوای بڵاوکردنەوەی کتێبی "بەهاری بێدەنگ" کە کتێبێکی زانستی ژینگەیە لە نووسینی ڕەچەڵ کارسۆن. کتێبەکە لە ٢٧ی ئەیلوولی ١٩٦٢دا بڵاوکراوەتەوە. ئەم کتێبەبە بەڵگە ئەو زیانانەی کە بەهۆی بەکارهێنانی قڕکەرەکانەوە بە ژینگە دەگات دۆکومێنت کردووە. کارسۆن پیشەسازی کیمیایی تۆمەتبار کرد بە بڵاوکردنەوەی زانیاری نادروست. 
کتێبەکەزیاتر لە ٥٠٠ هەزار دانەی لە ٢٤ وڵاتدا فرۆشرا ،هۆشیاری و نیگەرانی گشتی بۆ زیندەوەرە زیندووەکان، ژینگە و پەیوەندییە دانەبڕاوەکانی نێوان پیسبوون و تەندروستی گشتی بەرزکردەوە.
ئەم هوشیارییە وایکرد  ساڵی ١٩٧٠  سەرەتا بەهەوڵی گایلۆرد نێڵسن، سیناتۆری بچووکی ویلایەتی ویسکۆنسێن کە نیگەرانبوو لە پیسبوونی ژینگە و دواتر ستافێکی نیشتمانی دروستکرد کە ژمارەیان ٨٥ کەس بوو  هەڵمەتێکی  هۆشیاری گشتیان راگەیاند سەبارەت بە پیسبوونی ئاو و هەوا هەر زوو هەوڵەکە فراوانتر بوو بۆ ئەوەی کۆمەڵێک ڕێکخراو و گروپە ئایینییەکان و ئەوانی دیکە بگرێتەوە. ناوەکەیان گۆڕی بۆ ڕۆژی زەوی،٠ 
ڕۆژی زەوی ئیلهامبەخش بوو بۆ ٢٠ ملیۆن ئەمریکی بەشداری لە رۆژی زەویدا کرد.
پاشان ساڵانە هەڵمەتە کە فراونتر دەبوو تاوەکو گەشتە ئاستێک ئێساتا ساڵانە ملیارێک کەس بەشدار دەبێت لە رۆژی ژینگەدا و  بووە هۆی ئەوەی لە رێی ریکەوتننامە نێودەوڵەتییەکانەوە وڵاتان سنورێک دانێین بۆ پیس بوونی ژینگەو بەیاسا بەربەست بخرێتە بەردەم ئەو پیشەسازیانەی دۆستی ژینگە نین، رێکەوتننامەی پاریس لە ساڵی ٢٠١٥ دا باشترین نموونەیە. 
پێشکەوتنە پیشەسازییەکان و فشارەکانی رێکخراوەکانی ژینگە و شەقام  لەلایەک و بەکارهێنانی وزە وەک چەکێکی سیاسی (جەنگی ئۆکرانیا بەنموونە) لەلایەکی تر هاندەرێکی زیاترن تاوەکو وڵاتان و بەتایبەت رۆژئاوا خێراتر هەنگاو بنێن بەرەو دورکەوتەوە لە سەرچاوەکانی وزەی پیس و وەبەرهێنانی زەبەلاح بکەن لە وزەی نویبووەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٣دا درووشمی ئابووری سەربەخۆی بەرزکردەوە. هەنگاوەکانی هەرێم بۆ ئابووری سەربەخۆ زیاتر لە هەناردەکردنی نەوتدا کورت کرایەوە و دانەبەزی بۆسەکتەرەکانی تر و لە خودی نەوتدا ئامادەکاری نەکرا بۆ فرۆشتنی بەرهەمەکانی نەوت. دەتوانین بڵێین نەبوو بە پلانێکی گشتگیر و هەمەلایەنە  کە پشت ببەستێت بە سەرچاوەی داهاتی هەمەجۆر. تەنها پشتبەستن بە تاکە سەرچاوە بۆ داهات وەك نەوت لە ئابوریدا کارێکی پڕ مەترسییە، بەدەر لەو هۆکارانەی پەیوەندی بە ناسەقامگیری نرخەوە هەیە کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردودا  ئەوەمان بەدی کرد کە نرخی نەوت لە )١٢٠( دۆلارەوە دابەزیە سەر کەمتر لە )٢٠( دۆلار.
ئاڕاستەی ئابووری جیهان 
ئێستا ئاراستەی جیهان بۆ دوورکەوتنەوەیە لە بەکارهێنانی وزەی پیس( نەوت و گاز و خەڵوز ) و رووکردنە وەبەرهێنانە لە وزەی پاك و نوێ بووەوەدا بەئاراستەی پابەند بوون بە رێکەوتنامەی پاریس ٢٠١٥.  
هەتا ئەمڕۆ ١٩٣ لایەن (١٩٢ وڵات لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا) لە ناویشیاندا عێراق پەیوەست بوون بە ڕێککەوتنی پاریسەوە. بە پێی ڕیکەوتنەکە پێویستە بە زووترین کات دەردانی گازی ژەهراوی کەم بکرێتەوە و تا ناوەڕاستی سەدەی بیست و یەکەم بگاتە سفری پاك(zero emission). بۆ ئەوەی گەرمبوونی جیهان لە خوار )1.5( پلەی سەدی بمێنێتەوە، پێویستە تا ساڵی 2030 رێژەی دەردانی گازی ژەهراوی بە نزیکەی (٥٠٪) کەم بکرێتەوە. 
رێککەوتنەکە پابەندبوونی هەموو ئە وڵاتانە لەخۆدەگرێت بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی و پێکەوە کارکردن بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، هەروەها داوا لە وڵاتان دەکات پابەندبوونەکانیان بە تێپەڕبوونی کات بەهێز بکەن. ڕێککەوتنەکە ڕێگایەك بۆ گەلانی پێشکەوتوو دابین دەکات بۆ یارمەتیدانی گەلانی گەشەسەندوو لە هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەی دەرهاویشتە ژەهراویەکان و کاریگەریەکانیان لەسەر گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و خۆ گونجاندن لەگەڵی، لە هەمان کاتدا چوارچێوەیەك بۆ چاودێریکردنی شەفاف و ڕاپۆرتکردنی ئامانجەکانی کەشوهەوای وڵاتان دروست دەکات.
ڕۆڵی تەکنەلۆژیا و نەوت
دۆزینەوە نوێیەکان و پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا کاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر خێراکردنی هەنگاوەکان بۆ گەشتن بە ئامانجەکانی رێکەوتنی پاریس و لەهەمانکاتدا دەبێتە مەترسی لەسەر سەکتەری نەوت (لەگەڵ ئەوەی بەرەو پێشچوونی تەکنەلۆجیا ئاسانکاری بۆ دەرهێنانی نەوت دەکات، بەڵام مەترسی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا لەسەر نەوت لەوەدایە کە پشت بەستن بە نەوت بۆ بەرهەمهێنانی وزە کەم دەکاتەوە بە وەی تێچووی وزەی جێگرەوە کە وزەی نوێ بووەوە یە کەم دەبێتەوە). هەربۆیە کۆمپانیاکانی جیهان لە پێشبڕکێدان بۆ وەبەرهێنان لە وزەی نووی بۆوە و دروستکردنی ئۆتۆمبێلی دۆستی ژینگە  و دەیانەوێ رۆڵی پێشەنگی خۆیان لە دەست نەدەن. 
لێرەدا پێویستە دوو نموونە وەبیربهێنینەوە:
1.    لەبواری پەیوەندییەکاندا لە کۆتایی سەدەی رابووردوودا کۆمپانیای نۆکیا بۆ ماویەکی زۆر گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنانی مۆبایل بوو وەك یاریزانێکی پێشەنگ لە بازاڕی جیهانی تەکنەلۆژیای مۆبایلدا سەیر دەکرا,  و کۆنترۆڵی (٥٠٪) ی بازاڕی مۆبایلی کردبوو،  بەڵام چوونکە نەیتوانی خۆی بگونجێنێت لەگەڵ پێشکەوتنە خێراکانی تەکنۆلۆجیادا لەبواری پەیوەندیدا کۆمپانیای تری  وەکو ئەپڵ و سامسۆنگ هاتنە پێشەوە و توانیان بە هۆی داهێنانەکانیان لە مۆبایلی زیرەکدا بە پشت بەستن بە تەکنلۆجیای نوێ جێ پێ بە نۆکیا لەق بکەن و نەك پێشەنگی لەدەستدا بەڵکو ئێستا زۆر لە دواوەیە و کەمتر( ٥٪ )ی  پشکەکانی بازاڕی هەیە.
2.    کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل زۆرن و زۆریشیان ماوەیەکی زۆرە لە هەوڵی دروستکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایدان بەڵام تا ئێستا تێسلا کە ناوێکی نوێ یەو بە ئۆتۆمۆبێلی کارەبایی دەستی پێکرد لە پێشەنگی هەموو کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئۆتۆمبێلی جیهاندایە. 

 

گۆڕانکاری بە ئاڕاستەی کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی و روکردنە  وزەی نوێ بۆوە( وزەی خۆر، با و هایدرۆجین…هتد ) بەکارهێنانی نەوت وەك سەرچاوەی وزە لە جیهاندا کەم دەکاتەوە  و دەبێتە مەترسی بۆ ئەو وڵاتانەی کە تەنها پشتیان بەداهاتی سامانی سرووشتی وەك نەوت بەستووە بە دوو هۆکاری سەرەکی: 
•    یەکەم: کاریگەری ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە سەر بەکاربردنی نەوت.
•    دووەم: کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوت روودەکەنە وزەی نوێ بۆوە.


کاریگەری ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە سەر بەکاربردنی نەوت

بەپێی ئامارەکانی کۆمپانیای ڕاوێژکاری LMC Automotive لە کۆی نزیکەی (٩٥) ملیۆن ئۆتۆمبێل کە لە ساڵی ٢٠١٨ دا لە جیهاندا فرۆشراون، (١،٣) ملیۆن ئۆتۆمبێلی کارەبایی پاتری بوون. هەروەها بەپێێ ڕاپۆرتێکی بەڕێوەبەرایەتی زانیاری وزەی ئەمریکی ئی  ئای ئەی(EIA) ئاماژە بەوە دەکات کە کەم بوار لە جیهانی وزەی پاکدا هەیە کە بەقەد بازاڕی ئۆتۆمبێلی  کارەبایی دینامیکی بێت. فرۆشی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە ساڵی ٢٠٢١ بە بەراورد بە ساڵی پێشوو دوو هێندە زیادی کردووە و گەیشتووەتە ژمارەیەکی پێوانەیی نوێ کە ٦ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار ئۆتۆمبێلە. ئەمە لە کاتێکدا کە لە ساڵی ٢٠١٢دا تەنها (١٢٠) هەزار ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە سەرانسەری جیهاندا فرۆشراون. لە ساڵی ٢٠٢١دا هەفتانە زۆر لەوە زیاتر فرۆشراوە. نزیکەی (١٠٪)ی فرۆشی ئۆتۆمبێلی جیهانی لە ساڵی ٢٠٢١دا کارەبایی بووە، کە چوار هێندەی پشکی بازاڕی ساڵی ٢٠١٩ بووە، بەمەش کۆی ژمارەی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان لە جیهان گەیشتە نزیکەی (١٦،٥) ملیۆن ئۆتۆمبێل. 
 
 

فرۆشی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە جیهاندا لە ساڵی ٢٠٢٢دا بە شێوەیەکی بەهێز بەرزبووەتەوە، لە چارەکی یەکەمدا (٢) ملیۆن فرۆشراوە، کە بە ڕێژەی(٧٥%) زیادیکردووە بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ٢٠٢١.
بە پێی ئەم ئامارانەی کە لەسەرەوە خستمانە ڕوو دەبینین بەشێوەیەکی خێرا ئاڕاستەی بەرهەمهێنای ئوتومبیڵ بەرەو کارەبایی دەچێت.  کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل لە سەرانسەری جیهان هەوڵ دەدەن خۆیان لەگەڵ جیهانێکی نوێدا بگونجێنن کە کارەبا جێگەی بەنزین و دیزڵ دەگرێتەوە. کارگەکان چاکسازییان لەسەر دەکرێت بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەرهەم بهێنن و کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێلیش هەموو  لەپێشبرکێدان بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی. 
کۆمپانیای فۆرد مۆتۆر نزیکەی (٣) هەزار کارمەندی دەنێرێتەوە بۆ ماڵەوە بەمەبەستی کەم کردنەوەی تێچوو, هەوروەها ئامادەکاری بۆ گۆرینی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی بەنزین و گاز بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی دەکات. فۆرد لەبەرنامەیدایە تا ساڵی ٢٠٣٠ رێژەی (٥٠٪)ی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەرهەمی دەهێنێت کارەبایی بێت.
هەروەها کۆمپانیای هیۆندا و کیا رایانگەیاند، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بۆ یەکەمجار فرۆشی ئۆتۆمبێلە ژینگەدۆستەکانیان، کە ئۆتۆمبێلی هایبرید و کارەبایی لەخۆدەگرێت، (١١١) هەزار ئۆتۆمبێلی تێپەڕاندووە. گروپی ڤۆڵکسواگنی ئەڵمانی کە خاوەنی پۆرش، بوگاتی، سکۆدا، لامبۆرگینی و سیاتە، لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا (٣٠) ملیار یۆرۆ خەرج دەکات بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی یان هایبرید بۆ هەریەك لە بڕاندەکانی، هەروەها پلانی هەیە تا ساڵی ٢٠٢٨ نزیکەی (٧٠)  مۆدێلی نوێی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بخاتە بازاڕەوە، وە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٣٠ دەیەوێت لە هەر (١٠) ئۆتۆمبێلێك کە دەیفرۆشێت چواریان کارەبایی بێت واتە بەڕێژەی (٤٠٪)ی ئۆتۆمبێلە بەرهەم هاتووەکانی. 

 
هێربێرت دیس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ڤۆڵکسواگن پێی وایە کە کۆمپانیای ڤۆڵکسواگن کە گەورەترین کۆمپانیای دروستکردنی ئۆتۆمبێلە لە ئەوروپا، دەتوانێت پێش کۆمپانیای تێسلا بکەوێت و تا ساڵی ٢٠٢٥ ببێتە گەورەترین فرۆشیاری ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە جیهاندا. ئەمە لە کاتێکدا کە بەپێی دوایین زانیارییەکانی کۆمپانیای کێلی بلو بوك کە تایبەتە بە توێژینەوە لەسەر نرخی ئۆتۆمبێل کە بنکەکەی لە کالیفۆرنیایە؛ تێسلا پشکی شێری هەیە بە لە (٧٥٪)ی پشکی بازاڕی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢دا.
بەپێی ڕاپۆرتی توانای بەرهەمهێنانی کۆمپانیای تێسلا (TSLA)، توانای بەرهەمهێنانی ساڵانەی لە ئێستادا (٢) ملیۆن ئۆتۆمبێلە.  تێسلا لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢دا بە ڕوونی پێشەنگی جیهان بوو لە فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، کە بەهۆی بەرزبوونەوەی خواست لە بازاڕی چیندا خێرا گەشەی سەندووە  وبەهێز بوو. بەڵام لە هەمان کاتدا لە شەش مانگی یەکەمی ساڵدا، BYD کە بنکەکەی لە چینە وەك ڕکابەرێکی نوێی گەورە  سەرهەڵدەدات و ڕکابەرایەتی تێسلا دەکات. 
 لە ساڵی ٢٠٢١دا مامناوەندی نرخی ئۆتۆمبێلێکی کارەبایی لە چین تەنها (١٠٪) زیاتر بووە لەئۆتۆمێلێکی ئاسایی. بە پێی توێژینەوەیەک کە لەسەر وڵاتی  چین کراوە ئایا ئۆتۆمبێلی کارەبایی تێچووی کێبڕکێی هەیە؟ ئەنجامەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ساڵی 2018، ئۆتۆمبێلی کارەبایی گرانتر بوون لە ئۆتۆمبێلی ئاسایی، بەڵام لە دوای ساڵی 2025 بە پێچەوانەوە هەرزانتر دەبێت.
لەئەوروپاش کۆمپانیای مارسیدس لە دوایین تاقیکردنەوەی سەرکەوتوو بو کە بە تەنها بەیەك جار بارگاویکردن دەتوانێت هەزار کیلومەتر ببڕێت، ئەم سەرکەوتنە داهاتووی ئوتومبێلی کارەبای بە شێوەیەکی بەرچاو بەرەوپێش دەبات. هەروەها کۆمپانیای تاتا مۆتۆرزی هیندستان ئاڤینیای کارەبایی بە مەودای (٥٠٠) کم نمایش دەکات.  
لە ئێستادا زیاد لە (٣٧) کۆمپانیا سەرقاڵی بەرهەم هێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایین، لەوانە هەر یەك لە تێسلا، لوسید مۆتۆرز، زووکس، ئاپتیڤ، ڕیڤیان، ئێن ئای ئۆ، نیسان، ڤۆڵڤۆ  وە زۆری تر. ئەم نموونانەی کە باسمان کرد هەمووی ڕاستی ئەوەمان پیشاندەدن کە ئاڕاستەی ئۆتومبێڵ لە ماوەی ١٥ بۆ ٢٠ ساڵی داهاتوو بەگشتی دەگۆردرێت بۆ کارەبا.  
هەر پەیوەست بەم بابەتە یەکێتی ئەوروپا تا ساڵی ٢٠٣٥ فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی نوێی بزوێنەری گەرمی قەدەغە دەکات. هەروەها لە ئەمریکا ئیدارەی بایدن زیاتر لە سێ ملیار دۆلاری تەرخان کردوە بۆ زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی پاتری ئۆتۆمبێلی کارەبایی، بە ئامانجی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە چین.  هەروەها ولایەتی کالیفۆرنیا ڕێسایەکی پەسەند کرد کە بەپێی ئەم ڕێسایە قۆناغ بە قۆناغ فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی نوێی بەنزین و بارهەڵگر کۆتایی پێدەهێنێت، کە دەگاتە  قەدەغەکردنی تەواوەتی فرۆشتنی نوێی ئۆتۆمبێلەی بزوێنەری گەرمی تا ساڵی 2035. لە هەمان کاتدا بەریتانیا لە ئێستاوە خۆی ئامادە دەکات بۆ قەدەغەکردنی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی نوێی بەنزین و دیزڵ لە ساڵی ٢٠٣٠. 


 

گۆرینی ئۆتۆمبێڵی بەنزین بۆ کارەبایی تەنها لە ئەوروپا و ئەمریکا و چین و هند نیە، زۆربەی زۆری وەڵاتان دەستیان کردووە بەم کارە، چ بەرهەم هێن یان بەکاربەری ئۆتومبێل بن. بۆ نموونە، سعودیە لە ماوەی (١٠) ساڵدا ١٠٠ هەزار ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە کۆمپانیای لوسید دەکڕێت، ئەمەش دوای ئەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکە پلانی خۆی بۆ دامەزراندنی کارگەیەك لە شانشینی سعودیە راگەیاند. 
ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریكی تیشكی خستە سەر هەوڵەكانی سعودیە بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندێك بۆ بەرهەمهێنانی پارچەی ئۆتۆمبێلی كارەبایی، ئەوەش دوای هەوڵەكانی ئەم دواییەی سعودییە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكەی كە هەمەچەشنكردنی ئابووری وڵاتەكەیەتی دوور لە نەوت. ئەم کارەی سعودیە لە کاتێکدایە کە سعودیە یەکەم بەرهەم هێنەری نەوتە لە جیهاندا و لە هەمان کاتدا ساڵانە (٢٠) ملیۆن گەشتیار روو ئەکەنە ئەو وڵاتە بۆ حەج و عەمرە و پلانیان هەیە ئەو ژمارەیە زیاد کەن بۆ (٣٠) ملیۆن لە ساڵێکدا. سعودییە بەم کارەی لە ئێستاوە خۆی ئامادە دەکات بۆ کەم کردنەوەی پشت بەستن بە نەوت.
لە هەرێمی کوردستانیش تۆتۆمبێڵی هایبەرد لە ئێستادا دەفرۆشریت و پەیتا پەیتا خەڵك لە سوودی بەکارهێنانی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە تێدەگەن بە تایبەتی لەم کاتەدا کە نرخی بەنزین بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆتەوە. هەروەها لە ئاستی کەسیدا چەند ئۆتومبێلیکی کارەبایی هاتووەتە کوردستان کە پێ دەچێت تێچووی بارگاویکردنەوەی لە مانگێکدا لە ٥٠٠٠ دینار کەمتر بێت بەهۆی هەرزانی نرخی بارگاوی کردنی.
بە پێی سایتی (ENERGY EFFICIENCY & RENEWABLE ENERGY) لە بەرمیلێك نەوتی خاو بڕی (٧٣) لیتر بەنزین و (٤٠) لیتر سووتەمەنی دیزڵ بەرهەم دەهێنرێت. بەرهەمەکانی دیکەی وەك سووتەمەنی فڕۆکە و ڕۆنی گەرمکەرەوە تەنها یەك لەسەر سێی پێکهاتەکان پێکدەهێنن. بە واتایەکی تر لە (٦٦٪)ی یەك بەرمیل نەوتی خاو دەکرێت بە بەنزین ودیزڵ بۆ سوتەمەنی ئۆتۆمۆبیل بەکاردێت، بۆیە ئەبێت خۆمان بۆ ئەگەری ئەوە ئامادە کەین کە پاش چەند ساڵێکی تر ئۆتۆمبێڵی بەنزین و دیزڵ زۆر کەم دەبێتەوە و ڕەنگە نەشمێنێت، دەرئەنجام ئەو خواستەی لەسەر نەوت هەیە بەڕێژەی (٦٦٪) بۆ بەنزین و دیزڵ کەم دەکات. 
 هەروەها ئێمە وڵاتی بەکاربەرین و پشتمان بەو بەرهەمانەیە کە دەککەوێتە بازەڕەوە، وەکو دەشبینین ئاراستەی بازاڕ بە ئاراستەی ئۆتۆمبێلی کارەباییە بۆیە هەرلە ئێستاوە دەبێت خۆمانی بۆ ئامدەبکەین لە هەوڵی بنیادنانی ژێرخانی لەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە بین. 

 

کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوت بە قورسی وەبەرهێنان لە وزەی نوێ بووە وەدا دەکەن

کۆمپانیا نەوتییەکان لە بنەڕەتدا هەوڵدەدەن  بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین قازانج وە مانەوەیان لە پێشبڕکیێ بازاردا و ئاراستەی جیهانیش چەندین ساڵە بەرەو وزەی نوێ بۆوە دەچێت و یاساکانیش  بەتایبەت لە رۆژئاوا توند دەکرێنەوە لەسەر بەکارهێنانی وزەی پیس، بۆیە نایانەوێ لە پێشبرکی و پێشەنگبوون دەرکرێن هەربۆیە چەندین ساڵە دەستیان کردووە بە سەرمایە گوزاری لە وزەی پاك و نوێ بووەوەدا. پەرەسەندنی نیگەرانییەکانی وەبەرهێنەران و خاوەن پشکەکان سەبارەت بە دەردانی کاربوون و گۆرانی کەش و هەوا بە تایبەت دوای ڕێکەوتنی پاریس رەنگە پاڵنەرێکی زیاتر بێت بۆ پەیڕەو کردنی ئەم ستراتیجیە. 

کۆمپانیا نەوتییەکان وردە وردە دەستیان کردووە بە دامەزراندنی ژێرخانی بارگاویکردن نەك تەنها لە ئەوروپا بەڵکو لە سەرانسەری بازاڕە سەرەکییەکانی ئەمریکا و ئاسیادا. شێل و تۆتال ئینێرجی پێشەنگی کۆمپانیاکانن لە بواری وەبەرهێنان، لەوانەش بەرهەمهێنانی کارەبای پاك، تەکنەلۆژیای پاتری و ژێرخانی شەحنکردنەوە، تا ساڵی ٢٠٢٥ کۆمپانیای شێڵ پلانی هەیە زیاتر لە (٥٠٠) هەزار خاڵ لە سەرانسەری جیهاندا درووست کات لە کاتێکدا کۆمپانیای تۆتال ئینێرجی (١٥٠) هەزار خاڵی بارگاویکردن لە سەرانسەری ئەوروپادا دەکاتە ئامانج.

 


کاریگەری نرخی نەوت  
کاتێك نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا بەرزدەبێتەوە نرخی سوتەمەنیش زیاد دەکات تا وای لێهاتوو ئێستا تێچووی بەرهەم هێنانی کارەبا  لە ڕێی وزەی نوێ بۆوە کەمترە لە سەرچاوەی گاز و نەوت. بەهەمان شێوە نرخی بەرهەمە نەوتییەکانی وەك و بەنزین و گازوائیل زۆر بەرزدەبێتەوەو تێچویەکی زۆر لەسەر بەکاربەر دەکەوێت، و لەبەرانبەردا روودەکەنە ئۆتۆمۆبێلی کارەبایی. 
هەروەها ئەگەر نرخی نەوت نزمبێتەوە  و لە چاوی وڵاتانی بەرهەم هێنی نەوتەوە سەیر بکەین  ئەوا داهاتیان کەم دەکات و تووشی قەیرانی دارایی دەبن، کە لەماوەی چەند ساڵی ڕابووردوودا شاهێدی  ئەوە بووین.
هەریەك لە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بواری نەوت ( تۆتاڵ، بی پی، شێڵ، En, شیفرۆن و ئێکسۆن مۆبیل) ساڵانە بڕێکی زۆر بوجە تەرخان دەکەن بۆ وەبەرهێنان لە وزەی نوێبۆوەدا و ساڵانە چەندین تۆێژینەوە دەکەن لەسەر ئەو بوارانە. 

 

دیدگەی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوت

کۆمپانیای زەبەلاحی نەوت و غازی فەرەنسی تۆتاڵ ئامانجیەتی لە ساڵانی داهاتوودا  گەشە بە وەزەی نوێبووە بدات و بەردەوامێش دەبێت لە ئایندەدا. کۆمپانیاکە پێشبینی دەکات تا ساڵی ٢٠٥٠ نزیکەی نیوەی فرۆشەکانی لە وزەی نوێبووەوە و کارەبا بێت. بۆ ئەم مەبەستەش کۆمپانیاکە پلانی هەیە ساڵانە ٣.٢٥ بۆ (٤ )ملیار دۆلار بۆ وزەی نوێبووەوە و کارەبا خەرج بکات تا ساڵی ٢٠٢٥. 
کۆمپانیای بی پی تاساڵی ٢٠٣٠ تە نها لە بەریتانیابڕی (٣٠) ملیار پاوەند کە زیاتر لە (٢١) ملیار دۆلار وەبەرهێنان لەوزەی نوی بۆوە دا دەکات، هەروەها  کۆمپانیای شێڵ هەوڵدەدات لە نەوت و گاز دوور بکەوێتەوە و بەرەو وزەی نوێبووەوە بڕوات. وە ستراتیژییەکی ڕوونی بۆ هەمان شت داناوە. کۆمپانیاکانی تریش بە هەمانشێوە.
ئەم هێڵکارییە وەبەرهێنانی وزەی خاوێن لەلایەن کۆمپانیاکانی نەوت و گاز لە ساڵی ٢٠١٥ تا ٢٠٢٠ نیشان 
دەدات، وەبەرهێنان لە ساڵی ٢٠٢٠ بەهۆی پەتای کۆرۆنا کەمیکردووە، بەڵام هێشتا زۆر لە سەرووی تێکڕای پێنج ساڵەوە ماوەتەوە. 

 


دەرئەنجام

بە پێی ئەو راستیانەی باسمان کرد خواست لە ئایندەدا لەسەر نەوت کەم دەبێتەوە، کاتێكیش خواست کەم بوو نرخ دادەبەزیت، دابەزینی نرخیش مانای کەمی داهاتە بۆ وەڵاتیكی وەك عیراق و  هەرێمی کوردستان کە نزیکەی (٩٥٪)ی داهاتیان پشتی بە نەوت بەستووە. 
لەگەڵ ئەوەی پێشبینییەکان هەمووی بەو ئاڕاستەیە دەڕۆن کە ئۆتۆمبێلی کارەبایی جێگای ئۆتۆمبێلی بەنزین دەگرێتەوە و خواست لە سەر نەوت کەم دەبێتەوە، لە لایەکی ترەوە ئەگەر ئەوەش بەو شێوەیە ڕوونەدا کە پێشبینی ئەکرێت، ئەوا مەترسیەکی تر هەیە کە ئەویش نەوت هەتا کەی بەکاردەهێنرێت؟ 
ئامانج لەم نوسینە ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم  هەرچی زووترە بەجدی کار لەسەر وزەی جێگرەوەی نەوت بکات، هەرلە ئێستاوە ئامادە سازی بکات بۆ ئەو کاتەی کە نەوت وەکو سەرچاوەی وزە و داهاتی  سەرەکی ناتوانرێت پشتی پێببەسرێت. دەبێت ئامادەکاریی بۆ ئەو قۆناغە بەشێك بێت لە پلانی ستراتیجی حکومەت بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات .


سەرچاوەکان: 
1.    https://www.energy.gov/eere/vehicles/fact-676-may-23-2011-us-refiners-produce-about-19-gallons-gasoline-barrel-oil#:~:text=button%20button-,Fact%20%23676%3A%20May%2023%2C%202011%20U.S.%20Refiners%20Produce%20about,from%20a%20Barrel%20of%20Oil&text=A%20standard%20U.S.%20barrel%20contains,an%20additional%206%25%20of%20product
2.    https://www.iea.org/data-and-statistics/data-product/global-ev-outlook-2022
3.    https://worldpopulationreview.com/country-rankings/oil-consumption-by-country
4.    https://www.eia.gov/outlooks/steo/report/global_oil.php#:~:text=We%20estimate%20that%2098.8%20million,b%2Fd%20increase%20from%202021.
5.    https://electrek.co/2022/07/20/tesla-tsla-reports-massive-increase-production-capacity-across-all-factories/
6.    https://electrek.co/2022/04/13/mercedes-benz-vision-eqxx-completes-1000-km-journey-on-a-single-charge-paving-the-way-for-future-long-distance-ev-travel/
7.    https://electrek.co/2022/04/13/mercedes-benz-vision-eqxx-completes-1000-km-journey-on-a-single-charge-paving-the-way-for-future-long-distance-ev-travel/
8.    https://news.middleeast-24.com/news/353910.html
9.    https://www.nbcnews.com/business/autos/ford-laying-3000-workers-rcna44237?cid=sm_npd_nn_fb_ma&fbclid=IwAR1kyrMvPOEp67TIEpr_DPYtakcRCAGs-6foqIsyDpkuAUyYcPr3o-PQOpg
10.    https://www.npr.org/2022/08/25/1119456396/california-is-set-to-ban-sales-of-new-gasoline-powered-cars-by-2035#:~:text=%22California%20now%20has%20a%20groundbreaking,better%20off%20for%20future%20generations.%22
11.    https://www.un.org/en/climatechange/paris-agreement
12.    https://www.ev-volumes.com/
13.    http://ae.ruc.edu.cn/docs/2021-10/9fcb3ef125be47ef9b11ccff4635c506.pdf
14.    https://www.bp.com/en/global/corporate/news-and-insights/press-releases/bp-to-invest-up-to-18-billion-pounds-in-uk-energy-system-by-2030.html
15.    https://auto.hindustantimes.com/auto/cars/electric-cars-beat-petrol-cars-in-sales-for-first-time-in-this-country-41648876403562.html#:~:text=According%20to%20the%20sales%20data,petrol%20models%20in%20this%20country.
16.    https://www.powermag.com/oil-and-gas-majors-focus-on-renewable-energy-hydrogen-and-carbon-capture/
17.    https://powertechresearch.com/oil-companies-and-energy-retailers-take-charge-in-ev-charging-space/
18.    https://www.climate-transparency.org/15-market-share-of-electric-vehicles-in-new-car-sales
19.    https://www.acea.auto/fuel-pc/fuel-types-of-new-cars-battery-electric-9-8-hybrid-20-7-and-petrol-39-5-market-share-in-q3-2021/
20.    https://www.offshore-technology.com/comment/oil-electric-vehicle-adoption/
21.    https://education.nationalgeographic.org/resource/petroleum
22.    https://theicct.org/2021-global-race-evs-mar22/
23.    https://auto.economictimes.indiatimes.com/news/commercial-vehicle/lcv/electric-transport-revolution-set-to-spread-rapidly-into-light-and-medium-cv-market/69367425
24.    https://www.youtube.com/watch?v=125epDfOPcQ
25.    https://www.youtube.com/watch?v=9HwubmPbrWo

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand