سیامەند موعینی: ئێران ناگەڕێتەوە پێش سەردەمی خۆپیشاندانەكان
2022-10-14 17:09:51
گفتوگۆی درەو:
"ناهێڵین تەجروبەی شكستخواردوی هەرێمی كوردستان دووبارە ببێتەوە" ئەمە قسەی سیامەند موعینی هاوسەرۆكی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان "پژاك"ە لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ (درەو) سەبارەت بە دواین پەرەسەندنەكان لە رۆژهەڵاتی كوردستانو ئێران، ئەو پێیوایە "ئێرانو دەسەڵاتەكەی ناگەڕێتەوە پێش سەردەمی خۆپیشاندانەكان"و لەبارەی ئەگەری دروستكردنی فشار لەسەریان بۆ چۆڵكردنی بارەگاكانیان لەناو هەرێمی كوردستان دەڵێ" هیچ پەیوەندییەكی فەرمیمان لەگەڵ حكومەتی هەرێم نییەو لەسەر داوای هیچ هێزێك لەم ناوچانە جێگیر نەبوینو لەسەر داوای هیچ هێزێكیش چۆڵی ناكەین"، موعینی ئەو دەنگۆیانە بە كۆمیدی ناو دەبات كە باس لەوە دەكەن "پژاك ئامادەیی دەربڕیوە هاوكاری ئێران بكات بۆ سەركوتكردنی ناڕەزاییەتییەكان".
دەقی گفتوگۆكە:
درەو: خۆپیشاندانەكانی ئێستا فۆرمو شێوازی جیاوازترە لە خۆپیشاندانەكانی پیشووی ئێران، ئایا ئامانجو ستراتیژی جیاوازتر دەبێت؟
سیامەند موعینی: پێویستە ئەو راستییە دەستنیشان بكەین ئێران بەو سیستەمە تۆتالیتارییەی كە هەیەتی، هەمیشە كێشەیە بۆ دیموكراتیزەكردنی وڵات، هەمیشە بە زێهنیەتی شووێنیستیەوە كە پەیڕەوی دەكات كێشەی ناو پێكهاتەكانو گەلان قووڵتر دەكاتەوە، قەت چارەسەری پێ نەبووە، بۆیە بەردەوام خۆپیشاندانو ناڕەزایەتی لە بوارەكانی كۆمەڵایەتیو سیاسییەوە لە ئێران هەبووە. بەڵام ئەمجارە سەرهەڵدانەكان لەگەڵ سەرهەڵدانەكانی پێشوو جیاوازە، كە دەتوانین وای پێناسە بكەین دەستپێكی رێنیسانسێكی زێهنیەتیو فكریە لە كۆمەڵگەی ئێران بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی كوردستان هەروەها گۆڕانكاری فكری لە شێوازی خۆپیشاندانەكان دەتوانین ببینین. پێشتر لە سەردەمی رێفۆڕمخوازەكان گروپێكی تایبەت لە تارانو دەوروبەری كە بە گروپی سەوز پێناسە دەكرانو خاتەمی سەركردایەتی دەكردن، لەچوارچێوەی ناوەندی ئێرانەوە بە فكری ناوەندگەرایی ئێرانی ناڕەزایەتیان رێكخستبوو، هیچ شتێكییان بۆ گەلانو پێكهاتە جیاوازەكانی ئێران پێ نەبوو، بۆیە نە كوردستان نە بەشەكانی تری ئێران جوابی داخوازی ئەو ناڕەزایەتیەیان كە لە ناوەندی ئێرانەوە دەكرا نەدایەو. ئەمجارە بە پێشەنگایەتی كوردستان، بەتایبەت بە پێشەنگی ژنی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان لە شاری قارەمانی سەقزەوە دەستیپێكردو گەل لە تاران بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" كە دروشمێكی شۆڕشگێڕی، پێشكەوتنخوازیو یەكسانی نێوان ژنو پیاوە پشتیوانی لێ كردو لەهەموو كۆمەڵگەی ئێراندا بڵاوبووەوە. هێدی هێدی لە دەرەوەی سنورەكانی ئێرانیش ئەو دروشمە وتراوە، ئەو دروشمە بوەتە ناوەندێك بۆ كۆكردنەوەی هەموو هێزو تواناكانی لایەنە دژبەرەكانی رژێمی ئێران. ئەو دروشمەش كە لە هەموو ئێران گوترایەوە لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە دەستیپێكرد، واتای ئەوەیە كە كوردستان دەتوانێت ببێتە پێشەنگی شۆڕشێكی دیموكراتیكو ئازادیخوازی نەك تەنها بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان بەڵكو بۆ هەموو ئێرانو ناوچەكە.
درەو: خۆپیشاندانەكان سنوری كوردستانی تێپەڕاندووە بۆ هەموو ناوچەكانی تر ئایا ئەمە لە قازانجی رۆژهەڵاتی كوردستانە؟
سیامەند موعینی: بەڵی ئەمە لە قازانجی كوردستانە. كوردستان لە بەرخۆدانو شۆڕشكردن لەبەرانبەر حكومەتو دەزگا سەركوتكەرەكانی رژێمی ئێران بە تەنیا نابێت. لە كاتی هاتنە سەر حوكی كۆماری ئیسلامی ئێراندا لە ساڵی 1979، كوردستان بە تەنیا لەبەرانبەر داخوازی حكومەتی ناوەندیدا (نا)یەكیان وت بە كۆماری ئیسلامی، بەڵام ئەوكات كوردستان بە تەنیا بوو، هێزی سەركوتگەری كۆماری ئیسلامی ئێران، كوردستانی سەركوتكرد. ئەمە ئەزمونێكی مێژووییە بۆ گەلی كورد كە كوردستان پێویستی بە پشتیوانی هەموو بەشەكانی دیكەی ئێران وەكو بەلوچستان، خوزستان، توركمەن سەحراو تەورێز هەیە. ئەمە لە حاڵێكدا بوو كە لە ناوچە توركنشینەكان توركیاو حكومەتی ناوەندی ئێرانیش دەیانویست بە زێهنییەتی پانتوركیستی ناكۆكی ناوبەینی ئازەرییەكانو كوردەكان ساز بكەن. بەڵام ئەو پیلانەی دوژمن داینابوو كە ئازەریو كورد بەشەڕ بدات لە ناوەڕاستی تەورێزەوە بە دروشمی "ژن ژیان ئازادی"و " ئازەربایجان هوشیارە، پشتیوانی كوردانە" پووچەڵ كرایەوە. ئەمە یەكگرتوویی گەلانە، دەمێكە ئێمە كار بۆ ئەوە دەكەین بەتایبەت بۆ ئەوەی هێزی پشتیوان بۆ كوردستان دەستەبەر بكەین، ئەمڕۆ ئەوە وەڵام دەداتەوەو ئەو شۆرشە كە لە هەموو ئێران دەستیپێكردووە نیشانی دەدات كوردستان هێزی ئەوەی هەیە وەك ئاكتەرێكی سەرەكی رۆڵ ببینێت.
درەو: دروشمی "ژن ژیان ئازادی"، چەمكێكە عەبدوڵا ئۆجەلان یەكەمجار بەكاری هێناوە، چۆن ئەمە بووەتە چەمكو دروشمێكی گشتی لەناو هەموو نەتەوەكانی ئێرانو تەنانەت جیهانیش، دروشمەكە بووەتە دروشمی خۆپیشاندانەكانی ئێران ؟
سیامەند موعین: ئەم دروشمە بنەماكەی پارادایمیكە، رێكخستنەكانو هەڤاڵانی ئێمە دەمێكە ئەم دروشمە دەڵێنەوە، تەنانەت لە كۆبوونەوە فەرمییەكانیشمان دروشمـی "ژن ژیان ئازادی" گوتراوەتەوە، ئەم دروشمە چەمكێكە سنوری حزبی تێپەڕاندووە، حزب لە بنەمادا خزمەتكاری كۆمەڵگەیە، بۆ پێشكەوتنی كۆمەڵگا تێكۆشان دەكات. لەچوارچێوەی مێتۆدی جیاوازەوە هەوڵدەدات كۆمەڵگاكەی بەرەو پێش بچێت، ئەو دروشمە لەو چوارچێوەیەدا توانیوێتی یەكگرتوویی گەلانو هەموو كۆمەڵگە بە ژن، گەنج، كرێكار، مامۆستا، كوردو ئازەریو بەلوچو فارسو هەموو پێكهاتەكان دیكە پێك بێنێت. ئەمە هزرێكی ئازادیخوازییە لە چوارچێوەی بەرابەریو یەكسانی لە بواری رەگەزییو لە بواری ژیانییەوە لە كۆمەڵگەدا تێكۆشانی بۆ دەكەین.
درەو: خۆپیشاندانەكانی ئێستا بەرەو كوێ دەڕوات؟ ئایا هەمان چارەنوسی خۆپیشاندانەكانی تری دەبێت؟ ماندو دەبنو كۆتایی دێتو لە شوێنێكدا دەوستێت؟ یان پێتان وایە ئەمجارە جیاوازتر دەبێتو بە ئامانجێك دەگات؟
سیامەند موعینی: پێشبینیكردن هەروا ئاسان نییە، بەڵام دەتوانم بڵێم ئێرانو دەسەڵاتەكەی ناگەڕێتەوە پێش سەردەمی خۆپیشاندانەكان، لەوكاتەوە "ژینا ئەمینی" ناجوامێرانە كەوتە بەر هێرشی دڕندانەی هێزە داپڵۆسێنەرەكانی سەركوتگەری كۆماری ئیسلامی ئێران، لێیانداو شەهیدیان كرد، ئەو دژایەتییە پەنگخواردوەی كۆمەڵگەی ئێران نەك تەنها لە كوردستان كە لە شاری سەقزەوە دەستیپێكرد، بەڵكو دژبەرێكی پەنگخواردوو لە ناخی دڵی كۆمەڵگەدا مابووەوە دەربڕدرا، بەهانەو بابەتێك هاتە پێش كە ئەو خەڵكە توانی بە دژی ئەو دوژمنكاریو زوڵمو بێدادییەی كە دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران لەبەرانبەریان دەیكات، بێنە مەیدانەكانو هێدی هێدی قۆناغی جیاوازی تێپەڕاند، دۆخەكە بەرەو قۆناغی پاراستنی ڕەوا لەناو كۆمەڵگادا دەڕواتو ئێستاش لەچوارچێوەی پاراستنی ڕەوادا كۆمەڵگا بە دژی ئەو رژێمە تێكۆشانو بەرخۆدان دەكات.
درەو: رۆڵی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان "پژاك" لە خۆپیشاندانەكان چییە، ئێوە لە كوێی خۆپیشاندانەكاندان؟
سیامەند موعینی: پژاك نایەوێت مۆركی حزبی لە خۆپیشاندانو ناڕەزایەتییەكانی كۆمەڵگە بدات، چونكە هەموو توێژەكانی كۆمەڵگەی تێدایە، دەكرێت بڵێین لایەنگرانی پژاكیش هەنو كەسانێكیش هەن كە پژاك ناناسن، ئەوانە هەموو لە یەكڕیزدانو بە دژی رژێمی ئێران وەستاونەوە. ئێستا بوەتە شەڕی كۆمەڵگەو شەڕی دەسەڵات، پژاك وەك فكرو پارادایم لەنێو گەلدایەو بەربەرەكانێو شەڕ دەكات لە دژی ئەو سیستەمەی كە دەخوازێت كۆمەڵگە بە چۆكدا بداتو تەسلیمی بكات. ئەو شەڕە، شەڕی گەلو دەسەڵاتەو ئێمە لەگەڵ ئەو دۆخەینو بەشێكین لەو دۆخە، ئێمە رێكخستنێكی گەلینو بەشێكین لەو گەلە، ئێمە خۆمان وا پێناسە دەكەین. بە هاوكاری گەلەكەمان بۆ پێشكەوتنو دەستەبەركردنی ئازادیو دەركردنی داگیركەرانی كوردستان بەتایبەتو ئازادی بۆ هەموو ئێران ئێمە تێكۆشانی خۆمان بەردەوام دەكەین.
درەو: ئێوە هیچ ئامادەكارییەكتان كردووە بۆ هەر رووداوێكی گەورەتر لە ناڕەزایەتییەكان؟
سیامەند موعینی: من نامەوێت بكەومە ناو ئەم مژارەوە، چونكە بە قۆناغی جیاوازدا تێپەڕ دەبێت، ئەو سەرهەڵدانانەو ئەو شۆڕشە وەك لە سەرەتادا باسم كرد بە رێنیسانسێكی زێهنییەتی لە كۆمەڵگەدا دەستیپێكردووە، ئەوە پرۆسەیەكە، لەو پڕۆسەیەدا دەبێت بە شێوازی جیاواز هەنگاوبنێین، كۆمەڵگا لەهەر قۆناغێكدا لەبواری سۆسیۆلۆژییەوە پێویستە شیكاری بۆ بكرێت، بەپێی مێتۆدی گونجاو و زانستیانە سەبارەت بەو دۆخە كار بكرێت، چونكە ئەگەر مێتۆدی جیاواز بەكارنەهێنرێت لەوانەیە بابەتەكە پێچەوانە ببێتەوە، ئێمە ناخوازین ئەمجارە كۆمەڵگە، كە كەوتوەتە شەڕ لەگەڵ سیستەمێكی تۆتالیتارو دیكتاتۆر، لاواز بێت یان بشكێت. ئێمە دەخوازین كە ئەو سەرهەڵدانە تا كۆتایی پێكهێنانی ئەم سیستەمە دەسەڵاتخوازو سەركوتكەرەو گەیشتن بە ئازادیو دیموكراسی بەردەوام بێت.
درەو: لە هەندێك لە میدیاكاندا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە "پژاك" ئامادەیی دەربڕیوە بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران كە سەركوتی خۆپیشاندەران بكات، ئێوە چۆن لەم دەنگۆیانە دەڕوانن؟
سیامەند موعینی: بەڕاستی ئەو چەواشەكارییەی كە بە زانابوون دژی ئێمە دەكرێت بابەتێكی كۆمیدییە. پژاك لە 10-15 ساڵی رابردوو زۆرترین شەهیدی لە تێكۆشانو خەبات بە دژی كۆماری ئیسلامی ئێران داوە. بەردەوام لەبەرامبەر كۆماری ئیسلامی ئێراندا لە بوارەكانی سیاسی، كۆمەڵایەتیو ژینگەپارێزیو تەنانەت چەكداریشدا پژاك تێكۆشانی كردووەو بەرهەڵستكارێكی سەرسەختی ئەو رژێمە بووە. ئێستا شەڕێكی تایبەت لە دژی پژاك لەلایەن ئیتڵاعاتی ئێران، میتی توركیاو پاراستنی پارتی دیموكراتی ماڵی بارزانی لە ئارادایە. خۆفرۆشانو جاسوسانی پاراستنی پارتی لە زەوییەوە هێزەكانی ئێمە شوناسایی دەكەن، ئێران زانیاری دەدات بە توركیاو ئەوانیش بە تەیارەو درۆن هێزەكانمان دەكەنە ئامانج. لە ئەنجامی هاوكاری هاوبەشی هەر سێ لایەنەكە (میت، پاراستنو ئیتلاعاتی ئێران) بە دەیان هەڤاڵی ئێمە بە تەیارەو درۆنی توركیا شەهید بوون. ئەوە لەچوارچێوەی شەڕێكی تایبەتو چەواشەكاریەكدایە كە دەزگای هەواڵگری (پاراستن)ی بارزانی لە كوردستان پەیڕەوی دەكات، ئیدیعای زۆر ناجوامێرانەو زۆر درۆیە كە جار جار هێندەی دووپات دەكەنەوە بۆ خۆیان باوەڕ بە درۆكەی خۆیان دەكەن، شتی وا چۆن دەبێت؟ ئەوە هیچ لۆژیكێكی سیاسی تێدا نییە كە پژاك وێڕای ئەو هەموو خەباتو تێكۆشانو قوربانیدانە بێتو لەولاوە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی هاودەست بێت. چۆن شتی وا دەبێت؟! ئەو ئینسانەی بڕوا بە شتی وا دەكات دەبێت چەند جار لە بواری سیاسییەوە بە خۆیدا بچێتەوەو فكربكاتەوە كە چۆن شتی وا دەبێت؟ فكری سیاسیو عەقڵی سیاسی ئیجازە بەوە نادات، هێزی پژاك لەبەرانبەر كۆنەپەرەستیو داگیركاری كوردستاندا چۆك دابداتو سەر دابنەوێنێ، بەڵكو پێشەنگەو لە ریزی پێشەوەی گەل شەڕ دەكاتو دژ بە داگیركاریو كۆنەپەرستی لە شەڕدایە. ئەو كەسانەی كە ئەو ئیدعا چەواشەكارییانە بڵاودەكەنەوە راستەوخۆ خزمەت بە دوژمنانو داگیركەرانی كوردستان دەكەن.
درەو: ئێران هەڕەشەی لە هێنانی هێزی سەربازی دەكات بۆ حزبە كوردییەكانی رۆژهەڵات (پژاك، كۆمەڵە ، دیموكرات)، نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران داوای چۆڵكردنی سنورەكان دەكات ئێوە هیچ ئاگادارییەكتان پێگەیشتووە؟
سیامەند موعینی: ئێمە هیچ پەیوەندییەكی فەرمیمان لەگەڵ حكومەتی هەرێم نییە، ئێمە لە چیاكانی كوردستان كە هەمیشە لانكەی شۆڕشگێڕان بووە پارێزگاری لە كەرامەتی گەلی خۆمان دەكەین، ئەوڕۆكەش ئەو لانكەیە بۆ شۆڕگێران هەیەو ئێمەش شەڕو تێكۆشان دەكەین. لە هەموو بوارەكانی سیاسی، رێكخستنیو سەربازییەوە لە نێوخۆی رۆژهەڵاتدا هەینو خەباتو تێكۆشان دەكەین. رژێمی ئێران بەردەوام چ لە ناوخۆی رۆژهەڵاتو چ لە دەرەوەی سنورەكان هێرشی كردووین بەڵام بە هیچ شێوازێك نەیتوانیوە هێزەكانی پژاك لە رەوتی ئەو خەباتو تێكۆشانە لابدات. ئێمە لەسەر داوای هیچ هێزێك لەم ناوچانە جێگیر نەبوینو لەسەر داوای هیچ هێزێكیش ئەم ناوچانە چۆل ناكەین. ئێمە بۆ ئازادی تێكۆشان دەكەینو تەنیا داخوازی گەلەكەمان بە ئەساس دەگرینو بۆ ئازادی گەلەكەمان تێكۆشان دەكەین. ئەو نوێنەرەی حكومەتی هەرێم كە بۆ خۆی قسە دەكات هیچ بەهایەكی لای ئێمە نیەو قسەو داوخوازییەكانی خزمەتە بۆ داگیركاری كوردستان.
درەو: ئێوە هیچ ئامادەكاریتان كردووە ئەگەر حكومەتی ئێران هێز رەوانە بكات یاخود ئەگەر لە لایەن حكومەتی هەرێمەوە داواتان لێكرا ئەو ناوچانە چۆڵ بكەن ئێوە ئامادەن چۆڵی بكەن؟
سیامەند موعینی: كوردستان خاكی ئێمەیە، پژاك بۆ ئازادی گەلو نیشتمان بەدژی كۆماری ئیسلامی ئێران شەڕو تێكۆشان دەكات. پژاك ئەو هێزە نیە كە ئەگەر پێیان وت تەسلیم بەو بچۆ ئۆردوگایەك دابنیشە، بچێت دابنیشێت. پژاك بە رۆحی شۆڕشگێڕیو ئازادیخوازییەوە تێكۆشان دەكات، ئامادەیە بە "نانە رەقە" لە چیاكان بمێنێتەوەو بەربەرەكانێ بكات لەگەڵ هەر داگیركەرو كۆنەپەرستێك. لەكاتی گونجاودا دەكەوینەوە قوڵایی رۆژهەڵاتی كوردستانو ئێران، ئەو دەرفەتو ئیمكانەمان هەیە، دەتوانین هێزی كۆماری ئیسلامی توشی قەیرانێكی جددی بكەین، بەڵام ئێستا ئێمە پێمان وایە، قۆناغەكە رەنگە ئەوە نەبێتو لەبواری ستراتیژییەوە بە گونجاوی نەزانین، بەڵام گەر مەجبور بین دەتوانین ئەو هەنگاوە بنێین.
درەو: ئایا لەگەڵ حزبەكانی رۆژهەڵات هیچ هەماهەنگیو بەرەیەكتان هەیە، بەتایبەت لەسەر ئەم رووداوانە؟
سیامەند موعینی: ئێمە نرخاندنێكی سیاسیمان هەبووە لەسەر ئاڵوگۆڕیەكانی ناوچەكەو نەخشە رێگامان لە ساڵی 2018 پێشكەش بە هەموو لایەك كردووە. لە ساڵی 2016وە من بە بەشی خۆم هەوڵمدا حزبەكانی رۆژهەڵات تێبگەیەنم كە رەوشی ناوچەكەو رەوشی ئێران بەرەو ئاڵۆزی دەچێت، ئەو قەیرانەی كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە بەرۆكی ئیرانیش دەگرێتەوە، بۆیە ئێمە وەك كورد پێویستە ئامادە بین كە بتوانین لە چوارچێوەی پاراستنی دەستكەوتەكانی ئازادی بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان یەكگرتوو كار بكەین. ئێمە هەوڵ بدەین هەماهەنگی هەبێت لە نێوانماندا، كە لە بوارەكانی دیپلۆماسی، سیاسی، كۆمەڵایەتی، بەشی چالاكیو تەنانەت سازكردنی هێزێكی لەشكری هاوبەش پێكەوە هاوكار بین. رەنگە هێزەكانی تر بەربەستیان هەبێت، ئەوان لە باشوری كوردستانن، ئەوان كیشەیان هەیە ئەوان دەرفەتو ئیمكانی ئەوەیان نییە، ئەو ئازادییەی پژاك هەیەتی كە موحتاجی نە حكومەتی هەرێم نە هیچ حكومەتێكە ئەوان نییانە، پژاك لەسەر هێزو توانای گەلی خۆی ژیانو شۆڕش دەكات، بۆیە بێ منەتە لەهەر دەوڵەتو لە هەر هێزێك كە بیەوێت ئەجێندای خۆی بەسەردا بسەپینێت، ئێمە تەنهاو تەنها گوێڕایەڵی گەلی خۆمانین.
درەو: خاڵی هاوبەشتان لەگەڵ حزبەكانی تری رۆژهەڵاتدا چییە، ئایا خاڵی هاوبەشتان لەگەڵیاندا نییە بۆ دۆزی رۆژهەڵات؟
سیامەند موعینی: دەیان خاڵی هاوبەشمان هەیە، تێكۆشان بە دژی كۆماری ئیسلامی ئێران خاڵی هاوبەشی هەموو حزبەكانە، ئەگەر جددی بن لە بەربەرەكانێو دژایەتیكردنی كۆماری ئیسلامی ئێران، ئەوە دەكرێت هەنگاوی باش بنرێت. ئێمە هەمیشە ئامادەبووینو باوەشمان كراوەتەوە، دەستمان ئاوەڵایە بۆ ئەوەی لەگەڵ هەموو ئۆپۆزیسیۆنی كورد كە بۆ ئازادی تێكۆشان دەكات، تەنانەت ئامادەیە هاوكاری لەگەڵ هەموو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بكات بە غەیری ئەوانەی كە ناوەندگەرانو بەچاوی ناوەندگەرایی لە پرسی كورد دەڕوانن، ئێمە ئەوە تەحەمول ناكەینو قبوڵی ناكەین كە هیچ هێزێك بەنزمی چاو لە پرسی كورد بكات.
درەو: ئایا ئێوە لەڕووی پراكتیكییەوە هیچ فیدراسیۆنێك یان كۆمسیۆنو هەماهەنگییەكو پێكەوە كاركردنێكتان نییە ؟
سیامەند موعینی: هەماهەنگی رەنگە هەبێت بەڵام هیچ بەرەیەكی یەكگرتوو نیە، ئەوەش كەمایەسیەكە نەك لەلای ئێمەوە بەڵكو لە لایەن حزبەكانی دیكەوەیە.
درەو: سێ حزبەكەی تر هەردوو كۆمەڵەو دیموكرات هاوپەیمانێتییەكیان هەیە، بەڵام ئایا ئێوە جگە لە حزبە كوردییەكان هیچ هەماهەنگییەكتان لەگەڵ حزبە ئۆپزسیۆنەكانی تری ئێران نییە؟
سیامەند موعینی: ئێمە پەیوەندیمان هەیە لەگەڵ هێندێك لە حزبە ئێرانیەكانو لەگەڵ حزبەكانی رۆژهەڵاتیش ئەو پەیوەندییانە هەیە. پلاتفۆڕمی گەلانی ئێران لە ساڵی 2018 كە یەكەم كۆنفڕانسی لە پاڕڵمانی ئوروپا لە بلژیك بەست، ئێمە كاری بۆ دەكەین كە هەموو نەتەوەكانی ئێران چالاكانە لەژێر ناوی ئەو پلاتفۆرمەدا كار بكەن بە دژی كۆماری ئیسلامی ئێران. ئەوەی كە هێزو توانای هەیە لە نێو كۆمەڵگادا لە بوارەكانی سیاسیو سەربازی، بەڕاستی پژاك هێزێكی بەرچاوەو هێزێكە كە دەتوانێت چارەنوسی زۆر شت دیاری بكات، بەڵام ئەو حزبانەی تر كە دوو حزبن بونە چوارو دوانیان یەكیان گرتووەتەوە كە زۆرمان پێخۆش بوو، یان هەر چواریشیان بن، ئێمە بۆ كەس دیاری ناكەین چۆن شێوازی تێكۆشانو رێكخستنی خۆیان بكەن، بەڵام گرنگە ئێمە وەك كورد دیالۆگمان هەبێت چونكە تەنها جمهوری ئیسلامی نیە كە دوژمنایەتی پرسی كورد دەكات، بەڵكو دوای جمهوری ئیسلامیش شۆڤێنیزمێكی ناوەندگەرا هەیە كە پێشینەی تاریخی هەیەو زۆر درەنگ بۆی هەزم دەكرێت، كە كورد بە مافە ئازادیخوازەكانی خۆی بگات، بۆیە كورد پێویستە ئامادەی ئەو رۆژەش بێت.
درەو: ئەگەر ئێستا لەم دۆخەدا، كە دۆخێكی شۆڕشگێرییە نەتوانن بەرەیەكی یەكگرتوو پێكبهێنن، ئایا ئەگەر رۆژهەڵاتی كوردستان رزگار ببێت، دەتوانن لەوێ بە ئاسانی پێكەوە هەماهەنگ بن؟ ئایا ئەزمونی هەرێمی كوردستان دووبارە نابێتەوە لە شەڕی ناوخۆ و لەو دۆخەی كە پیشتر هەبوو؟
سیامەند موعینی: بە تەكید ئێمە ناهێڵین تەجروبەی شكستخواردوی هەرێمی كوردستان دووبارە ببێتەوە، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە كە ئەو حزبو رێكخستنانە پێگەیان نییە، هەر حزبو رێكخستنێك پێگەی خۆی هەیە، بۆیە دەبێت لە ئێستاوە ئەو زەمینەیە كاری بۆ بكردرێت. حزبەكان بەگشتی چارەسەری ئەو وەزعییەتە بكەنو پێویستە لێكتێبگەن كە چییان دەوێت، ئێمە لە قۆناخی یەكەمدا جگە لە دەركردنی داگیركەر لە كوردستان، تێكۆشانی ئازادی بۆ كۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكەین.
درەو: ئایا لەم قۆناغەدا هیچ هەنگاوێكی گفتوگۆ لەگەڵ كۆماری ئێراندا نییە، بیرتان لە دانوستان نەكردووەتەوە یان ئێران هەنگاوی نەناوە لەم نێوەندەدا؟
سیامەند موعینی: رەنگە رێكخستنەكانی دیكە ئەم پرۆسەیەیان تێپەڕ كردبێت بەڵام ئێمە نە فەرمیو نە نافەرمی هیچ دانیشتنو دیالۆگێكمان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران نەبووە. چونكە پێمان وایە كۆماری ئیسلامی ئێران زەرفییەتی ئەوەی نیە كە دیموكراسی لە ئێران دەستەبەر بكاتو ئازادی گەلەكەمان لە رۆژهەڵاتی كوردستان گەرەنتی بكات، بۆیە ئێمە لەو چوارچێوەدا هەنگاو هەڵناهێنین، ئەگەر رۆژێك دوای كۆماری ئیسلامی ئێران بارودۆخەكە گۆڕانكاری بەسەر داهات ئێمە هەمیشە بۆ دیالۆگ كراوەینو لەو چوارچێوەدا ئێمە هەوڵ دەدەین. بۆ رێكخستنەكانی دیكەش هەمیشە دەستی دۆستیو هاوكاری درێژ دەكەین، لەم قۆناغەدا كە ئێستا قۆناغێكی هەستیاری مێژووییە، زۆر زۆر گرنگە كە حزبەكانی دیكە تێبگەن، بەرژەوەندی حزبیو بەرژەوەندی خۆیان ئەساس نەگرن، بەرژەوەندی گەل ئەساس بگرن، لەو چوارچێوەدا ئەگەر بێنە پێشێ ئێمە هەنگاوی یەكەم دەهاوینو باوەشمان ئاوەڵایە بۆ هەموو حزبەكان كە بتوانین ئێمە بەرەیەكی هاوبەش بكەینەوە بۆ بەربەرەكانی لە دژی كۆماری ئیسلامی لەهەموو بوارەكانی سیاسی، دیپلۆماسیو تەنانەت لەشكریشەوە.
درەو: سەرنجتان لەسەر پشتیوانی خەڵكی باشور لەم دۆخەدا چییە؟
سیامەند موعینی: وەك پژاك لە پشتیوانیەكانی گەلی خۆمان لە رۆژاو لە باكور لە ئوروپاو تەنانەت لە باشوری كوردستانیش سوپاس دەكەین، ئێمە یەك گەلین وە سبەینێ ئەو دەسەڵاتانە نامێنن هەر چۆن دەستەڵاتی سەددامی دیكتاتۆر نەما، كۆماری ئیسلامی ئێرانیش نامێنێ، سبەینێ پێمخۆشە ئەو مێژووە بە پاراویو جوانی بنوسرێتەوە كە گەلو حزبەكانی باشوری كوردستان پشتیوانی خەباتی رەوای رۆژهەڵاتی كوردستان بوونو بۆ گەیشتن بە ئازادی هاوكارییان كردون. من ملاحەزاتی دیپلۆماسیو هاوسنوری تێدەگەم بەڵام خۆفرۆشی لەگەڵ پێوەندی دیپڵۆماتیك جیاوازە. دەسخۆشی لە تێكۆشانی سەرهەڵدیڕانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكەم. سوپاسی گەلی شۆڕشگێری سنە بەتایبەتو هەموو ئەو شارانەی لە خەباتو تێكۆشاندان دەكەمو ئێمە وەك پژاك تێكۆشانو بەرخۆدانی گەلەكەمان بەرز دەنرخێنین. سەرەخۆشی لە بنەماڵەی گیانبەختكردوان دەكەمو ئارەزوی چاكبوونەوە بۆ برینداران دەكەم.