Draw Media

دەوڵەتی مۆدێرن... تاکەسی مۆدێرن

دەوڵەتی مۆدێرن... تاکەسی مۆدێرن

2022-10-16 09:14:24


مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

 

لەگەڵ سەرەتاکانی لەدایکبوونی دونیای نوێ لە سەدەی ھەڤدەھەمدا، پرۆسەیەکی درێژخایەنی دووسەرە لەدایکدەبێت، کە بریتییە لە پرۆژەی دروستکردنی ”دەوڵەتی مۆدێرن“ و دروستبوون و لەدایکبوونی ”تاکەکەسیی مۆدێرن“. ئەوەی بەدرێژایی سێ سەدەی ڕابردوو لە بەشێکی گەورەی جیھاندا ڕووئەدات پرۆسە ئاڵۆز و پڕ ھەڵبەز و دابەزەکانی ئەم لەدایکبوونە مێژووییە دوو جەمسەرەیە. ئەمەش نەک تەنھا لە ئەوروپا و ئەو بەشەی جیھاندا کە ناوی خۆرئاوای لێنراوە، بەڵکو لە سەرجەمی بەشەکانی تری جیھاندا. ھەردوو پرۆسەکەش ئاکارێکی گەردونیان ھەیە و لە ئێستاشدا کێشە سەرەکیی و تەحەدا گەورەکانی ئەو لەدایکبوونە و شێوەوەرگرتنی، لەو ناوچەیەی ئێمەدا بە ئاسانی ھەستیپێدەکرێت و دەبینرت. ئەوەی لە شەپۆلی یەکەمی بەھاری عەرەبیدا ڕوویدا، ئەوەی لە بزوتنەوەی سەوز لە ئێراندا دەرکەوت، ئەوەی لە ناڕەزاییدەربڕینەکانی پارکی غازی لە تورکیادا بینرا، ئەوەی لە خۆپیشاندانەکانی شەپۆلی دووھەمی بەھاری عەرەبی لە عێراق و سوداندا ڕویاندا، ئەوەی ئێستاش لە ئێراندا ڕووئەدات، پەیوەندییەکی پتەوی بەھەردوو ڕەھەندە سەرەکییەکەی دروستبوونی ئەم دونیا تازەیەوە ھەیە. ئەوەی دەیبینین ھەوڵدانی مێژوویی چەندان بکەری نوێی ناو مێژووی ئەو ناوچەیەیە، بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی مۆدێرن و بۆ ڕێگەخۆشکردن بۆ گەشەکردنی زیاتری ئەو تاکەکەسە مۆدێرنەی، باسمانکرد. 

ئەمڕۆ بەشێکی گەورەی دانیشتوانی سەر ئەم ئەستێرەیە زۆر لەو ڕاستییە سادەیە تێگەیشتون کە دەوڵەت لە دونیای ئەمڕۆدا یان نابێت ھەبێت، یان کە ھەبوو پێویستە سەر بەو جۆرە لە دەوڵەتی مۆدێرن بێت کە لە سەدەی ھەڤدەھەمەوە لە پرۆسەی دروستبوون و گەشەکردنێکی ئاڵۆز و بەردەوامدایە. ئەو شێوازە لە دەوڵەت کە تیایدا دەسەڵاتەکان بەڕاستیی لەیەکتری جیاکراونەتەوە، دەزگای گرنگ و بەھێز بۆ لێپپرسینەوە و بەرپرسیارکردنی سیاسیی ھەن و کاردەکەن، دەستگۆڕکێی ڕاستەقینەی دەسەڵات لەناو ئەو دەوڵەتەدا ئەنجامئەدرێت، خودی دەوڵەتەکە خۆیشی ڕێژەییانە بێلایەن و چالاکانە چاودێرە بەسەر گشتێتی ژیانی کۆمەڵایەتییەوە. ھەر دەوڵەت خۆیشی توانای بەکارھێنانی توندوتیژیی و شەرعیەتی ئەو بەکارھێنانەی لەدەستدایە، بە تەنھا ئەویشە تواناکانی کۆکردنەوە و وەرگرتنی باجی لەدەستدایە. ئەم دەوڵەتە لەباتی خواست و ویست و زەوقی دەسەڵاتدارێک بەڕێوەیببات، ئیتر گرنگ نییە ئایەتوڵایەکی دینییە یان سەرۆکێکی نادینیی، پێویستە دەستورێک بەڕێوەیببات، کە یاسا و پرنسیپەکانی لەسەروی ھەمووان و ڕووبەڕووی ھەمووانە. لەناو ئەم دەوڵەتەدا بڕیار و سیاسەتەکان لەژێر سێبەری یاسا و لەناو دەزگا فەرمییەکانی حوکمڕانیدا دەدرێت، نەک لە ژووری تایبەتی پادشا و لە کۆشک و بارەگای ئەم یان ئەو سەرکردەی سیاسیدا. 


مێژووی ئەم دەوڵەتە مۆدێرنە لە سەدەی ھەڤدەھەمدا بە سنووردارکردنی دەسەڵاتی پادشا و ئەمیر و سەرۆکەکان دەستپێدەکات، دواتر گەشەدەکات بۆ بەیاسا گەمارۆدانی حوکمڕانان و ڕەخساندنی توانا و دروستکردنی میکانیزمی تایبەت بۆ لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردنیان. ئەم دۆخە دواتر گەشەدەکات ئەم دەوڵەتی مۆدێرنە لەگەشەی خۆیدا دەگۆڕێت بۆ ”دەوڵەتی یاسا“. قۆناغێک دواتریش ئەم دەوڵەتە دەبێت بە ”دەوڵەتی ماف“. مافەکانیش تا دێت گەشەی زیاتر و زیاتر دەکەن و لە سەدەی بیستەمدا ئەو جۆرە لە دەوڵەت لەدایکدەبێت کە بە ”دەوڵەتی خۆشگوزەرانیی“ ناودەبرێت. ئەمڕۆکە بڕێکی گەورەی دانیشتوانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست  ئەم ڕاستییە سادانە دەزانن و لە ڕێگای تەکنۆلۆژیای پەیوەندیی نوێوە، دەرکەوت و دەرەنجامەکانی لە ژیانی دانیشتوانی چەندان بەشی جیھاندا، دەبینن. 
لە دەرەوەی ئەم مۆدێلی گەشەکردنە گشتییەی دەوڵەتدا کە باسمکرد، مۆدێلەکانی تری دەوڵەت لە دونیای ئەمڕۆدا ھەرچییەک بن، لە ھەربەشێکی دونیادا بن، ھەر فۆرمێکیان ھەبێت، دینیی بن یان نادینیی، بوونەوەرێکی سیاسیی ترسناکن و لە فۆرمی کابوسی جیاوازدا ئامادەن. دەوڵەت لە دونیای ئەمڕۆدا، جا چ لە ئێران بێت یان لە تورکیا یان لە سودان یان لە سعودیە یان لە عێراق یان لە میسر یان لە فەرەنسا یان لە بریتانیا و وڵاتانی ئەسکەندەنافیدا، لەبەردەم دوو ئەگەردایە: یان ئەوەیە دەوڵەتێکی مۆدێرنە بەو ئاکارانەی لەسەرەوە باسمکرد، یان ھەڕەشە و کارەسات و کابوسێکی گەورە و بەردەوامە بەسەر سنگیی ئەو کۆمەڵگا و ملیۆنەھا مرۆڤەوە کە حوکمڕانیان دەکات. سەرجەمی ئەو یاخیبوون و ناڕەزیبوونانەی لەم دەیەی دواییدا بینیومانن، یاخیبوونە بەڕووی ئەم دەوڵەت و حوکمڕانییە کابوسییانەدا، خواست و ویستی بونیادنانی دەوڵەتێکی مۆدێرن لەپشتیانەوە بووە و ئاراستەی کردون. 

ھەرچی تاکەکەسی مۆدێرنیشە، ئەویش بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و کولتوریی تازەیە و لە سەدەی ھەڤدەھەمەوە و لەناو پرۆسەیەکی مێژوویی ھێجگار ئاڵۆز و پڕ لە ھەڵبەز و دابەزدا لەدایکدەبێت و گەشەدەکات. تاکەکەسێک کە ئاکاری سەرەکیی ئەو ”دینیی بوون“ یان ”دینی نەبوون“ نییە، ئەوە نییە باوەڕدارە یان بێباوەڕە، مەسیحیبوون یان ئیسلامبوون یان جولەکەبوون یان ھیندوسیبوون، یان ھەر ئاکارێکی دینیی تری لەم بابەتە، نییە. بەڵکو ئەوەی شوناسی ئەوە دیاریدەکات توانای بیرکردنەوەی سەربەخۆیە. ”من بیردەکەمەوە کەواتە من ھەم“ ئەو شوناسە تازەیەیە کە ئەم تاکەکەسە دروستیدەکات و لەگەڵخۆیدا دەیھێنتە ناو مێژووەوە. چیدی مەسەلەی سەرەکیی ئەوە نییە: ”من مەسیحیم کەواتە من ھەم“، یاخود ”من ھنیدۆسیم کەواتە من ھەم“، یاخود ”من موسڵمانم کەواتە من ھەم“، ”من سۆسیالیستم کەواتە من ھەم“، بەڵکو ئەوەیە ”من بیردکەمەوە کەواتە من ھەم“. لەم ساتەوەختەوە بەدوا مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی بیرکەرەوە و ڕەخنەیی، دەچێتە شوێنی ”مرۆڤی دینیی“ و خودی دین خۆیشی، لەناو ئەم دۆخە مێژووییە تازەیەدا مانای نوێ و فۆرمی نوێ و ئەرک و وەزیفەی نوێ وەردەگرێت. بیرکردنەوە خۆیشی کردەیەکە ھەمیشە بە تێڕامان و گومان و پرسیارکردن دەستپێدەکات و بە پاسادان و سەلماندن کۆتاییدێت. ئەم مرۆڤە بیرکەرەوەیە مرۆڤێکی عەقڵانییە، خاوەنی عەقڵێکی پرسیارکەر و گومانکەر و پشکنەرە. لە سەدەی ھەژدەھەم و نۆزدەھەمیشدا ئەم تاکەکەسە لەپاڵ عەقڵدا، دەبێتە خاوەنی ئاکارێکی گرنگیی دیکە، کە شوناسی ئەو دەوڵەمەندتر و ئاڵۆزتر دەکات، ئەو ئاکارەش بوونی ئیرادەیە لای مرۆڤ، ئیرادەیەکی سەربەخۆ. ئیرادەیەک دەتوانێت ئازادانە بڕیاربدات و بجوڵێت. لەم ساتە بەدوا ئیرادە و عەقڵ دەبن بە ئاکاری بنەڕەتیی شوناسی ئەو تاکەکەسە. 
ئەوەی شوناسی ئەو پەیوەندییەش دەستنیشاندەکات کە دەوڵەتی مۆدێرن و تاکەکەسی مۆدێرن بەیەکەوە گرێئەدات، ئازادییە. ئازادیی عەقڵ و بیرکردنەوە و ویژدان، ئازادیی ئیرادە و ھەڵبژاردنی سەربەخۆ. لەم پەیوەندیەدا دەوڵەت دەبێتە ئەو چوارچێوە سەرەکییەی ئازادییەکانی ئەم تاکەکەسە مۆدێرنە دەپارێزێت و دەستەبەردەکات، لە سنووری ئەو ڕێکەوتنە کۆمەڵایەتیەدا کە دروستدەبێت. 


 بە مانایەکی دیکە ئازادیی تاکەکەس بەر لە ھەمووشتێک لە بەرامبەر خودی دەوڵەت خۆیدا دەپارێزرێت و دەوڵەت بەشێوەیەک ڕێکدەخرێت نەتوانێت و نەیەوێت پەلاماری ئەو ئازادییە بدات. ھاوکات ئەم ئازادییە لە پەیوەندیی تاکەکەس بەو کۆمەڵگایەشەوە دەپارێزرێت کە لەناویدا دەژیی. واتە تەنھا داوا لە دەوڵەت ناکرێت ئەو ئازادییە تاکەکەسییانە بپارێزێت و بەرگریان لێبکات، بەڵکو ھەمان داواکاریی ڕووبەڕووی کۆمەڵگاش دەکرێتەوە و کۆمەڵگاش بەجۆرێک ڕێکدەخرێت و دادەڕێژرێتەوە ئەو ئازادییە تاکەکەسییانە بێنرخ و بێبەھا و تاوانبار نەکات و نەتوانێت و نەیەوێت، پەلاماریانبدات.
لەم دۆخە مێژووییە نوێیەدا تاکەکەسەکان تەنھا ئازادنین، بەڵکو لەگەڵیەکتریشدا یەکسانن، دیندار و بێدین، ژن و پیاو، ڕەش و سپی، خەڵکی شار و خەڵکی لادێ، ھتد، ھەم ئازادن و ھەم یەکسانن... ھاوکات پرنسیپێکی دیکەش لەدایکدەبێت کە گرنگییەکەی لە گرنگیی ئازادبوون یەکسانبوون کەمترنییە، ئەویش پرنسیپی مافی جیاوازبوونە. ئەم مافەش مافێکە بۆ ھەمووان: ھەم بۆ تاکەکەس و ھەم بۆ گروپ و ھەم بۆ کۆمەڵە جیاوازەکان. 
ئەوەی ئێستا لەو ناوچەیەی ئێمەدا ڕووئەدات لەدایکبوونی نەوەیەکی نوێیە کە ھەم دەوڵەتێکی مۆدێرنی پارەێزەر و چاودێریکراو و یاسادۆست و مافگەری، دەوێت، ھەم بەرجەستەبوونی ئامادەگیی تاکەکەسێکیشە داوای ئازادییە شەخسییەکان و داوای مافەکانی دەکات و خواستی یەکسانبوون و جیاوازبوون، ئاراستەیدەکات. ئەوەی دەیبینین لەدایکبوونی ئیرادەیەکە دەیەوێت خۆی سەروەری خۆی بێت، نەک ژیانی لەڕێگای چاوساغە دەرەکییەکانەوە دەستنیشان و ئاراستە بکرێت. ئەم تاکەکەسە تازەیە ھەم دەوڵەتێکی نوێ و ھەم کۆمەڵگایەکی جیاواز و ھەم شوناسێکی نوێی دەوێت، کە وابکەن خۆی ئەندازیار و دروستکەر و داھێنەری کەسایەتیی و خواستەکانی خۆی بێت. لە بەھاری عەرەبیدا خەڵک داوای نان و ئازادیی و کەرامەتی دەکرد، ئەوانەی ئەمڕۆکەش ھەمان داواکارییان ھەیە، بەڵام تێکەڵ بە خواستێکی بەھێزیش بۆ یەکسانی ڕەگەز و ڕێزگرتنی ماف و ئازادیی ژنان. 
یەکێک لەو پرسیارگەلە سەرەکییانەی مرۆڤ لە سەردەمی مۆدێرنەدا دەیانکات، پرسیارەگەلێکی لەم شێوەیەیە: ئایا من کێم؟ من چیم؟ ھەڵگری چ خەون و خولیا و خواستێکم؟ کام شوناس شوناسی ڕاستەقینەی منە؟ چۆن دەتوانم ئەو کەسەبم کە دەمەوێت ببم؟ ھتد..لەم ساتەدا نە ئەو جۆرانەە لە کۆمەڵگا و نە ئەو مۆدێەلانە لە دەوڵەت کە لەناوچەکەدا ھەن و ئامادەن، ھاریکاریی بەشێکی گەورەی تاکەکەسەکان ناکەن بتوانن ئازادانە خۆیان وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەنەوە. یەکێک لە ھۆکارە سەرەکییەکانی ئەو یاخیبوونانەی لەم دوو دەیەی دواییدا لەو ناوچەیەدا بینیومانە، ھاتنەکایەی ئەو جۆرە تایبەتەی پرسیارکردنە لای ئەو بوونەوەرە تازەیەی لەناو مێژووی ئەو ناوچەیەدا لەدایکبووە: لەدایکبوونی تاکەکەس. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand