مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) ئەم دۆخە ئاوا بەردەوامبێت ڕۆژێک دێت ئەو ھێزانەی لەو وڵاتەدا دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە و حوکمڕانن یەکتری بخۆن، بەڵام بەر لەوەی ئەم کارە ئەنجامبدەن، سەرەتا ھەموو میلەتەکە، یان بەشێکی گەورەی میلەتەکە دەخۆن، ھەموو ھەوڵێکیش ئەدەن بەشێکی ئەم میلەتە بەشەکەی تر، یان بەشەکانی تری ھەمان میلەت، بخوات. ئەوەی ئێستا دەیبینین دۆخی زەلیلکردنی یەکترییە تا خاڵی لەناوبردن و ئێسقان شکاندنی یەکتری. لانیکەم لە ئاستی گوتار و قسەکردن و خۆنمایشکردندا. ھەموویشی لە دۆخێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیدا تیایادا مەحاڵە مرۆڤ بتوانێت درۆ لە ڕاستیی و شیاو لەناشیاو، جیابکاتەوە. پێدەچێت قۆناغی دوای ئەم ھێزانە و دوای ئەم شێوازە ترسناکە لە حوکمڕانیی، پێویستی بەوەبێت کۆمەڵگای ئێمە ”گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی“ تایبەتی ھەبێت، مادەی یەکەمی ئەو گرێبەستە پێ لەسەر ئەوە دابگرێت کە ھیچ ھێزێکی ئەم میلەتە ھێزەکەی تر و ھیچ بەشێکی ھەمان میلەت، بەشێکی تر، یان بەشاکانی تری ئەم میلەتە، نەخوات. لە ئایندەدا ھەر پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی دروستبکەین دەبێت بەناو ئەو بەڵێنەدا تێپەڕێت کە یەکترخواردن و قڕکردن، لە قاموسی مامەڵەکردنی یەکتریدا بسڕیتەوە. چونکە ئەوەی ئێستا ڕووئەدات ململانێی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی نییە، ململانێی نێوان چەند ھێزێک نییە کە باوەڕیوان بەوەبێت ھەموویان بەیەکەوە و لەپاڵ یەکتریدا ھەبن، بەڵکو ھەوڵی ئاشکرا و ڕاستەوخۆی قڕکردن و سڕینەوەی یەکتری و سڕینەوەی بەشێکی ئەو کۆمەڵگایەیە بۆ بەشێک یان بەشەکانی،، تری. ئەوەی ئێستا دەیبینین ئێسقان شکاندن و زەلیلکردنی بەر لە خواردنی یەکترییە. لە ”ڕۆژگارێکی تاریکیی“ وەک ڕۆژگاری ئەمڕۆکەی کۆمەڵگای ئێمەدا، ئەوەی لەناو ئەم زەلیلخانە تاریک و گەورەیەدا بزرە، سادەترین توانای جیاکردنەوەی درۆیە لە ڕاستیی. وەک ھانا ئارێنت دەڵێت ”ڕۆژگاری تاریک“ ئەو ڕۆژگارەیە کە تیایدا توانای جیاکردنەوەی درۆ لە ڕاستیی بزردەبێت و ھیچ فۆرمێک لە فۆرمەکانی متمانەکردنیش نامێنێتەوە. ژیانی گشتیی دەبێتە ژیانێکی پڕ دڕدۆنگیی و نادڵنیایی و ونبوون لەناو ئەو قسانەدا کە دەکرێن و دەگوترێن. دۆخی ئەمڕۆکەی وڵاتی ئێمە دۆخی ئەم تاریکییە گەورەیەیە. لەناو ئەم دۆخی وێرانبوونی متمانەیە و لەناو دروستبوونی ئەم تاریکییەدا، سەرۆکی حکومەت دێتە سەر تەلەفیزیۆن و لەبەردەمی کەناڵە تەلەفیزیۆنە دۆستەکانی خۆیدا لایەنەکەی تر بە دیارنەمانی داھاتی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی ئەو لایەنە، تاوانباردەکات و وێنەیەکی فریشتەیی بەخۆی و بە شێوازی حوکمڕانییەکەی خۆی و پارتە سیاسییەکەی، دەبەخشێت. چەندان دەنگیش لەناو یەکێتی نیشتیمانیشەوە بە چەندان بەڵگە و دوۆکێنتەوە دێنە وەڵام و پێچەوانەکەی نیشانئەدەن، نیشانیئەدەن سەرۆکی حکومەت نەک تەنھا ڕاستناکات، بەڵکو ھەم خۆی و ھەم پارەتەکەی وڵاتەکەیان وا ڕێکخستوە کە شارێک وێرانببێت و خەڵکەکەی زەلیببکرێن، لەکاتێکدا شارەکانیتر وەک تەماشەکەرێکی بێحەوسەڵە سەیری ئەو زەلیلیی و وێرانبوونە بکەن. پەرلەمانتارانی ئەم لایان وەزیفە ئەبەدییەکەی خۆیان دەبینن و بە دەنگی بەرز بە ھێرش و جنێ و تۆمەتی ھەمەجۆر پەلاماری لایەنەکەی تر ئەدەن و پەرلەمانتارانی لایەنەکەی تریش، بە ھەمان ھێز، ھەمان ”ئەرکی پیرۆز“ بە ئاراستەیەکی پێچەوانەدا، سەدبارە دەکەنەوە. ئەم ھێزیان دەچێتە لای ھێزە جیھانییەکان بۆئەوەی ئەویتریان ڕەش و زەلیل بکات، ئەویتریشیان دوای ئەوان دەچنە لای ھەمان ئەو ھێزانە و قسەیەکی تەواو پێچەوانەی ھێزەکەی پێشخۆیان، دەکەن. ھەردووکیشیان ئەو کارە پێچەوانانە بەناوی پارێزگاری لە یەکێتی خەڵک و نەتەوە و نیشتیمانەوە دەکەن. کاتێک خەڵک کە ئەم ھەموو درۆ و تۆمەت و پیلانە ناشرینانە دەبینن، ئەو لەشکرە لە سیاسیی درۆزن و لە پەرلەمانتاری بوکەڵە دەبینێت، جگە لەوەی ڕقێکی گەورەی بەرامبەر بەو ھێز و دۆخە تاریکە لەلادروستدەبێت و ھەموویان بەنەفەرت دەکات، ھاوکات دەکەوێتە دۆخی خودنەفرەتییەکی پاسۆلۆژیشەوە کە ھەستکردنێکی گەورە بە نائومێدیی و ھەستکردن بە ژیان لەناو تاریکیدا دروستیدەکات. ئەم دۆخی خودنەفرەتییە ڕوی لە نەفرەتکردن لە ھەموو شتێکە: لە نەفرەتکردن لە مێژو و ڕابوردوە بیگرە، بۆ نەفرتەکردن لە ئێستا و ئایندە، بە تێپەڕین بەناو نەفرەتکردن لە خودی نیشتیمان خۆیشیدا. ئاخر ئەوەی وادەکات خەڵک شوێنێک بە نیشتیمانی خۆیان بزانن، ئەوەی پاڵ بەخەڵکەوە ئەنێت ئەو ژینگەیەی تیایدا دەژین بە ژینگەی ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان بزانن، ھەستکردنە بە جۆرێک لە دڵنیایی و بەو لانیکەمی سەلامەتییەی کە ژیانیان تەسلیمی بە خواست و ویستیی ئەم یان ئەو کەسایەتی حوکمڕان و ئەم یان ئەو بنەماڵە و خێزانی سیاسیی ناکات. نیشتیمان شوێنێکە مرۆڤ دەتوانێت تیایدا درۆ لە ڕاستیی و حەڵاڵ لە حەرام جیابکاتەوە، ئەو پارچەزەوییەیە کە ھەستکردن بە بەرپرسیارێتیی چوارچێوە سەرەکییەکانی دروستدەکات. ”سەرەتای یەکسان“ی تێدایە بۆ ھەر منداڵێک لەناویدا لەدایکدەبێت. ھەموو ئەم پێدراوە سەرەتایی و سەرەکییانە لە ئێستای ھەرێمی کوردستاندا بەتەواوی غائیبە. لە ھەموو جیھاندا خەڵک نیشتیمانێکیان دەوێت، تەنھا تیایدا لەدایکنەبن، بەڵکو تیایدا وەک مرۆڤ بژین. ترسی ئەوەیان نەبێت ببن بەژێرپێوە، ڕاوبنرێن، برسیبکرێن، پەلاماربدرێن، یان بخورێن، ھەم خۆیان و ھەم مافەکانیان بخورێت. خەڵک نایانەوێت بەو شێوەیە بمرن کە کەسانیتر بۆیان دیاریدەکەن، یان بەسەریاندا بسەپێنن، خەڵک دەیانەوێت ئازادانە بمرن، لە شوێنێکدا ئەو ئەگەری مردنە ئازادانەیان پێببەخشێت. سیاسەت کردە و پرۆسەی ڕێکخستنی ژیانی گشتییە بۆ دوو مەبەست. یەکەمیان پاراستنی جیاوازیی و پلورالیزمی مرۆڤەکان و ڕێگرتن لەوەی ھەموویان ببن بە کۆپی یەکتریی و کەسایەتیان بسڕێتەوە. دووھەمیان پاراستنی ژیان و بەردەوامیپێدانی لەڕێگای ڕێگەگرتن لە سڕینەوە و لەناوبردن و بێ‌مانا و بێنرخکردنییەوە. ئەوەی سیاسەت و حوکمڕانان لە ھەرێمدا لەدەستیانداوە ئەم سەرەتا ساکار و ئینسانییە گشتییانەیە.
(درەو): وەزارەتی دارایی‌و ئابوری حكومەتی هەرێم یەكەم تێستی دابەشكردنی موچەی بەشێوەی ئەلیكترۆنی جێبەجێكرد، هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی پرۆسەكە بدرێت بە كەرتی تایبەت. سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی بە (درەو)ی راگەیاند، ئەمڕۆ تێستی دابەشكردنی موچە بەشێوەی ئەلیكترۆنی لە بەڕێوەبەرایەتی تەكنەلۆجیای بانكەكان لە هەولێر جێبەجێكرا. بەپێی قسەی سەرچاوەكە، لە تێستەكەی ئەمڕۆدا ژمارەیەك موچەخۆر لەماوەی چەند خولەكێكی زۆر كەمدا، بەشێوەی كارتی ئەلیكترۆنی موچەكەیان وەرگرتووە‌و دەركەوتووە سیستمەكە كارایە. حكومەتی هەرێم لە ساڵی 2011ەوە ئەم سیستمە ئەلیكترۆنییەی كڕیوە، بەڵام تائێستا نەیخستوەتە بواری كاركردنەوە، وەزارەتی دارایی بەنیازە ئەم سیستمە لە هەموو بانكەكانی هەرێم بخاتە كارەوە‌و كارمەندانی وەزارەتی دارایی كاروبارەكان بەڕێوە ببەن، بەڵام بەپێی قسەی سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی، هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی پرۆسەی دابەشكردنی موچە لە هەر زۆنێك (سەوزو زەرد) بدرێت بە كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت. ئەوانەی ئاگاداری وردەكاری سیستمە ئەلیكترۆنییەكەن دەڵێن ئەم سیستمە دەبێتەهۆی چارەسەركردنی چەند كێشەیەك كە ئێستا هەن، لەوانە: 1- كێشەی كەمی نەختینە لە بانكەكان چارەسەر دەكات 2- قەرەباڵغی لەبەردەم بانكەكاندا كەم دەكاتەوە 3- فەرمانبەر‌و موچەخۆر هەركاتێك بیەوێت دەتوانێت هەموو موچەكەی یان بەشێكی لە بانك رابكێشێت 4- موچەخۆر لە هەر ناوچەیەكی كوردستان بێت، دەتوانێت لە نزیكترین بانك موچەكەی وەربگرێت
درەو: سەرچاوەیەك لە كۆمپانیای نەوتی باكور بە (درەو)ی راگەیاند: تێمێكی هونەری هەرێمی كوردستان ماوەی سێ رۆژ بوو كاریان لە دوو بیری نەوتی سەربە كێڵگە نەوتیەكانی بای حەسەندا دەكرد و دەیانویست بیخەنەوەكار.. كۆمپانیای نەوتی باكور لە بەیاننامەیەكاد رایگەیاند: هێزێكی چەكداری سەربە حكومەتی هەرێم بە هاوڕێیەتی تیمێكی هونەریی هەستاوە بە زیادەڕۆیكردنەسەر بیرەكانی (كێڵگەی بای حەسەن/ داوود) بەمەبەستی قۆستنەوەی توانای بەرهەمهێنانی ئەم بیرانە لەبەرژەوەندی حكومەتی هەرێم. ئەم بەیاننامەیەی كۆمپانیای نەوتی باكور لەلایەن وتەبێژی حكومەتی هەرێمەوە رەتكرایەوە. سەرچاوەكەی (درەو) ئاماژەی بەوەكرد، لە مانگی 12ی 2021 روداوەكانی گوندی لهێبان روویداو بەهۆی هێرشەكانی داعشەوە خەڵكەكەی ئاوارەبوون و مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی گوندەكەی كردوو رێگەیدا هێزێكی پێشمەرگە لەو ناوچانە جێگیربكرێن بۆ پاراستنی ناوچەكە، بۆیە بەشێك لە بیرە نەوتییەكانی بای حەسەن كەوتە ژێر سنوری دەسەڵاتی پێشمەرگە كە ژمارەیان (24) بیرە نەوتە لە كۆی (198) بیرە نەوتی كێڵگەی بای حەسەن. سەرچاوەكەی (درەو) وردەكاری زیاتری خستەروو رایگەیاند: تیمە هونەریەكەی حكومەتی ماوەی سێ رۆژبوو كاریان لە دوو بیرە نەوتدا دەكردو دەستیان بە پاككردنەوەی ئەو دوو بیرە كردبوو دەیانویست جارێكی تر كاری پێبكەنەوە هەرچەند ئەوە كارێكی زۆر قورسە چونكە بیرەكان بۆریان تێدا نیەو بە ئاسانی ناتوانرێت بخرێتەوە كار. كێلگە نەوتیەكانی بای حەسەن و ئاڤانای كەركوك كە نزیكەی (400) بیرە نەوت دەبن، لەدوای هاتنی داعشەوە لە 2014 كەوتنە ژێر كۆنترۆڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڵام لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر ئەو كێڵگانە كەوتنەوە ژێر كۆنترۆڵی حكومەتی عێراق. راپۆرتی پەیوەندیدار شەڕەكەی (لهێبان) بۆنی نەوتی لێ دێت !
(درەو): كۆمپانیای نەوتی باكور لە بەیاننامەیەكدا: پێشتر لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە چەند زیادەڕۆیی‌و پێشێلكارییەك كراوەتە سەر كێڵگە نەوتییەكانی سەربە كۆمپانیاكەمان لەوانە كێڵگەكانی (خورمەڵە، ئاڤانا، سەفیە، كۆرمۆر)، كۆمپانیاكەمان هەستاوە بە جوڵاندنی سكاڵای یاسایی لە دادگا عێراقییە تایبەتمەندەكان‌و هێشتا ئەو سكاڵایانە لەبەردەم دادگای عێراقیدان. لەدرێژەی ئەو پێشێلكارییانەدا هێزێكی چەكداری سەربە حكومەتی هەرێم بە هاوڕێیەتی تیمێكی هونەریی هەستاوە بە زیادەڕۆیكردنەسەر بیرەكانی (كێڵگەی بای حەسەن/ داوود) بەمەبەستی قۆستنەوەی توانای بەرهەمهێنانی ئەم بیرانە لەبەرژەوەندی حكومەتی هەرێم، كۆمپانیاكەمان لەلایەن كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عێراقەوە خاوەندارێتی دەكرێت، بەرپرسیارێتی ئەم هەڵسوكەوتە دەخاتە ئەستۆی حكومەتی هەرێم‌و ئەم هەڵسوكەوتە پێچەوانەی دەستورو یاساكانی عێراق كە پەیوەندی نێوان هەرێم‌و ناوەند رێكدەخات‌و بەرپرسیارێتی بەكارهێنانی نەوت‌و غاز كە موڵكی عێراقە دەدات بە حكومەتی فیدراڵی كە ئەویش خۆی دەبینێتەوە لە كۆمپانیاكانی دەرهێنانی نەوتی سەربە كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عێراق.
(درەو): شێخ محەمەد بن زاید ئال نهەیان بە سەرۆكی ئیماراتی عەرەبی هەڵبژێردرا، ئاژانسی هەواڵەكانی ئیمارات (وام) ئەم هەواڵەی راگەیاند. بەپێی قسەی ئاژانسەكە، ئەنجومەنی باڵای فیدراڵ، ئەمڕۆ بە زۆرینەی دەنگ محەمەدبن زاید ئال نهەیانی بە سەرۆك هەڵبژاردووە. ئەمە دوای رۆژێك دێت لە مردنی شێخ خەلیفە بن زاید ئال نهەیان كە لە ساڵی 2004وە سەرۆكایەتی ئیماراتی دەكرد. لە ئیمارات وەزارەتێك هەیە بەناوی (وەزارەتی كاروباری سەرۆكایەتی)، ئەم وەزارەتە لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە هەڵبژاردنی محەمەد بن زاید ئال نهەیان وەكو سەرۆكی وڵات بەگوێرەی ماددەی (51)ی دەستوری ئیمارات بووە. لەبارەی سەرۆكی كۆچكردوو دوێنێ شێخ خەلیفە بن زاید ئال نهەیان سەرۆكی ئیماراتی عەرەبی لە تەمەنی 73 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد. وەزارەتی كاروباری سەرۆكایەتی ئیمارات، كە هەواڵی مردنی سەرۆكی ئاشكراكرد، پرسەی فەرمی لە وڵات راگەیاند، فەرمانیدا ئاڵای وڵات بۆ ماوەی (40) رۆژ دابگیرێت، ماوەی سێ رۆژ دەوامی فەرمانگەكانی دەوڵەتیش كرا بە پشوو. شێخ خەلیفە بن زاید دووەم سەرۆك بوو لە مێژووی ئیماراتی عەرەبیدا، 16هەمین حاكم بوو لە مێژووی ئەمارەتی ئەبوزەبی، كە گەورەترین ئەمارەت لەناو (7) ئەمارەتەكەدا كە پێكەوە ئیماراتە فیدراڵەكانیان پێكدەهێنن. ئەنجومەنی باڵای فیدراڵ رۆژی 3ی تشرینی دووەمی 2004 شێخ خەلیفەی وەكو سەرۆكی ئیمارات هەڵبژارد، ئەمەش دوای مردنی باوكی (شێخ زاید بن سوڵتان ئال نەهەیان) كە لە ساڵی 1971دا دەوڵەتەكەی دروستكرد. خەلیفە بن زاید ساڵی 1948 لە شاری (عەین)ی ئەمارەت ئەبوزەبی لەدایكبووە، كوڕە گەورەی شێخ زاید بن سوڵتان ئال نەهەیان بووە‌و جێنشینی باوكی بووە، لەشاری (عەین)و لە خوێندنگەی (نەهەیانییە) كە باوكی دروستكردووە، خوێندنی بنەڕەتی تەواو كردووە. یەكەمین پۆست كە وەریگرتووە پۆستی (نوێنەری حاكمی ئەبوزەبی بووە لە ناوچەی خۆرهەڵات‌و سەرۆكی دادگاكان بووە لەم ناوچەیەدا)، ئەمە لە ساڵی 1966دا بووە كە ئەوكات هێشتا تەمەنی 19 ساڵی تەواو نەكردووە. لە 1ی شوباتی 1969دا بووە بە جێنشینی ئیمارەتی ئەبوزەبی، لەو كاتەدا تەمەنی 21 ساڵ بووە‌و دوای رۆژێك دواتر پۆستی سەرۆكایەتی فەرمانگەی بەرگریی لە ئەمارەتی ئەبوزەبی وەرگرتووە، یەكێك لە ئەركەكانی ئەم پۆستە سەرپەرەشتیكردنی هێزی بەرگریی ئەمارەتەكە بووە، كە ئەم هێزە دواتر بووە بە بناغە بۆ دروستكردنی سوپای ئیماراتی عەرەبی. 1ی تەموزی 1971 شێخ خەلیفە سەرۆكایەتی یەكەمین ئەنجومەنی وەزیرانی لە ئەمارەتی ئەبوزەبی وەرگرتووە، لەپاڵ ئەمەشدا هەرددوو پۆستی وەزارەتی بەرگری‌و دارایی لای خۆی بووە. دوای دروستبوونی دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی لە كانونی یەكەمی 1971دا، لە كانونی یەكەمی 1973دا حكومەتی فیدراڵی ئیمارات دروستكراوە، لەم حكومەتەشدا پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران دراوە بە شێخ خەلیفە، ئەمە لەپاڵ ئەو پۆست‌و بەرپرسیارێتییە خۆجێیانەی تر كە هەیبووە. 20ی شوباتی 1974 دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی خۆجێی، شێخ خەلیفە بووە بە یەكەمین سەرۆكی ئەنجومەنی جێبەجێكردن لە شوێنی ئەنجومەنی وەزیرانی ئەمارەتەكەی. بەوپێیەی سەرۆكی ئەنجومەنی جێبەجێكردن بووە لە ئەمارەتی ئەبوزەبی، شێخ خەلیفە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی باڵای پترۆڵیشی وەرگرتووە، كە بەرپرسیارێتی پیشەسازی نەوتی لە ئەمارەتەكە‌و پەیوەندی لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان دەكەوێتە ئەستۆ. لەپاڵ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی جێبەجێكردندا، شێخ خەلیفە ساڵی 1976 دەزگای ئەبوزەبی بۆ وەبەرهێنان دروستكردووە كە سەرپەرەشتی بەڕێوەبردنی وەبەرهێنانی دارایی دەكات لە ئەمارەتەكەدا‌و خۆی بووە بە سەرۆكی ئەم دەزگایە. ئایاری 1976 دوای یەكخستنی هێزە چەكدارەكانی هەر حەوت ئەمارەتەكە لەژێر یەك فەرماندەیی‌و یەك ئاڵادا، شێخ خەلیفە بووە بە جێگری فەرماندەی باڵای هێزە چەكدارەكانی دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی. شێخ خەلیفە بۆ چەند كاتێكیش سەرۆكایەتی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی سندوقی دراوی عەرەبی‌و پۆستی نوێنەری ئیماراتی عەرەبی لە دەستەی عەرەبی بۆ پیشەسازی سەربازیی وەرگرتووە. لە دیارترین دەستكەوتەكانی سەرۆكی كۆچكردووی ئیمارات دروستكردنی فەرمانگەی خزمەتگوزاریی كۆمەڵایەتی‌و بینا بازرگانییەكانە لە ساڵی 1981دا كە بە "لیژنەی شێخ خەلیفە" ناسراوە، ئەم دەزگایە رۆڵی هەبووە لە دابەشكردنی سامانی وڵات بەسەر هاوڵاتیاندا لە ئەمارەتی ئەبوزەبی، ئەمەش لەرێگەی پێدانی پارە بەبێ وەرگرتنی سود بۆ دروستكردنی بینای بازرگانی كە داهاتی وەرزیی بۆ خاوەنەكانیان دەگەڕێنێتەوە، ئەمە رۆڵی بینیوە لە بەرزكردنەوەی ئاستی ئابوری‌و كۆمەڵایەتی هاوڵاتیان لە پرۆسەی رابوونی بیناسازی ئەمارەتەكەدا. لەچوارچێوەی هەوڵەكانیدا بۆ گەشەپێدانی ژێرخان‌و پرۆژە خزمەتگوزارییەكان لە ئیماراتی عەرەبیدا، شێخ خەلیفە لەوانە بووە كە پاڵپشتی بنیادنانی بەرزترین بورجی كردووە لە وڵاتەكەیدا كە (بورجی خەلیفە)یە‌و بەرزترین بینایە كە مرۆڤ دروستی كردبێت‌و بەرزییەكەی (828 مەتر)ە، ئەم بورجە بەر لە مانگێك لە مردنی باوكی شێخ خەلیفە لە (2004) دەست بە دروستكردنی كرا‌و لە سەرەتای 2010دا تەواوكراو بەڕووی گەشتیاراندا كرایەوە. لەبواری كۆمەڵایەتی‌و مرۆیی‌دا، شێخ خەلیفە ساڵی 2007 دامەزراوەی خەلیفە بن زاید ئال نەهەیان-ی بۆ كاروباری مرۆیی دروستكردووە، كە خەرجی چارەسەری پزیشكی‌و خوێندن‌و دابینكردنی شوێنی حەوانەوە‌و خۆراكی بۆ خەڵكانی كەمدەرامەت لە چەند ناوچەیەكی جیهان لەئەستۆ گرتووە. شێخ خەلیفە لەوانە بووە كە بایەخێكی تایبەتی بە پاراستنی ژینگە داوە، یەكەمین وەزیری ژینگە لە دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبیدا لەلایەن ئەوەوە دانراوە. سەرباری ئەمە، شێخ خەلیفە مافی ئەوەی بە ژنانی ئیماراتی داوە ئەگەر هاوسەرگیرییان لەگەڵ پیاوی بیانی‌دا كرد، رەگەزنامە بە منداڵەكانیان بدات كاتێك دەگەنە تەمەنی پێگەیشتن، هەر لە سەردەمی ئەو پیاوەدا یەكەمین ژن بووە بەئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانی فیدڕاڵی ئیمارات واتە پەرلەمانی ئیمارات. شێخ خەلیفە شێوازی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی نیشتمانی فیدراڵی (پەرلەمان) هەمواركرد، وای لێ‌كرد نیوەی ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە كە ژمارەی ئەندامەكانی (40) كەسە بە هەڵبژاردن دابنرێن‌و نیوەكەی تری دابنرێن. بەڵام شێخ خەلیفە دەسەڵاتی زیاتر لە دەسەڵاتی راوێژكاریی بە ئەنجومەنی نیشتمانی (پەرلەمان) نەبەخشی، ئەمە وایكردووە هەندێك رەخنە لە چاكسازییەكانی بگرن لەم بوارەدا‌و تاڕەدەیەك بە چاكسازی روكەش لەبواری دیموكراتیەتی حوكمڕانیدا ناوی ببەن. كانونی دووەمی 2014 شێخ خەلیفە دوچاری جەڵتەی مێشك بووە، بەهۆیەوە نەشتەرگەریی بۆ كرا‌و نەشتەرگەرییەكە سەركەوتوو بوو، بەڵام لەوكاتەوە دەركەوتنی لە بوارە گشتییەكاندا وەكو سەرۆك دەوڵەت كەمبووەوە، زۆرینەی كاروبارەكانی خۆی رادەستی محەمەد بن زاید ئال نهەیانی برای كرد كە جێنشینی ئەبوزەبی بوو. شێخ خەلیفە ساڵی 1964 هاوسەرگیری لەگەڵ (شەمسەی كچی شوهێل مەزروعی)دا كردووە‌و دوو كوڕ‌و شەش كچان هەیە. یەكێك لە دەوڵەمەندترین سەرۆكەكان سەروەت‌و سامانی شێخ خەلیفە بەنزیكەی (18 ملیار) دۆلار ئەژماردەكرێت‌و چوارەمین سه‌رۆكه دەوڵەمەندەكانه لەسەر ئاستی جیهان. سەرۆكی كۆچكردووی ئیمارات خاوەنی گەورەترین یەختە لە جیهاندا كە ناوی یەختی "عەزام"ە‌و درێژییەكەی نزیكەی (180 مەتر)ە‌و دروستكردنی ئەم یەختە ماوەی چوار ساڵی خایاندووە‌و بڕی (نیو ملیار) دۆلاری تێچووە، خەرجی ساڵانەی ئەم یەختە نزیكەی (50 ملیۆن) دۆلارە، لەسەر ڕووی یەختەكە‌و لەناویدا مەلەوانگە هەیە، ئەمە لەپاڵ شوێنی نیشتنەوەی هێلیكۆپتەر. ئۆكتۆبەری 2020 رۆژنامەی (گاردیان)ی بەریتانی هەندێك بەڵگەنامەی بڵاویكردەوە كە نیشانی دەدات شێخ خەلیفە خاوەنی ئیمپراتۆریەتی خانوبەرەیە لە بەریتانیا، بەجۆرێك لەوكاتەدا بەهای ئەو موڵك‌و ماڵانە گەیشتوەتە زیاتر لە (5 ملیار) جونەیهی ئەستەرلینی، لەناو خێزانی شێخ خەلیفەدا ناكۆكی هەیە لەبارەی ئەم موڵك‌و ماڵانەوە. راپۆرتەكە باسی لەوەكردووە، هەگبەی خانوبەرە تایبەتییەكانی شێخ خەلیفە، كە هەندێكیان دەكەوێتە گرانترین گەڕەكەكانی لەندەن، زیاتر خانووی بازرگانی‌و نیشتەجێبوونی كوالیتی بەرزن. شیكاری تۆماری خانوبەرە نیشانی دەدات شێخ خەلیفە خاوەنی نزیكەی 170 موڵكی بازرگانی‌و تایبەتە، كە بریتین لە كۆشكێكی چەپەك لەنزیك ریچمۆند پارك بۆ ژمارەیەكی زۆر بینای ئۆفێسی سەردەمیانە لە لەندەن كە بەكرێ دەدرێن بە سندوق‌و بانكە وەبەرهێنەكان، كرێی ساڵانەی ئەم موڵكانە دەگاتە (160 ملیۆن) جونەیهی ئەستەرلینی. سەرچاوە: بی بی سی
شیكاری: درەو لەکۆی (57) بلۆکی کانزایی (نەوت و گاز)، (18) بلۆکی نەوتی، دەکەونە سنوری پارێزگای دهۆکەوە، کە (22) کۆمپانیای (9) دەوڵەتی بیانی کاری پشکنین و گەڕان و هەڵکەندن بەرهەمێنانی نەوتی تێدا دەکەن. لەگەڵ ئەوەی بەپێی زانیارییەکان (65%)ی یەدەگی نەوتی هەرێم لە سنوری پارێزگای سلێمانییەو (1) بلۆکی گەیشتووە بە قۆناغی بەرهەمهێنان، بەڵام لە پارێزگای دهۆک لە (6) بلۆکدا کۆمپانیاکان گەیشتوون بە قۆناغی بەرهەمهێنان، بە هەر شەش بلۆکەکە زیاتر لە (50%)ی بەرهەمی نەوتی هەرێم پێکدەهێنن. بەپێی داتاکانی ساڵی 2020 بەراورد بە ساڵی 2022 لە کێڵگە بەرهەمێنەرەکانی پارێزگای دهۆک سێ کێڵگەی (فیشخابور (دهۆک)، سەرسەنگ و شێخان) بەرهەمی نەوتی ڕۆژانەیان بەرزبووتەوەو لە دوو کێڵگە (تاوکێ و ئەتروش) بڕی بەرهەمیان دابەزیوە. یەکەم؛ بلۆکە نەوتییەکانی پارێزگای دهۆک لەکۆی (57) بلۆکی کانزایی (نەوت و گاز)، (18) بلۆکی نەوتی، دەکەونە سنوری پارێزگای دهۆکەوە کە (3) بلۆکیان لە سنوری پارێزگای موسڵن (عەین سەفنی و باشیک، جەبەل کەند)، بەڵام لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستانن لە (17) بلۆکیان (22) کۆمپانیای بیانی کاری پشکنین و گەڕان و هەڵکەندن بەرهەمێنانی نەوت دەکەن، ناسنامەی کۆمپانیاکان دەگەڕێتەو بۆ (9) وڵاتی جیاوازی هەریەک لە (ئەمریکا، کەنەدا، تورکیا، نەرویج، بەریتانیا، ئایرلەندا، هەنگاریا، نەمسا، ئیماراتی عەرەبی)ی پشکی هەر کۆمپانیایەکش بەپێی گرێبەستەکان گۆڕانکاری بەسەردا دێت. بەم شێوەیە؛ بڕوانە (خشتەی ژمارە (1)). 1. بلۆكی تاوكێ: لە پارێزگای دهۆک، ده‌كه‌ویته قه‌زای زاخۆوه‌و به‌گشتی ڕۆژهه‌ڵاتی قه‌زاكه ده‌گرێته‌وه و ڕووبه‌ره‌كه‌ی (594) كیلۆمه‌تر دووجایه‌و به‌پێی ڕاپۆرتی سكۆتیا كاپیتاڵ بڕی (1.9) ملیار به‌رمیل نه‌وتی تێدایه. (55%)ی پشكه‌كانی دراوه‌ته کۆمپانیای (دی ئێن ئۆ)ی نه‌رویجی و (25%)ی دراوه‌ته (گه‌نه‌ڵ ئینێرجی) توركی و (20%) پشكی (كیپكۆ)یه کە خاوەندارێتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ حکومەتی هەرێم کوردستان. 2. بلۆكی سەنتەری دهۆك: باكوری شاری دهۆك و ناوه‌ڕاستی پارێزگاكه ده‌گرێته‌وه و ڕووبه‌ره‌كه‌ی (600) كیلۆمه‌تر دووجایه. پشكه‌كانی (50%) دراوه‌ته (مۆرفی ئۆیڵ)ی ئەمریکی و (30%) پشكی (پیترۆکویست ئێنێرجی)ی ئەمریکی و (20%)ی پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستانە. 3. بلۆكی سلێڤانی: لە پارێزگای دهۆک، خواروی قه‌زای زاخۆ تا سه‌ر ده‌ریاچه‌ی موسڵ ده‌گرێته‌وه و ڕووبه‌ره‌كه‌ی (700) كیلۆمه‌تر دووجایه. پشكه‌كانی (80%) دراوه‌ته (پیترۆکویست ئێنێرجی)ی ئەمریکی و (20%)ی پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستانە. 4. (a)بلۆكی سندی- ئامێدی: لە پارێزگای دهۆک، ئه‌م بلۆكه قه‌زای ئامێدی و ده‌شتی سندی و باكه‌ری قه‌زای زاخۆ ده‌گرێته‌وه و ڕووبه‌ره‌كه‌ی (2358) كیلۆمه‌تر دووجایه. پشكه‌كانی (30.94%) دراوه‌ته (پرینكۆ) و (25.31%)ی پشکی (ئۆریکس پیترۆلیۆم) و (25%)ی پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستانە. (18.75%) ماوەتەوە بۆ لایەنێکی تر. (b)ڕۆژئاوا: بە کراوەیی ماوەتەوە. 5. بلۆكی سه‌رسه‌نگ: لە پارێزگای دهۆک، ناحیه‌ی سه‌رسه‌نگ و سواره‌توكه‌و باكوری خۆرهه‌ڵاتی دهۆك ده‌گرێته‌وه و ڕووبه‌ره‌كه‌ی (1085) كیلۆمه‌تر دووجایه‌و پێشبینی بڕی (2) ملیار یه‌ده‌گی نه‌وتی دەکرێت لەم بلۆکەدا.پشكی (56.25%)ی دراوه‌ته كۆمپانیای (ئێچ كه‌ی ئێن ئینه‌رجی) و پشكی (18.75%)ی دراوه‌ته (مارسۆن ئۆیڵ) و پشكی (25%)ی پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستانە. 6. بلۆكی بیر به‌هر: لە پارێزگای دهۆک، باكوری شاری دهۆك ده‌گرێته‌وه ڕووبه‌ری (350) كیلۆمه‌تر دووجایه و به پێی ڕاپۆرتی و گوڵف كیستۆن بڕی (1.9) ملیار به‌رمیل نه‌وتی تێدایه.پشكی (40%)ی دراوه‌ته (گه‌نه‌ڵ ئێنێرجی) توركی و پشكی (40%)ی دراوه‌ته (گوڵف كیستۆن)ی به‌ریتانی و پشكی (20%)ی پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستانە. 7. بلۆكی شێخ ئادی: لە پارێزگای دهۆک، ده‌كه‌وێته ڕۆژهه‌ڵاتی شاری دهۆك و باكوری شێخان و ڕووبه‌ری (180) كیلۆمه‌تر دووجا ده‌گرێته‌وه بڕی (1.9) ملیار به‌رمیل نه‌وتی یه ده‌گی تێدایه. پشكی (80%)ی دراوه‌ته كۆمپانیای (گوڵف كیستۆن)ی به‌ریتانی و (20%)ی پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستانە. 8. بلۆكی دهۆك: قه‌زای مه‌ركه‌زی دهۆك و باشوری شاری دهۆك و قه‌زای سمێل ده‌گرێته‌وه و ڕووبه‌ره‌كه‌ی (162) كیلۆمه‌تر دووجایه. بڕی (2.2) ملیار به‌رمیل نه‌وتی تێدایه. پشكه‌كانی (40%) دراوه‌ته (گه‌نه‌ڵ ئێنێرجی) و(40%) و پشكی (دی ئێن ئۆ)ی نه‌رویجی و (20%)ی پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستانە. 9. بلۆكی ئه‌لقوش: لە پارێزگای دهۆک، ده‌كەوێته خوارووی شاری دهۆك و ڕووبه‌ره‌كه‌ی (331) كیلۆمه‌تر دووجایه. پشكی (80%)ی دراوه‌ته كۆمپانیای (ئیكسۆن مۆبیل) و (20%)ی پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستانە، بەڵام لە ساڵی (2017) کۆمپانیا ئەمریکییەکە لەم کێڵگەیە کشایەوە. 10. بلۆكی ئه‌تروش: لە پارێزگای دهۆک، ناحیه‌ی ئه‌تروش له پارێزگای دهۆك ده‌گرێته‌وه و ڕووبه‌ری (269) كیلۆمه‌تر دووجایە و بڕی (3) ملیار به‌رمیل نه‌وتی یه‌ده‌گی تێدایه. پشكی (39.9%)ی دراوه‌ته (تاقە) و (20.1%)ی پشکی شاماران پیترۆلیۆم و (15%)ی دراوه‌ته (مارسۆن ئۆیڵ) و (20%)ی پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستانە. 11. بلۆكی شێخان: لە پارێزگای دهۆک، قه‌زای شێخان ده‌گرێته‌وه و ڕووبه‌ره‌كه‌ی (283) كیلۆمه‌تر دووجایه‌و یه‌ده‌گی نه‌وتی شێخان بە نزیكه‌ی (10.5) ملیار به‌رمیل مەزەندە دەکرێت. پشكی (51%) دراوه‌ته كۆمپانیای گوڵف كیستۆن و (13.6%)ی دراوه‌ته كۆمپانیای (ئێم ئۆ ئێڵ)ی هه‌نگاری و پشكی (3.4%)ی دراوه‌ته (ته‌كساس كیستۆنی) ئه‌مریكی و (20%)ی پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستانە. (12%) ماوەتەوە بۆ لایەنێکی تر. 12. بلۆكی عه‌ین سه‌فنی: ناوچه‌ی عه‌ین سه‌فنی له ڕۆژهه‌ڵاتی موسڵ ده‌گرێته‌وه و ڕووبه‌ری (840) كیلۆمه‌تر دووجایه بڕی یه‌ك ملیار به‌رمیل نه‌وتی تێدایه. پشكی (60%)ی دراوه‌ته كۆمپانیای (هنت ئۆیڵ)ی ئه‌مریكی و پشكی (20%)ی دراوه‌ته (ئافرین) و (20%)ی پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستانە. 13. بلۆكی دینارته: لە پارێزگای دهۆک، ناوچه‌ی میرگه‌سورو بارزان و سه‌روی ئاكرێ و شیلادزێ ده‌گرێته‌وه و (1139) كیلۆمه‌تر دووجایه. پشكی (64%)ی دراوه‌ته كۆمپانیای (هیسس كرۆپ) و (16%)ی دراوه‌ته كۆمپانیای (پیترۆسیلتیك) و (20%)ی پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستانە. 14. بلۆكی ئاكرێ بجیل: لە پارێزگای دهۆک، قه‌زای ئاكرێ و ناحیه‌ی بجیل تا ده‌ربه‌ندی بێخمه ده‌گرێته‌وه و ڕووبه‌ره‌كه‌ی (889) كیلۆمه‌تر دووجایه‌و بڕی زیاتر لە یەک ملیار به‌رمیل نه‌وتی تێدایه. پشكی (51.2%) دراوه‌ته كۆمپانیای (ئێم ئۆ ئێڵی هه‌نگاری) و (12.8%) دراوه‌ته (گوڵف كیستۆن) و(20%)ی پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستانە. (16%) ماوەتەوە بۆ لایەنێکی تر. 15. بلۆكی ڕوڤیا: لە پارێزگای دهۆک، سه‌روی قه‌زای به‌رده‌ڕه‌ش و خواروی ئاكرێ ده‌گرێته‌وه و ڕووبه‌ره‌كه‌ی (517) كیلۆمه‌تر دووجایه و بەپێی زانیارییەکان بڕی (1) ملیار به‌رمیل نه‌وتی تێدایه. (شیفرۆن)ی ئه‌مریكی پشكی (60%)ی كڕیوه له كۆمپانیای (ڕایه‌ڵانس ئیندستریس)ی هندی و (15%)ی پشكی (ئۆ ئێم ڤی) نه‌مساوی و (25%)ی پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستانە. 16. بلۆكی به‌رده‌ڕه‌ش: لە پارێزگای دهۆک، قه‌زای به‌رده‌ڕه‌ش ده‌گرێته‌وه و ڕووبه‌ری (265) كیلۆمه‌تر دووجایه‌و به‌پێی ڕاپۆرتی كۆمیت گروپ بڕی (1.5) ملیار به‌رمیل نه‌وتی تێدایه. پشكی (60%)ی دراوه‌ته كۆمپانیای (ئافرین) و پشكی (20%)ی دراوه‌ته (كۆمیت گروپ) و(20%)ی پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستانە. 17. بلۆكی باشیك: شارۆچكه‌ی باشیك له ڕۆژهه‌ڵاتی موسڵ ده‌گرێته‌وه ڕووبه‌ری (350) كیلۆمه‌تر دووجایه. پشكی (80%)ی درا بە (ئیكسۆن مۆبیل)ی ئه‌مریكی و (20%)ی پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستانە. بەڵام کۆمپانیا ئەمریکییەکە لە ساڵی (2021) سەرجەم پشکەکانی خۆی بە کۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی فرۆشت و لەم کێڵگەیە کشایەوە. 18. بلۆكی جه‌به‌ل كه‌ند: باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی شاری موسڵ ده‌گرێته‌وه و ڕووبه‌ری (400) كیلۆمه‌تر دووجایه. سەرەتا درا بە کۆمپانیای (تورکش ئینتیتی)ی بە پشکی (40%) و (20%)ی پشكی (كیپكۆ) (40%) مایەوە بۆ لایەنی تر.بەڵام دواتر کۆمپانیا تورکییەکە لەو بلۆکە کشایەوە. خشتەی ژمارە (1) دووەم؛ بلۆکە نەوتییە بەرهەمهێنەرەکانی پارێزگای دهۆک بەپێی زانیارییەکان لە هەرێمی کوردستاندا (10) بلۆکی نەوتی لە قۆناغی بەرهەمهێناندان. کە (6) بلۆکیان دەکەونە سنوری پارێزگای دهۆکەوە زیاتر لە رێژەی (50%) ی هەموو بەرهەمی نەوتی هەرێم پێک دەهێنن، چونکە بەپێی ئامارەکان حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە (400 – 450 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و (220 – 250 هەزار) بەرمیل نەوتی بەرهەمی کێڵگەکانی سنوری پارێزگای دهۆکە (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)) خشتەی ژمارە (2) سێیەم: گەشەسەندو پاشەکشەی بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگای دهۆک بەپێی داتاکانی ساڵی ٢٠٢٠ بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢ لە (6) کێڵگە بەرهەمێنەکەی پارێزگای دهۆک سێ کێڵگەی (فیشخابور (دهۆک)، سەرسەنگ و شێخان) بەرهەمی نەوتی ڕۆژانەیان بەرزبووتەوەو لە دوو کێڵگە (تاوکێ و ئەتروش) بڕی بەرهەمیان دابەزیوەو هیچ زانیارییەکیش دەربارەی بەرهەمی بلۆکی (عەین سەفنی) بەردەست نیە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (٣)) 1. تاوکی و فیشخابور (دهۆک) بەرهەمی کیڵگەی تاوکی لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ دا بریتی بووە لە (٥٣٫٨٥٠) بەرمیل و بەرهەمی فیشخاپور (٥٦٫٣٢٠) بەرمیل بووە بەسەریەکەوە بەرهەمی رۆژانەی هەردوو کێڵگەکە کە بەناوچەی گرێبەستی تاوکی ناسراوە بریتی بووە لە (١١٠٫١٧٠) بەرمیل نەوت، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٩ دا بەرهەمی هەردوو کێڵگەکە (١٢٣٫٩٣٠) هەزار بەرمیلی رۆژانە بووە . واتە لەماوەی ساڵێکدا ئاستی بەرهەم رۆژانە (١٣٫٧٦٠) بەرمیل کەمی کردووە. بە پێی داتا‌کان لە چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ ئاستی بەرهەمی کێڵگەی تاوکێ بەرزبووەتەوە بۆ (٦١٫٧٨٠) بەرمیل لە کاتێکدا بەرهەمی کێڵگەی فیشخابوور (دهۆک) دابەزیوە بۆ (٤٦٫٩٣٣) بەرمیل و پێکەوە بەرهەمەکەیان (١٠٨٫٧١٣) بەرمیل لە ڕۆژێکدا. 2. سەرسەنگ کێڵگەی سەرسەنگیش یەکێکی ترە لەو کێڵگانەی لە ساڵی ٢٠٢٠ و سەرەتای ٢٠٢١ دا بەرهەمی زیادی کردووە. لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ دا بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەکە (٣٠٫٨٠٠) بەرمیل بووە. لەمانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ بەرز بووەتەوە بۆ (٣١٫٥٠٠) بەرمیل، لە کاتێکدا لەساڵی ٢٠١٩ دا تێكڕای بەرهەمی ڕۆژانە بریتی بووە لە (٢٣٫٣٠٠) بەرمیل وەلەساڵی ٢٠١٨ بەرهەمی رۆژانە تەنها (٦٫٠٠٠) بەرمیل بووە. بەمانایەکی تر بەرهەمی کێڵگەی سەرسەنگ لەساڵی ٢٠١٩ دا بڕی (١٧٫٣٠٠) بەرمیلی رۆژانە زیادی کردووە بەراورد بەساڵی پێشتر. هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٠ دا بڕی (٨٫٥٠٠) بەرمیلی نەوتی رۆژانە زیادتر بووە لە ساڵی ٢٠١٩. پێی داتا‌کان لە چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ ئاستی بەرهەمی کێڵگەی سەرسەنگ دابەزیوە بۆ (٣١٫٠٠٠) بەرمیل لە بەرمیل لە ڕۆژێکدا. 3. ئەتروش بەرهەمی نەوتی ئەتروش لە ساڵی ٢٠٢١ زیادی کردووە و گەشتووەتە (٤٧٫٤٥٠) بەرمیل، لە کاتێکدا تێکڕای بەرهەمی لە ساڵی ٢٠٢٠دا بریتی بووە لە (٤٥٫١٠٠) بەرمیل نەوت لەرۆژێکدا. ئەم بڕە ٣٨٪ زیاتر بووە لە بەرهەمی سالی ٢٠١٩ . لە کانوونی دووەمی ٢٠١٨ دا بەرهەمی رۆژانەی ئەم کێڵگەیە بریتی بووە لە (٢٢٫١٥٧) لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ دا بەرز بووەتەوە بۆ (٤١٫٦٤٨) بەرمیل و لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ دا تێکڕا لە (٤٧٫٤٥٠) هەزار بەرمیل زیاتر بووە. بەڵام لە چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ ئاستی بەرهەمی کێڵگەی ئەتروش جارێکی تر دابەزیوە بۆ (٤١٫٢٧٣) بەرمیل لە بەرمیل لە ڕۆژێکدا. 4. شێخان کێڵگەی شێخان لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ دا تێکرای بەرهەمی رۆژانەی بریتی بووە لە (٤٤٫٤٠٥) بەرمیل نەوت لە کاتێکدا تێکڕای ئاستی بەرهەم لە ٢٠٢٠ دا بریتی بووە لە (٣٦٫٦٢٥) بەرمیل نەوت واتە بەتێکرا (٧٫٧٨٠) بەرمیل بەرهەمی ئەم کێڵگەیە زیادی کردووە. بەڵام لە چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ جارێکی تر ئاستی بەرهەمی کێڵگەی شێخان بەرزبووتەوە بۆ (٤٦٫٨٠٠) بەرمیل لە بەرمیل لە ڕۆژێکدا. خشتەی ژمارە (٣) سەرچاوەکان: 1. د. سەفین جەلال فتح اللە، نەوتی هەرێمی کوردستان؛ شیکردنەوەیەکی جوگرافیایی سیاسی، دەزگای چاپ و پەخشی نارین، چاپی یەکەم، هەولێر 2015، ل 81-107. 2. درەو میدیا؛ پشکی کۆمپانیا بیانییەکان لە بلۆکە نەوتییەکانی هەرێمدا؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9680 3. ڕێکخراوی ڕوونبیین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەکانی نەوت، ئاستی بەرهەمهێنانی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم لە چارەکی یەکەمی 2022؛ http://www.roonbeen.org/wp-content/uploads/2022/04/%D8%A6%D8%A7%D8%B3%D8%AA%DB%8C-%D8%A8%DB%95%D8%B1%D9%87%DB%95%D9%85%DB%8C-%DA%A9%DB%8E%DA%B5%DA%AF%DB%95-%D9%86%DB%95%D8%AA%DB%8C%DB%8C%DB%95%DA%A9%D8%A7%D9%86%D9%A2%D9%A0%D9%A2%D9%A2.pdf 4. یادگار سدیق گەڵاڵی، سەربەخۆیی دارایی و دابەشبوونی جوگرافی کێڵگەکانی نەوت وگازی هەرێم، ماڵپەڕی زەمەن؛ https://www.zamenpress.com/Detail_wtar.aspx?jimare=3464 5. سپی میدیا، زانیاری لەسەر ئاستی بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم 2021؛ https://www.speemedia.com/dreja.aspx?=hewal&jmare=101129&Jor=22 6. The Oil and Gas Year, The Oil and Gas Year: Kurdistan Region of Iraq 2011 (KURDISTAN REGION Regional Blocks Divisions, International Journal of Business and Social Science Vol. 11 • No. 5 • May 2020. 7. LICENCES AND ENERGY INFRASTRUCTURE, MAP 2013. http://archive.gov.krd/mnr/mnr.krg.org/images/pdfs/Licences_and_energy_infrastructure_TOGY_2013_1.pdf
شیكاری: درەو لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2022)، تەنها لە داهاتی نەوت بڕی (ملیارێک و 311 ملیۆن) دۆلار بۆ موچە خەرجکراوە. لەو ماوەیەدا حکومەتی هەرێم تەنها لە ڕێگەی بۆریەوە بڕی (35 ملیۆن 440 هەزار) بەرمیل نەوتێکی بە تێکڕای (85.51) دۆلار فرۆشتووە. بەم پێیە کۆی داهاتی نەوتی هەرێم لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بریتی بووە لە (3 ملیار و 80 ملیۆن و 779 هەزار) دۆلاری ئەمریکی. بڕی (1 ملیار و 311 ملیۆن) دۆلار بەڕێژەی (42.5%)ی داهاتی نەوت بۆ خەرجی مووچە بە خەرج دراوە، بەم جۆرەش داهاتی فرۆشی (1) بەرملی نەوت بە تێکڕای سێ مانگەکە (37.65) دۆلاری بۆ موچە خۆرانی هەرێم خەرجکراوە. خەرجی موچە لە داهاتی نەوت بۆ سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2022) رۆژی (11ی 5ی 2022) وتەبێتژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕونکردنەوەکی (6) لاپەڕەیی سەبارەت بە داهات و موچەی مانگانەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و ڕێژەی دابەشکردنی داهاتی کوردستانی بەسەر پارێزگاکانی هەرێم لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2022) بڵاوکردەوە. بەپێی ڕونکردنەوەکەی (جوتیار عادل- وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان)، لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2022)، تەنها لە داهاتی نەوت بڕی (ملیارێک و 311 ملیۆن) دۆلار بۆ خەرجی موچەی مانگەکانی (کانونی دووەم، شوبات و ئازار)ی ساڵی (2022) خەرجکراوە. بەپێی زانیارییەکانی درەو میدیا لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا حکومەتی هەرێم تەنها لە ڕێگەی بۆری و بەندەری جەیهانی تورکییەوە بڕی (35 ملیۆن 440 هەزار) بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، ئەمە لە کاتێکدایە نرخی بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بەتێکڕا زیاتر لە (100) دۆلاری ئەمریکی بووە، بەڵام حکومەتی هەرێم هەر بەرمیلێک نەوتێکی بە تێکڕای (85.51) دۆلار فرۆشتووە. بەم پێیە کۆی داهاتی نەوتی هەرێم لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بریتی بووە لە (3 ملیار و 80 ملیۆن و 779 هەزار) دۆلاری ئەمریکی. بەپێی ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیای وردبینی دیلۆیت لە ساڵی (2021) بڕی (56%)ی داهاتی نەوت دەچێت بۆ خەرجی پرۆسەی نەوت قەرزی کۆمپانیاکان، واتە بڕی (1 ملیار و 725 ملیۆن و 236 هەزار و 240) دۆلاری دەڕوات. بڕی (1 ملیار و 311 ملیۆن) دۆلاری بەڕێژەی (42.5%)ی داهاتی نەوتی هەرێم چووە بۆ خەرجی مووچە، واتە لە داهاتی فرۆشی (1) بەرمل نەوت بە تێکڕای سێ مانگەکە (37.65) دۆلاری بۆ موچە خۆرانی هەرێم خەرجکراوە. بەم پییەش کۆی خەرجی موچەو خەرجی پرۆسەی نەوتی هەرێم بریتی بووە لە (3 ملیار و 36 ملیۆن و 236 هەزار و 240) دۆلار بەڕێژەی (98%)ی کۆی داهاتی نەوت. بەڵام بڕی (44 ملیۆن و 542 هەزار و 760) دۆلاری بە ڕێژەی (2%) بە نادیاری دەمێنێتەوە. خەرجی موچە لە داهاتی نەوت بۆ کانونی دووەمی (2022) بەپێی ڕونکردنەوەکەی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی کانونی دووەمدا بڕی (488 ملیۆن) دۆلار لە داهاتی نەوت بۆ موچە خەرجکراوە، بەڵام بڕی (180 ملیۆن) دۆلاری لە داهاتی نەوتی مانگی شوباتی بووە، واتە لە مانگی یەکدا داهاتی تەرخانکراوی نەوت بۆ موچە بریتی بووە لە (308 ملیۆن) دۆلار. بەپێی زانیارییەکانی درەو میدیا لە مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵدا حکومەتی هەرێم تەنها لە ڕێگەی بۆری و بەندەری جەیهانی تورکییەوە بڕی (12 ملیۆن 860 هەزار) بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، ئەمە لە کاتێکدایە نرخی بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بەتێکڕا زیاتر لە (86.5) دۆلاری ئەمریکی بووە، بەڵام حکومەتی هەرێم هەر بەرمیلێک نەوتێکی بە تێکڕای (75.5) دۆلار فرۆشتووە. بەم پێیە کۆی داهاتی نەوتی هەرێم لە مانگی یەکی ئەمساڵدا بریتی بووە لە (971 ملیۆن و 58 هەزار 600) دۆلاری ئەمریکی. بەپێی ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیای وردبینی دیلۆیت لە ساڵی (2021) بڕی (56%)ی داهاتی نەوت دەچێت بۆ خەرجی پرۆسەی نەوت قەرزی کۆمپانیاکان، واتە بڕی (543 ملیۆن و 792 هەزار و 816) دۆلاری دەڕوات. بڕی ( 308 ملیۆن) دۆلاری بەڕێژەی (31.72%)ی داهاتی نەوتی هەرێم چووە بۆ خەرجی مووچە، واتە لە داهاتی فرۆشی (1) بەرمل نەوت بە تێکڕای مانگەکە (23.95) دۆلاری بۆ موچە خۆرانی هەرێم خەرجکراوە. بەم پییەش کۆی خەرجی موچەو خەرجی پرۆسەی نەوتی هەرێم بریتی بووە لە (851 ملیۆن و 792 هەزار و 816) دۆلار بەڕێژەی (87.7%)ی کۆی داهاتی نەوت. بەڵام بڕی (119 ملیۆن و 265 هەزار و 784) دۆلاری بە ڕێژەی (12.3%) بە نادیاری دەمێنێتەوە. خەرجی موچە لە داهاتی نەوت بۆ مانگی شوباتی (2022) بەپێی ڕونکردنەوەکەی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی شوباتدا بڕی (488 ملیۆن) دۆلار لە داهاتی نەوت بۆ موچە خەرجکراوە، بەڵام بڕی (256 ملیۆن) دۆلاری لە داهاتی نەوتی مانگی ئازار بووە، پێشتریش بڕی (180 ملیۆن) دۆلاری مانگی شوبات خەرجکرابوو (وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا) واتە لە مانگی دووی ئەمساڵدا داهاتی تەرخانکراوی نەوت بۆ موچە بریتی بووە لە (412 ملیۆن) دۆلار. بەپێی زانیارییەکانی درەو میدیا لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا حکومەتی هەرێم تەنها لە ڕێگەی بۆری و بەندەری جەیهانی تورکییەوە بڕی (11 ملیۆن 400 هەزار) بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، ئەمە لە کاتێکدایە نرخی بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بەتێکڕا زیاتر لە (97) دۆلاری ئەمریکی بووە، بەڵام حکومەتی هەرێم هەر بەرمیلێک نەوتێکی بە تێکڕای (86.13) دۆلار فرۆشتووە. بەم پێیە کۆی داهاتی نەوتی هەرێم لە مانگی دووی ئەمساڵدا بریتی بووە لە (981 ملیۆن و 882 هەزار) دۆلاری ئەمریکی. بەپێی ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیای وردبینی دیلۆیت لە ساڵی (2021) بڕی (56%)ی داهاتی نەوت دەچێت بۆ خەرجی پرۆسەی نەوت قەرزی کۆمپانیاکان، واتە بڕی (549 ملیۆن و 853 هەزار و 920) دۆلاری دەڕوات. بڕی (412 ملیۆن) دۆلاری بەڕێژەی (41.96%)ی داهاتی نەوتی هەرێم چووە بۆ خەرجی مووچە، واتە لە داهاتی فرۆشی (1) بەرمل نەوت بە تێکڕای مانگەکە (36.14) دۆلاری بۆ موچە خۆرانی هەرێم خەرجکراوە. بەم پییەش کۆی خەرجی موچەو خەرجی پرۆسەی نەوتی هەرێم بریتی بووە لە (961 ملیۆن و 853 هەزار و 920) دۆلار بەڕێژەی (97.96%)ی کۆی داهاتی نەوت. بەڵام بڕی (20 ملیۆن و 28 هەزار و 80) دۆلاری بە ڕێژەی (2.04%) بە نادیاری دەمێنێتەوە. خەرجی موچە لە داهاتی نەوت بۆ کانونی دووەمی (2022) بەپێی ڕونکردنەوەکەی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی کانونی دووەمدا بڕی (488 ملیۆن) دۆلار لە داهاتی نەوت بۆ موچە خەرجکراوە، بەڵام بڕی (180 ملیۆن) دۆلاری لە داهاتی نەوتی مانگی شوباتی بووە، واتە لە مانگی یەکدا داهاتی تەرخانکراوی نەوت بۆ موچە بریتی بووە لە (308 ملیۆن) دۆلار. بەپێی زانیارییەکانی درەو میدیا لە مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵدا حکومەتی هەرێم تەنها لە ڕێگەی بۆری و بەندەری جەیهانی تورکییەوە بڕی (12 ملیۆن 860 هەزار) بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، ئەمە لە کاتێکدایە نرخی بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بەتێکڕا زیاتر لە (86.5) دۆلاری ئەمریکی بووە، بەڵام حکومەتی هەرێم هەر بەرمیلێک نەوتێکی بە تێکڕای (75.5) دۆلار فرۆشتووە. بەم پێیە کۆی داهاتی نەوتی هەرێم لە مانگی یەکی ئەمساڵدا بریتی بووە لە (971 ملیۆن و 58 هەزار 600) دۆلاری ئەمریکی. بەپێی ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیای وردبینی دیلۆیت لە ساڵی (2021) بڕی (56%)ی داهاتی نەوت دەچێت بۆ خەرجی پرۆسەی نەوت قەرزی کۆمپانیاکان، واتە بڕی (543 ملیۆن و 792 هەزار و 816) دۆلاری دەڕوات. بڕی ( 308 ملیۆن) دۆلاری بەڕێژەی (31.72%)ی داهاتی نەوتی هەرێم چووە بۆ خەرجی مووچە، واتە لە داهاتی فرۆشی (1) بەرمل نەوت بە تێکڕای مانگەکە (23.95) دۆلاری بۆ موچە خۆرانی هەرێم خەرجکراوە. بەم پییەش کۆی خەرجی موچەو خەرجی پرۆسەی نەوتی هەرێم بریتی بووە لە (851 ملیۆن و 792 هەزار و 816) دۆلار بەڕێژەی (87.7%)ی کۆی داهاتی نەوت. بەڵام بڕی (119 ملیۆن و 265 هەزار و 784) دۆلاری بە ڕێژەی (12.3%) بە نادیاری دەمێنێتەوە. خەرجی موچە لە داهاتی نەوت بۆ مانگی ئازاری (2022) بەپێی ڕونکردنەوەکەی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی شوباتدا بڕی (363 ملیۆن) دۆلار لە داهاتی نەوت بۆ موچە خەرجکراوە، بەڵام بڕی (28 ملیۆن) دۆلاری لە داهاتی نەوتی مانگی نیسان بووە، پێشتریش بڕی (256 ملیۆن) دۆلاری مانگی ئازار خەرجکرابوو بۆ پڕکردنەوەی خەرجی موچەی مانگی شوبات (وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا) واتە لە مانگی سێی ئەمساڵدا داهاتی تەرخانکراوی نەوت بۆ موچە بریتی بووە لە (591 ملیۆن) دۆلار. بەپێی زانیارییەکانی درەو میدیا لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا حکومەتی هەرێم تەنها لە ڕێگەی بۆری و بەندەری جەیهانی تورکییەوە بڕی (11 ملیۆن 180 هەزار) بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، ئەمە لە کاتێکدایە نرخی بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بەتێکڕا زیاتر لە (117) دۆلاری ئەمریکی بووە، بەڵام حکومەتی هەرێم هەر بەرمیلێک نەوتێکی بە تێکڕای (10.88) دۆلار فرۆشتووە. بەم پێیە کۆی داهاتی نەوتی هەرێم لە مانگی دووی ئەمساڵدا بریتی بووە لە (ملیارێک و 127 ملیۆن و 838 هەزار و 400) دۆلاری ئەمریکی. بەپێی ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیای وردبینی دیلۆیت لە ساڵی (2021) بڕی (56%)ی داهاتی نەوت دەچێت بۆ خەرجی پرۆسەی نەوت قەرزی کۆمپانیاکان، واتە بڕی (631 ملیۆن و 589 هەزار و 504) دۆلاری دەڕوات. بڕی (591 ملیۆن) دۆلاری بەڕێژەی (52.4%)ی داهاتی نەوتی هەرێم چووە بۆ خەرجی مووچە، واتە لە داهاتی فرۆشی (1) بەرمل نەوت بە تێکڕای مانگەکە (52.86) دۆلاری بۆ موچە خۆرانی هەرێم خەرجکراوە. بەم پییەش کۆی خەرجی موچەو خەرجی پرۆسەی نەوتی هەرێم بریتی بووە لە (1 ملیار و 222 ملیۆن و 589 هەزار و 504) دۆلار بەڕێژەی (108.40%)ی کۆی داهاتی نەوت. بەڵام بڕی (94 ملیۆن و 751 هەزار و 104) دۆلاری بە ڕێژەی (8.40%) کورتهێنان هەیە‌و دیار نییە چۆن پڕکراوەتەوە.
(درەو): لەسەرەتای ئازاری ئەمساڵدا جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بەزۆرینەی (22) دەنگ بەرامبەر بە (12) دەنگ بڕیاریدا گۆڕان لە كابینەی نۆیەمی حكومەت بكشێتەوەو رۆژی 5ی ئازار لەیادی راپەڕیندا، بڕیاری كشانەوەكەی بۆ رایگشتی رابگەیەنێت، دوای زیاتر لە دوو مانگ هێشتا گۆڕان ئەم بڕیارەی جێبەجێ نەكردووە، هاوكات لەگەڵ ئەو مشتومڕەی لەناو حزبەكەدا سەبارەت بە پرسی كشانەوە یاخود مانەوە دروستبووە، مەسرور بارزانی بڕیاریدا چەند پۆستێكی نوێ بۆ گۆڕان لەناو حكومەت پڕبكاتەوە. مشتومڕی كشانەوە ! چەند رۆژێكە سەرلەنوێ پرسی كشانەوە یاخود مانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لەناو كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان گەرمبووەتەوە، دوو ئەندامی جڤاتی نیشتمانی (نزار مەحمود، هۆشیار عومەر) رایانگەیاند" جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاری كشانەوەی داوە لە حكومەت"، بەڵام هەرزوو لێدوانێك بەناوی بزوتنەوەی گۆڕانەوە رەتیكردەوە بڕیاری كشانەوە درابێت. جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كە بەگوێرەی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەكە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە، لە كۆبونەوەیەكی تایبەتی سەرەتای مانگی ئازاری 2022 بڕیاریدا گۆڕان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكشێتەوە. (درەو) رۆژی 9/3/2022 بە پشتبەستن بە لێدوانی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی وەكو یەكەمین میدیای كوردی راپۆرتێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند: لە دواین كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانیدا، پرسی كشانەوە لە حكومەت خراوەتە دەنگدان‌و لەكۆی (34) ئەندامی ئامادەبوو، (22) ئەندام دەنگیان داوە بۆ "كشانەوە"، لەبەرامبەردا (12) ئەندام "دژ"ی كشانەوە دەنگیان داوە. بڕیارەكەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان وا داڕێژرا بوو، بەر لە كشانەوە لە حكومەت، گۆڕان نامەیەك ئاڕاستەی مەسرور بارزانی سەرۆكی كابینەی نۆیەم بكات، لەم نامەیەدا باس لە چەند خاڵێك وەكو هۆكاری كشانەوەی گۆڕان لە حكومەت بكرێت لەوانە: • گۆڕان بەمەبەستی چاكسازی بەشداری لە كابینەی نۆیەمدا كردووە، بەڵام وەكو ئەوەی ئێمە داوامان كردووە چاكسازی نەكراوە. • دۆخی خەڵك خراپە، بۆ بزوتنەوەی گۆڕان‌و خەڵكیش داهاتەكانی حكومەت روون نین. راپۆرتەكەی (درەو) ئاماژەی بەوەكردبوو، نامەیەكەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ مەسرور بارزانی ئامادە كراوە‌و رادەستی مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆكی هەرێم لە پشكی گۆڕان‌و دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوە لە پشكی گۆڕان كراوە، بۆ ئەوەی ئەم دوو بەرپرسەی گۆڕان نامەكە ئاڕاستەی مەسرور بارزانی بكەن، بەڵام تائێستا مستەفا سەید قادر‌و دانا عەبدولكەریم نامەكەیان رادەستی مەسرور بارزانی نەكردووە. لەبارەی هۆكاری رادەست نەكردنی نامەكە بە مەسرور بارزانی، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، تیمی گۆڕان لە حكومەت و بەشێك لە سەركردەكانی بزوتنەوەكە دژی بڕیاری كشانەوەن، بۆیە هەوڵی دروستكردنی كێشەیان بۆ دەنگدانەكەی جڤاتی نیشتمانی دروستكردووە. ئەوانەی دژی بڕیارەكەن دەڵێن ئەو بڕیارە سەپێندراوە‌و لە كارنامەی كۆبونەوەكەی جڤاتدا نەبووە سەرباری ئەمە دەیانەوێت بڵێن ئەو (22) ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی كە دەنگیان داوە بۆ كشانەوە لە حكومەت، بەشێكیان وەكو ئەندامی جڤات گرفتیان هەیە‌و مافی دەنگدانیان نییەو سەرۆكی جڤاتی گشتی گۆڕان (جەمال حاجی محەمەد) كە دەنگیداوە مافی دەنگدانی نەبووە، ئەوان ویستیان لەم رێگەیەوە ژمارەی ئەو دەنگانەی كە پشتیوانی كشانەوە لە حكومەت دەكەن لە (22) دەنگەوە بۆ (17) دەنگ كەم بكەنەوە، لەم حاڵەتەشدا نیسابی تێپەڕاندنی بڕیارەكانی بە دەنگی (50+1) كێشەی بۆ دروست دەبێت‌و بڕیاری كشانەوە لە حكومەت جێبەجێ ناكرێت. (درەو) زانیویەتی، لەسەر بنەمای بڕیارەكەی جڤاتی نیشتمانی، بڕیاربووە بزوتنەوەی گۆڕان لە یادی راپەڕیندا واتە رۆژی 5/3 لە كابینەی نۆیەمی حكومەت بكشێتەوە، ئەمە بەبەهانەی ئەوەی "حكومەتی هەرێم بەرهەمی راپەڕینە‌و حكومەت شكستی هێناوە لە بەدیهێنانی ئامانجەكانی راپەڕین"، بەڵام ئەوانەی دژی كشانەوە بوون، شكستیان بەم بڕیارە هێنا لە یادی راپەڕیندا، هەندێكی تریشیان لەوانە (چیا نەوشیروان مستەفا) پێیانوابوو دەبێت كشانەوە لە حكومەت لەكاتێكی گونجاو‌دا بێت‌و هەڵایەكی گەورە دروست بكات، نەك كارتەكە بەشێوەیەكی لاواز بەكاربهێنرێت. مشتومڕی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی كشانەوە لە حكومەت یاخود مانەوە لەكاتێكدایە، ئەگەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت، تەمەنی ئەم كابینەیە كە كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان)ە تەنیا كەمتر لە پێنج مانگی ماوە، بەڵام ئەگەر دواخستنی هەڵبژاردن بەهێزە‌و ئەمەش وادەكات پەرلەمان تەمەنی خۆی‌و حكومەتیش درێژ بكاتەوە. بزوتنەوەی گۆڕان لەچوارچێًوەی ریًككەوتنێكدا لەگەڵ پارتی بەشداری كابینەی نۆیەمی حكومەتی كردووە، بەرپرسانی گۆڕان گلەییان لە پارتی هەیە‌و دەڵێن رێژەی 50%ی كرۆكی رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكراوە، هەندێك لە بەرپرسانی بزوتنەوەكە زیاتریش دەڕۆن‌و دەڵێن 80%ی رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكراوە، بەشێكی ئەم گلەییانەی پەیوەندی بە پۆستەكانی گۆڕانەوە هەیە لە حكومەت كە هێشتا هەندێكیان پڕنەكراونەتەوە. بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، ماوەی هەفتەیەكە مەسرور بارزانی بڕیاریداوە ژمارەیەك پۆستی تری گۆڕان لەناو حكومەت (بەڕێوەبەری گشتی‌و راوێژكار) لەناو حكومەت پڕبكرێتەوە‌و بڕیارە بەمزوانە دەستبەكارببن. بەمدواییە تیمی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت بەهۆی نیگەرانییەكانی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی چوە ناو كۆبونەوەیەكەوە لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت و تیمی پارتی، لەم كۆبونەوەیەدا ئاوات شێخ جەناب قایل كرا بەوەی بگەڕێتەوە بۆ كاركردن لەناو وەزارەتەكەی، هاوكات بڕیاردرا بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەكانی گۆڕان هەندێك پۆستی تری بزوتنەوەكە لە حكومەت پڕبكرێتەوە.
(درەو): كۆمپانیای (دانە غاز)ی ئیماراتی كە وەبەرهێنانی لە كێڵگەی (كۆرمۆر) دەكات لەناوچەی قادر كەرەم، ئەمڕۆ راپۆرتی دارایی خۆی بۆ چارەكی یەكەمی ساڵی 2022 بڵاوكردەوە. بەپێی راپۆرتەكە، پوختەی قازانجی كۆمپانیاكە لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا بەڕێژەی 125% زیادی كردووە‌و گەیشتوەتە (54 ملیۆن) دۆلار، ئەمە لەكاتێكدایە چارەكی یەكەمی ساڵی رابردوو، پوختەی قازانج بڕەكەی (24 ملیۆن) دۆلار بووە. راپۆرتەكە باسلەوە دەكات، لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا داهاتی دانەغاز گەیشتوەتە (140 ملیۆن) دۆلار، واتە بەبەراورد بە ساڵی رابردوو، چارەكی یەكەمی ئەمساڵ داهاتی كۆمپانیاكە بەڕێژەی 32% زیادی كردووە، چونكە ساڵی رابردوو لە چارەكی یەكەمدا داهات بڕەكەی (106 ملیۆن) دۆلار بووە. دانەغاز هۆكاری ئەم زیادبوونەی قازانج‌و داهاتی كۆمپانیاكە بۆ بەرزبونەوەی نرخی نەوت‌و هەوڵی كۆمپانیاكە لە بواری بەڕێوەبردنی خەرجییەكان دەگەڕێنێتەوە. راپۆرتەكە دەڵێ" تێكڕای وەبەرهێنانی ساڵانەی دانە غاز لە هەرێمی كوردستان وەكو خۆی ماوەتەوە‌و جێگیرە، ناوەندی وەبەرهێنان لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا لە كێڵگەی كۆرمۆر بڕی 35 هەزارو 400 بەرمیل غاز‌و كۆندێنسەیەت بووە، ئەمە لەكاتێكدا ساڵی رابردوو لەم ماوەیەدا بڕەكە 35 هەزارو 300 بەرمیل بووە. دانە غاز لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا هەر بەرمیلێك كۆندێنسەیتی لە كۆرمۆر بەبڕی (82) دۆلار فرۆشتووە، بەرمیلێك غازی (LPG) بە بڕی (43) دۆلار فرۆشتووە، ئەم نرخانە لە ساڵی رابردوودا 44 دۆلار بووە بە 33 دۆلار. لەبارەی پرۆژەی فراوانكردنی كێڵگەی كۆرمۆرەوە دانە غاز ئاماژە بەوە دەكات، پرۆژەكە بەپێی خشتەی زەمەنیی دیاریكراوی خۆی بەڕێوەدەچێت‌و بڕیارە لە چارەكی دووەمی ساڵی 2023دا دەست بە بەرهەمهێنان بكات. كۆمپانیا ئیماراتییەكە بڕی شایستەی دارایی خۆی لە هەرێمی كوردستان بۆ چارەكی یەكەمی ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان بە (59 ملیۆن) دۆلار دیاریكردووە. دانەغاز كۆمپانیایەكی بواری بەرهەمهێنانی غازی سروشتییە، لەساڵی 2005 دروستكراوە‌و لە بازاڕی دراوی ئەبوزەبی تۆماركراوە، جگە لە هەرێمی كوردستان، لە میسر‌و ئیماراتی عەرەبیش كاردەكات.
درەو: نەوزادی موهەندیس بەشی دووەم • جۆرە بەناوبانگەكانی نەوتی جیهانی و عەرەبی كامانەن ؟ سەرەڕای بەناوبانگی هەردوو جۆری نەوتی خاوی برنت و ڕۆژئاوای تەكساسی مامناوەنجی كە لەسەر ئاستی جیهاندا بەناوبانگن، زۆر جۆری تری نەوت هەن كە سیفاتەكانیان لە جێگەیەكەوە بۆ جێگەیەكی تر دەگۆڕێن. دەتوانرێت جیاكاری بكرێت لەنێوان جۆرە جیاوازەكانی نەوتدا لەسەر بنەمای جیاوازیان لە چڕیەكانیاندا( ( واتە كێشیان بەراورد بە قەوارەكەیان)) و هەروەها پلەی ترشێتیشیان((ڕێژەی كبریت تیایاندا)) لەناو هۆكارەكانی تردا. • یەكەی لێكۆڵینەوەی وزە دیارترین پلە و ئاستی نەوتە خاوەكان لە جیهاندا باس دەكات،كە لەناویشیاندا نەوتی خاوی برنت و ڕۆژئاوای تەكساسی مامناوەندیشی تیادایە،وەك لای خوارەوە: 1. نەوتی خاوی برنت. نەوتی خاوی برنت، جۆرێكی نەوتی خاوە كە وەك پێوەرێكی پێوانەیی بەكاردێت بۆ نرخدانانی نەوتی خاو كە 2/3 نەوتی خاوی جیهان لەسەربنەمای نرخی نەوتی خاوی برنت دادەنرێت.بەتایبەتیش لە بازاڕەكانی ئەوروپا و ئەفریقادا.ئەم جۆرە نەوتە لە تێكەڵەیەكی نەوتی لە 15 كێڵگەی جیاواز پێكدێت لە هەردوو ناوچەی برنت و تینیان كە هەندێكێان دەكەونە بەریتانیا و هەندێكی تریشیان دەكەونە نەرویجەوە. و دادەنرێت بە نەوتی سوك و شیرین بەهۆی ئەوەی كە API=38پلە و ڕێژەی كبریتیش تیایدا دەگاتە 0.37% كە زۆرر نزمە. و هەمیشە نرخەكانی بەرزترە لە جۆرەكانی تری نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهاندا. 2. نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەكساسی مامناوەنج نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەكساسی مامناوەنج WTI پلەیەكە لە نەوتی خاوی سوكی شیرین.لە وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكادا بەرهەم دێت،بەتایبەتیش لە ولایەتی تەكساس پایتەختی پیشەسازی نەوتی ئەمریكی. نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەكساسی مامناوەنج پێوەرێكی پێوانەیی جیهانی بوو بۆ جۆرەكانی نەوت بۆ چەندین ساڵ،پێش ئەوەی كە نەوتی خاوی برنت جێگای ئەو بگرێتەوە.بەڵام سەرەڕای ئەوەش نەوتی خاوی ئەمریكی هەر وەك پێوەرێكی گرنگ دادەنرێت بۆ ئەمریكای باكور(((گەورەترین بازاڕی نەوت لە جیهاندا)). نرخەكانی نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەكساسی مامناوەنج لە 3 ناوچەی سەرەكیدا دیاریدەكرێت:- میدلاند،بریتیە لە نزیكترین خاڵی نرخدانان بۆ بەرهەمی كردارەكی بۆ نەوتی خاو و یەكێكە لە خاڵە كۆكەرەوە سەرەكیەكان.بەڵام كۆشینگ،بریتیە لە ناوەندی كۆكەرەوە بۆ گەورەترین كۆمەڵ لە بۆریەكانی نەوت كە نەوت دەگوێزێتەوە بۆ سەرتاپای وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا.بەڵام ناوچەی سێهەمیان بریتیە لە هیوستن،كاتێك نەوتی خاو لەڕێگەی بۆری نەوتەوە دەگاتە كوشینگ و میدلاند،دواتر باردەكرێت لەڕێگەی بۆریەوە بۆ پاڵاوگەكانی كەنار كەنداو.یان هەناردەكردنی لەڕێگەی بارهەڵگرەوە ((گوێزەرەوەكان))بۆ بازاڕەكانی جیهان. 3. نەوتی خاوی عەرەبی سوك نەوتی خاوی عەرەبی سوك((Arab Light) بریتیە لە پلەیەكی نەوتی خاوی مامناوەنج لەڕووی چڕی و ترشێتیەوە.كە لە بنچینەدا لەلایەن سعودیەوە بەرهەم دێت لە كێڵگەی غەوار،لەگەڵ چەند كێڵگەیەكی تردا. جا ئەم جۆرە نەوتە خاوە بریتیە لە پێوەرێكی خاوی جیهانی،هەروەها پلەی سەرەكی هەناردەی سعودیە بۆ ئەوروپا و ئاسیا و ئەمریكای باكور.و نرخ دانانی ئەم جۆرە نەوتەش بەبەكارهێنانی هاوكێشەیەكی ناوچەیی دیاریدەكرێت لەسەر پێوەرەكان لەهەر ناوچەیەك لەناوچەكانی بەرهەمهێنان. 4. نەوتی خاوی بونی سووك ((Bonny Light)) بریتیە لەنەوتێكی خاوی سوكی شیرین. كە وڵاتی نەیجیریا لە حەوزی دەلتای نەیجر بەرهەمی دەهێنێت.ناوەكەشی لە ناوی شاری بونی وە هاتوە.و دادەنرێت بە پێوەرێكی گرنگ بۆ بەرهەمی نەوت بۆ تەواوی ڕۆژئاوای ئەفریقا.و هەناردەی گەلێك لە وڵاتانی ئەوروپا دەكرێت وەك : ئیسپانیا و هۆڵەندا و فەڕەنسا و هەروەها بەڕازیل و ئەرجەنتین لە ئەمریكای باشوور. ئەم جۆرە نەوتی خاوە بەوە جیادەكرێتەوە كە بەرهەمێكی زۆری بەنزینی لێوە بەرهەمدێت.كە وایلێكردوە ببێتە نەوتێكی خاوی بەربڵاو لە پاڵاوگەكانی ئەمریكادا،بەتایبەتیش لەسەر كەناری ڕۆژهەڵاتی ئەمریكا. 5. نەوتی خاوی ئیسپۆ نەوتی خاوی ئیسپۆ( ESPO) بریتیە لە پلەیەكی نەوتی خاوی سوكی شیرین،كە لە ڕووسیا بەرهەم دێت،و لەڕێگەی بۆریەوە لە ڕۆژهەڵاتی سیبریا و زەریای هندیەوە دەگوازرێتەوە بازاڕەكانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و بەتایبەتیش چین و یابان و كۆریای باشوور دادەنرێن بە دیارترین هاوردەكارانی ئەو جۆرە نەوتە خاوە.سەرەڕای كەنارەكانی ڕۆژئاوای ئەمریكاش. 6. نەوتی خاوی مێری نەوتی خاوی مێری (Merey) بریتیە لە پلەیەك لە نەوتی خاوی قورس،لە فەنزەوێلا بەرهەدێت ((كەلەئێستادا لەلایەن ئەمریكاوە گەمارۆی خراوەتە سەر)) ،بەتەنیشت خاوی مێسا (( MESA))ی سوكەوە،كە بەزۆری لەناوخۆدا بەكاردێت. ئەم جۆرە نەوتە خاوە((مێری)) بەزۆری هەناردە دەكرێت،لەبەرئەوەی پاڵاوگە ئەوروپی و ئاسیاییەكان زیاتر خواستیان لەسەرێتی وەك لە نەوتی سوك. 7. نەوتی خاوی بەسرەی سوك نەوتی خاوی بەسرەی سوك(Basrah Light) بریتیە لە نەوتێكی خاو كە عێراق بەرهەمی دێنێت.كە بریتیە لە بڕی گەورەی بەرهەمهاتوو لە عێراقدا(( نزیكەی 3 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا)) كە بریتیە لە پلییەكی نەوتی خاو كە چڕیەكەی مام ناوەنجیە لەگەڵ ترشێتیەكەیدا. ئەم جۆرە نەوتە خاوە سوكە لە بەندەری بەسرەی نەوتیەوە لەگەڵ وێسگەی خۆر عەمیەی نەوتیەوە هەناردە دەكرێت،لەگەڵ نەوتی خاوی قورسی بەسرەدا.كە بەهەمان شێوە لەلایەن عێراقەوە بەرهەم دێت. 8. نەوتی خاوی ئازەری سوك نەوتی خاوی ئازەری سوك (Azeri Light) پلەیەكە لە نەوتی خاوی سوكی شیرین،كە لەوڵاتی ئازاربایجانەوە بەرهەمدەهێنرێت.ئەم جۆرە نەوتە بەرهەمێكی زۆری هەیە لە پێكهاتە و بەرهەمە سوك و مامناوەنجیەكاندا و دەگاتە بازاڕەكانی ئەوروپا و ئاسیا و ئەمریكاش. 9. نەوتی خاوی موربان نەوتی خاوی موربان (Murban crude) بریتیە لە پلەیەك لە نەوتی خاوی سوكی شیرین كە لەلایەن ئیماراتەوە بەرهەم دەهێنرێت.لەڕێگەی كۆمپانیای پتڕۆڵی ئەبوزەبی نیشتیمانیەوە( ادنوك).یەكەم جار ئەم جۆرە نەوتە خاوە لەساڵی 1958دا دۆزرایەوە لە كێڵگەی موربان،كە لە ئێستادا نیوەی بەرهەمی كۆمپانیای(ادنوك)پێكدەهێنێت كە بڕەكەی 4 ملیۆن بەرمیلە لە ڕۆژێكدا. و ئەم جۆرە نەوتە خاوە هەناردە دەكرێت لە بەندەری فوجەیرە وشاخی زەنەی ئیماراتیەوە بۆ وڵاتانی : یابان و چین و كۆریای باشوور و تایلاند و هتد. 10. نەوتی خاوی ئێرانی سوك نەوتی خاوی ئێرانی سوك (Iran Light) بریتیە لە پلەیەك لە نەوتی خاوی چڕی مامناوەنج.هەروەها نەوتێكی خاوی ترشە.كە جۆری سەرەكی نەوتی خاوی هەناردەكراوی ئێرانە. وڵاتی چین دادەنرێت بەگەورەترین هاوردەكاری ئەم جۆرە نەوتەی ئێران.بەتایبەتیش لەكاتی گەمارۆكانی ئەمریكادا،هەروەها ئێران نەوتی خاوی قورسیش بەرهەم دێنێت.كە بریتیە لەنەوتێكی خاوی قورسی ترش. • جۆر و كوالێتی نەوت و غازی سروشتی عێراق ئاشكرایە لە عێراقیشدا ژمارەیەكی زۆر كێڵگە و بیری نەوتی وبڕی یەدەگی نەوتی دەگاتە 145.2 ملیار بەرمیل و بەمەش پێنجەم وڵاتی جیهانە لەبڕی یەدەگی نەوتیدا ودووەم وڵاتی بەرهەمهێن و هەناردەكاری ڕێكخراوی ئۆپێكیشە، غازی هەیە بەبڕی124.6 تریلیۆن پێ سێجا یەدەگی دڵنیا لەساڵی 2020و بەمەش چوارهەم وڵاتی عەرەبیە.كە دەكاتە ڕێژەی 1.9% لە یەدەگی غازی جیهان. عێراقیش بۆخۆی یەكێكە لەو وڵاتانەی كە لە ساڵی 1927وە دەستیكردۆتە بەرهەمهێنانی نەوت لەكەركوك و خانەقین و دواتر موصڵ و بەسرە و جێگەكانی تر و لەساڵی 1930شەوە دەستیكردۆتە فرۆشتنی نەوت. بەهەمان شێوە نەوت و غازی عێراقیش لە جۆری سوك و قورس و شیرین و ترشیشی تیادایە. 1. كێڵگەی نەوتی بەسرە جۆر‌و كوالێتی نەوتەكەی مام ناوەنجە لەنێوان ((سوك و قورس‌دا))یە و ئەوەتا API=29-30 كە لە مینای بەسرەوە هەناردە دەكرێت و جۆرێكەی تریشی كە API=30-31 و لە مینای تەوافات جدید وە هەناردە دەكرێت. 2. كێڵگەی نەوتی كەركوك كێڵگەیەكی ((عیملاق))ە و بڕی یەدەگی 9 ملیار بەرمیل نەوتە،پێنج بیرە نەوتی هەیە((جەنبور و خەبازیە و باباگوڕگوڕ و هاڤانا و بای حەسەن)) ە،جۆری نەوتەكەی زۆر باش نیە،چونكە ڕێژەی كبریتی بەرزە. و پێش هەناردەكردنی پێویستە چارەسەر بكرێت لە یەكەكانی ((تركیز و معالجە))دا و چڕیەكەشی مام ناوەندە API=32-33. • جۆر و كوالێتی نەوت و غازی سروشتی هەرێمی كوردستان وەك لە سەرەتاوە باسمانكرد كە جۆری باش و خراپی نەوت و غازی سروشتی وەكو دوو سەرچاوەی وزە و وەك دوو جۆری سووتەمەنی هەڵهێنجراو لە ژێر زەویەوە و وەك پێكهاتەیەكی هایدرۆكاربۆنی لە وڵاتێك بۆ وڵاتێكی تر تەنانەت لەناو یەك وڵاتیشدا لە جێگەیەك یان ناوچەك بۆ ناوچەیەكی تر سیفات و پێكهاتەكانیان دەگۆڕێت،ئەوەتا هەر لە باشووری عێراقدا هەردوو جۆری نەوتی سوكی بەسرە و نەوتی قورسی بەسرەش هەیە لە ڕووی چڕیەكانیانەوە یان لەسەر بنەمای بوونی ڕێژەی كبریت تیایاندا، بەهەمان شێوە بۆ غازی سروشتیش بەوە جیادەكرێتەوە چەندە ڕێژەی غازی H2S تیادا و لەسەر ڕێژەی ئەو غازە ناودەبرێت بە غازی شیرین یان غازی ترش.جا بۆ نەوت جۆری سوكەكە خواستی لەسەر زیاتر و پڕۆسەی دەرهێنانیشی تێچووی كەمترە بەبەراوورد بە نەوتی قورس. بۆ غازی سروشتیش بەهەمان شێوە غازی شیرین داواكاری زیاتر لەسەرە لە بازاڕەكانی جیهانیدا بەبەراوورد بە غازی ترش.چونكە هەم بۆ نەوتی قورس و هەم بۆ غازی ترش دەبێت تەكنەلۆژیای زیاتر و پڕۆسەی كیمیاوی زیاتر بەكاربهێنرێت لەكاتی دەرهێنان و پاڵاوتنیاندا كە ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی تێچووی ئابوریان. لەهەرێمی كوردستانیشدا لەهەردوو جۆرەكەی تیادایە چ بۆ نەوتی خاو یان غازی سروشتیەكەی. 1. كوالێتی نەوتی خاوی هەرێمی كوردستان وەك ئاشكرایە لە كوردستاندا 50 بلۆكی نەوتی هەیە لە هەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستاندا هەر لە بەعشیقە و ئەلقوش تا دهۆك و زاخۆ و شێخان و هەریر و میران و خۆرمەڵەی هەولێر و پیرمام‌و دەشتی بیتوێن و كۆیە/تەقتەق وسلێمانی و قەرەداغ و چەمچەماڵ و گەرمیان و چیاسورخ و...هتد.كە بڕی یەدەگی نەوتەكەی دەخەمڵێنرێت لە نێوان 45-60 ملیار بەرمیل.كە لەلایەن كۆمپانیای جیاوازی جیهانیەوە كاریان تیادا دەكرێت.جا هەر كێڵگەیەك سیفات و كوالێتی نەوتەكەی بەپێی سروشتی جیۆلۆجی خاكەكەی دەگۆڕێت لەنێوان نەوتی خاوی ((سوك یان مام ناوەنج یان قورس))دا،لەخوارەوە باس لە كوالێتی ئەو كێڵگە نەوتیانە دەكەین وەك نموونە: • نەوتی خاوی تەقەتەق ئەم كێڵگەیە ((نەوتیە)) ودریژیەكەی 12 كم و بەدرێژی 78كم و تیرەی 20 انج بۆری نەوتەكەی دەگوازرێتەوە بۆ نزیك كێڵگەی خۆمەەڵە لەهەولێر و لەوێشەوە بەرەو بەندەری جیهانی توركیا.كوالێتی نەوتەكەی لە جۆری زۆر باشە چونكە API=48 پلە و زۆر سوكە كو بریتی تیادا نیە و پێویست بە چارەسەر ناكات پێش هەناردەكردنی و لەهەندێ بیریدا API=51 كە زۆر باشە و زۆر سوكە و تەنانەت ناودەبرێت بە ((شامپانیای ڕەش)).تێوەكەی بەو جۆرە باشەوە بریتیە لە 1.5 دۆلار.كە زۆر هەرزانە.و لەلایەن كۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی توركیەوە بەڕێوەدەبرێت و زۆر بەنرخێكی هەرزان گرێبەستی لەگەڵدا كراوە. • كێڵگەی كوردەمیر دەكەوێتە ناوچەی گەرمیانەوە و كێڵگەیەكی ((نەوتی -غازیە)) و كوالێتی نەوتەیكەی زۆر سوكە چونكە API=61 لەبیری ژمارە -1-دا و لە بیری ژمارە-2-شدا API=38-42 و هەروەها كبریتیشی تیادا نیە و بە كێڵگەیەكی ((عیملاق))دادەنرێت چونكە بڕی نەوتی هەبوو كە دەتوانرێت دەربهێنرێت دەگاتە 500ملیۆن بەرمیل. • بلۆكی گەرمیان كێڵگەیەكی ((نەوتی –غازیە)) و لە كێڵگەی : 1. سەرقەڵا 2. میل قاسم: نەوتەكەی زۆر باشە چونكە API=43-44 و زۆر سوكە و لەلایەن كۆمپانیای ویسترن زاگرۆسەوە بەڕێوەدەبرێت. • بلۆكی نەوتی دهۆك 1. كێڵگەی نەوتی تاوگێ جۆری نەوتەكەی لە جۆری مام ناوەنجە و لە 8 بیرە نەوت پێكدێنت كە API لەنێوان 23.5-28.4 دایە و لەجۆری مامناوەنج و قورسن و درێژی 25كم و پانی 3كم دەبێت.ئەم كێڵگەیە بە ((گەوهەر تاج)) ناودەبرێت بەهۆی ئەوەی دەشسكەوت و قازانجێكی زۆر هەبوە بۆ كۆمپانیای DNO نەرویجیەوە كە بەڕێوەی دەبات.چونكە تێووی دەرهێنانی بۆ 1 بەرمیل تەنها 2.11دۆلارە،بەبەراوورد بە تێژووی نەوت لەیەم كە بریتیە لە 23.95 دۆرلار بۆ 1 بەرمیل. • كێڵگەی شێخان نەوتەكەی لە جۆری مام ناوەنجە API=27پلە و بوونی كبریت بە ڕێژەیەكی كەم تیایدا. و بڕێك زۆر غاز و نەوتیشی تیادایە. 2. كوالێتی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان ئاشكرایە بوونی غازی سروشتی بەدوو جۆری سەرەكی هەیە،یان بەتەنها Free Gas،یانیش لەگەڵ نەوتی خاو‌دا هەیە Assotiated Gas، و بڕی یەدەگی غازی سروشتیش لە كوردستاندا دادەنرێت بە 5,2 تریلیۆن مەتر سێجا كە بڕێكی باشە.لەكوردستانیشدا هەردوو جۆرەكەی هەیە: • كێڵگەی غازی كۆرمۆر كێڵگەیەكی بچووك-مامناوەندە لەڕووی ڕووبەرەوە،دەكەوێتە سنوری پارێزگای صلاح ا‌لدین و باكوری ڕۆژهەڵاتی شاری تووزخورماتوو بەدوری 35كم لەڕێگای گشتی تووز-كەركوك،لەلایەن كۆمپانیای نەوتی باكوری سەر بەوەزارەتی نەوتی عێراقیەوە تا ساڵی 2003وە بەڕێوەدەبرا.جۆری غازەكەی شیرینە و ڕێژەی H2S تیادا كەمە .و بەمەش لەجۆری باش دادەنرێت و دەتوانرێت ڕاستەوخۆ بەكاربهێنرێت چونكە كبریتی تیادا نیە.و لەلایەن كۆمپانیای دانا غازی ئیماراتیەوە بەڕێوەدەبرێت لەساڵی 2007وە.هێڵی بۆری غازی بەدرێژی 176 كم ڕاكێشراوە بۆ 2 وێسگەی بەرهەمهێنانی كارەبا لە سلێمانی و هەولێر و كۆمپانیای كاریش بۆری گواستنەوەی غاز ڕادەكێشێت بۆ وێسگەی كارەبای دهۆك. • كێڵگەی غازی چەمچەماڵ جۆری غازەكەی لەجۆری باشە و 2 بیری تیادایە و لەلایەن كۆمپانیای دانا غازەوە بەڕێوەدەبرێت. • بەم شێوەیە دەردەكەوێت كە كوالێتی نەوتی خاو و غازی سروشتی هەرێمی كوردستان تێكەڵەیەكە لە جۆری (( زۆر باش وباش و مام ناوەنج)) ،هەربۆیە خواستی زۆری لەسەرە و لە جۆری ((سوك و شیرین))دادەنرێت و تێچووی دەرهێنانیشیان بەبەراوورد بەهەندێك وڵات زۆر هەرزانە . و بەبەراوورد بە كوالێتی نەوت و غازی سروشتی عێراقیش گەر باشتر نەبێت ئەوا وەك كوالێتی نەوت و غازی سروشتی عێراق وایە و هیچ جیازایەكیان نیە،كە هەق وایە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هەرزان و تاڵانی نەیداتە كۆمپانیاكان و نەشیفرۆشێت.وەكو عێراق مامەڵەی پێوە بكات. بەشی یەكەم: جۆر و كوالێتی نەوت و غازی سروشتی هەرێمی كوردستان لە چ ئاستێكدان ؟
نەوزادی موهەندیس بەشی یەكەم • ئاشكرایە چ نەوتی خاو یان غازی سروشتی چەند جۆرێكی جیاوازیان هەیە،ئەم جیازیانەشیان دەگەڕێتەوە بۆ بوونی پێكهاتەی نا نەوتی وەكو(( كازاكان و خوێكان و ئاو و خڵتە و خەوشی تر)) و ئەمانەش كاریگەریان دەبێت لەسەر جۆر و سیفاتەكان و كوالێتی نەوتی خاو وغازە سروشتیەكە.لەسەر ئەم بنەمایەش نەوتی خاو و غازی سروشتی پۆلێن دەكرێن بە چەند جۆرێكەوە،كە لەخوارەوە بەكورتی باس لەهەر جۆررێكیان دەكەین و ئەو مواصفات و پێوەرانەش باس دەكەین كە لەسەر بنەمایان جۆر‌و و كوالێتی نەوتی خاو یان غازی سروشتیەكە دیاریدەكرێن: • جۆرەكانی نەوت چین؟ نەوتی خاو توخمێكی وەكیەك نیە و سروشتەكەی لە جێگەیەك بۆ جێگەیەكی تر دەگۆڕێت،نەوتی خاوی پێوانەیی بەكاردەهێنرێت،وەك ((نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەكساس )) و ((برنت)) بۆ ئەوەی بتوانرێت نرخی 160 جۆر لەنەوت دابنرێت. پڕۆسەی نرخ دانانی ئەو نەوتە خاوانە دەوەستێتە سەر ئاستی جیاوازیان لە نەوتی خاوی پێوانەیی.هەروەها پشتدەبەستێتە سەر دووری ئەو نەوتە خاوانە لە بازاڕەكانەوە.جا ئەو خاڵانەی كە جیاوازی نێوان جۆرەكانی نەوتی خاویان پێدیاریدەكرێت بریتین لە: 1. چڕیەكەی(( كێشەكەی بەراوورد بە قەوارەكەی)) 2. پلەی ترشێتی((ڕێژەی كبریت تیایدا)) 3. هۆكاری تریش. • نەوتی سووك بەرامبەر نەوتی قورس • نەوتی خاوی سووك: بریتیە لەو جۆرەی نەوت كە چڕیەكی كەمی هەیە بەبەراورد بە چڕی ئاو.لەبەر ئەوە سەر ئاو دەكەوێت.بەوپێیە نەوتی سوك پۆلێندەكرێت بەپێی پێوەری (چڕی جۆری) بەپێی پەیمانگای نەوتی ئەمریكی (API gravity) ئەگەر نرخی چڕیەكەی گەورەتر بوو لە 31.10 دادەنرێت بە نەوتی خاوی سوك. ئەم جۆرە نەوتە داواكراوە و خواستی لەسەرە بەهۆی ئەوەی كە ڕێژەیەكی گەورەی لە پێكهاتە بچوكە سوكەكانی تیادایە. • پێوەری ((چڕی جۆری)) بەپێی پەیمانگای نەوتی ئەمریكی یەكێك لەو داهێنان و بەشداریانەی پەیمانگای نەوتی ئەمریكی بریتی بوو لە دانانی پێوانە بۆ چڕی كە بە پلە دەپێورێت،كە لە سفرەوە دەستپێدەكات.جا ئەو نەوتەی كە چڕیەكەی لە(( 22.30)) پلە كەمتر بێت بە نەوتی خاوی ((قورس )) دادەنرێت.ئەو نەوتەشی كە چڕیەكەی لەنێوان(( 22.30 - 31.10 )) پلەدایە دادەنرێت بە نەوتێكی ((مامناوەنجی))،و هەر نەوتێكیش پلەی چڕیەكەی لەسەروو(( 31.10)) پلەوە بوو دادەنرێت بە نەوتێكی(( سووك))،و هەر نەوتێكیش پلەی چڕیەكەی لە سەروو(( 42 ))پلەوە بێت دادەنرێت بە نەوتێكی((زۆر سووك)). هەركاتێك نەوتێكی خاو چڕیەكەی بەرزتر بوو لە(( 10)) پلە ئەوا سەر ئاو دەكەوێت و كاتێكیش كەمتر بوو لە(( 10 ))پلە ئەوا سەر ئاو ناكەوێت. • شێوازی حسابكردنی بیركاریانە: شێوازێكی بیركاریانەیە بۆ ئەژماركردنی چڕی جۆری بەپێی API بەم شێوەیەی لای خوارەوە: APIgravity=141.5/SG SG:چڕی جۆری چڕی جۆری نەوتی قورس=1 بۆ ئەژماركردنی چڕی جۆری ((نەوتی قورس)) بەپێی پێوەری API بەم شێوەیە ئەژمار دەكرێت: 141.5/1-131.5=10 API APL = 141.5 - 131.5 / SP.gr * لە گرنگترین سیفاتەكانی نەوتی سووك بریتیە لە: 1.بەئاسانی دەڕوات. 2. توخمی مێوی تیادا نیە. * نەوتی خاوی قورس بریتیە لەو جۆرە نەوتە كە تاڕادەیەك چڕیەكەی بەرزە ،بەشێوەیەك نزیكدەبێتەوە لە چڕی ئاو كە دەبێتە هۆی قورس دەرهێنانی لە بیرە نەوتەكاندا.بە پێوەری پەیمانگای نەوتی ئەمریكی چڕی نەوتی قورس نرخەكەی كەمترە لە(( 22.33)) پلە. و لینجێتی بەرزە،و ڕێژەیەكی بەرزی كبریتیشی تیادایە.كە ئەمەش جارێكی تر دەبێتە هۆی ئەوەی كە كرداری دەرهێنانی سەخت بكات كە دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی تێچووی ئابوری.لەبەر ئەوە زۆر خواستی لەسەر نیە بەبەراوورد بە نەوتی سوك.بەڵام بەهۆی نزیكبونەوەی چۆڕبڕبوونی نەوتی سوك لە جیهاندا بۆتە هۆی ئەوەی كە گرنگی زیاتر بدرێت بەنەوتی قورس.كۆی یەدەگی نەوتی خاوی قورسی دڵنیا كە دەتوانرێت دەربهێنێرت لە جیهاندا یەكسانە بە 434 بلیۆن بەرمیل. • پڕۆسەی دەرهێنانی نەوتی خاوی قورس دەرهێنانی نەوتی خاوی قورس زۆر بڵاوبۆتەوە لە زۆرێك لە وڵاتاندا و لە پێشەنگیشیاندا وڵاتانی كەنەدا و فەنزەوێلا یە لەساڵی 2008وە. لەو ڕێگایانەی كە ئەم جۆرە نەوتەی پێدەردەهێنرێت بریتین لە: ڕێگای دەرهێنانی نەوتی قورسی سارد لەگەڵ لمدا،ڕۆكردنی بەهۆی هێزی ڕاكێشان بەیارمەتی هەڵم.و تێكردنی هەڵم و دەرهێنانی هەڵم و بەهەڵكەندن بە شێوەی چاڵی ئاشكرا بۆ نیشتوە لمیەكان كە دەوڵەمەندن بەنەوت. • كاریگەریەكانی نەوتی خاوی قورس لەسەر ژینگە: نەوتی خاو لە جۆری قورس كاریگەریەكانی زۆر توندترە لەسەر ژینگە بە بەراوورد بە جۆرەكانی تری نەوتی خاوی سوك بە ڕەچاوكردنی ڕێگا بەكارهێنراوەكانی ئێستا لە بەرهەمهێنان و گواستنەوەیدا.جا لەبەر سەختی پڕۆسەی دەرهێنانی پێویستدەكات كە تەكنەلۆژیا بەكاربهێنرێت بۆ دەرهێنانی باشی نەوت لەوانەش تێكردنی هەڵمە بۆ ناو بیرەكان بۆ دروستكردنی فشار . هەروەها جۆری نەوتە قورسەكان هەندێك لە پیسكەرەكانی تیادایە بۆ نمونە نەوتی پشتێنەی ئۆرینكۆ كە چڕییەكی بەرزی هەیە ڕێژەی 4.5% كبریتی تیادایە،لەگەڵ فەنادیۆم و نیكڵ.هەروەك چۆن دەرهێنان و پاڵاوتنی جۆرە قورسەكانی نەوتی خاو و لمە نەوتیەكان بەم تەكنەلۆژیایەی ئێستا بەكاردێت دەبێتە هۆی دەرچوونی سێ هێندە زیاتر لە گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن بە بەراوورد بەنەوتی كلاسیكی. • سیفاتەكانی نەوتی قورس: 1. لینجی بەرزە. 2. بە ئاسانی ناڕوات. 3. توخمی مێوی تیادایە. • سیفاتەكانی نەوتی زۆر قورسیش بریتیە لە: 1. لە پلەی گەرمی ئاسایی‌دا ناڕوات. 2. زۆر لینجە. • نەوتی خاوی شیرین بەرامبەر نەوتی خاوی ترش نەوتی خاوی شیرین بریتیە لەو نەوتەی كە ڕێژەی كبریت تیایدا كەمترە لە 0.5%، و نەوتی خاوی ترشیش ڕێژەی كبریت تیایدا بەرزترە لە 0.5% و زۆرترین نەوتی ناوچەی كەنداوی عەرەبی لە جۆری ترشە واتە ڕێژەی كبریت تیایدا لەسەروو0.5%وەیە. نرخی نەوتی خاو دادەبەزێت بەبەراوورد بە نەوتی خاوی پێوانەیی ، بەشێوەیەك هەركات چڕیەكەی و ترشێتیەكەی بەرزبوو،بە پێچەوانەشەوە نرخەكەی بەرزدەبێتەوە لەگەڵ دابەزینی چڕی و ترشێتیەكەی.بەڵام لە ئێستادا بارودۆخی بازاڕی نەوت ئەو بنەمایەیان گۆڕیوە و تەنها حساب لەسەر بڕی بوونی نەوت دەكەن لە بازاڕاەكاندا ،بەشێوەیەك هەركاتێك بڕی نەوت لە بازاڕاكاندا زۆر بوو ئەوا نرخەكان دابەزێت و بە پێچەوانەشەوە هەر كات بڕی نەوت كەمبوو لە بازاڕەكاندا ئەوا نرخەكان بەرزدەبێتەوە،بەبێ گوێدانە جۆر‌و مواصفاتی نەوتە خاوەكە. جا نەوتی خاوی سوكی شیرین بەڕێژەی 40% ی بەرهەمی جیهانی پێكدێنێت.كە بەزۆریش لە وڵاتانی لیبیا و جەزائیر و نەیجیریا و دەریای باكور و ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكادایە.لەكاتێكدا نەوتی قورس و مامناوەنجی بەڕێژەی 60% بوونی هەیە لە جیهاندا.وە زۆربەشی دەكەوێتە وڵاتانی عەرەبی و ئەمریكای لاتینی و كەنەداوە. • یەكەی گەرمی بەریتانی چیە BTU؟ گرنگی ئەم یەكەی پێوانەیە لەوەدایە كە بەراوورد دەكات لە نێوان بوونی وزە لە سەرچاوەكانی وزەی جیاوازدا. ئەم یەكەی پێوانەی هەبووی گەرمیە : بریتیە لە یەكێك لە پێوەرەكانی پێوانەی بڕی وزە.كە بەكاردێت بۆ زانینی بڕی وزە لە بەرهەمە نەوتیەكان و ئەوانی تریشدا وەك خەڵووز. بەشێوەیەك 1 بەرمیل نەوت بەنزیكەیی بڕی 5,8 ملیۆن یەكەی گەرمی تیادایە،لەكاتێكدا 1 مەتر سێجا غازی سروشتی بە نزیكەیی 1000 یەكەی گەرمی تیادایە.بەهەمان شێوە 1 كگم لە بەنزین بە نزیكەیی 40هەزار یەكەی گەرمی تیادایە. بەشێوەیەكی گشتی ئەم یەكەی پێوانەی گەرمیە بەریتانیە BTU بەكاردێت بۆ پێوانەكردنی بڕی گەرمی لە بیناكاندا. جا ئەم یەكەی پێوانە گەرمیە گرنگیەكی تایبەتی هەیە:لەبەرئەوەی هاوبەشە لەنێوان هەموو سەرچاوەكانی وزەدا،بەبێ گوێدانە ئەوەی كە شلە یان گازیە یان ڕەقە.ئەمەش وایكردوە كە بەراوردكاری بكرێت لەنێوانیاندا لەسەر بنەمای یەكەكانی گەرمی كە تیایدایە.بەشێوەك ناتوانرێت بەراووردی سەرچاوەكانی وزە بكرێت لەسەر بنەمای پێوەرەكانی تر وەك بەرمیل یان تەن. بەڕەچاوكردنی بچووكی یەكەی گەرمی،بەشێوەیەكی گشتی بڕی بەرهەمی وزە لەهەر وڵاتێكدا بە ((كوادرلیۆن)) كە بریتیە لە یەكەی گەرمی دەپێورێت.كوادرلیۆن یەكسانە بە 1000 تریلیۆن،یان ژمارە 1 و لە پێشیدا 15 سفر هەیە. یەكەی گەرمی یەكسانە بەبڕی ئەو گەرمیەی كە پێویستە بۆ بەرزكردنەوەی ((پاوەند))ێك لە ئاو 1 پلە لەژێر هەلومەرجی دیاریكراودا.(( 1 پاوەند كەمێك كەمترە لە نیوكیلۆگرام)). جا لەبەر كێشەی ئەو پێناسەیەی سەرەوە،ئەوا هەندێك كەس ئەو یەكەیە بەوە پێناسە دەكات كە بریتیە لە بڕی گەرمی پێویست بۆ بەرزكردنەوەی گەرمی((پاوەنێك)) لە ئاو 1پلە لە 59 پلەوە بۆ 60 پلە بە پێوەری فەهرنهایت. یەكەم كەس كە هەستا بە پێوان و نوسینی ئەم پێناسەیە،ئەندازیاری بەریتانی كە ناوی تۆماس نردگۆڵد بوو لە كۆتایی سەدەی هەژدەهەمدا.سەرەڕای بڵاوبونەوەی ئەم چەمكە لە سەرەتادا بەڵام لە ئێستادا تەنها لە وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكادا بەكاردێت و بەتایبەتیش لە بازاڕەكانی غازی سروشتی‌دا.
درەو: راپۆرتی یەكەی چاودێری حكومەتی خۆجێیی گەرمیان بە پاڵپشتی (NED) یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، سی و یه‌كه‌مین راپۆرتى مانگانه‌ى بڵاوكرده‌وه كه تایبه‌ته به: "كێشه‌ى نه‌مانى ده‌رمان له ناوه‌نده ته‌ندروستیه‌كانى گه‌رمیان". كلیك لەم فایلەی خواره‌وه بكه بۆ خوێندنه‌وه‌ى راپۆرته‌کە. فایلی پیدی ئێف یه‌كه‌ى چاودێری حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، هه‌مو مانگێك راپۆرتێكى وردی به‌دواداچون و بنكۆڵكاریی، له‌باره‌ى كێشه و پرسێكى په‌یوه‌ست به حكومه‌ته‌وه ئاماده ده‌كات. له مانگى رابردودا به‌دواداچونه‌كانى ته‌رخانكرد به پرسی نه‌مانى ده‌رمان له‌ناوه‌نده ته‌ندروستیه‌كان، كه بوه به كێشه‌یه‌كى گه‌وره و كاریگه‌رییه‌كى زۆری له‌سه‌ر هاوڵاتیان دروستكردوه. له راپۆرته‌كه‌دا به وردی له‌سه‌ر ئه‌و كێشه‌یه و هۆكاره‌كه‌ى و هه‌روه‌ها دۆخی ده‌رمان به گشتى له ناوه‌نده ته‌ندروستیه‌كان قسه كراوه، له‌و روه‌شه‌وه داتا و زانیاری گرنگ خراونه‌ته‌ڕو، ئه‌مه سه‌رباری باسكردنى لێكه‌وته‌كانى ئه‌و حاڵه‌ته. یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، یه‌كه‌یه‌كى به‌دواداچون و لێكۆڵینه‌وه و چاودێریی رۆژنامه‌وانى سه‌ر به رادیۆی ده‌نگه، به پاڵپشتی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی (NED) ئه‌مریكی، مانگانه راپۆرتێكى ورد و به‌دواداچون له‌باره‌ى بابه‌ت یان پرسێكى په‌یوه‌ندیدار به حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان بڵاوده‌كاته‌وه، به ئامانجی تیشكخستنه‌سه‌ر ئه‌و بواره و زیادكردنى گرنگیپێدان پێی. ده‌قی راپۆرته‌كه به تێكست له خواره‌وه ده‌خوێننه‌وه به‌شى یه‌كه‌م: راپۆرت پێشه‌كى ناوه‌نده ته‌ندروستیه‌كانى گه‌رمیان، روبه‌ڕوى گرفتێكى سه‌ختى نه‌بونى ده‌رمان و چاره‌سه‌رى پزیشكی بونه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش ته‌ریبه به‌وه‌ى ماوه‌ى نزیكه‌ى 7 مانگه هیچ ده‌رمانێك بۆ ئه‌و ناوه‌ندانه دابین نه‌كراوه. نه‌بونى ده‌رمان له ناوه‌نده ته‌ندروستیه‌كان، راسته‌وخۆ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ژیانى هاوڵاتیانى سنوره‌كه داناوه، به‌تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى دۆخی ته‌ندروستیان جێگیر نیه و به‌كاریگه‌ری ره‌وشى داراییانه‌وه پێویستیان به ده‌رمان و چاره‌سه‌رى ده‌زگا ته‌ندروستیه حكومیه‌كان هه‌یه. له‌م راپۆرته‌دا به وردی له‌سه‌ر قه‌باره‌ى كێشه‌كه، هه‌روه‌ها هۆكار و لێكه‌وته‌كانى ده‌وه‌ستین. 1. سه‌رچاوه‌كانى دابینكردنى ده‌رمان بۆ ته‌ندروستى گەرمیان ئەو بڕە دەرمانەی بۆ سنوری گەرمیان دابین دەکرێت، دابەشدەکرێت بەسەر 52 بنکەی تەندروستی و 13 مەڵبەندى ته‌ندروستى و 4 سه‌نته‌رى ته‌ندروستى و 4 نەخۆشخانەی حکومی‌دا کە لە سێ مانگی ئەمساڵ (43 هه‌زار) چارەخواز سەردانی تەنها ئەو 4 نەخۆشخانە حکومیانەیان کردوە. دابینکردنی دەرمانیش بەچەند رێگایەکە کە بەشێکی لەسەر بودجەی حکومەتی هەرێم دابین دەکرێت کە بڕى (205) ملیۆن دینار دەکات له مانگێك دا. رێگایەکی دیکە لە لایەن وەزارەتی تەندروستی عێراق بە بڕێکی کەم لە پشکی پارێزگای سلێمانی بۆ ناوچەکە دابین دەکرێت كه رێژەکەی 13%ـى پارێزگاى سلێمانیه. بەوتەی بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان، د. سیروان محه‌مه‌د، هیچ کام لەو دو رێگایە ناتوانن بڕی پێداویستی دەرمانی ناوچەکە پڕ بکەنەوە. لەبارەی ئەوەی ئەو رێژەیە كه بۆ گەرمیان دیاریکراوە بەچ پێوەرێک بوە، دەڵێت: دەبێت ئەو پرسیارە ئاڕاستەی خودی وەزارەتی پلاندانان بکرێتەوە. بەرپرسی بەشی کۆگای دەرمان و پێداویستیە پزیشکیەکان لە ته‌ندروستى گەرمیان، د. محه‌مەد ئازاد، لەو بارەیەوە دەڵێت: سنورەکە نەخۆشێکی زۆری هەیه، بەڕاستی ئەو بڕەی دابین کراوە کەمە، تەنانەت بەجۆرێکە کە ئەو 205 ملیۆن دینارە ئەگەر 12 هێندە ببێتەوە تەنها بەشی دەرمانی درێژ خایەن دەکات، کەچی ئەو بڕە لای ئێمە بۆ سەرجەم پێداویستیە پزیشکیەکانە كه بەمجۆرە دابەشکاری بۆ کراوە: 129 ملیۆن بۆ دەرمان، 33 ملیۆن بۆ پێداویستی تاقیگەیی، 33 ملیۆن بۆ پێداویستی پزیشکی، ئەوەشی دەمێنێتەوە لەژێر دەسەڵاتی بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیانە کە بۆ ئامێر یان بابەتی پێویست دابین دەکرێت. بریكارى وه‌زیری ته‌ندروستى هه‌رێم، ئاماژه به‌وه‌ده‌كات لەپاش ساڵی 2014ـه‌وه سەقفێک بۆ پاره‌ى دابینکراوى ده‌رمان و پێداویستی پزیشكی ته‌رخانكراوه كه بڕه‌كه‌ى 6 ملیاره و به‌سه‌ر ناوچه‌كاندا دابه‌ش ده‌كرێت. د. ره‌هێڵ فه‌ریدون، وتى: له‌و 6 ملیاره، پارێزگاى سلێمانى 43%ـى به‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام ئه‌م رێژه‌یه وه‌كوخۆی نادرێت و ناعه‌داله‌تى هه‌یه. ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: پێشنیارمان کردوە ئەو رێژەیە 2 ملیاری دیكه‌ى بۆ زیاد بکرێت، بێگومان دەبێت ئه‌وكات بۆ گەرمیان رێژەکە زیاد بکرێت، چونكه هەندێك ناوچە غەدری لێکراوە، بەڵام هێشتا وەڵاممان وەرنەگرتوە بۆ ئه‌و داواكاریه‌مان. 2. شێوازی دابینکردنی دەرمان بۆ ناوه‌نده تەندروستیەکان كۆگاى ده‌رمانى ته‌ندروستى گه‌رمیان، به‌پێی خشته‌یه‌ك ده‌رمان به‌سه‌ر ناوه‌نده ته‌ندروستیه‌كان دابه‌ش ده‌كات. د. محه‌مه‌د ئازاد، به‌ڕێوبه‌رى كۆگاى ده‌رمانى ته‌ندروستى گه‌رمیان، وتى: بۆ بنکەکان دو مانگ جارێك بەپێی لیستێک کە پێشکەشمان دەکرێت و پێویستیان بە چیە، کۆگا دەرمانیان بۆ دابین دەکات، بەڵام بۆنەخۆشخانەکان کە بەشەکانی فریاکەوتن لەپێشترن، هەفتانە داواکاری دەکرێت کە پێویستیان به چیە بە رەچاوکردنی رێژەی سەردانیکردن بۆ نەخۆشخانەکان دیاریکراوە و بەو لیستەی داواکاریان کردوە بۆیان دابین دەکرێت. له‌شێوازی دابەشکردنی دەرمان و پێداویستیە پزیشکیەکان دا، هەندێک شوێن پێشخراوە، بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان دەڵێت: سەرەتا دەبێت بۆ بەشەکانی فریاکەوتن بێت، بەرپرسی کۆگای دەرمانیش باس لە رێنماییەکانی وەرگرتنی دەرمان دەکات. سەبارەت بەوەی بە چ پێوەرێک دەرمان دابەشدەکرێت بەسەر نەخۆشخانەکاندا؟ بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان، دەڵێت: بەشەکانی فریاکەوتنمان پێش شوێنەکانی دیکە خستوە کە حاڵەتەکانی ئەوان زیاتر پێویستن، پاشان نەخۆشخانەکان و دواتریش مەڵبەند و بنکە تەندروستیەکان بەپێی خواستی ئەو رێژەیەی دانیشتوانەی کە هەیەتی. کاتی وەرگرتنی دەرمان دیاری نەکراوە، بەوپێیەی بابەتەکە رێژەییە، بنکە هەیە 4 مانگە دەرمانی وەرنەگرتوە، بۆ شوێنی دیکەش ماوەکە کەمترە بەپێی داواکاری. لەگەڵ ئەمەشدا مەرجەکانی وەرگرتنی دەرمان بەوتەی بەرپرسی کۆگای ده‌رمان، لە چەند هەنگاوێکدا کورت بونەتەوە لەکاتی تەندەرین بۆ کۆمپانیاکان، لەوانە: 1. دەبێت ده‌رمانه‌كه رەزامەندی کوالێتی کۆنتڕۆڵی هەبێت. 2. ده‌رمانه‌كه ماوەی بەسەرچونی به‌لای كه‌مه‌وه 2 ساڵی مابێت. رونیشیكرده‌وه: هەندێکجار بەهۆی رێکارەکانەوە تا دەرمانمان بەدەست دەگات، ده‌چێته ساڵ و نیوێک، ئەو دەرمانانه‌شى لە عێراقەوە بۆمان دێت کێشەی کاتی بەسه‌رچونی هەیە کە هه‌بوه مانگی 4 بەدەستمان گەشتوە و واده‌ى به‌سه‌رچونى «ئیکسپایەره‌كه‌ى» مانگی 6 بوە و تادەگاتە دەستی نەخۆش کاتەکەی تەواو دەبێت. باسی لەوەشکرد: تاوەکو ئێستا هەمو تەندروستی گەرمیان بەڕادێکی گەورەی تێدا نیە پێى بڕۆینە سلێمانی تاوەکو خۆمان بەشی خۆمان له ده‌رمان بە بێ جیاکاری وەرگرین، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا كۆمپانیای ئه‌هلی ئه‌وتۆ هه‌یه 10 به‌ڕادی هه‌یه كه‌چى به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كى حكومى ناتوانێت هەیبێت. وتیشی: بۆ جۆرەکانی دیکەش ئەوە بەغداد بۆمان دەنێرێت ئەوەنیە کە خواستی ئێمە بێت، به‌شێوه‌یه‌ك 3 ئۆتۆمبیل دەرمانمان پێدەگات دوانیان تەنها «موغەزیە». «ئەمە خراپترین بەشە دەرمانە کە ئێمە وەریدەگرین، سه‌ره‌تا دەنێردرێتە پارێزگای سلێمانی و پاشان بۆ گەرمیان دێت، واتا چی باش بێت سلێمانی خۆی ئەیبات و کەمتر بۆ ئێمە دەنێردرێت». د. چیا محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى پێشوى كۆگاى ده‌رمانى ته‌ندروستى گه‌رمیان، وای وت. له‌به‌رامبه‌ردا بریکاری وەزیری تەندروستی هه‌رێم، بەتوندی ئەو وتەیە رەتدەکاتەوە کە لە پارێزگای سلێمانیەوە ئەو بەشەی بۆ گەرمیان دێت دەستکاری کرابێت. د. ره‌هێڵ فه‌ره‌یدون، وتى: شتی لەو جۆرە نیە و ئەگەرهەبێت ده‌بێت بەدواداچون بکرێت، بەڵام دەتوانین بڵێین ناردنی جۆری دەرمانەکان گۆڕانکاریان بەسەردا دێت. 3. دروستبونی قەیرانی کەمی دەرمان لە سنوری ئیدارەی گەرمیان لە مانگی (11) تشرینی دوه‌مى 2021 کەمی دەرمان روی لە ناوەندە تەندروستیەکان کردوە، بەڕێوبەری گشتى تەندروستی گەرمیان هۆکارەکەی دەخاتە ئه‌ستۆی خودی ئەنجومەنی وەزیران. بەرپرسی کۆگای ده‌رمانیش دەڵێت: ئەمە کارەساتە وەزارەت بۆ ئێمەی دروست کردوە. د. سیروان محه‌مه‌د، لەبارەی دروستبونی قەیرانی دەرمانه‌وه دەڵێت: لە مانگی 11ـى 2021ـه‌وه ئەم گرفتە سەریهەڵداوە، دەستبەجێ مانگی 12ـى 2021 نوسراومان ئاڕاستەی وەزارەتی تەندروستی کرد کە لە مانگی 1ـى 2022 دەسەڵاتی خەرجکردنی پارە بگەرێنێتەوە بۆ خۆمان، ئێستا کە لەمانگی 5 نزیک دەبینەوە، هێشتا هیچمان بۆ نەگەڕاوەتەوە. ئه‌مه‌ش دۆخێكى خوڵقاندوه كه وه‌ك به‌ڕێوبه‌رى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان له لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى دا جه‌ختى لێكردوه‌ته‌وه: هه‌رگیز دۆخی ده‌رمان و پێداویستی پزیشكی له گەرمیان وه‌ها خراپ نه‌بوه وه‌كو ئێستا، ته‌نانه‌ت له سه‌رده‌مى شه‌ڕى داعش و سه‌ره‌تاكانى سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانى دارایی‌ش. لایخۆشیه‌وه، بریكاری وه‌زیری ته‌ندروستى هه‌رێم، باس له‌وه‌ده‌كات رێکارەکان گرفتن، بەجۆرێک رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی پارە لە کۆتایی مانگی ئادار و سەرەتای مانگی نیسانى 2022 گەڕاوەتەوە، بەڵام هه‌ر به بڕیارێكى تری وه‌زاره‌تى دارایی، ئه‌و پاره‌یه‌ى بۆ ده‌رمان دانراوه ناتوانرێت خه‌رج بكرێت. د. ره‌هێڵ فه‌ره‌یدون، رونیكرده‌وه: به بڕیاری وەزارەتی دارایی خەرجکردنی پارە سەرەتا بۆ موچەیە و کۆتا شت بۆ خەرجیەکانی دیکەیە کە دەرمانیش دەگرێتەوە، ئه‌وكاتیش پارەی نەختینە لەبانک نامێنێت و کۆمپانیاکانیش ناتوانن بەوجۆرە دەرمان دابین بکەن، بۆیە داوامانکردوە خەرجکردنی پاره‌ى ده‌رمان بکەوێتە پێش دابه‌شكردنى موچە. بەشێکی دیکەی گرفتەکە ئەوەیە کە حکومەت هێشتا پارەی ساڵانی پێشوی کۆمپانیاکانی دەرمانیشی خەرجنەکردوە، ئه‌مه‌ش بێ متمانەیی دروست کردوە. د. چیا محەمەد، بەرپرسی پێشوی کۆگای ده‌رمان و پێداویستیە پزیشکیەکانی ته‌ندروستى گه‌رمیان وتی: هێشتاکە پارەی کۆمپانیاکانی دەرمان بۆ ساڵانی (مانگى 11ـى 2014 و مانگى 3ـى 2015) خەرج نەکراوە کە بۆ کۆی پێداویستیە پزیشکیەکانە. به‌ڕێوبه‌رى ئێستاى كۆگاى ده‌رمانیش حكومه‌ت به به‌رپرس ده‌زانێت له‌م حاڵه‌ته «حکومەت خۆی وادەکات کە کۆمپانیاکان نەیەنە پێشەوە و خەڵک زەرەرمەند بێت، ئەو کۆمپانیایەی پارساڵ تەندەرینی کردوە هێشتا 2 سولفەی وەرنەگرتوە». د. محه‌مه‌د ئازاد، وتیشی: ئێستاش کە نزیکین له مانگى ئایاره‌وه، بەڵام تەندەرین ته‌واو نه‌بوه بۆ كڕینی ده‌رمان، ئەگەرچی رێکارەکان تاوەکو توانیومانە تەواومان کردوە و چاوەڕێن کۆمپانیا بێتەوە پێشەوە. 4. قه‌باره‌ى كێشه‌ى نه‌بونى ده‌رمان له نه‌خۆشخانه‌كان ا. نەخۆشخانەی گشتی کەلار لە نێو خودی نەخۆشخانەی گشتی کەلار دا سێ دەرمانخانە هەن کە بەم جۆرەن: یه‌كه‌م: دەرمانخانەی ناوخۆیی: ئه‌م ده‌رمانخانه‌یه تایبەتە بە حاڵەتەکانی نەشتەرگەری، قاوشی مناڵان و هەناوی. بەرپرسی دەرمانخانەکە، ئەحمەد عاسی، دەڵێت: لەمانگی یەکى 2022ـه‌وه توشی گرفتی کەمی دەرمان بوین، ماوەی 4 مانگە گرفتمان هەیە، بەرێژەی زیاتر له 60% دەرمانەکانمان نەماون، هەمو لایەکیش ئاگاداری ئەو بابەتەن. وتیشی: ئەو کەسانەی نەشتەرگەری ده‌كه‌ن، دەبێت راستەوخۆ دەرمان وەرگرن، بەڵام شتێکی وامان لادەست ناکەوێت، حاڵەت هەبوە ناچار دواى نەشتەرگەری خۆیان رۆشتون دەرمانیان کڕیوە، ئەمە بۆ بەشەکانی دیکەش هه‌ر راسته. وتیشی: تێكڕا لە کۆی 5 دەرمان، دوانیان بەردەستە. دوه‌م: دەرمانخانەی بەشی راوێژکاریی بەیانیان بەرپرسی ئەم بەشە دەڵێت: کێشەیەکی ئه‌وتۆمان نیە و دەتوانین زۆرترین رێژە دابین بکەین و ئەوانەی کە نەخۆش پێویستیەتی دەتوانین لێرە پێیان بدرێت. بەڵام له‌به‌رامبه‌ردا بەڕێوبەری نەخۆشخانەکە باس له بونى كێشه ده‌كات و ده‌ڵێت: ده‌رمانخانه‌كانمان تەنها بۆ ماوەی مانگێکی دیکە دەتوانن دەرمان بدەنە نەخۆش و رەنگە هیچ دەرمانێکمان بەردەست نەبێت. بەوتەی پزیشکێک، ده‌رمانه ئاساییه‌كانیش به‌رده‌ست نین، ده‌شڵێت: به‌زه‌ییمان به‌خۆمان و نه‌خۆشه‌كان دا دێته‌وه. د. ئاسۆ ئه‌حمه‌د، پزیشكی پسپۆڕی قوڕگ و لوت و گوێ، وتی: ساده‌ترین دەرمان وه‌كو پاراسیتۆڵ یان قەترەیەکی ئاسایی، نامێنێت و ناتوانین بۆ نەخۆشی بنوسین، ناچارین کەمترین دەرمان بنوسین تا وەریبگرن، دۆخێکە تیایدا بەزه‌یمان بە خۆمان و نەخۆشەکانیش دا دێتەوە. وتیشی: هۆکاری دیکەشمان هەیە، کە هه‌ندێكجار خودی نەخۆشەکەیە كه دەرمان بەهەدەر دەده‌ن و پێویستیان بەدەرمان نیە و دێن وەریدەگرن. سێیه‌م: دەرمانخانەی نەخۆشیە درێژخایەنەکان بەرێوبەری نەخۆشخانەکە دەڵێت: له‌و ده‌رمانخانه‌یه‌دا ته‌نها 5% ده‌رمانمان ماوه. د. حارس محه‌مه‌د، وتیشی: ته‌نها له‌م ده‌رمانخانه‌یه، به شێوه‌یه‌كى خولی «دوری» زیاتر له 7 هه‌زار نه‌خۆش كه ده‌فته‌ریان بۆ كراوه ده‌رمان وه‌رده‌گرن، به‌ڵام ده‌رمان به‌ڕاده‌یه‌ك كه‌میكردوه كه لە کۆی 6 جۆری دەرمان رۆژانە ته‌نها 1 جۆریان بەردەستە. ئه‌م دۆخه كاریكردوه‌ته سه‌ر ئه‌و هاوڵاتیانه‌ى كه نه‌خۆشی درێژخایه‌نیان هه‌یه. جەلال عەزیز، بەهۆی کەمدەرامەتییەوە تەنها نەخۆشخانەی گشتی کەلار هه‌بوە کە بتوانێت ده‌رمانى نه‌خۆشیه درێژخایه‌نیه‌كه‌ى كه فشاری خوێنه، به‌ده‌ستبێنێت، بەڵام بەوتەی خۆی چیتر ئەو دەرمانەی كه دەبێت هەمو رۆژێک بیخوات، لە نەخۆشخانە دەستی ناکەوێت. ئەمە هەمان حاڵەتی نەخۆشێکی شەکرەیە، کەئێستا دەرمانەکانی لە دەرمانخانە ئه‌هلییه‌كان دەکڕێت. عه‌دنان ئەسەد، زیاتر لە 15 ساڵە توشی شەکرە بوە، دەڵێت: به‌هۆی نه‌خۆشیه‌كه‌مه‌وه ناتوانم دەرمان وه‌رنه‌گرم، بۆیە ئێستا كه له نه‌خۆشخانه نیه به‌ناچارى له ده‌ره‌وه به نزیکه‌ى 20 هه‌زار دینار دەیکڕم، بۆ ئێمە لەنەخۆشخانە زۆر باشبو، بەڵام نەماوە. ئامانج خەلیل، بەرپرسی دەرمانخانەی راوێژکاری و درێژخایەن لە نەخۆشخانەی گشتی کەلار، وتى: كێشه‌كه له دەرمانخانەی داوێژکاری کەمترە و تائێستاش دەتوانین دەرمان دابین بکەین، بەڵام دەرمانخانەی درێژخایەن بەڕاستی توشی گرفت بوینەتەوە و ناتوانین هەمو جۆرێک دابین بکەین و چارەخواز ناچارە خۆی بیکڕێت. ب. نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە که‌لار بەرێوبەری نەخۆشخانەکە لە بارەی کەمی دەرمان دەڵێت: ئه‌گەر بە وریاییەوە مامەڵەمان نەکردایە، چەندین نەخۆش گیانی سپاردبو، بەرپرسی دەرمانخانەى نه‌خۆشخانه‌كه‌ش دەڵێت: نه‌خۆشه‌كانى ئێمه هی روداوى كتوپڕن و پێویستمان به ده‌رمانه. یوسف محەمەد، 35 ساڵ، باس لەوەدەکات سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شه‌هید هەژارى کردوه، لە کۆی چەندین دەرمان کە دەبو وەریبگرێت تەنها 1 جۆری وه‌رگرتوه و ئه‌وانى دیكه‌ى له ده‌ره‌وه كڕیوه. هێمن کەریم، بەرپرسی بەشی دەرمانخانه‌ى نەخۆشخانەی فریاكه‌وتنى شەهید هەژار لەکەلار، دەڵێت: بەهۆی ئەو رێژە زۆرەی سەردانمان دەکات کە بەپێی ئامارەکان لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا نزیكه‌ى 12 هه‌زار كه‌س بوه، فشارێكى زۆرمان له‌سه‌ره، جاری وا هه‌یە لەکۆی هەمو دەرمانەکان کە بەردەستن، 5 جۆرمان بەتەواوی لەدەرمانخانە دا نیە. وتیشی: حاڵەتەکانی ئێمە کتوپڕن و زۆربه‌یان روداون به‌تایبه‌ت روداوی هاتوچۆ، ده‌بێت دەرمانمان هەبێت، به‌ڵام نیمانه. بەوتەی خۆی تەنها بۆ ئەو دەرمانخانەیە مانگانە پێویستیان به 20 ملیۆن دینار هەیە. لە روی دەرمانەکانی دیکەوە بەتایبەت نەخۆشانی دڵ و جەڵتە، دەڵێت: باشترین، بەڵام بە جۆرێک کەدەرمان بە دانە دانە دەدرێتە نەخۆش. «حاڵەتەکان بەجۆرێکە ئەگەر بەوریایەوە مامەڵەمان نەکردایە بەڕاستی چەندین نەخۆشمان ئێستا گیانی لەدەست دەدا، تەنها مانگێکی دیکە دەتوانین بەم شێوە بەردەوام بین». د. کاوە محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌كه، به‌مشێوه‌یه دۆخی خۆیان ده‌گێڕێته‌وه. نه‌بونى ته‌نها له بوارى ده‌رمان دا نیه، به‌ڵكو له به‌شه‌كانى تریشدا ره‌نگى داوه‌ته‌وه، له نمونه‌ى تاقیگه. نەخۆشێک دەڵێت من حاڵەتەکەم فریاکەوتنە، کەچی خۆم رۆشتم کەرەستەم بۆ خۆم هێناوه، بەڕێوبەری نەخۆشخانەکەش دەڵێت: چەندین جۆری پشکنینمان نەماوە. جوان مەولود، یەکێکە لەو نەخۆشانەی پشکنینی بۆ نوسراوە، بەڵام هیچ تیبوبێک نەبوە کە پشکنینەکەی بۆ ئەنجامبدرێت، دەڵێت: خۆم رۆشتم لەیەکێک لەبەشەکانی دیکە چەند تیوبێکم هێنا. به‌رپرسی به‌شى تاقیگه‌ى نه‌خۆشخانه‌كه، لێزان محه‌مەد، باس له‌وه‌ده‌كات کاریگەری قەیرانی دارایی رەنگی داوەتەوە له‌سه‌ریان و بوەتە هۆی کەمی کەرەستەکانیان . دەڵێت: گرفتێکی دیکەمان ئەنجامدانی پشکنینە بۆ ئەو نەخۆشانەی حاڵەتەکانیان گەرم نین، بەڵام دێنە لای ئێمە، ئەمەش هۆکارە بۆ کەمبونەوەی کەرەستەکان. هاوکات بەڕێوبەری نەخۆشخانەکە نایشارێتەوە چەندین جۆری پشکنین ناتوانرێت لە ئێستادا له نه‌خۆشخانه‌كه‌یان بكرێت، لەوانە: پشکنینی ڤایرۆسی، پشکنینی کالسیۆم و پۆتاسیۆم و هه‌ندێك پشكنینی گورچیلە، نه‌خۆش ده‌بێت به ناچارى له ده‌ره‌وه ئه‌نجامى بدات. ئه‌م كێشه‌یه له به‌شى دیكه‌شدا ره‌نگی داوه‌ته‌وه، بۆنمونه: تیشك. د. كاوه محه‌مه‌د، وتى: سێ مانگە کەرەستمان نەماوە بۆ ئەنجامدانی ئەشیعە، ئەوەشی بەردەست دەکرێت بەشی ماوەیەکی کاتی دەکات. وتیشی: بەگشتی کاریگەری نەبونی کەرەستە و دەرمان خەریکە دەردەکەوێت، ئەوەشی بەردەستە بۆ ماوەیەکی کاتیە و تەواو دەبێت. ت. نەخۆشخانەی شه‌هید شێرەی نەقیب بۆ ژنان و مناڵبون به‌ڕێوبه‌رى کۆگای دەرمانى ته‌ندروستى گه‌رمیان دەڵێت: تائاستێک ئەم نەخۆشخانەیە لە وانی دیکە باشترە، بەڕێوبەری نەخۆشخانەکەش دەڵێت: دۆخه‌كه هه‌تا ماوه‌یه‌كى كه‌م وا به‌رده‌وام ده‌بێت. د. محه‌مه‌د ئازاد، به‌ڕێوبه‌رى کۆگای ده‌رمان و پێداویستیە پزیشکیەکان لە تەندروستی گەرمیان وتى: نەخۆشخانەی شه‌هید شێره‌ی نەقیب بە بەراورد به نەخۆشخانەکانی دیکەی سنورەکە، دۆخی باشترە. د. بەناز جەلیل، بەڕێوبەری نەخۆشخانەی شه‌هید شێرەی نەقیب، باسی لەوە کرد هەوڵی پێویست دراوە بە هەماهەنگی لەگەڵ تەندروستی گەرمیان و دەرمان لە هەردو دەرمانخانەی راوێژکاری و ناوخۆى نه‌خۆشخانه‌كه‌یان دا باشن، تا مانگێکی دیکەیش دەتوانن دەرمان دابین بکەن. به‌ڵام هه‌ندێك جۆری ده‌رمانى تایبه‌ت هه‌ن، له نه‌خۆشخانه‌كه‌دا نه‌ماون. سەعید بورهان، بەرپرسی کۆگای دەرمانى نەخۆشخانەی شه‌هید شێرەی نەقیب، دەڵێت: کێشەکە لەدەرمانخانەی راوێژکارییە کەبه‌شێکی دەرمانەکان کەم بونه‌تەوە یان نەماون، لەوانە: دەرمانی هۆرمۆنات. به‌هۆی نه‌بونى ده‌رمانی پێویسته‌وه، نه‌خۆشه‌كان ناچار ده‌بن بچنه ده‌رمانخانه ئه‌هلیه‌كان. زەهرا محه‌مه‌د، 18 ساڵ، باسی له‌وه‌كرد دواى سه‌ردانى نه‌خۆشخانه‌كه، به‌شێك له‌و ده‌رمانانه‌ى كه بۆی نوسراوه له ده‌رمانخانه‌ى نه‌خۆشخانه‌كه‌دا نه‌بوه و له ده‌ره‌وه كڕیویه‌تى. له‌وباره‌یه‌وه، د. شلێر مەجید، پزیشكی پسپۆڕی ژنان و مناڵبون له نه‌خۆشخانه‌ى شه‌هید شێره‌ى نه‌قیب، وتى: ئەو دەرمانانەی لێره هه‌بێت بۆیان ده‌نوسین و پێیان ده‌درێت، ئه‌گەر جۆرە ئەسڵەکە نەبێت جێگرەوەیان هەیە و دەتوانین دابینی بکەین، بەڵام هەندێک جۆری دەرمان جێگرەوەی نیە، لەوانە: خەستی خوێن، دەرمانی چالاککردنی هێلکەدان و هیتر، ناچاردەبین بۆیان بنوسین و لەدەرەوە وەریبگرن. لەبارەی ئەوەی پزیشک چۆن ئاگادارن لەو دەرمانانەی رۆژانە بەردەستن یان نامێنن، د. شلێر باسی لەوە کردوە: رۆژانە بە لیستێک کە لەدەرمانخانەى نه‌خۆشخانه‌كه‌مانه‌وه بۆمان دەینێرن، ئاگاداردەکرێینەوە. ئه‌گه‌رچی دۆخی ده‌رمانخانه‌ى ناوخۆیی نه‌خۆشخانه‌كه باشتره، به‌ڵام به‌وته‌ى به‌رپرسه‌كه‌ى: وابڕوات توشی گرفت دەبنەوە. عه‌لی قادر، وتى: رۆژانە 2 -7 کەیسی نەشتەر گەریمان هەیە، لەگەڵ 10 -12 کەیسی مناڵبون و ئه‌مانه‌ش چاره‌سه‌ر و ده‌رمانیان پێویسته. وتیشی: دەرمانی خوێنبه‌ربون کە زۆر پێویستە بەتەواوی کەمبوه‌تەوە و بەشی چه‌ند رۆژێكمان ده‌كات، وه‌زعه‌كه‌ش بەم جۆرە بەردەوام بێت توشی کێشە دەبین. د. بەناز جەلیل، بەڕێوبەری نەخۆشخانەکە، دەڵێت: ئەم دەرمانخانەیە گرنگترە کە دەرمانی پێویستی تێدا بێت، چونکە بۆ حاڵەتە لەناکاوەکانە لەگەڵ حاڵەتەکانی نەشتەرگەری. پ. نەخۆشخانەی گشتى شەهید خالد گەرمیانی لەکفری به‌وته‌ى به‌رپرسانى نه‌خۆشخانه‌كه، له ده‌رمانخانه‌ى راوێژكارى دا كێشه‌یان كه‌متره و زیاتر له ده‌رمانخانه‌ى درێژخایه‌ن دا كێشه‌كه زه‌قه. سامی رەزا، بەرپرسی دەرمانخانەی راوێژکاری لە نەخۆشخانەى گشتى شه‌هید خالد گه‌رمیانى، باس لەوەدەکات گرفتێکی ئەوتۆیان نیە و بەشێکی زۆری دەرمانیان لادەست دەکەوێت بە نەخۆشی بدەن. هاوکات بەرێوبەری نەخۆشخانەکە، سامان سەرتیپ، باسی لەوە کرد: دەرمانخانەی راوێژکاریان باشترە، بەڵام ده‌رمانخانه‌ى نەخۆشیە درێژخایەنەکان کە ماوەیەکی زۆر نیە کراوەتەوە، گرفتی هەیە، بەجۆرێک له 10 جۆری دەرمان تەنها 5 جۆر ماون و بۆ نەخۆشیەکی وەک شەکرە، لە کۆی 4 دەرمان تەنها 2 جۆریان به‌رده‌ست هه‌ن. ئه‌گه‌ر له روى ده‌رمانه‌وه نه‌خۆشخانه‌كه دۆخی له نه‌خۆشخانه‌كانى دیكه‌ى سنوره‌كه باشتر بێت، به‌ڵام له بواری دیكه‌دا خراپه. موەفەق فەریق، بەرپرسی بەشی تیشک لە نەخۆشخانەكه وتى: هیچ فیلمێکمان نەماوە و لە پێش سەری ساڵه‌وه داوا دەکەین بۆمان بنێردرێت، بەڵام نەهاتوە، پێشتر هەرجارێکیش و بۆکسێک دابین کراوە کە 150 -200 فیلمى له‌خۆگرتوه و به‌شى دو مانگی كردوین و پاشان تەواو بوه. ئه‌م دۆخه‌ش به‌شێك له هاوڵاتیانى ناچار كردوه كه به مۆبایله‌كانیان وێنه‌ى تیشكه‌كانیان بگرن و پیشانى پزیشكی بده‌ن. 5. لێکەوتەکانی گرفتی دەرمان لە مەڵبەندە تەندروستیەکان دا بەرپرسی مەڵبەندە تەندروستیەکانی کێشەی دەرمان بە گرفتێکی نوێ نازانن، بەڵام وەکخۆیان دەڵێن: دۆخەکە خراپتر بوە. عه‌دنان ئەحمەد، بەڕێوبەری مه‌ڵبه‌ندى ته‌ندروستى گه‌رمیان، وتى: لانیکەم رۆژانە 150 نەخۆش سەردانی مەڵبەندەکەمان دەکەن، بەهیچ شێوەیەک دەرمانی پێویستمان لەبەردەست نیە، هەروەک چەندین دەرمانی دیکەمان نەماون و گرفتەکەش زیاتر لە دەرمانی درێژخایەن دایه. بەرپرسی هۆبەی دەرمان لە مەڵبەندی تەندروستی گەرمیان لە رزگاری، دەڵێت: دەرمانمان به نیوه كه‌میكردوه، ساڵانی رابردو باشتر بو، ئەمساڵ لەگەڵ ئەوەی کە 3 جار دەرمانمان وەرگرتوە، بەڵام ئەوەمان وەرگرتوە کە هەبوە لە کۆگا نەک بەپێی پێویستی خۆمان، بۆنمونە شروبێک کە پێویستە 600 دانه وەربگرین، كه‌چى 200 دانه‌مان پێدراوه. له‌هه‌ندێك له مه‌ڵبه‌نده‌كان، به ده‌رمانى جێگره‌وه نه‌بونى جۆره‌كانى ده‌رمان پڕ ده‌كه‌نه‌وه. هه‌ڵگورد حه‌مید، به‌ڕێوبه‌رى مه‌ڵبه‌ندى ته‌ندروستى شێروانه، وتى: بۆگرفتی دەرمان کێشەمان کەمترە له چاو مه‌ڵبه‌نده‌كانى تر، به‌ڵام هه‌وڵمانداوه جۆرێک بەجۆرێکی دیکە پڕبکەینەوە. ئه‌گه‌ر له هه‌ندێك مه‌ڵبه‌ند به‌هۆی نه‌بونى ده‌رمانه‌وه جێگره‌وه‌كانیان دابه‌ش بكرێت، ئه‌وا له هه‌ندێك له مه‌ڵبه‌نده‌كان دا جێگره‌وه‌كانیش نه‌ماون. دلۆڤان رەزاق، پزیشکی گشتی لە مەڵبەندی تەندروستی گەرمیان، وتى: هەندێك دەرمان بەوە کەڤەر دەکەین کە جێگرەوەی دەنوسین، بەڵام ده‌رمانى وا هه‌یه جێگره‌وه‌ى سێیه‌میشی نیه. له‌م حاڵه‌ته‌شدا به وته‌ى ئه‌و پزیشكه، ده‌بێت نه‌خۆشه‌كه له ده‌ره‌وه و به ناچارى ده‌رمانه‌كه بكڕێت. هاوشێوە ئەم گرفتە لە مەڵبەندەکانی دیکەی تەندروستیشدا بونی هەیە، یەکێکی دیکە لە کێشەکان نەبونی کوتانی دژە ئەنفلۆنزایە کە بەڕێوبەری مەڵبەندی تەندروستی شێروانە، هەڵگورد حەمید، لەو بارەیەوە دەڵێت: پێشوتر لە مانگەکانی ئاب و ئه‌یلول و تشرینی یه‌كه‌م دا رێژەیەک پێكوته‌ى «ڤاكسین» کوتانی ئەنفلۆنزامان پێدەگەشت، بەڵام ماوەی 2 ساڵە هیچ بڕێکمان پێنەگه‌یشتوە کە ساڵانە 300 -400 كه‌س بۆ وەرگرتنی ئەو پێكوته‌یه سەردانمان دەکەن. سەباح مه‌جید، بەرپرسی ده‌رمانخانه‌ى راوێژکاری مه‌ڵبه‌ندى ته‌ندروستى شه‌هید د. قاسم، وتى: تاوەکو خۆمان دەسەڵاتی کڕینمان هەبو باشتر بوین، ئێستا لە گرفتداین، بەدیلەکانیش بەرەو کەمی دەچن، ته‌نانه‌ت ده‌رمانى ساده‌ى له نمونه‌ى پاراسیتۆڵ کە رۆژانە پێویستن، ئەوانیش نەماون. ئەحمەد غەفار، بەرپرسی بەشی دەرمانخانەی نەخۆشیه درێژخایەنەکان لە مەڵبەندی تەندروستی شەهید د. قاسم له رزگارى، دەڵێت: وەجبەی دەرمانمان هەر نەماوە، بەجۆرێک تەنها 10% دەرمان ماون لامان، ئەویش ئەو دەرمانانەی کە سەرەتایی و شتی ئاسایین. 6. كێشه‌ى نه‌بونى ده‌رمان له بنکە تەندروستیه‌كان دا بەرێوبەری یەکێک لە بنکە تەندروستیەکانی گەرمیان دەڵێت: ئەوە دەرمانەی هەیە بەپێی توانای کۆگا بۆمان دابینکراوە، بەڵام ئێستا شروبی کۆکەشمان نەماوە. عوسمان ئەحمەد، بەرێوبەری بنکەی تەندروستی گوندى حاجی لەر، باسی لەوەکرد: سێ مانگ پێش ئێستا دەرمانمان وەرگرتوە، خۆشمان هەرکات پێویست بێت سەردان ئەکەین و بەپێی توانا دەرمانمان بۆدابین دەکرێت، بە نمونە ئێستا دەرمانی «ئەمۆکسیلی شروبی مناڵ» نەماوە، لەگەڵ ئەوەی بەشێکی دەرمانەکان نەماون، ناشتوانین ده‌رمانێکی زۆر بهێنین، چونکە توانای هەڵگرتنیمان نیە. باسی لەوەشکرد: بۆ گوندەکان هەبونی دەرمانی مار و دوپشک گرنگە کە بەردەست بێت به‌و پێیه‌ى لەنەخۆشخانەکانی ناو شارەوە دورن، بەڵام ئەو دەرمانانەمان نیە، ناچار ده‌رمانى دیكه‌ى دژه هه‌ستیاری به‌كاردێنین كه ئه‌مه‌ش گونجاو نیه. نه‌مانى ده‌رمان له بنكه‌كان به راده‌یه‌كه، كه ده‌رمانه سه‌ره‌تاییه‌كانیش بونیان نه‌ماوه. شێرکۆ ئەحمەد، بەڕێوبەری بنکەی تەندروستی ناحیه‌ى قۆرەتو، دەڵێت: تاکە بنکەین لە ناحیەکەدا و رۆژانە 20 نەخۆش سەردانمان دەکات، لەگەڵیشیدا 4 مانگ جارێک دەرمان وەردەگرین، ئێستا پێویستمان بە نزیکەی 20 بۆ 30 جۆری دەرمان هەیە و نیمانه، بۆیە ئیستا ئەو چارەخوازانەی دێنە لامان دەرمانەکە بەردەست نەبێت ناچار جێگرەوه‌یان بۆ دەنوسین. به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌ندێك له بنكه ته‌ندروستیه‌كان، كێشه‌ى كه‌می ده‌رمانیان نیه، ئه‌ویش به‌هۆی كه‌می سه‌ردانكه‌ره‌وه. هۆشیار محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى بنكه‌ى ته‌ندروستى گه‌رمك، وتى: بەهۆی کەمی سەردانكه‌رانه‌وه، توشی گرفتی کەمی دەرمان نەبوینەتەوە و دەرمانە سەرەتاییەکانمان لابەردەستە. به‌ڵام هه‌ندێك له بنكه‌كانى دیكه نیگه‌رانن له‌وه‌ى جیاكاری له‌نێوان ئه‌وان و ئه‌و بنكانه‌دا ناكرێت كه سه‌ردانیكه‌ریان كه‌مه. هادی حسێن، لێپرسراوى بنكه‌ى ته‌ندروستى گوندی ساڵح ئاغا، وتى: نه‌خۆش و سه‌ردانكه‌رمان زۆره و كارمه‌ند و ده‌رمانمان كه‌مه، وایكردوه فریایان نه‌كه‌وین، چونكه مانگى له‌نێوان 600 -700 نه‌خۆش سه‌ردانمان ده‌كات، كه‌چى وه‌ك هه‌ر بنكه‌یه‌كى تر حسابى ده‌رمانمان بۆ كراوه. وتیشی: ده‌بو مانگى نیسان ده‌رمان وه‌رگرین، به‌ڵام بۆمان نه‌هات، ئێستاش هه‌ر به‌شى هه‌فته‌یه‌ك ده‌رمانمان هه‌یه. ئێستا كه ده‌چینه نێو وه‌رزی هاوینه‌وه، هه‌ندێك جۆری په‌تا و نه‌خۆشی زیاد ده‌كه‌ن به‌تایبه‌تى له‌نێو مناڵان دا، ئه‌مه‌ش واپێویست دەکات ده‌رمانى تایبه‌ت ئاماده بكرێت، به‌ڵام ئه‌مساڵ ئه‌وه‌ش نه‌كراوه. هادی حسێن، وتى: دەرمانی وەرزیمان نیە بەتایبەت سکچون و رشانەوەی مناڵ، ناشزانین کەی دێت. 7. كێشه‌ى نه‌بونى ده‌رمان له سه‌نته‌ره ته‌ندروستیه‌كان دا سه‌نته‌رى گورچیله‌ى ده‌ستكرد، یه‌كێكه له‌و سه‌نته‌رانه‌ى كه پێویستی به‌ده‌رمانه و ده‌رمانه‌كانیشی پاره‌ی زۆریان ده‌وێت، به‌ڵام به‌وته‌ى به‌ڕێوبه‌ره‌كه‌ى، كێشه‌ى نه‌بونى ده‌رمانیان نیه هه‌تا مانگى ئه‌یلول. كاروان محه‌مه‌د مه‌ولود، بەڕێوبەری سەنتەرەکە، وتى: گرفتێکی ئەوتۆمان نیە و تاوەکو مانگی 9ـى ئه‌مساڵ دەرمانمان لەبەردەستە. بەهەمانشێوە بەڕێوبەری کۆگای ده‌رمان و پێداویستیە پزیشکیەکانى ته‌ندروستى گه‌رمیان، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد سه‌نته‌ره‌كه له‌سه‌ر بودجه‌ى ته‌ندروستى گه‌رمیان ده‌رمانى پێویستی كڕیوه. به‌ڵام كێشه‌ى نه‌بونى ده‌رمان یان پێداویستی پزیشكی، له سه‌نته‌ره‌كانى دیكه‌دا به خه‌ستى ره‌نگی داوه‌ته‌وه، به راده‌یه‌ك سه‌نته‌رى تیشك به‌هۆی نه‌بونى فیلمه‌وه، هاوڵاتى به مۆبایل وێنه‌ى تیشكه‌كانیان ده‌گرن و پیشانى پزیشكی ده‌ده‌ن. کاروان محه‌مه‌د ره‌شید، لێپرسراوى كارگێڕی سه‌نته‌رى تیشك له كه‌لار، جه‌ختى له بونى ئه‌و كێشه‌یه كرده‌وه و وتى: ماوەی هەفتەیەکە بۆ هۆبەی سیتی سکان نە عەلاگە هەیە بۆ ئەشیعە و نە دەرمان و فیلم، ئه‌مه‌ش گەورەترین کێشەیە روبەڕومان بوه‌ته‌وه. وتیشی: داواکاریمان کردوە بۆ دابینکردنی کەرەستەکان، بەڵام بە بیانوی قەیرانی نه‌بونى پاره‌وه دابین نەکراوە. سه‌نته‌رى راهێنان و چاره‌سه‌رى ده‌رونى كه‌لار، یه‌كێكه له‌و سه‌نته‌رانه‌ى كه زیاتر له‌وانى تر پێویستی به ده‌رمانه، به‌ڵام ئه‌ویش به‌شی پێویست ده‌رمانى بۆ دابین ناكرێت. فه‌ره‌یدون ئیسماعیل، به‌ڕێوبه‌رى سه‌نته‌ره‌كه، وتى: ئەو نەخۆشانەی سەردانی سەنتەره‌كه‌مان دەکەن دو جۆرن (نیرۆسس و سایکۆسس)، هەردو جۆریش بەجیاوازیەوە پێویستیان بە دەرمانە. ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: بە زۆری توشی گرفتی دەرمان بون، کە بۆ نەخۆشەکانی ئەمان چەندینجار کێشەكە گه‌وره‌تره، بەهۆی تایبتمه‌ندیی حاڵه‌ته‌كانیان. وتیشی: بە زۆری یەک جۆر دەرمان بەردەستە لەکۆی سێ جۆر کە پێویستە نەخۆش وەریبگرێت، بۆیه هەندێكجار جێگرەوەکەی دەنوسین، هه‌ندێكجاریش جێگره‌وه‌ی بۆ نابێت، بۆیە نه‌خۆش یەک رێگای هەیە ئه‌ویش ئه‌وه‌یه لە دەرەوە دەرمان بکڕێت، كه ئه‌مه‌ش بارگرانیەكى زۆره، چونكه به گشتى نرخی دەرمانی نه‌خۆشیه دەرونیه‌كان گرانە. كێشه‌ى ده‌رمان له سه‌نته‌رى ددانیش دا هه‌یه. د. ئه‌ركان مه‌حمود، به‌ڕێوبه‌رى سه‌نته‌ره‌كه، وتى: به‌گشتى قەیرانی دەرمان هەیە، کاتێک وەک پزیشکێک نەخۆش دەبینم زیاتر دەرەکەوێت کە نەخۆشەکە دێتەوە و پێمان ئەڵێت ئەو دەرمانە نیە، بەهۆی ئەوەی ئەزانم دۆخیان خراپە ناچار دەرمانی جێگرەوەیان بۆ دەنوسین. وتیشی: جۆری دەرمانی بەکارهێنراو بۆ نەخۆشەکانمان زیاتر دژه هه‌وكردن و ئازارشکێنەکانن کە کەمبونەتەوە یان هەندێك جۆریان هه‌ر نەماون. 8. كێشه‌كه له‌دابینكردنى ده‌رمانى نه‌خۆشانى درێژخایه‌ن زه‌ق تره زیاتر له‌هه‌ر به‌شێك، ده‌رمانخانه‌ى نه‌خۆشیه درێژخایه‌نه‌كان كاریگه‌ر بون به‌م كێشه‌ى نه‌بونى ده‌رمانه‌وه. بەوتەی بەرپرسی به‌شى دەرمانە درێژخایەنەکان لە کۆگای ده‌رمانى ته‌ندروستى گه‌رمیان، ئێستا 160 جۆری دەرمانی درێژخایەن بەگشتی نەماون. ئەحمەد عەبدوڵڵا، باسی له كه‌می ئه‌و پاره‌یه كرد كه بۆ ئه‌م به‌شه دانراوه و وتى: «ئەو بڕە پارەیەی بۆ گەرمیان دابین کراوە کە 205 ملیۆن دینارە، 12 هێندەی ئەو بودجه‌یه بەتەنها بەشی دەرمانی درێژخایەن ناکات». لێپرسراوى ده‌رمانخانه‌ى راوێژكارى و درێژخایه‌ن له نه‌خۆشخانه‌ى گشتى كه‌لار، پێشبینی خراپتربونى دۆخه‌كه ده‌كات و دەڵێت: ئه‌گەر کێشەکە بەمجۆرە بێت و هیچمان بۆ دابین نەکرێت، توشی کێشەی زیاتر دەبینەوە و دەسەڵاتیشمان نیە. 9. كێشه‌ى كوالێتى ده‌رمانه‌كان یه‌كێكى دیكه له‌و تێبینیانه‌ى كه هاوڵاتیان هه‌یانه له‌باره‌ى ده‌رمانى ناو نه‌خۆشخانه‌كان و واده‌كات دڵ‌سارد بن له وه‌رگرتنى، وه‌كخۆیان ده‌یڵێن: خراپی كوالێتیانه. ئەحمەد ئیبراهیم، 20 ساڵ، وتى: خراپی کوالێتی دەرمان وایلێکردم سەردانی نەخۆشخانە نەکەمەوە، چونكه ده‌رمانێكیان پێدام، بەڵام سودی نەبو. پزیشکی پسپۆڕی گورچیله و میزه‌ڕۆ له بەشی راوێژکاری لە نەخۆشخانەی گشتی کەلار، د. فەرهاد حه‌سه‌ن، جه‌خت ده‌كاته‌وه: پێویستە ئەو دەرمانانەی دەدرێتە نەخۆش کوالێتی باش بن. وتیشی: بەشێکی زۆری دەرمانەکان سەرەتایین، ناچارین بۆ زیاتر لە 10 نەخۆش یەک جۆر دەرمان بنوسین، ته‌نانه‌ت زۆر توشی سەرسوڕمان بوم کەجارێک جۆرە دەرمانێکم بینی کوالێتی باش بو و درابو به نەخۆش، بەڵام دواتر بینینم کە تەنها نزیكه‌ى مانگ و نیوێكى ماوه بۆ بەسەرچونی. له‌به‌رامبه‌ردا بەڕێوبەری گشتى تەندروستی گەرمیان، باس له‌وه‌ده‌كات له روى كوالێتیه‌وه ده‌رمانه‌كانیان بێگرفتن. د. سیروان محه‌مه‌د، وتى: کوالێتی ده‌رمانەکانمان بێ گرفتن، ئەوەی وتراوە ریکلامی ئەو پزیشکانەیە کە عەقدی نایاساییان له‌گەڵ کۆمپانیاکانی دەرمان دا هەیە بۆ ساغبونەوەی دەرمانی خۆیان. ئیبراهیم بەرزنجی، نوێنه‌رى نه‌خۆشانى گورچیله له گه‌رمیان، كه ده‌رمانی نه‌خۆشیه‌كه‌یان پێده‌درێت، باسی لەوە کرد: ئەو دەرمانەی وەک نەخۆشانی چاندنی گورچیلە پێیان دەدرێت کوالێتی باش نیە. وتى: کاتێک ئەوەمان بۆدەرکەوت کە سەردانی پزیشکمان کرد لە سلێمانی و بەنەخۆشەکانی دیکەش هەمان شت وتراوە و ئاگادار کراونەتەوە لە كوالێتى ئه‌و دەرمانەى پێمان دراوه. د.محه‌مه‌د ئازاد، به‌ڕێوبه‌رى كۆگاى ده‌رمانى ته‌ندروستى گه‌رمیان، دانى به‌وه‌دا نا ئه‌و جۆره ده‌رمانه‌ى بۆ نه‌خۆشانى چاندنى گورچیله دراوه، كوالێتیه‌كه‌ى زۆر باش نه‌بوه. وتى: بەهەمانشێوە ئێمەش لەلایەن پزیشکەوە ئاگادار کراوینەتەوە لەو بابەتە، چونكه هەمان کاریگەری جۆرە بڕاندەکەی نیە کە سویسریە، به‌ڵام ئەو دەرمانە خودی سەنتەرەکە لەسەر بودجەی تەندروستی گەرمیان کڕیویانە و کوالێتیەکەشی جۆرە هیندیەکەیە. به‌ڵام به‌ڕێوبه‌رى سه‌نته‌رى گورچیله‌ى ده‌ستكرد له گه‌رمیان، كاروان محه‌مه‌د مه‌ولود، لەگەڵ ئەوەدا ئاماژە بەوە دەکات کە رێکارە پزیشکیەکانی ده‌رمانه‌كه بێکێشەیە و رێگەپێدانی کوالێتی کۆنترۆڵی هەیە، ماوەی بەسەرچونیشی 2 ساڵه. دەشڵێت: هیچ کات نوسراوێک یان ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌كمان لەسەر ئەو بابەتە پێنەگەشتوە. 10. چالاكوانێك: كه‌رتى ته‌ندروستى به‌ر هێرش كه‌وتوه چالاكوانێكى قه‌زاى كفری باس له‌وه‌ده‌كات كه‌رتى ته‌ندروستى حكومى به‌ر هێرش كه‌وتوه و له‌به‌رامبه‌ر كه‌رتى تایبه‌ت دا پاشه‌كشه‌ى پێكراوه. محه‌مه‌د شەریف، باس لەوەدەکات: کەرتی تەندروستی بەر هێرش کەوتوە، ئەم کەرتە بۆ خزمەتگوزاریە، ئەگەر توانای ئەو خزمەتەی نەمێنێت کەواتە چی پێشکەش بەهاوڵاتی ده‌کرێت؟ وتیشی: دەبینین نەخۆشخانە ناحکومیەکان پەرەیان پێدەدرێت له‌سه‌ر حسابی نه‌خۆشخانه حكومیه‌كان، ده‌شزانین کە ئه‌م نه‌خۆشخانانه هی كێن؟! هی ئەو کەسانەن پێیەکیان لە حزبە و لە حکومەتیشدان. چالاكوانێكى دیكه باس له‌وه‌ده‌كات هاوڵاتى باجی ئه‌م دۆخه ده‌دات. کامەران هەمەوەندی، نمونه‌ى حاڵه‌تى نه‌خۆشی باوكی هێنایه‌وه و وتى: باوکم توشی نەخۆشی چاو بوە، جۆرە دەرمانێکی بۆ دەنوسرێت هەرگیز نەمتوانیوە لە نەخۆشخانەکان وەریبگرم، ناچارم 700 دۆلار بدەم لە شوێنێکی دیکەوە بۆم دابین بکرێت. وتیشی: بەڕاستی هاوڵاتی باجی بێ متمانەیی حکومەت دەدات. به‌شى دوه‌م: ده‌ره‌نجام و راسپارده‌كان یه‌كه‌م: ده‌ره‌نجام 1. حكومه‌تى هه‌رێم 6 ملیار دینارى ته‌رخانكردوه بۆ كڕینی ده‌رمان و پێداویستی پزیشكی، له‌و رێژه‌یه مانگانه 205 ملیۆن دینارى بۆ كڕینی ده‌رمان و پێداویستی پزیشكی و تاقیگه‌یی له سنورى ده‌سه‌ڵاتى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان ته‌رخانكردوه، ئه‌م 205 ملیۆنه به‌شى زۆری بۆ كڕینی ده‌رمان ته‌رخانكراوه. به‌ڵام به‌وته‌ى خودی بریكاری وه‌زیری ته‌ندروستى و به‌ڕێوبه‌رى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان، ئه‌م بڕه پاره‌یه كه‌مه و بگره ناعه‌داله‌تیشی تێدا كراوه و ئه‌و پاره‌یه‌ى بۆ شوێنانى دیكه ته‌رخان ده‌كرێت، زیاتره وه‌ك له گه‌رمیان. 2. له پاڵ ئه‌و پاره‌یه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم، گوژمه‌یه‌ك ده‌رمان له وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى عێراقه‌وه بۆ پارێزگاى سلێمانى ده‌نێردرێت كه له‌و بڕه 13%ـى بۆ ته‌ندروستى گه‌رمیان ده‌نێردرێت، ئه‌مه‌ش چی بڕه‌كه‌ى و چی جۆری ده‌رمانه‌كانیش، له‌لایه‌ن به‌رپرسانى ته‌ندروستى گه‌رمیانه‌وه تێبینی زۆری له‌سه‌ره، به‌شێوه‌یه‌ك باس له‌وه‌ده‌كه‌ن كه نه‌گونجاوه و زۆربه‌یشی موغه‌زیه و ده‌رمانى كاریگه‌ر نین. 3. ده‌زگا ته‌ندروستیه‌كانى سنورى گه‌رمیان روبه‌ڕوى كێشه‌یه‌كى گه‌وره‌ى نه‌بونى ده‌رمان بونه‌ته‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك كه وه‌ك به‌ڕێوبه‌رى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان ئاماژه‌ى پێده‌كات، له گه‌رمه‌ى شه‌ڕى داعش و سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانى دارایی‌ش، دۆخه‌كه به‌مشێوه‌یه نه‌بوه. هۆكارى ئه‌مه‌ش نه‌كڕینی هیچ بڕێكى ده‌رمانه له‌لایه‌ن ته‌ندروستى گه‌رمیانه‌وه، به‌كاریگه‌ری خه‌رجنه‌كردنى هیچ بڕه پاره‌یه‌ك له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه بۆ ئه‌م بواره كه له مانگى تشرینی دوه‌مى ساڵی پاره‌وه تا سه‌ره‌تاى مانگى ئایاری 2022 به‌هۆی نه‌بونى فه‌رمانى خه‌رج كردن و هه‌روه‌ها نه‌بونى پاره‌ى نه‌ختینه و جێبەجێ نەبونی ته‌ندره‌ى كڕینی ده‌رمانه‌وه بەو هۆکارانە. 4. ئه‌م دۆخه كاریگه‌ریی راسته‌وخۆی كردوه‌ته سه‌ر هاوڵاتیان، به‌شێوه‌یه‌ك كه زۆرینه‌ى ده‌رمانه پزیشكیه‌كان كه له ناوه‌نده ته‌ندروستیه‌كان بۆیان ده‌نوسرێت، ناتوانن وه‌ریبگرن و به‌ناچارى له ده‌ره‌وه و له ده‌رمانخانه ئه‌هلییه‌كان ده‌یكڕن. ئه‌م ره‌وشه به‌تایبه‌تى كاریگه‌ریی زۆر زیاترى له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه دروستكردوه كه به‌ده‌ست نه‌خۆشی درێژخایه‌نه‌وه ده‌ناڵێنن و زۆرینه‌شیان كه‌سانى به‌ته‌مه‌نن و بۆ به‌رده‌وامیدان به ژیان پێویستیان به‌و ده‌رمانانه هه‌یه و له‌به‌رامبه‌ریشدا داهاتیان سنورداره بۆ ئه‌وه‌ى له بازاڕ دا بیكڕن. 5. كه‌مبونه‌وه‌ى ده‌رمان له ناوه‌نده پزیشكیه‌كان، به‌تایبه‌تى له نه‌خۆشخانه و مه‌ڵبه‌نده ته‌ندروستیه‌كان ئه‌وانه‌ى سه‌ردانیكه‌ریان زۆره، زیاتر ره‌نگى داوه‌ته‌وه، له‌نێویشی دا نه‌خۆشخانه‌ى گشتى كه‌لار به‌هۆی ئه‌وه‌ى گه‌وره‌ترین ناوه‌ندى ته‌ندروستى سنوره‌كه‌یه، زیاتر له هه‌ر كام له نه‌خۆشخانه‌كان روبه‌ڕوى كێشه بوه‌ته‌وه، به‌دواى ئه‌ودا نه‌خۆشخانه‌ى فریاكه‌وتنى شه‌هید هه‌ژار و دواتر نه‌خۆشخانه‌ى شه‌هید شێره‌ى نه‌قیب بۆ ژنان و مناڵبون و پاشان نه‌خۆشخانه‌ى گشتى شه‌هید خالد گه‌رمیانى له كفری. کێشەکە لە مەڵبەندەکانیش دا زۆر زەقە بەتایبەت ئەوانەی سەردانیکەرانیان زۆرەم لە سەنتەرەکانیش دا بەهەمان شێوە. له‌به‌رامبه‌ردا هه‌ندێك له بنكه ته‌ندروستیه‌كان كه سه‌ردانیكه‌ریان كه‌مه، كێشه‌یه‌كی ئه‌وتۆیان نییه. 6. ئه‌م دۆخه وایكردوه جۆری ده‌رمانه به‌رده‌سته‌كان زۆر سنوردار بن و ته‌نها ئه‌و ده‌رمانانه هه‌بن كه به‌ربڵاون، به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌ندێك ده‌رمانى نه‌وعی هه‌ن بونیان نه‌مێنێت. هه‌روه‌ك كوالێتى و جۆری ئه‌و ده‌رمانانه‌یشی ده‌كڕدرێن، تێبیینیان له‌سه‌ره، چ له‌لایه‌ن هاوڵاتیان و ته‌نانه‌ت پزیشكانیشه‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك وایكردوه متمانه‌یان به‌و چاره‌سه‌ر و ده‌رمانانه لاواز بێت و وه‌رینه‌گرن. 7. جگه له ده‌رمان، دۆخی پێداویستییه پزیشكی و تاقیگه‌ییه‌كانیش خراپن، به راده‌یه‌ك له هه‌ندێك له‌ناوه‌نده پزیشكیه‌كان ته‌نانه‌ت فلیم به‌رده‌ست نیه بۆ چاپكردنى تیشك، یان تیوب و پێداویستی پشكنینی تاقیگه‌یی بونى نیه. دوەم: راسپاردەکان 1. به گوێره‌ى به‌دواداچونه‌كانمان، ئه‌م كێشه‌یه هه‌مو ساڵێك دوباره ده‌بێته‌وه، به‌وه‌ى چه‌ند مانگێك له ساڵی نوێ تێده‌په‌ڕێت و ئینجا ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ره‌زامه‌ندى و ده‌سه‌ڵاتى خه‌رجكردنى پاره‌ى كڕینی ده‌رمان و پێداویستی پزیشكی ده‌دات به وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى و له‌وێشه‌وه بۆ به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه گشتیه‌كان، به‌ڵام ئه‌مساڵ جیاواز له ساڵانى تر دواكه‌وتوه. ئه‌مه‌ش رۆتینێكه كه ده‌گاته ئاستى شه‌رمه‌زاریی، چونكه ناكرێت سێكته‌رێكى وه‌كو ته‌ندروستى كه په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به ژیانى خه‌ڵكیه‌وه هه‌یه، به‌مشێوه خه‌مساردانه مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا بكرێت، به‌ڵكو پێویسته خه‌می بخورێت و ته‌نانه‌ت پێش كۆتایی هاتنى ساڵ یان به ماوه‌یه‌كى كه‌م له پاش هاتنى ساڵی نوێ، ده‌سه‌ڵاته‌كان شۆڕ بکرێتەوه. 2. ئه‌م كێشه‌یه یه‌كێكى تره له ده‌رهاویشته‌كانى بونى ئه‌و سیسته‌مه مه‌ركه‌زییه توند و بێگیانه‌ی كه له هه‌رێمى كوردستان دا بونى هه‌یه، به‌شێوه‌یه‌ك كۆی كایه‌كان له بچوكترین ناوچه‌وه بۆ گه‌وره‌ترین ناوچه، گرێدراوه به ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه و ده‌سه‌ڵاته‌كان ته‌نها له‌ده‌ستى ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌دا كۆكراوه‌ته‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نه‌كه بتوانێت وه‌ڵامى خێرای داوخواستى هاوڵاتیان بداته‌وه و رۆتین و به‌هه‌ده‌ردان و ته‌نانه‌ت گه‌نده‌ڵیش كه‌م بكاته‌وه. بۆیه پێویسته كار بكرێت بۆ كۆتاییهێنان به‌م سیسته‌مه و به‌رقه‌راركردنى سیسته‌مێكى لامه‌ركه‌زیی، به‌شێوه‌یه‌ك كه مافی هه‌مو ناوچه‌كان وه‌كو یه‌كتر بدات و ده‌سه‌ڵاتیش له هه‌مو ئاسته‌كاندا بۆ ناوچه‌كان و هاوڵاتیه‌كانى شۆڕ بكاته‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك له‌سه‌ر بنه‌ماى ئامار و روپێوی ورد و دروست، ده‌سه‌ڵاتى دارایی بۆ كڕینی ده‌رمان و پێداویستی پزیشكی بدرێت به خودی ناوه‌نده ته‌ندروستیه‌كان. 3. ئه‌و گوژمه پاره‌یه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم ته‌رخانى كردوه بۆ ته‌ندروستى گه‌رمیان، به‌وته‌ى به‌رپرسانى ته‌ندروستى گه‌رمیان كه‌مه و ناعه‌داله‌تیه‌كى به‌رچاوه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به باشی دابه‌ش بكرێت، به‌ته‌نها به‌شى ده‌رمانى نه‌خۆشیه درێژخایه‌نه‌كان ناكات. بۆیه پێویسته حكومه‌تى هه‌رێم پێداچونه‌وه به‌م دابه‌شكردنه‌ى گوژمه و پاره‌كان دا بكات، هه‌روه‌ك رونیشی بكاته‌وه به‌شێوه‌یه‌كى شه‌فاف كه ئه‌م گوژمانه له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك و چۆن دابه‌ش كراون، ئه‌مه‌ش له‌پێناو چه‌سپاندنى پرنسیپی عه‌داله‌ت دا. 4. ده‌بێت وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى عێراق و فه‌رمانگه‌ى ته‌ندروستى سلێمانى، ئه‌و تێبینی و ره‌خنانه به‌هه‌ند وه‌ربگرن كه روبه‌ڕویان ده‌بێته‌وه له به‌ركه‌وته‌ى گه‌رمیان له‌و ده‌رمان و پێداویستیه پزیشكیانه‌ى كه له‌سه‌ر بودجه‌ى حكومه‌تى فیدراڵ ده‌نێردرێت، ئه‌مه‌ش چ له روى بڕی گوژمه‌كه و چ له روى چۆنیه‌تى و جۆر و كوالێتی ئه‌و ده‌رمان و پێداویستیانه‌ى كه ده‌نێردرێن، به‌شێوه‌یه‌ك ره‌چاوى عه‌داله‌تى تێدا بكرێت. 5. له‌نێو ته‌ندروستى گه‌رمیاندا بنه‌ماكانى دابه‌شكردنى ده‌رمان و پێداویستیه‌كان رون و ورد و دیراسه‌كراو نین، هه‌ستمان به‌وه‌نه‌كرد ته‌ندروستى گه‌رمیان هیچ هه‌ڵسه‌نگاندن و پێوانه‌یه‌كى ناوخۆیی وردی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ئاماده كردبێت و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه ده‌رمان دابه‌ش بكات، ئه‌مه‌ش واده‌كات زۆرجار ده‌رمانه‌كان روبه‌ڕوى خراپبون یان دابه‌شنه‌كردنى به‌شێوه‌ى دروست و نه‌گه‌یشتنى به‌ده‌ستى كه‌سانى شایسته ببێته‌وه. بۆیه هانى ته‌ندروستى گه‌رمیان ده‌ده‌ین، كه سه‌ره‌تا روپێوییه‌كى ورد بكات و دواتر پێوانه‌یه‌كى رون ده‌ستنیان بكات و له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و پێوانه‌یه ده‌رمان و پێداویستیه‌كان دابه‌ش بكات، به‌مه‌ش خۆی دورده‌گرێت له خراپ ئیداره‌دان و به‌هه‌ده‌ردان. 6. به‌وپێیه‌ى ئه‌م كێشانه قابیلی دوباره‌بونه‌وه‌ن، بۆیه هانى ته‌ندروستى گه‌رمیان ده‌ده‌ین كه پێشتر ئاماده‌كاری پێویست بكه‌ن، چ له خه‌زنكردنى ده‌رمانى پێویست، چ له دابه‌شكردنى كورتهێنانى ده‌رمانه‌كان به‌سه‌ر مانگه‌كان، نه‌ك ئه‌وه‌ى كورتهێنانه‌كان هه‌مویان له یه‌ك یان دو مانگدا كورت ببنه‌وه، كه ئه‌مه‌ش زۆر به ناوه‌نده ته‌ندروستیه‌كان و هاوڵاتیانیشه‌وه دیار ده‌بێت. 7. پێشنیاز ده‌كه‌ین ته‌ندروستى گه‌رمیان بایه‌خى زیاتر به‌و توێژانه بدات كه زیاتر له هه‌ر توێژێكى تر پێویستیان به ده‌رمانه، به‌تایبه‌تیش له‌مه‌یاندا مه‌به‌ستمان لەوە کەسانەیە کە نه‌خۆشی درێژخایه‌نیان هەیە، كه‌به‌شى زۆری ئه‌مانه به‌ساڵاچون و ره‌نگه داهاتى ئه‌وتۆیان نه‌بێت بۆ كڕینى ده‌رمان له بازاڕ و بێبه‌شكردنیشیان له وه‌رگرتنى ده‌رمان، زیاتر له هه‌ر توێژێكی تر، به‌مانه‌وه دیار بێت. 8. هانى ته‌ندروستى گه‌رمیان ده‌ده‌ین كه به‌دواداچون بۆ ئه‌و تێبینی و ده‌نگۆیانه بكات كه په‌یوه‌ندیان به كوالێتی ده‌رمانه‌وه هه‌یه، نه‌ك ئه‌وه‌ى راسته‌وخۆ و به‌بێ به‌دواداچون ره‌دیان بكاته‌وه. چونكه چه‌ندێك گه‌یاندنى ده‌رمان به ده‌ستى نه‌خۆش گرنگه، له‌وه‌ش زیاتر بونى ئه‌و ده‌رمانانه به كوالێتى باش، پێویست و گرنگه.
راپۆرت: درەو پارتی پەیامێكی زارەكی بۆ یەكێتی نارد، بۆ تێپەڕاندنی پرسی هەڵبژاردن زۆرینەی پەرلەمانیی بەكارناهێنێت، رەنگە ئەم پەیامە كۆتایی بە سوڕی متبوونی پەرلەمانی كوردستان بهێنێت، بەڵام دواكەوتنی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا دەرفەت دەكاتەوە لەبەردەم ئەوەی پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە، وردەكاریی زیاتر لەم راپۆرتەدا. لە وەرزی بەهارەدا پەكی كەوتووە نزیكەی (70) رۆژە پەرلەمانی كوردستان كۆبونەوەی نەكردووە، پەرلەمانی كوردستان ئێستا لە وەرزی یاسادانانی (بەهارە)ی خۆیدایە، ئەم وەرزە بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان لەسەرەتای مانگی ئازارەوە دەستپێدەكات‌و لە كۆتایی مانگی حوزەیراندا تەواو دەبێت. بەهۆی ناكۆكی لایەنەكانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردن‌و چارەنوسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی، بەتایبەتیش ناكۆكی نێوان پارتی‌و یەكێتی، دانیشتنەكانی پەرلەمان پەكیكەوتووە. ناكۆكییەكان لەبارەی هەڵبژاردنەوە سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆژی 1ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵی دیاریكردووە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، لەبارەی هەڵبژاردنەوە دوو ناكۆكی سەرەكیی لەنێوان حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستاندا هەیە: ناكۆكی یەكەم: كرۆكی ناكۆكی لەبارەی هەڵبژاردن لەنێوان لایەنەكان پەیوەندی بە شێوازی هەڵبژاردنەوە هەیە، (یەكێتی، كۆمەڵی دادگەریی، یەكگرتووی ئیسلامی، نەوەی نوێ، سێ پەرلەمانتاری گۆڕان‌و چەند پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ) مانگی ئازاری ئەمساڵ پرۆژەیەكیان پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە‌و داوا دەكەن هاوشێوەی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانیی لە عێراق، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەشێوەی "فرە بازنە" بەڕێوەبچێت، واتە هەر پارێزگایەك بازنەیەكی هەڵبژاردن بێت‌و هەرێمی كوردستان بكرێت بە چوار بازنە، ئەم بەرەیە پێیوایە پارتی بە سودوەرگرتن لە شێوازی یەك بازنەیی هەڵبژاردن توانیویەتی زۆرینەی پەرلەمانیی مسۆگەر بكات‌و لەرێگەی گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنەوە دەتوانرێت ئەو زۆرینەیەی لێ وەربگیرێتەوە كە لە خولی پێنجەمدا دروستی كردووە. ئەم بەرەیە لەكۆی (111) كورسی پەرلەمانی كوردستان خاوەنی (53) كورسی پەرلەمانن، زۆرینەی رەها لە پەرلەمانی كوردستان بۆ تێپەڕاندنی بڕیار‌و یاسا هەستیارەكان بە پشتیوانی دەنگیی (56) پەرلەمانتار پێكدێت، واتە ئەم بەرەیە لەڕووی زۆرینەوە توانایان نییە بە زۆرینەی بیرۆكەكەی خۆیان بۆ شێوازی "فرە بازنەیی" هەڵبژاردن تێپەڕێنن. لەبەرامبەر ئەمانەدا بەرەیەكی تر هەیە كە داوا دەكات هاوشێوەی هەڵبژاردنەكانی رابردوو، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەشێوەی "یەك بازنەیی" بەڕێوەبچێت، واتە هەرێمی كوردستان هەمووی یەك بازنەی هەڵبژاردن بێت، پارتی سەرۆكایەتی ئەم بەرەیە دەكات‌و (11 كورسی كۆتاكان، حزبی سۆسیال دیموكرات، حزبی شیوعی، بزوتنەوەی ئیسلامی، حزبی زەحمەتكێشان) پشتیوانی لێ دەكەن، پارتی لەرێگەی شێوازی (یەك بازنەیی)ەوە دەیەوێت لە خولی شەشەمی پەرلەمانیشدا زۆرینەی بەدەستەوە بێت، لایەنەكانی تریش كە ژمارەی دەنگدەرانیان سنوردارە، ترسیان هەیە بەهۆی شێوازی فرەبازنەییەوە دەنگەكانیان دابەش ببێت‌و نەتوانن كاندیدی خۆیان بۆ پەرلەمان سەربخەن. ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردن دەبێت بەر لە شەش مانگ لە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن تەواو ببێت، بەڵام ئێستا لە هەرێمی كوردستان كەمتر لە پێنج مانگ دەرفەت لەبەردەم كۆمسیۆندایە بۆ سازدانی هەڵبژاردن‌و هێشتا لایەنەكانی لەبارەی شێوازی هەڵبژاردنەوە ناكۆكن، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتیدا كە بەسەرپەرەشتی مەسعود بارزانی سەرۆكی حزبەكە بەڕێوەچووە، سەرلەنوێ جەخت لەسەر شێوازی (یەك بازنەیی) كراوەتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە یەكێتی هێشتا سورە لەسەر شێوازی فرەبازنەیی. ناكۆكی دووەم: خاڵێكی تری ناكۆكی نێوان لایەنەكان لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانەوە پەیوەندی بە چارەنوسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسییەوە هەیە. كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی كوردستان لە كۆتاییەكانی ساڵی 2014وە دروستكراوە، تەمەنی یاسایی هەر خولێكی ئەم كۆمسیۆنە (5) ساڵە، لە 23ی كانونی یەكەمی 2019وە تەمەنی یاسایی كۆمسیۆن كۆتایی هاتووە، واتە نزیكەی ساڵ‌و نیوێكە لە بۆشایی یاسایدایە، بەڵام پەرلەمانی كوردستان چارەسەری بۆ ئەم كێشە بنەڕەتییە نەدۆزیوەتەوە‌و ئێستا ئەم كێشەیە وەكو بۆمبێك تەقیوەتەوە بە پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمدا. ژمارەی ئەندامانی ئەم كۆمسیۆنە لەسەر بنەمای ژمارەی كورسی لایەنەكان لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا دیاریكراوە، ئەو لایەنانەی كە ژمارەی كورسییەكانیان لە خولی چوارەمدا زۆر بووە‌و پشكی زیاتریان بەركەوتووە، ئێستا ناخوازن دەستكاری كۆمسیۆن بكرێت‌و تەنیا داوا دەكەن پەرلەمان بە بڕیارێك تەمەنی كۆمسیۆنەكە درێژ بكاتەوە‌و كورسییە بەتاڵەكانی ئەنجومەنی كۆمسیۆن لەسەر هەمان هاوكێشە كۆنەكە پڕبكرێتەوە، ئەو لایەنانەشی كە لە خولی پێنجەمدا ژمارەی كورسییەكانیان زیادی كردووە داوا دەكەن دابەشكارییەكە نوێ بكرێتەوە، بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە دوو بیرۆكە لەئارادان، هەندێك داوا دەكەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق پرۆسەكە بەڕێوەببات، هەندێكی تر دەڵێن كارەكە رادەستی دادوەران بكرێت. لەپاڵ ئەم دوو ناكۆكییە سەرەكییەدا، هەندێك ناكۆكی تر لەنێوان لایەنەكاندا هەن، بەتایبەت (11) كورسی كۆتاكان، كە بەرەی یەكێتی‌و لایەنە هاوپەیمانەكانی لە یاسای هەڵبژاردن داوای هەمواركردنی دەكەن‌و پێیانوایە كورسی كۆتاكان لەلایەن پارتییەوە كەڵكی لێوەرگیراوە. كێ بەرپرسە لە پەككەوتنی پەرلەمان ؟ پارتی بەرپرسیارێتی پەككەوتنی دانیشتنەكانی پەرلەمان دەخاتە ئەستۆی (رێواز فایەق)ی سەرۆكی پەرلەمان كە نوێنەرایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكات و بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ تەنیا ئەو مافی بانگهێشتكردنی پەرلەمانتارانی هەیە بۆ دانیشتنەكانی پەرلەمان، یەكێتی ترسی لە زۆرینەی پارتی لەناو پەرلەمان هەیە، گومانی هەیە لەحاڵی بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەماندا، پارتی پاڵپشت بە زۆرینەی (50+1)ی خۆی‌و كۆتاكان‌و لایەنە هاوپەیمانەكانی، هەمواری یاسای هەڵبژاردن‌و شێوازی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی بەوشێوەیە تێپەڕێنێت كە خۆی دەیەوێت، بۆیە یەكێتی لەڕێگەی سەرۆكی پەرلەمانەوە دەرگای لەسەر ئەم ئەگەرە داخستووە. پارتی كە پاڵپشت بە (11) كورسی پێكهاتەكان، خاوەنی زۆرینەی رەهای كورسییەكانی پەرلەمانە، لەڕووی یاساییەوە لەتوانایدایە یاسای هەڵبژاردن بەوشێوەی خۆی دەیەوێت تێپەڕێنێت‌و پەرلەمانی كوردستتان هەڵوەشێنێتەوە‌و یەكێتی‌و لایەنەكانی تر ناچار بكات مل بدەن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا، بەڵام واقعی دابەشبوونی هەرێمی كوردستان بەسەر دوو ناوچەی دەسەڵاتدارێتی (پارتی‌و یەكێتی)دا، رێگرە لەوەی پارتی هەنگاوی لەم جۆرە هەڵگرێت، چونكە یەكێتی بە رێگریكردن لە بەڕێوەچووی هەڵبژاردن لەناوچەی دەسەڵاتدارێتی خۆیدا دەتوانێت پرۆسەكە لەڕووی واقعییەوە پەكبخات. سەرەتای ناكۆكییەكان لەبارەی هەڵبژاردن، پارتی ئاماژەی بەوەدا پەنا بۆ بەكارهێنانی زۆرینەی پەرلەمانیی دەبات، بەڵام هەرزوو لەم هەڕەشەیە پاشگەزبووەوە، وادەردەكەوێت پارتیش هاوشێوەی یەكێتی زۆر سور نەبێت لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا، دەیەوێت لەبەردەم رایگشتی ناوخۆ‌و دەرەوەدا ئەوە نیشان بدات كە یەكێتی‌و لایەنەكانی تر رێگرییان لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە كردووە. ئەمڕۆ وتەبێژی فەرمی پارتی دوای كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی وتی: هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دواین هەنگاوە كە پارتی پەنای بۆ ببات. ئێستا یەكێتی كە هەندێك دڵنیایی وەرگرتووە لەوەی پارتی زۆرینەی پەرلەمانی بۆ تێپەڕاندنی یاسای هەڵبژاردن بەكارناهێنێت، رەنگە دانیشتنەكانی پەرلەمان دەستپێبكاتەوە، بەڵام چارەنوسی هەڵبژاردنی خولی شەشەم بە نادیاری دەمێنێتەوە. پەرلەمان درێژی دەكاتەوە ؟ تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ كۆتایی دێت، واتە خولی ئێستا تەنیا (5) مانگ تەمەنی ماوە، لەدوای ئەم وادەیەوە ئەگەر هەڵبژاردنی خولی شەشەم بەڕێوەنەچێت، دەبێت پەرلەمان بە بڕیارێك تەمەنی یاسایی خۆی درێژبكاتەوە تا ئەو كاتەی لایەنەكان لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەگەنە رێككەوتن. پەرلەمانی كوردستان ساڵی 1992 دامەزراوە، ئەمەش دوای كشانەوەی سوپای عێراق لە ناوچە كوردییەكان، خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان ماوەی 13 ساڵی خایاند، ئەمە بەهۆی شەڕی ناوخۆیی نێوان پارتی‌و یەكێتییەوە، لە كۆتایی ساڵی 1995دا بەهۆی ئەم شەڕەوە پەرلەمانی كوردستان پەكی كەوت‌و داخرا، ساڵی 2015 بەهۆی ناكۆكی نێوان لایەنەكان بەدیاریكراویش پارتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر یاسای درێژكردنەوەی تەمەنی یاسایی سەرۆكی هەرێم (مەسعود بارزانی)، پارتی دەرگای پەرلەمانی داخست‌و پەرلەمان تاوەكو 2017 پەكی كەوت‌و لەو ساڵەدا بۆ تێپەڕاندنی بڕیاری ریفراندۆمی سەربەخۆیی پەرلەمان كارا كرایەوە. ئیمتیازی پەرلەمانتاران پەرلەمانی كوردستان كە بەهۆی ناكۆكی پارتی‌و یەكێتییەوە نزیكەی (70) رۆژە پەكی كەوتووە، بەپێی یاسا ئیمتیازە داراییەكەی بەمشێوەیە: • پەرلەمانتار لە هەرێمی كوردستان تێكڕای موچەكەی بە موچەی بنەڕەتی‌و دەرماڵەوە (8 ملیۆن‌و 84 هەزار) دینارە، واتە هاوتاو تاڕادەیەكیش زیاترە لە موچەی وەزیر. • بەپێی یاسا، پەرلەمانتاری كوردستان سێ كەسی وەكو هاوەڵ لەگەڵدایە، ئەمانە یەكێكیان شۆفێر‌و دوانەكەی تر پاسەوانی تایبەتن، موچەی شۆفێر‌و پاسەوانان ناكەوێتەسەر موچەی پەرلەمانتار، بەڵكو لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە دابین دەكرێت. • سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان موچەكەی لەچوارچێوەی موچەی سێ سەرۆكایەتییەكەدایە، مانگانە بڕی موچەكەی (12 ملیۆن‌و 500 هەزار) دینارە، ئەمە سەرباری ئەو نەسریەی كە لەبەردەستیدایە.
درەو: ڕۆژنامەی "ئەلعالەم ئەجەدید"ی عەرەبی سێیەمین "ڕاپۆرتی ئاماری" خۆی سەبارەت بە بەڵێنەکانی "مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران عێراق" کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بەدەستهاتووە بڵاو دەکاتەوە. دوو ڕاپۆرتی پێشووی ماڵپەڕەکە کە لە لایەن بەشی "میتەر" ەوە ئامادەکراوە، یەکێکیان لە سالی 2020 و بە بۆنەی (100) هەمین ڕۆژی دەستبەکاربوونی حکومەتی کازمی لەلایەن ڕۆژنامەکەوە بڵاوکراوەتەوە و دواتر ڕاپۆرتێکی تری بە بۆنەی یەک ساڵەی دەستبەکاربوونی کابینەکە بڵاوکردەوەو تێیدا ئامارێکی تەواوی دەربارەی ئەو بەڵێنانە خستە ڕوو کە مستەفا کازمی بەڵێنی جێبەجێکردنی دابوو. ئێستاش ڕۆژنامەکە سێیەمین ڕاپۆرتی ئاماری خۆی لە بارەی بەڵێنەکانی دوای دوو ساڵ تێپەڕبوون بەسەر کابینەکەی کازمیدا بڵاوکردووەوەتەوە. بەپێی ئاماری ڕۆژنامەکە کە (44) بەڵێنی کازمی تۆمارکردووە کە پەیوەستن بە (سیاسەت و ئاسایش و ئابووری و تەندروستی و خزمەتگوزارییەکانی تر)، لە دەرەنجامی ڕاپسییەکەیاندا کابینەکەی کازمی تاڕادەیەکی زۆر سەرکەتوو نەبووە لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی، وردەکارییەکەی لەم گرافیکانەی خوارەوەدا ڕوون دەبێتەوە؛ مستەفا كازمی لەماوەی دوو ساڵی كابینەكەیدا چەندێك لە بەڵێنەكانی جێبەجێكردووە؟ 🔹دۆسیەی ئاساییش: 25%ی جێبەجێكردووە 🔹دۆسیەی ئابوری: 7%ی جێبەجێكردووە 🔹دۆسیەی تەندروستی: 25% جێبەجێكردووە 🔹بەڵێنەكانی گشتیەكان: 0%ی جێبەجێبكردووە 🔹دۆسیەی سیاسی: 22%ی جێبەجێكردووە 🔹دۆسیەی خزمەتگوزاری: 25%ی جێبەجێكردووە
مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) ناوەندی سیاسیی لە ھەرێمدا ھەم خۆی ناوەندێکی داوەشاو و دابەشە بەسەر چەندان خێزان و بنەماڵەی سیاسیی ناکۆک و جیاوازدا، لەناو یەک بنەماڵەشدا دابەشە بەسەر چەندان کەسایەتی و بەرەی ناتەبا و ناجۆردا. ھەم وزەیەکی گەورەی بەشبەشکردن و پارچەپارچەکردنی کۆمەڵاگەشە. ئەم کایە سیاسیە ڕێی لە دروستبوونی ھەر ھاوبەشێک گرتوە کە بکرێت ئیجماعێک لە ئیجماعەکانی لەسەر دروستببێت. ئەوەشی ھێزێکی گەورەی بەم ناوەندە سیاسییە بەخشیوە و کردویەتی بە کابوسێکی زەبەلاح، قۆرخکردنی ئابوریی و قۆرخکردنی دەزگاکانی دەوڵەت و قۆرخکردنی حوکمڕانیکردنە، لە ھەرێمدا. ئەم ناوەندە سیاسییە چەندان نوخبەی جیاوازی داوەشاوی بە دەوری خێزان و بنەماڵە حوکمڕانەکاندا دروستکردوە. ماشێنێکی بیرۆکراسیی بەشبەش و مۆنۆپۆڵکراویشی بونیادناوە کە دابەشبوونەکان لە ئاستی دەزگایدا گەشەپێئەدات و ڕۆژانە لەڕێگای کارکردن و بڕیارەکانیەوە قووڵتر و گەورەتریان، دەکاتەوە. مارەکردنی ئەم جەستە شێواو و ھەڵوەشاوەش لە چەندان ھێزی سەربازیی و ئەمنیی گرێ‌دراو بەخێزانە سیاسیی و بە کەسە سەرەکییەکانی ناو ئەو خێزانانەوە، دۆخەکە پڕدەکات لە توندوتیژیی و ئەگەری پەنابردن بۆ توندوتیژیی. ئەوەی دیمەنەکەش تەواو دەکات ئامادەگیی کۆمەڵێک پارتی سیاسیی چەکدارە، کە مێژوویەکی پڕ ڕق و جەنگ و جنێو و ڕاوانان و ئیھانە و درۆکردن بەیەکیانەوە، گرێئەدات. ئەم ناوەندە گەورە دابەش و ناتەبا و ناحەزە بەیەکتر، ڕۆژانە خەریکی دابەزاندن و بڵاوکردنەوەی کۆی دابەشبوونەکانی ناوخۆیەتی بەناو کۆمەڵگاکەدا و سەرقاڵی چاندنیانە لەناو خانە جیاوازەکانی ئەو کۆمەڵگایەدا. بەم مانایەیە کە دەڵێم، کایەی سیاسیی لە ھەرێمدا وەک وزەیەکی تێکدەر و پارچارچەکەر، وەک توانایەک بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ھەر ئیجماعێک، ئامادەیە و کاردەکات. ئەوەی ئەم کایە سیاسییە وەک ھێزێکی تێکدەر و بکەرەکانیشی وەک کەسایەتی سیاسیی، لەناویاندەبات، زۆرشتە، بەڵام لە ھەموویان گرنگتر و بنەڕەتیتر خودی بیرۆکەی نەتەوە خۆیەتی، نەتەوە وەک چوارچێوەیەکی گشتیی ھاوبەش بۆ کۆکردنەوەی جیاوازییەکان بەیەکەوە، وەک شوناسێکی کۆگیر کە بتوانێت ببێت بە بەشێک لە شوناسی تاکەکەس و گروپەکان. لە ڕووی تیورییەوە نەتەوە دروستکراوێکی مێژوویی و کۆمەڵایەتییە. کۆمەڵگایەکی خەیاڵکردە، یەکەیەکی سروشتیی نییە خودا یان سروشت دروستیکردبێت. لەڕووی مێژووییەوە ئەوەی نەتەوە دروستدەکات سێ دەزگای سەرەکییە. یەکەمیان چاپخانەیە. دووھەمیان قوتابخانەیە. سێھەمیان سوپایە. مرۆڤ لەناو دەزگایانەدا دەکرێت بە ھاوڵاتی وڵاتێک، شوناسێکی ھاوبەش و گشتیی پێدەبەخشرێت و جۆرێک لە ئینتیمای تایبەتیشی بۆ دروستدەکرێت. لە چاپخانەدا، کە لە ئێستادا کۆی شێوازە جیاوازەکانی میدیاش دەگرێتەخۆی، بە میدیای دیگیتاڵییەوە، ھەم ئەدەبیاتی ھاوبەشی میلەتێک، ھەم زمانێکی ھاوبەش، ھەم ھەواڵ و دەنگوباسی ئەو نەتەوەیە، ھەم خەون و خەم و تەحەداکانی، بەرھەمدەھێنرێت و بڵاودەکرێتەوە. میدیا یەکێکە لە شوێنە سەرەکییەکانی دروستکردنی نەتەوە. ئەوەی لە دونیای ئێمەدا، لە ھەمووشتێک وێرانتر و بەشبەشتر و پارچەپارچەکراوترە، ئەم ماشێنە گەورەیەی دروستکردنی نەتەوەیە. چاپخانە و میدیا لە ھەرێمدا سەرزەمینی ناشتنی نەتەوەیە نەک دروستکردن و پاراستنی. قوتابخانە، دەزگای دووھەمی دروستکردنی نەتەوەیە. ئەم دەزگایە جگە لەوەی کە خوێندێکی ھاوبەش بە کۆمەڵگا دەبەخشێت و ھاوڵاتییەکی خوێندەوار و ھۆشیار دروستدەکات، ھاوکات یەک ”سەرەتای یەکسان“یش بە سەرجەمی ئەو منداڵانە دەبەخشێت کە دەبن بە ئەندامی ئەو نەتەوەیە. لە قوتابخانەدا کەسانێک پەروەردەدەکرێن کە ھەستدەکەن سەر بە یەک کۆمەڵگا و یەک مێژوون و یەک چارەنووس چاوەڕوانی ھەمووانە. ھەمووان ھاوڵاتی یەکسانی ئەو سەرزەمینەن کە ھاوبەشانە تیایدا دەژین و گەورەدەبن. ئەوەی لە ھەرێمدا بەتەواوی وێرانکراوە قوتابخانەیە ھەم وەک دەزگای بەرھەمھێنانی ھابەشی مێژوویی و پەروەردەیی و عەقڵیی، ھەم وەک شوێنی بەخشینی ”سەرەتای یەکسان“ بە ھەموو منداڵانی وڵاتەکە. سیستمی پەروەردە لە ھەرێمدا سیستمی گواستنەوەی سەرجەمی دابەشبوون و ناکۆکییە کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ناوچەییەکانە بۆناو دونیای ئەو منداڵانەی ڕێیان دەکەوێتە ناو سیستمی خوێندنی ھەرێمەوە. دەزگای سێھەمی دروستکردنی نەتەوە، سوپایە. سوپا ئەو بەشە چەکدارەی نەتەوەیە کە ئەرکی ژمارە یەکی پاراستنی نەتەوە و نیشتیمان و کۆمەڵگایە لە ھەڕەشەی دەرەکیی، ئەوانەی لە سوپادا کاردەکەن ئەو ھاوڵاتییانانە کە ئامادەن، گەر پێویستی کرد، بە گیانی خۆیان بەرگریی لەو نیشتیمانەبکەن کە ئەوان سەربازیی ئەون. سوپا یان نیشتیمانییە یان دەزگایەکی ترسناکە و نابێت ھەبێت. ئەوەی لە بوون و خەیاڵ و عەقڵیەتی ھێزە چەکدارەکانی ھەرێمدا غائیبە، وێناکردنی سوپایە وەک ھاوبەشێکی نەتەوەیی و نیشتیمانیی. وەک دەزگای پاراستنی کۆمەڵگا. وەک ھێزێک کۆمەڵگا خاوەنی بێت. ئەوەی لە ھەرێمدا ئامادەیە، سوپای شەخسیی و خێزانیی و بنەماڵەیی و حیزبییە، سوپایە وەک موچەخۆری خێزانە حوکمڕانەکان، نەک وەک ھێزی پاراستنی شتێک بەناوی نەتەوە و نیشتیمانەوە. ئەم ھێزانە ھەم دەکرێن بەگژ سوپای خێزان و پارتە سیاسییەکانی تردا، ھەم بەگژ کۆمەڵگاکە خۆیشیدا. بە کورتییەکەی ئەوەی لە ھەرێمدا کاردەکات لۆژیکێکی خێزانیی و بنەماڵەیی و حیزبیی و شەخسیی دابەشکەرە، کە ئیش‌کردنی ڕۆژانەی ئەم لۆژیکە ھەم پەرە بە دابەشبوون و پارچەپارچەبوونە سونەتیی و تەقلیدییەکان ئەدات، ھەم دابەشبوون و پارچەپارچەبوونی نوێش دروستدەکات. ئەم دۆخە وایکردوە ھاوبەشێک بوونی نەمێنێت کۆمەڵگا بتوانێت بۆی بگەڕێتەوە، نە شاری ھاوبەش ھەیە، نە ناوچەی ھاوبەش، نە زمان و مێژوی ھاوبە، نە دەزگا و چاوەڕوانیی ھاوبەش. شتێکیش بەناوی بوونی کۆمەڵێک ئایدیال و خەونی ئایندەیی ھاوبەشەوە بوونی نییە. نەتەوە کۆمەڵەیەکی خەیاڵکردە و ھەمیشە لەناوەوەی کۆمەڵگادا دروستدەکرێت. کەسان و ھێزگەلێک دروستیدەکەن توانای تێپەڕاندنی قازانج و مەسڵەحەتە شەخسییەکانی خۆیانیان ھەبێت،. بتوانن بچنە دەرەوەی گرێ دەرونییە شەخسییەکانیانەوە. نەتەوە لە دەرەوەڕا دروستناکرێت، ھیچ کەسێک نەتەوە و نیشتیمان بۆ ھیچ کەسێکی تر دروستناکات. ھەر میلەت و نەتەوەیەک دەبێت خۆیان میلەت و نەتەوە بۆ خۆیان دروستبکەن. ئەوەی لە ھەرێمدا سڕاوەتەوە ئەو ئیرادە سیاسییەیە کە بتوانێت لەودیوی دەسکەوت و قازانجە خێزانیی و شەخسییەکانەوە بیربکاتەوە و کاربکات.