Draw Media

مام جەلال لە سوریاوە "جومعە"ی لەگەڵ خۆی هێنابوو

مام جەلال لە سوریاوە "جومعە"ی لەگەڵ خۆی هێنابوو

2023-04-08 13:38:11


(درەو):
ئێستا كە پارتی‌و یەكێتیی لەبارەی هێرشەكەی فڕۆكەخانەی سلێمانییەوە لەناو ناكۆكیدان‌و هاتنی بەرپرسانی باڵای رۆژئاوای كوردستان بۆ سلێمانی بە هۆكاری هێرشەكە لێكدەدرێتەوە، بەپێی گێڕانەوەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، پەیوەندی یەكێتیی‌و رۆژئاوای كوردستان مێژووەكەی كۆنە‌و لە ساڵی 1993 مام جەلال دوای سەردانێكی بۆ سوریا، لەكاتی گەڕانەوەیدا (جومعەی)ی لەگەڵ خۆی هێناوە بۆ كوردستان، بەڵام نەیویستووە بارزانی لەناو ئۆتۆمبیلەكەی ئەودا بیبینێت. 
بارزانی لە كتێبی (بارزانی‌و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد) لەژێر ناونیشانی (سەردانی مام جەلال بۆ سوریاو كوێت) دەگێڕێتەوە: 
سەرەتای مانگی ئازاری 1993 مام جەلال سەردانی سوریای كرد. لەسەردانەكەیدا لە دیمەشق چاوی بە عەبدوڵا ئۆجەلان كەوت، دوای دیدارەكەیان بروسكەكەیەكی بۆ ناردم بەم ناوەرۆكە، ئۆجەلان رازیە بە: 
1-    چارەسەری ئاشتیانە لەگەڵ توركیا. 
2-    پشتگیری پەرلەمان‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان. 
3-    ئەمەریكاو فەرەنسا مام جەلالیان هانداوە بۆ ئەوەی ئۆجلان رازی بكات بە چارەسەری ئاشتیانە لەگەڵ توركیا. 
كاتێك لەمبارەیەوە پرسیاری ئەمریكییەكانم كرد، لە وەڵامدا گوتیان:" بەپێچەوانەوە، زۆرمان پێناخۆش بوو كە مام جەلال ئۆجەلانی بینیوە‌و ئەمە پێچەوانە‌و دژی سیاسەتی ئێمەیە".
لە بروسكەیەكی دیكەدا مام جەلال پێی راگەیاندم كە سوریا زۆر دژی كۆنگرەی نیشتمانی عێراقە‌و هەوڵێكی تەواو دەدات بەمەستی دروستكردنی كێشەو گیروگرفت لەبەردەم كۆنگرەكەدا. بڕیارە خەدام ئەنجومەن‌و پارتی‌و یەكێتی بانگهێشت بكاتە سوریا. ئێمەش بانگهێشتەكەمان رەتكردەوە، چونكە مەبەست لاوازكردنی كۆنگرەی نیشتمانی عێراق بوو. بەپێی ئەو زانیارییانەی بۆمان هاتبوون سەید محەمەد باقر حەكیم رازی نەبوو بانگهێشتنامەكەی سوریا پەسەند بكات‌و رازیش نەبوو دژی كۆنگرە كارێك بكات. 
دوای تەواوبوونی سەردانەكەی لە سوریا، مام جەلال سەردانی كوێتی كرد‌و داوای كرد كە دڵشاد بارزانی لەگەڵی بچێت. لە كوێت چاوی بە ئەمیرو بەرپرسانی كوێت كەوت. دیاربوو لەسەردانەكەیدا بۆ سوریا وەك پێویست بایەخ بە مام جەلال نەدراو چاوی بە ئەسەد نەكەوتبوو، بەڵام دوای گەڕانەوەی لە كوێت‌و سەردانی بۆ سوریا چاوی بە ئەسەد كەوتبوو. لە گەڕانەوەیدا بۆ پێشوازی چومە گەرووی میراوا لە باكوری شەقڵاوا. بینیم سەیارەكەی لە دوورەوە وەستاو مام جەلال بە غارو راكردن بەرەو رووم هات‌و زۆر خۆشحاڵ بوو بە بینینم‌و پێی گوتم:" نەدەبوو ئەرك بكێشیت‌و بێیتە ئێرە". دواتر بۆم دەركەوت كە جەمیل بایك (جومعە) لەگەڵ مام جەلال لەناو سەیارەكەدا بووە‌و لە سوریاوە لەگەڵ خۆی هێنابوو.

سەرچاوە: بارزانی‌و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد- بەرگی پێنجەم، راپەڕین، دەرفەت‌و ئاستەنگەكان- چاپی یەكەمن حوزەیرانی 2022  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand