Draw Media

سه‌ددام له‌دوای كه‌وتنی به‌غداد

سه‌ددام له‌دوای كه‌وتنی به‌غداد

2023-04-09 12:23:39


(درەو): 
ئەمڕۆ 20 ساڵ بەسەر كەوتنی رژێمی پێشووی عێراقدا تێدەپەڕێت، لەسەرتاسەری عێراق پشووی فەرمییە. لەم بۆنەیەدا، رۆژنامەی (شەرقوڵئەوسەت) لەزاری یەكێك لە كەسە نزیكەكانی سەددامەوە چیرۆكی رۆژی كەوتنی پەیكەرەكەی سەددامی بڵاوكردەوە. 
لەم چیرۆكەدا، پیاوێكی خانەنشینی عێراقی كە لەبەر هۆكاری ئەمنیی داوایكردووە ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە، باس لە ناوەڕۆكی دوو  دیداری خۆی دەكات لەگەڵ سەددام حسێن لەدوای كەوتنی  بەغدادەوە. خانەنشینەكە دەڵێ: دیداری یەكەم لەگەڵ سەددام لە رۆژی 11ی نیسانی 2003دا بوو لە دەوروبەری فەلوجە، واتە دوو رۆژ دوای كەوتنی بەغداد، دیداری دووەمیش لە رۆژی 19ی تەموزدا بووە واتە چوار مانگ دوای كەوتنی بەغداد.
بەپێی قسەی ئەو، لەو رۆژانەدا "سەددام حسێن بەناو پارێزگاكانی عێراقدا دەگەڕا بۆ پاڵپشتیكردن پرۆسەی بەرەنگاریی دژی داگیركاری ئەمریكا".
كابرای خانەنشین دەگێڕێتەوە، لەو رۆژەدا كە زرێپۆشێكی ئەمریكی پەیكەرەكەی خستووە، سەددام لە گۆڕەپانی فیردەوسی بەغدادەوە نزیك بووە، لە شەوەكەیدا لەناوچەیەكی نزیكەوە فەرماندەیی یەكەمین پرۆسەی مقاوەمەتی كردووە، كە بەئامانجگرتنی چەند شوێنێكی هێزەكانی ئەمریكا بووە لە دەوروبەری مزگەوتی ئەبو حەنیفەی نوعمان لە ئەعزەمیە، لە هێرشەكەدا لاوانی حزبی بەعس‌و فیداییەكانی سەددام‌و ژمارەیەك چەكداری عەرەب لە وڵاتانی عەرەبی بەشداربوون، ژمارەیەك كەسیان لێ كوژراوە. كاتێك شەڕەكە توندبوەتەوە، یاریدەدەرەكانی توشی سەرسوڕمان بوون كاتێك سەددامیان بینیوە (ئاڕ بی جی)یەكی هەڵگرتووە‌و ویستویەتی لە شوێنی پێكدادانەكە نزیك ببێتەوە، ئیتر هاوەڵەكانی دەوروبەریان گرتووە‌و رێگرییان لێكردووە، پێیان وتووە" دەمانەوێت بەردەوام بیت لە سەركردایەتیكردنمان"، هەندێكیان وا لێكیان داوەتەوە "سەددام لەو شەوەدا ئارەزووی شەهیدبوونی هەبووە".

 
شەڕەكە تاوەكو بەرەبەیانی 10ی نیسان بەردەوام بووە، رۆژی دواتر سەددام بەغدادی بەرەو (هیت) بەجێهێشتووە‌و شەوێ لەوێ لەماڵی ئەندامێكی حزبی بەعسدا ماوەتەوە، رۆژی دواتر دەرچووە بۆ دەوروبەری فەلوجە، سەرچاوەكە دەڵێ" رۆژی 11ی نیسان هاوەڵەكانی سەرۆك پێنج كەسیان بانگهێشت كرد كە یەكێكیان من بووم، لە شوێنێكدا لە تەنیشت بەنزینخانەیەك لە دەوروبەری فەلوجە، قوسەی كوڕی‌و ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئەمنی‌و حزبی بەشدارییان لە كۆبونەوەكەدا كرد لەگەڵ سەرۆك، بەڵام عەبد حەمودی سكرتێری بەشدار نەبوو". 


سەددام جلوبەرگێكی ئاسایی لەبەردابوو، پێدەچوو ئارام‌و خۆراگر بێت. لەبارەی دۆخی ناوخۆی فەلوجەو بڵاوبونەوەی ئەمریكییەكان لە ئەنبار پرسیاری كرد. كاتێك پێی وترا سەربازانی ئەمریكی چونەتە ناو ماڵەكانەوە لە فەلوجە، بە توندی وەڵامی دایەوە "دەریان بكەن"، ئەمە وەكو فەرمانێك بوو بۆ دەستپێكردنی هێرشەكان. سەددام وتی:" دەبێت ئارام بگرین. شەڕەكە دورودرێژە. ئەركی ئێمە ماندووكردنی دوژمنە، دەبێت لە هەموو شوێنێك بەرەی شەڕ بكەینەوە بۆ ئەوەی زامنی سەقامگیربوونیان لەسەر خاكی عێراق نەكەن. لەسەر رێگا سەرەكییەكان بۆسەیان بۆ دابنێن، دەبێت بزانن عێراق پارویەكی ئاسان نییە‌و ئەمە ببێت بە وانە بۆیان". 
كاتێ یەكێك لە ئامادەبووان وتی شیعە دەستیان بە كوشتنی "فیداییە" عەرەبەكان كردووە كە هاتوون بۆ شەڕكردن دژی ئەمریكا، قسەكەی پێ بڕی‌و وتی:" شیعە گەلی ئێمەن، ئەو قسەیە بەسەر ئەواندا ناچەسپێ، بەڵكو بەسەر ئەو چینە ناو شیعەكاندا دەچەسپێت كە فریودراون". دوای هەندێك رێنمایی تر "لەبەر هۆكاری ئەمنی، سەددام بەر لە ئێمە شوێنەكەی بەجێهێشت". 
بەر لە نیوەڕۆی رۆژی دواتر، لە دەوروبەری ناوچەی (دۆرە)ی باشوری بەغداد، سەددام چاوی بە ژمێریارەكانی دیوانی سەرۆكایەتی كەوت، بڕێك پارەی لێوەرگرتن بۆ پاڵپشتیكردن لە مقاوەمەت. سور بوو لەسەر ئیمزاكردنی كاغەزێك كە لەسەری نوسی بوو:" من سەددام حسێن سەرۆك كۆماری عێراق لەسەر گەردنی خۆم بڕی ملیۆنێك‌و 250 هەزار دۆلار تۆمار دەكەم بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەكانی مقاوەمەت دژی داگیركاری ئەمریكا، پێویستە لە سەرم لەنزیكترین كاتدا بیگێڕمەوە. بژی عێراق. بژی نەتەوەی عەرەب". 


لە 18ی تەموزدا، كابرای خانەنشین لە بەغداد بوو، گەنجێك هات‌و وادەیەكی پێدا لەدوای نوێژی بەیانی لە بارەگای نهێنی لە ناوچەی ئەعزەمیە، بەرەبەیانی رۆژی دواتر خۆی لەبەردەم سەددام حسێن بینییەوە لەگەڵ چوار هاوەڵی نوێیدا. سەددام دشداشەیەكی نەریتیی لەبەردابوو، دەمانچەشی پێبوو، قسەكانی گوزارشتیان لە خەم‌و بێئومێدی دەكرد" هەندێك لە پارێزگاكان دوای ئەوەی بەڵێنیاندا، ئێستا قایل بوون بەوەی بەرەنگاری داگیركەر نەبنەوە، چۆن هەندێك كەس رازی بوون بەوەی داگیركەران سواریان بن؟ دەبێت گەلەكەمان بەباشی بخوێنینەوە، مامۆستایانی ئاینی‌و سەرۆك هۆزەكان‌و مەرجەعیەتەكان ئەم بەرپرسیارێتییەیان دەكەوێتە ئەستۆ كە پێشتر بۆیان نێردراوە‌و بەڵێنیانداوە هەركاتێك هێزەكانیان هێڵی سنوری كوەیتی لەگەڵ عێراقدا بڕی، فتوایەكی بەهێز دژی داگیركەر دەربكەن. لە جەنگی قادسیەدا (جەنگی دژ بە ئێران) یەك گەل بووین. چۆن ئەم پەڵە رەشە لەسەر جبەكانیان قبوڵ دەكەن؟".
هەروەها سەددام وتی:" عێراق دواین بەربەستە، ئەگەر ئەم دیوارە بڕوخێت، وڵاتانی عەرەبی روبەڕووی داگیركاری راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ دەبنەوە. ئەگەر عێراق بكەوێت، هەموو دەرگاكان لەبەردەم ئێراندا دەكرێنەوە‌و هەژمونی خۆی تاوەكو مەغریب درێژدەكاتەوە". رەخنەی لە هەڵوێستی عەرەب گرت‌و بێئومێدی خۆی لە هەڵوێستی سوریا نیشاندا‌و وتی:" من بەڵێنێكم لە بەشار ئەسەد وەرگرت بەوەی لەدوای تەقینی یەكەمین فیشەكەوە سوریا لەگەڵ عێراق رابوەستێت. پێموابوو جیاوازە، بەڵام كوڕ چوەتەوە سەر باوكی. با بزانن عێراق سەددام حسێن نییە، موڵكی عێراقییەكان‌و عەرەبە، زۆرێك باجی ئەوە دەدەن دەستبەرداری عێراق ببن بكەوێت". 
چیرۆكەكە لە رۆژی 6ی نیسانی 2003 دەستیپێكرد، كاتژمێر 10:30 خولەكی ئێوارە بە كاتی بەغداد، ژمارەیەك تانكی ئەمریكی گەیشتنە كۆشكی كۆماری‌و هۆتێل رەشید لە پایتەختی عێراق. زەنگی تەلەفۆنی فەریق (تاهیر جەلیل حەبوش) لێیدا، فەریق (عەبد حەمود) سكرتێری سەرۆك سەددام حسێن لەسەر هێڵ بوو، حەبوش‌و عەبد حەمود دۆستایەتی لەنێوانیاندا نەبوو، بەڵام عەبد حەمود تاكە دەروازە بوو كە لێیەوە فەرمانەكانی "سەید رەئیس" وەربگیرێت‌و پەیامی بۆ بنێردرێت. 
عەبد حەمود رستەیەكی فڕێدا كە وەكو بۆمب بوو. بە بەڕێوەبەری هەواڵگری وت" دەمەوێت رێگای بەغداد- سەلاحەدین‌و رێگای بەغداد- دیالەم بۆ دابین بكەیت"، حەبوش وەڵامی دایەوە:" پێتوایە من فەرماندەی فەیلەقێكی سەربازیم كە ئاسایشی ئەو دوو رێگایەت بۆ دابین بكەم؟" عەبد حەمود وەڵامی دایەوە" من مەبەستم دابینكردنی ئاسایش نییە هێندەی ئەوەی دەمەوێت زانیاریم هەبێت لەبارەی ئەوەی كام رێگایان سەلامەتترە بۆ دەرچوون لە بەغداد لەحاڵەتی ناكاودا". عەبد حەمود قسەكانی هاوپێچی شێوەیەك لە هەڕەشە كرد‌و وتی:" پشت بە خودا دەستپێبكە، بەڵام ئەبو هومام بیخە مێشكتەوە چاو بە چاو دەكەوێتەوە" ئەمەی وت‌و تەلەفۆنەكەی داخست. 

تاهیر جه‌لیل حه‌بوش به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌واڵگری سه‌ددام
حەبوش لەگەڵ بەڕێوەبەری نوسینگەكەی لە بارەگای جێگرەوەی هەواڵگری گفتوگۆی لەبارەی ئەم داواكارییە نامۆیە كرد، هاوڕابوون لەسەر ئەوەی" سەید رەئیس لە بەغداد دەچێتە دەرەوە بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەكانی روبەڕووبونەوەی دەستدرێژی سەربازی لە دەرەوە". 

نامه‌یه‌كی سه‌ددام بۆ حه‌بوش له‌ كۆتایی ئابی 2003دا
كاتێك فەرمانەكان لە سەددامەوە دێن، هیچ بژاردەیەك نامێنێتەوە جگە لە جێبەجێكردن سەرباری سەرختی‌و سەرچڵییەكان. ئەنجامی سەرپێچی لە ئەركەكان دیارە‌و بەڕێوەبەری هەواڵگری پێویستی بەوە نییە یەكێك بیری بخاتەوە باجی توڕەكردنی سەرۆك چییە. حەبوش بڕیاریدا خۆی پرۆسەی پشكنینەكە ئەنجام بدات، شەو دەرچوو. رۆیشت بۆ ناحیەی تارمیە‌و بینی رێگاكە پارێزراوە. ئەوكات پەیوەندییەكان لە بەغداد پچڕابوو، داوای لە عەقید مەحمودی هاوەڵی كرد بگەڕێتەوە بۆ پایتەخت‌و تەلەفۆنە تایبەتییەكە لە نوسینگەكەی بەكاربهێنێت بۆ ئاگاداركردنەوەی عەبد حەمود لەوەی رێگەی دیالە پارێزراوە‌و ئەو خۆشی لە ماوەی چەند كاتژمێردا دەگەڕێتەوە. لەكاتی گەڕان‌و كۆكردنەوەی زانیاریدا لەبارەی رێگایەكی ترەوە، حەبوش كاروانی ئۆتۆمبیلی بینی، بۆی دەركەوت فڕۆكەكانی ئەمریكا بۆمبیان فڕێداوە لەسەر رێگاكە‌و رۆیشتن بەرەو بەغداد زۆر مەترسیدارە. لەكاتژمێر دووی ناوەڕاستی شەودا حەبوش بڕیاری خۆیدا. مادەم سەرۆك بەجێی دەهێڵێ، منیش ناگەڕێمەوە بۆ بەغداد، حەبوش تەلەفۆنەكەی داخست‌و بڕیاریدا بچێتە پاڵ مقاوەمەوە. دواتر حەبوش توانی پەیوەندی بە سەددامەوە بكات، بۆی روونكردەوە عەبد حەمود داوای چی لێكردووە‌و پەیامێكی دەستنوسی لەوەوە پێگەیشت. حەبوش چووە پاڵ مقاوەمە‌و دواتر سەددام روبەڕووی چارەنوسی زانراوی خۆی بووەوە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand