Draw Media

كاركردن لە شەقامی 100 مەتری سلێمانی لە وەستان نزیك بووەتەوە 

كاركردن لە شەقامی 100 مەتری سلێمانی لە وەستان نزیك بووەتەوە 

2023-04-05 09:25:31


درەو:
سێ مانگی ماوە بۆ وادەی تەواوبوونی شەقامی (100) مەتری سلێمانی، تا ئێستا ( 48%)ی كارەكانی تەوایووە، لە ئێستادا پرۆژەكە لە وەستان نزیك بووەتەوە، چەند كرێكارێكی كەم كاری تێدادەكەن تەنیا بۆ ئەوەی نەڵێن كارەكانی بەتەواوی وەستاوە.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 2020/7/11  بەردی بناغەی قۆناغی یەكەمی  شەقامی (100) مەتری سلێمانی  دانا، كەلەلایەن كۆمپانیای قەیوانەوە جێبەجێدەكرێت و شارەوانی سلێمانی سەرپەرشتی دەكات، قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە كە (32) كیلۆمەترە بڕی (400) ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە، لە ئێستادا بەهۆی ئەوەی حكومەتی هەرێم شایستە داراییەكانیان بۆ خەرجناكاتن كاركردن لە شەقامەكە لە وەستان نزیك بووەتەوە.
سەرچاوەیەكی نزیك لە پرۆژەكە بە (درەو)ی راگەیاند: كەس بەلای شەقامی (100) مەتریەكەی سلێمانیدا نایات، لە ئێستادا لە تەواوی پرۆژەكە تەنیا دوو سێ كرێكار لە فلای ئۆڤەرەكەی سەرو عەزیزاوا كاردەكەن، ئەویش تەنیا لەبەر ئەوەی نەڵێن كاركردن لە پرۆژەكەدا وەستاوە لەو پرۆژەیە، بەڵام بە حەقیقی وەستاوە چونكە پێشتر رۆژانە (1000 -  1500) مەتر سێجا كۆنكرێت دەكرا و بە سەدان كرێكار لە هەموو شوێنەكانەوە كاریان دەكرد، بەڵام ئێستا بە (20) رۆژ جارێك تەنیا (3) مەتر سێجا كۆنكرێت دەكەن، كۆمپانیای جێبەجێكار (قەیوان) رێژەی (80%) كرێكاران لەو پرۆژەیە كەمكردووەتەوە ئەوانەشی ماوەنەتەوە تەنیا كەسی ئیدارین و كارناكەن، سەرپەرشتیاران و ئەندازیارانی شارەوانیش رۆژانە دەچنە ئەوێ و تەنیا دادەنیشن هیچ كارێك نیە بیكەن.
بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) كۆمپانیای قەیوان تا ئێستا زیاتر لە (160) ملیار دیناری تێدا خەرجكردووە بەڵام چاوەڕێ دەكات حكومەتی هەرێم شاییستە داراییەكانیان بۆ خەرجبكات، بەڵام حكومەت بۆیان خەرج ناكات و دەڵێت لەسەر داهاتی ناوخۆی سلێمانیە.
شارەوانی سلێمانی لە پێناو نەوەستانی پرۆژەكە لە هەوڵی ئەوەدایە چەند پارچە زەویەك بفرۆشێت و بە پارەكەی ئەو پرۆژەیە تەواو بكرێت، بەڵام تا ئێستا ئەو زەویانە نەفرۆشراون. 
وەستانی كاركردن لەو پرۆژەیە زیانی زۆری دەبێت سەڕەیای دواكەوتنی پرۆژەكە، هەركات دەستبكرێتەوە بە كاركردنی تەواوەتی لە پرۆژەكە دەبێت بەشێك لەو شوێنانەی كاكردن تێیدا بووەو راوەستاوە جارێكی تر ئەو شوێنانە تێكبدرێتەوەو درووست بكرێتەوە چونكە خراپ بوونە.
ئەم پرۆژەیە كە ئێستا گەورەترین پرۆژەی خزمەتگوزارییە لە سنوری پارێزگای سلێمانی‌و ئیدارەی ژێردەسەڵاتی یەكێتی، بەپێی قسەی سەرپەرەشتیارەكانی، تا ئێستا رێژەی (48%)ی كارەكانی تەواو كراوە.

راپۆرتی پەیوەندیدار

 

ئەوەی لەبارەی 100 مەترییەكەوە نایزانیت !

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand