Draw Media

هەرێم مانگانە 120 ملیۆن دۆلار داهاتی زیاتری دەستدەكەوێت 

هەرێم مانگانە 120 ملیۆن دۆلار داهاتی زیاتری دەستدەكەوێت 

2023-04-05 16:47:45



درەو:
لەمەودوا حكومەتی هەرێمی كوردستان لەرێگەی كۆمپانیای سۆمۆ و بەنرخی سۆمۆ نەوتەكەی دەفرۆشێتن تەنیا لە جیاوازی نرخی فرۆشی بەرمیلێك نەوتدا هەرێم مانگانە زیاتر لە (120) ملیۆن دۆلار و ساڵانە (ملیارێك و 400 ملیۆن) دۆلاری زیاتری دەستدەكەوێت.
بە پێی رێكككەوتنی نەوتی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداد، سەرەڕای ئەوەی هەرێمی كوردستان دەبێت نەوتەكەی لە رێگەی سۆمۆوە بفرۆشێت لەهەمانكاتدا دەبێت بە نرخی سۆمۆش بیفرۆشێت، هەرێمی كوردستان (10) دۆلار كەمتر لە نرخی سۆمۆ نەوتەكەی فرۆشتووە.
لە ساڵی 2022 كۆمپانیای سۆمۆ نەوتی عێراقی بە (95) دۆلار فرۆشتووەو هەرێمی كوردستانیش بە (85) دۆلار فرۆشتووە، هەرێمی كوردستان لەمەودوا نەوتەكەی لەرێگەی سۆمۆو بە نرخی سۆمۆ دەیفرۆشێت، تەنیا لەو جیاوازیەی كە لە نرخەكەیدا هەیە جگە لە رێشوێنەكانی تری وەك كرێی بۆری و وەبەرهێنان و فرۆشتن، نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ هەر بەرمیلێك (10) دۆلار زیاتری دەستدەكەوێت.
بەپێی زانیاریەكانی كۆمپانیای دیلۆیت و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی (2022)دا (144 ملیۆن و 414 هەزار 412) بەرمیل نەوتی بە بۆری نەوتی كوردستان و لەڕێگەی بەندەری جەیهانی توركییەوە فرۆشتووە (رادەستی كڕیاران كراوە)، لە ساڵەكەدا تێكڕای بەرمیلێك نەوتی هەرێم بە (84.99) دۆلار فرۆشراوە.
بۆیە دەبینین كۆی ئەو نەوتەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵەكەدا هەناردەی كردووە و فرۆشتوویەتی بەبێ هیچ خەرجییەك بەهاكەی دەكاتە (12 ملیارو 331 ملیۆن و 417 هەزار و 848) دۆلاری ئەمریكی بووە.
بەپێی زانیارییەكانی وەزارەتی نەوتی عێراق، كۆمپانیای سۆمۆ لە ساڵی (2022)دا بە تێكڕا بەرمیلێك نەوتی بە (95.54) دۆلار فرۆشتووە، واتە، ئەو بڕە نەوتەی حكومەتی هەرێم بەشێوەی سەربەخۆ فرۆشتوویەتی، ئەگەر لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە بەبازاڕی بخستایە، بەهاكەی بریتی دەبوو لە (13 ملیارو 819 ملیۆن و 362 هەزار و 171) دۆلاری ئەمریكی، بەم پێیەش بەگشتی نەوتی هەرێم بڕی (1 ملیارو 487 ملیۆن و 944 هەزار و 323) دۆلاری ئەمریكی بە هەرزانتر فرۆشراوە لە ساڵی (2022)دا. بۆ وردەكاری تەواوی مانگەكانی ساڵی (2022) و جیاوازی داهات لە نێوان هەردوو ڕێگاكە بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)).

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand