Draw Media

پەیڕەوكردنی شێوازی (سانت لیگۆی هەمواركراو) بەسەر دەنگی لایەنەكاندا

پەیڕەوكردنی شێوازی (سانت لیگۆی هەمواركراو) بەسەر دەنگی لایەنەكاندا

2023-04-06 18:03:27


 
شیكاری: درەو 

پاڵپشت بە هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەنجامی کۆتایی دەنگی لایەنە سیاسییەکان لە سێ پارێزگاکەی هەرێم لە دوا هەڵبژاردن  و پەیڕەوکردنی سیستمی "سانت لیگۆی هەموار کراو"؛
# پارتی (2) کورسی و یەکێتی (3) کورسی لەدەست دەدات.
# نەوەی نوێ هەمان کورسییەکانی خۆی بەدەست دەهێنێتەوە.
# یەکگرتووی ئیسلامی لە (4) کورسییەوە دەبێت بە (5) کورسی، کۆمەڵی دادگەریش لە (1)ەوە بۆ (4) کورسی هەڵدەکشێت.
# بزوتنەوەی گۆڕانیش کورسییەک دەباتەوە.

سەرەتا 
ڕۆژی 10ی تشرینی یەکەمی 2021، خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە عێراق بەڕێوەچوو، بەپێ یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (9)ی ساڵی 2020، هەڵبژاردنەکە تەواو جیاواز بوو بەراورد بە خولەکانی پێش خۆی ئەویش بە پەیرەو کردنی؛
یەکەم: دابەشکردنی عێراق لە (18) بازنەی هەڵبژاردنەوە بۆ (83) بازنەی هەڵبژاردن، لەسەر دوو بنەما؛
1.    پاراستنی پێگەی (25%)ی کۆتای ئافرەتان لە ئەنجومەنی نوێنەران، بەو پێیەش دەبێت لە هەر بازنەکی هەڵبژاردن ئافرەتێک سەربکەوێت و (83) ئافرەت کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانیان هەبێت لە کۆی (320) کورسی گشتی و (9) كورسی كۆتا (پێكهاته‌كان).
2.    پاراستنی دەقی ماددەی (49)ی بڕگەی یەکەمی دەستوری هەمیشەیی عێراق کە تێیدا هاتووە (ئەنجومەنی نوێنەران لە ژمارەیەک ئەندام پێکدێت بە ڕێژەی یەک کورسی بۆ سەد هەزار کەس لە دانیشتوانی عێراق...)، بەم پێیەش هیچ بازنەیەکی هەڵبژاردن ژمارەی ئەو کورسییانەی بۆی تەرخان کراوە کە لە نێوان (3-4) کورسیدابوو، ژمارەی دانیشتوانەکەی کەمتر نییە لە (400) هەزار کەس.
دووەم: گۆڕانکاری لە سیستمی هەڵبژاردن وهەڵوەشاندنەوەی سیستمەکانی پێشوو، پەیڕەو کردنی سیستمێکی نوێ، وەک لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (9)ی 2020دا هاتووە:
ماددەی (15) یەکەم: هەر پارێزگایەک بۆ چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن دابەش دەبێت.
دووەم: پاڵێوراو بەشێوەی تاکەکەسی دەبێت لە بازنەیەکی هەڵبژاردن.
سێیەم: ڕیزبەندی پاڵێوراوان لە بازنەیەکی هەڵبژاردن بە بەدەستهێنانی زۆرترین ژمارەی دەنگ (اعلی اصوات) براوە دەبێت، بەپێی سیستمی براوەی یەکەم، بۆ پاڵێوراوەکانی دوای ئەویش هەر بەو شێوەیە بوون.
بەپێی ئەم ماددەیە:
1.    عێراق بەسەر (83) بازنەی بازنەی هەڵبژاردن دابەش بوو.
2.    پاڵێوراو بەشێوەی تاکەکەسی بوو لە بازنەیەکی هەڵبژاردن، بەم پێیەش خۆپاڵاوتن لە لیستی حزبەکانەوە گۆرا بۆ پاڵێوراوی تاکەکەسی (حیزبی و بێ لایەن) و لەم حاڵەتەشدا دەنگدەر تەنها یەک دەنگ بە پاڵێوراو دەدات و دەنگ بە لیست یان قەوارەی سیاسی نادات. ئەمەش پرۆسەکەی بردە بەردەم بنەمایەکی دیکە؛
3.    کار بە سیستمی (تاک دەنگی نەگوێزراوە) دەکرا، واتە ئەو دەنگە زیادانەی لە پاڵێوراوێکی سەربەخۆ یان سەر بە لایەنێکی سیاسی مایەوە ناگوێزرایەوە بۆ کەسی تر یان کەسێكی تری لایەنه سیاسییه‌كه
4.    هەر پاڵیوراوێک زۆرترین دەنگەکانی بازنەکەی خۆی بەدەست هێنا بەشێوەی ڕیزبەندی سەرکەوت، بۆ نمونە ئەگەر بازنەیەک چوار کورسی بۆ تەرخان کرابوو، ئەوا لەو بازنەیەدا (4) پاڵێوراوی خاوەن زۆرترین دەنگ سەردەکەوتن به‌شێوه‌ی ڕیزبه‌ندی، بە مەرجێک؛
‌ا. یەکێک لە سەرکەوتووەکان ئافرەت بوو.
ب. هەر بازنەک کاندیدە یەکەکەمەکانی لە ڕەگەزی نێربوون، کەسی چوارەمیان جێی هێشت بۆ ئافرەتێک کە زۆرترین دەنگی نێو ئافرەتەکانی بازنەکەی خۆی بەدەستهێنابوو
ج. هەر دوو پاڵێوراوێکی کۆتایی (کێبڕکێ لەسەر کورسی چوارەم) دەنگەکانیان یەکسان بوو، ئەوا بەپێ هەمان یاسا و ماددە، تیروپشکیان بۆ ئەنجام درا.
د. ئەو بازنانەشی سێ کورسی بۆ تەرخان کرابوو هەموو ڕێوشوێنەکانی خاڵەکانی (‌ا، ب، ج، د) ڕاست بوون، بە کەمکردنەوەی کورسییەک لەو بازنەیە.
یەکەم؛ ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (10/10/2021)
بەپێی پیڕەوکردنی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە (9)ی ساڵی (2020) لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان؛
(15) کوردسی بەسەر (4) بازنەی هەڵبژاردن لە پارێزگای هەولێر دابەشکراو، ئەنجامەکانی بەم شێوەیە بوون؛
-    پارتی دیموکراتی کوردستان (10) کوردسی،
-    نەوەی نوێ (3) کورسی،
-    یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە چوارچێوەی (هاوپەیمانی کوردستان) (2) کورسی بەدەستهێنا.
(18) کوردسی بەسەر (5) بازنەی هەڵبژاردن لە پارێزگای سلێمانی دابەشکراو، ئەنجامەکانی بەم شێوەیە بوون؛
-    یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە چوارچێوەی (هاوپەیمانی کوردستان) (8)کورسی،
-    نەوەی نوێ (5) کورسی،
-    یەکگرتووی ئیسلامی (2) کوردسی.
-    پارتی دیموکراتی کوردستان (2) کوردسی، 
-    کۆمەڵی دادگەری (1) کورسی بەدەستهێنا.
(11) کوردسی بەسەر (3) بازنەی هەڵبژاردن لە پارێزگای دهۆک دابەشکراو، ئەنجامەکانی بەم شێوەیە بوون؛
-    پارتی دیموکراتی کوردستان (8) کوردسی،
-    یەکگرتووی ئیسلامی (2) کوردسی.
-    یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە چوارچێوەی (هاوپەیمانی کوردستان) (1) کورسی بەدەستهێنا.
تایبەت بە کۆی کورسی پارتە سیاسییەکانی هەرێم لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، بڕوانە خشتەی ژمارە (1) کە بەم شێوەیەیە؛
-    پارتی دیموکراتی کوردستان (20) کوردسی،
-    یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (11) کوردسی،
-    نەوەی نوێ (8) کورسی،
-    یەکگرتووی ئیسلامی (4) کوردسی،
-    کۆمەڵی دادگەری (1) کوردسیان بەدەستهێنا
خشتەی ژمارە (1)


دووەم؛ کاریگەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن لە سەر پارتە کوردییەکان (ئەنجامی دوا هەڵبژاردن)
لە 27/3/2023 ئەنجومەنی نوێنەران بە زۆرینەی دەنگ، هەمواری سێیەمی یاسای ژمارە (12)ی ساڵی (2018)ی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاکانی پەسەندکرد و لەگەڵ یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەکی خست، بەپێی هەموارەکە لە ڕوی سیستمی هەڵبژاردنەوە گۆڕانکاری لە دوو تەوەری گرنگدا کرد، کە ئەوانیش؛
1.    دابەشکردنی عێراق لە (83) بازنەی هەڵبژاردن هەڵوەشاندەوەو گۆڕی ئەوەی هەر پارێزگایەک بازنەکی هەڵبژاردن بێت، وەک لە هەڵبژادنەکانی پێش (10/10/2021) پەیڕەو دەکرا. 
2.    تەبەنی کردنی سیستمی سانتلیگۆی هەموار کراو بە پەیڕەو کردنی دابەشکردنی کۆی دەنگی قەوارەی سیاسی بە سەر ژمارەکانی (1.7، 3، 5، 7، 9، 11، 13 ... هتد) لە شێوازی گۆڕینی دەنگ بۆ کورسی، گەڕانەوەی شێوازی دەنگدان لە کاندیدەوە بۆ لیست و قەوارە.
لێرەدا ئەوە روون دەکەینەوە کە مەبەست لە سیستمی "سانت لیگۆی هەموار کراو" چییەو چۆن کاریگەری لەسەر ژمارەی کورسی لایەنە سیاسییەکان دەبێت و دەنگی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە نمونە وەردەگرین پاڵپشت بە ئەنجامەکانیان لە دواین هەڵبژاردنی هەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (10/10/2021).
شێوازی "سانت لیگۆ" لەڕووی مێژووییەوە بۆ یەكەمجار لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 1951ی نەرویج ‌و سویددا بەكارهاتوە‌ بۆ یەكەمجاریش لەهەڵبژاردنی 20ی نیسانی ساڵی 2012ی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقدا تاقیكراوەتەوە بەهۆیەوە ئەنجامەكان لەبەرژەوەندی قەوارە سیاسییە بچوكەكان شكایەوە. ئەم شێوازە ژمارەی دەنگەكانی هەر قەوارەیەكی سیاسی بەسەر ژمارە تاكەكانی (1، 3، 5، 7، 9، 11، 13 ... هتد) دا دابەشدەكات. 
بەڵام جیاوازی نێوان شێوازی (سانت لیگۆ) ‌و شێوازی (سانت لیگۆی هەمواركراو) لەوەدایە لەبری ئەوەی دەنگەكانی هەر قەوارەیەكی سیاسی بەسەر ژمارە (1) دا دابەش بكرێت، بەسەر ژمارە (1)ی تەواو ‌و كەرتێكدا دابەشدەكرێت، وەك (1.4)، (1.6) یان (1.7). بۆ نموونە لەهەڵبژاردنی خولی سێهەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا لە (نیسانی 2014) ئەو كەرتە (1.6) بوو، بەڵام  بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا کراوەتەوە (1.7). واتە کاتێک لەهەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بمانەوێت دەنگە دروستەكانی ناو هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن بگۆڕین بۆ كورسی، پێویستە لەسەرەتاوە دەنگە دروستەكانی هەر قەوارەیەكی سیاسی دابەشی (1.7) بكەین، پاشان دوای ئەوە دابەشی هەریەك لەژمارەكانی (3، 5، 7، 9، 11...)یان بكەین. بۆ بەرچاو رونی زیاتر، ئەنجامی کۆی دەنگە دروستەکانی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە سەر ئاستی پارێزگاکان وەربگرین و پەیڕەوی لە سیستمی "سانت لیگۆی هەموارکراو" بکەین ئەوا دەبینین.
1.     پارێزگای هەولێر؛ بڕوانە خشتەی ژمارە (2)
-    پارتی دیموکراتی کوردستان (10) کوردسی،
-    یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (2) کوردسی،
-    نەوەی نوێ (3) کوردسی بەدەست دەهێنن.
2.    پارێزگای سلێمانی؛ بڕوانە خشتەی ژمارە (3)
-    پارتی دیموکراتی کوردستان (3) کوردسی،
-    یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (6) کوردسی،
-    نەوەی نوێ (5) کورسی،
-    یەکگرتووی ئیسلامی (1) کوردسی،
-    کۆمەڵی دادگەری (2) کوردسی،
-    بزوتنەوەی گۆڕان (1) کوردسی بەدەست دەهێنن.
3.    پارێزگای دهۆک؛ بڕوانە خشتەی ژمارە (4)
-    پارتی دیموکراتی کوردستان (8) کوردسی،
-    یەکگرتووی ئیسلامی (3) کوردسی بەدەست دەهێنن.
پاڵپشت بە دەنگی دروستی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەیڕەوکردنی سیستمی "سانت لیگۆی هەموارکراو" کۆی کورسییەکان لەسەر ئاستی پارێزگاکانی بەم شێوەیە دەبێت کە لە خشتەی ژمارە (5)دا رونکراوەتەوە.
-    پارتی دیموکراتی کوردستان (21) کوردسی،
-    یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (8) کوردسی،
-    نەوەی نوێ (8) کورسی،
-    یەکگرتووی ئیسلامی (4) کوردسی،
-    کۆمەڵی دادگەری (2) کوردسی،
-    بزوتنەوەی گۆڕان (1) کوردسی بەدەست دەهێنن.

خشتەی ژمارە (2)

خشتەی ژمارە (4)

سێیەم؛ کاریگەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن لە سەر پارتە کوردییەکان (ئەنجامی دوا هەڵبژاردن - گریمانەیی)
ئەگەر چی لە بەشی دووەمی ڕاپۆرتەکەدا گرفتی ئەوە دروست دەبێت کە بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان ئەو ژمارە دەنگەی بەدەستیان هێناوە بە دەنگی دروستی خۆیان نەزانن، چونک بەپێی سیستمی هەڵبژاردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران پارێزگاکان دابەشی سەر چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن کرابوون، بەشیک لەو لایەنە سیاسییانە لەسەرجەم بازنەکانی هەڵبژاردن نوێنەرایان نەبووەو دەنگیان پێ نەدراوە لەم بەشەدا گریمانەی ئەوەمان کردووە کە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان لەسەرجەم بازنەکان پاڵێوراویان هەبوایە.
"بۆ نمونە بزوتنەوەی گۆڕان لە پارێزگای هەولێر تەنها لە (2) بازنەی هەڵبژاردن پاڵێوراوی هەبوو لە (2) بازنەکەی دیکە هیچ پاڵێوراوێکی نەبووە بۆیە لە پارێزگای هەولێر دەنگەکانی لێدانی (2) کراوە" بە هەمان شێوە بۆ سەرجەم لایەنەکانی دیکە ئەوەمان کردووە، جگە لەوەی بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی دادگەری لە پارێزگای دهۆک هیچ پاڵێوراوێکیان نەبووە بۆیە هیچ دەنگێکیان لەو بازنەیە بۆ هەژمار نەکراوە، بەم پێیەش.
1.    پارێزگای هەولێر؛ بڕوانە خشتەی ژمارە (6)
-    پارتی دیموکراتی کوردستان (9) کوردسی،
-    یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (2) کوردسی،
-    نەوەی نوێ (3) کوردسی،
-    کۆمەڵی دادگەری (1) کوردسی بەدەست دەهێنن.
2.    پارێزگای سلێمانی؛ بڕوانە خشتەی ژمارە (7)
-    پارتی دیموکراتی کوردستان (2) کوردسی،
-    یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (5) کوردسی،
-    نەوەی نوێ (5) کورسی،
-    یەکگرتووی ئیسلامی (2) کوردسی،
-    کۆمەڵی دادگەری (3) کوردسی،
-    بزوتنەوەی گۆڕان (1) کوردسی بەدەست دەهێنن.
3.    پارێزگای دهۆک؛ بڕوانە خشتەی ژمارە (8)
-    پارتی دیموکراتی کوردستان (7) کوردسی،
-    یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (1) کوردسی،
-    یەکگرتووی ئیسلامی (3) کوردسی بەدەست دەهێنن.
پاڵپشت بە دەنگی "گریمانەیی" لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەیڕەوکردنی سیستمی "سانت لیگۆی هەموارکراو" کۆی کورسییەکان لەسەر ئاستی پارێزگاکانی بەم شێوەیە دەبێت کە لە خشتەی ژمارە (9)دا رونکراوەتەوە.
-    پارتی دیموکراتی کوردستان (18) کوردسی،
-    یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (8) کوردسی،
-    نەوەی نوێ (8) کورسی،
-    یەکگرتووی ئیسلامی (5) کوردسی،
-    کۆمەڵی دادگەری (4) کوردسی،
-    بزوتنەوەی گۆڕان (1) کوردسی بەدەست دەهێنن.
   

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand