توركیا گەشتە ئاسمانیەكانی بەرووی سلێمانیدا داخست
2023-04-03 20:56:28
درەو:
توركیا گەشتەكانی بەڕووی ئاسمانی سلێمانیدا داخست، ئەنقەرە نیگەرانە لە هەڵوێستەكانی ئەم دوایەی بافڵ تاڵەبانی، پێشتر لە رێگەی دیبلۆماسیەوە نیگەرانییەكانیان گەیاندووە.
بەپرسانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رایانگەیاند" ئێوارەی ئەمڕۆ لەلایەن كۆمپانیای توركیش ئێرلاینەوە ئاگاداركراونەتەوە كە ئەو گەشتانەیان كە بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییە و كاتژمێر 10ـی شەو بوو، تاوەكو كۆتایی مانگ راگرتووە، ئەو گەشتەی دیكەیان كە چواری بەرەبەیان بوو تاوەكو 5ـی ئەم مانگە رادەگیرێن".
ئەمە دووەمجارە توركیا گەشتەكانی لەگەڵ ی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رادەگرێت پێشتریش لەدوای ریفراندۆمەكەی 2017 ی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە 29/9/2017 حكومەتی عێراق بڕیاری راگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەكانی هەرێمی كوردستان و، لە تەمووزی 2018 توركیا گەمارۆی سەر فڕۆكەخانەی هەولێری هەڵگرت بەڵام درێژەیدا بە گەمارۆكە لەسەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی تا 26/1/2019 ئەویش بەهۆی تێبینی توركیا لەسەر ناوچەی جێنفوزی یەكێتی كە بە پشتیوانی هێزە كوردیەكانی باكور و رۆژئاوای كوردستان تۆمەتباری دەكردن.
بەپێی زانیاری و بەدواداچوونەكانی (درەو) بەشێك لە هۆكاری راگرتنی ئەمڕۆی گەشتەكانی توركیا بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی سیاسیەو پەیوەندی بە هەڵوێستەكانی ئەم دوایەی بافڵ تاڵەبانیەوە هەیە.
سەرچاوەیەكی باڵا بە (درەو)ی راگەیاند چەند رۆژی رابردوو توركیا لە رێگەی دیپلۆماسیەوە نیگەرانیەكانی خۆی بە یەكێتی گەیاندووە لەسەر هەڵوێستەكانی یەكێتی و بافڵ تاڵەبانی.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی بە (درەو) وت: توركیا زۆر نیگەران بووە لە پەیامەكەی بافڵ تاڵەبانی كە لە نەورۆزی ئەمساڵ لە ئامەدی باكوری كوردستان پەخشكراو داوای ئازادكردنی گیراوانی دەكرد، نیگەرانە لە پەیامەكەی بافڵ تاڵەبانی كە داوای كرد نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی سۆمۆوە بفرۆشریًَت، نیگەرانە لە جوڵەو سەردانەكانی بۆ رۆژئاوای كوردستان و پشتیوانی لە رۆژئاوان بەتایبەت نیگەران بوو لەو هێلی كۆپتەرانە لە ئامێدی كەوتنە خوارەوە پشتڕاست كرایەوە كە لەلایەن یەكێتیەوە ئەو هێلیكۆپتەرانە دراون بە رۆژئاوا.
بۆیە چاوەڕوان دەكرێت توركیا وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر بە هەڵوێستەكانی یەكێتی گەشتەكانی بەرووی سلێمانیدا دابخات.