Draw Media

پەیمانگای واشنتۆن: ناكۆكیەكانی پارتی و یەكێتی سەنگی هەرێمی لای ئەمریكا لاوازكردووە

پەیمانگای واشنتۆن: ناكۆكیەكانی پارتی و یەكێتی سەنگی هەرێمی لای ئەمریكا لاوازكردووە

2023-04-05 10:43:35


درەو:
پەیمانگای واشنتۆن:
🔹وێرای سی ساڵ  لەكۆمەڵێك دەستكەوتی دیار, بەڵام هەوڵە بێوچانەكانی حكومەتی هەرێم بۆ بەدیهێنانی ئابوری سەربەخۆ هیچ نەبوو, جگە لەقوڵكردنەوەی ناكۆكییە ناوخۆییەكان و دەسەڵاتە كلیبتۆكراسیەكەی (دەسەڵاتی چەتەكان) و گواستنەوەی پاشكۆیەتیەكەی لەعێراقەوە بۆ توركیاو پشتبەستن بەهاوكاری دەرەكی و داهاتەكانی نەوت.
🔹كوردستانی عێراق ڕوبەڕوی كۆمەڵێك ئاستەنگی دەرەكی بووەتەوە, كە دیارترینیان فشاری یاسایی و دارایین لەلایەن بەغدادو هەڕەشەی هێرشی ئێران و توركیا, بەڵام هەڕەشەی ڕاستەقینە لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان دەرەكی نیە.
🔹دوای (30)ساڵ لەدامەزراندنی و (20)ساڵ لەهێرشی ئەمریكا, حكومەتی هەرێم دیدیگایەكی ڕوونی نیە بۆ ئایندەی, وێڕای ئەوەی لەبەردەم تەقینەوەی ناوخۆیدایە بەهۆی نادڵنیایی لەدۆخی ئابوری و دابەشبونی سیاسی و دامەزراوە لاوازەكانی.
🔹كورد خەباتی لەسەر بنەمای ستەملێكراوی بنیادناوە, وەك كەمینیەكی چەوساوە لەپێناو بەدیهێنانی ئۆتۆنومی, دەسەڵاتدارانی كورد شەرعیەتیان لەڕێی بەرگریكردن لەمافەكانی كوردەوە بەدەستهێناوە, بەڵام لەدوای هەڵبژاردنی ساڵی (1992)وە, ئەم شەرعیەتە شۆڕشگێڕیە ڕێگەی بۆ شەرعیەتی دیموكراسی خۆشكرد.
🔹هەڵبژاردن, یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانی هێنا بۆ دەسەڵات, لەو كاتەوە هەردوو حزبەكە وابەستەبونێكی توندوتۆڵیان هەیە بە خێزانەوە, خانەوادەی تاڵەبانی یەكێتی بەڕێوەدەبەن و خانەوادەی بارزانیش(نەوەی دووەم و سێیەمیان) بەدوای یەكدا دەسەڵات دەگرنە دەست.
🔹شەڕی ناوخۆ بووە هۆی لەقكردنی متمانەی هەردوو حزبەكە, ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیان وەك دوو ناوچەی دەرەبەگایەتی دابەشبكەن, كە تائەمڕۆش بەردەوامە.
🔹لەم ساڵانەی دوایدا, لەناو خێزانە دەسەڵاتدارەكانی كوردستانی عێراق ناكۆكی دەركەوت, كە هاوكات بوو لەگەڵ لاوازبونی حزبەكانیان, دوای مردنی تاڵەبانی كوڕە گەورەكەی و ئامۆزاكەی دەسەڵاتی حزبەكەیان گرتە دەست, لەنێوان ئامۆزاكان ناكۆكی سەریهەڵدا, باڤڵ تاڵەبانی لاهوری ئامۆزای دورخستنەوە.
🔹لەلایەنی بارزانیەكانیش, ململانێكان لەسەر دەسەڵات وردە وردە سەر دەردێنن لەنێوان ئامۆزاكان, كە ئەوە ڕەنگە تەنها كێشە بۆ یەكگرتووی پارتی دیموكراتی كوردستان دروستنەكات, بەڵكو ڕەنگدانەوەی بۆ كۆی حكومەتی هەرێم و دامەزراوەكانیشی دەبێت.
🔹گەندەڵی و نالێهاتویی لەدامەزراندن, كەرتی گشتی شێواندووە, لەگەڵ بونی هەزاران فەرمانبەری وەهمی و دوو مووچەو خانەنشینی ناشایستە, لەكاتێكدا كەرتی تایبەتیش لەلایەن ئەندامانی خێزانە دەسەڵاتدارەكانی كوردستانەوە خاوەنداری دەكرێن. 
🔹ناكۆكی قوڵی سیاسی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان, سەنگی هەرێمی كوردستانی لەلای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كەمكردووەتەوەو هەژمونیشی لەبەغداد لاوازكردووە. 
🔹لەسەرەتای جەنگی داعشەوە, ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا موچەو ڕاهێنانی پێشكەش بەهێزەكانی پێشمەرگە كردووە, لەبەرامبەر بەڵێنی یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە لەژێر چەتری حكومەتی هەرێمی كوردستان, بەڵام پارتی و یەكێتی دەستبەرداری كۆنترۆڵكردنی هێزی پێشمەرگە نابن. 
🔹بەشێوەیەكی گشتی, ناوبانگی حكومەتی هەرێم تووشی داخوران بووە لەهەڵسەنگاندنی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤدا.
🔹بەهۆی شەڕی ناوخۆ و ناكۆكییە ناوخۆییەكانەوە لەنەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو, هەڵبژاردن تا ساڵی (2005)ئەنجامنەدرا, بەواتای (13)ساڵ دوای ئەنجامدانی یەكەم هەڵبژاردن, بەدواشیدا هیچ هەڵبژاردنێك لەكاتی خۆیدا نەكراوە, بەردەوام دوای دواخستنێكی زۆر ئەنجامدراوە. 
🔹لەگەڵ ئەوەی لەساڵی (2015)ویلایەتی سەرۆك مەسعود بارزانی كۆتایهات, بەڵام پۆستەكەی جێنەهێشت تاساڵی (2017), كە بووە هۆی داخستنی پەرلەمان بۆ ماوەی دوو ساڵ, لەپێناو درێژكردنەوەی ماوەی ویلایەتەكەی, بۆیە سەیر نیە كە بەردەوام ڕێژەی بەشداری هاوڵاتیان لەهەڵبژاردنەكانی كوردستان بەشێوەیەكی بەرچاو كەمدەبێتەوە.
🔹لەگەڵ قوڵبونەوەی ناكۆكی كوردو باشبونی دۆخی ئەمنیی لەسەرانسەری عێراق, پارسەنگی هێز كە پێشتر لەبەرژوەندی هەرێمی كوردستان بوو, ئێستا لەبەرژوەندی بەغدادە.
🔹لەدوای ڕیفراندۆمەكەوە, سەركردەكانی هەرێمی كوردستان ناكۆكییان هەیە لەبارەی تێڕوانین بۆ عێراق و پلانی ڕزگاكردنی كەرتی وزەی گەمارۆدراویان. 

ئەم بابەتە بەشێكە لەڕاپۆرتێكی بنكۆڵكاری, كە پەیمانگای واشنتۆن بڵاویكردووەتەوەو لەلایەن بیلال وەهاب-وە ئامادەكراوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand