توركیا بە (درۆن) پەیامێكی بۆ سلێمانی نارد
2023-04-07 15:55:59
(درەو):
دوای سێ رۆژ لە راگرتنی ئاسمانی خۆی بەڕووی سلێمانیدا، توركیا لەرێگەی (درۆن)ێكو لە كاتی گەڕانەوەی بەرپرسێكی باڵای رۆژئاوای كوردستاندا، هێرشێكی لەنزیك فڕۆكەخانەی سلێمانی ئەنجامدا.
ئێوارەی ئەمڕۆ لە نزیك فڕۆكەخانەی سلێمانی هێرشێكی موشەكیی روویدا. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، هێرشەكە لەنزیك كارگۆی فڕۆكەخانە روویداوە، فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان (درۆن) موشەكێكی ئاڕاستەی شوێنەكە كردووە.
(درەو) زانیویەتی، هێرشەكە لەكاتێكدا روویداوە، بەرپرسێكی باڵای رۆژئاوای كوردستان دوای چەند رۆژێك مانەوەی لە سلێمانی، بەنیازی گەڕانەوە بووە بۆ رۆژئاوا. هێرشەكە هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتەوە، بەرپرسە باڵاكەی رۆژئاوای كوردستان بە فڕۆكەیەكی ئەمریكییەكان گەڕایەوە.
سەرچاوە ئاگادارەكان كە (درەو) قسەی لەگەڵدا كردوون، گومان دەكەن فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكە توركی بێتو هێرشەكە تەنیا وەكو پەیامێك بێت بۆ ئەوەی توركیا ئاگاداری سەردانی ئەو بەرپرسە باڵای رۆژئاوای كوردستانە بۆ شاری سلێمانی، بەڵام بەهۆی ئەمریكییەكانەوە نەیانویستووە بیكەن بە ئامانجی هێرشەكە.
ئەم هێرشە لەكاتێكدا روویدا، ماوەی سێ رۆژە توركیا ئاسمانی وڵاتەكەی بەڕووی گەشتەكاندا بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی راگرتووە، دەسەڵاتدارانی توركیا بە فەرمی باسلەوە دەكەن نیگەرانن لە جموجوڵی هێزەكانی باكورو رۆژئاوای كوردستان لە سنوری سلێمانی.
بەمدواییە كەوتنەخوارەوەی دوو هێلیكۆپتەر لە سنوری پارێزگای دهۆك، توركیا توشی نیگەرانییەكی نوێ كرد سەبارەت بە پەیوەندییەكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستانو هێزەكانی رۆژئاوای كوردستان، ئەو فڕۆكانەی كەوتنەخوارەوە ژمارەیە فەرماندەو ئەفسەری هێزی دژەتیرۆری رۆژئاوایان هەڵگرتبوو، بەرێگاوە بوون بۆ شاری سلێمانی.
توركیا سەرباری ئەوەی لەرێگەی داخستنی گەشتە ئەسمانییەكانەوە دەیەوێت سزای یەكێتیی بدات وەكو دەسەڵاتداری سنوری سلێمانی، هاوكات خۆشی ناوبەناو لەرێگەی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانو تەقەكردنەوە لەناو شارەكان، ئەندامانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە سنوری سلێمانی دەكاتە ئامانج و ئهمه جاری یهكهم نییه درۆنهكانی توركیا له سنوری سلێمانی كاردهكهن.