ئایا کۆتایی بە داعش هاتووە؟
2019-03-27 18:10:46
راپۆرتی: سەڵاح خدر
کۆتایی هاتنی مەیدانی داعش لە ڕۆژهەڵاتی فرات واتای تێکچوونی ئەو خەلافەتەیە کە لە هەزاران کیلۆمەتری نێوان ڕۆژهەڵاتی سوریا تا باکوری عێراق بەهێندەی روبەری وڵاتی بەریتانیا خۆی تێدا ڕاگەیاندبوو.
گەرچی باغۆز بەواتای کۆتایی یەکجارەکی داعش نایەت، بەڵام دەسەڵاتی چەکداری ئەو گروپە تیرۆریستیە لەسەر زەمینی سوریا و عێراق کۆتایی هات، وەلێ هێشتاش لەڕووی چەکداریەوە لەچەند خاڵێکی دابڕاو لە یەکتر ماون و لە ڕووی زهنیشەوە لەژیاندان، ساڵانێک بۆ کۆتاییهێنانی بەو زهنیەتە مەترسیدارە پێویستە.
داعش لەکوێ ماوە؟
داعش لەگەڵ هاتنیدا کلتورێکی مەترسیدار و قێزەونی ئاواکرد و لەدوای خۆی بەجێیهێشتووە کە خۆی لە خۆکوژی و سەربڕین و ڕەوایەتیکردنی کۆمەڵکوژی و کین و نەفرەت لە نێوان پێکهاتە و ئاینەکاندا دەبینێتەوە، سڕینەوەی ئەو کلتوورەش لەڕووی دەرونی و کۆمەڵایەتی و هتد... زەمەنێکی دەوێت، بۆیە قۆناغەکانی تێکۆشانی داهاتوو بەرامبەر کلتووری داعش دوژوارتر دەبێت.
ڕاستە داعش لەڕووی مەیدانیەوە لە ڕۆژهەڵاتی فرات کۆتایی هاتووە، وەلێ بەشێوازێکی پچڕ پچڕ لە ڕۆژئاوای فرات لە چیاکانی ئەبو رجمینی نێوان حمس و دێرەزۆر، لە بادیەی سوریا و ناوچەکانی تەنەف و سوخنە و ڕیفی شەرقی سوەیدا ماون، هەروەها گروپە چەتە هاوفکرەکانی داعش بەناوی پەسەوانانی دین کەلە پارێزگای ئیدلبن هێشتا هێزن.
لە عێراقیش شانەکانیان لە چیاکانی مەکحولی بێجی و زنجیرە چیای حەمرین و جەزیرەی غەربی سەلاحەدین دەگەڕێن، ژمارەیەکیشیان لەناوچەی ئەنبار لە ڕومادی و وادی حوران و وادی قەزەف چالاکن، جگە لەو جێگایەنە شانە نوستوەکانیان لە موسڵ و زۆربەی ناوچە سنوریەکانی سوریا و عێراق بوونیان هەیە.
ئەو شانانە لەڕێی هێزە ئیستغباراتیە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکانەوە دەجوڵێندرێن، هێرشەکەی ئەم دواییەی منبیج کە بووە هۆی شەهیدبوونی ٧ شەرڤان، نیشانەی ئەو ڕاستیەیە.
لەلایەکی دیکەوە بەپێی چەندین ڕاپۆرتی هەواڵگری سەری مارەکە ئەبوبەکر بەغدادی خەلیفەی داعش و زۆرێک لە ئەمیرەکانی دیکە هێشتا زیندوون و لەنێوان عێراق و سوریادا دەگەڕێن، تا ئەوانیش زیندوو مابن ناتوانین بڵێن مەترسیەکان ڕەویونەتەوە.
بەپێی بۆچوونی شارەزایانی سەربازی لە پنتاگۆن ئەگەر ئۆپەراسیۆنەکان بۆ پاککردنەوەی تەواوی ئەو ناوچانە لە داعش بەردەوام نەبێت، بۆی هەیە لە ماوەی ساڵێکدا جارێکی دیکە بێنەوە مەیدان، ئەمەش پاڵنەربوو کە ترامپ ناچار بکەن سەربازەکانی لە بنکەی تەنەفی سنوری عێراق – سوریا بهێڵێتەوە، بەڵام بوونی ٤٠٠ سەرباز وەک خۆیان دەڵێن، ناتوانێت ئاسایشی ناوچەیەکی وەها بەرفراوان لە هەڕەشەی داعش و تورکیا و ئەسەد و گروپەکانی دیکە بپارێزێت.
زیاتر لە ئەمەریکا پێویستە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەرکەکانی خۆی تا کۆتایی بەجێبهێنێت.
گیراوەکانی داعش
لەلایەکی دیکەوە هەزاران گیراوی داعش و ژن و نەوەکانیان کە خەڵکی زیاتر لە ٤٠ وڵاتن لای شەرڤانان دیلن، تا ئێستاش زۆربەی وڵاتان ئامادەنین ئەوانە بگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکانیان و خاوەنداریان لێناکەن، پرسیار ئەوەیە کە ئەوانە چیان بەسەر دێت؟ دەبێت چیان لێبکرێت؟ بێشک ئەوانە بۆمبێکن کەلە هەموو ئان و ساتێکدا ئەگەری تەقینەوەیان هەیە، چونکە زۆربەیان پەشیمان نین لەوەی لەناو داعش بوون و لەسەر ئەو باوەڕە مەترسیدار و وەحشیگەریەی خۆیان سوورن.
ئەردۆغان بەڕەسمی داوای لە دۆناڵد ترامپ کردووە کە ئەو چەتانە تەسلیمی ئەوان بکەن گوایە دەتوانن لای خۆیان زیندانیان بکەن، بەڵام نیازی ئەردۆغان لە گرتنە خۆی ئەو تیرۆریستانە ئاشكرایە کە بۆ ئەوەیە تا جارێکی دیکە دژ بە گەلی کورد و گەلانی ناوچەکە و ئەوروپا بەکاریان بهێنێتەوە، بەڵام نە ئەمەریکا و نە هێزەکانی سوریای دیموکراتی ناتوانن ئەوانە ڕادەستی تورکیا بکەن، هەربۆیە چارەسەر ئەوەیە کە هەر وڵاتێک هاوڵاتیەکانی خۆی وەربگرێتەوە یاخود وەک مەجلیسی سوریای دیموکراتی داوای کردووە، دادگایەکی نێودەوڵەتی یان بۆ دابمەزرێت، لەو دادگایەشدا زۆر ڕاستی ئاشکرا دەبێت، بەتایبەتی هاوکاریەکانی تورکیا و قەتەر بۆ داعش و تاوانەکانی ئەو دەوڵەتانە بەرامبەر گەلانی ناوچەکە، ئەگەر ئەو تیرۆرستانە لەدادگایەکی وەهادا دادگایی بکرێت، ئەوا حەتمەن دەبێت جێگەیەک بۆ مانەوەشیان دیاری بکرێت، چونکە مانەوەیان لە ڕۆژئاوای کوردستان مەحاڵە.
سەرکەوتنەکانی باغۆز بەپێشەنگی کوردان
شتێکی بۆمن جێگەی سەرنجە هەڵوێستی حکومەتی ئەڵمانیایە کە بەهۆی نزیکی و هاوپەیمانی لەگەڵ تورکیا جگە لەوەی ئامادە نییە هاوڵاتیە داعشەکانی خۆی وەربگرێتەوە، پێچەوانەی وڵاتانی دیکەی ئەوروپا و ئەمەریکا سەرکەوتنی باغۆزی تەنها وەک پڕۆسەیەکی گرنگ نیشاندا و بەیەک وشەش ناوی هەسەدەی نەهێنا، چونکە شادەماری هەسەدە شەرڤانانی یەپەگە و یەپەژەی کوردن کە پێشەنگایەتی ئەو سەرکەوتنەیان کردووە، جگە لەوەش لەڕابردوودا ئەڵمانیا بەتەنسیق لەگەڵ تورکیا ئاسمان و ڕێسمانی وڵاتەکەی بۆ هەناردەکردنی چەتەکانی داعش لە ئەوروپاوە بەرەو سوریا واڵا کردبوو، هەربۆیە دوودڵیەک لە سیاسەتی ئەڵمانیا بەدی دەکرێت.
دەبێت ئەو ڕاستیە وەک خۆی ببینێرت، سەرکەوتنی باغۆز و کۆتایی هێنانی مەیدانی چەتەکانی داعش و سەرکەوتنی هەموو گەلان و پێکهاتەکانی سوریا و ئازادیخوازە ئەنتەرناسیۆنالەکانە، وەلێ لەسەرو هەموویەوە سەرکەوتنی مەزنی گەلی کوردە چونکە کورد پێشەنگایەتی تێکشاندنی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی کردووە.
بێدەنگی هەرێم لەسەرکەوتنی هێلی ئاپۆیی
دەبێت دان بەو ڕستیەدا بنێین، ئەگەر پێشەنگایەتی کوردان لە ڕۆژئاوای کوردستان و هێڵی بەرگری و بەرخۆدانی ئازادیخوازی شەرڤانانی (ئاپۆیی) نەبوایە، دڵنیام وەک موسڵ و شەنگال، داعش هەولێر و کەرکوکیشی داگیر دەکرد، پیلانەکەش هەر وابوو، لە داگیرکردنی مەخموور و نزیک بوونەوە لە هەولێر و کەرکوک و دەیان شەهید و برینداری گەریلا هاوشانی بەشێک لە پێشمەرگەکان بینی، کەواتە کۆتایی داعش لەسەر دەستی هێڵی بەرخۆدانی ئاپۆیی مەترسی داگیرکاری و کۆمەڵکوژی لەسەر باشووری کوردستانیش دوورخستەوە، ئیدی دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستانیش وەک ساڵح موسلم دەیگوت"وڵات بەوڵات دەگەڕان تا شەرڤانان و ستاتۆی ڕۆژئاوای کوردستان بەناشەرعی و تیرۆریست بناسێنن" خەندەقیان بەڕوودا لێدەدان و گەمارۆیان دەخستە سەریان، لەڕێی چەتەگەلێکی وەک ئەنەکەسە و پێشمەرگەی ڕۆژ تیرۆریان لە ڕۆژئاوا بڵاودەکردەوە و ئێستاش ئامادەنین ئەو سەرکەوتنە پیرۆز بکەن، ناتوانن ئەو ڕاستیە نەبینن.
ئاواکردنی بەرەیەکی نەتەوەیی نشتیمانی
ئێستا هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە نمونەن بۆ سوپایەکی یەکگرتووی نەتەوەیی – نشتیمانی کوردی، وەک چۆن شەرڤان و گەریلا و پێشمەرگە لە یەک سەنگەردا جەنگاون، ئێستاش پێویستە لەژێر چەترێکدا سوپایەکی وەها دروست بێت، زەمینە و هەلومەرجیش بۆ ئەوە لەبارە، سەردەم سەردەمی کوردانە، ئیدی پێویستە پەرتەوازەیی و یەکتر قبوڵ نەکردن نەمێنێت، لەدوای داعش دەبێت کورد خاوەن سیاسەت و دبلۆماسیەتێکی هاوبەش بێت تا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا نوێنەرایەتی و دەمڕاستی کوردان بکات، بەسەرکەوتنی باغۆز ستاتۆ و خۆسەری دیموکراتی ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا لە جیهاندا بەفەرمی دەناسرێت و دانی پێدادەنرێت.
هێشتا هەڕەشەی دەوڵەتی تورکیا و ئەردۆغان لەسەر تەواوی کوردستان بەتایبەت باشوور و ڕۆژئاوا ماوە، وشەی کوردستان و سەربەخۆی کورد لە فەرهەنگی سیاسی تورکیا جێگەی نیە، ئێستا ئەردۆغان لە ڕووی سیاسی و ئابووریەوە باشووری داگیرکردووە و سیاسەتی هاوبەشیشیان لەگەڵ ئێران دژ بە پرسی کوردان هەیە خۆی لە خۆیدا ئێران لە سوریا حاکمە و لە عێراق و بەشێکی مەزنی باشووری کوردستانیش خاوەن بڕیارە، کەواتە مەترسیەکان بەئاشکرا لەسەر کوردستان ماون، هەربۆیە پێویستە بە ڕوحی کۆبانێ تێکۆشانی هاوبەشی کوردان بەڕێوەببرێت و ڕوبەڕووی تەحەداکانی داهاتوو ببنەوە.
هەرە گرنگە گەلە کە هۆشیاربن و نەکەونە ژێر کاریگەری سیاسەتی ئابوری پەرستی و بەرژەوەندی خوازی هەندێک حزب و لایەن، دەبێت بەرژەوەندی نەتەوەیی نشتیمانی لەپێش هەرشتەوە ببینن.