Draw Media

وردەكاری پرۆژەكەی پارتی و گۆڕان 

وردەكاری پرۆژەكەی پارتی و گۆڕان 

2019-03-28 15:20:53


راپۆرت: نامیق رەسوڵ- محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
پارتی دیموكراتی كوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕان چۆن ساڵی رابردوو پێكەوە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمیان هەڵپەسارد، ئێستاش پێكەوە دامەزراوەكە كارا دەكەنەوە. 
پارتی‌و گۆڕان پرۆژە یاسایەكیان بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد.
پرۆژەكەی پارتی‌و گۆڕان ئیمزای (68) پەرلەمانتاری لەسەرە، واتە دەنگی (11) پەرلەمانتارەكەی كۆتایی كەمینەكانی لەگەڵدایە.
رۆژی 29ی ئۆكتۆبەری 2017 مەسعود بارزانی دوای (12) ساڵ سەرۆكایەتی، لە پۆستی سەرۆكی هەرێم كشایەوە، بەپێی یاسایەك دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم دابەشكرا بەسەر سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی حكومەت‌و دەسەڵاتی دادوەریدا، بەپێی یاسایەكی تریش كارەكانی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم هەڵپەسێردرا.
(درەو میدیا) دەقی پرۆژەیاسا هاوبەشەكەی پارتی‌و گۆڕانی دەستكەوتووە، پرۆژەكە لە (8) ماددە پێكهاتووە‌و ناوی "پێشنیازی یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان- عێراق‌و هەمواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك تا پەسەندكردنی دەستور"ی لێنراوە.
بەشێوەیەكی گشتی پرۆژەكە خۆی لەم خاڵانە دەبینێتەوە:
•    یاسای هەڵپەساردنی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان- عێراق ژمارەی (10)ی ساڵی 2018 هەڵدەوەشێتەوە‌و دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارادەكرێتەوە
•    یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم بەسەر دامەزراوە دەستورییەكانی هەرێم ژمارەی (2)ی ساڵی 2017 هەڵدەوەشێتەوە
•    پەرلەمانی كوردستان سەرۆكێك بۆ هەرێم هەڵدەبژێرێت بەو دەسەڵاتانەی كە لە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمدا هەیە تاوەكو پەسەندكردنی دەستور (واتە سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتەكانی وەكو خۆی دەمێنێتەوە كە پێشتر بزوتنەوەی گۆڕان داوای كەمكردنەوەی دەكردن، هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمیش لەناو پەرلەمان بۆ یەك خولە‌و گەرەنتی نەكراوە سیستمی حوكمڕانی هەرێم بكرێت بە پەرلەمانیی).
•    ماوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی ویلایەتی پەرلەمان كۆتایی دێت
•    دوای سێ رۆژ لە دەرچوونی ئەم یاسایە (واتە پەسەندكردنی لە پەرلەمان)، دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم دەكرێتەوە
•    ئەوانەی دەیانەوێت خۆیان بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم كاندید بكەن، دەبێت لەماوەی سێ رۆژدا دوای كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن سیڤی خۆیان پێشكەش بكەن
•    دوای دوو رۆژ لە داخستنی دەرگای خۆپاڵاوتن، سەرۆكایەتی پەرلەمان ناوی ئەو پاڵێوراوانە رادەگەیەنێت كە مەرجی یاساییان تێدایە 
•    هەر كەسێك لەوانەی داواكارییان پێشكەشكردووە بۆ خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، ئەگەر ناویان وەكو كاندید لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە رانەگەیەندرا، دەتوانن دوو رۆژدا لە رێككەوتی راگەیاندنی ناوی كاندیدە پەسەندكراوەكانەوە، لە دادگای تێهەڵچوونەوە تانە تۆماربكەن، دادگا لەماوەی (2) رۆژدا بڕیاری كۆتایی دەدات
•    سەرۆكی هەرێم بەدەنگدانی ئاشكرا هەڵدەبژێردرێت (واتە پەرلەمانتاران بە ئاشكرا دەستبەرزدەكەنەوە، نەك بەشێوەی نوسین‌و دەنگدانی نهێنی، پارتی لێرەدا گرەنتی لە هاوپەیمانەكانی وەرگرتووە كە دەنگ بە كاندیدی سەرۆكی هەرێم دەدەن- نێچیرڤان بارزانی).
•    دوای سێ رۆژ لە وەڵامدانەوەی تانەكان لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوەوە، سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەماندا بە زۆرینەی رەهای دەنگ هەڵدەبژێردرێت واتە دەنگی (50+1)ی پەرلەمانتاران، كە لە كۆی (111) كورسییەكەی پەرلەمان دەكاتە دەنگی (56) پەرلەمانتار.
•    ئەگەر چەند كاندیدێك هەبێت بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم‌و كەسیان دەنگی پێویست بەدەستنەهێنن، جارێكی تر دەنگدان دەكرێتەوە‌و ئەمجارە كێبركێ لەنێوان ئەو دوو كاندیدەدا دەبێت كە لە خولی یەكەمی دەنگداندا زۆرترین دەنگیان هێناوە، لەم قۆناغەدا سەرۆكی هەرێم تەنیا بە زۆرینەی دەنگ هەڵدەبژێردرێت، واتە ژمارەی دەنگەكان دیاریكراو نییە‌و هەركامیان دەنگی زۆرتری هێنا دەبێت بە سەرۆكی هەرێم.
•    ئەگەر تەنیا یەك پاڵێوراویش هەبوو، كاندیدەكە بە زۆرینەی دەنگ هەڵدەبژێردرێت.

چی دەگۆڕێ ؟
دیاترین گۆڕانكاری كە پارتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان لە پرۆژەكەیاندا بۆ كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم كردوویانە بریتییە لە:  
•    هەمواركردنی ئەو بڕگەیەی یاساكە كە دەڵێ "سەرۆكی هەرێم لەناو خەڵكەوە هەڵدەبژێردرێت"، واتە دەگەڕێنەوە بۆسەر دەقی پرۆژەكەی ساڵی 2005 كە دەڵێ "سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەماندا هەڵدەبژێردرێت"، هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە لە پرۆژەكەی پارتی‌و گۆڕاندا نەچەسپێندراوە، بەڵكو تەنیا بۆ یەك خولە.
•    یەكێك لە گۆڕانكارییەكان كە بەپێی پرۆژەكەی گۆڕان‌و پارتی لە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمدا دەكرێت، بریتییە لە دیاریكردنی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم، لە پرۆژەكەدا ویلایەتی سەرۆكی هەرێم بۆ یەك خول دیاریكراوە، واتە لەگەڵ تەواوبوونی خولی پەرلەمانی كوردستان تەمەنی یاسایی سەرۆكی هەرێمیش كۆتایی دێت (واتە لێرەشدا ژمارەی ویلایەتەكانی سەرۆك دیارینەكراوە‌و نێچیرڤان بارزانی بۆی هەیە ئەگەر دەستور پەسەند نەكرێت، بۆ چەندین جاری تۆ خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم هەڵبژێرێت).

پرۆژەكانی تر
بەپێچەوانەی مشتومڕەكانی ساڵی 2015 لەسەر هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم كە ئەوكات هەریەكە لە پارتی‌و یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی‌و یەكگرتووی ئیسلامی‌و یەكێتی نیشتیمانی پرۆژەیەكی تایبەت بەخۆیان هەبوو بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی، ئەمجارە جگە لە (كۆمەڵی ئیسلامی)‌و (جوڵانەوەی نەوەی نوێ)، هیچ لایەنێكی تر پرۆژەی دژ بەو پرۆژەیاسایە نییە كە پارتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان پێكەوە پێشكەشی پەرلەمانیان كردووە.
پرۆژەكەی كۆمەڵ‌و نەوەی نوێش لە سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە نەنێردراوە بۆ لیژنەی یاسایی، واتە پەراوێز خراوە.
یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش كە ئێستا لەگەڵ پارتی لە ناكۆكیدایە، هیچ پرۆژەیەكی بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم نییە‌و دەیەوێت رۆڵەكەی خۆی لە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمدا لە 30ی حوزەیرانی ساڵی 2013 بە بزوتنەوەی گۆڕان بگێڕێت، تاوەكو لەو رێگەیەوە تۆڵەی مێژوویی لە گۆڕان بكاتەوە كە رۆژگارێك ئەو بزوتنەوەیە لەبارەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمەوە تانەی لە یەكێتی دەدا.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) ئێستا دوو بۆچوون لەناو یەكێتیدا هەیە لەبارەی پرسی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم، هەندێك داوا دەكەن یەكێتی بەشداری لە كۆبونەوەی پەرلەمان بكات‌و پرۆژەو كاندیدی خۆی هەبێت بۆ سەرۆكایەتی هەرێم، هەندێك تر داوا دەكەن خۆی ببوێرێت لەبەشداریكردن لە كۆبونەوەكانی پەرلەمان‌و كاراكردنەوەی ئەو دامەزراوەیە بۆ پارتی‌و گۆڕان بەجێبهێڵێت.
بەشێوەیەكی گشتی یەكێتی قایلە بە كەمبونەوەی پشكەكانی لە حكومەت بەرامبەر بە خۆبەدورگرتن لە كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم (درەو میدیا پێشتر لەوبارەیەوە راپۆرتی بڵاوكردەوە).

دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم !
دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم كە لە پرۆژە هاوبەشەكەی پارتی‌و گۆڕاندا وەكو خۆی دەمێنێتەوە كە زیاتر لە (20) دەسەڵاتە‌و بریتین لەم دەسەڵاتانەی خوارەوە:
•    سەرۆكی باڵای دەسەڵاتی راپەڕاندنە
•    فەرماندەی گشتیی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانە
•    ئەگەر پەرلەمان نەتوانێ كۆببێتەوە، سەرۆكی هەرێم بە راوێژ لەگەڵ سەرۆكی حكومەت‌و سەرۆكی پەرلەمان دەتوانێت هەندێك بڕیار دەربكات‌و بڕیارەكانیشی حوكمی یاسایان دەبێت
•    لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە نوێنەرایەتی هاوڵاتیانی كوردستان دەكات، هەماهەنگی دەكات لەنێوان دەسەڵاتە فیدراڵییەكان‌و دەسەڵاتەكانی هەرێمدا 
•    ئەو یاسایانەی (پەرلەمان) دایاندەنێت، سەرۆكی هەرێم لە ماوەی 10 رۆژدا لە رۆژی دانانیەوە دەریان دەچووێنێت‌و مافی ئەوەشی هەیە تانە لە كۆی یاساكە یان بەشێكی بدات‌و رەوانەی پەرلەمانی بكاتەوە تا چاوی پێدابخشێنێتەوە
•    لە حاڵەتێكدا پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە، یان ماوەی خولی هەڵبژاردنەكەی كۆتایی هاتبێت، سەرۆكی هەرێم لە ماوەی 15 رۆژدا فەرمانێك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتیی دەردەچوێنێت
•    سەرۆكی هەرێم لەماوەی 10 رۆژدا لە رۆژی راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكەوە، فەرمانی بانگهێشتكردنی بۆ خولی یەكەمی كۆبوونەوەی خولی هەڵبژاردن دەردەچوێنێت
•    سەرۆكی هەرێم لەچەند حاڵەتێكدا بە فەرمانێك پەرلەمان هەڵدەوەشێنێتەوە
•    سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتی لێبوردنی گشتی هەیە 
•    سەرۆكی هەرێم دەتوانێت حوكمی لە سێدارەدان پەسەند بكات، یان سزاكە بۆ بەندكردنی هەتاهەتایی سوك بكات
•    سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتی جاڕدانی باری نایاسایی هەیە
•    سەرۆكی هەرێم دەتوانێت لە كاتی پێویستدا بانگهێشتی پەرلەمان بكات بۆ كۆبوونەوەیەكی ناچاریی، سەرۆكی هەرێم هاوكات سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەكەش دەكات
•    دەسەڵاتی هەیە رێگەبدات بە هێزە چەكدارەكانی فیدڕاڵ بێنە ناو هەرێمەوە، بەڵام لێرەدا دەبێ رەزامەندی پەرلەمان وەربگرێت 
•    سەرۆكی هەرێم بۆی هەیە بە رەزامەندی  پەرلەمان هێزی پێشمەرگە بۆ دەرەوەی هەرێم بنێرێت
•    دوای ناونانی سەرۆك وەزیران لەلایەن پەرلەمانەوە، سەرۆكی هەرێم داوای لێدەكات لە ماوەی 30 رۆژدا كابینەكەی پێكبهێنێت
•    كاتێك پەرلەمان، ئەنجومەنی وەزیران یان وەزیر لە متماتە دەخات، سەرۆكی هەرێم فەرمانی قبووڵكردنی دەستلەكاركێشانەوەیان دەردەچوێنێت
•    دامەزراندنی خاوەن پلە تایبەتەكان لەسەر پێشنیازی وەزیری پەیوەندیدارو رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران
•    سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتی دامەزراندنی دادوەران‌و سەرۆك‌و ئەندامانی داواكاری گشتی هەیە، دوای پاڵاوتنیان لەلایەن ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی كوردستانەوە
•    دەسەڵاتی بەخشینی روتبەی سەربازی بە ئەفسەرانی هێزە چەكدارەكانی هەرێم‌و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆو دەركردن‌و خانەنشینیان بەپێی یاسا رەچاوكراوەكان
•    بەخشینی نیشان‌و مەدالیا

پەرلەمان دەتوانێت لە سەرۆك بپرسێتەوە ؟
بەپێی ئەو پرۆژەیەی كە پارتی‌و گۆڕان بە هاوبەشی ئامادەیان كردووە، سەرۆكی داهاتووی هەرێم بۆ یەك خول لەناو پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت، بەڵام لەناو پرۆژەكەدا لە هیچ بڕگەیەكدا ئاماژە بەوەنەكراوە سەرۆك لەبەردەم پەرلەماندا بەرپرس دەبێت لەسەر كارەكانی.
بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم وەكو خۆی دەمێنێتەوە، سەرۆك بەپێی یاسا هاوكات سەرۆكی دەسەڵاتی باڵای جێبەجێكردنە لە هەرێم، واتە دوو دەسەڵاتی جێبەجێكردن هەیە، یەكێكیان سەرۆكی هەرێم‌و ئەوی تریان سەرۆكی حكومەتە، لەم حاڵەتەدا هەرێم دوانەی دەسەڵاتی جێبەجێكردنی دەبێت‌و زیاتر حكومەت بەرپرس دەبێت لەبەردەم پەرلەماندا نەك سەرۆكایەتی هەرێم.

موچە‌و دەرماڵەی سەرۆكی هەرێم‌و جێگرەكەی
یاسای ژمارە (13)ی ساڵی 2010ی پەرلەمانی كوردستان موچە‌و دەرماڵەی سەرۆكی هەرێم‌و جێگرەكەی‌و بڕی موچەی خانەنشینی بەمشێوەیە دیاریكردووە:
* موچەی مانگانەی سەرۆكی هەرێم (15 ملیۆن) دینارە.
* دەرماڵەی مانگانەی سەرۆكی هەرێم بەڕێژەی 50%ی موچەی مانگانەكەیەتی كە دەكاتە (7 ملیۆن 500 هەزار) دینار.
* كۆی موچە‌و دەرماڵەی مانگانەی سەرۆكی هەرێم دەگاتە (22 ملیۆن‌و 500 هەزار) دینار.
* سەرۆكی هەرێم لەكاتی خانەنشینبوونیدا موچەی خانەنشینی وەردەگرێت كە 80%ی موچە‌و دەرماڵًەكەیەتی‌و دەكاتە (18 ملیۆن) دینار.
موچە‌و دەرماڵەی جێگری سەرۆكی هەرێم:
* موچەی مانگانەی جێگری سەرۆكی هەرێم (13 ملیۆن) دینارە.
* دەرماڵەی مانگانەی جێگری سەرۆكی هەرێم بەڕێژەی 50%ی موچەی مانگانەكەیەتی، كە دەكاتە (6 ملیۆن 500 هەزار) دینار.
* كۆی موچە‌و دەرماڵەی مانگانەی جێگری سەرۆكی هەرێم (19 ملیۆن‌و 500 هەزار) دینارە.
* جێگری سەرۆكی هەرێم بەرێژەی 80%ی كۆی موچە‌و دەرماڵەكەی خانەنشین دەبێت، كە دەكاتە (15 ملیۆن‌و 600 هەزار) دینار.
بە گوێرەی هەمان یاسا، پاش تەواوبوونی ئەركی سەرۆك، یان جێگرەكەی، حكومەت هەموو پێداویستییەكانی (نیشتەجێبوون، پارێزگاریكردن، گواستنەوەی گونجاو، ئیمتیازاتی تر)یان بۆ دابیندەكات.
بۆ یەكەمجار ساڵی 2005 سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێدرا، لەو كاتەوە تائێستا تەنها مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم بووە‌و كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری بووە، ئێستا‌و دوای هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەلایەن پەرلەمانەوە، مەسعود بارزانی بە (18 ملیۆن دینار)ی مانگانە خانەنشین دەبێت، كۆسرەت رەسوڵ عەلیش بە (15 ملیۆن‌و 600 دینار) خانەنشین دەبێت، هەرچەندە كۆسرەت رەسوڵ پێشتر سەرۆكی حكومەت بووە.

بودجەی سەرۆكایەتی هەرێم
بە گوێرەی دوایین پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2013ی هەرێم، دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم (430) كارمەندی هەیە، بودجەی ئەو ساڵەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم (42 ملیار) دینار بووە، كە دەكاتە رێژەی 0,36%ی كۆی گشتی بودجەی هەرێم لەو ساڵەدا.
لە ساڵی 2013وە بەهۆی قەیرانی داراییەوە هەرێمی كوردستان پرۆژە یاسای بودجەی نەبووە، پەرلەمان پرۆژە یاسای بودجەی پەسەندنەكردووە، ئەگەر لەمساڵدا پرۆژە یاسای بودجە دابنرێت‌و پەرلەمان پەسەندیبكات‌و جێگرێكی تر بۆ سەرۆكی هەرێم زیادبكرێت، بودجەی سەرۆكایەتی هەرێم زیاتر دەبێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand