یەكێتی وەزارەتی دەوێ؛ پارتی جێگرەكەی دەدات
2019-03-27 16:51:30
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف- نامیق رەسوڵ
پارتیو یەكێتی رێكنەكەوتن، چارەنوسی پەیوەندییەكانی هەردوولا بۆ چەند ساڵی داهاتوو لەسەر ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنیانە راوەستاوە كە لە چەند كاتژمێری داهاتوودا لەنێوان بەرپرسانی هەردولادا دەكرێت.
وەفدی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە سلێمانی كۆبونەوە.
كۆبونەوەكە چارەنوسی پەیوەندییەكانی هەردوو حزبی رادەستی كاتێكی نادیار كرد، وەفدەكان لەسەر پشكەكانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم رێكنەكەوتن.
گۆڕینی شوێنی كۆبونەوەكە !
وەكو پێشتر بڕیاری لەسەر درابوو، دەبوو كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی نێوان پارتیو یەكێتی لە هاوینەهەواری دوكان بەڕێوەبچێت، بەڵام چەند كاتژمێرێك بەر لە گەیشتنی وەفدی پارتی، شوێنی كۆبونەوەكە گۆڕدرا بە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەناو شاری سلێمانی.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەبەهانەی ترس لە دروستبوونی لافاو لە دوكان، شوێنەكە گۆڕدراوە بۆ سلێمانی، بەڵام لە بنەڕەتەوە گۆڕینی شوێنی كۆبونەوەكە پەیوەندی بە ناكۆكی نێوان هەردوو وەفدەوە هەبووە.
لەسەر مێزەكە چی رویدا ؟
دواجار هەردوو وەفد روبەڕوی یەكتر لەسەر مێزێك دانیشتن، وەفدی یەكێتی نیشتمانی جارێكی تر جەختی لەسەر داواكارییەكانی كردەوە، لە كۆی چوار پۆستی باڵا دەبێت دوانیان بۆ یەكێتی بێت (وەزیری ناوخۆ- سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایش- وەزارەتی سامانە سروشتییەكان- سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە).
وەفدی پارتی لەسەر هەڵوێستی خۆی سوربوو، هیچ یەكێك لەو چوار پۆستە بە یەكێتی نادرێت، بەڵام یەكێتی دەتوانێت جێگری سەرۆكی هەر چوار پۆستە باڵاكە وەربگرێت.
(درەو میدیا) زانیویەتی، وەفدی پارتی چەند جارێك لە كۆبونەوەكە چونەتەدەرەوە بەمەبەستی گەیاندنی داواكارییەكانی یەكێتی بە سەركردایەتی حزبەكەیان، بەڵام پەیوەندییە تەلەفۆنییەكان بێ ئەنجام بوون، سەركردایەتی پارتی ئامادە نەبوو هیچ یەكێك لەو پۆستانە لە حكومەتی نوێدا بە یەكێتی بداتو وتویانە بەشێك لەو پۆستانەی داوای دەكەن بەركەوتەی لایەنەكانی ترە.
دواین پێشنیازی پارتی بۆ یەكێتی
دواین نەخشەی پۆستەكان كە وەفدی پارتی خستییە بەردەم وەفدی یەكێتی ئەم پۆستانە بوو:
• سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان
• جێگری سەرۆكی هەرێم
• جێگری سەرۆكی حكومەت
• وەزیری تەندروستی
• وەزیری پەروەردە
• وەزیری كشتوكاڵ
• وەزیری خوێندنی باڵا
• وەزارەتی پێشمەرگە
• دەستەی وەبەرهێنان
• جێگری وەزیری ناوخۆ
• جێگری وەزیری سامانە سروشتییەكان
• جێگری وەزیری دارایی
• جێگری سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە
پێشنیازێكی نوێ
(درەو میدیا) زانیویەتی، وەفدی یەكێتی دەستپێشخەرییەكی نوێیان خستوەتە بەردەم وەفدەكەی پارتی، یەكێتی ئامادەیی خۆی نیشانداوە (5) وەزارەت لە كابینەی نوێ وەرگرێت، بەڵام بەمەرجێك یەكێك لە وەزارەتەكان وەزارەتی ناوخۆ بێت، بەڵام ئەگەر وەزارەتی ناوخۆ بە یەكێتی نەدرێت ئەوا دەبێت ژمارەی وەزارەتەكانی بۆ بكرێت بە (6) وەزارەت، پارتی ئەم پێشنیازەشی رەتكردوەتەوە.
چارەنوسێكی نادیار !
كۆبونەوەی پارتیو یەكێتی بەبێ ئەنجام كۆتایی هات، وەفدی پارتی رایانگەیاندووە، لەمە زیاتر چاوەڕوانی یەكێتی ناكاتو دەست بە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتو كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم دەكات، وەفدی یەكێتیش بێمنەتی خۆیان راگەیاندووە.
وەفدی پارتی بەرەو هەولێر گەڕانەوە، بەر لە گەڕانەوە بە وەفدی یەكێتییان وت" لەڕێگەی برادەرەكانتانەوە لە هەولێر، دواین وەڵامتان لێ دەگێڕینەوە"، وەفدی یەكێتیش دوای كۆبونەوەی لەگەڵ پارتی چووە ناو كۆبونەوەیەكی ترەوە، بۆئەوەی لەناوخۆی حزبدا گفتوگۆ لەسەر پێشهاتەكان بكەنو جەماوەری حزبەكەیان لە دواین گۆڕانكاری ئاگاداربكەنەوە.
بەمشێوەیە دۆخی پەیوەندییەكانی نێوان پارتیو یەكێتی جارێكی تر چووە ناو قۆناغێكی هەستیارەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) پارتی سورە لەسەر ئەوەی تا كۆتایی ئەم مانگە لەناو پەرلەمانی كوردستانەوە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارابكاتەوەو مەسرور بارزانی راسپێرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.
لەسەر مێزی گفتوگۆ پارتیو یەكێتی رێكنەكەوتن، بەڵام رەنگە لە دوا ساتەكاندا پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی نێوان هەردوولا كاری خۆی بكات، چەند كاتژمێری داهاتوو دۆخی سیاسی هەرێم پەرەسەندنی نوێ بەخۆوە دەبینێت، (درەو میدیا) خوێنەرانی لە نوێترین زانیارییەكان ئاگاداردەكاتەوە.
پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی مەسرور بارزانی !
(درەو میدیا) لە چەند كاتژمێری رابردوودا ئاشكرایكرد، لەم هەفتەیەدا مەسرور بارزانی كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێم دووجار بە تەلەفۆن لەگەڵ بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری یەكێتیو سەرۆك كۆماری عێراق قسەی كردووەو داوای لێكردووە رۆڵبگێڕێت لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی پارتیو یەكێتی.
بەڵام پێناچێت پەیوەندییە تەلەفۆنییەكان هیچ كاریگەرییەكیان لەسەر كۆبونەوەكەی ئەمڕۆ هەبوبێت.
رەنگە دواجار دەستوەردانی دەرەكی بەتایبەتیش ئێرانو ئەمریكا، هاوكێشەی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتیو پارتی هاوسەنگ بكەنەوە.
پێشبینییەكان
ئەگەر لە چەند كاتژمێری داهاتوودا پارتیو یەكێتی لەسەر پشكەكان نەگەنە رێككەوتن، پێشبینی دەكرێت پارتی بەبێ یەكێتی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمو كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی دەستپێبكات.
پارتی لەو پرۆسەیەدا پشتئەستورە بە پشتیوانی بزوتنەوەی گۆڕانو كەمینەكانو دەنگی پێویستی هەیە بۆ هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم.
ئەگەر دۆخەكە بەمجۆرە بڕوات، رەنگە یەكێتی پرۆژەی بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەبێتو لە رۆژی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمیشدا كاندید پێشكەش بكات، هەرچەندە رای زۆرینە لەناو یەكێتی ئەوەیە، فراكسیۆنەكەیان بەهیچ جۆرێك بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمان نەكات.
مانەوەی یەكێتی لەدەرەوەی پەرلەمان، كاریگەری لەسەر دۆخی سیاسی دروستدەكاتو بەرەی نەیارانی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی بەهێز دەكات، بەتایبەتیش لەكاتێكدا كۆمەڵی ئیسلامیو جوڵانەوەی نەوەی نوێو یەكگرتووی ئیسلامی پرۆژەی خۆیان هەیە بۆ ئەو پرسەو هەڵوێستیان لەگەڵ پارتیو بزوتنەوەی گۆڕان جیاوازە.