27ی مانگ كۆبونەوەی یەكلاكەرەوە دەكەن
2019-03-24 13:55:58
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
بەر لە كۆتایی ئەم مانگە پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبونەوەیەكی یەكلاكەرەوە دەكەن، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا زانیاری ورد لەبارەی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی نێوان هەردوولا ئاشكرادەكات.
وەفدی دانوستاكاری پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەمڕۆ جارێكی تر لە بارەگای مەكتەبی سیاسی پارتی لە پیرمام كۆبونەوە.
كۆبونەوەكە نەگەیشتە ئاستی رێككەوتن، بەڵام هەندێك پەرەسەندنی نوێی بەخۆوە بینی.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بڕیارە رۆژی (27)ی ئەم مانگە جارێكی تر وەفدی هەردوولا كۆببنەوە.
یەكێتی نیگەرانە !
سەرچاوەیەكی باڵا لەناو یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، وەفدەكەی یەكێتی لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا بە وەفدی دانوستانكاری پارتییان راگەیاندووە، چەندین كۆبونەوەی تریش بكەن ناگەنە رێككەوتن، ئەگەر وەفدی پارتی بەمشێوەیە بمێنێتەوەو هیچ كەسێكی لە بنەماڵەی بارزانی تێدا نەبێت.
وەفدی یەكێتی داوایانكردووە لە كۆبونەوەی داهاتوودا كە وەفدی پارتی سەردانی سلێمانی دەكات، مەسرور بارزانی یاخود نێچیرڤان بارزانی بەشدار بێت، چونكە هەر رێككەوتنێك لەنێوان هەردوولا بەبێ ئامادەبوونی كەسێك لە بنەماڵەی بارزانی، گرەنتی جێبەجێكردنی نییە.
وەفدی یەكێتی بە وەفدی پارتییان وتووە، ئەگەر چارەسەریان پێنەبوو، باشترە بۆ كۆبونەوەی داهاتوو سەردانی سلێمانی نەكەن.
لەبەرامبەردا وەفدی پارتی وتویانە، ئەوان راسپێردراون دانوستان لەگەڵ یەكێتیدا بكەن، بەڵام داواكارییەكەیان دەگەیەنن.
یەكێتی داواكاری نوێی هەیە !
وەفدی یەكێتی كە لە كۆبونەوەی پێشوودا جەختیان لەسەر دابەشكردنی چوار پۆستە باڵاكە (ئەنجومەنی ئاسایش- وەزیری ناوخۆ- وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە) كرد، بەجۆرێك دوو پۆستیان بۆ پارتیو دوو پۆستەكەی تر بۆ یەكێتی بێت، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا جەختیان لەسەر هەمان داواكاری كردەوە.
سەرباری چوار پۆستەكە، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا وەفدی یەكێتی جارێكی تر فایلی دەسەڵاتی دادوەرییان هێناوەتەپێش.
وەفدی یەكێتی داوایانكردووە (ئەنجومەنی باڵای دادوەریو ئەنجومەنی شورا) رێكبخرێنەوە، چونكە ئەو پۆستانە لە دەرەوەی ئیستیحقاقی هەڵبژاردننو نابێت پارتی تێیاندا زۆرینە بێت، بەڵام ئەمە بەشێَك نییە لە پاكێجی یەكێتی بۆ پۆستەكان.
وەفدی یەكێتی لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا جارێكی تر داوای وەزارەتی ناوخۆی كردووەتەوە، بەڵام وەفدی پارتی پێدانی ئەو وەزارەتەی بە یەكێتی رەتكردوەتەوەو رایگەیاندووە، ئەو وەزارەتە لای سەرۆكی حكومەت دەبێت واتە مەسرور بارزانی.
بەڵام لەبەرامبەردا وەفدی پارتی پێشنیازیان كردووە یەكێتی ئەم پۆستانە وەربگرێت كە زۆرینەیان ئێستاش لەدەستی یەكێتیدانو پۆستەكان ئەمانەن:
• وەزیری پێشمەرگە
• جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی
• دەزگای ئاسایش
• جێگری وەزیری ناوخۆ
• دەزگای زانیاریی
كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم !
سەرچاوەیەكی تری ئاگادار لە كۆبونەوەكە بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لەبارەی پرسی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمەوە، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا وەفدی یەكێتی بە وەفدی پارتییان راگەیاندووە، ئەگەر پارتی بەبێ یەكێتی ئەو دامەزراوەیە كارابكاتەوە، سەرچڵی دەكاتو پەیوەندییەكانی هەردوولا دەچێتە ئاستێكی خراپەوە.
ئەم قسانەی وەفدی یەكێتی دوای ئەو پەیامە هات كە بەمدواییە پارتی بۆ یەكێتی ناردو تێیدا هۆشداریدا "ئەگەر یەكێتی بەشداری پرۆسەی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم نەكات، لەو دامەزراوەیەدا هیچ پۆستێكی پێنادرێت"، (درەو میدیا) پێشتر ئەم زانیارییەی بڵاوكردەوە.
وەفدی پارتی جارێكی تر دڵنیاییان بە یەكێتی داوە كە جێگرێك بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم زیاد دەكەنو ئەو پۆستە بە یەكێتی دەدرێت، بەڵام یەكێتی وەكو كۆبونەوەی پێشوو جەختی لەسەر ئەوە كردووە كە دەبێت ئەو جێگرە بەپێی یاسا دەسەڵاتەكانی دیاری بكرێت، نەوەك سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتی بۆ دیاری بكات.
ئەگەری رێككەوتن !
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، رەنگە دواجار پارتیو یەكێتی بگەنە رێككەوتن، ئەگەر پارتی سەرباری ئەو پۆستانەی كە لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا بەڵێنی بەیەكێتی داوە، ئەم پۆستانەی تریش بۆ یەكێتی جێبهێڵێت:
• وەزارەتی تەندروستی
• وەزارەتی پلاندانان
• وەزارەتی خوێندنی باڵا یاخود وەزارەتی پەروەردە
• وەزارەتی كشتوكاڵ
• دەستەی وەبەرهێنان
پارتی گەشبینە
سەرچاوەیەكی باڵا لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، كۆبونەوەكەی ئەمڕۆ كۆبونەوەیەكی باش بووەو لەسەر پۆستەكان ناكۆكی نێوان هەردوولا كەمبوەتەوەو لەسەر چوارچێوەی گشتییەكان رێككەوتوونو ئێستا بەربەستی گەورە نەماوە.
چاوەڕوان دەكرێت لە كۆبونەوەی رۆژی 27ی ئەم مانگەدا پارتی زۆرینەی داواكارییەكانی یەكێتی جێبەجێ بكات، بۆئەوەی یەكێتی بگەڕێتەوە بۆ دانیشتنەكانی پەرلەمانو بەشداریكردن لە كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمدا.
پارتی پێیوایە ئێستا یەكێتی وەكو سەرەتای دانوستانەكان داواكاری زۆر گەورەی نەماوە كە توانای جێبەجێكردنی نەبێت، بەتایبەتیش پرسی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك كە سەرەتا دانوستانەكانی توشی ئیفلیجی كردبوو.
پارتی بەنیازە تاوەكو كۆتایی ئەم مانگە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارابكاتەوە، بەڵام هێشتا گومانی هەیە لەوەی یەكێتی دەیەوێت "كات بكوژێت"و خۆی لە پرسی سەرۆكایەتی بدزێتەوە، ئەگەر دڵنیاببێتەوە لەوەی یەكێتی نیازی رێككەوتنی هەیە، رەنگە زۆربەی داواكارییەكانی بۆ جێبەجێ بكات.