زۆرینەی سەركردایەتی یەكێتی ناڕازییە
2019-03-29 18:10:33
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە رێككەوتن لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان نزیكبوەتەوە، بەڵام زۆرینەی سەركردایەتی یەكێتی لەگەڵ رێككەوتنەكە نین و هۆشدارییان بە مەكتەبی سیاسی داوە ، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا زانیاری ورد لەسەر رێككەوتنی نێوان یەكێتیو پارتی بڵاودەكاتەوە.
مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەسەرپەرەشتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێر، لە هەولێر كۆبوەوە.
(درەو میدیا) زانیویەتی سەركردایەتی یەكێتی پەیامی هۆشدارییان بۆ كۆبونەوەكەی ئەمشەوی هەولێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی ناردووەو ئاگاداریان كردونەتەوە لەوەی بەهیچ شێوەیەك رێككەوتنی نێوان یەكێتی و پارتی بەوشێوەیە پەسەندناكەن كە ئێستا مەكتەبی سیاسی دەیەوێت تێی پەرێنێت. بەو هۆیەوە كۆبونەوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی تێكچووەو و بە بێ رێكەوتن كۆتایی هاتووە
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، مەكتەبی سیاسی یەكێتی قایلە بە پێشنیازەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە پشكەكانی یەكێتی لە حكومەت.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو، وەفدی دانوستانكاری یەكێتیو پارتی لە سلێمانی كۆبونەوە، ئەو كۆبونەوەیە بەبێ گەیشتن بە رێككەوتن كۆتایی هات، بەڵام تاڕادەیەك هەردوولا لە رێككەوتن نزیكبونەوە.
(درەو میدیا) زانیویەتی، لە دوێنێوە بەبەردەوامی بەرپرسانی پارتیو یەكێتی لەڕێگەی تەلەفۆنەوە لە پەیوەندیكردندا بوون لەگەڵ یەكتر، بەشێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، كۆسرەت رەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری حزبەكەیان هانداوە بەئاڕاستەی رێككەوتن لەگەڵ پارتی، بەرهەمی ئەم جموجوڵانە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لێكەوتەوە لەنێوان كۆسرەت رەسوڵو مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی.
لەسەر چی رێككەوتن ؟
بڕیارە سبەینێ وەفدی دانوستانكاری یەكێتیو پارتی جارێكی تر كۆببنەوە( بەپێی وتەی حاكم قادر) ، پێشبینی دەكرێت رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی پشكەكانی یەكێتی لە حكومەت ئیمزا بكرێت.
یەكێتی كە پێشتر لە دانوستانەكانی لەگەڵ پارتی جەختی لەسەر وەرگرتنی دوو پۆستی باڵا دەكرد لە كۆی چوار پۆست (وەزارەتی ناوخۆ- ئەنجومەی ئاسایش- وەزارەتی سامانە سروشتییەكان- فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە)، ئێستا بەبێ وەرگرتنی هیچ یەكێك لەو پۆستانە قایل بووە، بەڵام پارتی لەبری ئەوە ژمارەی وەزارەتەكانی یەكێتی لە كابینەی نویدا لە (5) وەزارەتەوە بۆ (6) وەزارەت زیادكردووە.
سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لە بری وەزارەتی ناوخۆ كە یەكێتی زۆر جەختی لەسەر وەرگرتنی دەكرد، پارتی وەزارەتی پلاندانانی بە یەكێتی داوە.
بڕیارە وەزارەتی پلاندانان بدرێت بە (دەرباز كۆسرەت رەسوڵ)، ئەم وەزارەتە بایەخەكەی لەوەدایە وەزیرەكەی ئەندام دەبێت لە ئەنجومەنی نەوتو غازی هەرێمی كوردستاندا، رەنگە ئەمە هۆكارەكە سەرەكییەكە بێت كە دەرباز كۆسرەت رەسوڵ بە وەرگرتنی ئەو پۆستە قایل بووە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا كە لە ئەنجومەنی نەوتو غازدا دەرباز كۆسرەت رەسوڵ هاوشانی نێچیرڤان بارزانیو قوباد تاڵەبانی دادەنیشێت (ئەنجومەنی نەوتو غاز لە پێنج ئەندام پێكدێت كە بریتین لە سەرۆكی حكومەت، جێگری سەرۆكی حكومەت، وەزیری سامانە سروشتییەكان، وەزیری دارایی، وەزیری پلاندانان).
بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە هەیەو بڕیارە یەكێتی پەسەندی بكات، پشكی یەكێتی لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا بریتی دەبێت لەم پۆستانە:
• سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان
• جێگری سەرۆكی هەرێم
• جێگری سەرۆكی حكومەت
• وەزارەتی پلاندانان
• وەزارەتی تەندروستی
• وەزارەتی كشتوكاڵ
• وەزارەتی خوێندنی باڵا
• وەزارەتی شەهیدان
• وەزارەتی پێشمەرگە
• دەستەی وەبەرهێنان
• بریكاری وەزارەتی ناوخۆ
• بریكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان
• جێگری سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە
یەكێتی پێشتر دووجار رێككەوتنی لەگەڵ پارتی كرد لەسەر بەشداریكردنی لە حكومەت، جاری یەكەمیان لە رۆژی 5ی شوباتی رابردوو بوو كە تێیدا هەردوولا لەسەر پرسی پارێزگاری كەركوكو وەزیری دادی عێراقو دیاریكردنی رۆژی كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان رێككەوتن، جاری دووەمیش ئیمزاكردنی رێككەوتن بوو لە مەراسیمێكدا لە رۆژی 4ی ئەم مانگەدا، كە رێككەوتن بوو لەسەر بەرنامەی حكومەت.
پرسی سەرۆكایەتی هەرێم
پرسی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم یەكێك لەو كارتە بەهێزانە بوو كە لەسەرەتای دەستپێكردنی دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمەوە، بەدەست یەكێتییەوە بوو.
یەكێتی زوو هەستی بە بایەخی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كرد بۆ پارتی (بەوپێیەی ئەو پۆستە پارسەنگی ناكۆكییەكانی بنەماڵەی بارزانی راگرتووە)، بەڵام دوو هۆكار وایانكرد یەكێتی ئەو كارتە بەهێزە لەدەستبدات، هۆكاری یەكەم، زۆری ژمارەی كورسییەكانی پارتی لە پەرلەمان، هۆكاری دووەم، رێككەوتنی نێوان بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی.
ئەو دوو هۆكارە كارتەكەی دەستی یەكێتییان سوتاند، ئێستا یەكێتی لەنێوان دوو بەرداشدایە، هەندێك پێیانوایە یەكێتی نابێت بەشداری پرسی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم بكات، تا لەو رێگەیەوە تۆڵەیەكی مێژوویی لە بزوتنەوەی گۆڕان بكرێتەوە، كە پێشتر یەكێتی تۆمەتباردەكرد بە پشتیوانیكردنی پارتی لە پرسی سەرۆكایەتیو هەرێمو ئێستا خۆی بەهەمان رێگادا دەڕواتەوە، هەندێكی تر لە یەكێتییەكان دەڵێن، یەكێتی بەشداری لە پرسی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم بكات، چونكە چیتر بەرپرسیارێتی مێژوویی لە ئەستۆدا نەماوەو پرۆژەی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم لەلایەن پارتیو بزوتنەوەی گۆڕانەوە ئامادەكراوە.
بۆچونە جیاوازەكانی یەكێتی لەبارەی پرسی سەرۆكایەتییەوە روبەڕووی مەرجی پارتی دەبێتەوە، چونكە پارتی بەمەرجێك پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بە یەكێتی دەدات، یەكێتی دەنگ بە پرۆژەیاسای كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم بدات.
دۆسیەی كەركوك چی لێهات ؟
پرسی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك، یەكێك لەو پرسانە بوو كە لەسەرەتاوە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی توشی ئیفلیجی كرد.
یەكێتی لە سەرەتاوە سوربوو لەسەر ئەوەی پرسی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك ببەستێتەوە بە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمەوە، یەكێتی كە لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە چاوی لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك بوو، دەیویست گرەنتی لە پارتی وەرگرێت كە پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ كەسێك دەبێت لە یەكێتی، دوای چەندین كۆبونەوە پارتی ملی بۆ خواستەكەی یەكێتی نەدا، دواجار یەكێتی قایل بوو بەوەی چارەنوسی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك رادەستی كۆسرەت رەسوڵو مەسعود بارزانی بكرێت لە داهاتوودا، واتە دوای پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم.
وەزارەتی دادی عێراق !
پۆستی وەزارەتی دادی عێراقیش كە پشكی كوردەو بەهۆی ناكۆكی نێوان پارتیو یەكێتییەوە تائێستا ئەو وەزارەتە پڕنەكراوەتەوە، یەكێكی تر لەو بابەتانە بوو كە لەسەرەتاوە كێشەی بۆ پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت دروستكردبوو.
هاوشێوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك، یەكێتی دەیویست گرەنتی لە پارتی وەرگرێت پۆستی وەزارەتی دادی عێراق بۆ ئەو دەبێت، یەكێتی ئەمەی كردبوو بەمەرج بۆ بەشداریكردنی لە حكومەت، بەڵام دواجار هاوشێوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك، یەكێتی چارەنوسی پۆستی وەزارەتی دادیشی رادەستی قۆناغی دوای پێكهێنانی حكومەتی هەرێم كرد.
پارتی بەزارەكی بەڵێنی داوە پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ یەكێتی دەبێت، بئەو پۆستە بە كێ دەدرێن لەناو یەكێتی، پارتی دواجار قسەی یەكلاكەرەوەی دەبێت، بەڵام پۆستی وەزارەتی دادی عێراق بۆ یەكێتی یەكلابووەتەوە.
رێككەوتنەكە نەیاری زۆرە !
(درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو یەكێتی زانیویەتی، بەرهەم ساڵحو بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی لەگەڵ رێككەوتنەكەدا نین.
لە كۆبونەوەی ئەمشەوی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا هیچ یەكێك لەو سێ كەسایەتییە بەشدارییان نەكرد.
رێككەوتنی یەكێتی لەگەڵ پارتی بە پلەی یەكەم بەرپرسیارێتییەكەی دەكەوێتە ئەستۆی كۆسرەت رەسوڵ عەلی، لە ماڵباتی تاڵەبانی، قوباد تاڵەبانی پشتیوانی رێككەوتنەكە دەكات، قوباد تاڵەبانی بەشداری كۆبونەوەكەی ئەمشەوی هەولێری كرد.
بەگوێرەی زانیارییەكان، زۆرینەی سەركردایەتی یەكێتی لەگەڵ رێككەوتنەكە نین بەوشێوەیە، چونكە پێیانوایە ئەم رێككەوتنە زامنی "بەشداری راستەقینەی یەكێتی لە دەسەڵات" نەكردووە، بەڵام زۆرینەی مەكتەبی سیاسی پشتیوانی رێككەوتنەكە دەكەن.
یەكێتی كە پێویستی بە ژمارەیەكی زۆر پۆست هەیە بۆ قایلكردنی باڵە جیاوازەكانی، بەم رێككەوتنە تاڕادەیەك پێداویستی باڵەكانی بۆ پۆست چارەسەر دەكات:
• پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت (قوباد تاڵەبانی)
• پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم (حاكم قادر یاخود عیماد ئەحمەد)
• وەزیری پلاندانان (دەرباز كۆسرەت رەسوڵ)