Draw Media

عاكوب سیناریۆكەی تاریق هاشمی دووبارە دەكاتەوە !

عاكوب سیناریۆكەی تاریق هاشمی دووبارە دەكاتەوە !

2019-03-27 15:36:17


راپۆرت: نامیق رەسوڵ
دادگایەكی نەینەوا، فەرمانی دەستگیركردن بۆ نەوفەل عاكوب، پارێزگاری نەینەوا‌و (7) بەرپرسی تری پارێزگای نەینەوا دەركرد. 
دادگاكە داوا لە هەموو دەروازە سنورییەكانی عێراق‌و هەرێمی كوردستان‌و فڕۆكەخانەكانی عێراق‌و هەرێم دەكات، رێگەنەدەن ئەو كەسانە بچنە دەرەوەی وڵات.
لە فەرمانەكەی دادگای لێكۆڵینەوەی نەینەوادا هاتووە" پارێزگاری نەینەوا‌و چەند بەرپرس‌و فەرمانبەرێكی تری پارێزگاكە بەهۆی ئەو سكاڵایەی كە  لە فەرمانگەی لێكۆڵینەوەكانی دەستەی نەزاهە لەسەریان تۆماركراوە، پێویستە دەستگیربكرێن".
بە گوێرەی میدیاكانی عێراق، پارێزگاری نەینەواو ئەو فەرمانبەر‌و بەرپرسانە تۆمەتباركراون بە "گەندەڵی‌و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات‌و پێشێلكاریی دارایی"، جگە لە بەرپرسیارێتییان لە رووداوی نقومبوونی كەڵەكە گەشتیارییەكەی روباری دیجلە، كە زیاتر لە (100) كەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا.

كێ ئەوانەی فەرمانیان بۆ دەرچووە ؟
ئەو كەسانەی كە فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە، بریتین لەم كەسانە:
* نەوفەل عاكوب- پارێزگای نەینەوا
* عەبدولكەریم عەلی فازل جبوری- یاریدەدەری پارێزگار بۆ كاروباری كارگێڕیی
* مونا عەبدولمەجید جحێشی- فەرمانبەر لە دیوانی پارێزگا، تایبەت بە كاروباری هاوڵاتیان
* واجدە جەعفەر حەبیب تائی- بەڕێوەبەری بەشی گرێبەستەكان
* كیفاح محەمەد شەهاب جبوری- بەڕێوەبەری كارگێڕیی بەشی پرۆژەكان لە دیوانی پارێزگا
* باسل مەحمود حەسەن- سەرۆكی ئەندازیارانی پێشكەوتوو لە دیوانی پارێزگا
* مەحمود یەحیا لهێبی- پرۆگرامساز لە دیوانی پارێزگا
* نازك ساڵح محەمەد قەساب- تێبینەر لە دیوانی پارێزگا 

هەرێم پارێزگاری نەینەوا دەستگیردەكات؟
لە فەرمانی دەستگیركردنی پارێزگاری نەینەوادا ئاماژە بەوەدراوە"  ئێستا نەوفەل عاكوب لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێیە".
دادوەرێكی دادگای نەینەوا كە قسەی بۆ ئاژانسی "رۆیتەرز" كردووە، دەڵێ" دادگای لێكۆڵینەوەی نەینەوا بە رەسمی داواكاری ئاڕاستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە پارێزگای نەینەوا دەستگیربكات، كە ئێستا موسڵی بەرەو هەولێر بەجێهێشتووە".

سیناریۆكەی هاشمی دووبارە دەبێتەوە؟
ساڵی 2011 تاریق هاشمی، كە ئەوكات جێگری جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری عێراق بوو، بەتۆمەتی بەشداریكردن لە چەند كردەوەیەكی "تیرۆریستی"ی یاداشتی دەستگیركردنی بۆ دەرچوو، هاشمی بەغدادی بەرەو هەرێمی كوردستان بەجێهێشت، دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەوكات رایانگەیاند" هاشمی رادەستی حكومەتی بەغداد ناكەنەوە، چونكە كەیسەكەی رەهەندی سیاسی هەیەو پێویستی بە چارەسەری سیاسی هەیە"، پاشان جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری ئەوكاتی عێراق وتی:" هاشمی میوانی ئێمەو كاتێك دێت دەچێتە بەردەم دادگا"، بەڵام هاشمی هەرێمی كوردستانی بەرەو توركیا بەجێهێشت‌و لەوكاتەوەتەوە نەگەڕاوەتەوە بۆ عێراق، دادگای عێراق بەبێ ئامادەبوونی خۆی سزای لەسێدارەدانی بۆ هاشمی دەركرد.
لە چەند ساڵی رابردوودا لەكاتی ئاڵۆزیی پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێم‌و بەغداد، حكومەتی عێراق هەرێمی تۆمەتباردەكرد بە داڵدەدانی ئەو كەسانەی كە لەلایەن دادگانی عێراقەوە یاداشتی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە.
پارێزگاری نەینەوا كە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە لە پۆستەكەی دوورخراوەتەوەو فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە، ئێستا لە هەولێرە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، نەوفەل عاكوب پارێزگاری لەكارلابراوی نەینەوا، پەیوەندی باشی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا هەیە.
پرسیارەكە ئەوەیە ئایا دەسەڵاتدارانی هەرێم، بەدیاریكراویش پارتی دیموكراتی كوردستان نەوفەل عاكوب دەستگیردەكەن‌و رادەستی دادگای لێكۆڵینەوەەی نەینەوای دەكەن ؟ یان هاوشێوەی هاشمی لە هەولێرەوە بەرەو دەرەوەی عێراق هەڵدێت؟ رۆژانی داهاتوو رەنگە وەڵامی ئەم پرسیارە روون ببێتەوە، بەتایبەتی لەكاتێكدا جگە لە داواكردنی فەرمانی دەستگیركردن، داواش لە فڕۆكەخانە‌و دەروازە سنورییەكانی هەرێم كراوە رێگە بە پارێزگار نەینەوا‌و ئەو بەرپرسانەی پارێزگاكە نەدرێت بچنە دەرەوە.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand