Draw Media

نەورۆز و كاوەی ئاسنگەر لە مێژوودا 

نەورۆز و كاوەی ئاسنگەر لە مێژوودا 

2019-03-20 13:05:38


ئامادەكردنی: فازل حەمەرەفعەت 

رۆژی 21ی ئاداری هەموو ساڵێك لە كوردستان و ژمارەیەك وڵاتی ناوچەكە بەبۆنەی جەژنی (نەورۆز)ەوە خەڵك ئاهەنگ دەگێڕن، زۆرێك لەوانەی بەشداری ئەو ئاهەنگانە دەكەن بەتەواوەتی لە چیرۆكی جەژنەكە تێنەگەیشتوون، نەك هەر ئەوان مێژوونوسەكانیش لەبارەی چیرۆكی جەژنی نەورۆزەوە قسەی جیاوازیان هەیە.
كورد و ئێرانییەكان و خەڵكی ئەفغانستان و چەند وڵاتێك و نەتەوەیەكی تری ناوچەكە نەورۆز بە جەژنی خۆیان دادەنێن.


لەبارەی نەورۆزە
بەپێی سەرچاوە مێژوییەكان بنچینەی وشەی نەورۆز لە وشەیەكی پەهلەوی كۆنەوە هاتوە و مێژووەكەی بۆ 200 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، وشەكە لە دوو بڕگە پێكهاتووە:
نەو: نوێ
روز: رۆژ
وشەی نەورۆز بەواتای (رۆژێكی نوێ) دێت.


لەبارەی مێژوی نەورۆزەوە وەكو جەژنێكی میللی قسەوباسی جیاواز هەن:
هەندێك لە مێژوونوسان چیرۆكی جەژنی نەورۆز دەبەستنەوە بە چاخی سۆمەرییەكانەوە و دەڵێن سۆمەرییەكان یەكەم گەل بوون كە ئەم جەژنەیان كردووە.
مێژوونوسانی كورد زۆرینەیان هاوڕان لەسەر ئەوەی كورد پێكهاتەیەكی سەرەكی شارستانی سۆمەری پێكدەهێنێت و هەر لەو سەردەمەوە كورد لە چیاو ئەشكەوتنەكاندا لەسەرەتای وەرزی بەهاردا بە ئاگركردنەوە و ئاهەنگگێڕان جەژنیان كردوە.


مێژووی نەورۆز لای كورد
مێژونوسانی كورد لەبارەی چیرۆك و مێژووی نەورۆزەوە دوو بۆچونی سەرەكییان هەیە:
بۆچونی یەكەم: نەورۆز دەبەستێتەوە بە دروستبونی دەوڵەتی ماد بەر لە 700 ساڵ وەكو یەكەمین دەوڵەتی كوردی
بۆچونی دووەم: نەورۆز دەبەستێتەوە بە چیرۆكی زوحاك و كاوەی ئاسنگەرەوە.
ئەوانەی نەورۆز دەبەستنەوە بە دەوڵەتی مادەوە دەڵێن لە پێش زایندا هیچ روداوێك نییە كە كورد وەكو نەتەوەیەك شانازی پێوە بكات جگە لە دروستبونی دەوڵەتی ماد، بۆیە نەورۆز بەبۆچونی ئەوان جەژنی سەرەتای دروستبونی یەكەمین دەوڵەتی كوردییە.
لە بەرامبەردا ئەوانەی نەورۆز دەبەستنەوە بە چیرۆكی زوحاك و كاوەی ئاسنگەرەوە دابەشبون بەسەر دوو بەشدا:
بۆچونی یەكەم: ئەوانەی نەورۆز دەبەستنەوە بە دروستبونی دەوڵەتی مادەوە، ناتەبان لەگەڵ چیرۆكی زوحاك و كاوەی ئاسنگەردا و دەڵێن زوحاك دواین پادشای دەوڵەتی ماد بووەو پادشایەكی ستەمكار نەبووە، فارسەكان مێژوویان شێواندوە.
ئەوانەی خاوەنی ئەم بۆچونەن زیاتریش دەڕۆن و لەبارەی كاوەی ئاسنگەرەوە دەڵێن كاوە تەنانەت كورد نەبووە، ئەگەر كوردیش بوبێت بەو كارەی كە كۆتایی بە حوكمڕانی دەوڵەتی ماد هێناوە وەكو دەوڵەتێكی كوردی ناپاكی كردوە‌و بۆ ئەوە نابێت كورد شانازی پێوە بكات.
بۆچونی دووەم: ئەمە بۆچونە باوەكەیە لەناو خەڵكدا، ئەم بۆچونە نەورۆز دەبەستێتەوە بە چیرۆكی پادشایەكی ستەمكار كە زوحاكە، ئەفسانەكان باس لەوە دەكەن ئەم پادشایە كە دەوترێت دواین پادشای حوكمڕانی دەوڵەتی ماد بوو پادشایەكی ستەمكار بووە، كەسێك بەناوی كاوەی ئاسنگەر شۆڕشی لەدژ بەرپا كردووە و زوحاكی كوشتووە، ئیتر ئەو رۆژە ناوی لێنراوە نەورۆز و ساڵانە وەكو هەڵاتنی رۆژێكی نوێ بەبۆنەیەوە ئاهەنگیان گێڕاوە.


سەرەتای ساڵی كوردی و روخانی ئیمپراتۆریەتی ئاشوری
نەوشیروان مستەفا وەكو یەكێك لە مێژوونوسە هاوچەرخەكانی كورد لە كتێبی "بەدەم رێگاوە گوڵچنین" لەبارەی نەورۆزەوە دەڵێ: لە كوردستانی عێراق، لە بەرامبەر سەری ساڵی زاینی دا ئێستا بە شانازییەوە ساڵێك ئەنوسن لە ساڵی هیچ میللەتێكی ئەم دنیایە ناچێ، گوایە ئەو ساڵی كوردییە، لە كاتێكدا ئەگەر یەكێ بە وردی بچێتە بنج وبناوانی مێژووی ئەو ساڵە نەك ناهێنی بكرێتە ساڵی لەدایكبونی كورد، بگرە ئەبو مێژونوسانی كورد خۆیان نەكردبایە بە خاوەنی، چونكە ئەوە ساڵێكە وەكو مێژووی ناوچەكە ئەیگێڕێتەوە، لەو ساڵەدا چەند تیرە و هۆزی دڕەندە و داكەوتوی ناوچە شاخاوییەكان هێرشیان كردوەتە سەر نەینەوای پایتەختی ئیمپراتۆری ئاشوری و یەكێ لە پێشكەوتوترین شارستانێتییەكانی ئەو سەردەمەیان بە جۆرێ وێران كردووە كە ئیتر هەڵنەساوەتەوە.. سەیر ئەوەیە كورد خۆی بكا بە خاوەنی كارەساتێكی لەو بابەتە و بیكا بە ساڵی لەدایكبونی خۆی كەچی خۆی بە بێگانە بزانێ لە شارستانێتیە گەورەكانی میزۆپۆتامیا و زاگرۆس و ئێران، خۆی بە بێگانە بزانێ لە شارستانێتی سۆمەری و بابلی و ئەكەدی و خوری و گوتی و لۆلۆیی، لە كاتێكدا، تەنیا لە كوردستانی عێراقدا، هەزاران خشتی نوسراو دۆزراونەتەوە و سەدان شوێنەواری گرنگ شوێنەواری گرنگ لە هەولێر و كەركوك و دهۆك و سلێمانی، لە هەورامان و شمشارە و بێتوانە و دەربەندی گاور و بەمۆ و پەیكوڵی و پیرەمەگرون و حەوزی حەمرین و كیلەشین و زاخۆ .... دۆزراونەتەوە و هەزارانیش لە ژێر خاك دا ماون هێشتا كنە و پشكنینی زانستی یان تێدا نەكراوە. ئەگەر دەستكردی خەڵكی ناوچەكە نەبوبێ، داگیركەر هەرگیز نەیتوانیوە تاشەبەردی ئەو شاخانە هەڵكۆڵێ، پەیكەری لە سەر بنەخشێنێ و نوسینی لەسەر تۆماربكا".


بۆچونێكی تر:
هەندێك لێكدانەوەی تر هەن بۆ ریشەی وشە و مێژووی نەورۆز وەكو جەژنێكی میللی خەڵكی كورد، هێمنی موكریانی مێژووی نەورۆز دەبەستێتەوە بە ریشەی ژیانی كۆمەڵایەتی خەڵكی كوردەوە لە چاخە دێرینەكاندا و دەڵێ لە كۆندا كورد ئاژەڵدارییان كردووە، سەرەتای وەرزی بەهاری كاتی زاینی ئاژەڵی مەڕدارەكانی كورد بووە، لەو رۆژەدا كە رۆژی مەڕزاینە مەڕدارانی كورد ئاهەنگیان گێڕاوە و ئەمە بوەتە نەریت و جەژنی نەورۆز لەم ریشەیەوە دروستبووە.


زەردەشت و نەورۆز
هەندێكی تر ریشەی جەژنی نەورۆز دەبەستنەوە بە ئاینی زەردەشتیییەوە وەكو ئاینێكی كۆنی كورد، بۆ ئەمەش بەڵگەی ئاگركردنەوە دەهێننەوە كە سیمبوڵێكی هاوبەشی نەورۆز و ئاینی زەردەشتیییە.


فارسەكان چی دەڵێن ؟
بەشێوەیەكی گشتی مێژونوسانی فارس ریشەی نەورۆز دەبەستنەوە بە پادشایەكی خۆیانەوە كە لە وەرزی سەرماو سۆڵەی سەختدا یارمەتی خەڵكی داوە، هەندێكی تر ریشەی نەورۆز دەبەستنەوە بە كەسایەتییەكەوە بەناوی (حاجی فەیروز)، ئەم كەسە بە جلە سورەكانی و رەشكردنی روخساری دەناسرێتەوە، حاجی فەیروز بەو روخسارەوە بە شەقامەكاندا گەڕاوە و بانگەوازی بۆ هاتنی وەرزی بەهار كردووە و گۆرانی میللی وتوە، ئێرانییەكان ئەم حاجی فەیروزە دەبەستنەوە بە سیاوەشەوە كە یەكێك لە پادشا كۆنەكانی ئێرانە.
یەكێك لە نەریتە دیارەكانی جەژنی نەورۆز لە ئێران ئامادەكردنی خوانێكە كە حەوت جۆری خواردنی تێدابێت بەمەرجێك هەر حەوت خواردنەكە ناوەكانیان بە پیتی (سین) دەستپبێبكات، ئەم نەریتە ناوی لێنراوە (حەوت سینەكە).


نەورۆز لە جیهاندا
نزیكەی 300 ملیۆن كەس لەسەرتاسەری جیهان ساڵانە جەژنی نەورۆز دەگێڕن، بەوهۆیەوە نەورۆز ئێستا تاڕادەیەك بوەتە جەژنێكی جیهانی، بەهۆی ئەوەی لە ژمارەیەكی زۆر لە وڵاتانی ناوچەكە ئەم جەژنە بەرز رادەگیرێت ساڵانە سەرۆكی وڵاتانی جیهان بەوبۆنەیەوە پیرۆزبایی دەكەن.
ئێستا جگە لە كوردستان، لە ئێران و ئەفغانستان و پاكستان و ئۆزبەكستان و ناوەڕاستی ئاسیا و تەنانەت باكوری چین خەڵك بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و هاتنی سەری ساڵی نوێوە ئاهەنگ دەگێڕن.
بەهۆی ئەو ناوبانگە جیهانییەی كە لە كۆتاییەكانی ساڵی 2000ەوە پەیدای كرد، ساڵی 2009 رێكخراوی یونسكۆی سەربە نەتەوە یەكگرتوەكان جەژنی نەورۆزی وەكو یەكێك لە كۆنترین جەژنەكان خستە لیستی كەلەپوری جیهانییەوە.
هەروەها كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ساڵی 2010 لەسەر داوای چەند وڵاتێك لەوانە" ئازەربایجان، ئەفغانستان، ئەلبانیا، ئێران، توركیا، مەكەدۆنیا، تاجیكستان، قیرغیزستان، كازاخستان و هندستان بە بڕیاری 64/253 رۆژی 21ی ئاداری بە رۆژی جیهانی نەورۆز دیاریكرد.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand