Draw Media

پاشەكشەی پرۆژە یاساكان لەسەر دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم 

 پاشەكشەی پرۆژە یاساكان لەسەر دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم 

2019-03-29 17:39:21


درەو میدیا: 
لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندا سێ پرۆژە یاسا بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم خراوەتە بەردەم سەرۆكایەتی پەرلەمان ( پرۆژەی هاوبەشی گۆڕان و پارتی، پرۆژەی كۆمەڵ، پرۆژەی نەوەی نوێ) بەڵام سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان تەنها پرۆژەی هاوبەشی گۆڕان و پارتی ئاراستەی لیژنەی یاسایی كردووە، سبەی شەممە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ دەكرێت، لە پرۆژەكەی نەوی نوێ و كۆمەڵدا بەروونی ئاماژە بەوەكراوە كە دەبێت دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم پرۆتۆكۆڵی بن هاوشێوەی بەغداد و سەرۆك لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، بەڵام لە پرۆژەی هاوبەشەكەی گۆڕان و پارتیدا سەرۆكی لەناو پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت و دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمیش سپێردراوە بە دەستور، واتا سەرۆكی هەرێم تەواوی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی پێشووی هەرێمی دەبێت.  
ئەو پرۆژە هاوبەشەی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان بۆ كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم بەتەواوی جیاوازە لەو پرۆژەیەی فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان رۆژی 10ی حوەزیرانی 2015 بۆ هەمواركردنەوەی یاسایی سەرۆكایەتی هەرێم پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كرد، كە هەریەك لە یەكێتی و كۆمەڵ و یەكگرتووش پرۆژە یاسان پێشكەشكرد، بەپێی ئەو پرۆژە یاسایەدا كە خوێندنەوەی یەكەمیشی بۆكرا سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتی باڵای راپەڕاندن نیەو سەركردایەتیەكی پرۆتۆكۆڵی هێزە چەكدارەكانە هاوشێوەی بەغداد، بەڵام بەپێی ئەو پرۆژە یاسا هاوبەشەی پارتی و گۆڕان كە كارپێكردنی یاسا كۆنەكەیە سەرۆكی هەرێم سەرۆكا باڵای راپەڕاندن( جێبەجێكردن)ەو فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی هەرێمە، لە پرۆژە یاسا هاوبەشەكەدا سەرۆكی هەرێم ( نێچیرڤان بارزانی) تەواوی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی پێشویی هەرێم ( مەسعود بارزانی) دەبێت و دەستكاریكردنی دەسەڵاتەكانیشی سپێردراوە بە دەستورەوە. 
ئەوەی لە پرۆژە یاساهاوبەشەكەی گۆڕان و یەكێتیدا دەستكاریكراوە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمە لەناو پەرلەماندا، كە گەڕانەوەی بۆ ساڵی 2005 كە سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەماندا هەڵبژێردراو پەرلەمانیش توانای لێپرسینەوەی نەبوو، لەهەمانكاتدا سیستمی حوكمڕانی هەرێمیشی نەكردە پەرلەمانی.
 
ئێستا فراكسیۆنی بزوتنەوەی  گۆڕان، لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بەهاوبەشی پرۆژە یاسایەكیان بۆ كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم‌و هەمواری یاساكەی پێشكەشكردووە كە جیاوازییەكی زۆر هەیە لە نێوان ئەو دوو پرۆژە یاسایە بەتایبەت  لە رووی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمەوە، جیاوازییەكان بەم شێوەیەیە:
•    لە پرۆژە یاساكەی ساڵی 2015ی فراكسیۆنی گۆڕاندا بەتەواوی دەسەڵاتی باڵای راپەراندن لە سەرۆكی هەرێم دەسێنێـەوە، بەڵام لە پرۆژە یاساكەی سەرۆكایەتی هەرێمدا كە فراكسیۆنی گۆڕان‌و پارتی كارایدەكەنەوە، تەنها لەمادەی یەكەمیدا دەڵێت سەرۆكی هەرێم سەرۆكی باڵای راپەڕاندن ( جێبەجێكردن)ە لە هەرێمی كوردستان.
•    لە پرۆژە یاساكەی ساڵی 2015ی فراكسیۆنی گۆڕاندا سەرۆكی هەرێم سەركردایەتی هێزە چەكدارەكان دەكات تەنها بەمەبەستی پرۆتۆكۆڵی، بەڵام لە پرۆژە یاساكەی سەرۆكایەتی هەرێمدا كە فراكسیۆنی گۆڕان‌و پارتی كارایدەكەنەوە یاسا كۆنەكەی سەرۆكی هەرێمە سەرۆكی هەرێم سەرۆكی هێزە چەكدارەكانی هەرێم و قەرماندەی گشتی هێزەكانی پێشمەرگەیە .
•    لە پرۆژە یاساكەی ساڵی 2015ی فراكسیۆنی گۆڕاندا داوادەكات، سەرۆكی هەرێم بە دەنگدانی نهێنی‌و بە زۆرینەی دوو سێیەكی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت، بەڵام لە پرۆژەی 2019یدا رێككەوتنی لەگەڵ پارتی كردووە كە بۆ تەنها یەك خول سەرۆكی هەرێم لە لایەن پەرلەمانەوە هەڵببژێدرێت‌و بۆ خولەكانی تر دەستوری هەرێم یەكلاییبكاتەوە.
•    لە پرۆژە یاساكەی 2015دا فراكسیۆنی گۆڕان، داوادەكات سەرۆكی هەرێم دوو جێگری هەبێت بۆئەوەی هاوكاریی بكەن لە ڕاپەراندنی ئەركەكانی‌و، لە كاتی ئامادە نەبونی دا جێگەی بگرنەوە بە پێی ریزبەندیان، بەڵام لە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمدا كە فراكسیۆنی گۆڕان‌و پارتی كارایدەكەنەوە، تەنها ئاماژە بە یەك جێگر دراوە.
•    لە پرۆژە یاساكەی 2015یدا فراكسیۆنی گۆڕان جەختدەكاتەوە دەبێت سەرۆكی هەرێم‌و جێگرەكانی بەر لە سوێند خواردنیان دەبێت دەست لە پۆستی حزبی بكێشنەوە، بەڵام ئەم خاڵەش لە یاسا كاراكراوەكەدا نییە.
•    لەو پرۆژە یاسایەدا فراكسیۆنی گۆڕان لە خاڵێكدا مافی سەندنەوەی متمانەی لە سەرۆكی هەرێم بە پەرلەمان بەخشیوە لە دەنگدانێكی نهێنیدا.
•     ئەوەشی داناوە كە بە داوای (40) چل ئەندامی پەرلەمان و لە سەر بنەمای لێپرسینەوە، بە دەنگی (2/3) دوو لە سەر سێی ئەندامانی پەرلەمان، سەرۆكی هەرێم لە دەنگدانێكی نهێنیدا لە ئەرك و فرمانەكانی دەبەخشرێت، لە كاتی شكاندنی سوێندی یاسایی، پێشێلكردنی یاسا و خیانەتی گەورە، بەڵام لە یاسا كارپێكراوەكەدا ئەو مافەی بە پەرلەمان نەداوە.

 

 

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand