درەو میدیا: بارەگای بارزانی بە توندی وەڵامی لێدوانەكەی مەحمود سەنگاوی دەداتەوەو رونكردنەوەكەی وتەبێژی یەكێتیش بە شەرمنانە ناو دەبات. لە رونكردنەوەیەكدا نوسینگەی ڕاگەیاندنی بارەگای بارزانی، دەڵێت" وتەكانی مەحمود سەنگاوی كە لە ئەو پەڕی نزمی و بێ ئاستیدا بوون، ئەوە ناهێنێ وەڵام بدرێتەوە. چونكە مێژوو و كردەوەكانی ئەو كەسە دیار و ئاشكرایە و، مافیا و تاڵانچی و بكوژ هی ئەوە نین وەڵامیان بدرێتەوە" سەبارەت بە رونكردنەوەكەی وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتیش سەبارەت بەوەی قسەكانی مەحمود سەنگاوی گوزارشت لە بۆچونی خۆی دەكات، رونكردنەوەكەی بارەگای بارزانی دەڵێت" بۆ مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و وتەبێژەكەی زۆر جوانتر بوو بێ دەنگ بانە نەك ئەوەی بەیاننامەیەكی شەرمنانە و بێ ناوەڕۆك لە بەرانبەر وتەكانی تاڵانچییەك بڵاو بكەنەوە كە بە نەفەسی تێكدانی ڕەوشی كوردستان و شێواندنی ئاسوودەیی كۆمەڵایەتیی خەڵك قسەی كردووە" رۆژی 16/6/2019 مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەبەردەم پێشمەرگە دێرینەكانی گەرمیان، زۆر بە توندی هێرشی كردە سەر مەسعود بارزانی و بە " پیاوێكی بچوك" وەسفیكرد، مەحمود سەنگاوی ئاماژەی بەوەشكردووە" كاك مەسعود شەرم ناكات خۆی لە یەكێتی بە گەورەتر دەزانێت، ئەگەر سیاسەتی پارتی بەو شێوەیە بێت هیچ مانعمان نیە بۆ دوو ئیدارەیی و قبوڵی ناكەین پارتی نەوت بدزێ و مامۆستای ئێمە نیوموچە وەربگرێت لەلایەن خۆشیەوە وتەبێژی رەسمی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند" ئەو وتانەی هەڤاڵ مەحمود سەنگاوی كە بڵاوكراوەتەوە، گوزارشت لە هەڵوێستو سیاسەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ناكات" دەقی وتەكەی مەحمود سەنگاوی دەقی رونكردنەوەكەی بارەگای بارزانی وتەكانی مەحمود سەنگاوی كە لە ئەو پەڕی نزمی و بێ ئاستیدا بوون، ئەوە ناهێنێ وەڵام بدرێتەوە. چونكە مێژوو و كردەوەكانی ئەو كەسە دیار و ئاشكرایە و، مافیا و تاڵانچی و بكوژ هی ئەوە نین وەڵامیان بدرێتەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا بۆ مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و وتەبێژەكەی زۆر جوانتر بوو بێ دەنگ بانە نەك ئەوەی بەیاننامەیەكی شەرمنانە و بێ ناوەڕۆك لە بەرانبەر وتەكانی تاڵانچییەك بڵاو بكەنەوە كە بە نەفەسی تێكدانی ڕەوشی كوردستان و شێواندنی ئاسوودەیی كۆمەڵایەتیی خەڵك قسەی كردووە. نوسینگەی ڕاگەیاندنی بارەگای بارزانی 18ـی 6ـی 2019 دەقی رونكردنەوەكەی وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەقی روونكردنهوهکە: به ههموو لایهكی رادهگهیهنین، ئهو وتانهی ههڤاڵ مهحمود سهنگاوی كه بڵاوكراوهتهوه، گوزارشت له ههڵوێستو سیاسهتی یهكێتیی نیشتمانیی كوردستان ناكات. ئێمه سهرهرای رێزی تایبهتیمان بۆ كاك مهسعود بارزانی، پهیوهندییهكی دۆستانهی مێژوویی كۆمان دهكاتهوه. ئێستاش بهپهرۆشهوه، پێكهوه ههنگاو بۆ پتهوكردنی ئهو پهیوهندییه دهنێین و ههر دوێنێش لهمیانی كۆبونهوهی وهفدی دانوستانكاری ههردوولاماندا، جهخت لهسهر پێویستی فهراههمكردنی كهشێكی ئارام و هێورو دۆستانه كرایهوه، تا بتوانین پێكهوه به یهكگرتووی رووبهرووی مهترسیهكان ببینهوهو، پهله بكهین له تهواوكردنی پرۆسهی پێكهێنانی كابینهی نۆیهمی حكومهتی ههرێمی كوردستان، له چوارچێوهی رێكهوتنهكانی نێوانماندا. دیسانهوه دووپاتی دهكهینهوه، كه تهنها لێدوانو وتهكانی ووتهبێژی رهسمی یهكێتی گوزارشت له ڕاو بۆچوونو ههڵوێستی یهكێتیی نیشتمانیی كوردستان دهكات. لهگهڵ رێزدا... وتهبێژی رهسمی مهكتهبی سیاسی یهكێتیی نیشتمانیی كوردستان 18/6/2019
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت مەسرور بارزانی بەر لە كۆتایی ئەم مانگە لیستی كاندیدی لایەنەكان بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكان لەكابینەی نوێی حكومەت دەخاتەبەردەم پەرلەمان، حزبی سۆسیالیست یەكەمین لایەنە كە كاندیدی خۆی بۆ حكومەت یەكلاكردوەتەوە، یەكێتی چاوی لە رەزامەندی پارتییە لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، بزوتنەوەی گۆڕانیش هەفتەی داهاتوو كاندیدەكانی یەكلادەكاتەوە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا نوێترین پەرەسەندنەكانی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بڵاودەكاتەوە. دوای راسپاردنی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە رۆژی 11ی ئەم مانگەدا، دوێنێ مەسرور بارزانی بۆ یەكەمجار سەردانی سلێمانی كرد. مەسرور بارزانی كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەدوای راسپاردنیەوە بەپێی یاسا تەنیا ماوەی (30) رۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێشكەشكردنی ناوی كاندیدی وەزارەتەكانی حكومەتەكەی بە پەرلەمان، یەك هەفتە لەوادە یاساییەكەی تێپەڕیوە، هێشتا هیچ ئاسۆیەك دیارنییە. مەسرور بارزانی چی دەكات ؟ بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵاوە دەستیكەوتووە، مەسرور بارزانی بەنیازە لەناوەڕاستی ئەو ماوە یاساییەی كە لەبەردەستیدایە، لیستی كاندیدی پۆستەكانی حكومەت بخاتەبەردەم پەرلەمان بەمەبەستی وەرگرتنی متمانە، واتە بەدیاریكراوی دەیەوێت رۆژی 28ی ئەم مانگە لیستی كاندیدەكان پێشكەش بكات. سەرەتای مانگی داهاتوو، پەرلەمانی كوردستان دەكەوێتە پشووی وەرزییەوە، ئەم پشووە ماوەی دوو مانگ بەردەم دەبێت، بۆیە مەسرور بارزانی دەیەوێت لە 28ی ئەم مانگەدا لیستی كاندیدەكان پێشكەش بكات، پەرلەمانیش ئەوكات تەنیا (2) رۆژی لەبەردەمدا دەبێت بۆ متمانەبەخشین بە كابینەی حكومەتو سوێندخواردنی وەزیرەكان، ئەگەر وەرزی یاسادانان درێژنەكرێتەوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، هەڵوێستی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەیە، وەرزی یاسادانانی پەرلەمان درێژنەكرێتەوەو كابینەی حكومەت لەوادەی دیاریكراودا متمانە وەرگرێت. حكومەت بەبێ یەكێتی ! دوێنێ مەسرور بارزانی بەسەرۆكایەتی وەفدێك گەیشتە سلێمانی، وەفدەكە سەرەتا لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبووەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە كۆبونەوەكەدا وەفدی یەكێتی بەپێچەوانەی كۆبونەوەكانی پێشتری نێوان وەفدی پارتیو یەكێتی، موجامەلەی وەفدەكەی مەسرور بارزانییان كردووە، ئەم موجامەلەكردنە لەلایەن وەفدەكەی مەسرور بارزانییەوە والێكدراوەتەوە یەكێتی كێشەی نییەو بەشداری حكومەت دەكات. وەفدەكەی مەسرور بارزانی كە دواتر لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان كۆبونەتەوە، گەشبینی خۆی لەبارەی كۆبونەوەكەی لەگەڵ یەكێتی بە بزوتنەوەی گۆڕان گەیاندووە. بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پێشتر ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی رێككەوتوون لەسەر ئەوەی" یەكێتی بەبێ دانانی پارێزگاری كەركوك، كاندیدەكانی بۆ بەشداریكردن لە حكومەتی هەرێم پێشكەشی مەسرور بارزانی ناكات". ئێستا بۆچوونی بەهێز لەناو یەكێتی ئەوەیە، یەكێتی پێشتر بەمەبەستی نیشاندانی نیازپاكی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم كردووو دواتریش دەنگی داوە بە مەسرور بارزانی وەكو كاندیدی راسپێدراو بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەڵام نابێت چیتر لەمە زیاتر نەرمی بنوێنێتو ئەگەر پارێزگاری كەركوك كە یەكێتی بە پشكی خۆی دەزانێت، هاوتەریب لەگەڵ پێدانی متمانە بە كابینەی نوێی حكومەت لە پەرلەمان، دانەنرێت، یەكێتی بەشداری حكومەت ناكات. پارتی چی دەكات ؟ پارتی تاوەكو ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە سورە لەسەر ئەوەی ئەو كاندیدەی كە یەكێتی بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری پێشكەشی دەكات، دەبێت دڵخوازی پارتیش بێت. یەكێتی تائێستا ناوی زیاتر لە (40) كاندیدی خستوەتە بەردەم پارتیو هەموو ناوەكان رەتكراونەتەوە، رەنگە لەچەند رۆژی داهاتوودا هەندێك ناوی تر لەنێوان هەردوولا تاوتوێ بكرێت. ئەگەر تا ئەو وادەیەی كە مەسرور بارزانی ناوی كاندیدی وەزارەتەكان پێشكەشی پەرلەمان دەكات، پارتیو یەكێتی لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك رێكنەكەون، یەكێتی بەشداری حكومەت ناكات، بەڵام پارتیش كابینەكە پەكناخات. مەسرور بارزانی هاوشێوەی كابینەی هەشتەم، ناوی كاندیدەكانی یەكێتی بۆ پۆستەكان لەكابینەی حكومەت بەبەتاڵی بەجێدەهێڵێت تا ئەوكاتەی یەكێتی پەیوەندی بە حكومەتەوە دەكات، واتە پارتی ئەمجارەش یەكێتی بەجێدەهێڵێت. بەپێی ئەو پلانەی كە مەسرور بارزانی هەیەتی، دەبێت ئەو لایەنانەی كە بەشداری حكومەت دەكەن هەفتەی داهاتوو ناوی كاندیدەكانیان پێشكەش بكەن. تەنیا لەم خولەی پەرلەماندا تاوەكو ئێستا پارتی لە دوو وێستگەی هەستیارانەدا یەكێتی بەجێهێشتووە، واتە بەبێ بەشداری یەكێتی هەنگاوی خۆی هەڵگرتووە: وێستگەی یەكەم: هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی (18ی شوبات)دا بەبێ بەشداریكردنی فراكسیۆنی یەكێتی، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی رێككەوتنی نێوان پارتیو یەكێتی، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، یەكێتی تائێستا ئەو پۆستەی وەرنەگرتووەو پارتی خۆی بەشێوەی كاتی پۆستەكەی پڕكردوەتەوە. وێستگەی دووەم: هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم كوردستان لەناو پەرلەمان لە رۆژی (28ی ئایار)دا، بەبێ بەشداریكردنی فراكسیۆنی یەكێتی، پارتی سەرباری ئەوەی كاری بۆ ئەوەدەكرد نێچیرڤان بارزانی دەنگی زۆرینەی فراكسیۆنەكان بەدەستبهێنێت، بەڵام كاتێك لەسەر پرسی كەركوك لەگەڵ یەكێتی نەگەیشتە رێككەوتن، بەبێ گوێدانە یەكێتی، خۆی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕانو پێكهاتەكاندا پۆستی سەرۆكی هەرێمی یەكلاكردەوە. گۆڕانو مەسرور بارزانی لەدوای كۆبونەوەی لەگەڵ یەكێتیو حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، مەسرور بارزانی سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد لە سلێمانی. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەو كۆبونەوەیەدا وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان دڵنیاییان بە مەسرور بارزانی داوە كە لە وادەی خۆیدا كاندیدەكانیان بۆ پۆستەكان رادەست دەكەن. عەلی حەمەساڵح ئەندامی وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان بەر لە گەیشتنی وەفدەكەی مەسرور بارزانی بۆ گردی زەرگەتە، لە لێدوانێكدا بۆ سایتی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردسان وتی:" لەچەند رۆژی داهاتوودا كاندیدەكانمان بۆ كابینەی نوێی حكومەت یەكلادەكەینەوە". بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، هەفتەی داهاتوو جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كە بەپێی دەستوری بزوتنەوەكە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو حیزبەكەدا، كۆدەبێتەوە بۆ دەنگدان یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستەكان. بزوتنەوەی گۆڕان لیژنەكی (13) كەسیی پێكهێناوە بۆ پۆختەكردنی ناوی ئەوانەی كە سیڤییان بۆ وەرگرتنی پۆستە وزارییەكان پێشكەشكردووە، ئەركی ئەم لیژنەیە ئەوە بۆ هەر پۆستێك تەنیا ناوی (3) كاندید بخاتە بەردەم جڤاتی نیشتمانی، بۆ ئەوەی جڤاتەكە لەنێوان هەر سێ كەسێكدا، یەكێكیان بە زۆرینەی دەنگ كاندید بكات بۆ وەرگرتنی پۆستەكە. مەسرور بارزانی دوای كۆبونەوەكەی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان، سوپاسی گۆڕانی كرد كە "پابەند بووە بە رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی". سۆسیالیست لە حكومەتدا مەسرور بارزانی لە دووەم وێستگەی سەردانەكەیدا بۆ سلێمانی، لەگەڵ محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیس دیموكراتی كوردستان كۆبووەوە. حزبی سۆسیالیست ئێستا هاوپەیمانی فەرمی پارتییەو تاكە نوێنەرەكەی لە پەرلەمان چووەتە پاڵ فراكسیۆنی پارتیو ژمارەی كورسییەكانی پارتی بۆ (46) كورسی بەرزكردوەتەوە. حزبی سۆسیالیست بە یەك كورسی پەرلەمانەوە، كورسییەكی وزاری لە كابینەی مەسرور بارزانیدا مسۆگەر كرد، كە پۆستی وەزارەتی كاروباری شەهیدانو ئەنفالكراوانە. سۆسیالیست یەكەمین حزبی كوردییە كە هەر لەئێستاوە كاندیدی خۆی بۆ پۆستە وزارییەكە یەكلاكردوەتەوە، كە (عەبدوڵای حاجی مەحمود) برای محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری حزبەكەیە. سۆسیالیست كورسییەكی لە حكومەت وەرگرت، بەڵام تاكە كورسییەكەی لە پەرلەمان لەدەستدەدات، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، عەبدوڵای حاجی مەحمود كە ئێستا ئەندامی پەرلەمانی كوردستانە، لەدوای دەستبەكاربوونی لە پۆستی وەزیری كاروباری شەهیدانو ئەنفالكراوان، باپیر كامەلا شوێنەكەی پڕدەكاتەوە، كە سەرۆكی پارتی كرێكارانو رەنجەدەرانی كوردستانە. بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان (30ی ئەیلول)، حزبی سۆسیالیستو پارتی كرێكارانو رەنجدەرانو یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان كە غەفور مەخموری سەرۆكایەتی دەكات، بەیەك لیست بەشدارییان كرد، هەرسێ لایەنەكە پێكەوە یەك كورسی پەرلەمانیان بەدەستهێنا. بەپێی رێككەوتنێك كە لەنێوان لایەنەكانی ئەو هاوپەیمانێتییەدا كرا، بڕیاردرا ئەگەر حزبی سۆسیالیست پۆست لە حكومەت وەرگرێ، كورسییەكەی پەرلەمان بدات بە پارتی كرێكارانو رەنجدەران.
راپۆرت: فازل حەمە رەفعەت- نامیق رەسوڵ- محەمەد رەئوف نەجمەدین كەریم.. ئەو پیاوەی كە رۆژگارێك خەونی ئەوەی هەبوو لە نێوان عێراقو هەرێمی كوردستاندا هەرێمێكی سەربەخۆ بەناوی " هەرێمی كەركوك" پێكبهێنێتو خۆی سەرۆكایەتی بكاتو پرۆژەی هەرێمەكەشی ئامادەكردبوو، ساڵی 2017 كتوپڕ هەڵوێستی خۆی گۆڕیو ئەمجارەیان هەوڵیدا كەركوك بەبێ رەزامەندی بەغداد بلكێنێت بە " دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان" ەوە، بەڵام رەشەبا بە پێچەوانەی ئاراستەی چارۆكەكەی كەشتییەكەیەوە هەڵیكردو ئەوی لە خەونی كورسی سەرۆكایەتیكردنی " هەرێمی كەركوكەوە" بردە بەردەم واقیعی تاڵی هەڵاتنو خۆشاردنەوە لە پرۆسەی دادگاییكردن، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا وردەكاری چۆنیەتی ئازادكردنی نەجمەدین كەریم لە پۆلیسی ئینتەرپول لە بەیروت بڵاودەكاتەوە. لە بەیروتەوە بۆ هەولێر نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشووی كەركوك دوای رۆژێك لە ئازادبوونی لە لوبنانو گەڕانەوەی بۆ هەرێمی كوردستان، لە بارەگای بارزانی لە پیرمام چاوی بە مەسعود بارزانی كەوت. دوای سێ هەفتە لە دەستبەسەربوون لە بەیروتی پایتەخت لوبنان لەلایەن پۆلیسی ئینتەرپوڵەوە، دوێنێ نەجمەدین كەریم گەڕایەوە هەولێری پایتەختی هەرێم، لەدوای گەڕانەوەیەوە تائێستا هیچ قسەیەكی دەربارەی چۆنیەتی دەستبەسەركردنیو ئازادبوونی نەكردووە، بەڵام سەرچاوەیەكی نزیك بە (درەو میدیا)ی راگەیاند دوای زنجیرەیەك كۆبوونەوەی بەرپرسانی حزبیو حكومی هەرێم، نەجمەدین كەریم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا زانیاری لەسەر دۆسیەكەیو ئازادكردنی بۆ رای گشتی ئاشكرابكات. (درەو میدیا) چەندجارێك پەیوەندیكرد بە نەجمەدین كەریمەوە، بەڵام وەڵامی هیچكام لە پەیوەندییەكانی نەدایەوە. چۆن ئازادكرا؟ بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی كە (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی جیاجیاوە دەستیكەوتوون، نەجمەدین كەریم بە فێڵێكی یاسایی لە لوبنان ئازادكراوەو لە پۆلیسی ئینتەرپوڵ بەو جۆرە ئازادكراوە كە بۆ دادگاییكردن دەگەڕێندرێتەوە عێراقو هەولێریش بەشێكە لە عێراق، بەڵام ئێستا بەرپرسانی پارتی لە هەوڵی بەردەوامدان بۆئەوەی پرۆسەی دادگاییكردنی نەجمەدین كەریم لە بەغدادەوە بگوازنەوە بۆ هەولێر. بەرپرسانی پارتی بۆ گەڕاندنەوەی نەجمەدین كەریم بۆ هەولێر بڕێكی زۆر پارەیان خەرجكردووەو ئامادەشن بۆ گواستنەوەی پرۆسەی دادگاییكردنەكەی لە بەغدادەوە بۆ هەولێر بڕێكی زیاتر پارە خەرجبكەن. تۆمەتەكانی نەجمەدین كەریم چین؟ بەپێ زانیارییەكان نەجمەدین كەریم تا ئەوكاتەی كە پارێزگاری كەركوك بووەلە 2014ەوە تا روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرو دواتریش لەسەر ( 64) تۆمەت سكاڵای لەسەر تۆماركراوەو لە دادگاكان دۆسیەی لەسەر كراوەتەوە، لەم ژمارەیە (50) سكاڵایان لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە تۆماركراون, مێژووی ئەم سكاڵایانەش دەگەڕێتەوە بۆئەو كاتەی كە نەجمەدین كەریم وەكو پارێزگارێكی سەربە یەكێتی لە كەركوك لە ململانێیەكی تونددا بوو لەگەڵ پارتی. لەگەڵ ئامادەكارییەكان بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2017 نەجمەدین كەریم بووە پاڵپشتێكی سەرسەختی مەسعود بارزانی لەو پرسەداو تائەو ئاستەی سەركێشی بە چارەنوسی سیاسی خۆیەوە كردو پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆی هەرێمی كوردستانی بردە ناو كەركوكەوەو ئەمەش دواتر بووە پاساوی سەرەكی دەسەڵاتدارانی بەغداد بۆ رەتكردنەوەی ئەنجامی ریفراندۆمەكەو دواتریش لەشكركێشی بۆسەر ناوچە جێ ناكۆكەكانو كۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی نەجمەدین كەریم وەك پارێزگاری كەركوك لێكەوتەوە. كاتی لەشكركێشی سوپای عێراق بۆسەر پارێزگای كەركوك سەرەتای سەرهەڵدانی ناكۆكی نەجمەدین كەریم بوو لەگەڵ بڕیاربەدەستدانی حزبەكەی، ئەو كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بوو، لە شەوی 16ی ئۆكتۆبەردا داوای لە هێزەكانی یەكێتی كرد بەرەنگاری سوپای عێراق ببنەوەو بەرگری لە كەركوك بكەن ئەمەش پێچەوانەی هەڵوێستی رەسمی حزبەكەی بوو. نەجمەدین كەریم لە شەوی 16ی ئۆكتۆبەردا لەجیاتی ئەوەی بەرەو سلێمانیو ناوچەكانی جێ نفوزی حزبەكەی هەنگاونبێت رویكردە هەولێرو لەوێ نیشتەجێ بوو. دیارترین ئەو تۆمەتانەی كە لە سكاڵاكاندا ئاراستەی نەجمەدین كەریم كراون بریتین لەمانەی خوارەوە: * هاندان بۆ رووبەڕووبونەوەی سوپای عێراق لەكاتی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەردا. * ئیختیلاسو بەهەدەردانی پارە لە پرۆژەكانی: - دروستكردنی باڵەخانەی پارێزگای كەركوك - سەرجەم پڕۆژە وەبەرهێنەكان - پڕۆژەی " صقر" كەركوك - پڕۆژەی كامێرای چاودێری ناو شاری كەركوك- - كڕینی زیاتر لە 10 ئۆتۆمبێل بۆ پارێزگاری كەركوك - دروستكردنی ژمارەیەك باخچە بە بڕی ( 40) ملیار دینار - دروستكردنی (8) پردی پەڕینەوە لە ناو شار - دانانی قەپان لە دەروازەكانی كەركوك - دانانی هەزاران ستونی كارەبای بە كوالیتی خراپ - دروستكردنی " نەخۆشخانە حەویجە" - دروستكردنی شەقامی "بازنەیی"، شەقامی " شاری یاری كەركوك"، هەر چوار دەروازەكەی كەركوك - باڵەخانەی دادگای كەركوك، باڵەخانەی ناسنامەی باری شارستانی، شەقامی " صفە الشرقیە" - پێویستیەكانی محەتەی كارەبای كەركوك، بۆیاخی گەرمی دەر، باڵەخانەی خانوبەرەی دوبز، ڕۆشنكەرەوەكانی بازاڕی دوبز - دروستكردنی باڵەخانەی دابەشكردنی كارەبای كەركوك پێشبیندەكرێت پارتی بۆ رزگاركردنی نەجمەدین كەریم لەو تەنگژەیەی تێیكەوتووە، سەرەتا سەرجەم ئەو سكاڵا یاسایاییانە بكشێنێتەوە كە خۆی لەدژی تۆماریكردونو بە گوێرەی زانیارییەكان نزیكەی 18 سكاڵای كشاندوەتەوە. جگە لە كشاندنەوەی سكاڵاكان هەندێك زانیاری باس لەوەدەكەن كە پارتی لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا پۆستی وەزارەتێك دەداتە نەجمەدین كەریمو كە زانیارییەكان باس لە وەزارەتی تەندروستی دەكەن. نەجمەدین كەریم لە رۆژی 16ی شوباتی 2018 لە كاردانەوەیدا بەرامبەر بە بڕیاری دوورخستنەوەی لە ریزەكانی یەكێتی لەلایەن ئەنجومەنی سەركردایەتی ئەو حزبەوە، وازهێنانی لە یەكێتی راگەیاند، بەڵام تائێستا بە فەرمی پەیوەندی نەكردووە بە ریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە. كاردانەوەكان ئازادكردنو گەڕاندنەوەی نەجمەدین كەریم بۆ هەولێر، كاردانەوەی جیاجیای حزبو فراكسیۆنە جیاوازەكانی عێراقی لێكەوتەوە، هەندێك لایەنو كەسایەتی سیاسیی نیگەرانن توڕەنو داوا لە عادل عەبدولمەهدی وەك سەرۆك وەزیرانو سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای نەهێشتنی گەندەڵی دەكەن رونكردنەوە بداتو هەوڵبدات نەجمەدین كەریم بگەڕێندرێتەوە بەغداد بۆ دادگاییكردنی لەسەر ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی كراون. چەندین كەسایەتیو فراكسیۆن و پەرلەمانتار ناڕەزایەتی خۆیان بۆ ئازادكردنی نەجمەدین كەریمو گەڕاندنەوەی بۆ هەولێر دەربڕیوە، لەوانە ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی بەرەی توركمانی، غالب محەمەد پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان، عەلی سنێد پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نەسر. كەركوكو كەتەلۆنیا هاوكات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە هەرێمی كوردستان، لە ئیسپانیا هەرێمی كەتەلۆنیا ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامداو دوای پرۆسەكە سەرۆكایەتی ئەو هەرێمە بێ گوێدانە كاردانەوەی دەسەڵاتدارانی ئیسپانیا تاكلایەنە لەناو پەرلەمانی هەرێمەكەوە سەربەخۆیی راگەیاند. بەهۆی ئەم بڕیارەوە حكومەتی مەدرید فەرمانی دەستگیركردنی بۆ سەركردە جوداخوازەكانی كەتەلۆنیا دەركردو ئەو كاتە ژمارەیەكیان دەستگیركراو ژمارەیەكی تر لە ترسی دادگا هەرێمەكەیان بەرەو ئەوروپا بەجێهێشتو هەمویان بەرپرسیارێتی ئەو بڕیارە و لێكەوتەكانیان لە ئەستۆگرت و پرۆسەی دادگاییكردنی سەركردەكانی كەتەلۆنیا ئەم مانگە كۆتایی هات. بەڵام لە هەرێمی كوردستان داری ریفراندۆم و خەونی سەربەخۆیی زیاتر لە سەری خەڵكی كەركوكو ناوچە دابڕێندراوەكانو پارێزگای كەركوكدا شكێنرایەوە، نەجمەدین كەریم تاكە كەسە كە باجی سازدانی ریفراندۆم دەدات و قوربانیی ژمارە یەكی ئەو پرۆسەیە، ئەمە بەدەر لە هەندێك كەسی تایبەتی گەندەڵی كە پێشتر لەسەری تۆماركراوە ئێستا بۆی زیندووكراوەتەوە. پرۆفایلی نەجمەدین كەریم ناوی سیانی: نەجمەدین عومەر كەریم - ساڵی ١٩٤٩ز لە گەڕەكی رەشیداوەی كەركووك لە دایكبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی و دواناوەندی لە كەركووك تەواو كردووە - ساڵی 1971 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە پزیشكی گشتیدا لە زانكۆی موسڵ بەدەستھێناوە. - ساڵی ١٩٧٢ بووە بە پێشمەرگەو ساڵی 1976 بووە بە پزیشكی تایبەتی مەلا مستەفا بارزانی. - لەگەڵ مستەفا بارزانیدا چووەتە ئەمریكاو لەوێ بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری نەشتەرگەری سیستمی دەماری لە زانكۆی جۆرج واشینتۆن بەدەستهێناوە. - ساڵی ٢٠٠٩ بەیەكجاری گەڕایەوە عێراقو لە كۆنگرەی سێیەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی ھەڵبژێردرا -ساڵی 2010 لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا سەرۆكایەتی لیستی كوردستانی دەكرد لە پارێزگای كەركووك و دەنگی پێویستی بۆ گەیشتن بە پەرلەمانی عێراق بەدەستھێنا. - سەرەتای مانگی نیسانی ٢٠١١دا، بووە پارێزگاری كەركوكو دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 لە پۆستەكەی دوورخرایەوە.
راپۆرت: درەو میدیا تەنیها هەشت مانگە خولی نوێی پەرلەمانی كوردستان دەستبەكاربووە، بەگومانی دزیكردنو بەهەدەردانی دارایی گشتی، لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكهێنراوەو لیژنەكە پشكنین بۆ شوقەو خانوی پەرلەمانتارانو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكات، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا وردەكاری زیاتر بڵاودەكاتەوە. لیژنەیەك پێكهێنرا بۆ لێكۆڵینەوە لە گومانی (دزیكردن)و (بەهەدەردان)ی پارە لە پەرلەمانی كوردستان. ئەمە لەكاتێكدایە، خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان تەنیا ماوەی (8 مانگو 15) رۆژە دەستبەكاربووە، لەگەڵ دەستبەكاربوونیدا، پەرلەمان دەستیكرد بە ئامادەكردنو گۆڕینو چاككردنی كەلوپەلی شوقەو خانوی تایبەت بە پەرلەمانتارانو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لە هەردوو گوندی (ئیتاڵیو شوقەكانی زەكەریا) لە شاری هەولێر. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكەوە دەستیكەوتووە، لیژنەكە بەفەرمانی ڤالا فەرید سەرۆكی پەرلەمان كوردستان، پێکهێنراوە.. لیژنەكە چۆن پێکهێنرا؟ لە گوندی ئیتاڵی، (6) خانو تایبەتكراوە بە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، سەرۆكی پەرلەمانو جێگری سەرۆكی پەرلەمانو سكرتێری پەرلەمان هەریەكەیان (2) خانویان بۆ تەرخانكراوە، ئەم خانوانە كرێنو پەرلەمان كرێكەیان دەدات. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەدوای دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆكی پەرلەمان، ڤالا فەرید (2) خانوەكەی تایبەت بە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی وەرگرتووە، لیژنەی كڕینی پەرلەمان، تاقمێك تەنەفەی بەبڕی (8 هەزارو 600 دۆلار) بە زمانی بازاڕ واتە (86) وەرەقە، بۆ خانوەكەی كڕیوە، پاش ماوەیەك ڤالا فەرید داوای گۆڕینی تاقمە قەنەفەكەی كردووەو تاقمێكی تریان بۆ هێناوە بەبڕی (9 هەزارو 600 دۆلار) واتە (96) وەرەقە. لەم ئاڵوگۆڕەدا سەرۆكی پەرلەمان بۆی دەركەوتووە، لە كڕینی كەلوپەلی تایبەت بە شوێنی نیشتەجێبوونی پەرلەمانتارانو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەماندا دزیكردنو بەهەدەردانی زۆر كراوە، بۆ ئەمەش بەراوردكاری نرخی ئەو قەنەفانەی كردووە كە بۆ خانوەكەی خۆی كڕدراونو نرخەكانیان لەبازاڕدا زۆر كەمتر بووە لەو نرخەی كە لەسەر پەرلەمان ئەژماركراوە. لێرەوە، سەرۆكی پەرلەمان بڕیار دەدات بەدواداچوون بكرێت لەسەر خەرجییەكان. ئەندامانی لیژنەكە كێن ؟ بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، سەرەتا ڤالا فەرید سەرۆكی پەرلەمان فەرمانێكی دەركردووەو تێیدا بەشێوەیەكی راستەوخۆ لیژنەی كڕینی پەرلەمانی تۆمەتباركردووە بە دزیكردنو بەهەدەردانی پارە، ئەمە لە كۆتایی مانگی ئایاردا بووە. لەبەرامبەر ئەم فەرمانەی سەرۆكی پەرلەماندا، سەرۆكی لیژنەی كڕینو چاككردن لە پەرلەمانی كوردستان هەوڵیداوە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی سازبكاتو تێیدا ئەستۆپاكی خۆی بسەلمێنێت، بەڵام سەرۆكی پەرلەمان فەرمانێكی نوێی بۆ دروستكردنی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە دەركردووە، واتە فەرمانی تۆمەتباركردنی راستەوخۆ گۆڕیوە بە فەرمانی لێكۆڵینەوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، لیژنەكە پێكهاتووە لە (4) كەس، كە ئەندامەكانی سەربە (پارتی، یەكێتی، بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی)ن، لەناویاندا (بەڕێوەبەری كاروباری پەرلەمانو بەڕێوەبەری وردبینی) هەن. لیژنەكە چی دەكات ؟ ئەم لیژنەیەی كە بە فەرمانی سەرۆكی پەرلەمان پێكهێنراوە، ئەركەكەی بریتییە لە وردبینیكردن لە هەموو ئەو خەرجییانەی كە لیژنەی كڕینو چاككردنی پەرلەمان لەماوەی رابردوودا لە ئامادەكردنی شوێنی نیشتەجێبوونی پەرلەمانتارانو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەماندا خەرجیكردووە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لیژنەكە پشكنینی نرخ بۆ هەموو ئەو كەلوپەلو پرۆسەی چاككردنەوانە دەكات كە بۆ شوقەو خانوی پەرلەمانتارانو دەستەی سەرۆكایەتی كراون، واتە دەچیتە ناو شوێنی نیشتەجێبوونی پەرلەمانتارانو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە، ئەمە ئەگەر لیژنەكە روبەڕووی رێگریكردن نەبێتەوەو كارەكانی دوچاری ئاستەنگ نەكرێت. خانوەكەی هێمن هەورامی لیژنەكە پارەیەكی زۆری لە دوو خانوەكەی هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان لە گوندی ئیتالی خەرجكردووە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، هێمن هەورامی دوو تاقم قەنەفەی ناوازەی ژوری پرۆتۆكۆڵی پەرلەمانی كوردستانی گواستوەتەوە بۆ خانووەكەی لە گوندی ئیتاڵی، نرخی قەنەفەكان (30 هەزار دۆلارە)، بە زمانی بازاڕ واتە (3 دەفتەر دۆلار). سەرەرای ئەمە، بەبەهای (2 هەزارو 600) دۆلار، واتە (26 وەرەقە) كەلوپەلی وەرزشی بۆ خانوەكەی هێمن هەورامی كڕدراوە، ئەمە سەرباری خەرجییەكی زۆر كە لە ئۆفێسەكەیدا لەناو بینای پەرلەمان كراوە. قەهوەچی لە توركیاوە هاوردەی دەكات ! مونا قەهوەچی سكرتێری پەرلەمان، كە لە یەكێك لە خانوەكانی تایبەت بە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەماندایە لە گوندی ئیتاڵی، هاوشێوەی ئەندامانی تری دەستەی سەرۆكایەتی، كەلوپەلی ناو ماڵەكەی گۆڕیوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، قەهوەچی لە توركیاوە كەلوپەلەكانی بۆ هێنراوەو بەهای پێداویستییەكانی ماڵەكەی (35 هەزار) دۆلار بووە، واتە (3 دەفتەرو 50 وەرەقە). كێشە لە دەستەی سەرۆكایەتیدا ! بەپێی رێككەوتنی سیاسی نێوان لایەنەكان، پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەدەست یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە دەبێت، یەكێتی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر پرسی پارێزگاری كەركوك كێشەی هەیە، بەوهۆیەوە تائێستا پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی وەرنەگرتووە. بەهۆی نائامادەگی یەكێتییەوە، ئێستا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەتەواوەتی لەدەستی پارتیدایە، ڤالا فەرید بەشێوەی كاتیی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی وەرگرتووە تا ئەوكاتەی یەكێتی پۆستەكە وەردەگرێت. پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان بەفەرمی لای پارتییەو هێمن هەورامی لە پۆستەكەدایە، پۆستی سكرتێری پەرلەمانیش تەرخانكراوە بۆ پێكهاتەكان، لەناو پێكهاتەكان دراوە بە پێكهاتەی توركمانو مونا قەهوەچی لە پۆستەكەدایە كە كەسێكی دڵخوازی پارتییە. سەرباری ئەوەی دەستەی سەرۆكایەتی بەتەواوەتی بۆ پارتی یەكلابوەتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكان ئەم یەكڕەنگییە بێ كێشە نییەو هەندێك ناكۆكی لەنێوان تیمەكەی پارتیدا هەیە. (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكەوە زانیویەتی، لە پرۆسەی دروستكردنی لیژنەی لێكۆڵینەوەدا لە خەرجییەكانی پەرلەمان جۆرێك لە ناكۆكی لەنێوان ڤالا فەرید سەرۆكی پەرلەمانو هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان دروستبووە. لەڕووی پلەی حیزبییەوە لەناو پارتی، هێمن هەورامی پلەكەی لە ڤالا فەرید بەرزترە، هەورامی بە هەژمونە حیزبییەكەی زۆرجار ڤالا فەرید سەرۆكی پەرلەمانی تێدەپەڕێنێت، ئەمەش هەندێك نیگەرانی لای ڤالا فەرید دروستكردووە. هەندێك سەرچاوە باسلەوەدەكەن، هێمن هەورامی نزیكە لە مەسرور بارزانی، بەڵام ڤالا فەریدو مونا قەهوەچی نزیكن لە نێچیرڤان بارزانییەوە، ئەمە ناكۆكی دروستكردووە.
درەو میدیا: وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، پرسی یەكلاكردنەوەی كێشەی كەركوك و دانانی پارێزگار پەیوەندی بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە نیە، بە پێچەوانەی یەكێتیەوە كە دەڵێن، دەبێت لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم پارێزگاری كەركوكیش دیاری بكرێت. لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند" هەموو شتەكانمان لێكجیاكردۆتەوە، پارێزگاری كەركوك سیغەیەكی بۆ دیاریكراوە، بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە كردومانە لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، ئەم بابەتە دەدرێتە دەست مەسعود بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ ، كە یەكلاییكردنەوەی پرسی كەركوك بە دانانی پارێزگاریشەوە لای ئەوانە، پرسی كەركوك و دانانی پارێزگار پەیوەندی بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمەوە نیە". ئەم لێدوانەی وتەبێژی پارتی پێچەوانەی لێدوانی بەرپرسانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە كە رایدەگەیەنن، بەپێی رێككەوتنی نێوان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پرسی كەركوكیش یەكلایی دەكرێتەوە، بە دانانی پارێزگاریشەوە.
(درەو میدیا): لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دوای میوانداریكردنی فوئاد حسێن، وەزیری دارایی لە راپۆرتی خۆیدا بۆ سەرۆكی پەرلەمان، داوا دەكات ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆئەوەی ئەو بودجەیەی لە بەغداوە رەوانەی هەرێم دەكرێت، بگاتە دەستی موچەخۆرانی هەرێمو بۆ هیچ خەرجییەكی تر تەرخان نەكرێت، ئەگەر ئەوەش رویدا حكومەتی فیدراڵی خۆی راستەخۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابەشبكات. كۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دارایی رۆژی سێشەممە 21ی ئایاری رابردوو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ فوئاد حسێن، وەزیری داراییو بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای سۆمۆو بەڕێوەبەری گشتی موحاسبە لە وەزارەتی دارایی كۆبوەتەوە بۆ گفتوگۆكردنۆ بەدواداچوونی پرسی بودجەی هەرێمی كوردستانو نەوتو داهاتی هەرێمو دابەشكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم. لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری دارایی عێراق رایگەیاندووە ساڵی 2018، حكومەتی ناوەندی مانگانە317 ملیار دیناری بۆ هەرێم ناردووەو لە بودجەی ئەو ساڵە 2.744 ترلیۆن دینار بۆ هەرێم تەرخانكراوە بە گوێرەی رێككەوتنی نێوان حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانو سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێم. وەزیری دارایی ئاشكراشیكردووە كە رێككەوتنێكی تری نوسراو لەگەڵ حەیدەر عەبادیدا هەیە كە مانگی ئەیلولی 2018 ئیمزاكراوە بۆئەوەی 100 ملیۆن دۆلار ( 120 ملیار دینار)ی تر بۆ هەرێم تەرخانبكرێت و بەڵنیشیداوە كۆپییەك لەو رێككەوتنە بداتە لیژنەی دارایی پەرلەمان، هەرچەندە ئەو رێككەوتنە جێبەجێ نەكراوەو ئەو بڕە پارە زیادەیە بۆ هەرێم نەنێردراوەو لیژنەی داراییش ئەو رێككەوتنەی بە پێشێلكردنی مادەی 10ی یاسای بودجەی 2018 داناوە. راسپاردەكانی لیژنەی دارایی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە راپۆرتەكەیدا چەند رێنماییەكی بۆ چارەسەركردنی كێشەی داهاتی نەوتی هەرێمو بودجەی هەرێمو موچەی موچەخۆرانی هەرێم پێشنیازكردووە كە ئەمانەن: 1/ لەسەر سەرۆك وەزیرانی عێراق پێویستە كە وەزارەتی دارایی ناچاربكات بۆئەوەی دەقی مادەی 10/ دووەم/ج ی یاسای بودجەی گشتی ساڵی 2019 بە تەواوەتی جێبەجێبكاتو خۆی لە جێبەجێكردنی بەشێكی نەدزێتەوەو بە پێچەوانەوە سەرۆك وەزیران بەرپرسیارێتی دەكەوێتە ئەستۆ لەبەردەم ئەنجومەنی نوێنەران. 2/ داوای رونكردەوە لە ئەمیندارێكی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی بكرێت بۆئەوەی بزانرێت حكومەتی پێشوو لە ناردنی ئەو بڕە بودجەی بۆ هەرێمی ناردووە پشتی بە چ رێوشوێنێكی یاسایی بەستووە؟ 3/ لەسەر وەزارەتی نەوتی ئیتیحادی پێویستە رێوشوێن بگرێتەبەر لەدژی هەموو ئەو كۆمپانیایانەی كە نەوتی عێراق دەكڕن بەبێ مۆڵەتی فەرمی دەرچوو لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە. 4/ لەسەر وەزارەتی داراییو دیوانی چاودێری دارایی حكومەتی ئیتیحادیی پێویستە كە دەستبەجێی دەقی مادەی 11/ شەشەم لە یاسای بودجەی گشتی 2019 جێبەجێ بكەن بۆ پیادەكردنی سیستمی بایۆمەتری كە لە دەقەكەدا هەرێمی كوردستان ناچاردەكات میلاكی فەرمانبەرانی مەدەنی و تەشكیلاتی سەربازی بداتە وەزارەتی دارایی حكومەتی ناوەندیی بە گوێرەی پلەو ناونیشانی پیشەییو شوێنی بەتاڵو پڕكراوەو ژمارەی نێرومێ بە گوێرەی خشتەی (ج)ی تایبەت بە هێزی كار لە یاسای بودجەی 2019. 5/ پێویستە ئەنجومەنی وەزیران رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆئەوەی گەرەنتی ئەوە بكات كە حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندبێت ئەو بڕە بودجەیەی لەلایەن وەزارەتی دارایی ناوەندییەوە بۆی رەوانەدەكرێت بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم تەرخانبكرێتو بۆ هیچ بوارێكی تەر خەرجنەكرێت، بە پێچەوانەوە حكومەتی ناوەندیی خۆی راستەخۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم دابەشبكات. 6/پەلەبكرێت لە پەسەندكردنی یاسای نەوتو غاز لەلایەن پەرلەمانەوە لە وادەیەكدا كە لە وەرزی یاسادانانی داهاتوو تێپەڕنەكات.
راپۆرت:فازل حەمەرەفعەت – محەمەد رەئوف- نامیق رەسوڵ دوای (24) كاتژمێر روبەڕووبونەوەی چەكداری، دواجار هەردوو عەشیرەتی هەركیو زێباری رێككەوتن لەسەر راگرتنی شەڕ، پارتی دیموكراتی كوردستان هەوڵی چارەسەركردنی كێشەی نێوان هەردوو عەشیرەتی هەركیو زێباری دەدات، رێككەوتنی پێشوو كە لە لقی پارتی كرا، شكستی هێنا، ئەمجارەش لەبری دادگا، جارێكی تر لقی پارتی بڕیار دەدات، (درەو میدیا) راپۆرتێكی ورد لەسەر ریشەی كێشەی نێوان هەركیو زێبارییەكان بڵاودەكاتەوە. هەركیو زێباری رێككەوتن بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، كەمێك بەر لە بلاوكردنەوەی ئەم راپۆرتە، هەردوو عەشیرەت لە لقی پارتی لە ئاكرێ رێككەوتوون لەسەر راگرتنی شەڕ. بەپێی رێككەوتنە نوێیە، تا ئەوكاتەی هەردوولا دەگەنە چارەسەری كۆتایی بۆ كێشەكانی نێوانیان، گوندی (باژێڕە ) چۆڵ دەكرێت لە خەڵكی سەربە هەردوو عەشیرەت. (درەو میدیا) زانیویەتی، چەند پێشنیازێك خراوەتەڕوو، یەكێكیان ئەوەیە "گوندی باژێڕێ بەتەواوەتی تەخت بكرێت، چونكە ئەم گوندە بووە بە سەرچاوەی كێشە بۆ هەردوو عەشیرەتەكە، لەبری ئەوە دوو گوندی تر دروستبكرێت، یەكێكیان بۆ خێزانە هەركییەكان، ئەوی تر بۆ زێبارییەكان". چی رویدا ؟ لەناو شاری دهۆك، دوو چەكدار لەبەردەم خوێندنگەیەكی تایبەت بە تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی، تەقەیان لە خوێندكارێك كردو برینداریان كرد. چەند كاتژمێرێك دوای ئەم رووداوە لە گوندی (باژێڕە )ی سەربە ناحیەی (گردەسێن)ی سەربە قەزای ئاكرێ، دوو هێزی چەكدار روبەڕووی یەكتربونەوە، هێزی عەشیرەتی هەركیو هێزی عەشیرەتی زێباری. ئەو خوێندكارەی لە دهۆك تەقەی لێكرا ناوی (زەیدان) بوو، تەمەنی (38 ساڵ)ەو بەشێوەی دەرەكی تاقیكردنەوەی پۆلی 12ی ئامادەیی دەكرد، ئەم پیاوە سەربە عەشیرەتی هەركییە، ئەو دوو چەكدارەشی تەقەیان لێكردووە، سەربە عەشیرەتی زێبارین. نێوەندگیرییەكی پارتی لەدوای رووداوی تەقەكردنەكەی بەردەم خوێندنگەكەی دهۆك، پارتی دیموكراتی كوردستان بەشێوەیەكی خێرا هاتەسەر خەت، پارتی وەكو دەسەڵاتداری یەكەمی ناوچەكە زوو لە هەستیاری بارودۆخەكە تێگەیشت، بەوپێیەی پارتی بەر لە دوو ساڵ خۆی رێككەوتنی ئاشتیو ئاگربەستی لەنێوان هەردوو هۆزەكە رێكخست. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەرلەوەی ئێوارەی دوێنێ چەكدارانی هەردوو عەشیرەتی هەركیو زێباری روبەڕووی یەكتر ببنەوە، بەرپرسی لقی (9)ی پارتی لە ئاكرێ بەنوێنەرایەتی (سیداد بارزانی) بەرپرسی كاروباری كۆمەڵایەتی مەسعود بارزانی نیوەندگیرییەكی لەنێوان هەردوو عەشیرەتەكەدا كردووە. (درەو میدیا) زانیویەتی، لەو نێوەدنگیرییەدا، عەشیرەتی هەركی مەرجی تۆڵەكردنەوەیان بەستوەتەوە بەوەی "ئەو دوو چەكدارە زێبارییەی كە لە دهۆك تەقەیان لە خوێندكارە هەركییەكە كردووە، دەبێت گوندی باژێڕێ چۆڵ بكەن". نێوەندگیرییەكەی لقی پارتی شكستیهێنا، هەردوو عەشیرەت نەگەیشتنە رێككەوتن. دەستپێكردنی شەڕ ئێوارەی دوێنێ، دوای شكستهێنانی نێوەندگیرییەكان، چەكدارانی هەردوو عەشیرەت،لەناو گوندێ (باژێڕە ) روبەڕووی یەكتربوونەوە، شەڕ چەند كاتژمێركێكی خایاند، بەپێی دواین ئامارەكان لەو شەڕەدا كە چەكی سوكو قورس بەكارهاتووە، (6) كەس لە هەردوولا برینداربوونو چەند ماڵێك سوتاون، لەناو بریندارەكاندا ژنو منداڵ هەن. چەكدارانی عەشیرەتی هەركی، (5) كەسیان لە خەڵكانی سەربە عەشیرەتی زێباری دەستگیركردووەو وەكو بارمتە لای خۆیان رایانگرتوون. چەكدارانی عەشیرەتی هەركی، دواجار گوندەكەیان كۆنترۆڵكرد، گوندی (باژێڕە ) گوندێكە كە دانیشتوانەكەی پێكدێت لە تێكەڵەیەك لە خەڵكی سەربە هەردوو عەشیرەتەكە. روبەڕووبونەوە لەگەڵ زێرەڤانی ! دوای گرتنی گوندەكە لەلایەن چەكدارانی سەربە عەشیرەتی هەركی، لەسەر داوای بەرپرسانی پارتی لەناوچەكە، حكومەت هێزێكی زێرەڤانی رەوانەی گوندی (بازێڕێ) كرد، هێزەكە چەندین زرێپۆشو هەمەرو چەكی قورسی لەگەڵ خۆیدا بردە ناوچەكە. فەرماندەی هێزە سەربازییەكە داوای لە سەرۆك عەشیرەتی هەركی كرد، چەكدارەكان لە گوندەكە بباتە دەرەوەو گوندە رادەستی هێزی زێرەڤانی بكات تائەوكاتەی بارودۆخەكە ئاسایی دەكرێتەوە، بەڵام ئەم داوایە رەتكرایەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، هۆكاری رادەستنەكردنی گوندەكە بە هێزەكەی زێرەڤانی بۆ ئەوە گەڕاوەتەوە، عەشیرەتی هەركی پێیانوابووە، هاتنی هێزەكەی زێرەڤانی بۆ گوندەكەیان لەسەر داوای (دیندار زێباری) بووە، كە بەرپرسی فەرمانگەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكانە لە حكومەتی هەرێمی كوردستانو سەربە عەشیرەتی زێبارییە. دوای ئەوەی دانوستان شكستی هێنا، هێزەكەی زێرەڤانی هەوڵیدا بچێتە ناو گوندەكەوە، بەڵام روبەڕووی بەرپەرچدانەوەی چەكدارانی هەركی بووەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەو رووبەڕوبونەوەیەدا، دوو زرپێپۆشی زێرەڤانی زیانیان پێگەیشتووە. دواجارو لەچوارچێوەی لێكتێگەیشتنێكدا لەگەڵ عەشیرەتی هەركی، هێزی زێرەڤانی چووە ناو گوندەكەوە، بەڵام چەكدارانی هەركیش هەر لەناو گوندەكەدا ماون كە پێشتر داوا دەكرا لە گوندەكە بچنە دەرەوە. زێبارییەكان خۆیان كۆدەكەنەوە لە ساتی نوسینی ئەم راپۆرتەدا، عەشیرەتی زێباری كە گوندی (باژێڕێ)یان چۆڵكردووە، لە گوندی (شەرمن) كە زێبارییەكان بە پایتەختی خۆیان دەزانن، سەرقاڵی كۆكردنەوەی هێزو ئامادەكارین بۆ گەڕێكی نوێی شەڕ لەگەڵ هەركییەكان. سەرچاوەیەكی نزیك لە ناكۆكییەكان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، ئەگەری ئەوە هەیە زێبارییەكان هێرشبكەنە سەر گوندێكی هەركییەكان. ریشەی كێشەكە ! رۆژی 7ی تەموزی 2017 دوو خێزانی هەركیو زێباری لە گوندی (باژێڕێ) لەسەر لەسەر ئاودێری زەویو زارەكانیان بوو بە شەڕیان، دوو كەس كوژرا، لە هەرلایەك كەسێك. هاوشێوەی ئێستا، هەردوو عەشیرەت هێزیان كۆكردەوەو روبەڕووی یەكتر بونەوە. رۆژی 10ی تەموز، بەنێوەندگیری (سیداد بارزانی) برای مەسعود بارزانی، لە لقی (9)ی پارتی لە ئاكرێ، هەردوو عەشیرەت رێككەوتنێكی ئاشتیان ئیمزاكرد. بەپێی رێككەوتنەكە هەردوو عەشیرەت لەسەر ئەم خاڵانە رێككەوتن: 1- سێ ماڵ لە گوندی باژێری سەروو بەناوەكانی (هیشام عەزیز خان، زێدان مستەفا محەمەدو نێچیرڤان حاجی محەمەد)و ماڵێك لە گوندی باژێڕێی خواروو بەناوی (بارزان پیرە) دەبێت لە گوندەكانیان بار بكەن. 2- دوای ئیمزاكردنی رێكەوتنەكە، نابێت دیاردەی هەڵگرتنی چەك لەناو گوندەكاندا بمێنێت. 3- هەوڵی چارەسەریو رێككەوتنی یەكجاری لەنێوان هەردوو لایەندا بدرێت. 4- نابێت هەردوو لایەن پەناببنەبەر دادگاو سكاڵا لەسەر یەكتر تۆمار بكەن. 5- هەر لایەك سەرپێچی ئەو رێكەوتنە بكات سزا دەدرێت. لق لە بری دادگا ! هاوشێوەی دوو ساڵ لەمەوبەر، ئێستا لە لقی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئاكرێ هەوڵی چارەسەركردنی كێشەی نێوان هەردوو عەشیرەتی هەركیو زێباری دەدرێت. نوێنەری هەردوو عەشیرەت لە كۆبونەوەكەدا ئامادەن، ئەمجارەش (سیداد بارزانی) برای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی سەرپەرەشتی رێككەوتنەكە دەكات. رێككەوتنی پێشوو، كە ئێستا لەنێوان هەردوو عەشیرەتەكەدا شكێندراوەو كاری پێناكرێت، لە لقی پارتی ئیمزا كراو یەكێك لە خاڵەكانی ئەوە بوو" نابێت هەردوو لایەن پەناببنەبەر دادگاو سكاڵا لەسەر یەكتر تۆمار بكەن". واتە پارتی لەسەر بەرزترین ئاستی دەسەڵات كە سیداد بارزانی برای مەسعود بارزانییە، پشت لە دادگاكان دەكات بۆ یەكلایكردنەوەی كێشەكانو لق پارتی دەخاتە بری دادگا. لەبارەی هەركیو زێبارییەوە دوو عەشیرەتی گەورەی كوردستانن، شوێنی نیشتەجێبوونیان لە سنوری پارێزگای هەولێرو دهۆك نزیكن لە یەكترەوە، لە هەندێك ناوچەشدا بەتەواوەتی تێكەڵ بوون. عەشیرەتی هەركی رۆژهەڵاتو باكوری كوردستانیش هەن، بەڵام زۆربەیان لە باشوری كوردستاندا دەژین. لە هەرێمی كوردستان هەركییەكان دابەشبوون بەسەر پارێزگای هەولێرو ئاكرێو ناوچەی هەركییاندا. هەركییەكان لە باكوری كوردستان لە (شەمزینان) نیشتەجێ بوون، لە رۆژهەڵاتی كوردستانیش لە ناوچەكانی (شنۆ، تەڕگەوەڕ، مەڕگەوەڕ). عەشیرەتی زێباری، لە ناوچەی (زێبار) لە قەزای ئاكرێ نیشتەجێن، ناوچەی نیشتەجێبوونی ئەم عەشیرەتە دەكەوێتە سەر زێی گەورە، ناحیەی (دینارتە) مەڵبەندی سەرەكی نیشتەجێبوونی ئەم عەشیرەتەیە، دینارتە بە دوری 18 كیلۆمەتر دەكەوێتە باكوری رۆژهەڵاتی قەزای ئاكرێوە. هەردوو عەشیرەتی هەركیو زێباری بەشێك لە خەڵكەكەیان لە ناو شاری موسڵ دەژین.
(درەو میدیا): سێ پەرلەمانتاری كورد لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەردانی دادگای فیدراڵی دەكەن بەمەبەستی بەدواداچون بۆ كەیسی سكاڵای وەزارەتی نەوتی حكومەتی فیدراڵ لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێمو پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی گۆڕانیش بە نوسراوی رەسمی داوا لە سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات رێککەوتنە نەوتیە نهێنییەکانی حکومەتی هەرێم ئاشكرابكرێن. لە بەیاننامەیەكدا هەریەك لە هۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان، ئەحمەد حاجی رەشید پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامو و سەركەوت شەمسەدین پەرلەمانتاری جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایدەگەیەنن ئەمڕۆ پێنج شەممە، لە شاری بەغداد سەردانی دادگای فیدراڵییان كرد، بەمەبەستی بەدواداچون بۆ كەیسی سكاڵای وەزارەتی نەوتی حكومەتی فیدراڵ لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی دادگاكە كۆبونەتەوە. ئەو سێ پەرلەمانتارە كە هاوكات ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانن ئاماژەیانبەوەشداوە لەو دیدارەدا بەسوپاسەوە زانیاری پێویستیان وەرگرتووە. دەشڵێن:" مەلەفی نەوتی هەرێمی كوردستان و چارەسەری دەستوری و یاسایی بە پرسێكی گرنگو نیشتیمانیی دەزانینو ئەم كوتلە سێ كەسیە كە لە سێ فراكسێۆنی جیاوازدا بۆی كۆبوینەتەوە كاری جدی و فرە رەهەندی لەسەر دەكەین و لە ئاستەكانی دادگا و پەرلەمان و حكومەت و میدیا و شەقام بەدوایدادەچین". هاوكات كاوە محەمەد پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە پۆستێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی:" دوێنێ (٢٠١٩/٦/١٢) بە كیتابێكی رەسمی داوام لەبەڕێز (د.عادل عەبدولمەهدی) سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای نەهێشتنی گەندەڵی كرد كە لەپیناو دابینكردنی شەفافیەت و پاراستنی سامانی نیشتیمانیمان لەرێككەوتن و سەفەقاتی نهێنی، كە داوا لەحكومەتی هەرێمی كوردستان (بەتایبەت بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی پێشووی حكومەتی هەرێم، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان) و نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك بكات كە ناوەرۆكی هەریەك لەم رێككەوتنانە ئاشكرابكەن: ١/رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی توركیا سەبارەت بە نەوت و غازی هەرێم كە بە (رێككەوتنی پەنجا ساڵە) ناسراوە. ٢/رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و پارێزگاری پێشووی كەركوك (نەجمەدین كەریم) سەبارەت بە شایستەی پترۆدۆلاری كەركوك لەساڵی (٢٠١٥)دا ئیمزاكرا.
راپۆرت: محەمەد رەئوف – نامیق رەسوڵ ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبونی سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری، مەسرور بارزانی راسپارد بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، بەو هەنگاوەش پارتی دیموكراتی كوردستان تەواوی سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستانی كۆنترۆڵكردو ئێستا لە دەستی خۆیدایە. بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی بەسەرۆكی هەرێم و راسپاردنی مەسرور بارزانی بۆ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەر چوار دەسەڵاتو سەرۆكایەتیەكەی هەرێم كەوتە دەستی پارتی دیموكراتی كوردستان. • نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان - پارتی • مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان – پارتی • ڤالا فەرید سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان – پارتی • بەنگین قاسم سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی – پارتی ئەمە لە كاتێكدایە كە پارتی دیموكراتی كوردستان ( 45%)ی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستانی هەیە لە 100 كورسی پەرلەمان( بەبێ كورسی كۆتاكان)، لایەنەكانی دیكە ( 55%)ی كۆی كورسییەكانی پەرلەمانیان هەیەو ئێستا هیچ یەك لە سەرۆكایەتییەكانیان لا نیە. هەرچەندە بەپێی رێككەوتنی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان, سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پشكی یەكێتیەو پێی دەدرێت، بەڵام تا ئێستا پۆستەكە هەر لەدەستی پارتیدا ماوەو ئەگەر رادەستی یەكێتیش بكرێت ئەوا زۆرینەی دەسەڵاتەكانی پەرلەمانی كوردستان هەر لای پارتی دەمێنێتەوە، بەو پێیەی پارتی جێگری سەرۆكی پەرلەمان(هێمن هەورامی)و سكرتێری پەرلەمان (مونا قەهوەچی)و 45 ئەندامی پەرلەمانو یەك پەرلەمانتاری سۆسیالیست و 11 ئەندامی كەمینەكانی هەیەو هەژمونی تەواوی بەسەر پەرلەماندا هەیە. لەگەڵ چوار سەرۆكایەتیەكەی هەرێمی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرینەی پۆستەكانی هەرێمو فایلە هەستیارەكانی هەرێمی لا دەمێنێتەوە، كە بریتین لە: • فایلی دەسەڵاتی بڕیاری سیاسی • فایلی دەسەڵاتی جێبەجێكردن • فایلی پەیوەندییەكانی دەرەوە • فایلی ئەمنی • فایلی نەوت و بودجەو داهات • فایلی ناوخۆ • فایلی دەسەڵاتی دادوەری بەركەوتەی پارتی لە كابینەی نوێی حكومەتدا پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ چوار ساڵی داهاتوو، زۆرینەی پۆست و دەسەڵاتەكانی هەرێمی لە دەستخۆیدا دەهێڵیتەوە. * سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران * راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم • وەزارەتی سامانە سروشتییەكان • وەزارەتی ناوخۆ • وەزارەتی رۆشنبیری • وەزارەتی داد • وەزارەتی كاروباری شەهیدان • وەزارەتی پلاندانان • وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن • وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان • وەزیری هەرێم بۆ كاروباری ژینگە • وەزارەتی ئەوقاف • سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە • سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران • دەستەی وەبەرهێنان • دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم • سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم (پلەكەی وەزیرە) • راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان (پلەكەی وەزیرە) • دەزگای گشتی كاروباری مین • فەرمانگەی هەماهەنگیو بەدواداچوون • فەرمانگەی میدیاو زانیاری • وتەبێژی حكومەتو وتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێم
راپۆرت: درەو میدیا پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە درەنگانێكی شەوی رابردوودا، پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی نیشتمانیو بزوتنەوەی گۆڕانی ئاڵۆزكردو لە روداوێكی تەقەكردندا لەبەردەم مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی كەسێك كوژرا، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا وردەكاری رووداوەكەو ناوەڕۆكی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە بڵاودەكاتەوە كە هۆكاری سەرەكی بوو لە پشت روداوەكەوە. تەلەفۆنێك لە نیوەشەودا كاتژمێر 12:30 خولەكی دوێنێ شەو بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی، تەلەفۆن بۆ چیا نەوشیروان مستەفا كوڕی بچوكی نەوشیروان مستەفا دەكات. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە لەناو یەكێتی نیشتمانیو بزوتنەوەی گۆڕان دەستیكەوتووە، بافڵ تاڵەبانی ویستویەتی لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا نیگەرانی خۆی بە چیا نەوشیروان مستەفا رابگەیەنێت سەبارەت بە راپۆرتێكی رۆژنامەوانی كە لە سایتی (KNN) بڵاوبوەتەوە. لە راپۆرتەكەی سایتی (KNN)دا باسلەوەكراوە" بافڵ تاڵەبانی بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی نەكرد، دوای ئەوەی زانیویەتی لەتەنیشت ئیدریس بارازانی كوڕی نێچیرڤان بارزانییەوە شوێنی بۆ دیاریكراوە). بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، چیا نەوشیروان مستەفا وەڵامی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی بافڵ تاڵەبانی نەداوەتەوە، بافڵ تاڵەبانی لەڕێگەی هاوڕێیەكی نێوان هەردوكیانەوە، پەیامەكەی بە چیا گەیاندووەو هەڕەشەی كردووە دەبێت ئەو راپۆرتە لاببرێت، چیا نەوشیروان مستەفا بەتوندی وەڵامی هەڕەشەكەی داوەتەوە. كۆكردنەوەی هێز پاش ئەو روداوانە، چیا نەوشیروان مستەفا سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئەگەڕی بوونی مەترسی لەسەر گردی زەرگەتە ئاگاداركردوەتەوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، هاوكات دوێنێ شەو چەند بەرپرسێكی باڵای یەكێتی لەڕێگەی تەلەفۆنەوە بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕانیان ئاگاداركردووە لە ئەگەری هێرش بۆسەر گردی زەرگەتە. هەر بەو شەوە درەنگە، بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان لە ماڵی نەوشیروان مستەفا لەگردی زەرگەتە كۆدەبنەوە، بەشێك لە خۆبەخشو خەڵكانی نزیك بزوتنەوەكە ئاگاداركراونەتەوەو بێنە گردی زەرگەتەو لەوێ ئامادەباش بن بۆ ئەگەری هەر هێرشێك كە بكرێتەسەر گردەكە. ساتی تەقینەوەی رووداوەكە دوای كۆكردنەوەی ژمارەیەك چەكداری خۆبەخش لە گردی زەرگەتە، فەرمان دەدرێت هێزەكە دابەش ببێتو بكەوێتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. ژمارەیەك لە چەكدارە خۆبەخشەكان دەچنە بەردەم مۆڵی پزیشكیی ئەنور شێخە كە دەكەوێتە بەرامبەر ماڵەكەی نەوشیروان مستەفا لە گردی زەرگەتە (ئێستا چیاو نمای كوڕی نەوشیروان مستەفا لەو ماڵەدا دەژین)، چەكدارە خۆبەخشەكان دەیانەوێت بچنە سەر بینای مۆڵەكەو لەوێ جێگیر ببن، پاسەوانەكانی مۆڵەكە رێگرییان لێدەكەن، لەو كاتەدا هێزێك بە چەند ئۆتۆمبیلێكی میكزەمینییەوە دەگەنە شوێنی روداوەكە (نازانرێت ئەو هێزە بە سوتفە بەوێدا تێپەڕیون یاخود پەیوەندی بە ئاڵۆزی بارودۆخەكەوە هەبووە هاتونە بۆ ئەو شوێنە)، لەوێدا گرژی دروست دەبێت، تەقەیەكی زۆر دەكرێت، ئەو هێزە چەند كەسێك لەو خۆبەخشانەی گۆڕان دەستگیردەكەن، یەكێك لە دەستگیركراوەكان گەنجێكە بە ناوی (رێبەند فەرهاد)، ئەم گەنجە زاوای (محەمەد مریەم بەگ)ە كە پێشتر بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستانی سلێمانی بووەو ئێستا هەڵسوڕاوی گۆڕانە، ئەم پیاوە لەگەڵ چوار پاسەوانی خۆیدا چونەتە گردی زەرگەتە، لەكاتی روداوەكەدا سیان لە پاسەوانەكانی لەلایەن ئەو هێزەوە دەستگیركراون. بەپێی قسەی چەند كەسێكی ئاگادار لەرووداوەكە كە (درەو میدیا) قسەی لەگەڵ كردون، (رێبەند فەرهاد) ویستویەتی خۆی لەدەست ئەو هێزە رزگار بكات كە دەستگیریان كردووە، بەڵام لەو كاتەدا تەقەو ئاڵۆزی دروستبووەو بەركەوتووەو كوژراوە. دوو پاسەوانە دەستگیركراوەكەی تر دوای رفاندنیان لە شەقامی شەست مەتری سلێمانی لەلایەن هێزەكەوە ئازادكراون، بەپێی قسەی خۆیان ئەشكەنجەدراون. قسەی فەرمی گۆڕان چییە ؟ خەلیل سەركانی ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێكدا بۆ تەلەفزیۆنی (كوردستان24) دەڵێ" چەند بەرپرسێكی یەكێتی، بەهۆی راپۆرتێكی تەلەفزیۆنیKNN كە لە زاری پارتییەوە باسیان لەوە كرد، بۆ مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم، گروپی 16ی ئۆكتۆبەر بانگهێشت ناكەن، هەڕەشەیان كردووەو ئەمەش هۆكاری رووداوەكەیە". سەركانی ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە" لە زۆر لاوە تەقە لە مەكۆكە كراوە، بەڵام دوو میگزەمینیو فۆردێكی رەش لە كاتی تەقەكردن بینراون". بەپێی هەواڵی میدیای فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان" كاتژمێر 1:30 خولەكی شەوی رابردوو، ژمارەیەك چەكدار تەقەیان لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی كردو پاسەوانەكانی مەكۆی گۆڕانیش بەتوندی وەڵامیان داونەتەوە". بزوتنەوەی گۆڕان داوای لێكۆڵینەوەیەكی جدیو بێلایەن دەكات بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنو دادگاییكردنی تۆمەتبارانی ئەو رووداوە. مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە ؟ ئەمە ئەكەمجار نییە گردی زەرگەتە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان دەكەوێتە حاڵەتی ئامادەباشی ئەمنییەوەو روداوی تەقەكردن بەخۆوە دەبینێت. شەوی 17ی شوباتی 2011 بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوەو پەلاماردانی لقی چواری پارتیەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان لەهەولێرەوە هێزی بەرەو گردی زەرگەتەی سلێمانی جوڵاند. شەوی 12ی ئایاری 2018، لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پێكدادانی چەكداری لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان رویدا. ئەوكات ئاماژە بەوەكرا، دەمەقاڵەو هەڕەشە لەڕێگەی پەیوەندییەكی تەلەفۆنیەوە لەنێوان بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕانو یەكێتی رویداوەو ئەوە هۆكاری پێكدادانە چەكدارییەكە بووە. بەهۆی ئەو روداوەوە ماوەیەك پەیوەندییەكانی نێوان بزوتنەوەی گۆڕانو یەكێتی ساردوسڕی تێكەوت، بەپێی زانیاری (درەو میدیا)، ئەوكاتە چەند كاتژمێرێك دوای روداوی شەڕەتەقەكە، دیدارێك لەنێوان بەرپرسانی گۆڕانو یەكێتی لەماڵەكەی نەوشیروان مستەفا لە گردی عەلی ناجی لە سلێمانی بەڕێوەچوو بۆ ئاسایكردنەوەی باردۆخەكە. دوای سێ مانگ لە رووداوەكە، یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەفەرمی لە بەیاننامەیەكدا داوای لێبوردنی لە بزوتنەوەی گۆڕان كرد سەبارەت بەو هێرشە چەكدارییەی كە ئێوارەی رۆژی 12ی ئایار كرایەسەر گردی زەرگەتە. چەند رۆژێك دوای داوای لێبوردنەكە، ژمارەیەك لە سەركردەكانی یەكێتی نیشتمانی چونەسەر گۆڕی نەوشیروان مستەفا لە گردی زەرگەتە، یەكێك لەوان بافڵ تاڵەبانی بوو، كە ئەوكاتیش وەكو ئێستا تۆمەتبار دەكرا بەوەی لە پشت هێرشەكەوە بێت بۆسەر گردەكە. هەردوو رووداوەكە، ئەوەی دوێنێ شەوو ئەوەی ئێوارەی 12ی ئایار لەدوو خاڵی سەرەكیدا لە یەكتر دەچن، هەردوو رووداوەكە دوای پەیوەندییەكی تەلەفۆنی رویانداوە، لەهەردوو روداوەكەدا ناوی بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی تاڵەبانی دەهێندرێت، ئەمە لەكاتێكدایە بەمدواییە لەدیدارێكی تەلەفزیۆنیدا بافڵ تاڵەبانی رەتیكردەوە لە پشت روداوەكەی ئێوارەی 12ی ئایاری گردی زەرگەتەوە بێت. یەكێتیو گۆڕان ساڵی 2009 نەوشیروان مستەفا جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە یەكێتی جیابووەوەو هێزێكی سیاسی نوێی بەناوی (بزوتنەوەی گۆڕان) راگەیاند. نەوشیروان مستەفا بەردەوام لە ئاخاوتنەكانیدا ئەو قسانەی رەتدەكردەوە كە بزوتنەوەی گۆڕانیان وەكو "هێزێكی مونشەق" ناودەبرد، بەڵام ئەمە هەرگیز وای نەكرد بزوتنەوەكەی وەك هێزێكی جیابوەوە نەبینرێت، رەنگە هۆكاری سەرەكی ئەوەبوبێت، زۆرینەی ئەوانەی لەگەڵیدا لە بزوتنەوەی گۆڕان كاریان دەكرد، لەوانەبوون كە لەگەڵ خۆیدا یاخود دواتر لە یەكێتی نیشتمانی جیابووبوونەوە. یەكێتیو گۆڕان وەكو دوو هێز كە رۆژگارێك یاریزانی یەك گۆڕەپان بوون، هەر لەسەرەتاوە تائێستا بەردەوام پەیوەندییەكانیان ئاسایی نەبووە، هەردوولا گرەویان لەسەر مەرگی یەكتری كردووە. بزوتنەوەی گۆڕان كە لەدوو هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا لە كوردستان لە یەكێتی نیشتمانی بردەوە، لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا دوچاری شكستێكی گەورە هاتو رێژەی دەنگەكانی 50% كەمیكردووە ژمارەی كورسییەكانی لە پەرلەمان 24 كورسییەوە بۆ 12 كورسی دابەزی. ساڵی 2016 هەردوولا بە ئامادەبوونی هەردوو كۆچكردوو جەلال تاڵەبانیو نەوشیروان مستەفا رێككەوتنی سیاسییان ئیمزاكرد، بەڵام رێككەوتنەكە نەچووە بواری جێبەجێكردنەوە. بەمدواییە بزوتنەوەی گۆڕان بەتەواوەتی یەكێتی نیشتمانی بەجێهێشت، كاتێك تاكلایەنە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان رێككەوتنی كرد بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، ئەمەش تاڕادەیەك پەیوەندییەكانی هەردوولای ئاڵۆزكردەوە. زۆرێك لە سەركردەكانی یەكێتی هێشتا خۆیان بە خاوەنی سەروەتی مەعنەوی نەوشیروان مستەفا دەزاننو ئەمساڵیش رۆژی 19ی ئایار بۆ یادی كۆچی نەوشیروان مستەفا هاتنە سەر گۆڕەكەی لە گردی زەرگەتە، بەڵام سەركردەكانی گۆڕان بەشداری ساڵیادی كۆچی جەلال تاڵەبانییان نەكرد.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- نامیق رەسوڵ- محەمەد رەئوف هەموان بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنەكەیان كرد، تەنانەت ئەو وەزیرانەشی كە نێچیرڤان بارزانی لە كابینەی هەشتدا لە حكومەتەكەی دەریكردن، بەڵام هیچ یەكێك لەوانەی پارتی بە "ئۆكتۆبەرچی" ناویان دەبات، نەبینران، سعودیەو توركیا لە ئاستێكی باڵادا ئامادەی مەراسیمەكە بوون، ئێران لە ئاستێكی نزمدا. نێچیرڤان بارزانی وەكو دووەمین سەرۆكی لە مێژووی هەرێمی كوردستاندا سوێندی یاسایی خوارد. ئەمە زیاتر پرۆسەی رادەستكردنی دەسەڵات بوو لە چوارچێوەی بنەماڵەیەكدا (بارزانی)، مەسعود بارزانی كە ئێستا سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە، دوای (12) ساڵ پۆستی سەرۆكی هەرێمی رادەستی نێچیرڤان بارزانی برازای كرد. سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2005وە دامەزێندراوە، واتە لەدوای رزگاربوونی كوردستانی عێراق لەژێر دەستی رژێمی پێشووی عێراق لە ساڵی 1991، ئەم دامەزراوەیە بوونی نەبووە. پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم ساڵی 2005 زیاتر وەكو پارسەنگێك لەبەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دروستكرا، پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەپێی رێككەوتنێك "رێككەوتنی ستراتیژی"، ئەو دوو پۆستەیان لەنێوان خۆیاندا دابەشكرد. لەوكاتەوە یەكێتی بەبەردەوامی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دەبات كە پشكی كوردە، پارتیش لەبەرامبەردا پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی كۆنترۆڵكردووە. ماوەی دوو ساڵە مەسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم كشاوەتەوە، لەدوای كشانەوەی بارزانییەوە، هیچ كەسێك لەو پۆستەدا دانەنرا، بەپێی یاسا دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم هەڵپەسێردرا، بەپێی یاسایەكی تریش كە تایبەت بە دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمان پەسەندكرا، زۆرینەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم لەدوای دانیشتنی مەسعود بارزانییەوە، گواسترایەوە بۆ نێچیرڤان بارزانی، واتە نێچیرڤان بارزانی بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ ماوەی دوو ساڵ مومارەسەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی كردووە بەبێ ئەوەی بەفەرمی ئەو پۆستەی بەدەستەوە بوبێت. غائیبەكانی مەراسیمی سوێندخواردن بەپێچەوانەی زەمەنی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی مامیەوە، كە سەردەمانێك بەتایبەتی 10 ساڵی دوایی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم ببوو بە خاڵی جێناكۆك لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ دەستبەكاربونیدا هەموانی كۆكردەوە، تەنانەت هەموو ئەو وەزیرانەشی كە نێچیرڤان بارزانی لە كابینەی هەشتدا لە حكومەتەكەی دەریكردن، ئەمڕۆ بەشداری مەراسیمی دەستبەكاربوونی ئەویان وەكو سەرۆكی هەرێم كرد. دیارترین ئامادەبووەكانی مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی ئەمانە بوون: * بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق * محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق * مەولود چاوشئۆغڵۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا * سامر سەبهان وەزیری دەوڵەتی سعودیە بۆ كاروباری كەنداو * فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی * ئوسامە نوجێفیو ساڵح موتلەگ دوو كەسایەتی دیاری پێكهاتەی سوننەكان لە عێراق * عەممار حەكیم، سەرۆكی هاوپەیمانی چاكسازیو بونیاتنان * خەمیس خەنجەر، سەرۆكی هاوپەیمانی میحوەری سوننەكان * كونسوڵی وڵاتانو چەند وەزیرو پەرلەمانتارێكی عێراق * فەرماندەكانی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی * قوباد تاڵەبانی كوڕە بچوكی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، چوار كەس لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامی، عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانو چوار كەس لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەكەی، محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی، ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی بەرەی توركمانی * نوێنەری چەند حزبو لایەنێكی كوردستانی باشور، رۆژئاوا، رۆژهەڵاتو باكوری كوردستان بەڵام سەرباری ئەمەش ژمارەیەكی زۆر كارەكتەری سیاسی دیار لە ناوخۆو دەرەوەی هەرێم لە مەراسیمەكەدا نەبینران، لەوانە: * عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق خۆی بەشداری نەكرد، نوێنەری رەوانەی مەراسیمەكە كردبوو * حەیدەر عەبادی، سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر * نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا * موقتەدا سەدر، سەرۆكی هاوپەیمانی سائرون * هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح * بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی (دەوترێت سەرەتا ئامادە بووە بەشداری مەراسیمەكە بكات، بەڵام دواتر نەچوەتە ناو هۆڵەكەوە) * عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان (بەڵام فراكسیۆنی حزبەكەی بەشداریی مەراسیمەكەیان كرد) * شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ * نوێنەری پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) * پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) * پارتی یەكێتی دیموكراتی (پەیەدە) ئەوەی تێبنی كرا، ئەو كارەكتەرانەی یەكێتی نیشتمانی كە مەسعود بارزانیو پارتی بە " ئۆكتۆبەرچی" ناویان دەبەن، بەشداری مەراسیمەكە نەبوون، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، مەسعود بارزانی داوایكردووە رێگە نەدرێت هیچ یەكێك لەوانە بەشداری مەراسیمەكە بكەن كە لە رووداوەكانی "16ی ئۆكتۆبەر" لە كەركوك تێوەگلاون. سامر سەبهان وەزیری دەوڵەتی سعودیە بۆ كاروباری كەنداو یەكێك لە دیارترین ئەو كەسانە بوو كە بەشداری مەراسیمەكەی كرد، نێچیرڤان بارزانی لە وتارەكەیدا ناوی هێناو بەخێرهاتنی كرد، ئەم پیاوە هەندێك كەس بە قاسمی سولەیمانیی سعودیە ناوی دەبەن، واتە پیاوی بەهێزی سعودیەیە لە عێراقو ناوچەكە، لەبەرامبەر ئەم بەشدارییە باڵایەی سعودیە، ئێران لە ئاستێكی نزمدا بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنەكەی كردو هیچ كەسایەتییەكی بەهێزی ئێران نەبینران. بەشداری توركیا لەسەر ئاستی وەزیری دەرەوە (مەولود چاوەش ئۆغڵو)لە مەراسیمەكەدا، تەواوی ئەو زانیارییانەی پشتڕاستكردەوە كە توركیا پاڵپشتی بەهێزی دانانی نێچیرڤان بارزانی بووە لە پۆستی سەرۆكی هەرێمدا، پێشتر (درەو میدیا) لە راپۆرتێكدایە ئاشكرایكرد، بەرپرسانی توركیا، پارتییان ئاگاداركردوەتەوە لەوەی ئەوان لە كەیسی نەوتو پەیوەندییەكاندا تەنیا مامەڵە لەگەڵَ نێچیرڤان بارزانی دەكەن نەك خەڵكی تر. مەولود چاوەش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا دوای گەیشتنی بۆ هەولێر دیدارێكیشی لەگەڵ مەسرور بارزانی كرد كە دەبێت بە سەرۆكی داهاتووی حكومەت هەرێم. كەناڵی (رووداو)ی سەربە نێچیرڤان بارزانی ئاشكرایكرد، دوای دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆكی هەرێم، یەكەم گەیشتی نێچیرڤان بارزانی بۆ توركیا دەبێت. خۆی لە شەڕی مامی بەدور دەگرێت نێچیرڤان بارزانی لەدوای دەستلەكاركێشانەوەی مەسعود بارزانی مامی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم لە 29ی ئۆكتۆبەری 2017، بەبارودۆخێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت، لەوكاتەوە نێچیرڤان بارزانی چ خۆیو چ میدیاكەی (رووداو)، بەبەردەوامی دەستەواژەی "سەرۆك بارزانی" بەكاردەهێنن. نێچیرڤان بارزانی خۆی لە شەڕو توڕەیی مامی دەپارێزێتو دەیەوێت پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لەناو بنەماڵە بەشێوەیەكی ئاشتیانە تێپەڕێت. مەسعود بارزانی وەكو كەسایەتی ژمارەیەكی مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی دەركەوت، مەسعود بارزانی كە ئێستا تەنیا پۆستێكی حزبی هەیە، بەر لە هەموان وتاری پێشكەشكرد. لەوتاری دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆكی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی لانی كەم (7 جار) ناوی مەسعود بارزانی هێناو بە "جەنابی سەرۆك بارزانی" ستایشی كرد. نێچیرڤان بارزانی پێشەكی وتارەكەی تەرخانكرد بۆ ستایشكردنی مەسعود بارزانی، لەپاڵ ستایشكردندا بەشێوەی ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بۆ سەردەمێكی نوێی سەرۆكایەتی هەرێم كرد كە جیاوازە لەسەردەمی سەرۆكایەتییەكەی مامی، كاتێك وتی" سەرۆكایەتی هەرێم چەتری یەكڕیزیو چەتری كۆكەرەوەی هەموو هێزو لایەنە سیاسییەكان دەبێت.. سەرۆكایەتی هەرێم سەكۆی هەموو هاوڵاتیان دەبێت بەبێ جیاكاریو بەیەك چاو سەیری هەموان دەكات..". "سوپاس بۆ ئەوانەی دەنگیان پێنەدام" لایەنێكی گەشاوەی وتارەكەی نێچیرڤان بارزانی، سوپاسكردنی هەموو ئەو پەرلەمانتارانە بوو كە بۆ هەڵبژاردنی وەكو سەرۆكی هەرێم دەنگیان بەو نەداوە یاخود نەچونەتە ناو هۆڵی پەرلەمانو بایكۆتیان كردووە، ئەمە فۆرمێكی نوێی گوتاری سیاسی بوو، كە زۆرێك لە سەركردەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم تائێستا فەرامۆشیان كردووە. نێچیرڤان بارزانی كە لەماوەی 17 ساڵی سەرۆكایەتی حكومەتدا نەیتوانی هێزی پێشمەرگە یەكبخات، لە وتاری دەستبەكاربونیدا وەكو سەرۆكی هەرێم بەڵێنیدا كاربكات بۆ یەكخستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان. نێچیرڤان بارزانی بەشی زۆری وتارەكەی تەرخانكرد بۆ بانگەشەكردن بۆ تەباییو لێبوردەییو ئاشتی كۆمەڵایەتیو پێكەوەژیان لەنێوان هێزو لایەنە سیاسییەكانو پێكهاتەكان. سوپاسی خەڵكی كرد كە لەدواین ویلایەتی سەرۆكایەتی حكومەتی ئەودا بەرگەی بێ موچەییان گرتووە، بەڵام هیچ بەڵێنێكی پێنەدان بەوەی موچە فەوتاوەكانیان بۆ دەگەڕێنێتەوە یاخود نا. نێچیرڤان بارزانی بەشێوەی ناڕاستەوخۆ باسی لەپێگەی بەهێزی خۆی لە ناو كابینەی نوێی حكومەتیش كرد كاتێك وتی:" هەموو توانایەكم بەكاردەهێنم بۆ پشتیوانی لە سەرۆك وەزیرانی نوێ و هەموو وەزیرەكانی كابینەی نوێ".
درەو میدیا: لەدوای سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان، جێگری سەرۆكی حكومەت شوێنەكەی لەسەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەگرێتەوە. بەپێی مادەی 17ی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 1992ی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان" لە حاڵەتی چۆڵبونی جێگەی سەرۆكدا، جێگرەكەی تا كاتی دانانی سەرۆكێكی نوێ كە دەبێ لە ماوەی 15 رۆژدا دابنرێ، جێگەی دەگرێتەوە" بەو پێیەش لەمڕۆوە بۆ ماوەی 15 رۆژ قوباد تاڵەبانی دەبێتە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان .
درەو میدیا: عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری لە مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ( نێچیرڤان بارزانی) ناكات و ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵیش بڕیاردەدات فراكسیۆنی كۆمەڵ بەشدار بێت، ئەمەش ناكۆكی دەخاتە ناو ماڵی كۆمەڵی ئیسلامیەوە. ئەمڕۆ مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ، لە هۆڵی سەعد عەبدوڵای شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت، ژمارەیەكی زۆری میوانی ناوخۆیی و بیانی بانگهێشتكراون، لە كۆمەڵی ئیسلامی تەنها عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی بانگهێشتکراوەو هیچ ئەندامێكی ئەنجومەنی سیاسی بانگهێشت نەكراوە، بۆیە عەلی باپیر بڕیاریداوە بەشدار نەبێت لە مەراسیمەكەو تەنانەت نوێنەریشی قبو ڵنیە بەشدار بێت، ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامیش بۆ راگرتنی هاوسەنگی بڕیاریداوە لەبری نوێنەری كۆمەڵ، فراكسیۆنەكەی بەشدار بێت لە مەراسیمەكەدا. فراكسیۆن بەشدار دەبێت فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە دانیشتنی 28/5/2019 دەنگی بە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم نەدا، بەڵام بەشداری لە مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی دەكەن، لە بەیاننامەیەكدا فراكسیۆنی كۆمەڵ رایدەگەیەنێت" سەبارەت بە كۆبوونەوەی ڕۆژی ١٠ ی حوزەیران ی ٢٠١٩ ی پەرلەمانی كوردستان كە لە ھەمانکاتدا سەرۆكی نوێی ھەرێم سوێندی یاسایی دەستبەكاربوونی دەخوات، ئێمە لە فراكسیۆنی كۆمەڵ لە پەرلەمانی كوردستان وەك ھەر كۆبوونەوەیەكی دیكەی ئاسایی لەو كۆبوونەوەیە دەڕوانین و بەشداریی دەكەین " . بەشداریكردن ناكۆكی دروستدەكات بەپێی ئەو زانیارییانەی كە ( درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی ناو كۆمەڵی ئیسلامییەوە دەستی كەوتووە، پرسی بەشداریكردنی كۆمەڵ لەو مەراسیمەدا ناكۆكی لەناو ماڵی كۆمەڵی ئیسلامیدا دروستكردووەو بەشێكیان لەگەڵ ئەوەن لەبەرئەوەی ئەمیری كۆمەڵ بەشداری ناكات، هیچ یەك لە ئەندامانی كۆمەڵ بەشداری نەكەن، بەشێكی دیكەشیان پێیانوایە دەبێت فراكسیۆنەكەیان بەشدار بێت، هەربۆیە ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵ بڕیار دەدات، فراكسیۆنەكەیان بەشدار بێت، بەڵام ئەو بڕیارە كێشە لەناو فراكسیۆنەی كۆمەڵ دروست دەكات. سۆران عومەر سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ بەوەكالەت ( لەبری عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆن كە لە دەرەوەی وڵاتە) بەو بڕیارەی ئەنجومەنی سیاسی نارازی دەبێت و ئامادە نابێت بەشداری لەو مەراسیمەدا بكات، بۆیە بڕیاردەدات دەستبەرداری سەرۆكی فراكسیۆن بێت بە وەكالەت، سەرۆكی فراكسیۆن بە وەكالەت دەدرێتە ( هەورامان گەچێنەیی) و ئەمڕۆ بەشداری مەراسیمەكە دەكەن. سۆران عومەر چی وت؟ سۆران عومەر كە ناڕازییە لە بەشداری كۆمەڵ لەو مەراسیمە هاوشێوەی عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی، شەوی رابردوو نوسینێكی لە پەیجی رەسمی خۆی بڵاوكردەوە، ناراستەوخۆ بەشداریكردنی كۆمەڵ لە مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی بە " ناراستگۆیی) ناودەبات. سۆران عومەر كە ئەمشەو پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنی بەوەكاەت رادەستی كۆمەڵكردەوە، لەنوسینەكەیدا بەناوی" پێویستە راستگۆ بن!" دەنوسێت"راستگۆیی ئەوە نیە كەسێك بەھۆكاری شكستی حوكمڕانی بزانی و لەمەراسیمی بەرزبونەوەی پۆستەكەیدا كۆرسی شەرعیەت پێدانی بی!، راستگۆیی بەوجۆرە نیە دژی یاساكە بی كاندیدت نەبێ بەڵام بەشداری مەراسیمی تەشریفاتی سوێندخواردنەكەی بی! ، گەر ئاوا ڕێك و كۆكن لەگەڵیان ئیدی با خەڵك ھێندە باجی نەكەوێیە سەر!! لەپێناو باشكردنی ژیانی خەڵك پێكبێن! واز لە سیاسەتی لەگەڵ نەبوون و شوێن كەوتن بێنن!
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف- نامیق رەسوڵ "پادشای عەرشی كەلاوە", رەنگە ئەمە باشترین مانشێت بێت بۆ پێشوازیكردن لە سوێندخواردنی سەرۆكی نوێی هەرێم كوردستان، سەرۆكێك كە لەماوەی 17 ساڵی رابردوودا سەرۆكایەتی حكومەتی كردووەو بۆ خەڵكی هەرێم سیاسەتمەدارێكی تاقیكراوەیە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا هەڵسەنگاندێك بۆ ماوەی سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی دەكات لە 17 ساڵی سەرۆكایەتی حكومەتدا. سەرۆكێكی تاقیكراوە ! سبەینێ نێچیرڤان بارزانی وەكو دووەم سەرۆك لە مێژووی هەرێمی كوردستان- عێراقدا سوێندی یاسایی دەخوات. سەرۆكی نوێ بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان روخسارێكی نەناسراو نیە، ئەو 17 ساڵە سەرۆكی حكومەتە، ماوەی حوكمڕانی ئەو لە سەرۆكایەتی حكومەتدا، ئێستا بەروبومەكەی لەبەردەمی خەڵكدایە. سەرەڕای پۆستی سەرۆكایەتی حكومەت، نێچیرڤان بارزانی لەدوای 2017ەوە مومارەسەی پۆستی سەرۆكی هەرێمیشی كردووە، چونكە بەپێی یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم، زۆرینەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم گواسترایەوە بۆ سەرۆكی حكومەت. نێچیرڤان بارزانی كە دوای 17 ساڵ ماڵئاوایی لە پۆستی سەرۆكایەتی حكومەت دەكات، لەدوای خۆی حكومەتێكی قەرزارو ژێرخانێكی داتەپیوی ئابوریو پەیوەندییەكی خراپی دەرەكیی پڕ گرێو گۆڵی بۆ جێنشینەكەی (مەسرور بارزانی) بەجێهێشتووە، رەنگە ئەمە هۆكارە سەرەكییەكە بێت دوای سەرۆكایەتی حكومەت، نێچیرڤان بارزانی لە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێمدا جێگیركرا، زۆربەی دۆسییە هەستیارەكان بەهۆی ئەوەی بەشێوەی دامەزراوەیی بەڕێوەنەبراون، وابەستە كراون بە كەسایەتی نێچیرڤان بارزانییەوەو بەبێ ئەو، سەرۆكی نوێی حكومەت ناتوانێت كاروبارەكانی بەڕێوەببات، بەدیاریكراویش دۆسیەی نەوت لەنێوان هەرێمی كوردستانو توركیادا. فایلی خزمەتگوزارییە گشتییەكان خزمەتگوزارییە گشتییەكان باشترین پێناسەیە بۆ ناسینەوەی هەر حكومەتێك لە جیهاندا، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەردەمی دەسەڵاتی 17 ساڵەی نێچیرڤان بارزانیدا لەم كەرتەدا شكستیهێناوە. ئاو كە سەرچاوەی سەرەكی ژیانە، تائێستا لە هەرێمی كوردستان زامن كراو نییەو هەموو شارو شارۆچكەكانی هەرێم كێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیە، لە هەندێك ناوچەش خاوێنی ئاوی خواردنەوە جێگەی گومانە، سەرەی ئاو كە شێوازێكی كۆنی دابەشكردنی ئاوە لە شارەكاندا، هێشتا لە هەرێمی كوردستان بەركارە. نێچیرڤان بارزانی كە ماڵئاوایی لە حكومەت دەكات، دوای 17 ساڵ لە دەسەڵاتدارێتی ئەو هێشتا خەڵك بەدەست نەبوونی وزەی پێوستی كارەباوە دەناڵێن، دەنگی مۆلیدە ئەهلییەكان لە هەموو گەڕەكێكی هەرێم بووەتە پێناسەی دۆخی كارەبا لە هەرێم. ئەمە لەكاتێكدایە ساڵانە بڕێكی زۆری بودجە لەژێر ناوی چاككردنی دۆخی كارەبا بەهەدەردراوە، بەمدواییانە نێچیرڤان بارزانی بیرۆكەی رادەستكردنی كەرتی خزمەتگوزارییەكانی بە كۆمپانیانو كەرتی تایبەت هێنایەگۆڕێ. خراپی دۆخی رێگاوبانەكانیش ساڵانە تادێت ژمارەی قوربانییەكانی زیاتر دەبێت، بەپێی ئامارە فەرمییەكان لەماوەی (10) ساڵدا، زیاتر لە (7 هەزار) كەس بەهۆی روداوەكانی هاتوچۆوە گیانیان لەدەستداوەو نزیكەی (80 هەزار) كەس برینداربوون. لایەنگرانی پارتی، نێچیرڤان بارزانی بە دەوڵەتمەدارو ئەندازیاری ئاوەدانی ناودەبەن، هەندێك پرۆژەی خزمەتگوزاری بەتایبەتی رێگاوبان لەناو سنوری پارێزگای هەولێردا جێبەجێ كراون، 17 ساڵ سەرۆكایەتی حكومەتی نێچیرڤان بارزانی لەو پرۆژانەدا كورتكراوەتەوە. نێچیرڤان بارزانی كە ماڵئاوایی لە حكومەت دەكات، هێشتا دابەشكردنی سوتەمەنی لە هەرێمی كوردستان بەشێوەی نەریتی بەڕێوەدەچێت، خەڵك لە كوچەو كۆڵانەكاندا بەرمیلی نەوت ریز دەكەن، ماوەی دوو ساڵە ئەم شێوازەش كێشەی تێكەوتووەو خەڵك بەشە نەوتی پێویستی خۆیان وەرنەگرتووە، ئەمە لەكاتێكدایە ئێستا رۆژانە هەرێم (400 هەزار) بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە دەكات. كێشەی سوتەمەنی ئۆتۆمبیلیش ساڵ بەدوای ساڵ زیاتر دەبێتو ناگات بە چارەسەر، ئێستا كە نێچیرڤان بارزانی ماڵئاوایی لە حكومەت نرخی بەنزین لە هەرێم نزیكەی دوو هێندەی نرخی پارێزگاكانی عێراقە. فایلی دارایی لە ماوەی 17 ساڵی حكومەتداری نێچیرڤان بارزانیدا (لە ساڵی 1999وە بۆ 2019 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت بووە، جگە لە دوو ساڵی سەرۆكایەتی بەرهەم ساڵح لە 2010 بۆ 2012)، هەرێمی كوردستان تەنها 7 ساڵ یاسای بودجەی هەبووەو پەرلەمان تاڕادەیەك زانیویەتی داهاتی هەرێم چۆن دابەشكراوە بەسەر كەرتەكاندا. دیاردەی بەهەدەردانی داهات لەبوارە ناپێویستەكاندا یەكێكە لە روخسارە دیارەكانی دۆخی دارایی لە زەمەنی نێچیرڤان بارزانیدا، ئەم كەیسە ماوەیەك گوتاری سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان بووە وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆن. دامەزراندنی بەلێشاو لەسەر بنەمای پشكپشكێنەی حزبیی، ژمارەی موچەخۆری حكومەتی لە سەردەمی نێچیرڤان بارزانیدا بەرەو لوتكە هەڵكێشا، ئەمە دواجار لە ساڵی 2014دا بوو بە بار بەسەرشانی حكومەتەوە، ئەوەش كاتێك بوو كە نرخی نەوت وەكو سەرچاوەی سەرەكی داهات دابەزیو حكومەتی عێراقیش بەشە بودجەی هەرێمی بڕی. نێچیرڤان بارزانی بۆ روبەڕووبونەوەی دۆخە كتوپڕە داراییەكە، یەكەم هەنگاو كە پەنای بۆ برد، بڕینی موچەی موچەخۆران بوو لەژێر ناوی "پاشەكەوتی موچە"، ئەمە شەپۆلێكی بەرفراوانی ناڕەزایەتی فەرمانبەرانی لێكەوتەوە، زۆری نەمابوو بەهۆی ئەو ناڕەزایەتییانەوە ساڵێكی خوێندنی قوتابیانو خوێندكارانی هەرێم بفەوتێت، بۆیەكەمجار لەم سەردەمەدا ناڕەزایەتییەكانی شەقام لە سنوری سلێمانییەوە پەڕییەوە بۆ هەولێرو دهۆك. ئێستا كە نێچیرڤان بارزانی ماڵئاوایی دەكات، حكومەت زیاتر لە (10 ملیار) دۆلار قەرزاری موچەخۆرانە، ئەمەش خۆی دەبینێتەوە لە پارەی تایبەت بە "پاشەكەوتی موچە"و پارەی موچەی ئەو مانگانەی كە موچە بە موچەخۆران نەدراوە، بێجگە لە قەرزی دەرەكی كە حكومەت باس لە نزیكەی 20 ملیار دۆلار قەرز دەكات. نێچیرڤان بارزانی كە ئەندازیاری سیستمی پاشەكەوتی زۆرەملێی موچەیە، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵێنێك بدات بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارانە بۆ فەرمانبەران، ماڵئاوایی لە حكومەت دەكات. فایلی نەوت یەكێك لە روداوە دیارەكانی سەردەمی فەرمانڕەوایەتیی 17 ساڵەی نێچیرڤان بارزانی دۆسیەی نەوتە، لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی ئەم پیاوەدا، هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی زیاتر لە كێڵگەی نەوتی دۆزییەوەو نەوتی زیاتر رەوانەی بازاڕەكانی دەرەوە كراو دەستكرا بە ئیمزاكردنی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیا گەورەكانی بواری نەوتدا (57 گرێبەستی نەوت)، بەواتایەكی تر هەرێمی كوردستان كەوتە سەر نەخشەی جیهانیی نەوت، ئەمە چەكێكی دوو سەرەبوو، لەلایەكەوە پێگەی سیاسی هەرێمی بەهێزكردو لەلایەكی ترەوە هەرێمی خستەبەردەم رقو توڕەیی بەغدادو هەندێكجاریش وڵاتانی ناوچەكە. لەناوخۆی هەرێمیشدا دۆسیەی نەوت، لەسەرەتاوە تائێستا دۆسیەیەكی جێ مشتومڕە، ئەوەش مشتومڕەكەی گەرمكردووە، ناشەفافبوونی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەم كەرتە هەستیارەیە. كۆتاییەكانی ساڵی 2016، نێچیرڤان بارزانی بۆئەوەی گومانەكانی ناشەفافیەت لەسەر كەرتی نەوت بڕەوەێنێتەوە، گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیای (دیلۆیت) ئیمزاكرد، كە كۆمپانیایەكی ئەمریكی بواری وردبینیكردنی وەبەرهێنانو فرۆشتنی نەوتە. لەدوای گرێبەستی كاركردنەوە تائێستا، كۆمپانیای دیلۆیت (6) راپۆرتی لەبارەی ئاستی فرۆشو داهاتی نەوت لە هەرێم بڵاوكردوەتەوە، بەڵام هێشتا گومانەكانی لە ناشەفافبوونی كەرتی نەوتی نەڕەواندوەتەوە، رەنگە هۆكارەكەش بۆ ئەوە بگەڕێتەوە هێشتا دامەزراوەیەكی چاودێری ناوخۆیی وەكو پێویست چاودێری ئەو كەرتە ناكات. لە ساڵی 2014و سەرهەڵدانی رێكخراوی "داعش" لە ناوچەكەو دابەزینی نرخی نەوتەوە، لە هەرێمی كوردستان هیچ یاسایەكی بودجە دەرنەچووە، پەرلەمانی كوردستان بەتەواوەتی لە داهاتی نەوت بێئاگایە. سندوقی داهاتەكانی نەوت كە وەكو دامەزراوەیەكی گرنگی چاودێری دۆسیەی نەوت تەماشا دەكرا، لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بەیاسا بڕیاری دامەزراندنی درا، بەڵام تائێستا دروستنەكراوە، بەڵام ئەنجومەنی نەوتو غاز دروستكراوە. ساڵی 2008 بڕیاردرا نەوتی هەرێم بەشێوەی سەربەخۆ بفرۆشرێت، ساڵی 2014 نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق بۆ ناردنی بەشە بودجەی هەرێم لە یاسای بودجەی عێراقدا، كردی بە مەرج هەرێم مانگانە (400 هەزار) بەرمیل نەوت رادەستی بەغداد بكات، بۆ ئەمەش بەهانەی بەوە دەهێنایەوە كە هەرێم پشكی خۆی لە عێراق وەردەگرێت، كەچی داهاتەكانی لەناویشیاندا داهاتی نەوت رادەستی بەغداد ناكات. دواجار نەوت پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی هەرێمو حكومەتی بەغدادی بەتەواوەتی ئاڵۆز كرد، ساڵی 2014 مالیكی بەشە بودجەی هەرێمی لە بودجەی گشتی عێراق بڕی كە مانگانە (ترلیۆنێكو 200 ملیار) دیناربوو، لە ساڵی 2015دا حكومەتی هەرێم بەشێوەیەكی ئاشكراترو لەژێر دروشمی "ئابوری سەربەخۆ"دا، دەستیكرد بە فرۆشتنی نەوت بەشێوەی سەربەخۆو دور لە رەزامەندی بەغداد، لەو سەردەمەدا بەهۆی سكاڵا یاساییەكانی حكومەتی ناوەندی عێراقەوە چەندجارێك دەست بەسەر بارە نەوتی هەرێمدا گیرا، ئەو كەشتییەی كە نەوتی هەرێمی دەگواستەوە، سەرشێتانە بەناو دەریادا دەسوڕایەوەو لە ترسی سزای یاسایی، هیچ كەسێك ئامادە نەبوو پێشوازی لێبكات. فایلی پەیوەندییەكانی هەرێم لەماوەی 17 ساڵ سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانیدا لە حكومەت، فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بەدەست فەلاح مستەفاوە بووە كە سەربە پارتییە. سەرباری ئەوەی جڵەوی پەیوەندییەكانی دەرەوەی لەدەستی نێچیرڤان بارزانیدا بووە، بەڵام هەرێمی كوردستان بەبەردەوامی سەروەری پێشێلكراوە، جارێك توركیا بەبەهانەی بوونی گەریلاكانی پەكەكەوە، جارێكی تر ئێران بە بیانوی هێزە كوردییەكانی رۆژهەڵاتەوە تۆپبارانو لەشكركێشییان كردوەتەسەر خاكی هەرێم، لەبەرامبەر هەموو ئەو دەستدرێژییانەشدا، بەردەوام نێچیرڤان بارزانی سەرزەنشتی لایەنە كوردییەكانی پارچەكانی تری كوردستانی كردووە. ئەو پەیوەندییەش كە لەدوای روخانی رژێمەكەی سەددامەوە لە 2003دا لەنێوان حكومەتی هەرێمو بەغداددا دروستبوو، بەهۆی سیاسەتی فرۆشتنی نەوت بەشێوەی سەربەخۆو ریفراندۆمەوە، بەتەواوەتی تێكچوو، لەم بوارەدا هەندێك ستایشی نێچیرڤان بارزانی دەكرێت كە لەدوای شكستی ریفراندۆمەوە توانی تاڕادەیەك پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی كوردستان بكاتو بەشێوەیەكی دیپلۆماسییانە پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغداد ئاسایی بكاتەوە. بەشێوەیەكی گشتی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان كە لە ساڵی 2006وە لەچوارچێوەی كاری حكومیدا جێگەی كراوەتەوە، حزب باڵی بەسەردا كێشاوە، سەرباری ئەوەی حزبەكان نوێنەرایەتییەكانی هەرێمیان لە دەرەوەی وڵات بەسەر خۆیاندا دابەشكردووە كە (13 نوێنەرایەتییە)، حزبەكان بەدیاریكراویش پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان نوێنەرایەتی تایبەت بە خۆیان لە زۆرێك لە وڵاتاندا هەیە، بەرپرسیارێتی رێكنەخستی ئەم كەرتە لەماوەی 13 ساڵی دامەزراندنی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەدا، بەپلەی یەكەم لە ئەستۆی نێچیرڤان بارزانیدایە. فایلی ئازادییە گشتییەكان دۆخی ئازادییە گشتییەكان (ئازادی رادەربڕین، خۆپیشاندانو گردبونەوە، ئازادی كاری سیاسی) لەسەردەمی نێچیرڤان بارزانیدا بە چەندین تونێلی تاریكدا تێپەڕیوە. هەموو ئەو رۆژنامەنوسانەی كە لەسەر كاری نوسینو رۆژنامەگەری تیرۆركراون، لەسەردەمی دەسەڵاتی سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانیدا بووەو تاوانبارەكانیش روبەڕووی هیچ سزایەكی یاسایی نەكراونەتەوە. بەپێی ئامارەكانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان: • لەماوەی 10 ساڵدا (2008 – 2018) لە هەرێمی كوردستان (5) رۆژنامەنووس تیرۆركراون (عەبدولستار تاهیر شەریف، سۆرانی مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، كاوە گەرمیانی، وەدات حسێن). • لە ماوەی ئەو 10 ساڵەدا، (898) حاڵەتی پێشێلكاری لە (گرتن، لێدانو ڕێگری) بەرامبەر (1440) ڕۆژنامەنووس كراوە. • پێشێلكارییەكان بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاكاندا دابەشبووە، (347) حاڵەت لە هەولێر، (285) حاڵەت لە سلێمانی، (107) لە دهۆك. رەوشی رۆژنامەگەریو ئازادی رادەربڕین لەسەردەمی دەسەڵاتی نێچیرڤان بارزانیدا ساڵ لەدوای ساڵ خراپتر بووەو راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان بەردەوام هەرێمی كوردستان وەكو ناوچەیەكی مەترسیدار بۆ كاری رۆژنامەوانی ناودەبەن، نێچیرڤان بارزانی لەبری كرانەوەی زیاتر، فەرمانگەیەكی بەناوی فەرمانگەی بەدواداچوونو وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان دروستكرد، ئەم فەرمانگەیە كە (دیندار زێباری) سەرۆكایەتی دەكات، كاری سەرەكی بریتییە لە وەڵامدانەوەی راپۆرتی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لەبارەی دۆخی ئازادییە گشتییەكانو مافی مرۆڤەوە لە هەرێمی كوردستان. ئازادی خۆپیشاندانو گردبونەوە وەكو پایەیەكی تری ئازادییە گشتییەكان لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی نێچیرڤان بارزانیدا مێژوویەكی تاڵی تۆماركردووە. لەماوەی 17 ساڵی سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانیدا، زۆرینەی خۆپیشاندانەكانی هەرێمی كوردستان لە هەولێرو دهۆكو سلێمانی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە روبەڕووی پێشێلكاری بونەتەوەو بەزۆر سەركوتكراونو خەڵكێكی زۆر بەهۆی بەشداربوون لە خۆپیشاندانەكان دەستگیركراونو لە دەزگاكانی ئاسایشدا بەشێوەی نایاسایی بەڵێننامەیان پێ پڕكراوەتەوە، روبەڕووبونەوەی ناڕەزایەتییەكانی فەرمانبەران لەدوای سیستمی پاشەكەوتی موچە بەشێوەیەكی توند، دیمەنی كۆتایی پەیوەندی نێوان نێچیرڤان بارزانیو چۆنیەتی مامەڵەكردن بوون لەگەڵ خۆپیشاندانەكاندا، (راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان بەوردی ئەو پێشێلكارییانەیان تۆماركردووە). نێچیرڤان بارزانی كێیە ؟ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان، سەرباری ئەوەی روخساری وەكو كارەكتەرێكی سیاسی بۆ زۆرینەی خەڵك ناسراوە، بەڵام كەم كەس وردەكاری ژیانو بیركردنەوەی ئەو دەزانن. بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا)، نێچیرڤان بارزانی لەو جۆرە سیاسەتمەدارانەیە كە پێی وایە ئابورییەكی بەهێز دەتوانێت جادوو بخوڵقێنێت. لەبارەی بایەخی ئابوریو پارەوە لە سیاسەتدا، دەوترێت نێچیرڤان بارزانی قسەیەكی بەناوبانگی هەیە كە دەڵێ" ئەوەی تائێستا نەبووە بە پارتی، نرخی خۆیمان پێنەداوە"، واتە ئەو باوەڕی وایە لەڕێگەی ئابوریو پارەوە دەتوانرێت هەموو كەسێك جڵەو بكرێت. لە 17 ساڵی سەرۆكایەتی حكومەتدا، روینەداوە وەزیرێكی كابینەكەی لەدژی نێچیرڤان بارزانی راوەستابێت، زۆرینەی ئەوانەی كاریان لەگەڵدا كردووە، بوون بە لایەنگری، دەوترێت نێچیرڤان بارزانی وەكو ئیسفەنج هەموو ئەوانە هەڵدەمژێ كە لەگەڵیدا كاردەكەن. نێچیرڤان بارزانی كوڕە گەورەكەی بەناوی باوكییەوە ناوناوە (ئیدریس)، ئیدریس ئێستا سەرۆكایەتی دەزگایەكی دەكات تایبەت بە گەشەپێدانی توانای مرۆیی بەناوی دەزگای روانگە، ئەم كوڕە لە میدیاكانی خۆرئاوادا خۆی وەكو "شازادە"یەك دەناسێنێت. پرۆفایلی نێچیرڤان بارزانی: * ناوی تەواوەتی: نێچیرڤان ئیدریس مستەفا بارزانی * 21ی ئەیلولی ساڵی 1966 لە بارزان لەدایكبووە، دایكی كچی كەسایەتی ناسراوی سلێمانی (حەمەی ئەورەحمان ئاغا)یە * لە 1975 لەگەڵ بنەماڵەكەیدا ئاوارەی ئێران بوون * خوێندكاری بەشی زانستە سیاسییەكان بووە لە زانكۆی تاران * لە 1989 بووەتە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان * لە 1996 بووەتە جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان * لە 1999 بووەتە سەرۆك وەزیران (كابینەی چوارەم) * 2006 بووەتە سەرۆك وەزیران (كابینەی یەكگرتنەوە) * لە 2011 بۆ 2013 جارێكی دیكە بووەتەوە سەرۆك وەزیران * لە 2013 جارێكی دیكە پۆستی سەرۆك وەزیرانی پێدرایەوە تاوەكو 2018 * 3-12-2018 كرایە بەربژێری پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان * جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە. * لەگەڵ نەبیلە مەسعود بارزانی ئامۆزای هاوسەرگیری كردووەو سێ كوڕو دوو كچی هەیە. * زمانەكانی كوردی، فارسی، ئینگلیزی بەباشی دەزانێتو دەشتوانێت بە زمانی عەرەبی قسەبكات. تێبینی: ناونیشانی راپۆرتەكە لە ناونیشانی وتارێكی (حەمەسەعید حەسەن )ەوە وەرگیراوە.
درەو میدیا: ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە سلێمانی كۆبوەوەو بڕیاریدا بەشداری لە مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا بكات . لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە میدیای فەرمی حزبەكەی راگەیاندووە: لەسەر بانگهێشتی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، وەفدێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەشداری ڕێوەرەسمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم دەكات. وتەبێژی یەكێتی دەشڵێت: هەر یەك لە كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی و حاكم قادر و عومەر فەتاح و ئەرسەلان بایز، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی نوێنەرایەتی یەكێتی دەكەن لە رێوڕەسمەكەدا