میلانیا ترەمپ رەنگە داوای جبابونەوە بکات و ئیڤانکا- بێتە ناو کاری سیاسی
2020-12-22 20:00:32
درەو:
هبە قودسی- شەرقولئەوسەت
وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت
سەرباری پەڵپگرتنی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و مشتومڕ لەبارەی چونەدەرەوەی لە کۆشکی سپی و بەشداریکردنی لە مەراسیمی رادەستکردنی دەسەڵات و ئاهەنگی دانانی سەرۆکی هەڵبژێردراو جۆ بایدن لە ٢٠ی کانونی دووەمی داهاتوو، ئامادەکاری و پلانی جێهێشتنی کۆشکی سپی لەسەروبەندنی دەستپێکردن و جێبەجێکردندایە. کارەکە تەنیا لە سەرۆک ترەمپ و میلانیای هاوسەریدا کورت نابێتەوە، بەڵکو فەرمانبەرانی کۆشکی سپیش دەگرێتەوە کە دەستیان کردووە بە دانانی پلان بۆ هەڵگرتنی هەنگاو لە ژیانیان و پێشکەشکردنی داواکاری بۆ کاری تر.
زۆرجار سەرۆکەکانی پێشتر هەندێکیان کتێب بڵاودەکەنەوە لەبارەی هەڵوێست و وێنای سیاسی خۆیان و ئەو جەنگانەی کە لەماوەی کارکردنیان لە کۆشکی سپی کردوویانە هەروەها ئەو نهێنی و بابەتە شاراوانە شیدەکەنەوە کە لە پشت بڕیارە سیاسییەکانیانەوە بووە، باراک ئۆباماو پێشتریش جۆرج بوشی کوڕو بیل کلینتۆن وایانکرد، هەروەها دیک چینی جێگری پێشووی سەرۆک و هیلاری کلینتونی کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکاو وەزیری دەرەوەی پێشووی. هەندێکیش دەچنە ناو کاری خێرخوازی یان ئارەزووەکانیان و کاری وانەبێژی، بەڵام فەرمانبەران و ئەوانەی لە کۆشکی سپی کاردەکەن، زۆرجار هەندێکیان دەچن بۆ کۆمپانیا تایبەتەکان کە بۆندی سەرەنجڕاکێشیان پێشکەش دەکەن، هەندێکی تر روو لە دروستکردنی کۆمپانیای تایبەت دەکەن بۆ پێشکەشکردنی راوێژی سیاسی و خزمەتگوراری پەیوەنییە گشتییەکان و بابەتی تر.
سەبارەت بە سەرۆک ترەمپ، پێدەچێت زۆرکەس سەرسام بوبن لەبارەی ئەوەی دوای دەرچوونی لە کۆشکی سپی چی دەکات، پێشبینی زۆر هەیە، سەرۆک نایەوێت لەبارەی پلانی خۆی دوای رۆشتنی لە پۆستەکەی قسە بکات. کەسە نزیکەکانی دەڵێن ئەو دەزانێت کاتی تەواو بووە تەنانەت ئەگەر هەوڵی پێشکەشکردنی تانەی یاسایی زیاتریش بدات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی. ترەمپ بەفەرمی پیرۆزبایی لە بایدن نەکردووەو وەکو براوەی هەڵبژاردنەکانی دانی پێدا نانێت.
هەندێک پێشبینی دەکەن ترەمپ بگەڕێتەوە بۆ هاوینەهەوارە شکۆدارەکەی لە مار لارگۆی فلۆریدا، هەندێکی تر پێشبینی گەڕانەوەی دەکەن بۆ نیویۆرک و لەوێوە ئیدارەی شەڕی دروستکردنی کەناڵێکی تەلەفزیۆنی بدات بۆ بانگەشەکردن بۆ خۆی و هێرشکردن بۆسەر ئیدارەی بایدن و ئامادەکاریکردنی بۆ خۆکاندیدکردنەوەی بۆ ساڵی ٢٠٢٤. بەڵام سەرۆک ترەمپ هێشتا ئاشکرای نەکردووە چی دەکات کاتێک بایدن بە فەرمی دەچێتە ناو کۆشکی سپییەوە.
کەسە نزیکەکانی سەرۆک ترەمپ دەڵێن دەستی کردووە بە راوێژکردن لەبارەی دروستکردنی کۆمپانیایەکی میدیایی دیجتاڵی، یاریدەرەکانی لە گفتوگۆو مشتومڕدان لەبارەی کڕین یان سەرمایەگوزاریکردن لە کۆمپانیای "نیوماکس"ی هەواڵیی، تاوەکو وای لێبکەن ببێت بە رکابەری تۆڕی "فۆکس نیوز".
پێشبینییەکانی جیاوازن لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەکردنی ترەمپ لەگەڵ کێشەو سکاڵا یاساییەکان کە لەدوای دەرچوونی لە کۆشکی سپی روبەڕووی دەبێتەوە، بۆ زانیاری ژمارەیەک سکاڵای یاسایی لەسەر ترەمپ هەن کە لانی کەم هەندێکیان پەیوەندیدارن بە ناوزڕاندن و هەندێکی تر پەیوەندییان بە چەواشەکارییەوە هەیە سەبارەت بە هەندێک لە کاڵای کۆمپانیاکانییەوە.
میلانیا ترەمپ و بارۆنی کۆڕی
دوای گەیشتنی ترەمپ بە کۆشکی سپی لە کانونی دووەمی ٢٠١٧دا، میلانیای هاوسەری و بارۆنی کوڕی نەچوون بۆ کۆشکی سپی تا لەوێ بژین، میلانیا وتی چاوەڕوانی ئەوە دەکات بارۆنی کوڕی ساڵی خوێندنی لە نیویۆرک تەواو بکات (ئەوکاتە بارۆن تەمەنی ١٤ ساڵ بوو). ئێستاش، پێدەچێت چاوەڕوانی ئەوە بکات خوێندنی ناوەندیی تەواو بکات سەرباری ئەوەی بەهۆی پەتای کۆرۆناوە لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە دەخوێنێت، رەنگە بارۆن بگوازێتەوە بۆ خوێندنگەی فۆرت لۆدەردیل لە فلۆریدا، کە خوێندنگەیەکی ناوەندییەو بەوە ناسراوە ژمارەیەکی زۆری کوڕی دەوڵەمەندەکان و کەسانی دەستەبژێر تێیدا دەخوێنن.
پێشبینییەکان زۆردەبن لەبارەی بەردەوامبوونی میلانیا لە ژیانی هاوسەرێتی لەگەڵ ترمپ، راپۆرتەکان باسلەوە دەکەن داوای جبابونەوە دەکات و چەند هەنگاوێکی هەڵگرتووە بۆ زامنکردنی ئەوەی بارۆنی کوڕی هەمان پشکی برا گەورەکانی لە ئیمپاتۆریەتە گەورەکەی باوکی وەرگرێت. هەندێک لە کەسە نزیکەکان لە خانمی یەکەم دەڵێن ئەو بەردەوامی دەدات بە بەشداریکردنی لە هەندێک کاری خێرخوازی و روبەڕووبونەوەی توندوتیژی ئینتەرنێتیی، هەندێکی تر دەڵێن کتێبێک لەبارەی ژیانی خۆیەوە لە کۆشکی سپی بڵاودەکاتەوە هاوشێوەی ئەوەی میشیل ئۆباما کردی، ئەمەش کارێکە ملیۆنان دۆلار قازانجی لێ دەکات. زۆرێک لە هاوڕێکانی بیرۆکەی گەڕانەوەی میلانیا بۆ نمایشی جلوبەرگ رەتدەکەنەوە.
ئیڤانکا ترەمپ و جارید کۆشنەر
راپۆرتەکان باسلەوە دەکەن ئیڤانکای کچی ترەمپ و جارید کۆشنەری هاوسەری پلان بۆ ئەوە دادەنێن بگوازنەوە بۆ فلۆریدا، ئیڤانکا پارچە زەوییەکی گەورەی لە دورگەیەکی نزیک شاری میامی کڕیوە بەبڕی (٣٠ ملیۆن) دۆلار کە نازناوی "پەناگەی ملیاردێرەکان"ی لێنراوە بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی کەسانی دەوڵەمەندو خەڵکە بەناوبانگەکەن. کەسە نزیکەکانی ئیڤانکا بە تۆڕی "CNN"یان وتوە ئەو بیر لەوە دەکاتەوە خۆی بۆ پۆستێکی سیاسی کاندید بکات له ویلایەتی فلۆریدا، بەڵام هێشتا بڕیاری خۆی لەمبارەیەوە یەکلانەکردوەتەوە.
مایک پێنس
مایک پێنسی جێگری سەرۆک و کارین پێنسی هاوسەری پلان دادەنێن بۆئەوەی لە کۆشکی سپییەوە بگوازنەوە بۆ ماڵێک لە دەوروبەری واشنتۆنی پایتەخت، بەڵام پێنس تائێستا هیچ پلانێکی رانەگەیاندووە لەبارەی ئایندەی ژیانی سیاسی خۆیەوە. بڕیارە پێنس دوای مۆڵەتی جەژنەکانی کرسمس گەشتێک بۆ بەحرەین و ئیسرائیل و پۆلەندا بکات.
لاری کودلو-ی راوێژکار
لاری کودلوی راوێژکاری ئابوری کۆشکی سپی کەسە نزیکەکانی ئاگادارکردوەتەوە لەوەی تەنیا بەدەرچوونی لە کۆشکی سپی و هاتنی بایدن بۆسەر پۆستەکەی، پلان دادەنێت بۆ ئەوەی کارێکی لەبواری راگەیاندندا دەستکەوێت، کودلو بەرلەوەی بچێتە کۆشکی سپی پسپۆڕێکی ئابوری و پێشکەشکارێکی بەناوبانگ بوو لە تۆڕی "CNBC"، سەرچاوەکانی دەڵێن بۆندی زۆری بۆ هاتووە.
مارک میدوز سەرۆکی فەرمانبەرانی کۆشکی سپی
رۆژنامەی "واشنتۆن پۆست" رایگەیاند، مارک میدوز سەرۆکی فەرمانبەرانی کۆشکی سپی چەند هەنگاوێکی هەڵگرتووە بۆ دامەزراندنی کۆمپانیایەکی راوێژکاریی تایبەت بە خۆی و ئێستا یاریدەدەرەکانی لە کۆشکی سپی هەڵدەبژێرێت بۆ ئەوەی لەگەڵیدا بەشداری بکەن لە دروستکردنی کۆمپانیاکەدا، زۆرجار گەورە فەرمانبەرانی کۆشکی سپی هەڵدەستن بە دروستکردنی کۆمپانیای راوێژکاریی تایبەت لە بواری سیاسی و ئابوری یاخود لە بواری پەیوەنییە گشتییەکان، بۆ ئەمەش سود لەو پەیوەندییانە دەبینن کە دروستیان کردووە یان لەو ئەزمونەی لەکاتی کارکردنیان لەناو کۆشکی سپی وەریانگرتووە.
جیسۆن میلەر یاریدەدەری تایبەتی ترەمپ
جیسۆن میلەر یاریدەدەری نزیکی سەرۆک ترەمپ و مایسترۆ تایبەتەکەی بۆ کەمپەینی هەڵبژاردن پلان بۆ ئەوە دادەنیت وتارو کتێب لەبارەی سەرۆکایەتییەکەی ترەمپ و ساڵەکانی لە کۆشکی سپی بڵاوبکاتەوە، لەم حاڵەتەشدا بە هاوکاری لەگەڵ ترەمپدا کاردەکات و ترەمپ قسەی کۆتایی دەبێت لە فۆرم ۆ ناوەڕۆکی ئەو وتارو کتێبانەی کە بڵاوی دەکاتەوە.