Draw Media
هه‌واڵ / كوردستان

راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف نێچیرڤان بارزانی چاوەڕێی بزوتنەوەی گۆڕانە كاندیدی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم یەكلابكاتەوە، كاندیدەكەی گۆڕان پرسی دانانی دوو جێگرەكەی سەرۆكی هەرێمی دواخستووە، سبەینێ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆدەبێتەوە‌و كاندیدی هەموو ئەو پۆستانەی تر یەكلادەكاتەوە كە لەكابینەی نوێدا بەر بزوتنەوەكە كەوتووە. سبەینێ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆدەبێتەوە، كۆبونەوەكە بۆ بڕیاردانە لەسەر چۆنیەتی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكانی بزوتنەوەكە بۆ پۆستی (جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان)‌و (یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی)‌و پشكەكانی تری بزوتنەوەكە لە حكومەت، بەدیاریكراویش پۆستەكانی (راوێژكارو بەڕێوەبەرە گشتییەكان). نێچیرڤان بارزانی چاوەڕوانی گۆڕانە سەرچاوەیەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان چاوەڕوانی بزوتنەوەی گۆڕان تاوەكو ناوی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم رەوانە بكات. سەرچاوەكە وتی:" دواكەوتنی دانانی جێگرەكانی سەرۆكی هەرێم، پەیوەندی بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە هەیە‌و ئەو بزوتنەوەیە تائێستا كاندیدی خۆی یەكلانەكردوەتەوە، پارتی بە فەرمی داوای لە گۆڕان كردووە ناوی كاندیدی خۆی بنێرێت". بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت لە یەك رۆژدا فەرمانی دانانی جێگرەكانی سەرۆكی هەرێم دەربكات، كە یەكێكیان كاندیدی یەكێتییە‌و یەكێتی یەكلایكردوەتەوە جەعفەر شێخ مستەفا ئەو پۆستە وەردەگرێت، ئەوی تریان كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕانە‌و هێشتا بەفەرمی یەكلانەكراوەتەوە. كاندیدی جێگری سەرۆكی هەرێم  (درەو میدیا) زانیویەتی، ئێستا پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا لەنێوان سێ سەركردەی باڵای گۆڕاندا كێبڕكێی لەسەرە، ئەوانیش هەریەكە لە (مستەفا سەید قادر- جەمال محەمەد، محەمەد تۆفیق رەحیم)ن. مستەفا سەید قادر كاندیدی بەهێزە بۆ وەرگرتنی پۆستەكە، بەوپێیەی خۆی ئەندازیاری رێككەوتنە سیاسییەكەی بزوتنەوەی گۆڕان‌و پارتییە‌و هاوكاتیش لەلایەن كوڕەكانی نەوشیروان مستەفاوە پشتیوانی لێدەكرێت. (درەو میدیا) زانیویەتی، مستەفا سەید قادر هەرچەندە كاندیدی بەهێزە، سیڤی خۆی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە پێشكەش نەكردووە، بەڵام دوو كاندیدەكەی تر (حەمەتۆفیق رەحیمو جەمال محەمەد) سیڤییان پێشكەشكردووە. كاندیدی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی یەكێكی ترە لەو پۆستە باڵایانەی كە بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نوێی حكومەت وەریدەگرێت‌و هێشتا كاندیدەكەی یەكلا نەكردوەتەوە. یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی، پۆستێكە بۆ یەكەمینجارە لەم كابینەیەدا دروستدەكرێت، ئەم پۆستە لەسەر داوای بزوتنەوەی گۆڕان دروست دەكرێت‌و كاندیدی بەهێز بۆ وەرگرتنی پۆستەكە (جەلال جەوهەر) ئەندامی خانەی راپەڕاندنە، چەند كەسێكی تر ناویان هێنراوە بۆ وەرگرتنی پۆستەكە لەوانە (شوان قلیاسانی). ئەم پۆستە رەنگە دروستكردنی ماوەیەكی تر بخایەنێت، بەوپێیەی دەبێت ئەنجومەنی وەزیران پرۆژەیاسای پێكهێنانی رەوانەی پەرلەمان بكات‌و پەرلەمان پەسەندی بكات. ئەو دامەزراوەیە ( یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆكاروباری چاكسازی ) ئەنجومەنێكی بۆ درووست دەكرێت كە  نوێنەری لایەنەكانی تێدا دەبێت‌و سەرۆكەكەی لەلای بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت، ئەو كەسەی سەرۆكی ئەنجومەنەكە وەردەگرێت پلەكەی (وەزیر) دەبێت. مەسرور بارزانی جگە لە یاریدەدەر بۆ كاروباری چاكسازی، دوو یاریدەدەری تریشی دەبێت، ئێستا ئاشتی هەورامی بەفەرمی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتە بۆ كاروباری وزە، دەنگۆش هەیە رێباز حەملان وەزیری پێشووی دارایی بكرێت بە یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری دارایی، بەڵام هێشتا فەرمانی بۆ دەرنەچووە، (درەو میدیا) زانیویەتی، بزوتنەوەی گۆڕان ناڕەزایەتی خۆی لەبارەی پێدانی پۆست لە كابینەی نوێ بە پارتی راگەیاندووە، بەوپێیەی رێباز حەملان لە كابینەی پێشوودا سەربە بزوتنەوەی گۆڕان بووە‌و دواتر لە گۆڕان جیابوەتەوە، بەڵام پارتی داواكاری‌و نیگەرانییەكانی گۆڕانی لەوبارەیەوە رەتكردوەتەوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، پارتی بە بزوتنەوەی گۆڕانی راگەیاندووە، مەسعود بارزانی فەرمانیداوە رێباز حەملان لە كابینەی نوێدا بمێنێتەوە‌و پۆستی پێ بدرێت، بۆیە  ئەگەر پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی بۆ كاروباری دارایی پێنەدرێت، پۆستی سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان وەردەگرێت. پۆستەكانی تر جگە لەو دوو پۆستەی باڵایە، بزوتنەوەی گۆڕان ژمارەیەك پۆستی تری راوێژكارو بەڕێوەبەری گشتی وەردەگرێت، پێشتر بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان رایانگەیاند، بەپێی پشكی خۆیان دەبێت (24) پۆستی راوێژكارو (24) پۆستی بەڕێوەبەری گشتی وەربگرن. بۆ ئەم پۆستانە ژمارەیەك لە هەڵسوڕاوەكانی بزوتنەوەی گۆڕان سیڤییان پڕكردوەتەوە، بزوتنەوەی گۆڕان گومانی لەوە هەیە پارتی هەموو پۆستەكانی راوێژكارو بەڕێوەبەری گشتی لەوادەی دیاریكراودا رادەست بكات، لەكابینەی هەشتەمدا كە نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە لەژیاندا بوو، خۆی چاودێری رێككەوتنەكەی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان‌و پارتی دەكرد، پارتی تا كۆتا رۆژ كە گۆڕانی لە حكومەت دەركرد، هەندێك لە پۆستەكانی بەڕێوەبەری گشتی كە بەر گۆڕان كەوتبوو، پڕنەكردەوە، گۆڕان لەمڕووەوە پارتی تۆمەتبار دەكرد بەوەی تەنانەت بەر لە تێكچوونی پەیوەندییەكانیشیان لەسەر یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، پارتی بابەندی رێككەوتنەكەی نەبووە لەگەڵ گۆڕان. كێ بڕیار لەسەر كاندیدەكان دەدات ؟ رۆژی 5ی ئەم مانگە جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبووەوە، لەو كۆبونەوەیەدا جڤات كە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا، دەسەڵاتی خۆی بۆ دیاریكردنی كاندیدەكانی بزوتنەوەكە بۆ پڕكردنەوەی پۆستە وزارییەكان بەخشی بە عومەر سەید عەلی رێكخەری بزوتنەوەكە، بەم بڕیارە، جڤاتی نیشتمانی كارەكانی ئەو لیژنەیەی هەڵوەشاندەوە كە پێشتر‌و بەر لە سێ مانگ بزوتنەوەكە دروستیكرد بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستەكان، ئەم بڕیارە ئەندامانی لیژنەكەی نیگەران كرد‌و دواتر چەند كەسێكیان راگەیەندراوێكیان بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە. دوو رۆژ دوای بڕیارەكەی جڤاتی نیشتمانی، عومەر سەید عەلی بەپێی ئەو دەسەڵاتەی كە جڤات پێیدابوو، كاندیدی ئەو چوار پۆستە وزارییەی دیاریكرد كە بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نوێی حكومەت وەریگرتووە، بەمشێوەیە: •    پۆستی وەزیری دارایی: ئاوات شێخ جەناب •    پۆستی وەزیری بازرگانی‌و پیشەسازی: كەمال موسلیم •    پۆستی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی: كوێستان محەمەد •    پۆستی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە: دانا عەبدولكەریم دیارنییە جڤاتی نیشتمانی كە سبەینێ كۆدەبێتەوە چ بڕیارێك لەسەر چۆنیەتی دیاریكردنی كاندیدی پۆستەكانی تری بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت دەدات، بەڵام بەوپێیەی ململانێی ئەم پۆستانەی تر لەنێوان سەركردە باڵاكانی بزوتنەوەكەدایە، پێناچێت عومەر سەید عەلی بیەوێت ئەو رۆڵە بگێڕێت كە لەدانانی وەزیرەكاندا گێڕای، بەتایبەتیش ئەوەی كە ململانێكان لەسەر پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم لەنێوان دوو ئەندامی خانەی راپەڕاندن (حەمەتۆفیق رەحیم، جەمال محەمەد)‌و سەركردەیەكی تری باڵای بزوتنەوەكەدایە (مستەفا سەید قادر)ە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئەگەر ئەو كارەكتەرانە لەنێوان خۆیاندا لەسەر ناوێك رێكنەكەون‌و بۆ یەكتری نەكشێنەوە، جڤاتی نیشتمانی بەدەنگدان ناوی كاندیدەكان یەكلادەكاتەوە. سەبارەت بە كاندیدی پۆستی راوێژكارو بەڕێوەبەرە گشتییەكانیش، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) پێشنیازێك هەیە جڤاتی گشتی بگەڕێتەوە بۆسەر ئەو میكانیزمەی كە لیژنەی یەكلاكردنەوەی ناوی كاندیدەكان بڕیاری لەسەر داوە، لەم رێگەیەوە هەەوڵدەدرێت هەندێك ئیعتیبار بۆ كارەكانی ئەو لیژنەیە بگەڕێندرێتەوە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی كارەكانی لیژنەكە لە دانانی كاندیدی وەزارەتەكان رەتكرایەوە، واتە هەوڵدەدرێت كار بەو پێوەرانە بكرێت كە لیژنەكە دایناوە بۆ یەكلاكردنەوەی سیڤی كاندیدەكان، كە ئەویش بەشێوازی دانانی نمرەیە لە بوارە جیاوازەكاندا بۆ كاندیدەكان‌و دواتر كۆكردنەوەی كۆنمرەیە بۆ یەكلاكردنەوەی ناوی كاندیدەكە.    


درەو میدیا:  ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەقی دانپێدانانی هێرشبەرەكانی رێستۆرانتی( هۆقەباز)ی هەولێری بڵاودەكاتەوە، بەپێی دەقی ئەو راگەیەنراوەی ئەنجومەنی ئاساییش بڵاویكردۆتەوە، كردەوەكە لە قەندیلەوە پلانی بۆ دارێژراوەوە" بە پێی دانپێدانانی تۆمەتباران، رووداوەكە تیرۆریستییە و چەند مانگێك لەمەوبەر لە لایەن بەرپرسێكی پەكەكە بەناوی فاتیح (بۆتان) لە قەندیل پلانی بۆ داڕێژراوە بە ئامانجی تیرۆركردنی كارمەندێكی كونسوڵخانەی توركیا و سەرەنجام تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان" دەقی راگەیێندراوەكەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان "رۆژی چوارشەممە 7/17/ 2019 رووداوێكی تەقەكردن لە رێستورانتێكی شاری هەولێر روویدا كە لە ئەنجامدا كارمەندێكی كونسوڵخانەی توركیا لە هەولێر بە ناوی (عوسمان كۆسە) و دوو هاووڵاتی هەرێمی كوردستان بەناوەكانی نەریمان (عوسمان محەمەدعەلی) و (بەشدار رەمەزان ساڵح) بوونە قوربانی. هێزەكانی ئاسایش و دژە تیرۆری كوردستان توانیان لە ماوەیەكی زۆر كەمدا شەش كەس لە پەیوەند بەم رووداوەدا دەستگیربكەن كە سێ كەس هاووڵاتی توركیان لە نێویاندا ئەنجامدەری سەرەكی رووداوەكە بەناوی (مەزڵوم داغ). سێ كەسیش لە هاوكار و یاریدەدەرانی ئەنجامدەرانی رووداوەكە هاووڵاتی هەرێمی كوردستانن. هەروەها چەند كەسێكی دیكەش كە پەیوەندییان بەم رووداوەوە هەیە و لە رووی یاساییەوە داواكراون بەدواداچوون لە سەریان بەردەوامە. بە پێی دانپێدانانی تۆمەتباران، رووداوەكە تیرۆریستییە و چەند مانگێك لەمەوبەر لە لایەن بەرپرسێكی پەكەكە بەناوی فاتیح (بۆتان) لە قەندیل پلانی بۆ داڕێژراوە بە ئامانجی تیرۆركردنی كارمەندێكی كونسوڵخانەی توركیا و سەرەنجام تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان. هەر بەپێی دانپێدانانی ئەنجامدەری سەرەكی رووداوە تیرۆریستییەكەش، هەردوو هاووڵاتییەكەی هەرێمی كوردستان تەنیا بە گومانی ئەوەی پاسەوانی دیپلوماتەكەی توركیان كوژراون.  لێرەدا دەقی دانپێدانانی تۆمەتبارانی رووداوە تیرۆریستییەكە دەخەینەڕوو. لەبەر رێزگرتن لە كەسوكاری قوربانییەكانی ئەم رووداوەش ساتی تەققەكردنەكە لێڵ كراوە. https://www.facebook.com/drawmedia/videos/439880726598535/


درەو میدیا:  ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رۆژی 23ی تەموزی رابردوو هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی پەسەندكردو رۆژی 1ی نیسانی 2020 دیاریكرد بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بە پارێزگای كەركوكەوە. بەپێی هەمواری بڕگەی ( 7 ، 8 ) مادەی 35ی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە تایبەتە بە هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركوك كۆمسیۆنی هەڵبژردنەكانی عێراق پابەندكراوە كە تاوەكو( 31ی كانونی دوەمی 2020 )وردبینی بكات لە تۆماری دەنگدەراندا، لەگەڵ ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان لەو وێستگانەی كە داوای ژماردنەوەی دەستی دەنگەكانی دەكرێت. بەپێی بەدواداچونەكانی ( دەو میدیا) بەرواری سەر بەڵگەنامەكە ( 31ی كانونی دوەمی 2020 ( بە هەڵە نوسراوەو چونكە خۆی ( 31ی كانونی یەكەمی 2020 )ە . دەقی هەمواری بڕگەی ( 7 ، 8 ) مادەی 35ی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق: بڕگەی 7: كۆمسێۆنی باڵای سەربەحۆی هەڵبژاردنەكان پابەندە بەوەی تاوەكو رۆژی 31 كانونی دووەمی 2020 وردبینی بكات لە تۆماری دەنگدەرانی پارێزگای كەركوك لە نێوان پسوڵەی خۆراك و ناسنامەی باری شارستانی، بۆئەوەی ئەو ناوانە بسڕێنەوە كە لە هەردوو تۆمارەكەدا هاوتا نین، ئەمە ئەوانە ناگرێتەوە كە رێوشوینەكانی لیژنەی بەدواداچوونی راستییەكان گرتونیەتەوە كە ئەو لیژنەیە بەپێی ماددەی 140ی دەستور لە پارێزگای كەركوك دروستكراوە بڕگەی 8: كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی  هەڵبژاردنەكان پابەندە بە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بەپێی رێنماییە كارپێكراوەكان سەبارەت بە رێوشوینی ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بۆ ئەو وێستگانەی كە داوای ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان دەكرێت تێیاندا.  بەپێی یاساهەمواركراوەكە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان پارێزگای كەركوكیش دەگرێتەوە، 14 كورسی بۆ پارێزگای كەركوك دیاریكراوەو ( 13 كورسی گشتی و  1 كورسی كۆتای)ە، كورسیە گشتیەكان بەپێی ژمارەی دانیشتوان دیاریكراوە كە ژمارەی دانیشتوانی كەركوك بە ( یەك ملیۆن و 639 هەزارو 953 )كەس دیاریكراوە. ئەگەرچی ئێستا ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ( 41 ) ئەندامە چونكە كەركوك تەنها بەشداری لەیەك هەڵبژاردندا كردووە ئەویش بەپێی یاسای ژمارە 71ی پۆڵبریمەری حاكمی مەدەنی عێراق بووە، كە بۆ هەر پارێزگایەك 41 كورسی دیاریكرابوو.    


(درەو میدیا): ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەكی ئەمنییەوە ئاشكرایكرد، هەفتەی رابردوو سوپای توركیا لە دوو هێرشی ئاسمانیدا چەند كەسێكی لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا كوشتووە، كە پلانداڕێژەری كوشتنی دیپلۆماتكارەكەی شاری هەولێر بوون. سەرچاوەكە باسی لەوەكردووە، هێرشی ئاسمانی یەكەم لە رۆژی 18ی ئەم مانگە ئەنجامدراوە، واتە رۆژێك دوای رووداوی كوشتنی "دیپلۆماتكار"ەكەی توركیا، ئەم هێرشە لە سەر رێگایەكی سنوری پارێزگای دهۆك ئەنجامدراوە، هێرشی دووەمیش دوێنێ لەناوچەی (باتۆڤا)ی سەربە هەمان پارێزگا جێبەجێكراوە. كەناڵی (CNNTURK)، وێنەی دوو ئۆتۆمبیلی بڵاوكردەوە كە بەوتەی كەناڵەكە لە هێرشە ئاسمانییەكاندا كراونەتە ئامانج‌و تێكشكاون. كەناڵەكە باسی لەوەشكردووە، هێرشە ئاسمانییەكان ئۆپراسیۆنێكی هاوبەشی سوپا‌و دەزگای هەواڵگری نیشتمانی توركیا بوون. بەڵام تائێستا روون نییە چەند كەس لەو هێرشە ئەسمانییانەدا بەركەوتوون‌و كوژراوەكان كێن‌و سەربە چ لایەنێكن، كەناڵەكەی توركیا دەڵێ:" دەزگاكانی توركیا لەدوای هێرشەكەی ریستۆرانتی هۆقەبازەوە چاودێری دوو كەسیان كردووە كە پلانداڕێژەری هێرشەكە بوون‌و لە شاری هەولێر چونەتە دەرەوە". رۆژی 17ی ئەم مانگە لەناو ریستۆرانتێكی شاری هەولێر بەناوی "ریستۆرانتی هۆقەباز"، لە هێرشێكی چەكداریدا بەرپرسێكی توركیا بەناوی (عوسمان كۆسە) كوژرا، كە بەپێی زانیارییە فەرمییەكان پۆستەكەی جێگری كونسوڵی گشتی توركیا بووە لە هەولێر‌و زانیارییە نافەرمییەكانیش دەڵێن بەرپرسێكی باڵای دەزگای هەواڵگری توركیا "میت" بووە.  ئەمڕۆ (8) رۆژ بەسەر رووداوەكەدا تێدەپەڕێت، تائێستا دەزگا ئەمنییەكانی هەرێم هیچ ئەنجامێكیان لەبارەی لێكۆڵینەوەكان ئەو دۆسیەیە بۆ رایگشتی بڵاونەكردوەتەوە، ئەمەش لەكاتێكدا هێزە ئەمنییەكان لە رۆژی شەممەی رابردووەوە دەستگیركردنی ئەنجامدەرانی هێرشەكەیان راگەیاندووە، كە یەكێكیان برای پەرلەمانتارێكی سەربە پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)یە لە پەرلەمانی توركیا. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە دووەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستاندا، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بە وەزیرەكانی راگەیاندووە، لە چەند رۆژی داهاتوودا زانیارییەكان بۆ رایگشتی بڵاودەكەنەوە. مەسرور بارزانی هاوكات لەگەڵ ئەوەی سەرۆكی حكومەتە، سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان‌و دەزگای پاراستنی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە.   


(درەو میدیا): ئەمریكا‌و توركیا لەسەر دامەزراندنی ناوچەیەكی ئارام لە رۆژئاوای كوردستان نەگەیشتنە رێككەوتن‌و ئەنكەرە واشنتۆن تۆمەتبار دەكات كە نایەوێت بگاتە رێككەوتن لەسەر ئەو پرسە. ماوەیەكە جیمس جێفری، نێردراوی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا سەرقاڵی گفتوگۆیە لەگەڵ بەرپرسانی توركیا سەبارەت بە دامەزراندنی ناوچەیەكی ئارام لەنێوان سنوری توركیا‌و رۆژئاوای كوردستان. مەولود چاوش ئۆغڵۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا رۆژی چوارشەممە رایگەیاند لەگەڵ ئەمریكا نەگەیشتونەتە رێككەوتن‌و پێشنیارەكانی ئەمریكای تایبەت بە ناوچەی ئارام لە باكوری سوریا مایەی رەزامەندی ئەنكەرە نین. وەزیری دەرەوەی توركیا ئەمریكاشی بەوە تۆمەتباركرد كە دەستی دەستیان پێدەكات‌و نایەوێت بگاتە رێككەوتن. چاوش ئۆغڵۆ، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە ئەنكەرە رایگەیاند هەردوو وڵات " توركیا‌و ئەمریكا" لەسەر قوڵایی ناوچەی ئارام‌و چ لایەنێك كۆنترۆڵی دەكات رێك نەكەوتوون. وتیشی:" ئەوەمان لادروستبوو كە ئەوان دەیانەوێت هاوشێوەی ئەوەی لە مەنبەج روویدا پرۆسەكە دوابخەن‌و پێویستە بە زووترین كات لەسەر دامەزراندنی ناوچەی ئارام بگەینە رێككەوتن ، چونكە سەبر‌و ئارامیمان خەریكی كۆتایی دێت". لە بەشێكی تری قسەكانیدا وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند هەمان ئەو رۆژەی كە جیمس جێفری گفتوگۆی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی توركیادا كردووە بەرپرسانی سوپای ئەمریكا لەگەڵ فەرماندەی یەكینەكانی پاراستی گەل " یەپەگە"دا كۆبوونەتەوە‌و ئەوەش ئاماژەیەكە بۆئەوەی كەواشنتۆن بە نیەتێكی راستگۆیانەوە مامەڵە ناكات.


راپۆرتی: محەمەد رەئوف 118 بەرپرسی هەرێمی كوردستان لەژێر چاودێری وردی "ئاژانسی چاودێری بۆ روبەروبونەوەی سپیكردنەوەی پارە"دان لە یەكێتی ئەوروپا، ئەم بەرپرسانە لە رابردوودا لەڕێگەی نایاساییەوە پارەیان رەوانەی بانكەكانی ئەوروپا كردووە، (درەو میدیا) لە بەدواداچونێكدا، زانیاری ورد لەبارەی سپیكردنەوەی پارەی بەرپرسانی هەرێم‌و حەواڵەكردنی بۆ بانكەكانی ئەوروپا، بڵاودەكاتەوە. دەزگایەكی نوێ دەستبەكاردەبێت مانگی ئازاری ئەمساڵ یەكێتی ئەوروپا دوای بەدواداچونێكی چەندین ساڵە لەسەر كەیسی زیادبوونی دیاردەی سپیكردنەوەی پارە لە بانكەكانی ئەوروپا، لەڕێگەی "دەسەڵاتی بانكیی یەكێتی ئەوروپا"وە دەزگایەكی بۆ روبەڕووبونەوەی سپیكردنەوەی پارە، ئاڵوگۆڕی پارەی زۆرو پرۆژەی وەبەرهێنانی كارەكتەرە سیاسییەكان لەناو سنوری یەكێتی ئەوروپا، دامەزراند. دەزگاكە ناوی لێنراوە " ئاژانسی چاودێری بۆ روبەروبونەوەی سپیكردنەوەی پارە". ئامانج لە دامەزراندنی ئەم دەزگایە، چاودێریكردنی ئەو بەرپرسە حیزبی‌و حوكومییانەی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە كە هەوڵی سپیكردنەوەی پارە ناشەرعییەكانیان دەدەن، ئەوەش لەڕێگەی ناردنەدەرەوەی پارەكانیان بۆ بانكەكانی ئەوروپا‌و بونیاتنانی پرۆژەی بازرگانی گەورە لە وڵاتانی ئەوروپا. دامەزراندنی ئەم ئاژانسە دوای راپۆرتە بنكۆڵكارییەكانی (رێكخراوی بنكۆڵكاریی رۆژنامەوانی نێودەوڵەتی) هات، ئەو رێكخراوە دەیان راپۆرتی وردی لەسەر سپیكردنەوەی پارەی كاربەدەستە سیاسییەكان بڵاوكردەوە، بەتایبەتی بڵاوكردنەوەی (11 ملیۆن 500 هەزار) بەڵگەنامە كە دواتر بە بەڵگەنامەكانی "پەناما پەیپەرس" ناسرا‌و تێیدا هەزارن كەیسی پارە سپیكردنەوەو سەرمایەی كاربەدەستانی حكومی‌و حیزبیی وڵاتانی جیهان، ئاشكراكرا. كورد لە دۆسیەی سپیكردنەوەی پارەدا (درەو میدیا) چەند رۆژێك سەرقاڵی بەدواداچونی ورد بوو لەسەر كەیسی سپیكردنەوەی پارەی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان تاوەكو دەستی گەیشت بە كارەكتەرێكی نزیك لە "ئاژانسی چاودێری بۆ روبەروبونەوەی سپیكردنەوەی پارە" لە دەسەڵاتی بانكیی یەكێتی ئەوروپا. بەپێی زانیارییەكانی ئەو سەرچاوەیە كە ناوەكەی لای (درەو میدیا) پارێزراوە، ئێستا (118) كارەكتەری حیزبی‌و حكومی هەرێمی كوردستان لەژێر چاودێریی وردی ئاژانسی روبەرووبونەوەی سپیكردنەوەی پارەن لە یەكێتی ئەوروپا، ناوی بەشێك لەو بەرپرسانە لای (درەو میدیا) پارێزراوە. سەرچاوەكە باسیلەوەكرد، ئاژانسەكە چاودێری وردی خستوەتە سەر ئەو كارەكتەرە حزبی‌و حكومیانەی هەرێمی كوردستان‌و ئاگاداری مامەڵەو حەواڵەكانیانەو چاودێری وردی پارەو پرۆژەكانیان دەكات لە بانكەكانی ئەوروپادا. بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا)، دەسەڵاتی بانكیی یەكێتی ئەوروپا زانیاری لەسەر ئەو بەرپرسانەی هەرێم لەبەردەستدایە كە لەنێوان (2011 بۆ 2019)  پارەیان بە ناشەرعی پەیداكردووە‌و پارەكانیان رەوانەی بانكەكانی ئەوروپا كردووە، هەندێك لەوانە پرۆژەی گەورەیان دامەزراندووەو موڵك و ماڵیان پێ كڕیوە. ناوی كەسایەتییەكان‌و پڕۆژەكانیان لە هەندێك لە وڵاتانی وەك ئەڵمانیاو بەریتانیاو سویسراو فەرەنساو هۆڵەندا لای (درەو میدیا) پارێزراوە، تائەوكاتەی لێكۆڵینەوەكان دەگەن بەئەنجام‌و بەفەرمی بڵاودەكرێنەوە. پارە چۆن سپیدەكرێتەوە ؟ بەگوێرەی بەدواداچونەكان، بەشێكی زۆری بەرپرسە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەستیان تێكەڵە لە بازرگانی نەوت‌و لە پشت زۆرێك لە سەرمایەو كارە بازرگانییەكانی ترەوەن، كێشەی سەرەكی بەردەم ئەو بەرپرسانە پەیداكردنی پارە نیە، بەڵكو سپیكردنەوەی ئەو پارە زۆرو زەبەلاحەیە كە دەستیان دەكەوێت. بەرپرسان ئەو پارانەیان دەنێرنە بانكەكانی ئەو وڵاتانەی كە پەیوەستنامەو رێككەوتنیان نیە لەگەڵ وڵاتانی تر تایبەت بە وردبینیكردن‌و خاوەنی یاسای تایبەت بە خۆیانن لە نمونەی وڵاتانی (پەنەما، سویسرا، قوبرس، ماڵتا، لیتوانیا، ئیستۆنیا.. هتد..). ئێستا زۆرێك لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی ئەو بانكانەوە پارەكانیان حەواڵە دەكەن كە لقیان لە شارەكانی هەرێمی كوردستان هەیەو لقەكانی دیكەیان لە (قوبروس، ماڵتا، ئیستۆنیا، لیتوانیاو پەنەما) هەیە‌و چەندین ساڵە سەرقاڵی سپیكردنەوەی پارەن. بۆ نمونە، لە  بانكی (......) كە ناوەكەی لای (درەو میدیا) پارێزراوە، ژمارەی بانكیی دەكەنەوە، ئەم بانكە لقی لە سلێمانی‌و هەولێر هەیە، پارە دەخەنە سەر ئەو حساب بانكییەو دواتر لە لقە ئەوروپییەكەوە لە قوبرس بە ئەلیكترۆنی حەواڵەی دەكەن بۆ بانكەكانی تریان لە سویسراو فەرەنساو ئەڵمانیاو بەریتانیا.. هتد. جگە لە بانكەكان، چەندین رێگای تر هەیە بۆ سپیكردنەوەی پارەكان، دیارترینیان حەسانەی دیپلۆماسییە، فڕۆكەی تایبەت‌و جانتای بەرپرسە باڵاكان لە فڕۆكەخانەكاندا ناپشكنرێن، هەندێك لەو بەرپرسانە بڕێكی زۆر پارەی كاش بەوشێوەیە دەبەنەدەرەوە، هەرچەندە ئەمە سەرچڵییە‌و ئەگەر ئاشكرابن روبەڕووی لێپێچینەوەو ئابڕوچوون دەبنەوە. ئەم حەواڵەكردنە زۆرجار خاوەنی پارەكانی دوچاری كێشەو گرفتی زۆر كردووە، بەپێی ئەو زانیاریانەی كە دەستی (درەو میدیا) كەوتووە، لە ساڵی 2015دا بەرپرسێكی باڵای هەرێمی كوردستان (ناوەكەی پارێزراوە)، بڕی (205 ملیۆن) دۆلار لەڕێگەی بانكەكانی لوبنانەوە رەوانەی بانكەكانی ئەوروپا دەكات، لە لوبنان لەلایەن حزبوڵای لوبنانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت، دوای گفتوگۆو دانوستانی زۆرو پەنابردن بۆ بەرپرسانی ئێرانی‌و حزبە شیعەكانی عێراق، توانرا نیوەی پارەكە وەربگیرێتەوە. هەر لە ساڵی 2015دا لەڕێگەی فڕۆكەوە بڕێكی زۆر پارەی كاشی بەرپرسێكی هەرێمی كوردستان رەوانەی پۆڵەندا كراوە، لەوێ لە فڕۆكەخانە كێشەی بۆ دروست كرا، بەڵام دواتر بە ئۆتۆمبێل گوازرایەوە بۆ بانكەكانی ئەڵمانیا. لە ساڵی 2017 كێشەی زۆر بۆ بڕی (7 ملیار) دۆلاری یەكێك لە كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان (ناوەكەی لای درەو میدیا پارێزراوە) دروستكرا، كە سەربە بەرپرسێكی حزبییە، دواتر بە هەوڵێكی زۆر چارەسەركرا.  پارەكانیان لەكوێ دادەنێن زۆرێك لە بەرپرسان لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەڕێگەی ناشەرعییەوە پارە كۆدەكەنەوە، دەیانەوێت پارەكان لە وڵاتێك بخەنەگەڕ كە نەكەوێتە ژێر هیچ جۆرە چاودێرییەك‌و زانیارییەكانیش نەگاتە هاوڵاتیانی وڵاتەكانی خۆیان. بەرپرسان زۆربەیان پارەو پرۆژەكانیان لەو وڵاتانە دەخەنەگەڕ كە خاوەنی یاسای تایبەت بەخۆیانن‌و ناكەونە ژێر چاودێری‌و لێكۆڵینەوەی وڵاتانی دیكەوە، لەنمونەی دورگەكانی (كەیمەن‌و پەنەما). بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەشێك لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان پارەكانیان لە دورگەكانی (كەیمەن‌و پەنەما) خستوەتەگەڕ، ئەوەش لەڕێگەی "كۆمپانیا هۆڵدین" واتا "گروپی كۆمپانیا"، ئەمانە ژمارەیەكی زۆر كۆمپانیان كە لەژێر چەترێكدا كۆدەبنەوە، كۆمپانیاكە بەناوی بەرپرسەكە خۆیەوە نابێت، بەڵكو بەناوی گروپی پارێزەرانەوە دەبێت كە ئێستا زۆرێك لە كۆمپانیاكان بەوشێوەیە كاردەكەن، ناوی بەشێك لە بەرپرسانی هەرێم لای (درەو میدیا) پارێزراوە، كە لەو دوو دورگەیە پارەكانیان خستوەتەگەڕ، هەروەها بەشێكیشیان پارەو پرۆژەكانیان لە (سویسرا، قوبرس، ماڵتا، ئیستۆنیا‌و لیتوانیا..) داناوە، كە بانكەكانیان ناكەوێتە ژێر چاودێری‌و لێكۆڵینەوەی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپاو ئەمریكاوە، بۆیە یاسای بانكیی تایبەت بەخۆیان هەیەو بازرگان‌و سەرمایەداران ناو و پارەو پرۆژەكانیان پارێزراوە. ئەم وڵاتانە رێككەوتنی پەیوەست بە بانك‌و پرۆژە ئابورییەكانیان لەگەڵ وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا واژو نەكردووە، بۆیە چاودێریكردن‌و لێكۆڵینەوە نایانگرێتەوە.  بەپێی راپۆرتێكی پەیمانگەی "بازل"ی نێودەوڵەتی تایبەت بەسپیكردنەوەی پارە، كە لە دیسەمبەری 2018 دەرچووە، ئاماژە بەوە دەكات، 20 دەوڵەت سپیكردنەوەی پارەیان تێدا ئەنجام دەدرێت.   عێراق لە سپیكردنەوەی پارەدا ساڵی 2015 گەورەترین دۆسیەی گەندەڵی‌و سپیكردنەوەو حەواڵەكردنی پارەی بەرپرسانی عێراق ئاشكرا بوو، ئەوكات كۆچكردووە (ئەحمەد چەلەبی) سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەرقاڵی بەدواداچوون‌و كۆكردنەوەی زانیاری بوو لەسەر ئەو دۆسێیە. دۆسیەكە (72) لاپەڕە بوو، تێیدا ئەوە ئاشكراكرابوو كە لەنێوان ساڵانی (2007 -2013) بڕی (312 ملیار) دۆلار چوەتە بانكەكانی عێراقەوە، لەوە بڕی (212 ملیار) دۆلاری چوەتە دەرەوەی عێراق، لەو نێوەندەدا بڕی (78 ملیار) دۆلار چارەنوسی نادیارە‌و نازانرێت لەلایەن كێوە بۆ كێ رۆیشتووە؟.  سەبارەت بەو حەواڵانەش، لەو ماوەیەدا (60 هەزار) جوڵەی بانكیی هەبووە، لەو (60 هەزار)جوڵەیە (30 هەزار) جوڵەی بانكیی نازانرێت لە كێوە بۆ كێ چووە؟، بەشێوەیەكی گشتی لەو ماوەیەدا رۆژانە بە تێكڕا (50 ملیۆن) دۆلار جوڵەی پێكراوە، بەشی زۆری ئەو پارەیە حەواڵەی بانكەكانی دەرەوە كراوە. هەرێمی كوردستان لە دۆسیە گەورەكەدا لەو (78 ملیار) دۆلارەی كە نازانرێت لە كێوە بۆ كێ رۆشتووەو چارەنوسی نادیارە، بڕی (12 ملیار) دۆلاری لە بانكەكانی هەرێمی كوردستانەوە چوەتە دەرەوە، (32) بەرپرس‌و (25) كۆمپانیای هەرێمی كوردستان لەناو دۆسیەكەدان، كە دەوترێت مردنی گوماناوی (ئەحمەد چەلەبی) لە 2015دا پەیوەندی بەو دۆسیەیەوە هەبووە. سەرچاوەیەكی ئاگادار كە نەیویست ناوەكەی بڵاوبكرێتەوە، بە (درەو میدیا)ی راگەیاند:" ئێستا هەموو جموجوڵێكی حەواڵەكردنی پارەی زۆر بەئاگاداری بانكی ناوەندیی دەبێت، ئەگەرچی چونە دەرەوەی پارە بە بڕی زۆر بەئاسانی ناكرێت، بەڵام لەڕێگەی دەروازە سنورییەكانەوە پارەی زۆر حەواڵە دەكرێت، ئەویش لەبەرامبەر هاوردەكردنی كەلوپەل‌و فێڵی ترەوە". بەپێی راپۆرتی پەیمانگەی "بازل"ی نێودەوڵەتی كە تایبەتە بە سپیكردنەوەی پارە، لە ساڵی 2012دا لە دزین‌و سپیكردنەوەی پارەی حكومەتدا، عێراق پلەی یەكەمی هەبووە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی‌و هەموو جیهان. پۆلێنكارییەكە لەسەر بنەمای 14‌ پێوەری ورد دانراوە، كە وڵاتانی پێ هەڵسەنگێنراوە، لەناو وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئوردەن خاوێنترین وڵاتە. بەڵام لە ساڵی 2018دا بانكی ناوەندی عێراق رایگەیاند، عێراق بەفەرمی لە لیستی دەستەی چاودێریكردنی سپیكردنەوەی پارەی نێودەوڵەتی‌و پشتیوانیكردنی دارایی تیرۆر (FAFTF) دەرهێنراوە، ئەوەش بە هۆی ئەوەی كە بانكی ناوەندی‌و نوسینگەی بەرەنگاربوونەوەی سپییكردنەوەی پارەو پشتیوانیكردنی دارایی تیرۆر پابەندی رێنماییەكانی كۆمەڵەكە بوون. ئەمە جگە لەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی سپیكردنەوەی پارە ژمارە 39 بۆ ساڵی 2015 دەركردووە.  لە 2017 نوسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت بە تاوان، پرۆسەی سپیكردنەوەی پارەی لەسەر ئاستی جیهان بە رێژەی ساڵانە لەنێوان 2-5%ی كۆی قەبارەی بەرهەمی جیهانی دیاریكرد، ئەوكاتە ئەو بڕە بە (2 ترلیۆن) دۆلار خەمڵێندرا، لەوكاتەی پێوەری بازڵ بۆ نەهێشتنی سپیكردنەوەی پارە كە لە پەیمانگای بازل دەرچووە لە سویسرا، لە راپۆرتی خۆیدا لە ساڵی 2017 دەڵێ" قەبارەی پرۆسەی سپیكردنەوەی پارە لە جیهاندا ساڵانە لەنێوان 500 ملیار بۆ  ترلیۆنێك) دۆلاردایە، ئەوەش رێژەی 1%ی قەبارەی ئابوری جیهان پێكدەهێنێت كە بڕەكەی (85 ترلیۆن) دۆلارە.  


درەو میدیا:   تەنها لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا بڕی زیاتر لە ( 50 ملیار) دینار لە هاوڵاتیان وەرگیراوە لەبەرامبەر رێگاو بان و ژینگە لە پارێزگای سلێمانی، بەڵام  بارودۆخی ژینگەو رێگاو بانەكانیش لەوپەڕی خراپیدان . هەردوو ئەفسەری هاتوچۆ لەبەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی (بەختیار محەمەد و كاروان محەمەد ) لە نوسینێكی هاوبەشیاندا ئاماژە بە خراپی رێگاو بانو ژینگەی سلێمانی دەكەن و دەڵێن " لە چوار ساڵی ڕابردوودا واتە مانگی 3 ی ساڵی 2016 تاوەكو ئێستا ئەو پارانەی لە هاوڵاتیان وەرگیراوە لە حەقی بەكارهێنانی ڕێگە بریتی بووە لە بڕی (30.608.714.750) دینار ( 30 ملیارو 608 ملیۆن و 714 هەزارو 750 دینار) وە ئەو داهاتە كە كۆكراوەتەوە لە حەقی پیسكردنی ژینگە بریتی بووە لە بڕی (20.349.791.000) دینار ( 20 ملیار و 349 ملیۆن و 791 هەزار دینار) واتە بەكۆی گشتی بریتی یە لە بڕی (50.958.505.750) دینار ( 50 ملیار و 958 ملیۆن و 505 هەزارو 750 دینار) لە هاوڵاتیان وەرگیراوە لە حەقی ڕێگاوبان و ژینگە، دۆخی رێگە و ژینگەی سلێمانیش ئەوەیە كە هەموومان دەیبینین ڕۆژانە بەهۆی خراپی ڕێگاوبانەكان بەردەوام هاوڵاتیانی ئێمە بریندار دەبن و گیان لەدەست دەدەن"   دەقی نوسراوەكەیان: تكایە پلانی ستراتیژی و درێژخایەن بۆ كێشە و ڕووداوەكانی هاتووچۆ بخەنەڕوو دروست كردنی چەند نامیلكە و بانگێشتكردنی ڕاگەیاندنەكان و سازكردنی كۆنگرەی رۆژنامەنوسی بۆ بە چاپ گەیاندنی (ڕێنمایی هاتووچۆ – تەندروستی) كە لەلایەن كۆمپانیایەكی ناوخۆیی یەوە جێ بەجێ كراوە، پێویستی نەدەكرد بەو شێوەیە بكرێتە بابەتی ڕاگەیاندن. ئێمە لە گرنگی پڕۆژەی هۆشیاری هاتووچۆ كەم ناكەینەوە وە بەكارێكی گرنگی دەزانین وە بەپێویستی دەزانین بە ئەندازەی قەبارەی خۆی گرنگی و بایەخی پێ بدرێت، ئێمە پێشتر وەكو بەشی ڕاگەیاندنی هاتووچۆ چەندین كاری لەو جۆرە و باشترمان ئەنجام داوە خۆسەرقاڵ كردن بەو جۆرە پڕۆژانە بایەخی ئەوتۆی نیە كاری گرنگ و جدی كە دەبێت لەم كاتەدا بكرێت بەهۆی كەم بونەوەی كاریگەری قەیرانی دارایی هەوڵ بدەین ئەو داهاتەی كە پێشتر كۆكراوەتەوە (داهاتی هاتووچۆ) ئەو داهاتە بگێڕدرێتەوە بۆ خزمەت كردنی شاری سلێمانی خەرج بكرێت و كۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی لەسەر بابەتێكی وا ئەنجام بدرێت. لە چوار ساڵی ڕابردوودا واتە مانگی 3 ی ساڵی 2016 تاوەكو ئێستا ئەو پارانەی لە هاوڵاتیان وەرگیراوە لە حەقی بەكارهێنانی ڕێگە بریتی بووە لە بڕی (30.608.714.750) دینار وە ئەو داهاتە كە كۆكراوەتەوە لە حەقی پیس كردنی ژینگە بریتی بووە لە بڕی (20.349.791.000) دینار واتە بەكۆی گشتی بریتی یە لە بڕی (50.958.505.750) دینار لە هاوڵاتیان وەرگیراوە لە حەقی ڕێگاوبان و ژینگە، دۆخی رێگە و ژینگەی سلێمانیش ئەوەیە كە هەموومان دەیبینین ڕۆژانە بەهۆی خراپی ڕێگاوبانەكان بەردەوام هاوڵاتیانی ئێمە بریندار دەبن و گیان لەدەست دەدەن. كاری زۆرمان كرد لە ئەنجام دان و سازكردنی ۆرك شۆپ و سیمینار و پانێڵ لەسەر كێشە و گرفتەكان و لەسەر ڕووداوەكانی هاتووچۆ خەڵكانی شارەزا و خەم خۆر و چالاكوان و بەرپرسانمان بانگێشتی كاری لەو جۆرە كرد و راسپاردەكانمان خستە بەردەم لایەنی پەیوەندیدار تەنها یەك خاڵ جێ بەجێ نەكرا. پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی كاركردنە بۆ چاك كردنی سیستمی گواستنەوەی گشتی كە لەئێستادا شاری سلێمانی لە دۆخێكی زۆر خراپ دایە خزمەت گوزاری لەبواری ئەندازەی هاتووچۆ كە لە ئاستێكی باشدا نیە، وە كاری گرنگ لە ئێستادا زیندووكردنەوە و كارپێ كردنی و دروست كردنی ئەندەرپاص و بەرزە پردانەیە كە لەڕابردوودا دیزاینی بۆ كراوە بەڵام پڕۆژەكە پشت گوێ خراوە. بۆیە كاتی ئەوە هاتووە بڵێین بەسە تكایە بەسە ئەگەر كاری ستراتیژی و گرنگتان بۆ شاری سلێمانی پێ ئەنجام نادرێت تكایە خەڵك سەرقاڵ مەكەن بە پڕۆژەی لاوەكیەوە. تێنینی / ئەم نوسینەمان گوازرشت لە بۆچوونمان دەكات وەكو دوو ئەفسەری هاتووچۆ پەیوەندی بە پێگە و پلەمانەوە نیە لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ. مقدمی هاتووچۆ / بەختیار محمد عبدللە رائیدی هاتووچۆ / كاروان محمد صدیق  


راپۆرتی: محەمەد رەئوف  ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی پەسەندكردو رۆژی 1ی نیسانی 2020 دیاریكرد بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بە پارێزگای كەركوكەوە، جگە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان. لە یاساكەدا هەمواری بڕگەكانی ( 7 و 8 ) لە مادەی 35ی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، كە دوای گفتوگۆیەكی زۆری نوێنەری پێكهاتەكانی كەركوك لە ئەنجومەنی نوێنەران لەسەری رێككەوتن و بە دەستنوسە، تیایدا ئاماژە بەوە كراوە " هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە پارێزگای كەركوك ئەنجامدەدرێت و  تۆماری دەنگدەران و بایۆمەتری، ووردبینی تیادا دەكرێت و پاكدەكرێتەوە لە ماوەیەكدا كە زیاتر نەبێت لە 31/12/2020"  بەپێی هەمواری ئەو مادەیە بێت  هەڵبژاردنی 1ی نیسانی 2020 ئەنجومەنی پارێزگاكان بە تۆمارە كۆنەكە دەكرێت، چونكە ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بە پێشتر بە سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراقیان راگەیاندووە كە ناتوانن بۆ هەڵبژاردنی 1 ی نیسانی 2020 بە ووردبینی لە لیستی تۆماری بایۆمەتری و تۆماری دەنگدەراندا بكەن .  دەقی پرۆژە هەمواركراوەكە دەستكاریكرا كە لە 6 بڕگە پێكهاتبوو كە ئاماژە بەوە دەكات دەبێت وەزارەتەكانی ( ناوخۆ و تەندروستی و پلاندانان) وردبینی لە لیستی تۆماری دەنگدەراندا بكەن، خۆ ئەگەر پێش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان وردبینی نەكرا ئەوا دەبێت دوای شەش مانگ لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێی پارێزگاكان وردیبینی بكرێت.  كەركوك لە هەڵبژاردنی داهاتودا بەپێی ئەو خشتەیەی لەلایەن لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراقەوە واژووی لەسەر كراوەو لە دانیشتنی دوێنێی پەرلەمانی عێراق پەسەندكرا، كورسی پارێزگاكانی عێراق بە پێی ژمارەی دانیشتوان دیاریكراوە. بەپێی یاساهەمواركراوەكە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان پارێزگای كەركوكیش دەگرێتەوە، كە 14 كورسی بۆ پارێزگای كەركوك دیاریكراوەو ( 13 كورسی گشتی و  1 كورسی كۆتای)ە، كورسیە گشتیەكان بەپێی ژمارەی دانیشتوان دیاریكراوە كە ژمارەی دانیشتوانی كەركوك بە ( یەك ملیۆن و 639 هەزارو 953 )كەس دیاریكراوە. ئەگەرچی ئێستا ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ( 41 ) ئەندامە چونكە كەركوك تەنها بەشداری لەیەك هەڵبژاردندا كردووە ئەویش بەپێی یاسای ژمارە 71ی پۆڵبریمەری حاكمی مەدەنی عێراق بووە، كە بۆ هەر پارێزگایەك 41 كورسی دیاریكرابوو. بۆ پارێزگاكانی دیكەی عێراقیش بەپێی ژمارەی دانیشتوان كورسیەكانی ئەنجومەنی پارێزگا دیاریكراوە:  ئەنبار:   14 كورسی  بەسرە : 21 كورسی   یەك كورسی كۆتا بۆ مەسیحی قادسیە: 12 كورسی  موسەننا:   10 كورسی  نەجەف:  13 كورسی بابل:   16 كورسی  بەغداد:  50 كورسی، 3 كورسی كۆتایە( مەسیحی، سابئی، كوردی فەیلی) دیالە:    13 كورسی زیقار:   16 كورسی  سەڵاحەدین:   13 كورسی  كەربەلا:  11 كورسی  كەركوك:  14 كورسی میسان:  12 كورسی یەك كورسی كۆتا بۆ سائیبی نەینەوا:   27 كورسی، 3 كورسی كۆتا بۆ ( مەسیحی، ئێزدی، شەبەك) واست:  13 كورسی   یەك كورسی كۆتا بۆ فەیلی  كۆی گشتی 255 كورسی   پارتی دەنگی نەدا! لە كاتی دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان هۆڵی كۆبونەوەكانیان جێهێشت، لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێكی یەكێتی، بەڵام ئەندامانی تری فراكسیۆنە كوردستانیەكان لە هۆڵەكەدا مانەوەو دەنگیان بە هەمواری یاساكەدا. ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بە ( درەو میدیا)ی راگەیاند" پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لە سەرەتاوە رازی نەبوو بەوەی هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركوك بكرێت، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە ئێستادا پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك 12 ئەندامی هەیەو هەرگیز ئەو كورسیانە بەدەستناهێنێتەوە، بۆیە دەیەوێت دۆخەكە بەو شێوەیە بمێنێتەوەو هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركوك نەكرێت" ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەدوای هەڵبژاردنی 30ی كانونی دووەمی 2005 ەوە بەهۆی ناكۆكی پێكهاتەكانی ئەو پارێزگایەوە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كەركوك ئەنجامنەدراوە، بەڵام بڕیارە لە هەڵبژاردنی 1ی نیسانی 2020 هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركوكیش بەڕێوە بچێت. كەركوك هەڵبژاردنی 2005 دا  لە هەڵبژاردنی 30/1/2005ی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا لیستی (برایەتی كەركوك) كە لایەنە كوردیەكانی لە خۆ دەگرت لە كۆی( 41 كورسی پارێزگە 26 كورسی بەدەستهێنا بەرێژەی( 63.4% ) كورسی ئەو پارێزگایە، لەبەرامبەردا بەرەی توركمانی 8 كورسی و بەرێژەی ( 19.5% )ی كورسیەكان و  گردبوونەوەی عەرەبی 5 كورسی و بەرێژەی ( 12.2% ) و هاوپەیمانی ئیسلامی توركمانی 1 كورسی  بەرێژەی ( 2.4% ) و گردبوونەوەی نیشتیمانی عێراقی  1 كورسی و بەرێژەی ( 2.4% ) كورسی واتا كورد ( 63.4% ) كورسی ئەنجومەنی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێنا، كە دەكرێت بوترێت لە ( 63.4% ) دەنگی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێناوە بەڵام لایەنەكانی تر بە عەرەب و توركمانەوە ( 36.6% )ی كورسی ئەنجومەن و دەنگی پارێزگای كەركوكیان بەدەستهێناوە كەركوك لە هەڵبژاردنی 2010 دا  لە هەڵبژاردنی 7/3/2010 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا كە كورد بە چەند لیستێك بەشداری كرد، لەكۆی ( 557 هەزارو 37 ) دەنگدەری پارێزگای كەركوك ، لە لیستە سەركەوتووەكاندا لیستی هاوپەیمانی كوردستانی كە لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و چەند پارتێكی دیكە پێكهاتبوو، توانی  (206 هەزارو 542 ) دەنگ بەرێژەی (37% )ی دەنگەكانی ئەو پارێزگایە بەدەستبهێنێت و 6 كورسی  لە كۆی 12 كورسی پشكی ئەو پارێزگایە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەستبهێنێت، كە رێژەی كورسیەكانی ( 50%) دەكات، هاوكات  لیستی عێراقیە (211 هەزارو 336 ) دەنگ و بەرێژەی ( 37.9% )ی دەنگی لیستە سەركەوتوەكانی ئەو پارێزگایەو  6 كورسی بەدەستهێنا واتا (50% ) و لیستی رافیدەین (28 هەزارو 78 ) دەنگ و بەرێژەی ( 5% )  و 1 كورسی لە كورسی كۆتا بەدەستهێنا. سەرەرای دەنگی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی كە (206 هەزارو 542 ) دەنگی بەدەستهێنابوو دەنگی سەرجەم لیستە كوردیەكان لەو پارێزگایە ( 278هەزارو 170 ) دەنگی بەدەستهێنابوو بەرێژەی ( 49.9% )ی دەنگی ئەو پارێزگایە بەو پێەی لیستی گۆران ( 36هەزارو 554 ) دەنگ و یەكگرتووی ئیسلامی ( 24هەزارو 274 ) دەنگ، كۆمەڵی ئیسلامی ( 7 هەزارو 175) دەنگی بەدەستهێنابوو حیزبی شیوعی ( 3 هەزارو 397 ) دەنگی بەدەستهێنا بوو، كە نزیكەی ( 70 هەزار ) دەنگە كە ئەو دەنگانە لەبەر ئەوەی دەنگی پێویستیان نەهێنا بۆ كورسیەك كە بەهای كورسیەك ( 46 هەزارو 419 ) دەنگ بووە، هیچ كورسیەكیان بەدەستنەهێناو دەنگەكانیان سوتا. بەو پێیەش دەنگی كورد لە نێوان 2005 بۆ 2010 لە ( 63.4% ) دەنگی ئەو پارێزگایەوە بۆ ( 49.9% )ی دەنگی ئەو پارێزگایە دابەزی واتا بەرێژەی ( 13.5% )ی دەنگەكانی دابەزی رێژەی كورسیەكانیشی بەهەمان شێوە( 13.4% ) دابەزی. كەركوك لە هەڵبژاردنی 2014دا  بەڵام لە هەڵبژاردنی 30/4/2014 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای كەركوك لە كۆی (570795 ) دەنگدەری ئەو پارێزگایە كە 12 كورسی هەبوو بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەكێتی ( 209964 ) دەنگی بەدەستهێنا 6 كورسی و پارتی ( 63076 ) دەنگی بەدەستهێنا 2 كورسی بەدەستهێنا بەهای كورسی لەو پارێزگایە ( 47566 ) دەنگ دەكات . كەركوك لە هەڵبژاردنی 2018 دا  لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 12ی ئایاری 2018 دا  لە پارێزگای كەركوك پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداری هەڵبژاردنی ئەو پارێزگایەی نەكرد، لە كۆی ( 12) كورسی و ( 487 هەزارو 142 ) دەنگدەر.  -    یەكێتی نیشتیمانی  6 كورسی و ( 177 هەزارو 920 ) دەنگی بەدەسهتهێنا -    هاوپەیمانی عەرەبی لەكەركوك 3 كورسی و ( 86 هەزارو 452 ) دەنگی بەدەستهێنا -    بەرەی توركمانی 3 كورسی و ( 82 هەزارو 33 ) دەنگی بەدەستهێنا -    لیستی نیشتیمانی ( گۆڕان، هاوپەیمانی، كۆمەڵ) لە كەركوك ( 14 هەزارو 914 ) دەنگی بەدەستهێنا بەبێ كورسی -    نەوەی نوێ (  13 هەزارو 665 ) دەنگی بەدەستهێنا -    حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان ( 7 هەزارو 509 ) دەنگی بەدەستهێنا -    یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ( 4 هەزارو 784 ) دەنگ كورد لە هەڵبژاردنی داهاتوودا تا ئێستا كورد زۆرینەیە لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە كۆی 41 كورسی 26 كورسی هەیە، بەڵام ناكۆك و ناتەبان و لیستی برایەتی بەسەر چەندین گروپدا دابەش بووە، حزبە كوردیەكانیش لە كەركوك ناكۆكی زۆریان هەیە، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان ئەگەرچی رێككەوتنیان هەیە بۆ هەڵبژاردن و دانانی پارێزگارێكی نوێ بۆ ئەو شارە ( تەیب جەبار) بەڵام تا ئێستا ئەو دوو حزبە كات و رێوشوێنی دانانی ئەو پارێزگایەیان دیارینەكردووەو پارتی تا ئێستاش سورە لەسەر ئەوەی دەبێت لە پێشدا بارودۆخی ئەمنی ئەو پارێزگایە ئاسایی بكرێتەوە ئەوكات ئامادەن بگەڕێنەوە كەركوك و بەشداری لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا یكەن، بۆیە پێناچێت بەر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بتوانرێت پارێزگاری نوێ دابنرێت، لە ئێستادا كێشەی كەركوك پەیوەستە بە كێشەو ناكۆكی نێوان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، پاشان پێكهاتەكانی دیكەو وڵاتە هەرێمایەتیەكان، چونكە جگە لە كەركوك، كورد لە خانەقین و دوزخورمات و شەنگال و موسڵێش ناكۆك و پەرتەوازەیە، ئەم ناكۆكیانە و بارودۆخی دوای ریفراندۆم و روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر لە ناوچەكانی مادەی 140، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاكان كاریگەری تەواوی لەسەر پێگەی كورد دەبێت.  


درەو میدیا: لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكان هەمواركرایەوە و بڕیاردرا رۆژی 1 ی نیسانی2020 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەڕێوەبچێت بە پارێزگای كەركوكیشەوە  درەنگانێكی ئەمشەو  ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی پەسەند كرد.   بەپێی ئەو خشتەیەی لەلایەن لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراقەوە واژووی لەسەر كراوەو لە پەرلەمانی عێراق پەسەندكراوە، كورسی بۆ تەواوی پارێزگاكانی عێراق دیاریكراوە جگە لە چوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان. بەپێی یاساكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان پارێزگای كەركوكیش دەگرێتەوە، كە 14 كورسی بۆ پارێزگای كەركوك دیاریكراوەو ( 13 كورسی گشتی و  1 كورسی كۆتای)ە، كورسیە گشتیەكان بەپێی ژمارەی دانیشتوان دیاریكراوە كە ژمارەی دانیشتوانی كەركوك بە ( یەك ملیۆن و 639 هەزارو 953 )كەس دیاریكراوە. بۆ پارێزگاكانی دیكەی عێراقیش بەپێی ژمارەی دانیشتوان كورسیەكانی ئەنجومەنی پارێزگا دیاریكراوە:  ئەنبار   14 كورسی  بەسرە  21 كورسی   یەك كورسی كۆتا بۆ مەسیحی قادسیە 12 كورسی  موسەنا   10 كورسی  نەجەف   13 كورسی بابل   16 كورسی  بەغداد  50 كورسی  كە 3 كورسی كۆتایە( مەسیحی، سابئی، كوردی فەیلی) دیالە    13 كورسی زیقار    16 كورسی  سەڵاحەدین   13 كورسی  كەربەلا   11 كورسی  كەركوك  14 كورسی میسان  12 كورسی یەك كورسی كۆتا بۆ سائیبی نەینەوا    27 كورسی ، 3 كورسی كۆتا بۆ ( مەسیحی، ئێزدی، شەبەك) واست   13 كورسی   یەك كورسی كۆتا بۆ فەیلی  كۆی گشتی 255 كورسی 


راپۆرت: نامیق رەسوڵ - محەمەد رەئوف لە كابینەی نۆیەمیشدا دۆسیەی نەوت خرایەوە جانتاكەی ئاشتی، پێشتر دەوترا هەموو وەزارەتی سامانە سروشتیەكان لە جانتاكەی ئاشتی هەورامیدایە، لەماوەی 14 ساڵی رابردودا و پێنج كابینەی یەك لەدوای یەك دۆسیەی نەوت دەخرێتە جانتاكەی ئاشتی هەورامیەوە، ئەمڕۆش بە فەرمانێك مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاشتی هەورامی كرد بە  یاریدەدەری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە، بە واتایەكی تر دۆسیەی نەوت سپێردرایەوە بە ئاشتی هەورامی. تا ئێستا فەرمانەكەی مەسرور بارزانی رون نیە كە بەپێی كام یاسا و بڕیار ئاشتی هەورامی كردووە بە یاریدەدەری خۆی، كە ئایا بەو بڕیارە وەزیری سامانە سروشتیەكان لە كابینەكەیدا ناهێڵیت،  یاخود ئاشتی هەورامی لە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دورخستۆتەوە. بەڵام بە لێكدانەوەی ئەو دەسەڵاتانەی كە لە فەرمانەكەی مەسرور بارزانیدا هاتووە، ئاشتی هەورامی لەگەڵ ئەوەی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت دەبێت بۆ كاروباری وزە، دەسەڵاتەكانی وەزیری سامانە سروشتیەكانیشی دەبێت.   دەسەڵاتەكانی ئاشتی هەورامی  بەپێی خاڵی یەكەمی ئەو دەسەڵاتانەی مەسرور بارزانی بۆ ئاشتی هەورامی دیاریكردووە، (یاریدەدەری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بۆ كاروباری وزە) دەسەڵاتی جێبەجێكردنی دەبێت" بەدواداچوونی جێبەجێكردنی بڕیار و راسپاردەو سیاسەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان - عیراق لە بواری نەوت و غاز، بەپێی مادەی شەشەم لە یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان – عێراق، ژمارە 22 ساڵی 2007 بەراوێژ لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران" بەپێی ئەم خاڵە بێت ئاشتی هەورامی دەسەڵاتی جێبەجێكردنی هەیە واتا مومارەسەی كاری وەزیری دەكات و لەگەڵ پلەی یاریدەدەریدا وەزیری سامانە سروشتیەكانیش دەبێت. بەپێی خاڵی پێنجەمی ئەو دەسەڵاتانەی مەسرور بارزانی بۆ ئاشتی هەورامی دیاریكردووە ئاشتی هەورامی دەبێتە ئەندامی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ نەوت غاز " ئامادەبوونی لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی هەرێمی نەوت‌و غاز بەپێی مادەی چوارەم لە یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان – عێراق ژمارە 22 ساڵی 2007 ، داڕشتنی بەرنامەی كۆبوونەوەكان" ئامادەبون لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی هەرێمی واتا ئەندامی  ئەنجومەنەكە، مادەی 4ی یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان ئاماژە بە ئەندامانی ئەنجومەنی هەرێمی نەوت و غاز دەكەن كە پێكهاتون لە : 1-    سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران – سەرۆكی ئەنجومەنەكە  2-    جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران- جێگر 3-    وەزیری سامانە سروشتیەكان – ئەندام 4-    وەزیری دارایی و ئابوری – ئەندام  5-    وەزیری پلاندانان – ئەندام  خۆ ئەگەر بەدەر لە وەزیری سامانە سروشتیەكان، یاریدەدەری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وەزە، ببێتە ئەندامی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ نەوت و گاز ئەوكات دەبێت یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان ژمارە 22ی ساڵی 2007 هەموار بكرێتەوە، بۆیە پێدەچێت ئامادەبونی لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی هەرێمی نەوت گاز تەنها وەك راوێژی یاخود بەشدار بوو بێت نەك ئەندامی ئەنجومەنەكە  فەرمانێك بەبێ‌ پشت بەستن بە یاسا مەسرور بارزانی بە فەرمانی ژمارە (4) كە رۆژی 15ی تەمموز دەریكردووە بڕیاریداوە بە راسپاردنی عەبدوڵا عەبدولڕەحمان عەبدوڵا ناسراو بە ( ئاشتی هەورامی) بە پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بۆ كاروباری وزە. مەسرور بارزانی لە فەرمانەكەیدا بۆ دانانی ئاشتی هەورامی بە یاریدەدەری سەرۆك وەزیران پشتی بە هیچ دەقێكی یاسایی نەبەستووە‌و ئاماژەی بە هیچ دەقێك نەداوە كە دەسەڵاتی ئەوەی پێببەخشێت كەسێك بكاتە یاریدەدەری سەرۆك وەزیران. یاسای ئەنجومەنی وەزیران چی دەڵێت؟ یاسای ژمارە (3) ی ئەنجومەنی وەزیران كە ساڵی 1992 پەرلەمانی كوردستان پەسەندیكردووە‌و تائێستا 10 جار هەمواركراوەتەوە هیچ جۆرە ئاماژەیەكی بۆ پۆستی یاریدەدەری سەرۆك وەزیران تێدا نیە بەڵكو دەڵێت" ئەنجومەن باڵاترین دەزگای جێبەجێكردنە لە هەرێمدا‌و لە سەرۆك‌و جێگرەكەی‌و وەزیرەكان پێكدێت". یاریدەدەری سەرۆك وەزیران لە عێراق لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراقدا كە عادل عەبدولمەهدی سەرۆكایەتی دەكات، دوو یاریدەدەری سەرۆك وەزیران هەن بۆ كاروباری دارایی و وزە، بەڵام هەردووكیان پلەی وەزیری پسپۆریان هەیە بریتین لە: - فوئاد حسێن، وەزیری دارایی‌و یاریدەدەری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری دارایی. - سامر غەزبان، وەزیری نەوت‌و یاریدەدەری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە. بەڵام لە دیاریكردنی یاریدەدەری سەرۆك وەزیرانی بۆ كاروباری وزە ( ئاشتی هەورامی) پۆستی وەزیری سامانە سروشتیەكانی نیە، واتا پلەی یاریدەدەر بەبێ پۆستی وەزیری، بە پێچەوانەی بەغدادەوە كە یاریدەدەری سەرۆك وەزیران پۆستی وەزیریان هەیە.  كەمكردنەوەی رۆڵی وەزیرەكان بە گوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا) مەسرور بارزانی، بەنیازە یاریدەدەرێكی تر بۆ كاروباری دارایی دابنێت‌و باس لەوەشدەكرێت كە ئەو ئەركە بە (رێباز حەملان) وەزیری پێشووی دارایی بسپێردرێت. دانانی دوو یاریدەدەر بۆ كاروباری (وەز‌و دارایی) كەمكردنەوەی رۆڵی وەزیرەكانی ئەو دوو وەزارەتەیە‌و كۆنترۆڵكردنی دۆسیەی نەوت‌و داراییە لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە، ئەگەرچی تائێستا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت هیچ كەسێكی بۆ پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان دیارینەكردووە‌و پێدەچێت خۆی ئەو پۆستە بەڕێوەبەرێت‌و بە گوێرەی یاسای ژمارە (3)ی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆك وەزیران مافی ئەوەی هەیە یەكێك لە وەزارەتەكانی حكومەتەكەی بە ئەسالەت یان بە وەكالەت بەڕێوەبەرێت. یاریدەدەر بۆ كاروباری چاكسازی بە گوێرەی رێككەوتنی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاردراوە یاریدەدەری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری چاكسازی بە پلەی وەزیر دابنرێت، بدرێت بە گۆڕان‌و لەناو گۆڕانیشدا ئەو پۆستە چەند كەسێك كاندیدن لەوانە جەلال جەوهەر ئەندامی خانەی راپەڕاندن، شوان قلیاسانی هەڵسوڕاوی گۆڕان، بەڵام هێشتا  ئەم یاریدەدەرە كە بە فەرمی پێشوەخت رێككەوتنی لەسەركراوە دەستبەكارنەبووە‌و لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕان‌و پارتی دیموكراتی كوردستانیشەوە جەختلەوەدەكرێتەوە كە بۆ دەستبەكاربوونی پێویستە پەرلەمانی كوردستان یاسایەكی بۆ دەربكات، ئەمەش لە كاتێكدایە كە ئاشتی هەورامی بەبێ‌ یاسای پەرلەمان بە فەرمانێك لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە كرا بە یاریدەدەر بۆ كاروباری وزە.  


 درەو میدیا: بە بڕیارێكی فەرمی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئاشتی هەورامی كرایە یاریدەدەری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ كاروباری وزە. فەرمانەكە لە پێنج خاڵدا دەسەڵاتەكانی یاریدەدەری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ گاروباری حكومەت دیاریكردووە بریتییە لە: 1. بەدواداچووانی جێبەجێكردنی بڕیار و راسپاردە و سیاسەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان - عیراق لە بواری نەوت و غاز، بەپێی مادەی شەشەم لە یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان – عێراق، ژمارە 22 ساڵی 2007 بەراوێژ لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران. 2. پێشكەشكردنی راسپاردە بە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران لە بواری وزەدا 3. هەماهەنگیكردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی بواری وزە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان – عێراق 4. بەئەنجامگەیاندنی ئەو ئەركە تایبەتانەی لەلایەن سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێی رادەسپێردرێت لە بواری وزەدا 5. ئامادەبوونی لە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی هەرێمی نەوت و غاز بەپێی مادەی چوارەم لە یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان – عێراق ژمارە 22 ساڵی 2007 ، داڕشتنی بەرنامەی كۆبوونەوەكان.      


درەو میدیا:  مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا پڕۆژەكەی بۆ چارەسەری كێشەكانی یەكێتیی و چاكسازی راگەیاند وەك هەڵسەنگاندنێكی رەخنەییانەی كە چەندین تەوەر لەخۆدەگرێت: - حكومەتەكان، نەك سەركەوتوو نەبون لە دەستەبەری ژێرخانی ئابوری تۆكمە، بەڵكو چەندین كابینە جەزرەبەیان لە بونیاتنانی ژێرخانی ئابوری داوە - كابینەی هەشت‌و ئێستاش كابینەی (9)یان خستەژێر باری ملیارەها دۆلار قەرزو بانكەكانیان بەتاڵ كردو پرۆژەكانیان چوار ساڵ راگرت‌و پاشەكەوتی موچەیان بەناچاریی كردە مەینەتی موچەخۆر - دەبوایە كابینەی (7) بدرێتە دادگا نەك پاداشت بكرێ‌ - كاریان گەیاندۆتە ئەوەی بەشێكی سەیتەرەكان بە قۆنتەرات دراوون - كۆمپانیا نەماوە سەرانەیان لێنەسێنن - ئێستا تاڵانی تریشیان داهێناوە، ئەویش شكاندنی بۆریە نەوتەكانە - شەوانیان كردۆتە قەڵای فرۆشتنی كاروانی تەنكەرە نەوت بۆ سەر سنورەكان‌و پاڵاوگە ئەهلیەكان - بیرتانە لە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی وتم: هیچ نەبێ‌ بەقەد پارتی گەندەڵ‌و دزەكان سزا بدەین، هەر باشە. بەشێكتان پێكەنین‌و بەشێكیشتان بەسەرسوڕمانەوە سەیرتان كردم * لەبارەی سیستەمی حوكمڕانی‌و حكومەت - هێشتا یەكێتی، هەڵوێستێكی راستەقینەی بۆ گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی نەك نەبووە، بگرە نەشمانتوانیووە جومگە سەرەكیەكانی هێزی چەكدارو ئاساییش یەكبخەین - هێزی چەكداری چەندین بەرامبەر، پەرەیان پێدراوە - رەخنەكانیشمان لە پشكە حكومەتی پارتی، هێندە شەرمنانەیە، كە هەرگیز ناتوانێ‌ جیاوازی‌و پاكی یەكێتی‌و راستگویەتی لە دژایەتی گەندەڵی، بەرامبەر پارتی دەربخات - سەدان بەڵگە لای پارتی لەسەر گەندەڵەكانی یەكێتی‌و دەڤەری سەوزو شیرینی نەوت هەیە - سیستەمی حوكمڕانی كەمترین گۆڕانكاریان تێدا كراوە - هێزەكانی چەكدار، پەرتەوازەو پەیوەندی تایبەتیان بەهێزتر بووە - چەكی هێنراوی قاچاغ‌و، بازاڕی چەكی ناشەرعی، هەتا هاتووە زیادی كردووە - كەلێنی گەورە گەورەی تێپەڕاندنی تاوان‌و، تاڵان‌و، پەراوێزخستنی یاسا، فراوانتر دەكرێ‌ - یاسا، تەنها لەسەر خەڵكی بێكەس، سەروەرە، وەكوتر، یاساو رێسا، رۆژانە ئەتك دەكرێن، كە حاكم‌و پۆلیسیش بڕیاری گرتنیان دەردەكات، تاوانباران خۆیان دەدەنە پەنای ئەم‌و ئەو بەرپرسیار لەناو حزبەكان. یان لەنێوان هەولێرو سلێمانیدا تەراتێن دەكەن  - حزب نییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هێندەی یەكێتی بەرپرسەكانی ئاشكراو نهێنی، تەسریح بدەن‌و، رای گشتی چەواشە بكەن‌و، بەرنامەی حزبەكە تێكبدەن‌و، بوختان هەڵبەستن - باوەڕ ناكەم، حزبێك هەبێ‌، بە پارەی دەزگاكانی، بەئەندازەی یەكێتی سایتی نهێنی‌و پەیچی سەیروسەمەرەی شكاندن‌و تومەت هەڵبەستنی هەبێ‌!!  - بەشە دەسەڵاتی حوكمڕانی یەكێتی، چ ئەوانەی سەرۆك وەزیران‌و جێگرانی بوون، چ ئەوانەی لە وەزارەتی ناوخۆو پێشمەرگەدا، كاربەدەست بون. بۆ یەك جاریش پێیان لەسەر سزای گەندەڵ دانەگرتووە - لەبەرامبەر روداوە كارەساتبارو چارەنوسسازەكانیشدا، یەك وەزیر دەستبەرداری پۆستەكەی نەبووە - چۆن رێی تێدەچێ‌، لەناو ئۆرگانە باڵاكانی یەكێتیدا، لەسەر هیچ پێشێلكارییەك، تاقە بەرپرسێك سزا نەدرابێ‌؟ تاقە باندێك نەگیرابێ‌ ؟ - چۆن دەتوانین، بڕوا بەخەڵك بهێنین، كە یەكێتی، لە (دە-پانزە) ساڵی رابوردودا، تاقە بەرپرسێكی تیادا نەبووە شایەنی سزای حزبی‌و لێپێچینەوەی یاسایی بێ‌؟! *   ژیانی حزبایەتی - مەرجەعیەتی حزبایەتی‌و مەركەزیەت، نەماوە - چاودێری كادرو ئۆرگان‌و سەركردەكان، نەماوە - جێبەجێكردنی پرنسیپی سزاو پاداشت، نەماوە - لێپرسینەوە لە كەمتەرخەم، هەلپەرست، تاوانبار، ئۆرگان‌و پۆستی سەرنەكەوتوو، نەماوە - دەستەگەری، هەتا هاتووە تەشەنەی سەندووەو، تەكەتولەكان لەبری سزا، پاداشت دەكرێن - زۆربەی ئۆرگانەكان، وەكو فەرمانگەی فەرمانبەرانیان لێهاتووەو هەفتەش تێناپەڕێ‌، پلەی تەكەتول‌و پۆستی واسیتە، بەرزنەكرێتەوە - داخوازی شەخسی جێگەی بەرنامەی پەروەردەكردن‌و ئەرك راپەڕاندنی گرتۆتەوە - جیاوازی لەنێوان دڵسۆزو هەلپەست، خاوەن پرنسیپ‌و بێ‌ پرنسیپ، مۆڕاڵ‌و رێزی هەڤاڵ، ئەوەندە كاڵ بۆتەوە، نەبێتەوە - رەوشتی بەرزی حزبایەتی‌و پەیوەندی هەڤاڵانە، كراونەتە قوربانی پیلانگێڕی‌و هەوەسبازی! - موزایەدەی سیاسی جێگەی راستگۆیی لەراگەیاندن‌و رەخنەی بونیاتنەرانەی گرتۆتەوە - كۆبونەوەكان، پرنسیپ‌و نرخی بڕیاردانیان نەماوە. چونكە پێشوەخت، لەكۆبونەوە لاوەكیەكاندا، هەموو رێكەوتنێكی ژێربەژێر دەكرێ‌‌و تەكەتولەكانی بەرژەوەندییە جۆراوجۆرەكان، بڕیار دەدەن - ئەندامان بەردەوام واز لە ریزەكانی یەكێتی دەهێنن‌و تاك‌و تەرا دێنە ریزی یەكێتی. ئەویش لە یەك دوو دەڤەرەی تایبەتی ناوچە كێشەلەسەرەكان - خاوەن سەفتە دۆلارەكان، سەرقاڵی قوڵكردنی گیانی دەستەگەری‌و، كڕینی ویژدانی كادر‌و، كردنەوەی دەیان سایت‌و پەیجی پیاهەڵدانی ئەم‌و ئەون‌و شكاندنی هی ترن - بۆتە باو لەناو كادراندا، كە هەڵگەڕانەوە لەیەكێتی‌و دژایەتی یەكێتی، سودی زیاترە لەدڵسۆزیی بۆ یەكێتی - لەهەمووش خراپتر، زۆربەی سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی، نمونەیەكی جوانی پاراستنی پرنسیپەكان‌و بەهای حزبایەتیان، لەساڵانی رابوردودا، پێشكەش نەكردووە. بەڵكو جەزرەبەشیان لێداوە   •    پەیوەندی یەكێتی‌و لایەنەكان -    چەند هەڤاڵێكی مەكتەبی سیاسی، پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە(21/9/2013) زانیاری هەڵبەستراویان لەسەر پێگەو كاریگەری یەكێتی دەدایە جەنابی مام - دواجار لەكەركوكدا بڕیار درا، لە لیستی هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی دووربكەینەوەو سەربەخۆ دابەزین، زۆربەمان سواری شەپۆلی راپۆرتی هەڵە بوین‌و سوربوین لەسەر خەیاڵپڵاوی - سەرەنجامی تەواوی هەڵبژاردنەكانیش، دوای دەرچونمان لەهاوپەیمانێتی پارتی، بینی، كە تا ئێستاش باجەكەی دەدەین - هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی سودی بۆ ئەزمونەكەمان‌و پارتی‌و یەكێتیش هەبوو. كەچی دۆستایەتی لایەنەكانی تر، كێشەی جۆراوجۆریان لێدەكەوتەوە - خۆپیشاندانەكانی 17/ی شوبات‌و ناڕەزاییەكانی دوای ئەوەو ئاڕاستەی راگەیاندنی لایەنەكان بۆ نابوتكردنی حكومەتی هەرێم، بەتایبەتی یەكێتی، گومان ناهێڵن، كە دوركەوتنەوەمان لە رێكەوتنی ستراتیژی، هەڵەیەكی ستراتیژی بوو - لەبەرامبەردا، هەر ئەوانەی پێیانوابوو، دوركەوتنەوە لە پارتی، نزیكمان دەخاتەوە لە گۆڕان، لەژێرەوەو لەسەرەوە، رەنجێكی كەمیان نەدا، قسەكانیان بهێننەدی. بەڵام سەرنەكەوتن - بینیمان گۆڕان، لە قۆناغی یەكەمدا، هەر هاوپەیمانییان لەگەڵ پارتیدا هەڵبژارد، نەك یەكێتی. تەنانەت كۆنفرانسەكەشیان بردە هەولێر! - هەمیشە وتومانە، نە لەگەڵ پارتی بین دژی گۆڕان‌و نە لەگەڵ گۆڕانیش بین دژی پارتی - نەدەچووە هزرم، گۆڕان، بتوانێ‌ سیاسەتی خۆی، لە سیاسەتی تێكشكاندنی یەكێتیەوە بۆ هاوپەیمانی ستراتیژی، لەگەڵماندا بگۆڕێ‌ - كاتێك، لە روداوەكانی 17/ی شوباتیشدا، پارتی شەوێكیان لەپڕ هێزی بۆ سەر گۆڕان نارد، یەكەمین كەس، بەندە، لەكۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی، دژی بوم - ئەو هەوڵەی دامان بۆ ئاشتەوایی نێوان گۆڕان‌و یەكێتی، هەتا گەیاندمانە لێكتێگەیشتنی دەباشان، پرۆسەكە بەقۆناغ بەردەوام بوایە، دڵنیام هەردولامان یەكمان دەگرت * پەیوەندی یەكێتی‌و پارتی - شەڕی ناوخۆی دوای راپەڕین، لە شەڕی ناوخۆی شۆڕش، زیانی زۆرتر بە شكۆی نەتەوەكەمان گەیاند. كە شەڕ هەڵگیرسا، زۆر دژی بوم - ساڵی (1994-1995) لەگەڵ عارف تەیفورو شەهید سەعد عەبدوڵڵا كراینە بەرپرسیاری پەرەنەسەندنی شەڕ بۆ ناو هەولێر، چەندین جار، گیانبازیمان دەكرد، بۆ دامركاندنەوەی شەڕ لەناو گەڕەك‌و بازاڕەكانی هەولێر - چیرۆكی تاڵم لایە، كە فەرماندەی هەردوولا، بۆ تاڵانی‌و دەستكەوتی شەڕ، چۆن شەڕەكەیان گەرمتر دەكرد. دەیانیش كرانە قوربانی تاڵانی * كنەی هەلپەرستی - دەنگی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی، لەهەڵبژاردنەكانی عێراق‌و كوردستاندا، زۆر كەمترە لە رێژەی دەنگی ئەو كاندیدانەی سەركردایەتی نەبون - كاندیدی خزم خزمێنەو، كاندیدی تەكەتولەكان، لە سنوری مەڵبەندەكانداو، لەناو هێزەكانی پێشمەرگەو چەكداری دەڤەری سەوزدا، رێژەی دەنگەكانیان بەڵگەی دابەزینی متمانەی ئەو دەنگدەرانەیە بە لیستی یەكێتی‌و كاندیدی تەكەتول‌و خزم‌و بنەماڵە\ - هیچ كەسێكتان لەخۆتان پرسیووە، لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لەناو سەنتەری سلێمانیدا، تاقە كاندیدێكی شارەكە، بۆچی متمانەی وەرنەگرتووە؟ هەڤاڵ زیادو سەلمە دەرچون، خەڵكی سەیدسادق‌و چەمچەماڵن - هیچ كەسێكتان لەخۆتان پرسیووە، لەناو تەواوی هێزەكانی پێشمەرگەو ئاساییش‌و پۆلیسدا، بۆچی سەپاندنی كاندیدی كورەكان‌و تەكەتول‌و خزمەكانتان، بەهەوڵی بێوچان‌و پارە هەڵڕشتن‌و فشاری دەرونی، یەكێتی شەرمەزار دەكەن؟ - لەخانەقین كە قەزایەكە دەتوانرێ‌ شێركۆ میروەیس دەربچێندرێ‌ بۆ پەرلەمان‌و پیلانی لایەنەكانیش نەبوایە (تایبەت دەنگەكانی هاودیدەكان!!) سۆزان مەنسوریش دەردەچێنرا. بەڵام لەگەرمیاندا، سێ‌ قەزاو (26) ناحیە‌و سەدان گوند هەن، نەتوانراوە تاقە كاندیدێكی پەرلەمانی عێراق دەرچێنرێ‌! - بۆچی لە هەولێری پایتەختدا، دوو هەڵبژاردنە ناتوانرێ‌ دو كاندید زیاتر سەربخرێ‌؟     دەقی پرۆژەکە لەگەڵ گەڵاڵەی قۆناغەکە: هەڵسەنگاندنێکی رەخنەگرانە مەلا بەختیار بەرێز / جێگری سكرتێری گشتی (ی.ن.ك) بەرێزان/ ئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی بەرێزان/ ئەندامانی ئەنجومەنی ناوەند بەرێزان/ ئۆرگانەكانی یەكێتی سڵاوێكی هەڤاڵانەتان پێشكەش بێ‌‌و بەهیوام ئەم بۆچونانەم وەكو پەیامێك بەوردیی بخوێننەوەو بڕیاری پێویستی دەربارە بدەن. پەیامەكە، پەیامی پەرۆشیمە بۆ دەربازكردنی یەكێتی لەم قەیرانەی تێیكەوتووە. بۆیە بەراشكاویی پەنجەم خستۆتە سەر برینەكان، چونكە ئەمە تاقە رێگای دۆزینەوەی چارەسەرە. پینەوپەڕۆ، یان سیاسەتی رازیكردن‌و خاترگرتن، شكستیان خواردو سەرەنجامی رازیكردنی تەكەتولەكانیشمان بینی!! حەوت مانگ پێشتر دەستم بە نوسینی ئەم بۆچونانە كردووە، بەڵام لەبەرئەوەی یەكێتی لەدانوستاندن بوو، رامگرت. بەڵكو بتوانن سیاسەتی هاوسەنگی لەحكومەتی كوردستاندا سەربخەن، ئێستا كە بەوشێوەیە دانوستانی پێكهێنانی سەرۆكی پەرلەمان‌و حكومەتتان دوای (9) مانگ بگرەو بەردە، یەكلاكرایەوە، بەبێ‌ ئەوەی ئەزیەت بكێشن تەنانەت سەیری یەك سیڤی (200) هەڤاڵ‌و خاوەن بڕوانامە بكەن، كە ئومێدەوار بون یەكێتیەكەی مام‌و شەهیدان، پاداشتی خەبات‌و تواناكانیان بداتەوە. لەهەمووش ناخۆشتر ئەوەیە، كۆمیتەیەكی مەكتەبی سیاسی دوو ساڵە تەتەڵەی داخوازی كادرەكان دەكات. بەم كارە، گومانتان لای یەك ئەندامی یەكێتی نەهێشتەوە كە بڕیاری تەكەتولتان، زۆر لە هەموو ئۆرگان‌و كەسانی بەتواناو ئۆرگانە شەرعیەكان لا گرنگترە. كە دۆخی یەكێتیش وای بەسەرهێنرا،  ئیتر كاتی ئەوەیە، منیش، هاوكاتی داوای هەزاران ئەندامانی یەكێتی بۆ بەستنی  كۆنگرە، قسەی خۆم لەفۆرمێكی هەڵسەنگاندن‌و رەخنەدا دەرببڕم. پەیامێك لەبری پرۆژەیەك هەڤاڵان! یەكێتی، توێژینەوەی زۆری ناوێ‌، ساغی بكەینەوە، لە چ دۆخێكی سیاسی‌و جەماوەری‌و حزبایەتیدایە. تەنها ئاماری دەنگدەرانی یەكێتی لەچەندین هەڵبژاردندا، وەكو پێشەكی بەسن هەتا تێبگەین، پێگەی یەكێتی، سەرەنجامی بێزاری خەڵك لەرەفتاری نابەجێ‌‌و سیاسەتی نەخوازراو، چەند لاواز‌و ئایندەشی، چەند مەترسیدارترە. فەرموون دیقەتی رێژەكان بدەن. سامپڵی دوو هەڵبژاردنی عێراق: یەكەم: ساڵی (2014) دەنگی یەكێتی (847711) بووە. دووەم: ساڵی (2018)  دەنگی یەكێتی گەیشتۆتە (617144) واتا (230567 دووسەدو سی هەزارو پێنج سەدو شەست‌و حەوت) دەنگ دابەزیوە. سامپڵی دوو هەڵبژاردنی كوردستان: یەكەم: ساڵی (2013) دەنگی یەكێتی (350500) بووە. دووەم: ساڵی (2018) دەنگی یەكێتی (319912) بووە.  واتا (30588) دەنگ دابەزیوە، ئەمە لەكاتێكدا لەماوەی ئەو چوار ساڵەدا، چوار نەوەی تر مافی دەنگدانیان هاتۆتە سەر كۆی دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان‌و عێراق. دیارە، ئەم هەڵبەزو دابەزە، لە رێژەی دەنگدەران، هۆی بابەتی‌و خۆیی هەیە. پێویستە رونیان بكەینەوە. هۆیە بابەتیەكان، پرۆسەیەكە خۆبەخۆ دەخەمڵێ‌‌و كەمتر، كاریگەری فاكتەرە خۆییەكانی لەسەرە. ئەوەی بۆ یەكێتی هەمیشە چارەنوسساز بووە، هۆكارە خۆییەكانی حكومەت‌و سیاسەتی حزب‌و حزبایەتیە. بۆیە جەخت لە هۆكارە خۆییەكان دەكەینەوەو بەس.       لەڕوی ئابوریەوە -   لەباری ئابوریەوە؛ حكومەتەكان، نەك سەركەوتوو نەبون لە دەستەبەری ژێرخانی ئابوری تۆكمە، بەڵكو چەندین كابینە جەزرەبەیان لە بونیاتنانی ژێرخانی ئابوری داوەو كابینەی هەشت‌و ئێستاش كابینەی (9)شیان خستە ژێر باری ملیارەها دۆلار قەرزو بانكەكانیان بەتاڵ كردو پرۆژەكانیان چوار ساڵ راگرت‌و پاشەكەوتی موچەیان بەناچاریی كردە مەینەتی موچەخۆر. لە حكومەت‌و پەرلەمانێكدا یاسا سەروەر بێ‌‌و چاودێری قەیران بكرێ‌، دەبوایە كابینەی (7) بدرێتە دادگا نەك پاداشت بكرێ‌. بەرەنجامی سەرجەم ئەو سیاسەتە ئابوریە شكستخواردووە دەركەوت كە: شكستی حكومەتەكانە لە زیادكردنی داهاتی خۆماڵی، لەچاودێریكردنی بازاڕی ئازاد، لە بەملیاردێربونی توێژێكی مشەخۆر، لەسەر حسابی بەرخۆر. لە سیاسەتی دەروازەی كراوە بۆ هاوردەو لاوازكردنی شمەكی هەناردە، دەستەبەرنەكردنی كارەباو بەرەڵڵایی لە بازاڕی دەرمانی بەسەرچوو..تاد. كورتیەكەی: سیاسەتی ئابوری كوردستان لەدوای رێكەوتنی نەوت بەرامبەر بە خۆراك لەعێراقدا (986) پستبەستن بووە بە وەرگرتنی پارەی مۆڵی عێراق‌و پاشان بودجە‌و سەرفكردنێكی بەبێ‌ پرۆژەی زیادكردنی داهات! بەڵكو وەرگرتنی بودجە، كرایە بنەمای سیاسەتی ئابوری لەسەر حسابی، بوژاندنەوەی بازاڕی ناوخۆیی. بۆیە، یەك چارەكە سەدەیە سەرفیاتی حكومەت، زۆر زیاتر بووە لەداهاتی زێدە مەسرەف. واتا: نەهێشتنی پاشەكەوتی دارایی‌و دەستەبەری دراو. سەرەنجام بینیمان، دوای فشاری حكومەتی ئیتیحادی لەسەر هەرێم‌و داشكانی نرخی نەوت لەبازاڕەكانی جیهاندا، ئابوری كوردستان داڕما. داڕمانەكەش بازاڕی كوردستانی ئیفلیج‌و گیرفانی موچەخۆری بەتاڵ كرد. ئاكام، ناڕەزایی بێڕادەی جەماوەر دژی حكومەت وروژاو ناڕەزاكان هەڵیانكوتایە سەر بارەگاو فەرمانگەو ئەزمونەكەشمان لەروخان نزیك كەوتەوە. بەڵام بە راوێژی پسپۆڕان، سیستەمی بایۆمەتری‌و كۆنترۆڵكردنی موچەو داهات‌و سەرف تاڕادەیەك رێكخرایەوە، كە كارێكی ئیداری‌و ئابوری سەركەوتوو بوو. دۆخەكەش تاڕادەیەك دەرباز كرا. بەڵام دەریشكەوت، گەندەڵی، مشەخۆری، دزی، تەخشان‌و پەخشان، دامەزراندنی سەدان هەزار موچەخۆر بێ‌بنەما، كۆمپانیای گومڕایی‌و بەرتیلخۆریی، بەخشینەوەی پلەو پۆستی (حزبایەتی-خزمایەتی) دەست بەسەرداگرتنی ئەرزی كشتوكاڵ، بەردەڵانی (سەخەری) دارستان..تاد، دەركەوت، ئەو دیاردە قێزەونانە، لەهەناوی حكومەت‌و سیستەمی حوكمڕانیدا، چ كارەساتێكی دوچاری ئابوری وڵات كردبوو. كە سەرەنجام، بەشی زۆری باجی ئەو سیاسەتە ئابوریەو، ئەو نەهامەتیەی حوكمڕانی هاوڵاتی‌و، موچەخۆرو، سەرمایەدارو كۆمپانیاكانی كوردستان‌و پرۆژە خزمەتگوزاریەكان دایان. بەتایبەتی لە دەڤەری سەوزدا. بەڵام مشەخۆرەكانی بەرپرسیار لەو كارەساتە، نەك سزا نەدران، بەڵكو لەو میحنەتە ئابوریەی گەلەكەشماندا، كە سەدان هەزار موچەخۆر لەبەردەمی بانكەكان، داماو داماو بۆ موچەكانیان رێچكەی برسێتیان دەبەست، كەچی دزی‌و فزی، زیاتر دەكرا. دزی بچوك، تەشەنەی سەند بۆ تاڵانی گەورەی نەوت فرۆشتن‌و ژێربەژێر رێكەوتن لەگەڵ ئەم كۆمپانیا‌و ئەو پایتەخت. تا كاریان گەیاندۆتە ئەوەی بەشێكی سەیتەرەكان بە قۆنتەرات دراوون. كۆمپانیا نەماوە سەرانەیان لێنەسێنن. بەمەشەوە نەوەستاوون، ئێستا تاڵانی تریشیان داهێناوە، ئەویش شكاندنی بۆریە نەوتەكان‌و، شەوانیشیان كردۆتە قەڵای فرۆشتنی كاروانی تەنكەرە نەوت بۆ سەر سنورەكان‌و پاڵاوگە ئەهلیەكان. كەچی هەموو ئەو كارەساتانەو كاریگەرییە نالەبارەكانی لەسەر خەڵك، بەبێ‌ كەمترین لێپێچینەوە، سەرانی گەندەڵی  ئەژدیهائاسا، هەر سەری گەندەڵەو لە پەیكەرەی حكومەت‌و كۆمپانیاكاندا زیاد دەكەن. بیرتانە لەكۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی وتم: هیچ نەبێ‌ بەقەد پارتی گەندەڵ‌و دزەكان سزا بدەین، هەر باشە. بەشێكتان پێكەنین‌و بەشێكیشتان بەسەرسوڕمانەوە سەیرتان كردم.       سیستەمی حوكمڕانی‌و حكومەت یەكێتی، لەدوای یەكەمین هەڵبژاردنەوە، حكومەتی هەڵبژاردو پارتیش سەرۆكایەتی پەرلەمان. لەهەموو كابینەكاندا، یان سەرۆك یاخود جێگری سەرۆك‌و بەشێكی كابینەكەمانمان هەبووە. لەدوو كۆنگرەو سێ پلینیۆمدا، باسی سەرەكیمان، گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی‌و دامەزراندنی حكومەتی توانامەندە. بەڵام بەداخەوە، دوای هەموو ئەو بڕیارانەی كۆنگرەو پلینیۆم‌و راگەیەندراوی كۆبونەوەكانی سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی، هەروەها نوسینی چەندین پرۆژەو نەخشەڕێگا، لەبەر زاڵكردنی جەمسەرەكانی تەكەتول، هێشتا یەكێتی، هەڵوێستێكی راستەقینەی بۆ گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی نەك نەبووە، بگرە نەشمانتوانیووە جومگە سەرەكیەكانی هێزی چەكدارو ئاساییش یەكبخەین، بەڵكو پەرتەوازەتر كراوون‌و هێزی چەكداری تایبەتیش، چەندین بەرامبەر، پەرەیان پێدراوە. تەنانەت رەخنەكانیشمان لە پشكە حكومەتی پارتی، هێندە شەرمنانەیە، كە هەرگیز ناتوانێ‌ جیاوازی‌و پاكی یەكێتی‌و راستگویەتی لە دژایەتی گەندەڵی، بەرامبەر پارتی دەربخات. چونكە سەدان بەڵگە لای پارتی لەسەر گەندەڵەكانی یەكێتی‌و دەڤەری سەوزو شیرینی نەوت هەیە، ئەمانە بەشی زۆری مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتیان ناچار كردووە، تەنها بۆ دەستكەوتی خۆیان پێ دابگرن‌و بەس!! بۆیە: - سیستەمی حوكمڕانی كەمترین گۆڕانكاریان تێدا كراوە. - هێزەكانی چەكدار، پەرتەوازەو پەیوەندی تایبەتیان بەهێزتر بووە. - چەكی هێنراوی قاچاغ‌و، بازاڕی چەكی ناشەرعی، هەتا هاتووە زیادی كردووە. - كەلێنی گەورە گەورەی تێپەڕاندنی تاوان‌و، تاڵان‌و، پەراوێزخستنی یاسا، فراوانتر دەكرێ‌. - یاسا، تەنها لەسەر خەڵكی بێكەس، سەروەرە، وەكوتر، یاساو رێسا، رۆژانە ئەتك دەكرێن، كە حاكم‌و پۆلیسیش بڕیاری گرتنیان دەردەكات، تاوانباران خۆیان دەدەنە پەنای ئەم‌و ئەو بەرپرسیار لەناو حزبەكان. یان لەنێوان هەولێرو سلێمانیدا تەراتێن دەكەن. پشكی یەكێتی لەم دیاردە دزێوەدا،  لەناو رای گشتیدا زەق بۆتەوە. زۆرجار هەوڵمانداوە، دۆخی سیستەم‌و حوكمڕانی‌و سەروەری یاسا، پاكسازی‌و چاكسازی بكەین، لە كۆبونەوەكاندا بڕیارمان لێداوە، پرۆژەو بەرنامەمان نوسیووە، لەكۆبونەوەكانی پارتیدا، باسمان كردوەو پرۆژەكانمان پێشكەش كردوون، تەنانەت بەرنامەی گرتنی تاوانبارانمان هەبوو. بەڵام: - كە لەگەڵ پارتی باسەكانمان دەكردو داكۆكیمان لەسەر پرۆژەكان دەكرد، لەهەمان كاتدا بەتەسریحی نابەجێ‌‌و، كۆبونەوەی لاوەكی‌و، تەكەتولی ناو سەركردایەتی، وەفدی مفاوەزات ناچار رادەوەستاو تەنانەت، لەكۆبونەوەكاندا، بە موزایەدەی زادەی هەلپەرستی، قەرزارباریش دەكراین. حزب نییە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هێندەی یەكێتی بەرپرسەكانی ئاشكراو نهێنی، تەسریح بدەن‌و، رای گشتی چەواشە بكەن‌و، بەرنامەی حزبەكە تێكبدەن‌و، بوختان هەڵبەستن. باوەڕیش ناكەم، حزبێك هەبێ‌، بە پارەی دەزگاكانی، بەئەندازەی یەكێتی سایتی نهێنی‌و پەیچی سەیروسەمەرەی شكاندن‌و تومەت هەڵبەستنی هەبێ‌!! هەمووشی بۆ تەكەتولەكان دەكرێ‌ نەك بۆ یەكێتی. حكومەتێك نەتوانێ‌ لەم دەڤەری سەوزەدا، كۆنترۆڵی ئەم دۆخە ئابوری‌و تەراتێنەی بەشێكی بەرپرسانی یەكێتی لەبواری كۆمپانیاكان‌و بازرگانیدا بكات، هۆكەی تەنها بۆ دەسەڵاتی یەكێتی هاوكات دەسەڵاتی حكومەت دەگەڕێتەوە. ئەگینا هۆی دیكەی نییە. بەشە دەسەڵاتی حوكمڕانی یەكێتی، چ ئەوانەی سەرۆك وەزیران‌و جێگرانی بوون، چ ئەوانەی لە وەزارەتی ناوخۆو پێشمەرگەدا، كاربەدەست بون. بۆ یەك جاریش پێیان لەسەر سزای گەندەڵ دانەگرتووە. لەبەرامبەر روداوە كارەساتبارو چارەنوسسازەكانیشدا، یەك وەزیر دەستبەرداری پۆستەكەی نەبووە. دەسەڵاتی سیاسی یەكێتیش، هاوشانی ئەو دەسەڵاتە حكومییەی هەیە، خۆی لەخۆیدا،  هاودەسەڵاتەو سایەی دیاردە دزێوەكانیشە. نایشارمەوە: لەسایەی حكومەتەكانی كوردستاندا، گەندەڵی بەردەوام پەرەی سەندوەو گەندەڵكارانیش، هەتا ئێستا، بەشێكی دانەبڕاوی تەكەتولن‌و جەمسەری سەیرو سەمەرەی ناو ناكۆكیەكانن!! باندو تاوانبارەكانیشیان، داڵدەدراوی سەرانی تەكەتولن. ئاسایش‌و پۆلیسیش، دادو بێدادێتی بەدەستیانەوە. چۆن رێی تێدەچێ‌، لەناو ئۆرگانە باڵاكانی یەكێتیدا، لەسەر هیچ پێشێلكارییەك، تاقە بەرپرسێك سزا نەدرابێ‌؟ تاقە باندێك نەگیرابێ‌. چۆن دەتوانین، بڕوا بەخەڵك بهێنین، كە یەكێتی، لە (دە-پانزە) ساڵی رابوردودا، تاقە بەرپرسێكی تیادا نەبووە شایەنی سزای حزبی‌و لێپێچینەوەی یاسایی بێ‌؟! كەچی، كاتێك تەكەتولەكان بیانەوێ‌ پۆست‌و پلەكان دابەش بكەن، یان پیلان بگێڕن، بەئاسانی یەكدەگرنەوەو بڕیارەكانیان سەردەخەن! تەنانەت بۆ سزادانیش، بەدەست‌وبردن!! لەناو كۆبونەوەی سەركردایەتیدا بەرتیل دەدرێتە چەندین ئەندامان‌و سەیارەیان بۆ دەكڕن‌و سەفتە دۆلاریان دەدەنێ‌، هەتا دەست هەڵبڕن بۆ بڕیارەكان.       ژیانی حزبایەتی هەموو ئەندامێكی سەركردایەتی‌و ئۆرگانێك، یەكەمین ئەركی، پابەندبونێتی بە پەیڕەوی ناوخۆ لەژیانی حزبایەتیدا. بەداخەوە، لەدوای سێهەمین كۆنگرەوە، مەترسیدارترین پێشێلكاری پەیڕەوی ناوخۆ كراوەو دەكرێ‌. پێشێلكاری، هاوكات شێواندنی ژیانی حزبایەتی، گەیەندراوەتە رادەیەكی ترسناكی، وەكو: - مەرجەعیەتی حزبایەتی‌و مەركەزیەت، نەماوە. - چاودێری كادرو ئۆرگان‌و سەركردەكان، نەماوە. - جێبەجێكردنی پرنسیپی سزا و پاداشت، نەماوە. - لێپرسینەوە لە كەمتەرخەم، هەلپەرست، تاوانبار، ئۆرگان‌و پۆستی سەرنەكەوتوو، نەماوە. - دەستەگەری، هەتا هاتووە تەشەنەی سەندووەو، تەكەتولەكان لەبری سزا، پاداشت دەكرێن. - زۆربەی ئۆرگانەكان، وەكو فەرمانگەی فەرمانبەرانیان لێهاتووەو هەفتەش تێناپەڕێ‌، پلەی تەكەتول‌و پۆستی واسیتە، بەرزنەكرێتەوە. - داخوازی شەخسی جێگەی بەرنامەی پەروەردەكردن‌و ئەرك راپەڕاندنی گرتۆتەوە. - جیاوازی لەنێوان دڵسۆزو هەلپەست، خاوەن پرنسیپ‌و بێ‌ پرنسیپ، مۆڕاڵ‌و رێزی هەڤاڵ، ئەوەندە كاڵ بۆتەوە، نەبێتەوە. - رەوشتی بەرزی حزبایەتی‌و پەیوەندی هەڤاڵانە، كراونەتە قوربانی پیلانگێڕی‌و هەوەسبازی! - موزایەدەی سیاسی جێگەی راستگۆیی لەراگەیاندن‌و رەخنەی بونیاتنەرانەی گرتۆتەوە. - كۆبونەوەكان، پرنسیپ‌و نرخی بڕیاردانیان نەماوە. چونكە پێشوەخت، لەكۆبونەوە لاوەكیەكاندا، هەموو رێكەوتنێكی ژێربەژێر دەكرێ‌‌و تەكەتولەكانی بەرژەوەندییە جۆراوجۆرەكان، بڕیار دەدەن. - ئەندامان بەردەوام واز لە ریزەكانی یەكێتی دەهێنن‌و تاك‌و تەرا دێنە ریزی یەكێتی. ئەویش لە یەك دوو دەڤەرەی تایبەتی ناوچە كێشەلەسەرەكان. - خاوەن سەفتە دۆلارەكان، سەرقاڵی قوڵكردنی گیانی دەستەگەری‌و، كڕینی ویژدانی كادر‌و، كردنەوەی دەیان سایت‌و پەیجی پیاهەڵدانی ئەم‌و ئەون‌و شكاندنی هی ترن. - بۆتە باو لەناو كادراندا، كە هەڵگەڕانەوە لەیەكێتی‌و دژایەتی یەكێتی، سودی زیاترە لەدڵسۆزیی بۆ یەكێتی. - لەهەمووش خراپتر، زۆربەی سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی، نمونەیەكی جوانی پاراستنی پرنسیپەكان‌و بەهای حزبایەتیان، لەساڵانی رابوردودا، پێشكەش نەكردووە. بەڵكو جەزرەبەشیان لێداوە. زیاتر لە (50) جار، لەكۆبونەوەكانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی‌و دانیشتن لەگەڵ جێگری سكرتێری گشتی‌و كارگێڕدا، باسی ئەو دیاردانەم كردووە. بەڵام نەك گوێم لێنەگیراوە، بەڵكو بە نەخشە، ئەو دیاردە دزێوانە پەرەیان پێدراوە. تەنانەت بە جێگری سكرتێری گشتیم وتووە: یەكێتی وای بەسەردێ‌، نەتوانن هێزەكانیشتان بەكاربهێنن (شایەتەكانم ماوون). ناچار بوم، لە سێ‌ وتاردا، یەكەمیان بەناونیشانی (دۆخێكی ئاڵۆزو ئەنجامێكی نالەباری هەڵبژاردن) لەمێژووی (18/10/2013) لەچاودێر بڵاوكردەوە. سودی نەبوو. دووەمیشیان (2015) بەناونیشانی (ئازادی‌و ئازادی حیزبایەتی) هەر لە چاودێردا بڵاوكرایەوە، بێهودە بوو. سێهەمیشیان هەر لەچاودێردا بەناونیشانی (گوزەرانی كەسوكاری شەهیدان‌و قەیرانی ئابوری‌و یەكێتی) رۆژی (19/12/2016) بڵاوكردەوە.       پەیوەندی یەكێتی‌و لایەنەكان مەخابن، لەژێر فشاری سیاسەتی موزایەدەخوازی، بەڵام لەناوەرۆكدا، هاوئاهەنگ لەگەڵ نەیارانی یەكێتی، چەند هەڤاڵێكی مەكتەبی سیاسی، پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە(21/9/2013) زانیاری هەڵبەستراویان لەسەر پێگەو كاریگەری یەكێتی دەدایە جەنابی مام، دوای رەتكردنەوەی چەندین جار لەلایەن مام جەلال‌و چەند هەڤاڵێكی مەكتەبی سیاسیش، كە لە هاوپەیمانی پارتی بچینە دەرەوە، دواجار لەكەركوكدا بڕیار درا، لە لیستی هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی دووربكەینەوەو سەربەخۆ دابەزین، زۆربەمان سواری شەپۆلی راپۆرتی هەڵە بوین‌و سوربوین لەسەر خەیاڵپڵاوی. سەرەنجامی تەواوی هەڵبژاردنەكانیش، دوای دەرچونمان لەهاوپەیمانێتی پارتی، بینی، كە تا ئێستاش باجەكەی دەدەین. تەنانەت لەناو حكومەت‌و لەهاوكێشە سیاسی‌و ئیقلیمیەكەشدا. هاوسەنگی تێكچووەو یەكێتی پاشەكشەی كردووە. لەبەرامبەردا، نەمانتوانی، هیچ لایەكی دیكە، بەئەندازەی پارتی، سەرەڕای ناكۆكیەكانمان بكەینە دۆستی سیاسیمان. هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی سودی بۆ ئەزمونەكەمان‌و پارتی‌و یەكێتیش هەبوو. كەچی دۆستایەتی لایەنەكانی تر، كێشەی جۆراوجۆریان لێدەكەوتەوە. بەڵكو لایەنەكان، لاوازبونی ئێمەیان لەهەڵبژاردندا، دەقۆستەوە، هەتا بەتەواوەتی بمانڕوخێنن. خۆپیشاندانەكانی 17/ی شوبات‌و ناڕەزاییەكانی دوای ئەوەو ئاڕاستەی راگەیاندنی لایەنەكان بۆ نابوتكردنی حكومەتی هەرێم، بەتایبەتی یەكێتی، گومان ناهێڵن، كە دوركەوتنەوەمان لە رێكەوتنی ستراتیژی، هەڵەیەكی ستراتیژی بوو. لەبەرامبەردا، هەر ئەوانەی پێیانوابوو، دوركەوتنەوە لە پارتی، نزیكمان دەخاتەوە لە گۆڕان، لەژێرەوەو لەسەرەوە، رەنجێكی كەمیان نەدا، قسەكانیان بهێننەدی. بەڵام سەرنەكەوتن. بینیمان گۆڕان، لە قۆناغی یەكەمدا، هەر هاوپەیمانییان لەگەڵ پارتیدا هەڵبژارد، نەك یەكێتی. تەنانەت كۆنفرانسەكەشیان بردە هەولێر! بەش بەحاڵی خۆم گومانم نەبوو كە گۆڕان هەر ئەو سیاسەتە پەیڕەو دەكات، بەڵام ترۆتسكیەكانی ناو یەكێتی تێنەدەگەیشتن. لەدوای 17/ی شوبات، هەوڵێكی زۆر درا، سیاسەتێكی هاوسەنگ لەنێوان پارتی‌و گۆڕان پەیڕەو بكەین. ئەم سیاسەتە جیاواز بوو لەوەی، لەگەڵ گۆڕان بەرەیەك بۆ لاوازكردنی پارتی دروست بكرێ‌. یان بەقسەی پارتی بكەین، دژی گۆڕان! هەمیشە وتومانە، نە لەگەڵ پارتی بین دژی گۆڕان‌و نە لەگەڵ گۆڕانیش بین دژی پارتی. باری تایبەتمەندی دەڤەری سەوز، ئەم سیاسەتەی دەویست. هەروەها كوردستانیش. نەدەچووە هزرم، گۆڕان، بتوانێ‌ سیاسەتی خۆی، لە سیاسەتی تێكشكاندنی یەكێتیەوە بۆ هاوپەیمانی ستراتیژی، لەگەڵماندا بگۆڕێ‌. چونكە گۆڕینی ستراتیژی گۆڕان، لەدوژمنایەتیەوە بۆ هاوپەیمانێتی یەكێتی، زەمینە سیاسیەكەی نەڕەخسابوو. تا ئەوكاتەش (90%)ی راگەیاندنیان دژی یەكێتی بوو. كاتێك، لە روداوەكانی 17/ی شوباتیشدا، پارتی شەوێكیان لەپڕ هێزی بۆ سەر گۆڕان نارد، یەكەمین كەس، بەندە، لەكۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی، دژی بوم. بەمەش نەوەستام، سەعات دووی شەو چوومە پارێزگای سلێمانی‌و لەگەڵ ملازم عومەرو نەوزادی نوری بەگ، كۆبونەوە هەبوو، هەڤاڵان كۆسرەت‌و د.بەرهەم‌و دلێری سەید مەجید لەوێ‌ بون، ئەو شەوە بڕیار بوو، بەیانیەكەی گۆڕان، خۆپیشاندانی گەورە بكەن، پێش من چی قسە لەسەر كێشەكان كرابوو، نەگەیشتبونە ئەنجام، ناچار بە ملازم عومەرم گوت: لەگەڵ كاك نەوشیروان قسە بكەن، با رێكەوتنی سەراپایی بكەین. گوتی رێكەوتنی چۆن؟ گوتم: لەسەر هەموو كێشەكان قسە بكەین‌و چارەسەر بدۆزینەوە. تەنانەت گوتم: ئێستا ئامادەم خۆم بچمە لای كاك نەوشیروان (دەشمانزانی ئەو شەوە، لە گردەكە نەماوەو چۆتە ماڵی دۆستێكی خۆی). پەیامیشمان بۆ كاك نەوشیروان نارد كە ناهێڵین پارتی بێتە سەریان. هەڤاڵان زۆربەیان (نەك هەمویان) ئەمەیان پێ خۆشبوو. هەر ئەو شەوە كاك دلێری سەید مەجیدمان ناردە لای كاك نەوشیروان‌و دۆخەكەمان ئارام كردەوە. دوای ئەمە، بەندەو هەڤاڵ هێرۆ و دلێری سەید مەجید، سەردانی رێكخەری گشتی گۆڕانمان كردو زەمینەمان بۆ سەردانی وەفدی گۆڕان بۆ لای مام جەلال خۆشكرد‌و لەو كۆبونەوەیەدا، لەماڵی مام لێكتێگەیشتن ئیمزا كرا. لە نوسینی لێكتێگەیشتنەكەدا، دێڕێكی تیابوو سەبارەت بە یەكخستنی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان، رازی نەبوین، چونكە دەمانزانی كێشەكان لەنێوان پارتی‌و هەردوولامان قوڵتر دەكات. بۆیە مام پێیگوتن: ئێمە دەمانەوێ‌ گۆڕان‌و پارتیش ئاشتبكەینەوە. نەك ئێمەش لەگەڵیاندا تێكبچین! بۆ ئەم كۆبونەوەیە بەڕێزان سالار عەزیزو قادری حاجی عەلی رۆڵێكی بەرچاویان لەناو گۆڕاندا هەبوو. ئەوكاتە، باش باش هەستم پێ‌دەكرد، هەبون لەناو یەكێتیدا لێكنزیكبونەوەكەیان پێناخۆشبوو. كەچی پروپاگەندەیان دژم بڵاودەكردەوە، گوایە دژی نزیكبونەوەی گۆڕان‌و یەكێتیم. تەنانەت كە هێزی پارتی دەهاتنە سەر گۆڕان، ئەو جوامێرانە ناڕاستەوخۆ پێیانخۆشبوو!! بەڵام دەشمزانی كە سەردانی رەوانشاد نەوشیروان دەكەن، ماستاویان بۆ خەست دەكردەوە. تاڕادەیەك، متمانە لەنێوان یەكێتی‌و گۆڕان گەڕایەوە، هەتا گەیشتە ئەوەی وەفدی هاوبەش، گەڵاڵەنامەیەكی (19) خاڵییان بۆ رێكەوتن ئامادەكرد. بەڵام مەخابن، شەوی پێش پەسەندكردنی رێكەوتنەكە لەئەنجومەنی سەركردایەتی (5) خاڵ، لەلایەن وەفدەكەی یەكێتیەوە، بەبێ‌ باسكردنی لە مەكتەبی سیاسیش، خرابوەوە سەر رێكەوتنەكە، من ئەمەم بە پیلان دەزانی. تەنانەت لەدانیشتنێكدا بەئامادەبونی دلێری سەید مەجید، كاك نەوشیروان فەرمووی، ئێمەش لەو خاڵانە نیگەرانیمان هەبوو، بەڵام وەفدەكەی یەكێتی سوور بون لەسەر چەسپاندنی. بێگومان گۆڕانیش پێیان خۆشبووە ئەو خاڵانە بخرێنە سەر رێكەوتنەكە، ئەگینا رەتیان دەكردنەوە. لەبەر زیادكردنی ئەم خاڵانە، پاشەكشەم لە رێكەوتنەكە كرد، بەڵكو مەترسیم هەبوو، سەرەنجام، دوو ئیدارەیی‌و دوو هێزی چەكداریش دروستبێتەوە. بۆیە، سەرەڕای هەوڵێكی زۆر، بەشداری مەراسیمی ئیمزاكردنەكە لە(17/5/2016  - گراند میلینیۆم) نەبوم. لێرەدا شایەنی باسە بڵێم: ئەو هەوڵەی دامان بۆ ئاشتەوایی نێوان گۆڕان‌و یەكێتی، هەتا گەیاندمانە لێكتێگەیشتنی دەباشان، پرۆسەكە بەقۆناغ بەردەوام بوایە، دڵنیام هەردولامان یەكمان دەگرت. بەڵام مەخابن، ئەوانەی لەناو هەردوو لادا، رەهەندی ستراتیژی هاوكێشەكانیان نەدەخوێندەوەو بە رق‌و كاردانەوە سیاسەتیان دەكرد. ئەمانە پرۆسەی یەكخستنی هەردوولایان كردە قوربانی تێنەگەیشتنیان لە هاوكێشەكان. تەنانەت دەشترسان، دوای یەكخستنی هەردولامان، پێگەی خۆیان لەق بكرێ‌. لەئاكامیشدا، یەكخستنی پرۆسەی یەكێتی‌و گۆڕانیان لەژێر پەردەی نزیكبونەوە لە گۆڕان لەبار برد، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی (گۆڕان)یش گومانی لەتەواوی هەڵپەكان هەبوو، بۆیە لەكۆبونەوەكەی گراند میلینیۆمدا، وتی: (عیبرەت لە جێبەجێكردندایە) لەدوا سەرەنجامیشدا هەردوولامان ناچاربوین، یەكلایەنە لاوازتر لەگەڵ پارتیدا لەم حكومەتەشدا رێكبكەوین. پارتیش، دوای ئەوەی بۆی دەركەوت (حكومەتی بنكەفراوان!!) سەرناكەوێ‌، گۆڕانی وەدەرنا. پێش وەدەرنانی گۆڕانیش، لەكۆبونەوەیەكی داخراوداو لەكۆبونەوەیەكی ئاشكراشدا، بە رێكخەری گشتی گۆڕان‌و وەفدەكەیانم گوت: پارتی دەرتاندەكات. گوتیان ناتوانن. گوتم دەیكەن. كاكە عومەری سەید عەلی گوتی: گەر پارتی وایانكرد ئێوە چی دەكەن، وتم: دژی دەبین. بەڵام لەگەڵ پارتی لەسەر ئێوە تێكی نادەین. دژیشی بوین.       پەیوەندی یەكێتی‌و پارتی پەیوەندی یەكێتی‌و پارتی، لەشۆڕشدا، ئاڵۆز بوو، یەكێتی دوای شەهیدكردنی حەمە غەفور ئاغجەلەری، برایم عەزۆو هاوڕێكانی، حەسەن خۆشناو و هاوڕێكانی، هەروا، كارەساتی هەكاری، هەقی بوو بەرگری لەخۆی بكات. بەڵام كە یەكێتی دوای روخانی شا باڵادەست بوو، هەوڵی چارەسەر كەوتە گەڕ. ئەوەی مایەی قوڵترین نیگەرانییە، تەنانەت لەدوای راپەڕینیش، كە تازە لە كارەساتی ئەنفال‌و كیمیاباران دەربازمان بوبوو، برینە قوڵەكانی شەڕی ناوخۆی شۆڕشمان فەرامۆشكردو هەڵپەی دەسەڵاتخوازی حزبایەتی، ئاگری شەڕێكی دیكەیان خۆشكردو نوسەرانی هەلپەرستیش، لەهەردوولاماندا باوەشێنی گەشانەوەی ژیلەمۆكانی بەرپابونەوەی شەڕەكە بون. شەڕی ناوخۆی دوای راپەڕین، لە شەڕی ناوخۆی شۆڕش، زیانی زۆرتر بە شكۆی نەتەوەكەمان گەیاند. كە شەڕ هەڵگیرسا، زۆر دژی بوم. ساڵی (1994-1995) لەگەڵ عارف تەیفورو شەهید سەعد عەبدوڵڵا كراینە بەرپرسیاری پەرەنەسەندنی شەڕ بۆ ناو هەولێر، چەندین جار، گیانبازیمان دەكرد، بۆ دامركاندنەوەی شەڕ لەناو گەڕەك‌و بازاڕەكانی هەولێر. چیرۆكی تاڵم لایە، كە فەرماندەی هەردوولا، بۆ تاڵانی‌و دەستكەوتی شەڕ، چۆن شەڕەكەیان گەرمتر دەكرد. دەیانیش كرانە قوربانی تاڵانی. بەداخەوە، هەبون ئەوكاتەش بەوە تاوانباریان دەكردم، كە گوایە شۆڕشگێڕێتیەكەی جارانم لەشەڕدا نەماوە. هەروەكو، هەرگیز ویژدانمان لەخوێنی باشترین قوربانیەكانی شەڕدا، لەخوێن نەژەنیبێ‌! بیرمە، كە شەڕ بە قینی حزبایەتی‌و فیتی ئیقلیمی‌و دەسیسەی حكومەتی عێراق، لەگرێژنەی ئەقڵ دەركراو هەولێرمان كۆنترۆڵ كرد، كورتبینەكان پێیانوابوو، تازە یەكێتی سەركەوت‌و پارتی ژێركەوت. من هەر نیگەران بوم. لەدانیشتنێكدا لەكۆیە، عەرزی مام جەلالم كرد كە: سەردانی كاك مەسعود بكەو چارەسەرێك بۆ كێشەی هەولێر بدۆزنەوە. با پارتی هانا بۆ عێراق نەبات‌و جەزرەبەمان لێ نەدەن. ئەوكاتەش زانیاری ورد هەبوو، مەكتەبی سیاسی پارتی، سەردانی بەغدادو موسڵیان گەرمە. مام فەرمووی: مەلا بەختیار كاتی نییە، چونكە زۆرینەی فەرماندەو مەكتەبی سیاسی دژی هەنگاوی وان. بۆ پێكەنین زاراوە نەشیاوەكەی بەكارهێنا، گوتی: پێماندەڵێن باڵە حیزەڵەكە! بەداخەوە، پارتی ئێرانی كردە بیانوو، هانای بۆ عێراق بردو كارەساتی 31/ی ئاب قەوماو دەرس وەرنەگیرا. ئەوانەی مام‌و مەكتەبی سیاسییان تێگەیاندبوو، ئەمریكا بەهانامانەوە دێن، زانیاریەكانیان هەڵە بوو. تەنانەت ئەوكاتە بیرمە داوای سزای مەحكەمەی عەسكەریان دەكرا. كە یەكێتی باسكی ئەستور بوەوە، (1997) شەڕی تریش رویدا. لەو شەڕەشدا من نیگەران بوم لەئاكامە عەسكەرییەكەی. لەسەر نەخشەی شەڕەكەش، كە لە شاخ‌و دێهاتەكانەوە دەویسترا پارتی بشكێندرێ‌، دەمگوت: ئەم نەخشەیە سەرناگرێ‌‌و هێزەكەمان لەشەڕەكەدا دەپروكێن؟ ئەمجارەش پارتی پەكەكەی كردە بیانوو، توركیاشی هێنایە سەرمان، لەكاتێكدا فڕۆكەكانی توركیا سەنگەر سەنگەر لێیدەداین‌و هەڵیدەكەندین، دەركەوت، سیاسەتی ئێرانیش وا نەبوو، شەڕی ئیقلیمی لەبەر یەكێتی بەرپا بكات. دوای ئەم كارەساتانە، ئینجا باڵی شەڕخواز ئارام بونەوەو لەوساوە، كێشەكانی ناو یەكێتی، بەئەقڵیەتی تەكەتول‌و ئۆباڵ خستنە ئەستۆی یەكترو زاڵبون لەناو یەكێتیدا، هەتا هاتووە قوڵتر كراوە. تا رادەی بەهێزكردنی هێزی چەكداری تایبەتی بۆ ستراتیژی تایبەتی.       كنەی هەلپەرستی لەبیرەوەریماندا، هەلپەرستان، لەمێژووماندا، هەمیشە رۆڵێكی ناجوامێرانەیان، لەناو ریزەكانمان‌و لە گەرمتركردنی روداوە نەخوازراوەكاندا، گێڕاوە. ئەوەندەی سەركردە لاوازو كادرەكانی تەكەتول، یەكێتییان دوچاری كێشەی گەورە گەورە كردووە، قەت، دوژمنانی یەكێتی، ئەمەیان بەسەردا نەهێناوە. دەتوانم بەدڵنیاییەوە بڵێم: كنەی هەلپەرستی، هۆیەكی سەرەكی تێكدانی نێوان هەڤاڵانی سەركردایەتی‌و ئۆرگانەكان بون لە شاخ‌و شاردا. بەڵكو هاندەری ئەنجامدانی تاوانی نامرۆڤانەش بون. هەلپەرستان، لەناو قوڵكردنەوەی كێشەكاندا، بەردەوام دەتوانن مەرامەكانیان بەدیبهێنن. ئەمە خەسڵەتی هەلپەرستییە لەناو تەواوی حزب‌و حكومەتەكاندا. هیچ دەرفەتێكیش بەئەندازەی كێشە ناوخۆییەكان، بازاڕی هەلپەرست گەرم ناكات. هەلپەرست لەناو یەكێتیدا، لە پێگەو جێگەی جیاوازدا، خۆیان قایم كردووە. بەڵكو شوێنێك نەماوە پێگەیان پتەو نەكردبێ‌‌و بەرژەوەندییانیان دابین نەكردبێ‌. ئەوەی لەناو هیچ پارتێكی سیاسی ناوچەكەدا روی نەداوە، لەناو یەكێتیدا لە لوتكەوە بۆ دامێن رویدا. ئەمەش، دڵنیام ئاسەواری ترسناكی لەسەر ژیانی حزبایەتی‌و سەنگی یەكێتی لەناو رای گشتی‌و روناكبیراندا دەمێنێتەوە. دڵنیام كە هەموتان دڵنیان، رای گشتی‌و سەرجەم هەڤاڵانی یەكێتی، وردو درشتی رەفتار، كردار، سات‌و سەودای پلەدارو پۆستدارەكان دەزانن، بەڵكو ناسنامەی كەسایەتیان لەویژدانیاندا، وا چەسپیووە، هیچ چەواشەكارییەك، بڕوایان بەرامبەر دیاردە دزێوەكان‌و بەرپرسە دزەكان، ناگۆڕێ‌. باشترین بەڵگەش ئەوەیە كە: با هەموو بەرپرسێك، دیقەت لە رێژەی دەنگەكانی كاندیدە خزمەكانیان‌و، كاندیدە تەكەتولەكانیان‌و، كاندیدە موچە تایبەتیەكانیان بدەن، بزانن رێژەی دەنگەكانیان چەند لەهەڵبژاردنەكاندا، مایەی نەمانی متمانەی دەنگدەرانی یەكێتییە، بەو كاندیدانە!! هەروا، رێژەی دەنگی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی، لەهەڵبژاردنەكانی عێراق‌و كوردستاندا، زۆر كەمترە لە رێژەی دەنگی ئەو كاندیدانەی سەركردایەتی نەبون. كاندیدی خزم خزمێنەو، كاندیدی تەكەتولەكان، لە سنوری مەڵبەندەكانداو، لەناو هێزەكانی پێشمەرگەو چەكداری دەڤەری سەوزدا، رێژەی دەنگەكانیان بەڵگەی دابەزینی متمانەی ئەو دەنگدەرانەیە بە لیستی یەكێتی‌و كاندیدی تەكەتول‌و خزم‌و بنەماڵە. ئایە: - هیچ كەسێكتان لەخۆتان پرسیووە، لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لەناو سەنتەری سلێمانیدا، تاقە كاندیدێكی شارەكە، بۆچی متمانەی وەرنەگرتووە؟ هەڤاڵ زیادو سەلمە دەرچون، خەڵكی سەیدسادق‌و چەمچەماڵن. - هیچ كەسێكتان لەخۆتان پرسیووە، لەناو تەواوی هێزەكانی پێشمەرگەو ئاساییش‌و پۆلیسدا، بۆچی سەپاندنی كاندیدی كورەكان‌و تەكەتول‌و خزمەكانتان، بەهەوڵی بێوچان‌و پارە هەڵڕشتن‌و فشاری دەرونی، یەكێتی شەرمەزار دەكەن؟ - لەخانەقین كە قەزایەكە دەتوانرێ‌ شێركۆ میروەیس دەربچێندرێ‌ بۆ پەرلەمان‌و پیلانی لایەنەكانیش نەبوایە (تایبەت دەنگەكانی هاودیدەكان!!) سۆزان مەنسوریش دەردەچێنرا. بەڵام لەگەرمیاندا، سێ‌ قەزاو (26) ناحیە‌و سەدان گوند هەن، نەتوانراوە تاقە كاندیدێكی پەرلەمانی عێراق دەرچێنرێ‌! - بۆچی لەهەولێری پایتەختدا، دوو هەڵبژاردنە ناتوانرێ‌ دو كاندید زیاتر سەربخرێ‌؟ ئەو رێژانە، ئاماژەی بێمتمانەیی جەماوەری یەكێتییە، بە دەسەڵاتدارو بەرپرسانی یەكێتی، سەرەنجامی رەفتارو كردارە زیانبەخشەكانیانە بە یەكێتی‌و رێبازی مام جەلال كە هەمیشە فەرمویەتی: (یەكێتییەكان دەبێ‌ دەست‌و دەم‌و داوێن پاك بن).       دیاردە هەرە زیانبەخشەكان دیاردە هەرە زیانبەخشەكان لەدوای راپەڕینەوە، سەریهەڵدابێ‌‌و كرابێتە سیاسەتی باوی چەند بەرپرسێك، ئەمانەی خوارەوەن، كە ژیانی حزبایەتییان نەهێشتووەو بەرە بەرە یەكێتییان گەیاندۆتە ئەم دۆخە ترسناكە. یەكەمیان: لە كۆنگرەكاندا؛ پەیڕەویكردنی سیاسەتی تەسكیەو بە تەسكیە دەرچواندنی چەندین سوپەر سەركردە. بۆ نموونە: لەیەكەمین كۆنگرە، بێ رێساو لەژێر هەڕەشەی جیابونەوەو، (گوایە!) دروستكردنەوەی كۆمەڵەی رەنجدەران‌و، بە پیلانی كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی مام جەلال، دوای (11) رۆژ لە گوێزە گوێزەی كۆنگرە لەنێوان (هەولێر-سلێمانی) سەرەنجام، چەندین سەركردە كە پێشتر خەونیان بە ئەندام مەڵبەندەوە دەبینی، هەلیان بۆ رەخسا، ناكۆكیەكان بقۆزنەوە بۆ سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی. دووەمین كۆنگرە، سێ‌ جەمسەر، ناكۆكیەكانیان قوڵبوبون، دەستەگەری «هەڤاڵ كۆسرەت، هی رەوانشاد نەوشیروان‌و هێڵی گشتی یەكێتیش (مام)». لەترسی تەقینەوەی كێشەكان، بۆ یەكەمین جار لەمێژووی تەواوی حزبەكانی رۆژهەڵات، سەركردایەتی لەیەكەم دانیشتندا هەڵبژێردراو (7) سەركردایەتیش، بە تەسكییە دەرچێنران! سێهەمین كۆنگرە؛ مام جەلال خۆی لە كێشەكان دووردەخستەوەو تەكەتولەكانیش تەراتێنیان لەناو كۆنگرەدا دەكردو هۆڵی كۆنگرە، لیستباران كرا. سەرەنجام، دیسان، بەتەسكییە، دوو هەڤاڵ دەرچێنران. (5)یشیان بە گزیی (200) دەنگیان بۆ قۆپیە كرا (سەرجەم سیناریۆكە دەزانم). (400) كەسیش بە دەسەڵاتی سكرتێرو جێگرەكەی هێنرانە ناو كۆنگرەو تەلقینیش كرابون دەنگ بە كام لیست بدەن. ئاسەواری نالەباری ئەو سێ‌ كۆنگرانە، ئێستاش بەیەكێتیەوە دیارە. هەرە خراپەكەیان، حەڵاڵكردنی تەكەتولە. تەنانەت (پەیمانی ئاكار)یش، كرایە قوربانی ئاكارە خراپەكانی ناو یەكێتی. دەمانویست بە «پەیمانی ئاكار» لایەنی كەم، رەوشتی هەڤاڵێتی‌و ژیانی حزبایەتی بگێڕینەوە ناو ماڵی یەكێتی؛ یەكەمین جار كە باسی پەیامەكەم لەگەڵ (سەرۆك مام جەلال)دا كرد، بەخەمساردییەكەوە، رازی بوو. تومەزە، جەنابی، باشتری دەزانی، كە تازە پەیمانی ئاكار، ئاكارە خراپەكان راستناكاتەوە.       لەدوای كۆنگرەوە! لەدوای سێهەمین كۆنگرەوە، مام جەلال هێندە فریاكەوت ئۆرگانەكانی لە كارگێڕەوە بۆ مەكتەبەكان، خستەوە سەر رێڕەوی خۆیان. دوای هەڵبژاردنی مەكتەبی سیاسی، كە هەندێكیان بە لەقەلەق متمانەیان لەناو كۆنگرەو لەناو سەركردایەتیدا وەرگرت، بەندە، بەدەنگی حەڵاڵی خۆم لەناو كۆنگرە (بەبێ‌ ئەوەی یەك دەنگی حەرامم وەرگرتبێ‌‌و یەك كەسی ناشەرعیشم هێنابێتە ناو كۆنگرە) پێنجەم دەنگم هێنا. لەناو سەركردایەتیشدا، دەنگێكی زۆرم بۆ مەكتەبی سیاسی‌و، لەناو مەكتەبی سیاسیشدا لە(19) دەنگ (18) دەنگم بۆ بەرپرسیاری كارگێڕ هێنا. ئەركی كارگێڕ، جێبەجێكردنی بڕیارەكانی سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی بوو. تەواوی بڕیارەكانمان جێبەجێ دەكرد. بەڵكو لەدوای نەخۆشكەوتنی مام جەلال، تەنها كارگێڕ زۆرترین كات دەوامی دەكردو زیاترین ئەركیشی رادەپەڕاند. چ ئەركی ناوخۆی یەكێتی‌و، چ ئەركەكانی پەیوەندی‌و، دیپلۆماسی. جگە لە ئەركەكانی تریش، لەكاتی هەر روداوێكی چاوەڕوانەكراو، یان ئەركێكی لەناكاو. هەڤاڵان! من، لەویژدانی یەكەیەكەتان دەپرسم.. دوای ئەم هەموو ماندوبونە. پاش ئەوەی نەمانهێشت دوای نەخۆشكەوتنی مام جەلال‌و كاك كۆسرەت‌و بێتاقەتی هەڤاڵ هێرۆ، پێشتریش نەخۆشكەوتنی كاك جەبار فەرمان‌و كەمال فوئاد، كارە حزبیەكان پەكیان بكەوێ‌‌و زیاتر لە (11) سەعات رۆژانە ئەركمان رادەپەڕاند. دوای ئەوەی نەمانهێشت، كە «ناوەندی بڕیار» دامەزرا، ناكۆكیەكان بتەقنەوەو كوشتنی ئەندامانی یەكێتیش بخرێتە سەر خەرمانەی بەدبەختیەكانمان. دوای ئەوەی، هەوڵێكی زۆر درا لەلایەن هەندێك هەڤاڵەوە، دوو ئیدارەیی دروست ببێ‌‌و لەمەشەوە، هێزی پێشمەرگە بكرێتەوە دوو هێزو سەرەنجامیش، ئەگەری شەڕی ناوخۆ بقەومێتەوە. دوای ئەوەی رۆڵمان بینی، بۆئەوەی نە لەگەڵ پارتیدا بین دژی گۆڕان‌و نە لەگەڵ گۆڕانیش بین دژی پارتی‌و رەنجی زۆرمان دا، یەكێتی هاوسەنگیی بپارێزێ‌‌و میحوەری چارەسەریش بێ‌.. سەرەنجامی هەوڵی بێوچانی كارگێڕ، توانیمان قەناعەت بە پارتی بكەین، لەگەڵ گۆڕاندا ئاشتبێتەوەو سەرۆكی پەرلەمان‌و وەزیرەكانیان بگێرێتەوە. لەسەر ئەم سیاسەتانەش، ئەمریكاو بەریتانیاو فەرەنساو سۆسیال ئینتەرناسیۆنال‌و نەتەوە یەكگرتوەكان سوپاسیان كردین.. تەنانەت كۆنگرەی پارتە سۆسیالستەكانی دەوڵەتانی رۆژئاواو پارتە سۆسیال دیموكراتەكانی وڵاتانی عەرەبی‌و كۆنگرەی لاوانی وڵاتانی رۆژهەڵاتمان لەبەرئەو متمانەیە هێنایە سلێمانی. دوای ئەو هەموو رەنجە، كە بۆ یەكێتی‌و یەكێتی ناو یەكێتی دامان. هەر ئەوكاتە وتارێكم بەناونیشانی (هەلومەرجی بابەتی‌و یەكێتی ناو یەكێتی) لەژمارە (402)ی چاودێردا لە (7/1/2013) نوسی. كەچی پاداشتی ئەو هەموو پەرۆشی‌و رەنجە ئەوەبوو، ئەوانەی لەدەوری ماڵی (مام جەلال) كۆبوبونەوە دەیانووت: مەلا بەختیار نەبوایە (16) كەسەكەی ناوەندی بڕیارمان دەردەكرد. ئەوانەی ناوەندی بڕیاریش دەیانگوت: مەلا بەختیار نەبوایە، ماڵی مام جەلالمان تەفروتونا دەكرد. هەردوولاش هێزی ئامادەكردبوو، بۆ جێبەجێكردنی بریارەكانیان. قسەی هەردولایان راست بوو. ئێستاش پەشیمان نیم لەو هەڵوێستەم. ئەوانە باجی پیلانەكانیان دەدەن، كە نایانەوێ‌ چوارەمین كۆنگرە ببەستین!! چاكەی هەڤاڵانەو چاكەی پاراستنی گیانی پاكی رێبازەكەی مام جەلال بەوەتان داینەوە، بەشێكی دەوروبەری هەڤاڵ هێرۆ، لەگەڵ گروپەكەی د.بەرهەم‌و بە پەسەندی هەڤاڵ كۆسرەت (كارگێڕی مەكتەبی سیاسی)تان، وەكو تاقە ئۆرگانی باڵا، پیلان لێگێڕا. ماكی ئەم پیلانە ئەوانە گێڕایان كە هاوسۆزی دامەزراندنی (هاوپەیمانی)‌و لایەنگری بردنەوەی (سەرۆكەكەی) بون  بۆ سەرۆكی عێراق لەهەڵبژاردندا. لەكاتی جیابونەوەكەشدا، ئەوانە بە یەك وشەش، بەرگرییان لەیەكێتی نەكرد، بەڵكو هەوڵیشیان دەدا، خەڵك دەنگیان پێ بدات!! ئەرێ‌ گەلۆ! یەكێتی، لەناو ئەم هەموو رەفتارو كرداری ناحزبیانە، لەوپەڕی پێشێلكاری پەیڕەوی ناوخۆ، ئەو هەموو لادان‌و بادانە لە رێبازی مام جەلال. ئەو هەموو گەندەڵییەو شكستەی هەڵبژاردنەكان، لەكاتێكدا ژیانی حزبایەتی نەماوە، ئێوەی باڵادەست، ئەركی ترتان نەبوو جگەلەوەی بە پیلان، كارگێڕ هەڵبوەشێننەوە؟! تەنها ئەوەندە دەڵێم: هەم یار باقی‌و هەم سوعبەت باقی!!       دۆخی دوای كێشەكان چارەسەرنەكردنی ئەو كێشانە، نەك هەر دۆخی حزبایەتی، شێواندووە. بەڵكو مۆراڵی سیاسی‌و پەیمانی هاورێیەتیشی تێك‌وپێك داوە. دیسپلین‌و پرنسیپ نەماوە. كادرو ئۆرگانە ماندوەكان، وشیارەكان، پەرۆشەكان، شێر بە گوێ‌ بگرن، ئەگەر تەكەتول نەبن یان غەدریان لێ دەكرێ‌، یاخود پەراوێز دەخرێن، تەنانەت وایلێهاتووە، لەشارێكی وەكو كەركوك، چاودێریی شۆڤێنیەكی وەكو راكان جبوری، دژی كورد، لەسەر تاوانەكانی ناكرێ‌، بەڵام چاودێریی ئەو كادرو ئەندامانە دەكرێ‌، كە بەبێ‌ پرسی بەرپرسانی كەركوك، سەردانی دۆست‌و هەڤاڵانی تر بكەن. ساڵەهایە لە كێشەی چارەسەرنەكراوی نێوان سەركردە باڵاكانی یەكێتی‌و كوڕەكانیان ترساووم. ئەم كێشانە، رەگەزەكانی بۆ دوای راپەڕین‌و دوای دەسەڵات گرتنەدەست، فۆرمێكی  ستراتیژێكی دیكەی تەكەتولی ناوخۆیی بۆ داڕێژراوە. بەرە بەرە، هێزی جۆراوجۆری بۆ دامەزراوە. پارەو پێگەی بۆ دابینكراوە. بوغزاندن‌و گەوجاندنی بۆ چێندراوە. ناوبەناو، هاوپەیمانیەكانی بۆ گۆڕدراوە. سەرانیشیان، بەپێی دابینكردنی پۆست‌و پارە، ئەمسەرو ئەوسەری تەكەتولەكان تاقیدەكەنەوە.  یەكێك لە زیانبەخشترین ناكۆكیەكان، ناكۆكی نێوان ه.كۆسرەت‌و كوڕەكانی لەلایەك، ماڵی مام جەلالیش لەلایەكی دیكەوە. رەنجی فەرهادم دا نێوانیان چاك‌و چاپوك بكەم. بەڵام هەلپەرستانی دەوروبەریان، زیرەكتر بون لە تێكدانیان. خۆشیان ساز بون گوێ‌ لە هەلپەرستان بگرن. هەمیشە ئەو پرسیارەم لەخۆم كردووە كە بۆچی هەڤاڵان كۆسرەت‌و هێرۆ رێكناكەون؟ سەرەنجام دەگەیشتمە ئەو باوەڕە، مێمڵ‌و هەلپەرستەكان رێگرن. دابەشكردنی پۆستەكان‌و چۆنایەتی هێنانەوەی بەشێكی كەمی (هاودیدەكان!!) ئەو بۆچونەی منیان، زیاتر بۆ بەرجەستە كردم. هەتا سەرۆك مام جەلال مابوو، ئەم كێشە ناوخۆییە، بەریان پێ گیرا. دوای نەخۆشكەوتن‌و مردنی مام، كێشەكانی بن گۆمی تەكەتول سەرئاو كەوتن. لەوساوە، هەتا هاتووە، كێشەكان قوڵتر بون‌و باشترین دەرفەتیش رەخسا، ئەوەی بەدرێژایی مێژووی یەكێتی، هەلپەرست‌و هەڵپەكەر، نەیانتوانی لە بونی مامدا بیكەن، لەدوای مام بۆیان كرا. بەڵام لەسایەی مام جەلالیشدا، ئەم تەكەتولانە كنەیان كردبوو، خۆیان بۆ هەلی دوای مام مەڵاس دابوو. لەخۆڕا نەبوو, كە جاری یەكەم مام نەخۆشكەوت‌و لە عەمان (19) رۆژ چارەسەر دەكرا، لەكوردستان هەڵپە هەڵپە دەستیپێكرد كە شوێنی بگرنەوە. بیرمە مام چاك بوبوەوە، لەژوری چارەسەرەكەی بانگی كردم، فەرموی: مەلا بەختیار بیستوتە جرت‌وفرت بۆ شوێنگرتنەوەم دەستیپێكردووە؟ گوتم: بەڵێ‌. فەرموی: هیچ نەبێ‌ با دوای مردنم ئەمەیان بكردایە، ئاخر بێوەفایی بەم رادەیە؟! ئەوەبوو كە گەڕایەوە، تەواوی پۆستەكانی حكومەتی گۆڕی.       دوای سەرۆك مام جەلال ئێمەی رۆژهەڵاتی، زیاتر لە رۆژئاوایی، كە گەورەمان دەمرێ‌، وەفاو سۆز داماندەگرێ‌. بەڵام لەناو یەكێتیدا، كوت‌و مت پێچەوانەكەی رویدا. جارێ‌ (مام) لەسەرەمەرگدا بوو، جێگرێكی، كە مام دروستیكرد، هاوپەیمانی دامەزراند. دوای بەخاكسپاردنی، كە سەدان هەزار هاوڵاتی ژیانئاواییان لێكرد، یەكێتیەكەی (مام) كەوتە بەر هەڵمەتی پۆپۆلیستی پۆستپەرستی. لایەنی كەمی مۆراڵی تیادا رەچاونەكرا. بەڵام لەم ململانێ‌ سەختەشدا، بۆ دەربازكردنی یەكێتی، لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، ناچار رێگەی جۆراوجۆر گیرایەبەر! هەتا رادەی نیگەرانی كاندیدەكان لەگۆڕینی ریزبەندیی ناوەكانیان لەكاتی ساغكردنەوەی دەنگەكان بۆ سەرخستنی كاندیدی تەكەتولەكان. پۆپۆلیستەكان، كە شكستیان خوارد، واقی سیاسییان ورما!! گۆڕان‌و نەوەی نوێ‌ دەرگای پۆستبازییان بۆ نەكردنەوە. تەنها مایەوە ماڵە بابان. بۆ زۆر كەسی شارەزا، هیچ جێگەی سەرسوڕمان نەبوو، سیناریۆی ژێربەژێر بۆ شكستخواردوترین پرۆسەی یەكخستنی دوو لایەن، رێكبخرێ‌، ئەگەر وا نییە، هیچ نەبێ‌ لایەنی كەمی هاودیدەكان‌و هیچ نەبێ‌ ئەندام پەرلەمانێكی دوو پەرلەمانتارەكەیان دەهاتنە ناو یەكێتی. ئەگەر پرۆسەی یەكخستنەكە، سروشتی ئەنجامبدرایە، وەكو یەكگرتنەوەكانی تر، دڵخۆشی لێدەكەوتەوە. بەراوردی بە پێشوازیەكەی یەكگرتنی (ئاڵای شۆڕش)‌و یەكێتی ناكەم، كە لە یاریگای سلێمانیدا، هەزاران كەس ئاهەنگیان بەئامادەبونی (مام)‌و ئێمەمانان بۆ گێڕا، بەڵكو بەراوردی دەكەم بە، پێشوازیەكەی حزبی (ئایندە) كە هۆڵی شەهید شازاد جمەی دەهات لەباوەش بۆكردنەوەیان. بەڵام رۆژی هاتنەوەكەی سەرۆكی هاودیدەكانمان لە مەكتەبی سیاسی لەبیرە، دەتگوت: تەعزیەیە! بۆیە، سەرجەم پرۆسەكەم پێ هەڵە بوو. ئەنجامەكەشی بە زیان گەڕایەوە. سەرەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش، دوای هاتنەوەی بەشێكی هاودیدەكان بۆ پلەو پۆستەكان (نەك لەبەر بیروباوەڕ) سەلماندی كە یەكێتی لەروی پرنسیپی سیاسی‌و متمانەی حزبیەوە، چ جەزرەبەیەكی بەركەوت! هەر دەشبوو ئاوا بێ‌، چونكە تەواوی سیناریۆی دامەزراندن‌و گەڕانەوەی بەشێكی هاوپەیمانی‌و پۆست پێبەخشینیان، لە گەمەی سێرك دەچوو، نەك یەكخستنی سیاسی!! لە هێنانەوەی بەشێكی كەمی (هاودیدەكان)دا، تەنها دەمەوێ‌ ئەم راستییانە بۆ مێژوو بڵێم: - سەرۆكەكەیان هەتا توانی مانۆڕی كرد، وەكو كاندیدی سەربەخۆ، بكرێتە كاندیدی سەرۆك كۆمار. بەندە پێمداگرت: ئەگەر نەیەتەوە ناو یەكێتی بەرەسمی، بەیاننامەی دژ دەردەكەم.  ئەوەبوو هەڤاڵان: عیماد، ئەرسەلان، بافڵ‌و لاهور، پێیانراگەیاند دەبێ‌ بێتەوە ناو یەكێتی. ناچار، بۆ یەكەمین جار، دوای ئەم هەڕەشەیە، لەناو (هاودیدەكان)یدا، رایگەیاندبوو، دەڕۆمەوە ناو یەكێتی‌و نامەی هاتنە ریزی یەكێتی بە دەست خەت نوسیبوو. بەبێ‌ ئەوەی لەكۆبونەوەی سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسیش باسی بكات، ناوی جێگری دوەمی  سكرتێریشتان پێدایەوە. پاساوی هێنانەوەیتان بیردەخەمەوە: - ئایە تێزی هێنانەوەكە، وا نەبوو گوایە پێگەی سیاسی‌و دەسەڵاتدارێتی‌و جەماوەری یەكێتی، بەهێز بكرێ‌؟ - ئەوانەی تێزی هێنانەوەیان بەو چەشنە پەسەند دەكرد، نەیاندەگوت: (140) هەزار دەنگدەری هاوپەیمانی دێنە پاڵ دەنگدەرانی یەكێتی؟ دەی با پێكەوە، دوای دەركەوتنی ئەنجامی هاتنەوەكەو ئەو تێزە بێ پێزە، شەن‌وكەو بكەین‌و هەندێ‌ راستی دیكەشی بخەینەسەر، هەتا بزانین، چەند تێزەكە راست دەرچووە؟ چەندیش قرچۆك بووە؟ - لەهەڵبژاردنی دوای هاتنی (هاودیدەكان) لەو (140 هەزار) دەنگەی (هاوپەیمانی) لەعێراقدا هێنابویان، لەهەرێمی كوردستان (114.777) دەنگی بەدەستهێنابوو، نەك دەنگەكان نەچوونە سەر دەنگی یەكێتی بۆ پەرلەمانی كوردستان، بەڵكو لەماوەی چوار مانگ لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، پەنجا هەزار دەنگیش كەممان كرد. بیریشتانە، كە لەژێر فشاردا هێنامانەوە، نەك خۆی دەنگی نەدایە لیستی یەكێتی، بەڵكو بەیاننامەیەكیشی دەرنەكرد، هاودیدو هاوپلەخوازەكانی دەنگ بەیەكێتی بدەن. - لەسەر ئاستی عێراق؛ نە هێزەكانی شیعە، وەكو جاران لەگەڵماندا ماوون‌و نە سوننەكانیشمان، كردۆتە دۆست. - لەباشوری كوردستان؛ پەیوەندیمان لەگەڵ تەواوی حزبە سیاسیەكانی كوردستان پاشەكشەی كردووە. لەگەڵ پارتی‌و گۆڕان، خراپتریش بووە. - لەبەشەكانی كوردستان؛ باكور سۆزی جارانیان لەگەڵماندا نەماوە، رۆژئاوا لێمان زویرن. رۆژهەڵات بێڕادە ناڕەزاییان بەرامبەرمان هەیە. - لەسەر ئاستی دیپلۆماسی؛ سەرۆكی عێراق یەكێتییە، بەڵام سلێمانی بۆتە هەواری خاڵیی لەهاتنی گەورە دیپلۆماتكاران. لە جەژنی نەورۆزدا، دەویسترا، سەفیرو كونسڵەكان داوەتی سلێمانی بكرێن، ئەویش سەرینەگرت!! - لەسەر ئاستی حكومەتی عێراق، یەكێتی پەیوەندییەكی تۆكمەی لەگەڵ بەغداد نییە. هەتا پارتی رازی نەبوو، وەزیری داد، دانەنرا. ئەویش بەپێی پێناسەی پارتی دانرا. - ناوچە كێشەلەسەرەكان؛ هێشتا، ئاسەواری نالەباری 16/ی ئۆكتۆبەر بەخراپیی ماوە. یەك دەسەڵاتی عەسكەری لەو شارانەدا نەكراونەتە مەدەنی. دەیان هەزار دۆنم ئەرزی جوتیاری كوردستان داگیركراوە. زیاتر لە (11) هەزار خێزانی تەعریب، بەئاشكرا، هێنراونەتە ناو كەركوك‌و دەوروبەری. - سەرۆكی عێراق، چاكی كرد سەردانی لێقەوماوانی موسڵی كرد. بەڵام چاكتر وابوو، پێشتر، سەردانی كەركوكی كردبا. كە تائێستاش نەیكردووە. هیچیشی پێنەكراوە بۆ سارێژكردنی بچوكترین برینی خەڵكەكەی‌و دانانی پارێزگار. ئێستا كاتێتی بڵێین: ئەنجامەكان پێمانناڵێن، هەق بوو ئەو دەستكەوتەی كاك نێچیرڤان بارزانی دابووی بە بافڵ، دوو ساڵ سەرۆكی حكومەت بەرمان بكەوێ‌‌و وەزیرێك‌و پارێزگاری كەركوك‌و، وەزارەت‌و پۆستی زیاتر لەبەغداد‌و كوردستان، ئایە هەق بو یەكێتی باشتر نەبوو هەموو ئەو دەستكەوتانە نەكەینە قوربانی پۆستێك، كە لەدۆخی عێراق‌و ناوچەكەدا، دەسەڵاتەكانیشی ناتوانێ‌ بەكاربێنێ‌. وەكو تر، هەڤاڵان! ئەم زاتە، یەكێتییە، سەردانی توركیا دەكات. دیارە توركیا مافی خۆیانە میوانە باڵاكان بەپێی پرۆتۆكۆڵ ببەنە سەر گۆڕی كەمال ئەتاتورك. بەڵام ئایا میوانەكان مەرجە بچنە سەر گۆڕەكەی؟ سەردانی گۆڕی سەربازی ون‌و ئەم جۆرە گۆڕەی سەرۆكەكان، بەپێی جۆرێك لە پرۆتۆكۆڵی سەردانی سەرۆكەكانە. پێی دەڵێن سەردانی دەوڵەتی (زیارە دولە) نەك هەموو جۆرە سەردانێك، كە سەرۆكی عێراق لەم هەلومەرجە، دەبوایە خۆی لەو جۆرە سەردانە بپارێزێ‌، هەتا بەناچاریی نەیبەنە سەر گۆڕەكەی ئەتاتورك. كە سەدان هەزار كوردی شەهید كردووە. باكوری كوردستانیشی كاول كردووە، شێخ سەعیدی پیران‌و هەڤاڵەكانی لەسێدارە داوە. دەپرسم: - بۆچی نیلسۆن ماندێلا، دەتوانێ‌ خەڵاتی توركیا رەتبكاتەوە، لەبەرئەوەی كورد دەكوژن؟ - بۆچی میر حوسێنی موسەوی، سەرۆك وەزیرانی پێشوتری ئێران، رەتیكردۆتەوە بچێتە سەر گۆڕی ئەتاتورك؟ - بۆچی مام جەلال، وەكو سەرۆك كۆمار، نەچووە سەر گۆڕی ئەتاتورك؟ ئیتر نازانم، بۆ كوت‌ومت لەم دۆخەدا كە فڕۆكەو سوپای توركیا، دوو بەشی كوردستان بۆردومان دەكەن‌و ئازادیخوازانی كوردستان شەهید دەكەن، سەرۆكی عێراق، تاجەگوڵینەی كڕنوشبردن بۆ گۆڕی ئەتاتورك دادەنێ‌. نازانم لەو چركەساتەدا، (سەرۆك!) ئۆجەلان‌و دەمیرتاش‌و زیاتر لە (25) هەزار كوردی زیندانیكراو، سەدان هەزار شەهید، پتر لە (500) هەزار زیندانی سەر بیروباوەڕی توركیا، لەكاتی تاجەگوڵینە دانانەكەدا، لەبیر بوە؟ عەبدوڵڵا پەشێوی شاعیر، تاجەگوڵینە لەسەر گۆڕی سەربازی ونی كوردستان ئاوا دادەنێ: كە وەفدێ‌ دەچێتە شوێنێ‌ بۆ سەر گۆڕی سەربازی ون، تاجە گوڵینەیەك دێنێ‌. ئەگەر سبەی، وەفدێك بێتە وڵاتی من، لێم بپرسێ‌: كوانێ‌ گۆڕی سەربازی ون؟ دەڵێم: (گەورەم! لەكەناری هەر جۆگەیێ لەسەر سەكۆی هەر مزگەوتێ‌ لەبەر دەرگای، هەر ماڵێ‌ هەر كڵێسەیێ، هەر ئەشكەوتێ‌، لەسەر گابەردی هەر شاخێ‌، لەسەر درەختی هەر باخێ‌، لەم وڵاتە، لەسەر هەر بستە زەمینێ‌، لەژێر هەر گەزە ئاسمانێ‌، مەترسە! كەمێك سەرت داخە و تاجە گوڵینەكەت دانێ‌!) ئەم شیعرە، لەویژداندا نەمرە. ئەو سەردانانەش، بۆ سەر گۆڕی تاوانباران، ئازاری ویژدانی نەتەوەیەك دەدات. كە بەشێكی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی، لەبەر ئەم دۆخەی یەكێتی، لەبەرامبەر ئەم هەڵسوكەوتە خۆپەرستیەدا، رازییە.       یەكێتی‌و دەسەڵات‌و قۆناغەكە یەكێتی، قۆناغی سەختی زۆر بڕیوە، مێژوویەكی جوانی هەیە (سەرەڕای شكست‌و هەڵەكان). لەقۆناغەكانی رابوردودا، بەحوكمی خەباتی رزگاریخوازی، گەلەكەمان لەهەڵەكانی دەبوارد. بەڵام ئەگەر دیقەت بدرێ‌، لەدوای سەركەوتن‌و حوكمڕانی، ساڵ بەساڵ، لێبوردەیی خەڵك بەرامبەر دەسەڵات، كەمبۆتەوە. چونكە، خەڵك لەشۆڕشدا قوربانی داوە بۆ ئامانجەكان، دوای سەركەوتن، ئامانجی كۆمەڵایەتی‌و ئابوری، دەبێتە پێوەر بۆ دابینكردنی مافەكان. ئەگەر، روداوەكانی دوای راپەڕینی (1991) هەڵبسەنگێنین، دەبینین، هەركاتێك گەلەكەمان، یان یەكێتی، دوچاری شكست، یان پیلانگێڕی هاتبێ‌، خەڵك بەگشتی‌و ئەندام‌و پێشمەرگەكانی بەتایبەتی، ئەركی دڵسۆزانەیان تا رادەی قوربانی بەردەوام راپەڕاندووە. بەڵام كاتێك دۆخەكە ئارام بۆتەوە، داخوازی‌و ناڕەزایی خەڵك پەرەی سەندووە، تا گەیشتە رادەی خۆپیشاندان‌و جیابونەوەو سەرهەڵدانی رەوتی جودا جودا. هۆی سەرەكی دابەزینی رێژەی دەنگدەرانیش لەهەڵبژاردنەكاندا، تۆڵەسەندنەوەیانە لەو بێ‌بەڵێنیەی بەرامبەریان كراوە. هاوكات، دژایەتی ئەو دیاردە ناپەسەندانەشە، كە بونەتە مایەی بێزاری رای گشتی، لەناو دەسەڵاتدارێتیدا گەندەڵی لەهەموو روداوێك زیاتر ناخی خەڵك، دژی دەسەڵات بریندار دەكات. بینیمان، لە (15) ساڵی رابوردودا، زۆرترین ناڕەزایی تەقینەوەو بەرفراوانترین رەخنەش لەیەكێتی‌و بەرپرسانی گیراوون. هۆیەكەش، تەنها رەفتارە نابەجێكان‌و دیاردە قێزەونەكانە. هەرە زەقیشیان، گەندەڵی‌و تاڵانی‌و سەرانەسەندنە لە كۆمپانیاو سەرمایەدارەكان. بەڵام نەمزانیووە لەبەرامبەر ئەو هەموو دیاردە خراپانەدا، راستگۆیەتی هەبێ‌، بۆ چارەسەر، یان بۆ ئاشتكردنەوەی خەڵك، تەنانەت، لەدوای دوو جیابونەوەش (گۆڕان‌و هاوپەیمانی) هێشتا، پێداچونەوە بەهەڵەكان‌و راستكردنەوەی بۆچونەكان، نەكرانە پرۆگرامی هەڵسانەوەی یەكێتی‌و چاكسازی‌و پاكسازی. لەو ماوەیەشدا، زۆرمان وت، بەڵام گوێتان نەگرت‌و زۆریشمان نوسی، بەڵام دێڕێكیشی كاریگەری نەبوو. ئەمە جگەلەوەی هەزاران وتارو چاوپێكەوتن لەلایەن نوسەرو رۆژنامەنوس‌و سایتەكانەوە، دژمان نوسراوون‌و گوتراوون، دیسان، بێهودە بون. تازە یەكێتی متمانەیەكی زۆری لەدەست داوە. ئاسانیش نییە رای گشتی، بەتایبەتی نەوەی دوای راپەڕین، باوەڕ بە راستكردنەوەی هەڵەكان، لە مەودای ئەم ساڵانەدا بكەن. بەراشكاویی دەیڵێم: لایەنی كەم، یەكێتی، دوای بەستنی كۆنگرەی گۆڕانكاری، دوو ساڵ كەمتری ناوێ‌ هەڵەكانی راستبكاتەوە؛ رەخنەلەخۆی بگرێ‌. دژایەتی گەندەڵی بكات. كێشەی خەڵك چارەسەر بكات. بەرپرسە لەبەرچاوكەوتووەكان‌و كاربەدەستە مشەخۆرەكان، دوربخاتەوە.. سەرەڕاش گومانم هەیە، سەنگ‌و سۆزی یەكێتی، بگاتە قۆناغی دڵنیابون. ئەمە جگە لەوەی، هێشتا لەوباوەڕەدا نیم، لێبڕان هەبێ‌ بۆ ریشەكێشكردنی گەندەڵی‌و چاكسازی‌و بەرنامەی دادپەروەری. ئیرادەی وا لەدوریشەوە، لەناو زۆربەی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی یەكێتیدا نابینم. هەتا ئیرادەی گۆڕانكاری‌و چاكسازی‌و دژایەتی راستەقینەی گەندەڵی‌و هەلپەرستی لەناوماندا دروست نەبێ‌، دڵنیابن، خۆری شكۆمەندی یەكێتی، زیاتر ئاوا دەبێ‌. ئیرادەی گۆڕانكاریش، بە هیچ چەشنێك بە پینەو پەڕۆ، یان بە پۆست گۆڕین‌و سەرخستنی تەكەتولێك بەرامبەر تەكەتولێكی دیكە، نایەتەدی. بەڵكو تەكەتولگێڕیی زیاتر متمانەی خەڵك بە یەكێتی لاواز دەكات‌و ریزەكانی یەكێتیش زۆرتر لەیەك دەترازێنێ‌. سەركردەكانی تەكەتول، هەرگیز دڵیان بەو هێزە خۆش نەبێ‌ كە لەبەر پارەو كاری تایبەت لەدەوریاندا ماوون. بەدڵنیاییەوە، یەكێتی وەكو ئێستای بمینێ‌، ئەو هێزانە، بەشێكی بەرچاویان دوردەكەونەوەو بەشێكیشی هەڵدەگەڕێنەوە. بێگومانم كە ئەم هەلومەرجە لەكوردستان‌و عێراقدا دەگۆڕێ‌، ئیتر هیچ بەرپرسێك بە هێزە تایبەتیەكەی، ناتوانێ‌ تەراتێنی تەكەتول بكات‌و هەڕەشەی پێ بكات بڕیارەكانی بسەپێنێ‌. تەنانەت بەدوری نازانم، گەر دۆخی یەكێتی، لەم دۆخەدا بمێنێتەوە، روداوی نەخوازراوی چاوەڕواننەكراویش، رووبەڕوی بەرپرسەكان بێتەوە. ناشیشارمەوە، لەوباوەڕەم، ئەگەر یەكێتی چارەسەری كێشەكانی نەكات‌و، متمانە نەگێڕێتەوەو ریزەكانی تۆكمە نەكاتەوە، بەدەستی خۆمان دەبینە مایەی بەهێزتربونی پارتی‌و لایەنە نەیارەكانی تریشمان. لەحاڵەتی واشدا، تا دوو هەڵبژاردنی ئایندە، یەكێتی پاشەكشە دەكات بۆ چوارەمین لایەن. پارتی لەدەڤەری سەوزیشدا پێشدەكەوێ‌ بۆ یەكەمین لایەن. ئەمە، لەكاتێكدا، ئەگەر كێشەی چاوەڕواننەكراویش، لەناوماندا نەقەومێ‌!!       كۆنگرە؛ چارەسەرە كۆنگرە، ئەگەر لەدوای راپەڕینەوە، ویستگەی پیاچونەوەو داڕشتنەوەی سیاسەتی یەكێتی بوبێ‌. بەدڵنیاییەوە، چوارەمین كۆنگرە، دوڕیانی هات‌ونەهاتی یەكێتییە. یان كۆنگرەی گۆڕانكاری، یاخود كۆتاییپێهێنانی رۆڵی مێژوویی یەكێتی. زۆربەی سەركردەكان، بەشی زۆری تەمەنیان بەخشیوەتە كوردستان‌و یەكێتی. ئێستا، كاتی هاتووە، بێ‌دوودڵی، چارەنوسی یەكێتی، بكرێتە بنەما بۆ بەستنی كۆنگرەی گۆڕانكاری. باوەڕ بكەن، ئاسانە بە پیلان كۆنگرە ببەسترێ‌. دەشتوانرێ‌ سەدان لەو كەسانە بهێنرێنە كۆنگرە، كە پلەیان وەكو پەشمەك، بەبێ‌ شایستەیی خەباتی حزبایەتی پێبەخشراوە، بەڵام ئەم چەشنە كۆنگرەیە، كۆنگرەی رۆبۆتەكانە.. نەك كادرە شایستەكان. كۆنگرەی بێ‌ دیالۆگ، كۆنگرەی بێ ئازادی، كۆنگرەی دەستەمۆكراوی بێ‌ ململانێ‌، تەنها كۆنگرەی پارتە سەرۆك دیكتاتۆرەكان‌و حزبەكانی دەسەڵاتە دژە دیموكراسیەكانە.  وڵاتان‌و دەسەڵاتی چوارەم، چاوی چاودێرییان تێبڕیوین. ئێستا لەسەر هێڵی سوری لەدەستدانی سەنگ‌و متمانەین، ئەگەر بێتو كۆنگرەی مردووش ببەستین، گومانتان نەبێ‌ یەكێتی لەسەر تاتەشۆری شارەوانی، شۆڕدەكەینەوە!! - گوناحە، ئەوانەی لە شەڕو كارەسات نەترساوون، ئێستا، لە كۆنگرەی ئازاد بترسن. - گوناحە، ئەوانەی چەندین جار لە مەرگ گەڕاونەتەوە، ئێستا، لەبەر بەرژەوەندی تایبەتی پاساوی بەستنی كۆنگرەی خۆسەپاندنەوە دابتاشن. - گوناحە، حزبێك، سەرقافڵەی شەهیدەكانی شیهابی شێخ نوری‌و هاوڕێكانی، عەلی عەسكەری‌و هاوڕێكانی، ئارام‌و هاوڕێكانی، شێخ حسێنی یەزیدی‌و هاوڕێكانی‌و هەزاران شەهیدش كەژاوەی نەمریی بێ‌.. ئێستا بەدیار ترسی بێناغەو لێبوكی سیاسیەوە، بۆ بەستنی كۆنگرە، دۆش دامابێ‌!! ساڵێكە، هەڵمەتێكی دەرونی بەرپاكراوە هەتا مەترسی بخرێتە ناو ئۆرگانەكان بۆ بەستنی كۆنگرە. ئەم پروپاگەندە دەرونییە، سەراپا پێچەوانەی راستییە بابەتیەكانەو لەبەرژەوەندی بەرژەوەندخوازەكانە، كە بە هیچ چەشنێك نایانەوێ‌ ئازادی لەناو كۆنگرەدا بۆ گۆڕانكاری هەبێ‌.       مام جەلال‌و كۆنگرە با ئاوڕێك، لە مامی رابەرمان لەسەر كۆنگرە بدەینەوە. مام.. هەرگیز، لە هیچ كۆنگرەیەكدا، لایەنگری لیستی تەوافقی نەبووە. زۆرترین ئازادی لەناو كۆنگرەكاندا هەبووە. تا ئەوڕادەیە، لەیەكەمین كۆنگرەدا، زۆرترین دەسەڵاتیان لێسەندەوە رازی بوو. لە دووەمین كۆنگرەشدا، لیستی تەوافقی قبوڵ نەكرد. بەڵكو هەتا كۆنفرانسە لۆكاڵیەكان نەبەسترا بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانی كۆنگرە، رازی نەبوو، كۆنگرە ببەسترێ‌. لەناو كۆنگرەكانیشدا، دوای خوێندنەوەی راپۆرتی سیاسی، لە لیژنەكان‌و لەناو هۆڵەكەدا، مام مەگەر پرسیاری لێكرابا، ئەگینا ئازادی لە هیچ ئەندامێكی كۆنگرە زەوت نەدەكرد. ئەو سیاسەتەی مام لەناو كۆنگرەكاندا، سیاسەتی زۆرترین بوار رەخساندن بۆ كادرو ئەندامانی كۆنگرە، نابێ‌ دوای مام جەلال، پێچەوانەكەی پەیڕەو بكرێ‌، رێبازی مام جەلال، تەنها هزرو سیاسەت نییە. بەڵكو رێسای خەباتی حزبایەتی‌و رێوشوێنی دیالۆگی ناو كۆنگرەو پلینیۆمەكانیشە. سەیر بكەن، لەناو كۆنگرەكاندا، زیاتر لە (100) ئەندامی نوێی سەركردایەتی هەڵبژێردراوون، لای مام ئاسایی بووە، گەرچی رەنگە نیوەشیانی بە شایستە نەزانیبێ‌. چ مەعقولیەتێكی تێدایە، لە شاخدا بیرمان لە كۆنفرانسی تەوافقی نەكردبێتەوە. لە سێ‌ كۆنگرەی دوای راپەڕین، لە بونی مام دا، كۆنگرەی تەوافقی نەبەسترابێ‌، كەچی لەم سەردەمەی جیهانگیری‌و ئازادی فراواندا، دوای ئەوەی كێشەكانی یەكێتی‌و گرفتەكانی دەسەڵاتدارێتی دەیان بەرامبەر جاران زیادیان كردووەو ریزەكانی یەكێتی لێكترازاوون، تازە تازە، بیر لەوە دەكرێتەوە، بە پینەوپەڕۆ، كۆنگرەی تەوافقی ببەسترێ‌، هەتا سەرجەم سەركردایەتی ئێستاو لەپاڵیشیا، لیستێكی تەكەتولە جیاوازەكان، بخرێنە ناو سەركردایەتیەكی فراوان!! لەكۆتاییدا، دەڵێم: لەگەڵ لێكتێگەیشتنم (تفاهم) دژی پیلانگێڕی‌و دوژمنایەتی ئەم‌و ئەووم.. سەرەڕای ئەوەی ناكۆكی زۆریش لەنێواندا هەبێ‌. با هەموان ئازاد بین. بەڵام هیچ هەڤاڵێكیش، ناكرێ‌، سەروی پرنسیپ‌و بەدەر بێ‌ لە ئیرادەی ئازادی ئەندامانی كۆنگرە. ئەگەر، زۆرینەی كۆنگرە، بە سەركردەیەك یان چەندین سەركردە رازی نابن، چەند شەرمەزاریە، بە فرت‌و فێڵ، یان بەهۆی قۆزتنەوەی كێشەكانی ناو یەكێتیەوە، بەشەرتی چەقۆ لەناو كۆنگرەدا بیانەوێ‌ خۆیان دەربچێننەوە!! بەهیوا، یەكێتی، بەوشیاری سەركردە پەرۆشەكان‌و هەڵوێستی كادرو ئەندامانی، بەرەو كۆنگرەی گۆڕانكاری، دوا بڕیاری مێژوویی بدات. كۆنگرەیەك، خەمی كەسوكاری شەهیدان بڕەوێنێتەوە، پێشمەرگەكان ئاسودە بكات‌و متمانە بۆ یەكێتیەكەی مام جەلال بگێرێتەوە.                لەگەڵ رێزی                           مەلا بەختیار                       20/7/2019                         یادی (42) ساڵەی گەڕانەوەی مام جەلال بۆ كوردستان هاوکات پرۆژەکە گەڵاڵەیەکیش لەخۆدەگرێت کە ئەمەی خوارەوە دەقی گەڵاڵەکەیە: گەڵاڵەی‌.‌.  ئەركەكانی قۆناغمەلا بەختیار گۆڕانکارییەکانی سەردەم، روداوەكان، دیاردەكان، دەركەوتە‌و كێشەكان، گەڵاڵەی ئەركەكانی قۆناغ دەكەنە بنچینەی سیاسەت‌و بیركردنەوە. لەڕوانگەی ئێمەوە، ئەركەكانی قۆناغ، ئەمانەی خوارەوەن: یەكەم ئەركەكانی حوكمڕانی -   نوسینی دەستوری مەدەنی هەمیشەیی گەلپەسەند. -   چەسپاندنی سیستەمی هاوچەرخ بكرێتە سیستەمی پەرلەمانی-دیموكراسی. -   دادپەروەری، بكرێتە بنچینەی یاساو پەرەپێدانی مەدەنیەت‌و ئازادی‌و سەربەستیەكانی ژن. -   ریشەكێشكردنی گەندەڵی‌و لێپێچینەوەی یاسایی، لە گەندەڵكار‌و سزادانیان. -   داڕشتنی سیاسەتی رۆشنبیری بكرێتە سەرچاوەی نەمانی ئەندێشەی توندوتیژی دینی‌و دونیایی. -   گۆڕینی فەلسەفەی پەروەردە، بەرەو فەلسەفەیەكی مۆدێرنی هاوچەرخی تەواو. -   چەسپاندنی سیستەمی بانكی‌و گێڕانەوەی متمانە بۆ بەرهەمهێن‌و بەكاربەر، بەشێوەیەك ئاشتەوایی هاوسەنگی كۆمەڵایەتی دەستەبەر بكات. -   چاودێریكردنی بازاڕو كۆمپانیاكانی كوردستان‌و بێگانە، كە سودیان بۆ ژێرخانی ئابوری بێ‌. -   دەستەبەركردنی تەندروستی كۆمەڵ‌و رزگاركردنی سێكتەری تەندروستی لە قاچاخچیەكانی دەرمانی ئێكسپایەر، كە سەرچاوەی نەخۆشیە كوشندەكانن. -   چەسپاندنی سیستەمی سۆسیال‌و دابینكردنی گوزەرانی هاوڵاتی، لە باشوری كوردستاندا. بەناوچەكانی دەرەوەی سنوری هەرێمیشەوە. دووەم ئەركە كۆمەڵایەتیەكان -   خەبات بۆ دادپەروەری چینایەتی-كۆمەڵایەتی، بكرێتە بنچینەی ئەركە سۆسیالیستیەكان. -   دژایەتی نەریتی باوكسالاری‌و سوربون لەسەر قوڵكردنی خەباتی یەكسانیخوازی. -   پەروەردەكردنی لاوان بە گیانی مەدەنی‌و رەخساندنی هەلەكانی پێگەیاندن‌و تێگەیاندن. -   دوژمنایەتی مادەی هۆشبەرو بەرپاكردنی هەڵمەتی فراوانی ریشەكێشكردنی. -   ژینگەپارێزیی، ئەركێكی چارەنوسسازی هەموو لایەكە، لەپێشەوەیاندا، یەكێتی. سێهەم ئەركەكانی یەكێتی -   گێڕانەوەی ژیانی حزبایەتی‌و پەروەردەی سۆسیال-دیموكرات‌و دژایەتی هەلپەرستی‌و چاودێری چۆنیەتی جێبەجێكردنی بەرنامەو بڕیاری یەكێتی، لە حكومەت‌و لەناو خەڵكدا. -   پابەندبون بە پەیڕەو و پرۆگرامی یەكێتی، لە لوتكەی ئۆرگانەكانەوە، بۆ پۆلەكان. -   دانانی رێسای سزا و پاداشت، بۆ كادرو ئەندامانی چالاك‌و كەمتەرخەم. -   كاراكردنی راگەیاندن، بەپێی رۆژگاری سۆسیال میدیاو شۆڕشی پەیوەندیەكان. -   بەستنی كۆنگرەی رێكخراوە دیموكراتیەكان‌و سەربەخۆیی كاری (رێكخراو-سەندیكا) لەچوارچێوەی ستراتیژی یەكێتی-دیموكراسیداو كۆتاییهێنان بە سیاسەتی بەرەیی. -   كردنەوەی دەروازەكان بۆ توانامەندەكان‌و بەبێ‌ راوێژكردن لەگەڵیاندا، لەسەر پرسەكانی، یاسایی، ئابوری، كۆمەڵایەتی‌و ئەكادیمی، هیچ بڕیارێك نەدرێ‌. چوارەم ئەركی بەستنی كۆنگرە -   (6) ساڵ لە وادەی بەستنی كۆنگرە تێپەڕیوە. پاساوی دواخستن نەما. دەسەڵاتی بەستنیشی لای ئەنجومەنی ناوەندە. -   گرنگیی وادەی بەستنی كۆنگرەو جێبەجێنەكردنی بڕیارەكانی ئەنجومەنی ناوەند، لەمەودوا، ئۆرگانەكان، دەخاتە ژێر بەرپرسیارێتی مێژووییەوە. -   كۆنگرە، دووربخرێتەوە لەهەموو جۆرە رێكەوتن‌و بڕیارێكی نادیموكراسی مەترسیدار! -   هەڵبژاردنی دیموكراسیانەی دیاریكردنی ئەندامانی كۆنگرە، دوور لە تەكەتول. -   لیژنەكانی هەڵسەنگاندنی پەیڕەو، پرۆگرام، ئابوری، سیاسی‌و حوكمڕانی، پێویستە ئاوێتەیەك بێ‌ لە كادری بەتوانای حزبی‌و توانامەندە خاوەن بڕوانامەكان. -   لیژنەی باڵای ئامادەكاری كۆنگرە، لەنوێنەرایەتی ئۆرگانە باڵاكانی یەكێتی پێكبێ‌. -   داوای دادوەری بێلایەن بۆ سەرپەرشتی كۆنگرە بكرێ‌‌و رێگەش نەدرێ‌، هیچ دەزگایەكی تایبەتی لەناو هۆڵی دەنگداندا، چاودێری پرۆسەی دەنگدان بكەن. مەلا بەختیار 20ی تەمموزی 2019


راپۆرتی: محەمەد رەئوف 10 رۆژ بەسەر پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا تێدەپەرێت، بەڵام تا ئێستا پارێزگاری كەركوك دانەنراوە كە یەكێتی و پارتی لەسەری رێككەوتبون. دانانی پارێزگاری كەركوك ئێستا كەوتوەتە ناو ململانێی توندی ئێران و ئەمریكا و توركیاش ناراستەوخۆ هاتوەتە ناو ئاڵۆزییەكانی كەركوكەوە.  پارتی دیموكراتی كوردستان تەواوی مەرجەكانی خۆی بۆ دانانی پارێزگاری كەركوك بەسەر یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا سەپاند، یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش، لەدوای دیاریكردنی ناوی كاندیدی پارێزگاری كەركوك، بێدەنگی هەڵبژاردووە.  رۆژی 11ی تەمموزی رابردوو یەك رۆژ دوای سوێندخواردنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆبونەوەی وەفدی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا لە سلێمانی، لەسەر دیاریكردنی كاندیدێك ( تەیب جەبار) رێككەوتن بۆ پارێزگاری كەركوك، رۆژی دواتر ژمارەیەك هاوڵاتی لە پێكهاتەی عەرەبی كەركوك خۆپیشاندانیان دژی دیاریكردنی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك ئەنجامدا، ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزاییە پرسی دانانی پارێزگاری كەركوكی لە نێوان یەكێتی و پارتیدا سستكرد.  بارزانی كەركوكی بە هەولێر و بەغداد سپارد وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بەرپرسانی ئەو حزبە چەندینجار جەختیان لەسەر ئەوە دەكردەوە دەبێت پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەت و دانانی پارێزگاری كەركوك هاوتەریب بێت، بەڵام ئێستا كابینەی نۆیەم پێی نایە دەیەمین رۆژیەوەو چارەنوسی كاندیدە دیاریكراوەكەی پارێزگاری كەركوكیش تا ئێستا نادیارە. مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەیامێكدا كە رۆژی 13ی تەموز بڵاویكردەوە، پێچەوانەی رێككەوتنی نێوان یەكێتی و پارتی چارەسەری كێشەی پارێزگاری كەركوكی لە رێككەوتنی نێوان ئەو دوو حزبەوە گواستەوە بۆ رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد، بارزانی لە پەیامەكەیدا زۆر بە رونی ئاماژەی بەوە كردووە" كێشەی كەركوك تەنیا گرفتی سیاسیی نێوان دوو حزب یان ململانێی سیاسیی نێوان چەند لایەن نییە، لە ڕاستیدا كێشەی كەركوك بابەتێكی مێژوویی و سیاسیی و كۆنە لە هەمانكاتیشدا فرەڕەهەند و گەورەیە.... ئێمە لەگەڵ ئەوەداین كە ڕێككەوتن و هاوڕایی لایەنە كوردییەكان، هەنگاوێكی گرنگە بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا پێویستە كێشەكانی كەركوك بە پارێزگاریشەوە سەرەتا لە نێوان هەولێر و بەغدا یەكلایی بكرێتەوە و چارەسەربكرێت"   بارزانی لەژێر فشاری ئێران و ئەمریكا! پەیامەكەی بارزانی پێچەوانەی رێككەوتنەكەی نێوان یەكێتی و پارتی  بوو، بەتایبەتیش پرسی دانانی پارێزگای کەرکوکی لە رێككەوتنی پارتی و یەكێتیەوە سپارد بە رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد لەسەر ئەو پرسە، ئەمەش لەلایەك خۆی لە فشار و ململانێی ئەمریكا و ئێران لەسەر چارەنوسی ئەو شارە رزگاركردو لەلایەكیش پەیامێكی دا بە یەكێتی كە یەكلاكردنەوەی پرسی ئەو شارەو دانانی پارێزگاری كەركوك تەنها لەدەستی ئەودا نیەو خۆی لە پرسی دانانی پارێزگاری كەركوك دزیەوە كە یەكێتی زۆر جەختی لەسەر دەكردەوە. زانیارییەكانی ( درەو میدیا) ئاماژە بەوە دەكەن كە مەسعود بارزانی ئێستا لەژێر چوار فشاردایە بۆ ئاساییکردنەوەی كەركوك و دانانی پارێزگارێك بۆ ئەو شارە.  یەكەم/ سەرچاوەیەكی باڵا بە (درەو میدیا)ی راگەیاند" لە چەند رۆژی رابردوودا وەفدێكی باڵای ئێران سەردانی مەسعود بارزانیان كردووەو پێیان راگەیاندووە، ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردن و دانانی پارێزگاری كەركوكدا نین و دەیانەوێت بارودۆخی كەركوك وەک خۆی بمێنێتەوەو نایانەوێت بە دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ ئەو شارە ئاڵۆزی لە نێوان پێكهاتەكانیدا دروست بێت" دووەم/ لەبەرامبەر ئەو فشارەی ئێراندا زانیارییەكانی ( درەو میدیا) ئاماژە بەوە دەكەن ئێستا ئەمریكیەكانیش  بە بەردەوامی لەگەڵ بارزانیدا لە گفتوگۆدان بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركوك و دانانی پارێزگارێك بۆ ئەو شارە لە زوترین كاتدا، ئەمریكییەكان دەیانەوێت بارودۆخی ئەمنی لە كەركوك ئاسایی بكەنەوەو بۆ ئەو مەبەستەش فشارەكانیان لەسەر عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراقیش چڕكردوەتەوە.  سێیەم/ هەریەك لە پێكهاتەی عەرەب و توركمان ئێستا لەگەڵ دانانی پارێزگاری كەركوكدا نین و دەیانەوێت ئەم بارودۆخە تا هەڵبژاردنی داهاتوو بەردەوام بێت، چونكە پێیانوایە بە دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ ئەو شارە، كاریگەری دەبێت لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی داهاتوو، لەم هەنگاوەدا توركیا و ئێران و بەشێك لە لایەنە عێراقییەكانیش دەستیان هەیە، لەم بارودۆخەشدا بەشێك لەلایەنە عێراقیەكان و توركیاش دەستیان هەیە لەوبارودۆخەدا. چوارەم/ بەپێی رێككەوتنی نێوان یەكێتی و پارتی دانانی پارێزگاری كەركوك هاوتەریب دەبێت لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، بەڵام ئێستا بارزانی لەبەرامبەر یەكێتی جۆرێك لە ئیحراجی بۆ دروست بووە، بۆیە ئەو چارەنوسی ئەو پرسەی سپارد بە هەولێر و بەغداد، لەلایەكیش بەڵێنەكانی خۆی بردە سەر كە هەمیشە جەختی دەكردەوە هەتا بارودۆخی كەركوك ئاسایی نەبێتەوە پارتی دیموكراتی كوردستان ئەندامەكانی ناگەڕێنێتەوە كەركوك و پارێزگاری كەركوك هەڵنابژێرن، ئەمە سەرەرای ئەوەی رێگەی گرت لە كاندیدكردنی ئەوەی خۆیان ناوی دەنێن" ئۆكتۆبەرچیەكان" بۆ دانانی پارێزگاری كەركوك.  دانانی پارێزگاری كەركوك ئێستا مەسعود بارزانی روبەروی ئیحراجیكردووە، لەلایەك لە ژێر فشاری ئێران و ئەمریكادایەو  لەلایەكیش حزبەكەی رێككەوتنی لەگەڵ یەكێتیدا هەیە بۆ دانانی پارێزگاری كەركوك، ئەوەی لەم بارودۆخەدا روبەروی ئیحراجی دەبێتەوە یەكێتی نیشتمانی كوردستانە كە هەمیشە جەختیان دەكردەوە بەبێ دانانی پارێزگاری كەركوك بەشداری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم ناكەن.      


درەو میدیا:  " دەمانەوێت سەرەتاییەكی نوێ دەست پێ بكەینەوه، ئەو شێوازە بگۆڕین كە كارەكانی پێ ئەنجام دەدەین " ئەمە بە شێكە لەوتاری مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ژمارەی ئەمڕۆی رۆژنامەی واشنتۆن پۆستدا بڵاویكردۆتەوە. مەسرور بارزانی لە وتارەكەیدا بەناوی(بۆچی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دەستپێكی قوناخێكی نوێدایە) ئاماژە بە گۆڕانكاری لە شێوازی كاركردنیدا دەكات" ئەركی من ئەوەیە، لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەوەدا، ئەو شێوازە بگۆڕم كە كارەكانی پێ ئەنجام دەدەین. وەك سەرۆك وەزیران، رێگایەكی جیاواز بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەكان دەخەمەڕوو" سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دان بەبونی گەندەڵیدا دەنێت و جەخت لەچارەسەركردنی دەكاتەوە" كار بۆ ئەوە دەكەین خزمەتگوزارییە گشتییەكان و چارەسەكردنی گەندەڵیی، ببنە زامنی ئەوەی كە حكوومەت خزمەتی هاونیشتمانیان بكات، نەك ‌پێچەوانەوەكەی"   دەقی وتارەكەی مەسرور بارزانی. ‎(بۆچی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دەستپێكی قوناخێكی نوێدایە) ‎مەسرور بارزانی* ‎ دوای 16 ساڵی ئاڵۆزیی و پشێوی و پێنج ساڵی جەنگێكی خوێناوی لەگەڵ رێكخراوی تیرۆریستی داعش، كە مەترسی خستە سەر تەواوی مرۆڤایەتی، قۆناخێكی نوێمان لە پێناو بنیاتنانی كوردستانێكی بەهێزتر دەست پێ كردووە. ‎چوار ساڵی داهاتوو، كاتێكی گرنگ دەبێت بۆ ئێمە و دراوسێ و هاوپەیمانەكانمان، بە جۆرێك وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چاو دەبڕینه تێپەڕاندنی ڕووداوه شۆكهێنەرەكانی ئەم دواییانە، هەروەها كار بۆ پتەوكردنی پێگەكەمان له ناوچەكه و مسۆگەركردنی بوون و ئامادەییمان لە سەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی دەكەین. به كورتی، دەمانەوێت سەرەتاییەكی نوێ دەست پێ بكەینەوه. ‎هەفتەی رابردوو حكوومەتێكم بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان پێكهێنا. ئەركی من ئەوەیە، لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەوەدا، ئەو شێوازە بگۆڕم كە كارەكانی پێ ئەنجام دەدەین. وەك سەرۆك وەزیران، رێگایەكی جیاواز بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەكان دەخەمەڕوو، كە پشت بە دەستكەوتەكانمان دەبەستێت و وەڵامگۆی داینامیكییەتێكی جیهانی پێشكەوتووە. ‎شەڕكردن له ‌دژی داعش، كە لەبری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕابەرایەتیمان كرد، له ‌ڕووی ئابوورییەوه زیانی پێ گەیاندین. بارگرانییەكە بە جۆرێك بوو بەرگەی ناگیرێت. تێچووی جەنگ و كەمكردنەوەی بڕی بودجەی فیدراڵی لە لایەن حكوومەتەوە لە بەغدا، هەروەها كۆچی بە كۆمەڵی پەنابەر و ئاوارەكان بۆ هەرێمەكەمان، هەموو ئەمانە، چەندین ملیار دۆلار قەرزیان بۆ جێ هێشتووین. ‎لە هەموو ئەو سەختی و ئازارانەی چەشتمان، وەك هاوڕێ و هاوپەیمانی ڕۆژئاوا و هاوبەشێك لە ناوچەكەدا ماینەوە. لەو كاتەی داعش لە ناوەڕاستی 2014ـدا، دەستی بەسەر ڕووبەرێكی فراوان و بەشێكی گەورەی رۆژئاوای عێراق و رۆژهەڵاتی سووریادا گرت، سەلماندمان، كە جەنگی ئێمە لە دژی تیرۆریستان، بە قەد ئەوەی پەیوەندیی بە پاراستنی خۆمانەوە هەبوو، ئەوەندەش پەیوەندیی بە پاراستنی هاوپەیمانەكانمانەوە هەیە. ‎زانیارییە هەواڵگرییەكانمان چەندین هێرشی تیرۆریستیان لە وڵاتانی دەرەوە پووچەڵ كردەوە، داڵدەی نزیكەی ‌2 ملیۆن كەسمان دا كە لە دەستی ستەم و زۆردارییەوە ڕایان كردبوو. زۆر بەڕوونی نیازپاكیی خۆمان وەكو هاووڵاتییەكی جیهانیی نیشاندا، ئەمە جیا لە پەنادان و پاراستنی عەرەب، كورد، موسڵمان، ئێزدی، كریستیان، توركمان و پێكهاتەكانی تر. به ‌دووریی تەنیا 10 كیلۆمەتر لە باڵەخانەی پەرلەمانی كوردستان، ناوچەیەكی كریستییانەكان هەیە كە لە هەموو سووچێكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هاتوون، كڵێسا درووست دەكەن و بە ئاشتی رێورەسمە ئایینییەكانیان بەجێ دەگەیەنن. ‎لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، تێچووی پەنابەرانی دیكە ‌روو لە زیاندبوونە و بە شێوەیەكی نیوەچڵ كۆمەك دەكرێن. لەم نێوەدا ناتوانین بە تەنیا وەك خانەخوێی میواندۆست ڕۆڵی خۆمان بگێڕین، بەڵكو پێویستیمان به مسۆگەركردنی ‌داهاتووی خۆمان و ئاوارەكانە، بۆ ئەمەش چاومان له هاوكاریی هەمەجۆری ‌دۆست و هاوڕێكانمانە له ‌ڕۆژئاوا. ‎ئالنگارییەكان له ‌ناوخۆی هەرێمی كوردستانەوه ‌دەستپێدەكەن، كه بە ‌درێژایی مێژوو نیشتمانی ئێمە بووە. وەك سەرۆك وەزیران، بەرمەبنای باشترین رێكار و رێوشوێنە جیهانییەكان، كۆمەڵێك چاكسازی دەكەم كە تەواوی كەرت و باڵە خزمەتگوزارییەكان بگرێتەوە و ئەنجومەنی وەزیرانیش ڕووبەڕووی لێپرسینەوە بكاتەوە. ‎حكوومەتەكەم ئابووریێكی هەمەچەشن بونیاد دەنێت، كە خۆشگوزەرانیی زیاتر بۆ هەمووان بەدی بهێنێت. یاساگەلیك دادەڕێژین بۆ ئەوەی كوردستان پێگەیەكی سەرنجڕاكێشی هەبێت بۆ ڕاكێشانی وەبەرهێنەرەكان. هێزە چەكدارەكانمان دەكەینە یەك و رێكیان دەخەینەوە و نوێیان دەكەینەوە. كار بۆ ئەوە دەكەین خزمەتگوزارییە گشتییەكان و چارەسەكردنی گەندەڵیی، ببنە زامنی ئەوەی كە حكوومەت خزمەتی هاونیشتمانیان بكات، نەك ‌پێچەوانەوەكەی. بۆ ئەم گۆڕانكارییەش، دۆستەكانمان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە رووی سیاسی و داراییەوە هاوكارمان بن. ‎بۆ دووبارە ریكخستنەوە و راگرتنی ‌پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، كه ‌له ‌ماوەی 16 ساڵی رابردوو بەردەوام لەگرژیدا بووە، هەنگاوی پێویست دەگرمەبەر. زۆربەی ئەو ماوەیە بە شێوەیەكی سەرەكی، پشتمان بە خۆمان بەست، بەبێ ئەوەی پەیوەندییمان لەگەڵ عێراق ببڕین. ‎بە رێككەوتن پشكێكمان لە ‌بودجەی عێراق ‌بەدەست دەگەیشت، بەڵام زۆر بە دەگمەن دەرماڵە و هەقە داراییەكانی دیكەمان بە تەواوی وەرگرتووە. ئێستا كاتی ‌ئەوە هاتووە هاوبەشی و پەیوەندییەكی بنیاتنەر ‌و هاوسەنگ و سەقامگیرمان لەگەڵ بەغدا هەبێت. ‎وەك سەرۆك وەزیران، ئەم هەفتەیە سەردانی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراقم كرد و بە ئامانجی چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوانمان لە پەیوەست بە نەوت، ناوچە جێناكۆكەكان، بودجە و ڕۆڵی هێزە چەكدارەكانمان، كۆمەڵیك پێشنیازم خستنە روو. دەمەوێ لە رێگای دابەشكردنی هاوسەنگ و دادپەروەرانەی بودجەوە، رێز لە ڕێككەوتنەكانمان بگیرێت. ئەم بڕیارەش دەتوانێت بناغەیەكی پتەوی هاوكاریی نێوانمان بێت بۆ ئایینده. دواڕۆژی ئێمە پەیوەستە بە عێراقێكی سەقامگیر و دیموكرات. ‎ساڵی 2017، هەرێمی كوردستان ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامدا، دەنگدانەكە هیچ پابەندبوونێك یان مولزەم نەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا 93%ی خەڵك، به (‌بەڵێ) دەنگیان دا. ئەمە لەكاتێكدا بوو كە چاوەڕوانی ئەوەمان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكرد، لە پەیوەست بە مافی بڕیاردانی چارەنووس، پشتگیریی زیاترمان بكات. كاری لەپێشینەمان بونیادنانی كوردستانێكی بەهێز و سەقامگیرە، بۆ ئەمەش چاومان لە پشتگیریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە. لەم ڕووەوە چاوەڕوانی ددانپێدانان بە ڕۆڵی جیهانی و بونیادنەرانەمان لەوانە دەكەین، كە لە پاراستنیاندا هاوكاریان بووین، ئەمەش بە هاوكاریكردنمان لە بونیادنانی ئابوورییەكەمان. ‎بەدرێژایی تەمەنی چەندین نەوە، بە هۆی شەڕو ئاڵۆزی، هەموو خێزانێك له ‌هەرێمی كوردستانی عێراق، زیانی كەسیی بەركەوتووە. چیتر نامانەوێ و ناشتوانین بە هۆی شەڕو ناكۆكی لایەنەكان و دراوسێكان، كە دەرهاوێشتەیەكی خراپی بە جێهێشتوە، دەستبەرداری هەماهەنگی و هاوسۆزیی بین، یان ئەو قوربانییانە لەبەرچاو نەگرین، كە خەڵكێكی زۆر داویانە. ‎لەنێو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا هاوڕێ و دۆستی زۆرمان هەن، كە هیوای باشمان بۆ دەخوازن، بەڵام هەنووكە كاتی ئەوە هاتووە هەوڵی زیاتر بدەن و كاری لەمە زیاتر بكەن. سەر لەنوێ ڕۆڵی نێوەندگیرێكی پاك دەگێڕین، كە هەمووان متمانەی پێ بكەن. ئەمەش لە روانگەی دۆستایەتی و هاوڕێیەتی راستەقینەوە دەكەین. دوای ئەوەی پاڵشتیی نەگۆڕی خۆمان بۆ بەرژەوەندیی هاوپەیمانەكانمان نیشاندا، لە نێویاندا ئەمەریكا، هەروەها پابەندیی خۆمان بە بەها و پرەنسیپە دیموكراتییەكان سەلماند. ئێستا پێویستیمان بەوەیە دۆستەكانمان، هاوكارمان بن لە سەرلەنوێ دەستپێكردنەوە. ‎* سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ‎رۆژنامەی واشنتن پۆست 18‪/7‪/2019  https://www.washingtonpost.com/opinions/2019/07/18/why-kurdistan-region-iraq-is-making-new-start/?fbclid=IwAR2LdvnSlOVuPuJy1kH1-Fkhlt1Lrdv1rP918gYLLyFl2NseSSn0kgCBJoQ&noredirect=on&utm_term=.7f2cc431b2b7


درەو: ئەمڕۆ لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان دیبلۆماتكارێكی كونسوڵگەری گشتی توركیا لە ریستۆرانتێكی توركی لە شاری هەولێر كوژرا.  لەدوای روداوەكەوە، تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك لە هەرێمی كوردستان راگیرا، ئەو شوێنەی كە دیبلۆماتكارەكەی تێدا كوژرا ریستۆرانتێكە بەناوی رستۆرانتی "هۆقەباز- HUQQABAZ"، ئەم رێستۆرانتە دەكەوێتە بەرامبەر شاری خەونەكان، خواردنگەیەكی توركییە‌و زیاتر كەسانی سەرمایەدارو بازرگانەكان لەوێ دادەنیشن‌و گفتوگۆ دەكەن، واتە شوێنی خەڵكی ئاسایی نەبووە. بەپێی هەواڵێك كە تۆڕی (BBC) لەزاری چەند سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردوەتەوە" چەكدارەكان لە مێزێكی نزیك دیپلۆماتكارە توركەكان دانیشتوون، پاشان بە چەكی سوكی بێدەنگ (كاتم) تەقەیان لە دیپلۆماتكارەكان كردووە. ئەو كەسەی لە روداوی تەقەكردنەكەی ئەو ریستۆرانتەدا كوژرا، "مستەفا بێگ" بوو، دەوترێت  ئەم پیاوە كونسوڵی فیعلی توركیا بووە لە هەولێر، (هاكان كەرەچای) تەنیا بەناو رۆڵی كونسوڵی بینیوە. سەرەتای رووداوەكە تۆڕی هەواڵی (CNNTURK)   لە زاری سەرچاوە ئەمنییەكانەوە رایگەیاند، تەقەكەرەكە كوژراوە، دواتر هەمان سەرچاوە باسی لەوەكرد، تەقەكەرەكە كچێكی تەمەن (20) ساڵانە، رەنگە بەناوی هێنانی كچێك وەكو هێرشبەر، سەرچاوە ئەمنییەكانی هەرێم ویستبێتیان رووداوەكە بەسەر پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)دا ساغ بكەنەوە، بەتایبەتیش دوای كوژرانی ژمارەیەك لە فەرماندەكانی پەكەكە لە هێرشی فڕۆكەكانی توركیا‌و تۆمەتباركردنی پارتی بە تێوەگلان لەو هێرشانەدا لەلایەن پەكەكەوە. سەرباری ئەمە، هەردوای بڵاوبونەوەی هەواڵی كوژرانی دیپلۆماتكارێكی توركیا لە هەولێر، میدیاكانی ناوخۆ‌و جیهان بەخێرایی سەرەنجیان خستە سەر (پەكەكە) وەكو هێزێكی نەیاری دەوڵەتی توركیا، بەڵام (پەكەكە) زوو لەزاری دیار دەنیز بەرپرسی راگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل, باڵی سەربازی پەكەكەوە رایگەیاند" ئاگاداری روداوەكە نین‌و پەیوەندیشیان پێوەی نییە". دواتر بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێر راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە‌و ئیدانەی هێرشەكەی كرد‌و دڵنیایی بە دیپلۆماتكارانی بیانی دا كە پارێزراو دەبن، بەڵام هیچ زانیارییەكیان لەبارەی وردەكاری هێرشەكەی ریستۆرانت "هۆقەباز" ئاشكرانەكرد‌و هیچ ئاماژەیەكی بە چارەنوسی تەقەكەرەكە نەكرد.     



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand