بەرزبونەوەی دۆلار.. دیارییەك بۆ حكومەتی هەرێم
2020-12-19 18:37:45
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لەبەرامبەر دیناری عێراقی دیارییەكی گرنگە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار مانگانە نزیكەی (80 ملیار) دینار داهاتی حكومەت زیاد دەكات، بەم دۆخە ئابورییە نوێیەوە، ئەگەر (320 ملیار) دینارەكەی بەغداد بەردەوام بێت، حكومەت مانگانە بەبێ لێبڕین دەتوانێت موچە دابەشبكات، خۆ ئەگەر بەغداد پارەكە نەنێرێت، دەبێت رێژەی لێبڕین بۆ 40% بەرزبكاتەوە، بەڵام لەهەردوو بارەكەدا نرخ بەرزدەبێتەوەو هێزی كڕین لاواز دەبێت، لەمەشدا چینی فەرمانبەرو هەژاران زەرەرمەند دەبن، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
دۆخێكی دارایی نوێ
ئەمڕۆ بانكی ناوەندی عێراق بەفەرمی نرخی (100 دۆلار)ی ئەمریكی بە (147 هەزار) دینار بۆ هاوڵاتیان جێگیركرد، نرخەكە لەنێوان وەزارەتی داراییو بانكی ناوەندیدا (145 هەزار) دینارە بۆ هەر (100 دۆلار)ێك.
حكومەتی عێراق ساڵێكی قورسی دارایی بەرێ دەكات، ساڵێك كە تێیدا بەهۆی قەیرانی سەرهەڵدانی كۆرۆناو دابەزینی نرخی نەوتەوە داهاتەكانی كەمیكرد، ئامادەكردنی پرۆژە یاسای بودجەی 2021 بە ناوەڕۆكەكەیدا دەردەكەوێت خەڵكی عێراق دەبێت چاوەڕوانی ساڵێكی دارایی قورستر بكەن.
ئەم پرۆژەیە رۆژی پێنج شەممەی رابردوو خرایە بەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، هەر ئەو رۆژە كۆپییەكی پرۆژەكە دزەی كردە ناو میدیاكانو دەركەوت پرۆژە یاساكە كار لەسەر كەمكردنەوەی خەرجییە گشتییەكان دەكات.
ژمارەیەك لە بەرپرسانی عێراقی كە كاریان لەسەر ئامادەكردنی ئەم پرۆژە یاسایە كردووە، بە ئاژانسی هەواڵی (فرانس پرێس)یان راگەیاندووە، لە نوسینی ئەم پرۆژەدا ئامانجیان "خۆراگری" عێراقە دوای ئەو قەیرانە داراییە بێ پێشینەی كە بەهۆی كۆرۆناو دابەزینی نرخی نەوتەوە روبەڕووی وڵات بووەتەوە.
لە رەشنوسی بودجەی 2021دا ژمارەیەك رێوشوێن بۆ روبەڕووبونەوەی دۆخی خراپی دارایی حكومەت دیاریكراوە، یەكێكیان بەرزكردنەوەی بەهای دۆلارە لەبەرامبەر دیناری عێراقی، پێشتر لە بانكی ناوەندی عێراق (100 دۆلار)ی ئەمریكی بە (119 دینار)ی عێراقی دەفرۆشرا، بەڵام لە پرۆژەی بودجەدا ئەم رێژەیە زیادكراوە بۆ (145 هەزار) دینار.
بڕیار نەبوو، بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار ئاوا بەزویی ئاشكرا ببێت، بەڵام دزەكردنی رەشنوسی پرۆژەی بودجە بۆ ناو میدیاكان، هەرزوو بازاڕی شێواندو نرخە نوێیەكەی جێگیركرد، ئەمە لەكاتێكدایە هێشتا پرۆژەی بودجە لە حكومەت دەنگی لەسەر نەدراوەو ئاڕاستەی پەرلەمانیش نەكراوە، ناچار ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراقو بانكی ناوەندی نرخە نوێیەكەیان بە فەرمی جێگیركرد.
بە دەستكاریكردنی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار لە یاسای بودجەدا، بەرپرسانی عێراق دەیانەوێت هەندێك فشاری خەرجی موچە لەسەر حكومەت كەمبكەنەوە، كە گەورەترین رێژەی خەرجییەكانی حكومەت پێكدەهێنێت.
ژمارەی فەرمانبەرانی عێراق (بە 682 هەزار فەرمانبەری هەرێمەوە كە بەفەرمی تۆماركراوە) بە تێكڕا نزیكەی (4 ملیۆن) فەرمانبەرە، لەگەڵ (3 ملیۆن) خانەنشینو (ملیۆنێك) كەس كە موچەی چاودێری كۆمەڵایەتی وەردەگرن.
رێژەی 90%ی داهاتی عێراق لە فرۆشتنی نەوتەوە بەدەست دێت، ئەم داهاتە بە دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ حكومەتی عێراق، ئەگەر بەهای دۆلار لەبەرامبەر دینار بەرزبكرێتەوە، حكومەت دەتوانێت لە دابینكردنی خەرجییەكانیدا بڕێكی زیاتر لە داهاتی بۆ بگەڕێتەوە.
سەرباری ئەوەی حكومەت لەم رێگەیەوە دەتوانێت موچەی فەرمانبەرانی زامن بكات، بەڵام دابەزاندنی بەهای دینار لەبەرامبەر دۆلار بە زیان بۆ چینی موچەخۆرو هەژاران كۆتایی دێت، چونكە بازرگانەكان كاڵاو پێداویستییەكان بە دۆلار هاوردەی عێراق دەكەنو ناچارن بۆ فرۆشتنەوە لەناوخۆی وڵات بە دینار، نرخ بەرزبكەنەوە، ئەمەش وادەكات توانای كڕین لای چینی موچەخۆرو هەژاران لاواز ببێت.
هەندێك پێشبینی دەكەن ئەم دۆخە داراییە نوێیەی عێراق، رێژەی هەژاریی لە وڵات بۆ (40%)ی كۆی ژمارەی دانیشتوان كە نزیكەی (40 ملیۆن) كەسە، بەرزبكاتەوە.
حكومەت بەهەموو شێوەیەك دەیەوێت قەبارەی داهاتەكانی خۆی زیاد بكات، بۆ ئەمەش تەنیا پەنای بۆ دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی نەبردووە، هاوكات بەپێی رەشنوسی بودجەی 2021 دەیەوێت قەبارەی داهاتی نانەوتیی بۆ (18 ترلیۆن) دینار بەرزبكاتەوە لەكاتێكدا ئەم داهاتە لە بودجەی 2019دا بە (11 ترلیۆن) دینار دیاریكراوە، هەرچی داهاتی نەوتیشە، بەپێی ئەوەی لە رەشنوسی بودجەدا هاتووە پێشبینی دەكرێت بۆ ساڵی داهاتوو بگاتە (73 ترلیۆن) دینار، كە ئەمەش (20 ملیار) دینار لە بودجەی 2019 كەمترە.
بەهۆی ناكۆكییە سیاسییەكانەوە، عێراق ئەمساڵ یاسای بودجەی نەبوو، پێشبینی بودجەی 2021 ئەوەیە عێراق هەر بەرمیلێك نەوت بە (42 دۆلار) بفرۆشێت، ئەم پێشبینییەش زۆر كەمترە لە نرخی ئێستای بازاڕی نەوتو نرخی بەرمیلی نەوت لە بودجەی 2019دا كە بە (56 دۆلار) دیاریكرابوو.
ساڵی 2019 بودجەی عێراق گەورەترین قەبارەی تۆماركردو گەیشتە (133 ترلیۆن) دینار، بەڵام بودجەی 2021 زۆر زیاترەو كۆی گشتی خەرجی وڵات بە (150 ترلیۆن) دینار خەمڵێندراوە.
دۆلارو داهاتی نوێی عێراق
رێژەی 90%ی داهاتی عێراق لە فرۆشتنی نەوتەوە بەدەستدەهێنرێت، داهاتی نەوتی عێراق بۆ مانگی رابردوو (3 ملیارو 394 ملیۆنو 988 هەزار) دۆلار بووە، ئەگەر بە نرخی مانگی رابردوو ئەژماربكرێت، واتە هەر (100 دۆلار) بەرامبەر بە (119 دینار)، ئەوا لەو مانگانە داهاتی عێراق بە دینار (4 ترلیۆنو 40 ملیارو 35 ملیۆن) دینار بووە.
ئەگەر هەمان داهات ئێستا بە جیاوازیی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار ئەژمار بكرێت، واتە هەر (100 دۆلار) بەرامبەر بە (145 هەزار) دینار، داهاتی هەمان بڕ لە فرۆشی نەوت بە دینار دەبێت بە (4 ترلیۆنو 922 ملیارو 732 ملیۆن) دینار، ئەمە دەریدەخات پلانی دابەزاندنی بەهای دینار بڕی نزیكەی (ترلیۆنێك) دینار داهاتی نەوتی بۆ حكومەت زیادكردووە كە بەهۆیەوە حكومەت دەتوانێت مانگانە كورتهێنانی خۆی پڕبكاتەوە.
بەهای دۆلارو هەرێمی كوردستان
هاوكێشەی دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریكی هەمان كاریگەری لەسەر حكومەتو خەڵك لە هەرێمی كوردستانیش دەبێت، حكومەت لەم پلانە سودمەندو هاوڵاتیانیش زەرەرمەند دەبن.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چەندین سەرچاوەیەكەوە داهاتی دەستدەكەوێت، بەشی زۆری داهاتەكان بە دۆلار بۆ حكومەتی هەرێم دەگەڕێنەوە، بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار لەبەرامبەر دیناری عێراقی لەم قەیرانە داراییە سەختەدا، وەكو دیارییەكە بۆ حكومەتی هەرێم.
بەپێی دواین داتاكان كە دەست (درەو) كەوتوون، ئەو داهاتانەی كە بە "دۆلار" دەست حكومەتی هەرێم دەكەون، بەبێ (320 ملیار) دینارەكەی بەغداد، مانگانە بەمشێوەیە:
• داهاتی نەوت: 270 ملیۆن دۆلار
• پارەی هاوپەیمانان: 17 ملیۆن دۆلار
• داهاتی ناوخۆ: 170 ملیار دینارە، نزیكەی (30 بۆ 50 ملیۆن)ی بە دۆلارە
بەپێی ئەم هاوكیشەیە، حكومەتی هەرێم مانگانە تەنیا بە دۆلار، لانی كەم (317 ملیۆن) دۆلاری دەستدەكەوێت، ئەم پارەیە ئەگەر بە نرخی پێشتر واتە (100 دۆلار) بەرامبەر بە (125 هەزار) دینار ئەژماربكرێت، بەدینار دەكاتە (380 ملیار) دینار، بەڵام ئەگەر بە نرخی نوێی دراو واتە (100 دۆلار) بەرامبەر (145 هەزار) دینار ئەژماربكرێت، داهاتەكە دەكاتە (460 ملیار) دینار، ئەمە دەریدەخات بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار لەبەرامبەر دینار مانگانە نزیكەی (80 ملیار) دینار بۆ حكومەتی هەرێم زیاد دەكات.
بەرزبونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار، بەتێكڕا داهاتی مانگانەی حكومەتی هەرێم بەبێ (320 ملیار) دینارەكەی بەغداد، دەگەیەنێتە زیاتر لە (530 ملیار) دینار.
حكومەت بۆ خەرجی موچە، مانگانە پێویستی (894 ملیار) دینار هەیە، ئەگەر هاوشێوەی مانگی رابردوو بە لێبڕینی 21%ەوە موچە دابەشبكات، پێویستی بە (730 ملیار) دینار هەیە.
ئەگەر (320 ملیار) دینارەكەی بەغداد بەردەوام بێت، حكومەتی هەرێم بەم نرخە نوێیەی دۆلارەوە، دەتوانێت مانگانە بەبێ لێبڕین موچەی فەرمانبەران دابەشبكات، بەڵام ئەگەر پاڵپشتی (320 ملیار)ەكە نەمێنێت، دەبێت رێژەی لێبڕینی موچە بۆ 40% بەرزبكاتەوە، ئەمەش دۆخێكی خراپتر دروسدەكات بەتایبەت لەكاتێكدا بەهۆی نزمكردنەوەی بەهای دینار لەبەرامبەر دۆلار، نرخ بەرزدەبێتەوەو توانای كڕین لاواز دەبێت.