Draw Media

بازرگانی پارتی‌و پەكەكە

بازرگانی پارتی‌و پەكەكە

2020-12-16 15:58:08


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت

پارتی‌و پەكەكە لەلایەك لەشەڕدان‌و لەلایەكی ترەوە لە بازرگانی نەوتدا پێكەوە كاری هاوبەش دەكەن، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سنوری نێوان باشور‌و رۆژئاوای كوردستان پێكدادان لەنێوان هێزەكانی پارتی‌و پەكەكە رویدا، لەو شوێنەدا كە شەڕەكە رویداوە، رۆژانەی 45 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژئاوای كوردستان دێتە ناو هەرێمی كوردستان‌و بەبۆری نەوتی هەرێمدا رەوانەی توركیا دەكرێت، دیار نییە ئایا داهاتی ئەم نەوتە دەچێتە ناو خەزێنەی حكومەتی هەرێم یاخود نا ؟ 

بازرگانی‌و شەڕ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سنوری نێوان باشورو رۆژئاوای كوردستان شەڕ لەنێوان هێزێكی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە)‌و هێزەكانی پێشمەرگەی پارتی دیموكراتی كوردستان رویدا.
بەپێی قسەی سەربەست لەزگین بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە، ژمارەیەك "چەكداری پەكەكە" ویستویانە لە رۆژئاوای كوردستانەوە بێنە ناو هەرێمی كوردستان‌و پێشمەرگە رێگری لێكردوون، بەوهۆیەوە شەڕ رویداوە. 
سەربەست لەزگین راستەوخۆ هێزی یەكینەكانی پاراستنی گەل دەبەستێتەوە بە پەكەكەو دەڵێ:" ئێمە رێگەنادەین هیچ قاچاخچییەك، هیچ چەكدارێك لەبەرچاوی ئێمەو لەژێر سێبەری حكومەتی هەرێمی كوردستان بە رێگەی ناڕەواو ناشەرعی بێتە نێو هەرێم، نە پەكەكەو نە غەیری پەكەكە.. هەموو لایەك ئەوە دەزانن هێزەكانی یەپەگە لەژێر ئاڕاستەو راسپاردەو فەرمانی سەركردایەتیی پەكەكە كار دەكات".
ئەگەر ئەمە دروست بێت یەپەگە لەژێر فەرمانی پەكەكەدا بێت، هەرجۆرە بازرگانییەكی پارتی لەگەڵ رۆژئاوای كوردستان بەواتای بازرگانی دێت لەگەڵ پەكەكە.
لەو سنورەدا كە شەڕەكە رویداوە، پارتی بازرگانی لەگەڵ رۆژئاوای كوردستان‌و بە دیاریكراویش لەگەڵ پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) هەیە.

بازرگانی پارتی‌و پەیەدە
رۆژی 30ی تەموزی ئەمساڵ مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە رۆژئاوای كوردستان، گرێبەستێكی لەبواری نەوتدا لەگەڵ كۆمپانیای (دەلتا كریسنت ئینێرجی)ی ئەمریكیدا ئیمزا كرد.
بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، كۆمپانیا ئەمریكییەكە ئێستا رۆژانە (100 هەزار) بەرمیل نەوت لە رۆژئاوای كوردستان بەرهەمدەهێنێت، لەم رێژەیە رۆژانە (45 هەزار) بەرمیل نەوت لەڕێگەی بۆرییەوە رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات، كۆمپانیای (لاناس) نەوتەكەی رۆژئاوای كوردستان وەردەگرێت‌و دەیكاتە ناو بۆری هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ توركیا‌و رەوانەی بازاڕەكانی جیهانی دەكات.
لەم پرۆسەیەدا كۆمپانیا (لاناس) رۆژانە (45 هەزار) بەرمیل نەوتی قورسی رۆژئاوای كوردستان وەردەگرێت‌و لەبری ئەوەی نەوتەكەی رۆژئاوا تێكەڵی نەوتی هەناردەكراوی هەرێمی كوردستانی دەكات، لە كێڵگەیەكی تری هەرێمی كوردستان رۆژانە (45 هەزار) بەرمیل نەوتی سوك وەردەگرێت‌و لە پاڵاوگەكەی خۆی لە نزیك "گوێر" دەیپاڵێوێت‌و لەناوخۆدا دەیفرۆشێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو پارتی دەست (درەو) كەوتوون، داهاتی ئەم هاوكێشە بازرگانییەی نێوان پارتی‌و پەیەدە بەمشێوەیە:
•    كۆمپانیای (لاناس) هەر بەرمیلێك نەوتی رۆژئاوای كوردستان بە (17 دۆلار) وەردەگرێت‌و بە (32 دۆلار) دەیفرۆشێت.
•    داهاتی ئەم پرۆسەیە مانگانە (43 ملیۆن) دۆلارە، لەم پارەیە (23 ملیۆن) دۆلاری بۆ ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان‌و كۆمپانیا ئەمریكییەكە دەڕوات‌و لەبەرامبەردا (20 ملیۆن) دۆلاری بۆ كۆمپانیای (لاناس)‌و ئەو كەسەیە كە لە پشت كۆمپانیاكەوەیە، كە دەوترێت فەرماندەیەكی دەسترۆیشتووی سەربازی پارتییە.  
•    جیاوازی كڕین‌و فرۆشتنی هەر بەرمیلێك نەوتی رۆژئاوای كوردستان، بۆ ئەو بەرپرسەی پارتی كە نەوتەكە وەردەگرێت (15 دۆلار) قازانجە، رۆژانە (45 هەزار) بەرمیل نەوت لە رۆژئاواوە دەچێتە ناو بۆری نەوتی هەرێم، قازانجی جیاوازی نرخی كڕین‌و فرۆشتن بە تێكڕا رۆژانە (675 هەزار) دۆلارە.
•    تائێستا نازانرێت داهاتی فرۆشتنی نەوتی رۆژئاوای كوردستان هیچ بڕێكی دەچێتە ناو خەزێنەی حكومەتی هەرێمەوە یاخود نا.  
دوێنێ سایتی (intelligence online)ی هەواڵێكی لەبارەی بازرگانی نەوت لەنێوان رۆژهەڵات‌و باشوری كوردستان بڵاویكردەوە، ئەم سایتە هاوبەشكاریی حكومەتی دەوڵەتانی ئەوروپی‌و ئەمریكای باكورو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و ئاسیایە لە بواری ئاڵوگۆڕی زانیاری‌و بڵاوكردنەوەی زانیاری باوەڕپێكراو لە بوارەكانی بزنس.
سایتەكە دەڵێ:" سەرەڕای ئەوەی ئەمریكا سزای ئابوری بەسەر سوریادا سەپاندووە، بەڵام دەروازەیەكی هێشتوەتوەتەوە بۆ كۆمپانیا نەوتییەكانی ئەمریكا بۆ كاری بازرگانی نەوت لەنێوان سوریا‌و هەرێمی كوردستان". 
بەگوێرەی سەرچاوەكانی زانیاری لەناو حكومەتی هەرێمی كوردستان كە سایتەكە لە راپۆرتەكەیدا پشتی پێبەستوون، ئێستا كۆمپانیای (دەلتا كرێسنت ئینێرجی)ی ئەمریكی، كە كاری بەرهەمهێنانی نەوت دەكات لە رۆژئاوای كوردستان، رێككەوتنی لەگەڵ هەریەكە لە پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە)‌و پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە بۆ بازرگانی نەوت، ئەمەش لەژێر چاودێری پارێزگاری دهۆك‌و چەند بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستاندا دەكرێت‌و تانكەكانی ئەمریكا لە سنور پاسەوانی دەكەن‌و حكومەتی عێراقیش ئاگادارە.
سایتەكە نوسیویەتی، ئەم پرۆسەیە تاوەكو كۆتایی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئێستا ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە 20ی كانونی دووەمی ساڵی داهاتوو، بۆیە كۆنگرێس‌و نوێنەری ترەمپ لە سوریا رۆژی 9ی دێسەمبەری ئەمساڵ شایەتییان داوە كە ئاگادارن لەم بازرگانییە. 
سایتەكە باسی لەوەكردووە، هەولێر بووەتە ناوەندی كۆكردنەوە‌و سەرەنجڕاكێشانی بازرگانانی نەوت لەسەر ئاستی جیهان‌و ساغكردنەوەی نەوت لەڕێگەی توركیاوە. 
جگە لە نەوت، لە سنوری نێوان رۆژئاوا‌و باشوری كوردستان هەندێك بازرگانی تر لەنێوان پارتی‌و پەیەدەدا هەیە، لەوانە هاوردەكردنی ئاژەڵ بەشێوەی قاچاخ لە رۆژئاواو ناردنی شیش‌و چیمەنتۆ لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ رۆژئاوا.

رۆژئاوا‌و گرێبەستی نەوت
رۆژی 30ی تەموزی رابردوو مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە رۆژئاوای كوردستان، رێككەوتنێكی لەگەڵ كۆمپانیای (دەلتا كریسنت ئینێرجی)ی ئەمریكیدا ئیمزا كرد، ئەمە رێككەوتنێك بوو كە ماوەیەكی زۆر بوو لە تاریكیدا بەنهێنی كاری لەسەر دەكراو دواتر گەیەندرایە ئەنجام.
لەكاتی ئیمزاكردنیدا، حكومەتی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا، توركیا، ئێران‌و روسیا دژی رێككەوتنەكە قسەیان كرد، باسیان لەوەدەكرد گرێبەستی بەرپرسانی رۆژئاوای كوردستان لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكەدا، رەزامەندی حكومەتی دیمەشقی بۆ وەرنەگیراوە‌و سەروەری سوریای پێشێلكردووە، توركیا كە ئێستا لەرێگەی پارتییەوە نەوتی رۆژئاوای كوردستان رەوانەی بازاڕەكانی جیهان دەكات، سەرەتا دەیوت ئەم گرێبەستە وەكو دانپێدانانی ئەمریكایە بە ئیدارەی رۆژئاوای كوردستاندا، كە بەلای ئەوانەوە ئەم ئیدارەیە درێژكراوەی پارتی كریكارانی كوردستان (پەكەكە)یە‌و گرێبەستەكە سەرچاوەی دارایی بۆ (پەكەكە) دابین دەكات كە بەلای ئەنكەرەوە پارتێكی "تیرۆریستە".

لەبارەی گرێبەستەكەوە
وردەكاری گرێبەستی نەوتیی نێوان ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان‌و كۆمپانیا ئەمریكییەكە لەبەردەستدا نییە، نە هێزەكانی سوریای دیموكرات لە رۆژئاوای كوردستان‌و نە ئەمریكاش بەفەرمی وردەكارییان لەبارەی گرێبەستەكە بڵاونەكردوەتەوە، بەڵام دەوترێت مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كە یەكێك بووە لە پاڵپشتكارە سەرسەختەكانی ئیمزاكردنی گرێبەستەكە‌، رۆژی 30ی تەموز لەبەردەم كۆنگرێسدا بە سیناتۆری كۆماریی لیندسی گراهام-ی وتووە:" رێككەوتنەكە كاتێكی دورودرێژی خایاندووەو ئێستا ئێمە لەبواری جێبەجێكردنداین".
بەپێی هەندێك زانیاریی كە میدیاكانی ئەوروپاو ئەمریكا بڵاویانكردوەتەوە لەوانە سایتی (ئەلمۆنتیۆر)، رێككەوتنە نەوتەییەكەی هێزەكانی سوریای دیموكرات‌و كۆمپانیای (دەلتا كریسنت ئینێرجی)ی ئەمریكی بۆ ماوەی (25 ساڵ)ە، واتە نیوەی ئەو كاتەی كە لەرێككەوتنی نەوتی نێوان هەرێمی كوردستان‌و توركیادا هاتووە‌و بە رێككەوتنی (50 ساڵە) ناودەبرێت.
سایتی (ئەلمۆنیتۆر) دەڵێ:" مەزڵوم كۆبانێ تۆوەكەی نێچیرڤان بارزانی دەچێنێتەوە، نێچیرڤان كە سەرۆكی حكومەتی هەرێم بوو، ساڵی 2013 رێككەوتنی نەوتیی لەگەڵ توركیا ئیمزاكرد، دەوترێت دەستی لە رێككەوتنەكەی نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات‌و كۆمپانیای (دەلتا كریسنت ئینێرجی)ی ئەمریكیشدا هەیە، بەڵام نازانرێت هەڵوێستی مەسرور بارزانی ئامۆزای كە ئێستا سەرۆكی حكومەتە لەوبارەیەوە چییە.
ئەوەی تائێستا باسدەكرێت لەبارەی رێككەوتنەكەی نێوان ئەمریكا‌و هێزەكانی سوریای دیموكرات، گرێبەستەكە دروستكردنی دوو پاڵاوگەی نەوت لەخۆدەگرێت، یەكێكیان بۆ دابینكردنی سوتەمەنی بۆ ناوچەكانی رۆژئاواو باكوری سوریا، ئەوی تر بۆ وەبازاڕخستنی نەوت.

لەبارەی كۆمپانیا ئەمریكییەكەوە
كۆمپانیای (دەلتا كریسنت ئینێرجی) كە نەوتی ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكراتی وەرگرتووە، یەكێك لە دامەزرێنەرانی ئەم كۆمپانیایە (جیمس كین)ە كە پێشتر باڵیۆزی ئەمریكا بووە لە دانیمارك، ئەم پیاوە لە كۆمپانیاكەدا چەند هاوبەشێكی تری هەیە یەكێك لەوانە (جیمس ریس)ە كە ئەفسەرێكی خانەنشینی هێزی "دەلتا"ی ئەمریكایە‌و پێشتر خاوەنی كۆمپانیایەكی ئەمنی بووە، هەروەها (جۆن دۆریر) كە بەڕێوەبەری جێبەجێكاری نەوتە‌و دەوترێت شارەزاییەكی زۆری لەبواری كاركردندا هەیە لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
لیستی خاوەندارێتی كۆمپانیا ئەمریكییەكە دەریدەخات كۆمپانیاكە زیاتر لە كۆمپانیایەكی حكومی دەچێت وەك لەوەی كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت بێت، هەندێك دەڵێن ئەمە هۆكارەكەیە كە ئیدارەی ترەمپ‌و بەدیاریكراویش مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا هەوڵی زۆریان داوە بۆ ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە.
خاوەنەكانی كۆمپانیا ئەمریكییەكە دۆستایەتیی بەهێزیان لەگەڵ هەندێك لە بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە، بۆیە پێشبینی دەكرێت پارتی‌و بەدیاریكراویش نێچیرڤان بارزانی رۆڵی لە ئیمزكردنی رێككەوتنەكەدا هەبوبێت.

نەوت لە سوریا
تائێستا هیچ توێژینەوەیەكی وردو پشتڕاستكراوە لەبارەی كەرتی وزە لە سوریا لەبەردەستدا نییە، لەسەردەمی حوكمی حافز ئەسەدی باوكەوە لە ساڵی 1973 نەوت لە سوریا وەكو نهێنییەكی نەتەوەیی تەماشادەكرێت‌و زانیاری پێویستی لەبارەوە ناخرێتەڕوو، هەندێك هۆكاری كەمی زانیاری لەبارەی ئەم كەرتە بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە، كە تەنانەت رژێمی بەشار ئەسەدی كوڕیش تاوەكو بەر لە راپەڕینی خەڵك لە ساڵی 2011، ناوی ژمارەیەك لە كێڵگەكانی نەوتی شاردوەتەوە، بەڵام دوای ئەوەی وڵات روبەڕووی شەڕی ناوخۆیی بووەتەوە، خەڵكی سوریا زانیویانە جگە لەو كێلگانەی نەوت كە لە پرۆگرامی خوێندندا لە قوتابخانەكان ناوەكانیان بیستووە، هەندێك بیرە نەوتی تریش هەن، ئەم بیرە نەوتانە ئەوكاتە ئاشكرابوون كە لەماوەی ساڵانی 2014 بۆ 2017 رێكخراوی داعش دەستی بەسەر روبەرێكی فراوانی خاكی سوریادا گرت.
شاراوەیی دۆسیەی نەوت لە سوریا گەیشتوەتە ئاستێك لەسەردەمی ئەسەدی باوك‌و كوڕیشدا داهاتی نەوت وەكو ژمارە نەچووەتە ناو بودجەی وڵاتەوە، ئەگەر داخڵیش كرابێت بە ژمارەو بڕی ساختە تۆماركراوە.
بەگوێرەی راپۆرتێك كە ساڵی رابردوو سایتی "ئۆیڵ برایسز" بڵاویكردوەتەوە كە سایتێكی تایبەتمەندی بواری نەوت‌و وزەیە‌و بارەگاكەی لە بەریتانیایە، تێكڕای یەدەگی نەوت لە سوریا (2 ملیارو 500 ملیۆن) بەرمیلە، ئەمەش بڕێكی زۆر كەمە بەبەراورد بە یەدەگی نەوتی وڵاتێكی وەكو سعودیە كە بڕەكەی نزیكەی (268 ملیار) بەرمیلە، واتە یەدەگی نەوتی سعودیە زیاتر لە (100 هێندە) لە یەدەگی سوریا زیاترە، یەدەگی نەوتی سوریا لەسەر نەخشەی یەدەگی نەوتی جیهان رێژەی (0,14)ی كۆی گشتی نەوتی یەدەگی جیهان پێكدەهێنێت.
بەپێی راپۆرتەكان، تاوەكو بەر لە سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی لە سوریا لە ساڵی 2011دا، ئاستی وەبەرهێنانی نەوت لە سوریا رۆژانە نزیكەی (380 هەزار) بەرمیل بووە، بەڵام سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ساڵی 2016 رایگەیاند، لەدوای دەستپێكردنی شەڕەوە ئاستی وەبەرهێنانی نەوتی سوریا رۆژانە بۆ (40 هەزار) بەرمیل دابەزیوە، بەم گرێبەستە لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكە، رۆژئاوای كوردستان ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی سوریای بۆ (100 هەزار) بەرمیل بەرزكردەوە.
كەرتی نەوت لە سوریا بەهۆی ساڵانی شەڕی ناوخۆوە زیانی گەورەی بەركەوت، وەزارەتی نەوتی سەربە حكومەتی بەشار ئەسەد قەبارەی ئەو زیانانەی كە تاوەكو ساڵی 2017 بەر كەرتی نەوتی سوریا كەوتووە، بە زیاتر لە (62 ملیار) دۆلار خەمڵاند.

نەوت لای شەڕڤانان !
رێژەی 75%ی یەدەگی نەوتی سوریا دەكەوێتە ناوچەكانی دەوروبەری پارێزگای دێرزور لە خۆرهەڵاتی وڵات.
شەڕڤانانی كورد لەچوارچێوەی هێزەكانی سوریای دیموكراتدا، بەخوێنی خۆیان ساڵی 2017 چەكدارانی "داعش"یان لە ناوچەكانی خۆیان پاككردەوە، ئەمە وایكرد رێژەی 90%ی كێلگە نەوتییەكان‌و یەدەگی نەوتی سوریا بكەوێتە ژێر كۆنترۆڵی ئەوانەوە، ئێستا تەنیا رێژەی 10%ی نەوتی سوریا لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی بەشار ئەسەددایە لە دیمەشق.
بەگوێرەی هەندێك خەمڵاندن، لەدوای ئەوەی ساڵی 2017 داعشیان لە ناوچەكە دەركردووە، هێزەكانی سوریای دیموكرات بەرمیلێك نەوتیان بە (30 دۆلار) فرۆشتووە‌و مانگانە لە فرۆشی نەوت نزیكەی (10 ملیۆن) دۆلاریان دەستكەوتووە، راپۆرتەكان باسلەوەدەكەن نەوتی ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكرات تاوەكو بەر لەم رێككەوتنە، بەسێ رێگا هەناردەكراوە، بەشێكی رۆیشتووە بۆ رژێمی ئەسەد‌و بەشێكی تری بۆ ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی بەناو "ئۆپۆزسیۆنی سوریا"‌و بەشێكی تریشی رەوانەی هەرێمی كوردستان كراوە، واتە بازرگانی پارتی لەگەڵ رۆژئاوای كوردستان، مێژویەكی كۆنتری هەیە.
زۆربەی نەوتی دۆزراوەی سوریا دەكەوێتە ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان‌و سنورەكانی نێوان سوریا لەگەڵ توركیا‌و عێراق، نەوت بەمشێوەیە دابەشبووە بەسەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكراتدا: 
•    زۆرترین گێڵگەی نەوت كە دەكەوێتە پارێزگای دێرزور، لە ساڵی 2017وە لەژێر كۆنترۆڵی یەكینەكانی پاراستنی گەلدان، لەوانە كێڵگەی (عومەر) كە گەورەترین كێڵگەی نەوتە لە سوریا هەروەها كێڵگەی (تەنەك) كە دووەم گەورە كێڵگەی نەوتە لە دێرزور.
•    هەر لە دێرزور چەند كێڵگەیەكی تری نەوت هەن كە دەكەونە ژێر كۆنترۆڵی حكومەتی سوریا لەوانە كێڵگەی (وەرد)‌و (تیم)، بەڵام ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەم دوو كێڵگەیەدا كەمە بەهۆی ئەوەی وێستگەی كۆكردنەوەی ئەو نەوتەن كە لە كێڵگەكانی (عومەر)‌و (تەنەك)ەوە بۆیان دەڕوات. لە درێرزور چەند كێڵگەیەكی تر هەن لەژێر كرۆنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكراتدان لەوانە كێڵگەكانی (دیرۆ، جوفرە، خەراتە) كە رۆژانە زیاتر لە (2 هەزار) بەرمیل نەوتیان تێدا بەرهەمدەهێنرێت، هەر لەم ناوچەیە كێڵگەی غازی (كۆنیكۆ) هەیە.
•    بەگشتی كۆی نەوتی بەرهەمهێنراو لە كێڵگەكانی ناوچەی دێرزرو رۆژانە بە (30 هەزار) بەرمیل دەخەمڵێندرێت.
•    لە پارێزگای (حەسەكە)ش كێڵگەی (رومێلان) هەیە، ئەمە یەكێكە لە دیارترین كێڵگەكانی نەوت لە سوریا كە لەژێر كۆنترۆڵی كورددایە‌و (هەزارو 322) بیرە نەوت لەخۆدەگرێت ئەمە سەرباری نزیكەی (25) بیری غاز، ئەم كێڵگانە بەشێوەیەكی گشتی دەكەونە ناوچەكانی (شەدادی، جبسە، هول) ئەمە سەرباری كێڵگەكانی ناوچەی (مەركەدە)‌و (تشرین كوبەیبیە.
•    لە پارێزگای (رەققە)ش ژمارەیەك بیرە نەوت هەن كە لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكراتدان.
•    لە پارێزگای حمس ژمارەیەك كێڵگەی نەوت هەن، بەرهەمی رۆژانەی نەوتی ئەم كێڵگانە نزیكەی (9 هەزار) بەرمیلە‌و بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەلایەن هێزەكانی روسیاوە بەڕێوەدەبرێن.
بەپێی خەمڵاندنەكانی ساڵی 2017، یەدەگی غازی سروشتی سوریا دەكەوێتە ناوچەكانی تەدمورو كەناری تەرتوس‌و بانیاس، ئەگەر سوریا ئەم یەدەگەی دەربهێنێت دەبێت بە سێیەمین وڵاتی هەناردەكاری غازی سروشتی لەسەر ئاستی جیهان.
بەگوێرەی قسەی پیاوێكی خاوەنی كاری ئەمریكی كە بۆ رێكخراوی گڵۆباڵ دیڤیلۆپمێنت كۆرپۆریشن (GDC) كاردەكات" خۆبەڕێوەبەرێتی باكوری سوریا ئەگەر بەشێوەیەكی دروست كێڵگەكانی نەوت بەڕێوەببات، دەتوانێت رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنێت" واتە زیاتر لەو بڕە نەوتەی كە دەوترێت بەر لە شەڕی ناوخۆیی لە سوریا بەرهەمهێنراوە.
لەنێوان ئەمریكا‌و روسیادا ململانێ هەیە لەسەر وزەی سوریا، ئەمریكییەكان چاویان لە نەوتە، روسەكانیش چاویان بڕیوەتە غازەكەی سوریا.
 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand