Draw Media

كێ تەندەری گواستنەوەی نەوتی گەرمیان دەباتەوە ؟

كێ تەندەری گواستنەوەی نەوتی گەرمیان دەباتەوە ؟

2020-12-18 19:07:52


(درەو):
پانزە كۆمپانیا كێبركێ دەكەن بۆ وەرگرتنی تەندری گواستنەوەی نەوتی بلۆكی گەرمیان، یەكێكیان لە هەمویان زیاتر هەژمونی لەناو حكومەت و یەكێتیدا هەیەو چانسی گەورەی هەیە گرێبەستەكە بباتەوە.
كۆمپانیای (گازپرۆمی)ی روسی نەوتی بلۆكی گەرمیان بەرهەم دەهێنێت، تەندەرین دەكات بۆ گواستنەوەی نەوتەكەی.
گازپرۆم رۆژانە (٣٠ بۆ ٣٥ هەزار) بەرمیل نەوت لە بلۆكی گەرمیان بەرهەم دەهێنێت، ئەمە گەورەترین بلۆكی نەوتیی سنوری دەسەڵاتی یەكێتی نیشتمانییە.
نەوتی بلۆكی گەرمیان بە تانكەر دەگوازرێتەوە بۆ كێڵگەی نەوتی (خورمەڵە) لە نزیك هەولێر، لەوێشەوە دەخرێتە بۆری نەوتیی هەرێم و رەوانەی توركیا دەكرێت.
بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، پێشتر دەسەڵاتی پێدانی تەندرەی گواستنەوەی نەوتی بلۆكی گەرمیان بۆ خورمەڵە، لای حكومەتی هەرێم بووە، بەڵام بەمدواییە لەچوارچێوەی گرێبەستێكدا لەگەڵ كۆمپانیای گازپرۆم، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەسەڵاتی تەندەرینی گواستنەوەی نەوتەكەی داوە بە گازپرۆم.
(درەو) زانیویەتی، كۆمپانیای گازپرۆم تەندەری گواستنەوەی نەوتی بلۆكی گەرمیانی داوە بە (١٥) كۆمپانیا كە لێیان رادەبینێت كارەكە بكەن، بڕیارە رۆژی (٢٠) ئەم مانگە كۆمپانیاكان تەندەرەكان بۆ گازپرۆم بگەڕێننەوەو هەریەكەیان نرخی خۆیان بۆ گوستنەوەی هەر تەنێك لە نەوتی ئەم بلۆكە لەڕێگەی تانكەرەوە ئاشكرابكەن و كازپرۆم گرێبەستەكە بە یەكێك لەو كۆمپانیایانە بدات.
پێشتر كە دەسەڵاتی تەندرەین لای حكومەتی هەرێم بووە، گرێبەستی گواستنەوەی نەوتی بلۆكی گەرمیان لە (حەسیرە)وە بۆ (خورمەڵە) دراوە بە كۆمپانیایەك بە ناوی (بلاك پۆڵ) كە كۆمپانیایەكی ناوخۆییەو خاوەنەكەی  پیاوێكە بەناوی (دانای حاجی ساڵح).
كۆمپانیای (بلاك پوڵ) پێشتر بۆ گواستنەوەی هەر تەنێك نەوت لە (حەسیرە)وە بۆ (خورمەڵە) بە تانكەر، بڕی (٣٦ دۆلار)ی لە حكومەت وەرگرتووە (هەرتەنێك نەوت حەوت بەرمیلە)، لەم پرۆسەیەدا كۆمپانیا (بلاك پوڵ) بۆ هەر تەنێك بڕی (١٠ دۆلار)ی بردووەو پرۆسەی گواستنەوەی نەوتەكەشی بە كۆمپانیایەكی تر كردووە بە ناوی (كیپ ئۆف ئۆیل) كردووەو بڕی (٢٦ دۆلار)ی بۆ هەر تەنێك بەو كۆمپانیایە داوە.
ماوەی زیاتر لە ساڵێكە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەسەڵاتی تەندەرینی گواستنەوەی نەوتی بلۆكی گەرمیانی داوە بە كۆمپانیای گازپرۆم، ئەوانەی ئاگاداری دۆسیەی نەوتن دەڵێن پێدانی دەسەڵاتی تەندەرین بە كۆمپانیا روسییەكە بەهۆی ئەوە بووە پێشتر كە ئەم دەسەڵاتە لای وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بووە، وەزارەت نەیتوانیوە بەباشی چاودێری تانكەرەكانی نەوت بكات و زۆرجار نەوت دزراوە، بۆیە وەزارەت كارەكەی داوە بە كۆمپانیا وەبەرهێنی نەوت تاوەكو خۆی گرێبەست بدات بە كۆمپانیاكان و لەڕێگەی دانانی كۆد لەسەر تانكەرەكان، رێگری لە دزینی نەوت بكات و چاودێری توندوتوڵ بكاتەوە.
ساڵی رابردوو كۆمپانیایەك بەناوی (EOT) نرخێكی زۆر كەمتری لە نرخی پێشوو لێداو گرێبەستی گواستنەوەی نەوتی بلۆكی گەرمیانی بۆ دەرچوو، ئەم كۆمپانیایە ئامادە بوو هەر تەنێكی نەوت بە (١٩ دۆلار) بگوازێتەوە، ئەمەش بە بەراورد بە گرێبەستی پێشوو كە (٣٦ دۆلار) بوو، نرخێكی زۆر كەمتر لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەكەوت، بەڵام كۆمپانیای پێشتر واتا (بلاك پوڵ) بەناوی داخوازی شۆفێری تانكەرەكانەوە كێشەی بۆ كاری كۆمپانیا (EOT) دروستكردو دواجار بەناچاری گرێبەستی كاركردنی (بلاك پوڵ) درێژكرایەوەو ئەمجارە بۆ گواستنەوەی هەر تەنێك نەوت بڕی (٢٨ بۆ ٣٠) دۆلاری پێدرا.
ئەوانەی ئاگاداری پرۆسەی تەندەرینەكەی ئەمجارەن و (درەو) قسەی لەگەڵ كردون، پێشبینی دەكەن ئەمجارەش تەندەرەكە بۆ كۆمپانیا (بلاك پوڵ) دەربچێتەوە، بەوپێیەی ئەم كۆمپانیایە بەهۆی ئەوەی لەماوەی رابردوودا گرێبەستی گواستنەوەی نەوتی بلۆكی گەرمیانی لابووە، هەژموونی لەناو یەكێتی نیشتمانی و حكومەتی هەرێمیش پەیداكردووەو توانای راوەدونانی كۆمپانیاكانی تری هەیە تەنانەت ئەگەر كۆمپانیاكانی تر بە نرخێكی كەمتریش لە نرخی ئەم كۆمپانیایە تەندەر لێبدەن.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand