ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وەفد دەنێرێتە بەغداد
2020-12-20 12:58:18
(درەو):
وەفدێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەیەوێت بۆ پرسی موچەو كێشەكانی تری پارێزگاكە سەردانی بەغداد بكات، بەڵام فارس عیسا نوێنەری حكومەتی هەرێم لە بەغداد رێگری دەكات و دەڵێت هەر جۆرە پەیوەندییەك لەگەڵ بەغداد دەبێت بە فلتەری حكومەتی هەرێمدا تێپەڕێت.
ئەمڕۆ دەستەی سەرۆكایەتی و سەرۆكی فراكسیۆنەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كۆبونەوە، بڕیاریاندا وەفدێك بنێرێنە بەغداد بۆ پرسی موچەو نەوتی سپی و بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان و خەرجیەكانی كۆرۆنا.
وەفدەكە پێكدێت لە (سەرۆكی ئەنجومەن، جێگرو سكرتێری سەرۆك و سەرۆكی فراكسیۆنەكان)ی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوەدێت، پێشتر لەراگەیەنراوێكدا پێنج ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایانگەیاند:"
ئەگەر حكومەتی ھەرێم كات دەكوژێت، ناكرێت تەنیا تەماشەكەری برسێتی میللەتەكەمان بین! پێویستە پارێزگای سلێمانی و پارێزگای ھەڵەبجە بچێنە دانوستانەوە لەگەڵ حكومەتی بەغدا بۆ بەدەستھێنانی مافە دەستورییەكانی خۆیان".
هەوڵی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بەرپرسانی بەغداد
ئەم هەنگاوەی ئەنجومەنی پارێزگای لەكاتێكدایە فارس عیسا نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەغداد نوسراوێكی ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم كردووەو ئاگاداریان دەكات لەوەی هەموو نوسراوێك كە لە هەرێمەوە ئاڕاستەی حكومەتی ناوەندی دەكرێت، دەبێت لەڕێگەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە رەوانە بكرێت.
لەسەر ئەم بنەمایە، سامی جەلال بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆ بە نوسراوێك پارێزگای سلێمانی ئاگاداردەكاتەوە لەوەی پێویستە لەڕێگای حكومەتی هەرێمەوە نوسراو ئاڕاستەی دامودەزگاكانی حكومەتی فیدراڵی بكرێت.
بەپێی ئەم نوسراوانە، ئێستا فارس عیسا كە پارتییەو نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم دەكات لە بەغداد، بووە بە دەرگاوانی هەرێم بەڕووی بەغدادو دەبێت ئاگاداری ناوەڕۆكی هەر نوسراوێك بێت كە لە پارێزگاكانەوە ئاڕاستەی بەغداد دەكرێت، بەبێ رەزامەندی ئەو، نوسراوەكە ناگات شوێنی مەبەست.
ئەوەی نیگەرانی لای هەندێك لە حزبەكان سەبارەت بە نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لەبەغداد درووست كردووە ئەوەیە، ئەم نوێنەرایەتیە بەتەنیا لەلایەن پارتیەوە بەڕێوە دەبرێت و حزبەكانی دیكە بەشدار نین و هیچ كارمەند و نوێنەرایەتیەكیان لەو فەرمانگەیەدا نیە.