راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی رێوشوێنە یاساییەكانی خۆی بەڕێوەدەچێتو راناوەستێت، ئەمە بڕیاری پارتی دیموكراتی كوردستانە، لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا باسی كاندیدەكەی یەكێتیش كرا بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا زانیاری زیاتر بڵاودەكاتەوە. ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی سەرۆكی حزبەكە لە پیرمام كۆبووەوە. تەلەفزیۆنی كوردستان زمانحاڵی فەرمی پارتی بەر لە بەڕێوەچوونی كۆبونەوەكە ئاشكرایكرد، سێ تەوەری سەرەكی لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت: • تەوەری یەكەم: پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت • بارودۆخی كەركوكو ناوچە جێناكۆكەكانی تر • رێوشوێنەكانی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم راگەیەندراوی فەرمی كۆبونەوەكە بەهیچ جۆرێك بە وردی باسی هەڵوێستی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لەسەر ئەو تەوەرانە باسنەكردووە، بەڵام مەحمود محەمەد وتەبێژی فەرمی پارتی دوای كۆبونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی ناكۆكییەكانەوە لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند" یەكێتی پابەندی رێككەوتنەكەی نەبوو لەگەڵ پارتی، لە یەك دوو رۆژی داهاتوودا دەقی رێككەوتنەكە بڵاودەكەینەوە، لە رێككەوتنەكەدا مەسەلەی دانانی پارێزگاری كەركوك دراوەتە دەست كاك مەسعودو كاك كۆسرەت، ئەوانیش لەسەر كاندیدێك رێككەوتوون (فەرەیدون عەبدولقادر). لەبارەی پێكهێنانی حكومەتەوە بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتیدا بڕیاردراوە لەسەر ئەوەی، پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بەپێی رێوشوێنە یاساییەكانی خۆی بەڕێوەبچێت، واتە نێچیرڤان بارزانی رۆژی 10 ئەم مانگە سوێندی یاسایی دەخواتو پاشان وەكو سەرۆكی هەرێم مەسرور بارزانی ئامۆزای رادەسپێرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، بەپێی یاسا، مەسرور بارزانی تەنیا ماوەی (30 رۆژ)ی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی پێكهاتەی كابینەكەی بخاتە بەردەم پەرلەمانەوە بەمەبەستی وەرگرتنی متمانە. واتە ئەگەر یەكێتی لەماوەی ئەو مانگەدا كێشەكانی لەگەڵ پارتی لەبارەی پرسی كەركوك بەلایەكدا نەخات، پارتی بەبێ یەكێتی كابینەی نوێی حكومەت دەخاتە بەردەم پەرلەمانو متمانەی بۆ وەدەگرێتو حكومەت دەستبەكاردەبێت. (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی باڵاوە لەناو پارتی زانیویەتی، پارتی دەیەوێت كێشەكانی لەگەڵ یەكێتی چارەسەر بكات، بەڵام ئەگەر چارەسەر نەبوو، بەبێ یەكێتی حكومەت پێكدەهێنێتو هاوشێوەی ئەم كابینەی ئێستا، شوێنی پۆستەكانی یەكێتی بەبەتاڵی بەجێدەهێڵێت تا ئەوكاتەی كێشەكان چارەسەر دەكرێن، واتە یەكێتی سیناریۆی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم جارێكی تر دووبارە دەكاتەوەو لە پێكهێنانی كابینەی حكومەتیشدا یەكێتی بەجێدەهێڵێت، ئەگەر تائەوكات لەسەر پرسی كەركوك نەگەیشتنە رێككەوتن. لەبارەی كەركوكەوە تەوەرێكی تری كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی، باسكردنی بارودۆخی كەركوك بوو. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەبارەی كێشەی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوكەوە لەگەڵ یەكێتی، مەسعود بارزانی وتویەتی" خۆیان ناوی فەرەیدون عەبدولقادریان هێناوەو وتویانە ئەمە كاندیدی ئێمەیە بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، ئێمەش وتومانە زۆرباشە ئێمەش پشتیوانی دەكەین، بەڵام دواتر پەشیمان بونەتەوەو تەلەفۆنیان بۆ مەسرور بارزانی كردووە كە فەرەیدون عەبدولقادر كاندید ناكەن". سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی تەوەرێكی تری كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی تایبەت بوو بە پرسی سوێندخواردنو دەستبەكاربوونی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان. مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی رۆژی 10ی ئەم مانگە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لە هەولێر بەڕێوەدەچێت، پارتی هەوڵدەدات لەم مەراسیمەدا دەرگایەكی نوێ بەڕووی یەكێتیدا بكاتەوە بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشەكان. سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو پارتی، بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، پارتی بەفەرمی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقو جێگری دووەمی سەرۆكی پارتی بانگهێشتكردووە بۆ بەشداریكردن لە مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم. پارتی تێگەیشتووە لەوەی ئێستا بەرهەم ساڵح لە هەموو كەسێك زیاتر كاریگەری لەسەر ئەو باڵەی یەكێتی هەیە كە لە مەسەلەی كەركودا بەرامبەر بە پارتی وەستاونەتەوە، رەنگە ئەمە هۆكاری سەرەكی بێت كە لە دەرگای بەرهەم ساڵحیان داوە. ئەگەر بەرهەم ساڵح بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی بكات، لەدوای دەستبەكاربوونییەوە وەكو سەرۆك كۆمار، یەكەمجارە سەردانی هەولێر بكات، هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح لەدەرەوەی رێككەوتنی سیاسی نێوان پارتیو یەكێتی وایكرد پارتیو بەرهەم ساڵح بكەنەوە ناو ناكۆكییەكی قوڵەوە. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەرهەم ساڵح ئامادە نییە بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی بكاتو مەرجی هەیە، مەرجەكەشی ئەوەیە، بەر لە پرۆسەی سوێندخواردن، نێچیرڤان بارزانی سەردانی بكات لە بەغدادو ئاڵۆزییەكان یەكلابكەنەوە.
راپۆرتی: محەمەد رەئوف كەركوك لەناو ئاگرو تەقینەوەدا دەكوڵێت، ئەمڕۆ لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوای كەركوك ئاگر لە دەغڵ و دانی جوتیارە كوردەكان بەردراو بە هەزاران دۆنم زەویان سوتا، شەوی رابردوش زنجیرەیەك تەقینەوە ئارامی كەركوكی تێكدا و ژمارەیەك قوربانی لێكەوتەوە، ناكۆكی و ململانێكانی نێوان پارتی و یەكێتی لەكەركوك و پەیوەندییە شاراوەكانی ئەو دوو هێزە بەجیا لەگەڵ كارەكتەرە سەرەكیەكانی ئێستای پارێزگای كەركوك هەڵگری دەیان پرسیاری جدیە، كە بۆچی لەگەڵ توندبونەوەی ناكۆكیەكانی نێوان پارتی و یەكێتی، گرژی و كێشەو تەقینەوەكان لەوپارێزگایە زیاد دەبن؟ گرژیەكان پرسیار دروستدەكەن لەدوای توندبونەوەی ناكۆكیەكانی نێوان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، كە لەسەر پرسی دانانی پارێزگاری كەركوك گەیشتە بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان و هەڕەشەی بایكۆتی تەواوەتی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، گرژیەكان و سوتانی دەغڵودانی جوتیارانی كورد لە پارێزگای كەركوك زیاتر بوو، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دوو رۆژ دوای بایكۆتەكەی یەكێتی لە 30/5/2019 بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند" چیتر سوتانی دەغڵودانی جوتیارانی كورد و ئەو بارودۆخەی ناوچەكانی مادەی 140 جێگەی قبوڵكردن نیە". چەند كاتژمێرێك لەدوای بەیاننامەكەی بارزانی زنجیرەیەك تەقینەوە شاری كەركەكیان هەژاند، بەپێی بەیاننامەی شانەی راگەیاندنی ئەمنی" شەش بۆمبی چێنراو لە شەقامەكانی قودس و پارێزگا و رێگای بەغدا لە كەركوك تەقیونەتەوە، دوو بۆمبی دیكەش لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە پوچەڵكرانەوە، بەهۆیانەوە 3 كوژراو 18 برینداری لێكەوتۆتەوە". هێشتا ئاگری تەقینەوەكانی ناو شاری كەركوك كپ نەبونەوە، بەیانی رۆژی 31/5/2019 ئاگر لە زۆربەی دەغڵودانی جوتیارانی كورد بەردران، لە رۆژهەڵاتی كەركوك لە گوندی مەنسوری ناوچەی حەوتەغاری سەربەقەزای داقوق، ئاگر لە دەغڵودانی جوتیارە كوردەكانی ئەو ناوچەیە كەوتەوەو وەك جوتیاران ئاماژەی بۆ دەكەن نزیكەی 10 هەزار دۆنم زەوی سوتاون، لە هەمان كاتدا لە رۆژئاوای كەركوك لە گوندی پەڵكانەی سەربە ناحیەی سەرگەرانی قەزای دبس ئاگر لە دەغڵ ودانی جوتیارە كوردەكانی ئەو ناوچەیە كەوتەوە بە هەزار دۆنم سوتان. زۆرێك لە جوتیاران لەكاتی سوتانی دەغڵو دانەكەیاندا ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەوە دەستی داعشی تێدا نیەو لەلایەن عەرەبە هاوردەكانەوە ئەو كارانە دەكرێت، تەنانەت تەقینەوەكانی شەوی رابردووش گومانی لای لایەنە ئەمنیەكان دروستكردووە كە شێوازی دانانی بۆمبەكان و تەقینەوەیان جیاوازە لە شێوازی تەقینەوەكانی داعش و گومانی دەستی ناوخۆیی دەكەن لەو كارە. ناكۆكیەكان لەسەر چین ؟ لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 ەوە كورد دەسەڵاتی لەو شارە لێسەنرایەوە، بە جۆرێك تا ئێستاش پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو شارە بە داگیركراو دەزانێت، یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیش ئەگەرچی خاوەنی ( 6 ) كورسی ئەو شارەیە لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵام دەسەڵاتی سەربازی و ئەمنی نیە لەو شارە. بەپێی لێدوانی زۆرێك لەسەركردەكانی، پارتی دیموكراتی كوردستان نایەوێت پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك دابنرێت كە بەشداری لە روداوەكانی 16 ی ئۆكتۆبەردا كردبێت و دەیەوێت ئەو روداوە وەك" خیانەتێك لەسەر بەشێك لە سەركردەكانی یەكێتیدا بچەسپێنێت" ، بەو پێیەی پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداریكرد لە هەڵبژاردنی پارێزگاری نەینەواو لەگەڵ زۆرێك لەسەركردەكانی حەشدی شەعبی مامەڵەی ئاسایی دەكات، بەڵام كەركوك بە داگیركراو لەقەڵەم دەدات. هەرچی یەكێتی نێشتیمانی كوردستانیشە سورە لەسەر ئەوەی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك دیاری بكات، بەڵام بەبێ ئامادەبوونی ئەندامەكانی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك تا ئێستا نەیتوانیوە ئەو پرۆسەیە بەڕێوە ببات، یەكێتی لەلایەك پۆستی پارێزگاری كەركوك بە مافی خۆی دەزانێت كە زۆرینەی دەنگەكانی كەركوكی بەدەستهێناوە لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2018 لەو پارێزگایە، لەلایەكی تریشەوە دەیەوێت روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر وەك روداوێكی ئاسایی تێپەڕێنێت. گرێكوێرەكەی پارێزگاری كەركوك لەدوای ساڵی 2005 ەوە لە پارێزگای كەركوك تەنها یەك هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكراوە تا ئێستاش ئەنجومەنەكە لەكاردایە، ئەو یاسایەش كە ئەنجومەنی پارێزگای ئێستای كەركوكی پێ هەڵبژێردراوە، لە نیسانی 2004 و لەلایەن پۆڵ بریمەر حاكمی مەدەنی عێراقەوە دانراوە. بەپێی ئەو یاسایە پارێزگار لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاوە متمانەی پێدەدرێت، لە بڕگەی پێنجەمی بەشی دووەمی یاسای ژمارە 71ی ساڵی 2004ی عیراق هاتووە" ئەنجومەنی پارێزگاكان دەسەڵاتی دیاریكردن و دامەزراندنی پارێزگار و بریكارەكانیانی هەیە و دەتوانێت لەسەر كاریان لاببات، ئەگەر پۆستەكەش چۆڵبوو، دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە بە زۆرینەی دەنگ پارێزگارێكی تر بۆ پۆستەكە هەڵبژێرنەوە". ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە 41 ئەندام پێكدێت ( 26 ئەندامی لیستی برایەتی، 9 ئەندامی پێكهاتەی توركمان، 6 ئەندام لە پێكهاتەی عەرەب) لە لیستی برایەتی ( 11 ئەندامی پارتی، 8 ئەندامی یەكێتی، 3 ئەندامی یەكگرتوو، 1 سەربەخۆ، 1 توركمان، 1 عەرەب، 1 مەسیحی)، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەبێ ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان ناتوانێت، رێژەی یاسایی كۆبكەنەوەو پارێزگار هەڵبژێرن، هەربۆیە بەپلەی یەكەم كێشەی پارێزگاری كەركوك پەیوەندی بە ناكۆكیەكانی نێوان یەكێتی و پارتیەوە هەیە، بەو پێیەی ئەوان دەتوانن بەبێ ئامادەبوونی ئەندامانی پێكهاتەكانی دیكە رێژەی یاسایی تەواو بكەن و پارێزگار هەڵبژێرن، كە رەنگە بە هەڵبژاردنی پارێزگارێكی كورد بەشێك لە ناكۆكیەكان چارەسەر ببێت، بەتایبەتیش لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكە، ئەگەرچی پێكهاتەكانی دیكەش ترسی خۆیان ناشارنەوە لە ئەزمونی 14 ساڵی رابردووی پارێزگاری كورد لەو شارە كە مامەڵەیەكی باشی لەگەڵ نەكردون و ترسیان هەیە لە دووبارە بوونەوەی ئەو رۆژگارانەی كە پارێزگارە كوردەكان، نەیتوانیوە هاوسەنگی بپارێزن لە نێوان پێكهاتەكاندا، بۆیە كردنەوەی گرێكوێرەی پارێزگاری كەركوك لەدوای توندبونەوەی ناكۆكیەكانی نێوان یەكێتی و پارتی هێندەی تر قورستربووە. ناكۆكیەكان بەكوێ دەگەن؟ ناكۆكی یەكێتی و پارتی لەسەر پرسی كەركوك گەیشتۆتە ئاستێك كە پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستانیش پەكخستووەو دوایین هەڵوێست بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو لەلایەن فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەوە كە پێشتر رێككەوتنیان كردبوو لەسەری، بۆیە ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هەریەكێكیان بۆخۆی هەوڵی پچڕاندنی پۆست و پشك دەدات لە پارێزگای كەركوك. - پارتی دیموكراتی كوردستان جموجوڵی سیاسی لە سەر ئاستی كەركوك و بەغداد دەستپێكردووە، بۆ دەستگەیشتنەوە بەكەركوك، كە لە ئێستادا هیچ بارەگایەكی لەو پارێزگایە نیە، زانیاریەكان ئاماژە بەوەدەكەن كە ئێستا پارتی چاوی لە پارێزگاری كەركوكەو بۆ ئەو مەبەستەش لەسەر ئاستی كەركوك و بەغدادیش كاری بۆ كردووە، لەسەر ئاستی كەركوك لەگەڵ راكان جبوری پارێزگاری كەركوك و سەرۆكی هۆزە عەرەبیەكان و كوتلە عەرەبیەكانی ئەو پارێزگایە كۆبۆتەوە بەمەبەستی پێكهێنانی هاوپەیمانی بۆ دانانی پارێزگاری كەركوك، بەرەزامەندی خۆی، هەروەك چۆن لە هەڵبژاردنی پارێزگاری نەینەوا هاوپەیمانی لەگەڵ كوتلە عەرەبیەكان كرد، لەسەر ئاستی بەغداش لەگەل حزبە سیاسیەكان گفتوگۆی كردووە، بەتایبەتیش فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و بەشیكی تر لەلایەن شیعەكان بۆ پرسی كەركوك. - یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، دوای ئەوەی بەتەواوی لە نیەتی پارتی تێگەیشت كە نایەوێت یەكێتیەك ببێتە پارێزگاری كەركوك، ئەمەش دوای ئەوەی ناوی سێ كەسی دایە خودی مەسعود بارزانی تا رەزامەندی لەسەر یەكێكیان بدات بۆ پارێزگاری كەركوك، بەڵام بارزانی رەتیكردنەوە، بۆیە یەكێتی ئێستادا لە هەوڵ و جموجوڵی دیكەدایەو دو سیناریۆی هەیە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك بەبێ پەنابردن بۆ پارتی: • پەنا بردن بۆ كوتلەی عەرەب و توركمانەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دوای نائومێدبونی تەواوەتی لە ئەندامانی پارتی لەو ئەنجومەنە، هەرچی كوتلەی عەرەبیە ئاسان نیە لەبەر ئەوەی چەند كوتلەو پارتێكن، خاوەنی ئەجێنداو سیاسیەتی خۆیانن، بەڵام بۆ ئەندامە توركمانەكان كە لەكۆی 9 ئەندام 7 یان لەبەرەی توركمانین و لەژێر كاریگەری توركیادان و دەتوانرێت لە رێگەی سەرۆك كۆماری عێراقەوە بۆ ئەو مەبەستە كار بكرێت و لە رێگەی توركیاوە فشار بكرێت بۆ ئەوەی دەنگ بە كاندیدەكەی یەكێتی بدەن بۆ پارێزگاری كەركوك. • لە رێگەی سەرۆك كۆمارەوە كار بكرێت بۆ سڕكردنی كاری ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لەلایەك گەیشتونەتە بنبەست و ناتوانن كۆببنەوەو لەلایەكیش ماوەی 10 ساڵە تەمەنیان كۆتایی هاتووە، لەدوای سڕكردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ئەو كات دەتوانرێت لە رێگەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و بە هەوڵی سەرۆك كۆمار، پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك دابنرێت، تا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە بڕیارە لەسەرەتای ساڵی داهاتوو ئەنجامبدرێت. ئێستا ناكۆكیەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەسەر پارێزگاری كەركوك، گەیشتۆتە بنبەست، هەردولایان بە جیا پەنا بۆ پێكهاتەو كارەكتەرە سیاسیەكانی دیكە دەبەن، كە رەنگە ناكۆكیەكانی ئەو دوو هێزە لەسەر پارێزگاری كەركوك دواجار ئەو پارێزگارە لەدەستی هەردوكیان دەربچێت و بۆ چارەسەری مامناوەند كەسێكی دیكە لە پێكهاتەكانی تری پارێزگاری كەركوك بكرێتە پارێزگار، یاخود تا هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاكان، راكان جبوری وەك پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە.
راپۆرت: محەمەد رەئوف- نامیق رەسوڵ- فازل حەمەڕەفعەت پێدەچێت پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان جارێكی تر سیناریۆی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دوبارە بكەنەوە، بەڵام ئەمجارەیان لەبری بەغداد، روداوەكان لە كەركوك دەبن، یەكێتی دەیەوێت كاندیدی پۆستی پارێزگاری كەركوك لەگەڵ كاندیدی پۆستەكانی حكومەتی هەرێم یەكلابكرێتەوە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا وردەكانی هەڵوێستو پلانی یەكێتی لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا بڵاودەكاتەوە. دوێنێ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە سلێمانی كۆبووەوە، كۆبونەوەكە دوای ئەوەهات فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمان كوردستان بایكۆتی كردووەو دەنگی بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی كاندیدی پارتی نەدات بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم. كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بە پلەی یەكەم بۆ پەسەندكردنی بڕیاری رۆژی پێشتری مەكتەبی سیاسی یەكێتی بوو سەبارەت بە دەنگنەدانی فراكسیۆنی یەكێتی بە نێچیرڤان بارزانی. كۆسرەت رەسوڵو ترسی لێكترازان بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە كۆبونەوەكەی دوێنێی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا، كە كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی كە خۆی سەرپەرشتی كردووە، باسی لە هۆكاری بڕیارەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كردووە سەبارەت بە دەنگنەدان بە نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆكی نوێی هەرێم. (درەو میدیا) زانیویەتی، لەبارەی بڕیاری دەنگنەدانی یەكێتی بۆ نێچیرڤان بارزانی، كۆسرەت رەسوڵ عەلی وتویەتی "ئەو بڕیارە یەكگرتوویی ناو یەكێتی پاراستووە"، ئەمە وەكو ئاماژەیەك بۆ هەڕەشەی گروپی كەركوكییەكانی مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی، كە رۆژی پێشتر وتبویان، ئەگەر یەكێتی لە سەر پۆستی پارێزگاری كەركوك سازش بۆ پارتی بكات، ئەوان لە یەكێتی دەستلەكاردەكێشنەوە. ئەمە هۆكارەكە بوو كە یەكێتی دەنگنەدانی بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم بەستەوە بە یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی پارێزگاری كەركوك. دوای رونكردنەوەی هۆكارەكان، كۆسرەت رەسوڵ داوای لە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كردووە بڕیارەكەی مەكتەبی سیاسی بۆ دەنگنەدان بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی پەسەندبكەن. پارێزگاری كەركوك چۆن یەكلادەكرێتەوە ؟ پرسی كەركوكو هەڵبژاردنی كاندیدێكی یەكێتی بۆ ئەو پۆستە باڵی بەسەر كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا كێشا، زۆرینە پشتیوانی بڕیارەكەی مەكتەبی سیاسییان كرد، هیچ دەنگێكی ناڕەزایەتی نەبیسترا كە بەئاشكرا دژی سیاسەتی ئێستای یەكێتی بێت بەرامبەر بە پارتی، رەنگە ئەمە بەهۆی ترسیی پشتیوانی بنكەی جەماوەریی یەكێتییەوە بووبێت لە بڕیارەكەی مەكتەبی سیاسی. هەر لەبەر رۆشنایی ئەو پشتیوانییەی جەماوەریی یەكێتیدا بوو، كە ئەنجومەنی سەركردایەتی بڕیاریدا هەر بەرپرسێكی یەكێتی دژی سیاسەتی ئێستا حزب قسە بكات، لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكرێت. بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، دوای كۆبونەوەكە هەندێك لە سەركردەكانی یەكێتی ناڕەزایەتییان دەربڕیووە سەبارەت بە سیاسەتی ئێستای یەكێتیو باسیان لەوەكردووە یەكێتی دەتوانێت بەشێوازی تر كێشەی كەركوك چارەسەربكاتو دابڕانی تەواوەتی لەگەڵ پارتی بەزیانی یەكێتی كۆتایی دێت، چونكە یەكێتی كارتی بەهێزی بەدەستەوە نییە پارتی ناچار بە سازش بكات. یەك پۆستو دوو رێگای جیاواز (درەو میدیا) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆی ئەوەكراوە پارتی ژێربەژێر لە هەوڵی دانانی پارێزگارێكی دڵخوازی خۆیەتی لە كەركوكو بۆ ئەو مەبەستە كۆبونەوەی لەگەڵ بەشێك لە عەرەبو توركمانو تەنانەت راكان جبوری پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك كردووە. ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لەبەر رۆشنایی هەڵوێستەكانی پارتیدا لە پرسی پارێزگاری كەركوك، بڕیاریدا ئاڕاستەیەكی جیاوازتر لە رابردوو بگرێتەبەرو چیتر یەكێتی داوا لە پارتی نەكات پارێزگاری كەركوكی بۆ یەكلابكاتەوەو لەبری ئەوە پەنا بۆ رێگای تر ببرێت. واتە ئێستا یەكێتیو پارتی بەتەواوەتی لە پرسی پارێزگاری كەركوك لێكترازاونو هەر لایەك دەیەوێت بەرێگای خۆی ئەو پۆستە لەبەرژەوەندی خۆی یەكلابكاتەوە، پێدەچێت هاوشێوەی هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح وەكو سەرۆكی كۆمار، لایەنە عێراقیو دەرەكییەكان پۆستی پارێزگاری كەركوك لەنێوان پارتیو یەكێتیدا یەكلابكەنەوە. لەبارەی فەرەیدون عەبدولقادرەوە پرسی كاندیبوونی (فەرەیدون عەبدولقادر) بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك لەلایەن یەكێتییەوە، تەوەرێكی تری كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بوو، (درەو میدیا) زانیویەتی، ئەنجومەنی سەركردایەتی لەوبارەیەوە داوای رونكردنەوەیان لە كۆسرەت رەسوڵ كردووە. لە وەڵامدا، كۆسرەت رەسوڵ رەتیكردوەتەوە ئەو بەرەسمی فەرەیدون عەبدولقادری كاندیدكردبێت، باسی لەوەكردووە، تەنیا لە كۆبونەوەیەكی كۆمەڵایەتیدا كە فەرەیدون عەبدولقادر خۆشی تێیدا بەشداربووە، چەند كەسێك پێشنیازیان كردووە كاندید بكرێت بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، ئەویش تەنیا وتویەتی" كاك فەرەیدون كەسێكی شۆڕشگێر بووەو پێشتر ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بووە"، بەڵام رەزامەندی نەنواندووە، رەنگە قسەكەی وەك رەزامەندبوون لێكدرابێتەوە. لە قوباد تاڵەبانی نیگەرانن ! هەرچەندە یەكێتی دەنگی بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم نەدا، بەڵام قوباد تاڵەبانی هەرزوو لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر پیرۆزبایی هەڵبژاردنی وەكو سەرۆكی هەرێم لە نێچیرڤان بارزانی كرد، ئەم هەڵوێستەی قوباد تاڵەبانی فڕین بوو لە دەرەوەی پۆلو هەندێك لە یەكێتییەكانی نیگەران كرد. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە كۆبونەوەكەدا بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی داوای سزادانی قوباد تاڵەبانییان كردووە، بەڵام ئەوەی نیگەرانییەكانی كەمێك رەواندەوەتەوە قسەكانی بافڵ تاڵەبانی بووە، كە رەخنەی لە پیرۆزباییەكەی قوباد تاڵەبانی برای گرتووە، تائەو ئاستەی وتویەتی" پیرۆزباییەكەی خاڵی رەشی هەڵوێستە جوانەكەی یەكێتی بوو". یەكێتی تا كوێ دەڕوات ؟ لە كۆبونەوەكەدا زۆرینە لەگەڵ ئەوەدابوون یەكێتی لەگەڵ پارتی گفتوگۆو رێككەوتنی تر نەكات، تاوەكو پارتی بەتەواوی رێككەوتنەكەی ئێستا جێبەجێ نەكات. ئەنجومەنی سەركردایەتی بڕیاریداوە، یەكێتی لەسەر سیاسەتی ئێستا بەرامبەر پارتی بەردەوام بێتو ئەگەر پارتی رازی نەبێت بەدانانی كاندیدێكی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، یەكێتی لە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا هەمان هەڵوێستی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی هەبێت. (درەو میدیا) زانیویەتی، ئەنجومەنی سەركردایەتی بڕیاریداوە، دەبێت كاندیدی پۆستی پارێزگاری كەركوكو وەزارەتی دادی عێراق كە پشكی یەكێتییە لەگەڵ كاندیدی پۆستو وەزارەتەكانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم لەلایەن پارتییەوە پەسەندبكرێت، بەبێ ئەمە، یەكێتی بەشداری حكومەت ناكاتو كابینەی نوێ بە پارتیو بزوتنەوەی گۆڕان دەسپێرێت. هەر بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئێستا لەناو یەكێتی جارێكی تر گفتوگۆ سەبارەت بە ئەگەری دوو ئیدارەیی، دوو هەرێمیی، لامەركەزی ئیداریی دەستیپێكردوەتەوە. ئەمە لەكاتێكدایە پارتی لە زاری هۆشیار زێباریەوە تەئكید لەسەر ئەوە دەكاتەوە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت بەردەوام دەبێت و ناوەستێت. ئایا یەكێتی لەسەر هەڵوێستەكەی سور دەبێت و تا كۆتایی دەڕوات یاخود پارتی پاشەكشە دەكات و بە كاندیدێكی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك قایل دەبێت؟ بەتایبەتیش پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت پەیوەستە بە چارەنوسی مەسرور بارزانیەوە.
(درەو میدیا): كۆمپانیای دیلۆیت كۆی داهاتی سێ مانگی كۆتایی 2018ی نەوتی هەرێمی كوردستانی ئاشكراكرد، كە بڕەكەی (2 ملیارو 149 ملیۆن و 809 هەزارو 755) دۆلارەو بە بۆری و لە ناوخۆ فرۆشراوە، لەو لەو داهاتە، حكومەتی هەرێم (782 ملیۆن و 195هەزارو 533 دۆلار)ی وەك شایستەی دارایی داوەتە كۆمپانیاكان و بەرهەمهێنەرانی نەوت. بەوپێیەش داهاتی نەوتی هەرێم مانگانە دەگاتە (716 ملیۆن و 603 هەزار) دۆلار، واتا (859 ملیارو 923 ملیۆن) دینار. كۆمپانیای دیلۆیت كە كۆمپانیایەكی جیهانییە بۆ وردبینی و راوێژكاری تایبەت و حكومەتی هەرێمی كوردستان گرێبەستی لەگەڵدا كردووە، لە راپۆرتەكەیدا بە داتا زانیاریی دەربارەی "هەناردەكردن، بەكاربردن و خەرجی و داهاتەكانی نەوت"ی هەرێم لە ماوەی نێوان 1-10-2018 تاوەكو 31-12-2018 بڵاوكردوەتەوە. بەپێی راپۆرتەكە، لەماوەی ئەو سێ مانگەدا بڕی نەوتی خاوی هەناردەكراو بە بۆری (39 ملیۆن و 399 هەزار و 182) بەرمیل بووە، كۆی بەهای نەوتی خاوی فرۆشراو (2 ملیار و 125 ملیۆن و 381 هەزار و 980) دۆلار بووە، تێكڕای نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاو لەو ماوەیەدا (54 دۆلارو 97 سەنت) بووە. بەپێی راپۆرتەكەی دیلۆیت، هەر لەو ماوەیەدا، (39 ملیۆن و 399 هەزارو 182) بەرمیل نەوت فرۆشراوە، (200 هەزارو 296) بەرمیل نەوت دراوەتە پاڵاوگەكان و (348 هەزارو 953) بەرمیل نەوتیش لە ناوخۆی هەرێم فرۆشراوە، بەوەش لەماوەی ئەو سێ مانگەدا (40 ملیۆن و 960 هەزارو 333) بەرمیل نەوت لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان بەرهەمهێنراوە، كە بەشێكی هەناردەی دەرەوە كراوەو بەشەكەی دیكەی لەناوخۆ فرۆشراوە. * مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی 2018 كۆی گشتی (12 ملیۆن و 935 هەزارو 811) بەرمیل نەوت فرۆشراوەو تێكڕای نرخی یەك بەرمیل نەوت (67.506) دۆلار بوە. * مانگی تشرینی دوەم (12 ملیۆن و 892 هەزارو 780) بەرمیل نەوت فرۆشراوەو تێكڕای نرخی یەك بەرمیل (51.571) دۆلار بووە * مانگی كانوونی یەكەم، كۆی گشتی (13 ملیۆن و 387 هەزارو 78) بەرمیل نەوت فرۆشراوەو تێكڕای نرخی یەك بەرمیل نەوت (43.866) دۆلار بووە. * داهاتی سافی نەوتی هەرێم تەنها (یەك ملیارو 96 ملیۆن و 478 هەزارو 527) دۆلار لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە وەرگیراوە، كە دەكاتە رێژەی (51%)ی پارەی نەوتی فرۆشراو. بەپێی راپۆرتەكە تەنها لە سێ مانگدا، بڕی (410 ملیۆن و 581 هەزارو 533) دۆلار وەك تەعریف و پێدانەوەی قەرز دراوەتە كۆمپانیای وزەی توركی (TEC)و كۆمپانیای نەوتی نێودەوڵەتی توركیا (TPIC)و بڕی (253 ملیۆن و 928 هەزارو 37) دۆلار بەناوی خەرجییە گشتییەكان خەرجكراوە.
درەو میدیا: هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت" كێشەی یەكێتی كەركوك نیە بەڵكو كێشەی باڵە ناوخۆییەكانی یەكێتیە" زێباری لە لێدوانێكدا بۆ دەنگی ئەمریكا باس لەوە دەكات"زۆر ئاراممان گرت، بەڵام ئەگەر یەكێتی هەر سوربوو لەسەر بەشداری نەكردن ئەوا پڕۆسەكە ڕاناوەستێت و بەردەوام دەبێت با ئەو لایەنانەی ئامادەن بەشداری لەحكومەتدا بكەن، دانراوە تا پێش كۆتایی مانگی شەش حكومەت پێكبهێنرێت " ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی پارتی باس لە رێككەوتنی نێوانیان دەكات كە " بەپێی ئەو ڕێككەوتنانەی لەنێوان ئێمە لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان هەمانبوو دەبوو هەموو لایەك ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان بن و دەنگ بدەن بەڵام جێگای سەرسوڕمان بوو وە سەرمان سوڕما بەڕاستی كە لە كۆتا ساتدا بڕیارێكی سیاسی هەبوو لەناو باڵەكانی یەكێتی كەبەشداری نەكەن، ئەمە ئاماژەیەكی باش نەبوو بەڕاستی خەڵكی كوردستان دوای ئەو چاوەڕوانیەی پێكهێنانی حكومەت وە لەمانگی یانزەوە وەك پارتی دانوستانمان كرد لەگەڵ لایەنەكان ڕێككەوتنی سیاسی-مان كرد ڕێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتمان كرد." هۆشیار زێباری ئەوەشی وت" ئەم هەڵوێستەی یەكێتی كێشەی باڵەكانی ناو یەكێتیە كە ڕەنگە هەموو یەكێتیەكان نەبێت بەڵام هەریەك لەو باڵانە دەیانەوێت بەشی خۆی زیاتر بپچڕێت، ئەگەرنا كێشەی كەركوك نیە چونكە كەركوك بەتەنها ئێمە و یەكێتی ناتوانین چارەسەری بكەین بەڵكو لەكەركوك عەرەب و توركمان هەیە جگە لەوەی پەیوەندی بەحكومەتی عیراقیشەوە هەیە."
درەو میدیا: پاش نیوەڕۆی ئەمرۆ سێ لە دەستگیركراوانی نەوەی نوێ بەناوەكانی ( گمۆ محەمەد، میركۆ كەمال، زمناكۆ ئاكۆ) كە لەلایەن ئاساییشی سلێمانیەوە دەستگیركرابون ئازادكران و لە دوو رۆژی رابردوشدا (بنار حسێن ) برای شۆخانی هاوسەری شاسوار عەبدولواحید ئازاكراوە. بەو پێیەش لە ئێستا (6) دەستگیركراوی دیكەی نەوەی نوێ لەگەڵ خودی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئازادنەكراون و چاوەڕەوان دەكرێت پێش جەژنی رەمەزان ئەوانی دیكەش بە كەفالەت ئازادبكرێن، بەپێی ئەو مادەیەی كە پێی دەستگیركراون. رۆژی 26/5/2019 لە دادگای سلێمانی دانیشتێنكی دادگاییكردنی شاسوار عەبدولواحید و ئەندامە دەستگیركراوەكانی نەوەی نوێ و رۆژنامەنوسە سكاڵاكارەكان بەڕێوەچوو. تا ئێستا ئەو كەیسەی كە شاسوار عەبدولواحید و ئەندامەكانی نەوەی نوێی لەسەر دەستگیركراوە، مادەی ( 2 )ە لە یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن، بەپێی ئەو مادەیە ئەگەر تۆمەتەكەیان بەسەردا ساغبێتەوە، ئەوا بەیەكێك لەم شێوازانە سزادەدرێن: - بۆ ماوەیەك بەند دەكرێن ( حبس ) كە لە ( 6 ) مانگ كەمتر نەبێت و لە ( 5 ) ساڵیش زیاتر نەبێت - بە غەرامەیەك سزا دەدرێن كە لە (1000000) یەك ملیۆن دینار كەمتر نەبێت و لە (5000000) پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت
پارتی دیموكراتی كوردستان وەڵامی یەكێتی نیشتیمانی دەداتەوەو یەكێتی بە پشتكردنە رێككەوتنەكانی نێوانیان تۆمەتبار دەكات. لە راگەیەنراوێكدا وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت" بەداخەوە پشتكردنی برایانی یەكێتی لە ڕێككەوتنەكان و هەوڵدان بۆ كاتكوشتن لە چەند مانگی ڕابردوو ئەو گومانەیش دروست دەكات كە هەر لەسەرەتاوە ئەوان ئامانجیان بووە كە پڕۆسەی سیاسیی دوا بخرێت و پەك بخرێت و بە ئەنجام نەگات" وتەبێژی پارتی یەكێتی تۆمەتبار دەكات كە لەسەرەتاوە ئامانجیان بەشداریكردن نەبووە لە پرۆسەی سیاسی" بە داخەوە برادەرانی یەكێتی بە بێی ڕەچاوكردنی بارودۆخی هەستیاری هەرێم و بە پشتگوێخستنی چاوەڕوانییەكانی خەڵكی كوردستان و ئیرادەی گەل، پشتیان لە ڕێككەوتنەكان كرد" دەقی راگەیەنراوەكەی وتە بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان دهقی روونكردنهوهكه: هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان.. هەروەك هەموو لایەك ئاگادارن، لەدوای پڕۆسەی هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان لە 30ـی 9ـی 2018 و، لەدوای تەواوبوونی ڕێكارە یاساییەكانی هەڵبژاردن و ئاكامەكانی، پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕوانگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتیمانی بە پشوودرێژی گفتوگۆكانی لەگەڵ لایەنەكان لە مانگی 11ـی 2018ـیەوە دەست پێ كرد. بۆ ئەوەی تەبایی و یەكڕیزیی نێوماڵی كوردستان بپارێزرێت و ڕێگە لە هەر كەلێنێك لە پڕۆسەی پێكهێنانی دامودەزگە شەرعییەكانی هەرێم بگیرێت. هەروەها لەپێناو ئەوەی پڕۆسەی سیاسیی هەرێم ڕهەندێكی نیشتیمانیی بەرفراوان وەربگرێت، پارتی سەردانی هەموو لایەنەكانی كردووە و خەڵكی كوردستان و هەموو لایەك شاهیدی ئەو پشوودرێژی و نیازپاكییەی پارتی دیموكراتی كوردستانن. لە سۆنگەی بڕوابوون بە بنەماكانی بەرپرسیارێتیی هاوبەش لە جومگەكانی حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و خزمەتكردنی زیاتری گەلەكەمان و پڕۆسەی چاكسازی، لە 4ـی 3ـی 2019 لەگەڵ برایانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ڕێككەوتنێكمان ئیمزا كرد. هەروەها بۆ ڕەچاوكردنی پڕەنسیپی شەراكەت لە 5ـی 5ـی 2019 ڕێككەوتنێكی تر لەگەڵ یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ئیمزا كرا لەسەر ئەو پشك و پێگانەی كە یەكێتی لە حكوومەتی داهاتووی كوردستان وەری دەگرێت. هەروەها لە ڕێكەوتی 4ـی 3ـی 2019 لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی مێژوویی و پەرۆشی بۆ كەركووك و ناوچەكانی ماددەی 140، بە تایبەتیش لەدوای ڕووداوە شوومەكەی 16ـی ئۆكتۆبەر، لەگەڵ یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لەسەر دیاریكردنی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركووك ڕێككەوتین. بە جۆرێك كە هاوتەریب لەگەڵ پێكهێنانی حكوومەتی هەرێم هەنگاوی پێویستیش بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی پارێزگای كەركووك بەدانانی پارێزگاریشەوە بنرێت، ئەویش بەپێی ڕێككەوتنی نێوان بەڕێزان سەرۆك بارزانی و كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی. لەدوای ڕاگۆڕینەوە و گفتوگۆی نێوانیان، هەردوو بەڕێزیان لەسەر دیاریكردنی بەڕێز فەرەیدوون عەبدولقادر بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك ڕێك كەوتبوون. هەروەها سەربارەت بە پۆستی وەزیری دادی عێراق لێكتێگەییشتن و ڕێككەوتن لەنێوان سەرۆك بارزانی و بەڕێز كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی هەبووە لەسەر دیاریكردنی كەسێكی كوردی بێلایەن بۆ ئەم پۆستە و پارتی و یەكێتی پابەندی ئەو ڕێككەتنە بن. كەچی كاتژمێر دەی دوێنێ شەو سەكردەیەكی یەكێتی سێ ناوی تری بۆ پارێزگاری كەركووك بۆ ئێمە ناردووە كە ئەمە پێشێلكردنی ڕێككەوتن و بەڵێنەكان بووە. بە داخەوە برادەرانی یەكێتی بە بێی ڕەچاوكردنی بارودۆخی هەستیاری هەرێم و بە پشتگوێخستنی چاوەڕوانییەكانی خەڵكی كوردستان و ئیرادەی گەل، پشتیان لە ڕێككەوتنەكان كرد و ئامادەی دانیشتنی پارلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم نەبوون، هەروەكچۆن پێشتریش پشتیان لە ڕێككەوتن كرد و بەشداری كۆبوونەوەی 18ـی 2ـی 2019ـی پارلەمانی كوردستان نەبوون. پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لەسەرەتاوە تێگەییشتنی بۆ كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی هەبووە و لەو ڕوانگەییشەوە سیاسەتی پشوودرێژی و ئاسانكاری لەبەرانبەر یەكێتی گرتەبەر. هەر ئەوەیش بووە هۆی دواكەوتنی پێكهێنانی دامەزراوە شەرعییەكانی هەرێمی كوردستان كە ئەو دواكەوتنەیش زیانی بۆ پێگەی هەرێم و پڕۆسەی سیاسی هەبووە بە تایبەتی كە كوردستان و عێراق و ناوچەكە بە بارودۆخێكی هەستیاردا گوزەر دەكەن و پێویستیمان بە حكوومەتێكی بەهێز و ناوماڵێكی تەبا و یەكڕیز بۆ كوردستان هەیە. بەداخەوە پشتكردنی برایانی یەكێتی لە ڕێككەوتنەكان و هەوڵدان بۆ كاتكوشتن لە چەند مانگی ڕابردوو ئەو گومانەیش دروست دەكات كە هەر لەسەرەتاوە ئەوان ئامانجیان بووە كە پڕۆسەی سیاسیی دوا بخرێت و پەك بخرێت و بە ئەنجام نەگات. لەگەڵئەوەیشدا پێمانوایە كە هەڵوێستی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان خزمەتی پڕۆسەی سیاسی ناكات و هەستیاریی قۆناغەكە و چاوەڕوانیی خەڵك و ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددیات ئەوەمان لێ دەخوازێ كە پڕۆسەی پێكهێنانی دامەزراوە شەرعییەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت و بگاتە ئەنجام و كۆتایی. مەحمود محەمەد وتەبێژی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان 28ـی 5ـی 2019
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف - نامیق رەسوڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستانو پارتی دیموكراتی كوردستان دوای چوار رێككەوتنو دواخستنی پێكهێنانی حكومەت بۆ ماوەی (8 مانگ)، جارێكی تر گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر، (درەو میدیا) وردەكاری ئاڵۆزبونەوەی پەیوەندییەكانی پارتیو یەكێتی لەم راپۆرتەدا بڵاودەكاتەوە. پەرلەمانی كوردستان نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان هەڵبژارد، ئەوەی پێشبینی دەكرا، روینەدا، نێچیرڤان بارزانی بە دەنگی (68) پەرلەمانتار هەڵبژێردرا، ئەمە لەكاتێكدا بوو پێشتر بەرپرسانی پارتی باسیان لەوەدەكرد، لەكۆی 111 پەرلەمانتار 91 ئەندام دەنگ بە نێچیرڤان بارزانی دەدەن. یەكێتی نیشتمانی، كە رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت ئیمزاكرد، ئەمڕۆ دەنگی بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم نەدا. پارتیو یەكێتی كە پێشتر چارەنوسی كەركوكیان وەكو دۆسیەیەكی كێشەلەسەر دایە دەست كۆسرەت رەسوڵ عەلیو مەسعود بارزانی، ئەو دوو كەسەش چارەنوسی كەركوكو پەیوەندییەكانی هەردوو حزبیان دایە دەست نادیار. بۆچی یەكێتی دەنگی بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم نەدا ؟ ئایا یەكێتی دەنگ بە بە هەڵبژاردنی مەسرور بارزانی دەدات وەكو كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت ؟ پەیوەندییەكانی پارتیو یەكێتی بەكوێ دەگات ؟ ئەمانە پرسیاری سەرەكی ئەم رۆژانەی چاودێرانی سیاسی دۆخی هەرێمن. چی رویدا ؟ بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵاوە لەناو یەكێتیو پارتی دەستیكەوتووە، دوێنێ شەو سەركردایەتیو مەكتەبی سیاسی یەكێتی نەخەوتوونو لە كۆبونەوەی چڕدا بوون. گروپی كەركوكییەكانی مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی یەكێتی، فشاری توندیان خستەسەر حزبەكەیان بۆ ئەوەی یەكێك لە گروپەكەی ئەوان بكرێت بە پارێزگاری كەركوك، ئەمانە تاوەكو ئاستی دەستلەكاركێشانەوەی بەكۆمەڵ هەڕەشەو فشاریان كرد. ( درەو میدیا) لە چەند سەرچاویەكی جیاوازە زانیویەتی، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق كە هاوكات جێگری دوەمی سكرتێری گشتی یەكێتییەو ئێستا بەرسەردانێك لە توركیایە پێی وابووە" كە پێویستە رێككەوتنەكە وەك خۆی جێبەجێبكرێت و هەموو دۆسیەكانی كەركوك و هەرێم و بەغداد یەك پاكێج بێت ، بەبێ ئەوە خراپە بەشداریكردن" هەرچی قوباد تاڵەبانیە "نیگەران" بوە لەو هەڵوێستەی یەكێتی و هەرزو نامەی پیرۆزبایی ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی كرد، بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ زۆر توند بونە كە بەبێ یەكلاكردنەوەی پرسی كەركوك بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمان بكرێت، كۆسرەت رەسوڵ ئەگەرچی لەگەڵ بەشداریكردن و پەیوەست بون بوە بە رێككەوتنەكانەوە لەگەڵ پارتی، بەڵام لەدوای رەتكردنەوەی تەواوی ئەو كاندیدانەی كە یەكێتی بۆ پارێزگاری كەركوك پێشكەشی بارزانی كردوە، ئەویش لەگەڵ بەشداریكردن نەبوە. لە كۆتایدا لەناو مەكتەبی سیاسی كۆدەنگییەك دروستبوو لەسەر ئەوەی، یەكێتی بەبێ یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی پارێزگاری كەركوك، بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان ناكاتو دەنگ بۆ هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم نادات، بەیانی ئەمڕۆ ئەو بیرۆكەیە بوو بە بڕیارو فراكسیۆنی یەكێتی بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی نەكرد. 39 كاندید بۆ یەك پۆست ! (درەو میدیا) زانیویەتی، بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم، یەكێتی لیستێكی نوێی ناوی كاندیدەكانی خۆی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك خستوەتە بەردەم پارتیو بەدیاریكراوی مەسعود بارزانی. یەكێتی سێ ناوی خستەبەردەم بارزانی بۆ ئەوەی یەكێكیان هەڵبژێرێت وەكو پارێزگاری نوێی كەركوك، ناوەكان ئەمانەبوون: • رەوەند مەلا مەحمود (جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لە كەركوك) • ئەحمەد عەسكەری (ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە فراكسیۆنی یەكێتی) • بابەكر سدیق (كاكەڕەش سدیق)، (ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە فراكسیۆنی یەكێتی) بارزانی هەرسێ كاندیدەكەی یەكێتی رەتكردەوە، بەبیانوی ئەوەی هەرسێكیان "ئۆكتۆبەرچین"، بەواتای ئەوەی لەو یەكێتییانەن كە پشتیوانیان لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر كردووە لە كەركوك. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە تاوەكو دوێنێ، یەكێتی لەكاتو ساتی جیاوازدا ناوی (39) كاندیدی بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك خستوەتە بەردەم بارزانیو هەموو ئەو ناوانە رەتكراونەتەوە. یەكێتی بۆ رایگشتی تەنیا یەك كاندیدی هەیە بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، كاندیدەكەش (رزگار عەلی)یە، بەڵام لە پشتی پەرەوە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ پارتی بەردەوام ناوی كاندیدی تری پێشكەشی بارزانی كردووە. بارزانی تەنیا كەسێكی لەناو یەكێتی بەدڵە ببێت بە پارێزگاری كەركوك، ئەو كەسەش (فەرەیدون عەبدولقادر)ە، بەڵام كێشەكە لەوەدایە فەرەیدون عەبدولقادر لەلایەن یەكێتییەوە بۆ ئەو پۆستە كاندید نەكراوە. سەرچاوەیەك لەناو پارتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، پارتی بەهیچ جۆرێك لە هەڵوێستی خۆی پاشەكشێی ناكاتو هیچ كەسێك لەوانەی پشتیوانی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەریان كردووە، وەكو كاندیدی پۆستی پارێزگاری كەركوك قبوڵ ناكات. نێچیرڤان بارزانی چی وت ؟ سەرچاوەیەكی باڵا لەناو پارتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لەدواین ساتەكانو بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمان، مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندییان بە نێچیرڤان بارزانییەوە كردووەو نیگەرانی خۆیان پێگەیاندووە سەبارەت بەوەی پارتی پابەند نییە بە رێككەوتنی نێوانیانەوە، بەدیاریكراوە لە پرسی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوكدا. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، نێچیرڤان بارزانی بە دێڕێكو بە كورتی وەڵامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی داوەتەوەو وتویەتی:" داوای دەنگتان لێ ناكەم"، نێچیرڤان بارزانی بێئومێدبووە لەوەی بتوانێت چارەسەرێك لەنێوان مەسعود بارزانی مامیو یەكێتیدا بدۆزێتەوە لەبارەی پرسی كەركوكەوە، بۆیە بەمجۆرە وەڵامی یەكێتی داوەتەوەو دەستبەرداری دەنگی فراكسیۆنی یەكێتی بووە لەناو پەرلەمان. پەیوەندی پارتیو یەكێتی بەرەو كوێ ؟ لە یەكەم كاردانەوەدا دژ بە دەنگنەدانی یەكێتی بۆ نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی نوێی هەرێم، پارتی لەسەر زاری ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنەكەی لە پەرلەمان وتی:" بە رێككەوتنەكەماندا دەچینەوە لەگەڵ یەكێتی"، ئەمە قسەی پارتییە لەبەردەم رایگشتیدا، بەڵام لە پشتی پەردە پارتی بە پێچەوانەوە بە ئارامییەوە مامەڵە لەگەڵ پێشهاتە نوێیەكەدا دەكاتو دەیەوێت بگاتە چارەسەر. سبەینێ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێكردنی رێككەوتنە سیاسییەكەی لەگەڵ پارتی، یەكێتی لەبەیاننامەی فەرمی خۆیدا ئەمڕۆ رایگەیاند، پارتی پابەند نییە بە رێككەوتنەكەوەو كێشە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك دروستدەكات، ئێستا هەموو باڵەكانی یەكێتی كۆدەنگن لەسەر ئەوەی دەبێت لەگەڵ پێكهێنانی حكومەتدا پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك هەڵبژێردرێت، بەڵام دیارنییە ئاخۆ یەكێتییەكان تا دواین سات بە یەكگرتووی دەمێننەوە یاخود لەبەرامبەر ئۆفەری تری پارتیدا دەستبەرداری بۆچونی خۆیان دەبین لەبارەی كەركوكەوە. ئێستا دوو پۆست هەن كە لەنێوان پارتیو یەكێتیدا جێناكۆكنو یەكلانەبونەتەوە، ئەو دوو پۆستەش بریتین: • پۆستی پارێزگاری كەركوك • پۆستی وەزارەتی دادی عێراق پێشتر پارتی ئەم دوو پۆستەی لەچوارچێوەی رێككەوتندا بۆ یەكێتی یەكلاكردەوە، بەڵام ئێستا چاوی لە یەكێك لەو دوو پۆستەیە. یەكێتیو پارتی دوای هەشت مانگ دانوستانو دواخستنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، ئەمڕۆ گەیشتنەوە خاڵی سفر، یەكێتی جارێكی تر پرسی كەركوكی خستنەوە سەر مێزی گفتوگۆكان، ئەو پرسەی لەسەرەتاوە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی ئیفلیج كرد. ئەگەر نەگەنە رێككەوتنێك، پێدەچێت یەكێتی خۆی لە دەنگدان بۆ راسپاردنی مەسرور بارزانی وەكو كاندیدەی سەرۆكی حكومەت بەدوربگرێت، ئەمەش ناكۆكی نێوان پارتیو یەكێتی دەباتە قۆناغێكی مەترسیدارەوە. دیار نییە یەكێتی لەسەر پرسی كەركوك تا چ ئاستێك بەرگە دەگرێت، هەندێك لە سەركردەكانی یەكێتی هەڕەشەی ئەوە دەكەن تا حاڵەتی دەستبەرداربوون لە بەشداریكردن لە حكومەت ئامادەنین دەستبەرداری كەركوك ببن. لەبەرامبەردا لای پارتیشەوە ئەوە روون نییە ئاخۆ ئەو سەرچڵییەی ئەمڕۆ مەسعود بارزانی بە پێگەی نێچیرڤان بارزانی برازایەوە كردی لەبەرامبەر یەكێتی، بۆ مەسرور بارزانی كوڕیشی هەمان سەرچڵی دەكاتو ئامادەیە دەستبەرداری پشتیوانی یەكێتی ببێت بۆ ئەو حكومەتەوە كە لە داهاتوودا كوڕەكەی سەرۆكایەتی دەكات؟
درەو میدیا: لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستاندا كە 81 ئەندام ئامادەبوو، نێچیرڤان بارزانی بەدەنگی 68 ئەندامی فراكسیۆنەكانی( پارتی و گۆڕان و پێكهاتەكان و سۆسیالیست) بە سەرۆكی هەرێم هەڵبژێردراو ( یەكگرتوو ، كۆمەڵ ، شیوعی) كە ئامادەی دانیشتنەكە بوون، دەنگیان نەدا، یەكێتی و نەوەی نوێ بەشداری دانیشتنەكەیان نەكرد. لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستاندا كە 81 ئەندام ئامادەبوون بریتی بوون لە: - پارتی دیموكراتی كوردستان: 45 ئەندام - بزوتنەوەی گۆڕان: 11 ئەندام (شیرین ئەمین) ئامادەی كۆبونەوەكە نەبوو. - پێكهاتەكان: 11 ئەندام - حزبی سۆسیالیست: 1 ئەندام - یەكگرتووی ئیسلامی: 5 ئەندام - كۆمەڵی ئیسلامی: 7 ئەندام - حزبی شیوعی: 1 ئەندام لەو ژمارە ئەندامەی ئامادەبوان ئەوانەی دەنگیاندا بە كاندیدی پارتی دیموركاتی كوردستان( نێچیرڤان ئیدریس مستەفا بارزانی):. - فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان: 45 ئەندام - فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان: 11 ئەندام ( شیرین ئەمین ) ئامادەی كۆبونەوەكە نەبوو - پێكهاتەكان: 11 ئەندام - سۆسیالیست: 1 ئەندام ئەوانەی دەنگیان نەدا - فراكسیۆنی كۆمەڵ: 7 ئەندام - فراكسیۆنی یەكگرتوو: 5 ئەندام - فراكسیۆنی شیوعی: 1 ئەندام لە كۆی ئامادەبوونی 81 ئەندامی پەرلەمان ( 68 ) ئەندام دەنگی بە كاندیدەكەی پارتی داو ( 13 ) ئەندامی ئامادەبوو دەنگی نەدا.
درەو میدیا: " هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەبێ دەنگی فراكسیۆنی یەكێتی، پرسی بڕیاردان وشەرعییەت لە هەرێمی كوردستاندا دەخاتە بەردەم بارودۆخێكی نوێوە، هەروەك پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەخاتە بەردەم ئەگەرو پێشهاتی تازە، دەرنجام و لێكەوتەكانی ئەو سیاسەتە ناواقعییانە هەرچییەك بێت لە ئەستۆی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا نییە و ئۆباڵەكەی دەكەوێتە ئەستۆی لایەنی بەرامبەر" ئەمە بەشێكە لە بەیاننامەی وتەبێژی رەسمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە لە دوای كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی خوێندیەوە، لە ساتی خوێندنەوەی ئەو بەیاننامەیەدا لە پەرلەمانی كوردستان دەنگدان بۆ كاندیدەكانی سەرۆكی هەرێم كراو نێچیرڤان بارزانی بەدەنگی 68 پەرلەمانتاری ( پارتی، گۆڕان، پێكهاتەكان) بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵبژێردرا. بەیاننامەكەی یەكێتی روو لە پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات و هۆشداری دەدات " ئەو سیاسەتی پشتگوێ خستن و تاكڕەوییە ئاكامەكانی باش نابن " . هەروەها بەیاننامەكەی یەكێتی ئۆباڵی جێبەجێنەكردنی رێکكەوتنەكان دەخاتە ئەستۆی پارتیو دەڵێت:" پارتی دیموكراتی كوردستان گرێ و گرفتی جددی بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكانی لەگەڵ یەكێتیدا دروستكردووەو پابەند نییە پێیانەوە، بۆیە فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان بەشداری كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان ناكات" دەقی بەیاننامەكەی وتەبێژی یەكێتی وەك دەزانن لەماوەی رابوردودا دوای گفتوگۆیەكی درێژو چروپڕو چاوەڕوانییەكی زۆری خەڵك و گرتنەبەری هەموو رێگەیەك لەپێناو گەیشتنە رێككەوتنێكی گشتگیر بۆ چۆنییەتی كاركردن و داڕشتنی دیدگای هاوبەش لەبارەی پرسەكانی ناوخۆو عیراق و دەوروبەر، دوو رێككەوتنمان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان ئیمزاكرد. رێككەوتنێكیان بۆ چەسپاندنی پرەنسیپەكانی بەیەكەوە كاركردن و چارەسەركردنی گرفتە كەڵەكەبووەكانی ناوخۆو ئەوانەی پەیوەندی بەعیراق و پەیوەندییەكانی هەرێمەوە هەیە. رێككەوتنی دووەم لەبارەی چۆنییەتی دابەشكردنی جومگەكانی حكومڕانیی و فەراهەمكردنی جۆرێك لەهاوسەنگیی لەدەسەڵاتە جیاوازەكان. هەموو ئەمانە لەپێناو بەشداری راستەقینەی یەكێتی نیشتیمانی كورستان و لایەنە سیاسییەكانی حوكمڕانی و بڕیاردان بوون. لەو رێككەوتنانەدا لەگەڵ پارتیدا مەبەستمان بوو هەماهەنگ بین و بەیەكەوە كاربكەین لەكوردستان بۆ پیكهینانی كابینەیەكی نوێی حكومەتی هەرێمی بەهێزو خاوەن بەرنامەی چاكسازیی و سەقامگیر. بیروباوەری یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و ئیستحقاقی گەلەكەشمان وایدەخواست كە بەیەكەوە كاربكەین لەبەغدا و بەرنامەیەكی هاوبەشمان هەبێت بۆ چارەسەركردنی گرفتە چارەسەرنەكراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا. هەر لەو رێككەوتنەدا كەركوكمان كردە سەنتەر بۆ چارەسەركردنی بەشێك لەكێشەو گرفتەكانی ناوچە دابڕاوەكان، مەبەستمان بوو پارێزگارێكی كورد لەیەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەهەماهەنگی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان لەئەنجومەنی پارێزگا هەڵبژێرین و لانیكەم رێگەبگرین لە هەوڵی پەلاماردان و تەعریبكردنی ناوچە دابڕێنراوەكان و رێگربین لەهەوڵی جیبەجێكردنی سیاسەتی شۆڤێنیانەی هەندێك لایەنی عیراقیی. بە بروای ئێمە حكومەت تەنها پێكهێنانی كابینە نییە، بەڵكو دەسەڵاتێكی دوانەیە ئەویش سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانە. بڕیارە ئەمڕۆ پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام دوای ئەو هەموو دواكەوتنەو پشودریژییەی خەلك و یەكیتی نیشتیمانی كوردستان و دوو رێككەوتنی یەك لەدوای یەك، هەتا ئیستاهیچ هەنگاوێك بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكان لەلایەنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە نەك نابیرێن، بەڵكو هەرجارەی گرفتیك بۆ پرسی دانانی پاریزگاری كەركوك لە پشكی یەكیتی،(وەك رێككەوتبوین لەسەری)،دروست دەكەن، لەم سۆنگەیەوە بەرای گشتی كوردستان رادەگەیەنین،كە ئەو سیاسەتی پشتگوێ خستن و تاكرەوییە ئاكامەكانی باش نابن و ئێمە وەك یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەهەموو ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ پارتی كردمان، گرفتمان دابەشكردنی پۆست و بەركەوتەی هەڵبژاردن نەبوو، بەڵكو پرسی بەیەكەوە كاركردن و شەراكەتی راستەقینەو خزمەتكردنی هاوڵاتیان و پرسی دانانی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك بۆخزمەتی خەلكی ستەمدیدەو بەشەرەفی ئەو پاریزگایە لەئەولەویەتی ئەجێندای گفتوگۆی ئێمەدا بوو، دەمانویست یەیەك تیم لەحكومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا بەیەكەوە كاربكەین، بەڵام مەخابن ئەمڕۆ بەئێوەی رادەگەینین كە پارتی دیموكراتی كوردستان گرێ و گرفتی جددی بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكانی لەگەڵ یەكێتیدا دروستكردووەو پابەند نییە پێیانەوە، بۆیە فراكسێۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان بەشداری كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان ناكا. هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمیش بەبێ دەنگی فراكسێۆنی یەكێتی، پرسی بڕیاردان وشەرعییەت لەهەرێمی كوردستان دا دەخاتە بەردەم بارودۆخێكی نوێوە، هەروەك پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەخاتە بەردەم ئەگەروپیشهاتی تازە، دەرنجام و لێكەوتەكانی ئەو سیاسەتە ناواقعییانە هەرچییەك بێت لەئەستۆی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دا نییە وئۆباڵەكەی دەكەوێتە ئەستۆی لایەنی بەرامبەر. وتەبیژی یەكیتی نیشتیمانی كوردستان
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف - نامیق رەسوڵ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەسەڵاتی بە خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەكە بەخشی ناڕازییەكان لە بزوتنەوەكە دەربكات، رێكخەری گشتی هەڕەشە دەكاتو دەڵێ "حكومەت دەڵەمەیەو نابێ رەخنەی لێبگرێت". ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە، مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەكە لە شاری سلێمانی كۆبووەوە، بەپێی دەستوری ناوخۆیی، ئەم جڤاتە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا. كۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانی، دوای كۆبونەوەی دوێنێی جڤاتی گشتی بزوتنەوەكە دێت، كە ئەو، بەپێچەوانەی جڤاتی نیشتمانییەوە، ئەنجومەنێكی راوێژكارییەو دەسەڵاتی بڕیاردانی نییە. گۆڕانو شەڕی ئەمریكاو ئێران ! بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو هەردوو جڤاتەكە دەست (درەو میدیا) كەوتوون، بەفەرمی كۆبونەوەكانی دوێنێیو ئەمڕۆی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر دوو تەوەری سەرەكی بووە: • ئەگەری رودانی شەڕ لەنێوان ئەمریكاو ئێران لەناوچەكەو دۆخی كورد لەو ململانێیانەدا • بارودۆخی ناوچە كوردستانییە كێشەلەسەرەكان لەبارەی ئەم دوو تەوەرەوە بزوتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ دوای كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی بەیاننامەیەكی بۆ رایگشتی بڵاوكردەوەو تێیدا داوای سازدانی كۆبونەوەیەكی "لوتكە"دەكات لەنێوان سەركردەی لایەنە سیاسییەكان بۆ تاوتوێكردنی بارودۆخەكە. (درەو میدیا) زانیویەتی، هەڵبژاردنی ئەم دوو تەوەرە بۆ گفتوگۆكردن لە هەردوو جڤاتی گشتیو نیشتمانیدا گرفتی دروستكردووەو زۆرێك لە ئەندامان ئامانجی كۆبونەوەكەیان لا روون نەبووە، هەندێكیش پێیانوا بووە، بزوتنەوەی گۆڕان ئەو هێزە گەورە نییە قسە لەسەر ناكۆكییەكانی ئەمریكاو ئێران بكات لە ناوچەكەدا. خانە ناڕازییەكان دەردەكات بەیاننامەكەی بزوتنەوەی گۆڕان بەهیچ جۆرێك باسی لە تەوەرەكانی تری كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی نەكردووە، بەڵام سەرچاوەیەكی نزیك لە خانەی راپەڕاندن بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، گرنگترین بڕیاری كۆبونەوەكەی ئەمڕۆ، ئەوە بووە "جڤاتی نیشتمانی دەسەڵاتی بە خانەی راپەڕاندن داوە، ئەوانەی لە سیاسەتی ئێستا بزوتنەوەكە ناڕازین، دوربخاتەوە". رێكخەر هەڕەشە دەكات (درەو میدیا) زانیویەتی، لە كۆبونەوەی دوێنێی جڤاتی گشتیو كۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانیدا، عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان هەڕەشەی كردووە" هەر كەسێك لە سیاسەتو هێڵی كاركردنی ئێستای بزوتنەوەكەو دیسپلینی حیزبی دەربچێت، لە بزوتنەوەكە دەردەكرێت". ئەم هەڕەشەیەی رێكخەر لە كۆبونەوەی هەردوو جڤاتدا كاردانەوەی لێكەوتەوە، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانیدا هەندێك لە ئەندامان داوایان كردووە شێوازی سزادان رێكبخرێتو پلەبەند بكرێت بە چەند قۆناغێك، نەك دەركردنی راستەوخۆ. هەڕەشەكانی رێكخەری گشتی هاوكاتە لەگەڵ ئەو شەپۆلە ناڕەزایەتییەی كە لەناو بەشێكی زۆری "هەڵسوڕاوەكانی" ئەو بزوتنەوەیە سەبارەت بە رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتیو كێشە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەكە دروستبووە. حكومەتی دەڵەمە ! لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا جڤاتی نیشتمانی باسی لە قسەو لێدوانە توندەكانی (غالب محەمەد) پەرلەمانتاری بزوتنەوەكە كردوە لە پەرلەمانی عێراق دژ بە سیاسەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان. عومەر سەید عەلی رێكخەری بزوتنەوەكە وتویەتی "نابێت بە هیچ جۆرێك رەخنە لە حكومەت بگیرێت، چونكە حكومەتەكە دەڵەمەیەو هێشتا پێنەگەیشتووە". كۆنفرانسو هەڵبژاردنی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان كە هێزێكی نوێیە لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان، ئێستا دامەزراوە ناوخۆییەكان وادەیان بەسەرچووە، هەردوو جڤاتی گشتیو نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە ساڵی 2016وە وادەی یاساییان تەواوبووە، خانەی راپەڕاندنیش كە دەسەڵاتی جێبەجێكاری بزوتنەوەكەیە رۆژی 25ی تەموزی داهاتوو تەمەنی یاسایی كۆتایی دێت، كە بۆ ماوەی دوو ساڵە. ئێستا لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا مشتومڕی كۆنفرانسو هەڵبژاردنی ناوخۆیی گەرمە، لە كۆبونەوەی دوێنێیو ئەمڕۆی هەردوو جڤاتەكەدا باسی خۆرێكخستنەوە كراوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بڕیاربەدەستانی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان نایانەوێت بەمزوانە هەڵبژاردنی ناوخۆیی بكرێت. سەرچاوەیەك لە جڤاتی نیشتمانی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، خانەی راپەڕاندن نایەوێت هەڵبژاردنی ناوخۆیی بكرێتو دەڵێ ئێستا گۆڕان بەرگەی هەڵبژاردنی ناوخۆیی ناگرێتو دەبێت ئەو پرسە دوابخرێت بۆ دوای پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتو كۆتایهێنان بە دۆسییەی ناڕەزاییەكان لەناوخۆی بزوتنەوەكەدا. وتەبێژی حیزب لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا لەبارەی دانانی وتەبێژێكی فەرمی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان گفتوگۆكرا، هەندێك ناوی (وشیار عەلی عومەر)یان هێنا، بەڵام جڤات دەنگی لەسەر نەداو پرسی وتەبێژ یەكلانەكرایەوە. تاوەكو هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن لە 27ی تەموزی 2017 شۆڕش حاجی وتەبێژی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان بو، بەڵام دوای هەڵبژاردنی وەكو ئەندامی خانە، لەو پۆستەدا نەماو لەوكاتەوە گۆڕان وتەبێژی فەرمی نییە. پەنجەكان یەكتری دەشكێنن ؟ دۆخی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای كۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانییەوە پێی نایە قۆناغێكی نوێوە، كە دەتوانرێت ناوی كتێبە بەناوبانگەكەی نەوشیروان مستەفا دامەزرێنەری بزوتنەوەی لێبنرێت، قۆناغی "پەنجەكان یەكتری دەشكێنن". (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە زانیاری دەستكەوتووە، لەناو ئەندامانی خانەی راپەڕاندندا كۆدەنگییەك دروستبووە لەسەر ئەوەی "بزوتنەوەی گۆڕان لە ناڕەزایەتی پاكبكرێتەوە". ئەمڕۆ لە كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانیدا خانەی راپەڕاندن ئەو دەسەڵاتەی پێدرا پەنجەی هەموو ئەوانە بشكێنێت كە ناویان لێنراوە "ناڕازییەكان"، پێشبینی دەكرێت بەر لە هەر جوڵەیەكی سیاسی ناڕازییەكان، باڵی رازییو بەدیاریكراوی خانەی راپەڕاندن دەستی خۆی بوەشێنێتو بە فەرمی كۆتایی بە ئەندامێتی ئەوانە لەناو بزوتنەوەكەدا بهێنێت كە دژی سیاسەتی ئێستا بزوتنەوەكە قسە دەكەن. ئەمە لەكاتێكدایە ئەوانەی ناویان لێنراوە "ناڕازیی" لەبنەڕەتەوە بەشێك لە كەسایەتییە كاریگەرەكانیان پێشوەختە دەستیان لە كاركردن لە بزوتنەوەكە كێشاوەتەوەو ئامادەی گەڕانەوە نین چ بۆ ناو بزوتنەوەكە چ بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستانەی كە لە كابینەی نوێی حكومەت بەر بزوتنەوەكە كەوتوونو خۆیان بە گۆڕان نازانن. لەبەرامبەر توندكردنەوەی رێوشوێنەكان لەناو گردی زەرگەتەوە، لە دەرەوەی گردەكەش ناڕازییەكان خەریكی خۆكۆكردنەوەی بۆ گەڕێكی نوێی روبەڕووبونەوە، ئێستا ئاڕاستەیەك لەناو ناڕازییەكان دروستبووە كە داوای هەڵوێستی جدیو یەكلاكەرەوە دەكات بەر لەوەی نەیارەكانیان بڕیاری پێشوەختەیان لەسەر بدەن. كۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانی، ناڕازییەكان بەسەر سێ گروپدا دابەشكردووە: گروپی یەكەم: پرۆگۆڕان، كە لە هەڵسوڕاوەكانی بزوتنەوەكە لە وڵاتانی ئەوروپا پێكدێت، باسی لەوەكراوە ئەم گروپە وەكو حزبێك مامەڵە دەكات، هەندێك داوایان كردووە لە گۆڕان دەربكرێن. گروپی دووەم: ئەو هەڵسوڕاوانەی دژی بزوتنەوەكە قسە دەكەن، بڕیاردراوە ئەمانە بەفەرمی لە بزوتنەوەكە دەربكرێن. گروپی سێیەم: ئەوانەی ناڕازینو دانیشتوون، بەڵام قسە لەسەر بزوتنەوەكە ناكەن، ئەمانە هیچ رێوشوێنێكیان لەدژ ناگیرێتەبەر. لیژنەی كاندیدەكان بڕیاربوو ئەمڕۆ لیژنەی تایبەت بە یەكلاكردنەوەی كاندیدەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پۆستە حكومییەكان كۆببێتەوەو دواین لیستی كوتكراوەی كاندیدی پۆستەكان رادەستی جڤاتی نیشتمانی بكات، بەڵام لیژنەكە كۆنەبووەوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی دژی ئەوەبوون كۆنە وەزیرو پەرلەمانتارو ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاكانو ئەندامانی خانە بۆ وەرگرتنی پۆستەكان كاندید بكرێن. ئێستا لەبارەی چۆنیەتی یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستەكانەوە بیروڕای جیاواز لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا هەیە، ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دابەشبوون بەسەر دوو بۆچوندا: • بۆچونی یەكەم: ئەو ئەندامانەی خانە كە خۆیان بۆ وەرگرتنی پۆستەكان كاندید كردووە، داوا دەكەن یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان نەخرێتە ناو جڤاتی نیشتمانییەوە، واتە جڤاتی نیشتمانی كە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە دەنگیان لەسەر نەدات. • بۆچونی دووەم: چەند كەسێكی تر لەناو خانە كە كاندید نین، دەیانەوێت جڤات بە دەنگدان كاندیدەكان یەكلابكاتەوە. لەنێوان هەردوو بۆچونەكەدا، كوڕەكان نەوشیروان مستەفا كە دەوترێت بڕیاری كۆتایی لای ئەوانە، لەگەڵ ئەوەدان لە دەرەوەی جڤات كاندیدی پۆستەكان یەكلابكرێتەوە. سەرچاوەیەكی نزیك لە لیژنەی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، خانەی راپەڕاندن دەیەوێت كارەكانی لیژنەكە پەكبخات تا دواین ساتەكانو وادەی نزیكبونەوەی پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكان بە مەسرور بارزانی، ئەوكاتە بەبەهانەی نەبوونی كاتی گونجاوەوە خۆی بڕیاری كۆتایی لەسەر ناوی كاندیدەكان بدات.
(درەو میدیا): وەفدێكی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشووی كەركوك بۆ بەغدا، گەیشتە بەیروتی پایتەختی لوبنان. سەرچاوەیەك لە حكومەتی عێراق لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی " RT" رایگەیاند وەفدێكی دەستەی نەزاهەی عێراق ئەمڕۆ بۆ گەڕاندنەوەی نەجمەدین كەریم گەیشتوەتە بەیروت. ئاشكراشیكرد وەدەكە داواكارییەكی فەرمیی پەسەندكراوی لە وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە پێیە بۆئەوەی نەجمەدین كەریم بگەڕێنرێتەوە بۆ بەغداد. بەوتەی سەرچاوەكە لە چەند كاتژمێری داهاتوودا نەجمەدین كەریم دەهێنرێتەوە بۆ بەغداد.
(درەو میدیا): ئەندامێكی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤی عێراق سەردانی شاسوار عەبدولواحیدو دەستگیركراوەكانی تری جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەكات لە ئاسایشو رایدەگەیەنێت شاسوار عەبدولواحید خۆی داوایكردووە لە زیندانی تاكە كەسیدا بێتو مانیشی لە خواردن نەگرتووەو دۆخی تەندروستی زۆر باشە. لە بەیاننامەیەكدا كە كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤی عێراق بڵاویكردوەتەوە ئاماژەبەوەدراوە كە وەك یەكێك لەو ئەركاتەی لە ئەستۆیدایە و بە گوێرەی یاسا كۆمسیۆنەكە بەدواداچوونی بۆ دۆخی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ كردووە لەگەڵ ئەو ئەندامانەی تری جوڵانەوەكە كە لە گرتوخانەی ئاسایشی سلێمانیدان. بەیاننامەكە ئاشكراشیكردووە بەسمە محەمەد مستەفا، ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤی عێراق سەردانی ئاسایشی سلێمانی كردوە بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی دەستگیركراوەكانو هۆكاری دەستگیركردنیان. لە سەردانەكەیدا بەرپرسانی ئاسایشی سلێمانی بەو ئەندامەی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤی عێراقیان رایانگەیاندووە زیاتر لە سكاڵایەك لەلایەن پەرلەمانتارانو خەڵكانی دیكەوە لەسەر سەرۆكو ئەندامەكانی تری جوڵانەوەی نەوەی نوێ تۆماركراوە بە تۆمەتی تەشهیرو ناوزڕاندن. بەیاننامەكە ئاشكراشیكردووە كە بەسمە محەمەد، ئەندامی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤی عێراق چاوی بە شاسوار عەبدولواحیدو دەستگیركراوەكانی تر كردووەو رایانگەیاندووە دۆخی زیندانیان زۆر ئاسایی و سروشتییەوەو مامەڵەی مرۆڤانەیان لەگەڵدا دەكرێتو بەردەوام كەسوكارەكانیان سەردانیان دەكەن. هەروەها شاسوار عەبدواحید رایگەیاندووە خۆی داوایكردووە لە زیندانی تاكەكەسیدا بێتو هەواڵی مانگرتنی لە خواردن دوورە لە راستییەوەو وتەی خۆی لەبەردەم دادوەرو بە ئامادەبوونی پارێزەر پێشكەشكردووە.
راپۆرتی: درەو میدیا بەیانی رۆژی 26/5/2019 لە دادگای سلێمانی و لەبەردەم دادوەردا روبەروبونەوە لە نێوان شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و 10 ئەندامی ئەو جوڵانەوەیەو 5 رۆژنامەنوسی سكاڵاكارو دوو پارێزەری شاسوار عەبدولواحید رویدا. روبەروبونەوەی شاسوار و ئەندامانی نەوەی نوێ بە جلوبەرگی ئاسایی خۆیانەوە ئەو 10 ئەندامەی جوڵانەوەی نەوەی نوێی و شاسوار عەبدولواحید كاتژمێر 12ی نێوەڕۆی 26/5/2019 هێنرانە هۆڵی دادگاییكردنەكە لە دادگای سلێمانی، كە پرۆسەی دادگاییەكە بە سەرپەرشتی دادوەری لێكۆڵینەوەی تایبەتمەند بە كەیسی ئاسایش بەڕێوەچوو. (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو دادگا وردەكاری بەڕێوەچوونی دانیشتنەكەی دادگا دەستكەوتووە، ئەو ئەندامانەی نەوەی نوێ كە وەك ئەدمینی پەیجەكان ناودەبڕێن و پێشتر دەستگیركرابوون، بە روونی دانیان بەوەدا نا ئەم پەیجانەیان بەرێوەبردووە (فایلی نهێنی، داهاتویەكی نوێ، رۆژگوڵ، پەیج و ماڵپەری رۆژنامەو..)و لەلایەن خودی شاسوار عەبدولواحیدەوە سەرپەرشتی و ئاراستە و سپۆنسەر كراون. لەبەرامبەردا شاسوارعەبدولواحید كە بە دەموچاوێكی كەمێك غەمگین و بێدەنگیكی قوڵەوە لەناو هۆڵی دادگاییكردنەكەدا دانیشتبوو" هەموو ئەو تۆمەتانە كە روبەروی دەكرایەوە رەتی دەكردەوە، تەنانەت كە دادوەر پرسیاری لێدەكرد دەیوت" هەتا ئازادنەكرێم، لەسەر ئەو پرسانە قسە ناكەم". تەنانەت ئەو ئەدیمینانە دانیان بەوەداناوە كە ئەوان موچەیان هەبوو و یەكێك لەوان لە ناو دادگاكەدا رایگەیاند " هەشت سەعات دەوامم كردووە بە 350 هەزار دینار ئەو كارەم كردووە" كەسێكی تریان وتی" مانگانە 650 هەزار دینارم هەبووە". ئەوان بەروونی وتیان "تەنانەت بە ڤیزاكارتی خودی شاسوار عەبدولواحید سپۆنسەری ئەو بابەتانە كراوە" لەبەرامبەردا شاسوار عەبدولواحید رایگەیاندووە" بەڵی ئەو بابەتانە بە ڤیزاكارتی من سپۆنسەركراون، بەڵام من پێم وتوون بۆ بابەتی بەسود سپۆنسەری بكەن، نەك جنیۆدان و تەشهیركردن بە خەڵكی". رۆژنامەنوسە سكاڵاكارەكان پێنج رۆژنامەنووس كە سكاڵایان لەسەر خودی شاسوار عەبدولواحید تۆماركردووە، ئامادەی دانیشتنی دادگا بوون كە ئەوانیش: كەمال رەئوف: سەرنووسەری ماڵپەری شار نیاز سەعید: نووسەرو سیاسیی تاریق فاتیح: سەرنووسەری هاوڵاتی محەمەد هەورامی: رۆژنامەنووس سیروان رەشید: رۆژنامەنووس ئەوان لە دانیشتنەكەدا ئیفادی خۆیانداو بەڵگەی خۆیان لەسەر ئەو تەشهیرو ناوزراندنانەی پێیانكراوە خستۆتەروو، كە دواتر راگەیەنراوێكیان بڵاوكردەوەو ئاماژەیان بەوەكردووە" لە رووبەروبونەوەكەدا هەردوو سكرتێرەكەی شاسوار عەبدولواحید؛ لەبەردەم رۆژنامەنووس و نووسەران و دادوەری بەرێزدا؛ دانیان بەوەدا نا، كە فرمان و رێنماییان لەلایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە وەرگرتووە بۆ بڵاوكردنەوەی ئەو تۆمەت و بووختانە داتاشراوە جۆراوجۆرانەی كە بۆ ناوزڕاندنی ئێمەو ئەوانی تریش لەماڵپەڕی (ڕۆژنامە)و پەیجە بندیوارو نهێنییەكانی بەشی سۆشیال میدیای (نەوەی نوێ)دا بڵاویان كردۆتەوەو ڕاستەوخۆ شاسوار عەبدولواحید خۆی دەقی بووختان داتاشین و تۆمەت هەڵبەستنەكانی داڕشتووەو بۆی ناردوون بۆ بڵاوكردنەوەو بەڤیزا كارتی ناوبراو ؛ ئەو ماڵپەڕو پەیجانە سپۆنسەر كراون و بەرێوەبراون ، ئەو كارانەش لەرێگەی گرووپ چاتێكەوە كراوە كە سكرتێرەكانی شاسوار عەبدولواحیدو لێپرسراوی بەشی سۆشیال میدیای (نەوەی نوێ) سەرپەرشتییانكردووە". لە دانیشتنەكەدا لەلایەن رۆژنامەنوسە سكاڵاكەرەكانەوە چەندین بەڵگە لەسەر درووستكردنی سایتی ( رۆژنامە) خراوتەوە رایانگەیاندووە كە لەلایەن خودی شاسوار عەبدولواحیدەوە دروستكراوەو پارەی بۆ خەرجكراوە، تەنانەت وەسڵی دروستكردنی سایتەكەش خراوەتەروو كە بڕی (600 دۆلار)ی تێچووەو لەلایەن سكرتێرەكەی شاسوار عەبدولواحیدەوە بۆی خەرجكراوەو كاتێك دادوەر رودەكاتە سكرتێرەكەی شاسوار عەبدولواحید و پێی دەڵێت" ئێوە ئەو بڕە پارەیەتان خەرجكردووە ؟"، ئەویش دەڵێت" بەڵێ، بەڵام بە فەرمانی شاسوار عەبدولواحید". ئەو رۆژنامەنوسانە سورن لەسەر سكاڵاكانیان و داوای قەرەبووی مادی و مەعنەوەی لە سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەكەن. تەنانەت لە كۆتایی دانیشتنەكەدا شاسوار عەبدولواحید رودەكاتە سەرنوسەری رۆژنامەی هاوڵاتی و پێی دەڵێت "كەس نا تۆ سكاڵام لەسەر تۆمار بكەیت !؟" ئەویش دەڵێت " كەس نا تۆ ئەوا تەشهیرمان پێبكەیت!؟". رێگەیان گەڕانەوەیان پێنەدرا لە دانیشتكەدا هەردوو پارێزەری شاسوار عەبدولواحید و كۆمپانیای نالیا (عوسمان شێخ سدیق و رێباز محەمەد) ئامادەبوونو ئەوان تەواوی تۆمەتەكانیان رەتكردەوە كە روبەرووی شاسوار عەبدولواحید كرایەوە. پارێزەرانی شاسوار عەبدولواحید ئەوەشیان وت كە" ئەو تۆمەتانەی روبەروی شاسوار عەبدولواحید دەكرێتەوە تەنها قەسەیەو تا ئێستا هیچ بەڵگەیەك نیە كە شاسوار عەبدواحید ئاراستەی كردبێتن و پێی وتبن تەشهیر بكەن". دانیشتنەكە زیاتر لە 4 كاتژمێری خایاندووە، لەدوای هاتوچۆ و چونەدەرەوەیان، رێگە بە پارێزەرەكانی شاسوار عەبدولواحید نەدرا بگەڕێنەوە بۆ ناو دانیشتنەكەی دادگاو ئیمزا لەسەر كۆتایی دانیشتنەكە بكەن، ئەمە بەپێی قسەی پارێزەرەكان خۆیان. داوای ئازادكردن لە كۆتایی دانیشتنەكەدا ئەو 10 ئەندامەی نەوی نوێ داوایان لە دادوەركردووە لەم سەروبەندی جەژنە ئازادیان بكەن و دادوەریش پێی وتون "ئیشاڵڵا"، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) پێشبینی دەكرێت پێش جەژنی رەمەزان شاسوار عەبدولواحید و ئەو ئەندامانەی نەوێ نوێ بە (كەفالەت) ئازادبكرێن،چونكە ئەو مادەیەی پێی دادگایی دەكرێن(مادەی ( 2 )ە لە یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن)ە، رێگە دەدات ئەوان بە كەفالەت ئازادبكرێن. دادگاییكردنی ئەو كەیسە بەردەوام دەبێت و شاهید و سكاڵاكاری تر لە دانیشتینی داهاتوو كە چاوەڕەوان دەكرێت یەكشەممەی داهاتوو بەرێوە بچی بەشدار دەبن، بەو پێیەی ئەوەی ئێستا بەرێوە دەچێت تەنها لێكۆڵینەوەیە( تەحقیقە) دادگاییكردنەكەشیان بەردەوام دەبێت. لە دانیشتنەكەدا دادوەری دادگاییەكە بە نوێنەری ئاسایشی سلێمانی دەڵێت" كە دەبێت پارێزەر و هەر كەسێكی دیكە بیەوێت ئەمانە بیبینێت رێگریان لێنەكرێت و بیانبینێت"
(درەو میدیا): رێباز حەملان وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: لە 2019 دا حكومەتی هەرێم پێنج موچەی دابەشكردووە، سێ موچەی 2018 و 2 موچەی 2019. • موچەی مانگی 10 و 11/2018 كە بەپاشەكەوتەوە دابەشكراوە لە موچەی مانگی 1و 2ی ساڵی 2019 • موچەی مانگی 12/2018 بەبێ پاشەكەوت دابەشكراوە لە موچەی مانگی 3ی 2019 • موچەی مانگی 1 و 2/2019 لە موچەی مانگی 4 و 5 دابەشكراوە واتا لە 2019 دا پێنج موچە دابەشكراوە • حكومەتی ناوەند لە مانگی 1ی ساڵی 2019 تا مانگی 5ی 2019 مانگانە بە تێكڕا بڕی ( 453 ملیارو 276 ملیۆن و 986 هەزار دیناری) بۆ هەرێم ناردووە. لە ساڵی 2019 كۆی خەرجیەكانی حكومەتی هەرێم بەم شێوەیە بووە: • بڕی پارەی تەمویلكراو بۆ موچە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتیەكان و هاوپەیمانانەوە بریتی بووە لە ( 1.831.033.835.000 ) یەك ترلیۆن و 831 ملیار و 33 ملیۆن و 835 هەزار دینار • پارەی حكومەتی ناوەند بریتی بووە لە ( 2.266.399.930.000 ) دوو ترلیۆن و 266 ملیارو 399 ملیۆن و 930 هەزار ) دینار • كۆی گشتی خەرجكراو بۆ موچە ( 4.097.433.765.000 ) چوار ترلیۆن و 97 ملیارو 433 ملیۆن و 765 هەزار دینار