شەپۆلێکی تری توڕەبوون 

Draw Media

2020-12-14 18:53:10



مەریوان وریا قانع- ئاراس فەتاح (تایبەت بە درەو دەینوسن) 

شەپۆلێکی بەرفراوانی ناڕەزاییدەربڕین، تێکەڵ بە توڕەبوونێکی مێژوویی گەورە، کۆمەڵێک ناوچەی جیاوازیی ھەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە. زیاد لە بەشێکی کۆمەڵگاکە لەسەر سەرشەقامەکانن و بەشدارن لە دروستکردنی ئەم شەپۆلە تازەیەدا. بە پێچەوانەی ئەو بۆچوونەوە کە پێیوایە ئەم شەپۆلی ناڕەزایەتییە تەنھا شەپۆلی گەنجانە، ئێمە پێمانوایە شەپۆلەکە زۆر فراوانترە لەوەی تەنھا بۆ ناڕەزایەتیی گەنجان کورتبکرێتەوە. ڕاستە ژمارەی گەنجانی بەشداربوو گەورەیە، بەڵام ھاوکات کەسانی سەر بە گروپە کۆمەڵایەتیییە جیاوازەکان و پیشەوەر و بێکار و تەمەنەکانی تریش، چالاکانە لە سەر شەقامن و بەشدارن لەم ڕووداوە گشتییەدا. شەقامی ئەمجارە شەقامێکی پلورالە، شەقامی سەرجەمی ئەو توێژە کۆمەڵایەتییە جیاوازانەن کە ھیچیان نەماوە بیدۆڕێنن، کە توانای سەبر و دانبەخۆگرتنیان نەماوە، کە ئومێدێک شکنابەن پاڵیان پێوەبنێت چاوەڕوانی شتێک بن. ئەمڕۆکە سوپایەک لە مرۆڤی نائومێد و پڕوکاو و وەڕس، مرۆڤی پەراوێزخراو و بەزیادەحیسابکراو، کەسانێک کە ھەستناکەن مافیان ھەیە و کەرامەتیان پارێزراوە، مرۆڤگەلێک ژمارەیەکی بەرچاویان لەژێر ھێڵی ھەژارییەوە دەژیین، لەسەر شەقامن. لە دونیای ئێمەدا ئەم فۆرمە لە توڕەبوونی کۆمەڵایەتیی مێژووی ھەیە،  لەپڕ و لە بۆشاییدا دروستنەبووە، ئەزموونێکی حوکمڕانیی ناشیرین و تارمایی تاوانبارێک لە پشتییەوە ئامادەیە کە ھەمووان وردەکاریی کارکردن و تۆنی ھەڕەشەکانی دەناسن و ھەمووانیش دەزانن چۆن دروستبووە و کێ دروستیکردوە. ئەو مێژوو و تارماییە مێژوو و تارمایی ئەو مۆدێلە سوڵتانییە بنەماڵەییەیە کە سێ دەیەیە دەستی شێوێنەرانەی چەند خێزانێکی سیاسیی خستۆتە ناو ورد و درشتی ژیانی ئەو کۆمەڵگایەوە. ھەموو ھەرێمەکەشیان، بە ئابوریی و دەزگا و پەیوەندییەکانیەوە، بە سوپا و میدیا و یاساکانییەوە، بە سامانی سەرزەویی و ژێرزەوییەوە، وەک موڵکی شەخسیی خۆیان و خزم و ناسراوەکانیان مامەڵەدەکەن و چۆنیان بوێت بەو شێوەیە دەیانخەنەگەڕ و بە میزاج و سایکۆلۆژیای خۆشیان بەڕێوەیاندەبەن. لەھەموو ئەمەشدا عەقڵیەتی بەئەبەدیرکردنی دەسەڵاتی بنەماڵەکان و خواستی مانەوەی ھەتاھەتاییان لەسەر دەسەڵات، ڕێنماییکەریانە. خودی دانیشتوانی ھەرێمەکەش وەک ڕەعیەتێکی بێماف و بێحورمەت وێنادەکەن، کە پێویستە سوپاسگوزاربن، ئەوان و نەوەکانیان حوکمڕانییان دەکەن. ئەمڕۆکە ئەم مۆدێلە لە دەسەڵاتدارێتیی بۆ جارێکی تر بە بنبەستێکی نوێ گەیشتوە، وەک جارەکانی تریشی دیسانەوە جگە لە توندوتیژیی و هێزی چەکدار، جگە لە تیرۆری بەڵتەجییەکانیان، شتێک نەماوە بتوانێت بیانپارێزێت. 
ئەم مۆدێلە دەسەڵاتدارێتییە لەپاڵ دروستکردنی چەند بنەماڵەیەکی ملیاردێر و بازنەیەکی داخراو لە ملیۆنێری نزیک لە بنەماڵە حوکمڕانەکانەوە، ژمارەیەکی گەورەی دانیشتوانی ھەرێمەکەی ھەژارخستوە. سیاسەتی ئابووریی هەرێم، کە یەکێکە لە سیاسەتە ھەرە خراپەکانی ئابوریی رەیعی نەوت، شێوازێکی تازەی لە ھەژاریی و نەداریی و دۆخێکی دروستکردوە، بەشێکی بەرچاو لە خەڵک توانای دابینکردنی لانی ھەرەکەمی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی ڕۆژانەیان نەماوە. بژێوییان لەبەردەم ھەڕەشەی بەردەوامدایە و ناتوانن ژیانێکی سادە و ئاسایی بۆ خۆیان و منداڵەکانیان دابینبکەن. سیاسەتی ئابوریی ھەرێم تەنھا یەک ناوی ھەیە: ”ئابوریی فرۆشتنی نەوت و دزینی پارەی ئەو نەوتە“. ئەم ئابورییە بەشێوەیەک داڕێژراوە و بەدەزگاییکراوە کە نوخبە سوڵتانییە بازرگانەکەی ھەرێم لە ھەموو دۆخێکدا سەرمایەکەی کەڵەکەبکات و تابێت دەوڵەمەندتر ببێت، بەڵام قەیران و کێشە و کارەساتە ترسناک و گەورەکانی ئەو شێوەڕێکخستنە بۆ خەڵکی ھەرێمەکە بەجێبھێڵێت. لە ئێستادا ئەو مۆدێلە ئابورییە لە فرۆشتنی نەوت و دزینی پارەکەی، گۆڕاوە بۆ نەفرەتێکی ھەمەلایەنە و لە بەردەم ئەنجامدانی تاوانی ڕۆژانە و گەورەدایە: لەپێش ھەمووانیشەوە تاوانی نەدانی موچەی مانگانەی فەرمانبەرانی ھەرێمەکە. بە ھەموو مانایەک پێنەدانی موچە، کە دەرەنجامی شێوازێکی تایبەتی ڕێکخستنی سیستەمە ئابورییەکەیە، تاوانێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقیی گەورەیە و دەچێتە خانەی برسیکردنێکی سیستماتیک و ڕێکخراوەوە. بە کورتییەکەی ئەم ئابورییە ڕەیعییە کە لەسەر تاڵانکردنێکی سیستماتیکی ھەرێمەکە کاردەکات، لەسەرێکەوە دەستەبەرکردنی کەڵەکەکردنی زیاتری سەرمایە بۆ نوخبە سوڵتانییەکە مسۆگەردەکات، لەسەرێکی ترەوە ھەژارخستن و برسیکردنێکی سیستماتیکیی کۆمەڵگاکە ئەنجامدەدات، تا ئەو ئاستەی موچەی مانگانە، کە تاقە سەرچاوەی بژێوی سەدان هەزار مرۆڤە، دابیننەکرێت.

بێگومان دروستکردنی ئەم وێرانە ئابوورییە تاکە تاوانی ئەم سیستەمە سوڵتانییە بنەماڵەییە نییە، ژێرخانی ناڕەزاییدەربڕینەکان لەم وێرانە ئابوورییە گەورەترە. وێرانکردنی سیستەمە سیاسییەکەی ھەرێمیش تاوانێکی تری نوخبە سوڵتانییەکەیە کە لەسەرێکەوە شتێکی بەناوی چاکەی گشتییەوە نەھێشتۆتەوە، لەسەرێکی ترەوە هەموو ئومێدێکی بۆ گۆڕانکاریی و ئەزموونکردنی حوکمڕانییەکی تر، وێرانکردووە. ئەم سیستەمە سیاسییە لەباتی بەرھەمھێنانی مرۆڤی خاوەن ماف و خاوەن ڕێز، مرۆڤێک بڕوای بەخۆی و بە کۆمەڵگاکەی بێت، بە شتێک لە ئومێدەوە لەدایکببێت و گەورەببێت، لەباتی ئەمانە کۆمەڵگایەکی پڕ لە مرۆڤی پەراوێزیی و خەمۆک، پڕ لە کەسانێکی نائومێد و توڕە، مرۆڤگەلێکی تەواو تەنھا و دابڕاو لە لانی ھەرەکەمی متمانە، دروستکردوە. ئەم ئەزموونە سوڵتانییە کەسانێکی دروستکردوە نەزانن چی لە ژیانی خۆیان وەک تاکەکەس و چی لە ژیانی کۆمەڵگاکەیان وەک ژیانێکی گشتیی، بکەن. دروستکردنی ئەم دۆخەش بەناو ھەوڵدانی بەردەوام بۆ سڕینەوەی ڕەھەندی سیاسیی کەسایەتی ئینسانی ئێمە و بەناو گۆڕینی سیاسەت خۆشی بۆ یارییەکی قێزەون، بۆ ئامرازێک بۆ ناشیرینکردنی ژیان و نائومێدکردنی مرۆڤەکاندا، تێپەڕیوە. دابڕانی سیاسەت لە ژیانی گشتیی و بەتاڵکردنەوەی لە ماف و لە ڕێز، پڕکردنی لە میکانیزم و دەزگای سوکایەتییپێکردن و ئیھانەکردن، ئاکارە سەرەکییەکانی ئەو سیاسەتەیە لە ھەرێمەکەدا سەروەرە. شتێک بەناوی حورمەت و ڕاستگۆییەوە، یان شتێک تۆزقاڵێک بۆنی ئەخلاقیاتی بەرپرسیارێتیی لێبێت، لەناو چەمکی سیاسەت لە ھەرێمەکەدا بوونی نەماوە. 


لەھەموو ئەمانەش تاریکتر داخستنی کایە سیاسییەکە و ڕێگرتن لە تازەبوونەوەی و سڕینەوەی تەواوی ئەگەری دەستگۆڕکێی دەسەڵاتە لەناویدا؛ ئینجا ئامادەکردنی نەوەی دووھەم و سێھەمی بنەماڵە سوڵتانییەکانە بۆ جێگرتنەوەی باوکەکانیان، کە بەسەریەکەوە کایەی سیاسەتیان لەناوەوە وێرانکردوە. دەسەڵاتی سیاسیی لە ھەرێمدا دەسەڵاتی ڕێکخستن و خەمخۆریی بۆ ژیانی گشتیی نییە، بەڵکو ئامراز و میکانیزمی سەرەکیی دەوڵەمەندبوون و کەڵەکەکردنی سەرمایەیە. لەمەشدا سیاسەت گۆڕاوە بۆ کارخانەی ئەنجامدانی تاوان، تاوانی بەردەوام. بەسەریەکیشەوە دۆخێکیان دروستکردوە کە تیایدا کایەی سیاسەتیش وەک ئابوریی نەوت گۆڕابێت بۆ لەعنەت و نەفرەتێکی تر. بۆ ئەنجامدانی ئەم ھەموو تاوانە پرۆسەیەکی بەربڵاوی لە سیاسییخستنی تاکەکەس و کۆمەڵگای ئێمەشیان خستۆتەگەڕ. کوشتنی سیاسەت لەناو ئینسانی ئێمەدا ئەو ستراتیژەیە کە سیستەمە سوڵتانییەکە بەشێوەیەکی سیستماتیکی کاری بۆکردوە و ھەموو تواناکانی بۆ تەرخانکردوە. لەسەرێکەوە ھەموو ژیان بە لۆژیکێکی سوڵتانیی بەسیاسیی کراوە، بەڵام لەسەرێکی دیکەوە تاکەکەسێک بەرھەمھاتوە سیاسەت وەک ئاکت و کردەیەکی گڵاو ببینێت و مامەڵەبکات. بەبۆچوونی ئێمە کردەی ناڕەزایەتییدەڕبڕین هاوشێوەی ئەم جۆرە جوڵە کۆمەڵایەتیی و سیاسییانە، دەتوانن ئەو ڕەھەندە سیاسییە سڕاوەیە بۆ ئینسانی ئێمە بگەڕێننەوە. ئینسانی ئێمە یان ئەوەتە بوونەوەرێکی بێدەنگ و بێزمان دەبێت، یان کە دوا و ھاتە قسە، دەبێت قسەکردن و دوانێکی سیاسییانەی ئاشکرای ھەبێت. بۆئەوەی قسەکردن لە جیھانی ئێمەدا مانایەکی ھەبێت، پێویستە ڕەھەندێکی سیاسیی بەھێز بە قسەکردنەکان بدرێت، کە ھاوکات بەشێک بێت لە پرۆژەی دروستکردنی ژیانێکی گشتیی تازە و لە کۆنتراکتێکی کۆمەڵایەتیی نوێ کە کۆمەڵگاکە وەک گشتێک بۆ شوێنێکی تر، بپەڕێنێتەوە. 
ئێستا ئیتر کۆمەڵگای ئێمە لەسەر شەقامی ھەندێک لە شارەکانیدا دەکوڵێت و توانای چاوەڕوانیی زیاتر و دواخستنی چارەسەری کێشەکانی نەماوە. کۆمەڵگای ئێمە گەیشتۆتە قۆناغێک کە هیچ هەڕەشەیەک لەم مۆدێلە سوڵتانییەی دەسەڵاتدارێتییەکەی، بە گەورەتر و مەترسییدارتر نازانێت بۆسەر ژیانی خۆی و بۆ سەر ”قەوارەی هەرێم“ وەک بەشێک لە سیستەمێکی فیدراڵی، کە ناھێڵێت ھەموو دەسەڵاتەکان لە پایتەختدا کۆببێتەوە و ڕێ لە سێنترالیزەکردنی تەواوی دەسەڵات دەگرێت. ئەوەی ئەم ڕاستییەش نیشاندەدات ئەو قسانەیە کە حوکمڕانەکان دەیکەن و گەنجان و پیرانی وڵاتەکە دەیبیستن، ئەوەی دەیبیستین، بەتایبەت لە لایەن پارتی و بنەماڵەی بارزانییەکانەوە، تاوانبارکردنێکی بێمانا و ھەرزانی خەڵکە ناڕازییە نائومێد و توڕەکەیە، بەوەی دەستی دەرەکییان لەپشتە. پارتی دیموکراتی کوردستان و ھەر سێ سەرۆکە بارزانییەکانی حیزب و حکومەت و ھەرێم، گوتارێکی پۆپۆلیستییانەیان ئاراستەی ڕای گشتیی دەرەوە و ناوەوەی ھەرێم کردوە. ئاراستە دەرەکییەکە ڕووی لە شەقامی عێراقیی و ڕای گشتیی جیھانییە و بەشێوەیەکی کۆمیدیانە بەغدا بە دروستکەری ئەم دۆخی درستبوونی ناڕەزایەتییەی ھەرێم، تاوانباردەکات. ھەرچی گوتارە ناوخۆییەکەیە ڕووی لە شەقامە یاخییەکەی ھەرێمە و دەستی دەرەکیی و بەتایبەت پەکەکە بە ھۆکاری ئەو دۆخی ناڕەزایەتییدەربڕینە تاوانباردەکەن. ھەردوو تاوانبارکردنەش، کە تەواو بێمانا و بێبنەمان، دەربڕی ئەو ڕاستییەن کە ئەوان خۆیان و حوکمڕانییە بنەماڵەیی و سوڵتانییەکەیان، خۆیان و کۆنترۆڵکردنی ئابوریی نەوت و خراپ بەکارھێنانی، خۆیان و کایە سیاسییە مۆنۆپۆڵ و وێرانکراوەکەیان، خۆیان و پەیوەندییە ناوەکیی و دەرەکییەکانیان، بە بەرپرسی ئەو دۆخە نازانن. 

مێژووی قسەکردن و ناڕازەییدەربڕین لە ھەرێمی کوردستاندا پێماندەڵێت، ھەموو ئەو میکانیزمانەی کە پێیدەڵێن خەباتی ئاشتیخوازانە، یان بەرگریی ناتوندوتیژ لە ماف، یان ناڕازیبوونی مەدەنییانە، یەک بەدوای یەک و بەیەکیشەوە تاقیکراونەتەوە. ساڵانێکی درێژ خەڵکی ناڕازیی ھەرێمەکە فۆرمە جیاوازەکانی خەباتی مەدەنییان تاقیکردەوە؛ خۆپیشاندان، گردبوونەوە، مانگرتن، ڕێپێوان، داخستنی ڕێگاوبان، ناردنی نامەی گشتیی و کراوە بۆ بەرپرسان، ھێنانەکایەی ئەکتیڤیسمی ئۆنڵاین، ھتد... بەڵام ھیچیان ھیچ دەرەنجامێکی کۆنکرێت و ڕاستەقینەیان نەبوو. بۆ سێ دەیەیە ئەو نوخبە سوڵتانییە و بازنە داخراوەکەی دەوروبەریان، نە گوێدەگرن، نە دەبینن و نە تێدەگەن. شتێک بەناوی پەیوەندییەوە لەنێوان ئەوان و کۆمەڵگاکەدا نەماوە، ئەوان لە ھەسارەیەک و زۆرینەی کۆمەڵگاکە لە ھەسارەیەکی ترن. ھەموو ئەمانەش بە بەرچاوی ئەو نەوەیەوە ڕوودەدات کە لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا لەدایکدەبێت و گەورەدەبێت. نەوەیەک دەبینێت باوک و دایک و خوشک و برا گەورەکانیان، سەرجەمی فۆرمە جیاوازەکانی خەباتی ئاشتیخوازانەیان تاقیکردوە، بەڵام گوێیەک نەبوو بیانبیسێت. ھۆشیارییەک نەبوو وەڵامێکی دروستکەریان بداتەوە. ئەم نەوەیە دەبینن دونیاکەیان لە ناشیرینەوە بۆ ناشیرینتر و لە نادادپەوەرییەوە بۆ نادادەپەروەریتر و لە دەسەڵاتی باوکە سوڵتانییەکانەوە بۆ دەسەڵاتی کوڕەکانیان، دەڕوات. ئێستا ئیتر دۆخێک دروستبووە تیایدا ھەم گەنجەکان و ھەم دایک و باوک و خوشک و برا گەورەکانیان، ھەست بە پڕوکانێکی کۆمەڵایەتیی و ڕەمزیی گەورە دەکەن. 
ئەو ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییە نوێیەی ئێستا لەهەرێمدا ڕوودەدات تەنها خۆپیشاندان نییە دژ بە شکستی ریفۆرمی کابینەی حکومەتە سێکوچکەکەی پارتی و یەکێتیی و گۆڕان، بەڵکو رەتکردنەوەیەکی رادیکاڵی سیاسەتی سێکوچکەی رەزیلکردنی ئینسانی ئێمە و نەفرەتی ئابوریی وڵات و مۆدێلی حوکمڕانیی بنەماڵەیی سی ساڵەی ئەم دەسەڵاتدارێتییە سوڵتانییەی هەرێمیشە. 
ئەم توڕەبوونە کۆمەڵایەتییە نوێیەی کۆمەڵگای ئێمە، زۆر لە توڕەبوونەکانی حەڤدەی شوبات ڕادیکاڵتر و فراوانترە. گەر ئەمجارەش بەزەبری هێز و توندوتیژیی ڕووت دابمرکێنرێتەوە، ئەوا توڕەبوونەکانی سبەینێ زۆر لەوانەی ئەمڕۆ ڕادیکاڵتر دەبن. سوتاندنی بینا و باڵەخانەکانی لق و مەڵبەند و مەکۆ و بارەگای پارتە سیاسییەکانی تر، دەرکەوتی یەکەمی ئەم توڕەبوونە گەورەیەیە. دەرکەوتەکانی تری سوتاندنی مێژووی ئەوانە دەبێت کە بەرپرسن لە دروستکردنی ئەو دونیایە. ئەگەر سوتاندنی لق و مەڵبەند و مەکۆ و بارەگای پارتە سیاسییەکانی تر لە ئێستادا مانایەکی ڕەمزیی ھەبێت و پەیامێک لە پشتیەوە بێت، ئەوا توندتوتیژییەکانی ئایندە بەتەنها توندوتیژیی ڕەمزیی نابن. کێ گوێی ھەیە باگوێبگرێت و کێش توانای بینینی ھەیە، باببینێت.


بابەتی چوارەم: حیزبی كوردیی: لە بكەرێكی مۆدێرنەوە بۆ كۆڵەكەیەكی سوڵتانیی
بابەتی سێیەم: لەنێوان "هەناسەدان"و "پڕوكان"دا

بابەتی دووەم:  عێراق لە فەشەلی بنیاتنانی نەتەوەوە بۆ دەوڵەتی فاشیل 

بابەتی یەكەم: کۆرۆنا و ئابوریی فەرھود و حوکمڕانیی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand