Draw Media

قەوارەی هەرێم؛ لەبەرداشی حکومەت و نایارانییدا

قەوارەی هەرێم؛ لەبەرداشی حکومەت و نایارانییدا

2020-12-19 10:14:52


شرۆڤە: د.هەردی مەهدی میکە  ( تایبەت بە درەو )

چۆن مێژوویەکی دیکەی هەڵوەشانەوە نەبێتە ئایندەی قەوارەی هەرێمی کوردستان؟

جیاکاری بەر لە داوەریکردن
پێش هەر شتێک وەک بنەمایەک گرنگە تێبگەین کە لە کەشکۆڵی ئەدەبیاتی سیاسییدا، شیرازەی سیاسیی(١) (سیستم) (دەوڵەت، کە ئێمە نیمانە) و حکومەتەکان هێڵی ڕوونی نێوانیان بۆ کێشراوە و جیاکراونەتەوە، ئەوە سەرەتایەکی سادەی سیاسەتکردن و چوارچێوەی ململانێکردنە، دەکرێت دژی حکومەت و گوتاری سیاسیی حاکم بیت و هەڵوەشێنیتەوە، بەڵام ناکرێت دژی شیرازە گشتییەکە بیت، ناکرێت رەتکەرەوەی شیرازەیەک بیت و لەناویشیدا ململانێی دیموکراسیانە ئەنجام بدەیت و ئامانجیشت لوتکەکەی بێت لە بنجیشدا دژی هەبوونی بیت! بۆ نمونە دەکرێت لە چوارچێوەی شیرازەی سیاسیی ئەمریکا و دەوڵەتەکەیدا، داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەتەکەی بکەیت، بەڵام ڕێگە نادرێت هەڵوەشێنەرەوەی وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا و دەستوورکەی بیت، چونکە ئەمە دەبێتە یاخیبوونی ڕادیکاڵانە کە بایکۆتی پرۆسەی سیاسیی کردووە و دەست لە ئیمتیازەکانیشی هەڵدەگریت یان ئۆپۆزسیۆنێکی چەکدار لە کونجێکی پارتیزانانە یان سەنگەرێکی بەرەنگاربوونەوە هەڵدەبژێریت، کورت و پوخت لە سەرجەم وڵاتانی جێگیری سیاسییدا لەم دوو ئەگەرە زیاتر جێی نابێتەوە. بۆ هەرێمی کوردستانیش دەبێت ئەمە بنەما بێت و بیر لە کۆڕاییەک بۆ بونیادی جۆرە شیرازەیەکی سیاسیی قەوارەکە لە هەناوی بزوتنەوە مێژووییەکەیدا بکرێتەوە و بە دەستورێک ڕێک بخرێت، ئیتر گرنگ نییە ململانێ و هەڵوەشێنەرەوەی جۆری بەڕێوەبردن و کابینەکانی بەڕێوەبردنەکەشی بیت.
هەرێمی کوردستانی عێراق بە تایبەت و گوتاریی ڕزگارییخوازی نیشتمانی کوردستانی(٢) بە گشتی، هێشتا سەرکەوتوو نەبووە گوتارێکی نیشتمانی کۆگیر بەرهەمبهێنێت کە تیایدا مۆدێلێک و جۆرە شیرازەیەکی سیاسیی وەک بناغە و نەگۆڕێک بۆ چوارچێوەی هەر قەوارە و خەباتێک دەستەبەر بکات، بەڵام لەبری ئەوە حاڵەتێکی مێژووکرد (نەک سیستمێکی بەهایی پابەندکەر) لە هەناوی هەمان بزوتنەوەی ڕزگارییخوازدا وەک چوارچێوەیەکی شوناسی، هاتووەدی کە کۆویژدان، کۆژان، یەخانگیریی و سەرکوتکاریی هاوبەش وەبەرهێنەری بوون و شوناسێکی هاوبەش و نەیارناسییەکی وەک نەگۆڕ لای گوتارە باوەکان و تاکی نیشتمانپەروەری کوردستانی درووستکردووە و بووەتە بنەما و کولتووری سیاسیی لە جوڵانەوەکەدا، کە بریتییە لە ڕێزگرتن و پاراستنی قەوارە و بەهەدەرنەدانی توانا مرۆیی و مادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لادان لەم پرنسیپە باوە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دەرچوون بووە لە چوارچێوەی ئەو گوتارەی نێو بزووتنەوەی ڕزگارییخوازی نیشتمانیی کوردستانی. شیرازەی سیاسیی و کۆژان و شوناس و ئامانجەکانی هی کۆمەڵگەن و مێژووکردن، بەڵام حکومەت و حزب و بکەرانی هی ڕەوت و ڕێچکەکانی نێوکۆمەڵگەن. لەبەرئەوە حکومەت و  بکەر و فیگەرەکانی نێو بزووتنەوەکە و حکومەتە کورتمەودا و درێژمەوداکانی، نەک تەنها بۆ کۆمەڵگەی کوردستان بۆ هەر کۆمەڵگەیەک، جیان لە شیرازە سیاسییەکان و کۆژان و شوناسەکانی. دەبێت ئەم جیاکارییە بکرێت. قەوارەی هەرێمی کوردستانیش هەروەها، بمانەوێت یان نا، بە باش و خراپییەوە، بەرهەمێکی نیوەچڵی ئامانج و کردەی سیاسیی لانیکەم ٧٠ساڵێکی بزووتنەوەی ڕزگارییخوازیی کوردستانییە لە عێراقدا.

کوردستانیانی دژە کوردستان!
 بە هەڵێنجانی مێژوویی نێو جوڵانەوەی سیاسیی کوردستان گەر پێکەوە وەک تەسبیحێک ئەزموونەکانیان وێنا بکەین و دیققەت لە هەڕەشە کوشندەکانی سەریان بدەین لە سێ هەڕەشە تێپەڕ نەبوون:

١.نەبوونی گووتار، هاوشانیی و هاوبەشی ڕاستەقینە لە کار و ئامانجدا و بەشداری پێنەکردنی ئەوانی دیکە لە بڕیاری چارەنووسسازدا کە توانای ئەزمونەکەی لەتکردووە و ڕێگربووە لە گەیشتن سیستمێکی تۆکمەدا.
٢.گەندەڵیی و خۆرەی نێوخۆیی کە متمانەی جەماوەرەکەی لەدەست دەرهێناوە.
٣.تێنەگەیشتن لەوەی کە دۆزی هەرێمی کوردستان دۆزێکی هەرێمایەتییە و بە دبلۆماسیەتیكی بەهێز لەگەڵ دەوڵەتانی هەرێمیی پاشان دۆخی نێودەوڵەتی، پاراستنی دێتەدی بەو مانایەی بزوتنەوەی نیشتمانیی کوردستانی ناتوانێت بەبێ دۆزینەوەی دەرچەیەکی هەرێمی و دانوستان و ڕازیکردنی یەکێک لە پایتەختەکانی دابەشکراو بەسەریدا(بەغدا، ئەنکەرە، تاران و شام)، مێژووی سیاسیی کورد دەریخستووە ناتوانرێت پارێزگاری لە ئەزموونێک بکرێت تەنانەت گەر پشتیوانی نێودەوڵەتیشت هەبێت بە بێ ڕەچاوکردنی دۆخی هەرێمایەتی، ڕەنگە خوێندنەوەی دەرئەنجامەکانی پرۆسەی ڕیفیراندەم تەجەللاکەری ڕوونی ئەم فاکتە بێت. زۆرجار هەرسێک لەمانە یان لانیکەم دووانیان پێکەوە ئەزموونەکانیان لەنێو بردووە یان لاوازیان کردووە.
لە ئەزموونی سەربەخۆییخوازیی نەهرییەوە بۆ جوڵانەوەی سمکۆ، تا ئەزموونی ئۆتۆنۆمی کۆماریی کوردستانی قازییەوە تا ئازاری١٩٧٠ و دوا ڕووداوەکانی ڕۆژئاوا، ریفرەندەم و ١٦ی ئۆکتۆبەری کەرکوک و مەترسییەکانی ئێستای سەر قەوارەی هەرێم، لەو سێ هۆکارەوە یان لانیکەم دووانیان پێکەوە هەڕەشەی ڕاستەقینە یان لەناوبەری ئەزموونەکان بوون و بەرلەوەی خەتاکەبخرێتە سەر نەیاران، دوو گووتاریی نێوخۆیی بەهەمهێناوە: بەخاینکردنی هەندێک و نەفرینکردنی جوڵانەوەی سیاسیی کوردستانی لە پاش هەرەس، کە هیچ یەکێکیان ناتوانێ دوورمەودا و واقیعخوێن و شکستناس بێت. بۆیە بۆ ئایندەسازییەکی باش بۆ پاراستنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان، بیرکردنەوە و کار  شکسستناسیی و پەرتگەرایی ئەرکێکی هەنووکەییە. ئەمانە هەڕەشەی ڕاستەقینەی سەر هەرێمن، بەر لە تۆمەتسازیی و دوژمنناسی.

پەڕینەوە لە ڕابردووگەراییەوە بەرەو گوتارێکی ئایندەساز
قەوارەی هەنووکەیی هەرێمی کوردستان و تاقانە هەرێمی ناو دەوڵەتانی سازێنراوی سەرکوتکاری ناوچەکەیە، چ لە نێوخۆ بەهۆی بەڕێوەبردنێکی نالەبار و ڕێکنەخستنی ململانێکان لە بری چوارچێوەدانان بۆ گووتارێکی سیاسیی حاکم کە سیستەمساز و تەواوکار، بە پێچەوانەوە هەر  سووکە پێکدادان یان ململانییەکی حزبی سەرجەم قەوارەکە لەبەردەم هەڕەشەی نغرۆبوون یان شەڕی ناوخۆدا قووت دەکاتەوە. چ هەڕەشە و پیلانی هەرێمایەتی کە نەریتی وڵاتانی دراوسێییە و کولتوورەکەیان ناناوەندێتی و دان بە غەیرە خۆدا نانێن، چ پشتتێکردنی نێودەوڵەتی و لاوازبوونی بەرژەوەندییەکانیان بێت. دواجار هیچ جیاوازییەک لە ئەنجامەکەیدا نییە و ئەوەی تیادەچێت و دەگەڕێتەوە خاڵی سفر، کیانەکە و بەهەدەردانی خۆبەختکردنی مرۆیی و تێچووی مادیی و مەعنەویانەیە کە دەبێتە ئایندەیەکی گریمانە بۆکراوی گەلێک و دەیکاتە "قەدەر"ی، لە کاتێکدا هیچ ڕیگا و دەرچەیەکی دیکە نییە بۆ خۆپارێزی لەو مێژووە دووبارەیە کە وەک ڕۆژی ڕوون یەکێکە لە سیناریۆکانی ڕووداوە ئایندەییەکان کە دەبنە فاکت وەک چۆن فاکتی ڕابردوویەکی نزیکن، تا لە دەرکەی سێ کۆڵەکەی ئایندەساز نەدەین: 
١. یەکەم چاکسازیی ڕاستەقینە بۆ بەهێزکردنەوەی متمانە بە گوتاری پێویستیی مانەوەی قەوارەکە لای تاکی کوردستانی.
٢. هاوبەشیی(شەراکەت) ڕاستەقینە لە سیاسەتکردندا، بۆ کەمکردنەوەی درز و لەتنەکردنی تواناکان (چونکە لەم حاڵەتەشدا هێشتا توانای پێویستی بەرەنگاریی و یەخانگییرییەکانمان کەمە).
٣. بنیادنانی گفتوگۆ و دانوستانێکی ڕاستەقینە لەگەڵ بەغدا و عێراقدا، چونکە:
یەکەم، لە مێژووی سەد ساڵی ڕابردوودا سەلمێنراوە، کە دۆزی کورد دۆزێکی هەرێمایەتییە، بەر لەوەی نێودەوڵەتی بێت، بەو مانایەی گەر ڕای گشتی جیهانیش پشتیوانی دۆزەکە بێت، بەڵام وڵاتانی هەرێمایەتی دەتوانن لەباربەر و پووچکەرەوە بەرخودان و قەوارەکانمان بن.
دووەم، هەنووکە هەرێمی کوردستان، تەنها هەرێمی دانپیانراوی دەستوورییە و هەر بەو دەستوورەی عێراقی نوێ بەم هەرێمە پێکهاتووە(پێچەوانەکەشی یانی هەڵوەشانەوەی عێراق)، دەکرێت بۆ دەرچوون لە هەژموونی ئەوانی دیکە و هەڕەشەی دراوسێ ناوەندگەراکانی وەک تورکیا و ئێران، لە دەرچەی بەغدادەوە تەوقی کۆکبوونی هەرێمایەتی تەبای دژە کوردستان بشکێنرێت و لەم ناجێگیرییە سیاسییە ناهەمووارەی ناوچەکەدا گوزەرێکی سیاسیی و ئایندەیەکی هێمنتر بکرێتە قەدەر نەک مێژوویەکی دوبارەی تاڵ.

پەراوێز: 
١. لە بری وشەی سیستمیش شیرازە بەکارهاتووە، کە لە چەند لە زمانەکانی کورددا بکەکارهاتووە، شیرازە لە هەورامییدا لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی کڵاشدا بەکاردێت، دوایین کردەیە، کە سەرە (سەرخان) و ژێرە (ژێرخان)ی کڵاشەکە پێکەوە دەبەستێتەوە و جوانی و تۆکمەیی دەبەخشێتە کڵاشەکە و تە ئەوەش تەواونەکرێت کۆی پرۆسەکە بە تەواوکراو دانانرێت و شوناسەگشتگیرەکەی وەرناگرێت. لە کرمانجی خوارووشدا شیرازە بۆ پێکەوەبەستەیی و پەیوەندی تۆکمەی خێزانێک بەکاردێت و هەرکاتێک لێک دەپچڕێت یان بێسەروبەرە دەبێت دەوترێت، شیرازەی ئەو ماڵە تێکچووە. بۆیە وەک چەمک بەڕای من واتای سیستمی سیاسیی گەیاند و بەکارم هێناوە.
٢. لەبری نەتەوە، نیشتمان و لە بری کورد، کوردستان بەکارهاتووە، بەوپێیەی کوردستان تەنها هی نەتەوەیەک نییە و بزوتنەوەکەشی خاوەنەکەی گەلانی نێو کوردستان بە کورد و ئەوانی دیکەوە و لە قوربانی و کۆژان و چەوساندنەوەدا کەمتریان نەکردووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand