Draw Media

سبەینێ كاتەكە تەواو دەبێت و دەستەكەی گۆڕان دروستنەكرا

سبەینێ كاتەكە تەواو دەبێت و دەستەكەی گۆڕان دروستنەكرا

2021-11-30 14:08:35


 
(درەو): 
نزیكەی (50) رۆژە رێكخەری گشتی‌و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دەستیان لەكاركێشاوەتەوە، بەڵام هێشتا شوێنەكانیان پڕنەكراوەتەوە، بڕیارە دەستەیەكی كاتیی بۆ بەڕێوەبردنی گۆڕان لە (9) كەس دروست بكرێت، ئەوانەی ئەركی دروستكردنی ئەم دەستەیەیان پێ سپێدراوە، سبەینێ مۆڵەتەكەیان كۆتایی دێت‌و هێشتا دەستەكە دروست نەكراوە.

ئەو دەستەیەی كە دروست نەكرا !
سبەینێ ئەو وادەیە كۆتایی دێت كە جڤاتی نیشتمانی‌و گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئەو لیژنەیە دیاریان كردووە كە كار لەسەر دروستكردنی دەستەیەكی كاتیی دەكات بۆ بەڕێوەبردنی بزوتنەوەكە لە شوێنی خانەی راپەڕاندن كە دەستی لەكاركێشاوەتەوە. 
ئەو لیژنەیەی كە هەردوو جڤاتەكە رایانسپاردووە قسە لەگەڵ هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەكە بكات بۆ بەشداریكردن لە دەستەی بەڕێوەبردنی كاتیی گۆڕان، لە (5) كەس پێكدێت كە بریتین لە هەریەكە لە: 
•    بەختیار ئەولی- رێكخەری ژوری پەیوەندییە سیاسییەكان
•    نەسرین جەمال- ئەندامی جڤاتی گشتی
•    هادی ئەكرەم- لە گروپی لۆبی
•    حەمە حسێن- ئەندامی جڤاتی نیشتمانی
•    سیروان- نوێنەری رەوەندی كوردی لە بەریتانیا
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئەم لیژنە پێنج كەسییە لە رۆژی 17ی ئەم مانگەوە لەگەڵ ژمارەیەك كەسایەتی رازی‌و ناڕازی بزوتنەوەی گۆڕان لە ناوخۆ‌و دەرەوەی وڵات قسەیان كردووە‌و بانگهێشتیان كردوون بۆ ئەوەی ببن بە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی كاتیی گۆڕان تا ئەو كاتەی كۆنفرانس دەكرێت، زۆرینەی ئەوانەی قسەیان لەگەڵدا كراوە، ئامادەی كاركردن نین‌و هەندێك مەرجیان هەیە‌و باس لە جیاكردنەوەی موڵك‌و ماڵی گۆڕان‌و كۆمپانیای وشە، هەندێكی تر باس لە دارایی گۆڕان‌و شەفافیەتی داهات‌و خەرجی، پرسی كشانەوەی گۆڕان لە حكومەت دەكەن. 

لەبارەی دەستە كاتییەكە
(درەو) دەقی پرۆژەی دروستكردنی (دەستەی بەڕێوەبردنی گۆڕان) دەستكەوتووە. 
بەپێی ئەم پرۆژەیە، دەستەی بەڕێوەبردن، لە (9) ئەندام پێكدێت‌و ئەندامەكانی لە هەردوو جڤاتی (گشتی)‌و (نیشتمانی) پەسەند دەكرێن، ئەم بڕگەیەی پرۆژەكە كێشەی دروستكردووە، ئەوانەی رەخنەیان هەیە دەڵێن جڤاتی گشتی بەپێی دەستوری ناوخۆیی گۆڕان ئۆرگانێكی (راوێژكاری)یە‌و پێشێلكردنی دەستورە بڕیاری پەسەندكردنی ئەندامانی دەستەكەی پێدراوە. 
پرۆژەكە باس لەوەدەكات، لە دروستكردنی دەستە (9) كەسییەكەدا دەبێت رەچاوی نامەكەی نەوشیروان مستەفا بكرێت، كە باسی (تێكەڵكردنی توانای گەنجەكان‌و ئەزمونی بەتەمەنەكان) دەكات، سەرباری ئەمە پرۆژەكە بەمەرج دایناوە نابێت هیچ یەكێك لەوانەی ئێستا پۆستی حزبییان لەناو گۆڕان‌و لە حكومەت‌و حكومەتە خۆجێییەكان هەیە، ببن بە ئەندام لەم دەستە كاتییەدا. 
لەبارەی دروستكردنی دەستە كاتییەكە لە بنەڕەتەوە كێشە هەیە، هەندێك دەڵێن دروستكردنی دەستە بۆ بەڕێوەبردنی بزوتنەوەكە "نادەستوری"یە، چونكە ئەگەر ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دەستیان لەكاركێشاوەتەوە، دەبێت بە كەسانی تر شوێنەكانیان پڕبكرێتەوە، نەك دەستەی كاتیی بۆ بەڕێوەبردنی حزبەكە دروست بكرێت. 
عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان‌و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن كە دەستیان لەكاركێشاوەتەوە، بەڵام وەكو كاربەڕێكەر رۆژانە لە گردی زەرگەتە كاروباری خۆیان بەڕێوەدەبەن، جگە لە (دەرباز محەمەد) كە بەتەواوەتی دەستبەرداری پۆستی ئەندامی خانەی راپەڕاندن بووە. 

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand