مەسعود بارزانی: ” لە 2022 دەستور راپرسی بۆ بكرێت و هەڵبژاردنیش لەكاتی خۆی بكرێت"
2021-11-28 20:56:08
درەو:
مەسعود بارزانی دەیەوێت لە 2022 راپرسی دەستور ئەنجام بدرێت و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش لەكاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت.
دوێنێ لە پیرمام مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان و زانا مەلا خالید سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی كۆبوەوە.
بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) مەسعود بارزانی بە تیمی پەرلەمانی پارتی راگەیاندووە، كە دەبێت بەزوترین كات دەستوری هەرێم ئامادە بكرێت و لە 2022 بخرێتە راپرسیەوە.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش مەسعود بارزانی رایگەیاندووە دەبێت هەڵبژاردن لەكاتی خۆی ئەنجامبدرێت و كۆمسیۆنێكی نوێ درووست بكرێت ئەگەر لایەنەكان لەسەر پێشنیازەكانی پارتی رازی نەبوون ئەوا (9) دادوەر دابنرێت بۆ كۆمسیۆن.
ئەگەرچی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنە لە وادەی خۆیدا، بەڵام بەپێی بارودۆخی ناوخۆییان یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕان خوازیارن هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوابخرێت.
بەڵام نەوەی نوێ و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە دەنگ و كورسیەكانیان لەپەرلەمانی عێراق زیادیان كرد لەگەڵ هەڵبژاردنن لەوادەی خۆی، خوازیاری هەڵبژاردنی كۆمسیۆنێكی نوێشن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان.