Draw Media

غازی فەیسەڵ: داعش بەناو رەبیەكانی پێشمەرگەدا هاتوون بۆ خدرجیجە

غازی فەیسەڵ: داعش بەناو رەبیەكانی پێشمەرگەدا هاتوون بۆ خدرجیجە

2021-12-04 09:41:53


گفتوگۆی: درەو
"چەكدارانی داعش بە ئاشكرا لە چیای قەرەچوغن، نە سوپای عێراق و نە لیوای 14ی سەربە سیروان بارزانی تەقە لە داعش ناكەن، چەكدارانی داعش بە رێككەوتن لەوێن و پارتی بە ئاشكرا هاوكاریان دەكات و بەریداونەتە خەڵكی، چەكدارانی داعش بەناو رەبیەكانی پێشمەرگەدا هاتوون بۆ گوندی خدرجیجە" ئەمە وتەی غازی فەیسەڵ فەرماندەی پێشمەرگەی خۆبەخش و كارگێڕی مەڵبەندی قەرەچوغی یەكێتیە.
غازی فەیسەڵ كە بەوتەی خۆی ناوچەكە بەتەواوی شارەزایەو چەندین ساڵە شەڕی داعش دەكات لەوێ‌، لە گفتوگۆیەكی (درەو)دا وردەكاری روداوەكەی خدر جیجەو پەلامارەكانی داعش لەو سنورە دەخاتەڕوو:
دەقی گفتوگۆكەی (غازی فەیسەڵ) فەرماندەی پێشمەرگەی خۆبەخش و كارگێڕی مەڵبەندی (20 )ی قەرەچوغی یەكێتی:
ماوەی چەند ساڵێكە لەوناوچانە شەڕی داعش دەكەم شارەزای تەواوی ناوچەكەم و ئاگاداری تەواوی جموجوڵەكانی داعشم لەو ناوچانە. دەیان بەڵگەم لەبەردەستە كە برادەرانی پارتی لە چیای قەرەچوغ هاوكاری و یارمەتی چەكدارانی داعش دەكەن، بەئاشكرا لە خەڵكیان بەرداون و نان و ئاویان دەدەنێ، دەیان بەڵگەم داوەتە دەزگا ئەمنییەكان و تەنانەت هاوپەیمانانیش.
شاخی قەرەچوغ درێژیەكەی (25 بۆ 30 ) كیلۆمەترە بەرزیەكەی بەژنی كورتە (800) مەترە، شاخێكی ئاسان و سەهلەو سەخت نیە تا نەتوانرێت بەسەر چەكدارانی داعشدا زاڵ بین. شاخی قەرەچوغ دیوی لای مەخمور ناحیەی قەراجە دیوی لای خدر جیجە بەلای هەولێرەوە ناحیەی دیبەگەیەو ناوچەی كەندێناوەیە، ئەم ناوچەیە لەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدایە، شاخی قەرەچوغ دیوی لای قەراج تەختانیەكەی نەك چیایەكەی لەژێر كۆنترۆڵی سوپای عێراقە، سەر شاخی قەرەچوغیش هێزی پێشمەرگەو لیوای 14ی لێیە كە سەربە سیروان بارزانیە، لێناگەڕێن هیچ هێزێكی دیكە تێكەڵیان بێت.
گوندی خدر جیجە ئەو گوندەی كە شەوی رابردوو چەكدارانی داعش چەندین هاوڵاتی و پێشمەرگەیان تێدا شەهید كرد، سەربە ناحیەی دیبەگەیە لە دیوی هەولێری چیای قەرەچوغ، واتا لە سنوری ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەیە، بەپێی زانیارییەكانی من، چەكدارانی داعش بەناو رەبیەكانی پێشمەرگەدا هاتوون بۆ گوندەكان، رەبایەكانیش هەموویان لێك نزیكن، گوندی خدر جیجە دەكەوێتە دامێنی چیای قەرەچوغ كە زیاتر لە (35 ) رەبیەی لیوای 14ی سیروان بارزانی لێیە، ناوقەدی شاخەكەش چەكدارانی داعشی لێیە، بە ئاشكرا‌و بە ئیسراحەت دەسورێنەوەو دەردەكەون و چالاكی خۆیان دەكەن و شەوانە دەچنە گوندەكان.
لە نێوان گوندی خدر جیجەو سەر شاخەكە داعشی لێیە، بەتەنیش رەبیەكانی پێشمەرگەدا هاتوچۆ دەكەن و مەرحەبای یەكدیش دەكەن، خۆم قسەم لەگەڵ پێشمەرگەكان كردووە، ئەوان دەڵێن پێیان وتووین نابێت یەك تەقە لە چەكدارانی داعش بكەن، چەندین جار هاوپەیمانانم ئاگاداركردووەتەوە بەتایبەت فەرەنسی و ئەمریكیەكان، فەرەنسییەكان توندن بەرامبەر بە داعش بەڵام ئەمریكیەكان لوعبەی دەكەن.
چەكدارانی داعش شەو درەنگ دەچنە سەر گوندی خدر جیجە، پێدەچێت بۆ بارمتە گرتن و پارە سەندن چوبێتن، بەڵام كاتێك خەڵكی گوندەكە لێیان دێنە دەست، ئیتر شەڕ دروست دەبێت، هەشت بۆ نۆ پێشمەرگە لە مزگەوتی گوندەكەبوون (ئەوان سەر بە لیوای 14 نین، لە هەر گوندەو گروپێك پێشمەرگەیان دروستكردوە بۆ پارێزگاری لە گوندەكان) ئەوان بە ئۆتۆمبێل دەچن بە هاواری تەقەكانەوە، بەرلەوەی داببەزن داعش تەقەیان لێدەكەن یەك پێشمەرگە شەهید دەكەن و سیانیشیان بریندار دەكەن، لە كاتی گواستنەوەی بریندارەكان بۆ هەولێر، ئۆتۆمبێلە مێك زەمینیەكەیان وەرگەڕاو دوو پێشمەرگەی برینداریش شەهید دەبن، دواتر هێزێكی تایبەتی سەربە لیوای هەولێر دەچن بۆ گەڕانی ناوچەكە، دەكەونە كەمینی داعشەكانەوەو لێیان دەدەن و هەموویان شەهید دەكەن، لەم هەموو شەڕەدا لیواكەی سیروان بارزانی كە (35) رەبیەیان لەسەر چیای قەرەچووغەو لەناوچەی شەڕەكەن، یەك تەقە ناكەن و نایەن بەدەم خەڵك و پێشمەرگەكانەوە. 
ئەو لیوایەی (14) سەر شاخی قەرەچوغ بۆخۆیان نایەنە خوارەوە، گوندەكانیان بە هەندێك خەڵكی ناوچەكە سپاردووەو فەوجێكیان بۆ كردوونەتەوە، هەربۆیە لە كاتی شەڕەكەدا تەنیا ئەو پێشمەرگانە شەڕیان كرد كە سەربەو فەوجانەن كە دروستیان كردوون. 
من چەندین ساڵە لە ناوچەكەم شەڕی داعش دەكەم، دەزانم ئەوان لە كوێن و چی چەكێكیشیان پێیە، كڵاشینكۆف و ئاربیجی و ئێم فۆریان پێیە، ئەو چەكە حەراریانەش كە بەكاریان دێنن، ئەو ئێم فۆرانەیە كە لە هەولێر و سلێمانی دەیكڕن و دووربینی حەراری دەخەنە سەری كە هەردانەیەكی بە (80) وەرەقەیە..
چیای قەرەچووغ بە دیوی دیبەگەو كەندیناوە پێشمەرگەی لێیەو لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم و پێشمەرگەدایە، بەدیوی مەخمورو قەراجدا لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی عێراقدایە و سوپای عێراقی لێیە، لە دیوی سوپای عێراقەوە پێشتر فیرقەی سێ لەوێ بوون، سوپای عێراق كە زۆربەیان سونەیە وەزیری بەرگری كە جبوریەو خەڵكی قەراجە ماڵی لە هەولێرە زۆربەی كەسە نزیكەكانی داعشن، برایەكیشی لەسەر ئەوەی داعش بووە ئێستا لە زیندانە، ئەو فیرقەیەی سوپای عێراق كە لە مەخمورە، ئەوانیش هەموو سونەن و ماڵی فەرماندەی فیرقەكەش لە هەولێرە بە رێككەوتن ئەو داعشانە لەوێن كەسیان تەقە لە داعش ناكەن نە سوپای عێراق و نە لیواكەی سیروان بارزانی.  
یەكێتی لەوناوچەیە هێزی نیە، بەڵام من بۆخۆم چەند كەسێكم لەگەڵەو ناوماناوە هێزی خۆبەخش و چەندین جار لەگەڵ هاوپەیمانان و سوپای عێراقی دانیشتنم كردووەو پەیوەندیم باشەو كۆبونەوەم هەیە.
هەموو كەسێكی ئەو ناوچەیە دەزانێت كە چۆن هاوكاری داعش دەكرێت، چەند بە ئاشكراو بە بێ ترس لەناوچەكەدا دەسوڕێنەوەو بە بەردەم رەبیەكانی پێشمەرگەدا هاتووچۆ دەكەن، لە هەندێك ناوچەی چیای قەرەچوغ بارەگای پێشمەرگەو بارەگاو شوێنی مانەوەی داعش چەند سەد مەترێك لەیەكەوە دوورە، تا ئێستا چەكدارانی داعش یەك تەقەیان لەو رەبیەیانە نەكردووەو بەبەردەمی رەبیەكاندا هاتوچۆ دەكەن و لە رەبیەكانیشەوە یەك تەقە لە چەكدارانی داعش نەكراوە، ئەو پێشمەرگانەشی شەهید بوون هیچیان سەربەو لیوایەی سیروان بارزانی نین كە لیوای (14) یەو لەسەر شاخی قەرەچوغ (35) رەبیەیان هەیە.
بۆچی كەس ناپرسێت ئەو چەكدارانەی داعش دوای پەلامارەكە بۆ كوێ چون؟ كە چەندین كیلۆمەتر لەولای گوندی خدرجیجەوە هەر پێشمەرگەی لێیە، ئەی لەكوێوە هاتن و بۆ كوێ چون؟ 

 


 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand