Draw Media

یه‌كێتی بایكۆتی كرد به‌ڵام دوو وه‌زیری به‌شداربوو

یه‌كێتی بایكۆتی كرد به‌ڵام دوو وه‌زیری به‌شداربوو

2022-10-26 08:32:03


(دره‌و):

یه‌كێتی تا كاتێكی نادیار كۆبونه‌وه‌كانی حكومه‌تی بایكۆتكرد، میدیای فه‌رمی یه‌كێتی ده‌ڵێ: نیگه‌رانین، به‌ڵام دوو وه‌زیری یه‌كێتی له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی حكومه‌تدا به‌شداربوون.

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ كۆبونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی هه‌یه‌، قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و تیمی یه‌كێتی به‌شداری كۆبونه‌وه‌كه‌ ناكه‌ن و بایكۆتیان كردووه‌. به‌ڵام به‌پێی زانیارییه‌كانی (دره‌و)، دوو وه‌زیری یه‌كێتی به‌شداربوون له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی حكومه‌ت كه‌ بریتی بوون له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید وه‌زیری رۆشنبیری و دارا ره‌شید وه‌زیری پلاندانان.

میدیای فه‌رمی یه‌كێتی ده‌ڵێ: یه‌كێتی لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران نیگه‌رانه‌و نیگەرانیەكانی خۆی پێداون هەتا نیگەرانیەكان نەڕەوێندرێنەوە بەشداری دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیران ناكەین.

میدیای یه‌كێتی هیچ زانیارییه‌كی له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی نیگه‌رانییه‌كانی یه‌كێتی له‌ حكومه‌ت ئاشكرانه‌كردووه‌، به‌ڵام ئه‌م په‌ره‌سه‌ندنه‌ دوای چه‌ند كاتژمیرێك دێت له‌و جموجوڵه‌ سه‌ربازییه‌ی كه‌ دوێنێ له‌ نزیك ماڵه‌كه‌ی قوباد تاڵه‌بانی له‌ هه‌ولێر روویدا.

له‌ دوو رۆژی رابردوودا هه‌ندێك په‌ره‌سه‌ندن له‌ هه‌ولێرو سلێمانی رویانداوه‌، له‌ سلێمانی ده‌ست به‌سه‌ر موڵك و ماڵی ئه‌ژی ئه‌مین یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشدا گیراوه‌، له‌ هه‌ولێریش جموجوڵی سه‌ربازی له‌ ده‌وروبه‌ری ماڵه‌كه‌ی قوباد تاڵه‌بانی به‌دی كراوه‌.

له‌دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌ كه‌یسی كوژرانی (هاوكار جاف) ئه‌فسه‌ر له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌كدا له‌ هه‌ولێر په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی و یه‌كێتی گرژی زیاتر به‌خۆوه‌ ده‌بینێت، ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم فه‌رمانی فه‌سڵكردنی بۆ وه‌هاب هه‌ڵه‌بجه‌یی فه‌رمانده‌ی هێزی دژه‌تیرۆری یه‌كێتی ده‌ركردووه‌و یه‌كێتی ئه‌م فه‌رمانه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌، له‌پاڵ ئه‌مه‌دا یه‌كێتی له‌ جموجوڵه‌كانی ئه‌ژی ئه‌مین له‌ هه‌ولێر نیگه‌رانه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand