"لە سلێمانی بۆ سەرماڵی ئەژی ئەمین، لە هەولێر هەڕەشەی جوڵاندنی هێزكرا"
2022-10-25 20:35:29
درەو:
لە شاری سلێمانی هێزی ئەمنی بۆ سەر ماڵی ئەژی ئەمین جوڵێندراو تەوقی ماڵەكانی درا، لە هەولێریش ئەژی ئەمین هەڕەشەی جوڵاندنی هێزی كردووە بۆسەر مەكتەبی سیاسی یەكێتی، نێچیرڤان بارزانی تەداخول دەكات.
بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لە ئێوارەی دوێنێوە هێزێكی ئەمنی لە شاری سلێمانی چونەتەسەر ماڵەكانی ئەژی ئەمین چواردەوی ماڵەكانیان گرتوون و ماڵەكانیان پشكنیون، زانیارییەكان باس لەوە دەكەن لە پرۆژەی نیشتەجێبونی قەیوان سیتی لە گەڕەكی راپەڕین هێزەكە چونەتە سەر ماڵەكەی ئەژی ئەمین، ماڵی دایكی بەرامبەر ماڵی خۆیەتی، لە هەمانكاتدا لە بەرزاییەكانی سلێمانی چونەتە سەر سێ ماڵی تری ئەژی ئەمین (ئەژی ئەمین چوار ژنی هەیە)، لە بەرزاییەكانی قەیوانیش چونەتە سەر شوقەی كچەكەی، لە سیتەك چونەتە سەر باخەكەی.
سەرچاوەیەك لە هێزە ئەمنییەكان بە (درەو)یان راگەیاند ئەو هێزە بە فەرمانی دادوەر بووەو بەرامبەر بە موڵك و مومتەلەكاتی ئەژی ئەمین كراوە.
ئەم پرۆسەیە لەدوای بڕیارەكەی بافڵ تاڵەبانی دێت كە لە رۆژی 25/10/2022 كە بڕیاری دەركردنی ئەژی ئەمینی لە ریزەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەركرد.
ئەم هەنگاوەی یەكێتی ئەژی ئەمینی توڕەو نیگەران كردووە، سەرچاوەیەكی نزیك لە ئەژی ئەمین بە (درەو)ی راگەیاند، لە بەرامبەر چونە سەر ماڵەكانی ئەژی ئەمین لە شاری سلێمانی، ئەژی ئەمین هەڕەشەی جوڵاندنی هێزی كردووە بۆسەر مەكتەبی سیاسی یەكێتی و ماڵی چەند بەرپرسێكی یەكێتی لە هەولێر، ئەو پێی وایە ئەمە تۆڵەكردنەوەیەو هێزی دژەتیرۆرو دەزگای زانیاریەو پەیوەندی بە دادگاوە نیە، (درەو) زانیویەتی گرژیەكان گەیشتووەتە ئاستێك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان تەداخولی كردووەو دۆخەكەی هێوركردووەتەوە.
لەدوای كوژرانی هاوكار جاف لە شاری هەولێر گرژیەكانی نێوان یەكێتی و پارتی پێی نایە قۆناغێكی ئەمنی نوێوە، میدیاكانی پارتی بڵاویان كردەوە كە بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان فەرماندەی هێزەكانی دژەتیرۆری یەكێتی و چەند فەرماندەیەكی دژە تیرۆر فەسڵ كراون، ئەم بڕیارە بە تەواوی یەكێتی نیگەرانكرد، بە پێی زانیارییەكانی (درەو) یەكێتی لەرێگەی تیمی وزاریەكەیەوە بەڕەسمی پشتیوان سادق سەرۆكی تیمی حكومی پارتیان ئاگاداركردووەتەوە ئەگەر پارتی تاكلایەنە بڕیار لەسەر فەرماندەو دەزگاكانی سەر بە یەكێتی بدات، یەكێتی هەڵوێستی توندی دەبێت، بەڵام زانیارییەكانی (درەو) ئاماژە بەوە دەكەن مەسرور بارزانی سوورە لەسەر دەركردنی ئەو بڕیارە.